شرۆڤە

چەند وانەیەکی ڕووخان؛ لە ئەفغانستانەوە بۆ سووریا

قەیرانەکانی ئەفغانستان و سووریا دەری دەخەن، کە پشتبەستنی زۆر بە زلهێزە دەرەکییەکان، لاوازی لە بەهێزکردنی توانا ناوخۆیییەکان، بێمتمانەییی خەڵک بە حکوومەت و، وەرینی مۆڕاڵی سەربازی، هۆکاری سەرەکین بۆ ڕووخانی حکوومەتەکان.

وەرگێڕان: پێنووس

ڕووخانی دوو سیستەمی کۆماری لە ئەفغانستان و  سووریا لێکچوون و جیاوازیشیان هەیە کە وانەی بۆ داهاتوو دەبێت. لە جەنگی تالیبان لە دژی کۆماری ئەفغانستان، تالیبان سەرەتا سەرنجی لەسەر گرتنی شارۆچکەکان بوو، پاشان بە دەسەڵاتی زیاتر بەرەو شارە گەورەکان و دواجار پایتەخت پێشڕەویی کرد. دواتر توانییان بە کەڵکوەرگرتن لە تاکتیکەکانی وەک گەمارۆدانی وردە وردە و دروستکردنی تیرۆر و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، هێز و دەسەڵاتی خۆیان زیاد بکەن.

لە  سووریا نەیارانی بەشار ئەسەد هاوشێوەی “دەستەی تەحریر شام” لە ناوچە گوندنشین و سنوورییەکانەوە دەستیان بە پێشڕەوی کرد. ئەم گرووپانە تاکتیکی هاوشێوەی تالیبانیان بەکار هێنا: دەستبەسەرداگرتنی ناوچە کەمدانیشتووەکان و پاشان بەکارهێنانی ئەو ناوچانە وەک بنکە بۆ هێرشکردنە سەر شارە گەورەکان. هەردوو گرووپی یاخیبوو هەوڵیان دا کۆنترۆڵی جوگرافی بەدەست بهێنن، چونکە دەیانزانی کۆنتڕۆڵکردنی پارچە خاکێک ئامرازێکی سەرەکییە بۆ گوشارخستنە سەر حکوومەتی ناوەندی.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووخانی کۆماری ئەفغانستان، پشتبەستنی زۆری بە هاوکارییەکانی ڕۆژاوا و بەتایبەت ئەمریکا بوو. واشنتۆن بەشێکی زۆری بوودجەی سەربازی و مەدەنیی ئەفغانستانی دابین دەکرد؛ ئەم وابەستەیییە بەهێزە، بووە هۆی ئەوەی حکوومەتی ئەفغانستان خۆی لە بەهێزکردنی توانای ناوخۆیی، خۆی بەدوور بگرێت و لەگەڵ کەمبوونەوەی پشتیوانیی ئەمریکا لە دوای ڕێککەوتنی دۆحە، بناغەکانی بەخێرایی داڕما.

لە  سووریا، ڕژێمی بەشار ئەسەد زۆر پشتی بە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیا بەستبوو. مۆسکۆ و تاران بە شێوەی سەربازی و دارایی و بەوەکالەت یارمەتیی مانەوەی ڕژێمی ئەسەدیان دا. بەڵام زۆر پشتبەستن بەم هاوکارییانە، بووە هۆی ئەوەی سوپای سووریا توانای بنیاتنانەوە و چاکسازیی ناوخۆیی لەدەست بدات. کاتێک هاوکارییەکانی ڕووسیا و ئێران کەم بووەوە، پێشڕەویی ئۆپۆزیسیۆن خێراتر بوو. ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە پشتبەستنی زۆر بە پشتیوانیی دەرەکی، بەبێ بنیاتنانی توانای ناوخۆیی، دەبێتە لاوازییەکی ستراتیژی.

یەکێک لە هۆکارە هاوبەشەکانی ڕووخان لە هەردوو وڵاتدا، وەرینی مۆڕاڵی سەربازەکان و خەڵک بوو. لە ئەفغانستان ڕووخانی یەک لە دوای یەک لە شارەکان و شکست لە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە، بووە هۆی ئەوەی هێزە سەربازییەکان ڕۆحی بەرنگاربوونەوە و بەرخۆدانی خۆیان لەدەست بدەن. زۆرێک لە سەربازەکان ڕیزەکانی سوپایان بەجێهێشت، چونکە بینیان حکوومەت ئیرادە و توانای ئەوەی نییە بە جددی ڕووبەڕووی تالیبان ببێتەوە. لە  سووریاش، شکستە یەک لە دوای یەکەکانی سوپا و شکست لە کۆنترۆڵکردنی جوگرافیای ئەو وڵاتە بەتەواوەتی، مۆڕاڵی هێزەکانی ئەسەدی لاواز کرد. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنانەت هەندێک لە سەربازەکان ڕەتیانکردووەتەوە شەڕ بکەن، چونکە هیچ هیوایەکی سەرکەوتنیان نەبووە. ئەم پرسە لەگەڵ کەمبوونەوەی پشتیوانی دەرەکی، بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرگریی سوپای  سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو.

لە لایەکی دیکەوە، جەنگی دەروونی و پڕوپاگەندەی میدیایی، یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی تالیبان و ئۆپۆزیسیۆنی بەشار ئەسەد بوو. تالیبان بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازە سادەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرکەوتنەکانی خۆیان گەورەتر کرد و هەوڵی لاوازکردنی ورەی هێزەکانی حکوومەتیان دا. بڵاوکردنەوەی هەواڵی پێشڕەوی و سەرکەوتن و لە هەندێک حاڵەتدا زانیاریی ناڕاست، یەکێک بوو لە تەکنیکە سەرەکییەکانی تالیبان.

لە  سووریا نەیارانی ئەسەد، بەتایبەت دەستەی تەحریر شام، بە کەڵکوەرگرتن لە میدیای جیهانی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕوپاگەندەی بەرفراوانیان دژ بە ڕژێمی ئەسەد دەست پێ کرد. هەروەها هەوڵیان دا لە ڕێگەی ڕاکێشانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و پیشاندانی سەرکەوتن و پێشڕەوییەکانیان لە بەرەی جەنگ، پشتیوانیی زیاتر لە وڵاتانی دەرەوە بەدەست بهێنن. ئەم پڕوپاگەندەیە لە هەندێک حاڵەتدا سەرکەوتوو بوو و توانیی سەرنجی جیهانی بۆ قەیرانی  سووریا ڕابکێشێت.

یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی ڕووخانی ئەو دوو ڕژێمە، هەڵهاتنی سەرکردەکانیان بوو. لە ئەفغانستان ئەشرەف غەنی، سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان، لە مانگی ئابی ٢٠٢١ بەخێرایی وڵاتەکەی بەجێ هێشت و پەنای بۆ ئۆزبەکستان برد. ئەم کارە ڕێگەی بە تالیبان دا بەئاسانی بچێتە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی و دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت. هەڵاتنی غەنی، هێمای لاوازیی حکوومەتی کۆماری ئەفغانستان بوو و نیشانی دا کە تەنانەت دەسەڵاتی باڵای جێبەجێکاری ئەو وڵاتەیش هیچ ئومێدێکی بە مانەوە و خۆڕاگری نییە. لە سووریاش هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بنەماڵەی بەشار ئەسەد پەنایان بۆ ڕووسیا بردووە و خۆی دیار نەماوە و، ئەمەیش سەختیی قەیرانی سووریا دەردەخات (تێبینی: ئەم وتارە پێش هەواڵی پەنابەرایەتیی بەشار ئەسەد بۆ ڕووسیا نووسراوە).

بۆ هەردوو وڵات، دەوڵەتانی ناوچەکە ڕۆڵێکی سەرەکییان بینی لە دیاریکردنی چارەنووسی حکوومەت و یاخیبووان. تالیبان بە کەڵکوەرگرتن لە پشتیوانیی پاکستان، قەتەر، ئێران و تەنانەت ڕووسیا و چین، توانیی گوشاری زیاتر بخاتە سەر حکوومەتی کۆماری وڵاتەکەی. ئەو پاڵپشتییانەیش بریتی بوون لە دابینکردنی مافی پەنابەری و سەرچاوەی دارایی و هاوکاریی دیپلۆماسی. لە  سووریا نەیارانی ئەسەد سوودمەند بوون لە پاڵپشتیی وڵاتانی نەیار، وەکوو: ئێران و ڕووسیا. ئەم پاڵپشتییانە بریتی بوون لە دابینکردنی چەک و مەشقی سەربازی و پاڵپشتیی دارایی. کێبڕکێی زلهێزه ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بووه هۆی ئەوەی جەنگی هەردوو وڵات ئاڵۆزتر بێت.

قەیرانەکانی ئەفغانستان و  سووریا دەری دەخەن کە پشتبەستنی زۆر بە زلهێزە دەرەکییەکان، لاوازی لە بەهێزکردنی توانا ناوخۆیییەکان، بێمتمانەییی خەڵک بە حکوومەت و وەرینی مۆڕاڵی سەربازی، هۆکاری سەرەکین بۆ ڕووخانی حکوومەتەکان. ڕۆڵی پڕوپاگەندە و شەڕی میدیایی لە لاوازکردنی حکوومەتەکان و بەهێزکردنی یاخیبووانیشدا، نابێ پشتگوێ بخرێت. هەرچەندە بارودۆخی ئەو دوو وڵاتە لە زۆر ڕووەوە جیاوازن، بەڵام لێکچوونەکانیان دەتوانێت وانەی بەنرخ بن بۆ حکوومەتەکانی دیکە، کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی هاوشێوە دەبنەوە.

قەیرانەکانی ئەفغانستان و  سووریا هێمای ئاڵۆزیی جەنگی مۆدێرنن، کە هێزی سەربازی تاکە هۆکاری یەکلاکەرەوە نییە. فاکتەرە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و میدیایییەکان ڕۆڵێکی بەرچاو لە دیاریکردنی چارەنووسی حکوومەتەکان دەگێڕن. بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم سیناریۆیانە، پێویستە حکوومەتەکان گرنگییەکی تایبەت بە بنیاتنانی توانا ناوخۆیییەکان و بەهێزکردنی متمانەی گشتی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەسەڵاتە دەرەکییەکان بدەن.

سەرچاوە:

https://www.independentpersian.com

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

پڕوپاگەندە و ڕێکـلام لە مەیدانی سیاسەت و بازاڕدا

قه‌رە‌نی قادری وشە، هێز و دەسەڵاتی هەیە. وشە دەکرێنە زانیاری/پەیام (پەیامنێر-پەیام- پەیاموەرگر) و بە ڕێگەی… زیاتر

20 hours ago

بڕیارى زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلو، تورکیا بەرەو کوێ دەبات؟

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له ‌به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی… زیاتر

4 days ago

پێکهاتەی مێژووییی فەرهەنگی سیاسیی کورد و ژیانی دیموکراتیک

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان پوختە ئەم نووسینە بە نیگای کۆمەڵناسیی مێژوویی و تێزی فەرهەنگی… زیاتر

1 week ago

ئایا سووریای دوای ئەسەد دەبێتە خاڵی بەریەککەوتنی تورکیا و ئیسرائیل؟

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان دەسپێک ئیسرائیل هەرچەندە لە سووریا شەڕەکەی… زیاتر

2 weeks ago

دەور و گرنگیی زانیاری لە ڕێکخستنی کایەکانی ژیاندا

قەرەنی قادری بۆ ئەوەی شارەزای شتێک، دیاردە، مرۆڤ یان شوێنێک بین، پێشوەختە پێویستمان بە هەندێک… زیاتر

2 weeks ago

ئاڵنگاری و دەرفەتە سیاسییەکانی کورد لە سووریا لە چوارچێوەی هاوکێشە جیۆسیاسییەکاندا

د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/ دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد… زیاتر

2 weeks ago