ن: تۆماس ل. فریدمان
وەرگێڕانی لە ئیگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان
ڕووخاندنی بەشار ئەسەد لە سووریا لەلایەن یاخییە سوورییەکانەوە، یەکێکە لە گەورەترینی ئەو ڕووداوە ئەرێنییانەی کە لەوانەیە ڕێساکانی ئەو گەمەیەی چل و پێنج ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە، بگۆڕێت.
من بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو ناسەقامگیرییەی لەناو دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، یەک ڕێسای سادەم هەیە. لێرە تەنیا دوو جۆر ناسەقامگیریمان هەیە: دەوڵەتانێک کە هەرەس دەهێنن و دەوڵەتانێکی تریش کە دەتەقنەوە. واتە ئەو دەوڵەتانەی کە دەسەڵاتی ناوەندی تێیاندا وێران دەبێت، ئەو ستوونانەی دەسەڵاتەکەیان ڕاگرتبوو، لەناو سنوورەکانی وڵاتەکەدا دەڕووخێن؛ لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا کە کاتێک کۆنترۆڵی ناوەندییان هەرەس دەهێنێت، پانتاییی تەقینەوەکە فراوانتر دەبێتەوە و پارچە و مارچە سیاسییەکانی بە جوغزێکی بەریندا دەپرژێن و بڵاو دەبنەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هیچ دەوڵەتێک نییە هێندەی سووریا بتەقێتەوە. هەرچییەکە لە سووریادا ڕوو بدات، لە سنووری وڵاتەکەدا نامێنێتەوە. هۆیەکەیشی ئەوەیە کە سووریا بەردی بناغەیە؛ جیهانێکی بچووککراوەی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. سووریا بەردی بناغەیە؛ هەر ئەوەندەی هەرەسی هێنا، ئیتر کاریگەرییەکانی بە هەموو ئاڕاستەکاندا بڵاو دەبێتەوە.
لەبەر ئەوەی سووریا وێنەیەکی بچووکكراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوا هەر کاتێک دەسەڵاتی ناوەندی لەو وڵاتەدا لاواز ببێت، دەبێت بە سەرچاوەی نەمانی ئاسایش بۆ هەمووان. بۆیە، زۆر جار پەنا بۆ دەرەوە دەبات تا یاریدەی بدات. بە هەمان شێوە سووریا سەرچاوەی دەرفەتەکانە بۆ هەموو هێزێکی هەرێمی، بۆیە زۆر جار دەست دەخەنە ناو سووریاوە بۆ لادانی لە ڕێگەکەی. لە مێژوودا، پێویست وا بوو سەرۆکێکی چنگئاسنین لە دیمەشق هەبێت بۆ ئەوەی سووریا لەژێر کۆنترۆڵی ناوخۆییدا بهێڵێتەوە و بەرپەرچی هێزە هەرێمییەکان بداتەوە کە دەیانەوێت لە دەرەوە کۆنترۆڵی بکەن.
بەڵام، بەهۆی مەرکەزییەتی سووریاوە، هەر گۆڕانێکی ئەرێنی لەوێ ڕوو بدات، بۆی هەیە بە هەموو ئاڕاستەیەکدا بڵاو ببێتەوە. ئەمەیش دەمباتە لای مەبەستەکەم لە نووسینی ئەم ستوونە. یاداشتێک بۆ وەزیری دەرەوەی دامەزرێنراو، مارکۆ ڕوبیۆ: ڕەنگە هێشتا پۆستەکەت یەکلایی نەبووبێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو پۆستەت پێ درا، ئەوە یەکەمین کێبرکێی گەورە کە وەک باڵاترین دیپلۆماتکاری سەرۆک دۆناڵد ترامپ، ڕووبەڕووت دەبێتەوە، ئەوەیە قایلی بکەیت بەوەی دەسبەرداری ئەو گوتارە گۆشەگیرە ببێت کە ترامپی پێ ناسراوە، بۆ ئەوەی بتوانیت هاریکاریی بکەیت لە – بوێریی ئەوە دەکەم بڵێم – بنیاتنانی دەوڵەتدا لە سووریا.
بەڵام بۆچی؟ چونکە ڕووخاندنی سەرۆک بەشار ئەسەد لەلایەن هەڵگەڕاوە سوورییەکانەوە، یەکێکە لە گرنگترینی ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی چل و پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە و لە هەموویشیان ئەرێنیترە و، بۆی هەیە ڕێساکانی گەمەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت. لە سیاسەتی دەرەکیدا، تایبەتمەندێتیی دەرفەتەکان لەوەدایە کە زۆر لەناکاو پەیدا دەبن – سەرۆکە مەزنەکان ئەوانەن کە دەیانقۆزنەوە، تەنانەت ئەگەر پێویستیش بکات کەمێک لە گۆشتی قەلەڕەشەکە بخۆن؛ واتە ناچار ببن بڕێکیش پێ لە هەڵەی خۆیان بنێن.
قسەیەکیش بۆ ترامپ بکەین؛ لە ساڵی ٢٠٢٠، کاتێک لەناکاو دەرفەتی ڕێکكەوتنەکەی ئیبراهیم هاتە پێشەوە، توانیی بیقۆزێتەوە و هاریکاریی کرد لە داڕشتنی سیاسەتی ئاساییکردنەوە لە نێوان ئیسرائیل و چوار دەوڵەتی عەرەبیدا – ئەمەیش لە بەرژەوەندیی ناوچەکە و ئەمریکاشدا بوو. ئەمەیش ساتەوەختێکی هاوشێوەی ئەوەیە: ئەگەرەکانی سەرکەوتووبوون کەمن، بەڵام لەوانەیە خەڵاتەکەی زۆر گەورە بێت و ئەو مەترسییانەیش کە هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن زۆر گەورە نین، بەڵام پێویست دەکات سەرکردایەتییەکی ئەمریکیی زۆر چڕتر لە ڕێکكەوتنەکەی ئیبراهیم، لە گۆڕێ بێت.
بۆ ئەوەی لە هۆی ئەمە تێ بگەین، پێویست دەکات بتگەڕێنمەوە بۆ دواوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣. داگیرکردنی عێراق لە سەردەمی سەرۆک “جۆرج دەبلیو بوش”دا، دوو ئامانجی هەبوو: یەکەم، نەهێشتنی چەکە کۆمەڵکوژەکان، کە دەرکەوت درۆودەلەسەیە. بەڵام بژاردەی دووەمیان، کە منیش لایەنگیری بووم، زۆر پڕخواست بوو، بەڵام لە کۆتاییی ڕێگەکەدا مەحاڵ بوو: هەوڵی گۆڕینی سەددام حسێن بە دیموکراسییەکی هەمەلایەن و فرەیی لە پایتەختێکی عەرەبیی مەزندا – واتە بەغدا – بە هیوای ئەوەی ئەم کارە ببێتە هۆی خوڵقاندنی نموونەیەک لەناو جەرگەی جیهانی عەرەبیدا، کە ئەگەری ئەوەی هەبێت تەشەنە بکات و یاریدەدەر بێت لە چارسەرکردنی ئەو نەخۆشییانەدا کە بوونە هۆی هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر. من دەڵێم “مەحاڵ” چونکە دەرسی ئەوەمان وەرگرت کە ناشێت دیموکراسی لە سەرەوە بۆ خوارەوە، لە دەرەوە بۆ ناوەوە، فەراهەم بکرێت. بەڵکوو پێویستە بە شێوەیەکی ئۆرگانی لە خوارەوە بەرەو سەرەوە گەشە بکات. لە عێراق، ئەوە هێزەکانی ئەمریکا بوو کە بە پلەی یەکەم پەیکەرەکەی سەددامیان لە بەغدا ڕووخاند، نەک عێراقییەکان؛ عێراقییەکان سەیریان دەکرد و چێژیان لە دیمەنی ڕووخانەکەی وەردەگرت.
لە کۆتاییدا، عێراقییەکان خۆیان بەتەنیا توانییان دیموکراسییەکی دەستووریی دامەزراو لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات بنیات بنێن؛ بەڵام لەسەر لێواری دەوڵەتی شکستخواردوو لارەلارێتی و ئێرانییەکان و بەکرێگیراوەکانیان، بەقووڵی دزەیان کردۆتە ناوی؛ خۆ باسی گەندەڵیی ناوخۆیی هەر مەکە. لە کاتێکدا کە لە دوای ئەو داگیرکارییەی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکردایەتیی کرد و لە ساڵی ٢٠٠٣ دا سەددام حسێنیان لەناو برد، عێراق بەکردەوە شەش هەڵبژاردنی تا ڕاددەیەک بێگەردی ئەنجام داوە؛ بەڵام ئەو پەرلەمانە فرەحزبییەی بەرهەمی هێناوە، لەژێر هەژموونی چەند حزبێکی دیاریکراودایە کە لەسەر بناغەی تائیفەگەری یان ڕەچەڵەک کار دەکەن، نەک ڕۆحی هاووڵاتیبوونی عێراقییانەی ڕاستەقینەی بەهێزی بەرفراوان، کە بەشی ئەوە بکات بەرەنگاری ئێران ببنەوە.
هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق دەناڵێنێت، چونکە دەوڵەتانی دراوسێ هەرچییان لەدەست هات کردیان، بۆ ئەوەی نەهێڵن نموونەیەکی دیموکراسیی شایستە لە بەغدا سەر هەڵبدات، کە ببێتە سروشبەخشی گەلەکانی خۆیان تا چاویان لێ بکەن. دواجار بەهاری عەرەبی بە شێوەیەکی ئۆرگانیی چالاک و بێ هیچ داگیرکارییەکی ئەمریکا، تەشەنەی کرد کە لە ساڵی ٢٠١١دا لە تونس بەرپا کرا و گەیشتە میسر و سووریاش؛ بەڵام ئەسەد، هەتا هەفتەی ڕابردوو، ئامادە بوو سەدان هەزار لە گەلەکەی خۆی بکوژێت و ملیۆنانیش بەرەو هەندەران ڕاو بنێت، تا دەسەڵات لەدەستی خۆیدا بمێنێتەوە.
ئێستا، پرسیارە گەورەکەی ناو مێشکم، ئەمەیە: ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەتێکی دیکەی بۆ دەڕەخسێت تا حکوومەتێکی سازان و فرەیی لە پایتەختێکی عەرەبیی مەزندا، واتە دیمەشق، هەڵبکەوێت – کە ئەم جارەیان گەلەکەی سەرکردایەتی دەکات، نەک هیچ هێزێکی دەرەکی؟ ئەگەر سوورییەکان توانییان لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا ڕێگەی خۆیان لە خوارەوە بەرەو سەرەوە لێ بدەن و پێکەوە لە کۆمەڵگەیەکی فرەییدا وەک هاووڵاتی بژین، نەک بەتەنیا ژمارەیەک تائیفە بن، هەموویان پێکەوە و بە ڕەزامەندیی خۆبەخۆی خۆیان یەک بگرن، نەک لە توێی تائیفەکانی دیکەوە، خۆبەخشانە نەک لە سایەی چنگی ئاسنینی دیکتاتۆرەوە؛ هەروەها ببێت بە مۆدێلێک کە درێژ ببێتەوە بۆ عێراق و لوبنان و ئێران و لیبیا و – هەموو شوێنێك.
ئەگەر ئەمە ڕووی دا، ئەوە دەبێتە ئەرێنیترین ڕووداوی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ساڵی ١٩٧٧ەوە، کە ئەنوەر سادات سواری فڕۆکە بوو، چوو بۆ ئیسرائیل تا ئاشتی بەرقەرار بکات – دەبێتە گرنگترین ڕووداو لەسەر گۆڕەپانی نوێی سیاسەتی عەرەب.
پێویست ناکات دەربارەی ئەگەری ڕوودانی ئەمە، وانە بڵێمەوە. من ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ لە جەنگی ناوخۆی لوبناندا ژیاوم، لە عێراقیش ڕووماڵێکی فراوانم کردووە. ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە کۆتایییەکی کامەران لە سووریا ببینین، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕووی دا، ئەوە خەڵاتێکی زۆر گەورە دەبێت بۆ گەلی سووریا و تەواوی ناوچەکە. بەپێچەوانەی داگیرکارییەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانییەکانییەوە بۆ عێراق، هیچیان پێویست نییە جگە لە کەمێک دارایی و بڕێک هێزی بچووک تا یاریدەیان بدرێت ئەو کارە بکەن.
بەڵام بەبێ یارمەتی و سەرکردایەتییەکی ئەمریکی و بڕێک دیپلۆماسییەتی جێگیر و مکوڕ، کە ئامادە بێت ڕیسکی شکستهێنان بخاتە ئەستۆی خۆی و لەوەیش تێ بگات کە پشتگوێخستنی ڕەوشەکە، زۆر لەسەر هاوپەیمانەکانمان دەکەوێت؛ ئەمە ڕوو نادات.
کێبڕکێ و ململانێ لەناو سووریادا – هەروەها لەسەر سووریا لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە – لە هەموو ناوچەکەدا تەشەنە دەکات. ئەم جەنگە هەتاهەتایە بەردەوام دەبێت، ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوە و دەرکەوتنەوەی ڕێکخستنی دەوڵەتی ئیسلامی؛ لەوانەیشە زۆر بەئاسانی ببێتە هۆی لەقکردن و لەرزاندنی دیموکراسییە فشەڵەکانی عێراق و پاشایەتی لە ئوردن، ئیسرائیلیش بەرەو سووریا ڕابکێشێت – ئەمەیش مانای ئەوەیە حەوت ملیۆن جوولەکە بەتەواوەتی کۆنترۆڵی غەززە دەکەن، بەشێکیش لە لوبنان و سووریا دەخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە؛ ئەمە لە پاڵ ئیسرائیل و کەرتی ڕۆژاواشدا. ئیسرائیل خۆی دەبینێتەوە کەوتۆتە حاڵەتی شەکەتکردن و تاقەتلێبڕینێکی قورسەوە و پێویستیی بە ملیاران دۆلاری هاریکاریی ئەمریکا دەبێت.
سەرچاوە:
وەرگێڕان: پێنووس کۆتاییی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە هەڵهاتنی بۆ ڕووسیا لە ٨-١٢-٢٠٢٤، بوو بە هێمای… زیاتر
د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی پێنج دەیەی بنەماڵەی… زیاتر
"قەیرانەکانی ئەفغانستان و سووریا دەری دەخەن، کە پشتبەستنی زۆر بە زلهێزە دەرەکییەکان، لاوازی لە بەهێزکردنی… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێك ئەو… زیاتر
ن: ئارۆن ی. زێلین* وەرگێڕانی لە ئیگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان چەکدارەکە بە هاوەڵەکانی وت "خوا… زیاتر
خوێندنەوەیەک بۆ دەرفەت و هەڕەشەکانى نێوان کورد و زۆرینە؛ بەڵام هیچ ڕێکكەوتنێک گەرەنتیى نەبووە و… زیاتر