موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
توركیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا یه‌كێكه له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی ناوچه‌كه؛ ئه‌م پێشكه‌وتنه هه‌م له ڕووی ژیانی سیاسی،ی هه‌میش له ڕووی ته‌كنه‌لۆژیه‌وه ده‌بینرێت. جگه له‌مه ئه‌نقه‌ره به‌رده‌وام كار بۆ ئه‌وه ده‌كات ببێته هێزێكی هه‌رێمی و تا ڕادده‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییش هه‌وڵ و كۆششه‌كانی دیارن بۆ ئه‌وه‌ی پێگه و قورساییی خۆی بخاته ڕوو. له پاڵ ئه‌م خاڵه گرنگانه، له ڕووی مێژووییشه‌وه توركیا په‌یوه‌ندییه‌كی مێژووییی پته‌وی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه و زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان هه‌یه، به‌تاییه‌ت ئه‌و شوێنانەی كه بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراویش بێت له‌ژێر كۆنترۆڵی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی‌دا بووه.
له ساڵه‌كانی 2023 و 2024 هه‌ندێك پێشهاتی گرنگ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه و جیهاندا ڕوویان دا، كه سه‌ره‌كیترینیان هێرشه‌كانی حه‌ماس بوو بۆ سه‌ر ئیسرائیل له 7ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2023. ئه‌م ڕووداوه خاڵێكی وه‌چه‌رخانه له ناوچه‌كه، چونكه دوای ئه‌م ڕووداوه ئیسرائیل سوور بوو له‌سه‌ر لاوازكردن و كۆتاییهێنان به نفووز (دەستڕۆیشتوویی)ی ئێران له ناوچه‌كه‌دا. ئه‌مه‌یش به‌ش به حاڵی خۆی، چه‌ندان ڕووداوی گرنگی دیكه‌ی به دوای خۆیدا هێنا و له كۆتاییدا به ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د گه‌یشته لووتكه. بێ گومان ئه‌م پێشهاتانه كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر توركیا هه‌یه؛ جا چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆدا بێت و چ له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كی.
بۆیە هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ژێر ڕۆشناییی ئه‌و پێشهاته گرنگ و گه‌ورانه له ناوچه‌كه‌دا، گرنگترین ئه‌و هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌ته ناوخۆیی و ده‌ره‌كییانه بخه‌ینه ڕوو كه پێشبینی ده‌كرێت توركیا له ساڵی 2025 ڕووبه‌ڕووی ببێته‌وه.
دەرفەتەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥ کامانەن؟
ساڵی 2025 له‌وانه‌یه بۆ توركیا هه‌ندێك ده‌رفه‌ت له بواره جیاجیاكاندا له‌خۆ بگرێت. توركیا به شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا، ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی زۆر بۆته‌وه. گرنگترین ئه‌و گرفتانه‌ی كه ئه‌نقه‌ره ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه بریتییه له قه‌یرانی دارایی و ئابووری و داته‌پینی به‌های لیره‌ی توركی. ئه‌م بارگرانییه ئابووری و دارایییه‌ی توركیا، بۆته هۆی تێكچوونی ڕه‌وشی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌منیی ئەو وڵاتە. بێ گومان تا ئێستا ئاك پارتی به سه‌رۆكایه‌تیی “ڕه‌جه‌ب تەییب ئه‌ردۆغان” توانیویه‌تی تا ڕادده‌یه‌ك كۆنترۆڵی جومگه گشتی و سه‌ره‌كییه‌كانی بكات و وڵات له‌ژێر ڕكێفی خۆیدا بهێڵێته‌وه. به‌ڵام تا چ ئاستێك و تا كه‌ی ئه‌مه‌ی پێ ده‌كرێت، ئه‌وه بابه‌تێكی گرنگه كه پێویسته له‌سه‌ری بوه‌ستین. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پێشهات و ڕووداوه ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ته‌كان بۆ توركیا، به‌تایبه‌ت له ساڵی 2025. بۆیه ده‌توانین به‌گشتی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه پێشبینی بكه‌ین وه‌كوو ده‌رفه‌تێك بۆ توركيا له ساڵی 2025:
یه‌كه‌م:
ده‌رفه‌تی سه‌ره‌كی بۆ توركیا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ بۆ ساڵی 2025 له ڕووی ئابوورییه. ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره بتوانێ له چوارچێوه‌ی ئه‌و هاوكێشه تازانه‌ی كه له ناوچه‌كه‌دا هاتۆته كایه‌وه، خۆی بخزێنێته هاوكێشه و بارودۆخه نوێیه‌كه، ئه‌وه بێ گومان له ڕووی ئابوورییه‌وه سوودی بۆ توركیا ده‌بێت. ئه‌م سوودهیش له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ هه‌ستی پێ ده‌كرێت، چونكه ئێستا ئابووریی توركیا له بارودۆخێكی زۆر خراپدایه؛ بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره بتوانێ به‌تایبه‌ت له سووریا وه‌ك هێزێكی گرنگ و ستراتیژ به‌شداری بكات، ئه‌وه بێ گومان له ڕووی دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی سووریا زیاتر پشت به ئه‌نقه‌ره ده‌به‌سترێت، چونكه ئه‌گه‌ر سووریا له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی و وڵاتانی كه‌نداوه‌وه پاڵپشتیی لێ بكرێت، كه پێشبینییه‌كان به‌م ئاراسته‌یه‌یه، ئه‌وه هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی سووریا ده‌ست پێ ده‌كات. لێره توركیا ده‌توانێ ئه‌مه بكاته ده‌رفه‌تێك بۆ خۆی و، سوود و قهزانجێكی ئابووریی باش مسۆگه‌ر بكات.
دووه‌م:
سووریا له دوای 8ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2024، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه له سووریا جارێ به‌ته‌واوه‌تی یه‌كلایی نه‌بووه و جێگەی نیگه‌رانییه، پێی ناوەتەوە قۆناغێكی تازەوە؛ به‌ڵام ده‌كرێ ئه‌م بابه‌ته بكرێته درهفهتێك بۆ توركیا له ڕووی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره سوورییانه‌ی كه له توركیا نیشته‌جێن. به‌پێی دوایین لێدوانی له دووتوێی ئه‌و وتاره‌ی كه له چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی بوودجه‌ی ساڵی 2025 پێشكه‌شی كرد، وه‌زیری ناوخۆی توركیا، عه‌لی یهرلیكهیا – Ali Yerlikaya) كه له 15ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2024 له په‌رله‌مانی توركیا ڕای گه‌یاند، ژماره‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره سوورییانه‌ی كه به‌فه‌رمی تۆمار كراون و ئێستا له توركیان بریتییه له (2.938.261) په‌نابه‌ر. بۆیه ئه‌م بابه‌ته كێشه‌ی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئه‌منیی بۆ توركیا دروست كردووه. حزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌م هۆیه‌وه ڕه‌خنه‌ی زۆری ئاراسته كراوه و تا ئێستایش ئه‌م ڕه‌خنانه جگه له‌لایه‌ن گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆن، له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌رییش زیادی كردووه. بۆیه ده‌كرێ له ساڵی 2025 ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌د وه‌كوو ده‌رفه‌تێك بێت بۆ ئاماده‌كردنی كه‌شوهه‌وای له‌بار بۆ گهڕاندنەوەی ئه‌م په‌نابه‌رانه بۆ سووریا. هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ ڕووخانی ئه‌سه‌د ژماره‌یه‌كی كه‌می ئه‌م په‌نابه‌رانه ده‌ستیان به گه‌ڕانه‌وه كردووه بۆ سووریا، به‌ڵام ژماره‌كه زۆر دڵخۆشكه‌ر نییه بۆ توركیا، چونكه هه‌ر به‌پێی لێدوانی فه‌رمیی حكوومه‌تی توركیا، له دوای ڕووخانی ئه‌سه‌د له 8ی كانوونی یه‌كه‌مه‌وه تا 14ی كانوونی یه‌كه‌م، ژماره‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه له توركیاوه گهرانهونهتهوه سووریا (1607) په‌نابه‌ره؛ پێش ڕووخانی ئه‌سه‌دیش نزیكه‌ی (240) په‌نابه‌ر گه‌ڕابوونه‌وه سووریا. به‌م پێیه كۆی گشتیی ئه‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه، گه‌یشتۆته (1847) په‌نابه‌ر.
له‌م خاڵه‌دا ده‌كرێ ئه‌م هه‌نگاوه بكرێته ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌نقه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ك ڕێگه خۆش بكات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌كان و، له لایه‌كی دیكەوە په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و وڵاتانی ئه‌وروپی دابنێ بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تی گه‌ڕاندنه‌وه به شێوه‌یه‌كی دروست ئه‌نجام بدرێت و یارمه‌تیی دارایی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركه وه‌ربگرێت.
سێیه‌م:
توركیا له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی ناوخۆییدا به هه‌مان شێوه، گرنگترین ده‌رفه‌تی له‌به‌رده‌مدایه ئه‌گه‌ر بتوانێ به‌باشی به‌ڕێوه‌ی ببات، ئه‌ویش ئه‌نجامدانی چاكسازیی سیاسییه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆدا. بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌یش بێ گومان پێویسته پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا دووباره ده‌ست پێ بكاته‌وه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه گۆڕانكاریی جددیی به‌سه‌ردا هات، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل (بنیامین نەتانیاهۆ) ئاماژه‌ی به گۆڕینی هاوكێشه و نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد؛ چونكه له ڕاستیدا ئیسرائیل هه‌نگاوی جددیی ناوه له‌م بارەیه‌وه. بۆیه ئه‌نقه‌ره‌یش زۆر گرنگه خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانكارییانه بگونجێنێت؛ به‌پێچه‌وانه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه نوێیەكهدا ده‌مێنێته‌وه.
له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه ده‌بینین له توركیا، به‌تایبه‌ت له بواری كێشه‌ی كورددا، كار بۆ دووباره ده‌ستپێكردنەوەی پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌كرێت. بۆیه ده‌كرێ لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی توركیا له لایه‌ك و ده‌م پارتی له لایه‌كی دیكه ده‌رباره‌ی ڕێكخستنی چاوپێكه‌وتنێك لە نێوان “عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان” و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ده‌م پارتی و پشتگیریكردنی ئه‌م هه‌وڵانه له‌لایه‌ن “ده‌وڵه‌ت بهخچهڵی”، سه‌رۆكی توندڕه‌وترین حزبی نه‌ژادپه‌رستی توركیا (مه‌هه‌په)وه، له چوارچێوه‌ی ئه‌م پێشهات و ڕووداوانه شیكردنه‌وه‌ی بۆ بكرێت. به‌ڵام پێ ناچێت لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ڕاستگۆ بن، چونكه ئه‌زموونی ساڵانی ڕابردوو ئه‌وه‌مان پێ نیشان ده‌دات كه ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌م جۆره نزیكبوونانه، بریتییه له كاتكوشتن و خۆكۆكردنه‌وه؛ هه‌ر كاتێك بارودۆخه‌كه بگۆڕدرێت، ئه‌وه هیچ لایه‌نێك پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان نابن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م نیگه‌رانییانه ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی، ده‌كرێ به‌ڕاستی، ئه‌گه‌ر له‌ژێر گوشاری ناوخۆیی، هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییش بێت، هه‌نگاوی جددی له‌م بواره‌دا بنرێت و كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد بكرێت له توركیا، كه چه‌ندان ساڵه ژیانی سیاسیی توركیا به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت.
چواره‌م:
توركیا له چوارچێوه‌ی پێشهاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناچه‌كه و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییش ده‌توانێ له سایه‌ی پێگه ستراتیژییه‌كه‌یه‌وه وه‌كوو ناوبژیوانێك ده‌ربكه‌وێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ن، وه‌كوو كێشه‌ی لوبنان، فه‌له‌ستین، سووریا، یه‌مه‌ن و عێراق؛ هه‌روه‌ها جگه له‌مه‌یش ئه‌نقه‌ره ئه‌گه‌ر بیه‌وێ، ده‌توانێ له جه‌نگی نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا ڕۆڵێكی كاریگه‌رتر ببینێ. توركیا وه‌كوو وڵاتێكی كاریگه‌ری ناوچه‌كه ئه‌م توانایه‌ی هه‌یه و ئه‌گه‌ر ستراتیژییه‌كی باش دابڕێژێت، ئه‌وه ده‌كرێ له ساڵی 2025، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا (دۆناڵد ترەمپ)، وه‌كوو ناوبژیوانێكی كاریگه‌ر ده‌ربكه‌وێت و له ئه‌نجامدا له ناوچه‌كه و جیهاندا به‌هێزتر ده‌بێت.
هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەر تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥ چین؟
پێشبینی ده‌كرێت توركیا جگه له‌و ده‌رفه‌تانه‌ی كه له ساڵی 2025 بۆی ده‌ڕه‌خسێت، ڕووبه‌ڕووی هه‌ندێك هه‌ڕه‌شه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی جددی ببێته‌وه. ده‌توانین گرنگترین ئه‌و هه‌ڕه‌شه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییانه به‌م شێوه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م:
توركیا چه‌ند ساڵه به‌ده‌ست قه‌یرانی ئابووری و دارایییه‌وه ده‌ناڵێنێت. ئه‌م قه‌یرانه گه‌یشتۆته ئاستی بێزاركردنی هاووڵاتی؛ ئه‌مەیش ڕاستەوخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕه‌وشی سیاسیی وڵات هه‌بووه و ئه‌م ڕاستییه له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ده‌ركه‌وت، كه خه‌ڵك چه‌ند له ئاك پارتی بێزارن. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌توانین بڵێین كێشه‌ی ئابووری گرنگترین هه‌ڕه‌شه‌ی ناوخۆیییه له توركیا بۆ ساڵی 2025، چونكه ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان، كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی توركیاوه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ڕاگه‌یەنراوه بۆ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2024، بریتی بوو له (47.09%)؛ هه‌رچه‌نده بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت گوایه ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسانی ڕاگهیەنراو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی توركیاوه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، ڕێژه ڕاسته‌قینه‌كه نییه و ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسانی ڕاسته‌قینه زۆر له‌م ڕێژه‌یه زیاتره. بۆیه ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له كێشه هه‌ره گرنگه‌كانی ساڵی 2025 ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان ده‌بێت.
جگه له‌مه رێژه‌ی بێكاری له توركیا به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كان گه‌یشتۆته (8.8%). هه‌روه‌ها قه‌رزی گشتیی توركیا به‌پێی ئاماژه فه‌رمییه‌كان (512) ملیار دۆلاری ئه‌مریكییه، كه ئه‌مه‌یش بەنیسبەت ئابووریی توركیا بڕێكی زۆره. بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بابه‌تی قه‌رزی توركیا ببێته یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی ساڵی 2025.
سه‌رجه‌م ئه‌م خاڵانه، بوونه‌ته هۆكار بۆ دابه‌زینی به‌های لیره‌ی توركی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یشه پێشبینی ده‌كرێت له 2025 به‌های لیره‌ی توركی زیاتر دابه‌زێت و كێشه‌ی دارایی و ئابووریی زیاتر دروست بكات و توانای كڕینی هاووڵاتیی توركی زیاتر دابه‌زێنێت.
دووه‌م:
فراوانتربوونی ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان ئالنگارییه‌كی دیكه‌یه كه پێشبینی ده‌كرێت ڕووبه‌ڕووی توركیای ساڵی 2025 ببێته‌وه؛ چونكه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ناڕه‌زایه‌تییه گشتییه‌كان به‌هۆی كێشه ئابوورییه‌كان و به‌رته‌سككردنی ئازادییه گشتییه‌كان له توركیا، زیاتر و فراوانتر بێت و داواكارییه‌كانی زیاتر پابه‌ندبوون به مافه‌كانی مرۆڤ و ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادییه سیاسییه‌كان، به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ڕوونتر به‌ده‌رده‌كه‌ون.
بۆیه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پێشبینی ده‌كرێت داواكارییه‌كانی پابه‌ندبوون به مافه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی تایبه‌ت به ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری، له‌وانه‌یه له ساڵی 2025 پێ بنێته قۆناغێكی نوێوە، چونكه له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، گوشارێكی به‌رچاو له‌سه‌ر حكوومه‌تی توركی هه‌یه به‌هۆی پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و دانانی كۆتوبه‌ند به‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان و لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن.
سێیه‌م:
هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری توركیا، خاڵێكی تره له‌و خاڵانه‌ی كه له‌وانه‌یه له ساڵی 2025 بورووژێنرێت، چونكه ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له توركیا ده‌مێكه خراوەته ڕوو و به‌تایبه‌ت لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. هۆكاره‌كەیشی بۆ خراپیی باری دارایی و ئابووریی وڵات و به‌رته‌سككردنی ئازادییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌روه‌ها ئاك پارتی له‌م قۆناغه‌یشدا په‌نای بردۆته به‌ر سیسته‌می دانانی “قه‌یووم” بۆ ئه‌و شارهوانییانەی كه كاندیدانی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن تیایدا سه‌ركه‌وتوو بوونه. له‌م چێوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكی گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆن (ئۆزگور ئۆزه‌ڵ – Özgür Özel) پێشنیاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی كرد له مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2025. بۆیه ئه‌م بابه‌ته‌یش یه‌كێك له‌و بابه‌ته گرنگانەیە كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ساڵی 2025 ڕووبه‌ڕووی توركیا ببێته‌وه. به‌رده‌وامیی خراپیی باری دارایی و ئابووری له توركیا و چاره‌سه‌رنه‌كردنی، زیاتر لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن و ڕای گشتی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته هان ده‌دات، كه ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانیشی له ساڵی 2025 له ئارادایه.
له لایه‌كی دیكه له توركیا، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ئاك پارتی بۆ ده‌سه‌ڵات، جۆره جهمسهربهندییهك سه‌ری هه‌ڵداوه؛ واتا كۆمه‌ڵگه به شێوه‌یه‌كی گشتی له ئه‌نجامی سیاسه‌تی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن، دابه‌شی سه‌ر دوو جه‌مسه‌ر بۆته‌وه: یه‌كێكیان به سه‌رۆكایه‌تیی ئاك پارتی كه خۆی زیاتر له پارێزگاره‌كان ده‌بینێ. ئه‌وه‌ی تریان به سه‌رۆكایه‌تیی گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆن (جه‌هه‌په)یه. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو دوای ئه‌وه‌ی “جه‌هه‌په” گه‌یشته ئه‌و بڕوایەی كه ناتوانێت به‌ته‌نیا له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا شكست به ئاك پارتی بهێنیت، په‌نای بردۆته به‌ر ده‌نگده‌ری كورد و به شێوه‌یه‌كی گشتییش كاری له‌سه‌ر ده‌نگده‌ری ڕاستڕه‌ویش كردووه.
بێ گومان پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م ململانێیه له ساڵی 2025یش درێژه‌ی پێ بدرێت و له‌وانه‌یه بگاته ئاستێكی به‌رزتر و، نه‌توانرێ ئاوا به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر بكرێت. بۆیه خاڵێكی دیكه‌ی مه‌ترسیدار كه چاوه‌ڕێی توركیا ده‌كات، دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگەیه به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری دژ یه‌ك، كه له ئه‌نجامدا ئه‌مه ده‌بێته هۆی ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری و ئه‌منی.
چواره‌م:
كێشه یاخود قه‌یرانی كورد له توركیا، به‌تایبه‌ت له سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه، پێی ناوه‌ته قۆناغێكی مهترسیدارەوە و له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی “په‌كه‌كه” و ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ و پێكدادان له نێوان سوپای توركیا و چه‌كدارانی په‌كه‌كه، ئه‌م بابه‌ته هه‌میشه ئاسایشی توركیا و ژیانی سیاسیی له‌م وڵاته‌دا خستۆته مه‌ترسییەوە. دیارترین هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه، له سه‌رده‌می ئاك پارتی ده‌ستی پێ كرد، به‌ڵام له كۆتاییی ساڵی 2015 شكستی هێنا. بێ گومان چاوه‌ڕوان ناكرێت ئه‌م بابه‌ته به ساڵێك چاره‌سه‌ر بكرێت و باردۆخه‌كه ئارام بێتەوە، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت هه‌نگاوی جددی له ساڵی 2025 بنرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا؛ چونكه ناوچه‌كه گۆڕانكاریی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و له‌وانه‌یه له هاوكێشه نوێیەكاندا كورد ڕۆڵی زیاتری پێ بسپێردرێت. بۆیه ئه‌نقه‌ره ناچاره ئەمساڵ هه‌ندێك هه‌نگاوی جددی و ڕاسته‌قینه بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كورد له توركیا بهاوێژێت.
ئه‌م كێشه‌یه دوو ڕه‌هه‌ند له‌خۆ ده‌گرێت: ڕه‌هه‌ندی یه‌كه‌میان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیییه، چونكه كورد له ژیانی سیاسیی توركیادا ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه و ده‌بێت. له‌سه‌ر ئاسته ههرێمییهكهیش كورد ڕۆڵ و پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، به‌تایبه‌تی له وڵاتانی ئێران و سووریا و عێراق. هه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش له ناوچه‌كه‌دا ڕوو بدات، بێ گومان كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر پێگه و ڕۆڵی كورد له توركیا ده‌بێت.
پێنجه‌م:
ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی مه‌ده‌نیی نوێ بۆ توركیا، بابه‌تێكی ناوخۆییی دیكه‌یه كه له‌وانه‌یه له ساڵی 2025 زیاتر بورووژێنرێت؛ چونكه به‌و ده‌ستووره‌ی ئێستا سه‌رۆككۆماری توركیا و سه‌رۆكی ئاك پارتی ناتوانێت خۆی دیسان كاندید بكاته‌وه. یه‌كێك له ڕێگەكانی هه‌ڵگرتنی ئه‌م به‌ربه‌سته، ئه‌نجامدانی گۆڕانكارییه له ده‌ستووری توركیا یاخود ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی نوێیه؛ ئه‌مه‌یش هه‌نگاوێكی ئاسان نییه و پێویستی به ده‌نگی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنه. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت له ساڵی 2025 بابه‌تی ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی نوێ، ببێته یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر بكرێت؛ چونكه ئه‌ردۆغان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ده‌ستووری ئێستا ده‌ستوورێكه له‌لایه‌ن كوده‌تاچییه‌كانه‌وه ئاماده كراوه و تا ئێستایش نزیكه‌ی 21 جار هه‌موار كراوه‌ته‌وه؛ بۆیه به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا ده‌ستووری توركیا سوودی نییه و كه‌موكوڕیی زۆری له‌خۆ گرتووه و، پێی وایه ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی نوێ و مه‌ده‌نی و هاوچه‌رخ كه له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان بگونجێت، باشترین بژارده‌یه. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی تێڕوانینی لایه‌نه‌كان بۆ ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی نوێ، جیاوازه، ئه‌م كاره ئاسان نابێت و پێشبینی ده‌كرێت هه‌نگاوی جددی له‌م بارەیه‌وه له ساڵی 2025 بنرێت.
شه‌شه‌م:
په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانی توركیا له ساڵی 2025 زۆر گرنگن، به‌تایبه‌ت له‌ژێر ڕۆشناییی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی ڕوویان داوه. سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره و یه‌كێتیی ئه‌وروپا، به‌هۆی بابه‌ته‌كانی مافی مرۆڤ و ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادیی سیاسی، جیاوازیی تێڕوانینی هه‌ردوو لا بۆ كێشه‌ی كورد، له‌وانه‌یه له ساڵی 2025 بچێته قۆناغێكی نوێوە، چونكه به‌ڕاستی جیاوازییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌تانه زۆر قووڵن و ناتوانرێت ئاوا به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر بكرێن. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا له ساڵی 2025، به‌سه‌ختی به‌ڕێوه بچێت.
له لایه‌كی دیكه، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره و واشنتۆن دوای هه‌ڵبژاردنی “دۆناڵد تره‌مپ” وه‌كوو سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا، له‌وانه‌یه پێ بنێته قۆناغێكی جیاوازترەوە، چونكه بوونی چه‌كدارانی نزیك لە په‌كه‌كه له سووریا، كڕینی سیسته‌می به‌رگریی ئیس-400 لەلایەن توركیا و بابه‌تی مافه‌كانی مرۆڤ و كێشه‌ی پرۆژه‌ی فڕۆكه‌كانی ئێف-35 و بابه‌تی جەنگی حه‌ماس و ئیسرائیل، گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه‌ن كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئەمریكا و توركیا له ساڵی 2025 ناكۆكییان له‌باره‌وه هه‌بێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو جیاوازی و كێشه‌یه، پێ ناچێت واشنتۆن ئاوا به‌ئاسانی واز له هاوپه‌یمانێكی گرنگی وه‌كوو توركیا بهێنێت، به‌تایبه‌ت له كاتێكدا گوشاره‌كان بۆ سه‌ر ئێران زیاتر بووه؛ له لایه‌كی دیكه‌وە له‌وانه‌یه توركیا له بابه‌تی ڕاگرتنی جه‌نگی نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا ڕۆڵێكی ئه‌رێنی ببینێ. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای بوونی ناكۆكی ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ئاماژه‌مان پێ كرد، پێشبینی ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره – واشنتۆن، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كانی (ئه‌ردۆغان – تره‌مپ) پێ بنێتە قۆناغێكی جیاوازترەوە، كه تیایدا به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌ردوو لا به‌سه‌ر ناكۆكییه‌كان زاڵ بێت و، هه‌وڵ بده‌ن هه‌ندێ هه‌نگاوی هاوبه‌ش به‌یه‌كه‌وه له ناوچه‌كه‌دا بنێن.
هه‌ر له ساڵی 2025، بابه‌تێكی دیكه لە ئارادایە كه له‌وانه‌یه كاریگه‌ریی زۆری هه‌بێ، ئه‌ویش په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ڕووسیایه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وا ده‌رده‌كه‌وێت كه په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ڕووسیا له ئاستێكی باشدایه به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی له‌ناكاو له‌وانه‌یه به‌ره‌و خراپی بڕوات؛ چونكه توركیا له هه‌ندێك بابه‌تدا له‌گه‌ڵ ڕووسیاش كۆك نییه و بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه.
گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ئه‌نقه‌ره و مۆسكۆ له باره‌یه‌وه كۆك نین سووریایه، به‌تایبه‌ت بابه‌تی بوونی چه‌كدارانی په‌یه‌ده له سووریا. هه‌ر له دوایین لێدوانی سه‌رۆككۆماری توركیا (ئه‌ردۆغان) ده‌رباره‌ی چه‌كدارانی په‌یه‌ده ڕای گه‌یاند، “ئه‌گه‌ر چه‌ك دانه‌نێن، له سووریا ژێرخاك ده‌كرێن.” ئه‌مه توندترین لێدوانی توركیایه دوای ڕووخانی ئه‌سه‌د ده‌رباره‌ی چه‌كدارانی په‌یه‌ده، له كاتێكدا پێش ئه‌م لێدوانه‌ی “ئه‌ردۆغان”، سه‌رۆكی ڕووسیا “ڤلادیمیر پووتین” ڕای گه‌یاندبوو، “ده‌بوایه كێشه‌ی كورد له سه‌رده‌می ئه‌سه‌د چاره‌سه‌ر بكرابایه، به‌ڵام نه‌كرا و ئێستا پێویسته كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه بكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی كه كۆنترۆڵی سووریا ده‌كه‌ن؛ هه‌روه‌ها توركیا پێویستیی به پاراستنی ئاسایشی خۆی هه‌یه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان و، ئێمه هه‌موومان ئه‌م بابه‌ته تێ ده‌گه‌ین.” له‌م په‌یامه‌ی پووتین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه جیاوازییه‌ك هه‌یه له تێڕوانینی هه‌ر یه‌ك له پووتین و ئه‌ردۆغان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد، چونكه هه‌ڵوێست و تێڕوانینی ئه‌ردۆغان به‌راورد به پووتین توندتره و، پێشبینی ده‌كرێت له ساڵی 2025 ئه‌م بابه‌ته كاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ڕووسیا له لایه‌ك و ووڵاتانی دیكه له لایه‌كی تر.
حه‌وته‌م:
په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا – ئێران دوای ڕووخانی ئه‌سه‌د و لاوازبوونی ئێران له لوبنان و فه‌له‌ستین و یه‌مه‌ن و ناوچه‌كه‌دا پێ ده‌نێته قۆناغێكی نوێ، چونكه له قۆناغه‌كانی ڕابردوودا ئێران توانیبووی له ڕێگه‌ی هێزه پرۆكسییهكانییهوه وه‌كوو هێزێكی هه‌رێمی ده‌ربكه‌وێ و بتوانێ له ڕێگه‌ی ئه‌م هێزانهیهوه گوشار بخاته سه‌ر وڵاته هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. به‌ڵام دوای كوژرانی ئیسماعیل هه‌نییه و حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئه‌سه‌د، ئێران گه‌وره‌ترین گورزی به‌ركه‌وت و له ناوچه‌كه‌دا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دەستڕۆیشتوویی و پێگه‌ی لاواز بوو.
دوای ئه‌م پێشهاتانه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م ڕووداوانه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره و تاران هه‌بێت. ڕاسته ئه‌م دوو وڵاته له ماوه‌ی ڕابردوودا تا ڕادده‌یه‌ك وه‌كوو دوو وڵاتی دۆست و هاوپه‌یمان بهدهركهوتبوون به‌ڵام له قۆناغه‌كانی داهاتوو، به‌تایبه‌ت پاش ڕووخانی ئه‌سه‌د له سووریا، چاوەڕوان ده‌كرێت په‌یوه‌ندیی ئه‌م دوو ووڵاته وه‌كوو جاران نه‌مێنێ، چونكه له‌مه‌وبه‌دوا به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو لا زۆر زه‌حمه‌ته به‌یه‌ك بگات. بۆیه ساڵی 2025 ده‌بێته ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێ و جیاواز له ڕووی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره و تاران. له‌وانه‌یه په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م دوو وڵاته له ساڵی 2025وه هه‌ندێك گرژیی تێ بكه‌وێ، به‌ڵام پێشبینی ناكرێت به‌ته‌واوه‌تی بپچڕێت.
سیاسەتی تورکیا لە هەمبەر ڕۆژاوای کوردستان و باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٥ چۆن دەبێت؟
توركیا هه‌روه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێی كرد، به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه قبووڵ ناكات چه‌كدارانی په‌كه‌كه و په‌یه‌ده له ڕۆژاوا و باشووری كوردستان هەبن؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، بەتوندی له هه‌رێمی كوردستان و سووریادا ڕووبه‌ڕووی په‌كه‌كه ده‌بێته‌وه. سه‌ره‌تا له باشووری كوردستان ئه‌نقه‌ره چه‌ند ساڵه هه‌وڵی داوه په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ “پارتی دیموكراتی كوردستان” دابنێت و تا ڕادده‌یه‌كیش له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌ردوو لا په‌یوه‌ندییه‌كان گه‌یشتۆته ئاستێكی باش. هه‌روه‌ها سوپای توركیا ناوبه‌ناو ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌دات به مه‌به‌ستی له‌ناوبردن یاخود لانی كه‌م لاوازكردنی په‌كه‌كه له خاكی هه‌رێمی كوردستاندا. به‌هۆی ئه‌م شه‌ڕ و پێكدادانه‌ی هه‌ردوو لا، ناوچه‌یه‌كی فراوانی خاكی هه‌رێمی كوردستان چۆڵ كراوه و دانیشتووانی سه‌دان گوند له شوێن و حاڵیان بوونه‌ته‌وه.
به‌پێی لێدوانی به‌رپرسانی توركیا، ئه‌نقه‌ره به‌رده‌وام ده‌بێت له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی له خاكی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2025؛ ته‌نانه‌ت بارودۆخی عێراق و ناوچه‌كه ئه‌گه‌ر خراپتر بێت ئه‌وه پێشبینی ده‌كرێت هێرش و جموجۆڵی هێزه‌كانی توركیا له هه‌رێمی كوردستان و عێراق زیاتر بێت. له پاڵ ئه‌م پێشهاتانه، جگه له‌مه توركیا نیگه‌رانه له جموجۆڵه‌كانی په‌كه‌كه له‌و ناوچانه‌ی كه له‌ژێر كۆنترۆڵی “یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان”دایه. هه‌ر له‌به‌ر ئهمەیشه ناوبه‌ناو سوپای توركیا هێرشی ئاسمانی بۆ ئه‌م ناوچانه ئه‌نجام ده‌دات و ته‌نانه‌ت بۆ گوشارخستنه سه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی ئاسمانیی بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ڕاگه‌یاندووه. واتا به‌رپرسانی توركیا ڕایان گه‌یاندووه تا جموجۆڵه‌كانی په‌كه‌كه له سلێمانی و ده‌وروبەری قه‌ده‌غه نه‌كرێت یاخود لانی كه‌م سنووردار نه‌كرێت، ئه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر گوشار و هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه به بیانووی به‌ئامانجگرتنی چه‌كدارانی په‌كه‌كه. پێشبینی ده‌كرێت له ساڵی 2025یش ئه‌م گوشاره به‌رده‌وام بێت و ته‌نانه‌ت چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هێرشه ئاسمانییه‌كان چڕتر بكرێن، چونكه به‌رپرسانی توركیا چه‌ندان جار به‌ئاشكرا نیگه‌رانییه‌كانی خۆیان له‌م باره‌وه خستۆته ڕوو و به هیچ شێوه‌یه‌كیش سازشی له‌سه‌ر ناكه‌ن و ته‌نانه‌ت ناوبه‌ناو هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزای زیاتر و هێرشی توندتر ده‌كه‌ن.
له لایه‌كی ترەوە، ئه‌نقه‌ره زۆر به‌جددی كار له‌سه‌ر چه‌ككردنی چه‌كدارانی په‌یه‌ده ده‌كات و ئه‌ردۆغانیش به‌ئاشكرا هه‌ڕه‌شه له په‌یه‌ده ده‌كات و سووره له‌سه‌ر به‌كارهێنانی هێز له دژی په‌یه‌ده و چه‌كدارانی. په‌یه‌ده له ڕوانگه‌ی توركیاوە له‌گه‌ڵ داعش هیچ جیاوازییه‌كیان نییه و له ساڵی 2025یش له‌ژێر ڕۆشناییی گۆڕانكارییه‌كانی سووریا و ناوچه‌كه‌دا، پێشبینی ده‌كرێت ئه‌نقه‌ره هێز له دژی په‌یه‌ده به‌كار بهێنێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مریكاش گوشار بخاته سه‌ر ئه‌نقه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی پاشگه‌زی بكاته‌وه، ئه‌وه به ئه‌گه‌رێكی زۆر، توركیا ئاسایشی ڕۆژاوا ده‌كاته ئامانج و ناهێڵێت په‌یه‌ده به‌شداری له حوكمڕانیی نوێی سووریادا بكات، یاخود ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێگرییهیشی پێ نه‌كرێت، ئه‌وه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆییی ڕۆژاوا ئه‌و ناكۆكییانه‌ی كه له نێوان لایه‌نه كوردییه‌كانی ڕۆژاوا هه‌یه، وه‌كوو ده‌رفه‌تێك به‌كار ده‌هێنی به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئامانجی سه‌ره‌كی و ستراتیژیی خۆی.
با ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێت؛ توركیا له بنه‌ڕه‌تدا له چوارچێوه‌ی پاراستنی یه‌كپارچه‌ییی خاكی سووریا، هیچ كێشه‌یه‌كی نییه له به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی كوردانی ڕۆژاوا له سووریا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ توركیا هێڵی سووره، جێگیربوونی چه‌كدارانی په‌یه‌ده‌یه له سووریا و كۆنترۆڵكردنیانه بۆ ڕۆژاوا.
كۆبه‌ند
ساڵی 2025 ساڵێكی سه‌خت ده‌بێت بۆ توركیا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌كی، چونكه له لایه‌ك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆدا چه‌ندان قه‌یرانی جددی به‌رۆكی ده‌سه‌ڵات به‌رنادات، كه له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه قه‌یرانی دارایی و ئابووری و دابه‌زینی توانای ئاستی كڕینی هاووڵاتیانه، به‌تایبه‌ت مووچه‌ی خانه‌نشینان (كه‌مترین بڕه مووچه به 22.104 لیره‌ی توركی بۆ ساڵی 2025 دیاری كرا)، كە ئەمانە گرنگترین دوو كێشه‌ی ئابووریی ناوخۆیین؛ لەبەر ئەوەی یه‌كێك له هۆكاره‌كانی شكستهێنانی ئاك پارتی له دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانییه‌كان كه له 31ی ئازاری ساڵی 2024 ئه‌نجام درا، كه‌میی بڕی مووچه‌ی خانه‌نشینان بوو و، حكوومه‌ت كه ئاك پارتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، نه‌یتوانی ڕێژه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینان زیاد بكات. ئه‌مه‌یش بووه هۆی ناڕه‌زایه‌تیی خانه‌نشینان، كه ژماره‌یان له شازده ملیۆن خانه‌نشین نزیك ده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌كرێت بابه‌تی كه‌مترین بڕه مووچه‌یش كه به 22.104 لیره‌ی توركی دیاری كراوه، ناڕه‌زایه‌تییه‌كی فراوانی لێ بكه‌وێته‌وه و ئه‌مه‌یش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی خراپی بۆ سه‌ر ژیانی سیاسیی توركیا ده‌بێت.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییش له ساڵی 2025، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت توركیا له سووریا به‌تایبه‌ت و له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی، ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان گرفت و كێشه و هه‌ڕه‌شه ببێته‌وه، چونكه گۆڕانكارییه‌كی جددی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی ڕووی داوه و ساڵی 2025یش ده‌بێته ده‌سپێكی ئه‌م قۆناغه نوێیەی كه دروست بووه. توركیا جگه له هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ری له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كی، ده‌توانێ ئه‌م هه‌ڕه‌شانه بگۆڕێت بۆ ده‌رفه‌ت ئه‌گه‌ر توانیی ستراتیژییه‌تێك په‌یڕه‌و بكات كە دوور بێت له ئامانجی نالۆژیكی و ناواقعی و، ئاماده بێت بۆ كرانه‌وه و چاكسازیی بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌كی له بواره‌كانی ئابووری، سیاسی، ئه‌منی، سه‌ربازی و، له هه‌موویشیان گرنگتر له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، به‌تایبه‌ت له بابه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. مه‌رجه توركیا له بری سۆز و بنه‌مای نابه‌جێ، لۆژیكییانه و ژیرانه بیر بكاته‌وه و كار بۆ بنیاتنانی په‌یوه‌ندییه‌كی باشتر بكات له‌گه‌ڵ ئیسرائیل؛ به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره به‌خۆ نه‌كه‌وێت و پراگماتیكییانه بیر نه‌كاته‌وه، ئه‌وه ساڵی 2025ی لێ ده‌بێته دۆزه‌خێك كه له‌وانه‌یه تیایدا بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی حکوومەتی توركیا (حکوومەتی ئەردۆغان) ڕووبه‌ڕووی داڕمان ببێتەوە.
د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی لە پاش ڕووخانی ڕژێمی… زیاتر
وەرگێڕان: پێنووس کۆتاییی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە هەڵهاتنی بۆ ڕووسیا لە ٨-١٢-٢٠٢٤، بوو بە هێمای… زیاتر
ن: تۆماس ل. فریدمان وەرگێڕانی لە ئیگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان ڕووخاندنی بەشار ئەسەد لە سووریا… زیاتر
د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی پێنج دەیەی بنەماڵەی… زیاتر
"قەیرانەکانی ئەفغانستان و سووریا دەری دەخەن، کە پشتبەستنی زۆر بە زلهێزە دەرەکییەکان، لاوازی لە بەهێزکردنی… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێك ئەو… زیاتر