پێنووس

دوو پێشهات لە عێراق لە سایەی گۆڕانە جیۆسیاسییەكانی سووریا و لوبناندا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

لە پاش لاوازبوونی حزبوڵڵا كە پایەیەكی سەرەكیی “بەرەی موقاوەمە”یە و، كەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا كە پردی گەیشتنی تاران بوو بە لوبنان، لە عێراق دوو بابەت بوونەتە مژاری سەرەكی، ئەوانیش چارەنووسی گرووپە چەكدارەكانی شیعە و حەشدی شەعبی و جموجۆڵ و خواستی هەندێك لە سوننەكانە بۆ گۆڕینی مامەڵەی زۆرینەی شیعە لەگەڵ دۆسیە كەڵەكەبووەكانیان و، لەوەیش دوورتر باسی گۆڕینی سیستەم و ڕژێم. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات تیشك بخاتە سەر لێكەوتەكانی گۆڕانە جیۆسیاسییەكانی سووریا لەسەر ڕەوشی عێراق و، بەدیاریكراوی لە هەردوو گۆشەنیگای پانتاییی شیعی و سوننییەوە.

چارەنووسی گرووپە چەكدارەكانی شیعە

هیلاكبوونی حزبوڵڵای لوبنان و ملكەچكردنی بۆ ئاگربەست بە مەرجەكانی ئیسرائیل و پاشان كەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و بچڕانی پشتێنە ئێرانییەكەی “بەرەی موقاوەمە” لە كۆتا مانگی 2024دا، دەرگەی لەسەر چەند ئەگەر و پێشهاتێك لە عێراق كردەوە. لەسەر ئاستە فەرمییەكەی، عێراق بەپەرتەوازەیی مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا دەكات؛ بەشێك لە حكوومەت و دامەزراوەكان پێیان وایە كەوتنی سووریا پرۆژەیەكی گەورەترە كە ئامانج لێی شیعەی ناوچەكەیە و مەترسییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییی عێراق؛ بەشێكی دی باس لەوە دەكەن ئەمە دەرفەتە بۆ لاوازكردنی هەژموون و نفووزی ئێرانی لە ناوچەكە و وەرگرتنەوەی بڕیاری سەربەخۆ.[1]

لەسەر ئاستە شیعییەكەیشی، گۆڕانكارییەكەی سووریا و كەوتنی بەشار ئەسەد، دەرگەی بۆ مشتومڕێك كردووەتەوە كە ئەگەر یان دەنگۆی كۆتاییهێنانە بە گرووپە چەكدارەكانی شیعە لە عێراق؛ بەو پێیەی بەشێكن لە بەرە ئێرانییەكەی “موقاوەمە”. بەم پێیەیش دەبێت لە ئێستادا هەمان چارەنووس و بارودۆخی “حزبوڵڵا”ی لوبنان و “حووسییەكان”ی یەمەن چاوەڕێیان بكات، بەتایبەت لە سایەی گەڕانەوەی “ترەمپ”دا بۆ كۆشكی سپی. ئەوەیشی ئەم دەنگۆیە زیاتر گەرم دەكات، جموجۆڵە ئەمریكییەكانە كە بەپێی سەرچاوەكانی واشنتۆن، “بلینكن”ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پاش كەوتنی ئەسەد بە “محەمەد شیاع سوودانی” ڕاگەیاندووە، ئێران ئێستا لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە؛ عێراقیش شانسی هەیە نفووز و هەژموونی تاران لە نێوخۆی خۆیدا كەمتر بكاتەوە. لەم بەینەیشدا بلینكن داوای لە سوودانی كردووە ڕێوشوێنی توند دژی گرووپە شیعە عێراقییەكان بگرێتە بەر.[2] هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا و لە پێشهاتێكی تا ڕاددەیەك بێپێشینەدا، “عەممار حەكیم”، كە یەكێكە لە سەركردەكانی چوارچێوەی شیعی، لە كۆڕێكدا لە شاری نەجەف چەند شتێكی پشتڕاست كردەوە، كە دواتر بوونە بنەمای گفتوگۆ و مشتومڕێكی زۆر.

بەپێی لێدوانەكانی حەكیم، كە بە ڤیدیۆیش تۆمار كراون و پشتئەستوورن بە سەرچاوەكانی ئەمریكا و عێراق: گرووپە چەكدارەكانی شیعە دەكرێنە ئامانج؛ ئەمەیش نەك لەبەر ئەوەی شیعەن، بەڵكوو لەبەر ئەوەی بەشێكن لە تەونی گرووپەكان (سەر بە ئێرانن). بەڵام لەبارەی ئەوەی كە دەگوترێت لە پاش سووریا گۆڕانكاریی سیاسی و حوكمڕانی لە عێراق بەڕێوەیە، حەكیم جەختی كردەوە: “ئەوە قسەیەكی فەیسبووكییە و “هیچ سیاسییەكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و هیچ كەس لەو شاندانەی هاتوونەتە عێراق شتی وایان نەوتووە.”[3] ئەم ئامانجگرتنەی كە شیعەكان چاوەڕێی دەكەن، هێشتا ڕوون نییە ئاخۆ تەنیا گرووپە چەكدارەكانە یان “دەستەی حەشدی شەعبی”؛ بەو پێیەی یەكەمیان سەرچاوەی بڕیاری لە تارانە و دووەمیان بەڕواڵەت پەیوەستە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە (سەرۆكوەزیران). لای خۆیشییەوە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب، پێی وایە مەترسیی بەئامانجگرتنەكە زیاتر لەلایەن ئیسرائیلەوەیە. لەسەر ئاستە سیاسییەكەیشی، ترەمپ خەیاڵی لای ڕووسیا و چینە، نەك عێراق؛ هێندە هەیە لە سەروبەندی گوشاركردن لە ئێران ڕەنگە دژی مامەڵەی وزەی عێراق و ئێران بوەستێتەوە[4].

لە بەرامبەر ئەم پێشهاتەیشدا هەندێكی تر لە قسەكەرانی هێزە شیعەكان، لەوانەیش “دەوڵەتی یاسا”ی مالیكی جەخت لەوە دەكەنەوە: “ناچنە ژێر باری داواكارییەكانی ئەمریكا و هەرچی وت جێبەجێی ناكەن و ئەزموونیشیان لەگەڵ ترەمپ هەیە و لە سایەی ئەودا خۆیان پاراستووە.” هەڵوێستی ئەم هێزە سەرەكییە شیعییە ئەوەیە حەشد لە پەرلەمانی عێراق یاسای بۆ دەركراوە و كێشەی نییە، بەڵام دەربارەی گرووپەكان، پێیان وایە “دەبێت بە لێكگەیشتنی ناوخۆییی عێراقییانە بێت”؛ بە واتای ئەوەی ئەم دۆسیەیان بەڕووی سازشكردن و نەرمكێشیدا كراوەیە[5]. بەڵام بە لای هەندێك سەركردەی دیكەی شیعی لە چەشنی هادی عامری، ئەمینداری ڕێكخراوی بەدرەوە، “نرخ و باجەكان هەرچی بن ئەوان لەسەر ڕێگەی بەرەنگاری بەردەوام دەبن.”[6] ئەمەیش زیاتر لە چوارچێوەی نكۆلیكردندایە لە چوونەژێر باری هیچ لێكەوتەیەكی لاوازبوونی حزبوڵڵا و كەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا.

لە دەرەوی هێزەكانی چوارچێوەی شیعی، تەنیا هێزی سیاسیی شیعە كە ڕاشكاوانە و بەئاشكرا جەخت لە گۆڕانكاری لە نەخشەی ئەمنیی عێراقدا دەكاتەوە، “موقتەدا سەدر”ە. ناوبراو پێداگرە لەسەر ئەوەی “چەك تەنیا لە دەستی سوپا و هێزە ئەمنییەكاندا بێت.” لەم نێوەندەیشدا لە پیرۆزباییی ڕۆژی سوپادا بەڕوونی وتی، “نەخێر و هەزار نەخێر بۆ چەكی كۆنترۆڵنەكراو و گرووپی لەگرێژنەدەرچوو.”[7] ئەمەیش ئاماژە و تێلنیشانە بۆ گرووپە شیعە چەكدارەكانی سەر بە ئێران كە پێیان دەوترێت “هێزە وەلائییەكان” و، مووچە و بوودجە لە عێراقەوە وەردەگرن، بەڵام فرمان لە میحوەرەكەی تاران.

نزیك لەمەیش پێشتر و لە مانگی تشرینی دووەمی 2024، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، بەڕوونی جەختی لەوە كردووەتەوە، “چەك دەبێت تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.”[8] ئەم هەڵوێستەیش دەشێت وا لێك بدرێتەوە هەوڵی مەرجەعییەتە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە خزان بۆ نێو گرژییەكانی ناوچەكە كە لە نێوان بەرەی ئەمریكا و ئیسرائیل لە لایەك و بەرەی ئێران لە لاكەی تر گەرم و لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە. هەروەها ئەم بانگەوازەی سیستانی پاش ماوەیەكی زۆر لە بێدەنگی، دەشێت ببێتە بنەمایەك بۆ گێڕانەوەی گرووپەكانی شیعە بۆ چوارچێوەی بڕیاری ئەمنیی دەوڵەتی عێراقی؛ هەروەها لایەنە شیعەكانیش لە ڕووگیری (ئیحراجی) ڕزگار دەكات ئەگەر ناچار بوون گرووپەكان بخەنەوە سەر دەوڵەت، چونكە ئەگەر هەنگاوی وەهایان نا، دەتوانن بیخەنە چوارچێوەی بەدەمەوەچوونی بانگەوازەكەی سیستانی نەك ملكەچكردن بۆ خواست و پەڵپەكانی ئەمریكا و لە پشت ئەویشەوە ئیسرائیل.

ئاڵۆزییەكانی دۆسیەی حەشد و چەكدارەكان

هەرچەندە ڕووی گوشار و داواكارییەكان لە عێراقە بۆ پێداچوونەوەی ڕەوشی گرووپە چەكدارەكان و حەشد، بەڵام وا دیارە گرێی گەورەی ئەم دۆسیەیە لە تارانە كە لە پاش 2014 وەبەرهێنانی زۆری لەو گرووپە چەكدارانە كردووە و بەشێكیشن لە ستراتیژیی ئێران بۆ هەژموون و پەلهاوێشتن لە چوارچێوەی “هەناردەكردنی شۆڕش”دا؛ هەروەها لە ساڵانی پێشووشدا وەك ئامرازی گوشار لەسەر وڵاتانی كەنداو بەكار هاتوون. لەم نێوەیشدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی لە دیداری سوودانیدا هەفتەی ڕابردوو جەختی لەوە كردەوە حەشدی شەعبی یەكێكە لە پێكهێنەرە گرنگەكانی دەسەڵات لە عێراق و، “پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ پارێزگاریكردن لێی.” هەر لەو دیدارەیشدا ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی هێرشی كردووەتە سەر مانەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق و، بە نایاسایی و دژ لەگەڵ بەرژەوەندیی گەل و حكوومەتی عێراق ناوی بردووە و داوای بەرهەڵستیكردنی خواستی ئەمریكییەكانی كردووە بۆ مانەوە[9].

ئەم پێداگرییانەی خامنەیی لە كاتێكدایە كە لە پاش كەوتنی ئەسەد و پەرەسەندنی مەترسییەكانی سنوورەكانی سووریا، عێراق چاوی لە پارێزگاریی ئەمریكایە بۆ ئاسمان و سنوورەكانی؛ بەو پێیەی بنكەی سەربازیی لە ڕۆژاوای عێراق و ڕۆژهەڵاتی سووریا و تەكنیكی پێشكەوتووی چاودێریكردنی لە ڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە هەیە و، سەرۆكایەتیی هاوپەیمانییەكەی نێودەوڵەتییش دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. تەنانەت واشنتۆن پۆستی ئەمریكی لە زاری بەرپرسانی عێراقەوە باسی لەوە كردووە بارودۆخی گوشاركردن بۆ كردنەدەرەوەی سوپای ئەمریكا گۆڕاوە، كە ژمارەیان 2500 سەربازە؛ ئەگەریش هەیە ئەم سەربازانە بۆ وادەیەكی دوورتر بمێننەوە، سەرباری ڕێككەوتنی بەغدا و واشنتۆن بۆ كشاندنەوەیان تا 2026. ڕۆژنامەكە ئەوەیشی لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە گواستوەتەوە كە عێراقییەكان لە جاران زیاتر پێشوازی لە مانەوەی ئەمریكا دەكەن و بەگرنگییەوە لە پاراستنی سنووری سووریا دەڕوانن لەلایەن یەكەكانی چاودێریی ئەمریكییەوە[10].

بەپێی هەندێك زانیارییش کە دزەیان كردووە، ئێران نەك پێداگرە لەسەر مانەوەی حەشدی شەعبی، بەڵكە پێشنیاری ئەوەی هەیە ژمارەیشی زیاد بكرێت و ئەركی مەشقپێكردن و ڕاهێنانیشی لە سوپای پاسدارانەوە بگوازێتەوە بۆ سوپای ئێرانی؛ بەو پێیەی سوپا گەمارۆی لەسەرە و دەشێت پەیوەستبوونی بە حەشدەوە، ئەمیش بكاتە ئامانجی سزا ئەمریكی و ئەوروپییەكان[11].

لە پاش كەوتنی سووریا و گەمارۆدانی حزبوڵڵاوە لە لوبنان و هێرشی بەردەوام بۆ سەر حووسییەكان، عێراق تەنیا بەرەی هەرێمایەتیی ناوچەكەیە كە لە بندەستی هەژموونی تاراندا ماوەتەوە. ئەم بەرەیەیش جگە لە گرنگیی ئەمنی و ستراتیژی، سوودی ئابووریی زۆریشی بۆ تاران هەیە. پارێزگاریكردن لەمانەیش لە ڕێگەی هەبوونی باڵە چەكدارەكانەوە باشتر و ئاسانتر مسۆگەر دەكرێت. ئەوەیشی زیاتر ئێران هان دەدات بۆ دەستگرتن بە گرووپەكانەوە، گەڕانەوەی ترەمپە بۆ كۆشكی سپی و، بە ڕای شارەزایان دەكرێت ئەو گرووپانە وەك پارێزبەندی و نینۆكی خۆپارێزی لەلاین ئێرانەوە بەكار بهێنرێن؛ بە هەمان شێوەی ئەزموونی ویلایەتی یەكەمی ترەمپ[12].

لەسەر ئاستی ناوخۆی شیعەیش “حەشدی شەعبی” وەك هێزێكی پارێزەری سیستەمی سیاسی تەماشا دەكرێت و ئەركەكەی گەورەترە لە بەجێهێنانی هەندێك ئەركی ئەمنی، چونكە سوپا و پۆلیس جگە لەوەی تێكەڵن، زیاتر وەك مووچەخۆر تەماشایان دەكرێت و ئەزموونی داڕمانیان لە مووسڵ و تكریت و ئەنبار لە 2014 هەمیشە بە نموونە دەهێنرێتەوە. لەم ڕۆژانەیشدا كۆمەڵگەی شیعی لەسەر ئاستی سیاسی و میللییش لە دڵەڕاوكێ و مەترسیی جۆراوجۆردا دەژین، بەهۆی هاتنەسەر حوكمی “تحریر الشام”ەوە، چونكە جیا لەوەی ئەم گرووپە لەسەر “سەلەفییەتی جیهاد”ی ئەژمارن و لە دیدی شیعەدا مەشرەبیان ئومەوییە، دۆخی سووریا چەند مەترسییەكی دیكە بۆ شیعە دروست دەكات؛ بەو پێیەی لەودیو سنوورەوە چەند گرووپێكی نەیاری شیعەی عێراق لەنگەریان گرتووە لەوانەیش: كەسایەتییە سوننە عێراقییە نەتەوەیییەكان، گرووپ و كەسایەتییە سوننە مەزهەبییە نەیارەكانی ئێران و گرووپە شیعەكانی عێراق، بەعسییە عێراقییە هەڵهاتووەكانی پاش 2003، لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی چەپی یاخی و ناڕازی لە دۆخی عێراق.

بە بۆچوونی هەندێك لە دەستەبژێری شیعە، ئەم گرووپانە هەروا دەستەوەستان ناوەستن و دەكەونە جموجۆڵ بۆ ورووژاندنی جەماوەر لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایی، هاوشێوەی ساڵانی 2011_2014، بەتایبەت لەو ناوچانەی زۆرینەی سوننەن و بەركەوتنیان لەگەڵ سووریادا هەیە.[13]

جموجۆڵی سوننەكان

هاوتەریب لەگەڵ ئەو گوشارەی سەر شیعە و هێزە چەكدارەكانیان، سوننەكانی عێراق لە جموجۆڵی سیاسیدان و، ئەمەیش دەشێت بە قۆستنەوەی بارودۆخ لە پاش كەوتنی ئەسەد یان هەوڵی گوشاركردن لێك بدرێتەوە بۆ گۆڕینی هاوكێشەی بەركار كە شیعەكانی كردووە بە باڵادەست لە سەرجەم پرس و دۆسیە هەستیارەكانی پاش 2003دا.  ئەمینداری عەسائیب باسی لەوە كرد، بكەری سیاسیی سوننی، تەبا و تەریبە لەگەڵ تەماحكارییەكانی ئەردۆغان و، میدیا و ئامرازەكانی خۆیان خستۆتە كار بۆ ورووژاندنی بارودۆخ و، كوردەكان ئەگەرچی دۆخەكەیان قبووڵە بەڵام ئەمە لە بەرژەوەندییان نییە[14].

بەر لەم تۆمەتباركردنەی خەزعەلی، “مەحموود مەشهەدانی”، سەرۆكی پەرلەمان كە هاوپەیمان و نزیكی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەیە و باوەڕی زاڵ ئەوە بوو دۆست و پشتیوانی ئێرانە و بە پشتیوانی شیعەكان گەیشتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لە سەرەتای تشرینی دووەمی 2024دا ڕای گەیاند، لە ململانێی ئێران و ئەمریكادا ئەمان 100% پشتیوانیكردنی ئێران هەڵدەبژێرن؛ بەو پێیەی دراوسێیە و “دراوسێ لە ماڵ لەپێشترە.”[15] كەچی پاش كەوتنی ڕژێمی ئەسەد، لە میدیایەكی سعوودیدا جەختی كردەوە ئەگەر ئەمریكا و ئێران بەریەك كەوتن، ئەوە عێراق “بێلایەنیی ئەرێنی” هەڵدەبژێرێت [16]. بە دوای ئەمەیشدا مەشهەدانی و ژمارەیەك سەركردەی دیكەی سوننە ئێوارەی 7ی كانوونی دووەمی 2025 بۆ یەكەم جار لە پاش 2003 هاوپەیمانییەكیان بە ناوی مەزهەبییەكەی پێكهاتەی عەرەبی سوننە، واتە “ئیئتیلافی سەركردایەتیی یەكگرتووی سوننە” ڕاگەیاند. ئەم هاوپەیمانییەیش گرنگترین سەركردە سوننەكان لەخۆ دەگرێت جگە لە حەلبووسی، لەوانەیش: خەنجەر، موسەننا سامەڕایی، ئەحمەد جبووری، زیاد جەنابی و، ئامانجەكەیشی بەوە ڕاگەیەنراوە كە “دۆسیە مرۆیی و یاسایی و سیاسییەكانی پێكهاتەی سوننە بگەیەنێتە ئەنجام.”[17] ئەم هاوپەیمانییەیش زیاتر هاوشێوەی چوارچێوەی شیعییە بە بەرگێكی سوننی و، داوای جێبەجێكردنی داواكارییەكانی سوننە دەكەن كە لە پاش 2018 كەڵەكە بووە.

لەبارەی ئامانجی ئەم هاوپەیمانییەیشەوە جگە لە ڕكابەریكردنی حەلبووسی، ئوسامە نوجێفی نەیشاردەوە كە پەیوەندیدار دەبێت بە شەڕی پرۆژەی ئێرانی لە ناوچەكە، كە “بەدڵنیایییەوە عێراقیش دەگرێتەوە.”[18] بەر لەمەیش شەش سەرۆكی پێشووی پەرلەمان و كەسایەتیی سیاسیی دیاری پێكهاتەی سوننە داوای چارەسەركردنی پرسی گیراوەكان و توندوتیژیی سیاسی و دیالۆگی نیشتمانیی گشتگیریان كرد[19]؛ ئەمەیش بە هەوڵی كەڵكوەرگرتن لە دۆخی سووریا لێك درایەوە.

هەرچەندە بەم خێرایییەی پاش كەوتنی ئەسەد كۆكردنەوەی 13 قەوارەی سوننی، قورس و ئاڵۆزە و زۆربەی ناكۆكییەكانی ئەم پێكهاتەیە لەبارەی ڕێبەرایەتی و پۆست و دەستكەوتەكانەوە وەك خۆیەتی، بەڵام لە پاش كەوتنی ئەسەدەوە لە سووریا زیاتر هەوڵی كاری هاوبەش دەدەن و سەقفی داوكارییەكانیان بەرز دەكەنەوە و دەیانەوێت بە سوودوەرگرتن لە لاوازیی بەرە ئێرانییەكە هەندێك یاسا و پرۆژە لە بەرژەوەندیی هێزە سیاسییەكانیان تێ پەڕێنن بۆ هەڵبژاردنی 2025 [20]. هاوكات لەگەڵ ئەم جموجۆڵەی سوننەكانیشدا لە میحوەری دیكەوە گوشار بۆ سەر دەستەبژێری حوكمڕانی شیعە هەیە و بەیاننامەیەك كە كۆمەڵێكی زۆر ئەكادیمی و ڕۆژنامەوان و چالاكی سیاسی دەریان كردووە، داوای چاكسازی و پەندوەرگرتن دەكات[21]. هەموو ئەمانەیش بە شێوەیەك لە شێوەكان ڕوو لە هێزە سیاسییەكانی شیعەیە كە چوارچێوە و بنەمای حوكمڕانی لە عێراقدا پێك دەهێنن. بەرامبەر بەمەیش هێزە شیعەكان هەر چەشنە قسەیەك لە گۆڕانكاریی خێرا و پەلە بەوە لێك دەدەنەوە، كە پلانگێڕی و وەهمە و هەندێك جار لە پەرچەكرداریشدا لێدوانی توند دەدەن، بە سەرۆكوەزیران محەمەد شیاع سوودانییشەوە. ناوبراو، لە ساڵیادی تیرۆركردنی “محەمەد باقر حەكیم”دا جەختی لەوە كردەوە “کەسانێک هەن هەوڵیان داوە گۆڕانکاری لە سووریا و عێراق بەیەکەوە ببەستنەوە؛ ئەمەیش شتێکە کە جێگەی گفتوگۆكردن نییە.”

بە قسەی سەرۆكوەزیران، “عێراق خاوەنی سیستەمێکی دیموکراسی و فرەیییە کە هەمووان لەخۆ دەگرێت، گەرەنتیی گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات دەکات، ڕێگەیش دەدات بە چاکسازی و ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگی لەژێر چەتری دەستوور و یاسادا؛ بۆیە هیچ کەس مافی ئەوەی نییە گۆڕانکاری و چاکسازی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت.”[22] هاوشانی ئەم زمانە دیپلۆماسییەیش قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئاماژەی بەوە كرد، ئەوان پشت بە هێزی عێراق دەبەستن لە سوپا و لە حەشد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان و، وتیشی “ئەو سەردەمە بەسەر چوو بە بڕیاری ترەمپ سیستەمی سیاسی بگۆڕدرێت. لەگەڵە ئەوەیشدا خەزعەلی نەیشاردەوە سیستەمی سیاسیی عێراق پێویستیی بە پێداچوونەوەیە، چونكە هێشتا ڕاگوزەرە و لە پاش قۆناغی دامەزراندنەوە لە ٢٠٠٣دا هەموار نەكراوە و بۆ ئەمەیش پێشنیاری نموونەی فەڕەنسای كرد لە هەمواری سیستەمی سیاسی كە چەند قۆناغێكی بەخۆیەوە دیوە.”[23]

كۆبەند

گورزەكانی سەر حزبوڵڵا و كەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا كە هاوكاتن لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی، جۆرێك لە شڵەژان و نادڵنیاییی لە پانتاییی شیعیی عێراقدا دروست كردووە. هێزە سیاسییە شیعەكان چاوەڕێی بەئامانجگرتنی گرووپە چەكدارە وەلائییەكان دەكەن، چ بە سەربازی بێت لەلایەن ئیسرائیلەوە، یان بە سیاسی و ئابووری لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، بەڵام پشتئەستوور بە توانا عێراقییەكانیان و بە پاڵنەری ئێرانی شەڕ لەسەر مانەوەی “حەشدی شەعبی” و گرووپەكانیش دەكەن. لەگەڵ ئەوەیشدا لەبارەی میكانیزمی ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارەكانەوە یەكهەڵوێست نین و وێرای ناكۆكییە نێوخۆیییەكانیشیان، موقتەدا سەدر لە دەرەوەی ڕەوتی باوی شیعەكان دەخوێنێت و پشتیوانی لە گۆڕانكاریی سووریا و چەكدانانی گرووپەكان دەكات.

شان بە شانی ئەم نادڵنیایییە شیعییە، سوننەكان هەوڵ دەدەن كەڵك لە بارودۆخ وەربگرن و پێگەی خۆیان بەهێز بكەن و ئەم لاوازابوونەوەی بەرەی ئێران بە دەرفەت دەزانن. بەرامبەر بەم جموجۆڵەی هەندێك لە هێزە سوننەكانیش، دیوارێكی شیعی هەیە كە سەرباری ئەوەی بەڕواڵەت و لە ڕووی تیۆرییەوە ئامادەییی پێداچوونەوەی تیایە بۆ سیستەمی سیاسیی عێراق، بەڵام بەگشتی بیرۆكەی دووبارەكردنەوەی ئەزموون و واقعی سووریا لە عێراق ڕەت دەكاتەوە و بەخەونێكی دوور دەیبینێت.

[1]  https://2h.ae/zAbX

[2]  https://2h.ae/JwYU

[3]  https://2h.ae/hBCC

[4]  https://2h.ae/VoGI

[5]  https://2h.ae/kPMB

[6]  https://2h.ae/lCcp

[7]  https://2h.ae/TUQo

[8]  https://2h.ae/rQnY

[9]  https://2h.ae/zFEC

[10]  https://2h.ae/fgUW

[11]  https://2h.ae/yYhC

[12]  https://2h.ae/NQbJ

[13]  https://2h.ae/vNNN

[14]  https://2h.ae/VoGI

[15]  https://2u.pw/oPcslv2I

[16]  https://2h.ae/KSeU

[17]  https://2h.ae/ELgL

[18]  https://2h.ae/gEFo

[19]  https://2h.ae/oewS

[20]  https://2h.ae/YAtO

[21]  https://2h.ae/RnYW

[22]  https://2h.ae/GRrq

[23] https://2h.ae/VoGI

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

نەخشەى سیاسیی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ڕوانگەى تیۆریی ئاژاوەى داهێنەرانەوە

(کورد دەبێ لە هاوکێشە ئاڵۆزەکاندا وەبەرهێنان بکات) پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری… زیاتر

1 week ago

سەردەمی پۆست-ئەسەد: داینامیکی هاوسەنگیی هێز لە نەزمی نوێی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی لە پاش ڕووخانی ڕژێمی… زیاتر

2 weeks ago

هەڕەشە و دەرفەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له ‌به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی… زیاتر

3 weeks ago

زیانە ئابوورییە گەورەکانی ڕووخانی ڕژیمی ئەسەد بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران

وەرگێڕان: پێنووس کۆتاییی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە هەڵهاتنی بۆ ڕووسیا لە ٨-١٢-٢٠٢٤، بوو بە هێمای… زیاتر

4 weeks ago

یەکەمین ئالنگاریی نوێ لە سیاسەتی دەرەوەدا، بۆ ترامپ ئاشکرا بوو

ن: تۆماس ل. فریدمان وەرگێڕانی لە ئیگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان ڕووخاندنی بەشار ئەسەد لە سووریا… زیاتر

4 weeks ago

ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد: گۆڕانی هاوسەنگیی هێز و سەرهەڵدانی سیستەمێکی هەرێمیی نوێ لە ناوچەکەدا

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی پێنج دەیەی بنەماڵەی… زیاتر

1 month ago