پێنووس
بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان (لە ١٤ تا ١٦ی شوباتی ٢٠٢٥) کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC) بەڕێوە چوو. ئەوەی جێگەی سەرنج و شرۆڤەیە، ئەمساڵ ئاستی پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەموێنە بووە. لێرەدا بە چەند خاڵێک دەتوانین بەپێی بابەت و ئەو کەسایەتی و بەرپرسانەی کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵیان کۆ بۆتەوە، هەڵسەنگاندن بۆ دیدار و چاوپێکەوتنەکان بکەین.
یەکەم: بەپێی زانیاری و ڕاگەیاندنەکان لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا و لە زۆربەی دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتاندا، نێچیرڤان بارزانی “جەختی لە پاراستنی مافهکانی گهلی کورد و تهواوی پێکهاتهکان له سووریا و گرنگیی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە. ئەمەیش لە ئێستادا گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ هەم بۆ کوردەکان لە سووریا و، هەمیش بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان بەگشتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی. ئەم جەختکردنەوەیە دەرگەی تێگەیشتن و دیالۆگ بۆ ڕۆژاوای کوردستان دەکاتەوە، چونکە تاوەکوو ئێستا و بەتایبەتی تاوەکوو پێش ڕووخانی ئەسەد، ڕۆژاوای کوردستان زیاتر لە ڕووی سەربازی و ئاسایشییەوە لە هاوکێشەی ناوچەکە و وڵاتانی پەیوەندیدار ڕۆڵی پێ درابوو، بەڵام چارەنووسی سووریای پاش ئەسەد و پێداگریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەری دەخات، کە هەم سووریا بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچە و عێراق گرنگە و، هەمیش هاوکێشەکانی ئێستا و داهاتوو لەو وڵاتە کاریگەریی لەسەر پێگە و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەهۆی کەسایەتی و پێگە فەرمییەکەیەوە، لەم دەرفەتەدا توانیی سەرنجی ئەکتەرەکانی بەشدار لەم کۆنفرانسە بۆ ئەم پرسە ڕابکێشێت و، ئەرکی دیپلۆماسیی ئەو بەشەی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت. بۆیە ئەم پێداگرییەی بەڕێزیان جگە لەوەی پێگەی نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەردەخات، لە هەمان کاتیشدا، دەربڕی نیگەرانییە ئاسایشی، سیاسی و نەتەوەیییەکانی هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە چارەنووسی ڕۆژاوای کوردستان. لە لایەکی دیکەیشەوە لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکان و وتەکانی خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و، پێداگریی لەسەر مافی گەلی کوردستان لە سووریای نوێ، هەروەها هەموو پێکهاتەکان و بەستنەوەی بە ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و وڵاتانی ناوچەکەوە، دەردەكەوێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەیەکی واقعیی لە چوارچێوەی ڕیالپۆلیتیک بۆ هاوکێشەکان هەیە و بەدروستی لە نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەکە و هەڵسەنگاندنیان بۆ واقعی نوێی سووریا تێ دەگات و، بەپێی ئەو نیگەرانییانە دەیەوێت مانەوە و مافەکانی کورد لە سووریا بە بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەو وڵاتانەوە گرێ بدات. جگە لەمانەیش، ئەم بابەتە ناوەندێتی و سەنتەربوونی هەولێر بۆ پرسی کورد لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکە و ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی نیشان دەدات، کە دەکرێت زیاتریش وەبەرهێنانی لەسەر بکرێت.
دووەم: پێداگریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەسەر نیگەرانییە ئاسایشییەکانی پەیوەست بە پرسی تیرۆر و بەتایبەتی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی “داعش”، دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات جارێکی دیکە ئەم پرسە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەژێر کاریگەری و قورساییی گۆڕانکارییەکان و بەتایبەتی هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا بکەوێتە پەراوێزەوە. ئەم پێداگرییەی نێچیرڤان بارزانی لەسەر هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش لە سووریا و عێراق و کاریگەریی لەسەر ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە وا دەکات، ڕێگە لەوە بگیرێت کە لە کۆنفرانسێکی ئاسایشی، ئەم پرسە بکەوێتە پەراوێزی ململانێ نوێیەکانی ئەمریکا و ئەورووپییەکان، ئەمریکا و چین، ئەمریکا و ڕووسیا و پرسی ئۆکراینا و، تەنانەت پرس و بابەتەکانی دیکەی ئاسایشی. هەر بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکامان گوت: “پرسی سەرهەڵدانەوەی داعش ئێستا پرسێکی جددییە، چونکە ئێمە لە هەرێمی کوردستان داعش بە هەڕەشەیەکی ئەمنی دەبینین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و سووریا.”
سێیەم: کۆبوونەوە و دیداری نێچیرڤان بارزانی وەکوو یەکەم بەرپرسی باڵای عێراقی لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ لە لایەک پێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەردەخات و، لە لایەکی دیکەیشەوە ئاماژەیەکە بۆ گرنگیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکییەکان و، تەنانەت نیشان دەدات کە عێراق دوو ناوەندی سیاسیی جیای هەیە کە مەرجیش نییە بەرژەوەندییەکانیان یەک بێت، بۆ نموونە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: “ئێمە وەک هەرێمی کوردستان پێمان وایە ئێستا کاتێکی دروست نییە هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بکشێنەوە، چونکە عێراق بارودۆخێکی تایبەتی هەیە و پێویستیی بە یارمەتی هەیە، ڕەنگە بۆچوونەکانیشمان لەو بارەیەوە لەگەڵ عێراقدا جیاواز بێت؛ بەڵام ئەوە ڕاستییە و عێراق پێویستیی بە هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە یارمەتیی بدەن.”
چوارەم: نێچیرڤان بارزانی لەم کۆنفرانسەدا پرسەکانی تایبەت بە ئابووری و بازرگانیی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکان خستە ڕوو و ئەمەیش بۆ ئاسایشی ئابووریی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بازرگانی و ئابوورییەوە دەتوانێت هەم پێداویستییەکانی خۆی دەستەبەر بکات و، هەمیش دەتوانێت بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاوێتە بکات. ئەم فاکتەرە دەتوانێت وەکوو فاکتەرێکی جیۆئێکۆنۆمی لە هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان بە سوودی هەرێمی کوردستان بێت و، کەڵک لە سەرچاوەکان و هەڵکەوتە جوگرافییەکەی وەربگیرێت.
پێنجەم: ئەم دیدار و چاوپێکەوتنانە لە کاتێکدایە کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان یان بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی عێراق بەهۆی نزیکییان لە “بەرەی موقاوەمە” لەژێر هەڕەشە و گوشاری ئەمریکادان و، بەم پێیەیش ڕۆڵ و کاریگەرییان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە نزمترین ئاستی خۆیدایە. هەر بۆیە پێشوازیی ئاستیبەرز لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەم کۆنفرانسەدا، هەروەها دیدار و چاوپێکەوتنە دیپلۆماسییەکانی ئەوە دەردەخات، کە سیاسەت و ڕوانگەی نیچیرڤان بارزانی بۆ پرس و بابەتە سیاسییەکان دروست و هاوسەنگ بووە؛ چونکە لە کاتێكدا نێچیرڤان بارزانی سەردانی تاران دەکات و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر بەرەوپێش دەبات، لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکی باس لە پتەوکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکات.
شەشەم: خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لەم کۆنفرانسەدا هەڵی داوە هاوسەنگییەک لە نێوان ئەکتەرە پێکناکۆكەکان دروست بکات؛ بەم واتایە کە لە لایەک هەڵسەنگاندنی سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکات و لە لایەکی دیکەیشەوە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی زۆرترین دیدار و چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی دیپلۆماسی ئەنجام دەدات و، تەنانەت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆتاییی کۆنفرانسەکە ئاماژە بەم خاڵە دەدات و نیشان دەدات، کە بە بەرچاوڕوونییەوە دەڕوانێتە گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ئاڵوگۆڕەکانی هەرێمایەتی.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، پێداگریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بەستنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و عێراق، هەروەها دەستەبەرکردنی مافی گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریا و پاشان گرنگیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و گفتوگۆ لەسەر پرسی وزە و…، دەری دەخات کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهات و پرسە نوێیەکاندا دەکات؛ بۆ نموونە، یەکێک لە تەوەرەکانی دیدار و گفتوگۆکان لەگەڵ سەرکردەکانی ڕۆژاوا، ڕێگریکردن بووە لە سەرهەڵدانەوەی گرووپە پەڕگیرەکان.
ئەمەیش دەری دەخات کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ناوچەکە و پاشان وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتە ئەوروپییەکان ئاگادارە. هەروەها کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: “هاوبەشیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەمریکامان دووپات کردەوە؛ گفتوگۆمان لەسەر ڕێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و بەهێزکردنی پابەندیی هاوبەشمان بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کرد”، پیشانی دەدات کە تێڕوانینێکی وردی لە سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریکادا هەیە و دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە هەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هەمیش هەرێمی کوردستان پێکەوە گرێ بدات و خاڵی هاوبەش دروست بکات بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و بەردەوامیی هاوبەشییەکان؛ لە کاتێکدا زۆربەی دەوڵەتانی دنیا بە دوای دۆزینەوەی دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ کارکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ نزیکبوونەوە لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا.
بۆ نموونە لەم بارەیەوە، بە گوتەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، مارکۆ ڕووبیۆ “دووپاتى كردهوه كه ئهمريكا وهك هاوپهيمانێك، بهبايهخهوه له پهيوهندييهكانى لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان دهڕوانێت و پابەندیی ئهمريكاى بۆ بهردهواميى پشتگیری له سەقامگیریيان دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی هاوکاریی ئەمنی و سەربازی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه هاوبەشەکان و بەهێزکردنی گەشەی ئابووری و پهرهپێدان.” ئەمەیش ئەو خاڵەیە کە بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتی وەکوو هەرێمی کوردستان و لە ساتێکی هەستیاری وەکوو ئێستادا کە ناوچەکە بەرەو ڕێکخستن و نەزمێکی نوێ (new order) دەچێت، دەرفەتێکی بێوێنەیە کە هەرێمی کوردستان بتوانێت خۆی لەگەڵ ڕێک بخات و مانەوە و ئاسایش و سەقامگیریی خۆی دەستەبەر بکات و، تەنانەت لەم نەزمە نوێیە هەرێمایەتییەدا بەشدار بێت؛ چونکە هەرێمی کوردستان دەزانێت کە لە ناوچەکەدا گرێکوێرەیەکی ئاسایشی (Security Dilemma) هەیە و، دەبێت لەم گرێکوێرەیەدا ئاسایشی خۆی بپارێزێت و نەبێتە بەشێک لە هیچ کامە لە بەرە و جەمسەرە پێکناکۆکەکان، بۆ نموونە: ئیسرائیل- ئێران و ئیسرائیل-تورکیا و ئەمریکا- ئێران و ئەمریکا و تورکیا-سعوودیا و تورکیا-ئێران و ڕووسیا- ئەمریکا و چین-ئەمریکا و هتد. هەر بۆیە دەبینین کە هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لەگەڵ هەموو ئەو جەمسەرانە پەیوەندییەکی هاوسەنگی هەبێت و تەنانەت ببێتە خاڵی پێکگەیشتن و پێکگەیاندن و گرێدانی بەرژەوەندییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
جا بۆ ئەوەی ئەو هێزە نەرمە (چالاکیی دیپلۆماسییە ئاستەبەرزەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان) لە کردەوە بەرهەمێکی باشی بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت و بەهێزتر بکرێت، پێویستە لە ناوەوەی هەرێمی کوردستانیش هێز وەربگرێت، ئەویش پێویستیی بە ئاستێکی باشی کۆدەنگی و یەکگرتووییی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بە دوو خاڵی گرنگ سەبارەت بە هەرێمی کوردستان دا: یەکەمیان سەبارەت بە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گوتی: “وڵاتانی هاوپەیمان لە پرۆسەیەكی چاكسازیدا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەشدارن و، ئەو پرۆسەیە تا ئێستایش بەردەوامە و لەوانەیە زۆر بەخێرایی بەڕێوە نەچێت و هەنگاوەكان زۆر هێواشن، بەڵام پرۆسەیەكی جدديی چاكسازی هەیە لەناو هێزەكانی پێشمەرگە بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا…” خاڵی دووەمیشیان پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و، ڕای گەیاند: “ئێمە لە گفتوگۆیەكی جددیداین و شاندی هەردوو لایەن-یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان- ئێستا لە گفتوگۆیەكی جددیدان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. تا ئێستا چەندان دیدار لە نێوان ئێمەدا لە هەردوو لایەن كراوە و گەشبینین كە لە ماوەیەكی نزیكدا بگەین بە ئەنجام.”
بۆیە بۆ دیپلۆماسیی بەرهەمدار، ڕێکخستنی ناوماڵ و بەهێزکردنی، دەبێتە سەرچاوەی وزە بۆ بەهێزبوون و قسەڕۆیشتوویی لە مەیدانی دیپلۆماسیدا تا هێزی لێ وەربگرێت. لەبەر ئەوە، دەبێ دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خۆی لەگەڵ پرس و داواکارییە دەرەکییەکاندا بگۆنجێنێت و پێگەی خۆی بپارێزێت. ئەگەر هێزی نەرمی هەرێمی کوردستان (دیپلۆماسی)یەکەی بۆ بەرژەوەندی و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستانە، هەر بەو پێیەیش دەبێت لەناوخۆ، بە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، وزە و هێز بە دیپلۆماسییەکە ببەخشێت و بەهێزتری بکات. هێز لە ناوەوە، پشتیوانی دیپلۆماسییە کە ڕووی لە دەرەوەیە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیی گشتی، هەروەها دەرفەتێکیشە بۆ لۆبیگەری لە ناوەندە جیهانییەكان بۆ هەرێمی کوردستان.
خاڵێکی زۆر گرنگ ئەوەیە کە دروشمی سەرەکیی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بریتییە لە ئاشتی لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە و، ئەمەیش ئەو خاڵەیە کە بۆ هەرێمی کوردستان یەکجار گرنگ و هەستیارە، چونکە هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی نادەوڵەتییە و بۆ پاراستنی خۆی لەناو ئەکتەرە هەرێمایەتییەکاندا پێویستیی بەوە هەیە، کە گرفتەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێت و، لەم ڕێگەیەوە هەم ئاسایشی خۆی بپارێزێت و، هەمیش ئەو فاکتەرەیە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەهۆی کەسایەتی و تایبەتمەندیی خۆیەوە دەتوانێت لە عێراق و ناوچەکەدا سوودی لێ وەربگرێت. جگە لەمانەیش، ڕێک دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دیالۆگ، دانوستان، سازان، ڕێککەوتن، هاوبەشی و هاوسەنگی دامەزراوە؛ کە ئەمەیش دەتوانێت بۆ جیهانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، سەرنجڕاکێش و خاڵی هاوبەش بێت!
موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و سیاسهتی گشتی-زانكۆی… زیاتر
(خوێندنەوەیەک بۆ هەڕەشە و دەرفەتەکانى هاتنەسەرکارى سەرۆکی نوێی ئەمریکا) پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق لەگەڵ دەستبەكاربوونی… زیاتر
د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی دیدار و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک… زیاتر
د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بە… زیاتر
(هەرێمی کوردستان و کۆنفرانسی جیهانیی ئاسایشی میونشن) پێنووس کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC) بۆ ماوەی… زیاتر