پێنووس

“بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” لە نێوان ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکانی ئێران و تورکیادا

ن: پێنووس

پاش ڕاگەیاندنی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە ڕێکەوتی ٢٥-٢-٢٠٢٥ لەژێر ناونیشانی “بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” کاردانەوە و لێکدانەوەی جیاوازی لەسەر ئاستی ڕای گشتی و تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە. کرۆکی پەیامەکەیش چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) بوو. جیا لە هەڵوێست و کاردانەوە و تەنانەت لێکەوتەکانی ئەم بانگەوازە و، هەروەها ئەنجامەکانی، ئەوەی کە کەمتر باسی لێوە دەکرێت پاڵنەر و هۆکارەکانی ئەم بانگەوازە لە تورکیاوە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە نوێیە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی ململانێی ئێران و تورکیایە.

ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات تاوتوێی ئەم پەیامە لەژێر کاریگەریی ململانێ جیۆسیاسییەکان، بەتایبەتی تورکیا و ئێران لە پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٣ و، هەروەها ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و باڵادەستیی ئیسرائیل لە ناوچەکە و هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا بکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوکێشە نوێیە جیۆسیاسییەکان

 هەرچەندە لە کاردانەوە لە بەرامبەر پەیامەکەی ئۆجەلاندا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕای گەیاند، “کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی لە هەر پڕۆسەیەک بۆ وەستاندنی تیرۆر و بەهێزکردنی ئاسایش لە تورکیای دراوسێ دەکات و، بانگەوازەکە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو نەهێشتنی توندوتیژی.” بەڵام لە ڕاستیدا لە دەرەوەی لێدوانە فەرمییە دیپلۆماسییەکان، پێ ناچێت ئێران براوەی ئەم هەنگاوە و لێکەوتە ئاسایشی و سیاسی و تەنانەت جیۆسیاسییەکانی بێت یان لانی کەم دڵخۆش بێت بە چەکدانانی پەکەکە لەم کاتەدا. هۆکارەکانیش دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێتەوە:

یەکەم– ئەگەر لە پاش ئەم پەیامە دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی سیاسی و یاسایی و تەنانەت دەستووری بنێت بۆ هێنانەئارای بارودۆخێک لە پرسی کورد و، لە دۆخی پرسێکی ئاسایشی بێتە دەرەوە و بچێتە چوارچێوەی یاسایی و سیاسییەوە، ئەو کاتە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێتە تاکە وڵات کە مافی کوردی تێدا پێشێل کراوە و ئەمەیش گوشاری یەکجار زۆری سیاسی و پاشان ئاسایشی لەسەر ئێران دروست دەکات؛ چونکە هەم باشووری کوردستان و هەمیش ڕۆژاوای کوردستان و هەمیش لە باکووری کوردستان بەرەوپێشەوەچوون لە پرسی کورد بەخۆیەوە دەبینێت و ئەو کاتە ئێران ڕووبەڕووی دۆخێکی پڕ لە گوشاری ناوخۆیی دەبێتەوە و هەست بە مەترسیی ئاسایشی دەکات؛ چونکە دەبێتە تاکە وڵاتێک کە ڕێژەیەکی بەرچاوی کورد و نەتەوەی دیکە تێدا دەژین بەڵام ئەو نەتەوە و پێکهاتە ناسنامەیییانە پەراوێز خراون و لە مافەکانیان بێبەش کراون.

هەموو ئەمانەیش لە کاتێکدایە کە لانی کەم ئەزموونی “شۆڕشی ژینا” (مەهسا ئەمینی)، دەری خست کە کوردەکان لە ئێران ڕێکخراوترین پێکهاتەن و دەتوانن ببنە داینەمۆی گۆڕانکاریی سەرتاسەری لە ئێراندا و، لە لایەکی دیکەیشەوە کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین دۆخی ناوخۆییی خۆیدایە بەهۆی گوشارەکانی دەرەکی و داواکاریی ناوخۆیی و ئابڵووقە و سزاکانی ئەمریکا و کەشی هەڵپەسێردراوی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣. بەم پێیەیش بۆ کۆماری ئیسلامی لە پاش پرسی ئەتۆمی و مووشەکی و پرۆکسییەکان لە ئاستی دەرەوە، پرسی کورد دەبێتە گەورەترین هەڕەشەی ئاسایشی لە ئاستی ناوخۆیی، کە دەتوانێت بە کارلێک لەگەڵ پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ببێتە پاڵنەری گوشار بۆ وەرچەرخان لە سیستەمی سیاسی بە شێواز و فۆرمی جیاوازەوە.

دووەم– چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەتوانێت لە سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی مەترسیی ئاسایشی بۆ ئەو دەوڵەتە دروست بکات، چونکە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی نهێنی پەیوندیی خۆی لەگەڵ پەکەکە ڕێک خستووە و تەنانەت لە بواری جۆراوجۆرەوە و بە شێوەیەکی نافەرمی کارئاسانی و یارمەتیی پێشکەش کردوون لە بەرامبەر ئەوەی کە سنوورەکانی پارێزراو بێت و ڕێگە لە چالاکیی هێز و حزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگیرێت کە لەو ناوچە و شوێنە دوورەدەست و شاخاوییانە بنکە و بارەگا دابمەزرێنن یاخود بەئازادی هاتوچۆ بکەن. لە لایەکی دیکەیشەوە، پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە لە پاش چەکدادان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران مەترسییەکی گەورەیە؛ بەو پێیەی کە جگە لە حزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ترسی لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە جوگرافییە لەلایەن گرووپ و هێزی دیکەوە هەیە کە لەلایەن ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکانەوە پاڵپشتی بکرێن و لە کاتی پێویست کەڵکیان لێ وەربگیرێت. ئەمەیش کۆماری ئیسلامی بەتەواوی تووشی دڵەڕاوکێی ئاسایشی دەکات لە ناوچەیەکی سەختی شاخاوی کە ئەمدیو و ئەودیوی سنوور یەک نەتەوەی تێدا نیشتەجێیە کە کۆماری ئیسلامی بەهێزبوونیان بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت.

سێیەم– چەکدانانی پەکەکە وا دەکات کە کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشە سیاسی و ئاسایشییە ناوخۆیییەکانی ئێران نیگەران بێت، چونکە بۆ کۆماری ئیسلامی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزێک کە جەبری جوگرافی و، هەروەها هاوکێشە جیۆسیاسییەکان وای لێ دەکات کە پێویستی بە پاڵپشتی و ئاسانکارییەکانی ئێران هەبێت، زۆر ساناترە لەوەی کە لە کاتی هەر بارگرژییەکی ناوخۆیی، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردەکان لەو وڵاتە هەوڵ بدەن ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان یان باشووری کوردستان دووبارە بکەنەوە بە یارمەتیی ئەکتەرێکی هەرێمایەتی و تەنانەت پاڵپشتیی ئەمریکا.

بۆیە کۆماری ئیسلامی دەیتوانی لە بارودۆخێکی وادا کۆنترۆڵی ئەو هێزانە بکات بە ڕێگەی پەکەکە و پاشان گوشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەکوو لە پاش شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغدا بینرا، کە هەم گوشاری بۆ سەر بەغدا و هەولێر دروست کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو هێزانە و هەمیش خۆی ڕاستەوخۆ بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردە ئامانج؛ ئەوە جگە لەوەی کە کۆماری ئیسلامی سیاسەتی نەنووسراوی ئەوە بووە کە خەباتی کوردایەتی و وزە و توانای گەنجان بۆ شۆڕشگێڕی و مافخوازی، ئاراستەی بەرەو دروستکردنی کۆمەڵە و گرووپی ئیسلامیی توندڕەوی سوننە و، هەروەها ئاراستەی بەرەو دەرەوەی سنوورەکان و پارچەکانی دیکە و دەوڵەتانی تر بێت؛ بۆ نموونە باکووری کوردستان لە تورکیا و ڕۆژاوای کوردستان لە سووریا، نەک بزووتنەوەی سیاسی و مافخوازی کوردستانی لە ناوخۆی ئێران یاخود لە چوارچێوەی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان.

چوارەم– ئەگەر “پرۆسەی ئاشتی” لە تورکیا سەر بگرێت و هەنگاو بەرەو هەڵوەشانەوەی پەکەکە و چەکدانانی ئەو هێزە بنرێت، ئەو کاتە کۆماری ئیسلامی ئەکتەر و فاکتەرێکی گرنگی بۆ دروستکردنی کاریگەری لە هاوکێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەدەست دەدات. ڕاستییەكەی، کۆماری ئیسلامی دەیتوانی بە مانەوە و لە ڕێگەی پەکەکەوە، گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکات، چونکە هەم لە ڕووی ژمارەی گەریلا و شەڕڤان و هەمیش کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی جوگرافی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەکەکەوە و لەوەیش گرنگتر، کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگ وەکوو شنگال ململانێیەکانی لەگەڵ ئەکتەرەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت نەیارەکانی بەڕێوە ببات، ئەوە سەرەڕای دروستکردنی ناکۆکیی ئایدیۆلۆژی لە نێوان پەکەکە و حزبەکانی دیکەی کوردستان؛ چونکە ئایدیۆلۆژیای پەکەکە لە پاش گیرانی ڕێبەری ئەم حزبە لەلایەن تورکیاوە، گۆڕانی بەسەردا هات و پرسەکانی وەکوو دەوڵەتی سەربەخۆ و فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی و…، بۆ چارەسەری پرسی کورد وەلاوە نا؛ هەروەکوو لە نووسین و بانگەوازەکەی ئەم دوایییەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە ڕێکەوتی ٢٥-٢-٢٠٢٥ لەژێر ناونیشانی “بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” بینرا.

لە لایەکی تریشەوە، پەکەکە هەوڵی داوە کە حزبی جێگرەوە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان دروست بکات و لەم ڕێگەیەوە خۆی وەکوو ئەڵتەرناتیڤ نیشان بدات؛ جگە لەوەی نکۆڵی لەوە ناکرێت بەهۆی ڕێکخستن، ئایدیۆلۆژیا، گوتار و ڕاگەیاندنی بەهێزەوە و، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە کوردی تاراوگە، کاریگەری و شوێندانەریی لەسەر هاوکێشە ناوخۆیییەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان هەبووە. جگە لەمانەیش، کۆماری ئیسلامی پرسی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆییخوازیی حزبەکانی، لەم ڕێگەیەوە کۆنترۆڵ کردووە.

پێنجەم– لە پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی زۆر بووەوە لە ناوچەکەدا و بەتایبەتی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە پاڵ هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ گوشارەکانی سەر ئێرانی زیاتر چڕ کردۆتەوە. هەموو ئەمانە لە پاڵ شکستی دۆکترینی بەرگریی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی “بەرەی موقاوەمە” لە زۆنە خۆڵەمێشییەکان و لە ڕێگەی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان یاخود پرۆکسییەکانەوە وای کردووە، کە چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە کاریگەریی لەسەر داهاتووی ئێران لە سووریاش هەبێت؛ چونکە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەندان جار ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم دۆخە کاتییەوە و گەنجان و بزووتنەوە ڕەسەنەکانی سووریا دۆخەکە دەگۆڕن.

بە ڕەچاوکردنی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ ئەسەد و، هەروەها ئێران لەگەڵ هێزەکانی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، دەکرێت ئەم شرۆڤەیە بکرێت کە ئێران لە پاش کەوتنی ئەسەد هیوای بەوە هەبوو کە لە ڕێگەی نفووزی پەکەکە لەسەر هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان بتوانێت لە بەرامبەر تورکیا و هێزەکانی دەسەڵاتداری سوننە لە سووریا بەرگرییەک دروست بکات. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی وەکوو دارایییەکی ستراتیژی و لە ئەگەری دەرچوونی ئەمریکا لە سووریا، دەیتوانی لە ڕێگەی پەکەکەوە بێتەوە ناو هاوکێشەکانی سووریا و ڕێگە لە فراوانخوازییەکانی تورکیا لە سووریا و پاشان عێراق بگرێت؛ چونکە جگە لەوەی کە پەکەکە بەربەستی گەورەی بۆ تورکیا لە عێراقدا دروست دەکرد، هەروەها ئێران دەیتوانی لە ڕێگەی کوردەکانی ڕۆژاواوە ڕێگە لە تورکیا بگرێت بەتەواوی سووریا کۆنترۆڵ بکات و پاشان پەل بهاوێت بۆ عێراق کە وەکوو گرنگترین دەوڵەت لە چوارچێوەی ناوچەی دەرەوەی نزیکی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و ئاسایشی نەتەوەییی ئەو دەوڵەتە هەژمار دەکرێت. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی بەردەوام گوشاری لە ئەمریکا دەکرد کە لە عێراق بچێتەوە دەرەوە، چونکە بەشێکی ئەم گوشارانە تایبەت بوو بە عێراق؛ بەڵکوو بەشەکەی دیکەی تایبەت بوو بەوەی کە لە ڕێگەی کوردەکان لە سووریا دەیتوانی تورکیا لە سووریا کۆنترۆڵ بکات و ئەم ستراتیژییەیش لە پاش کەوتنی ئەسەد زیاتر گرنگیی پەیدا کرد. تەنانەت لە پاش کەوتنی ئەسەد، میدیا و شرۆڤەکارانی ئێرانی نزیک لە دەسەڵات باسیان لەوە دەکرد کە بۆ ڕاگرتنی مەترسییەکانی تورکیا، پێویستە یارمەتیی کوردەکان بدرێت.

بۆیە لەم چوارچێوەیەدا چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشانەوەی، وەکوو گورزێکی جیۆسیاسیی دیکە لە چوارچێوەی نەزمی نوێی ئیسرائیل دەبینرێت کە لەلایەن تورکیای ئەندامی ناتۆوە جێبەجێ دەکرێت؛ هەرچەندە لە ئێستادا ئیسرائیل و تورکیا لەسەر پرسی سووریا بەتەواوی هاوبەرژەوەند نین و سەبارەت بە داهاتووی سیستەمە سیاسییەکەی سووریا و مەترسییەکانی، هاوڕا نین و ئەگەری ناکۆکی و ململانێی زیاتریش لە نێوانیاندا لە ئارادایە.

بەدیوێکی دیکەدا، بۆ کۆماری ئیسلامی لە پاش ڕووخانی ئەسەد ئەو هێزەی دەتوانێت ڕووبەڕووی پەلهاوێشتنی تورکیا و بەم پێیەیش ئیسلامی سوننە و لێکەوتە جیۆپۆلیتیکییەکانی ببێتەوە، پەکەکە و پەیەدە-یەپەگە بوون، بەڵام ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەر بگرێت و پەکەکە هەڵبوەشێتەوە، ئەوە ئێران زیانمەندی سەرەکیی پرۆسەکە دەبێت و زیاتر گەمارۆ دەدرێت.

شەشەم– لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەتی لە پاش جەنگی دووەمی قەرەباخ و سەرکەوتنی ئازەربایجان لە جەنگ لەگەڵ ئەرمینیا و کۆنترۆڵکردنەوە و گێڕانەوەی ناوچەی قەرەباخ و پاشان هاتنەوەی تالیبان لە ئەفغانستان بۆ سەر دەسەڵات، ئێران هەست بە گەمارۆی جیۆسیاسی دەکات؛ چونکە لە لایەک نەیارەکانی لە ناوچەکەدا هێز و پێگەیان بەرز بۆتەوە و لە لایەکی دیکەوە بەهۆی ئابڵووقە و سزاکان و، هەروەها پەراوێزکەوتنی لە کۆریدۆرەکان هەست بە گەمارۆ و خەفەییی جیۆسیاسی دەکات. لەم نێوەندەیشدا نفووز و دەستڕۆیشتووییی تورکیا لە ناوچەی دەرەوەی نزیکی ئێران لە باشووری قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێگەی دەوڵەتانی تورکزمانەوە، هەم مەترسیی ناوخۆیی و هەمیش دەرەکیی بۆ ئێران خوڵقاندووە.

لە لایەکی دیکەیشەوە ئێران بەردەوام ترسی ئەوەی هەیە کە تورکیا و ئازەربایجان دەستوەردان لە ناوخۆی ئێران بکەن و هانی تورکەکان بدەن بۆ ئەوەی کە جیا ببنەوە یاخود ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی و… داوا بکەن و ببنە خاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر تورکیادا؛ لە بەرامبەردا ئێرانییەکان لە ناوخۆی تورکیا و پاشان سووریا جگە لە پەکەکە و پرسی کورد هیچ کارتێکی بەهێزی گوشاریان نییە. ژمارەی تورکەکان و هەڵکەوتەی جوگرافییان و، هەروەها ڕۆڵ و نفووزیان لە ئێران لە پاڵ پرسی نەتەوەکانی دیکە، وا دەکات کە ئەم پرسە بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر هەستیار، مەترسیدار و ئاسایشی بێت. بەم پێیەیش، هەوڵەکانی تورکیا و ئازەربایجان بۆ کردنەوەی کۆریدۆری زەنگەزوور و پەراوێزخستنی ئێران لە ڕێگەی ئاوریشمی نوێ و ڕێرەوەکانی گواستنەوەی کاڵا بۆ ئەوروپا و، هەروەها نەخشەی وزە لە ناوچەکەدا وای کردووە کە، ئێران تورکیا بە مەترسییەکی جددی ببینێت و بۆیە داڵان یاخود کۆریدۆری زەنگەزوور بە داڵانی تورانی  یان داڵانی ناتۆ ناوزەد دەکات و ئەم گۆڕانکارییانە بە بەشێک لە هەوڵەکانی ڕۆژاوا بۆ گوشار و لە کۆتاییدا خۆبەدەستەوەدانی ئێران و نەهێشتنی نفووزی ناوچەوییی خۆی دەزانێت. هەر بۆیە بەتوندی کاردانەوەی لە بەرامبەر تورکیا و ئازەربایجان هەبووە و، بەم پێیەیش یەکێک لە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان کە دەیتوانی لە گوشارەکانی سەر ئێران کەم بکاتەوە و ببێتە کارتێک بۆ دانوستان، پەکەکە بوو. بەڵام بە هەڵوەشانەوەی پەکەکە، ئەوە ئێران ئەو ئەکتەرە نادەوڵەتییەیش لەدەست دەدات و مەترسیی ئەوەی دەبێت جگە لە هەڕەشەی پێکدادانی ڕاستەوخۆی سەربازی لەگەڵ ئازەربایجان، بژارەدەیەکی دیکەی نەمێنێتەوە لە ئەگەری کردنەوەی کۆریدۆری زەنگەزوور و ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوە ئێران ڕووبەڕووی تورکیاش دەبێتەوە کە ئەندامی ناتۆیە و بۆیە لەم کاتەدا ئەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران خراپترین بژاردە دەبێت.

تورکیا و ئامادەکاری بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە

یەکەم– تورکیا بۆ ئامادەکاری لە بەرامبەر ڕووداوەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، پێویستیی بەوە هەبوو لە ئاستی ناوخۆییی خۆیدا کێشەکانی چارەسەر بکات و پرسی کورد نەبێتە ئامراز یان فاکتەرێک بۆ دەستوەردانی دەرەکیی ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان؛ بەتایبەتی کە تورکیا دەیەوێت سەرکردایەتیی جیهانی ئیسلامی و بەتایبەتی سوننە لە ئەستۆ بگرێت و، چ بۆ وڵاتانی موسڵمان و چ بۆ ڕۆژاوا پێگەی خۆی بەرز بکاتەوە و، ئەمەیش نایەتە دی ئەگەر لە ئاستی ناوخۆییدا مەترسیی ئاسایشی و پێکدادانی سەربازیی بەردەوام، بوونی هەبێت.

دووەم– تورکیا دەیەوێت کۆریدۆر یاخود ڕێگەی گەشەپێدان جێبەجێ بکرێت کە عێراق و وڵاتانی کەنداو و تەنانەت چین بە تورکیا و پاشان ئەوروپا ببەستێتەوە، بەڵام یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکان پرسی ئاسایش و بەتایبەتی دروستکردنی مەترسییە لەلایەن پەکەکەوە. بۆیە لەم ڕێگەیەوە ئەم پرۆژەیە دەتوانێت جێبەجێ بکرێت و بەم پێیە پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە وەکوو ئامادەکارییەک بۆ ئەم مەبەستە دەبینرێت و هەر لێرەیشدا بەهۆی پەراوێزکەوتنی ئێران لەم کۆریدۆرە و کۆریدۆرەکانی دیکە، وای دەکرد کە ئێران بتوانێت چ لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییە شیعییەکان و چ لە ڕێگەی پەکەکەوە مەترسی بۆ ئەم پرۆژەیە دروست بکات؛ چوکە ئەگەر تورکیا لەگەڵ ئازەربایجان کۆریدۆری زەنگەزوور بخاتە گەڕ، ئەوە ئێرانیش کێشەی گەورەی ئاسایشی بۆ ڕێگەی گەشەپێدانی نێوان عێراق و تورکیا دروست دەکات.

لە لایەکی دیکەیشەوە، ئەگەر تورکیا لە چەکدادانی پەکەکە سەرکەوتوو بێت و بتوانێت ڕۆژاوای کوردستانیش کۆنترۆڵ بکات، ئەوە لە ڕێگەی عێراق-سووریاشەوە وزە و کاڵا بۆ تورکیا و بەپێچەوانەوە بۆ وڵاتانی کەنداو دەگوازێتەوە.

سێیەم– تورکیا ترسی ئەوەی هەیە کە ئەگەر پەکەکە بەردەوام بێت، ئەوە لە سووریا لە پاڵ عەلەوی و درووزەکاندا سووریا دەبێتە سیستەمێکی فیدراڵی یاخود لانی کەم هاوپەیمانە ئیسلامییەکانی تورکیا ناتوانن ئەو دەوڵەتە کۆنترۆڵ بکەن، بۆیە چەکدادانی پەکەکە وەکوو دەرفەتێک دەبینێت کە بتوانێت ڕۆژاوای کوردستان لە پاش ئەو هەنگاوە کۆنترۆڵ بکات؛ چونکە لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە جگە لە ئێران، بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و تەنانەت وڵاتانی كەنداویش لەگەڵ تورکیا هاوتەریب نییە؛ کە ئەمەیش بەشێکی بۆ هەوڵەکانی  فراوانخوازیی تورکیا بۆ کۆنترۆڵی سووریا لە چوارچێوەی پرۆژەی نیۆ-عوسمانیزم و بەشێکی دیکەیشی بەهۆی ڕەهەندە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکانی ئیخوانیزم و مەترسییەکانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی کەنداو و تەنانەت میسر دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی جگە لە سیستەمی سیاسی و ئایدیۆلۆژی، ئەوا گرنگیی میسریش لە ڕووی جیۆئێکۆنۆمی کەم دەبێتەوە.

چوارەم– تورکیا بەردەوام ترسی لە ئیسرائیل هەیە کە لە پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، هەوڵی سنووردارکردنی دەوڵەتێکی وەکوو تورکیا بدات کە لەم نەخشە و نەزمە نوێیەی ئیسرائیلدا پەراوێز بخرێت و تەنانەت پارچەپارچە بکرێت؛ ئەمەیش هەم بەهۆی ئایدیۆلۆژیای ئیخوانیزمی تورکیا و هەمیش بەهۆی ئەوەی کە هەر ئەکتەرێک کە بتوانێت سووریا کۆنترۆڵ بکات، ئەوە دەتوانێت لوبنانیش بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و کاریگەریی قووڵی لەسەر هاوکێشەکانی فەلەستین و، هەروەها ئۆردن و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەبێت. بۆیە چەکدادانی پەکەکە وا دەکات کە ڕۆژاوای کوردستان لاواز بێت و نەتوانرێت لە پاش دەرچوونی ئەمریکا لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دژی تورکیا و هاوپەیمانە توندڕەوەکانی بەکار بهێنرێت.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، چەکدادانی پەکەکە وا دەکات کە مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیا کەمتر ببێتەوە و لە هاوکێشە نوێیەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبەردا ڕۆڵی سەرەکی ببینێت و پێگەی خۆی بەهێزتر و بەرزتر بکاتەوە و ڕێگە لە ئیسرائیل بگرێت کە ناوچەکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی دابڕێژێتەوە و هاوسەنگییەکی نوێ بێنێتە کایەوە.

پێنجەم– تورکیا بە چەکدادانی پەکەکە دەتوانێت پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە بێنێتە دی و لەم ڕێگەیەوە پاڵپشتیی کورد لە تورکیا دەستەبەر بکات و لەم ڕێگەیشەوە دەتوانێت پشتوانیی کوردەکان بۆ مانەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵات و تەنانەت هەمواری دەستووری تورکیا دەستەبەر بکات. بۆیە لە هاوکێشەکانی ناوخۆی تورکیا دەتوانێت بە قازانجی ئاکپارتی لە گوڕەپانی سیاسی لە هەمبەر حزبەکانی دیکە و، هەروەها ئەردۆغان بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بشکێتەوە.

شەشەم– ئەگەر ئەم پلانەی تورکیا و چەکدادانی پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت، ئەوە ئەردۆغان لە هەرێمی کوردستانیش بەرژەوەندییەکانی پارێزراو دەبێت و نفووزی ئێران بەتەواوی لەناو دەبات یاخود لانی کەم لاوازی دەکات. ئەمەیش وا دەکات کە پرسی گاز و، هەروەها بازرگانی و ئابووری و ئاسایشی لە هەرێمی کوردستان لە قازانجی تورکیا و لە زیانی ئێران بشکێتەوە.

هەفتەم: تورکیا لە بارودۆخێکی نالەباری ئابووریدایە و بەردەوامیی جەنگ و نائاسایشی و ناسەقامگیری، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەو وڵاتە و دەسەڵاتی ئاکپارتی دەبێت و، بۆیە تورکیا پێویستیی بەوەیە کە دۆخێکی ئارام بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی دەرەکی و ناوخۆیی و بەهای دراوی تورکی لە تورکیا بەرز ببێتەوە. جگە لەوانەیش جەنگی ناوخۆیی و، هەروەها ئۆپەراسیۆنی دەرەکییش بارگرانییەکی زیاتری ئابووریی بۆ سەر بودجەی تورکیا دروست کردووە و لە لایەکی دیکەیشەوە، نەمانی جەنگ دەتوانێت دامەزراوەی سوپا زیاتر بخاتە ژێر کۆنترۆڵی سەرۆککۆماری تورکیا.

کۆبەند

ئەنجامی بانگەوازەکەی ئۆجالان، پەیوەستە بە کۆمەڵە فاکتەر و ئەکتەرێکەوە لە هاوکێشە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەم نێوەندەیشدا تورکیا ترسی هەیە کە ئیسرائیل لە نەزمی نوێی ناوچەکەدا ڕۆڵ و پێگەیەکی هەبێت کە ڕۆڵ و پێگەی تورکیا لاواز و لەرزۆک بکات. لە لایەکی دیکەیشەوە بەشێکی بەرچاو لە هاوکێشەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا پەیوەندیی بە ململانێکانی تورکیا و ئێرانەوە هەیە و هەر بۆیە دەبێت لە چوارچێوەی هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکەدا شرۆڤە بۆ ئەم بانگەوازە و لێکەوتەکانی بکرێت. بەڵام ئەگەر هەڵوەشانەوە و چەکدانانی پەکەکە هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی و کرانەوەی ڕاستەقینە و یاسایی بەرەو ڕووی کورد لە ناوخۆی تورکیادا، ئەوە لە بەرژەوەندیی پرسی کورد لە ناوچەکەدا بەگشتی و هەرێمی کوردستاندایە بەتایبەتی دەبێت.

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

پەیامەکەى ئۆجەلان و هاوکێشە سیاسییە ناوخۆیییەکانى تورکیا

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له ‌به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی… زیاتر

1 week ago

سوننە و شیعەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست: کامیان گرەو لەگەڵ ترەمپ دەبەنەوە؟

(خوێندنەوەیەک بۆ هەڕەشە و دەرفەتەکانى هاتنەسەرکارى سەرۆکی نوێی ئەمریکا) پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە… زیاتر

2 weeks ago

عێراق و ئیدارەی ترەمپ: مەترسی و ئامادەكاریی هێزە شیعەكان

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق لەگەڵ دەستبەكاربوونی… زیاتر

2 weeks ago

هەرێمی کوردستان و کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن

پێنووس بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان (لە ١٤ تا ١٦ی شوباتی ٢٠٢٥) کۆنفرانسی… زیاتر

3 weeks ago

هەڵسەنگاندنی سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆڕبەندنی ئاسایشی میونشن

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی دیدار و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک… زیاتر

3 weeks ago

پاڵپشتیی مەرجدار: ستراتیژیی وڵاتانی کەنداو بۆ سووریای دوای ئەسەد

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بە… زیاتر

4 weeks ago