قه‌رە‌نی قادری
وشە، هێز و دەسەڵاتی هەیە. وشە دەکرێنە زانیاری/پەیام (پەیامنێر-پەیام- پەیاموەرگر) و بە ڕێگەی هاوکێشەی مرۆڤی و کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە دەگاته دەست هاووڵاتیان؛ هەروەها بە ڕێگەی ڕێکوپێکكردنی وشەیشەوە زەین لەقاڵب دەدرێت، ئاڕاستە دەکرێت و لەڕەندە دەدرێت تا تاک بگات بەوه‌ی، کە پڕوپاگەندەکاران مه‌به‌ستیانه. هەڵبژاردنی وشە و چەندپاتەکردنەوەی لە پاتنای جڤاکدا بۆ ئەوەیە، “بڕوا” لە زەینی هاووڵاتیدا چێ بکرێت. بە واتایەکی تر دەستکاریکردنی زەینی هاووڵاتی بۆ مەبەستێکی دیاریکراو، کاکڵی سەرەکیی پڕوپاگەندەیە. ئەو چەشنە پەیوەندییە (پڕوپاگەندە) بەپێی ئەوەی تاکلایەنەیە و مەبەستی داگیرکردنی زەینە، ستوونییە نەک ئاسۆیی.
“پڕوپاگەندە” (Propaganda)، “پەیامێکە بۆ گەیاندنی پلانێک بە شێوەیەکی سیسته‌ماتیک.” ئامانج تەنیا گەیاندنی پەیام نییە، بەڵکوو کارتێکەرییە. پێش هەموو شتێک، ئەم زاراوەیە بۆ کاروباری سیاسی بەکار دەهێنرێت. ئامانجی پڕوپاگه‌نده ئه‌وه‌یه، که به ڕێگه‌ی چه‌ندپاتبوونه‌وه‌ی بابه‌تێک کار له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و تێڕوانینی هاووڵاتیان بکات. ئه‌م کاره‌یش ده‌کرێت به‌هۆی وتاربێژی، وێنه، وتارنووسی، بینا، جلوبه‌رگ و سیمبۆله‌کانی تره‌وه به‌ڕێوه بچن. له جیهانی ئه‌مڕۆدا ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی بۆتە که‌ره‌سه‌یه‌کی ئاسایی، به‌ڵام وه‌کوو قڕژاڵ به دوو سه‌ر ده‌ڕوات، توانایه‌کی به‌هێزی هه‌یە و ئه‌رکی پڕوپاگه‌نده‌ی، بەتەواوەتی وەستۆ گرتووە. پڕوپاگەندە، “هێزی کۆمەڵایەتیی زمانە”، کە وشەیەک دەتوانێت هەست ببزوێنێت و جووڵە چێ بکات. پڕوپاگەندە، بە ڕێگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە، کەڵک لە هێزی وشە وەردەگرێت
“گرێت جووت” سەبارەت بە واتا و ناوەڕۆکی پڕوپاگەندە دەڵێت: “هەوڵدانێكی بەمەبەست و سیسته‌ماتیکە بۆ دەستکاریکردنی ناسین، دروستکردنی تێگەیشتن و ڕێنوێنیکردن و ئاراسته‌كردنی ڕەفتاری ئەوانی تر بۆ گەیشتن بە کاردانەوەیەک کە پڕوپاگەندەکەران مه‌به‌ستیانه.”
فه‌لسه‌فه‌ی پڕوپاگەندە ئه‌وه‌یە که به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت به‌ر به زه‌ینی چالاک بگرێت، تا خۆ له قه‌ره‌ی بیرکردنه‌وه و داهێنان نه‌دات. ناوه‌ڕۆکی پڕوپاگەندە (سیاسی ـ ئایدیۆلۆژیک/ ئایینی) “تاکهێڵی”یه و، هه‌وڵ ده‌دات په‌یاموه‌رگر به‌ره‌و ئاقارێکی دیاریکراو ڕێنوێنی بکات، بەڵام کاتێک پڕوپاگەندە دەچێتە قۆناغێکی سەرچڵانەوە، پشوو لە کۆمەڵگە دەبڕێت و هەنگاو بە هەنگاو بوار بۆ عەقڵ و تێڕوانینی عەقڵانی بەرتەسک دەکاتەوە. مەترسیی پڕوپاگەندەیش ڕێک لێرەوەیە، کە سه‌ر هه‌ڵده‌دات. پڕوپاگەندە، بە مانای بۆمبارانی زەینی هاووڵاتیانیش دێت.
له مێژوودا، ئەوە ڕۆمییه‌کان بوون که به ڕێگه‌ی کۆشک و ته‌لار، هه‌روه‌ها ئه‌رته‌شێکی پۆشته له گلادیاتۆره‌کان کە به کێوێک له ماسوولکه‌وه پێشه‌نگیان بوون، سه‌رنجی خه‌ڵکی ئاسایی‌یان به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتی “له‌بننه‌هاتوو”ی ئیمپراتۆره‌کان ڕاده‌کێشا. له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له ئه‌وروپادا، که‌نیسه‌کان به‌هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی سامانێکی فره و ده‌ستڕۆیشتوو بوون، هه‌روه‌ها بینای له‌ڕادده‌به‌ده‌ر زلی که‌نیسه‌کانیان، ئه‌رکی پڕوپاگەندەیان له ئه‌ستۆدا بوو.
له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا مزگه‌وته‌کان و خه‌لیفه‌کان به‌هۆی ئه‌وه‌ی که سامانێکی زۆریان له‌به‌رده‌ستدا بوو و خاوه‌نی ئه‌رته‌شێکی به‌هێز بوون و، ئایینیش کۆڵه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کیی ده‌وڵه‌ت بوو، بینای زل و نه‌خش و نیگاری دیواری مزگه‌وته‌کانیش به‌شێک بوون له‌و پڕوپاگەندەیه. ئەمانە ئه‌رکیان ڕاکیشان و داگیرکردنی زه‌ینی هاووڵاتیان بوو. پێداهه‌ڵگوتن، چه‌مکێکی گرنگه له پڕوپاگەندەدا.
زیاده‌ڕۆیی، که ئه‌ویش له ئاڕاسته‌یه‌کی تاکهێڵیدایه، بنه‌مای پڕوپاگەندەیه و ئه‌مڕۆ وه‌کوو دیار‌ده‌یه‌کی ناحه‌زیش سه‌یری ده‌کرێت. که‌نیسه، مزگه‌وت، باڵشه‌ڤیکه‌کان، نازییه‌کان و فاشیسته‌کان، که‌ڵکیان له‌م دیارده‌یه وه‌رده‌گرت. بۆ بڕه‌ودانی به‌رنامه و فکر، پڕوپاگەندە به‌شێکە له کاری حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان. یه‌که‌مین هه‌نگاوی پڕوپاگەندە، بواری ناوخۆیییه، دوایی ده‌ره‌کییه. مێژوو و ڕه‌وتی پڕوپاگەندەیش په‌یوه‌ندیی به گه‌شه و هه‌ڵدانی کۆمەڵگە و که‌ره‌سه‌کانی ڕاگه‌یاندنه‌وه هه‌یه. پڕوپاگەندە، هێزێکی کۆمەڵایەتییە و لە ڕەوتی زەماندا حوکمڕانان بۆ دەستکاریکردنی زەینی ئینسانەکان و بڕواپێهێنانیان، وەکوو چەکێک پەنایان بۆ بردووە. “ئادۆلف هیتلێر” (١٨٨٩-١٩٤٥) لە مەیدانی “پڕوپاگەندە” (چێ‌کردنی ڕای گشتی دژ بە جووەکان، هەروەها بەرزکردنی ڕەگەزی ئاری و قڕکردنی ئەوانی دیکە)دا زۆر چالاک بوو. “جۆزێف گۆببێلز” (١٨٩٧-١٩٤٥) وەزیری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی نازی دەڵێت: تا درۆ گەورەتر بێت خەڵک باشتر بڕوا دەکەن.”
لە جڤاکێکدا کە ئاستی “پێکەوەهەڵکردن” و “لێبوورده‌یی” (تۆلێرانس) نزم بێت یان ئەوەتا کەلتووری دیموکراتیک و لیبراڵی بەهێز نەبێت و حزب و ڕێکخراوەکانی “کۆمەڵی مەدەنی”یش بە پێوەرە دیموکراتییەکان بارگاوی نەکرابن، گرووپی بەهێزی سیاسی و ئایینی بە ڕێگەی پڕوپاگەندەوە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر پێکهاتەکانی تر. لە وه‌ها دۆخێک‌دا ئەو گرووپەی لە بواری ئایینی “خۆی پێ سەردەستە”، دەبێتە هێرشبەر و، پێکهاتەکانیش دەچنە ناو قاوغی خۆیانەوە و دیواری بەرگری بە دەوری خۆیاندا دەکێشن. بۆ ئەو چەشنە تێڕوانینە، کەرەسەکانی ڕاگەیاندن، ئامرازێک نین بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری، بەڵکوو کەرەسەی “پەروەردەی هاووڵاتیان”ن، ئەویش لە ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژیا و هزری چەقبەستووی خۆیان بەکاری دێنن. ڕێک لەبەر ئەوە، ئەو ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانانەی کە بە زەینێکی کراوە و لەسەر بنەمای گەیاندنی زانیاری کار دەکەن، پێویستە زۆر وریا و وشیار بن کە بەشێکی تر لە ڕاگەیاندنەکان هەوڵ دەدەن ئاڕاستەیەکی دیاریکراوی ئایدیۆلۆژییانە بە زەینی مرۆڤه‌كان بدەن. بۆیە پێویستە ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە ببنەوە و پەرێزی ڕاگەیاندن خاوێن ڕابگرن.
له ساڵانی ١٦٠٠ ته‌نانه‌ت ١٧٠٠یش، پاشاکان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان چاپه‌مه‌نییان بۆ پڕوپاگەندە به‌کار ده‌هێنا، به‌ڵام له ساڵانی ١٨٠٠دا گرووپی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ کاری فکری و سیاسیی خۆیان، که‌ڵکیان له چاپه‌مه‌نی وه‌ردەگرت، به‌تایبه‌تی له بواری ئایدیۆلۆژیدا.
له کۆتایییه‌کانی ١٨٠٠ و سه‌ره‌تاکانی ١٩٠٠ به هاتنه‌کایه‌ی ڕادیۆ، فیلم و له دواییشدا ته‌له‌ڤزیۆن، بواری پڕوپاگەندە به‌رفراوانتر بوو. جه‌نگی یه‌که‌م و دوومی جیهانی و ململانێ ئایدیۆلۆژییه‌کان، ماشێنی پڕوپاگەندەی گه‌لێک به‌هێز کرد، به‌تایبه‌تی له جوگرافیای نه‌ته‌وه‌ییی وڵاتاندا. ئا‌ڵمانیا، سۆڤیه‌ت، چین و هه‌ندێک له وڵاته سه‌رمایه‌دارییه‌کان، نموونەن لەم بوارەدا.
فیلمی پروپا‌گه‌ندەیی
یه‌کێک له‌و که‌ره‌سانه‌ی که کارتێکه‌ریی قووڵی هه‌بووه و هه‌یه‌تی، فیلمی پڕوپاگەندەیییە. ئه‌و فیلمانه هه‌ڵگری ڕای سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی هه‌ندێ وڵاتی وه‌کوو ئا‌ڵمانیا، سۆڤیه‌ت، ئه‌مریکا و… بوون. به‌رژەوه‌ندیی سیاسی، سه‌ربازی و ئایدیۆلۆژیکی، ناواخنی ئه‌م فیلمانه‌ن. فیلمی هۆلیوودی، به‌شێکی پڕوپاگەندەیه بۆ شێوه‌ی ژیانی ئه‌مریکی. فیلمەکانی “سووپەر مەن”، کە بەرهەمی سینەما و عەقڵی ئەمریکییە، پڕوپاگەندە بۆ “مرۆڤی سپی‌پێست” و شێوەژیانی ئەمریکی دەکات. له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری فیلمه‌کاندا نیشاندانی ئاڵای ئه‌مریکا به‌رچاو ده‌که‌وێت، که هه‌ڵگری په‌یام (پڕوپاگەندە)ی سیاسییه.
ڕێکـلام
ڕێکـلام، بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییە بە مەبەستی ڕوونکردنەوە و کارتێکردن لەسەر هاووڵاتیان. هێڵی سەرەکیی ڕێکـلام، ڕووی لە تاک و بۆ گەشەی بازاڕی ئابوورییە. بە واتایەکی تر، ڕێکـلام شێوازێکی کارکردنە بۆ ڕاکیشانی سەرنجی هاووڵاتی (کارتێکەریی خێرا) بۆ لای کاڵایەک، کە لەو کارەدا شمەک یان کاڵا دەبێتە ناوەندی سەرنج و، هاووڵاتییش دەبێتە گرووپی ئامانج.
ڕێکـلام به مانای “هاوارکردن”، “بانگکردن” یان “هاوارکردن به ده‌نگی به‌رز” بۆ ڕاکێشانی ئینسانه‌کانە بۆ بینین و کڕینی که‌ره‌سه‌یه‌ک كه مانا دەدات. بەڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا به ڕێگه‌ی ده‌نگ، تێکست و وێنه ڕێکلام به‌ڕێوه ده‌چێت. قه‌دیم ده‌نگ و که‌ره‌سه بوو، که له کووچه و کۆڵانه‌کاندا پێشکه‌ش ده‌کرا. ئامانجی ڕێکلامیش، ڕاکێشانی سه‌رنجی هاووڵاتیانه، بەڵام ئێستا کاری ڕێکـلام بۆ کەرەسەکانی ڕاگەیاندن گوازراوەتەوە و، به ڕێگه‌ی ڕادیۆ، ته‌له‌ڤزیۆن، چاپه‌مه‌نی، ئینترنێت، مۆبایل، وێستگه‌ی پاس (ئۆتۆبۆس) و… به‌ڕێوه ده‌چێت. هەر بۆ وەبیرهێنانەوەیش بێت، تەنانەت چەشنەکانی ڕاگەیاندنیش کارتێکەری جۆراوجۆری لەسەر کەلوپەل و بازاڕدا هەیە؛ ئەگەر لە ڕادیۆدا کە بە دەنگ جاڕ بۆ شمەکێک دەکرا، بەڵام لە تەلەڤزیۆندا جیا لە دەنگ (دەنگی خۆش/ ژنان و پیاوان)، وێنەکەیشی بە باشترین شێوە پیشانی هاووڵاتی دەدرا و دەدرێت؛ کە ئەمەیان پرسی ڕێکـلامی بردە قۆناغێکی ترەوە و تەنانەت کاری لەسەر زەینی “نەخوێندەواران”یش دەکرد، چونکە ڕێکـلام لەو کەرەسە (تەلەڤزیۆن)دا پشتی بە وێنە (بینین) دەبەست/ دەبە‌ستێت.
ڕه‌وتی ڕێکـلام
بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رچی باشتری ڕێکـلام، نووسینگه و کارناس (پسپۆڕ) پێویستن. له‌م شوێنه‌دا و به‌هۆی ئه‌م که‌سانه‌وه، کاروباری ڕێکـلام ڕێک ده‌خرێت. په‌یام، گرووپێکی په‌یاموه‌رگر و که‌ره‌سه‌ی گه‌یاندن، سێ خاڵی سه‌ره‌کین که ڕێکـلام پشتی پێ دەبە‌ستێت.
ناوەڕۆکی ڕێکـلام دەبێ لەسەر ئەم بنەمایانە بێت: وردی، یاسایی، شەرافەتمەندانە و بێڕێزیی تێدا نەبێت. له بواری ڕاگه‌یاندندا، هەندێک ڕادیۆ و ڕۆژنامە هەن کە بە ڕێگەی ڕێکـلامەوە دەژین و، خۆیان دەژێنن.
ـ ڕۆڵی کڕیار له بڕه‌ودان به بازاڕی که‌لوپه‌ل و ڕێکـلام، له‌م سه‌رده‌مه‌دا جێی بایه‌خه. ڕێکـلام کار له‌سه‌ر شێوه‌ی ژیانی هاووڵاتیانیش ده‌کات؛ بۆ نموونه: له ڕێگه‌ی به‌رنامه‌ی تایبه‌تیی ته‌له‌ڤزیۆن بۆ ڕێکوپێککردنی که‌ره‌سه‌کانی ناوماڵ.
ـ پانتۆڵی جین (كابۆ)؛ هه‌ر که‌سه‌ی به گوێره‌ی حه‌زی خۆی لایه‌نگری له چه‌شنه مۆدێلێکی ئه‌م پانتۆڵه ده‌کات. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م حه‌ز و ئاواتانه به‌سه‌ر گرووپدا دابه‌ش ده‌بن.
ـ له کاری ڕێکـلامدا ئه‌م گرووپه که ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕن، به ناوی گرووپی ئامانج باسی لێوه ده‌کرێت. بوونی “پسپۆر” له‌م بواره‌دا ڕۆڵی گرنگ ده‌گێڕێت. یه‌کێک له کاره‌کانیان ئه‌وه‌یه ده‌بێ بزانن، که گرووپێکی دیاریکراو چیی ده‌وێت. “کات” و “دراو” (پاره) دوو که‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌کین بۆ بوونی كۆمپانیا‌کانی ڕێکـلام.
كۆمپانیا‌کانی ڕێکـلام به شێوازی جۆراوجۆر کار له‌سه‌ر زه‌ینی گرووپی ئامانج ده‌که‌ن. هەندێک لە ئاسایی‌ترین شێوه‌کانی ڕێکـلام بریتین له:
ـ چەندپاتکردنەوەی ڕێکـلام له ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆندا بۆ داگیرکردنی زه‌ینی گرووپی ئامانج.
مێتۆدی بابانوێلی: کڕینی دوو که‌لوپه‌ل و وه‌رگرتنی جانتایه‌ک به‌خۆڕایی.
مێتۆدی خه‌به‌ری (هه‌واڵی): “که‌لوپه‌لی نوێ”؛ “دێته بازاڕەوە”؛ “ئه‌مه‌یان باشترینیانه”…!
ئێمه دڵکراوه و سه‌خین: “به‌شێک له قازانجی که‌ره‌سه فرۆشراوه‌که، ده‌درێته ڕێکخراوێکی خێرخوازی.”
مێتۆدی کێبڕکێ: به بوونی که‌لوپه‌لێکی نوێ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت: “ئێمه باشترین!”
مێتۆدی که‌سایه‌تیی ناسراو: بۆ ناساندن و ڕێکـلامکردن بۆ که‌لوپه‌لێک، که‌ڵک له که‌سایه‌تییه‌کی ناسراو وه‌رده‌گرن.
مێتۆدی کەسە جوانەکان: بۆ ناساندن و چەسپاندنی کەرەسەیەک لە زەینی تاکدا، کەڵک لە ژنان و پیاوانی جوان و كه‌شخه وەردەگیرێت.
مێتۆدی دەنگخۆشان: بۆ سەرنج و ڕاکێشانی زیاتر، کەڵک لە ژنان و پیاوانی دەنگخۆش وەردەگیرێت.
مێتۆدی پسپۆران و کارناسان: بۆ ناساندنی که‌لوپه‌لێک که‌ڵک له‌و کارناسانه وه‌رده‌گرن، که خۆیان له‌م بوارانه‌دا شاره‌زان.
دوو به یه‌ک: “دوو پێڵاو بکڕه، پاره‌ی یه‌کێکیان بده!”
هەندێک لە کارناسانی کاروباری ڕاگەیاندن، جیاوازییەکی قووڵ لە نێوان پڕوپاگەندە و ڕێکـلامدا بەدی دەکەن. ئەوان لەسەر ئەو بڕوایەن کە پڕوپاگەندە پەیوەندیی بە سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاوە هەیە، بەڵام ڕێکـلام پەیوەندیی بە کەرەسەکان (جلوبەرگ، بۆن، کرێم، شامپۆ، سابوون، ترومبێل، چێ‌کردنی بینا و…)ەوە هەیە. ڕێکـلام بە جۆرێك له جۆره‌كان خزمی پڕوپاگەندەیە، بەڵام سنوورێکی دیاریکراویشیان لە نێواندا هەیە؛ بۆیە دەبێ ئاگادار بن کە ئەو دوو چەمکە تێکەڵ بە یەک نەکرێن یان جێگۆڕکێی مانایییان پێ نەکرێت!
سەرچاوەکان:
https://iranwire.com/fa/special-features/
پێنووس لە ڕێکەوتی 2025/4/11 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فه‌رمی بۆ به‌شداریکردن… زیاتر
موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی… زیاتر
محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان پوختە ئەم نووسینە بە نیگای کۆمەڵناسیی مێژوویی و تێزی فەرهەنگی… زیاتر
د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان دەسپێک ئیسرائیل هەرچەندە لە سووریا شەڕەکەی… زیاتر
قەرەنی قادری بۆ ئەوەی شارەزای شتێک، دیاردە، مرۆڤ یان شوێنێک بین، پێشوەختە پێویستمان بە هەندێک… زیاتر
د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/ دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد… زیاتر