موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و سیاسهتی گشتی-زانكۆی سهڵاحهددین
پێشەکی
دواى ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، بارودۆخی جیهان بەگشتى و ناوچەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهتایبهتی، گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. ئەم گۆڕانکارییانە بە کوشتنى سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەى حەماس و حزبوڵلای لوبنانی دەستی پێ كرد و تا ڕووخانی ڕژیمەکەى بەشار ئەسەد درێژەى کێشا. گۆڕانکارییەکان بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد کۆتاییی پێ نەهات و دیارە ستراتیژییەتى نوێی ئیسرائیل بە پاڵپشتیى ئەمریکا، ئهوهیه كه کۆتایی بە هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بهێنن. پێ دەچێت ئەم گۆڕانکارییانە پەڵبکێشێ بۆ تورکیا و عێراقیش. هەر لەم چوارچێوەیهدا هەنگاوەکانی دووبارە دەستپێکردنهوهی پڕۆژەى بەناو ئاشتى لە تورکیا بە دەستپێشخەریی سەرۆکی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلى، دەستی پێ کرد و تا ئێستایش لەم بارهیەوە هەندێک قۆناغی گرنگی بڕیوە. عێراقیش لە نێوان دووانەى هاریکاریکردنی ئەمریکا و هێشتنەوەى لەژێر ڕکێفی تاراندا ماوەتهوه و، واشنتۆن گوشارێکی زۆر لەسەر حکوومەتەکەى سوودانی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق و، دژایەتیکردنی ئەمریکاش بۆ دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی لە دیارترین نیشانەکانی ئەم گوشارەیە. لەم نێوەندەدا تورکیا لەناکاو و ساڵێک بهرلە وادەى کۆتاییهاتنییەوە، ڕای گەیاند کە ئەنقەرە ئامادە نییە گرێبەستی گواستنەوەى نەوتی عێراق نوێ بکاتەوە و چاوی لە گرێبەستێکی نوێیە کە هەلومەرجی ئێستا لەخۆ بگرێت و سوودی زیاتر بۆ ئەنقەرە دەستەبەر بکات.
لە لایەکی دیکە، کارتی بەردانی ئاویش لە تورکیاوە بۆ عێراق، بابەتێکی جەوهەریی ترە کە وا پێ دەچێت چوارچێوە و هاوکێشەى سیاسیی نوێی نێوان تورکیا و عێراق و سووریا سەرلەنوێ ڕێک بخاتهوه. ئەمە جگە لە پێشهاتەکانی سووریا دوای دەستپێکردنى پێکدادانەکانی نێوان درووزەکان و هۆزە عەرەبەکان، کە ئەمەیش ڕێگەى بۆ دەستوەردانی ئیسرائیل لە سووریا خۆشتر کرد؛ کە ئەمەیش وەک مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ تورکیا خوێندنەوەى بۆ کرا. لەم چوارچێوەیەدا پێشهاتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوکێشە نوێیە سیاسییەکان خەریکە دووبارە لە نێوان سێ وڵاتی گرنگی ناوچەکە- تورکیا، سووریا و عێراق- دروست دەبنهوه.
بۆچی ئەردۆغان گرێبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی عێراقی نوێ نەکردەوە؟
گرێبەستى هەناردەکردنەوەى نەوتی عێراق لە ساڵى ١٩٧٣وە لە نێوان عێراق و تورکیا واژۆ کراوە و، چەند جارێکیش هەوڵ دراوە لە ڕێگەى هەموارکردنەوەى، درێژەى پێ بدرێت. دوایین جاریش لە ساڵى ٢٠١٠ نوێ کراوەتەوە و وادەکەیشی لە ٢٧ی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٦ کۆتاییی پێ دێت. بەپێی گرێبەستەکە ئەگەر هەر یەکێک لەلایەنەکان وازیان لەم گرێبەستە هێنا، ئەوە پێویستە پێشوەختە ڕابگەیهنرێت. لەم چوارچێوەیەدا سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، لە ٢١ی تەممووزى ٢٠٢٥ بڕیارێکی لە ڕۆژنامەى فەڕمی بڵاو کردەوە و تیایدا ڕای گەیاند کە تورکیا گرێبەستی هەناردەکردنەوەى نەوتی عێراق لە ساڵى داهاتووە (٢٧ی تەممووزى ساڵى ٢٠٢٦) نوێ ناکاتەوە.
مشتومڕی زۆر لەمەڕ هۆکارى ئەم هەڵوێستەى تورکیا دروست بوو، کە بۆچی ئەنقەرە هەنگاوێکی لەم جۆرەى ناوە؟ بەگشتى بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕاگەیهنراوێکی فەڕمیی سەنتەرى بەرەنگاربوونەوەى زانیاریی ناڕاست (Dezenformasyonla Mücadele Merkezi – DMM) کە سەر بە سەرۆکایەتیى کۆماری تورکیایە. ئەم ڕاگەیهنراوە فەرمییە بەم شێوەیە ئاماژە بە هۆکارى ئەم بڕیارەى ئەردۆغان دەکات: “گرێبەستی هەناردەکردنەوەى نەوتی نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵى ١٩٧٣ واژۆ کراوە و لە ساڵى ٢٠١٠ نوێ کراوەتەوە؛ بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی بازاڕەکانی وزە، گرێبەستەکە بۆ ڕۆژگاری ئێستا گونجاو نییە.” ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێ کەوا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نانەوەى ئەم هەنگاوە، بۆ ئەو گۆڕانکارییانە دەگەڕێتەوە کە لەسەر ئاستى هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕووی داوە، بەتایبەت ڕووداوەکانی: ٧ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠٢٣، ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، لاوازبوونی ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی لە ناوچەکەدا، جهنگی دوازدە ڕۆژەى ئیسرائیل و ئێران، جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، ناسەقامگیریی ڕەوشی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی عێراق، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کارکردن بۆ ئەنجامدانی هەندێک پڕۆژەى ستراتیژی و گرنگی وەک پڕۆژەى ڕێگەى گەشەپێدان و واژۆکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەى ڕێڕەوى زەنگەزوور لەژێر چاودێریی ئەمریکا؛ گرنگترین ئەو ڕووداو و پێشهاتانەن کە کاریگەرییان لەسەر نانەوەى ئەم هەنگاوەى ئەردۆغان هەیە. چونکە ئەنقەرە لە کات و ساتێکی ئاوادا کە تیایدا چەندان پێشهاتی گرنگ ڕووی داوە و چاوەڕێیش دەکرێت هەندێک گۆڕانکاریی دیکەى سەرەکی و جەوهەری ڕوو بدات، نایەوێ لە دەرەوەى هاوکێشەکان بمێنێتەوە. بۆیە گواستنەوەى نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان، خاڵێکی ستراتیژی و جەوهەرییە بۆ ئەوەى ئەنقەرە شوێنپەنجەى خۆی لە نەخشەى داهاتووی وزەى ناوچەکەدا بکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوه ئەم گرێبەستە لە ساڵى ١٩٧٣ واژۆ کراوە و لە ساڵى ٢٠١٠ نوێ کراوهتەوە، بۆیە پێویستیى بە نوێکردنەوەیەکی بنەڕەتی هەیە. واتا لە ئەسڵدا ئەنقەرە دژی ئەم گرێبەستە نییە، بەڵکوو پێی وایە، دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەى کە لە ساڵى ١٩٧٣وە تا ئێستا ڕوویان داوە، گرێبەستێکی فراوانتر و کاریگەرتر واژۆ بکرێت، چونکە هێڵی گواستنەوەى نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵى ٢٠٢٣وە وەستاوە و نەوت لە ڕێگەیەوە ناگوازرێتەوە؛ ئەمەیش بەهۆی ئەوەى دادگهى ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس بڕیارێكی لهم بارهیهوه دهركرد، کە بڕگەیەکی لە دژی ئەنقەرە و هەرێمی کوردستان بوو- ئهمه بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنەوەى نەوت و، ئێستا تورکیا دەیەوێت بە میكانیزمێکی نوێ، گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ لایەنی عێراقی واژۆ بکات. لەم چوارچێوەیەدا وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، ئەلپ ئەرسلان بەیرەقدار (Alparslan Bayraktar) لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسى ئەنادۆڵی تورکی ڕای گەیاند: “توانای گواستنەوەى هێڵی بۆڕیى نەوتی تورکیا-عێراق ڕۆژانە ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار بەرمیلە. هەروەک ئاشکرایە بۆ هەموو لایەک کە ئێستا هیچ بڕە نەوتێک لەم هێڵە ناگوازرێتەوە. لەو کاتانەیش کە نەوتی تێدا دەگوازرایەوە، هیچ کاتێک بە توانای تەواوی خۆی کاری نەکردووە. ئێمە بۆ ئەوەى ئەم هێڵە بەزیندوویی و بەباشی ڕابگرین، لە ساڵانى ڕابردوودا وەبەرهێنانی زۆرمان تێدا کردووە. لە ڕەشنووسی ئەو گرێبەستەى کە بۆیانمان ناردووە [مەبەستى لایەنی عێراقە]، تیایدا جەختمان لەسەر ئەوە کردووە کە پێویستە گرێبەستە نوێیەکە میکانیزمەکانی بەکارخستنى هێڵەکە بەتەواوی (بەفوولی) لەخۆ بگرێت. ئەو دەقەى کە بۆیانمان ناردووە، لەم چوارچێوەیهدایە.” بەم شێوەیە هۆکاری سەرەکی و فەرمیى تورکیا بۆ نوێنەکردنی گرێبەستەکە بەپێی لێدوانە فەرمییەکانەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كه ئەنقەرە چاوی لە فراوانترکردنی پرۆسەکەیە و، دەیەوێ هێڵەکە بەردەوام و بە توانای تەواو وەگەڕ بخرێت؛ چونکە تواناى گواستنەوەى ڕۆژانەى هێڵەکە ملێونێک وپێنج سەد هەزار بەرمیلە.
جگە لەمە خاڵێکی گرنگی دیکە هەیە، ئەویش پڕۆژەى بۆڕیى نەوتی “بەسرە – عەقەبە”یە. سەرەڕاى ئەوەى بیرۆکەى ئەم پڕۆژەیە بۆ ساڵانی هەشتاکان دەگەڕێتەوە، بەڵام لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، نووری مالیکی، دووبارە هاتەوە بەرباس. لە ئەسڵدا ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەى پڕۆژەى “شامی نوێ”دا پلان بۆ دروستکردنی داڕێژرابوو. هەرچەندە سەرەتای ئەم پڕۆژەیە بە پڕۆژەى “شام” ناو نرابوو بە مەبەستى ئەوەى سووریا و فەڵەستینیش تێیدا بەشدار بن، بەڵام لە کۆتاییدا پڕۆژەکە بووە پڕۆژەیەکی سێقۆڵی لە نێوان عێراق، ئوردن و میسر. پڕۆژەى بۆڕیى نەوتی “بەسرە-عەقەبە” ڕەخنەى لێ دەگیرێت کە هیچ سوودێکی ئابووریى بۆ عێراق نییە- ئەوەى لێی سوودمەند دەبێت، ئوردن و میسرە، لەگەڵ ئیسرائیل. تەنانەت هەندێک، پڕۆژەکە بە پڕۆژەیەکی زایۆنیزم ناوزەد دەکەن، چونکە لە کۆتاییدا پڕۆژەکە لە گەرووی تیران تێ دەپەڕێ. سەرەڕاى ئەوەى ئەم گەرووە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا نییە و بەفەرمی لە ساڵى ٢٠١٧وە لەژێر سەروەریى عەرەبستانی سعوودیەیە، بەڵام ئیسرائیل بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنەکانی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل ومیسر، مافی بەکارهێنانی گەرووەکەى هەیە.
دواى ئەوەى کورتەیەکمان لەسەر ئەم پڕۆژەیە خستە ڕوو، ئهم پرسیارهمان بۆ دروست دەبێت: باشە ئەمە چ پەیوەندییهكی بە بڕیارەکەى ئەردۆغانەوە هەیە؟ لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین: بابەتەکە پەیوەندیی زۆرى پێوه هەیە، چونکە ئەگەر پڕۆژەى بۆڕیى نەوتی “بەسرە – عەقەبە” جێبەجێ بکرێت، ئەوە ڕاستەوخۆ نەوتی بەسرە لە ڕێگەى عەقەبەوە هەناردە دەکرێت. ئەمەیش کاریگەریى نەرێنیی لەسەر پڕۆژەى ڕێگەى گەشەپێدان دەبێت، چونکە بەپێی پلانەکانی پڕۆژەى بۆڕیى نەوتی بەسرە-عەقەبە، نەوتی بەسرە لەجیاتی تورکیا، لە ڕێگەى عەقەبە و میسرەوە هەناردە دەکرێت؛ ئەمەیش گورزێکى كوشندە لە کەرتی وزەى تورکیا دەوەشێنێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا عێراق دهستی كرد بە دابینکردنى پارەى پێویست بۆ دروستکردنی پڕۆژەى بۆڕیى نەوتی “بەسرە-حەدیسە” کە درێژایییەکەى نزیکەى ٧٥٠ کیلۆمەترە، بە گوژمهی (٤.٦) ملیار دۆلاری ئەمریکی و، لە بوودجەى ساڵى ٢٠٢٤دا جێگیر کراوە. ئەم بەشە، هەنگاوی یەکەمی پڕۆژەى بۆڕیى نەوتی “بەسرە-عەقەبە”یە، کە دواتر دەکرێ لە حەدیسەوە بۆڕییەکە بگەیهنرێتە عەقەبە. بۆیە ئێستا پێش ئەوەى دەرفەتەکە لەدەست ئەنقەرە بڕوات، شەڕەکەى ئەردۆغان لێرەوه دەستی پێ کرد، چونکە ئەنقەرە دەیەوێ لە ناوچەى حەدیسەوە لەجیاتی ئەوەى بۆڕیى نەوتەکە بگەیهنرێتە عەقەبە، دەیەوێ بە بۆڕیى جەیهانەوە ببسترێتهوه و نەوتی بەسرەش لە ڕێگەى تورکیاوە هەناردە بکرێت.
جا لێرە پەیامەکەى تورکیامان بۆ بەباشی ڕوون دەبێتەوە، کە دەڵێ پێویستە بۆڕیى نەوتی عێراق – تورکیا بە توانای تەواوی خۆی بەگەڕ بخرێت کە ڕۆژانە ملیونێک و پێنج سەد هەزار بەرمیل نەوتە. تەنانەت ئامانجی ئەوەیشیان هەیە ئەگەر نەوتی بەسرەى لەگەڵ هەناردە بکرێت، تواناکەى بەرزتر بکرێت. واتا شەڕەکەى ئەردۆغان بۆ ئەمەیشە کە، دەیەوێت هەم بۆڕیى نەوتی بەسرە-حەدیسە به بۆڕیى نەوتی عێراق-تورکیا ببەسترێتهوه و، هەمیش ئەمە ببێتە هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ دەستپێکردنى پڕۆژەى ڕێگەى گەشەپێدان کە ئەنقەرە زۆر بەچڕى کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات؛ لە هەمان کاتیشدا هەوڵێکە بۆ شکستپێهێنانی پڕۆژەى “شامی نوێ” کە پێگەى ئیسرائیل لە ڕێگەیەوە لە ناوچەکەدا بەهێز دەکات، بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و کەرتی وزەوە.
ڕای گشتی و ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا لەم بارەیە هیچ کاردانەوەی هەیە و، چی دەڵێن؟
ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا، زیاتر جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە هەر پەیوەندییەکی ئەنقەرە لە ڕووی بازرگانی و ئابووری و وزەوە، بە شێوەیەکی یاسایی و شەفاف بێت. هەروەها لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت گەورە حزبى ئۆپۆزیسیۆن “جەهەپە”، حزبى گەلی کۆماری، زیاتر لەگەڵ ئەوەدایە ئەم جۆرە پەیوەندییانە لەسەر ئاستى ئەنقەرە و حکوومەتى ئیتیحادیی عێراق بێت. لەم چوارچێوەیەدا دواى بڕیارەکەى دادگهی ناوبژیوانیی نێودەڵەتى لە پاریس لە ساڵى ٢٠٢٣، کاردانەوەیەکی توند لە دژی سەرۆککۆمارى تورکیا، ئەردۆغان و حزبى داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) سەری هەڵدایەوە، بەتایبەت دوای ئەوەى ڕاگەیهنرا کە پێویستە تورکیا بڕی ملیارێک و چوار سەد و حەفتا و دوو ملیون دۆلاری ئەمریکی وەکوو قەرەبوو بداتە لایەنی عێراقی.
مشتومڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و عێراق بە شێوەیەکی گشتى درێژەى هەیە و، ئێستایش دواى ئەوەى ئەردۆغان لە ٢١ی تەممووزی ساڵى ٢٠٢٥ بڕیارى نوێنەکردنەوەى گرێبەستی هەناردەکردنەوەى نەوتی لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند، مشتومڕەکانی نێوان گەورە حزبى ئۆپۆزیسیۆن، جەهەپە و حکوومەتى تورکیا و ئاک پارتى گەرمتر بووەوە. لەم چوارچێویە جێگری سەرۆکی جەهەپە بۆ کاروباری وزە و سامانە سروشتییەکان، دەنیز یاوزیلماز (Deniz Yavuzyılmaz) لە ڕێگەى هەژمارى فەڕمیی خۆی لە X، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە دەربارەى هۆکاری نوێنەکردنهوهی گرێبەستى نەوتی نێوان تورکیا و عێراق لەلایەن ئەردۆغانەوە. یاوزیلماز لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەى بەم خاڵانەى خوارەوە کرد:
یەکەم: ئاک پارتی لە نێوان ساڵانى (٢٠١٤-٢٠١٨)، بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتى ئیتیحادیی عێراقی، دواى ڕێکكەوتنی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەوتی لە ڕێگەى هێڵی نەوتی تورکیا-عێراقەوە گواستەوە. لە ڕێگەى ئەم خاڵەوە ئۆپۆزیسیۆن دەیەوێت ڕای گشتی لەوە ئاگادار بکاتەوە، کەوا لەم ماوەیەدا ئەم نەوتە بە شێوەیەکی نافەرمی هەناردە کراوە.
دووەم: حکوومەتى ئیتیحادیی عێراق بە پشتبەستن بە گرێبەستى ساڵى ١٩٧٣ تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق، سکاڵای لە دژی تورکیا تۆمار کرد، چونکە ئەم نەوتە بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتى ئیتیحادیى عێراق هەناردە کراوە. لێرەش هەوڵ دراوە سەرنجی ڕای گشتی بۆ ئەوە ڕابکێشرێت کەوا تورکیا پابەندی گرێبەستێکی یاساییی باوەرپێکراو نەبووە.
سێیەم: لەم چوارچێوەیەدا دادگهى ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، بە پشتبەستن بە گرێبەستی ساڵى ١٩٧٣ و هەموارەکانی لە ساڵى ٢٠١٠، ئەم بڕیارانەى خوارەوەى دەرکرد:
أ. بەهۆی ئەوەى تورکیا بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتى ئیتیحادی عێراق نەوتی گواستۆتەوە، بە بڕی نزیکەى (١.٩) دۆلاری ئەمریکی (ملێاردێک و نۆ سەد هەزار ملیون دۆلاری ئەمریکی) سزا درا.
ب. بەهۆی ئەوەى عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا تێچووی گواستنەوەى نەوتی بە تورکیا نەداوە، عێراق بەم هۆیەوە بە بڕی (٥٠٠) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی سزا درا.
لەم خاڵەدا بەرپرسە باڵاکەى جەهەپە هەوڵی داوە ئەو بڕە پارەیە بخاتە ڕوو کە بەهۆی پابەندنەبوونی تورکیا بە گرێبەستەکەوە وەکوو سزا بەسەریدا سەپێنراوە. واتا لە بارودۆخێکی ئابووری و داراییی خراپ، ئەو بڕە پارەیە ڕاگەیهنڕاوە یاخود دووبارە بەبیر خەڵک هێنراوەتەوە، کە بەهۆی خراپیی ئیدارەدان و داڕشتنی سیاسەتی هەڵە لەلایەن بەرپرسانی ئاک پارتی، ئەنقەرە تووشی ئەم زیانە گەورەیە بووە- ئەمە بانگەشەى بەرپرسەکەى جەهەپەیە. جگە لەمە جەهەپە ئاماژە بەوە دەکات کە ناوبانگی تورکیا بەهۆی ئەم دۆسیەوە زیانی بەرکەوتووە، چونکە ئەنقەرە بەوە تۆمەتبار دەکات کە نەوتی بەقاچاخ هەناردە کردووە و ڕێگەى بە گواستنەوەى نەوتی قاچاخ داوە.
یاوزیلماز لە کۆتاییدا دەڵێ: “بەهۆی ساختەکارییەکانی ئاک پارتییەوە لەم دۆسیەیەدا، تورکیا باجی ئەم هەنگاوە هەڵەیەی ئاک پارتی دەدات و بە بڕی نزیکەى (١.٥) ملیار دۆلاری ئەمریکی سزا دراوه.” هەروەها لە درێژەى ڕوونکردنەوەکەى، یاوزیلماز پێ وایە ئاک پارتی ئێستا سەرقاڵى دۆزینەوەى ڕێگەچارەیەکە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەى نەوتی هەرێمی کوردستان. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیشە ئاک پارتی وای بۆ دەچێت ئەگەر گرێبەستى ساڵى ١٩٧٣ نەمێنێت، ئەوە تورکیا لە ئەگەرى دووبارە دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەى نەوتی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی سزا نابێتەوە. ئەمە ڕاگەیهنراوە فەرمییەکەى جێگری سەرۆکی جەهەپەیە بۆ کاروبارى وزە و سامانە سروشتییەکان. بەم پێیە بێت، تێڕوانینی ئۆپۆزیسیۆن بۆ بابەتەکە زۆر جیاوازه، چونکە بۆمان دەردەکەوێت کەوا لە کاتێکدا تورکیا بەدەست قەیرانێکی ئابووری و داراییی سەختهوه دەناڵێنێ، ورووژاندنی ئەم بابەتە تووڕەییی شەقامی تورکیا لە دژی ئاک پارتی و ئەردۆغان زیاتر دەکات. هەر لەم چوارچێوەیەدا یاوزیلماز لە ڕوونکردنەوەکەی پێشوویدا ڕای گەیاند، کەوا بەهۆی ئەم کەیسەوە، پێویستە ئەردۆغان لە دادگهی باڵا (Yüce Divan)دا دادگهیی بکرێت.
ئەمەى سەرەوە، دەکرێ وەک هەڵوێستى فەرمیی حزبى گەورە ئۆپۆزیسیۆن ببینرێت، چونکە لەلایەن بەرپرسێکی باڵاى جەهەپەوە ڕاگەیهنراوە و، تێڕوانینی ئۆپۆزیسیۆن بۆ بابەتەکە گرنگە؛ چونکە ئەگەر تەماشای بارودۆخی تورکیا بکەین بەگشتى، بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکان بۆمان دەردەکەوێت کە ئاک پارتی و ئەردۆغان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەنگ لەدەست دەدەن و ڕێژەى دەنگەکانیان کەم دەبێتەوە و، پێویستە بۆ ئەم بابەتە حکوومەتى هەرێمی کوردستان، تا ڕاددەیەکیش بێت، بۆچوونی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بەهەند وەربگرێت و فەرامۆش نەکرێت و سەد لە سەد تەنیا پشت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئاک پارتی نەبهسترێت، چونکە تورکیاش لە سەروبەندی گۆڕانکاریدایە و، پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئەگەر لە کەشوهەوایەکی دیموکراسی ئەنجام بدرێت، سۆپڕایزی زۆر لەخۆ بگرێت.
نوێکردنەوەی گرێبەستەکە چ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت؟
ئەنقەرە، سەرەڕای بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆن لەبارەى هەوڵەکانی ئاک پارتی و ئەردۆغان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنەوەى نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، بەڵام خاڵێکی گرنگ و بنەڕەتی ئەوەیە کە تورکیا ئەم جارەیان دەیەوێت بە ههر ڕێگهیەک بێت، گەرەنتیى هەناردەکردنەوەى نزیکەى (١.٥) ملیۆن بەرمیل نەوت بکات. بێ گومان ئەگەر لەم بارهیەوە ڕێکكەوتنێکی گشتگیر و فراوان لەگەڵ بەغدا بکرێت، ئەوە خاڵێکی باش دەبێت بۆ ئەنقەرە و تەنانەت بۆ بەغداش؛ چونکە هەر لە ئێستاوە هەردوو لا هەوڵ دەدەن گوشار بخهنە سەر یەکتر بۆ ئەوەى ناوەڕۆکی گرێبەستەکە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بێت. بەڵام خاڵێکی جەوهەریی تر هەیە، ئەویش بریتییە لەوەى، نابێ تەنیا سەیری ئەم گرێبەستە بکەین و شیکردنەوەى بۆ بکەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی كۆمهڵێك بابەت لە نێوان هەردوو وڵات، بۆ نموونە: لایەنی ئابووری، ئەمنى، سیاسی، وزە بە گشت ڕەهەندەکانییەوە و، لە هەمووان گرنکتر بۆ عێراق بابەتى ئاوە، هەروەها بابەتى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و، بوونی پەکەکە لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان. واتا دەکرێ ئەم بابەتانە بە شێوەیەکی گشتى لە کاتی نوێکردنەوەى گرێبەستى هەناردەکردنەوەى نەوت لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا لەبەرچاو بگیرێن. لە لایەکی دیکە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهانیش کاریگەرییان دەبێت لەسەر دیاریکردنى جۆر و شێواز و ناوەڕۆکی گرێبەستەکە.
لە ئەنجامی ئەم هاوکێشانە، بەغدا سەرەڕاى لاوازبوونی ئێران لە ناوچەکەدا، بەڵام بەتوندی لە ڕێگەى هێزە پرۆکسییەکانییەوە لە عێراق گوشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ توندتر کردووە؛ واتا بەغدا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات گرێبەستەکە بە شێوازێک بێت هەرێمی کوردستان بتوانێ بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا لە هەناردەکردنى نەوتەکەى سوودمەند بێت، چونکە ئێستا شەڕی بەغدا لەگەڵ هەولێر لەسەر ئەوەیە کە دەبێت کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”، نەوتی هەرێم بفرۆشێت و نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم لە ڕیگەى بەغداوە هەناردەى دەرەوە بکرێت و لەژێر کۆنترۆڵى تەواوی بەغدا بێت. پێشبینی دەکرێت ئەم هەڵوێستەى بەغدا تا مانەوەى کاریگەریى تاران لە بەغدا بەردەوام بێت، چونکە بە هیچ شێوەیەک ئێران ڕازی نییە کەرتى وزە لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێش بچێت و هەم هەولێر و هەمیش ئەنقەرە لێی سوودمەند بن. بەتایبەت بوارى کەرتی غاز، هێڵی سووری ئێرانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان؛ هەر هەنگاوێک لەم بارهیەوە بنرێت و لە دژی ئێران بێت، ئەوە ڕاستەوخۆ تاران دژایەتیی دەکات. بۆیە کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئاوا بەئاسانی وەبەرهێنانی تێدا ناکرێت، چونکە جگە لەمە، گوشارى ئەمریکا و کۆمپانیای وزەى وڵاتانی بیانی، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر سێکتەرى وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە.
بەرامبەر ئەمە، ئەگەر تەماشایەکی ئەنقەرەش بکەین، بارودۆخەکە بۆ ئەم وڵاتەیش هەندێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە. تورکیا بە شێوەیەکی گشتى بیر لە زۆرترین بڕی قازانج و سوود دەکاتهوه پێش ئەوەى لە کەرتی وزەدا هەنگاو بنێت، چونکە بارودۆخی ئابووری و داراییی تورکیا بە قۆناغێکی سەختدا تێ دەپەڕێت- هەر سوودێک لەم بوارە بۆ تورکیا کاریگەریى جددیی دەبێت لەسەر بارودۆخی ئابووریی وڵات. ئەنقەرە لە نێوان ساڵى ٢٠١٥وە تا ساڵى ٢٠٢٣ بەبێ گەڕانهوه بۆ حکوومەتى ئیتیحادیی عێراق و لە ڕێگەى ڕێکكەوتن لەگەڵ هەولێر، پاڵپشتیی لە پرۆسەى هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد؛ لەبەر ئەم هۆکارەیە ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا بانگەشەى ئەوە دەکات کە ئەم بڕە نەوتە لەم ماوەیەدا بەبێ ئاگاداریی حکوومەتى ئیتیحادی هەناردە کراوە و، تەنانەت ئەنقەرە ڕێگەى بە حکوومەتى ئیتیحادیی عێراق نەداوە ئۆفیسەکەى خۆی لە بەندەری جهیهاندا بەکار بهێنێت و کۆنترۆڵى بڕى هەناردەکراوى نەوتەکە بکات. هەروەها ئۆپۆزیسیۆنى تورکیا بانگەشەى ئەوەیش دەکات کە ئەم نەوتەى لەم ماوەیەدا زۆر لە نرخی بازاڕ هەرزانتر کراوە و بە شێوەیەکی نایاساییش هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە. ئەم خاڵە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەردەم بڕی قازانج و سوود بۆ تورکیا پێشینەى هەموو فاکتەرەکانە، تەنانەت ئەگەر کارەکە تا ڕاددەیەکیش نایاسایی بێت. بۆیە دەبینین کە لە کاتێکدا سوود و قازانجی پرۆسەکە کەم بوو و خەریک بوو زیانی زۆر بە تورکیا بگەیهنێت، بەتایبەت دواى بڕیاری دادگهی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیى پاریس، ڕاستەوخۆ پرۆسەى هەناردەکردنی نەوتی ڕاگرت و، ئەم بارودۆخە تا ئێستا بەردەوامە. ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە کە کامە لایەن سوود و قازانجی زیاتر بە ئەنقەرە بگەیهنێت، ئەوە تورکیا ئەو لایەنە هەڵدەبژێرێت. بێ گومان ئەمەیش حاڵەتێکی ئاسایییە بۆ هەر دەوڵەتێک، کە قازانج و سوودی خۆی لە سەرووی هەموو شتێک دابنێت.
لە ئەنجامدا گرێبەستى هەناردەکردنى نەوت لە نێوان تورکیا و عێراق بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نابێت، چونکە ئاماژەکان لە قۆناغی ئێستادا بەرەو ئەوەیە کە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کەم بکرێتەوە و تەنانەت بەغدا و لایەنە سیاسییە شیعە و سوننەکان لەگەڵ ئەوەدان کەمتر لە پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. بەرامبەر ئەمە، ڕاستە ئێستا پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – هەولێر باشە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ پارێزگاریکردن لەم پەیوەندییە باشە، چونکە هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێی کرد، ئەنقەرە زیاتر کار بۆ پاراستنى بەرژەوەندیی خۆی دەکات و باشترین نموونەیش بۆ ئەمە هەڵوێستى تورکیا بەرامبەر بە “ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی ههرێمی کوردستان”ە، کە چۆن ئامادە بوو لەگەڵ ئێران و حکوومەتى ئیتیحادیی عێراق ڕێک بکەوێ بۆ ئەوەى ڕیفراندۆمەکە شکست پێ بهێنێت و، بە یارمەتیی تورکیا ڕووداوەکانی شازدەى ئۆکتۆبەر سەری هەڵدایەوە و تا ئێستا ئەنجامە نەرێنییەکانی- تەنانەت بۆ تورکیاش- لە کەرکووک بەردەوامە.
بەڵام سەرەڕاى ئەم ڕاستییانە، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و، زیاتر بەرەو ئاراستەى لاوازترکردنی ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی بێت لە ناوچەکەدا، ئەوە ئەوکات لەوانەیە پێچەوانەى ئەوەى ئێستا، هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێت؛ بەڵام بە مەرجی ئەوەى سەرکردایەتیی کورد بتوانێ سوود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و بە یەکهەڵوێستى جووڵە بکات؛ چونکە یەکێک لە کێشەکانی لایەنە سیاسییە کوردییەکان ئەوەیە کە تا ئێستا نەیانتوانیوە دەرفەتەکان بۆ بەرژەوەندیی باڵاى هەرێمی کوردستان بقۆزنەوە.
سیاسەتی تورکیا لە هەمبەر گۆڕانکارییە نوێیەکانی سووریا لە پاش پێکدادانەکانی نێوان ئەحمەد شەرع و درووزەکان چییە؟
تورکیا لە دواى ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا و پێکهێنانی حکوومەتێک بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع، چوار بنەمای سەرەکیی بۆ سیاسەتەکەى بەرامبەر بە دۆخە نوێیەکەى سووریا دیاری کردووە: یەکەمیان، داکۆکیکردن لەسەر پاراستنى یەکپارچەییی خاکی سووریایەک کە دوور بێت لە میلیشیا جیاوازەکان. ئەوەى دووەمیان، هەماهەنگیکردنە لەگەڵ حکوومەتى نوێی سووریا لە بواری ئاسایش. سێیەمیان، کە لە هەمووان گرنکترە بۆ ئەنقەرە، ڕێگریکردنە لە دروستبوونی قەوارەیەکی سیاسیی نیمچەسەربەخۆی کوردی، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی نزیک تورکیا؛ چونکە هەر لە سەرەتاوە تورکیا جەخت لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانی YPG دەکات لەگەڵ سوپای سووریای نوێ و دامودەزگهکانی دەوڵەتی سووریا. بنەمای کۆتایی بریتییە لە ڕێگریکردن لە فراوانتربوونی نفووزى ئیسرائیل لە سووریا؛ چونکە دواى ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، سوپای ئیسرائیل چەند هەنگاوێکی گرنگی ناوە لە سووریا: سەرەتا ژێرخانی بەرگریی سووریای بەتەواوەتى لەناو برد، دواتر بەرزایییەکانی جۆلانی داگیر کرد و، ئێستایش سەرقاڵى کۆنترۆڵکردنى “سوەیده”یە، کە تا ڕاددەیەکی باشیش لەم بارهیەوە هەنگاوی ستراتیژیی ناوەتەوە و تەلئەبیب بەتوندی دژی هێرشى هۆزەکانی عەرەب وەستایەوە لە دژی درووزەکان لە سوەیده. بۆیە دەبینین ئەنقەرە تەواوی سیاسەتەکانی لە سووریا لە چوارچێوەى ئەم چوار بنەمایە دادەڕێژێت.
هەر دوای ئاڵۆزییەکانی سوەیده لە باشووری سووریا و دەستوەردانی سەربازیی ئیسرائیل لە سوەیدە، وەزارەتى دەرەوەى تورکیا ڕاگەیهنراوێکی بڵاو کردهوه و ڕای گەیاند کە سەرکۆنەى هێرشە سەربازییەکان دەکەن و، پێوستە ئەم هێرشانە دەستبەجێ کۆتایییان پێ بهێنرێت. هەر لە درێژەى ڕاگەیهنراوەکەدا جەخت لەسەر پاراستنى ئاسایشی سووریا کراوە و لە ئەگەرى بەردەوامیی ئەم جۆرە ڕووداوانە، ئەوە زیانی زۆر بە خەڵکی سووریا و وڵاتانی دراوسێی دەگەیهنێت. هەروەها وەزارەتى دەرەوەى تورکیا تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە، پێویستە یارمەتیی حکوومەتى سووریا بدرێت و، بۆ پاراستنى ئاسایشی وڵات بەهێز بکرێت. ئەم ڕاگەیهنراوەى تورکیا زۆر بەڕوونی پێمان دەڵێت، کەوا ئەنقەرە لە دوو خاڵى گرنگ نیگەرانە: یەکەمیان، تێکچوونى ڕەوشی ئەمنیی سووریا و دووەمیان، دەستوەردانی ئیسرائیل لە کاروبارى سووریا و زیادبوونی نفووزی تەلئەبیب لە سووریا.
ئەنقەرە جگە لە خاڵەکانى سەرەوە، ترسی لە دووبارە سەرهەڵدانهوهی شاڵاوەکانی کۆچکردنە بەرەو ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ سووریا؛ لە پاڵ ئەمەیش لەوانەیە ئەم ناسەقامگیرییە ببێتە هۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنیى ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ سووریا. ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەریى نەرێنیی بۆ سەر تورکیا دەبێت، چونکە ئەنقەرە لە کات و ساتی ئێستادا نایەوێت جگە لە کێشە و گرفتەکانی دیکەى ناوچەکە، ئەم کێشەیەیش قووڵتر بێت و ڕەوشی ئەمنیی ناوچە سنوورییەکان زیاتر تێک بچێت. بۆیە دەبینین سەرەڕای ئەوەى ئەنقەرە یاریکەرێکی سەرەکیی پێکدادانەکانی درووز – هێزەکانی ئەحمەد ئەلشەرع نییە، بەڵام دەیەوێ دیمەشق کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکات و ڕێگە نەدا بابەتەکە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی وەربگرێت یاخود پێکدادانەکان بەرەو باکوورى سووریا پەڵبکێشی. هەروەها تێکچوونی ڕەوشی ئەمنیی سووریا و سەرهەڵدانی پێکدادانی تائیفی، مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سیاسەتى پاراستنى یەکپارچەییی خاکی سووریا، کە لەلایەن ئەنقەرەوە هەوڵ دەدرێت پەیڕەو بکرێت.
بەرامبەر ئەمە، تورکیا بە هیچ شێوەیەک ڕازی نییە بارودۆخی کورد لە سووریا بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێت و، هەوڵەکانی خۆی چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەى لە چوارچێوەى سیاسەتى پاراستنى یەکپارچەییی خاکی سووریا، هێزەکانی یەپەگە لە چوارچێوەى سوپا و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت لە سووریا یەک بخات. بۆ بەجێگەیاندنی ئەم سیاسەتە، ئەنقەرە کار لەسەر هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی دەکات لەگەڵ حکوومەتى نوێی سووریا، لە ڕووی مەشقپێکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری و پێکهێنانی ژوورەکانی هەماهەنگیی خێرا. تورکیا لە هەمان کاتدا هەڕەشەى بەکارهێنانی هێز دەکات لە ئەگەرى شکستهێنانی پرۆسە و هەوڵەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی یەپەگە لەگەڵ سوپا و دامەزراوە فەرمییەکانی سووریا. هەروەها ئەنقەرە ماوەیەکە دەستى بە گەڕاندنەوەى پەنابەرە سووریيەکان کردووە و کار بۆ ئەوە دەکات ناوچەیەکی ئارامیان بۆ دابین بکات. هەر لەم چوارچێوەیەدا پلانی چەندان پڕۆژەى نیشتەجێبوون، بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی ڕووبارى فورات داڕشتووە بە مەبەستى بناتنانی ناوچەیەکی سڤیل و بێچەک. لە سەروبەندی ئەم پێشهاتانە، ئهم پرسیارهمان بۆ دروست دەبێت: ئایا هەڵوێستى تورکیا چۆن دەبێت لە قۆناغەکانی داهاتوو لەژێر ڕۆشناییی گۆڕانکارییە نوێیەکانی ناوچەکەدا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانین ئەم سیناریۆ و ئەگەڕانە بخەێنە ڕوو:
یەکەم: سیناریۆی ئەنجامدانی ڕێکكەوتنێکی ئەمنى و سەربازی و سیاسی لەگەڵ حکوومەتى نوێی سووریا و، کار دەکرێت بۆ لاوازکردنی کورد لە ڕۆژاوا. لە بنەڕەتدا ئەنقەرە دەستى بە نانەوەى ئەم هەنگاوە کردووە و، هانی حکوومەتى نوێی سووریای داوە بۆ ئەوەى لە ڕێگەى ڕێکكەوتنەوە لەگەڵ کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو هەڵسوکەوت بکات. سەرەڕای ئەوەى ئێستا بارودۆخەکە تا ڕاددەیەک ئارامە، بەڵام گەرەنتیى پارێزگاریکردن لەم ئارامییە هەندێک سەختە. بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیناریۆیە هەڵوێستى هەر یەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل گرنگە. ئەگەر ئەنقەرە نیگەرانی و داواکارییەکانیان بڕهوێنێتهوه و جێبەجێیان بکات، دەکرێ لە ڕێگەى ڕێکكەوتنی سێقۆڵییەوە ئەم سیناریۆیە لەسەر ئەرزی واقعدا بێتە دی.
بەڵام لەمپەرەکانی بەردەم ئەم سیناریۆیە ئەوەیه کە پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە سەر نەگرێت، چونکە بە هیچ شێوەیەک کورد ڕازی نییە چەک دابنێت. بێ گومان دانەنانی چەکیش لەلایەن کوردهوە لە سووریا لە قۆناغی ئێستادا هەنگاوێکی ستراتیژییە لە ڕووی پاراستنى بەرژەوەندییەکان و بەکارهێنانی ئەم فاکتەرە وەکوو کارتێکی گوشار لە قۆناغەکانی داهاتوو بە مەبەستى بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر. هەروەها خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە ئیسرائیل، ئێرانی لە سووریا لاواز نەکرد بۆ ئەوەى ڕادەستى تورکیای بکات و، هەرگیز ئیسرائیل بەوە ڕازی نابێت تورکیا ببێتە شوینگرەوەى ئێران لە سووریا.
دووەم: تورکیا گەر نەیتوانی سیناریۆی یەکەم جێبەجێ بکات، ئەوکات کار بۆ ئەوە دەکات نیگەرانییەکانی خۆی بڕهوێنێتهوه لە ڕێگەى درێژەدان بەو بارودۆخەى کە ئێستا هەیە. واتا ئەنقەرە، بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی خۆی لە یەپەگە و هەر لایەن و هێزێک کە دژی بێت، بهدوور دەگرێت و، کاریش بۆ ئەوە دەکات ئەگەر لە دوورەوەیش بێت کۆنترۆڵی باشووری سووریا بکات یانیش هەوڵ بدات لانی کەم کاریگەریی لەسەر ئەو ناوچەیە هەبێت. بێ گومان لە ئەگەرى جێبەجێکردنی ئەم سیناریۆیە، مەترسیی درێژەدان بە بارودۆخی ئێستای سووریا و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە لە ڕێگەى هەندێک ڕێکكەوتن و لێکتێگەیشتنى کاتی، کێشە و قەیرانەکان بۆ ماوەیەکی کاتی سڕ دەکات. بەڵام لایەنێکی خراپی دیکەى ئەم سیناریۆیە ئەوەیە کە کێشە بۆ گەڕانەوەى ئەو پەنابەرە سوورییانە دروست دەکات کە لە تورکیا نیشتەجێن و بارگرانییەکی بەرچاویان دروست کردووە بۆ تورکیا لە ڕووى کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە.
سێیەم: سیناریۆی سێیەم، خۆی لە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی هێز دەبینێتهوه لەلایەن توکیاوە. واتا تورکیا زیاتر هێزى خۆی لە باکووری سووریا کۆ دەکاتهوه، بەتایبەت لە ناوچەکانی تەل ڕەفعەت و منبەج و کۆبانێ. ئەنقەرە بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئامانجەى، پشت بە هەندێک لایەنی ناوخۆییی نزیک خۆی دەبەستێت لە ڕێگەى پاڵپشیکردنیان لە ئاسمان و هێرشی مووشەکییەوە. ئامانجی ئەمەیش زیاتر لە ناوبردنی یاخود لانی کەم لاوازکردنی ئیدارەى خۆسەرییە لە ڕۆژاوا. بەڵام گرنگترین بەربەست له بەردەم ئەم سیناریۆیە، مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەیه لەگەڵ ئەو هێزانەى کە لەلایەن واشنتۆنەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەروەها ئەگەر ناسەقامگیری درێژە بکێشێت، ئەوە دیسان بەلێشاو پەنابەر ڕوو لە تورکیا دەکەن. جگە لەمانەیش، دوور نییە وڵاتانی ئەوروپییش دژی ئەم هەنگاوانەى تورکیا بوەستنەوە.
چوارەم: بەپێی ئەم سیناریۆیە، بەهۆی دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی لە کاروبارى سووریا، لایەنە سەرەکییەکانی وەکوو ئیسرائیل، ئەمریکا، ڕووسیا و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی، دەگەنە ڕێکكەوتنێکی پێنجقۆڵی بۆ ئەوەى جۆرە سەقامگیرییەک لە سووریا بنیات بنرێت، بە مەرجی گەرەنتیکردنی داواکارییەکانی ئیسرائیل، بەتایبەت لە باشوورى سووریا؛ چونکە ئێستا ئیسرائیل بەئاشکرا ئاماژەى بە پڕۆژەى ئیسرائیلی گەورە دەکات. هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە مەترسییەکى ڕاستەوخۆیە بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی، بەڵام ئەوەى ئێستا لە ئەرزی واقعدا هەیە، ئەوەمان بۆ دەردەخا کە ئیسرائیل هەژموونی خۆی بەسەر هەر یەک لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین و تا ڕاددەیەکیش بۆ سەر عێراق لە ڕێگەى ئەمریکاوە سەپاندووە؛ ئێرانیش ئەگەر وەکوو سووریا کۆنترۆڵ بکرێت و نفووزهكهی لە ناوچەکەدا کۆتاییی پێ بێت، ئەوە ژێرخانی سەرەکیی پڕۆژەى ئیسرائیلى گەورە تەواو دەبێت و بەشێکی گەورەى لێ جێبەجێ دەکرێت. گرنگترین بەربەست لەبەردەم ئەم پڕۆژەیە لەوانەیە وڵاتانی عەرەبه، کە لەوانەیە ئەوها بەئاسانی ڕێگە نەدەن دەوڵەتێکی ئێسرائیلیی فراوان لە نیل تا فورات دروست ببێت، چونکە ئەم پڕۆژەیە پێشێلی سەروەریى زیاتر لە شەش وڵاتی سەربەخۆی دانپێدانراو لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەزێنێت.
کۆبەند
ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەردەوامە لە کاریگەرییەکان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی و جیهانی. ئەم ناوچەیە بەردەوام جێگهى مشتومڕ بووە و سەقامگیرییەکەى ڕاستەوخۆ کاریگەریى بەرچاوی لەسەر ئاستى جیهاندا هەبووە و دەبێت. ئیسرائیل لەم چەند ساڵەى ڕابردوودا زۆر بەجددی و ئاشکرا نییەتى ڕاستەقینەى خۆی ڕاگەیاندووە کە ئامانجی دامەزراندنی ئیسرائیلی گەورەیە. ئەم پڕۆژەیە هەر یەک لە لوبنان و عێراق و سووریا و فەڵەستین و ئوردن و بەشێکی میسر و عەرەبستانی سعوودی دەگرێتەوە. ئەگەر تەماشایەکی سووریا و لوبنان و فەڵەستین و عێراق بکەین، ئەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینین ئیسرائیل تیایاندا زاڵە و کاریگەریی زۆرى هەیە لەسەریان. تورکیا بوونی پڕۆژەیەکی لەم جۆرە بە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ دەزانێ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. بۆیە ئەنقەرە هەوڵەکانی خۆی چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەى لە هاوکێشە نوێیەکاندا ڕۆڵ و پێگەى خۆی جێگیر بکات. لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ و کۆششەکانی خۆی لە سووریا خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەى بتوانێ لەنێو هاوکێشە نوێیەکاندا شوێنی خۆی بکاتەوە. دووبارە هاتنەوەى تورکیا بۆ هاوکێشە نوێیەکان لە چوارچێوەى بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هەندێک سەختە بەڵام مەحاڵیش نییە، چونکە ئەردۆغان تایبەتمەندیی خۆگونجاندنی لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکاندا هەیە و شارەزایییەکی باشیشی هەیە لەم بوارە.
سەرەڕای ئەمە، ئەنقەرە، بەتایبەت لە دواى دروستبوونی باردۆخە نوێیەکەى دواى ڕووخانی ئەسەد و پێکدادانەکانی درووزەکان و هۆزە عەرەبەکان و هێرشکردنى ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، هەوڵ دەدات بۆ زیاتر جێگیرکردنی نفووزی خۆی لە باکوورى سووریا و گشت تواناکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەوارەیەکی سەربەرخۆی کوردی لە سووریا؛ بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئامانجەیشی، مەلەفەکانی کەرتی وزە و بازرگانی و ئاو بەکار دەهێنێت بۆ پتەوکردنی پێگەى خۆی لەسەر ئاستى هەرێمی و نێودەوڵەتیدا. لە هەمان کاتیشدا تورکیا ڕووبەڕووی هەندێک ئاڵنگاری دەبێتەوە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم ئامانجەى، لە سەرووی هەموویشیان هاوسەنگکردنی نفووزی خۆی لەگەڵ هەر یەک لە ئێران و ڕووسیا، هەروەها گوشارە ناوەخۆیییەکانیش بەردەوامە لەمەڕ گرانیی تێچووی مەعنەوی و سیاسی و ئەمنى و کۆمەڵایەتیی دەستوەردان لە کاروباری سووریا. بۆیە پێشبینی دەکرێت تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری هەبێت لە هاوکێشە نوێیە سیاسییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و سووریا.
محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان پوختە پرسی سەرەکیی ئەم نووسینە، چۆنێتیی کەڵەکەکردنی سەرمایەی سیاسی و… زیاتر
د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/ دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ… زیاتر
قەرەنی قادری لە ئەوروپا و ئەمریکادا، حکوومەتەکان سەر بە هاووڵاتیانن؛ واتە هەر چوار ساڵ جارێک… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق پرۆسەی هەڵبژارنی… زیاتر
(خوێندنەوەیەک بۆ دیوەکەى ترى ڕووداوەکانى پێکهێنانى حکوومەتى فیدراڵ) پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای… زیاتر
بابەتە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە (سی تایبەتمەندییهكان)، بریتین لە زانستی مرۆیی، بابەتی کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبردن،… زیاتر