پێنووس

کەی ئیسرائیل گورز لە میلیشیا چەکدارەکانى عێراق دەوەشێنێ؟

(خوێندنەوەیەکی ستراتیژى بۆ نەخشەڕێگه‌ى تێوەگلانی عێراق لە جەنگ)

 

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

بۆچی دەبێ ختوکەى تێوەگلانى عێراق بۆ جەنگمان هەبێ؟

هاوکێشە و بارگرژییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەرەو هەڵکشان دەچن؛ کەس گریمانەى ئەوە ناکا هێور ببنەوە، ئاماژەکان: جەنگ و توندوتیژیى زیاتر بەدەستەوە دەدەن، ئێستا تەواوى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەژاوە و دەکوڵێ؛ ئەو بارگرژییەیش هیچ بە ویستى دەوڵەتانى ناوچەکە نییە، تەنیا ئەوەندە نەبێ کە بیانوویان بەدەستەوە داوە و نەیاتوانیوە لە پرۆسەى حوکمڕانیدا دەسەڵاتێکی دروست و سەرکەوتوو بن. ئەوەى دەیبینین زۆرێک لە خەسڵەتەکانى تیۆریى ئاژاوه‌ی خوڵقێنەرى تێدایه‌. بەو پێودانگەیش بێ، هێشتا قۆناغێک لە ئاژاوه‌ ماوە؛ ئەوجا هەندێک لەو سەقامگیرییەى کە ئیسرائیل دەیخوازێ بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بێـتە ئاراوە. جەنگە پرۆکسییەکان هێشتا هەر ماون؛ نە ئێران وازی هێناوە و، نە ئیسرائیلیش قەناعەتی وایە کە بەتەواوى بە ئامانجەکانى گەیشتووە. واتە گرێی یەکلانەبوونەوەى ئامانجەکان بەتەواوى لە بەرژه‌وەندیى ئیسرائیل، تا هەنووکە لەسەر ئاستى پرۆسەى بڕیاردروستکردن لاى نەتانیاهۆ هەر بەردەوامە.

لە بەرەى ڕۆژهەڵاتیش لە ئێران، خۆئامادەکردنێکی تەواو بۆ گەڕی نوێی جەنگ لە ئارادایە. ئەوان چەندان لێدوانى فەرمیی ئاگرینیان دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا هەیە و، بەردەوام بەرەى بەرهەڵستکارى شیعەى دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا ڕێک دەخەنەوە و پڕچەکیان دەکەن. بەڵام ئەم جارەیان لەسەر ئاستى میلیشیاکانە نەک دەوڵەت، چونکە لە گەڕی یەکەمدا هەردوو دەوڵەتى لوبنان و سووریا وەک میحوەرى بەرهەڵستکارى ئیسرائیل، کەوتن و لاواز بوون. ئێستا ئەوان هاوپەیمانى ئەمریکان؛ ناتوانن خۆیان لە ستراتیژییەتى ئیسرائیل و ئەمریکا قوتار کەن. دەسەڵاتدارانی ئێرانیش لەو پەیامە باش تێ گەیشتوون، كه‌ لە ئەگەرى هەڵگیرسانەوەى جەنگ، لێکەوتەکەى بۆ ئەوان کەمەرشکێن دەبێت. بەڵام یان دەبێ خۆیان بەدەستەوە بدەن، یان جەنگ بکەنەوە، چونکە لەم ساتەوەختەدا بژاردەی سێیەم نییە. ئەوەى کە دەبێ ئاماژەى جددیی پێ بدرێ سەبارەت بە پارسەنگی جەنگ لەسەر دەسەڵاتدارانى ئێران ئەوەیە: ئایا هیچ پەندێکیان بۆ خۆقوتارکردن وەرگرتووه‌؟

ئەگەر لە دیفاکتۆى ئێرانی پاش جەنگ بڕوانی: وەڵامەکە “نەخێرە”، چونکە:

  • ئەوان سەرلەنوێ بەتەواوى پرۆسەى دروستکردنى بڕیارى سیاسییان بەمیلیتاری کردەوە- ئەوان ئارەزووى بەرپەرچدانەوەیان هەیە.
  • دەسەڵاتداران زەینەتى بونیادنانى حاڵەتى بارى لەناکاو و مانەوەیان هەیە، بەوەى بارودۆخی سیاسیى وڵات کەوتۆتە حاڵەتى بارى لەناکاو و مەترسی لەسەر مانەوەیان هەیە، بەڵام ئەوان لە هەوڵدان هەر بمێننەوە لەسەر ئاستى سیستەمى سیاسیی وڵات، هەر بۆیە بەردەوام گوتارى هەڕەشە و ترسان لە مانەوەیان بانگەشە دەکەن، بۆ ئەوەى چەپۆکی ئاسایش بەسەر کۆمەڵگە زیاتر بکەن. سەرلەنوێ خۆیان کۆ دەکەنەوە و بژاردەى بونیادى بەرپەرچدانەوەى سەربازی بەسەر بوارەکانى ترى ژیان بەبایەختر دەزانن، تا پشتێنەى ئاسایشی نەتەوەیی و کۆمەڵگەییی خۆیان پتەوتر بکەن و هەمان گرووپە پرۆکسیەکانیان دەمەزرد بکەنەوە.
  • جارێکی دی هەڵسەنگاندنەوەى دۆکترینی ئاسایش؛ چونکە لە پارسەنگی جەنگەکە ئەوە تێ گەیشتن کە تەنیا بەرپەرچدانەوەى مووشەکی و درۆنەکان بەس نەبوون بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنى سیسته‌مى وڵات، بەڵکوو پێیان باشە لە پێناو پاراستنى سیسته‌مى حوکمڕانیی وڵات، بۆ بەرپەرچدانەوە دەوڵەت بەرەو دروستکرنى تواناى چەکی ناوکى هەنگاو بنێ.
  • گەرچی ئێستا ئێران هەندێ جووڵەى سیاسی و دیپلۆماسیی هەیە، بەڵام دووچارى جۆرێک لە گۆشەگیری و داخرانی سیاسی هاتووە- لەوانەیە بە لاى خۆیانەوە ئەوە هەوڵێک بێت بۆ خۆلادان لە بەریەککەوتن و کەمکردنەوەى گوشارەکان و قۆستنەوەى کات.
  • قۆستنەوەى جەنگەکە بۆ ئامانجەکانى دەسەڵات لەسەر ئاستى ناوخۆى وڵات؛ ئەویش لە پێناو جارێکی تر ڕێکخستنەوەى کۆمەڵگه‌ى دواى جەنگ و پاراستن و بەدەستهێنانەوەى بابەتى ڕەوایەتیى دەسەڵات لە بەردەم گەل و، جۆشدانى ڕای گشتى دژ بە مەترسی و هەڕەشەکانى دەرەوە.
  • بەڵام ئەو ڕاستییە هەر ماوە، کە دەبێ دەسەڵاتدارانى ئێران دەرکی پێ بکەن، ئەویش ئەو قۆناغە سیاسییەى کە ئێستا دەوڵەتی ئێران پێیدا گوزەر دەکات، ئەوەى تێپەڕاندووە و وڵاتى لەبەردەم سێ سیناریۆدا هێشتۆتەوە: ڕازیبوون بە مەرجەکانى ئیسرائیل و ڕێککەوتن، جەنگى چارەنووس و یەکلاکەرەوە، جەنگێکی سنووردار و تێوەگلاندنى تەواوى دەوڵەتانى ناوچەکە، کە پارسەنگی جەنگەکە لە بەرژەوەندیى ئێران دەکەوێتەوە- بەڵام ئەوە ڕوو نادات. کەواتە ئەوەى کە ئێستا دیفاکتۆیە بۆ ئێران: یان ڕێکكەوتنە یان جەنگى چارەنووسسازى یەکلاکەرەوەیە کە لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە.

ئەمریکا تووشی جۆرێک لە وێڵبوونى سیاسی و ستراتیژى بووەته‌وه‌، بەوەى تا هەنووکە لە نێوان دوو بژاردە نەیتوانیوە یەکێکیان هەڵبژێرێ: چوونەناوەوەى جەنگ بەتەواوى، یان ڕەتکردنەوەى گوشارەکانى ئیسرائیل و ئەو ڕەفتارە سیاسییانەى کە لە واقعدا دەیانکات، کە پێچەوانەیە لەگەڵ هەردوو یاساى مرۆیی و نێودەوڵەتیى گشتى. بەڵام ئیسرائیل بۆتە سۆپەر-دەوڵەتێک و هیچ کام لە دەوڵەتانی ئەوروپی و ئەمریکا، بێجگە لە نیگەرانیدەربڕین نەیانتوانیوە هیچ ڕەنگدانەوەیەکی کردارى دەرهەق بکەن و لە سنوورێک بیوەستێنن، بەڵکوو نازیان بەسەردا دەکات و پەیامەکەیشی ئەوەیە کە: ئیسرائیل ئێستا لە جیاتی هەموو جیهان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەجەنگێ. هەر بۆیە پێی وایە کە پێویستە دەوڵەتانى ئەوروپی و ئەمریکا بەتایبەتى و، دەوڵەتانى عەرەبی و دونیاش بەگشتى کۆمەکی تەواوى بکەن- هەر وایشیان کردووە. بەڵام ئەوەى کە ئیسرائیل لە دیفاکتۆدا دەیکات، سەرکەوتنێکی کاتییە و دووچارى قەیرانێکی دیپلۆماسی و پەیوەندی لەگەڵ ناوچەکە دەبێتەوە و، دوور نییە کاریگەریى نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەى جوولەکە بنێتەوە و پرۆسەى سیاسی لێک بترازێنێ.

سەربارى ئەو هاوکێشە ئاڵۆزه‌ى هەڵگیرسانەوەى جەنگ، ئایا دەرفەتى خۆلادان هەیە؟ بەڵێ، هەندێ کەلێنی سیاسی ئەو تروسکایییەمان پێ دەدەن، بۆ نموونە:

  • ڕاگەیاندنێکی فەرمیی ئاگربەست لە نێوان هەردوو لا، بەڵام تا بڵێی فشۆڵ دەبێت و هیچ گه‌رەنتییەکى نابێت.
  • پشتیوانینەکردنى دەوڵەتانى ڕۆژاوا لە ئیسرائیل؛ ئەمەیش لەوانەیە مەحاڵ بێت- هەرچەندە زۆربەى دەوڵەتانى ئەوروپا لە ڕەفتارەکانى ئیسرائیل نیگەرانن.
  • بواردان بە جووڵەى دیپلۆماسی و ڕێكکەوتن، تا ڕێڕەوى خۆى وەربگرێ و لایەنەکان بگەنە ئاکام. ئەمەیش کارێکی ئاسان نییە، چونکە مەرجەکانى ئیسرائیل و ئەمریکا تا ئێستا لەلایەن ئێرانەوە، قابیلی قبووڵکردن نین.
  • دانبەخۆداگرتن و بوارنەدان بە گرژبوون و هەڵکشانی هاوکێشەکان؛ چونکە بگەنە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدار کۆنترۆڵ ناکرێن. هەر بۆیە دەبێ گوتارى سیاسی لەو بارەیەوە لەلایەن هەردوو لاوە باش بەڕێوە ببردرێت. بەڵام ئەو ڕاستییە، بوونى نییە لاى هەردوو لا، بەڵکوو بەردەوام بەرەو هەڵکشان و گرژی دەچن.

کەواتە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەگەرەکانى بژاردەى جەنگ، لە ئاشتى زۆرترن.

لەو بارەیەوە ئێمە لەبەردەم پرسیارێکی چارەنووسساز و ستراتیژیداین: ئایا گەڕى نوێى جەنگ کەى، چۆن، لەگەڵ کێ دەبێت؟

پێ دەچێ گەڕی نوێی جەنگ لە قۆناغی سەرەتا لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕوو نەداتەوە، بەپێچەوانەى ئارەزووى ئێران، چونکە ئەگەر لەگەڵ ئێران ڕوو بداتەوە، ئێران هەوڵ دەدا بیکاتە جەنگێکی سەرتاسەرى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و گرووپە پرۆکسییەکانى بەشداری پێ دەکات؛ ئاکام و بەرنجامەکەیشی دیار نییە، ئایا کۆنترۆڵ دەکرێ یان ئاژاوه‌یه‌کی سەرتاسەرى دەکەوێتەوە و دەوڵەتانی وەک تورکیا، میسر، ئەنجومەنى هاریکاریى کەنداو، پاکستان و… تێوە دەگلێن. ئەمە ئەو سیناریۆیەیە کە ئیسرائیل نایخوازێ. کەواتە لە وەڵامی پرسیارەکەدا دەڵێین: پێ دەچێ جەنگەکە بە پەڕوباڵکردنى گرووپەکانى پرۆکسیی ئێران دەست پێ بکات و دواى نەمانى پشتیوانی بۆ ئێران، ئەوجا هەڕەشەی جەنگ لە ئێران بۆ خۆبەدەستەوەدان بکرێت. هەر بۆیە جارێکی تر لە لوبنانەوە دەست پێ دەکاتەوە، بە چەکداماڵینی حزبوڵڵا و دەرفەتپێنەدانى بۆ هەڵگیرساندنى جەنگی ناوخۆ. بۆ ئەو مەبەستەیش ئیسرائیل و ئەمریکا و دەوڵەتانى ڕۆژاوا و وڵاتانى عەرەبی، پشتیوانی لە حکوومەتى لوبنانى دەکەن. لە ئەگەرى ڕازینەبوونى حزبوڵڵا، لێی دەدرێ؛ بواریش بە ئێران نادرێ تا دەستێوەردان بکات، بەڵکوو لەلایەن میلیشیاکانى عێراق و عەلەوییەکانى سووریا و حووسییەکانەوە پشتیوانیی حزبوڵڵا دەکرێ. لەو حاڵەتەیشدا بیانوو دەدرێتەوە ئیسرائیل و، گورزى کوشندە لە گرووپە چەکدارە پرۆکسییەکانى ئێران دەدرێ و دەوڵەتى عێراقیش خۆی لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردا دەبینێتەوە، چونکە لەو بارەیەوە تەنیا گۆڕەپانی عێراق ماوە کە ئیسرائیل تا ئیستا زەفەرى پێ نەبردبێ و گورزى لێ نەوەشاندبێ.

کەواتە جەنگەکە بە گرووپە پرۆکسییەکانى سەر بە ئێران دەست پێ دەکات- کە ئێرانیش ناتوانێ بێتە ناوەوە. گرووپە پرۆکسییەکانیش یان تەواو لاواز دەبن یان نامێنن؛ بەڵام پارسەنگەکەى ڕێگە بۆ ڕێکكەوتن لەگەڵ ئێران خۆش دەکات، چونکە هیچ دەرفەتێکی نامێنێت و، دەبێ لە دوو بژاردە، یەکێکیان هەڵبژێرێ: یان ڕێکكەوتن یان جەنگى بێهوودە و سەرهەڵدانى هەڵگەڕانەوە و خۆپیشاندان دژ بەدەسەڵات لە ناوخۆى ئێران.

کەواتە ساتەوەختى وەشاندنى گورزى ئیسرائیل لە میلیشیا پرۆکسییەکانى سەر بە ئێران لە عێراق کەى دەبێت؟

  • پشتگیریکردنى گرووپەکان لە حزبوڵڵا، لە کاتى لێدانى و پرۆسەى چەکداماڵین لێی؛ ئەوەیش بە ئاماژەى ئێران دەبێت بۆیان.
  • ئەگەر لە عێراق بەڵگە بەدەستەوە درا، بەوەى کە سەرانی بەعسی سووریا و میلیشیاکانى و گرووپەکانى حزبوڵڵا و حووسییەکان و بەرپرسان و ڕاوێژکارانى ئێرانی لە عێراق، لەلایەن میلیشیاکانى عێراقەوە پشتیوانیی سیاسی و دارایی دەکرێن و داڵدە دراون.
  • قەیرانی یاساى حەشدی شیعی، کە ئێستا بۆتە خاڵی گرژى و توندبوونى هەڵوێستى ئەمریکا دژ بە حکوومەتى عێراقی و میلیشیاکان. ئەمەیش حکوومەتى دووچارى هەڵوێستێکی دژوار کردۆتەوە، بەوەى کە ناتوانێ هەنگاو لە دژى میلیشیاکان هەڵگرێ؛ چونکە ئەوان هێزیان هەیە و کۆنترۆڵی پرۆسەى سیاسی و دروستکردنى بڕیاریان کردووە. ئەوەیش بیانوویەکى تەواوە بۆ ئیسرائیل کە ئەوان بوونەتە مایەى پشتیوانی بۆ هەژموونى ئێران لە ناوچەکە و گرووپە پرۆکسییەکانى لە یەمەن و لوبنان و سووریا و عێراق- چۆن لە سووریا پاشماوەى ئێران لێی دەدرێ، ئەو حاڵەتە بەرەو عێراقیش سەر دەکێشێ و لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانج. یان لەژێر گوشارى تێنەپەڕاندنى یاساى حەشدی شیعی لە پەرلەمانى عێراق، لەوانەیە هەندێ گرووپی عێراقی کاردانەوەى نەرێنییان بەرانبەر ئەمریکا هەبێت و بارگرژی و ئاژاوه‌کە لەوێوە دەست پێ بکات.
  • ئەگەر چارەنووسی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کەوتە مەترسییەوە و بەرەو دواخستن هەنگاوى نا، دوور نییە میلیشیاکان کودەتا بەسەر سوودانیدا بکەن و لە سەرۆکوەزیران لای بدەن، چونکە خۆیان “پەنجا کۆ یەک”ن لە حکوومەتدا.

کەواتە ئەگەرى لێدانی میلیشیاکانى سەر بە ئێران لە ئێران خۆى، لەپێشتر و ئاسانترە بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا.

حکوومەتى عێراقی لە هەوڵی هەماهەنگیدایە لەگەڵ ئەمریکا، ئەدی ئەمریکا چیی لە حکوومەتى عێراقی دەوێ؟

ئەمریکا چەند داوایەکی بنەڕەتیی لە حکوومەتى عێراقی هەیە: نابێ لەناو خاکی عێراقەوە هیچ هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر بەرژوەندییەکانى ئیسرائیل و ئەمریکا دروست ببێ، هێزە چەکدارەکانى حەشدی شیعی نەمێنن، لاوازکردنى هەژموونى ئێران بەسەر عێراقەوە، زەمینەخۆشکردن بۆ وەبەرهێنانى کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کۆنترۆڵکردنى سیسته‌مى دارایی و نەهێشتنى هەوڵەکانى سپیکردنەوەى پارە، ئاساییکردنەوە و چارەسەرکردنى گرفتەکانى نێوان حکوومەتى فیدراڵ و هەرێمی کوردستان. گەرچی بڕیار وابوو ئەمریکا لە کۆتاییی سێپته‌مبەرى 2025 لە ناوچەکانى عێراق بکێشێتەوە و کۆتاییی 2026 لە هەرێمی کوردستان، بەڵام پێشوەختە ناوچەکانى عێراقی بەرەو سووریا و هەرێمى کوردستان و ئوردن چۆڵ کرد. ئەمەیش بە ئاماژەیەکی ئاسایی دانانرێت. هەرچەندە جۆرێکە لە خۆڕێکخستنەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵام پەیامێکى سیاسییشە بۆ حکوومەتى عێراقی و، سەرلەنوێ گرفتى هاوسەنگیی هێز لە ناوخۆى عێراق دێـتەوە کایەوه‌. ئەمەیش ململانێ سیاسییەکان بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەرەو هەڵکشان دەبات، چونکە پێ ناچێ حکوومەتى عێراقی تواناى کۆنترۆڵکردنى ئاسایشی وڵاتى هەبێ. ئەمە سەرەڕاى مەترسییەکانى داعش، چۆڵکردنى ناوچەکانى عێراق لە خۆیدا ئەمریکا لە بەریەککەوتن لەگەڵ میلیشیاکان لە نزیکەوە دەپارێزێ؛ سەرەڕاى ئەوەى کە لەوانەیە میلیشیاکان بوونى ئەمریکا ببەستنەوە بە کشانەوەى یاساى حەشدی شیعی. هەر بۆیە ئەمریکا ئەو بیانووه‌یشی نەهێشت.

بەڵام ئایا حکوومەتى عێراقی لە پەیامە مەترسیدارەکەى ئەمریکا تێ گەیشتووە؟

بەڵێ پەیامەکە گەیشتووە. هەر بۆیە حکوومەتى عێراقی لەسەر سێ ئاست بۆ ئەو بابەتە کار دەکات، گەرچی تواناى سنووردارە و کۆنترۆڵکراوە بە میلیشیاکانى سەر بە ئێران:

لەسەر ئاستى میلیشیاکان: پڕۆژەیاساى حەشدی شیعیی لەژێر گوشارى ئەمریکا لە پەرلەمان کشانده‌وه‌، داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەو هێزە چەکدارانە دەکات، ڕاده‌ستكردنی تەواوى چەک و جبەخانەیان بە حکوومەت، کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانیان لە دەرەوەى عێراق، وازهێنان لە وابەستەییی سیاسی بۆ دەرەوە و پشتیوانینەکردنى سیاسی و سەربازی و داراییی گرووپە چەکدارە پرۆکسییەکانى ئێران لە یەمەن و لوبنان و سووریا، هاتنەژێرباریان بۆ یاساى ناوخۆى حکوومەتى عێراق، بوونیان بە قەوارەى سیاسی و مەدەنی بەپێی یاسا.

لەسەر ئاستى ئەمریکا: حکوومەتى عێراق چەند داخوازییەکى لە ئەمریکا هەیە: پابەندکردنى ئەمریکا بە هاوکاریى حکوومەتى عێراقی لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، هاوکاریکردنى عێراق لە ئاوەدانکردنەوەى وڵات، به‌تایبەت ژێرخانی دەوڵەت، ئاساییکردنەوەى مامەڵە دارایییەکانى عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، ڕێزگرتن لە سەروەریى عێراق و نەکرێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەى هاوکێشەکانى ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل و وازهێنان لە دەستێوەردانى کاروبارى ناوخۆى وڵات، هاوکاریکردنى عێراق لە بەرەنگاربوونەوەى ئاڵنگارییەکانى کەشوهەوا و ژینگەیییەکان. سوودانى خوازیارە پەیوەندییەکى توندوتۆڵی لەگەڵ ئەمریکا هەبێت؛ وەک سەرچاوەکان ئاماژە دەکەن لە سەردەمی سەرۆکایەتیى ترەمپدا، 10 جاران داوای بینین و کۆبوونەوەى لەگەڵ ترەمپ لە حکوومەتى ئەمریکی کردووە، بەڵام هەوڵەکانى بێئاکام ماونەتەوە. ئەوەتا بۆ جارێکی تر سەردانی سەڵتەنەتى عومان دەکات بۆ ئەوەى لە نێوان عێراق و ئەمریکا نێوەندگیری بکات. بێ گومان هەوڵەکانى سوودانى بۆ قوتارکردنى عێراقە لەو جەنگەى کە خەریکە بگاتە بەردەرگه‌کەى، بەڵام سوودانى لە پێگەیەکی دژواردایە لە نێوان داواکارییەکانى ئەمریکا و سەرکێشییەکانى میلیشیاکان.

لەسەر ئاستى حکوومەتى هەرێم: ئەوەى کە سوودانى بەنیازە ئەوەیە: ڕێکكەوتن لەسەر مووچە و کەمکردنەوەى دەسەڵاتەکانى هەرێم تا هاوتەریب لەگەڵ دەسەڵاتى فیدراڵی لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى مامەڵەى لەگەڵ نەکرێت، هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم و ڕازیکردنى کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەو بارەیەوە، هەرێم لە بەرەیەکی بێلایەندا بمێنێتەوە، دەیەوێ بانگەشەى ئەوەیش بکات وەک دەستکەوت بۆ هەڵبژاردن، کە ئەو هەرێمی هێنایەوە ناو عێراق، کە بەنیاز بوو جیا ببێتەوە.

ئایا میلیشیاکان لەو هاوکێشەیەدا بەنیازی چین؟

ئەوانیش لەسەر سێ ئاست کار دەکەن:

لەسەر ئاستى ئەمریکا: دەبێ ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، کۆتاییهێنان بە ڕێکكەوتننامەى ستراتیژی و ئاسایشیی نێوان حکوومەتى ئەمریکا و عێراق، قەرەبووکردنەوەى ئەو زیانانەی کە بەهۆى ئەمریکاوە پێیان گەیشتووە، دەبێ ئەمریکا داواى لێبووردن لە عێراق و میلیشیاکان بکات، تێکەڵکردنى هێزەکانى حەشدی شیعی لەگەڵ دامەزراوەى ئاسایشیی عێراقی، بەو شێوەیەى کە خۆیان لایان پەسەندە نەک ئەمریکا، یان ئەوەیە پرۆسەى تێکەڵکردنیان بکەوێتە دواى هەڵبژاردن. تەواوى ئەو داوایانەى حەشدیش لەلایەن ئەمریکاوە ڕەت کراونەتەوە.

لەسەر ئاستى حکوومەتى عێراقی: ڕەتکردنەوەى پێشنیارى هەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵکردنى حەشدی شیعی بە سوپاى عێراقی و دامەزراوەى ئاسایشی نیشتمانى، تەسلیمنەکردنى چەک و جبەخانەکانیان تا ئەو کاتەى لەسەر شێوازی تێکەڵکردنەکە ڕێک دەکەون، هێشتنەوەى فەرماندەی ناوەندییان بۆ گرتووخانە و پشکنینى سەر بە خۆیان، دابینکردنى شایستە دارایییەکانى ساڵانەیان لە مووچە و خانەنشینی، دەرکردنى یاسایەک لە پەرلەمان سەبارەت بە حەشدی شیعی، بەوەى بەشێکن لە سیسته‌مى ئاسایشی وڵات، ئازادکردنى ئەو ئەندام و سەرکردانەى کە لەلایەن حکوومەتەوە دەستبەسەرن.

لەسەر ئاستى ئێران و بەرەى بەرهەڵستکارى: تا ئێستا خۆیان بە بەشێکی سەرەکیی ئەو بەرەیە دەزانن، سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەیان بۆ کردۆتەوە، چارەنووسی خۆیان بەستۆتەوە بە چارەنووسی ئێران، ئەوپەڕی هەوڵدان بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات لە عێراق، لە نێوه‌ندى هەڵبژاردن، یان دواخستنى هەڵبژاردن ئەگەر پێویست بکات، کودەتاى سیاسی بەسەر سوودانى و لابردنى لە پۆستى سەرۆکوەزیران و دانانى یەکێک لە چوارچێوەى هەماهەنگی، ئەگەرێکی دیکەیە- ئەوەیش دوا قۆناغی بنبەست لەگەڵ ئەمریکا و دواخستنى هەڵبژاردن دەبێ.

زۆربەى ئەگەرەکان بۆ ئەوەن کە ئیسرائیل هەرچیی کردووە بیانوویەک هەر دەدۆزێتەوە بۆ لێدانی میلیشیاکان، ئەویش لە نیوەى دووەمى مانگى سێپته‌مبەر. پرسیارى جەوهەرى ئەوەیە: ئایا دیمەنى دواى لێدانەکە چۆن دەبێت؟

لەو بارەیەوە دەتوانین لەسەر چەند ئاستێک دیمەنەکە مەزەندە بکەین:

لەسەر ئاستى جۆرى لێدانەکە: ئیسرائیل هەوڵ دەدا بارەگا و فەرماندەکانى میلیشیاکان بکاتە ئامانج، ئەو ئامانجە حکوومییانەیش کە لەلایەن حەشدی شیعییەوە بەڕێوە دەبردرێن. لێرە مەبەست تەنیا دامەزراوە سەربازییەکان نییە، بەڵکوو مەدەنی و ئابوورییەکانیش دەگرێتەوە، چونکە هەندێ بوارى ئابوورى و بازرگانى هەن، نەک هەر لەلایەن میلیشیاکانەوە بەڕێوە دەبرێن، بەڵکوو خاوەندارێتییه‌کەیشی هەر بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە. لێدانەکە کاریگەرییەکەى بە جۆرێکە کە قەیرانى ئابوورى و خزمەتگوزارى و مووچە و ئاسایشی لێ دەکەوێـتەوە؛ تەنانەت مەترسیی جەنگى ناوخۆش لە ئارادایە. کەواتە هەوڵی تەواو دەدرێ حکوومەتى عێراقی نەکرێتە لایەنێکی جەنگەکە.

لەسەر ئاستى حکوومەتى عێراقی: حکوومەتى عێراقی نیگەرانیى خۆى دەردەبڕێ؛ جارێکی تر ئەو پەیامە دووبارە دەکاتەوە، بەوەى ئەگەر چەک تەنیا لەدەستى حکوومەت بێت، ئەو کارەساتە ناکەوێتەوە، بەرپاکردنى جووڵەى دیپلۆماسی لە پێناو وەستانی جه‌نگەکە (چونکە ژێرخانى عێراق بەو بیانووەوە دەکەوێـتە مەترسییەوە و زەرەرى زۆرى پێ دەگات)، بەرزکردنەوەى گازەندە و سکاڵا لە ئەنجومەنى ئاسایش و کۆمکارى عەرەبی دژی پێشێلکردنى سەروەریى وڵات، هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا تا گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ وەستانى جەنگەکە و، عێراق نەکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەى هاوکێشەکان.

لەسەر ئاستى میلیشیاکان: ئەمان بیانوویەک بەدەستەوە دەدەن یان داوایەکیان ئاراستە دەکرێ، بەڵام نایکەن، ئەوجا لێدانەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەست پێ دەکا، یان دوور نییە ئەمان کاردانەوەیەک بکەن، درۆن ڕەوانەى ئیسرائیل بکەن. لەو حاڵەتەدا میلیشیاکان ئیسرائیل دەکەنە ئامانج، به‌تایبەت باکوور و ڕۆژهەڵاتى ئیسرائیل. ئەگەر کارئاسانییش لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئیسرائیل بکرێ، ئەوا بەرژەوەندى و هێزەکانى ئەمریکاش دەکەنە ئامانج. ئەوەش جەنگەکە فراوان دەکات؛ بەڵام پێ دەچێ ئەمریکا کردنەئامانج، بە ڕاسپاردەى ئیران دەبێ بۆیان. کەواتە هەماهەنگییەک بۆ هێرشکردن لەلایەن بەرەى بەرهەڵستکارییەوە دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا دروست دەبێت، کە ئامانجى سەرەکی لێی، تێوەگلاندنى دەوڵەتانى ناوچەکەیە لە جەنگ، به‌تایبەت وڵاتانى کەنداو و تورکیا و میسر؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی لۆجستی و سیاسی و هەواڵگرى و پڕچەککردنیان دەکرێ- بەڵام عێراق دووچارى خاپوورێکی بێشومار دەبێتەوە.

لەسەر ئاستى مەرجەعییەتى شیعی لە عێراق: کۆمەڵێک پڕەنسیپ هەن کە مەرجەعییەت لە ڕووداوەکاندا جەختى لەسەر دەکاتەوە: سەروەریى وڵات، پاراستنى گیانی هاووڵاتیانی عێراق، دوورکەوتنەوە لە جەمسەربەندیی تایبەت بۆ وڵاتان و گرووپەکانى دەرەوەى عێراق، گوتارى نیشتمانى. مەرجەعییەت لە دواى لێدانى ئیسرائیل لە میلیشیاکان: نیگەرانی و ڕەتکردنەوە سەبارەت بە پێشێلکردنى سەروەریى دەوڵەت، بانگەشەکردن بۆ دانبەخۆداگرتن، پشتیوانیکردنى دەوڵەت، پێدانی ڕوخسارێکی مرۆیی بۆ لێقەوماوان و زەرەرلێکەوتووان. بۆ میلیشیاکانیش مەرجەعییەت لە دواى لێدان، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە: دانبەخۆداگرتن و نەبەزاندنى سنوورى سەروەریى دەوڵەت لە ناوخۆ و دەرەوە، گەڕانەوە بۆ بڕیارى بەکۆمەڵی نیشتمانى و دوورکەوتنەوە لە تاکڕەوی، ئاگادارکردنەوەیان لە ئاژاوه‌ و بێسەروبەریی ئاسایش و کەوتنەوەى فیتنە لە وڵات، کە زیان بە پرۆسەى حوکمڕانیی شیعە لە وڵات دەگەیەنێت.

بەڵام ئایا ئەوە چییە کە هەرگیز مەرجەعییەت بۆ میلیشیاکانى ناکات؟

ئەو ئەزموونەى مەرجەعییەت کە لە کۆى ڕووداوەکانى پێشووى عێراق پێمان دەدا، دەتوانین بگەینە ئەو ئاکامەى کە مەرجەعییەت جەخت دەکاتەوە لەسەر: هەرگیز شەرعییەتى ئایینی بۆ جەنگێکی کراوە بە میلیشیاکان نابەخشێ، دەبێ چەک تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە بێت (کەواتە ڕاى مەرجەعییەتیش لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەى میلیشیاکانە، بێ ئەوەى فتواى بۆ دەربکا)، شەرعییەتنەدان بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان، جیاکردنەوەى گۆڕه‌پانی سیاسیی شیعیی عێراق لە ئێران، لایەنگیرینەکردنى هیچ لایەنێکی سیاسی لە میلیشیاکان و ئەوانى تریش، هەوڵدان بۆ پاراستنى پرۆژەى حوکمڕانیی شیعە لە عێراق و بەشداریپێکردنى ئەوانی تریش لە سوننە و کورد.

ڕەوتى سەدر ئەو کاتە بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیى ئەواندا دەبێ لە سێ ڕووەوە: لاوازکردنى هەژموونى ئێران و مەرجەعییەتبوونى بۆ شیعەکانى عێراق، نەمانى ئەوانەى ململانێی سیاسی و حزبیی لەگەڵیاندا هەیە، داماڵینی چەک لێیان و دوورکەوتنەوەیان لە پرۆسەى حوکمڕانیی وڵات و هاتنەپێشەوەى دەرفەت بۆ هەڵکشانی سیاسیی ڕەوتى سەدر بۆ حکوومەت و زەمینەسازی بۆ پرۆژەى چاکسازیی سیاسیی وڵات- ئەوەى کە بانگەشەى بۆ دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا سەدر لێدانەکە ڕەت دەکاتەوە و نیگەرانیی خۆى دەردەبڕێ بۆ پێشێلکردنى سەروەریى وڵات و دەستدرێژییەکەى ئێسرائیل، بێ ئەوەى کاردانەوەى چەکدارى بکا و داواى هێورکردنەوە و وەستانى هەڵکشانی گرژییەکان دەکات. لە هەمان کاتیشدا جەخت لە هێشتنەوەى چەک تەنیا بەدەستى دەوڵەت دەکاتەوە. لە ئاکامیشدا حکوومەتى عێراق هەڵدەنێ تا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لە دژى ئیسرائیل بەرز بکاتەوە.

سوننەکان ئومێدەوارن هەژموونى ئێران لاواز ببێ و میلیشیاکان نەمێنن، چونکە ئەوانن کە کۆنتڕۆڵی ناوچەکانیان دەکەن و لە جووڵەیان خستوون، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە تەواوى لایەنە سوننییەکان یەکهەڵوێست نین. هەندێکیان هیچیان کەمتر نییە لە گرووپێکی پرۆکسی بۆ ئێران، لە هەمان کاتدا لە ساتەوەختى لێدانی عێراق ترسی ئەوەیان هەیە کە کاردانەوەى تۆڵەسەندنەوە لەلایەن میلیشیاکانەوە دروست ببێ، یان ناوچەکانیان لە جەنگەکەوە تێوە بگلێندرێن و سەرلەنوێ داعش زیندوو بکرێتەوە.

کەواتە لە بەرەنجامدا چارەنووسی پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە نۆڤه‌مبەرى ئەمساڵدا چیی لێ بەسەر دێت؟

لەو حاڵەتەدا سێ سیناریۆ برەویان دەبێت:

  • ئەگەر پرۆسەى گورزوەشاندنەکە ڕووی دا، ئەوا هەڵبژاردن دوا دەخرێ، ئەویش بەدوو هۆکار: میلیشیاکان ناتوانن یان بوارى بەشدارییان نامێنێ، یان ئاژاوه‌ دەکەوێـتە وڵاتەوە و دەرفەتەکانى هەڵبژاردنى ئازاد و بێگەرد مەحاڵ دەبێ. بەڵام لەم سیناریۆیەدا حکوومەت بەو شێوەیەى ئێستاى نامێنێ، بەڵکوو حکوومەتێکی ڕاگوزەرى نیشتمانى ڕادەگەیه‌نرێ، کە ڕۆڵی میلیشیاکان تێیدا وەک پێشوو کاریگەر نابێت و هەژموونى ئێرانیشی بەو کاریگەرییەى ئێستا بەسەرییەوە نابێت.
  • ئەگەر گورزوەشاندنەکە پێش هەڵبژاردن ڕووی نەدا، ئەوا میلیشیاکان بەشداریى هەڵبژاردن دەکەن، هەوڵی تەواو بۆ بەدەستهێنانى زۆرینەى پەرلەمان دەدەن، ئەگەر نا گومان لەوەدا نییە ئەگەر بەرەنجامەکە بە خواستى ئەوان نەبوو، ڕازی نابن و ئاژاوه‌ دەنێنەوە؛ ئەودەمیش عێراق خۆى لەبەردەم قەیرانێکی سەقامگیریی سیاسییدا دەبینێتەوە. بەڵام لە بەرەنجامی هەڵبژاردنى داهاتوو سەرۆکوەزیرانی نوێ، زیاتر بژاردەیەکی ئەمریکی دەبێت، نەک ئێران، چونکە هەر حکوومەتێکى ترى نوێ لە عێراق ئەگەر میلیشیاکان دروستی بکەن، ئەمریکا پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئاسایی ناکاتەوە و مامەڵەى سیاسی لە لاوازترین ئاستیدا دەبێ. ئەو پەیامەیش پێشوەختە بە عێراق دراوە.
  • سیناریۆى سێیەم ئەوەیە کە هەڵبژاردن بە ڕێگەى ئاساییی خۆى دەکرێ، بەڵام هەوڵ دەدرێ کە کەمترین دەنگ بۆ میلیشیاکان بێت و گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانى دروست نەکەن، تا نەتوانن حکوومەت دروست بکەن. لەو حاڵەتەیشدا پێگەى کورد و سوننە و هاوپەیمانێتییەکەى سوودانى و ئەو لایەنە شیعییانەى کە پرۆکسیی ئێران نین پتەو دەکرێ، بۆ ئەوەى لە بەرەنجامدا حکوومەتێکى نیشتمانیى تەوافوقی بێتە ئاراوە و جۆرێک لە هاوسەنگی و شەراکەت بۆ پرۆسەى سیاسیی عێراق بگێڕدرێتەوە. لەو حاڵەتەیشدا دانانى سەرۆکوەزیران زیاتر بژاردەیەکی ئەمریکى دەبێت نەک ئێرانی. لەوانەیشە ئەمریکا ئەم سیناریۆیەى پێ ناخۆش نەبێ، چونکە بەرەکانى جەنگ و دۆسیەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەئاکام نەگەیشتوون، وەک لوبنان، غەززە، یەمەن، ئێران، سووریا، تا بەرەیەکی ترى ئاژاوه‌ بۆ ئیسرائیل و خۆى بکاتەوە.

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

تاوتوێی دۆخی سەرمایەی سیاسی و ڕێکخستنی لە هەرێمی کوردستان

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان پوختە پرسی سەرەکیی ئەم نووسینە، چۆنێتیی کەڵەکەکردنی سەرمایەی سیاسی و… زیاتر

2 days ago

هەرێمی کوردستان-عێراق ٢٠٢٦: دەرفەت و مەترسییەکان

د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/ دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ… زیاتر

5 days ago

ئێمە و ئەوان؛ حوکمڕانی لە نێوان ئەرک و ئیمتیازدا

قەرەنی قادری لە ئەوروپا و ئەمریکادا، حکوومەتەکان سەر بە  هاووڵاتیانن؛ واتە هەر چوار ساڵ جارێک… زیاتر

2 weeks ago

هەڵبژاردنی 2025: گرنگترین ئاماژە و دەرەنجامەكانی بازنە سوننی و شیعییەكان

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق پرۆسەی هەڵبژارنی… زیاتر

3 weeks ago

ئایا بەرەنجامەکانى هەڵبژاردن یان ڕێککەوتنى سیاسی، نەخشەى سیاسیی داهاتوو دیاری دەکەن؟

(خوێندنەوەیەک بۆ دیوەکەى ترى ڕووداوەکانى پێکهێنانى حکوومەتى فیدراڵ) پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای… زیاتر

3 weeks ago

کتێبێكی نوێ بۆ ئەوانەی دەیانەوێ لە ئاوێنەی ئاییندەدا خۆیەکی پێشکەوتوو وێنا بکەن

بابەتە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە (سی تایبەتمەندییه‌كان)، بریتین لە زانستی مرۆیی، بابەتی کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبردن،… زیاتر

4 weeks ago