قەیرانی ئاو لە عێراق: بەنداوی دراوسێکان و شكستی سەرکردەکان

(کەمبوونەوەی ئاو نەک هەر قەیرانێکی نیشتمانییە بۆ عێراق، بەڵکوو پاڵنەرێکی زیاتریشە بۆ گرژیی ناوخۆیی.)

ن: حەیدەر شاکری*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان

لە کاتێکدا کە جەنگەکان سەردێڕی ڕۆژنامەکانی چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمەکەن، عێراقییەکان دژی قەیرانێکی نائارامتر دەجەنگن، بەڵام لە ڕووی لەقکردنی سەقامگیرییەوە لەوان کەمتر نییە. گۆڕانی کەشوهەوا ڕووبارەکان وشک دەکات، دەوڵەتانی دراوسێ ڕژانی ئاو بۆ ناو عێراق کەم دەکەنەوە، سەرکردەکانی وڵاتەکە، کە لە مێژوودا بە “وڵاتی دوو ڕووبار” ناسراوە، لە ئیدارەدانی گرنگترین سەرچاوەكانیاندا شكستیان هێناوە.

کەمیی ئاو نەک هەر قەیرانێکی نیشتمانییە، بەڵکوو بزوێنەرێکی زیاتریشە بۆ گرژیی ناوخۆیی، کە دەبێتە هۆی زیاتربوونی ڕەوکردن، قووڵکردنەوەی هەژارکەوتنی گوندەکان، دروستکردنی گیروگرفتی گەورە لە تەندروستیی گشتیدا، تەشەنەپێکردنی پشێوییەکانی ناو ئەو کۆمەڵگه‌یانەی، خۆیان هەر لە ئەسڵدا فشەڵن. لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا، عێراق لە یەدەگی ئاودا دووچاری گەورەترین کورتهێنان بۆته‌وه‌ و، لە ١٨ ملیار مەتر سێجای ساڵی پارەوە، دابەزیوە بۆ نزیکەی ١٠ ملیاری ئیمڕۆ. لە پارێزگای زیقار کە بە کەناری ڕووباری فوراتی باشووردا درێژ دەبێتەوە، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو و وشکبوونەوەی زۆنگاوەکانەوە، زیاتر لە ١٠ هەزار خێزان ڕەویان کردووە.

لە بەسرە، بەرزبوونەوەی ئاستی خوێ و پیسبوونی ژینگە بەهۆی کەمیی ئاوەوە نەخۆشییەكانی پەیوەندیدار بە ئاوەوە زۆر زیادیان کردووە. لە چەند شارێکی دیکەی عێراقدا، دانیشتووان ناڕەزایی لە کەمیی ئاو دەردەبڕن و داوای چارەسەر دەکەن. لە هەندێک ناوچە زیاتر لە مانگێک ئاو دەبڕێت. قەیرانەکە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراکیش هەیە؛ ئەوەتا لە هاوینی ٢٠٢٥دا، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان، پلانە کشتوکاڵییەکانی مانگی سێپتەمبەری هەڵپەسارد، بە چاندنی گەنمیشەوە؛ هۆیەکەیشی کەمیی ئاو بوو.

گوشارەکانی سەر سەرچاوە

لە کاتێکدا کە کەمبوونەوەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دوو گرفتی جیهانین، لە عێراق قەیرانی ئاو دەرەنجامی ئەو کۆتوپێوەندانەیە لە سەرچاوەکانەوە دروست کراون، لەگەڵ کەمتەرخەمیی ناوخۆییدا. بەنداوه‌ سەرەکییەکانی تورکیا و ئێران بوونەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی زۆر لە هاتنی ئاوی ڕووبارەکاندا؛ حکوومەتی عێراقیش نەیتوانیوە دیپلۆماسییەکی ڕێکوپێک و پیشەیی لە بواری ئاودا هەبێت. گەندەڵی و بەرژەوەندیی تایبەتی دەستەبژێرە سیاسییەکانی عێراق، توانای دامەزراوەیییان لاواز کردووە، دەرفەتیان بۆ تورکیا و ئێران ڕەخساندووە تا گوشار بکەن بۆ ئەوەی گرێبەستی وەهایان دەست بکەوێت کە خزمەتی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان دەکەن. ململانێ ناوخۆیییەکانی عێراق، وڵاتەکەیان لە ستراتیژێکی تۆکمە بۆ پاراستنی پشکی خۆی، داماڵیوە.

لە عێراق، ئاسایشی ئاو زۆر لەژێر کاریگەریی سەرچاوەکانیدایە لە تورکیا و ئێران و، بە پلەیەکی کەمتریش لە سووریا. لە تورکیا، پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (گاپ) ٢٢ بەنداوی سەرەکی و ١٩ وێستگەی وزەی کارۆئاوی لەسەر هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لەخۆ دەگرێت. دامەزراوە سەرەکییەکان بەنداوی جیاجیای وەک بەنداوی ئەتاتورک لەخۆ دەگرن، کە یەکێکە لە گەورەترین بەنداوەکانی جیهان، کە پێش ئەوەی ڕووبارەکە بچێتە ناو سووریاوە، ئاستی ڕژانی ئاوەکەی ڕێک دەخات. لەسەر ڕووباری دیجلەیش، به‌نداوی ئیلیسوو- کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بنیاتنانی تەواو بووە- دووچاری ڕەخنە بۆتەوە، چونکە ڕێگرە لە هاتنی ئاو بۆ عێراق؛ پێشبینییش دەکرێت بەنداوی جیزرە کە کاری تێدا دەکرێت، ڕژانی ئاو کەمتر بکاتەوە.

ئێران ئەندازەی ڕژانی ئاوی لە ڕێگه‌ی به‌نداوه‌کان و پڕۆژەکانی وەرچەرخاندنی ڕێڕەوی ڕووباری دیجلەی داڕشتۆتەوە. هەردوو ڕووباری سیروان (دیالە) و زێی بچووک، لەناو ئەو ڕووبارانەدان کە زۆر زیانیان پێ گەیشتووە و، چەند دامەزراوەیەکی سەرەکی وەک بەنداوی داریان و سەردەشت، لەپاڵ چەندان تونێلی وەرچەرخاندندا، ئاو دەگێڕنەوە بۆ کشتوکاڵی ناو ئێران و بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوی. ڕۆڵی سووریا زۆر کەمترە، بەڵام هەر گرنگە، چونکە بەنداوی تەبەقە ڕژانی ئاو لە تورکیاوە ڕێک دەخات، بەر لەوەی بێتە ناو عێراقەوە.

گەرچی عێراق یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ته‌كنیكیی لەگەڵ دراوسێکانیدا مۆر کردووە، بەڵام هێشتا هەر سنووردارە و پابەندکەر و بەرکار نین. دەوڵەتانی سەرچاوە، بەردەوامن لە سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیریی سیاسی لە عێراق و سووریا تا دەسکەوتی تایبەتییان هەبێت. تورکیا جار لە دوای جار پەیماننامەی ئاوە سنووربەزێنەکانی ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ سووریادا، پێشێل دەکات و بڕی کەمتر لەوەی لەسەری ڕێک كەوتوون، ئاوی بۆ بەردەداتەوە.

نشوستیی ناوخۆیی و درزەکانی بەڕێوەبردن

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، حکوومەتی عێراق، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ تەشەنەکردنی گرفتی کەمبوونەوەی ئاو، چەند ڕێوشوێنێکی ڕاگەیاند، وەک: دروستکردنی ١٠ بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاوی باران لە ناوچە بیابانییەکان و پشتیوانیکردنی پڕۆژەی شیرینکردنەوەی ئاوی دەریا، لە بەسرە؛ کە چاوەڕوانیکردنی درێژەی کێشاوە، کە بە ڕێکكەوتنێکی نێوان چین و عێراق بەئەنجام دەگەیەنرێت.

لە کاتیکدا کە هەردوو پڕۆژەکە چارەسەری پێداویستییە بەپەلەکان دەکەن، بەڵام پەرچدانەوەی شتێکە پێی ئاشناین، چونکە کەمبوونەوە دەگاتە ئاستی قەیران، ئینجا دەست دەکرێت بە کارکردن. دەسپێشخەرییەکانی ڕابردوو، زۆر جار سەرکەوتوو نەبوون، یاخود زۆر دوا خراون، هۆیەکەیشی نشوستییەکانی عێراقە کە سێ هۆی سەرەکیی هەیە: گەندەڵی، بەردەوامینەدان بە سیاسەتەکان، پشتگوێخستن بەئاشکرا؛ هەر هەموویشیان بەهۆی خراپ ئیدارەدانی ئاوەوە زیاتر تەشەنە دەکەن.

گەندەڵی و دەستێوەردانی سیاسی، بوونەتە هۆی پەکخستن یان قۆرتخستنە ڕێی پڕۆژە سەرەکییەکان لە بواری ژێرخانی ئاودا. لە بەسرە، دەسپێشخەرییەکانی شیرینکردنی ئاو جار لە دوای جار دوا خراون، تێچوونیان بەرزتر بۆتەوە، ململانێ و کێشمەکێش لەسەر گرێبەستەکان هەبووە. ڕاپۆرتە ناوخۆیییەکان ئاماژە دەکەن به‌وەی خزمخزمێنەی سیاسی و پرۆسەکانی کەمکردەوەی ناشەفاف، بوونەتە هۆی ئەنجامنەدانی پڕۆژەکان. ئەمەیش دانیشتووانەکەی ناچار کردووە پشت بە تۆڕە وێرانەکانی ئاو ببەستن؛ ئەوەیش وای لێ کردوون تووشی هەمان ئەو مەترسییانە ببنه‌وه‌ کە بوونە هۆی قەیرانەکەی ساڵی ٢٠١٨ و، تێیدا بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە سەدان هەزار كه‌س لە نەخۆشخانە کەوتن.

ترسی هاوشێوەیش سەبارەت بە گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکاندا هەیە، چونکە ئاماژەی ئەوە هەیە کە بەردانەوەی ئاو، مەرجدار کراوە بەوەی گرێبەستەکانی بنیاتنانی بەنداوه‌کان بدرێن بە کۆمپانیاکانی ئەنقه‌ره‌؛ ئەمەیش وای کردووە سەرچاوە نیشتمانییەکان، ببن بە وەرەقەی دانوستان و سازشکردن.

ڕاسپاردە سیاسییەکان

لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی، پێویستە چەند چاکسازییەک بکرێن: لەسەر ئاستی ناوخۆ، پێویستە عێراق دەستەیەکی نیشتمانی بۆ دیپلۆماسییەتی ئاوی پێک بهێنێت و بەڕوونی سەرپشک بکرێت بۆ دانوساندن و چاودێریکردنی هاتنی ئاو، هەروەها دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەکان و پارێزگاکان و هەرێمی کوردستاندا. پێویستە ئەولەوییەت بدرێت بە چاکردنەوەی ژێرخانە ئابوورییەکە، پێڕەوی لە ژمارەیەک پرۆسەی شەفاف بکرێت بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و زامنکردنی جێبەجێکردن. نوێکردنەوەی سیسته‌مەکانی ئاودێری، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵدا، بۆی هەیە بەفیڕۆدانی ئاو کەم بکاتەوە و تواناکانیش باشتر بکات.

لەسەر ئاستی هەرێمی، پێویستە عێراق ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی متمانەپێکراو لە پرسەکەدا بەشدار بکات، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، یان ڕێکخراوە هەرێمییەکان، بۆ ئاسانکردنی گەیشتن بە ڕێکكەوتننامەیه‌كی پابەندکەر لەگەڵ تورکیا و ئێراندا. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، عێراق پەیوەندیی کرد بە ڕێکكەوتننامە ئابورییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەربارەی ئاو، کە یەکەمین دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە پەیوەندی بەو ڕێکكەوتننامەیەوە بکات؛ چوارچێوەیەکی یاساییی نێودەوڵەتیی بۆ فەراهەم دەکات کە دەتوانێت لەم دانوستانانەدا سوودی لێ وەربگرێت.

قەیرانی ئاو لە عێراق، لەوە تێ پەڕیوە تەنیا کێشەیەکی ژینگەیی بێت، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکیشە بۆ ئیدارەدانی باش. قەیرانەکەی ساڵی ٢٠١٨ی بەسرە و ئەو ناڕەزایییانەی بەدوایدا هاتن، پیشانی دا کە چۆن دەشێت پشتگوێخستنی ژینگە بەخێرایی تەشەنە بکات و، بگۆڕێت بۆ حاڵەتی تەندروستیی گشتیی کتوپڕ و نەمانی متمانەی سیاسی.

باجی کەمتەرخەمی، تەنیا هەر لەدەستدانی ئاو نییە، بەڵکوو نەمانی متمانەی جەماوەر و لاوازیی سەقامگیریی نیشتمانییشە. چارەسەری ئەم قەیرانە پێویستی بە ڕێکكەوتننامەی پابەندکەر هەیە، تا لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا ساز بکرێت، لەگەڵ هەماهەنگییەکی دامەزراوەییی بەهێزتر، وەبەرهێنانی ژێرخان بۆ زامنکردنی ئەوەی ئیدارەدانی باش، نەک جوگرافیا، ئاییندەی ئاوی عێراق دەستنیشان بکات.

سەرچاوە:

https://www.chathamhouse.org

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

تاوتوێی دۆخی سەرمایەی سیاسی و ڕێکخستنی لە هەرێمی کوردستان

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان پوختە پرسی سەرەکیی ئەم نووسینە، چۆنێتیی کەڵەکەکردنی سەرمایەی سیاسی و… زیاتر

2 days ago

هەرێمی کوردستان-عێراق ٢٠٢٦: دەرفەت و مەترسییەکان

د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/ دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ… زیاتر

5 days ago

ئێمە و ئەوان؛ حوکمڕانی لە نێوان ئەرک و ئیمتیازدا

قەرەنی قادری لە ئەوروپا و ئەمریکادا، حکوومەتەکان سەر بە  هاووڵاتیانن؛ واتە هەر چوار ساڵ جارێک… زیاتر

2 weeks ago

هەڵبژاردنی 2025: گرنگترین ئاماژە و دەرەنجامەكانی بازنە سوننی و شیعییەكان

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق پرۆسەی هەڵبژارنی… زیاتر

3 weeks ago

ئایا بەرەنجامەکانى هەڵبژاردن یان ڕێککەوتنى سیاسی، نەخشەى سیاسیی داهاتوو دیاری دەکەن؟

(خوێندنەوەیەک بۆ دیوەکەى ترى ڕووداوەکانى پێکهێنانى حکوومەتى فیدراڵ) پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای… زیاتر

3 weeks ago

کتێبێكی نوێ بۆ ئەوانەی دەیانەوێ لە ئاوێنەی ئاییندەدا خۆیەکی پێشکەوتوو وێنا بکەن

بابەتە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە (سی تایبەتمەندییه‌كان)، بریتین لە زانستی مرۆیی، بابەتی کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبردن،… زیاتر

4 weeks ago