(یەکگرتوویی لە سەرەوە، سەرکوتکردن لە خوارەوە)
نووسەر: سەعید گۆڵکار (Saeid Golkar)
وەرگێڕان و ئامادەکردن: پێنووس
دوای ئەوەی ترۆیکای ئەوروپی میکانیزمی “سناپباک”ی کارا کرد، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران لە ٢٧ی ئەیلوولدا گەڕایەوە. ئەم گەمارۆیانە لەگەڵ گۆشەگیریی سیاسیی تاران، گورزێکی کوشندەیە لە ئابوورییە داڕووخاوەکەی و، بەم پێیەیش ناڕەزاییی ناوخۆیی زیاتر دەکات. بەڵام پرسی سەرەکیی شرۆڤەکاری گۆڤارەکە ئەوەیە کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆڕاگری و گواستنەوە لەم قەیرانە چییە؟
گۆڤاری “فۆرن پۆلیسی” لە ڕاپۆرتێکی نوێدا کە ڕۆژی سێشەممە (١٤-١٠-٢٠٢٥) بڵاو کرایەوە، دوای کاراکردنی میکانیزمی سناپباک (Snapback mechanism) و دووبارە سەپاندنەوەی سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر تاران، ستراتیژی و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی تاوتوێ کردووە.
سەعید گۆڵکار (Saeid Golkar)، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی تێنسی (University of Tennessee)، ڕاوێژکاری باڵای ڕێکخراوی هاوپەیمانیی دژی ئێرانی ئەتۆمی (United Against Nuclear Iran) و هاوکارێکی باڵا لە “ئینستیتیوتی تۆنی بلێر بۆ گۆڕانکاریی جیهانی” (Tony Blair Institute for Global Chang)، لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی سیاسەتی دەرەوەدا (foreign policy)، ستراتیژییەتی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانانە خستۆتە ڕوو.
بەپێی شرۆڤەی د. گۆڵکار، یەکەم کاردانەوەکانی تاران بەرامبەر بە پێشهاتەکانی ئەم دوایییە، لە ئێستاوە لە ناوخۆی وڵاتدا دەرکەوتووە. بۆ نموونە، تەنیا یەک ڕۆژ دوای جێبەجێکردنی میکانیزمی سناپباک و سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی لە دانیشتنی ئاشکرادا پڕۆژەیاسایەکی بۆ “زیادکردنی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و دەوڵەتە دوژمنکارەکان” پەسەند کرد. ئەم گەڵاڵەیە دوای سێ ڕۆژ لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەران (Guardian Council) پەسەند کرا و ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، یاساکەی بۆ ئاگادارکردنەوە و جێبەجێکردنی، هەناردەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتەکانی ئیتلاعات، بەرگری و داد، کرد. لە هەمان کاتدا لەگەڵ ڕەزامەندیی ئەنجومەنی پارێزەران، یەکەی هێزە تایبەتەکانی “فاتحین“ی سوپای پاسداران لە کاتی مەشقێکدا ئامێرە نوێیەکانیان نمایش کرد. ئەم هێزانە کە پێشتر بەشداریی جهنگی ناوخۆی سوریایان کردبوو، بە جلوبەرگی سەربازییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران لە تاران لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ جێگیر کرابوون.
هەر لەو ڕۆژەدا، لە هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەردا کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم (Expediency Discernment Council)، دوای چەندان ساڵ دژایەتی، پەیوەستبوونی ئێرانی بە پەیماننامەی بەرەنگاربوونەوەی داراییی تیرۆر (CFT) بە مەرج پەسەند کرد. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پێشتر هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە ڕایان گەیاندبوو کە پابەندبوون بەو پەیماننامەیە دەبێتە هۆی تێکچوونی دۆخی داراییی میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران، لەنێویاندا حزبوڵڵا. بە گوتەی دکتۆر گۆڵکار، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی تاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆمەتەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی، کە ئێران پشتیوانی لە تیرۆر دەکات.
لەم بارەیەوە ئەو لێکۆڵەرە نووسیویەتی: ئەم جۆرە کردەوانە ئاسایی نین و، نیشان دەدەن کە کۆماری ئیسلامی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند لەمەڕ ئاسایشی ناوخۆ، نیشاندانی نەرمی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، کەمکردنەوەی گوشاری دەرەکی و نیشاندانی بە دوژمنانی کە گەمارۆکان ناتوانن ببنە هۆی ڕووخانی ڕژێم، هەروەها ئەوە نیشان دەدات کە بەرپرسانی باڵای ڕژێمی ئێران بەنیازن لەم ڕێگەیەوە بەرەنگاری ئەم گوشار و سزا و گۆشەگیرییە نوێیە ببنەوە و، خۆڕاگری بنوێنن کە بە شێوەیەکی گشتی ئەم ڕێبازە بە سەبری ستراتیژی (strategic patience) دەناسرێت.
سەبرێکی ستراتیژی یان پەرەسەندنی بارگرژییەکان؟
هەرچەنده تاران هەوڵی دواخستنی پڕۆسەی “سناپباک”ی دا، بەڵام زۆرێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی چالاککردنی ئەم میکانیزمە بوون لەلایەن سێ وڵاتە ئەوروپییە (E3) ئەندامەکەی ناو ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥. ئێرانییەکان لە ئاستی ڕای گشتیی ناوخۆیشدا وا نیشان دەدەن کە کاریگەرییەکانی سزاکان سنووردارە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئابووریی ئێران خۆڕاگر و بەهێزە و بەرگەی ئەم گوشارانە دەگرێت. بۆ نموونە، میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران سزاکان نەک وەک هەڕەشەیەکی وجوودی، بەڵکوو وەک ئۆپەراسیۆنێکی دەروونیی ڕۆژاوایی بۆ تێکدانی متمانەی گشتی و دروستکردنی جەمسەرگیریی سیاسی نیشان دەدەن؛ ئەو هەڵمەتە میدیایییانەیش دەیانەوێت نیشان بدەن کە “گەمارۆکان بەشێکن لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ گۆڕینی ڕژێم.” بەڵام سەرەڕای هەڕەشە بەربڵاوەکانی تاران بۆ وەڵامدانەوە، وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەو گەمارۆیانە زۆر سنووردار بووە. تاران تا ئێستا بە بانگهێشتکردنی باڵیۆزەکانی چەند وڵاتێکی ئەوروپی ڕازی بووە و، چالاککردنی “میکانیزمی سناپباک”ی لەلایەن ترۆیکای ئەوروپییەوە بە ناشەرعی ناو بردووە و هۆشدارییەکی گشتیی سەبارەت بە کەمکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەرکردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییی بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان نەناوە.
هەرچەندە هەندێک لایەنی نێوخۆی ئێران خوازیاری گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر بوون، لەوانەیش کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT)، بەڵام عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و نوخبەکانی دیکەی ڕژێم بەبەردەوامی دژی ئەم بژاردەیە وەستاونەتەوە و پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە ئێران لە پەیماننامەکە ناکشێتەوە، تەنانەت ئەگەر سوودێکی کەمیش لە مانەوەی لەو پەیماننامەیەدا هەبێت. بەپێی ڕوانگەی د. گۆڵکار، بەرپرسانی ئێرانی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە و تا ئاستێکی زۆریش دڵنیان لەوەی کە کشانەوە لە پەیماننامەکە دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و، دەرگهی دەستێوەردانی ئەمریکا دەکاتەوە و هانی سعوودیا و تورکیاش دەدات بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکانی خۆیان. ڕاستییهكهی، لە لێکدانەوە و حیساباتی تاراندا ئەم جۆرە مەترسییانە دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و شەرعییەتدان بە دەستێوەردانی سەربازیی دەرەکی؛ بەمەیش مانەوەی ڕژێم دەكهوێته مەترسییەوە. هەروەها ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، باش ئاگاداری توانا سنووردارەکانی خۆی و نەبوونی بژاردەی جێی متمانەیە لە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان؛ چونکە زۆربەی میلیشیا و بریکارەکانی ئێران بەهۆی هەڵمەتی سەربازی و کردەوەکانی ئیسرائیلەوە لە دوای هێرشەکانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەتوندی لاواز بوون و، ئێستایش تەنیا حووسییەکان لە یەمەن و چەند گرووپێکی میلیشیای شیعە لە عێراق ماون کە هێشتا توانای زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان هەیە؛ تەنانەت توانای ئەوانەیش سنووردارە.
هەرچەندە لەسەر کاغەز تاران هێشتا دەتوانێت پەنا بۆ هێرشی ئەلیکترۆنی، پەکخستنی کەشتیوانی لە کەنداوی فارس، یان سنووردارکردنی هێرشی مووشەکی و درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا ببات، بەڵام هەموو ئەمانە مەترسیدارن. ئیسرائیل ئامادهییی خۆی نیشان دا بۆ لێدانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێرانەوە و، واشنتۆن بەڵێنی داوە وەڵامی یەکلاکەرەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بداتەوە. لە ئەنجامدا تێچووی پەرەسەندنی بارگرژییەکان لە مێشکی بڕیاردەرانی ئێراندا گەورە دەبینرێت. هێشتا وانەکانی جهنگ لەگەڵ ئیسرائیلیان لەبیرە و هەر بۆیە ئەگەری زۆر زیاترە کە تاران بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و، لەبری ئەوە پەنا بۆ تاکتیکی هەنگاو بە هەنگاو و ئاشنا ببات بۆ گوشاردروستکردن، بەبێ ئەوەی هێڵی سوور و بەربەستی ئەتۆمی ببڕێت. ئەم هەنگاوانەیش دەتوانن بریتی بن لە پێشخستنی پیتاندنی یۆرانیۆم، جێگیرکردنی سەنتەرفیوژی خێراتر و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە دامهزراوە و چالاکییەکان لە ناوخۆی ئێران. ئەم جۆرە هەنگاوانە هێزی مانۆڕی ئێران بەهێزتر دەکەن و لە هەمان کاتدا ئێرانییەکان خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، کە بتوانێت ڕەوایەتی بە دەستێوەردانی سەربازی لە دژیان بدات، بەدوور دەگرن.
هەرچەندە گەمارۆکان توند و تاقەتپرووکێنن، بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران شتێکی نوێ نین و تاران ڕێگهی هەڵکردنی لەگەڵدا داڕشتووە. بۆ نموونە، فرۆشتنی نەوت به چین، دامەزراندنی تۆڕە بەرفراوانەکانی قاچاخ و کۆنترۆڵی توندی ئابووری لە ناوخۆدا، ئۆکسجینی پێویست بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی دابین دەکەن. بۆ دەسەڵاتێک کە بەشێکی زۆری ٤٥ ساڵی ڕابردووی خەریکی شکاندنی گەمارۆکان و دەستوپەنجەنەرمکردن لەگەڵ سزاکان و شەڕی ئابووری لەگەڵ ڕۆژاوا بووە، گەمارۆکان پرسێکی بەردەوام و تاڵە.
لەلایەکی تریشەوە، لە ئاستی سیاسییشدا ئێران لێکترازاو و دابەش بووە. لایەنە توندڕەوەکان پێداگری لەسەر ململانێی ئاشکرا لەگەڵ ڕۆژاوا دەکەن، بەڵام پراگماتیستەکان ئامۆژگاریی گرتنەبەری سیاسەتی وریایی دەکەن. ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی بەردەوام بانگەشەى بۆ دانبهخۆداگرتن (سەبر و خۆڕاگری) کردووە، کاتێک گوشارەکان مەترسی لەسەر بوونی ڕژێم دروست دەکەن. لە سەردەمی سەپاندنی سیاسەتی “زۆرترین گوشار”ی ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا، تاران بەرگەی سزاکانی گرت، بەبێ ئەوەی لە NPT بکشێتەوە یان جهنگێکی تەواو دەست پێ بکات. بۆیە پێ دەچێت ئێستا هەمان لۆژیک بەسەر بڕیاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا زاڵ بێت. هەروەها پێشینەی سیاسەتی کرداریی ڕژێم ئەگەری گرتنەبەری ڕێگهیەکی لەو شێوەیە بەهێزتر دەکات. تاران پێی باشتر بووە بەرگەی گوشارەکان بگرێت، نەک مەترسیی زیادبوونی هەڕەشەکان و بارگرژییەکان بەرز بکاتەوە کە دەتوانێت مانەوەی ڕژێم بخاتە مەترسییەوە. بە واتایەکی تر، پێ ناچێت سەرکردەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەدوای پەرەسەندنێکی دراماتیکدا بگەڕێن و لەبری ئەوە بژاردەی “دانبهخۆداگرتن” هەڵدەبژێرن، کە بە “سەبری ستراتیژی” (strategic patience) ناوی دەبەن. هەروەها تێپەڕبوونی کات لە قازانجی گرتنەبەری ئەم ڕێبازەدایە. بە واتایەکی دیکە، لە کاتێکدا نزیکەی ساڵێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل (٢٨-١٠-٢٠٢٦)، لێکدانەوە و حیساباتی تاران ئەوە پیشان دەدات ئەگەری ئەوە بەرزە کە بنیامین ناتانیاهۆ دەسەڵات لەدەست بدات. هەروەها لە دەرەوەی ئیسرائیل، تاران هیواخوازە کەسێکی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٨دا سەر بکەوێت و، ڕەنگە ئەمە وا بکات کە ڕوانگەی واشنتۆن بەرامبەر ئێران بگۆڕێت.
پەیڕەوکردنی ڕێبازی سەرکوتی ناوخۆییی کۆنترۆڵکراو
لە سیناریۆیەکی لەو جۆرەدا، سەرکردەکانی ڕژێم پێویستیان بە خۆڕاگری و مانەوە دەبێت لانی کەم بۆ ماوەی سێ ساڵ؛ لەم چوارچێوەیەدا پشت بەو شتە دەبەستن کە پێی دەڵێن “یارمەتییەکی موعجیزەئاسا و نەبینراو”. بەڵام بۆ ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، “میکانیزمی سناپباک” تەنیا قەیرانی سیاسەتی دەرەوە نییە، بەڵکوو قەیرانێکی ناوخۆییشە. سەرەڕای قسە و باسەکان، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، چاك دەزانێت کە مەترسییه هەرە جددییەکان لە ناوەوە دێت نەک لە دەرەوە. هەم درز و لێکترازانی ناو چینی دەسەڵاتدار و هەم نائارامیی کۆمەڵایەتیی بەربڵاو بۆ سەر دەسەڵاتەکەی گەورەتر دەبن. لێرەوە ستراتیژیی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانە دووانە یاخود دوو لایەنەیە. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، لە هەمان کاتدا کە هەوڵ دەدات یەکانگیری و یەکگرتوویی و هاودەنگی لەناو چینی دەسەڵاتداردا بپارێزێت، لە لایەکی دیکەیشەوە، گوشارە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە پێدانی ئیمتیازاتی کۆنترۆڵکراو و چڕکردنەوەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوە ببات.
چونکە لە ڕوانگەی خامنەیییەوە، یەکگرتووییی چینی دەسەڵاتدار هەمیشە میکانیزمی سەرەکیی مانەوەی دەسەڵات بووە. ناکۆکی و لێکترازان و دابەشبوون لە نێوان فەرماندەکانی سوپای پاسداران، پیاوانی ئایینی، یان نوخبەی سیاسی، دوژمنانی ڕژێمەکەی بوێر دەکات و سیستەمەکە ناسەقامگیر دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش ئایەتوڵڵا خامنەیی خۆی لە هەنگاوە مەترسیدارەکان دەپارێزێت؛ وەک کشانەوە لە NPT کە دەتوانێت نوخبەکانی ئێران دابەش بکات. بەڵکوو لە بەرامبەردا ئایەتوڵڵا خامنەیی جەخت لەسەر یەکڕیزی دەکاتەوە، هەروەها بەرخۆدان هەم بە ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە و هەم بە شانازیی نەتەوەیی ناو دەبات. ستراتیژیی ئایەتوڵڵا خامنەیی تێکەڵەیەکه لە پاداشت بۆ نوخبە دڵسۆزەکان و توندوتیژیی حیسابکراو بۆ ڕێگریکردن لە جیابوونەوەیان. بەم شێوەیە ئایەتوڵڵا خامنەیی هەوڵ دەدات چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی نوخبەی دەسەڵاتدارەوە ببەستێتەوە تا مانەوەی ئەوان لە مانەوەی خۆی و ڕژێمەکەی جیا نەبێتەوە. لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات “بێدەنگی”ی کۆمەڵگه بپارێزێت. گەمارۆکان لە ئێستاوە نرخی خۆراکی بەرز کردۆتەوە و بەهای ڕیاڵ بەرامبەر دۆلار دابەزیوە و ناڕەزاییی گشتی زیادی کردووە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، حکوومەت بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشاری کۆمەڵایەتی، ڕێبازی خۆی بۆ “پۆلیسی ئەخلاق” (گشت ارشاد) ڕێک خستۆتەوە. بە گوتەی پۆلیس و چالاکوانانی بەسیج، ڕێنمایی کراون دەست لە جێبەجێکردنی یاساکانی پەیوەست بە حیجابی زۆرهملێ وهرنهدهن. ئامانج لەو سیاسەتەیش، دوورکەوتنەوەیە لە هاندانی تووڕەییی گشتی و دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی وەک گرتن و گیانلەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینی کە ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی لێ کەوتەوە. چونکە لەم ڕوانگەیەوە، هەر شتێک کە مەترسیی ورووژاندنی نائارامییەکی بەربڵاوی لەسەر بێت، پێویستە بەوریایییەوە دوور بخرێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا حکوومەت سەرکوتکردن لە دژی چین و توێژەکانی کۆمەڵگه چڕتر دەکاتەوە؛ هەرچەندە ئەم جۆرە کارانە خۆیان دەبنە هۆی ناڕەزایەتی یان ناسەقامگیری.
هەروەها ڕێبەرانی ڕژێم دەزانن کە گەمارۆ نوێیەکان قەیرانی ئابووری خراپتر دەکات و هەڵاوسان و بێکاری زیاد دەکات. بۆ نموونە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩ کە لەو ماوەیەدا ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی بوو و بەپێی هەندێک ئاماری بڵاوکراوە، لانی کەم هەزار و ٥٠٠ کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نیگەران دەکات. بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ناڕەزایەتییانە، ڕژێم پەنای بۆ نمایشی هێز بردووە: دەوریەی شەقامەکانی بەسیج و سوپای پاسدارانی زیاد کردووە، چاودێری و بەدواداچوونی فراوانتر کردووە، ناڕازییەکانی وەک “سیخوڕ” بە تاوانبار ناساندووە؛ ئەمەیش لەسەر بنەمای دەرکردنی یاسا نوێیە ئەمنییهكان کە لەم دوایییانەدا لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەرانەوە پەسەند کراون بە مەبەستی شەرعییەتدان بە سەرکوتی توند.
لەم چوارچێوەیەیشدا مەشقی هێزەکانی ” فاتحین” تەنیا مەشقێکی تاکتیکی نەبوو، بەڵکوو هۆشدارییەک بوو بۆ ئێرانییەکان کە حکوومەت چاودێریتان دەکات و خۆی بۆ بەکارهێنانی هێز ئامادە کردووە. سەرەڕای ئەوەیش، بەپێی هەندێک ڕاپۆرت، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییی ئێران ڕێنمایییەکی ئەمنیی دەرکردووە کە پلانی حکوومەت بۆ وەڵامدانەوەی نائارامی لە ئەگەری زیادبوونی سزا نێودەوڵەتییەکان دەخاتە ڕوو. ئەم ڕێنمایییە هەردوو ڕێوشوێنی ئەمنی، وەک جێگیرکردنی هێز، چاودێری و سەرکوتکردن و، هەروەها ستراتیژییەکانی پڕوپاگەندە و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، لەوانەیش: چالاکییەکانی میدیایی، بەتایبەتی لە بواری ئابووری بۆ پووچەڵکردنەوەی هاندان و تێکخستنی نارەزایەتییە ئابوورییەکان.
ڕاستییهكهی، ستراتیژییەکی دووانەی لەم جۆرە- یەکگرتوویی لە سەرەوە و سەرکوتکردن لە خوارەوە- بۆ کڕینی کات داڕێژراوە. ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی سێ ساڵێکی پڕ لە ئاڵنگاری و سەختیی لەپێشە، بەڵام پێی وایە ئەگەر ڕژێم بتوانێت سەقامگیریی ناوخۆیی بپارێزێت و ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات، ئەوا دەتوانێت بەرگەی گوشاری دەرەکی بگرێت تا ئەو کاتەی کە هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییهكان گۆڕانی بەسەردا دێت. سەپاندنەوەی سزاکان دوای چالاککردنی میکانیزمی سناپباک، پاشەکشەیەکی دیپلۆماسیی گەورەی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا هێناوە و گوشارە ئابوورییەکانی ئێرانی قووڵتر کردووەتەوە. بەڵام تاران بە هیوای مانەوەی لە سێ ساڵی ماوەی ئیدارەی ترەمپ، پێ ناچێت هیچ هەنگاوێک بۆ پەرەسهندنی گرژییەکان بە شێوەیەکی فراوان بگرێتە بەر و، ڕهنگه پەنا بۆ کۆنترین ستراتیژەکەی ببات، کە “سەبری ستراتیژی“یە. بەپێی شرۆڤەی بەڕێز لێکۆڵەر د. گۆڵکار، کۆماری ئیسلامی بواری ناوخۆیی بەئاسایشی دەکات و توندیی سەربازی نیشان دەدات و، لە لایەکی دیکەیشەوە چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەکات بەو هیوایەی کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی داهاتووی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، سازشکارتر بێت. بە بڕوای ئەو توێژەرە، بۆ ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، سەبر و دانبهخۆداگرتن لاوازی نییە، بەڵکوو پێویستییە. ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی پێی باشترە مێژوو وەک هێمای خۆڕاگری و پاڵەوانێکی دژەئەمریکی بەجێ بهێڵێت، نەک سەرکردەیەکی دۆڕاو و زەلیلکراو کە “تەسلیمبوونی بێمەرج” قبووڵ دەکات.
بۆ جیهانی دەرەوە، پارادۆکسەکە (تناقض) ڕوونە: لە کاتێکدا سزاکان وا لە ئێران دەکەن کە بە گۆشەگیری و گەمارۆدراو دەرکەوێت، لە ڕوانگەی تارانەوە، “یەکگرتوویی، سەرکوت و سەبر” بەسە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە ناوەڕاستی زریانەکەدا لەسەر ئاودا بمێنێتەوە و نەخنکێت. لەم ڕوانگەیەوە، بەرگەگرتن و خۆڕاگری، خۆی جۆرێکە لە سەرکەوتن.
سەرچاوە:
محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان پوختە پرسی سەرەکیی ئەم نووسینە، چۆنێتیی کەڵەکەکردنی سەرمایەی سیاسی و… زیاتر
د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/ دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ… زیاتر
قەرەنی قادری لە ئەوروپا و ئەمریکادا، حکوومەتەکان سەر بە هاووڵاتیانن؛ واتە هەر چوار ساڵ جارێک… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق پرۆسەی هەڵبژارنی… زیاتر
(خوێندنەوەیەک بۆ دیوەکەى ترى ڕووداوەکانى پێکهێنانى حکوومەتى فیدراڵ) پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای… زیاتر
بابەتە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە (سی تایبەتمەندییهكان)، بریتین لە زانستی مرۆیی، بابەتی کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبردن،… زیاتر