وەرگێڕان: پێنووس
دامەزراوەی ”جەی پی مۆرگان” (J.P. Morgan) لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، تیشکی خستووەتە سەر ئاسۆی ئابووریی جیهان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٦. لە ئێستادا وا دەردەکەوێت کە جیهان لە قۆناغی هەڵوەشانەوەی ئەو پێکهاتانەدایە کە بۆ دەیان ساڵ نەزمی جیهانییان ڕاگیر کردبوو. ئەو سیستەمە دۆلارییەی پاش ڕێککەوتنی “Bretton Woods- بریتن وودز” کە پێوەری داراییی نێودەوڵەتی دیاری دەکرد، ئەو ئاشتییەی دوای جەنگی سارد کە تێچووەکانی بەرگری و ئەمنیی کەم کردبووەوە و وڵاتانی بەرەو گەشەی ئابووری ئاڕاستە دەکرد، هەروەها جیهانگەراییی ئابووری (Globalization) کە لە جیاتی پاراستنی ئابووریی نیشتمانی، جەختی لەسەر کەمکردنەوەی تێچووی زنجیرەی دابینکردن دەکردەوە؛ ئێستا هەموویان لەبەردەم داڕماندان. ئەم گۆڕانکارییانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەو سەردەمەی بەم سێ تایبەتمەندییە دەناسرایەوە، کۆتایی هاتووە و جیهان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.
دابڕانی ئەمریکا و چین
لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ٢٠٠٩، قەبارەی بازرگانیی جیهانی سێ هێندە زیادی کرد و لە (٢٠٪)ەوە بۆ (٦٠٪) بازدانی بەخۆیەوە بینی. هاوکات بڕی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی گەیشتە لووتکە و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بازاڕەکان و ئابووریی وڵاتانی جیاواز دانا، لەوانە: کەمبوونەوەی هەڵاوسان، زیادبوونی قازانجی پەراوێزی (Profit Margin) و لەناوچوونی هەلی کاری بەرهەمهێنان لە بازاڕە گەشەسەندووەکاندا.
لەگەڵ ئەوەیشدا، ئیدارەی ترەمپ بە سەپاندنی زۆرترین باجی گومرگی (تەعریفە)ی تاکلایەنە لەم سەدەیەدا، خەریکە ئەم هاوکێشانە تێک دەدات. ئەمڕۆ باجە گومرگییەکان کاریگەرییان لەسەر نزیکەی (٧٠٪)ی ئەو کاڵایانە هەیە کە هاوردەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکرێن و ڕێژەی باجی کاریگەر دەگاتە (١٥) تا (٢٠٪).
کاڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە و هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئیدارەی ترەمپ دەستی پێ کرد. داتاکان دەری دەخەن کە پشکی هاوردەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چینەوە، لە (٢٢٪) لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بۆ (١٢٪) لهمساڵدا دابەزیوە. هەروەها پشکی چین لە قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا (خەزێنە) کە لە ساڵی ٢٠١٠ گەیشتبووە لووتکە (١٤٪)، ئەمڕۆ بۆ تەنیا (٦٪) کەم بووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ڕوونتربوونەوەی سیاسەتە بازرگانییەکان، بازرگانی لە ئەمریکای باکوور خەریکە گیانی بەبەردا دێتەوە. زیادبوونی باجەکان لەسەر کەنەدا و مەکسیک زۆر کەمترە بەراورد بە وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی چین.
یەکگرتنی ئەمریکای باکوور
هەرچەندە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان (چین) زۆر کاڵ بووەتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای باکوور بووژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت. ئەو باجانەی خراونەتە سەر وڵاتانی وەک کەنەدا و مەکسیک، زۆر کەمترن لەو باجە کاریگەرەی کە (٢٠٪)ە و بەسەر چیندا سەپێنراوە.
بۆ نموونە، ئەمڕۆ ئەو کاڵایانەی کە دەکەونە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان-مەکسیک-کەنەدا (USMCA) لە باج بەخشراون. هەروەها ئیدارەی ترەمپ بە میکانیزم و ڕێگەی جۆراوجۆر هانی مەکسیک و کەنەدا دەدات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی پەیوەستن بە ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و بارههڵگرتن. لەم چوارچێوەیەدا، مەکسیک بەم دوایییانە ڕای گەیاند کە بەنیازە باجی (٥٠٪) بخاتە سەر ئۆتۆمبێلە چینییەکان.
کەنەداش لە ئێستادا باجی زیادەی خستووەتە سەر ئۆتۆمبێلە کارەبایییەکان، پۆڵا و ئەلەمنیۆمی چینی. وا دەردەکەوێت کەنەدا هەوڵ دەدات سوود لە تایبەتمەندی و خاڵە بەهێزەکانی خۆی لە بواری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان وەربگرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بازرگانیی خوازراو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان. مەکسیکیش بەهۆی پاراستنی تایبەتمەندیی کێبڕکێی خۆی، لە ڕێگەی باشترکردن و کەمکردنەوەی تێچووەکان Optimizing)) و نزیکیی لە بازاڕی ئەمریکا، دەتوانێت ببێتە یەکێک لە مەبەست و شوێنە سەرەکییەکان بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی.
داهێنانی ناوخۆییی چین
چین وەک دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان، لە چەقی گۆڕانکارییە نوێیەکانی سیاسەتی بازرگانیی جیهانیدایە. ئەگەرچی حکوومەتی چین خەریکی زیادکردنی هەژموونی جیۆپۆلیتیک و ئابووریی خۆیەتی، بەڵام بۆ یەکەم جار لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی لە چیندا دابەزیوە. هەروەها سەرەڕای کەمبوونەوەی هەناردەی چین بۆ ئەمریکا، زیادەی بازرگانیی (Trade Surplus) ئەم وڵاتە گەیشتووەتە ژمارەی پێوانەییی مێژوویی. ئەم بابەتە ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی وابەستەییی چین بە هەناردەکردنی “زیادەی توانای بەرهەمهێنان”ی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی لاوازیی گەشە لە بازاڕی ناوخۆدا.
لەم سۆنگەیەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بووە گەورەترین بازاڕی هەناردەی چین و شوێنی ئەمریکا و ئەوروپای گرتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، بەپێچەوانەی گەشەی هەناردە، قازانجی کۆمپانیاکان زیادی نەکردووە و ئەم ناهاوسەنگییە هێشتا وەک ئاڵنگارییەکی جددی بۆ ئابووریی چین ماوەتەوە.
شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم کێشەیە لە ساڵی ٢٠٢٦یشدا وەک ئاڵنگارییەکی جددی دەمێنێتەوە. سەرەڕای ئەوەیش، باوەڕی باو ئەوەیە کە گۆڕینی ڕێڕەوی بازرگانی دەتوانێت ئابوورییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ڕێگەی وەبەرهێنانی دەرەکی، ڕەخساندنی هەلی کار و گواستنەوەی تەکنەلۆژیاوە بەهێز بکات، بەڵام واقعەکە کەمێک ئاڵۆزترە.
لە سێ ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٠٠ دۆسیەی “دژە-دامپینگ”(Anti-Dumping) لە دژی چین تۆمار کراون. ئەم ژمارەیە سێ هێندەی ١٠ ساڵی ڕابردووە. (دامپینگ کاتێک ڕوو دەدات کە بەرهەمهێنەر کاڵایەک بە نرخێکی ناڕاستەقینە و زۆر نزم ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە بکات؛ ئەمەیش گوشار دەخاتە سەر بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی و دەبێتە هۆی زیادبوونی بێکاری). بۆ نموونە ساڵانێکە پیشەسازییە ئەمریکییەکان دەستەویهخەی ئەم کێشەیەن. هەروەها، ئەگەرچی وەبەرهێنانی دەرەکی عادەتەن بە شتێکی ئەرێنی دادەنرێت، بەڵام کاتێک بەشێکی زۆری هێزی کار و سەرمایەکە لە خودی چینەوە دابین بکرێت، کاریگەرییە ئابوورییەکەی سنووردار دەمێنێتەوە، چونکە خواست لەسەر کەرەستە ناوخۆیییەکان کەم دەبێتەوە و گواستنەوەی شارەزایی و تەکنەلۆژیا بۆ ئابووریی وڵاتی خانەخوێ لاواز دەبێت. لە ئەنجامدا، گۆڕینی ئاڕاستەی بازرگانیی چین بەرەو هاوبەشە نا-ئەمریکییەکان، مەرج نییە هەمیشە ئاماژەیەکی ئەرێنی بێت بۆ بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان.
تەکنەلۆژیای ئەژدیها سوورەکە
سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی چینییەکان دەستەویەخەین، کەرتی تەکنەلۆژیا هێشتا بە گرنگترین پیشەسازی دادەنرێت بۆ وەبەرهێنان لە چین. ئهمساڵ ئەمریکا هەناردەکردنی چیپ (Chips)ه پێشکەوتووەکانی بۆ چین سنووردار کرد. ئەم سنووردارکردنە بووە هۆی ئەوەی چین بۆ پەرەپێدانی توانای ناوخۆییی خۆی، هەنگاوی جددی بنێت. بۆ نموونە کۆمپانیا چینییەکان بە سوودوەرگرتن لە مۆدێلە کاراکانی ژیریی دەستکرد، پلاتفۆرمە بەناوبانگەکانی بەکاربەر و بەرهەمهێنانی کارای ڕەقەکاڵا (Hardware)ی ئۆتۆمبێلە کارەبایییەکان، کارایی (Return)ێکی بەرزیان دروست کردووە و زەمینەی گەشەی داهاتوویان فەراهەم کردووە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، چین بەم دوایییانە بەکارهێنانی چیپەکانی کۆمپانیای “Nvidia”ی قەدەغە کرد. پەیامی شاراوەی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە: چیپە ناوخۆیییەکانی چین ئێستا وهك پێویست باشن و توانای فێرکردنی مۆدێلە گەورەکانی ژیریی دەستکرد (LLM)یان هەیە.
داتاکانی بۆرسەیش واژۆ لەسەر ڕاستیی ئەم بابەتە دەدەن. لە ساڵی ڕابردوودا پێنوێنی تەکنەلۆژیای چین (٥٪) باشتر لە پێنوێنی “NASDAQ”ی ئەمریکا کاری کردووە. لەگەڵ ئەوەیشدا، لە ٥ ساڵی ڕابردوودا کۆی بازاڕی پشکەکانی چین نزیکەی هیچ گەشەیەکی نەبووە، چونکە گەشەی بەرهەمی ناپاڵێوراوی ناوخۆیی (GDP)ی چین نەگواستراوەتەوە بۆ تەرازووی داراییی کۆمپانیاکان. ئەم بابەتە دەری دەخات کە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە چین خەریکە دەگۆڕێن. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە، ئابووریی دیجیتاڵیی چین داهاتی زیاتری بەراورد بە کەرتی خانووبەرە و بیناسازی دروست کردووە و چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت.
کیشوەری سەوز (ئەوروپا) لەسەر ڕێچکەی جەنگ؟
دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، جیهان توانیی سوود لەوە وەربگرێت کە پێی دەوترا “قازانجی ئاشتی”. لە ساڵی ١٩٩٢ تا ٢٠٢٢، بەرهەمهێنانی تانک لە ئەوروپا (٧٧٪)، فڕۆکە جەنگییەکان (٥٧٪)، کەشتییەکان (٣٩٪) و ژێردەریایییەکان ٤٧٪ کەمی کرد. لە هەمان ماوەدا، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکانی وەک ئینترنێت و GPS لە بواری سەربازییەوە گۆڕدرا بۆ بەکارهێنانی بازرگانی. هەروەها ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات توانییان قەبارەیەکی بەرچاو لە وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی ڕابکێشن و زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی و بازاڕەکانی سەرمایە قووڵتر بوونەوە.
بەڵام جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا ئەم هاوسەنگییەی تێک دا. لە سەرانسەری ئەوروپادا، سیاسەتەکان خەریکی گۆڕانن. حکوومەتی ئەڵمانیا بە دوورکەوتنەوە لە ڕێبازی دوای جەنگی خۆی، پاکێجێکی گەورەی هاندانی داراییی ڕاگەیاند. ناتۆ ئامانجی بەرزتری بۆ تێچووەکانی بەرگری دیاری کردووە (نزیکەی (٣.٥٪) لە بەرهەمی ناپاڵێوراوی ناوخۆییی وڵاتانی ئەندام)، جگە لەوەیش نزیکەی (١.٥٪) لە بەرهەمی ناپاڵێوراوی ناوخۆیی (GDP) بۆ ژێرخانە پەیوەندیدارەکان بە بەرگری تەرخان کراوە. کۆشکی سپیش داواکاریی بوودجەی بەرگریی ١ تریلیۆن دۆلاریی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ پێشکەش کردووە، کە نیشانەی ئەوەیە شەپۆلی پڕچەککردنەوە تەنیا لە کیشوەری سەوز (ئەوروپا) قەتیس نەماوە.
ستراتیژیی پیشەسازیی بەرگریی ئەوروپا ئامانجگەلێکی بۆ دابینکردنی کەرەستە دیاری کردووە کە بەپێی ئەو ئامانجانە، تا ساڵی ٢٠٣٠ دەبێت نیوەی کڕینەکان لە بنکەی تەکنەلۆژی و پیشەسازیی بەرگریی ئەوروپا (EDTIB) ئەنجام بدرێت و ئەم پشکە تا ساڵی ٢٠٣٥ بۆ (٦٠٪) بەرز ببێتەوە. بەرهەمهێنەران لە ئێستاوە خەریکی زیادکردنی توانای خۆیانن.
ئەم گۆڕانکارییانە چاوەڕوانیی وەبەرهێنەرانی بەرز کردووەتەوە؛ بە شێوەیەک کە پاكێجێك لە کۆمپانیا بەرگرییە ئەوروپییەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٤ گەشەی قازانجیان بە تێکڕای گەشەی ساڵانەی کەڵەکەبوو (CAGR)ی (٧٪) هەبووە. هەروەها بازاری واڵ ستریت (Wall Street) چاوەڕوان دەکات ئەم گەشەیە تا کۆتاییی دەیە بگاتە ٢٠٪. جگە لە پیشەسازیی بەرگری، پیشەسازییەکانی دیکەیش ئەدایەکی پەسەندکراویان هەبووە.
کۆمپانیا پیشەسازییەکانی ئەوروپا بەهۆی فراوانبوونی ژیریی دەستکرد و زیادبوونی وەبەرهێنان لە سەنتەرەکانی داتا (Data Centers)، گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی. ئەم ڕەوتە، خواست لەسەر کاڵا سەرمایەیییەکان، کەرەستەی کارەبایی و وزە زیاد کردووە. ئەڵمانیا به یەکێک لە بازاڕە سەرەکییەکانی ئەوروپا دەناسرێت. پاکێجە گەورەکەی خەرجیی ژێرخانی ئەم وڵاتە، دەتوانێت ببێتە بزوێنەرێک بۆ گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا و تەواوی ناوچەکە. هەرچەندە جێبەجێکردنی ئەم پلانانە کەمێک خاو بووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتاییدا ببێتە هۆی پاڵپشتی لە گەشەی ئابووری و قازانجی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان و، ساڵی داهاتوو پاداشتی وەبەرهێنەرە پشوودرێژەکان بداتەوە.
بازاڕە تایبەتەکانی ئەوروپا دەرفەتی زۆر پێشکەش دەکەن کە زۆر جار لەلایەن وەبەرهێنەرانی جیهانییەوە فەرامۆش دەکرێن. داتاکان دەری دەخەن کە (٩٧٪)ی کۆمپانیا ئەوروپییەکان کە داهاتیان لە ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ زیاترە، کەرتی تایبەتن (نەک گشتی و بۆرسە). لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە ئەمریکا (٨٧٪)ە. بە دەربڕینێکی تر، کۆمپانیا تایبەتەکان ڕۆڵی باڵادەستیان لە ئابووریی ئەوروپادا هەیە.
پێگەی ئەمریکای باشوور
لە جیهانێکدا کە دەستەویهخەی ناکۆکی و کێبڕکێیە لەسەر سەرچاوەکان، ئەمریکای باشوور وەک یاریزانێکی گرنگ دەردەکەوێت. ئەم ناوچەیە خاوەنی زۆرێک لەو کەرەستە و پێداویستییە (Input) هەستیارانەیە کە ئابووریی جیهانی و بەتایبەتی پیشەسازیی ژیریی دەستکرد، پشتیان پێ دەبەستێت. بە لەبەرچاوگرتنی فراوانبوونی جۆراوجۆریی زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی و گرنگیی زیاتری “ئاسایش” لە پەیوەندییە بازرگانییەکاندا، وڵاتانی ئەمریکای باشوور هاوکات لەگەڵ ئەمریکا و چین، بازرگانی دەکەن. ئەم کارە بۆ زۆرێک لە وڵاتان مەحاڵ دەردەکەوێت. زۆربەی ئەم وڵاتانە لە بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا کورتهێنانی بازرگانییان هەیە و، چین بووەتە هاوبەشی بازرگانیی سەرەکی بۆ زۆرێکیان.
هۆکاری ئەم ئاراستهوهرگرتنه ئەوەیە کە ئەمریکای باشوور، سەرچاوە هەستیار و پێویستەکانی ئابووریی جیهانیی لەبەردەستدایە. ئەم ناوچەیە (٤٠٪)ی بەرهەمهێنانی جیهانیی مس (Copper) و (٣٨٪)ی یەدەگی جیهانیی ئەم کانزایەی لایە. وڵاتی “شیلی” بەتەنیا (٢٧٪)ی “مس”ی جیهان بەرهەم دەهێنێت. “پیرۆ” خاوەنی گەورەترین یەدەگی زیوی جیهانە و مەکسیک گەورەترین بەرهەمهێنەری زیوە.
لە بواری “Lithium”، شیلی و ئەرجەنتین لە ڕووی یەدەگی ئابووریی شیاوی دەرهێنان، لە ڕیزبەندی پلەی یەکەم و سێیەمی جیهانن. هەروەها ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی جیهانە. ئەگەرچی بەڕازیل یەدەگی کەمتری هەیە، بەڵام گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئەمریکای لاتین و دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری بەردی ئاسنە لە جیهاندا. بەڕازیل هەروەها هەناردەکارێکی گرنگی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک سۆیا، قاوە، شەکر و گۆشتی مانگا، هەروەها کانزا هەستیارەکانی وەک ئەلەمنیۆم (aluminium)، نیکڵ (Nickel) و مەنگەنیسیۆم (magnesium)ە.
بەدواداچوون بۆ ئاسایشی وزە
پرسەکان و داڕشتنی سیاسەتەکانی پەیوەست بە وزە، یەکێک دەبن لە گرنگترین هەنگاوەکانی دەوڵەتان لە ساڵی ٢٠٢٦دا. دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئەوروپا بەخێرایی لە وابەستەییی درێژخایەنی خۆی بە غازی ڕووسیا دوور کەوتەوە و دەستی کرد بە زیادکردنی هاوردەکردنی غازی سروشتیی شلکراوە (LNG). لەم چوارچێوەیەدا، یەکێتیی ئەوروپا بەڵێنی داوە تا ساڵی ٢٠٢٨ بە بڕی ٧٥٠ ملیار دۆلار وزە لە ئەمریکا بکڕێت و وا دیارە لەسەر ڕێچکەی قەدەغەکردنی تەواوەتیی هاوردەی وزە لە ڕووسیا هەنگاو دەنێت. ژاپۆنیش ئەگەری زۆرە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات بۆ جێگرتنەوەی وابەستەییی خۆی بە غازی ڕووسیا.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نرخی LNG زۆر گرانترە لە غازی سروشتیی ڕووسیا، وا دەردەکەوێت کە سیاسەتداڕێژەرانی ئەوروپا ئێستا “ئاسایش” لە پێش “تێچوو”وە دادەنێن و ئەم ڕەوتە لە ساڵی ٢٠٢٦یشدا بەردەوام دەبێت. وەبەرهێنەران دەبێت بەوردی چاودێریی لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە بکەن. لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین لە ڕووی تێچووی کارەباوە بەراورد بە زۆرێک لە ئابوورییەکانی دیکە، باڵادهستییهكی ئاشکرایان هەیە.
بۆ زیادکردنی توانای خۆڕاگری، ئەوروپا هەروەها سەرقاڵی بەهێزکردن و پاراستنی پەیوەندییە هەستیارەکانی تۆڕی وزەیە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا هاوشێوەی ڕابردوو نەخشەی ڕێڕەوە جیهانییەکانی وزە هێشتا لە خاڵە تەنگەبەرەکاندا (گەرووەکان) بەلەرزۆکی و مەترسیدار دەمێنێتەوە. گەرووی هورمز کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان و بەشێکی بەرچاوی LNGی جیهانیی پێدا تێ دەپەڕێت، یەکێکە لە ناسراوترین مهترسییهكانه. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای باکوور لە پێگەیەکی گونجاودان بۆ ئەوەی خستنەڕوو (Supply)ی وزەی خۆیان بۆ ئابووریی جیهانی زیاد بکەن.
لەوەیش زیاتر، جگە لە سەرچاوە ئاشکراکانی نەوت و غازی سروشتی، ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو (پێکهاتوو لە؛ بەحرێن، کوێت، عوممان، قەتەر، سعوودیا و ئیمارات) دەتوانێت تۆڕی وزەی هەرێمیی خۆی فراوان بکات بۆ ڕێگهیەکی خێرای گواستنەوەی کارەبا، تا وەڵامدەرەوەی خواستی ئەوروپا بێت. لە ئێستادا، زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا بەتەواوی وابەستەی هاوردەکردنی غازی سروشتین. ئەم زۆری و بۆرییەی سەرچاوەکان، بەتایبەتی لە دۆخێکدا گرنگە کە شۆڕشی ژیریی دەستکرد خواست لەسەر کارەبا و نیمچە-گەیەنەرەکان (Semiconductors) بەخێرایی زیاد دەکات و پێویستی بە کانزا هەستیارەکان بەرز دەکاتەوە.
چارەنووسی دۆلار
پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە جیهانییەکان ئەگەری هەیە لێکەوتەی ئابووری و بازاڕی بەرفراوانی هەبێت، بەڵام ڕۆڵی دۆلاری ئەمریکی وەک دراوی یەدەگی جیهانی ناگۆڕێت. داتاکان دەری دەخەن کە دۆلار هێشتا نزیکەی (٦٠٪)ی یەدەگە دراوییە ڕاگەیەنراوەکانی بانکە ناوەندییەکان، نیوەی پارەدانەکانی (سوویفت) و (٩٠٪)ی کۆی مامەڵە دراوییەکانی جیهان پێک دەهێنێت. بە واتایەکی دیکە، دراوی ئەمریکا هێشتا وەک سیستەمی کارپێکردنی دارایبی جیهان دەمێنێتەوە و پێگەکەی پارێزراوە.
سەرەڕای ئەوە، وەبەرهێنەران بە هۆکاری جیاواز هێشتا بەدوای جێگرەوەیەک بۆ دۆلار دەگەڕێن. یەکەم: بەکارهێنانی دۆلار وەک ئامراز و چەک لە ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکاندا، پاڵنەرەکانی فرەچەشنکردن (Diversification) زیاد دەکات. بۆ نموونە لە کاردانەوە بەرامبەر هێرشەکەی ڕووسیا، هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکانی ئۆکراینا نزیکەی ٣٠٠ ملیار دۆلار لە یەدەگە دۆلارییەکانی ڕووسیایان بلۆک کرد. بەدوای ئەم ڕێکارەدا، بانکە ناوەندییەکانی جیهان بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی سەربەخۆ لە دۆلار (کە لە کاتی ململانێکاندا مەترسیی سزایان لەسەر نەبێت)، بڕێکی بێپێشینە زێڕیان کڕی. نرخی زێڕ لە ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر لە ٥٠٪ بەرز بووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژووییی خۆی.
بە بەردەوامبوونی گەڕان بەدوای جێگرەوەکانی دۆلار، ئەم ڕەوتە دەتوانێت پاڵپشتییەکی بەهێز و بەردەوام بۆ نرخی زێڕ دروست بکات. تەنانەت چاوەڕوان دەکرێت ئەم کانزا بەنرخە لە ساڵی ٢٠٢٦یشدا بازدان و هەڵکشان (Rally)ێكی بەرچاوی دیکە بەخۆیەوە ببینێت.
دووەم: شاهیدی کێبڕکێی بژاردە تازە دەرکەوتووەکانی وەک دراوە دیجیتاڵییەکان (Cryptocurrencies)ین لەگەڵ دۆلار. بەهای بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان ئێستا ٤ تریلیۆن دۆلاری تێ پەڕاندووە، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ نزیکەی ٢ تریلیۆن دۆلار بوو. ئەو وەبەرهێنەرانەی کە بە چاوی “یەدەگی شاراوەی بەها” سەیری دراوە دیجیتاڵییەکان دەکەن، ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی ژینگەیەکی یاساییی لەبارتر بوونەتەوە. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٦دا ئەم بازاڕەیش لە بووژانەوەیەکی ڕێژەیی سوودمەند بێت.
سەرچاوە:
بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
1- https://www.jpmorgan.com/content/dam/jpmorgan/documents/wealth-management/outlook-2026.pdf
2- https://www.jpmorgan.com/insights/global-research/outlook/market-outlook
3- https://www.jpmorgan.com/insights/global-research/outlook/labor-market-forecast-2026
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق ئاڵوگۆڕە خێرا… زیاتر
(خوێندنەوەیەک بۆ گوتەى "لەو هەرایە چیمان دەست دەکەوێ؟") پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە… زیاتر
د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی: گۆڕانی جیۆپۆلیتیک و دەرکەوتنی ڕۆڵی… زیاتر
(جەنگی پازڵەکان) نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی (1469-1527): "شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە؛ ڕێوی بن، تەڵان بناسن! " قەرەنی قادری ڕۆژهەڵاتی… زیاتر
ن: "ئالان چاندەلییهر" (Alain Chandelier) وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس تەنیا ئەوە وێنا بکەن کە دوای… زیاتر
نووسینی: مایكڵ هۆرۆڤیتز* وەرگێرانی بۆ کوردی: پێنووس لە کاتێکدا ئێران لەنێو شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیی جەماوەریدا… زیاتر