د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
پێشەکی: گۆڕانی جیۆپۆلیتیک و دەرکەوتنی ڕۆڵی هەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسیی دانپێدانراو
لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و بەتایبەتی دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ٢٠٠٣، هەرێمی کوردستان لە قەوارەیەکی دیفاکتۆوە گۆڕا بۆ قەوارەیەکی دەستووریی دانپێدانراو. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا کاریگەریی لەسەر کوردی باشوور/عێراق نەبوو، بەڵکوو هاوکێشەی پرسی کوردی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕی. هەرێمی کوردستان، بوو بە تاکە نموونەی حوکمڕانیی کوردی کە خاوەنی ئاڵا، پەرلەمان، هێزی چەکدار (پێشمەرگە)، پەیوەندیی نێودەوڵەتیی فەرمی لە ئاستی ناوەندە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی دونیادا.
ئەم “سەروەرییە سنووردارە” (Limited Sovereignty) وای کردووە کە هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەند یان مەرجەعێکی سیاسی و مەعنەوی، نەک تەنیا بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان بەڵکوو بۆ تەواوی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەڵبەتە چەمکی “ناوەند یان مەرجەع” لێرەدا بەو مانایەی کە هەرێمی کوردستان وەک تاکە دەروازەی فەرمیی مامەڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ پرسی کورد سەیر دەکرێت، هەر لە ڕۆڵی دەمڕاست، ناوبژیوان، داڵدەدەر، تا دەگاتە ئاراستەکەری پرسی کورد و مافە نەتەوەیییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم نووسینە هەوڵ دەدات شیکردنەوە بۆ ڕۆڵی “هەرێمی کوردستان” (KRI) بکات وەک ئەکتەرێکی نیمچە-دەوڵەتی (Quasi-state) کە خاوەنی شەرعییەتی دەستووری و نێودەوڵەتییە؛ بە واتایەکی تر، چۆن ئەم پێگەیە وای کردووە هەرێمی کوردستان ببێتە چەقی کێشکردنی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان (باکوور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات). ئەم نووسینە تیشک دەخاتە سەر میکانیزمەکانی “هێزی نەرم” و “دیپلۆماسیی پارچەکان” کە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات بۆ بەڕێوەبردنی (ئیدارەدانی) هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی کورد و گوشارە ئیقلیمییەکانی ئێران و تورکیا.
یەکەم. بنەماکانی بەهێزیی پێگەی هەرێمی کوردستان
چەند بنەمایەکی سەرەکی هەن کە هۆکاری بەهێزی پێگەی هەرێمی کوردستانن لە سەرکردایەتیکردن و بەمەرجەعبوونی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بە بەراورد بە بەشەکانی تری کوردستان تەنیا هەرێمی کوردستان هەیەتی:
زانکۆکان و چالاکییە کهلتوورییەکان لە هەرێم، وایان کردووە هەولێر ببێتە ناوەندی بەرهەمهێنانی گوتاری سیاسی/نەتەوەییی کوردی لە بەشەکانی تری کوردستانیشدا. بۆ نموونە پێشتر ئهو سەرچاوە میدیایییانهی کێشە سیاسییەکانی کوردیان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی تری وەک تورکیا و ئێران و سووریا ڕووماڵ دهكرد، تەنیا میدیا عەرەبییەکان و چەند میدیایەکی سنوورداری بیانی بوون، کە بەمەبەست و بێمەبەست لایەنداریی کێشەکانیان دەکرد لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە. بەڵام ئێستا هەرێمی کوردستان سەرچاوەی چەندان تۆڕی میدیاییی بەهێزە، کە پەیام و نوێنەریان لە زۆربەی سەکۆ نێودەوڵەتییەکان هەیە و، دەنگی کورد و کێشەکان دەگەیەننە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان. تا ئەو ئاستەی سەرچاوەی پرسی کورد و هەواڵە کوردییەکان کەناڵە کوردییەکانن بە زمانه بیانییەکان نەک میدیا عەرەبی و بیانییەکان. ڕووماڵکردنی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هەسەدە و هێزە کوردییەکان، زیندووترین سەرچاوەیە بۆ ئەم پێگەیەی هەرێمی کوردستان. پێشتر کەناڵی “ئەلجەزیرە”ی قەتەری ڕۆڵی زۆری هەبوو لە ئاراسەتەکردنی ڕای گشتی لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات، بەڵام ئێستا بۆ میدیا جیهانییەکان لەبارەی پرسی کورد، کەناڵی ئەلجەزیرە چیتر سەرچاوەی زانیاریی بێلایەن نییە.
ئەمە لە ڕاستیدا تەکانێکی زۆری بەخشیوە نەک تەنیا بە پێگەی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بە پێگەی تەواوی پرسی کورد لە ناوچەکهدا. ئەمە جگە لەو کۆڕبەند و دیدارانەی (دیداری ساڵانەی مێری، کۆڕبەندی مێپس، دیداری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی) کە ساڵانە چەندان کەسایەتیی سیاسی و بڕیاربەدەست دێننە کوردستان، کە وا دەکات کاریگەریی هەبێت لەسەر ڕا و ڕوانگەی سیاسیی سەرکردەکان و دیدگهی توێژەرە جیهانییەکان لەبارەی پرسی کورد و هەرێمی کوردستان.
چوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ “کۆبانێ” بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، نموونەیەکی زیندووی ئەو پێگە هەستیارەیە کە ئەم هێزە دەتوانێت بەو ڕۆڵەی هەرێمی کوردستان ببەخشێت؛ ئەمە جگە لەوەی لە دانوستاندنەکان و هاوپەیمانیێتییەکاندا پێگەیەکی سیاسی و دیپلۆماسیی پێ دەبەخشیت. ئەگەر هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگەی نەبووایە و دانپێدانراو نەبووایە، هەرێم قەت نەیدەتوانی ئەو هاوئاهەنگی و هاوکاری و پاڵپشتییەی ئەمریکا بەدەست بهێنێت. ئەم ڕۆڵەی هەرێمی کوردستان دەتوانین لە هەرسێ بەشەکانی کوردستان (ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا، باکوور) بەڕوونی ببینین:
١. هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە سووریا (ڕۆژاوا)
پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوا یەکێکە لە ئاڵۆزترین و گرنگترین دۆسیەکان. لێرەدا ڕۆڵی هەرێم وەک “مەرجەع” لە چەند خاڵێکدا دەردەکەوێت:
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەدیاریکراوی جەنابی مەسعوود بارزانی، ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا لە هەوڵدان بۆ یەکخستنی لایەنە کوردییەکانی سووریا (پەیەدە (PYD) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ENKS))(. هەرێمی کوردستان میوانداریی چەندان کۆبوونەوەی کرد بۆ دروستکردنی دەستەیەکی باڵای هاوبەش. هەرچەندە ئەم هەوڵانە بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆیی و کاریگەریی پەکەکە لەسەر ڕۆژاوای کوردستان سەرکەوتنی تەواوەتیی بەدەست نەهێنا، بەڵام سەلمێنەری ئەوە بوو کە “هەولێر” شوێنی چارەسەری کێشە ناوخۆیییەکانی کوردە.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، چ ئەمریکا و چ دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، چەندان جار لەنزیکەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دانیشتوون بۆ ئەو ڕۆڵە. کۆبوونەوەی تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە بارەگای بارزانی و ڕێککەتنی هاوبەش، دەرخەری ئەو ڕۆڵەیە. هەڵبەتە ئەمە جگە لەو پەیوەندییانەی کە ئەحمهد شەرع بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە هەرێمی کوردستانی کردووە (بەتایبەت سەرۆک بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان).
هەر یەکە لە سووریای نوێ و تۆم باراک دەزانن کە هەرێمی کوردستان و کەسایەتیی بارزانی کاریگەریی هەیە لەسەر پرسی کورد و گەلی کورد لە ناوچەکهدا، ئەگینا بەدڵنیایییەوە ئەو پرسوڕایەیشیان بە کورد نەدەکرد.
لە کاتێکدا ڕۆژاوای کوردستان لەژێر گەمارۆدا بوو، دەروازەی “سێمێلکا-فیشخابوور” وەک تاکە سییەکانی هەناسەدان بۆ ڕۆژاوا مایەوە. هەرێمی کوردستان ئەم دەروازەیەی نەک تەنیا بۆ هاوکاریی مرۆیی، بەڵکوو وەک کارتێکی گوشار بۆ ڕاستکردنەوەی سیاسەتی ئیدارەی خۆسەر بەکار هێناوە. هەروەها، هەرێم بووە پردێک بۆ گەیاندنی سەرکردەکانی ڕۆژاوای کوردستان بە پایتەختەکانی ئەوروپا و ئەمریکا؛ ئەمە جگە لەو جووڵە بازرگانییەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بهڕێوهبهریی خۆسەری ڕۆژاوای کوردستان هەبوو. جگە لەوەیش ئێمە بەڕوونی دەبینین کە دەزگه خێرخوازییەکانی هەرێمی کوردستان (بۆ نموونە دەزگهی خێرخوازیی بارزانی) یەکەم لایەنن کە بەپیر ڕۆژاوای کوردستانەوە دەچن. ئەمە مانا و مهغزای سیاسی و نەتەوەییی خۆی ههیه.
دروستکردن و مەشقپێکردنی هێزی “پێشمەرگەی ڕۆژ” لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی هاوسەنگیی سەربازی و پاراستنی فرەییی سیاسی لە ڕۆژاوای کوردستان. هەرچەندە ڕێگری لە گەڕانەوەیان کرا، بەڵام وەک هێزێکی یەدەگی ستراتیژی ماونەتەوە؛ بەو مانەیەی هەرێمی کوردستان نەک تەنیا ڕۆڵی ناوبژیوانی دەبینێت، بەڵکوو ڕۆڵی دەستوەردەر و ئاراستەکاریش دەبینێت لە پرسی کورد لە بەشەکانی تری کوردستاندا. بۆ نموونە بارزانی چەندان جار گوشاری کردووە کە هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان خۆیان لە کارکردن لەگەڵ پەکەکە و نزیکایەتی لە پەکەکە بپارێزن.
٢. هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە تورکیا (باکوور)
پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ پرسی کورد لە تورکیا لەسەر هێڵێکی زۆر باریک بەڕێوە دەچێت؛ لە لایەک پەیوەندیی باش لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و، لە لایەکی تر هاوسۆزیی نەتەوەیی و بوونی کورد لە تورکیا، کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لەو هاوسۆزییە بەدوور بگرێت. هەرێمی کوردستان لە باکووری کوردستانیش خاوەن دیدگهی خۆی بووە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا. هەر یەکە لە تورکیا و کوردانی باکووری کوردستانیش ئەو ڕۆڵەی هەرێمی کوردستانیان قبووڵ بووە. بەسادەیی دەتوانین ئەو ڕۆڵەی هەرێم لە چەند ئاستێکدا ئاماژە پێ بدەین.
لووتکەی کاریگەریی هەرێمی کوردستان وەک مەرجەع، لە ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ دەرکەوت. سەرکردایەتیی هەرێم ڕۆڵی نێوەندگیریی ڕاستەوخۆی دەبینی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا (AKP) و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK). سەردانی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ دیاربەکر (ئامەد) لە ٢٠١٣ پەیامێکی ڕوون بوو کە چارەسەری پرسی کورد لە ئەنقەرە بە هەولێردا تێ دەپەڕێت.
ڕێكهوتی 29-11-2025، بارزانی بەشداریی لە چوارەمین سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری لە شاری جزیرێی سەر بە پارێزگای شڕنەخی باکووری کوردستان کرد. ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە. ئەمە بێجگە لەو وێستگە جیاوازانەی پرۆسەی ئاشتی کە هەم بارزانی و ههم سەرۆکی هەرێم ڕۆڵی بەرچاویان تێدا هەبووە.
هەرێمی کوردستان بۆ کوردانی باکوور نموونەیەکی زیندووە کە دەکرێت کورد خاوەنی ئیدارەی خۆی بێت. هەرچەندە ناكۆكییهكانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە هەندێک جار کاریگەریی لە سەر ئەم پەیوەندییە هەبووە، بەڵام هەرێم بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە “خەباتی چەکداری” لە باکوور کۆتایی هاتووە و، دەبێت خەباتی پەرلەمانی و مەدەنی (وەک هەدەپە (HDP) یان دەم پارتی) شوێنی بگرێتەوە. ئەمە تێڕوانینی ستراتیژیی هەرێمە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان. ئەم ڕوانگەیەی هەرێمی کوردستان دواجار بەفەرمی لەلایەن ئۆجەلانەوە، بووە دەسپێشخەری بۆ چارەسەری پرسی کورد. دیسان لە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیش هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی کارای بەشدار بوو لەو پڕۆسەیە.
٣. هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە ئێران (ڕۆژهەڵات)
دەتوانین بڵێین کە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵەیەکە لە “پەناگە” و “بەرپرسیارێتیی ئەمنی”. ئەمە دەتوانرێت لە چەند تەوەرێکدا تاوتوێ بکرێت.
هەرێمی کوردستان لە ساڵانی هەشتاکانەوە و دواتر لە نەوەدەکان، بووەتە پەناگەی سەرەکی بۆ حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (حدکا، کۆمەڵە، پژاک و ئەوانی تر). سەرەڕای گوشارە ئەمنییە توندەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام هەرێم ڕەتی کردۆتەوە ئەو هێزانە ڕادەست بکاتەوە؛ ئەمەیش هەڵوێستێکی ئەخلاقی و نەتەوەییی گەورەیە کە پێگەی هەرێمی وەک ناوەندێک چەسپاندووە. لەسەر بوونی ئەو هێزە کوردییانە، چەندان جار پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی گرژیی تێ کەوتووە. لە چەندان داواکاری و کۆبوونەوەیش ئێران هەمیشە ئەو داواکارییەی لە هەرێمی کوردستان هەبووە، کە نابێت ئەم هێزانە داڵدە بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش تا ئێستا هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی هاوسەنگی پەیڕەو کردووە (لەبەر سنوورداریی نووسینی بابەتەکە ناتوانم وردەکاریی زۆر بخەمە ڕوو، ئەگینا چەندان وێستگە هەن بۆ گێڕانی ئەو ڕۆڵە لەلایەن هەرێمی کوردستانهوه). هەڵبەتە ئەمە جگە لەوەی هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ بوونی دەرفەتی کارکردن بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لەو دۆخە سەختە ئابوورییەی کە لە ئێراندا هەیە.
لەم ساڵانەی دواییدا، ئێران گوشاری سەربازی (تا ئاستی مووشەکبارانی هەرێمی کوردستان) و سیاسیی زۆری خستە سەر هەرێم بۆ دەرکردنی ئەو هێزانە. هەرێمی کوردستان لێرەدا ڕۆڵی “پارێزەر”ی گێڕا؛ بەوەی هەوڵی دا لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ئەمنی و گواستنەوەی کەمپەکان بۆ شوێنێکی پارێزراوتر، گیانی ئەو پەنابەرانە بپارێزێت بەبێ ئەوەی دەستبەرداریان بێت.
هەرێم هەمیشە ئامۆژگاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کردووە کە خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار نەهێنن تا پاساو نەدەنە دەست تاران بۆ لەناوبردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان. سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران لە ٢٠١٨، مەبەست لێی مامەڵەکردن بوو لەگەڵ ئەم گوشارانەی ئێران؛ بە جۆرێک کە توانیی تا ئاستێکی زۆر گوشارەکانی ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە. ئەم سیاسەتەی سەرۆکی هەرێم، بۆ مامەڵەکردن بوو لەگەڵ ئەم گوشارانەدا، بەتایبەتیش پیشاندانی نیازپاکی و ڕوانگەی هەرێمی کوردستان کە زۆر پێویست بوو بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
دووەم. ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەناوەندبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان
سەرەڕای ئەم ڕۆڵە گرنگەی هەرێمی کوردستان، بەڵام نابێت ئەوەیش لەبیر بکەین کە چەندان ئاڵنگاری هەن کە ڕێگرن لەوەی هەرێم بەتەواوی بتوانێت ئەو ڕۆڵەی ناوەندگەرایی و مەرجەعبوونەی پرسی کورد لە ناوچەکهدا بگێڕێت:
دەرەنجام
هەرێمی کوردستان، بە حوکمی پێگە دەستوورییەکەی، هەروەها توانای ئابووری و ئەزموونی حوکمڕانی، بەکردەیی بۆتە ناوەندی قورسایی (Center of Gravity) بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەتوانین بڵێین کە ڕۆڵی هەرێم لە هاوکارییەکی سادە تێ پەڕیوە؛ هەرێم ئێستا وەک نوێنەری دیپلۆماسیی باڵای کورد، پارێزەری کهلتوور و پەناگەی لێقەوماوانی کورد سەیر دەکرێت بۆ گشت بەشەکانی تری کوردستان. ئەو کەسایەتییەی کە زۆرترین چانسی هەیە بۆ گیڕانی ئەو ڕۆڵە، لە ڕاستیدا کەسایەتیی “مەسعوود بارزانی”یە؛ لە ڕۆژاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتانی هەرێمی و ئاستی نێودەوڵەتییش وا سەیری بارزانی دەکرێت. ڕاستە هەندێک جار لەبەر ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان، کە وابەستەی مەلملانێیەکی تەسکی حزبییە، ئەو ڕۆڵەی بارزانی کەم دەکرێتەوە، بەڵام ئەو مامەڵە سیاسییەی لەگەڵ بارزانی دەکرێت، چ لە بەشەکانی تری کوردستان و چ لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییش، ئەو پێگەیەی پێ بەخشیوە.
بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە ستراتیژییە بەردەوام بێت و گەشە بکات، هەرێمی کوردستان پێویستیی بەوەیە:
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین کە هەرێمی کوردستان تاکە هیوا و تاکە قەڵایە کە کورد لە مێژووی هاوچەرخدا توانیویەتی وەک کیانێکی دەوڵەت-ئاسا بیپارێزێت. بۆیە پاراستنی هەرێم نەک تەنیا ئەرکی باشوور، بەڵکوو دەبێتە ستراتیژیی مانەوە بۆ تەواوی پرسی کورد لە ناوچەکەدا. لە بەرامبەریشدا قووڵاییی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان نە بەغدا و دیمەشق و، نه ئەنقهرە و تاران، بەڵکوو ڕۆژاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. ئەوەی لە کاتی تەنگانە، سەرەڕای ناکۆکییەکانمان بەپیرمانەوە بێت، تەنیا کوردی بەشەکانی تری کوردستانن. هەرێمی کوردستان جگە لە بەشەکانی تری کوردستان هیچ پاڵپشتییەکی تری نییە.
ئێستا هەرێمی کوردستان بۆ بەشەکانی تری کوردستان ڕۆڵی مەرجەع و براگەورە دەگێڕێت؛ دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بین. لەم چرکەساتەی کە خەریکە ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان لەبار دەچێت، نابێت بە هیچ جۆرێک لە خەمی شکاندنی دڵی تورک و عەرەبەکان بین؛ چۆن ئەوان بەرژەوەندیی خۆیان هەیە، هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت پشت لە بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی خۆی بکات.
سەرچاوەکان:
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق ئاڵوگۆڕە خێرا… زیاتر
(خوێندنەوەیەک بۆ گوتەى "لەو هەرایە چیمان دەست دەکەوێ؟") پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە… زیاتر
(جەنگی پازڵەکان) نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی (1469-1527): "شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە؛ ڕێوی بن، تەڵان بناسن! " قەرەنی قادری ڕۆژهەڵاتی… زیاتر
ن: "ئالان چاندەلییهر" (Alain Chandelier) وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس تەنیا ئەوە وێنا بکەن کە دوای… زیاتر
نووسینی: مایكڵ هۆرۆڤیتز* وەرگێرانی بۆ کوردی: پێنووس لە کاتێکدا ئێران لەنێو شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیی جەماوەریدا… زیاتر
نووسینی: کریستۆفەر فیلیپس وەرگێرانی: پێنووس وا چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم لە کۆتایی نزیک… زیاتر