د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق
ئاڵوگۆڕە خێرا سیاسی و ئەمنییەکانی گۆڕەپانی سووریا، دەرگهیان لەسەر کۆمەڵێک ئەگەر و سیناریۆی جیاواز بۆ عێراق کردووەتەوە و هاوکێشەکانی سیاسەت و ئاسایشی بەغدایان خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیهكی نوێ. ئەم شرۆڤەیە بەوردی هەڵوێستە لەسەر لێکەوتە فرەڕەهەندەکانی ئەو گۆڕانکارییانە دەکات:
یەکەم: ڕەهەندە ئەمنییەکان
* عێراق خاوەنی زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشە لەگەڵ سووریا، کە ئەم سنوورە لە هەندێک ناوچەدا خاوەنی سروشتێکی تۆپۆگرافیی ئاڵۆزە و پانتایییەکەی تێکەڵییەکی زۆری لەگەڵ قووڵاییی خاکی سووریادا هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەم دۆخە جوگرافییەدا، ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا بەردەوام ڕوو لە لاوازییە، بەتایبەت لە بنکەی “عەین ئەلئەسەد”. هەرچەندە لە ئێستادا ئەو سنوورە بەهۆی بەربەستی کۆنکرێتی، خەندەق و کامێرای گەرمیپێو (حەراری)یەوە کۆنتڕۆڵ کراوە[1]، بەڵام گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی دیوی سووریا، سەرچاوەی نیگەرانیی بەردەوامن بۆ ئەم سنوورە بەرفراوانە .
* دۆخی گرتووخانەکانی داعش لە سووریا و کشانەوەی پاسەوانەکانیان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (ههسهده/قسد)، عێراق دەخاتە بەردەم سیناریۆیەکی مەترسیداری هاوشێوەی ساڵی 2014، کە تێیدا داعش بە شکاندنی دیواری زیندانەکان دەستی بە پەلکێشان و فراوانخوازی کرد. لە ئەدەبیاتی ڕێکخراوی داعشدا، ستراتیژیی “ڕووخاندنی دیوارەکان” (هدم الأسوار) پرەنسیپێکی جێگیر و نەگۆڕە و بەردەوام جەختی لێ دەکرێتەوە و وەک ئەولەوییەت سهیر دەکرێت[2]. سەرجەم بەرپرس و “ئەمیر”ەکانی داعش ئەم وەسیەتە بۆ شوێنگرەوەکانیان دەکەن و چەکدارەکانیان ڕادەسپێرن کە زیندانەکان فەرامۆش نەکەن. پێشینەی ئەم گرووپە لە ساڵی 2004 هەوڵیان دا زیندانی ئەبوغرێب لە عێراق بکەنە ئامانج، دواتر لە 2013 بەسەرکەوتوویی و لە ڕێگەی دەربازکردنی 600 چەکدار لە عێراق، ژێرخانێکی مرۆییی بەهێزیان بۆ داعش دەستەبەر کرد کە بووە هەوێنی داگیرکارییەکانی ساڵی 2014 [3].
* پڕکردنەوەی شوێنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گرتووخانە و کەمپەکانی داعش لەلایەن هێزە نوێیەکانەوە، ئەگەری دروستبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان داعشی ناوخۆی عێراق و داعشی ناوخۆی سووریا دەکاتە ئەگەرێکی کراوە. لەم دۆخەیشدا ئەگەری بەئامانجگرتنی سنوورەکان لە ئارادایە و وەک سەرچاوەی مەترسییەکی نوێ یەخەی عێراق دەگرێت [4].
* گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لەسەر سنووری عێراق، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر حیساباتی بکەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان هەیە، بەتایبەت تورکیا و ئێران. یەکێک لە کارتەکانی دەستی ئەم دەوڵەتانەیش جووڵاندنی هێزە هاوپەیمان و پاشکۆکانیانە لە ناوخۆی عێراق کە دراوسێی سووریایە. لەم بهینهدا عێراق لەسەر دوو ئاست ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە:
_ یەکەم: ئێران هەوڵی دروستکردنی پێکدادان بدات لە نێوان باڵە سەربازییەکانی خۆی و دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لەسەر سنوورەکانی عێراق؛ لە لایەک وەک تۆڵەکردنەوە، لە لایەکی دیکەیش بۆ گواستنەوەی سەرنج لەسەر قەیرانە ناوخۆیییەکان و بابەتی بەئامانجگرتنی خودی ئێران.
_ دووەم: گواستنەوەی جهنگی تورکیا و پەکەکە لە سووریاوە بۆ سنوورەکانی باکووری عێراق، بەتایبەت پاش ئەوەی پەکەکە پانتایییەکی گەورەی لە سووریا لەدەست دا. ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی عێراق بەئاشکرا باسی ئەمە ناکەن، بەڵام “موقتەدا سەدر” بەڕوونی ئەم مەترسییەی ورووژاند و هۆشداریی دا لە ئەگەری تێوەگلانی پەکەکە [5].
*داواكاریی لە بەغدا هەیە بۆ ئەوەی بەرەنگاری پەکەکە ببێتەوە، تا کێشەکانی تورکیا و قەیرانی سووریا “هاوردە”ی باکووری عێراق (لەنێویشیدا هەرێمی كورستان) نەکرێن. هەندێک لە پاڵپشتیکارانی ئەم بۆچوونە پێیان وایە، ئەگەرچی پێشتر بەهۆی بەشداریی پەکەکە لە جهنگی داعش و هەبوونی هەژموونی بەهێزی ئێرانەوە ئەم هەنگاوە ئەستەم بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە لەبارە تا عێراق خۆی لەم ڕێکخراوە ڕزگار بکات [6].
* گواستنەوەی زیندانییەکانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق (کە ژمارەیان 7000 کەسە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە) [7]، عێراق دەخاتە بەردەم بارگرانیی جۆراوجۆری پاسەوانیکردن، سەرلەنوێ دادگهییکردن و پاراستنیان. هەرچەندە گواستنەوەی ئەم گیراوانە بۆ ناوخۆی عێراق جۆرێک لە دڵنیایی دروست دەکات بەوەی وەک کارت بەکار ناهێنرێن یان ئازاد ناکرێن، بەتایبەت کە ژمارەیەکیان سەرکردەی دیارن[8]، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە ئەو زیندانییانەی گوازراونەتەوە بۆ عێراق لە “مەترسیدارترین سەرکردەکانی داعشن”؛ هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپی، ئاسیایی، عەرەبی و عێراقی و قەوقازین، وڵاتەکانیشیان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین وەریان بگرنەوە [9] . عێراق بۆ پاراستنی ئەم گیراوانەی داعش، پێویستی بە تێچوون و كادر و بەرەنگاربوونەوەی لێكەوتەكانی هەیە.
دووەم: لێکەوتە سیاسییەکان
* گۆڕانی دراوسێی عێراق لە سنوورەکانی ڕۆژاواوە، لە “ههسهده”وە بۆ “دەسەڵاتدارانی حکوومەتی شەرع”، بژاردەیەکی ناچاری و لە هەمان کاتیشدا جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە، بەتایبەت کە گۆڕانکارییەکە کتوپڕ بوو و پێشتر بەو شێوەیە ئامادەکاریی بۆ نەکرابوو . [10].
* بەهێزبوونی سیستهمێکی توندڕەوی سوننی کە شانازییەکی زۆر بە میراتی ئەمەوییەکانەوە دەکات و چەکدارەکانی خاوەنی دوژمنایەتییەکی عەقیدەیی و مێژوویین لەگەڵ شیعە، مایەی نیگەرانییەکی زۆرە بۆ زۆرینەی حوکمڕانی شیعە لە عێراق. ئێستا باوەڕێکی زاڵ هەیە کە بەهێزکردنی سووریایەکی سوننیی توندڕەو، ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوە و گەمارۆدانی عێراقی شیعییە.
* بەهێزبوونی “دەسەڵاتی شەرع” لە بەری ڕۆژاوای عێراق، ئامادەییی تورکیاش لەو ناوچانە بەهێزتر دەکات[11]. ئەمەیش زیاتر عێراق دەخاتە ژێر هەژموونی تورکیاوە، لە کاتێکدا ئێران بە دۆخێکی لاوازدا تێ دەپەڕێت. ئەم هەژموونە تورکییە لەسەر سنوورەکانی عێراق تەنیا لە سیاسەت و ئاسایشدا ناوەستێت، بەڵکوو دەشێت دۆسیەی ئاویش بگرێتەوە؛ چونکە پاش ئەوەی عێراق لەسەر دیجلە مشتومڕی لەگەڵ تورکیادا هەبوو، لەمەودوا کۆنتڕۆڵکردن و ئاراستەکردنی ڕووباری فوراتیش بەتەواوی دەچێتە ژێر هەژموونی ئەنقەرە.
* دەشێت باڵادەستبوونی سوننەی سووریا، ببێتە هاندەرێک بۆ سوننەی عێراق تا سەقفی داواکاری و گوشارەکانیان بەرزتر بکەنەوە. لەم نێوهندەدا هەندێک ئاماژەی ڕوون بەردەستن، لەوانە بەرگریی هەندێک سیاسەتمەداری سوننە لە ڕژێمی نوێی سووریا (بۆ نموونە خەمیس خەنجەر) [12]. هەروەها پەرلەمانتار “مەشعان جبووری” بەڕاشکاوی ڕای گەیاند کە، هەر سوننەیەک بانگەشەی ئەوە بکات بە دەسەڵاتگرتنەدەستی “جۆلانی” لە سووریا دڵخۆش نییە، ئەوا سوننەیەکی “درۆزن”ە[13]، ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە دەستەبژێری شیعە بەتووڕەیی و نیگەرانییەوە سەیری دۆخەکە دەکەن.
* ڕووداوەکانی سووریا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر تەونی کۆمەڵایەتی و ئۆقرەییی کۆمەڵگەی عێراقی هەیە. لە کاتێکدا دەستەبژێری سوننە بە مافی خۆیانی دەزانن هاوشێوەی پەیوەندیی شیعەی عێراق و ئێران، ئەوانیش هاوسۆزی سوننەی سووریا بن. بەریەککەوتنەکان توندتر دەبنەوە، بەتایبەت کە شیعەکان پێیان وایە ڕژێمە سوننەکەی سووریا ژێرخان و تانوپۆی تیرۆریستی و ئەمەوییە و قەوارەیەکی ئاسایی نییە.
*سەرباری بەڵێنەکانی دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆ باشترکردنی ڕەوشی سووریا و گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان؛ بارگرژییە ئەمنییەکان، خراپیی ژێرخانی ئابووری و دەستێوەردانی دەرەکی، ئەم وڵاتە دراوسێیەی عێراق لە دۆخێکی هەستیاردا دەهێڵێتەوە. ئەمەیش بۆ عێراق جێگەی دڵەڕاوکێ و چاودێریکردنەوە [14].
* لە کۆی 347 هەزار پەنابەر لە عێراقدا، ڕێژەی (88%)یان خەڵکی سووریان و (80%)ی ئەوانەیش لە هەرێمی کوردستاندان[15]. هەر چەشنە شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون، بارگرانیی زیاتر دەخاتە سەر عێراق کە خۆی لە بنەڕەتەوە کێشەی داراییی هەیە. جگە لەوەیش، ئەگەری زۆر هەیە ئەو ئاوارە سوورییانە کێشەکانی ناوخۆی وڵاتەکەیان بگوازنەوە بۆ عێراق.
سێیەم: لێکەوتەکانی لەسەر هەرێم و گۆڕینی نەخشەی هاوپەیمانێتی
لەپاش ڕووداوەکانی سووریا، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گرژییە درێژخایەنەکانی نێوان شیعە و کورد بەرەو خاوبوونەوە چوون. لە هەردوو لاوە بانگەواز هەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە؛ ئەوەیش لە سۆنگەی هەستکردن بە مەترسییە هاوبەشەکانی هەردوو لا لە بەهێزبوونی حوکمڕانیی “سیستهمی شەرع” لە سووریا.
لەم بهینهدا میدیای فەرمیی عێراق (کە لەدەستی شیعەکاندایە) هاوسۆزیی بەرچاو بۆ قوربانییەكانی كوردانی ڕۆژاوا له سووریا پیشان دەدات و سەرکۆنەی ڕەفتاری گرووپەکان دەکات[16]. ئەم بانگەشەیە ئەگەرچی سەرەتا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستی پێ کرد، بەڵام وردە وردە خەریکە دەبێتە باوەڕێکی زاڵ کە لەپاش سووریا، دەشێت گرووپە سوننەکانی سووریا شیعەی عێراق بکەنە ئامانج؛ بۆ ئەمەیش چەند ئاماژەیەک بەردەستن:
سەرباری ئەوانەی سەرەوەیش، هاوپەیمانیی گریمانەکراوی شیعە و کورد ئایدیۆلۆژی نییە، چونکە کورد زۆرینە بە ئایینزا سوننەن و، دەبوو لەگەڵ ڕژێمی شەرع نزیکتر بوونایە، بەڵام لە ئێستادا بەرژەوەندیی سیاسی و دەستوورییان پێکەوە گرێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی عێراق، دابەشکردنی داهات و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی هاوبەش کە جیهادییە سوننە توندڕەوەكانن. هەروەها مهسهلهی ههسهده و دەستبەرداربوون لەم هێزە هاوپەیمانەی ئەمریکا، جێگەی نیگەرانیی کوردی عێراق و شیعەکانیشە وەک یەکتر، چونکە لە سایەی ئیدارەی ترەمپدا ئاستی متمانە بە واشنتۆن لاوازە و “مامەڵەی سیاسی” (سەفقە) بڕیاردەرە. لەگەڵ ئەمەیشدا پەراوێزی گەمەکردنی هەرێمی کوردستان لە ئاستی بەغدا، دەشێت بەرتەسک و لاواز بێت، ئەگەر هات و ئەزموونی ڕۆژاوا بەیەکجاری و تەواوەتی لەبار برا.
كۆبەند
ئەم پەیپەرە شیکارییە تیشک دەخاتە سەر لێکەوتە فرەڕەهەندەکانی گۆڕانکارییەکانی سووریا لەسەر نەخشەی سیاسی و ئەمنیی عێراق. گرنگترین خاڵەکان بریتین لە:
سهرچاوهكان:
(خوێندنەوەیەک بۆ گوتەى "لەو هەرایە چیمان دەست دەکەوێ؟") پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە… زیاتر
د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی: گۆڕانی جیۆپۆلیتیک و دەرکەوتنی ڕۆڵی… زیاتر
(جەنگی پازڵەکان) نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی (1469-1527): "شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە؛ ڕێوی بن، تەڵان بناسن! " قەرەنی قادری ڕۆژهەڵاتی… زیاتر
ن: "ئالان چاندەلییهر" (Alain Chandelier) وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس تەنیا ئەوە وێنا بکەن کە دوای… زیاتر
نووسینی: مایكڵ هۆرۆڤیتز* وەرگێرانی بۆ کوردی: پێنووس لە کاتێکدا ئێران لەنێو شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیی جەماوەریدا… زیاتر
نووسینی: کریستۆفەر فیلیپس وەرگێرانی: پێنووس وا چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم لە کۆتایی نزیک… زیاتر