وەرگێڕان: پێنووس
ئایا کشانەوەی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ پێکهاتە چەکدارە کوردییەکان لە سووریا، تەنیا وەڵامدانەوەیەکی کاتی بوو بۆ گۆڕانکاریی ڕاستییەکانی سەر زەوی، یان ئێمە شایەتحاڵی وەرچەرخانێکی قووڵتر لە ستراتیژیی ناوچەییی ئەمریکاین؛ جووڵەیەک بە ئاراستەی دوورکەوتنەوە لە جهنگی پرۆکسییەکان یاخود بەنوێنەرایەتییهكان (Proxy Warfare)و بەرەو داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی گەڕاندنەوەی هەژموون (Hegemony) و پلەبەندی (hierarchy)ی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی ناوەندە هاوتەریبەکانی دەسەڵات؟
داڕشتنی پرسیارەکە بەم شێوەیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەمە شیکردنهوهكه لەو گێڕانەوە باوە -“کوردە خیانەتلێکراوەکان“- دەباتە دەرەوە و ڕووداوەکانی ئەم دوایییە دەخاتە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکی بەرفراوانترەوە لە سیاسەتی ئاسایشیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، لە قۆناغێکدا کە دەکرێت ناوی بنێین “قۆناغی پاش جهنگی بەنوێنەرایەتی (post-proxy era)”.
لە جهنگی بەوەکالەتەوە بۆ مەرکەزییەت (چەقگەرایی)ی دەوڵەت: چوارچێوەیەک لە گۆڕاندا
لەوەتەی سەرەتای ساڵانی ٢٠١٠وە، سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر دۆکترینێک وەستاوە کە بنەماکەی بریتییە لە “بەشداریی سنووردار “(Limited Engagement)، ئەوەی کە کارەکتەرە چەکدارە نادەوڵەتییەکانی دەخستە سەنتەری پلان و بهرنامهی كارییەوە. ئەم مۆدێلە که بەفراوانی لە عێراق، سووریا، لیبیا و یەمەن پەیڕەو کرا، بەڵێنی ئەوەی دەدا کە تێچووه ڕاستەوخۆکان بۆ کەمترین ئاست دابەزێنێت، لە هەمان کاتدا توانای واشنتۆن بۆ پیادەکردنی دەسەڵات بپارێزێت. هێزە کوردییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا – کە دواجار لەژێر ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) دامەزرا – بوونە یەکێک لە ڕوونترین نموونەکانی ئەم لۆژیکە. ئەوان لە یەک کاتدا چەند ئامانجێکیان دەپێکا: هێزێکی زەمینی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، میکانیزمێک بۆ سنووردارکردنی دیمەشق و تاران، هەروەها خاڵێکی گوشار لەسەر ئەنقەرە.
بەڵام مۆدێلی “بەوەکالەت” سنووری خۆی هەیە. ئەم مۆدێلە لە گەرمەی شەڕی سەر زەوی کار دەکات، بەڵام هەر کە شەڕەکە هێور بووەوە، دەست دەکات بە دروستکردنی بەرپرسیارێتی و باری قورسی ستراتیژی. گرنگترینیان بریتییە لە سەرهەڵدانی قەوارەی نیمچە-دەوڵەت؛ کە شەرعییەتی نێودەوڵەتییان نییە، بەڵام تایبەتمەندییەکانی سەروەرییان هەیە، هەر لە کۆنترۆڵکردنی خاکەوە تا بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و دامەزراوە چەکدارییەکان. لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢٤، ئەمریکا ڕاستەوخۆ چووە ناو ئەم تەڵەیەوە لە سووریا.
ئاماژەیەکی دامەزراوەیی: لێدوانەکەی “تۆم باراک” وەک هێمایەکی گۆڕینی پارادایم
ئەو لێدوانانەی لە ئەنقەرە لەلایەن تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، پێشکەش کران، کەمتر وەک پەیامێکی دیپلۆماسی دەردەکەوتن و زیاتر وەک ئاماژەیەکی “عەقیدەیی” (Doctrinal) بوون. جەختکردنەوەی ناوبراو لەسەر ئەوەی کە ئەرکیSDF کۆتایی هاتووە، لەگەڵ بانگەوازی ڕاستەوخۆی بۆ تێکەڵکردنی تەواوەتییان لەناو دەوڵەتی سووریا، بە مانای ڕەتکردنەوەی ئەو گریمانە پێشوەختە بوو کە پێی وابوو پێکهاتە چەکدارە خۆبەڕێوەبەرەکان خاوەن ڕێککەوتنێکی قبووڵکراوی درێژخایەنن. بەکارهێنانی ئەدەبیاتەکی لەو شێوەیە (لەلایەن تۆم باراک) هەڕەمەکی نییە. لە سیستەمی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، باڵیۆزێک – بەتایبەتی یەکێک کە پۆستی نوێنەری تایبەتی هەبێت – گوزارشت لە کۆدەنگییەکی هەماهەنگکراوی نێوان دەزگهکان دەکات. کەواتە ئەوەی دەرکەوت، دەستکارییەکی تاکتیکی نەبوو، بەڵکوو پێداچوونەوەیەک بوو بەو بنەما سەرەکییەی کە بوونی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای لەسەر بونیاد نرابوو.
ڕۆڵی کۆشکی سپی: جێگیرکردنی گۆڕانکارییەکە لە بەرزترین ئاستدا
ساتەوەختی یەکلاکەرەوە بە لێدوانێکی ئاشکرای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان هات، کاتێک دیمەشقی وەک هاوبەشێکی نوێی ئەمریکا لە شەڕی دژ بە پاشماوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی دەستنیشان کرد. لە لۆژیکی دامەزراوەییی واشنتۆندا، بەیاننامەکانی سەرۆک وەک لەنگەری ستراتیژی کار دەکەن: تەنیا ڕەنگدانەوەی کۆدەنگی نین، بەڵکوو ئەو چوارچێوەیە دیاری دەکەن کە هەموو دەزگهکانی تر کاری تێدا دەکەن. خاڵی گرنگ ئەوەیە، بەیاننامەکە هیچ ئاماژەیەکی بە SDF وەک لایەنێک بۆ ڕێکخستنەکانی ئاییندە تێدا نەبوو. ئەو فەرامۆشکردنە، قورسایییەکی زۆرتری لە هەر سەرزەنشتێکی ئاشکرا هەبوو. لە سیاسەتی ئەمریکادا، بێدەنگی زۆر جار ئاماژەیە بۆ دەرکردن لە نەخشە ستراتیژییەکە. پەیامەکەی کۆشکی سپی زۆر ڕوون بوو: سەردەمی هاریکاری لەگەڵ هێزە کوردییە نادەوڵەتییەکان کۆتایی هاتووە و، گرەوە نوێیەکە لەسەر بونیادنانەوەی پێکهاتەی ستوونیی دەوڵەتێکی دانپێدانراوە – بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ لە لووتکەی دەسەڵاتدایە!
باکگراوەندی مێژوویی: هاوپەیمانیی کورد هەمیشە کاتی بوو
ئەگەر سەیری ڕابردوو بکەینەوە، نابێت ئەم وەرچەرخانە جێی سەرسوڕمان بێت. هێشتا لە ساڵانی ٢٠١٧دا، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە بەئاشکرا جەختیان لە سروشتی تاکتیکیی هاریکارییەکان لەگەڵ پێکهاتە کوردییەکان دەکردەوە. دڵنیاییدانە گشتییەکان سەبارەت بە سروشتی کاتیی ئەم پەیوەندییانە و نەبوونی هیچ پابەندبوونێکی درێژخایەن، لەناو جەوهەری هەڵوێستی فەرمیی ئەمریکادا جێگیر کرابوو. لە سەرەتاوە، پڕۆژەی کوردی لە سووریا وەک “ئامرازێک” دەبینرا، نەک “هاوبەشی”. بەهاکەی تەنیا بەپێی سوودی خێرای ئەو ساتەوەختە پێناسە دەکرا – کە بریتی بوو لە شکستپێهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی و پاراستنی ناوچەکان دوای ڕووخانی بەناو خەلافەتەکە. کاتێک ئەو ئەرکانە ئەولەوییەتیان نەما و، کاتێک دیمەشق وەک کەناڵێکی بەدیلی گونجاو سەری هەڵدایەوە، ئیتر هەڵبژاردەی واشنتۆن تا ڕاددەیەکی زۆر پێشوەختە یەکلا بووبووەوە.
شەرعییەت بەرامبەر بە کارایی: گرێكوێرهی سەرەکیی واشنتۆن
لە سەردەمی پاش جەنگی سارد، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەردەوام لە نێوان دوو پێویستیی دژبەیەکدا لە هاتوچۆدا بووە: کاراییی مەیدانی (Operational efficiency) و شەرعییەتی نێودەوڵەتی (International legitimacy). پێکهاتەکانی جهنگی بەوەکالەت مەیلیان هەیە یەکەمیان (کارایی) دابین بکەن بەڵام دووەمیان (شەرعییەت) لاواز دەکەن. دەوڵەتان پێچەوانەی ئەمە دەکەن. پێکهێنانی ئیدارەیەکی نوێ لە دیمەشق و تێکەڵکردنەوەی بەناو میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانی دژە-تیرۆر، ئەو هاوکێشەیەی بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕی. ویلایەتە یەکگرتووەکان بژاردەیەکی دەست کەوت کە بتوانێت لە ڕێگەی دەوڵەتێکی فەرمی و دانپێدانراوەوە کار بکات، کە ئەمەیش هەم بەرپرسیارێتییە یاسایییەکان و هەم مەترسییە سیاسییەکان کەم دەکاتەوە. ئەگەر لەم گۆشەنیگایەوە سەیر بکرێت، دەستبەرداربوون لە هێزەکانی سووریای دیموکرات(SDF) بڕیارێکی ئەخلاقی نەبوو، بەڵکوو هەژمارکردنێکی سارد(بێڕۆح)ی دامەزراوەیی بوو.
ڕەهەندی هەرێمایەتی: بۆچی تورکیا بووە گۆڕاوێکی دیاریکەری سیستەمەکە؟
هەر شیکارییەکی جددی بۆ گۆڕانی هەڵوێستی واشنتۆن، ئەستەمە بەبێ ڕەچاوکردنی فاکتەری تورکیا. بۆ ئەنقەرە، پرسی کورد هەمیشە پرسێکی وجوودی (Existential) بووە و، زۆر لە سنوورەکانی گۆڕەپانی سووریا تێپەڕ دەکات. بیرکردنەوەی ستراتیژیی تورکیا بۆ چەندان دەیە لەسەر گریمانەیەکی بنەڕەتی وەستاوە: هەر پێکهاتەیەکی سیاسی یان سەربازی کە پەیوەست بێت بە “پارتی کرێکارانی کوردستان” (پهكهكه)وە، مەترسییە بۆ سەر یەکپارچەییی دەوڵەت، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو دروشمەی کاری لەژێردا دەکات. دەرکەوتنی قەوارەیەک لەسەر سنووری باشووری تورکیا کە ڕەگی لە ژێرخانی سەربازی و سیاسیی PKKدا هەبێت، وەک هێڵێکی سوور مامەڵەی لەگەڵ دەکرا – هێڵێک کە بەزاندنی، نەک تەنیا متمانە، بەڵکوو خودی لۆژیکی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانێتیی، دەکردە شتێکی مەحاڵ.
لە ناوەندی ساڵانی ٢٠١٠دا، پرسی کورد بووە سەرچاوەی سەرەکیی گرژیی بونیادی (Structural tension) لە نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەدا. پشتیوانیی ئەمریکا بۆSDF – کە لە تورکیا وەک درێژکراوەیەکی ڕاستەوخۆی PKK دەبینرا- لەلایەن دامەزراوەی حوکمڕانیی تورکیاوە وەک فەرامۆشکردنێکی ئاشکرای بەرژەوەندییە سەروەرییەکانیان و پێشێلکردنی ئیتیکی سەرەتاییی هاوپەیمانێتی لەناو ناتۆ لێک دەدرایەوە. ئەم دژایەتییە تاکتیکی نەبوو، بەڵکوو سیستهمی بوو: پشتبەستنی ئەمریکا بە هێزە کوردییەکان، لە دیدی تورکەکانەوە، یەکسان بوو بە پشتیوانیی دیفاکتۆ لە ڕێکخراوێک کە ئەنقەرە بەفەرمی بە تیرۆریستیی ناساندووە. وەڵامدانەوەی تورکیا لە ناڕەزایەتییەکی دیپلۆماسی زیاتر ڕۆیشت و، بووە هۆی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن کە دیمەنی ستراتیژیی ناوچەکەیان گۆڕی.
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی قەڵغانی فورات (٢٠١٦)، چڵە زەیتون (٢٠١٨) و بههاری ئاشتی (٢٠١٩) بەرجەستەبوونی کردەییی دۆکترینەکەی تورکیا بوون بۆ “بەرگریی کارا “(Active defense). ئەوان تەنیا ڕێگرییان لە پێکهێنانی کۆریدۆرێکی بەردەوامی ژێر کۆنترۆڵیPKKیان نەکرد کە لە عێراقەوە تا دەریای ناوەڕاست درێژ دەبووەوە، بەڵکوو ناوچەی ئەمنیی نوێیان دروست کرد کە ئەنقەرە بوونی ئیداری، ئابووری و مرۆییی خۆی تێدا جێگیر کرد. بەم کارە، تورکیا سەلماندی کە هەڵوێستەکەی تەنیا خۆنواندنێکی زارەکی و وتاربێژانە نییە، بەڵکوو ستراتیژییەکی درێژخایەنە کە پشتیوانیی تەواوی قورساییی دامەزراوە نیشتمانییەکانی هەیە – لە سەرۆکایەتیی ئەرکانەوە تا وەزارەتی دەرەوە.
واشنتۆن دردۆنگ بوو لە تێگەیشتن لەم ڕاستییە. هەوڵەکان بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان تورکیا و هاوبەشە کوردەکان بێمتمانەییی لای هەردوو لا زیاد کرد. بەڵام کاتێک ستراتیژیی ئەمریکا لە سووریا دەستی بە لەدەستدانی کاریگەریی کرد و هەژموونی تورکیا بەسەر داینامیکی ناوچەکەدا بوو بە یەکلاکەرەوە – بەتایبەتی لەسەر وزە، کۆچبەران و بەرگری – کۆشکی سپی بانگەوازێکی پراگماتیکیی کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان (De-escalation).
لابردنی هۆکارە بێزارکەرە کوردییەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەرگهی کردەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و تورکیا. بۆ ئەنقەرە، ئەمە لە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی زیاتر بوو؛ ئەمە پەسەندکردنی هێڵێک بوو کە لە ٢٠١٥وە بەبەردەوامی پەیڕەو دەکرا. بۆ واشنتۆن، ڕێگەیەکی خستە ڕوو بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی تورکیا وەک هاوبەشێکی سەرەکی و سەقامگیرکەرێکی ناوچەیی. بەم جۆرە، وەرچەرخانەکەی ئەمریکا تەنیا ماندووبوون لە ململانێی نیشان نەدا، بەڵکوو دانپێدانان بوو بە ڕاستییەکی تاڵ: هەر ستراتیژییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تورکیا پەراوێز بخات، چارەنووسی شکستە.
لەژێر ئەم ڕۆشنایییەدا، دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە پڕۆژەی بریکارە کوردییەکان لە سووریا، نابێت وەک کاری هەڕەمەکی یان “فرۆشتن”ی ئەخلاقی خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵکوو وەک بەشێک لە داڕشتنەوەیەکی بەرفراوانتری ستراتیژیی ناوچەییی ئەمریکا پێناسە دەکرێت- وەرچەرخانێک لە بەڕێوەبردنی ململانێی پارچەپارچەبووەوە، بەرەو گەڕاندنەوەی پلەبەندیی بەرپرسیارێتی و شەرعییەتی دەوڵەت.
هەڵوەشاندنەوە بەپلان: تێکەڵکردنەوە (Integration) وەک چەک-داماڵینی ستراتیژی
ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکەی تایبەت بە تێکەڵکردنەوەی تەواوەتی لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا، کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا ئەنجام درا، سازشکردن نییە بە مانا کلاسیکییەکەی. ئەمە میکانیزمێکی بەوردی ئەندازیاری-کراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارەکتەرێکی چەکداریی سەربەخۆ. تایبەتمەندییە دیارەکەی بریتییە لە “لاسەنگی.” پێکهاتە کوردییەکان دەستبەرداری بکەرێتی (Subjectivity)ی سیاسی و سەربازی دەبن، لە کاتێکدا دەوڵەتی سووریا هیچ پابەندبوونێکی هاوشێوە ناگرێتە ئەستۆ سەبارەت بە بەفیدڕاڵیکردن یان دابەشکردنەوەی سەروەری. لە پراکتیکی نێودەوڵەتیدا، ئەم جۆرە ڕێکخستنانە لە قۆناغەکانی “دووبارە یەکگرتنەوەی پاش جهنگی بەوەکالەت” باون، کاتێک پاڵپشتیکارێکی دەرەکی بەئەنقەست هاوبەشێکی پێشووی دادەبەزێنێت و، دەیگۆڕێت لە بکەرەوە بۆ بەرکار (Object)ی حوکمڕانی. مۆدێلی هاوشێوە لە عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ هێزەکانی سەحوەی سوننە و، لە ئەفغانستان لە کاتی هەوڵەکان بۆ تواندنەوەی میلیشیا ناوخۆیییەکان لەناو دامەزراوە ئەمنییە نیشتمانییەکاندا، لەلایەن ئەمریکاوە جێبەجێ کران.
بە شێوەیەکی فەرمی، تێکەڵکردنەوەی SDF ئەمانە دەگرێتەوە:
لە جەوهەردا، ئەمە هەڵوەشاندنەوەیەکی قۆناغ بە قۆناغی تەلارسازیی هێزێکی بەوەکالەتە – نەک لە ڕێگەی پچڕانی توندوتیژ و کتوپڕەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی لەدەستدانی کۆنترۆڵکراوی ئۆتۆنۆمییەوە.
ئیدارەی نوێی دیمەشق: شەرعییەتی مەرجدار وەک سەرمایەیەکی ستراتیژی
پێکهێنانی ئیدارەکەی “ئەحمەد ئەلشەرع” لە دیمەشق، بووە مەرجی سەرەکیی پێکهاتەیی (Structural precondition) بۆ وەرچەرخانەکەی واشنتۆن. سەرەڕای ناکۆکییە ناوخۆیییەکان و سنوورداریی ناوبانگە نێودەوڵەتییەکەی، کێشەیەکی گرنگی پلە-یەکی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان چارەسەر کرد: “ڕووبەرێکی پەیوەندی “(Interface)ی شیاوی کارکردنی بۆ مامەڵەکردن دروست کرد. بۆ واشنتۆنێک کە هەوڵی کەمکردنەوەی مەترسییە سروشتییەکانی پشتبەستن بە هێزە چەکدارە نادەوڵەتییەکان دەدات، بوونی هاوبەشێکی شیاوی بەڕێوەبردن لە شێوەی دەوڵەتی سووریادا هەڵبژاردەیەکی ژیرانە بوو کە بە پراگماتیزم ئاڕاستە کرابوو نەک ئایدیۆلۆژیا.
ئەمە بە واتای چاکبوونەوەی تەواوهتیی سیاسیی دیمەشق نایەت لە دیدی ڕۆژاوادا. نە واشنتۆن و نە برۆکسل ئامادە نین مامەڵە لەگەڵ حکوومەتەکەی شەرع بکەن وەک هاوبەشێکی تەواو شەرعی کە لە دامەزراوە جیهانییەکاندا یەک خرابێتەوە. بەڵام لە بواری سیاسەتی ئەمنیدا، ئەم شێوازە دەرکەوت کە کار دەکات. ئەمەیش بوو بە مۆدێلێکی “لانی کەمی پێویست”(Minimally sufficient) – کە ڕێگەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دا بریکارە متمانەپێنەکراوەکان بگۆڕێتەوە بە بکەرێکی دەوڵەتی کە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا کار دەکات.
ئیدارەکەی شەرع سێ مەرجی تێدایە کە واشنتۆن بە یەکلاکەرەوەی دەزانێت. یەکەم، کۆنترۆڵکران (Controllability): بەپێچەوانەی پێکهاتە کوردییە لامەرکەزییەکانەوە، حکوومەتی سووریا دەتوانێت پابەندبوونەکان بە شێوەی ستوونی جێبەجێ بکات و دیلی فەرماندە مەیدانییە سەربەخۆکان نییە. دووەم، خودان-کەسێتیی یاسایی: ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی سووریا لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا دەگونجێت و، ئەمریکا لە پێویستی بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ناڕوون کە پێگەی یاساییی خۆی لاواز دەکات، دەپارێزێت. سێیەم، گونجاویی هەرێمی: ئیدارە نوێیەکە پەیوەندیی کاریی پراگماتیکی لەگەڵ ئەنقەرە، بەغدا و عەممان بنیات ناوە – سێ پایتەختی گرنگ بۆ ئەندازیاریی ئاسایشی سنوور و لۆجیستیکی داهاتووی ناوچەکە.
بۆ واشنتۆن، ئەم فاکتەرانە بەس بوون بۆ پاساودانی جووڵەیەکی سیمبۆلیک، بەڵام گرنگ لە ڕووی ستراتیژییەوە: جێگرتنەوەی SDF وەک هاوبەشێکی بەوەکالەت بە بکەرێکی دەوڵەتی، هەرچەندە لە ڕووی سیاسییەوە کێشەدار بێت. ئەم هەڵبژاردنە ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکی بەرفراوانترە بەرەو بەدامەزراوەکردنی پشێوی (Institutionalization of chaos) – واتە پێشخستنی “توانای بەڕێوەبردن، بەرپرسیارێتی و، لانی کەمی پێشبینیکردن” بەسەر “هەماهەنگیی ئایدیۆلۆژی”دا. بەم کارە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بوارێکی بۆ خۆی دابین کرد تا سیستەمێکی نوێی “پشکنین و هاوسەنگی” (Checks and balances) دروست بکات کە تێیدا دیمەشق، لەگەڵ هەموو سنووردارییەکانیدا، دەبێتە بەشێک لە چوارچێوەی نوێی سەقامگیریی ناوچەیی.
تورکیا لە بەرگێکی نوێدا: لە ڕێگریکەرەوە بۆ هاو-داڕێژەری تەلارسازییە ئەمنییەکە
بۆ ئەنقەرە، گۆڕانکارییەکە گوزارشتە لە شتێک زیاتر لە لابردنی مەترسی – دانپێدانانی دامەزراوەیییە بە هێڵێکی ستراتیژی کە لە ساڵی ٢٠١٥وە کاری لەسەر دەکرێت. هەر لە سەرەتای ململانێکانی سووریاوە، تورکیا بەبەردەوامی دژایەتیی هەر جۆرە ئۆتۆنۆمییەکی کوردی کردووە لەسەر سنووری باشووری وڵاتەکەی و، وەک درێژکراوەیەکی ژێرخانی PKK تەماشای کردووە. ئەو باوەڕە هاندەری زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی بوو – لە قەڵغانی فوراتەوە تا بههاری ئاشتی – کە نەک تەنیا بۆ دەرکردنی هێزەکانی سەر بە PKK، بەڵکوو بۆ دروستکردنی کۆریدۆرێکی ئەمنی لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادا ئەنجام دران.
خاڵی گرنگ ئەوەیە، هەڵوێستی تورکیا هەرگیز “کاردانەوە” نەبوو؛ بەڵکوو دۆکترینی (عەقیدە) بوو و، لە بەڵگەنامە ستراتیژییە نیشتمانییەکاندا چەسپێنرابوو. لە کهلتووری ستراتیژیی تورکیادا، پرسی کورد دەچێتە خانەی “مەترسییە دابەش-نەکراوەکان “(Indivisible threats)، کە تێیدا سازشکردن نەک وەک سەرکەوتنی دیپلۆماسی، بەڵکوو وەک “شکستی دواخراو” سەیر دەکرێت. ئەنقەرە هەمیشە پێی وابووە کە هەر ئۆتۆنۆمییەکی سەر بە PKK مەترسییەکی درێژخایەنە – نەک تەنیا بۆ سەر یەکپارچەییی خاکی تورکیا، بەڵکوو بۆ سەقامگیریی گشتیی ناوچەکەیش.
ئەم باوەڕە پاڵپشتیی وەبەرهێنانی سیستهماتیکی تورکیای دەکرد لە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە فیدراڵی و نیمچە-دەوڵەتییەکان لە باکووری سووریا. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هاوشان بوون لەگەڵ گوشاری دیپلۆماسی، دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ، واشنتۆن و تاران و، سیاسەتێکی چالاکی سەقامگیرکردنی ناوخۆیی لە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان. دروستکردنی ئیدارەی خۆجێیی، پڕۆژەکانی ژێرخان و، بەرنامە مرۆیییەکان بۆ ئەوە داڕێژرابوون تا نیشان بدەن کە ئاسایش و حوکمڕانی، دەکرێت بوونیان هەبێت بەبێ جوداخوازی یان چاودێریی دەرەکی.
ئەم وەرچەرخانەی ئێستای واشنتۆن – کە بە کشانەوەی پشتیوانی لە SDF ئاماژەی پێ کراوە – بە واتای داننان بە تورکیا دێت وەک “هاو-داڕێژەر”ی تەلارسازییە ئەمنییە نوێیەکەی ناوچەکە. سیاسەتوانانی ئەمریکا گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ئەنقەرە و هێزە کوردییەکان گەیشتۆتە بنبەست. دژایەتیی نێوان هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەندامێکی ناتۆ و پشتیوانیکردن لە هێزەکانی سەر بە ڕێکخراوێک کە وەک تیرۆریست دیاری کراوە، نەدەتوانرا بەردەوامیی پێ بدرێت.
لە دەرەنجامیشدا، تورکیا جارێکی تر دەگۆڕێت لە “هاوپەیمانی کێشەدار”ەوە بۆ “دەوڵەتی لەنگەر” (Anchor state) – کە توانای هەیە وەک سەقامگیرکەر و گەرەنتیکاری ئاسایش کار بکات. ئەمە گۆڕانکارییەکی چۆنێتی (Qualitative)یە. بۆ یەکەم جار لە ماوەی چەندان ساڵدا، ستراتیژیی تورکیا تەنیا لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەکتەرە گەورەکان یەکی نەگرتەوە؛ بەڵکوو لە حیساباتە درێژخایەنەکانی ئەواندا یەک خرا. ئەنقەرە نەک تەنیا پاساوی مەعنەویی دەست کەوت، بەڵکوو بەڵگەی سیاسیی دەست کەوت کە هێڵەکەی سەبارەت بە ڕێگریکردن لە ئۆتۆنۆمیی کوردی پاساوی ستراتیژیی هەبوو – و، لە چوارچێوەی واقعی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەکردار جێبەجێ کرا.
کۆتاییهاتنی سەنتەرە هاوتەریبەکانی دەسەڵات وەک ڕەوتێکی ناوچەیی
بڕیاری واشنتۆن بۆ دەستبەرداربوون لە پشتیوانیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، نابێت وەک ئەڵقەیەکی دابڕاو خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بەڵکوو نیشانەی گۆڕانکارییەکی زۆر فراوانترە لە ئەندازیاریی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە تێیدا یاریکەرە دەرەکییە گەورەکان لە ستراتیژیی “کۆنترۆڵکردن لە ڕێگەی ئاژاوەوە” دوور دەکەونەوە بەرەو مۆدێلێکی “سەقامگیریی بەڕێوەبراو.”
لەوەتەی ساڵانی ٢٠١٠وە، ناوچەکە لەژێر سیستەمێکی ئاسایشی پارچەبوودا کاری دەکرد – تۆڕێک لە گرووپە چەکدارەکان کە وەک بریکاری هێزە دەرەکییەکان کاریان دەکرد. ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئێران، ڕووسیا، تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو هەموویان پشتیان بەم بکەرانە دەبەست وەک ئامرازی کاریگەری. ئێستا ئەو مۆدێلە بەسەر چووە. لە عێراقدا، هەنگاوەکان بەڕێوەن بۆ تێکەڵکردنەوەی پێکهاتە شیعەکانی حەشدی شەعبی بۆ ناو وەزارەتی بەرگری و، سەندنەوەی پێگەی سەربەخۆ لێیان. لە لوبنان، گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر حزبوڵڵا توندتر دەبێتەوە: دوای لاوازبوونی تۆڕە ناوچەیییەکەی ئێران و لە نێوان قەیرانە قووڵە ناوخۆیییەکاندا، بەیرووت ناچار دەکرێت ڕووبەڕووی پرسی سنووردارکردنی سەربەخۆیییە سەربازییەکەی ببێتەوە. لە سووریا، مۆسکۆ و دیمەشق بە شێوەیەکی سیستهماتیکی ئەو “ناوچە خۆڵەمێشی”یانە لا دەبەن کە جاران میلیشیا ناوخۆیییەکان و ئیدارە هاوتەریبەکان کاریان تێدا دەکرد. لە یەمەن، دانوستانەکانی نێوان ڕیاز و حووسییەکان بە دەوری مەرکەزییەت (سەنترالیزم)ی پاش جەنگ و ملکەچپێکردنی پێکهاتە چەکدارییەکان بۆ دەسەڵاتێکی دەوڵەتیی یەکگرتوو دەسووڕێنەوە.
هێزی بزوێنەر لەپشت ئەم گۆڕانکارییە، “ماندووبوون”ە. ناوەندە هاوتەریبەکانی دەسەڵات – کە سەردەمانێک وەک ئامرازی گوشار تەماشا دەکران – گۆڕان بۆ سەرچاوەی مەترسیی کۆنترۆڵنەکراو. ئابوورییەکانی ناوچەکە خلیسکانە ناو تاوانبارکردن (Criminalization): قاچاخچێتیی نەوت، چەک و ماددەی هۆشبەر، بازاڕە یاسایییەکانی کلۆر کردەوە. تیرۆریزم کە سنووری تێ دەپەڕاند، لەگەڵ ئەو چەکدارانەی لە نێوان سووریا، عێراق و ئەفغانستان هاتووچۆیان دەکرد، ئیکۆسیستەمێکی خۆبژێوی توندوتیژییان بەرهەم هێنا. کەشی وەبەرهێنان هەرەسی هێنا؛ هیچ سەرمایەیەکی جددی ناچێتە ئەو ناوچانەی کە دەسەڵات تێیدا پارچەپارچە بووە. تەنانەت خودی سپۆنسەرە دەرەکییەکانیش درکیان بەوە کرد کە “ئاژاوەی بەڕێوەبراو” چیتر توانای بەڕێوەبردنی نەماوە.
ئێستا ناوچەکە دەچێتە قۆناغێکەوە کە ڕەنگە ناوی بنێین “بونیادنانەوەی سنوورداری دەوڵەت”. گرەوە نوێیەکە لەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ستوونی (Vertical authority)یە – هەرچەندە ناتەواو و زۆر جار نەخوازراویش بێت، بەڵام ناوەندییە. ئەمە گەڕانەوە نییە بۆ نەزمە ئۆتۆریتارییەکەی کۆن، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ بونیادنانی دەوڵەتانی لانی كهم-کارا کە توانای دابینکردنی ئاسایشی بنەڕەتی و پێشبینیکردنیان هەبێت. بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەمە ڕێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان و سەرنجخستنە سەر کێبڕکێ لەگەڵ چین. بۆ ڕووسیا، کەناڵێکە بۆ جێگیرکردنی کاریگەری لە ڕێگەی دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوە. بۆ تورکیا، دەرفەتێک دروست دەکات بۆ پاراستنی سنوورەکانی و سەقامگیرکردنی باکووری سووریا.
لەو ڕوانگەیەوە، دەستبەرداربوون لە SDF نیشانەی لاوازی یان پاشەکشە نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ گۆڕینی سەردەمێک. سەردەمی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان وەک ئامرازی پەسەندکراوی سیاسەتی دەرەوە کۆتایی دێت. ئەوەی بەدوایدا دێت، پرۆسەیەکی خاوتر، پڕکێشەتر، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەبێت ڕوو بدات، کە بریتییە لە: بونیادنانەوەی دەوڵەتداری لەسەر داروپەردووی دەیان ساڵ لە بێسەروبەری.
پرسی کورد: تەڵەیەکی ستراتیژی بەبێ دەرچە
بۆ نوخبەی کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ساتی ئێستا بەئاگاهاتنەوەیەکی بەئازار، بەڵام حەتمیی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. خەیاڵەکان ڕەوینەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە سیاسەتی نێودەوڵەتیی کلاسیکی ڕووتە – بەبێ سۆز، بەبێ ڕەسیدی ئەخلاقی، یان ڕۆمانسییەتی “بەهاکان.” هەڵەی ستراتیژیی بنەڕەتیی پێکهاتە سیاسی و سەربازییەکانی کورد لەوەدا بوو کە جێگۆڕکێیەکی کوشندەیان کرد: هاوپەیمانێتییەکی تاکتیکی و کاتییان بەهەڵە وەک هاوبەشییەکی ستراتیژیی بەردەوام لێک دایەوە. ئەو بەد-تێگەیشتنە لەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی زلهێزەکان چۆن لەگەڵ واقع کار دەکات، لە دڵی قەیرانەکەی ئەمڕۆدایە. مێژوو لەم ڕووەوە لێبووردنی نییە. بۆ دەیان ساڵ، فاکتەری کوردی وەک کارت (Leverage) بەکار هێنراوە و، بەدەگمەن وەک ئامانجێک بۆ خۆی سەیر کراوە. لە ساڵانی حهفتاکاندا، کوردەکانی عێراق بوونە دراوێکی خەرجکراو لە هاوسەنگییەکی ناوچەییی گۆڕاودا و، هەر کە بەرژەوەندییەکان گۆڕدران و ئەولەوییەتیان نەما، پشتیوانییەکەیان لەدەست دا. لە ساڵی ١٩٩١دا، دوای جەنگی کەنداو، جارێکی تر هیوایان پێ درا – بەڵام هیچ گەرەنتییەک نەبوو. هەر جارێک، پشتیوانیی ڕۆژاوا دەردەکەوت کە مەرجدار و گەڕاوەیە (Reversible)و، هەر کە شێوەی بەرژەوەندییەکان دەگۆڕان، پشتیوانییەکە دەکشایەوە.
باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدەر نەبوو لەمە. پشتبەستنی سیاسی و سەربازی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە پاڵنەری ئامانجێکی تەواو سوودخوازانە (Utilitarian) بوو: شەڕکردن دژی تۆڕە تیرۆریستییەکان و کۆنترۆڵکردنی بکەرە نەخوازراوەکان. هەرگیز هیچ پابەندبوونێکی یاسایی بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردی، چ جای دەوڵەتبوون، نەبووە – و ئەمڕۆش هیچ بوونی نییە. لەو سۆنگەیەوە، نوخبەی کوردی نەک دیلی بەڵێنە شکێنراوەکان، بەڵکوو دیلی پێشبینییەکانی خۆیان بوون.
لەم قۆناغەدا، بوار بۆ مانۆڕ نزیکەی سفرە؛ بەرهەڵستیی یەکگرتنەوە دەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی زنجیرەییی پێشبینیکراو:
یەکەم، لەدەستدانی کەڤەر (داپۆشین)ی ئەمریکا: واشنتۆن بە پراگماتیزمێکی بێبەزەیییانە کار دەکات: هەر کاتێک ئامرازێک سوودی نەما – یان دەستی کرد بە دروستکردنی مەترسیی زیاتر – لەسەر مێزەکە لا دەبرێت. ئەمە خیانەت نییە؛ ئەمە حیساباتە و، هەرگیز نەدەبوو وەک سوپرایز بێت.
دووەم، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا: ئەنقەرە هەر قەوارەیەکی نیمچە-دەوڵەتیی کوردی لەسەر سنوورەکانی وەک مەترسییەکی ئاسایشی نەتەوەییی وجوودی (Existential) دەبینێت. بەپێچەوانەی بەیاننامە نێودەوڵەتییە سۆزدارییەکانەوە، هەڵوێستی تورکیا بە هێزی ڕاستەقینەی سەربازی، هەواڵگری و سیاسی پشتیوانی کراوە، کە لە دۆکترینێکی ستراتیژیی درێژخایەندا چەسپاوە.
سێیەم، گۆشەگیریی نێودەوڵەتی: هیچ ئەکتەرێکی جددی ئەمڕۆ ئامادە نییە خەرجیی پڕۆژەیەکی کوردیی ئۆتۆنۆم لە سووریا بگرێتە ئەستۆ. نەبوونی دانپێدانان، بەرکەوتنی سزاکان و، کورتهێنانی شەرعییەت ناوچەکە دەکاتە ناوچەیەکی خۆڵەمێشی بەبێ هیچ ڕێگەیەکی گەشەسەندنی بەردەوام.
چوارەم، ماندووبوونی وردەوردەی سەربازی: تەنانەت بەئیرادەترین هێزەکانیش ناتوانن بۆ ماوەیەکی نادیار خاک بپارێزن بەبێ پاڵپشتیی دەرەکی، دارایی جێگیر و، دەستگەیشتن بە سەرچاوەی مۆدێرن.
لەم دۆخەدا، تێکەڵبوونەوە – هەرچەندە پڕتێچوو بێت (باجەکەی زۆر بێت) – تەنیا بژاردەی عەقڵانییە. ئەمە دەربارەی سەرکەوتن نییە، بەڵکوو کۆنترۆڵکردنی زیانە. بەهای دەستبەرداربوون لە ئۆتۆنۆمیی سیاسی، بریتییە لە پاراستنی بەشێک لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی، ئیداری و ستاف؛ مانەوەی فیزیکیی نوخبە و خەڵکی مەدەنی بە هەمان شێوە؛ هەروەها دەرفەتێک، هەرچەندە سنووردار بێت، بۆ بەشداریکردن لە نەزمی داهاتووی سووریا.
سیاسەتی نێودەوڵەتی کەم جار هەیە کە پاداشتی ئایدیالیزم بداتەوە؛ بەڵکوو لایەنگری ئەوانەیە کە دەتوانن ئاماژەکان زوو بخوێننەوە و ئاراستەی خۆیان لە کاتی گونجاودا ڕاست بکەنەوە. بۆ پێکهاتە کوردییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەو ساتە هاتووە. لاساریی زیاتر واقع ناگۆڕێت – تەنیا تێچووی خۆگونجاندن (Adaptation) بەرز دەکاتەوە.
لۆژیکی ئەمریکا: کەمکردنەوەی پابەندبوونەکان، زۆرکردنی کۆنترۆڵ
لە ڕوانگەی واشنتۆنەوە، هێڵە نوێیەکە کۆمەڵێک سوودی ڕوونی هەیە:
گرنگترین خاڵ ئەوەیە، ئەمە “گەڕانەوە” نییە بۆ دەستێوەردانی کلاسیکی و، کشانەوەی تەواوەتیی ئەمریکاش نییە لە ناوچەکە؛ بەڵکوو ئەوەی ئێمە دەیبینین پەرەسەندنە بەرەو مۆدێلێکی حوکمڕانی لە دوورەوە لە ڕێگەی دەوڵەتانی خاوەن شەرعییەتی فەرمییەوە – مۆدێلێک کە تێیدا ویلایەتە یەکگرتووەکان کارتی گوشاری دەمێنێت بەڵام لە ڕۆڵی گەرەنتیکاری ڕاستەوخۆی ئاسایش خۆی بەدوور دەگرێت.
دەرەنجامە درێژخایەنەکان: پەنجەرەیەک بۆ سەقامگیری یان قەیرانێکی دواخراو؟
سەرەڕای هەموو لۆژیکە ناوخۆیییەکەی، ئەم وەرچەرخانەی ئێستا مەترسیی جەوهەریی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی پێشووی بریکار (Proxy) بۆ ناو سیستەمی دەوڵەتیی لاواز، هەمیشە هەڵگری مەترسیی پارچەبوون، تێکدان و توندوتیژیی نوێیە. چەند گۆڕاوێک یەکلاکەرەوە دەبن:
تەنانەت بەم شێوەیەیش، بە بەراورد لەگەڵ بەدیلەکە – کە پاراستنی قەوارەیەکی نیمچەدەوڵەتییە – مۆدێلی ئێستا بۆ بکەرە دەرەکییەکان کەمتر مەترسیدار دەردەکەوێت.
هەڵسەنگاندنی کۆتایی و دەرهاوێشتە ستراتیژییەکان
کشانەوەی پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ SDF بەشێکە لە گۆستنەوەیەکی سیستهمی (Systemic transition) لە بەڕێوەبردنی ململانێ لەسەر بنەمای بریکارەکان، بەرەو گەڕاندنەوەی پلەبەندیی دەوڵەت. وەرچەرخانەکە بە پلەی یەکەم بەهۆی تێکەڵەیەک لە گوشاری بەردەوامی تورکیا و دەرکەوتنی هاوبەشێک لە دیمەشق کە واشنتۆن بە “شیاوی بەڕێوەبردن”ی دەزانێت، ئەنجام درا. لە سەرەتاوە، پێکهاتە کوردییەکان لەلایەن ئەمریکاوە وەک ئامرازێکی کاتی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، نەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی. ناوچەکە دەچێتە قۆناغی هەڵوەشاندنەوەی ناوەندە هاوتەریبەکانی دەسەڵات – پرۆسەیەک کە ڕەنگە پشێوی کەم بکاتەوە، بەڵام سەقامگیریی جێگیر و بەردەوام گەرەنتی ناکات. بۆ وەبەرهێنەرە دەرەکییەکان و بکەرە دیپلۆماتکارەکان، ئەم ڕێکخستنە نوێیە توانای پێشبینیکردنی زیاتر پێشکەش دەکات لە کاتێکدا مەترسییە بونیادییە قووڵەکان دەپارێزێت.
ڕاسپاردە ستراتیژییەکان
ئەوەی ڕوو دەدات چارەسەرێکی پاک و بێگەرد نییە، بەڵکوو ڕاستکردنەوە (Recalibration)یە. واشنتۆن پابەندبوونەکانی خۆی تەسک دەکاتەوە لە کاتێکدا هەوڵی پاراستنی کاریگەریی خۆی دەدات – کەموکوڕی قبووڵ دەکات لە بەرامبەر کۆنترۆڵدا و، پێشبینیکردن (Predictability) هەڵدەبژێرێت بەسەر کاری هەڕەمەکیی بەردەوامدا.
سەرچاوە:
Baku Network; The End of the Kurdish Moment: Why U.S. Strategy in Syria Took a Hard Turn. 22 January 2026.
قەرەنی قادری "سیاسەت" (politics) یانی بڕیاردانی کارناسانە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو تا لەو کۆڵانەوە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق ئاڵوگۆڕە خێرا… زیاتر
(خوێندنەوەیەک بۆ گوتەى "لەو هەرایە چیمان دەست دەکەوێ؟") پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە… زیاتر
د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی: گۆڕانی جیۆپۆلیتیک و دەرکەوتنی ڕۆڵی… زیاتر
(جەنگی پازڵەکان) نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی (1469-1527): "شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە؛ ڕێوی بن، تەڵان بناسن! " قەرەنی قادری ڕۆژهەڵاتی… زیاتر
ن: "ئالان چاندەلییهر" (Alain Chandelier) وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس تەنیا ئەوە وێنا بکەن کە دوای… زیاتر