قەرەنی قادری
“سیاسەت” (politics) یانی بڕیاردانی کارناسانە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو تا لەو کۆڵانەوە بتوانرێت لە نێوان چەندان هاوکێشەی نزیک و دووردا بەرژەوەندی دابین بکرێت. بە واتایەکی تر، ئەو بڕیاردانە کارناسانە، بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە- کە ئەمەیشیان دەتوانێت بۆ بەرژەوەندیی تاک، گرووپ یان نەتەوەیەک بێت.دەتوانین سیاسەت بە مانای “پڕۆسەی بڕیاردان”یش ناو ببەین، هەروەها “ڕێکخستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی”ش مانای سیاسەت دەدات. واتە بەرژەوەندی لە کوێ بێت، دەبێ سیاسەت سێرەی لێ بگرێت و هەوڵی کەویکردنی بدات. بۆیە سیاسەت و سیاسەتوان دەبێ ئەوەنده چالاکن بن، کاتێک بەرژەوەندی لە شوێن و دۆخێکی دیاریکراو تەواو دەبێت، دەبێ سیاسەتیش ئاڕاستەکەی بگۆڕدرێت و لە شوێنی تردا بەرژەوەندی دابین بکات.
ئەوەی لەو نێوەدا سەقامگیرە، “بەرژەوەندی”یە، بەڵام ئەوەی ناجێگیرە، “دۆست”، “دۆستایەتی” و “هاوپەیمانی”یە.”برا” یان “برایەتی” ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بنەماڵە، خێڵ و عەشیرەتەوە هەیە؛ واتە پەیوەندییەکی خوێنییە و، هیچ گرێدراوی سیاسەت نییە. بۆیە تەنیا دەکرێت “برا” یان “برایەتی” لە چوارچێوەی خوێن و خزمایەتیدا بخوێنرێتەوە، نەک لە مەیدانی سیاسەتدا. هێنانی ئەو دوو چەمکە بۆ ناو سیاسەت هەڵەیە و بەرژەوەندی دەخەسێنێت. “برا”، “برایەتی” یان “برایەتیی گەلان” دروشمێکە پەیوەندیی بە بەرژەوەندییەوە نییە، بەڵام سیاسەت (بەرژەوەندی) چەمکێکی عەقڵانییە و لە نێوان كۆمهڵێك هاوکێشەدا چالاکە و، هەر هاوکێشەیەكیش بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆی سیاسەت لەڕەندە دەدات.
لە سیاسەت، خەبات و ئەدەبیاتی سیاسیدا شتێک نییە بە ناوی “برا” و، هیچ جێگەیەکی لەناو ئەو سێ چەمکەیشدا نییە: برایانی عەرەب، برایانی فارس و برایانی تورک! یان حیکایەتی برایەتیی گەلان!
برایەتی، یەکێک لە دروشمەکانی شۆڕشی فەڕەنسا (۱۷۹۹–۱۷۸۹) بوو. سێ دروشمەکەی شۆڕشی فەڕەنسا بریتی بوون لە: “ئازادی”، “بەرانبەری” و “برایەتی”، هەروەها دروشمی “برایەتی”ش کە وەکوو دوو دروشمی تر بۆ شۆڕشی فەڕەنسا واتە ناوخۆی وڵاتی فەڕەنسا بوو، باس لە پێکەوەبوون دەکات تا دەگەن بە ئامانج. گەرچی برایەتی یان برایەتیی گەلان دروشمێکی پیاوسالارانەیە، بەڵام ڕێک پەیوەندیی بە ناوخۆی فەڕەنساوە بووە، نەک نەتەوەکانی دەرەوەی جوگرافیای سیاسیی ئهو وڵاته.
هەروەها لە ساڵی ١٩١٧دا، بوو بە دروشمی سەرەکیی کۆمۆنیستەکان لە “شۆڕش”ی ئۆکتۆبهری ڕووسیا (وڵاتێکی فرەنەتەوە)دا و، بۆ ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵان لە دار و دیواری شارەکانی یەکێتیی سۆڤیەت دەنووسرا. ڕێک بە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبهردا، دروشمی “برایەتیی گەلان” خۆی خزاندە ناو ئایدیۆلۆژیاوە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە “سیاسەت” واتە بەرژەوەندییەوە نییە، بەڵکوو دروشمێکی ئایدیۆلۆژییە و بۆ سڕینەوەی چەمکی “نەتەوە” بەکار هێنرا.
ئەوەی پەیوەندیی بە نەتەوەکان نەک گەلانەوە هەبێت، برایەتی نییە، بەڵکوو دۆستایەتییە و، ئەویش لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانە، دۆستایەتی، چارەسەرکردنی کێشەی نێوانیان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستان، هەروەها دراوسێیەتیی باش کە دەبێ پەیوەندییەکان ڕێک بخات. “ئابراهام لینکۆڵن” (١٨٠٩-١٨٦٥) گوتەنی: “گفتوگۆ لایەنی هەرە جوانی مرۆڤەکانە.” ئەم گفتوگۆیە دەبێ یەکێک لە پرەنسیپەکانی نێوان گرووپ، نەتەوە و دەوڵەتەکان بێت؛ کە ئەمەیشیان پەیوەندیی بە برایەتییەوە نییە، بەڵكوو دەچێتە خانەی عەقڵ و ناسینی پرس و کێشەکان.
سیاسەت، یانی بەرژەوەندی. ئەوە بەرژەوەندییە پەیوەندیی نێوان دوو یان چهند هێزێك دروست دەکات، نەک برا و برایەتی. کەواتە برایەتی و سیاسەت دوو دیوی دراوێک نین و پێکەوە هەڵناکەن. چونکە ئەگەر سیاسەت لەسەر بنەمای برایەتی بێت، بەڵام لە شوێنێکدا بەرژەوەندی گەیشت بە کۆتایی، دەبێت برایەتییش کۆتاییی پێ بێت.
ئەوانەی بڕوایان بە چەمکی برایەتی هەیە، ئایا بڕوایان بەوه هەیە کە سیاسەت یانی بەرژەوەندی؟ چونکە برایەتی و بەرژەوەندی دوو شتی جیاوازن. ئەگەر دوو شتی جیاواز بن. بێ شک تێڕوانینیش سەبارەت بە سیاسەت دەگۆڕدرێت.
برا و برایەتی پرسێکی خوێنییە و هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەت (بەرژەوەندی)یەوە نییە. بەڵام سیاسەت و کاری سیاسی (بەرژەوەندی)، پەیوەندییان بە عەقڵ و هاوکێشە سیاسییەکانەوە هەیە.
سیاسەت یانی بەرژەوەندی نەک برایەتی! برایەتی، چەمکی سەردەمی کۆمەڵگەی عەشایهیری و خێڵەکی بوو، کاتێک دوو سەرۆکعەشیرەت پەیمانی برایەتییان دەبەست؛ بێ شک ئەویش کاتی بوو، چونکە زۆر جار بەرژەوەندی، زۆر داب و تەکووزی لێ تێک دەدان.
کە بەرژەوەندی لە شوێنێک تەواو دەبێت، کۆتایی بە پەیوەندییەکان دێت و ئاڕاستەی سیاسەتیش دەگۆڕدرێت. ئەوانەی سیاسەت لەسەر بنەمای برایەتی دادەڕێژن، دۆڕاو، بچووک، چاولەدەست و سەرلێشێواوی مەیدانی سیاسەتن! لە سیاسەتدا شتێک نییە بە ناوی برا؛ ئەوەی هەیە، بەرژەوەندییە و بەس. جیهان، جیهانی بەرژەوەندییە نەک برا و برایەتی!
وەرە لە ماڵی خۆت برای خۆت بدۆزەوە!
وەرگێڕان: پێنووس ئایا کشانەوەی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ پێکهاتە چەکدارە کوردییەکان لە سووریا، تەنیا وەڵامدانەوەیەکی کاتی… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق ئاڵوگۆڕە خێرا… زیاتر
(خوێندنەوەیەک بۆ گوتەى "لەو هەرایە چیمان دەست دەکەوێ؟") پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە… زیاتر
د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی: گۆڕانی جیۆپۆلیتیک و دەرکەوتنی ڕۆڵی… زیاتر
(جەنگی پازڵەکان) نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی (1469-1527): "شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە؛ ڕێوی بن، تەڵان بناسن! " قەرەنی قادری ڕۆژهەڵاتی… زیاتر
ن: "ئالان چاندەلییهر" (Alain Chandelier) وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس تەنیا ئەوە وێنا بکەن کە دوای… زیاتر