د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق
دەسپێک
نەمانی “ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی” وەک ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و سەرکەوتنی “موجتەبا”ی کوڕی بۆ لووتکەی هەڕەمی دەسەڵات، تەنیا گۆڕانکارییەک نییە لە کارەکتەرەکاندا، بەڵکوو ورووژاندنی پرسێکی ستراتیژییە: لە ململانێی نێوان “دەوڵەت” و “مەزهەب”دا، کێ دەبێتە قیبلەنمای نوێی شیعە لە ناوچەکە و جیهاندا؟
ئەم وەرچەرخانە تێزی “ویلایەتی فەقیهـ” دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی: ئایا ئەو سیستەمەی پاش ١٩٧٩ شەرعییەتی خۆی لە کاریزمای “وەلیی فەقیهـ”دا چڕ کردبووەوە، دەتوانێت بەبێ خامنەیی پارێزگاری لە هەژموونی خۆی بکات؟ یان لە سایەی موجتەبای كوڕیدا لەبەردەم مۆدێلە نەیار و کەنارگیرەکاندا پاشەکشە دەکات؟
ئەم شرۆڤەیە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییەکانی “نەخشەی شیعەگەری” لە قۆناغی پاش خامنەیی و سیناریۆکانی بەردەم ئەو دەسەڵاتە مەزهەبییە دەخوێنێتەوە.
ویلایەتی فەقیهـ وەك وەرچەرخانێك لە ژینگەی شیعیدا
بۆ چەندان سەدە، بیری سیاسیی شیعە لەناو کایەیەکی “کەنارگیر” و “چاوەڕوانكهر”دا قەتیس بوو؛ دۆخێک کە تێیدا شەرعییەتی حوکمڕانیی ڕەها، تەنیا وەک مافێکی پیرۆز بۆ “ئیمامی دوازدەیەم” (فریادڕەسی چاوەڕوانکراو) پارێزرابوو. بەڵام ئایەتوڵڵا خومەینی، بە داڕشتنەوە و پەرەپێدانی تێزی “ویلایەتی فەقیهـ”، ئەم بێدەنگییە مێژوویییەی شکاند و دەرچەیەکی نوێی بۆ حوکمڕانیی ڕاستەوخۆی پیاوانی ئایینی کردەوە. ئەم تێزە لە ڕووی فیقهییەوە لەسەر ئەو بنەمایە دامهزراوە کە لە سەردەمی پەنهانیی “ئیمامی مەهدی”دا (الغیبة)، نابێت کاروباری موسڵمانان بێسەرپەرشت بمێنێتەوە، بەڵکوو پێویستە “شەرعزانێكی هەڵگری کۆمەرج” (جامع الشرائط) جڵەوی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بگرێتە دەست[1].
“لەم چوارچێوەیەدا، “فەقیهـ” یان شەرعزان تەنیا وەک ڕێبەرێکی ڕۆحی و ئایینی نامێنێتەوە، بەڵکوو دەبێتە فەرمانڕەوایەکی شەرعیی خاوەن دەسەڵات کە زۆربەی ئەرک و دەسەڵاتەكانی “ئیمامی مەعسووم”ی پێ سپێردراوە. بەپێی ئەم تێزە، “وەلیی فەقیهـ” لە ڕووی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و جێبەجێکردنی حوکمەکاندا، هەمان پێگەی ئیمامی هەیە؛ تەنیا بە یەک جیاوازیی ورد نەبێت، ئەویش پرسی “جیهادی سەرەتایی” (الجهاد الابتدائي)یە، کە بەپێی تێڕوانینی فیقهی، تەنیا لە تایبەتمەندییە پیرۆزەکانی ئیمامی مەعسوومە و شەرعزانی بریكار ناتوانێت دەستی بۆ ببات، ئەم جیهادەش بۆ فراوانخوازی و پەلهاویشتن و پەلاماردانە [2].
ئەو وەرچەرخانە فیکرییەی “ویلایەتی فەقیه” هێنایە كایەوە، تەنیا لە سنووری کایە تیۆرییەکاندا نەمایەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی پرۆسەی دامەزراوەییبوونەوە، بەڕێوەبردنی دەوڵەت و تەواوی کایەکانی ژیان دەخاتە ژێر ڕکێفی شەرعزانەوە و دەسەڵاتە سیاسییە سنووردارەكەی دەكاتە ڕەها. ئەم تیۆرە دواتر وەک بڕبڕەی پشتی بونیادی دەستووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناسێنرا و لە ماددەکانی (٥، ٥٧، ١٠٧، و ١٠٩ تا ١١٢)دا، پێگەی “ڕێبەر” وەک مەرجەعێکی باڵا و سەروودەسەڵاتەکانی وڵات چەسپێنرا[3] .
لەم ئەزموونەدا، مۆدێلێکی سیاسیی “دووفاقی” بەرجەستە بووە: کۆمارێکی شکڵی لە ئاوێتەبوونێکی ئاڵۆزدا لەگەڵ “مەرجەعییەتێکی تیۆکراسی”، کە تێیدا دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان لە پەراوێزی دەسەڵاتە باڵاکانی “وەلیی فەقیهـ”دا کار دەکەن. لەم سیستەمەدا، ڕێبەر تەنیا لووتکەی هەڕەمی سیاسی نییە، بەڵکوو قۆرخکاری ڕەهای بڕیاری کۆتایی و سەرچاوەی شەرعییەتدانە بە تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی[4].
لە پرۆسەی پیادەکردنی ئەم مۆدێلە سیاسییەدا، دەتوانین ئاماژە بە دوو وێستگەی مێژووییی جیاواز و یەکلاکەرەوە بکەین کە سیمای دەسەڵاتیان لە ئێراندا کێشاوە؛ یەكەمیان قۆناغی دامەزراندن و دووەمیان چەسپاندن و بۆ دامەزراوەییكردنە:
١. سەردەمی خومەینی (١٩٧٩-١٩٨٩): ئەمە قۆناغی ڕێبەریی کاریزماتیک و مەرجەعییەتە، ئایەتوڵڵا خومەینی وەک “مەرجەعێکی تەقلیدیی باڵا” و ڕێبەرێکی کاریزمای شۆڕش دەرکەوت. لەم قۆناغەدا، دەسەڵاتەکەی ئەو ئاوێتەیەکی بێوێنە بوو لە شەرعییەتی ئایینیی کلاسیک و هێزی شۆڕشگێڕی. خومەینی پێویستی بە دامەزراوەی ئاڵۆز نەبوو بۆ چەسپاندنی بڕیارەکانی، چونکە پێگەی ئایینیی ئەو وەک “مەرجەع” و پێگەی سیاسیی وەک “ڕێبەری شۆڕش”، دوو جەمسەری هێزیان بۆ دروستکردبوو، لە ڕێگەیەشەوە بوو بە خاوەن جەماوەرێكی بەرفراوان.
٢. سەردەمی خامنەیی (١٩٨٩_ ئێستا): ئەمەیان قۆناغی دامەزراوەییبوونی دەسەڵاتی سیاسییە، بە کۆچی دواییی خومەینی، سیستەمەکە ڕووبەڕووی قەیرانی شەرعییەت بووەوە، چونکە عەلی خامنەیی لە کاتی دەستنیشانکردنیدا پلەی “مەرجەعییەت”ی نەبوو و تەنیا لە ئاستی “ئیجتیهاد”دا بوو. ئەم بۆشایییە فیقهییە، بووە هۆی هەمواری دەستوور لە ساڵی ١٩٨٩، کە تێیدا مەرجی “مەرجەعبوون” بۆ ڕێبەر لا درا. لێرەوە سیستەمەکە لە مۆدێلی “مەرجەع-ڕێبەر”ەوە بەرەو مۆدێلی “ڕێبەری سیاسیی خاوەن دەسەڵاتی “ویلایەتی فەقیهـ” وەرچەرخا، هەر ئەمەش لە ئێستادا ڕێگەی خۆش كرد بۆ “موجتەبا”ی كوڕی كە بەبێ ئەوەی پلەی مەرجەعی هەبێت وەك “وەلی فەقیه” دیاری بكرێت.
خامنەیی لە ڕێگەی “ئەندازیاریی دامەزراوەیی”یەوە، توانیی جومگە ستراتیژییەکانی دەوڵەت (وەک سوپای پاسداران، ئیمپراتۆرییەتە ئابوورییەکان و دەسەڵاتی دادوەری بە جۆرێک دابڕێژێتەوە کە ببنە شوێنکەوتەی دامەزراوەی ڕێبەرایەتی. لەم قۆناغەدا، دەسەڵات لە “کاریزمای کەسی”یەوە گۆڕا بۆ “هێزی دامەزراوەیی و سەربازی”، لەم نێوەندەشدا ڕێبەر وەک فەرماندەی گشتی و چەقی بڕیارە سیاسییەکان دەركەوت [5].
ئەزموونی “ویلایەتی فەقیه”ی ئێران لە هەردوو قۆناغەكەیدا و لە مێژووی 47 ساڵەی خۆیدا لەگەڵ “قوتابخانەی نەجەف” كە ئێستا ئایەتوڵڵا سیستانی رێبەرایەتی دەكات، ڕووبەڕووی بەریەککەوتنێکی فیکری و ستراتیژی دەبێتەوە. سیستانی کە نوێنەرایەتیی مۆدێلێکی سەدان ساڵەی “نا-ڕەها” لە ویلایەتی فەقیهـ دەکات، لە ڕووی تیۆرییەوە پشتیوانی لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی پیاوانی ئایینی لە جومگەکانی دەسەڵاتدا ناكات، لە بری ئەوەش مۆدێلێکی “مەدەنییانەتر” بۆ حوکمڕانی پێشنیار دەکات. لە دیدگهی قوتابخانەی نەجەفدا، ئەرکی پیاوی ئایینی بریتی نییە لە گرتنەدەستی پۆستی فەرمی یان بەڕێوەبردنی حکوومەت، بەڵکوو پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵگە و ڕێنماییکردنی ڕەوشتییە[6]. هەرچەندە ئایەتوڵڵا سیستانی لەدوای ٢٠٠٣وە وەک کارەکتەرێکی سیاسیی یەکلاکەرەوە دەرکەوتووە (بەتایبەت لە ڕێگەی دەستوەردان لە دەستوور و فەتوای مێژووییی “جیهادی کیفائی” دژی داعش و كۆمەڵێك جومگەی دیكە)، بەڵام ئەم دەستێوەردانانە لای ئەو نەک وەک “هەوڵێک بۆ حوکمڕانی”، بەڵکوو وەک ئەرکێکی “پارێزگاری لە دەوڵەت” و قەوارەی نیشتمانی پێناسە دەکرێن.
جیاوازییەکی تری بنەڕەتی لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا، پرسی “سنوورە نیشتمانییەکان”ـە؛ مەرجەعییەتی نەجەف ڕێز لە سەروەریی دەوڵەت و سنوورە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت و ناسنامەی شیعە لە چوارچێوەی نیشتمانپەروەریدا دەبینێتەوە. لە بەرامبەردا، تیۆری ویلایەتی فەقیهی ئێرانی، تیۆرێکی “تێپەڕێنەری سنوورەکانە”؛ ئەم مۆدێلە داوای وەلائی سیاسی ڕەها لە هەموو شیعەکانی جیهان دەکات بۆ “وەلیی فەقیهـ”، بێ گوێدانە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانییان. ئەمەیش وا دەکات هەژموونی تاران لە ڕەهەندێکی ئایینییەوە بەرەو پڕۆژەیەکی جیۆپۆلیتیکیی فراوانتر هەنگاو بنێت.
ڕكابەرەكانی ویلایەتی فەقیهـ لە نەجف و قومدا
هەرچەندە تێزی “ویلایەتی فەقیهـ” وەک بەرهەمێکی ڕەسەنی حەوزەی ئایینیی قوم وێنا دەکرێت، بەڵام وردبوونەوە لە نەخشەی فیکریی شیعە نیشانی دەدات کە ئەم مۆدێلە تەنانەت لەناو جەرگەی قومیشدا بێڕکابەر نەبووە. لووتکەی مەرجەعییەتی تەقلید لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، نەک تەنیا لەگەڵ دیدگهی سیاسیی خومەینی و خامنەیی تەبا نەبوون، بەڵکوو کۆمەڵێک تێزی جێگرەوە (بەدیل) یان پێشنیار کردووە کە شەرعییەتی “حوکمڕانیی ڕەهای فەقیهـ” دەخەنە ژێر پرسیارەوە. دیارترین ئەو تێڕوانینە جیاوازانە بریتین لە: تێزی “ویلایەتی ئوممەت بەسەر خۆیەوە” کە تێیدا سەرچاوەی دەسەڵات بۆ خەڵک دەگەڕێنرێتەوە؛ پرۆژەی “شوورای مەرجەعەکان” کە وەک پەرچەکردارێک دژی تاکڕەویی ڕێبەر، داوای بڕیاری بەکۆمەڵ دەکات؛ تەنانەت ڕەوتی نەریتییش لە سەردەمی پەنهانی ئیمامدا (الغیبة) لە بنەڕەتەوە لەگەڵ ویلایەتی سیاسی شەرعزاندا نییە[7]، لەم میانەیەشدا مەرجەعە هەرە باڵاکانی وەک “ئایەتوڵڵا محەمەدعەلی ئەراکی” و “ئایەتوڵڵا محەمەدڕەزا گوڵپایگانی”، سەرەڕای نیشتەجێبوونیان لە ئێران، تا کۆتاییی تەمەنیان لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكان بڕوایان بە “دەسەڵاتی ڕەهای فەقیهـ” نەبووە و پارێزگارییان لە سەربەخۆییی مەرجەعییەت کردووە. لە ئێستایشدا، “ئایەتوڵڵا وەحید خۆراسانی” کە وەک یەکێک لە پایە هەرە بەهێزەکانی حەوزەی قوم دەبینرێت، نوێنەرایەتیی ئەو دەنگە کاریگەرە دەکات کە بەتوندی دژی ئاوێتەکردنی “دامەزراوەی مەرجەعییەت”ە لەگەڵ “حوکمڕانیی سیاسی”[8].
ئەم درزە فیکرییانەی نێوان “ویلایەتی فەقیه”و دژبەرەكانی لە قوم کاتێک قووڵتر بوونەوە کە “پراگماتیزمی سیاسی”ی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی دروشمە مەزهەبییەکان وەستایەوە. دەوڵەتی ئێران لە هەندێك وێستگەدا ناچار بووە لە پێناو “بەرژەوەندیی باڵای سیستهم” (مصلحة النظام)، هەندێک لە بنەما فیقهییەکان پشتگوێ بخات یان مامەڵەی سیاسی لەگەڵ لایەن و دەوڵەتانێکدا بکات کە بەتەواوەتی لەگەڵ بنەما مەزهەبییەکانی تاراندا ناکۆکن.
لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، دامەزراوەی ویلایەتی فەقیهـ بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی، پەنای بۆ ستراتیژی “پاکتاوی فیکری و سیاسی” بردووە. ئەو پێڕستەی مەرجەع و بیرمەندانەی کە بەهۆی دیدگه ڕەخنەیییەکانیانەوە ڕووبەڕووی گوشاری سیستهماتیک بوونەتەوە، یەکجار درێژە؛ ئەمە لە کەسایەتییە باڵاکانی وەک “ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری” و “ئایەتوڵڵا مونتەزیری”یەوە دەست پێ دەکات —کە ڕۆژانێک لە جەمسەرە هەرە بەهێزەکانی مەرجەعییەت بوون— و تا دەگاتە ڕۆشنبیرانی وەک “عەبدولکەریم سروش” و “موحسین کەدیوەر” و سەرجەمیان بەجۆرێك لە جۆرەكان یان دەستبەدەركراون یان خراونەتە ژێر زەبرەوە.
ئەم گوشارە بەردەوامانە بوونەتە هۆی ئەوەی حەوزەی ئایینیی قوم، وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ، پێگەی مێژووییی خۆی لەدەست بدات و تا ئاستێکی زۆر لەناو پڕۆژە سیاسییەکەی “خومەینی-خامنەیی”دا بتوێتەوە[9]. لێرەدا، حەوزە لە “ناوەندێکی بەرهەمهێنانی مەعریفەی ئایینیی سەربەخۆ”وە، گۆڕدراوە بۆ “ئامرازێکی شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی سیاسی”. لە بەرامبەردا، مۆدێلی نەجەف وەک جەمسەرێکی پێچەوانە دەردەکەوێت؛ دامەزراوەیەک کە سەرەڕای هەموو ئاڵنگاری و یەخانگیرییەكان، توانیویەتی سەربەخۆییی خۆی لە دەسەڵاتی سیاسی بپارێزێت و بە پابەندبوون بە تیۆری “ویلایەتی بەرتەسک و سنوردار” (الولایة المحددة)، ڕێگری بکات لەوەی ئایین ببێتە پاشکۆی ئەجێندا سیاسییە کاتییەکان.
هێزی ڕاستەقینەی “ویلایەتی فەقیهـ” تەنیا لە فەتوادا نییە، بەڵکوو لە دامەزراوەییبووندایە. پڕۆژەی ئێرانی چەند سەرچاوەیەكی هێزی هەیە کە مەرجەعییەتە نەریتییەکانی وەک نەجەف تا ڕاددەیەك نییانە، ئەوانیش بریتین لە: شەرعییەتی دەستووری و یاسایی، کە دەسەڵاتی ڕەهای پێ دەدات، تۆڕی ئابووری و سەربازی، بەتایبەت سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە لەگەڵ دیسپلینی ڕێکخراوەیی؛ لە کاتێکدا مەرجەعە نەریتییەكانی تر تەنیا پشت بە “شوێنکەوتەی ئایینی” دەبەستن.
سیناریۆكانی پاش خامنەیی: جیهانی شیعە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا
نەمانی کتوپڕی ئایەتوڵڵا خامنەیی، تەنیا بۆشایییەک لە لووتکەی دەسەڵاتی تاراندا دروست ناکات، بەڵکوو لەرزە لە تەواوی ئەو جوگرافیا سیاسییەی شیعە دەدات کە لەژێر چەتری “ویلایەتی فەقیهـ”دا کۆ کراونەتەوە. هەرچەندە پشتئەستوور بە دەستوور، لە نۆیەم ڕۆژی كوژرانی ئایەتوڵڵا خامنەییدا موجتەبای كوڕی بە جێگرەوەی دیاری كرا، بەڵام دۆخەكە لەم هەنگاوە ئاڵۆزترە:
بەپێی دەستوور، ئەرکی دیاریکردنی ڕێبەری نوێ لە ئەستۆی “ئەنجومەنی شارەزایان”دایە (کە لە ٨٨ شەرعزان پێک دێت)[10]، بەڵام ئەم ئەنجومەنە لە مێژووی خۆیدا و پێش لە ڕاگەیاندنی موجتەبا وەك ڕابەر تەنیا یەک جار (لە ساڵی ١٩٨٩دا) ئەم دەسەڵاتەی بەکار هێناوە؛ ئەو کاتەیش بڕیارەکە زیاتر دەرەنجامی ڕێککەوتنێکی سیاسیی پشتپەردە بوو نەک پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی نموونەیی[11].
لە ئەزموونی دووەمیشدا کە لە سایەی دۆخی جەنگدا بەڕێوەچوو، جێبەجێکردنی ماددەی پێنجەمی دەستوور (کە داوای شەرعزانێکی “دادپەروەر، سەردەمانە، ئازا و خاوەن لێهاتوویی بەڕێوەبردن” دەکات[12]) زیاتر وەک مەیدانخوازییەک جێبەجێ کرا. لەبەر پاساوە ئەمنی و سیمبولییەکان و لەژێر هەژموونی “بەیتی ڕێبەر”دا، ئەم کەوا گەورەیە لەبەری موجتەبای کوڕی ئایەتوڵڵا خامنەیی كرا؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو سەرباری هێزە شاراوە و کاریگەرییەکانی لە پشتپەردەدا، هێشتا لەسەر ئاستی جەماوەری وەک کەسایەتییەکی دیار دەرنەکەوتووە.
لەبەر ڕۆشناییی ئەم پێشهاتە جومگەییەش دەشێت چەند پێشهات و سیناریۆیەك لەبەردەم “ولایەتی فەقیهـ”ی ئێران و دەسەڵاتی ئایینیی شیعە لە ناوچەكەدا پێشبینی بكرێت:
یەكەم، لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران:
دووەم: لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و جیهانی شیعە
نەمانی خامنەیی تەنیا لەرینەوەیەک نییە لە ناوخۆی ئێران، بەڵکوو بوومەلەرزەیەکە بۆ ئەو بونیادە “بان-نەتەوەیی”یەی کە بۆ چەندان دەیە لە لوبنان، عێراق، یەمەن، بەحرێن و تەنانەت لە نێوان شیعەکانی پاکستان و هیندستانیشدا چێنراوە، پڕكردنەوەی ئەمەش بە كوڕەكەی كە پێشتر كەس گوێی لە وتارێكی دەنگ و ڕەنگی نەبووە هەروا ئاسان نییە.
لێرەدا دەتوانین گرنگترین ئاڵۆزییەکان لە چەند خاڵێکدا چڕ بکەینەوە:
دەرەنجامەكان
نەمانی خامنەیی و هەوڵی جێگرتنەوەی بە میراتگری تەنیا گۆڕینی کەسایەتییەک نییە، بەڵکوو کۆتاییهاتنی مۆدێلی “ڕێبەرایەتیی ڕەها”ی خاوەن كاریزمایە کە بۆ چوار دەیە جیهانی شیعە وەلائییەكانی لە دەوری چەقێكدا کۆ کردبووەوە و لە سایەی ئەم گۆڕانگارییەشدا ئەم ئەگەرانە لە رێگای شیعەدان.
_ سیستەمی “ویلایەتی فەقیهـ” ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی وجوودی دەبێتەوە. پێشبینی دەکرێت شەرعییەتی “ئایینی و شۆڕشگێڕی” جێگەی خۆی بۆ شەرعییەتی “سەربازی و ئەمنی” چۆڵ بکات، چونکە توانای موجتەبا خامنەیی بۆ كۆكردنەوەی لایەنی ئایینی و سیاسی قورسە.
_ بە نەمانی خامنەیی، پێگەی مەرجەعییەتی نەجەف (مۆدێلی سیستانی) وەک مەرجەعێکی دوورەپەرێز لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ، چانسی بەهێزبوونی دەبێت. ئەمەیش شوێنکەوتووانی شیعە لە ناوچەکەدا بەرەو ناسنامە نیشتمانییە لۆکاڵییەکانی خۆیان دەگەڕێنێتەوە.
_ دەشێت بەرەی مقاوەمەی ئێرانی لە پاشکۆیەکی عەقیدییەوە بگۆڕێت بۆ “هاوپەیمانییەکی سیاسی”. لێرە بەدواوە، ئێران دەبێت لە ڕێگەی بەرژەوەندیی هاوبەش و پشتیوانیی دارایییەوە گرووپەکان ڕابگرێت، نەک تەنیا لە ڕێگەی فەرمانی لاهووتیی و پێگەی هەرە باڵای خودی “وەلیی فەقیهـ”ەوە.
_ کێبڕکێی نێوان “میراتگریی بنەماڵەیی” و “سەربەخۆییی حەوزە” دەبێتە خاڵی وەرچەرخان. هەرچەندە سوپای پاسداران هەوڵی پاراستنی سەقامگیری دەدات، بەڵام درزی نێوان دامەزراوەی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی قووڵتر دەبێتەوە.
[1] الخميني، روح الله. الحكومة الإسلامية في فكر الإمام الخميني. إعداد: جمعية المعارف الإسلامية الثقافية، متاح علی: https://2h.ae/kaNeF
[2] مركز الإشعاع الإسلامي. “ما معنى ولاية الفقيه، وما هي حدودها؟”. [أونلاين]. متاح على: https://2h.ae/MXSSM
[3] غازي، وداد جابر، والبحراني، أمل عباس. “إيران وولاية الفقيه: قراءة في ضوء الدستور الإيراني.” مجلة المستنصرية للدراسات العربية والدولية، المجلد ١٥، العدد ٦٣ (شباط ٢٠١٩): ١-٢٨. متاح على: https://2h.ae/EgPzK
[4] بڕوانە: سامر القنشاوي، قراءة في الدستور الإيراني: ولاية الفقيه فوق القانون.” [أونلاين]. موقع درج ميديا متاح على: [https://daraj.media/قراءة-في-الدستور-الايراني-ولاية-الفقي/]
[5] بي بي سي نيوز عربي. “خلافة خامنئي: كيف يختار مجلس الخبراء المرشد الأعلى في إيران؟.” [أونلاين]. متاح على: https://2h.ae/vvNfq
[6] الموقع الرسمي لمكتب السيد السيستاني. “أرشيف الاستفتاءات: الشأن العراقي.” [أونلاين]. متاح على: https://2h.ae/qdBMx
[7] الموسوعة السياسة. “ولاية الفقيه.” [أونلاين]. متاح على: https://2h.ae/qwmWS
[8] علي المؤمن، مبدأ ولاية الفقيه بين النجف وقم.” [أونلاين]. متاح على https://2h.ae/swfBH
[9] المعهد الدولي للدراسات الإيرانية (رصانة). “موقف النظام الإيراني من المراجع ورجال الدين المستقلين.” [أونلاين]. متاح على: https://2h.ae/EKRmX
[10] الجزيرة نت. “مجلس خبراء القيادة الإيراني.” موسوعة الجزيرة. [أونلاين]. متاح على: https://2h.ae/Doqya
[11] قناة الكاشف “فيديو مسرّب | جلسة اختيار السيد الخامنائي قائداً لإيران بشكل مؤقت.” [فيديو]. يوتيوب، ١٤ يناير ٢٠١٨. متاح على: https://2h.ae/vdCWg
[12] الموسوعة السياسة. “ولاية الفقيه.” [أونلاين]. متاح على https://2h.ae/qwmWS
[13] سي إن إن بالعربية. 2026. “ماذا قالت أمريكا وإسرائيل عن مجتبى خامنئي المرشد الأعلى الجديد لإيران؟”. سي إن إن بالعربية، 9 مارس/آذار 2026 https://2h.ae/ikXyU
[14] موقع حفريات. “مجتبى خامنئي: وريث الظل.” [أونلاين]. متاح على: [https://hafryat.com/ar/blog
[15] قناة الكاشف (Al-Kashif). “نار تحت الرماد ! | زعيم الحوزة الشيخ الوحيد الخراساني يهدد المسؤولين والبرلمان الإيراني.” [فيديو]. يوتيوب، ١٤ يونيو ٢٠٢٠. متاح على: https://2h.ae/KzfHv
[16] نون بوست “تقرير تحليلي حول مراكز القوى في إيران.” [أونلاين]. متاح على : [https://2h.ae/tqVZr
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێک کەوتنی ڕژێمی… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق ئاڵوگۆڕە خێرا… زیاتر
نووسەر: "محەمەد ئەیوب" (Mohammed Ayoob)* وەرگێڕان و ئامادەکردن: پێنووس لە کاتێکدا ئەگەری بەرپابوونی پێکدادانی سەربازیی… زیاتر
نووسەران: ئارەش ڕەئیسی نژاد و ئارشام ڕەئیسی نژاد ڕەنگە واشنتۆن و تاران لە هەموو کاتێک… زیاتر
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران جووڵەیەکی دیپلۆماسیی خێرا و… زیاتر
د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پوختە ئەم شیکاریی سیاسەت ( (Policy… زیاتر