پێنووس

ئاسایشی کەنداو لەبەردەم تاقیکردنەوەدا: پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو

 

د. زوبێر ڕەسووڵ

 

دەستپێک

بۆ وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، ئەم جەنگە لە کاتێکی زۆر خراپدا ڕووی دا، چونکە ئەم وڵاتانە لە ئێستادا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕبایەخترین پڕۆژەکانی گۆڕانکاریی ئابوورین لە مێژووی نوێیاندا. ستراتیژییەکانی “ڕوانگە”(Vision)  و بازدانی خێرا کە هێشتا لە قۆناغێکی سەرەتا و ناسکدان، بنەمایان لەسەر وەبەرهێنان لە سامانی هایدرۆکاربۆنی، پێگەی جوگرافی و ستراتیژی و بازاڕە فراوانەکان دامەزراوە بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی، بە مەبەستی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە نەوت، تا ئابوورییەکی پێشکەوتوو بنیات بنێن. بەڵام ئەم پلانانە تەنیا لە سایەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووریدا دێتە دی؛ ڕووداوەکانی ئەم دوایییانە (جه‌نگی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران) ئەزموونی وڵاتانی کەنداویان خستۆتە ژێر گوشارێکی ئێجگار توند تا ئاستی هەڵتەکاندن. ئەم ساتەوەختە نوێنەرایەتیی تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەکات بۆ ئەو مۆدێلەی کە وڵاتانی کەنداو لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا هەوڵی بنیاتنانیان داوە.

هەرچەندە ئەوان لە دروستکردنی ئابوورییەکی خۆڕاگر و تۆڕە بەرفراوانەکانی هاوبەشی نێودەوڵەتیدا سەرکەوتوو بوون، بەڵام ژینگەی نوێی ستراتیژی، پێویستی بە وەرچەرخانێک هەیە لە “بەڕێوەبردنی مەترسییەکان”ەوە بۆ “دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوە و بونیادێکی ئەمنی” بۆ ئەم وڵاتانە.

ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر تەنیا کێشەیەکی دووجەمسەری نییە، بەڵکوو بووەتە چەقێک کە کاریگەریی تەواوی لەسەر هاوکێشە ئەمنی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە. لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکان و ڕووبەڕووبوونەوە ناڕاستەوخۆکان، ئەم وتارە شیکارییە هەوڵ دەدات وێنە گەورەکە و دەرەنجامەکانی ئەم جەنگە لەسەر وڵاتانی کەندا- بە عێراقیشەوە-شیکار بکات.

تەوەری یەکەم: گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا؛ ئایا جەنگەکە هۆکارە یان ئاماژە؟

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەمه‌یە: ئایا ئەم جەنگە سیاسەتی ئەمریکا دەگۆڕێت، یان تەنیا پەردە لەسەر گۆڕانکارییەک لا دەبات کە پێشتر دەستی پێ کردووە؟ ڕوانگەی ئەمریکا لە ئیدارەی “بایدن” و ئێستای “دۆناڵد تڕەمپ”یش تا ئاستێکی زۆر لەژێر کاریگەریی ستراتیژیی “بەرەو ئاسیا” (Pivot to Asia)دا بووە. زۆرێک لە توێژەر و سیاسیەکانیش پێیان وابوو کە ڕۆژهەڵاتی ناڤین چیتر جێگه‌ی گرنگیپێدانی ئەمریکا نییە، بەڵام ئەم جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و بریکارەکانی، ئەمریکای خستووەتە بەردەم دۆخێکی ئاڵۆز؛ لە لایەک  ئەمریکا دەیەوێت پاشەکشە بکات و سەرنجی بخاتە سەر چین، لە لایەکی ترەوە ناتوانێت دەستبەرداری ناوچەیەکی پڕوزەی وەک کەنداو بێت. ئەم جەنگە دەکرێت بۆ وڵاتانی کەنداو چەند ئاماژەیەک بدات:

١. گۆڕان لە شێوازی دەستوەردان: سیاسەتی ئەمریکا لە “گۆڕینی ڕژێم” و “بنیاتنانی دەوڵەت” (وەک ئەوەی لە ٢٠٠٣ لە عێراق ڕووی دا)، گۆڕاوە بۆ “دەورەدانی چالاک” (Active Containment). ئەم جەنگە نیشانەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا چیتر نایەوێت سوپایەکی گەورە لەسەر زەوی کۆ بکاتەوە، بەڵکوو پشت بە تەکنەلۆژیا، درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و، هاوپەیمانییە هەرێمییەکان دەبەستێت.

٢. نیشانەیەک بۆ لاوازبوونی متمانە: پەرەسەندنی جەنگەکە نیشانەی ئەوەیە کە بازنەی “بەرگری” (Deterrence)ی ئەمریکا درزی تێ کەوتووە. ئێران و گرووپە چەکدارەکان چیتر وەک جاران لە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا ناترسن؛ ئەمەیش واشنتۆنی ناچار کردووە سیاسەتەکانی خۆی لە “بەرگریی تەنیا”وە بگۆڕێت بۆ “بەرگریی هاوبەش” لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.

وڵاتانی کەنداو لە قۆناغی پێداچوونەوەیەکی قووڵدان بە هاوپەیمانێتییە مێژوویییەکەیان لەگەڵ ئەمریکا؛ ئەمەیش بەهۆی دروستبوونی درز لە متمانە و هەستکردن بەوەی کە چیتر واشنتۆن وەک جاران پابەند نییە بە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان. ئەم دۆخە وای کردووە وڵاتانی وەک سعوودیا و ئیمارات پەنا ببەنە بەر سیاسەتی “هاوسەنگکردنی ستراتیژی” و، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان لەگەڵ جەمسەرە نوێیەکانی وەک چین و ڕووسیا، هەوڵی کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕەها بە ئەمریکا بدەن.

ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی گواستنەوەیە لە پاشکۆیەتییەکی ئەمنیی ڕەهاوە بۆ جۆرە مامەڵەیەکی پراگماتییانە، کە تێیدا سەرکردە نوێیەکانی کەنداو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان دەخەنە سەرووی خواستەکانی واشنتۆن. ئەمەیش لە داهاتوودا توانای مانۆڕی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنووردارتر و ئاڵۆزتر دەکات.

لە ئاستی جەماوەرییش ئەم متمانەیە بە ئەمریکا لاواز بووە. ڕاپرسییەکی پێوەرەکانی ڕای عەرەبی (Arab Opinion Index)  لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەری خستووە کە ٧٧٪ی بەشداربووان پێیان وایە سیاسەتەکانی ئەمریکا هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن، هەروەها ٨٤٪ پێیان وابووە سیاسەتەکانی ئیسرائیل ناوچەکە دەخاته‌ مەترسییەوە.

٣. هەڵوێستی قەتەر لەم نێوەندەدا پڕە لە دژبەیەکی (Paradoxical)؛ دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە دەوحە بۆردوومان کرد — کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و یەکەم هێرشی ئیسرائیل بوو بۆ سەر وڵاتێکی ئەندام لە  ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو — قەتەر بەئاشکرا جەختی لە هاوبەشیی خۆی لەگەڵ واشنتۆن کردەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە پشت پەردەوە پرسیاری ئەوەیان دەکرد بۆچی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێگریکردن لەو هێرشە شکستی هێنا. شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، هێرشەکەی وەک “پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای سەروەری و ئاسایش و، بەزاندنێکی ڕوونی یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکان” سەرکۆنە کرد.

سەرەڕای هاوبەشیی ئێستا، وڵاتانی کەنداو گومانیان هەیە لە توانای ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ململانێکان. ئەگەر واشنتۆن نەتوانێت کۆتایییەکی گونجاو بۆ جەنگەکە بدۆزێتەوە، وڵاتانی کەنداو ڕەنگە ڕوو لە چین و ڕووسیا بکەن. ئەمەیش نەک تەنیا لە ڕووی ئەمنییەوە، بەڵکوو لە بوارە ستراتیژییەکانی وەک تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و وزەی ئەتۆمی، زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت.

٤. سەرکەوتنی سەربازی بەرامبەر ناسەقامگیریی درێژخایەن: سەرەڕای سەرکەوتنە تاکتیکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل (Operation Epic Fury)، جەنگەکە دەرگه‌ی بۆ جۆرێک لە نادیاری و دڵەڕاوکێ کردووەتەوە کە هەڕەشە لە سەقامگیری و گەشەی ئابووریی تەواوی ناوچەکە دەکات. چارەسەرکردنی ئەم دۆخە تەنیا بە کۆتاییهاتنی جەنگ تەواو نابێت، بەڵکوو پێویستی بە سەرنجی ورد و بەردەوامی ئیدارەی ئەمریکا هەیە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا.

وڵاتانی کەنداو لەم جەنگەدا نایانەوێت تەنیا وەک “بنکەیەکی سەربازی” بۆ ئەمریکا دەربکەون؛ بەڵکوو دەیانەوێت ڕۆڵی سیاسییان وەک جەمسەرێکی سەرەکی لە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکەدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بەتایبەت ڕیاز هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک ڕابگرێت کە نەبێتە ئامانجی یەکەمی تۆڵەکردنەوەی ئێران؛ ئەمەیش گوشار دەخاتە سەر ئەمریکا تاکوو بەرگرییەکی “پێشوەختە” بۆ سعوودیا دابین بکات.

تەوەری دووەم: پێشبینیی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتانی کەنداو لە دوای جەنگ

سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتانی کەنداو(GCC)، پێ دەچێت لە قۆناغی دوای جەنگ لەگەڵ ئێران، لە “بەڕێوەبردنی تەنگژەکانەوە” بگۆڕێت بۆ بنیاتنانی “سیسته‌می بەرگریی بەکۆمەڵ”. واشنتۆن هەوڵ دەدات چەترێکی ئەمنیی پێشکەوتوو (وەک بەرگریی ئاسمانیی یەکگرتوو و پاراستنی گەرووی هورمز) دابین بکات بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو لە تۆڵەی گرووپە وەلائییەکان یان پاشماوەی مووشەکەکانی “ئێرانی بریندار” بپارێزێت. ئەم گەرەنتییە ئەمنییە وەک مەرجێکی ئەمریکا دەبێت بۆ ڕێگریکردن لەوەی وڵاتانی کەنداو بۆ پڕکردنەوەی بۆشایییە ئەمنییەکانیان پەنا ببەنە بەر چین و ڕووسیا.

لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا جەخت لەسەر “سەقامگیریی ئابووریی ستراتیژی” دەکاتەوە؛ بەو واتایەی هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی و سەربازی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی کەنداو وەک ناوەندێکی ئارام بۆ وزە و وەبەرهێنانی جیهانی بمێنێتەوە. سیاسەتی نوێی واشنتۆن زیاتر گوشارخستنە سەر وڵاتانی وەک سعوودیا و ئیمارات دەبێت تاوەکوو پەیوەندییە تەکنەلۆژی و سەربازییەکانیان لەگەڵ پەکین سنووردار بکەن. لە بەرامبەردا ئەمریکا وەک “تاکە پارێزەری هاوسەنگیی هێز” لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و، ڕێگە دەگرێت لەوەی ئێران جارێکی تر ببێتەوە بە هەڕەشەی بوونی/وجوودی (Existential Threat) بۆ سەر پایتەختەکانی کەنداو.

بەڵام لەگەڵ ئەوەیش، پێ ناچێت پەیوەندیی ئەمریکا و کەنداو لە دوای ئەم جەنگە بچێتەوە دۆخی پێشوو، لەبەر زیاتر لە هۆکارێک:

  • کۆتاییی “چەکی سپی” بۆ پاراستن: وڵاتانی کەنداو تێ گەیشتوون کە ئەمریکا چیتر ئامادە نییە بۆ پاراستنی ئەوان بچێتە ناو جەنگێکی هەمەلایەنەوە. بۆیە، بە ئەگەری زۆر ئەمریکا سیاسەتەکەی دەگۆڕێت بۆ “هاوبەشیی ئەمنی” نەک “پاسەوانی ئەمنی”.
  • سیستەمی بەرگریی هاوبەش: پێشبینی دەکرێت ئەمریکا کار بکات بۆ دروستکردنی ناتۆیەکی ناوچەیی (Middle East Air Defense – MEAD) کە تێیدا وڵاتانی کەنداو و تەنانەت ئیسرائیلیش تێیدا بەشدار بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی درۆن و مووشەکەکانی ئێران؛ هەڵبەتە ئەگەر ئێران ڕژێمەکەی هەروەک خۆی مایەوە!

بەڵام، ئەگەر ڕژێمی ئێران ڕزگاری بێت، ئەوا وڵاتانی کەنداو خۆیان لەبەردەم کۆمەڵێک پرسیاری سەختدا دەبیننەوە. هەر یەکێکیان ئارەزوو دەکات وێنەی خۆی وەک ناوەندێکی ئارام بۆ وەبەرهێنانی بیانی نۆژەن بکاتەوە؛ بەڵام گەیشتن بەوە لە سایەی هەبوونی حکوومەتێکی دوژمنکار لە تاراندا، ڕەنگە ئەستەم بێت. لەوانەیە پەنابردن بۆ توندترکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی ژینگەیەکی ڕاکێشەر بۆ کار و بازرگانی، دوای ئەو جەنگە ئاسان نەبێت؛ چونکە ئەو وەبەرهێنانە بیانییانەی لە کەرتەکانی وەک فڕۆکەوانی، دارایی و گەشتیاریدا کە پێشتر ڕوویان لە دوبەی، ئەبوزەبی و دەوحە دەکرد، ڕەنگە لە داهاتوودا پەناگەیەکی تا ڕاددەیەک ئارامتر لە ئیستانبووڵ، ڕیاز و جەددە هەڵبژێرن.

تەوەرەی سێیەم: کاریگەریی جەنگەکە لەسەر سیاسەتی وڵاتانی کەنداو بەرامبەر ئێران

هەرچەندە وڵاتانی کەنداو هەرگیز نابنەوە دۆستی ئەو ڕژێمەی کە دەستی لە هیچ کامیان نەپاراست، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش ئەم جەنگە لەوانەیە وا لە وڵاتانی کەنداو بکات هەوڵ بدەن ستراتیژییەکی دووفاقی و پڕاگماتیتر  بگرنە بەر، لە چەند پرسێکدا:

١. دیپلۆماسی وەک قەڵغان: وڵاتانی کەنداو (بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات) گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەگەر جەنگێکی گەورە ڕوو بدات، ئەوان یەکەم قوربانی دەبن. بۆیە، سەرەڕای جەنگە ساردەکە، پەنایان بردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران (ڕێککەوتنی چین لە نێوان سعوودیا و ئێران). ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە چیتر وڵاتانی کەنداو نایانەوێت ببنە سووتەمەنیی جەنگی ئەمریکا.

٢. کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بنکە سەربازییەکان: هەندێک لە وڵاتانی کەنداو دەستیان کردووە بە پێداچوونەوە بەو ئاسانکارییانەی دەیدەنە سوپای ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. ئەوان نایانەوێت خاکی ئەوان بێتە سەرچاوەی هێرش و، دواتر ئێران وەڵامیان بداتەوە. بۆیە ڕەنگە هەوڵ بدەن بنکە سەربازییە ئەمریکییەکان کەمتر بکەنەوە، چونکە دواجار بنکە سەربازییەکانیش نەیانتوانی بەتەواوی وڵاتانی کەنداو بپارێزن، بەڵکوو لە بڕی ئەوە، بوون بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی کەنداو.

٣. ململانێی ئابووری نەک سەربازی: سیاسەتی نوێی کەنداو بەرامبەر ئێران لە “ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی”یەوە گۆڕاوە بۆ “ڕکابەریی ئابووری و نێوەندگیری”. ئەوان دەیانەوێت ئێران لە ڕێگەی ئابوورییەوە ڕازی بکەن نەک لە ڕێگەی چەک و جەنگەوە، چونکە تێچووی جەنگ بۆ ئەوان کارەساتبار بوو.

٤. سعوودیا نیگەرانە لەوەی جەنگەکە تەنیا ئێران لاواز بکات نەک کۆتاییی پێ بهێنێت. ئێرانی دوای جەنگ کە بریندار و کینەلەدڵ بێت، دەتوانێت لە ڕێگەی گرووپە وەلائییەکانی (حووسییەکان لە یەمەن، میلیشیاکانی عێراق) جەنگێکی درێژخایەنی نافەرمی دژی سعوودیا دەست پێ بکات. ئەمەیش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر پڕۆژەی Vision 2030؛ بە جۆرێک ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت لە کاتی جەنگدا ئاسایشی تەواوی سعوودیا دابین بکات، ئەوا ئەگەری هەیە ڕیاز بۆ دۆزینەوەی هاوسەنگییەکی نوێ، بەخێرایی بەرەو پەکین و مۆسکۆ هەنگاو بنێت. ئەمەیش دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی هەژموونی ڕەهای ئەمریکا لە کەنداو.

خاڵێکی تر ئەوەیە، ئەم جه‌نگە ئەو وێنەیەی تێک شکاند کە ئیسرائیل وەک “پاسەوانێکی ناوچەیی” یان هێزێکی سەربازیی بێشکست نیشان دەدا؛ ئەمەیش پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ وڵاتانی کەنداو کە دەیانویست بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان پشت بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستن. جه‌نگەکە دەری خست کە پڕۆژەی “ئاساییکردنەوە” (ڕێککەوتنی ئەبراهام) هێشتا ناتوانێت سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا دروست بکات. ئیسرائیل-وەک توێژەرێک دەڵێت- “ئێستا لە بری ئەوەی کلیل بێت بۆ چوونەناو واشنتۆن، بۆ هەندێک لەم وڵاتانە بووەتە مایەی ئیحراجیی سیاسی.”

لە ئەنجامدا، وڵاتانی کەنداو (بەتایبەت سعوودیا) سیاسەتێکی “پراگماتییانەتر”یان گرتووەتە بەر؛ ئەوان ئێستا زیاتر هەوڵ دەدەن هاوسەنگییەک لە نێوان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و هێزە نوێیەکانی وەک چین و ڕووسیا دروست بکەن. وڵاتانی کەنداو چیتر نایانەوێت تەنیا پاشکۆی ئەجێنداکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بن، بەڵکوو دەیانەوێت وەک جەمسەرێکی سەربەخۆ لەو “سیستەمە فرەجەمسەرییە نوێیەدا” دەربکەون کە تێیدا بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی خۆیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت. بەڵام ئەمەیش دیسان ئاسان نابێت.

تەوەرەی چوارەم: کاریگەریی ئەو جەنگە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق

هەرچەندە عێراق لەناو  ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو نییە، بەڵام هەمیشە بەشێک بووە لە کەنداو و ئاسایشی وڵاتانی کەنداو. عێراق هەمیشە گۆڕەپانی سەرەکیی تاقیکردنەوەی هێزی نێوان تاران و واشنتۆن بووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم جەنگە چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بەغدا دروست کردووە:

  • گۆڕینی پێناسەی مانەوەی سەربازی: ئەمریکا چیتر لە عێراق نییە تەنیا بۆ شەڕی داعش؛ ئێستا ئەرکی سەرەکیی، “چاودێریکردنی هەژموونی ئێران” و پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی وزەیە.
  • گوشاری دارایی وەک چەک: ئەمریکا سیستەمی بانکی و دۆلاری لە عێراق وەک ئامرازێکی گوشار دژی ئێران بەکار دەهێنێت. ئەمە نیشانەی گۆڕانی سیاسەتە لە سەربازییەوە بۆ “جه‌نگی ئابووری” لەناو جەرگەی خاکی عێراقدا.
  • دۆخی حەشد و گرووپە چەکدارەکان: سیاسەتی ئەمریکا بەرەو ئەوە دەچێت کە عێراق ناچار بکات لە نێوان “دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری” یان “پاشکۆیەکی ئێران” یەکێکیان هەڵبژێرێت؛ ئەمەیش عێراقی خستووەتە ناو تونێلێکی سیاسیی تاریکەوە. لەم سۆنگەیەوە ڕەنگە ئەمریکا گوشاری توند بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی بێلایەنیی خۆی بسەلمێنێت.

ئەگەر حکوومەتی عێراق نەتوانێت ڕێگری لە گرووپە چەکدارەکان بکات، ئەوا واشنتۆن ڕەنگە پەنا بۆ سزای ئابووریی توند یان بڕینی هاوکارییە دارایییەکان بەرێت. ئەمەیش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەخاتە لێواری هەرەسپێهێنان.

  • کۆتاییهاتنی “ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی”: ئەمریکا چیتر عێراق وەک هاوپەیمان یان متمانپێکراو نابینێت، بۆیە هەوڵ دەدات نوخبەی سیاسیی نزیک لە ئێران لاواز بکات و پشتی ئەو نوخبەیە بگرێت کە دوورن لە ئێران.

ئەو جەنگە دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران لەناو پەرلەمانی عێراق گوشارەکان بۆ دەرکردنی یەکجاریی هێزەکانی ئەمریکا بگەیەننە لووتکە. لەم دۆخەدا، سیاسەتی “مانەوەی درێژخایەن”ی ئەمریکا لە عێراق تووشی شکستی گەورە دەبێت و ئەگەرەکانی کشانەوەی ناچاری (وەک ئەفغانستان) یان مانەوەیەک کە هاوشێوەی “داگیرکاری” بێت، زیاتر دەبن.

لەم سۆنگەیەوە، دەکرێت بڵێین کە عێراق وەک “گۆڕەپانی جێگرەوە” (Proxy Arena) دەبێت؛ لە کاتێکدا ئەمریکا نایەوێت جەنگەکە پەرە بسێنێت بۆ ناو خاکی ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام، سیاسەتەکەی لە عێراق دەبێتە “لاوازکردنی باڵەکانی ئێران”. ئەمەیش واتە خاکی عێراق دەبێتە شوێنی تاقیکردنەوەی چەک و مووشەک و درۆنی هەردوو لا و، ئەمریکا چیتر وەک “هاوبەشێکی گەشەپێدان” سەیری عێراق ناکات، بەڵکوو وەک “ناوچەیەکی بەربەستی جەنگی ” (Buffer Zone).

دەرەنجام: دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگییە هەرێمییەکان

دەرەنجامی ئەم جەنگە هەرچییەک بێت، ئەوە ڕوونە کە ژینگەی ئەمنیی کەنداو ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو. وڵاتانی کەنداو ئەمڕۆ درک بەوە دەکەن کە چیتر “سەقامگیری” تەنیا پرسی بەڕێوەبردنی گرژییەکان نییە، بەڵکوو پرسی بنیاتنانی سیسته‌مێکی “بەرگریی فرەڕەهەند”ه‌ کە هێزی سەربازی، نەرمینواندنی ئابووری و دیپلۆماسییەکی چالاک کۆ بکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕەنگە شاهیدی وەرچەرخانی گرنگ بین لە ستراتیژیی وڵاتانی کەنداو، لەوانە: بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی، پەرەپێدانی پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی و، فراوانکردنی هاوبەشییە ئەمنییەکان لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەرەسەندنی گرژییەکان.

جەنگی ئێستا دەری دەخات کە کەنداو چووەتە قۆناغێکی ستراتیژیی نوێوە؛ ئەو مووشەکانەی ناوچەکەیان کردە ئامانج، تەنیا ئامرازی سەربازی نەبوون، بەڵکوو ئاماژەی ڕوون بوون بۆ ئەوەی ڕێساکانی ئاسایشی هەرێمی خەریکە دەگۆڕێن. ئێستا بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە سەقامگیری لە کەنداو چیتر تەنیا لەسەر دوورکەوتنەوە لە ململانێکان ناوەستێت، بەڵکوو لەسەر بنیاتنانی توانایەکی ڕاستەقینە بۆ “بەرپەرچدانەوە” و بەڕێوەبردنی لێکەوتەکانیان وەستاوە.

بۆ وڵاتانی کەنداو، بابەتەکە تەنیا بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکان یان پەرەپێدانی توانای سەربازی نییە، بەڵکوو دووبارە داڕشتنەوەی چەمکی “ئاسایشی هەرێمی”ی وڵاتانی کەنداوە. هاوکێشە نوێیەکە پێویستی بە سیسته‌مێکی بەرگریی هەمەلایەنەیە کە تێیدا یەکگرتووییی بەرگری، نەرمینواندنی ئابووری و دیپلۆماسییەکی چالاک پێکەوە کۆ ببنەوە تا ڕێگری لە خلیسکان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانتر بکەن.

پرسیارە ڕاستەقینەکەی ئەم جەنگە ئەوە نییە کە چۆن وڵاتانی کەنداو لە مووشەکەکان بپارێزرێن، بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن سیسته‌مێکی ئەمنیی هەرێمیی سەقامگیرتر لە ناوچەیەکدا بنیات بنرێت کە جەنگەکان تێیدا چیتر بەئاسانی کۆنتڕۆڵ ناکرێن و سنوورەکان دەبەزێنن. لە جیهانێکدا کە بەرەو کێبڕکێی جیۆپۆلیتیکیی زیاتر دەچێت، ئاسایشی کەنداو وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەمێنێتەوە؛ نەک تەنیا بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو بۆ هاوسەنگیی تەواوی ئابووریی جیهانیش.

لەم سۆنگەیەوە، جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا تەنیا کێشەیەکی کاتی نییە، بەڵکوو هێمایەکە بۆ داڕشتنەوەی سه‌نتەری هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمریکای دوای جەنگی ئێران، دەیەوێت ئەرکە ئەمنییەکان دابەش بکات. عێراقیش بەشێکی دانەبڕاو دەبێت لەم جەنگە و، پێگەی بەستراوەتەوە بەوەی تاچەند دەتوانن هاوسەنگی لە نێوان هەردوو جەمسەرەکەدا ڕابگرن. لە کۆتاییدا، ئەم جەنگە بووەتە هۆی دروستبوونی ناوچەیەک کە تێیدا “ئاسایش” چیتر بەتەنیا لە واشنتۆنەوە دەستەبەر ناکرێت، بەڵکوو دەبێت لە تاران، ڕیاز و بەغدایشەوە کاری بۆ بکرێت.

سەرچاوەکان:

 

 

 

 

Nihad Bahram

بابەتی پەیوەندیدار

جەنگ لەپێناو شکاندنی بنبەستی جیۆپۆلیتیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:

  داڕمانی هەژموون و داڕشتنەوەی پەیکەربەندیی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی توێژینەوە و ئامادەکردن: ماڵپەری پێنووس پاڵنەرە… زیاتر

1 day ago

لە عێراقەوە تا پاکستان؛ ئایا هێرشەکانی ئێران دەتوانێت دراوسێ بێلایەنەکان دژی تاران یەکبخات؟

  وەرگێڕان و ئامادەکردن: پێنووس بۆ ماوەیەکی درێژ وا دەبینرا کە جەنگ بە ئامانجی گۆڕینی… زیاتر

2 days ago

ڕێبەری یان مەرجەعییەت؟ داهاتووی شیعە لە تاقیکردنەوەی پاش خامنەییدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێک نەمانی "ئایەتوڵڵا… زیاتر

1 month ago

سووریای ئومەوی و عێراقی شیعی؛ ململانێی مێژوو لە ئاوێنەی جیۆپۆلیتیكی نوێدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێک کەوتنی ڕژێمی… زیاتر

1 month ago

شکاندنی دیوارەکان؛ عێراق لەبەردەم گۆڕانکارییە نوێیەکانی سووریادا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق ئاڵوگۆڕە خێرا… زیاتر

1 month ago

سعوودیا لە بەرامبەر ئیماراتدا؛ ڕەهەندە نادیارەکانی قەیرانی کەنداو

نووسەر: "محەمەد ئەیوب" (Mohammed Ayoob)* وەرگێڕان و ئامادەکردن: پێنووس لە کاتێکدا ئەگەری بەرپابوونی پێکدادانی سەربازیی… زیاتر

2 months ago