پێنووس

عێراق لە ئاگری جەنگی 40 ڕۆژەدا؛ کەرتبوونی ماڵی شیعە لەنێوان لۆژیكی دەوڵەت و بەرگریدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

 

پێشەکی
جەنگی چل ڕۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران (٢٠٢٦)، تەنیا پێکدادانێکی سەربازیی کاتی نەبوو، بەڵکوو وەرچەرخانێکی جیۆپۆلیتیکی یەکلاکەرەوە بوو کە نەخشەی ململانێ هەرێمییەکانی گۆڕی. لێکەوتەکانی ئەم جەنگە، عێراقی پەلکێشی ناو جەرگەی ڕووداوەکان کرد و هاوشێوەی گۆڕەپانی لوبنان، کردییە مەیدانی سەرەکی بۆ یەکلاکردنەوەی هەژموونی ئێران و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ئەم شرۆڤەیە تیشک دەخاتە سەر پەرچەکردارە ئاڵۆزەکانی ناوەندی شیعەی عێراقی لەسەر ئاستی ئایینی، سیاسی و سەربازی.

یەکەم: مەرجەعییەتی نەجەف؛ سیاسەتی پاراستنی قەوارەی شیعە

لەم جەنگەی دواییدا، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق، وەک جەمسەرێکی هێورکەرەوە و خاوەن دیسپلینێکی سیاسی دەرکەوت. سیستانی وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی بۆ كوژرانی “ڕێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامیی ئێران”، جەختی لەوە کردەوە کە “دوژمنان” مەبەستیان لەم هەڵمەتە سەربازییەی سەر ئێران “زیانگەیاندنی توند بووە بەو وڵاتە”. ئەو بەوریایییەوە ڕووی وتارەکەی ئاراستەی گەلی ئێران کرد تا یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن و “دەرفەت بە دوژمن نەدەن بە ئامانجەکانی بگات” (موقع السیستاني، 2026).

لێرەدا سیستانی ستراتیژێکی دیاریکراوی گرتە بەر؛ ئەو ململانێکەی لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێراندا قەتیس کرد و پەنای بۆ دەرکردنی فەتوای “جیهاد” بۆ شیعەکانی جیهان نەبرد تا بەهانای ئێرانەوە بچن، وەک ئەوەی ناوەندە ئایینی و سیاسییەکانی تاران چاوەڕێیان دەکرد (بڕوانە: الرشید، 2026). هەرچەندە دواتر میدیا و ناوەندە ئێرانییەکان هەوڵیان دا وەڵامێکی نووسینگەی سیستانی بۆ پرسیاری کەسێکی ئێرانی سەبارەت بە حوکمی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانیی ڕژێم، وەک فەتوایەکی “واجبی کفائی” بۆ “پاراستنی ڕژێمی ئیسلامی” نیشان بدەن (بڕوانە: الكوثر، 2026؛ میهر، 2026)، بەڵام دواتر دەركەوت ئەو فەتوایە نە گشتگیر بوو و نە لایەنە سەربازییەکەی دەگرتەوە، بەڵکوو تەنیا لە چوارچێوەی چالاکییە مەدەنییەکانی ناوخۆی ئێراندا دەركرابوو. بەمەیش ئەزموونی “جیهادی کفائی”ی سەردەمی داعش دووبارە نەبووەوە؛ ئەمەیش لە کاتێکدا کە “کۆماری ئیسلامی” لە جەنگێکی “مان و نەمان”دا بوو لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.

ئەم خۆگرتنەی سیستانی لە ئاست دەرنەکردنی فەتوای جیهاد، مقۆمقۆ و نیگەرانیی لەناو بەرەی وەلائی دروست کرد. سەرچاوە نزیكەكانی مەرجەعییەت ئەم هەڵوێستەی سیستانی بۆ چەند پاساوێکی ژیرانە دەگێڕنەوە: یەکەم، ڕێگریکردن لە کردنەوەی دەرگه‌ی ململانێی تائیفی (سوننە و شیعە). دووەم: پاراستنی گیانی کەمایەتییە شیعەکان لە وڵاتانی جیاوازی جیهاندا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی مافی بەرگری، مافێکی خۆڕسکی گەلانە و پێویستی بە فەتوای ئایینی نییە (موقع الاجتهاد، 2026). هەندێكی دیكە باس لەوە دەكەن ئەگەر سیستانی بژاردەی سەربازیی هەڵبژاردبا، عێراق وەک گرنگترین بنکەی شیعەگەری دەکەوتە بەر مەترسیی لەناوچوون. ئەم هەڵوێستە دەکرێت بە “سیاسەتی پێشگیریی نەرم” ناو ببردرێت؛ کە تێیدا ڕێگری لە گۆڕینی عێراق بۆ بەرەیەکی سەربازی کراوە و، دەزگه‌ ئایینییەکانی کردە چەترێک بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە وێرانکەرەکانی جەنگ (بڕوانە: صباح، 2026).

كۆی ئەم هەڵوێستەی سیستانی، ڕیشەی لە نەریتی دێرینی “حەوزەی نەجەف”دا هەیە کە وا باوە “ناچێتە ناو پەرچەکرداری سەربازیی ڕاستەوخۆ”؛ سەرباری گوشار و چاوەڕوانییەكانیش نەکەوتە ژێر کاریگەریی “گوتاری سۆزداری”ی جەنگ.

سەرەڕای ئەم هەڵوێستە نا-سەربازییە، سیستانی لە ڕەهەندە مرۆیییەکاندا درێغیی نەکرد؛ لە رێگەی دامەزراوە ئایینییەكانەوە کەمپینی کۆمەکی دارایی و خۆراکی بۆ لێقەوماوانی ئێران و لوبنان ڕاگەیاند، هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا گوتارێکی دیپلۆماسیی نەرمی گرتە بەر؛ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد “چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی بدۆزنەوە” (موقع السیستاني، 2026). ئەم داواکارییەیش زۆر نەرمترە لە گوتاری توندئاژۆکانی تاران و، ئاماژەیەکە لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان لەبری لۆژیکی هێز (بڕوانە: 1001 Iraqi Thoughts، 2026). جێی سەرنجیشە تەنانەت لە بەیاننامەکاندا، لەبری ناوهێنانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل، تەنیا وشەی “دوژمن” بەکار هێنراوە؛ کە ئەمەیش نیشانەی وریایییەکی دیپلۆماسی و هەوڵی دوورخستنەوەی جەماوەری شیعەی عێراقە لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم دوو دەوڵەتە، بەتایبەت كە بنكەكانی ئەمریكا لە عێراقدا بەربڵاون.

دووەم: موقتەدا سەدر؛ گوتاری “ئاشتیی هەرێمی”

سەبارەت بە جەمسەری دووەمی کاریگەر لە نەجەف، کە “موقتەدا سەدر”ە، پەرچەکردارەکانی تێکەڵەیەک بوون لە “سۆزی ئایینی” و “پراگماتیزمی سیاسی”. سەدر لە سەرەتای مانگی ئازاردا، سێ ڕۆژ پرسەی گشتیی بۆ كوژرانی “ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی” ڕاگەیاند (الصدر، 2026)، بەڵام ئەم هەنگاوە تەنیا لە چوارچێوەی هاوسۆزییەکی مەزهەبیدا مایەوە. دوای ئەمە، سەدر بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک بێدەنگییەکی چاوەڕوانکراوی هەڵبژارد، کە دەشێت وەك وچانێك بۆ خوێندنەوەی ئاراستەی جەنگەکە و لێكەوتەكانی بخوێنرێتەوە.

 پاش تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر جەنگدا، سەدر بێدەنگییەکەی شکاند و بانگەوازی بۆ خۆپیشاندانێکی جەماوەری و ئاشتییانە کرد. ئامانجی ئەم جووڵەیە بە قسەی خۆی، سەركۆنەكردنی “دوژمنکاریی سەهیۆ-ئەمریکی” و جەختکردنەوە لەسەر “بەرقەرارکردنی ئاشتی لە هەموو ناوچەکەدا” بوو (الصدر، 2026).  ئەوەیشی ئەم جووڵە جەماوەرییەی سەدری لەلایەنە “وەلائییەکان” جیا کردەوە و بووە جێی مشتومڕێکی قووڵ، سیمبۆلیزمی ئاڵاکان بوو لەسەر ستەیجی خۆپیشاندانەکە؛ لە کاتێکدا ئاڵای وڵاتانی کەنداو لەتەنیشت ئاڵای عێراق دانرابوون، هیچ ئاڵایەکی وڵاتانی لوبنان و یەمەن (کە حزبوڵڵا و ئەنساروڵڵای تێدایە) بەدی نەدەکرا (بغداد الیوم، 2026). ئەم وێنەیە ناڕەزایەتییەکی توندی لە ناوماڵی “شیعەی وەلائی” دروست کرد، بەتایبەت کە هەندێک لەو وڵاتانەی کەنداو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە، هەروەها میوانداریی سەربازگە و بنكەكانی سوپای ئەمریكا دەكەن كە بە قسەی تاران، بەشدارن لە هێرشەكانی سەر ئێران.

سێیەم: خرۆشانی شیعەی “موقاوەمە” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بەپێچەوانەی جەنگی ١٢ ڕۆژەی هاوینی ٢٠٢٥، لە جەنگی چل ڕۆژەی ٢٠٢٦دا (کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێرانیدا بە “جەنگی ڕەمەزان” ناوزەد دەکرێت)، عێراق هاوشانی لوبنان، بوو بە یەکێک لە گۆڕەپانە هەرە گەرمەکانی پێکدادان. ئەم جەنگە، کە بە کوشتنی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی ئێران دەستی پێ کرد، شەپۆلێکی لە دڵەڕاوکێ و ترسی “پووکانەوە”ی لەلایەن شوێنکەوتووانی تاران دروست کرد. ئەم ترسە بووە بزوێنەری سەرەکی بۆ ئەوەی گرووپە وەلائییەکان لە پاکستانەوە تا بەیرووت بە مەبەستی بەرەنگاری و پاراستنی “دڵی میحوەرەکە” لە تاران بکەونە جووڵە.

“میحوەری موقاوەمە” کە ئایەتوڵڵا خومەینی بناغەی دانا و ڕێبەری دووەمی ئێران “عەلی خامنەئی”، گۆڕیی بۆ هێزێکی کرداری، هاوپەیمانییەکی فرەوڵاتییە لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی لوبنان، عێراق و یەمەن بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی تاران. دروشمی سەرەکییان بریتییە لە “بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئەمریکا و ئیسرائیل” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بڕوانە: الجزیرة، 2024).  ئەرکی ستراتیژیی ئەم میحوەرە دروستکردنی “بازنەی ئاگر”ە لە دەوروبەری بنکەکانی ئەمریکا و جوگرافیای دەوڵەتی ئیسرائیل، وەک هێڵێکی پێشگیری بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مەترسییەکان لە خاکی ئێرانه‌وه‌.

خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەم پێکهاتە شیعییە و هاوپەیمانە سوننەکانیان، پرسی فەڵەستین و “قودس”ە. بەپێی هەندێک خەمڵاندن، لەنێوان ٨٠ بۆ ١٠٠ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا لایەنگری سەرسەختی عەقیدەی “ویلایەتی فەقیهـ”ن، کە ئەمەیش ژێرخانی مرۆیی و سەربازیی ئەم گرووپە چەکدارانە پێک دەهێنێت (مركز أورسام, 2026).

لەسەر ئاستی عێراق، گرووپەكانی “بەرەی موقاوەمە” جگە لە وابەستەییی مەزهەبی و عەقیدەیی، لە لایەک قەرزاری پاڵپشتییە دارایی و مەشقە سەربازییەکانی تارانن؛ لە لایەکی دیکەیشەوە وەک درێژکراوەی ئایدیۆلۆژیای “ئەوپەڕگیریی شیعە” مامەڵە دەکەن. هەروەها هەبوونی سنوورێکی درێژ بە درێژاییی ١٤٥٠ کم لەنێوان عێراق و ئێران، هۆکارێکی لۆجستیی گرنگە کە هاتوچۆ و هەماهەنگیی نێوانیانی ئاسان کردووە (بڕوانە( ecssr, 2026:. ئەمەیش وای کردووە عێراق بەکردەیی ببێتە “قووڵاییی ستراتیژی” بۆ بەرگریکردن لە تاران، تەنانەت لەسەر حیسابی سەقامگیریی ناوخۆییی خۆیشی.

 

چوارەم: شیعەی دەوڵەت و شیعەی موقاوەمە لە عێراق

لە ناوخۆی عێراقدا، جەنگی ٢٠٢٦ درزێکی قووڵی لەنێوان “گوتاری فەرمیی دەوڵەت” و “کرداری گرووپە چەکدارەکان” دروست کرد. لە کاتێکدا لە سەرەتای ئاداری ٢٠٢٦دا، حکوومەتی بەغدا گوتارێکی خۆپارێزانەی پەیڕەو دەکرد و جەختی لە “دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان”، “زاڵکردنی لۆژیکی دیالۆگ” و “پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان” دەکردەوە و بەڕاشکاوی بانگەشەی بۆ تێوەنەگلانی وڵات دەکرد (الزمان، 2026)، بەڵام گرووپە چەکدارە وەلائییەکانی “بەرەی موقاوەمە” بەئاشکرا ئەم ئاراستەیەیان ڕەت کردەوە و لۆژیکی “هێز”یان خستە سەروو لۆژیکی “دیپلۆماسی”. ئەم گرووپانە بە شێوەیەکی “یەکلایەنە” و بەبێ گەڕانەوە بۆ دامەزراوە فەرمییەکان، بڕیاری بەشداریی سەربازی و جەنگیان ڕاگەیاند.

ئەم هەنگاوە لە ڕووی یاسایییەوە وەک “کودەتایەکی دەستووری” بینرا، چونکە بەپێی ماددەی ٦١/ بڕگەی نۆیەم لە دەستووری عێراق، بڕیاری ڕاگەیاندنی جەنگ تەنیا لە پسپۆڕیی “سەرۆکایەتیی وەزیران و سەرۆکایەتیی کۆمار”ە، بە مەرجی ڕەزامەندیی زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان.

خاڵی وەرچەرخان و لادان لەم چوارچێوە نیشتمانییە، لەو نامەیەدا دەرکەوت کە گرووپە وەلائییەکان ئاراستەی ڕێبەری نوێی هەڵبژێردراوی ئێران “موجتەبا خامنەئی”یان کرد. لەو نامەیەدا، باڵە عێراقییەکانی “بەرەی موقاوەمە” وێڕای نوێکردنەوەی بەیعەت، ڕایان گەیاند کە “بەرگری لە کۆماری ئیسلامی بە ئەرکێکی شەرعی دەزانن”. هەر لەو چوارچێوەیەدا، دەستیان کرد بە هێڕشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەڵێنی کردنەوەی بەرەی نوێی جەنگیان دا، بە جۆرێک کە “بەرامبەر نەتوانێت بەرگەی لێکەوتەکان بگرێت” (الخنادق، 2026).

لە ئاست ئەم پێشێلکارییە دەستوورییەدا، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، لە خوێندنەوەیەکی یاسایی و سیاسیی تونددا، هۆشداریی لە مەترسییەکانی دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکان لە بڕیاری “جه‌نگ و ئاشتی” دا. زێدان جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری جەنگ تەنیا لە دەسەڵاتی دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانە و هەڵسوکەوتی تاکلایەنەی ئەم گرووپانە بە “پێشێلکارییەکی ڕاشکاوی دەستوور” و پەکخستنی بنەمای سەروەریی یاسا دادەنرێت (مجلس القضاء الأعلى، ٢٠٢٦).

بە بڕوای دادوەری یەکەمی عێراق، ئەم ڕەفتارانە دەبێتە هۆی دروستبوونی “فرەناوەندی لە بڕیاری سەربازیدا” کە ئەنجامەکەی تەنیا پاشاگەردانی و ناسەقامگیری و پەلکێشکردنی وڵاتە بۆ ناو ململانێی هەرێمیی بێبەرنامە. زێدان ئەم دۆخەی وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سیستەمی دیموکراسی و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان وێنا کرد، کە دەرەنجامەکەی، عێراق بەرەو گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و سەپاندنی سزای ئابووریی توند دەبات. بەمەیش ململانێی نێوان “شەرعییەتی دەوڵەت” و “شەرعییەتی میلیشیا” گەیشتە ئاستێكی توند.

پێنجەم: کەرتبوونی “بەرەی موقاوەمە” لەژێر كاریگەریی پارە و دەسەڵات

لە کاتێکدا دۆخی ناوچەکە بەرەو تەقینەوەیەکی گشتگیر دەچوو، نێوماڵی گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق جۆرێک لە پەرتەوازەیی و کەرتبوونی بەخۆوە بینی و، ئەو یەکێتییە باوەی جارانی لەدەست دا. ئەم بەرەیە کە لە دوای ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لەژێر چەتری “موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق”دا کۆمەڵێک گرووپی وەک (کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی ئیمام عەلی، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا و بزووتنەوەی عەسائیب)ی لەخۆ دەگرت (بڕوانە: العربي، 2025)، لە جەنگی ٢٠٢٦دا دابەش بوو بۆ دوو ئاراستە:

ئەوانەی وەک جەمسەری ڕادیکاڵ مانەوە و بەئاشکرا ئاڵای جەنگیان دژی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵگرت، بە پلەی یەکەم “کەتائیبی حزبوڵڵا” و “بزووتنەوەی نوجەبا” بوون. بەپێی هەندێک سەرچاوەی ئاگاداری ناوەندی شیعە، لە قۆناغەکانی کۆتاییی جەنگەکەدا تەنیا ئەم دوو هێزە بە ناوی “بەرگریی ئیسلامی” چالاکییان ئەنجام دەدا؛ لە کاتێکدا گرووپەکانی تر یان بەتەواوی کشابوونەوە، یان ئامادە نەبوون تەنانەت بە ڕاگەیه‌نراویش پشتگیریی هێرشەکان بکەن. لەوەیش سەرنجڕاكێشتر، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هەندێک لەو گرووپانە لەپشت پەردەوە کەوتوونەتە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان لە بەرامبەر پاراستنی پێگەی سیاسییان (عراق الحدث، 2026).

لەنێو ئەم نەخشە ئاڵۆزەدا، کەتائیبی حزبوڵڵا و نوجەبا، هاوشانی “کەتائیبی سەییدولشوهەدا” بە سەرکردایەتیی ئەبو ئالائی وەلائی، وەک پارێزەری “هێڵی شۆڕشگێڕی” مانەوە. ئەوان نەک هەر ڕەوتی سیاسییان ڕەت کردەوە، بەڵکوو تەنانەت پێش هەڵایسانی جەنگەکەیش دەرگه‌ی خۆبەخشییان بۆ پاراستنی “کۆماری ئیسلامی” واڵا کرد؛ کە ئەمەیش نیشانەی باڵادەستیی ئینتیمای ئایدیۆلۆژییە بەسەر ئینتیمای نیشتمانیدا.

لە بەرامبەردا، گرووپێکی وەک “عەسائیبی ئەهلی هەق” گوتارێکی تەواو جیاواز و پراگماتییانەی گرتە بەر. عەسائیب کە پێشتر یەکێک بوو لە جەمسەرە توندەکانی بەرگری، گوتارەکەی گۆڕی بۆ تێکەڵەیەک لە پاراستنی دەوڵەت و بەرژەوەندیی ئابووری. ئەم گرووپە جارجارە جەختی لە “کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا” دەکردەوە و بەڕاشکاوی پێشوازیی لە وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق دەکرد (الحرة، 2026). ئەم وەرچەرخانەی عەسائیب نیشانەی ئەوەیە کە چۆن “چوونەناو کایەی دەسەڵات و کارسازی” دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان لە تێوەگلان لە جەنگە گەورەکان، چونکە لە دۆخی جەنگدا ئەوان بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییە نوێیەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

ئەم دابەشبوون و پەرتەوازەیییەی ناو “بەرەی وەلائی”، تەنیا کێشەیەکی کاتی نەبوو، بەڵکوو زادەی کۆمەڵێک هۆکاری قووڵ بوو کە ئاژانسی “ڕۆیتەرز” (2026) لە ڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ٢٠ سەرچاوەی جیاوازدا، لە دوو ڕەهەندی سەرەکیدا کورتی کردوونەتەوە:

_ بۆشاییی سەرکردایەتی: زنجیرەیەک لە تیرۆرە بەرنامەرێژكراوەكان کە سەرکردە مێژوویی و کاریزماتییەکانی پێکا؛ ئەمەیش درزێکی گەورەی لە پەیکەری فەرماندەییی ئەم گرووپانەدا دروست کرد.

_ هەژموونی بەرژەوەندیی دارایی: گۆڕانی سەرکردەکان لە فەرماندەی مەیدانییەوە بۆ “سیاسی و کارسازی دەوڵەمەند”، وای کرد کە لۆژیکی “قازانج و زیان” جێگەی لۆژیکی “بەرگری” بگرێتەوە. ئەم سەرکردە نوێیانە کە خاوەنی سەرمایە و کۆمپانیای گەورەن، ترسی ئەوەیان هەبوو لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژاوادا، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان وێران بێت.

ئەم واقعە نوێیە دەری دەخات کە “بەرەی موقاوەمە” لە عێراق چیتر وەک جاران وەک تۆڕێکی یەکگرتوو و خاوەن یەک بڕیار کار ناکات، بەڵکوو پەرتەوازە بووە بۆ کۆمەڵێک گرووپی جیاجیا کە لە غیابی “سەردارێتییەکی ناوەندی”دا، هەر لایەنەو بەپێی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی مامەڵە دەکات.

سەرەڕای ئەم پاشەکشە ناوەکییەیش، واشنتۆن وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام سەیری ئەم گرووپانەی کرد. لە هەنگاوێکی تونددا، حکوومەتی ئەمریکا قەدەغەکردنی هەموو جۆرە مامەڵەیەکی فەرمی، بازرگانی و کەسیی لەگەڵ حەوت سەرکردەی دیاری ناو “کەتائیبی حزبوڵڵا، عەسائیب، کەتائیبی سەییدولشوهەدا و بزووتنەوەی نوجەبا” ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە کە پاڵپشت بوو بە فەرمانی کارگێڕیی ژمارە ١٣٢٢٤ (کە لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ وشککردنی سەرچاوە دارایییەکانی تیرۆر دەرچووە)، ئەو سەرکردانەی خستە “لیستی ڕەش”ەوه‌ و تۆمەتباری کردن بە تێوەگلان لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر نێردە و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق (FDD, 2026). ئەم سزایانە گوشارێکی تر دەخاتە سەر ئەو سەرکردانەی کە هەوڵیان دەدا لەنێوان “چەک و بزنس”دا هاوسەنگی بپارێزن.

شەشەم: “سیناریۆی قیامەت”؛ هەوڵدان بۆ داماڵینی دەوڵەت لە چەکی ستراتیژی

لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی جەنگەکەدا، گرووپە وەلائییەکانی عێراق زیاتر لە ٦٠٠ هێرشیان کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا (دجلة، 2026). هەرێمی کوردستانیش پشکی شێری لەم هێرشانە بەرکەوت لەگەڵ هەندێك هێرشی دیكەی ناو ئێرانەوە؛ بەپێی ئاماری فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێم، ٨٠٩ هێرش کراوەتە سەر هەرێم (٧٠١ درۆن و ١٠٨ مووشەک)، کە بوونە هۆی کوژرانی ٢٠ کەس و برینداربوونی ١٢٣ کەسی تر (٢٨ی شوبات تا ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦).

بەڵام مەترسیدارترین ڕەهەندی ئەم جەنگە، ئەو پلانە بوو کە بە “سیناریۆی قیامەت” ناسراوە. بەپێی ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییەکان، گرووپە چەکدارەکان ئامانجیان تەنیا گوشاری سیاسی نەبووە، بەڵکوو ویستوویانە دەست بەسەر سەرمایە ستراتیژییەکانی هێزی ئاسمانیی عێراقدا بگرن، بەتایبەت فڕۆکەکانی F-16 لە بنکەی “بەلەد”. پلانەکە بریتی بووە لە ناچارکردنی تیمە ئەمریکییەکانی کۆمپانیای (V2X) بۆ جێهێشتنی بنکەکە و هەوڵدان بۆ شکاندنی کۆدەکانی کارپێکردنی فڕۆکەکان (الشرق الأوسط، 2026). ئەمە هەوڵێکی سیسته‌ماتیک بووە بۆ داماڵینی دەوڵەتی عێراق لە گرنگترین چەکی بەرگریی خۆی و گۆڕینی بۆ هێزێکی پاشکۆی میلیشیاکان.

حەوتەم: “هێڵی ناوەڕاست”؛ نیشتمانپەروەریی پراگماتیی شیعە

لەنێوان دوو جەمسەری “دەوڵەتی بێدەنگ” و “میلیشیای شەڕکەردا”، ڕەوتێكی تر لە ناوماڵی شیعەدا دەرکەوت کە دەکرێت بە “شیعەکانی هێڵی ناوەڕاست” ناو ببردرێت. عەممار حەکیم، وەک یەکێک لە کارەکتەرە هەرە دیارەکانی ئەم ڕەوتە، لە چوارچێوەی “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا گوتارێکی پارێزگارانەی پەیڕەو کرد. حەکیم سێ “نەخێر”ی وەک بنەمای مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگەکە ڕاگەیاند: نەخێر بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی عێراق، نەخێر بۆ هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و، نەخێر بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ (الترا عراق، 2026).

ئەم ئاراستەیە ستراتیژێکی “پشتیوانیی سنووردار”ی گرتە بەر؛ بەو واتایەی پشتیوانیکردنی ئێران، دەبێت تەنیا لە چوارچێوەی “سیاسی، میدیایی و مرۆیی”دا بمێنێتەوە و عێراق پەلکێشی ناو ململانێی سەربازی نەکرێت (شبكة 964، 2026). زۆربەی گرووپە شیعەکانی دەرەوەی بازنەی “موقاوەمە” هەمان سیاسەتیان گرتە بەر. ئەوان لە کاتێکدا لە ڕێگەی میدیا و هاوکارییە مرۆیییەکانەوە سۆزی خۆیان بۆ تاران پیشان دەدا، بەڵام بەکردەیی هێزە چەکدارەکانی خۆیان لە مەیدانی جەنگ دوور خستەوە.

ئەم دابەشبوونە قووڵەی نێوان “سۆزی مەزهەبی” و “بەرژەوەندیی سیاسی” لە ڕووداوێکی تونددا ڕەنگی دایەوە. هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، کە هەوڵی دەدا هاوسەنگییەک لەنێوان پشتیوانیی ئێران و پاراستنی سەقامگیریی عێراقدا بدۆزێتەوە، لە فێستیڤاڵێکی جەماوەریی پشتیوانی لە ئێراندا لە باشووری عێراق، ڕووبەڕووی تووڕەییی گرووپە توندڕەوەکان بووەوە. لەوێدا “پێڵاوی تێ گیرا” و ناچار کرا شوێنەکە جێ بهێڵێت؛ ئەمەیش ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەوەی کە “شەقامی وەلائی” چیتر بەرگەی گوتارە مامناوەندەکان ناگرێت و داوای تێوەگلانی ڕاستەوخۆ دەکات (شبكة 964، 2026).

لەپشت ئەم هەڵوێستە پارێزگارانەیەی هێڵی ناوەڕاستەوە، “واقعبینییەکی سیاسی” هەبوو. ئەم سەرکردانە بەباشی لە تێچووی وێرانکەری جەنگ و مەترسیی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی تێ دەگەیشتن. بۆ ئەوان، “مانەوەی حوکمڕانیی شیعە لە عێراق” و پاراستنی ئەو دەسەڵاتەی دوای ٢٠٠٣ بەدەستیان هێناوە، ئەولەوییەتێکی پیرۆزتر بوو لەوەی هەموو دەستکەوتەکانیان بکەنە قوربانیی جەنگێکی هەرێمی کە ئاسۆکەی نادیارە.

كۆبەند: عێراق لەنێوان ئینتیمای نیشتمانی و خولگەی ئایدیۆلۆژیدا

جەنگی چل ڕۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦، تەنیا تاقیکردنەوەیەکی سەربازی نەبوو بۆ تاران، بەڵکوو تاقیگەیەک بوو بۆ دەرخستنی ئەو گۆڕانکارییە قووڵ و بونیادییانەی کە لەناو پێکهاتەی شیعەی عێراقدا ڕوویان داوە. ئەم جەنگە پەردەی لەسەر ئەو ڕاستییە لا دا کە “ناوەندی شیعە” لە عێراق چیتر بلۆکێکی یەکگرتوو و هاوچەشن نییە؛ بەڵکوو گۆڕاوە بۆ فەزایەکی فرەئاڕاستە کە تێیدا ململانێیەکی توند لەنێوان “لۆژیكی دەوڵەت” و  “لۆژیكی ئایدیۆلۆژیا” دا لە ئارادایە.

شیکردنەوەی گوتاری سیاسی و سەربازیی لایەنە جیاوازەکان-لە بێدەنگییە ستراتیژییەکەی سیستانی و مانۆڕە سیاسییەكانی سەدرەوە، تا دەگاتە هەوڵە ڕادیکاڵەکانی گرووپە وەلائییەکان بۆ جێبەجێکردنی “سیناریۆی قیامەت”- ئەوە دەسەلمێنێت کە ململانێکە تەنیا لەسەر خاکی مەیدان نییە، بەڵکوو جەنگێکی قووڵترە لە بواری بەرهەمهێنانی “واتا و شەرعییەت”؛ جەنگێک لەنێوان شەرعییەتی دەستووریی دەوڵەت و شەرعییەتی تێپەڕێنەری سنووری “بەرەی موقاوەمە”.

لیستی سەرچاوەكان

  • 1001 Iraqi Thoughts(2026). Analyzing Grand Ayatollah Sistani’s Statement Through the Lens of International Law. [Online] Available at: https://2h.ae/KFosa [Accessed 24 April 2026].
  • Foundation for Defense of Democracies (FDD)(2026). US Treasury designates 7 Iran-backed Iraqi militia commanders as terrorists. [Online] Available at: https://2h.ae/vUwoD [Accessed 25 April 2026].
  • Ultra Iraq(2026). ثلاث لاءات للإطار التنسيقي في الحرب.. الحكيم يحذر من عزلة عراقية محتملة. [على الإنترنت] متاح على: https://ultrairaq.ultrasawt.com/ثلاث-لاءات-للإطار-التنسيقي-في-الحرب-الحكيم-يحذر-من-عزلة-عراقية-محتملة/فريق-التحرير/سياسة [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • التلفزيون العربي (2026).المقاومة الإسلامية في العراق: خريطة الفصائل والقدرات. [على الإنترنت] متاح على: https://www.alaraby.com/news/المقاومة-الإسلامية-في-العراق-خريطة-الفصائل-والقدرات [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
  • بغداد اليوم (2026).كلمة الصدر للمتظاهرين في ساحة التحرير. [فيديو على الإنترنت] متاح على: https://www.facebook.com/watch/?v=1208324371171052 [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • جريدة الزمان (2026).رفض تحويل العراق إلى ساحة للصراع ودعوة إلى حماية السيادة. [على الإنترنت] متاح على: https://www.azzaman-iraq.com/content.php?id=119647 [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • حسين، صباح (2026).كيف يتعامل السيستاني مع الحروب الإقليمية؟. [على الإنترنت] موقع كلمة الإخباري. متاح على: https://kalimaiq.com/news/details/58725 [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • سرلك، علي محمد (بدون تاريخ).لماذا لم تصدر النجف فتوى الجهاد في حرب رمضان؟. [على الإنترنت] موقع الاجتهاد. متاح على: https://2h.ae/rtgoQ [تاريخ الاطلاع: 22 أبريل 2026].
  • شبكة 964 الإعلامية (2026أ).الحكيم يحدد 4 مجالات لدعم إيران ويؤكد أن العراق ليس ساحة للصراعات. [على الإنترنت] متاح على: https://964media.com/669147/ [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
  • شبكة 964 (2026ب).فيديو: هادي العامري وموقف محرج. [فيديو على الإنترنت] متاح على: https://964media.com/671058/ [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
  • شبكة الجزيرة الإعلامية (2024).محور المقاومة: تحالف إقليمي لمواجهة إسرائيل. [على الإنترنت] متاح على: https://www.aljazeera.net/encyclopedia/2024/7/19/محور-المقاومة-تحالف-إقليمي-لمواجهة [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • صحيفة الشرق الأوسط (2026).حصار قاعدة بلد… تمرين “القيامة” في العراق. [على الإنترنت] متاح على: https://aawsat.com/شؤون-إقليمية/5257285-حصار-قاعدة-بلد…-تمرين-القيامة-في-العراق [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • عراق الحدث (2026أ).أبو تراب التميمي يختزل مقاومي العراق بشخصين: شيخ أكرم وأبو حسين الحميداوي. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/zxKmJ [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
  • عراق الحدث (2026).آراس حبيب يفجـ . ـر معلومة مدوية: طرفان عراقيان أوصلا رسائل للأمريكان قبل أسبوع لنزع سـ . ـلاحهما. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/DQpRi [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
  • قناة الحرة (2026).فصيلان يُحرجان “الإطار”.. ويصرّان على زج العراق في حرب. [على الإنترنت] متاح على: https://alhurra.com/14070 [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
  • قناة دجلة الفضائية (2026).لقاء مع الفرطوسي. [فيديو على الإنترنت] متاح على منصة X: https://x.com/DijlahTv/status/2047432075012161620 [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • قناة الرشيد الفضائية (بدون تاريخ).امير الموسوي: ستصدر فتاوى من طهران والنجف بالجهاد ضد الامريكان!. [فيديو على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/apqZQ [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • قناة الكوثر الفضائية (بدون تاريخ).فتوى للسيستاني بشأن دعم إيران في مواجهة العدوان. [على الإنترنت] متاح على: https://www.alkawthartv.ir/news/360585 [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • مجلس القضاء الأعلى (2026).خبر/بيان رسمي. [على الإنترنت] متاح على: https://www.sjc.iq/view.79343/ [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
  • مركز الإمارات للدراسات والبحوث الاستراتيجية (ECSSR)(2026). تقرير بحثي. [على الإنترنت] متاح على: https://www.ecssr.ae/ar/research-products/reports/2/205234 [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
  • مركز أورسام للدراسات (2026).هل هي نهاية الاستقرار في العراق؟ تداعيات التحولات الإقليمية. [على الإنترنت] متاح على: https://orsam.org.tr/ar/yayinlar/هل-هي-نهاية-الاستقرار-في-العراق؟-تداعي/ [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
  • مقتدى الصدر (2026أ).تغريدة على منصة X. [تغريدة] متاح على: https://x.com/Mu_AlSadr/status/2038593117041885404/photo/1 [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • مقتدى الصدر (2026ب).منشور على منصة X (تويتر سابقًا)، 24 أبريل. [تغريدة] متاح على: https://x.com/Mu_AlSadr/status/2027922892059500751 [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • مكتب السيد السيستاني (2025).بيان مكتب السيد السيستاني بشأن العدوان على إيران. [على الإنترنت] متاح على: https://www.sistani.org/arabic/statement/26955/ [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • مكتب السيد السيستاني (2026).بيان مكتب السيد السيستاني. [على الإنترنت] متاح على: https://www.sistani.org/arabic/statement/26956/ [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • موقع الخنادق (2026).العراق في قلب المعركة: صانع معادلات الردع الإقليمي. [على الإنترنت] متاح على: https://alkhanadeq.com/post/10410/ [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].
  • وكالة رويترز (2026).حصري: رغم سنوات الدعم الإيراني.. فصائل عراقية لا تتحمس للانجرار إلى الحرب. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/heyYt [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
  • وكالة مهر للأنباء (2026).آية الله السيستاني يصدر فتوى حول الدعم الشعبي لإيران. [على الإنترنت] متاح على: https://ar.mehrnews.com/news/1969051/ [تاريخ الاطلاع: 24 أبريل 2026].

Shayda

بابەتی پەیوەندیدار

ئابوورییە وێرانبووەکەی ئێران بەهۆی جەنگەوە تا کەی دەتوانێت بەرەنگاری گەمارۆی هورمز ببێتەوە؟

جۆناسان گۆرناڵ (JONATHAN GORNALL)، ٢١ی نیسانی ٢٠٢٦ ماڵپەڕی عەرەب نیوز (Arab News) ئابوورییە وێرانبووەکەی ئێران بەهۆی جەنگەوە… زیاتر

3 days ago

پرسەنامە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بۆ کۆچی دوایی نووسەر و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری کورد مامۆستا قەرەنی… زیاتر

6 days ago

داڕمانی هەژموون و داڕشتنەوەی پەیکەربەندیی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی

ئامادەکردن و توێژینەوە: پێنووس   تێگەیشتن لە لۆژیکی ستراتیژیی واشنتۆن، پێویستی بە جیاکردنەوەی نێوان پێویستییە پێکهاتەیییەکانی ستراتیژیی… زیاتر

6 days ago

کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا لەسەر داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران ئەوەى کە دەبێ بگوترێ:… زیاتر

6 days ago

ئاسایشی کەنداو لەبەردەم تاقیکردنەوەدا: پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان   دەستپێک بۆ وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی… زیاتر

6 days ago

جەنگی ئێران پرۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوەی سیستەمی جیهانیی خستووەتە گەڕ

نووسینی: ڕاتکۆ ئێم. کینژۆڤیچ (Ratko M. Knežević) | Atlantic Council| March 30, 2026 ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس دەرهاوێشتە… زیاتر

6 days ago