قەیرانی گەرووی هورمز و نەخشەی ستراتیژیترین تەنگە و ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان
نزیکەی ٩٠ لەسەدی سەرجەم کاڵا بازرگانییەکان لە ڕێگەی دەریایییەوە دەگوازرێنەوە و، تەنیا نزیکەی ١١ لەسەدیان بە گەرووی هورمز (Strait of Hormuz)دا تێ دەپەڕن. بەڵام گەرووی هورمز، دەروازەیەکی ژیانی بۆ ئاسایشی کشتوکاڵی جیهانی و جەمسەرێکی ستراتیژییە بۆ سەقامگیریی سەرچاوە کشتوکاڵییەکان. نزیکەی سێیەکی هەناردەی ئۆریای جیهان – کە یەکێکە لە پڕبەکارهێنەرترین جۆرەکانی پەینی کیمیایی – بەناو ئەم گەرووەدا تێ دەپەڕێت؛ لە کاتێکدا کە نزیکەی نیوەی بەرهەمهێنانی خۆراکی جیهان پشت بە پەین دەبەستێت. جگە لەوەیش، نزیکەی ٣٠ لەسەدی بەرهەمهێنانی ئەمۆنیای جیهان و ٥٠ لەسەدی بەرهەمهێنانی ئۆریای جیهان، بەستراونەتەوە بەو زنجیرە دابینکردنانەی کە بەم ناوچەیەدا تێ دەپەڕن. ئەمەیش بایەخی یەکلاکەرەوە و ژیانیی ئەم ڕێڕەوە دەریایییانە بۆ سەقامگیریی سیستەمی خۆراکی جیهانی دەردەخات.
ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس
لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، ماڵپەڕی ئەی بی سی نیوز (ABC News) دەنووسێت؛ بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگە، گەرووی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بەکردەیی داخراوە. نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، ترس لە هەڵاوسان زیادی کردووە و ئابووریی جیهانیش هەژاوە. یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی نەوتی جیهان—و ١١ لەسەدی سەرجەم بازرگانییە دەریایییەکان—لە ڕێگەی ئەو ڕێڕەوە تەسکەوە دەگوازرێنەوە کە کەنداوی فارس (Persian Gulf) و کەنداوی عەدەن (Gulf of Aden) لە یەکتر جیا دەکاتەوە. شارەزایان ترسیان لەوەیە کە بە کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە، ڕەنگە ئێران دەرگه بەسەر سەردەمێکی نوێی مەترسیدار و پڕتێچوو لە بازرگانیی دەریاییدا بکاتەوە، کە تێیدا ڕێککەوتننامە و پەیماننامە لەمێژینەکان پەیڕەو ناکرێن. لە هەفتەکانی ڕابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (US) ڕای گەیاند کە جووڵەی دەریایی بەناو گەرووەکەدا سنووردار دەکات. هەرچەندە گەرووی هورمز تاکە ڕێڕەوی هەستیار و ستراتیژی نییە بۆ گواستنەوەی کاڵاکان لە ڕێگەی دەریایییەوە.
نزیکەی ٩٠ لەسەدی سەرجەم کاڵا بازرگانییەکان لە ڕێگەی دەریایییەوە دەگوازرێنەوە و، ١٣(choke points) یاخود (ڕێڕەوە تەنگەبەرەکان/ گەرووە ستراتیژییەکان)ی سەرەکی لە سەرانسەری جیهاندا هەن کە نزیکەی سێ لەسەر چواری ئەو بازرگانییە دەریایییە جیهانییە بەناویاندا تێ دەپەڕێت؛ لەنێویاندا، لەلایەن شارەزایانی ئابووری و ئەمنییەوە، پێنجیان بە گرنگترین ڕێڕەو بۆ بازرگانیی جیهانی دادەنرێن.
گەرووی هورمز لە کوێیە؟
کاتێک ئێران بەکردەیی لە ڕێگەی دانانی مینی دەریایییەوە- وەک ئەوەی ڕاگەیەنراوە- گەرووی هورمزی داخست و، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییانەی کرد کە بەبێ مۆڵەتی حکوومەتی ئێران هەوڵی تێپەڕین دەدەن و، تەنانەت سەپاندن یان هەڕەشەی سەپاندنی باج بەسەر هاتوچۆی تێپەڕبووندا، ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی دەیان ساڵەی پەیوەست بە گواستنەوەی دەریایی خرانە لاوە.
دۆناڵد ڕۆسوێڵ(Donald Rothwell) لە زانکۆی نیشتمانیی ئوسترالیا (Australian National University)، کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا شارەزایە، ڕای گەیاند کە ئەمە دەتوانێت پێشینەیەکی مەترسیدار دروست بکات و زیاتر پەکخستنی بازرگانیی جیهانی لێ بکەوێتەوە. ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (United Nations Convention on Law of the Sea) مافی کەشتی و فڕۆکەکان دەپارێزێت بۆ تێپەڕین بەناو گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا، کە گەرووی هورمزیش دەگرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا دۆناڵد ڕۆسوێڵ گوتی، ئێران بۆ چەندان دەیە پێش جەنگەکە پابەندی ئەو ڕێککەوتننامەیە بووە، سەرەڕای ئەوەی واژۆكهری ڕێککەوتننامەکە نەبووه. بەڵام پڕۆفیسۆر ڕۆسوێڵ نیگەرانە لەوەی کە سەپاندنی باج، چ کاریگەرییەکی لەسەر گەرووە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەبێت.
وەزیری داراییی ئیندۆنیزیا (Indonesia) پێشنیاری ئەوەی کرد کە ڕەنگە باج بخرێتە سەر ئەو کەشتییانەی، گەرووی مالاکا (Malacca Strait) بەکار دەهێنن. ئەو گوتی: ”ئەگەرێکی زۆر هەیە کە ئەو وڵاتانەی دیکەش کە هاوسنوورن لەگەڵ گەرووە گرنگەکاندا، بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا دەتوانن ئەوانیش جۆرێک لە باج بسەپێنن یان نا.”
ڕاستییەکەی، مێژوویەکی دوورودرێژ لە ململانێ و گرژی لەم گەرووە ستراتیژییانەدا هەیە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئەو ڕێرەوە ستراتیژییە هەستیارانە لە کوێن و چۆن هێندە گرنگ بوون؟
گەرووی مالاکا لە کوێیە؟
بەپێی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (World Economic Forum)، ساڵانە زیاتر لە ٩٠,٠٠٠ کەشتی بەناو گەرووی مالاکادا تێ دەپەڕن، کە ٣٠ لەسەدی کاڵا بازرگانییەکانی جیهان دەگوازنەوە. ئەمە تەنگەبەرێکی (bottleneck) زۆر گرنگە بۆ بازرگانیی ئاسیا (Asia)، بەڵام بەتایبەتی بۆ چین (China).
ساڵانە دوو لەسەر سێی بازرگانیی چین، لەوانەیش ٨٠ لەسەدی هاوردەی وزەکەی، لە ڕێگەی کەشتییەوە بەناو ئەو گەرووەدا دەگوازرێتەوە. هەروەها کورتترین ڕێڕەوی گواستنەوەی دەریایییە لە نێوان ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (East Asia)، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا (Europe)، کە زەریای هیندی (Indian Ocean) بە دەریای باشووری چینەوە (South China Sea) دەبەستێتەوە.
ئەو گەرووە، کە لە نێوان مالیزیا (Malaysia)، ئیندۆنیزیا و سەنگافوورەدا (Singapore) هەڵکەوتووە، ساڵانە نزیکەی ٤٥ لەسەدی نەوتی گواستراوەی دەریاییی جیهان بەناویدا تێ دەپەڕێت. بەپێی چاتام هاوس (Chatham House)، ساڵانە بڕێکی زۆر لە پاقلەی سۆیا و برنجیش بەناویدا دەگوازرێتەوە.
بە گوتەی مێهردۆخت پوورنادر (Mehrdokht Pournader)، شارەزای زنجیرەی دابینکردن (supply chain) لە زانکۆی مێڵبۆرن (University of Melbourne)، هەژموونی ئاسیا بەسەر بەرهەمهێنانی جیهانیدا بەو واتایە دێت کە هەر پەکخستنێک لە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا، کێشە بۆ ئابوورییەکانی سەرانسەری جیهان دروست دەکات. ئەو گوتی: ”کەواتە ئەگەر گەرووی مالاکا پەک بخرێت، ئەوا بەو واتایە دێت کە کارگەی جیهان و بەرهەمهێنانی جیهان پەک دەخرێت. ”هەروەها وتی: ”لەبەر ئەوە هەندێک لە گەرووەکان لەوانی دیکە هەستیارترن و گەرووی مالاکاش یەکێکە لەوانە.”
جێنیفەر پارکەر (Jennifer Parker)، شارەزای بەرگری و ئەفسەری پێشووی هێزی دەریایی، ڕای گەیاند بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قەبارەیەی بازرگانی کە بەناو ئەو ڕێرەوە هەستیار و ستراتیژییەدا تێ دەپەڕێت، هەر پەکخستنێک کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت. بەڵام بەپێچەوانەی گەرووی هورمزەوە، کەشتییەکان دەتوانن ڕێڕەوی جێگرەوە بگرنە بەر بۆ خۆلادان لە گەرووی مالاکا. جێنیفەر پارکەر (Jennifer Parker) گوتی: ”یەکێک لە باجەکانی (trade-offs) ئەو جێگرەوەیە ئەوەیە کە مەوداکە درێژتر دەکاتەوە.” هەروەها وتی: ”ئەگەر بازرگانی لە ڕێگەی گەرووی مالاکاوە بوەستێنرێت، ئەوا کەمایەسی لە گەیشتنی دابینکەران بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (South-East Asia) و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (North-East Asia) لە کاتی گونجاودا دروست دەبێت.” لەدرێژەیشدا، جێنیفەر دەڵێت: ”گرفت و کێشەی گەورە لەو پێداویستییانەدا دروست دەبێت کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە دێنە دەرەوە؛ بۆ نموونە بەشێکی زۆر لە سووتەمەنییە پاڵاوتەکەی ئۆسترالیا.”
نۆکەندی سوێز (Suez Canal) لە کوێیە؟
دەیان هەزار کەشتی بەناو ئەو ڕێڕەوە ئاوییە تەسکەدا تێ دەپەڕن کە لەلایەن میسرەوە کۆنترۆڵ کراوە و دەریای سوور (Red Sea) بە دەریای ناوەڕاستەوە (Mediterranean) دەبەستێتەوە. ئەم گەشتە دەتوانێت بەلایەنی کەمەوە ١٠ ڕۆژ لە کاتی گەشتکردن لە نێوان ئاسیا و ئەوروپادا کەم بکاتەوە بە خۆلادان لە گەشتکردن بەدەوری باشووری ئەفریقادا (South Africa).
نزیکەی ١٠ لەسەدی بازرگانیی دەریاییی جیهانی پێک دەهێنێت، لەوانە نزیکەی ٢٠ لەسەدی بارەکانی ئۆتۆمبێل، ٢٢ لەسەدی هاتوچۆی کۆنتێنەرەکان و ١٠ لەسەدی نەوت. هەروەها، بەپێی شیکارییەکی چاتام هاوس، ئەمە ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانییە بۆ ئەو پەینەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا (Eastern Europe) بەرهەم دەهێنرێت و ڕەوانەی چین دەکرێت، کە یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکارانی پەین لە جیهاندا.
لە ساڵی ٢٠٢١، کەشتییەکی کۆنتێنەرهەڵگر بۆ ماوەی نزیکەی شەش ڕۆژ هاتوچۆی لەو تەنگەبەرە ستراتیژییەدا ڕاگرت، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسۆیی گیری خوارد. هێرشەکانی حووسییەکان (Houthi) لە دووریی نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە باشووری نۆکەندی سوێز، بوونە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە ئاستی هاتوچۆدا. لە ساڵی ٢٠٢٣، ژمارەی ئەو کەشتییانەی بەناو ڕێڕەوە ئاوییەکەدا تێ دەپەڕین زیاتر لە ٢٦,٠٠٠ کەشتی بوو. لە ساڵی دواتردا، ئەو ژمارەیە بۆ نزیکەی ١٣,٠٠٠ دابەزی؛ بەڵام ڕێڕەوی جێگرەوە هەن.
خاتوو پارکەر گوتی: ”ئەو ڕێگەیەی کە دەتوانیت لە ڕێگەیەوە خۆت لە نۆکەندی سوێز، یان لە ڕاستیدا لە بابولمەندەب(Bab-el-Mandeb) لا بدەیت، گەشتکردنە بەدەوری کەیپ ئۆڤ گوود هۆپدا (Cape of Good Hope) لە باشووری ئەفریقا.” هەروەها خاتوو پارکەر وتی: ”بەڵام لەو ڕێڕەوە جێگرەوانەدا، باجەکەی ئەوەیە کە کات و تێچوو زیاتر دەکات؛ بەتێکڕا ١٤ ڕۆژی زیادە.”
گەرووی بابولمەندەب (Bab el-Mandeb Strait) لە کوێیە؟
ئەم ڕێڕەوەی گواستنەوەی دەریایییە لە نێوان یەمەن (Yemen) و جبیووتیدا (Djibouti)، دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە و، بۆ هەناردەکردنی نەوت و غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە زۆر گرنگە. ئەمە نزیکەی ٨.٧ لەسەدی بازرگانیی دەریاییی جیهانی پێک دەهێنێت، لەوانە ٢٠ لەسەدی هاتوچۆی هەریەک لە ئۆتۆمبێل و کۆنتێنەرەکان و ١٣ لەسەدی نەوت. بەڵام لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠٢٣وە، هێزەکانی حووسییەکان هێرشیان کردە سەر ئەو کەشتییانەی بە گەرووی بابولمەندەبدا تێ دەپەڕین، کە زۆربەی ئەو کەشتییانەی بە نۆکەندی سوێزدا تێ دەپەڕن لەوێوە دێن.
خاتوون پارکەر ڕای گەیاند کە گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان بۆ کەیپ ئۆڤ گوود هۆپ لە نزیک باشووری ئەفریقا، بووەتە هۆی کاریگەریی دۆمینۆیی (domino effect) لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا. ئەو گوتی: ”ئەوەی بینیتان، دواکەوتن بوو لە بەندەری سەنگافوورە، لەبەر ئەوەی کەشتییەکان لە کاتی جیاوازدا دەگەیشتن؛ بۆیە لەو ماوەیەدا سەنگافوورە قەرەباڵغییەکی زۆری تێ کەوت.” هەروەها وتی: ”دەست دەکەیت بە بینینی کەموکورتی لە پێداویستییەکاندا. هەروەها دەست دەکەیت بە بینینی کەڵەکەبوونی بازرگانی لە بەندەرە جیاوازەکاندا.” لە درێژەیشدا ڕای گەیاند: ”بۆیە هەمیشە ئەم شتانە کاریگەریی بەردەوامیان (flow-on effect) لەسەر بازرگانیی دەریایی و سیستەمی ژینگەیی (ecosystem)ی بازرگانیی دەریایی بەگشتی هەیە.”
دکتۆر پوورنادر هاوڕا بوو و، گوتی کە ئەمە دەتوانێت ئەوە دروست بکات کە بە ”کاریگەریی قامچی” (bullwhip effect) یاخود “کاریگەریی شەپۆلاوی” یان “کاردانەوەی زنجیرەیی” ناسراوە، کە ئەوەیش کاتێک ڕوو دەدات کە گۆڕانکارییە بچووکەکان لە خواستی بەکاربەردا دەبنە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە ئاستی فرۆشیارانی کۆمەڵدا و، شێوازی کارکردنی زنجیرەکانی دابینکردن دەگۆڕێت.
خاتوون پارکەر گوتی: ”کەواتە هەر پەکخستنێکت لە سەرەتای زنجیرەی دابینکردنەکەتدا هەبێت، ئەوا ئەو پەکخستنە بە شێوەیەکی خێرا و بەرچاو لەناو زنجیرەی دابینکردنی بەرهەمهێناندا گەشە دەکات، سەبارەت بەوەی چەند کاتی پێویستە تاوەکوو کڕیاران کاڵاکانیان بەدەست بگات.” لەم چوارچێوەیەیشدا ڕای گەیاند: ”بۆیە ئەگەر یەک هەفتە لە بەدەستهێنانی کاڵاکانت یان سووتەمەنییەکەدا دواکەوتنت هەبێت، ئەو دواکەوتنە دەتوانێت بۆ چەند هەفتەیەک درێژ ببێتەوە تا ئەو کاتەی کاڵاکە دەگاتە دەست کڕیارەکە.”
گەرووەکانی تورکیا (Turkish Straits) لە کوێن؟
گەرووەکانی تورکیا، کە بریتین لە بۆسفۆر (Bosporus) و دەردەنیل (Dardanelles)، تاکە ڕێڕەوی تێپەڕبوونی دەریایین لە نێوان دەریای ڕەش (Black Sea) و دەریای ناوەڕاستدا و، لەلایەن تورکیاوە (Türkiye) کۆنترۆڵ کراون. ساڵانە نزیکەی ٣ لەسەدی ئەو کاڵایانەی لە ڕێگەی دەریایییەوە بازرگانییان پێوە دەکرێت، لەوانە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی هەناردەی گەنمی جیهان، بەناو ئەم ڕێڕەوە ئاوییەدا دەگوازرێنەوە.
بەپێی شیکارییەکی چاتام هاوس، نزیکەی ٧٧ لەسەدی هەناردەی گەنم لە ڕووسیا (Russia)، ئۆکراینا (Ukraine) و قهزاقستانەوە (Kazakhstan) بەناویدا تێ دەپەڕێت، لە کاتێکدا نزیکەی ٣٩ لەسەدی ئەو هەناردانە بە هەردوو نۆکەندی سوێز و گەرووی بابولمەندەبدا تێ دەپەڕن. لە سەرەتای جەنگی ڕووسیا لە ئۆکراینا، ترس لەبارەی ئاسایشی خۆراکەوە (food security) لەسەر ئۆکراینا وەک پێنجەم گەورەترین هەناردەکاری گەنم، دروست بوو. پێش جەنگەکە، هەناردەی گەنمی ئۆکراینا پێداویستییەکانی ٣٨ لەسەدی وڵاتانی ئەفریقا (African)ی دابین دەکرد. دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە ڕاددەیەکی زۆر پشتیان بە هاوردەی دانەوێڵەی دەریای ڕەش بەستبوو.
خاتوو پارکەر دەڵێت: ”پێش ئەوەی ئۆکراینا باڵادەستی لە دەریای ڕەشدا بەدەست بهێنێت … ئێمە کاریگەرییەکەمان لەسەر دابینکردنی خۆراکی جیهانی بینی.” هەروەها خاتوو پارکەر وتی: ”گەرووەکانی تورکیا، بۆسفۆر و دەردەنیل، خاڵی خنکاندنی ڕاستەقینەن هاوشێوەی گەرووی هورمز، لە ڕووی ئەوەی کە هیچ جێگرەوەیەکی دیکەی دەریایییان نییە.” بۆیە ”ئەوە تاکە دەروازەی چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوەیە بۆ دەریای ڕەش.”
نۆکەندی پەنەما (Panama Canal) لە کوێیە؟
ئەو ڕێڕەوە ئاوییەی کە زەریاکانی هێمن (Pacific) و ئەتڵەسی (Atlantic) بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پشکی نزیکەی ٢.٥ لەسەدی بازرگانیی دەریاییی جیهانیی هەیە. سەرەڕای ئەوەی پشکێکی بچووک لە قەبارەی بازرگانیی دەریایی پێک دەهێنێت، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە بۆ وڵاتانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (United States)، کە نزیکەی ٤٠ لەسەدی کاڵا کۆنتێنەرکراوەکانی (containerised goods) ئەمریکا دەگوازێتەوە. هەروەها زۆر گرنگە بۆ هەناردە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا، وەک گەنمەشامی و پاقلەی سۆیا، چونکە ئەو کاڵایانە بەناو ڕێڕەوە ئاوییەکەدا تێ دەپەڕن بۆ ئەوەی بگەنە ئاسیا.
دوای دروستکردنی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە سەرەتای ساڵانی (١٩٠٠)ەکاندا، کۆنترۆڵی نۆکەندەکە بەفەرمی ڕادەستی پەنەما (Panama) کرا لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە لەمەوبەر. بەڵام دۆناڵد ترەمپ (Donald Trump)، سەرۆکی ئەمریکا، بەڵێنی داوە کە ڕێڕەوە ئاوییەکە ”وەربگرێتەوە” و، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕێرەوە ئاوییەکە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی چینەوە.
لە دەرەوەی بابەتی جیۆپۆلیتیک، نیگەرانییەکان سەبارەت بە تەندروستیی درێژخایەنی ڕێڕەوە ئاوییەکە لە زیادبووندان. نۆکەندی پەنەما بە ئاوی شیرین لە دەریاچەی گاتوونەوە (Lake Gatún) دابین دەکرێت؛ بەپێچەوانەی نۆکەندی سوێزەوە، کە بە ئاوی دەریا دابین دەکرێت. بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی وشکەساڵییە توندەکانەوە کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە ئاوی شیریندا هەبووە؛ کە ئەمەیش بووە هۆی دابەزینی ئاستی هاتوچۆ لە ڕێڕەوە ئاوییەکەدا بە ڕێژەی ٣٠ لەسەد لە ساڵی ٢٠٢٣دا.
خاتوو پارکەر ڕای گەیاند پەکخستنی ئەو کەشتییانەی بە نۆکەندی پەنەمادا تێ دەپەڕن، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەمریکا دەبێت، بەڵام گوتی کە جێگرەوە بۆ ئەو خاڵی خنکاندنە ههن. ئەو گوتی: ”دەتوانن بەدەوری باشووری ئەمریکای باشووردا بڕۆن، بۆ کەیپ هۆرن(Cape Horn) . ئەوە تێپەڕینێکی تا ڕاددەیەک سەختە و یەک بۆ دوو هەفتە تێپەڕینەکە تاخیر دەکات.” بۆیە ”بژاردەکەی دیکە ئەوەیە کە دەتوانن بە ڕێگەیەکی پێچەوانەدا بڕۆن و شتەکان بە نۆکەندی سوێزدا بنێرن؛ بەڵام ئەمەیش کاتێکی زۆرتری دهوێ.”
دکتۆر پوورنادر دەڵێت: سەرەڕای هەبوونی جێگرەوەکان، پەکخستنەکان کێشە لە سیستەمی ژینگەیییە گەورەکەی بازرگانیی دەریاییدا دروست دەکەن. ئەو گوتی: ”ئەگەر پەک بخرێت، ئەوا جارێکی دیکە هەناردە کشتوکاڵییەکان پەک دەخرێن، کاڵا بەکاربەرییەکانیش پەک دەخرێن.” بۆیە ”تێچووی گشتیی بازرگانی لەنێوان ئەمریکای باکوور و باشووردا (North and South America) زیاد دەکات.”
دابەزینی ٧٦ لەسەدیی هاتوچۆ لە هورمز (Hormuz)؛ بازرگانیی جیهانی پەنای بردە بەر ڕێڕەوە جێگرەوەکان
کۆمپانیای وێزەرنیوز (Weathernews) لە ڕاپۆرتێکدا لە ڕێکەوتی ( 27, 2026ئهپریل) ڕای گەیاندووە کە ژمارەی کەشتییەکان لە زەریای هێمنی باکوور (North Pacific Ocean) بە ڕێژەی ٥٥ لەسەد زیادی کردووە، بە درێژاییی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سوور (Red Sea) گەشەی ٥٠ لەسەدی بەخۆیەوە بینیوە و لە دەوروبەری Cape of Good Hope لە ئەفریقای باشوور (South Africa) بە ڕێژەی ٢٠ لەسەد زیاتر بووە. ئەم گۆڕانکارییانە نیشاندەری نامەرکەزیبوونی خێرا و دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕێڕەوەکانی بازرگانیی جیهانین.
پەککەوتن لەم خاڵە ستراتیژییە گرنگەی وزەی جیهانیدا (گەرووی هورمز)، بووەتە هۆی گۆڕانکاریی بەرفراوان لە ڕێڕەوەکانی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا. شیکاریی کۆمپانیای وێزەرنیوز (Weathernews) بۆ داتاکانی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی (Automatic Identification System – AIS) کە پەیوەستە بە نزیکەی ٩٠ هەزار کەشتی، کەمبوونەوەی توندی هاتوچۆی کەشتییەکان لە دەوروبەری گەرووی هورمز پشتڕاست دەکاتەوە. هاتوچۆ لە گەرووی هورمز ٧٦ لەسەد (لە ١٨٢٨ بۆ ٤٤٢ کەشتی)، لە دەریای عومان ٥٣ لەسەد (لە ١٤٤٠ بۆ ٦٨٠ کەشتی) و لە کەنداوی فارس ٤٦ لەسەد (لە ١٣٨٠ بۆ ٧٥٠ کەشتی) کەم بووەتەوە. لە ئاستێکی فراوانتردا، دەریای عەرەب (Arabian Sea)یش دابەزینی ٢٥ لەسەدیی لە هاتوچۆدا بەخۆیەوە بینیوە.
لە بەرامبەردا، ڕێڕەوە جێگرەوەکان شایەتحاڵی زیادبوونێکی بەرچاوی هاتوچۆ بوون. ژمارەی کەشتییەکان لە زەریای هێمنی باکوور (نزیک هێڵی ڕێکەوتی نێودەوڵەتی (International Date Line)) بە ڕێژەی ٥٥ لەسەد زیادی کردووە، بە درێژاییی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سوور (دەوروبەری یەنبەع (Yanbu)) گەشەی ٥٠ لەسەدی بەخۆیەوە بینیوە و لە دەوروبەری کەیپی هیوای باش لە ئەفریقای باشوور بە ڕێژەی ٢٠ لەسەد زیاتر بووە. ئەم گۆڕانکارییانە نیشاندەری نامەرکەزیبوونی خێرا و دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕێڕەوەکانی بازرگانیی جیهانین.
لە ڕێڕەوە جێگرەوەکاندا، چالاکییەکان بە شێوەیەکی هەستپێکراو زیادیان کردووە. لە زەریای هێمنی باکوور، هاتوچۆی کەشتییە زەبەلاحەکانی هەڵگری غازی شل (Liquefied Gas) و نەوتهەڵگرەکانی نەوتی خاو (Crude Oil) لەنێوان ئاسیا (Asia) و ئەمریکای باکوور (North America) زیاتر بووە. لە کەناراوەکانی دەریای سوور، بەندەری یەنبەع ڕۆڵێکی بەرچاوترى وەکوو ناوەندێکی هەناردەکردن وەرگرتووە و ژمارەی کەشتییەکان لە ٦٦٠ بۆ ٩٩٠ کەشتی بەرز بووەتەوە. لە ڕێڕەوی کەیپی هیوای باشیشدا، هاتوچۆ لە ١١٠٠ کەشتیی پێش داخرانی گەرووی هورمزەوە بۆ ١٣٢٠ کەشتی زیادی کردووە و تەواوی ڕێڕەوەکە، لەوانەیش باشووری زەریای هیند (Indian Ocean)، ڕووبەڕووی گەشەی هاتوچۆ بووەتەوە.
بەکارهێنانی ڕێڕەوی Cape of Good Hope (كهپی هیوای باش) لەبری نۆکەندی سوێز (Suez Canal) و گەرووی هورمز، نزیکەی ١١ بۆ ١٥ هەزار کیلۆمەتر دەخاتە سەر مەودای نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Middle East) و ئاسیا، کە ئەمەیش دەبێتە هۆی زیادبوونی کات و تێچووی گواستنەوە. جگە لەوەیش، مەترسییە کەشوهەوایییەکانیش جێگەی سەرنجن. بە نزیکبوونەوەی نیوەگۆی باشوور (Southern Hemisphere) لە مانگەکانی زستان (حوزەیران تا ئاب (June to August))، ئاوەکانی دەوروبەری Cape of Good Hope ڕووبەڕووی بای توند، شەپۆلی زۆر بەرز (زۆر جار لەنێوان ٨ بۆ ١٢ مەتر) و تەمومژی چڕ دەبنەوە. کەمیی بەندەرە ئارامەکان بۆ پەنابردنی لەناکاویش، مەترسییەکانی کەشتیوانی (Navigation) زیاتر دەکات.
لە کاتێکدا وڵاتان هەنگاو بۆ دابینکردنی ئاسایش لە گەرووی هورمز دەنێن، گۆڕینی ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی لەوانەیە بەردەوام بێت. لەمەودوا، سەرنجی سەرەکی لەسەر ئەوە دەبێت کە ڕێڕەوە جێگرەوەکان چۆن کاریگەری لەسەر کاراییی گواستنەوەی جیهانی، سەلامەتیی دەریایی و ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە کەشوهەوایییەکان دادەنێن.
سەرچاوە:
2- https://sea.weathernews.com/resources/202604/78
2- https://www.aljazeera.net/news/2026/4/23/بسبب-هرمز-هل-تتحول-الأسمدة-لقنبلة
موهفهق عادل عومهر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و سیاسهتی… زیاتر
پەیمانگهی نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی ئاشتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI) (ستۆکهۆڵم، 27ی نیسانی 2026) ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بەپێی… زیاتر
یورۆنیوز وەرگێڕان: پێنووس گۆڕانی لەناکاوی شێوازی دەربڕین و بەکارهێنانی زاراوە پسپۆڕییەکانی بازاڕە دارایییە نێودەوڵەتییەکان لە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق پێشەکی جەنگی… زیاتر
جۆناسان گۆرناڵ (JONATHAN GORNALL)، ٢١ی نیسانی ٢٠٢٦ ماڵپەڕی عەرەب نیوز (Arab News) ئابوورییە وێرانبووەکەی ئێران بەهۆی جەنگەوە… زیاتر