پێنووس
بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له 2026/4/30 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئەبوزەبی لەلایەن خاوەنشکۆ “شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان”، سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتهوه پێشوازیی لێ کرا و دواتر کۆ بوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی ئاسۆکانی هاریکاریی نێوانیان لە هەموو بوارەکاندا، تاوتوێ کران؛ بە شێوەیەک کە لهپێناو بەرژەوەندی و گەشەپێدانی هەردوو لادا بێت.
ئەم سەردانە لە کاتێکدا بوو کە ئیمارات بەفەرمی کشانەوەی خۆی لە ڕێکخراوی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس ڕاگەیاندبوو. ڕاستییەکەی، ڕاگەیەنراوە فەرمییەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر پێوانەکراو و دیپلۆماسی بوو: باسی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکرد. بەڵام هەر کەسێک تەنیا ڕاگەیەنراوەكه بخوێنێتەوە، لەوانەیە نەتوانێت بەتەواوی وێنە گەورەکە و چیرۆکە ئاڵۆزەکە بخوێنێتەوە.
کاتی ئەم دیدارە ئاستبەرزە، بەتایبەت لە کات، زەمینە و بەستێنێکدا کە ناوچەکە لەپاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و بەتایبەتی بەهۆی ناکۆکی و ململانێی بەردەوامی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێرانەوە سەرلەنوێ پێکهاتەکەی دادەڕێژرێتەوە، پێویستی بە خوێندنەوەیەکی زۆر قووڵتر و فرەڕەهەندتر و جددیتر هەیە، لەوەی ڕاگەیەنراو و زمانە دیپلۆماسییەکان دەرخەرییەتی.
ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ و کۆتاییهاتنی “خۆپارێزیی کەنداو“
بۆ ئەوەی تێ بگەین بۆچی ئەم دیدارە گرنگە، سەرەتا دەبێت بزانین هەردوو سەرکردەکە ئێستا لەناو چ جۆرە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستدا سیاسەت دەکەن. لە ساڵی ٢٠٢٥ و لە توێژینەوەیەکی زانستیدا بە ناونیشانی “دیپلۆماسییەتی تایبەتمەندی ئیمارات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: ستراتیژە دەسەڵاتخوازانەکانی هێزێکی مامناوەند” بڵاو کراوەتەوە، شارەزایان پەردە لەسەر ستراتیژییەکی زیرەکانەی ئیمارات لا دەدەن کە بە “دیپلۆماسییەتی تایبەتمەند” (Niche Diplomacy) یاخود “دیپلۆماسییەتی بوارە دیاریکراوەکان” ناسراوە. ئیمارات ئەم جۆرە دیپلۆماسییەتە وەک چەکێکی کاریگەر بۆ بونیادنانی هەژموون بەکار دەهێنێت؛ واتە چڕکردنەوەی تەواوی سەرنجەکان لەسەر چەند بوارێکی هەستیار و دیاریکراوی وەک: هاوکارییە مرۆیییەکان، وزەی نوێبووەوە، تەندروستی، کهلتوور و وەرزش.
ئامانجی سەرەکیی ئەبوزەبی لەم هەنگاوە، کەڵەکەکردنی سەرمایەی ڕەمزی و فراوانکردنی پانتایییە دیپلۆماسییەکانیەتی. دەرەنجامی ئەم ستراتیژییەیش وای کردووە، ئیمارات نەک تەنیا ببێتە وڵاتێکی خاوەن پێگەی ناسراوی جیهانی، بەڵکوو بەراورد بە قەبارەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیییەکەی (GDP)، وەک یەکێک لە بەخشندەترین وڵاتی جیهان بناسرێت.
ئەزموونی ئیمارات سەلمێنەری ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە: چۆن دەوڵەتێکی قەبارە بچووک دەتوانێت لە ڕێگەی فرەچەشنکردنی ئابووری، داهێنانی تەکنەلۆژی و داڕشتنی تۆڕێکی بەرفراوان لە هاوپەیمانێتییە ستراتیژییەکان، هەژموونێکی نێودەوڵەتیی هێندە گەورە بەدەست بهێنێت کە زۆر لە قەبارەی جوگرافیی خۆی تێپەڕ بکات. ئەمە تەنیا بۆچوونێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو ئەو دەرەنجامە زانستییەیە کە Belfer Center لە زانکۆی هارڤارد — وەک یەکێک لە ناوەندە هەرە دیارەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە جیهاندا — لە دووتوێی شیکارییەکانی بۆ مۆدێلی ئیمارات پێی گەیشتووە.
لە هەمان کاتدا، بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢٥ی پەیمانگهی ئابووری و ئاشتی (IEP) کە لەژێر ناونیشانی “لێکترازانی گەورە: سەرهەڵدانی هێزە مامناوەندەکان لەنێو سیستەمێکی نێودەوڵەتیی لێکترازاودا” بڵاو کراوەتەوە، ئیمارات ستراتیژییەکی نوێی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا سەلماندووە. ئەو ستراتیژییە پێمان دەڵێت کە لە جیهانی ئەمڕۆدا، سەرچاوەی کاریگەری و هەژموون ئیتر تەنیا لە ژمارەی دانیشتووان، قەبارەی هێزی سەربازی، یان قۆرخکردنی سەرچاوە سروشتییەکاندا کورت نابێتەوە؛ بەڵکوو بەڕاستەوخۆیی بەندە بە ئاستی پێکەوەبەستراوی (Connectivity)، گەشەی بەردەوام و هەڵکەوتەی ستراتیژیی دەوڵەتەکەوە. بۆ نموونە؛ لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا و، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئەم وڵاتەدا، پشکی کەرتە نانەوتییەکان لە کۆی گشتیی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆ (GDP)ی ئیماراتدا گەیشتە ٧٧.٣٪.
ئەمەیش وەرچەرخانێکی مێژوویییە و نیشانی دەدات کە ئەبوزەبی بنەماکانی ئاییندەی خۆی لەسەر زانست، داهێنان و پیشەسازییە پێشکەوتووەکان دادەڕێژێت، نەک تەنیا پشتبەستن بە نەوت. بەم پێیەیش، ئیمارات قەدەر و دڵنیاییی خۆی تەنیا بە سامانی ژێرزەوییەوە گرێ نەداوە، بەڵکوو ئەو ژێرخانەی ئێستا بونیادی ناوە، زۆر قایمتر و فرەڕەهەندترە لە مۆدێلە تەقلیدییەکانی ناوچەکە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، ساڵی ٢٠٢٥ قەبارەی بازرگانیی دەرەکیی ئیمارات گەیشتە ٦ تریلیۆن درهەم، کە بەراورد بە ساڵی پێشووتر بە ڕێژەی ١٥٪ گەشەی کردووە. لەو چوارچێوەیەدا، بازرگانیی خزمەتگوزارییەکان بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا سنووری ١.١٤ تریلیۆن درهەمی تێ پەڕاند، هەروەها قەبارەی بازرگانیی کاڵا نانەوتییەکانیش بە ڕێژەی ٢٧٪ بازدانیان بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ٣.٨ تریلیۆن درهەمی ئیمارات. جێگەی تێڕامانە کە بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO)، ئیمارات بۆ یەکەمین جار چووەتە ڕیزی دە گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری کاڵا لە جیهاندا و پلەی نۆیەمی گرتووە.
لەم سۆنگەیەوە (ئەگەر ئەم جەنگەی دوایی ڕووی نەدابایە)، بانکی نێودەوڵەتیی Standard Chartered پێشبینیی کرد کە قەبارەی بازرگانیی دەرەکیی ئیمارات لە ساڵی ٢٠٢٦دا لە یەک تریلیۆن دۆلار نزیک ببێتەوە. هەر ئەمەیش وای کردووە بانکەکە نازناوی Super-connector بداتە ئیمارات، وەک چەقێکی ستراتیژی کە کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەفریقا، ئەوروپا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەیەکترەوە دەبەستێتەوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا، پێگەی جیهانیی ئیمارات تەنیا لە ڕەهەندی داراییدا کورت نابێتەوە. بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای وەک (OpenAI، Oracle، Nvidia، Cisco و SoftBank)، پڕۆژەی مەزنی Stargate UAE بەخێرایییەکی سەرسوڕهێنەر لە قۆناغی نەخشەسازییەوە پێی ناوەتە بواری جێبەجێکردن و بنیادنانەوە. ئەم پڕۆژەیە، کە کۆمپانیای Khazna سەرپەرشتیی دەکات و بڕیار وابوو لە ساڵی ٢٠٢٦دا تەواو بکرێت، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەبوزەبی نەک تەنیا دەیەوێت لە تۆڕی وزەی جیهانیدا جومگەیەکی گرنگ بێت، بەڵکوو ئامانجیەتی لەناو دڵی تۆڕی ژیریی دەستکردی جیهانیشدا پێگەیەکی حاشاهەڵنەگری هەبێت.
لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیکیش، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا سەرکردایەتیی ئیمارات بەوپەڕی دانایییەوە، کاری کردووە بۆ سەلماندنی پێگەی خۆی وەک هاوپەیمانێکی دانەبڕاو و پێویست بۆ ئەمریکا لە ناوچەکەدا. لە مامەڵەکردنی لێزانانە لەگەڵ دەرهاوێشتە سیاسییەکانی دوای ١١ی سێپتهمبەرەوە بگرە، تا دروستکردنی پەیوەندیی پراگماتیکی لەگەڵ کۆمەڵگەی جوولەکەکانی ئەمریکا و، دواجاریش گەیشتن بە ڕێکكەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە نێوەندگیریی واشنتۆن.
ئامانجی ستراتیژیی ئەبوزەبی لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئیدارەیەکی نوێی کۆشکی سپیدا ئەوە بووە کە ببێتە “دۆستترین دەوڵەتی عەرەبی” بۆ واشنتۆن، کە تا ڕاددەیەکی زۆریش لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجەدا سەرکەوتوو بووە.
بەڵام لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، کاتێک جهنگی ڕاستەوخۆ و وێرانکەر لەنێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێراندا هەڵگیرسا، ناوچەکە تووشی بوومەلەرزەیەکی جیۆپۆلیتیکی بوو. لە بەرامبەر هێرشەکاندا، ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بە مووشەک و درۆن کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە کەنداودا. لەم نێوەندەدا، هەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرانە ئامانج، هەم خاکی ئیماراتیش ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەوخۆ بووەوە؛ بەتایبەتی بنکەی ئاسمانیی “ئەلزەفرە”، هۆتێلەکان، فڕۆکەخانەکان و ناوچە ئازادەکانی وەک “جەبەل عەلی” زیانیان بەرکەوت و قوربانییان لێ کەوتەوە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە بۆ چەندان ساڵ، ئیمارات سیاسەتی “خۆپارێزیی ستراتیژی”ی پەیڕەو دەکرد؛ بەو بڕوایەی مامەڵەی ئەرێنی و هێشتنەوەی کەناڵی کراوە لەگەڵ ئێران، مەترسییەکان کەم دەکاتەوە. بەڵام ئەم جەنگە ئەو تێڕوانینەی بەتەواوی تێک شکاند.
ئەم گۆڕانکارییانەی ناوچەکە وای کرد کە جارێکی دیکە بوومەلەرزهیەکی جیۆئێکۆنۆمی لە ٢٨ی نیسان ڕوو بدا — واتە تەنیا ڕۆژێک پێش گەیشتنی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان— کاتێک ئیمارات کشانەوەی خۆی لە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس ڕاگەیاند. ئەمە کۆتاییی ئەو سیاسەتە بوو کە بە “ستراتیژیی خۆپارێزیی کەنداو” ناوی دەبەن.
ئیمارات بەکردەوە سیاسەتێک پەیڕەو دەکات کە دەرخەری ئەوەیە چیتر چوارچێوە نەریتییە سیاسییەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ هاوسەنگی و ئاسایشی ناوچەکە گونجاو نین و، بەئاشکرا ڕووی لە هاوپەیمانێتییەکی پتەوتر کردووە لەگەڵ واشنتۆن بە مەبەستی ئاوێتەبوون لەگەڵ ئاسایش و سیستەمە بەرگرییە پێشکەوتووەکانی ئیسرائیل و ڕۆژاوا. هەر بۆیە بۆ شرۆڤەکاران گرنگە کە بزانن بۆچی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا گەیشتە ئەبوزەبی؛ ئیماراتێک کە لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێیدا بەشوێن هاوبەش و خوڵقاندنی هاوکێشەی نوێدا دەگەڕێت.
گۆڕانکاریی جیۆسیاسی و چارەنووسی هاوبەش
لەم چوارچێوەیەدا، خاڵێکی زۆر گرنگ و هەستیار هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئیماراتە لە ڕێکەوتی (١٤ی ئاداری ٢٠٢٦) لە هەولێر لە میانەی هەمان ئەو پێکدادانە هەرێمییانەدا. هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە میانەی جەنگی ئێران و ئەمریکا، لە ڕاستیدا هێرشە بۆ سەر سەروەریی ئیمارات لەسەر خاکی کوردستان. ئەم ڕووداوە نوێیە، هاوپەیمانیی ئابووری و سیاسیی نێوانیان تێ دەپەڕێت و دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی ئاسایشی هاوبەش لەنێوان ئەبوزەبی و هەولێر دروست دەکات.
هەر بۆیە کاتێک نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید باسیان لە “پێشهاتەکانی ناوچەکە” کردووە، هەردوو سەرکردەكه دەزانن ئەم پرسە واتای چییە لە ئێستادا؛ چونکە هەردووکیان بینییان کە وڵاتەکەیان چۆن دەکرێتە ئامانج. لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەمە بە مەترسیی هاوبەش و داینامیکی “چارەنووسی هاوبەش” (Common Fate) ناسراوە — کاتێک دوو لایەن لە هەمان سەرچاوەوە ڕووبەڕووی هەمان هەڕەشە دەبنەوە.
ئەم سەردانە لە ئێستادا درێژکراوەی سەردانەکەی ٧ی نیسانی ٢٠٢٥ی نێچیرڤان بارزانییە کە تێیدا بناغەی ئەم قۆناغە نوێیە دانرا. لە دوای ئەو سەردانەی ٢٠٢٥ەوە، قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و ئیمارات گەیشتە نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار و، تا ئەیلوولی ٢٠٢٥ ئیمارات وەزیرێکی دەوڵەت و نێردراوێکی تایبەتی بۆ کاروباری ئابووریی، تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کرد.
ئیمارات، کە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە کونسوڵخانەی لە هەولێر کردووەتەوە، جەمسەرێکی بەهێزە لە جیهانی عەرەبیدا. بەپێی زانیارییەکان تاوەکوو ئێستا زیاتر لە ١٢٠ کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێم کار دەکەن (کە ١٥یان کۆمپانیای گەورەن). کۆی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ئیمارات لە ٣.٣ ملیار دۆلار تێ پەڕیوە، لەگەڵ ٤٢٠ ملیۆن دۆلاری دیکە لە پڕۆژەی هاوبەشدا، کە لە ماوەی چوار ساڵدا ١٥٠ هەزار هەلی کاری ڕەخساندووە. بەڵام بەهای قووڵتری پەیوەندییەکە پێکهاتەیییە نەک تەنیا ئابووری. هەولێر دەزانێت مانەوەی، بەندە بە دروستکردنی پەیوەندییەک کە بەغدا نەتوانێت بەئاسانی ڤیتۆی بکات. ئیمارات مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات وەک قەوارەیەکی سەقامگیر “لەناو عێراقدا” — ئەم سیاسەتە ڕەوایەتییەکی یاسایی و سیاسی بە پەیوەندییەکە دەبەخشێت، بەڵام لە واقعدا ڕێگە بە هەولێر دەدات وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی، ڕاستەوخۆ دیپلۆماسی بکات.
ڕەهەندی کەسیی ئەم پەیوەندییە جێگەی سەرسوڕمانە. لە سەردانەکەی نیسانی ٢٠٢٥دا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) نووسیبووی: خۆشحاڵم بە دیداری “هاوڕێم” محەممەد بن زاید. بەڵام لە سەردانەکەی ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦دا، زمانەکە گۆڕدرا بۆ “برام” و، نووسیویەتی: زۆر خۆشحاڵ بووم بە دیداری برام، خاوەنشکۆ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو لە شاری ئەبوزەبی. گۆڕینی وشەی دۆست بۆ برا لە دیپلۆماسیی ناوچەکە و عەرەبیدا، ئاماژەیە بۆ قووڵبوونەوەیەکی متمانە لەسەر ئاستی کەسی، کە پەیوەندییەکە لە بەرزی و نزمی و هاوکێشەکانی سیاسی دەپارێزێت.
ئاستی پێشوازییەکەیش پەیامێکی ئاشکرا بوو؛ ئامادەبوونی شێخ خالید بن محەممەد (جێنشینی ئەبوزەبی)، شێخ سەیف بن زاید (جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ) و، شێخ حەمدان بن محەممەد لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ پێشوازیکردن لە نێچیرڤان بارزانی کە سەرۆکایەتیی ئەکتەرێکی نادەوڵەتی دەکات، ئاستێکی بەرزە لە نوێنەرایەتیی دامەزراوەیی. بۆیە دیمەن و هەواڵەکانی دیدارەکە تەنیا وەک پرۆتۆکۆڵێکی ڕۆتینی نەبوو، بەڵکوو وەک گفتوگۆیەکی ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵ کرا. ڕاستییەکەی، نێچیرڤان بارزانی دەیان ساڵە کار دەکات بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە سەرمایە دیپلۆماسییە، کە ئێستا بووەتە هێمایەک بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا.
کۆبەند
بڕیارە ستراتیژییەکەی هەولێر ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا پەیوەندییەکی هاوسەنگ و دۆستانەی – ئەگەرچی بێباجیش نابێت- هەبێت، بەڵام هەر ئەمە دەتوانێت وهڵامی ئهم پرسیارە جەوهەری و سەرەکییە بداتەوە کە هەرێمێکی نیمچەسەربەخۆ چۆن توانیویەتی/دەتوانێت لەنێوان هێزە ڕکابەر و پێکناکۆک و تەنانەت دوژمنەکاندا بمێنێتەوە و خۆی بپارێزێت. بۆیە دەتوانین بڵێین کە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات تەنیا گەشتێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکوو دەکرێت وەک جووڵەیەکی زیرەکانەی سیاسی لە کاتێکی هەستیاردا لێک بدرێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەوە ناسراوە کە ئەندازیاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستانە و ئیماراتیش بۆ ئەو، دەروازەیەکی زێڕینە بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە. سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیمارات، دەکرێت وەک کۆبوونەوەی دوو دیدگهی هاوشێوە بۆ ئاییندەی وزە و مانەوەی سیاسی لە ناوچەکەدا سەیر بکرێت.
لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین شرۆڤەی ئەم سەردانە و کاریگەرییەکانی لە چەند ڕەهەندێکی سەرەکیدا بخەینە ڕوو:
١. پەیوەندییە کەسی و تایبەتەکان: پەیوەندیی نێوان نێچیرڤان بارزانی و محەمەد بن زیاد (MBZ) پەیوەندییەکی تەنیا فەرمی نییە، بەڵکوو متمانەیەکی کەسیی قووڵی تێدایە. ئەمە وا دەکات هەرێمی کوردستان لەناو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا، پشتێنەیەکی دڵنیاییی لە کەنداو هەبێت. تا ئەو ئاستەی لە دیپلۆماسییەتدا، هەندێک جار دانیشتنێکی دۆستانە لە ئەبوزەبی، دەکرێت گرنگتر بێت لە دەیان کۆبوونەوەی فەرمی لە شوێنەکانی تر.
٢. پرسی هاوسەنگی لەگەڵ بەغدا: سەردانەکەی بارزانی، دەکرێت پەیامێک بێت بۆ ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانیش؛ کە هەرێم هێشتا خاوەن “کارتێکی نێودەوڵەتی”ی بەهێزە. کاتێک سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی جیهانی عەرەبی کۆ دەبێتەوە، پێگەی هەرێم لە دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا بەهێزتر دەکات، بەتایبەت لە پرسەکانی بوودجە و شایستە دارایییەکان و پرسە هەڵواسراوەکانی تر. ئەمە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێکی سەرەکی بووە لە ڕوانگەی دیپلۆماسیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
٣. نەوت وەک “پرد” نەک وەک “کۆتایی”: دوای جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، ئیمارات خەریکە پێداچوونەوەیەک دەکات بۆ ستراتیژیی سیاسی و ئابووری؛ ئیمارات وای دەبینێت کە نەوت “کاڵایەکی هەمیشەیی نییە، بەڵکوو دارایییەکی ڕاگوزەرە (Transitional Asset)”. ڕوانگەی ئیمارات ئەوەیە کە زۆرترین نەوت دەربهێنێت و بیفرۆشێت پێش ئەوەی بەهاکەی لە جیهاندا کەم بێتەوە یان نەمێنێت، تاوەکوو پارەکەی بکاتە وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا و وزەی نوێبووەوە. بڕیاری لەناکاوی کشانەوەی ئیمارات لە ڕێکخراوی ئۆپێک پەیوەستە بەم هۆکارەوە.
ئیمارات یەکێکە لە گەورەترین وەبەرهێنەرەکان لە هەرێمی کوردستان (بەتایبەت لە کەرتی گاز و وزە). بەتایبەت کە باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کێشەکانی لەگەڵ بەغدا دەکرێت، ئیمارات دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوانێکی ئابووری یان پاڵپشتێکی بەهێز بگێڕێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەوتییەکانی هەرێم. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت بڵێین کە سەرۆکی هەرێم باش دەزانێت کە هەرێمی کوردستانیش لەبەردەم هەمان ئاڵنگاریدایە. بۆیە ئاسایییە کە سەردانەکەی، هەوڵێک بێت بۆ تێگەیشتن لەم مۆدێلە نوییەی ئیمارات؛ واتا چۆن هەرێم نەوت بەکار بهێنێت وەک “پردێک” بۆ گەیشتن بە ئابوورییەکی فرەچەشن، پێش ئەوەی سەردەمی نەوت بەسەر بچێت و بەها سیاسی و ئابوورییەکەی لەدەست بدات.
٤. دەربازبوون لە “چەقبەستووییی سیاسی”: بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، هەروەها ئەو گوشارانەی لەسەر عێراق هەن، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت هەرێم لە “ناوچەی مەترسی” دوور بخاتەوە. ئیمارات وەک ناوەندێکی میانڕەو، باشترین شوێنە بۆ گۆڕینەوەی زانیاریی سیاسی و ئابووری لەسەر ئاییندەی ناوچەکە.
چوونەدەرەوەی ئیمارات لە ئۆپێک (OPEC) نیشانەی ئەوەیە کە ئەبوزەبی “بەرژەوەندیی نیشتمانی” دەخاتە پێش هەموو ڕێککەوتنە تەقلیدییەکانی تر. ئیمارات دەیەوێت یاریزانێکی سەربەخۆ بێت کە هاوسەنگی لەنێوان ئابووری و ئاسایشدا ڕادەگرێت. ئەمە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕوانگەی نێچیرڤان بارزانی بووە بۆ هەرێمی کوردستان؛ پاراستنی قەوارەی هەرێم لە ڕێگەی دروستکردنی پەیوەندیی ئابووریی جێگرەوە کە تەنیا لەژێر ڕەحمەتی بڕیارە سیاسییەکانی بەغدا و گوشاری هەرێمی نەبێت. ئەم سەردانە لەو ساتەوەختەدا، دەکرێت هەوڵێک بێت بۆ دۆزینەوەی هاوبەشێک کە وەک “یاریزانێکی گرنگی ناوچەیی” پشتیوانی لەم سیاسەت و پێگەیەی هەرێمی کوردستان بکات.
٥. دروشمی “بنیاتنانی ئابوورییەک کە پێویستی بە نەوت نەبێت”: ئیمارات دەیەوێت داهاتی نەوت بۆ وزەی ئەتۆمی، هایدرۆجین و سۆلار بەکار بهێنێت. ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان کە خاوەن غازێکی سروشتیی زۆرە، دەرفەتێکی گەورەیە. نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت ئیماراتییەکان قایل بکات کە هەرێمی کوردستان دەکرێت ببێتە “تاقیگەیەکی بچووککراوە” بۆ ئەم ستراتیژییەی ئەوان. گۆڕینی نەوت بۆ ژێرخان و تەکنەلۆژیا لە هەرێمی کوردستان، پێویستی بە متمانەی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی هەیە.
٦. هاوسەنگییە نوێکانی ناوچەکە: دوای جهنگی ئەمریکا و ئێران، وڵاتانی کەنداو، بەگشتی خەریکی تاقیکردنەوەی پەیوەندیی نوێن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان. لە کاتێکدا گوشارەکانی ئەمریکا هێشتا توندن لەسەر ئێران، نێچیرڤان بارزانی ئیمارات وەک “ناوچەیەکی ئارام” دەبینێت.
ئیمارات دەتوانێت ببێتە ناوبژیوانێک یان ڕێرەوێک بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکوو لەژێر گوشاری ئابووریی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیدا هەناسە بدات. لە ڕووی سیاسییشەوە دەکرێت ئیمارات خوازیاری ئەوە بێت کە هەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت لە هاوسەنگییە سیاسی و ئابوورییە نوێکانی ناوچەکە.
قەیرانی گەرووی هورمز و نەخشەی ستراتیژیترین تەنگە و ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان نزیکەی ٩٠ لەسەدی سەرجەم… زیاتر
موهفهق عادل عومهر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و سیاسهتی… زیاتر
پەیمانگهی نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی ئاشتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI) (ستۆکهۆڵم، 27ی نیسانی 2026) ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بەپێی… زیاتر
یورۆنیوز وەرگێڕان: پێنووس گۆڕانی لەناکاوی شێوازی دەربڕین و بەکارهێنانی زاراوە پسپۆڕییەکانی بازاڕە دارایییە نێودەوڵەتییەکان لە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق پێشەکی جەنگی… زیاتر
جۆناسان گۆرناڵ (JONATHAN GORNALL)، ٢١ی نیسانی ٢٠٢٦ ماڵپەڕی عەرەب نیوز (Arab News) ئابوورییە وێرانبووەکەی ئێران بەهۆی جەنگەوە… زیاتر