نووسینی: ههیلا عهبدوڵڵا سهلیم
وەرگێڕانی بۆ کوردی: پێنووس
لە نێوەندی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە جیهان بەخۆیەوەیان دەبینێت، چیتر پرسیار لەبارەی ڕۆڵی زانکۆوە پرسیارێکی ئەکادیمیی دابڕاو نییە، بەڵکوو بووەتە بابەتێکی ڕای گشتی کە پەیوەستە بە ناسنامەی کۆمەڵگە و داهاتووی زانکۆکان. ئەم مشتومڕە لە سعوودیا ئێستا بەچڕی بابەتی گفتوگۆیە، هاوکات لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی بڕیارەکانی زانکۆی شا سعوود سەبارەت بە دووبارە ڕێکخستنەوەی پڕۆگرامە ئەکادیمییەکانی، لەوانەیش کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی هەندێک لە پسپۆڕییە مرۆیییەکان، لە هەنگاوێکدا کە وەک هەوڵێک بۆ گونجاندنی فێربوون لەگەڵ پێویستییەکانی بازاڕی کار لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.
ئەم هەنگاوە، سەرەڕای ئەوەی لۆژیکێکی ئابووریی ڕوونی لەپشتە، دەرگهیەکی فراوانتری بۆ گفتوگۆ کردەوە: ئایا دەبێت زانکۆکان خۆیان بەپێی داخوازییەکانی بازاڕ دووبارە دابڕێژنەوە، یان ڕۆڵە قووڵەکەیان لەوەدایە کە خودی ئەم بازاڕە لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی مەعریفە و هۆشیارییەوە دروست بکەن؟
لە ڕووی مێژوویییەوە، زانکۆ تەنیا دامەزراوەیەک نەبووە بۆ دەرچوواندنی فەرمانبەران. هەر لە سەرەتای دروستبوونی یەکەمین زانکۆکان لە ئەوروپا، فەزایەک بووە بۆ پیشەسازیی بیرۆکەکان، بەرهەمهێنانی هۆشیاری و نوخبە فکرییەکان. بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی ئابووریی پیشەسازی و پاشان دیجیتاڵی، ئەم ڕۆڵە پلەبەپلە گۆڕا، و زانکۆکان زیاتر بە سیستەمی ئابوورییەوە بەسترانەوە و، تەنانەت هەندێک جار بوونە پاشکۆی ئەو سیستەمە ئابوورییە.
لەگەڵ ئەوەیشدا، تێزی “زانکۆکان و کهلتوور”ی توێژەر “ئەندرێ کامینۆ” کە لە ساڵی ٢٠٠٩ لە زانکۆی لەندەن بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم وەرچەرخانە بە واتای نەمانی ڕۆڵی کهلتووریی زانکۆ نایەت، بەڵکوو ڕۆڵی زانکۆ ئاڵۆزتر دەکات؛ چونکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە “زانکۆی ئەمڕۆ پەیوەندییەکەی بە کهلتوورەوە لەدەست نەداوە، بەڵکوو بووەتە دامەزراوەیەکی کهلتووریی ئاڵۆزتر”؛ بەو پێیەی زانکۆ قەوارەیەکی تێکەڵاوی کهلتوورەکانە: کهلتووری توێژینەوە، کهلتووری بازاڕ و کهلتووری ڕەخنە. زانکۆکان فەزایەکن کە ڕەخنە بەرهەم دەهێنن، پرسیار دەورووژێنن و ڕووبەرێک لە سەربەخۆیی دەپارێزن؛ کەواتە پەیوەندییەکە هێڵێکی ڕاست نییە وەک ئەوەی زۆر کەس دەیناسن.
فەیلەسووفی فەڕەنسی “میشێل فۆکۆ” چوارچێوەیەکی ڕەخنەییی بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییانە پێشکەش کردبوو، کاتێک مەعریفە و دەسەڵاتی پێكهوه گرێ دابوو. ئهو پێی وابوو ئەوەی لە دامەزراوە فێرکارییەکاندا دەخوێنرێت بێلایەن نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی هاوسەنگیی هێزە لە کۆمەڵگەدا. بەپێی ئەم تێڕوانینە، ئاراستەکردنی خوێندن بەپێی بازاڕ تەنیا بە واتای گۆڕینی پسپۆڕییەکان نایەت، بەڵکوو دووبارە پێناسەکردنەوەی ئەو شتەیە کە وەک “مەعریفەی خاوەن بەها” دادەنرێت. ئەمەیش هەمان ئەو شتەیە کە تێزەکە جەختی لێ دەکاتەوە کاتێک ئاماژە بەوە دەدات کە خوێندنی زانکۆ ئێستا زیاتر وەک “کاڵایەکی ئابووری” سەیر دەکرێت نەک بەهایەکی کهلتووریی ڕەمزی.
بازاڕی کار خۆی چیتر جێگیر نییە، بەڵکوو بەخێرایییەکی زۆر دەگۆڕێت؛ ئەمەیش وای کردووە لێهاتوویییەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و فێربوونی بەردەوام ببنە پێویستی، نەک کاتبەسەربردن.
لە گۆشەنیگایەکی ترەوە، فەیلەسووفی ئەڵمانی “یۆرگن هابەرماس” جیاکارییەکی گرنگ لەنێوان “عەقڵی ئامرازی” کە سەرنج دەخاتە سەر کارایی و بەرهەمهێنان و، “عەقڵی گفتوگۆیی (پهیوهندیكارانه)” کە هەوڵی تێگەیشتن و بنیاتنانی مانا دەدات، دەخاتە ڕوو. لەم چوارچێوەیەدا، زانستە مرۆیییەکان بڕبڕەی پشتی ئەم عەقڵە گفتوگۆیییەن، چونکە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، تێگەیشتن لە خود و پرسیارکردن لە ڕێڕەوەکانی، بە کۆمەڵگە دەبەخشن. تێزەکەیش پاڵپشتیی ئەم مانایە دەکات کاتێک کهلتوور لەناو زانکۆدا دەبەستێتەوە بە “بەرهەمهێنانی مانا بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ و تێگەیشتن لە جیهان”.
بۆیە، کەمکردنەوەی ئەم پسپۆڕییانە تەنیا وەک ڕێکارێکی کارگێڕی ناخوێنرێتەوە، بەڵکوو وەک وەرچەرخانێک لە تێڕوانین بۆ ئەرکی فێربوون خۆی. ئەو فێربوونەی کە تەنیا جەخت لەسەر لێهاتوویییە تەکنیکییەکان دەکاتەوە، ڕەنگە لە کورتخایەندا لە دابینکردنی پێویستییەکانی بازاڕدا سەرکەوتوو بێت، بەڵام پرسیاری قووڵ لەبارەی توانای بۆ دروستکردنی مرۆڤێکی خاوەن بیرکردنەوەی سەربەخۆ و گونجاو لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا دەورووژێنێت. بەتایبەت ئەگەر ئەوە ڕەچاو بکەین کە بازاڕی کار خۆی چیتر جێگیر نییە، بەڵکوو بەخێرایییەکی زۆر دەگۆڕێت؛ ئەمەیش وای کردووە لێهاتوویییەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و فێربوونی بەردەوام ببنە پێویستی، نەک کاتبەسەربردن.
تەنانەت زانکۆ، وەک چۆن ئەدەبیاتی نوێ جەختی لێ دەکاتهوە، وەک یەکێک لە دوایین ئەو فەزایانە دەمێنێتەوە کە ڕێگە بە ورووژاندنی پرسیارە گەورەکان، گفتوگۆی ئازاد و جیاوازیی بەرهەمهێنەر دەدات. تێزەکەی کامینۆ ڕوونی دەکاتەوە کە زانکۆکان “ڕووبەرێک بۆ ورووژاندنی پرسیارە ڕەخنەیییەکان و دەربڕینی جیاوازی و گەیشتن بە تێگەیشتن لە ڕێگەی پێداچوونەوەی بەردەوامەوە دابین دەکەن.” بەڵام ئەم ڕۆڵە ڕووبەڕووی گوشارێکی زۆر دەبێتەوە، بەو پێیەی “بەهاکانی بازاڕ و ڕکابەریی ئابووری، دزەیان کردۆتە ناو زانکۆکان و کهلتووری دامەزراوەیییان دووبارە داڕشتووەتەوە.”
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، نموونەکانی پەیوەندیی نێوان زانکۆ و بازاڕ جیاوازن. لە زانکۆی ستانفۆرد، هاوبەشییەکی بەهێز لەنێوان توێژینەوەی ئەکادیمی و پیشەسازیدا بەرجەستە دەبێت، کە یارمەتیدەر بووە لە دروستکردنی ژینگەیەکی داهێنەرانەی پێشکەوتوو؛ ئەگەرچی ئەمە لەسەر حیسابی کەمبوونەوەی ڕێژەییی ئامادەییی زانستە مرۆیییەکان بووە. لەبەرامبەردا، زانکۆی ئۆکسفۆرد هاوسەنگییەکی نەریتی لەنێوان پسپۆڕییە زانستی و مرۆیییەکاندا دەپارێزێت؛ ئەمەیش لە ڕوانگەیەکەوە کە پێی وایە بنیاتنانی مرۆڤ هێندهی بڕوانامە و ئامادەکردنی پیشەیی گرنگه.
بەڵام لە چوارچێوەی وڵاتێکی وەك سعوودیادا، پرسیارەکە ڕەهەندێکی زیاتر وەردەگرێت کە پەیوەندیی بە ناسنامەوە هەیە. پسپۆڕییە مرۆیییەکان، وەک زمانی عەرەبی، مێژوو، کۆمەڵناسی و دەروونناسی، ئەرکیان تەنیا فێربوون نییە، بەڵکوو ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پاراستنی یادەوەریی بەکۆمەڵ، لێکدانەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنی ئینتیمای کهلتووری. لێرەوە، هەر کەمکردنەوەیەکیان پرسیاری ڕەوا دەورووژێنێت سەبارەت بەوەی کێ لە داهاتوودا ئەم ڕۆڵانە دەگرێتە ئەستۆ؛ سەرەڕای ئەوەی تێزەکە جەخت دەکاتەوە کە زانکۆ هێشتا وەک “فەزایەک بۆ فرەییی بەهاکان و بەرهەمهێنانی ماناکان” دەمێنێتەوە.
ئەمە بە واتای ڕەتکردنەوەی نوێکردنەوەی فێربوون یان پشتگوێخستنی داخوازییەکانی بازاڕ نایەت، بەڵکوو ئاڵنگاریی ڕاستەقینە لە بەدیهێنانی هاوسەنگییەکی ورددایە لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا. زانکۆیەک کە وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی ئابووری بێت بەبێ ئەوەی پەیامە کهلتوورییەکەی لەدەست بدات و، هاوتای داهاتوو بێت بەبێ ئەوەی لە ڕەگەکانی داببڕێت.
لە کۆتاییدا، ناتوانرێت ڕۆڵی زانکۆ لە یەک ئەرکدا کورت بکرێتەوە. ئەو تەنیا کارگەیەک نییە بۆ لێهاتوویییەکان و، تەنیا پارێزەرێکی کەلەپووریش نییە، بەڵکوو فەزایەکی ئاوێتەیە کە هەردووکیان کۆ دەکاتەوە. ئەو پرسیارەی کە دەبێت لە هەر پرۆسەیەکی چاکسازیدا ئامادە بێت ئەمەیە: ئایا زانکۆ دووبارە دادەڕێژینەوە بۆ ئەوەی خزمەتی بازاڕ بکات، یان بازاڕ دووبارە دادەڕێژینەوە بۆ ئەوەی هاوتای مەعریفە بێت؟
ڕەنگە هاوسەنگترین وەڵام ئەوە بێت کە پەیوەندیی نێوان هەردوو لا نابێت پەیوەندییەکی پاشکۆیی بێت، بەڵکوو دەبێت پەیوەندییەکی کاریگەریی دوولایەنە بێت؛ چونکە ئەو زانکۆیەی سەربەخۆییی مەعریفیی خۆی لەدەست بدات، توانای داهێنانیشی لەدەست دەدات و، ئەو کۆمەڵگەیەی مەعریفە پشتگوێ بخات، قیبلەنمای خۆی لێ ون دهبێت.
سەرچاوە: گۆڤاری المجلة، بەردەستە لەسەر ئەم بەستەرە: https://www.majalla.com/taxonomy/term/246111>>>>.
پێنووس بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له 2026/4/30 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئەبوزەبی… زیاتر
قەیرانی گەرووی هورمز و نەخشەی ستراتیژیترین تەنگە و ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان نزیکەی ٩٠ لەسەدی سەرجەم… زیاتر
موهفهق عادل عومهر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و سیاسهتی… زیاتر
پەیمانگهی نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی ئاشتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI) (ستۆکهۆڵم، 27ی نیسانی 2026) ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بەپێی… زیاتر
یورۆنیوز وەرگێڕان: پێنووس گۆڕانی لەناکاوی شێوازی دەربڕین و بەکارهێنانی زاراوە پسپۆڕییەکانی بازاڕە دارایییە نێودەوڵەتییەکان لە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق پێشەکی جەنگی… زیاتر