د. ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین
پێـشەکى
بوارى پزیشکی و دەرمان و ڕێگهکانى چارەسەرکردن، یەکێکە لە هەستیارترین و گرنگترین بوارەکانى ژیانی مرۆڤ، چونکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پاراستنی ژیان و تەندروستى و سەلامەتیى مرۆڤەکانەوە هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا، وەک هەر پیشەیەکی دیکە، کارى پزیشکی لە هەموو بارودۆخێکدا لە هەڵە بەدەر نییە، بەتایبەتی کاتێک کە بڕیارە پزیشکییەکان لەژێر گوشار، یان بەپەلە، یان لە ئەنجامى ناشارەزایى، یان بەهۆى کەمتەرخەمى، یان لە بارودۆخێکى ئاڵۆزی تەندروستیدا دەدرێـن.
دەبێ دان بەوەدا بنێین کەوا بابەتی “هەڵەی پزیشکی” یەکێکە لە بابەتە هەستیار و ئاڵۆزەکانی یاسا و بوارى تەندروستى، چونکە لە یەک کاتدا پەیوەندیی بە مافی نەخۆش لە پاراستنی تەندروستی و بەدەستهێنانی چارەسەری دادپەروەرانە هەیە و، لە هەمان کاتدا پەیوەندیى بە پاراستنى کارمەندانى تەندروستی (بەتایبەتى پزیشکەکان)ەوە هەیە لە بەرانبەر تاوانبارکردنیان بە شێوەیەکى نادروست لە کاتى پیادەکردنى پیشەکەیاندا؛ چونکە هەر زیانێک کە بە نەخۆش دەگات، بە مانای هەبوونی هەڵەی پزیشکی نییە، لهبهر ئهوهی هەندێک لە ئاڵۆزکانە نەخوازراوەکان (المضاعفات غیر المرغوبة)، دەکرێت بەهۆی سروشتی جەستەى نەخۆش، یان کاریگەریی لاوەکیی چارەسەرکردن، یان مەترسییە پێشبینیکراوەکانى دەستێوەردانی کارى پزیشکی بێت.
بۆیە لێرەدا، زۆر گرنگە هەڵەى پزیشکى و ئاڵۆزکانە نەخوازراوەکان لەیەکتر جیا بکرێنەوە، چونکە دیاریکردنی چەمکی “هەڵەی پزیشکی” و مەرج و پێوەرەکانى، یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکان بۆ دڵنیابوون لە هەبوونى هاوسەنگی لەنێوان پاراستنی مافی نەخۆش و دابینکردنی ئاسایشی یاسایی بۆ پزیشک.
یەکەم: دەرکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخـۆش
دەرکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان ژمارە 4 بۆ ساڵى 2020 (لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە 256 لە 15/10/2020 بڵاو کراوەتەوە) هەنگاوێکى یەکجار گرنگ بوو، چونکە یەکەمین یاسا بوو لە هەرێمى کوردستان، بگرە لە عێراقیش، کە بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکانى نەخۆش و دەستەبەرکردنى مافەکانى لەنێو کەرتى تەندروستیدا بە هەرسێ جۆرەکەیەوە (کەرتى تایبەت و کەرتى گشتى و کەرتى تێکەڵاو)، دەربچێت.
لە ماددە (2)ى یاساکە هاتووە، دەرکردنى ئەم یاسایە هەوڵێکە بۆ بەدیهێنانى چەند ئامانجێک کە ئەمانەى خوارەوە گرنگترینیانن:
- پاراستنی تهندروستیی گشتی له ڕێگهی پاراستنی مافهكانی نهخۆش و دیاریكردنی ئهركهكانی؛هەروەها پاراستنی مافه بنهڕهتییهكانی هاووڵاتیانی ههرێم له سوودوهرگرتنیان له باشترین خزمهتگوزارییه تهندروستییهكان.
- پاراستنی شكۆمهندی و سهلامهتی و نهێنییهكانی نهخۆش و بهرزكردنهوهی ئاستی سوودمهندبوون لە خزمهتگوزارییه تهندروستییهكان له دامهزراوه تهندروستییهكان.
- بهرزكردنهوهی ئاستی هۆشیاریی نهخۆش دهربارهی ماف و ئهركهكانی له دامهزراوه تهندروستییهكان؛هەروەها كهمكردنهوهی ڕێژهی مردن و پهككهوتهیی و زیانه تهندروستییهكان.
- پتهوكردنی متمانهی نێوان نهخۆش و کارمەندە تەندروستییەکان، کە ههموو ئهو كهسانه دەگرێتەوە كهوا پیشهی پزیشكی و تهندروستی بهگوێرهی یاسا بهركارهكان پیاده دهكهن.
لەدواى تێپەڕبوونى پتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر دەرچوونى ئەم یاسایە، وەزارەتى تەندروستیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە بڕیارى ژمارە (9779) لە (07/06/2022) ڕێنماییى ژمارە 4 بۆ ساڵى 2022ی دهركرد (لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە 287 لە 11/08/2022 بڵاو کراوەتەوە) کە تایبەتە بە ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان.
یەکێک لەو بابەتە گرنگانەى کە لە یاسا و ڕێنماییى ئاماژهپێکراو بە چەند ماددەیەکى یاسایى ڕێک خراوە، بریتییە لە بابەتى “هەڵەى پزیشکى”. لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: لەدواى تێپەڕبوونى زیاتر لە پێنج ساڵ بەسەر یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان، ئایا ڕێژەى ڕوودانى حاڵەتەکانى هەڵەى پزیشکى لە هەرێمى کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا لێژنەکانى لێکۆڵینەوە لە هەڵەى پزیشکى وەک پێویست ڕاستییەکان دەچەسپێنن؟ لە پێنج ساڵى ڕابردوودا چەند نەخۆش و بە چ شێوازێک قەرەبوو کراونەتەوە؟ ڕۆڵى دادگهکانى هەرێم لە چەسپاندنى هەڵەى پزیشکى و گێڕانەوەى ماف بۆ نەخۆشى زیانلێکەوتوو لە چ ئاستێکدایە؟
ئەم پرسیارانە، لەگەڵ چەندان پرسیاری تری هاوشێـوە، پێویستیان بە وردبینی و توێژینەوەیەکی قووڵ هەیە، تاکووو بگەین بە وێنەیەکی ڕاست و دروست لەو بارودۆخەی کە هەیە لەبارەی شێوازی مامەڵەی یاسا لەگەڵ هەڵەی پزیشکی. ئەمەیش لەبەر ئەوەیە کە زیادبوونی هەڵە پزیشکییەکان، لەگەڵ نەبوونی میکانیزمێکی کارا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، نەک تەنیا مافەکانی نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی متمانەی هاووڵاتیان بە کەرتی تەندروستی، جێ دەهێڵێت.
دووەم: کێشەى پێناسەکردنى چەمکى “هەڵەى پزیشکى”
بە شێوەیکى گشتى، هەڵەی پزیشکی بریتییە لەو هەڵانەی کە لەلایەن کارمەندانى تەندروستییەوە لە کاتى پیادەکردنى کارى پزیشکى و تەندروستییەوە ڕوو دەدەن و دەبنە هۆکارێک بۆ تێکچوونی زیاتری دۆخی تەندروستیی نەخۆش. لە باوترین هەڵە پزیشکییەکان کە لەلایەن کارمەندانى تەندروستییەوە ئەنجام دەدرێن بریتین لە: هەڵەکردن لە پێدانى دەرمان، هەڵەکردن لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی یاخود درەنگ دەستنیشانکردنی، هەڵەکردن لە وەرگرتنی پێشینەی نەخۆشی یان رابردووی تەندروستیی نەخۆش- “التاريخ المرضي” یان “السيرة المَرَضية” -، هەڵەکانى پەیوەست بە نەشتەرگەرى، وەک: ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ بەشێکی هەڵەی جەستە یاخود جێهێشتنی کەرەستەی نەشتەرگەرى لەناو جەستەی نەخۆشەکە لەدواى تەواوبوونى نەشتەرگەرى یاخود ئەنجامدانی نەشتەرگەرى بە شێوەیەکی ناتەواو و نادروست یاخود پیسبوونى کەرەستەکانى نەشتەرگەرى، تێکەڵکردنی نەخۆشەکان، گواستنەوەی ناپێویستی خوێن، پێدانى چارەسەرى پزیشکى بەبێ ڕەزامەندیى نەخۆش یاخود بەبێ پێدانى زانیاریى تەواو و ورد لەسەر شێواز و جۆر و ماوەی چارەسەرییەکە بە نەخۆشەکە، هەروەها پێنەدانى زانیاریى تەواو بە نەخۆش بۆ چۆنێتیى مامەڵەکردن لەدواى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى و هتد.
یاسادانەر لە هەرێمى کوردستان لە ماددە (1/یازدەیەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، پێناسەى هەڵەى پزیشکیى کردووە، کە تێیدا هاتووە: “ههڵهی پزیشكی: ئهو ئاڵۆزكانه نهخوازراوانهیه كه له ئهنجامی ههر كهمتهرخهمییهكی پیشهیی یان تهكنیكی یان ناشارهزایی یان پشتگوێخستن ڕوو دهدات و، لهگهڵ ڕێساكانی پیادەکردنى پیشهی پزیشكی و چارهسهری ناگونجێت و دهبێته هۆكارێك بۆ زیانگهیاندن یان دروستبوونی پهككهوتهیی یان مردنی نهخۆش.” هەمان ئەم پێناسەیە، بە هەندێک دەستکاریی سنووردار لە ڕووی داڕشتنەوە، لە ماددە (1/یازدەیەم) لە ڕێنماییى ژمارە 4 بۆ ساڵى 2022دا دووبارە کراوەتەوە.
بەپێی ئەم پێناسەیە، دەتوانرێت بگوترێت هەڵەی پزیشکی بریتییە لەو ئاڵۆزکانە نەخوازراوانەی کە نەخۆش لە ئەنجامی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و بەهۆی بڕیار یان ڕەفتارێکى کارمەندى تەندروستییهوه ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بە مەرجێک، ئەم دوو مەرجەی خوارەوە تێدا بێت:
- پێویستە کارمەندى تەندروستى لە کاتى ئەنجامدانى کارى پزیشکى،لە ڕووى پیشەیى یان تەکنیکییەوە کەمتەرخەم بووبێت، یاخود بەناشارەزایى یان بەبێ گرنگیدان و بە پشتگوێخستن کارە پزیشکییەکانى ئەنجام دابێت.
- پێویستە ئەو کارە پزیشکییەى کە لە مەرجى یەکەمدا ئاماژەی پێکراوە، لەگەڵ ڕێساکان و بنەماکانی پیادەکردنى پیشەی پزیشکی و چارەسەریدا نەگونجاو بێت. مەبەستیش لەم ڕێسایانە، هەروەک لە ماددە (1/دوازدەیەم) لە هەمان یاسادا هاتووە، ئهو ڕێسایانهن كه بۆ پیادەکردنى كاری چارهسهری پزیشكی و تهندروستی له ههرێمدا بهركارن.
ئەم جۆرە داڕشتنە یاسایییانەی کە بە شێوەیەکی لاستیکى و فراوان و ناڕوون داڕێـژراون، هەمیشە لە ئاستی جێبەجێکردندا سەرچاوەی کێشە و ناهاوسەنگى بوون. لە بنەڕەتدا، کاتێک یاسادانەر دەیەوێت بابەتێک بە شێوەیەکی کارا ڕێک بخات و چارەسەری بکات، پێویستە دەقە یاسایییەکە بە داڕشتنێکی ڕوون، دیاریکراو و دوور لە هەر جۆرە لێکدانەوەی جیاواز بنووسێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر یاسادانەر نەیەوێت خۆی بە چارەسەرکردنی وردی بابەتێکەوە پابەند بکات، یان بابەتەکە لە ڕوانگەی تەکنیکی یان پراکتیکییەوە ئاڵۆز بێت، زۆر جار پەنا بۆ بەکارهێنانی دەستەواژە گشتی و لاستیکی دەبات؛ دەستەواژەیەک کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە یەک مانا و لێکدانەوەیان هەبێت.
بە بۆچوونی ئێمە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی دیاردەی هەڵەی پزیشکی و نەبوونی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆی لە هەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو داڕشتنە یاسایییەى کە بابەتى هەڵەى پزیشکیى پێ ڕێک خراوە، چونکە ناڕوونیی دەقەکان، لەبری ئەوەی سنوور و پێوەرى ڕوون بۆ دیاریکردنی هەڵەی پزیشکی دابنێت، مەیدان بۆ لێکدانەوەی جیاواز و دژبەیەک خۆش دەکات.
لەم سۆنگەیەوە، ئەم پرسیارانە خۆیان دەسەپێنن بۆ ئەوەى بۆمان بسەلمێنن کە هۆکارى سەرەکیى بنبڕنەکردن یان سنووردارنەکردنى دیاردەى هەڵەى پزیشکى بریتییە لە شێوازى ڕێکخستنى یاساییى ئەم بابەتە لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش و ئەو یاسایانەى کە لەپێش ئەویشدا بەرکار بوون:
- مەبەست لە هەڵەی پیشەیی چییە؟ هەڵەی پیشەیی بە چ پێوەرێک لە هەڵەی ناپیشەیی جیا دەکرێتەوە؟
- مەبەست لە هەڵەی تەکنیکی چییە؟ هەڵەی تەکنیکی بە چ بنەمایەک لە هەڵەی ناتەکنیکی جیا دەکرێتەوە؟ بێگومان، ئەگەر هەڵەی پزیشکی لە ئەنجامی هەڵەیەکی تەکنیکی بووبێت، ئەوا مانای ئەوەیە کە پزیشک سەرپێچیی لەو کۆمەڵە ڕێسا، پێوەر و بنەما هونەری و زانستییانە کردووە کە تا ڕاددەیەکی زۆر لە زانستە پزیشکییەکاندا جێگیر بوون و وەک سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ جێبەجێکردنی کارى پزیشکی ناسراون. ئەم بنەمایانە پێویستە لە کاتی دەستنیشانکردنى نەخۆشی، دانانی پلانی چارەسەرکردن، یان هەر جۆرە دەستێوەردانێکی پزیشکیدا، وەک ئەنجامدانى نەشتەرگەى ڕەچاو بکرێن. سەرچاوەی ئەمانەیش بریتییە لە زانیارییە پزیشکییە باوەڕپێکراوەکان، ڕێنمایی و پڕۆتۆکۆلە پیشەیییەکان و، ئەو شێوازە چارەسەرییانەی کە لە ڕووی زانستییەوە قبووڵکراون.
ئەم ڕێسا و پێوەر و بنەما هونەرى و زانستییانەیش دەقگەلێکی نەگۆڕ نین، بەڵکوو گەشەسەندوون کە لەگەڵ پێشکەوتنی زانیاری و کارى پزیشکی دەگۆڕدرێن. بۆیە، هەڵسەنگاندنی هەڵەی پزیشکی دەبێت بەگوێرەی ئاستی ئەو زانست و زانیارییە بکرێت کە لە کاتی ڕوودانى واقعەکەدا بەردەست بووە، نەک بەپێی ئەو پێشکەوتنانەی کە دواتر دێنە کایەوە.
- پزیشکی شارەزا و پزیشکی ناشارەزا کێن؟ پێوەری دیاریکردنی ناشارەزایی چییە؟ ئایا تەنیا ئەوەی کە بابەتی نەخۆشییەکە لە چوارچێوەی پسپۆڕیی پزیشکدا بێت، بەسە بۆ ئەوەى پزیشک بە شارەزا دابنرێت، یان پێویستە مەرج و پێوەری تریش هەبن؟
- مەبەست لە گرنگینەدان و پشتگوێخستن لە جێبەجێکردنی کاری پزیشکیدا چییە؟ پێوەری دیاریکردنی ئەم دوو دۆخە چییە و، بە کام مەرج دەتوانرێت ڕەفتارێکى پزیشکی وەک گرنگینەدان یان پشتگوێخستن هەژمار بکرێت؟
- پێوەری هەڵسەنگاندنی ڕەفتارى پزیشک چییە؟ ئایا یاسادانەر،پزیشک بەپێی ڕەفتارى پزیشکێکی ئاسایی هەڵدەسەنگێنێت، یان بەپێی ڕەفتارى پزیشکێکی زۆر وریا؟ ئەم بابەتە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە هەڵەی پزیشکی تەنیا هەڵەیەکی ئاسایی یان مامەڵەیەکی ڕۆتینی نییە، بەڵکوو ڕووداوەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیان و سەلامەتیی مرۆڤەکانەوە هەیە. بۆیە، دیاریکردنی پێوەری هەڵسەنگاندن لەم بابەتەدا، نابێت بە شێوەیەکی ناڕوون یان گشتی جێ بهێڵرێت، چونکە جیاوازیی نێوان ئەم دوو پێوەرە دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر دیاریکردنی هەبوون یان نەبوونی هەڵەی پزیشکی هەبێت.
- هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ڕێساکانی پیشە بەوە پێناسە کراون کە ئەو ڕێسایانەن بۆ جێبەجێکردنی کاری چارەسەری پزیشکی و تەندروستى لە هەرێمدا بەرکارن و پەیڕەو دەکرێن. بەڵام کاتێک قسە لەسەر وشەى “ڕێسا” دەکرێت، لە ڕوانگەی یاسایییەوە زۆر جار ئەو مانایە دەدات کە باس لە پێوەرێکی نووسراو، دیاریکراو و، بەردەست دەکرێت. لێرەوە ئەم پرسیارە بنەڕەتییە خۆی دەسەپێنێت: ئایا هەموو ڕێساکانى کارى و پیشەى پزیشکى نووسراونەتەوە؟ ئەگەر وا بێت، لە کوێ بەردەستن تاکوو لێژنەکانى لێکۆڵینەوە و دادگهکان بۆى بگەڕێنەوە و پشتى پێ ببەستن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتى بڕیارە پزیشکییەکان؟
- خودی دەستەواژەی “ڕێساکانی پیادەکردنى پیشەی پزیشکی و چارەسەرى” ناڕوونە، چونکە نادیارە یاسادانەر کام جۆرە ڕێسای مەبەست بووە. ئایا مەبەست لێى ئەو ڕێنمایی و پێوەرانەن کە لەلایەن سەندیکا پزیشکییە تایبەتمەندەکانەوە دەردەکرێن؟ یان ئەو ڕێنمایی و پڕۆتۆکۆلانەن کە وەزارەتی تەندروستی دایدەنێت؟ یان ئەو بنەما و ئەحکامە یاسایییانەن کە لە خودی یاساکان و ڕێنمایییە فەرمییەکاندا هاتوون؟ یاخود مەبەست لێى ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەن کە لەلایەن ڕێکخراو و دامەزراوە پزیشکییە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکانەوە پەسند کراون؟ هەروەها، ئەگەر هیچ دەقێکی ڕوون لەم بارەیەوه نەبێت، ئایا دەتوانرێت پشت بە عورفی پیشەیی لە بوارە پزیشکییەکاندا ببەسترێت؟
ئەم هەموو پرسیارانە تەنیا بابەتێکی تیۆریی سادە نین، بەڵکوو ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پاراستنی مافەکانی هەردوو لایەن، نەخۆش و کارمەندى تەندروستی هەیە، چونکە لە غیابی پێوەر و مەرجە ڕوون و دیاریکراوەکان، هەڵسەنگاندنی هەبوون یان نەبوونى هەڵەی پزیشکی دەبێتە بابەتێکی جیاواز بەپێی لێکدانەوەی تاکەکەسی، نەک بەپێی پێوەر و مەرجى یەکگرتوو و دیاریکراو. هەر بۆیە، تێبینی دەکرێت کە یاسادانەر لە یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆشدا، سەرکەوتوو نەبووە لە دانانی چوارچێوەیەکی یاساییی ڕوون و کارا بۆ دیاریکردنی مانا و سنوورەکانی چەمکی “هەڵەی پزیشکی”؛ بە شێوەیەک کە بتوانێت هەم ڕێگر بێت لە ڕوودانی ئەم جۆرە هەڵانە و، هەم کاتێکیش ڕوو دەدەن، میکانیزمێکی دادپەروەرانە و کارا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان دابین بکات؛ بە جۆرێک کە نەبێتە هۆی فەوتانی مافەکانی نەخۆش. ئەم لاوازییەیش تەنیا بابەتێکی تیۆری نییە، بەڵکوو لە واقعدا کاریگەرییەکانی دەردەکەون، چونکە کەم تا زۆر، لە ڕێگەی میدیاکانەوە، بەردەوام هەواڵ دەبینرێن و دەبیسترێن کە ئاماژە بە ڕوودانی هەڵەی پزیشکی دەکەن.
سێیەم: ڕێکارە یاسایییەکانى قەرەبـووکردنەوەى هەڵەى پزیشکى
بەپێى ماددە (4/یەکەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، نهخۆش یان شوێنگرهوه یاسایییهكهی له كاتی پهككهوتهیی و، میراتگرى نەخۆش لهكاتی مردنی نەخۆشدا، دهتوانێت داوای زانینی هۆكاری پهككهوتهیی یان مردنهکە بكات. لەم بارەیەوە، دامهزراوهی تهندروستی یان کارمەندى تەندروستیى تایبەتمەند، پابهند دهبێت به خستنهڕووی ڕاستییهكان و پێدانی بهڵگهنامه تهندروستی و پزیشكییهكان بە نەخۆش یان شوێنگرهوه یاسایییهكهی، یاخود میراتگرەکەى. هەر کاتێکیش گومانیان لە وەڵامى دامهزراوهی تهندروستی یان کارمەندى تەندروستیى تایبەتمەند هەبوو یان پێى ڕازی نەبوون، ئەوا بۆیان هەیە سكاڵا پێشکەش بە وهزارهتی تهندروستی بکەن و، پێویسته له ماوهی حهوت (7) ڕۆژدا، ئەم سکاڵایە ئاڕاستهی لێژنهی لێكۆڵینهوه بكرێت کە لە پزیشکانى پسپۆڕ پێک دێت.
هەر بەپێى ماددە (4/دووەم) لە هەمان یاسا، لەسەر لێژنهی لێكۆڵینهوه پێویستە دهست به لێكۆڵینهوه بكات لە ماوەیەک کە لە حەفت (7) ڕۆژ تێپەڕ نەکات و، هەروەها له ماوهیهك كه له سى (30) ڕۆژ تێپهڕ نهكات لێكۆڵینهوهی زانستی و پیشهیی سهبارهت به ناوەڕۆکى سكاڵاكه تهواو بكات و ڕاسپاردهكانی بخاته بهردهم وهزیرى تەندروستی بۆ وهرگرتنی ڕێوشوێنی یاسایی بهرانبهر دامهزراوهی تهندروستی یان کارمەندى تەندروستى لە ماوەیەک لە حەفت (7) ڕۆژ تێپەڕ نەکات. ئەمە جگە لەوەى، نەخۆشى زیانلێكهوتوو دهتوانێت داوای وهرگرتنی وێنهیهكی ڕاپۆرتی كۆتاییی لێژنهی لێكۆڵینهوه بكات.
به مهبهستی وهرگرتنی قهرهبوویش، بەپێى ماددە (4/سێیەم) لە هەمان یاسا، نەخۆشى زیانلێكهوتوو دهتوانێت له بهردهم دادگهی تایبهتمهند داوای یاسایی تۆمار بكات و، دادگه دهتوانێت بۆ یهكلاكردنهوهی ناوەڕۆکى داواكه، پشت به ڕاپۆرتی پهسهندكراوی لێژنهی لێكۆڵینهوەى وەزارەتى تەندروستی ببهستێت، یاخود پشت بە شارەزایانى تر لەم بوارەدا ببەستێت؛ بێ گومان ئەو شارەزایانەیش هەر پزیشکى پسپۆڕن و کارى پزیشکى پیادە دەکەن.
ئەگەر سەرنجێکى وردى ئەو چارەسەرە یاساکارییەى ماددە (4)دا بدەین کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەى پزیشکى دیاری کراوە، ئەوا تێبینى دەکرێت هیچى نوێى تێدا نییە و هەر هەمان شێوازى کۆنە بە داڕشتنێکى تازەوە نووسراوەتەوە کە بەهۆیەوە قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى هەڵەى پزیشکى ئەستەمە، چونکە سەلماندنى هەبوونى هەڵەى پزیشکى کارێکى یەکجار ئەستەمە، لەبەر ئەو هۆکارانەى کە لە سەرەوەدا ئاماژەمان پێی داوە.
یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی یاسادانەر لە عێراق بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، ئەوەیە کە زۆر جار بیرکردنەوەی یاساکاری لە چوارچێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکان دەسووڕێتەوە، نەک پێشگرتن لە هۆکارەکان؛ چونکە زۆربەی دەقە یاسایییەکان بەو ئاراستەیە دادەڕێژرێن کە چۆن دوای ڕوودانی کێشە، مامەڵە لەگەڵ لێکەوتەکانی بکرێت، نەک ئەوەی چۆن میکانیزمێکی کارا و پراکتیکی دابنرێت بۆ ئەوەی خودی کێشەکە لە بنەڕەتەوە ڕوو نەدات.
ئەگەر بەوردی بەنێو یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆشدا گوزەر بکەین، بەڕوونى دەبینین کە سەرەڕای ئەوەی یاساکە لە بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکی دوای ڕوودانی، هەندێک میکانیزمی فەرمیی داناوە، بەڵام دەقێکی ڕوون و کارای تێدا نادۆزرێتەوە کە میکانیزمێکی پراکتیکیی دانابێت بۆ ئەوەى ڕێگرى لە ڕوودانی هەڵەی پزیشکی بکات. بەم مانایە، یاسادانەر زیاتر خۆی بە چارەسەرکردنی لێکەوتەکان لە دوای ڕوودانیان سەرقاڵ کردووە، نەک بە چارەسەرکردنی هۆکار و سەرچاوەکانیان پێش ڕوودانیان.
لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە یاسادانەری ئێمە، نەک تەنیا لەم بابەتەدا، بەڵکوو لە هەموو بوارەکاندا، لە مۆدێلی “یاسادانانى وەڵامدانەوەیى” بکشێتەوە بۆ “مۆدێلی یاسادانانی پێشلێگرتن”، چونکە بنبڕکردنی هەر دیاردەیەک تەنیا لە کاتێکدا دەستەبەر دەبێت کە مامەڵە لەگەڵ هۆکارەکان بکرێت، نەک لەگەڵ ئەنجامەکان. بەگوێرەی ئەم بنەمایە، چارەسەری ڕاستەقینەی هەڵەی پزیشکی، لە زیادکردنی لێژنەی لێکۆڵینەوە یان توندترکردنی میکانیزمی قەرەبووکردنەوەدا نییە، بەڵکوو لە دروستکردنی سیستەمێکی کارایە بۆ پێشگرتن لە ڕوودانی هەڵە پزیشکییەکان.
بە بۆچوونی ئێمە، ئەو چارەسەرە یاساکارییانەی کە یاسادانەر لە یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆش لەمەڕ بابەتی هەڵەی پزیشکیدا پەسندی کردووە، لە بنەڕەتدا بیرۆکە و میکانیزمى کۆنن و دووبارە کراونەتەوە و، بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام بەکار هاتوون، بەڵام نەبوونەتە هۆی سنووردارکردنی ڕوودانى هەڵەى پزیشکى؛ چونکە ئاماژەکانى واقــعى ئێستا، بە شێوەیەکی ڕوون، پێمان دەڵێن کە دیاردەی هەڵەی پزیشکی هێشتا وەک کێشەیەکی بەردەوام لە هەرێمى کوردستان بوونی هەیە و میکانیزمە یاسایییە بەردەستەکان نەیانتوانیوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە:
- بەدەگمەن بینیومانە لێژنهى لێکۆڵینەوەى تایبەتمەند لە کەیسى هەڵەى پزیشکى،بڕیار بە هەبوونى هەڵەى پزیشکى بدات، چونکە ئەندامانى لێژنهى لێکۆڵینەوە (کە ئەوانیش پزیشکن) ڕەنگە لە داهاتوودا تووشى هەمان هەڵەى پزیشکى ببنەوە، یان پەیوەندیی کەسی یان بەژەوەندییان هەبێت لەگەڵ پزیشکى تۆمەتبار بە ئەنجامدانى هەڵەى پزیشکى. هەر بۆیە ئەوەى لە واقعدا بەڕوونى هەستى پێ دەکرێت ئەوەیە: لە زۆربەى حاڵەتەکاندا، پزیشکەکان لە ڕێگەى لێژنهى لێکۆڵینەوەوە، هەڵەى یەکتر پەردەپۆش دەکەن؛ کە ئەمەیش بۆتە هۆى ئەوەى تاوەکوو ئێستا مافى نەخۆشى زیانلێکەتوو لە ڕوودانى هەڵەى پزیشکى، وەک پێویست دەستەبەر نەکراوە.
- بەپێى ماددە (9/یەکەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، پێویستە ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى پێكهاته و ئهركهكانی لێژنهی لێكۆڵینهوه دەربکات.ئەم پەیڕەوە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراوە؛ ئەمەیش ڕێگر بووە لە پێکهێنانى لێـژنەیەکى لێکۆڵینەوەى کارا لە چوارچێـوەى یاسادا.
- بەپێى ماددە (3/دەیەم) لە ڕێنماییى ژمارە 4 بۆ ساڵى 2022، دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی پابەندکراون بە دڵنیاییکردن (التأمین) لە بەرانبەر هەڵەی پزیشکی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی داراییی نەخۆشی زیانلێکەوتوو لە حاڵەتی جێبەجێکردنی یاسای بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان. بە بۆچوونی ئێمە، بوونی ئەم دەقە یاسایییە لەم ڕێنمایییەدا، خەوشێکی یاساییی زەقە، چونکە ئەم یاسایە هێشتا بوونى نییە؛ ئەمە جگە لەوەى یاساکان لە کاتی دەرچوونیاندا، سنوور و مەودا و چوارچێوەی جێبەجێکردنی خۆیان بەڕوونی لەنێو دەقە یاسایییەکانى خۆیاندا دیاری دەکەن، نەوەک بە ڕێنمایییەک دیاری بکرێت کە هێشتا خودى یاساکە دەرنەچووە. ئەمە، جگە لەوەى یاساى بیمەى تەندروستى، پەیوەندیى بە قەرەبووکردنەوەى هەڵەى پزیشکییەوە نییە، چونکە ئامانج لە یاساى بیمەى تەندروستى، داپۆشینى تێچووى داراییى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى و چارەسەرى پزیشکییە، بەڵام قەرەبووکردنەوەى هەڵەى پزیشکى لە ڕێگەى بیمەوە، بەپێى ڕێساى تر دەبێت کە پەیوەستە بە بیمەکردن لە دژى بەرپرسیارێتیى مەدەنى. بۆیە، تێکەڵکردنی ئەم دوو چوارچێوە یاسایییە جیاوازە، لە ڕووی یاسایییەوە دروست نییە.
- لە بوارە پزیشکییەکاندا، پزیشکەکان بەهۆی هاوبەشییان لە زانست و زمان و تێگەیشتنی تەکنیکییەوە، بەئاسانی لەیەکتر تێدەگەن، بەڵام لە بەرانبەردا، نەخۆش، ئەگەر خۆی لە بواری پزیشکیدا پسپۆڕ نەبێت، زۆر جار یاخود بەتەواوی لە ڕێکار و بڕیار و دەستێوەردانە پزیشکییەکان تێ ناگات، یان تێگەیشتنێکی سنوورداری دەبێت. ئەم جیاوازییەیش لە زانیاری و تێگەیشتن، ناهاوسەنگییەکی ڕوون لەنێوان هەردوو لایەن دروست دەکات؛ کە دەرەنجامەکەی ئەوەیە نەخۆش لە زۆر حاڵەتدا ناتوانێت بە شێوەیەکی کارا پارێزگاری لە مافەکانی خۆی بکات، بەتایبەتی لە کاتی وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختە بۆ وەرگرتنى چارەسەری پزیشکى، یان کاتێک دوای دەستێوەردانی پزیشکی هەندێک ڕوونکردنەوەى پێ دەدرێت. هەر بۆیە، یاسادانەر، لە ماددە (3/پێنجەم-1) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، دهسكهوتنی زانیاریی تهواو له پزیشكی چارهسهركار و دامهزراوهی تهندروستی، لهبارهی پلانی چارهسهری و جێگرهوهكان و ئهگهرهكانی ئاڵۆزكان به زمانێكی ڕوون و ئاشكرا بە مافێکى سەرەکیى نەخۆش هەژماری کردووە، بەڵام میکانیزمەکانى جێبەجێکردن و چاودێریکردنى ئەم مافە ڕوون نییە.
- لەبەر ئەوەی تێگەیشتن لە بابەتە پزیشکییەکان بۆ کەسانی ناپسپۆڕ، لەوانە دادگهکان، زۆر جار کارێکی زەحمەت و ئاڵۆزە، بۆیە چاودێریی دادگهى تایبەتمەند لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکی بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی هەڵەى پزیشکى یان نەبوونی، لە ڕووی پراکتیکییەوە سنووردار دەبێت، چونکە دادگه ناچار دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی بابەتەکە پشت بە ڕاپۆرت و بۆچوونی پسپۆڕانی بوارى پزیشکیی تایبەتمەند ببەستێت و؛لێرەدا هەمان ئەو کێشانە سەر هەڵدەدەن کە لە لێژنەکانى لێکۆڵینەوەدا ئاماژەمان پێیان دا.
- گەیشتن بە بەڵگە پزیشکییەکان یەکێکە لە ئاڵنگارییەکانى بەردەم سەلماندنی هەبوونى هەڵەی پزیشکی، چونکە زۆربەی بەڵگە بنەڕەتییەکانی ئەم جۆرە کەیسانە، وەک ئەنجامی پشکنینەکان، تۆمار و تێنووسەکانی نەخۆش، ڕاپۆرتە پزیشکییەکان و،بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار، لەژێر دەستی دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانى تەندروستیدان و بە دەستوخەت دەنووسرێنەوە و، لە غیابی هەبوونى سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی پارێـزراو، مەترسیی دەستکاریکردن یان گۆڕانکاری یان کەم و زیادکردنی بەڵگەکان لە ئارادایە. هەروەها، تا ئێستایش لە زۆرێک لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا، بەتایبەتی لە هۆڵەکانی نەشتەرگەری، میکانیزمەکانی چاودێری، وەک هەبوونى کامێرای چاودێرى بە شێوەیەکی سیستەماتیک، بوونیان نییە. لە دەرەنجامى هەموو ئەمانەدا، نەخۆش زۆر جار ڕووبەڕووی چەندان کێشەی پراکتیکی دەبێتەوە، لەوانە: دەستکاریکردنی بەڵگەکان، درەنگگەیشتن بە بەڵگە پێویستەکان، یان هەبوونی کەموکوڕی و ناتەواوی لەناو بەڵگەنامەکاندا؛ کە هەموویان دەتوانن ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنییان لەسەر توانای نەخۆش بۆ سەلماندنی مافەکانی هەبێت.
- یەکێک لە لاوازییە بنەڕەتییەکانى پڕۆسەی کارکردنی لێژنەکانی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا ئەوەیە کە،نەخۆش، یان نوێنەرە یاسایییەکەى و، لە حاڵەتی مردنیدا میراتگرەکانی، هیچ ڕۆڵێکی کارایان پێ نەدراوە و ناتوانن بە شێوەیەکی فەرمی ئامادەى دانیشتنەکانى لێکۆڵینەوە ببن. لە واقعدا، کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ئەم لێژنانە زۆر جار لە چوارچێوەیەکی داخراو و دوور لە چاودێریی دەرەکی ئەنجام دەدرێن؛ بە جۆرێک کە شەفافییەت لە ئاستێکی زۆر سنوورداردا دەبێت و، تەنانەت پڕۆسەی لێکۆڵینەوەیش بە ڤیدیۆ تۆمار ناکرێت. کەواتە، نەخۆش هیچ دەرفەتێکی ڕاستەوخۆی نییە بۆ ئەوەی لەسەر بەڵگە و ڕاپۆرتەکان گفتوگۆ بکات و لێکدانەوەی خۆی پێشکەش بکات، یان تەنانەت لە حاڵەتی هەبوونی هۆکاری مەعقووڵ بۆ گومان لە بێلایەنی، داوای گۆڕینی ئەندامێک یان زیاتر لە ئەندامانی لێژنەکە بکات. بەم شێوەیە، پڕۆسەی لێکۆڵینەوە، لەبری ئەوەی وەک میکانیزمێکی شەفاف و دادپەروەرانە بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان کار بکات، ڕەنگە ببێتە ئامرازێکى ناشەفاف و یەکلایەنە کە تیایدا نەخۆش لە مافەکانى بێبەش دەکرێت.
- زۆر جار مافى نەخۆش دەفەوتێت و ڕەفتارى کارمەندى تەندروستی بە هەڵە هەژمار ناکرێت،بە بیانووى ئەوەى کە، ئهوهی ڕووی داوە دەچێتە ژێر بارى ئاڵۆزکانى ئاسایی، کە لە ماددە (1/دەیەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش پێناسە کراوە و، تیایدا هاتووە: “ئاڵۆزكانه ئاسایییهكان (ماك): ئهو ئاڵۆزكانهن كه لهوانهیه له كاتی چارهسهر یان دوای چارهسهر ڕوو بدهن و له تۆماره پزیشكییهكان باسیان لێوه كراوه و، ناچنه ناو بازنهی ههڵهی پزیشكییهوە.”
- بەپێی میکانیزمە یاسایییەکان، لەو ڕۆژەی سکاڵاکە پێشکەش دەکرێت، لێژنەی لێکۆڵینەوە ماوەى حەوت(7) ڕۆژى لەبەردەستە بۆ دەستپێکردن بە کارەکانی و، هەروەها ماوەی سی (30) ڕۆژی هەیە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە. بە بۆچوونی ئێمە، ئەم دوو ماوەیە لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا زۆرن و جێگهی نیگەرانییە، چونکە ئەم دوو ماوەیە بەسە بۆ ئەوەی بەڵگە بنەڕەتییەکان بزر ببن، یان لەبیر بکرێن، یان دەستکاری بکرێن و ناوەڕۆکیان بگۆڕدرێت؛ بە شێوەیەک ببێتە هۆکارێک بۆ لاوازکردنی توانای نەخۆش لە سەلماندن و سەندنەوەى مافەکانی.
- هەڵەى پزیشکى تەنیا بابەتێکى پزیشکى نییە، بەڵکوو بابەتێکى یاسایییە. لەمبارەیەوە، بەپێى ماددە (9/دووەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، پێویستە کارەکانى لێژنەى لێكۆڵینهوه لە کەیسى هەڵەى پزیشکى به ئامادهبوونی نوێنهری داواكاری گشتی و سهندیكاى پزیشکیى تایبەتمەند، كۆمهڵه پهیوهندارهكان لە کاتى پێویستدا، ئهنجام بدرێت. هەرچەندە ئەم دەقە لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ فراوانکردنی بازنەی چاودێری و بەشداری لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە، بەڵام لە واقعدا پرسیاری بنەڕەتى ئەمەیە: ئایا ئامادەبوونی ئەم لایەنانە بەتەنیا دەتوانێت بێلایەنی و شەفافییەت و پاراستنی مافی نەخۆش دەستەبەر بکات، لە کاتێکدا کە خودی نەخۆش یان نوێنەرە یاسایییەکەى لە پڕۆسەکەدا ڕۆڵێکی کارایان نییە؟ ئەمەیش ئەوە نیشان دەدات کە هێشتا هاوسەنگیی ڕاستەقینە لەنێوان لایەنەکان بەتەواوی دابین نەکراوە.
چوارەم: پێشنیازەکان بۆ مامەڵەکـردن لەگەڵ هەڵەى پزیشکى
لە ئەنجامی ئەو باس و لێکۆڵینەوانەی کە لەم وتارەدا خرانە ڕوو، ڕوون دەبێتەوە کە بابەتی هەڵەی پزیشکی تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی یان پیشەیی نییە، بەڵکوو بابەتێکی ئاڵۆزی یاسایی و مرۆیی و کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە پاراستنی ژیان و سەلامەتیی جەستەیی و مافە بنەڕەتییەکانی نەخۆشەوە هەیە.
لەبەر ئەو لاوازی و کەلێنانەی کە لە چوارچێوەی یاسایی و میکانیزمە پراکتیکییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکیدا هەیە، پێویستە هەنگاوى ڕاستەقینە و کارا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بنرێن. لەم سۆنگەیەوە، چەند پێشنیازێکى یاسایى دەخرێنە ڕوو کە دەتوانن ببنە بنەمایەک بۆ باشترکردنی شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکی و پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان مافەکانی نەخۆش و پاراستنی کارمەندانى تەندروستی لە کاتى پیادەکردنى کارەکانیاندا:
- بەپێویستى دەزانین پێناسەی یاساییی هەڵەی پزیشکی بە شێوەیەکی ورد و ڕوون هەموار بکرێتەوە، بە جۆرێک کە هەموو مەرج و پێوەر و بنەماکانی دیاریکردنی هەڵەی پزیشکی بە شێوەیەکی ئاشکرا لەخۆ بگرێت و، دەقە یاسایییەکە بە جۆرێک دابڕێژرێت کە مەیدانی لێکدانەوەی فراوان یان هەڵگرتنی زیاتر لە یەک مانا نەهێڵێت؛چونکە ناڕوونی لە پێناسەی چەمکێکی یاسایى بەو گرنگییە، دەبێتە سەرچاوەی ناکۆکی لە جێبەجێکردن و هۆکارێک بۆ فەوتاندنی مافى زیانلێکەوتووان.
- پێویستە ڕێسا و بنەما سەرەکییەکانی پیادەکردنى کاری پزیشکی بە شێوەیەکی ڕوون و فەرمی دیاری بکرێن و بەردەست بن، بە جۆرێک کە هەموو پڕۆتۆکۆل و ڕێنمایی و پێوەرە بنەڕەتییە پەیوەندیدارەکان بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانە دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانى تەندروستى و لێـژنەکانی لێکۆڵینەوە و دادگهکان، ئاشکرا و ناسراو بن؛چونکە تەنیا لە کاتى هەبوونى پێوەر و مەرجى ڕوون و یەکگرتوو، دەتوانرێت کەمتەرخەمی، یان ناشارەزایی، یان هەر جۆرە لادانێکى پیشەییی تر بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ورد دەستنیشان بکرێت.
- هەتا ڕێسا و پێوەر و بنەماکانی پیادەکردنى کارى پزیشکى لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕوون و دیاریکراو و یەکگرتوو نەنووسرێنەوە، ئەوا هەمیشە هەڵسەگاندنى هەبوون یان نەبوونى هەڵەى پزیشکى لەژێر کاریگەریی ناڕوونی و لێکدانەوەی جیاواز و هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی دەبێت. لە دۆخێکی ئاوادا، کە نەخۆش بەهۆی لاوازیی میکانیزمی سەلماندن و ناڕوونیی پێوەرە یاسایییەکانهوهناتوانێت بەئاسانی هەڵە بسەلمێنێت، ئەوا مەترسیی فەوتانی مافەکانی نەخۆشى زیانلێکەوتوو زیاتر دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، ئەگەر بارى ئێستا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ڕەنگە یاسادانەر ناچار بێت هەنگاو بەرەو مۆدێلێکی جیاواز بنێت، کە تیایدا بەرپرسیارێتیى دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی، نەک لەسەر بنەمای هەڵە، بەڵکوو لەسەر بنەمای زەرەر بونیاد بنێت. لەم مۆدێلەدا سەلماندنى ئەوەى نەخۆش لە ئەنجامى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکىیهوه زەرەرى پێ گەیشتووە، بەس دەبێت بۆ دروستبوونی مافی قەرەبووکردنەوە، بەبێ ئەوەی نەخۆشى زیانلێکەوتوو ناچار بێت هەڵەی تەکنیکی، پیشەیى یان کەمتەرخەمیی کارمەندى تەندروستى بسەلمێنێت. هەرچەندە ئەم ڕێکارە مۆدێلێکی ئاستبەرزە و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە فەلسەفەی بەرپرسیارێتیى مەدەنی، بەڵام لە دۆخێکدا کە سیستەمی هەنووکەیی ناتوانێت هاوسەنگیی دادپەروەرانە لەنێوان پاراستنی نەخۆش و بەرگریی کارمەندى تەندروستیدا دابین بکات، ئەم بیرۆکەیە دەتوانێت وەک بژاردەیەکی یاساکاری، جێی باس و لێکۆڵینەوە بێت.
- پێشنیاز دەکەین کەوا بابەتی “بەرپرسیارێتىییاساییی دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی” وەک بابەتێـکی سەرەکی لە پڕۆگرامەکانى خوێندنى هەموو کۆلێـژە پزیشکی و تەندروستییەکاندا جێگیر بکرێت و بخوێنرێت، چونکە زانیاریی تەکنیکی و پزیشکی بەتەنیا بۆ پیادەکردنى کار و پیشەی پزیشکی بە شێوەیەکی دروست و دادپەروەرانە و بەرپرسیارانە بەس نییە، بەڵکوو پێویستە کارمەندانی تەندروستی لە سنوور و ئەرک و دەرەنجامە یاسایییەکانی ڕەفتارە پیشەیییەکانیان ئاگادار بن. ئەم جۆرە فێرکردنە، ڕۆڵێکی گرنگى دەبێت لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی یاسایی و کەمکردنەوەی هەڵەی پزیشکی و چەسپاندنی کەلتووری بەرپرسیارێتى و ڕێزگرتن لە مافەکانی نەخۆش.
- لێژنەکانی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکی، بە شێوەیەکی تێکەڵاو و هاوسەنگ پێکبهێنرێن، نەک تەنیا لە چەند ئەندامێکى هەمان بوارى پزیشکی بێت، چونکە سپاردنی دیاریکردنی هەڵەی پزیشکی تەنیا بە گرووپێکی هاوپیشە، مەترسیى لایەنگیرى و نەبوونى شەفافییەت زیاتر دەکات. لەبەر ئەوە، باشتر وایە ئەم لێژنانە لە پزیشکێکی پسپۆڕ لە هەمان بوارەی پەیوەندیدار بە کەیسەکە و، چەند پزیشکێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی دامەزراوەی تەندروستیى پەیوەندیدار (باشتر وایە لە دەرەوەى پارێزگا بێت) و، نوێنەری داواکاری گشتی و، نوێنەری نەخۆش و، نوێنەری دامەزراوەی تەندروستیی پەیوەندیدار و، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و، لێکۆڵەرێکى دادى سەر بە ئەنجومەنى دادوەرى و، نوێنەری سەندیکای پزیشکیی تایبەتمەند و، نوێنەرى دەستەى گشتیى مافى مرۆڤ پێک بهێنرێن. ئەم جۆرە پێکهاتە پێشنیازکراوە، دەتوانێت زیاتر دڵنیایی لە بێلایەنی، شەفافییەت، فرەڕەهەندیی هەڵسەنگاندن و، پاراستنی هاوسەنگیی مافەکانی هەموو لایەنەکان دابین بکات.
- پەلە بکرێت لە دەرکردنى پەیڕەوى ڕێکخستنى پێكهاته و ئهركهكانی لێژنهی لێكۆڵینهوە، تاوەکوو کارەکانى ئەم لێـژنەیە لە چوارچێوەى یاسادا بە شێوەیەکى کارا ئەنجام بدرێت.
- بە شێوەیەکی ڕوون ڕێگرى لە هەبوونى دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکان بکرێت؛بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەندامێک لە ئەندامانی لێژنەکە، هاوپیشەی نزیک، هاوکار، خزم، ناسیاو، یان کەسێک بێت کە هەر جۆرە پەیوەندییەکی کەسی، پیشەیی، ئیداری یان بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ پزیشک یان دامەزراوەی تەندروستیی پەیوەندیدار بە کەیسەکەوە هەبێت، چونکە بوونی ئەم جۆرە پەیوەندییانە، تەنانەت ئەگەر کاریگەریی ڕاستەوخۆشیان لەسەر بڕیارەکە نەبێت، خۆی بەتەنیا دەتوانێت گومان لە بێلایەنی و دادپەروەریی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە دروست بکات و متمانە بە ئەنجامەکانی لاواز بکات. لەبەر ئەوە، پێویستە هەموو ئەندامانی لێژنە پێش دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە، بە شێوەیەکی فەرمی بەڵێننامەى نەبوونی دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکان پێشکەش بکەن و، هەروەها بۆ نەخۆش یان نوێنەری یاسایییەکەى مافی ئەوە دابین بکرێت کە لە حاڵەتی هەبوونی هۆکاری مەعقووڵ، داوای گۆڕینی هەر ئەندامێک بکات.
- کاتى ئەوە هاتووە دۆسیەی تەندروستیی نەخۆش بەئەلیکترۆنی بکرێت و لەسەر بنەمای سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی مۆدێرن و پارێزراو بەڕێوەببردرێت و هەر نەخۆشێک کۆدێکى ئەلیکترۆنیى تایبەت بە خۆى هەبێت و مێژووى تەندروستیى خۆى تێدا تۆمار کرابێت؛ بە شێوەیەک کە دەستکاریکردن، یان گۆڕانکاریکردن، یان سڕینەوە، یان هەر زیادکردنێکى ناڕەوا لە ناوەڕۆکەکەیدا بەئاسانی نەکرێت. ئەم دۆسیە ئەلیکترۆنییە، پێویستە هەموو زانیاری و بەڵگە بنەڕەتییە پەیوەندیدارەکان بگرێتەوە، لەوانە: ئەنجامی پشکنینەکان، زانیاریی پەیوەندیدار بە چۆنێتیی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکى، دەستێوەردانە پزیشکییەکان، تێبینی و تۆمارەکانی کارمەندانی تەندروستی، شێوازی وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختەى نەخۆش پێش هەر دەستێوەردانێکی پزیشکی و، هەر ڕاپۆرت یان بەڵگەنامەیەکی پزیشکیی تری پەیوەندیدار.
هەروەها، بۆ دابینکردنی شەفافییەت و پاراستنی مافى لایەنەکان، پێویستە نەخۆش یان نوێنەرە یاسایییەکەى و، هەروەها وەزارەتى تەندروستى و لایەنە چاودێرییە پەیوەندیدارەکانى دیكه، مافی گەیشتن بە ئەم دۆسیە ئەلیکترۆنییەیان هەبێت لە چەند حاڵەتێکى دیاریکراودا؛ بە جۆرێک ئەم سیستەمە نەک تەنیا ئامرازێک بێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، بەڵکوو ببێتە میکانیزمێکی گرنگ بۆ پاراستنی بەڵگەکان و دابینکردنی دادپەروەری لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا.
- بەزەروورى دەزانین کەوا هەموو کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە بە ڤیدیۆ تۆمار بکرێن و بە شێوەیەکی فەرمی بپارێزرێن، بۆ ئەوەى شەفافییەت لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەدا فەراههم ببێت و، لە هەر کاتێکدا بزانرێت گفتوگۆکان لەسەر چ بنەمایەک کراون و، بە پشتبەستن بە کام بەڵگە و بە چ لۆژیکێکی پیشەیی و یاسایی ڕاسپاردەکان دەرکراون. ئەمە نەک تەنیا بۆ پاراستنی مافەکانی نەخۆش گرنگە، بەڵکوو بۆ پاراستنی خودی ئەندامانی لێژنە و دڵنیابوون لە دروستی و بێلایەنیی پڕۆسەکەیش گرنگییەکی زۆری هەیە. هەروەها، پێویستە ڕاسپاردە و ڕاپۆرتی کۆتاییی لێژنە، تەنیا لە شێوەی ئەنجامی گشتی نەبێت، بەڵکوو پێویستە بەڕوونی دیار بێتكه لە بڕیارداندا پشتیان بە چ بەڵگەیەک بەستووە و، بەپێى چ بنەمایەکى یاسایی و پزیشکی گەیشتوونەتە ئەو بڕیارە.
- پێویستە ماوە یاسایییەکانی پەیوەندیدار بە کاری لێژنەی لێکۆڵینەوە کورت بکرێنەوە،بە شێوەیەک کە لەگەڵ سروشت و هەستیاریى کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا بگونجێن. بۆیە، پێویستە لێژنە لە ماوەی دوو (2) ڕۆژ لە ڕێکەوتى پێکهێنانى فەرمیی خۆیدا دەست بە کاری خۆی بکات و یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات. هەروەها پابەند بکرێت کە لە ماوەی دە (10) ڕۆژدا لێکۆڵینەوەکان تەواو بکات و ڕاپۆرتی کۆتاییی خۆی پێشکەش بکات، مەگەر لە هەندێ حاڵەتدا کە پێویستی بە درێژکردنەوەی ماوەکە هەبێت بە هۆکارێکی یاسایی و ڕوون و ڕەوا.
- دەکرێت، بە مەرجی وەرگرتنی ڕەزامەندیی ڕوون و پێشوەختەى نەخۆش، کامێرای چاودێری لە ژووری نەشتەرگەریدا دابنرێت بۆ تۆمارکردنی پڕۆسەی دەستێوەردانی پزیشکی؛ بە جۆرێک کە بتوانێت لە کاتی پێویستدا وەک بەڵگەیەکی بابەتی بۆ دیاریکردنی چۆنێتیی ئەنجامدانی دەستێوەردانەکە و هەڵسەنگاندنی هەبوونی هەڵەی پزیشکی یان نەبوونی بەکاربهێنرێت. ئەم ڕێکارە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرزکردنەوەی شەفافییەت، پاراستنی بەڵگە، کەمکردنەوەی ناکۆکی لەسەر ڕووداوەکان و، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرپرسیارێتى و وریاییی پیشەیی هەبێت.
بەڵام، جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە، پێویستە لە چوارچێوەی پاراستنی مافی تایبەتمەندی و شکۆى نەخۆشدا ڕێک بخرێت؛ بە جۆرێک کە تۆمارکردنەکە تەنیا بۆ مەبەستی یاسایی، چاودێری و هەڵسەنگاندنی کەیسە پەیوەندیدارەکان بەکار بهێنرێت و، دەستگەیشتن بەم تۆمارانە سنووردار و بە ڕێسا بێت، بۆ ئەوەی ئەم ڕێکارە لە ئامرازێکی پاراستنی دادپەروەرییهوه، نەگۆڕدرێت بۆ هۆکارێکی پێشێلکردنی تایبەتمەندی.
- کاتی ئەوە هاتووە کە کارمەندانى تەندروستى و دامەزراوە تەندروستییەکان،پابەند بکرێـن بە بیمەکردن لە دژی بەرپرسیارێتیى مەدەنییان لە بەرامبەر نەخۆشەکان؛ چونکە پێویستە میکانیزمێکی کارا و دڵنیابەخش بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان هەبێت. ئەم جۆرە بیمەیە دەتوانێت دڵنیایی لەوە بدات کە ئەگەر هەڵەی پزیشکی ڕووی دا و بەرپرسیارێتییەکە سەلمێنرا، نەخۆش لە ماوەیەکی گونجاودا بە مافە دارایییەکانی خۆی دەگات، بەبێ ئەوەی چارەنووسی قەرەبووکردنەوەکەی بە توانای داراییی کارمەندى تەندروستى یان دامەزراوەی تەندروستییهوه ببەسترێتهوه. هەروەها، ئەم میکانیزمە نەک تەنیا ئامرازێکە بۆ پاراستنی نەخۆش، بەڵکوو دەتوانێت کەلتووری بەرپرسیارێتى و وریاییی پیشەیی بەرز بکاتهوه، چونکە کاتێک کارمەندانى تەندروستی و دامەزراوە تەندروستییەکان بزانن کە بەرپرسیارێتىی یاسایی و داراییی ڕاستەقینە لەپشت ڕەفتارە پیشەیییەکانیانە، ئەوا باشتر پابەند دەبن بە پێوەر و پڕۆتۆکۆل و ڕێساکانی پیشەیی. بۆیە، پابەندکردن بە بیمەی بەرپرسیارێتیى مەدەنی، نابێت وەک بارێکی ئیداری و دارایى سەیر بکرێت، بەڵکوو یەکێکە لە بنەماکانی دانانى سیستەمێکی مۆدێرن بۆ پاراستنی مافەکانی نەخۆش و دابینکردنی دادپەروەری لە بواری تەندروستیدا.
- لەبەر ئەوەی زانستی پزیشکی بە شێوەیەکی بەردەوام لە گەشەسەندن و نوێبوونەوەدایە و، ئەوەی ئەمڕۆ وەک بنەمایەکی زانستیی قبووڵکراو دادەنرێت، ڕەنگە لە داهاتوودا گۆڕانکاریی بەسەردابێت و شێوازى نوێتر و باشتر بێتە کایەوە؛ بۆیە نابێت مۆڵەتی کارکردنی پزیشکی بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بێ هەڵسەنگاندنی بەردەوام مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە مۆڵەتی پیادەکردنى پیشەی پزیشکی لە ماوەیەکی دیاریکراودا نوێ بکرێتەوە و، نوێکردنەوەکەیش بەستراو بێت بە جێبەجێکردنی چەند مەرج و پێوەرێكی پیشەیی و زانستی، نەک تەنیا بە تێپەڕبوونی کات و پێدانى ڕسووماتى نوێکردنەوە. لە گرنگترین ئەم مەرجانەیش: بەشداریکردن لە ڕاهێنان، وەرگرتنى کۆرسی نوێکردنەوەی زانیارییەکان، وەرگرتنی بڕوانامەى تر لە بوارى پسپۆڕیى خۆى، بەشداریکردن لە سمینار و کۆنفرانسە زانستییەکان، ئەنجامدانی توێژینەوە یان هەبوونی چالاکیی ئەکادیمی و پیشەیی و، هەڵسەنگاندنی بەردەوامی لێهاتوویى و توانا و شایستەییی پیشەیی.
- پێویستە میکانیزمێکی یاساییی تۆکمە و کارا بۆ پاراستنی هەواڵدەرەکان-ئەوانەی کە هەواڵ لە هەبوونی کەیسێکی گومانلێکراوی هەڵەی پزیشکی دەدەن، یان ئامادە دەبن وەک گەواهیدەر یان سەرچاوەی زانیاری لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەدا هاوکار و بەشدار بن- دابنرێت، چونکە لە غیابی پاراستنی یاساییی کارا، زۆر جار ئەم کەسانە لە ترسی گوشار، تۆڵەسەندنەوەی پیشەیی، زیانگەیاندنى کارگێڕى، یان تەنانەت گوشاری کۆمەڵایەتی، خۆیان لە هەواڵدان یان گەواهیدان دەدزنەوە. بۆیە، پێویستە یاسادانەر بە میکانیزمێکى کارا، نهێنیى ناسنامەى ئەم جۆرە کەسانە بپارێزێت و زانیاری لەسەریان بەردەست نەبێت و، هەروەها هەموو جۆرە ڕەفتارێکى تۆڵەسەندنەوە یان زیانگەیاندن بەرامبەریان بە شێوەیەکی یاسایی قەدەغە بکرێت. ئەم جۆرە میکانیزمە دەبێتە ئامرازێک بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان، چونکە زۆر جار زانیاریی سەرەتایی لەسەر هەڵەی پزیشکی، لەلایەن هەمان ئەو کەسانەوە دێت کە لەناو سیستەمەکەدان و ئەوەیان بە چاوی خۆیان بینیوە.
کـۆبــەنــد
چوارچێوەی یاساییى مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەبوونی هەندێک دەق و میکانیزمی فەرمی، هێشتا ناتوانێت بە شێوەیەکى کارا و دادپەروەرانە ئەم دیاردەیە بنبڕ یان سنووردار بکات. ناڕوونی لە پێناسە و پێوەرە یاسایییەکان و، لاوازیی میکانیزمەکانی لێکۆڵینەوە و، نەبوونى هاوسەنگیی ڕاستەقینە لە پاراستنی مافەکانی نەخۆش و کارمەندانى تەندروستى، هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە چارەسەرە یاسایییە هەنووکەیییەکان بەشێک نین لە چارەسەر، بەڵکوو بەشێکن لە بەردەوامبوونى کێشەکە.
هەڵەی پزیشکی نابێت تەنیا بە دیدێکی پیشەییی داخراو سەیر بکرێت، چونکە ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا بابەتێکی یاسایی و مرۆیی و کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندیی بە ژیان و سەلامەتیی مرۆڤەوە هەیە. بۆیە، ئەگەر ئامانجمان بریتى بێت لە بنبڕکردن یان کەمکردنەوەى دیاردەى هەڵەى پزیشکى، ئەوا پێویستە لە بیرکردنەوەی کۆن و میکانیزمە ناچالاکەکان دوور بکەوینەوە و بە ئاراستەی سیستەمێکی ڕوونتر، شەفافتر و بەرپرسیارانەتر هەنگاو بنێین؛ چونکە ئەگەر وا نەکەین، هەڵەی پزیشکی هەر بەردەوام دەبێت و متمانەی هاووڵاتیانیش بە کەرتی تەندروستی کەمتر دەبێت.
سەرچاوەکان:
- یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان ژمارە (4) بۆ ساڵى (2020).
- ڕێنماییى ژمارە (4) بۆ ساڵى (2022) تایبەت بە ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان.
- بڕیارى وەزارەتى تەندروستیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ژمارە (9779) لە (07/06/2022).
- ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان، ژمارە (256) لە (15/10/2020).
- ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان، ژمارە (287) لە (11/08/2022).