د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق
دەسپێك
پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەلایەن “عەلی زەیدی”یەوە، پێشهاتێکی نوێ و جێگەی سەرنجە لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتدا. زەیدی وەک کاندیدێکی نائاسایی و لەدەرەوەی چوارچێوە و نەریتە کلاسیکییەکانی ناوماڵی شیعە دەرکەوتووە؛ ئەمەیش ئاماژەیە بۆ گۆڕانی شێوازی بیرکردنەوەی جەمسەرە سیاسییەکان. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم پێشهاتە لایەنە شیعەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی ورد لەنێوان “داخوازییە ناوخۆیییەکان” و “هاوکێشە ئاڵۆزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا”. ئەم شرۆڤەیە تیشک دەخاتە سەر پاشخان و ڕەهەندە سیاسییەکانی دیاریکردنی “عەلی زەیدی” بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران، میکانیزمی کاری ئێستای هێزە شیعەکان و ئەگەرەکانی سەرکەوتن یان شکستهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا.
پاش پێنج مانگ لە ناکۆکی و ململانێی ناوخۆییی دوای هەڵبژاردن و، لە سایەی جۆرێک لە “ئاگربەستی سارد”ی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، عێراق چووە قۆناغی پێکهێنانی دەیەمین کابینەی حکوومەت لەدوای ٢٠٠٣. ئەم قۆناغە بە ڕاسپاردنی “عەلی زەیدی”، بازرگانێکی تەمەن ٤٠ ساڵان، دەستی پێ کرد؛ کاندیدێک کە وەک وەڵامێکی ناچاریی هێزە شیعەکان بۆ گۆڕانی هاوکێشە هەرێمایەتی و دەرەکییەکان دەبینرێت. ئەم هەنگاوە، کە دوای دوو مانگ لە پێشێلکردنی وادە دەستوورییەکان و بە دەنگدانێکی “نیوەچڵ” تێ پەڕی، دەشێت وەک وەرچەرخان لە ڕەفتاری سیاسیی شیعەدا تەماشا بکرێت؛ بەتایبەت لەپاش ئەزموونی ڕاسپاردنی “مستەفا کازمی” بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەنێو گێژاوی لێکەوتەکانی تشرین و پەتای کۆرۆنادا (٢٠٢٠). تێپەڕاندنی حکوومەتی زەیدی، بەکردەیی “چەمانەوە بوو لەبەردەم گەردەلوولی گوشارەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ”دا؛ کە ئەمەیش لەم ئاماژانەیخوارەوەدا بەڕوونی دیارە:
* ترەمپ بەئاشکرا و لە هەژماریخۆیەوە لە “تروس سۆشال”دا، ڤیتۆی لەسەر “نووری مالیکی” هەبوو پاش ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن چوارچێوەی شیعییەوە؛ هاوکات ئیدارەکەیشی لە زنجیرەیەک بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی بەغدادا، ناڕەزایەتییەکی قووڵی بەرامبەر “محەمەد شیاع سوودانی” نیشان دەدا. ئەم ناڕەزایەتییە بەتایبەت پاش ئەوە هات کە لە “جەنگی چل ڕۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێراندا”، سوودانی نەیتوانی جڵەوی گرووپە چەکدارە وەلائییەکان بگرێت؛ ئەمەیش وای کرد چانسی نوێکردنەوەی ویلایەتەکەی لای ئەمریکییەکان لەبار بچێت و بەڕاشکاوی بێهیوای بکەن و، ئەم پەیامەیش بە هێزە شیعەكان بگەیەنن (الشمري ، ٢٠٢٦). هەر ئەمەیش هێزە شیعەکانی ناچار کرد ناوی “عەلی زەیدی” وەک کاندید بۆ ئەمریکا پێشنیاز بکەن و ڕەزامەندیی پێشوەختەی بۆ وەرگرن.
* دیاریکردنی “عەلی زەیدی” وەک کاندیدێکی نائاسایی بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران، لادان بوو لە بژاردە سیاسییە باوەکان. کاتێک ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕووخا و بناغەی عێراقی نوێ داڕێژرا، عەلی فالح زەیدی (تەمەن ٤١ ساڵ) تەنیا قوتابییەکی قۆناغی ئامادەیی بوو. ئەو بەشێک نییە لەو نەوە سیاسی و ڕێکخراوەیییەی کە خۆیان بە “باوکانی دامەزرێنەر”ی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەزانن، بەڵام لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، خۆی لەنێو جەرگەی یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی عێراقدا بینییەوە.
زەیدی، کە خەڵکی پارێزگای “زیقار”ە، پێشتر هیچ پۆستێکی فەرمیی نەبووە. کاندیدبوونی، بەرهەمی تەوافوقێکی ناچاریی ناوخۆیی و گوشاری واشنتۆن بووە بۆ تێپەڕاندنی کەسایەتییەکی “دوور لە تاران”. زەیدی لە دەساڵی ڕابردوودا وەک یەکێک لە سەرمایەدارە هەرە دیارەکانی عێراق ناسراوە. ئەو خاوەنی تۆڕێکی دارایی و خزمەتگوزارییە کە بریتین لە: بانکی باشوور بۆ وەبەرهێنان، زانکۆی شەعب، کۆمپانیای نیشتمانیی هۆڵدینگ -سەرپەرشتیاری زنجیرە هایپەرمارکێتەکان-، چەندان ناوەندی پزیشکی و بازرگانی، لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی دیجلە (بڕوانە: الجزيرة نت، 2026). ئەم پاشخانەیشی بەتەواوی جیاوازە لە گوتاری باوی “شیعەی سیاسی” لە عێراقدا، کە هەمیشە سەرمایە ڕەمزی و سیاسییەکەی لەسەر چەمکەکانی وەک “جیهاد”، ئاوارەیی، بەرهەڵستکاریی ڕژێمی بەعس و جەنگی دژ بە قاعیدە و داعش بونیاد ناوە.
لەم چوارچێوەیەدا، یەکێک لە پەرلەمانتارە شیعەکان بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت: “ڕەنگە زەیدی لە ژیانی سیاسییدا تەنانەت بەشداریی دەنگدانیشی نەکردبێت”، بەڵام پێی وایە چونکە ئەو “کوڕی بازاڕە”، دەشێت لەم قۆناغەدا سەرکەوتوو بێت (شبكة 964، 2026). پاشخانی زەیدی وەک بازرگان و خاوەنکارێک، وای کردووە هێنانەپێشەوەی وەک سەرۆکوەزیران زیاتر وەک “دیزاینکردنی وێنەیەکی نوێی دەسەڵات” تەماشا بکرێت. ئەمە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ڕوخسارێکی مۆدێرن و بێلایەن بە جیهان، بەبێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە جەوهەری دەسەڵاتدا ڕوو بدات؛ چونکە هێشتا وەزارەتەکان لەسەر بنەمای “پشکپشکێنەی حزبی” دابەش دەکرێن و هێزە شیعە کلاسیکییەکان جومگە گرنگەکانی بڕیاریان بهدهستهوهیه.
لایەنە شیعەکان وەک “پردی پەیوەندی” و ئامرازێکی “پراگماتی” سەیری زەیدی دەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ و وڵاتانی کەنداودا، کە لەم قۆناغەدا زیاتر گرنگی بە بازرگانی و دارایی دەدەن. بەهۆی ئەوەیشی زەیدی هیچ ئەزموونێکی ئەمنی و سەربازیی نییە، کۆنترۆڵکردنی بڕیاری ئاسایش لەلایەن هێزە شیعە چەکدارەکانەوە ئاسانتر دەبێت.
* بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، واشنتۆن مەرجی پێشوەختەی هەبووە کە نابێت شەش گرووپی سەرەکیی شیعە لە کابینەی زەیدیدا پشکیان هەبێت، كه بریتین له: کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەییدولشوهەدا، بزووتنەوەی عەسائیب، ئەنساروڵڵای ئەوفیا و، کەتائیبی ئیمام عەلی. ئەمە لە کاتێکدا گرووپە چەکدارە شیعەکان خاوەنی ٨٠ کورسیی پەرلەمانین (الحرة، 2026)، لە کۆی دەوروبەری ١٨٧ کورسیی پێکهاتەی شیعە کە ١٦٣یان لەنێو “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا خۆیان ڕێک خستووە. لە پێکهێنانی حکوومەتیشدا ئەم خواستەی ئەمریکا لەبەرچاو گیرا و لە قۆناغی یەكەمی حکوومەتدا ئەم گرووپانە بەشدارییان پێ نەکرا.
* بزووتنەوەی عەسائیب کە یەکێکە لە دیارترین گرووپە چەکدارەکانی شیعە، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گوشارەکانی ئەمریکادا جۆرێک لە “نەرمیی پۆپۆلیستی” نیشان دەدات. سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە، لەوانەیش یاریدەدەری سیاسیی ئەمیندار، باس لە ئامادەییی خۆیان دەکەن بۆ “کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا” و ڕووکردنە کاری سیاسیی پەتی (العبودي، 2026). ئەم گۆڕانکارییە تاکتیکییە، ئامانجەکەی بەدەستهێنانی پۆستی باڵایە؛ چونکە چاویان لەوەیە “لەیس خەزعەلی” (برای قەیس خەزعەلی)، پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران وەرگرێت؛ ئەوەیش لە ڕێگەی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکاوە ئەنجام دەدرێت.
* سەرچاوە شیعەكان ئاشکرای دەکەن کە هۆکاری بەتاڵهێشتنەوەی ٨ پۆستی وەزاری لە کابینەی زەیدیدا، هەوڵێکی زەیدی بووە بۆ “خۆلادان لە پێکدادان لەگەڵ ترەمپدا”. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ڕاسپێردراوە بۆ “فڵتەرکردنی” ناوی وەزیرەکان، تا دڵنیا بن لەوەی هیچ کەسایەتییەکی سەر بە ئێران تێ ناپەڕێت. تەنانەت باس لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی دەکرێت چەند کاتژمێرێک پێش دانیشتنی پەرلەمان، کە تێیدا زەیدی لیستی کاندیدەکانی نیشانی تیمێکی دیپلۆماسیی ئەمریکی داوە بۆ وەرگرتنی “تیشكی سەوز” ( بڕوانە: شبكة 964، 2026).
* پێش ڕاسپاردنی زەیدی، ناوماڵی شیعە لە عێراقدا دابەش بووبوو بەسەر دوو جەمسەردا: یەکەمیان جەختی لە پێکهێنانی حکوومەت لە وادە دەستوورییەکاندا دەکردەوە تا دەوڵەت لە پەککەوتن و بۆشاییی دەستووری و یاسایی ڕزگار بکات. دووەمیشیان، بە پاڵپشتیی تاران، داوای دواخستنی پڕۆسەکەیان دەکرد تا کۆتاییهاتنی جەنگ. تاران دۆسیەی حکوومەتی عێراقی وەک “کارتێکی گوشار” بۆ سەر ئەمریکا دەبینی و، دەیویست لە ڕێگەی بۆشاییی سیاسییەوە دڵنیا بێتەوە کە بەغدا هیچ هەنگاوێکی دژبە بەرژەوەندییەکانی تاران نانێت (مركز الإمارات للسیاسات، 2026).
لە کۆتاییدا، ئاراستەی پێکهێنانی حکوومەت سەرکەوتنی بەدەست هێنا و پێکهێنانی کابینەکە لەژێر سێبەری “عەلی زەیدی”دا، عێراقی بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە بارمتەگرتنی تاران دوور خستەوە و لە هاوکێشەی جەنگی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێرانیش دەرهێنا، یان لانی کەم توانیی عێراق لەو چەقە مەترسیدارە دەرباز بکات. هەر ئەمەیش دەشێت هۆکار بێت کە ئێران پاش وڵاتانی دیکە و تەنیا لە ڕێگەی پەیامێکی سۆشیاڵ میدیاییی “عەباس عێراقچی” وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە، پیرۆزباییی ڕاسپاردنی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکات.
ئەم “خۆگونجاندنانەی” سەرەوە، ئاماژەیەکی ڕوونه کە هێزە شیعەکان لە ترسی سزا دارایییە توندەکان و بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا، ئامادەن یەک هەنگاو لە ئەجێنداکانی تاران دوور بکەونەوە و بەرەو واشنتۆن هەنگاو بنێن. ستایشی ئاشکرای ترەمپ بۆ دیاریکردنی زەیدی و بانگهێشتکردنی بۆ کۆشکی سپی، دەشێت ئاماژەیەکی ڕوون بێت کە ئەم کابینەیە، کابینەی “ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا”یە لەسەر حیسابی “هەژموونی ئێران”.
دووەم: دەرفەتەكانی سەركەوتن و ئەگەرەكانی شكستی كابینەی زەیدی
ئەلف: دەرفەتەكانی سەركەوتنی حکوومەت
جگە لە سازانی ناوخۆیی، حکوومەتی نوێی عێراق لەسەر ئاستێکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی پێشوازیی لێ کرا؛ کە ئەمەیش یەکێکە لە ئەگەرە بەهێزەکانی گریمانەكردنی سەرکەوتنی “عەلی زەیدی”. پاشخانی دارایی و بازرگانیی زەیدی، هیوای ئەوەی لای چاودێران دروست کردووە کە بتوانێت عێراق لە قەیرانێکی خنکێنەری دارایی دەرباز بکات؛ بەتایبەت دوای ئەوەی جەنگی چل ڕۆژە هەناردەی نەوتی عێراقی بۆ نزمترین ئاست دابەزاند و وڵاتی خستە بەردەم مەترسیی مایەپووچبوونی خەزێنە و پەنابردن بۆ قەرزی دەرەکیی قورس.
لە یەکەم ئاماژەی ئەرێنیی واشنتۆن بۆ ئەم کابینەیە، “تۆم باراک”، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری عێراق، پەیامێکی گەرمی ئاراستەی زەیدی کرد و ڕای گەیاند: “سەرۆک ترەمپ و مارکۆ ڕۆبیۆ و ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەن لەنزیکەوە کار لەگەڵ ئێوە و حکوومەتەکەتان بکەن، بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان، کە خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق و شکستی تیرۆر بەدی بهێنێت” (توم براک، 2026). ئەم پەیامە نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن ئامادەیە “لاپەڕەیەکی نوێ” لەگەڵ بەغدا بکاتەوە، بەو مەرجەی زەیدی بتوانێت هاوسەنگییەکان بپارێزێت.
شان بە شانی ئەمەیش گرنگترین وەرچەرخان لە ڕەفتاری گرووپە وەلائییەکاندا دەردەکەوێت. ڕاوێژکارێک کە وەک نوێنەری سوودانی لە خولەکانی گفتوگۆدا لەگەڵ هێزە سیاسییەکان بەشدار بووە، بۆ کەناڵی “الحرة” ئاشکرای کردووە کە “هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەکردەیی دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای ناوبژیوانی هەرێمی و ناوخۆیی بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان؛ بەو ئومێدەی بگەڕێنەوە بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت یان بەدەستهێنانی پۆستی جێبەجێکردن لە قۆناغی داهاتوودا” (الحرة، 2026). ئەم گرووپانە درک بەوە دەکەن کە واشنتۆن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاودێریی پێکهاتەی حکوومەتە نوێیەکە دەکات، بەتایبەت ئەو پۆستانەی پەیوەندییان بە دۆسیە ئەمنی و ئابوورییەکانەوە هەیە.
سەرچاوە ئاگادارەکانی ناوخۆی شیعە باس لەوە دەكەن لای بەشێک لە هێزە چەكدارەکانی شیعە ئەو قەناعەتە دروست بووە کە بەرگریکردن لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکادا بووەتە کارێکی “سەخت”. هەندێک لەو گرووپانەیش بەکردەوە دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای “دەرچەی سیاسیی واقعی”دا؛ بە جۆرێک ڕێگەیان پێ بدات بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ لە هاوکێشەی “چەک و دەسەڵات” بکشێنەوە، لە بەرانبەر پاراستنی پێگە و هەژموونی پەرلەمانی و سیاسیی خۆیان (الشرق الأوسط، 2026).
ئەم ئاماژانەیش دەرفەت دەدەنە زەیدی تاوەکوو بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، جڵەوی بڕیاری سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا بگرێتەوە دەست و وڵات لە بازنەی ململانێیەکی بێهوودە دەرباز بکات.
با: لەمپەرەكانی بەردەم كابینەی زەیدی و ئەگەرەكانی شكست
سەرەڕای ئەو کەشە گەشبینانەی لە سەرەتای ڕاسپاردنیدا دروست بوو، بەڵام حکوومەتەکەی “عەلی زەیدی” ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری (نهحهددا)ی بنەڕەتی دەبێتەوە کە ڕەنگە تەمەنی کابینەکەی کورت بکەنەوە. ئەم بەربەستانە لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازدا کورت دەبنەوە، لەوانەیش:
* تێپەڕاندنی وەزارەتەکان لەناو “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا، زیاتر لە “ڕێککەوتنێکی ناچاریی کاتی” دەچێت نەک ستراتیژییەکی درێژخایەن. دابەشکردنی پۆستەکان نەخشەیەکی نوێی لە ململانێ و هاوسەنگیی هێز لە ناوماڵی شیعەدا کێشا؛ بە جۆرێک هەندێک لە هێزە شیعەکان توانییان پۆستەکانیان مسۆگەر بکەن (وەک ڕەوتی حیكمە، نەهجی نیشتمانی و ڕێکخراوی بەدر)، بەڵام ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، سەرەڕای قورساییی “نووری مالیکی”، نەیتوانی لە گەڕی یەکەمی پێکهێنانی حکوومەتدا دەستکەوتێکی ئەوتۆی هەبێت. تەنانەت سەرباری ئامادەبوونی مالیکی لە هۆڵی پەرلەماندا، هیچ وەزارەتێکی لە پشکی ئەو تێپەڕ نەکرا.
هەندێکی دیکەیش لە هێزە شیعەکانی وەک “عەسائیب”، بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە لە پەراوێزی چاوەڕوانیدان و هەندێکی تریش وەک هاوپەیمانییەکەی “موحسین مەندەلاوی” لە گەڕی یەكەمدا هیچ پۆستێکیان بەرنەکەوتووە. ئەم دۆخە وای کردووە ڕێک دوای دانیشتنی متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرەتاکانی لێکترازان لەناو “چوارچێوەیهەماهەنگی”دا دەربکەون و ئەو درزانە قووڵتر بن کە پێش دەنگدانە پەرلەمانییەکە هەبوون. لە لایەکی دیکەیشەوە، متمانەدان بە ١٤ وەزیر و هێشتنەوەی ٩ وەزارەتی سیادی و گرنگ (وەک ناوخۆ، بەرگری و خوێندنی باڵا) بەهەڵپەسێردراوی، ئاماژەیەکی ڕوونە کە ناکۆکییە قووڵەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.
جگە لە ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی ناوماڵی شیعە، هەندێک لە هێزە سیاسییە شیعەکان چوونەتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە، لەوانەیش: “اشراقة كانون” و “حقوق”؛ ئەمەیش گوشارە پەرلەمانییەکان لەسەر زەیدی زیاتر دەکات (شبكة 964، ٢٠٢٦)، بەتایبەت پاش ئەوەی پێشبینی دەکرێت بەهۆی بێبەشبوون لە پشکەکان، لە ڕۆژانی داهاتوودا لیستی سیاسیی دیکەیش بچێتە پاڵیان.
* دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان گەورەترین بەربەستە لەبەردەم سەرکەوتنی کابینەی زەیدیدا. بەپێی هەندێک زانیاریی بەردەست، حکوومەتی نوێ ڕووبەڕووی پێنج مەرجی توندی ئەمریکا بووەتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان “دەوڵەت و چەک”؛ ئەوانیش بریتین لە: بەرتەسککردنەوەی بڵاوبوونەوەی چەکدارانی حەشد و چۆڵکردنی پێگەکانیان بۆ سوپا، ڕادەستکردنی چەکی قورس و درۆن بە سوپای عێراق، سنووردارکردنی چالاکییە ئابوورییەکانی “کۆمپانیای موهەندیس” (کە هی حەشدی شەعبییە)، دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە پۆستە ئەمنییەکان و دەرکردنی یاسا و ڕێنماییی قەدەغەکردنی چەکی نایاسایی (مركز الإمارات للسیاسات، 2026). یەکێک لە قورسترین مەرجەکانی واشنتۆنیش بۆ سڕینهوهی ناوی گرووپە چەکدارەکان لە لیستی تیرۆر، “ڕادەستکردنی چەکە قورسەکان”ە، بەتایبەت مووشەکی دوورهاوێژ و درۆنەکان. هەرچەندە لایەنەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” داوای کاتیان کردووە، بەڵام ئەمریکا بە هەڕەشەی “بڕینی ناردنی دۆلار” و “ڕاگرتنی پاڵپشتیی تەکنیکی بۆ فڕۆکەکانی F-16” وەڵامی داونەتەوە (صحيح العراق، 2026). ئەمەیش بە واتای پەکخستنی تەواوی هێزی ئاسمانی و داراییی عێراق دێت.
بەرپرسانی واشنتۆن چیتر بە لێدوانە دیپلۆماسییەکان ڕازی نین. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دامەزراوەکانیان لە عێراق ڕووبەڕووی زیاتر لە ٦٠٠ هێرش بوونەتەوە؛ ئەمەیش وای کردووە ئیدارەی نوێ گوشار بخاتەسەر زەیدی تاوەکوو بە هەنگاوی مەیدانی، “جیابوونەوەی دەوڵەت لە میلیشیا” بسەلمێنێت. داواکارییەکانی ئەمریکا ڕاشکاون: دەرکردنی گرووپە وەلائییەکان لە جومگەکانی حکوومەت، بڕینی بوودجە و مووچەی ئەو هێزانە و، ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەوەی کە ئەم گرووپانە هیچ شەرعییەتێکیان لەناو دەوڵەتدا نییە (The National, 2026). لەم بهینهیشدا وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە واشنتۆن تەنیا چاوەڕێی “ئەنجامی بەرجەستە” دەکات. مامەڵەی داهاتووی ئەمریکا لەگەڵ بەغدادا، بەستراوەتەوە بە ئاستی بێبەشکردنی میلیشیاکان لە پارەی گشتی و دامەزراوەکانی دەوڵەت (الحرة، 2026).
لەم بەرانبەرەیشدا و لە لایەکی دیکەوە، تاران بەنیگەرانییەکی زۆرەوە سەیری “ستایشی ترەمپ بۆ زەیدی” دەکات. “ئیسماعیل قائانی” لە پەیامێکی بڕاوەدا بۆ لایەنە شیعەکان، هێڵە سوورەکانی دیاری کردووە: “هیچ جۆرە سازشێک لەسەر چەکی گرووپەکان و پەیکەری حەشدی شەعبی ناکرێت.” قائانی هۆشداریی داوە بە حکوومەتەکەی زەیدی، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک بەرەو داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ حەسرکردنی چەک هەنگاو بنێت و پێویستە “هاوسەنگی” بپارێزێت (الحرة، 2026).
لە یەکەم تاقیکردنەوەی کردەییشدا بۆ حکوومەتی نوێ، “نازم سەعدی” سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بزووتنەوەی “نوجەبا” ڕای گەیاند کە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، تەنیا “چەکی بێسەروبەر و دەرچوولەیاسا” دەگرێتەوە، نەک “چەکی مقاوەمە”. ناوبراو جەختی لەوه کردەوە کە چەکی ئەو هێزانەی بەرگرییان لە عێراق و پیرۆزییەکان کردووە، بە هیچ شێوەیەک ناخرێتە خانەی پشێوی و پاشاگەردانییەوە (الشرق الأوسط، 2026).
بەم جۆرەیش مانەوەی عێراق وەک گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی ئەمریکا و ئێران، سەربەخۆییی بڕیاری سیاسی لە زەیدی زەوت دەکات. هەروەها لەبەرامبەر هەڕەشەی سزای ئابووریی سەر بانکی ناوەندی و کۆمپانیای “سۆمۆ”، هێزە شیعەکان کەوتوونەتە دۆخێکی شڵەژاوەوە. ئەوان بەکارهێنانی هێز دژی گرووپە چەکدارەکان بە “خۆکوژی” و سەرەتای جەنگی ناوخۆ دەبینن. لە کۆتاییشدا ڕەنگە زەیدی ناچار بێت پەنا بۆ “مەرجەعییەتی نەجەف” ببات؛ وەک تەنیا هێزێک کە بتوانێت بە فەتوایەک یان هەڵوێستێک، چارەسەری پرسی چەکی گرووپەکان بکات و دامەزراوە دارایییەکانی عێراق لە تووڕهیی و سزاکانی واشنتۆن بپارێزێت.
* عێراق لەناو قەیرانێکی خنکێنەری ئابووریدایە؛ پشتبەستنی ڕەها بە نەوت و تەشەنەسەندنی گەندەڵی بوونەتە هۆی لاوازیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان؛ ئەمەیش بووهته هۆی ئهوهی زەیدی نەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا هیچ “موعجیزەیەک” پێشکەش بکات. یەکەم وتاری زەیدی وەک سەرۆکوەزیران، کورت و پڕ بوو لە پەیامی نیگەرانی و هۆشداری؛ تێیدا تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک تەنگژەی بنەڕەتیی وەک: دۆخی شڵەژاوی دەوڵەت، قورسبوونی بارگرانییە دارایییەکان، قەیرانی خزمەتگوزارییەکان، قووڵبوونەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان و پاشەکشەی عێراق لە چوارچێوەی دەوروبەرە سروشتی و ناوچەیییەکەیدا. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەدەست میراتی قورسی بیرۆکراسی، ئاڵۆزیی کارگێڕی و گەندەڵییەوە دەناڵێنن (بڕوانە: واع، 2026).
هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی زەیدیدا، ئاژانسی “ڕۆیتەرز” ئاشکرای کردووە کە عێراق سەرقاڵی پەیوەندیکردنە بە سندووقی دراوی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوەی قەرز بکات. بەپێی لێدوانی وەزیری نوێی نەوتیش، لە ماوەی یەک مانگدا عێراق تەنیا ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە گەرووی هورمزەوە بۆ دەرباز کراوە؛ لە کاتێکدا پێشتر ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیلی لەم گەرووە ئاوییەوە هەناردە دەکرد.
* لە دەرەوەی هۆڵەکانی پەرلەمان، “موقتەدا سەدر” وەک “هەڕەشەیەکی ئامادە” خۆی مەڵاس داوە. سەدر کە ئێستا ڕێبەرایەتیی “ڕەوتی نیشتمانیی شیعە” دەکات، بەتەواوی بنەمای “پشکپشکێنە” (خەڵتەی عەتار) ڕەت دەکاتەوە. ئەو مۆڵەتێکی ٩٠ ڕۆژەی بۆ چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دیاری کردووە (الشرق، 2026). ئەم مۆڵەتە وەک “ژماردنی پێچەوانە” دەبینرێت؛ ئەگەر زەیدی نەتوانێت لەم ماوەیەدا گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بکات، دەشێت سەدر شەقام بجووڵێنێت و کۆتایی بە تەمەنی حکوومەتەکەی بهێنێت، یان خۆی وەک جێگرەوە نمایش بكات.
حکوومەتی عەلی زەیدی (٢٠٢٦) گوزارشت لە قۆناغێکی نوێی “پراگماتیزمی ناچاری”ی هێزە شیعەکان دەکات لە عێراق. دوای ساڵانێک لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی مانەوە لە ناوچەی خۆڵەمێشی، ناوەندی سیاسیی شیعە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە پاراستنی “مانەوەی دەسەڵات” و “سەقامگیریی دارایی”، پێویستی بە گۆڕینی ڕوخسار و زمانەوانیی سیاسی هەیە. لێرەوە، عەلی زەیدی وەک “کاندیدێکی زەروورەت” و “پردێکی پەیوەندی” لەنێوان تاران و واشنتۆندا هاتە کایەوە.
لەبەر ڕۆشناییی ئەو زانیاری و شیکارییانەی لەم پەیپەرەدا خرانە ڕوو، دەکرێت دەرەنجامەکان لەم سێ خاڵەدا کۆ بکەینەوە:
1_ سەرکەوتنی سەپاندنی کاندیدێکی بازرگان و دەرەوەی بازنەی ٢٠٠٣ (عەلی زەیدی)، نیشانەی پاشەکشەی نەوەی کلاسیکیی شیعە و سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا “بایەخی ئابووری و سەقامگیریی دەوڵەت” پێش “بایەخی ئایدیۆلۆژی و مێژوویی” دەکەوێت.
2_ حکوومەتی زەیدی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەكی قورسدایە. واشنتۆن لە ڕێگەی گوشارخستنە سەر بانکی ناوەندی و سۆمۆ و پەکخستنی تەکنیکیی فڕۆکەکانی F-16، حکوومەتی خستووەتە بەردەم بژاردەی یەکلایەنە: یان “دەوڵەتێکی بێمیلیشیا” یان “دەوڵەتێکی مایەپووچی گۆشەگیر”. لە بەرامبەریشدا، هێڵە سوورەکانی تاران و هەڕەشەی گرووپە چەکدارە وەلائییەکان، مەودای مانۆڕی زەیدییان بۆ کەمترین ئاست کورت کردووەتەوە.
3_ مانەوەی موقتەدا سەدر لە دەرەوەی حکوومەت و دیاریکردنی مۆڵەتی “٩٠ ڕۆژ” بۆ چاکسازی، وەک “بۆمبێکی چێنراو” لەژێر پێی کابینەی زەیدیدا دەبینرێت. ئەم مۆڵەتە وا دەکات حکوومەت نەتوانێت تەنیا بە بەڵێن و لێدوانی دیپلۆماسی کات بکوژێت، بەڵکوو ناچارە لە ناوەڕاستی کێڵگەی مینی “ئەمریکا-ئێران”دا، ئەنجامی بەرجەستە بۆ شەقام و بۆ تاران و بۆ واشنتۆنیش پیشان بدات.
لە كۆتاییدا حکوومەتی عەلی زەیدی گەورەترین و ڕەنگە “دوایین گرەوی” ماڵی شیعە بێت بۆ پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق لە داڕمانێکی گشتگیر. سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە، بەندە بە توانای زەیدی لە گۆڕینی عێراق بۆ “وڵاتێکی هاوبەش”؛ بەڵام ئەگەر زەیدی نەتوانێت ململانێی “چەک و دەوڵەت” یەکلا بکاتەوە، ئەوا کابینەکەی تەنیا دەبێتە “پردێکی لەرزۆک” کە وڵات بەرەو قۆناغێکی نادیارتر و پڕ لە پێکدادان پەلکێش دەکات.
براك، ت. (2026). منشور حول التنسيق مع حكومة علي الزيدي. [X] متاح على: https://2h.ae/GXsFZ تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].
الجزيرة نت. (2026). من هو علي الزيدي المكلف برئاسة الحكومة العراقية؟. متاح على: https://2h.ae/qCmPN [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].
الحرة. (2026أ). خاص بـ”الحرة”.. قاآني يطرح “ثلاثة شروط” على حكومة الزيدي. متاح على: https://2h.ae/zSXgQ [تاريخ الاطلاع: 13 مايو 2026].
الحرة. (2026ب). العراق.. الزيدي يبدأ ولايته من دون حلفاء إيران. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/FmjNj [تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].
الحرة. (2026ج). حكومة جزئیة في بغداد. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/XaXqz [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].
الحرة. (2026د). خاص: واشنطن تحدد مطالبها من الحكومة العراقية. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/CnzkW تاريخ الاطلاع: 7 مايو 2026[.
شبكة 964 الإعلامية. (2026أ). الأميركان يدققون أسماء كابينة الزيدي.. زهراء لقمان متأكدة. متاح على: https://2h.ae/tBOkH [تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].
شبكة 964 الإعلامية. (2026ب). كتلة حقوق تختار مقاعد المعارضة وتنتقد “الأعراف الخطيرة”. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/oOdhB تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].
شبكة 964 الإعلامية. (2026ج). خبر/تقرير إخباري حول تشكيل الحكومة. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/AcPPi [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
الشمري، ف. (2026). لقاء حول التطورات السياسية في العراق. [X] قناة العهد الفضائية، متاح على: https://2h.ae/sgAsX [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
صحيح العراق. (2026). منشور حول شروط واشنطن لتسليح الطيران العراقي. [X] متاح على: https://2h.ae/rQuej [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].
صحيفة الشرق الأوسط (2026). بترايوس في بغداد… وضغط أميركي متزايد على الفصائل. متاح على الرابط: https://2h.ae/FUByt ]تاريخ الاطلاع: 16 مايو 202 . (aawsat.com)[
العالم الجديد. (2026). المنهاج الوزاري للزيدي: عقل الدولة أم عبء التسويات؟ متاح على: https://2h.ae/edYiG [تاريخ الاطلاع: 13 مايو 2026].
العبودي، ن. (2026). لقاء حول حصر السلاح بيد الدولة والعمل السياسي. [X] قناة العهد الفضائية، متاح على: https://2h.ae/rQuej [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].
العربي الجديد. (2026). خاص | شروط أميركية قاسية وولاءات بوجه حكومة علي الزيدي. متاح على: https://2h.ae/IlIGY ، تاريخ الاطلاع: 13 مايو 2026[.
قناة الشرق. (2026). العراق.. الصدر يدعو لحل الفصائل المسلحة وإبعادها عن الحكومة. متاح على: https://2h.ae/dwytP [تاريخ الاطلاع: 10 مايو 2026].
المدن. (2026). تمرير حكومة ناقصة في العراق.. دققها ترامب اسماً اسماً. متاح علی: https://2h.ae/ZhcOy [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].
مركز الإمارات للسياسات. (2026). التحديات أمام المرشح لرئاسة الحكومة العراقية الجديدة: علي الزيدي. متاح على الرابط: https://2h.ae/CthjA [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].
مونت كارلو الدولية. (2026). العراق: اتفاق داخل الإطار الشيعي على خطة لنزع سلاح فصائل مسلحة. متاح على: https://2h.ae/aAhmF [رابط التقرير] [تاريخ الاطلاع: 10 مايو 2026].
وكالة الأنباء العراقية (واع) (2026). خبر/بيان سياسي منشور على وكالة الأنباء العراقية. متاح على الرابط:
https://2h.ae/szTQS ]تاريخ الاطلاع: 16 مايو 2026[.
The National. (2026). US facilities in Iraq have been hit more than 600 times since war with Iran started. [Online] Available at: [Link] [Accessed: 6 May 2026].
د. ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین … زیاتر
شەهریار شێخلەر، توێژەر لە بواری سیاسەتی وزە- ماستەر لە بەڕێوەبردنی بیزینس- ستراتیژی و، هەروەها ماستەر لە… زیاتر
نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری… زیاتر
ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق "عەلی ئەلزەیدی" دەبنەوە نووسینی: یەکەی دیراساتی عێراق (Iraq Studies… زیاتر
نووسەر: حەمیدڕەزا عەزیزی (Hamidreza Azizi) گۆڤاری تایم (TIME) وەرگێڕان: پێنووس مانگێکی درێژخایەن و پڕ لە… زیاتر
موهفهق عادل عومهر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و… زیاتر