جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەگەری زۆرە هاوشێوەی جهنگی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٣دا کۆتایی بێت؛ واتە بە ڕێککەوتنێکی ناسەقامگیر کە بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات بەڵام زۆرێک لە پرسە گرنگەکان بەهەڵپەسێردراوی دەهێڵێتەوە. هەروەک چۆن چارەنووسی کۆتاییی ڤێتنامی باشوور بۆ داهاتوو دوا خرا، چارەنووسی کۆماری ئیسلامی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش بۆ کاتێکی دیکە دوا دەخرێت.
گۆڤاری ‘فارین ئەفێرز’ (‘Foreign Affairs‘) لە وتارێکی شیکاریدا بە بەراوردکردنی جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لەگەڵ جهنگی ڤێتنام، ئەو ئارگیومێنتە دەخاتە ڕوو کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تەنیا لە چەند مانگێکدا ئەو ڕێڕەوەی بڕیوە کە ئەمریکا لە ڤێتنامدا بە چەند ساڵێک بڕیبووی؛ لە چوونەناو جهنگ و پەرەپێدانی ململانێکانەوە تا گەیشتن بە چەقبەستوویی و هەوڵدان بۆ چوونەدەرەوە لە ڕێگەی دانوستانەوە. نووسەری وتارەکە پێی وایە جهنگی ئێران، هاوشێوەی ڤێتنام، ئەگەری زۆرە نەک بە سەرکەوتنی تەواوەتیی لایەنێک، بەڵکوو بە ڕێککەوتنێکی ناسەقامگیر و یەکلایینەکراوە کۆتایی بێت.
گۆڤارەکە لە درێژەی وتارەکەدا کە بە قەڵەمی گیدئۆن ڕۆز (Gideon Rose)، ئەندامی باڵای ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا (Council on Foreign Relations) و نووسەری كتێبی “چۆن جهنگەکان کۆتایییان دێت (‘How Wars End’)”ە، دەنووسێت: ئێستا ئیدارەی ترەمپ پێی ناوەتە قۆناغێکەوە کە زیاتر لە سەردەمی ڕیچارد نیکسۆن دەچێت: سەرەتا هەڕەشەوگوڕهشه و، پاشان تێگەیشتنی پلەبەپلە لەو ڕاستییەی کە دەبێت لە جهنگەکە بێتە دەرەوە، ئەویش لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی نەک زۆر جێی ڕەزامەندییەوە. ئەگەر ئەم ڕەوتە بەم خێرایییە بەردەوام بێت، دەستوەردان لە ئێران ئەگەری هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا کۆتایی بێت؛ کاتێک کە تا ئەو دەمە، شەپۆلی لۆمەکردن و تاوانبارکردنی یەکتریش دەستی پێ کردووە.
بێ گومان هیچ لێکچوونێکی مێژوویی بەتەواوی ورد نییە و جیاوازیی ئاشکرا لەنێوان جهنگی ئێران و ڤێتنامدا هەیە؛ لە جیاوازیی ناوچەکە و ئایدیۆلۆژیاکانەوە بگرە تا کورتتربوونی بڕگهی زهمهنی، نەبوونی هێزی زەمینی و سەربازیی زۆرەملێی ئەمریکا، نەگۆڕانی ئیدارە لە واشنتۆن و، هەروەها کاریگەریی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە سەربازییهكان. لەگەڵ ئەوەیشدا، لێکچوونی گرنگ لە پێکهاتەی هەردوو جهنگەکەدا دەبینرێت. لهوێوه كه پێکهاتەی جهنگەکان بژاردەی سیاسەتمەداران سنووردار دەکات، تێگەیشتن لەم مۆدێلانە دەتوانێت سەرەداومان سەبارەت بە شێوازی کۆتاییهاتنی ئەم ململانێیانە پێ بدات.
جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەگەری زۆرە هاوشێوەی جهنگی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٣دا کۆتایی بێت؛ واتە بە ڕێککەوتنێکی ناسەقامگیر کە بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات بەڵام زۆرێک لە پرسە گرنگەکان بەهەڵپەسێردراوی دەهێڵێتەوە. هەروەک چۆن چارەنووسی کۆتاییی ڤێتنامی باشوور بۆ داهاتوو دوا خرا، چارەنووسی کۆماری ئیسلامی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش بۆ کاتێکی دیکە دوا دەخرێت.
نیوەی ڕێگه لەگەڵ لیندۆن جۆنسۆن
لە تشرینی دووەمی ١٩٦٣دا، سەرکردەکانی هەردوو وڵاتی ڤێتنامی باشوور و ئەمریکا تیرۆر کران و، لیندۆن جۆنسۆن لەناکاو بەڕێوەبردنی دوو وڵاتی قەیراناویی گرتە ئەستۆ. لە ڤێتنام، هێزە ڕێکخراو و خاوەن ئیرادەکانی باکوور، شانبەشانی هێزە گەریلاکانی هاوپەیمانیان لە باشوور، پلەبەپلە بەسەر حکوومەتە بێتواناکەی ڤێتنامی باشووردا پێشڕەوییان دەکرد. ئەگەر واشنتۆن هەنگاوێکی بۆ گۆڕینی ئەم ڕەوتە نەنابا، وا دەردەکەوت کە سایگۆن لە کۆتاییدا دەڕووخێت و وڵاتەکە لەژێر حوکمڕانیی کۆمۆنیستەکاندا یەک دەگرێتەوە.
جۆنسۆن و تیمەکەی زۆر گەشبین نەبوون بە سەرکەوتن لە جهنگەکەدا، بەڵام لە دەرەنجامە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی شکست دەترسان. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش بڕیاریان دا پشتگیرییەکانیان بۆ حکوومەتی سایگۆن زیاد بکەن؛ بەو ئومێدەی نمایشکردنی هێز، “هانۆی” ناچار بە پاشەکشە بکات.
سەرەتا ئەم پشتگیرییە تەنیا ناردنی هاوکاریی ئابووری و ڕاوێژکاری سەربازیی لەخۆ دەگرت. دواتر نۆرەی بۆردوومان هات. پاشان هێزی زەمینی ڕەوانە کرا و دواتریش هەموو شتێک پەرەی سەند. لەگەڵ ئەوەیشدا، هانۆی لە ئامانجە سەرەکییەکانی پاشەکشەی نەکرد و خۆی بەدەستەوە نەدا. تا ساڵی ١٩٦٨، جهنگەکە هێندە تێچووی دارایی و گیانیی هەبوو و هێندە قەوارەی قەیرانی ناوخۆییی لە ئەمریکا گەورە کردبوو کە واشنتۆن بەدوای ڕێگەی چوونەدەرەوەدا دەگەڕا. خودی جۆنسۆن هەرگیز شکستی قبووڵ نەکرد، بەڵام ڕەوتی پەرەسەندنی جهنگەکەی ڕاگرت، بە شێوەیەکی تاکلایەنە کۆتاییی بە بۆردوومانەکان هێنا، لە سیاسەت کشایەوە و کێشەکەی بۆ جێگرەوەکەی جێ هێشت.
لە کۆتاییدا، ڕیچارد نیکسۆن بووە جێگرەوەی جۆنسۆن؛ ئەو کەسەی کە لەگەڵ هێنری کیسینجەری ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، ئەرکی کۆتاییهێنان بە جهنگەکەیان بۆ مابووەوە، بەڵام سەرمایەی سیاسیی ئەوتۆیان بۆ سەرکێشییە نوێیەکان نەبوو. نە نیکسۆن و نە کیسینجەر هەرگیز بیریان لە وازهێنانی ئاسانی ڤێتنامی باشوور نەکردەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەدوای پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان زلهێزەکاندا دەگەڕان و دەیانزانی ئەمریکا دەبێت تا ڕاددەیەک زوو ئەم جهنگە تێ پەڕێنێت؛ بێ گومان پێش هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی.
ئەوان سەرەتا هەوڵیان دا ئامانجە کۆنەکان بە تێکەڵەیەکی نوێ لە بەکارهێنانی هێز و فێڵکردن (بڵۆف) بەدی بهێنن. ئومێدیان ئەوە بوو ڤێتنامی باکوور بە بۆردوومانی قورس و هەڕەشەی توند پاشەکشە بکات، سۆڤیەت و چین بۆ یارمەتیدان بکەونە ژێر گوشارەوە و ڕای گشتیی ئەمریکاش بە کەمکردنەوەی سنوورداری ژمارەی هێزەکان هێور ببێتەوە؛ هەروەها کۆی ئەم هەنگاوانە ببنە هۆی ڕێککەوتنێک کە کشانەوەی ئەمریکا، مانەوەی ڤێتنامی باشوور و پاشەکشەی هێزەکانی باکوور دەستەبەر بکات.
ئەمە هەمان ئەو قۆناغە بوو کە ئێچ ئاڕ هاڵدمان (H. R. Haldeman)، سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی، دواتر لە بیرەوەرییەکانیدا وتی: “نیکسۆن دڵنیا بوو کە لە کۆتاییدا دەتوانێت ڤێتنامی باکوور ناچار بە دانوستانی ڕاستەقینەی ئاشتی بکات. هەڕەشەکردن، ڕەگەزە سەرەکییەکە بوو و ناوی بۆ تیۆرییەکەیشی هەڵبژاردبوو. ئەو گوتی: من ناوم ناوە تیۆریی پیاوە شێتەکە. دەمەوێت ڤێتنامی باکوور بڕوا بکات کە من گەیشتوومەتە قۆناغێک کە ڕەنگە بۆ کۆتاییهێنان بە جهنگەکە هەر کارێک بکەم. تەنیا بەسە پێیان بگەیەنین لەبەر خودا، نیکسۆن بەرامبەر کۆمۆنیزم ههستیاره. کاتێک تووڕە دەبێت کەس ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات و پەنجەیشی لەسەر دوگمە ئەتۆمییەکەیە؛ ئەوکات خودی هۆ شی مین (Ho Chi Minh) لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە پاریس دەبێت و، بۆ ئاشتی دەپاڕێتەوە.”
بەڵام ئەم ستراتیژییە شکستی هێنا. سۆڤیەت نەیدەتوانی یان نەیدەویست گوشاری پێویست بخاتە سەر ڤێتنامی باکوور بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە قبووڵ بکات، هێزە کۆمۆنیستەکانیش نە داڕمان و نە پاشەکشەیان کرد و جهنگەکەیش بەردەوام بوو. تا پاییزی ١٩٦٩، حکوومەتی ئەمریکا تا ڕاددەیەک گەڕابووەوە هەمان خاڵی سەرەتا، بەو جیاوازییەی کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەستی پێ کردبوو؛ پرسێک کە هەم ئارەزووی ڕای گشتیی ئەمریکای بۆ کشانەوەی زیاتر بەرزتر دەکردەوە و هەم پاڵنەری دەدا بە هانۆی تا چاوەڕێی بێهێزبوونی واشنتۆن بکات.
بێئومێدی لە کۆشکی سپیدا زیاتر بوو. کیسینجەر فەرمانی بە تیمەکەی دا پلانێک بۆ وەشاندنی “گورزێکی دڕندانە و سزادەرانە” لە دوژمن ئامادە بکەن. ئەو پێی گوتن: “ناتوانم بڕوا بکەم وڵاتێکی پلەچواری وەک ڤێتنامی باکوور خاڵی داڕمانی نەبێت.”
پێش هێرشەکە، بەرپرسانی حکوومەتی ئەمریکا مۆڵەتی کۆتایی (ئۆڵتیماتۆم)یان بە سۆڤیەت و ڤێتنامی باکوور دا کە سازش بکەن؛ ئەگەرنا ڕووبەڕووی دەرەنجامەکان دەبنەوە. بەڵام کاتێک لایەنی بەرامبەر گوێی بەم ئۆڵتیماتۆمە نەدا، واشنتۆنیش هەڕەشەکانی جێبەجێ نەکرد. لە کۆتاییدا، نیکسۆن و کیسینجەر گەیشتنە ستراتیژیی دووەم بۆ چوونەدەرەوە لە جهنگ؛ تێکەڵەیەک لە کشانەوەی پلەبەپلەی هێزەکانی ئەمریکا، زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ حکوومەتی نگوین ڤان تیو (Nguyen Van Thieu) لە سایگۆن و بەدواداچوونی چڕوپڕی دانوستانەکان.
ئەم ڕەوتە لە ساڵی ١٩٧٣دا بووە هۆی ڕێککەوتنێک کە ئەو دەرفەتەی بە ئەمریکا دا تا جهنگەکە ڕابگرێت و دیلەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵات، بەبێ ئەوەی بەفەرمی خیانەتی لە هاوپەیمانەکەی کردبێت. بەڵام وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە ڕێگەی بە هێزە کۆمۆنیستەکان دا لەو ناوچانەی باشووردا بمێننەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بوو؛ پرسێک کە دەرفەتی پێ دان دوای کشانەوەی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنەکانیان دەست پێ بکەنەوە. هەر ئەم کێشەیە، لەگەڵ ئەو کۆتوبەندانەی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ دەستوەردانی دووبارە سەپاندی، دوای دوو ساڵ بووە هۆی ڕووخانی ڤێتنامی باشوور.
ترەمپ و دووبارەبوونەوەی مۆدێلی ڤێتنام لە ئێران
هەروەک چۆن جۆنسۆن لە ڤێتنام مامەڵەی کرد، دۆناڵد ترەمپیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕەوتانەی جێگەی نیگەرانی بوون، چووە ناو جهنگ لەگەڵ ئێران. هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا زیانێکی قورسیان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گەیاندبوو. بەڵام دوای ئەوە، تاران دەستی بە دروستکردنەوەی توانای سەربازیی تەقلیدیی خۆی کرد و ئیسرائیل و ئەمریکا نیگەران بوون لەوەی ئەم ڕەوتە لە کۆتاییدا قەڵغانێکی بەهێز دروست بکات کە تاران بتوانێت لە سێبەریدا درێژە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.
ترەمپ گەرەنتییەکانی ئیسرائیلی قبووڵ کرد؛ بەوەی کە هێرشێکی قورس بۆ لەناوبردنی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت حکوومەتی ئێران بڕووخێنێت و کێشەکە بۆ یەکجارەکی چارەسەر بکات. هەر لەبەر ئەوەیش، لە کۆتاییی مانگی شوباتدا ڕەزامەندیی لەسەر هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دا. ئەم هێرشانە بەشێکی گەورەی توانای سەربازیی ئێرانیان وێران کرد و ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی ئێرانی کوشت، لەوانە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی. بەڵام موجتەبا خامنەیی جێگەی باوکی گرتەوە و پێکهاتە ڕەگداکوتاوەکەی کۆماری ئیسلامییش بەردەوام بوو لە کارەکانی. لەوەیش خراپتر، ئێران هێرشی کردە سەر وڵاتانی دراوسێ لە کەنداوی فارس و بە سنووردارکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، قەیرانێکی وزەی جیهانیی دروست کرد.
لە مانگی نیساندا، ترەمپ کە لە هەنگاوەکانی هاوشێوەی جۆنسۆن نائومێد ببوو، ڕووی لە مۆدێلەکەی نیکسۆن کرد و ستراتیژییەکی نوێی لەسەر بنەمای گوشاری زیاتر، مۆڵەتی کۆتایی (ئۆڵتیماتۆم)، هەڕەشە و پێشنیازی دانوستان گرتە بەر.
زیندووکردنەوەی “تیۆریی پیاوە شێتەکە” بووە هۆی ئاگربەستی هەشتی نیسان و دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، بەڵام نەبووە هۆی بەدەستهێنانی ئەو سازشانەی کە واشنتۆن مەبەستی بوو. گەرووی هورمز هەر بەداخراوی مایەوە و داواکارییەکانی هەردوو لایەنیش مەودایەکی زۆریان لەنێواندا بوو.
ترەمپ کە هەرگیز پلانی بۆ جهنگێکی درێژخایەن دانەنابوو و ئێستا ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووەکان و دابەزینی پشتگیریی ناوخۆیی بووەتەوە، بەڕوونی بەدوای ڕێگەیەکی ئابڕوومەندانەدا دەگەڕێت بۆ چوونەدەرەوە؛ ڕێک هاوشێوەی نیکسۆن و کیسینجەر لە سەرەتای حەفتاکاندا. بەڵام ئێرانییەکانیش وەک ڤێتنامی باکوور، سەرسەختانە بەرگری دەکەن و بڕوایان وایە دەتوانن لە ململانێیەکی پڕووکێنەردا خۆڕاگر بن.
ئەوەی پێ دەچێت لە داهاتوودا ڕوو بدات، ڕێککەوتنێکە کە جهنگەکە دەوەستێنێت، هاتوچۆی کەشتییەکان دەست پێ دەکاتەوە و چارەسەرکردنی زۆرێک لە ناکۆکییەکانی دیکە بەناڕوونی دەهێڵێتەوە یان بۆ داهاتوو دوای دەخات. هەروەک چۆن چارەنووسی ڤێتنامی باشوور دواتر دیاری کرا، چارەنووسی کۆتاییی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و تەنانەت خودی کۆماری ئیسلامییش ئەگەری زۆرە بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێت.
یاریی پۆکەر
لە هەمان کاتدا، ئەو هێزانەی کۆریای باکوور کە شانبەشانی ڕووسیا لە ئۆکراینا دەجەنگن، پێ دەچێت هەستی “دیژاڤو (Déjà vu)”یان هەبێت؛ وەک ئەوەی مۆتەکەی نەوەی پێش خۆیان دووبارە ئەزموون بکەنەوە و لە گۆماوێکی خوێنی پڕووکێنەردا بووبێتنە قوربانیی مرۆیی.
لە کۆتایییەکانی حوزەیرانی ١٩٥٠دا، هێزەکانی کۆریای باکوور لە هێرشێکی کتوپڕدا هێڵی پانیی ٣٨ پلەیان تێ پەڕاند؛ هێرشێک کە ئامانج لێی خستنەژێر کۆنترۆڵی تەواوی نیمچەدوورگەی کۆریا بوو بۆ ژێر دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان. ئیدارەی هاری ترومەن ئەم هەنگاوەی بە یەکێک لە گرنگترین هێرشەکان لە کاتی هەڵکشانەکانی جەنگی سارددا دانا و، ئەمریکای پابەند کرد بە بەرگریکردن لە کۆریای باشوور؛ هەنگاوێک کە بە پشتگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ کرا.
هێزەکانی کۆریای باکوور بە درێژاییی هاوین پێشڕەوییان کرد و لە کۆتاییدا هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە ناوچەیەکی بچووکی دەوروبەری بەندەری بوسان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆریا گەمارۆ دا. بەڵام لە مانگی ئەیلوولدا، ئۆپەراسیۆنە ئاوی-وشکانییە سەرکەوتووەکەی جەنەڕاڵ دۆگلاس مەک ئارسەر (Douglas MacArthur) لە بەندەری ئینچۆن، لەپشت هێڵەکانی دوژمنەوە، ڕەوتی جهنگەکەی گۆڕی و ئەم جارە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون کە کۆریای باکووریان پاشەکشە پێ دەکرد.
لە مانگی تشرینی یەکەمدا، سەرکردەکانی ئەمریکا کە بەهۆی سەرکەوتنەکەوە سەرمەست ببوون و دەرفەتێکی چاوەڕواننەکراویان بۆ یەکخستنەوەی نیمچەدوورگەکە لەژێر حوکمڕانیی کۆریای باشووردا دەبینی، مۆڵەتیان بە مەک ئارسەر دا تا ئۆپەراسیۆنەکە قووڵتر لەناو خاکی کۆریای باکووردا درێژە پێ بدات؛ دەسەڵاتێک کە تا پێی كرا، بەکاری هێنا. بەڵام هەرچەندە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر بەرەو باکوور پێشڕەوییان کرد، جهنگەکە جارێکی دیکە ئاراستەی خۆی گۆڕی. هێزەکانی چین بۆ یارمەتیدانی کۆریای باکوور چوونە ناو جهنگەکەوە و سوپای نەتەوە یەکگرتووەکانیان ناچار بە پاشەکشەی خێرا بەرەو باشوور کرد.
هیندستان و بریتانیا ئەمریکایان خستە ژێر گوشارەوە کە دانوستانەکان دەست پێ بکات؛ بۆ ڕێککەوتنێک کە دەستبەرداربوونی تایوان و قبووڵکردنی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکانی لەخۆ دەگرت. بەڵام ئیدارەی ترومەن ئەم پێشنیازەی ڕەت کردەوە و بڕیاری دا جارێکی دیکە چانسی خۆی لە گۆڕەپانی جەنگدا تاقی بکاتەوە و، بەڕاستییش لەژێر فەرماندەییی نوێی ماتیۆ ڕیجوەی (Matthew Ridgway)، هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە ڕەوتی جهنگەکەیان گۆڕی و سەرەتای ساڵی ١٩٥١ دووبارە بەرەو باکووری نیمچەدوورگەکە پێشڕەوییان کرد.
لەم قۆناغەدا، هەردوو لایەنی جهنگەکە گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە تێپەڕاندنی چەقبەستووییی هەنووکەیی، لەڕاددەبەدەر قورس و تێچووی زۆر دەبێت. لەبەر ئەوەیش، وردە وردە بیریان لە کۆتاییهێنان بە جهنگەکە لە ڕێگەی دانوستان و لەسەر بنەمای پاراستنی دۆخی هەنووکەیی (Status quo) کردەوە. بەڵام جەنەڕاڵ دۆگلاس مەک ئارسەر دژی ئەم بڕیارە بوو و بەئەنقەست هەوڵی دا شکستی پێ بهێنێت. ئەو ئاشکرایە هەڵوێستی جەنگخوازانەی دەگرتە بەر و لە وتووێژ لەگەڵ کۆمارییەکانی کۆنگرێسدا ڕەخنەی لە حکوومەت دەگرت. لە کاردانەوەی ئەمەدا، هاری ترومەن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە مانگی نیساندا مەک ئارسەری لە فەرماندەییی گشتی دوور خستەوە و “ماتیۆ ڕیجوەی”ی خستە شوێنی.
لە مانگی حوزەیراندا، دوای ئەوەی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشێکی بەرفراوانی چینیان تێک شکاند، نوێنەری سۆڤیەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارێکی ڕادیۆییدا پێشنیازی کرد هەردوو لایەن لەسەر ئاگربەست لە هێڵی پانیی ٣٨ پلەدا ڕێک بکەون و لە مانگی تەممووزدا دانوستانی ڕاستەوخۆ بۆ ئاگربەست دەستی پێ کرد. چاودێرانی ئەو کاتە پێیان وا بوو ڕێککەوتنەکە لە چەند هەفتەیەکدا بەدەست دێت. یەکەمین دانوستانکارانی ئەمریکا تەنانەت جلی فەرمیی ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردبوو و یەکەمین دانوستانکارانی چینیش تەنیا جلی هاوینەیان هێنابوو. بەڵام دانوستانەکان گەیشتنە چەقبەستوویی و، جهنگە خوێناوییەکە دوو ساڵی دیکەیش بەردەوام بوو. لە کۆتاییدا، ئاگربەست لە تەممووزی ١٩٥٣ و نزیکەی لەسەر هەمان ئەو هێڵانە واژۆ کرا کە هەردوو لایەن لە سەرەتای دانوستانەکاندا تێیدا جێگیر ببوون.
لێکچوونەکانی جهنگی کۆریا و ئۆکراینا
لێکچوونەکانی نێوان جهنگی کۆریا و جهنگی ئۆکراینا بەرچاون. جهنگی ئێستای ئۆکراینا بە هێرشی کتوپڕی ڕووسیا لە کۆتاییی شوباتی ٢٠٢٢ دەستی پێ کرد. هەروەک چۆن کۆریای باکوور لە ساڵی ١٩٥٠ هەوڵی دەدا ئەو خاکەی بە هی خۆی دەزانی داگیری بکاتەوە، ڕووسیاش پێشڕەوییەکی بەرفراوانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دەست پێ کرد کە بە بەشێک لە خاکی مێژووییی خۆی دەزانێت و دیسانیش هاوشێوەی جهنگی کۆریا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی پابەندبوونی خۆیان دەربڕی بۆ پشتگیریکردن لەو وڵاتەی کراوەتە ئامانجی هێرشەکە.
هەروەک ئەوەی لە کۆریا ڕووی دا، ساڵی یەکەمی جهنگی ئۆکراینا گۆڕانکاریی گەورەی مەیدانی و جێگۆڕکێی بەرفراوانی هێڵەکانی شەڕی بەخۆیەوە بینی؛ بەڵام دوای ئەوە، جهنگەکە بۆ چەند ساڵێک پێی نایە ناو چەقبەستوویییەکی قورس و پڕووکێنەر بە درێژاییی هێڵە تا ڕاددەیەک جێگیرەکان. کاتێک ترەمپ لە ساڵی ٢٠٢٥ دەسەڵاتی گرتە دەست، هەوڵی دا لایەنەکان ناچار بە ڕێککەوتن بکات؛ ئەو لە لایەکەوە بە ورووژاندنی ئەگەری پاراستنی دەستکەوتە زەمینییەکانی ڕووسیا، مۆسکۆی هان دەدا و لە لایەکی دیکەیشەوە بە کەمکردنەوەی پشتگیرییەکان بۆ ئۆکراینا، “کیێڤ”ی خستە ژێر گوشارەوە. بەڵام هیچ یەک لە دوو لایەنەکە ئامادە نەبوون ڕێککەوتنەکە قبووڵ بکەن و جهنگ بەردەوام بوو. لەگەڵ ئەوەیشدا، تا لایەنەکان زیاتر شەکەت و نائومێد ببن، ئەگەری ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەم چەقبەستوویییەی ئێستا بەفەرمی بناسێنێت، زیاتر دەبێت.
هاوشێوەی جهنگی کۆریا، جهنگی ئۆکرایناش لەڕاددەبەدەر خوێناوی بووە؛ بە سەدان هەزار کوژراوی سەربازی و ملیۆنان بریندار و قوربانیی مرۆیی. لە جهنگی کۆریاشدا ملیۆنان مەدەنی کوژران یان بریندار بوون. کاتێک تێچوویەکی هێندە زەبەلاح بۆ دەستکەوتگەلێکی تا ئەم ڕاددەیە سنووردار دەدرێت، کاریگەرییەکەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەمێنێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هەروەک چۆن دوای جهنگی کۆریا ململانێکان سەریان هەڵنەدایەوە، لە ئۆکرایناش ئەگەر جهنگەکە بوەستێت، دوورە بەم زووانە دووبارە بڵێسە بسەنێتەوە؛ بەتایبەتی لەبەر ئەوەی هێڵی سنووریی نوێ بەوردی و بەهەستیارییەکی توندەوە دەپارێزرێت.
ئەم جارەیش جیاواز نییە
هەر چوار جهنگەکە بە هەڕەشەی ئەتۆمییەوە ئاوێتە بوون. ئەم مۆدێلە یەکەم جار لە جهنگی کۆریا دەرکەوت؛ یەکەمین جهنگ کە تێیدا ئەگەری ڕوودانی جهنگێکی بەرفراوانی ئەتۆمی لەنێوان دوو بلۆکەکەدا هەبوو. زلهێزە ئەتۆمییەکان لەم جهنگانەدا چەندان جار هەڕەشەی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمییان کرد تا لایەنی بەرامبەر ناچار بە پاشەکشە بکەن، بەڵام هیچ کات بەکردەیی ئەو هەڕەشەیەیان جێبەجێ نەکرد.
ئەمریکا لە کۆریا و ڤێتنام چەکی ئەتۆمیی بەکار نەهێنا، ڕووسیا لە ئۆکراینا کارێکی لەو شێوەیەی نەکردووە و ئەمریکا و ئیسرائیلیش لە جهنگی ئێراندا، وێڕای هەر جۆرە لێدوانێکی ئاپۆکالیپتی (Apocalyptic)، چەکی ئەتۆمی بەکار ناهێنن. بەڵام پاڵنەرەکان بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بێ گومان زیاتر دەبن. بۆ هیچ وڵاتێک ئەو ڕاستییە شاراوە نابێت کە ئۆکراینا تەنیا دوای دەستبەرداربوون لە توانای ئەتۆمیی خۆی کرایە ئامانجی هێرش و، لە کاتێکدا کۆریای باکووری خاوەن چەکی ئەتۆمی لە ئاسایشدایە، ئێرانی بێ چەکی ئەتۆمی بووەتە وێرانە. هەروەها هەر چوار جهنگەکە نەک تەنیا کێشە و گرژیی نێوان دوژمنەکانیان تێدا بوو، بەڵکوو لەنێوان هاوپەیمانەکانیشدا؛ بابەتێک کە زۆر سەیر نییە، چونکە زلهێزە گەورە و بچووکەکان بەرژەوەندی و بەرپرسیارێتیی جیاوازیان هەیە.
دیسانیش ئەم مۆدێلە یەکەم جار لە جهنگی کۆریا بینرا. کاتێک زلهێزە گەورەکان بڕیاریان دا کاتی کۆتاییهاتنی جهنگەکە نزیک بووەتەوە، هاوبەشە بچووکەکانیشیان ناچار بە هاوڕایی کرد. دوای مردنی ستالین، سەرکردە نوێیەکانی سۆڤیەت بڕیاریان دا تێچووەکان کەم بکەنەوە و ڕێگە بدەن ئاگربەست بەرەوپێش بچێت، لە کاتێکدا واشنتۆنیش سێئۆلی ناچار کرد ڕێککەوتنێک قبووڵ بکات کە دژی بوو.
بیست ساڵ دواتر، ئەمریکا هەمان کاری لەگەڵ سایگۆن کرد. ئۆکراینا تا ئەمڕۆ لە بەرامبەر گوشارێکی لەو جۆرەدا خۆڕاگریی کردووە، بەڵام ئەگەر ڕووسیا ڕۆژێک ئامادە بێت ڕێککەوتنێکی قبووڵکراو پەسەند بکات، ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ڕێگەیەک دەدۆزنەوە تا کیێڤ پێی ڕازی بکەن.
هەمان پرس سەبارەت بە ئێرانیش ڕاستە؛ کاتێک ئیدارەی ترەمپ و ئێران دەگەنە خاڵێکی هاوبەش، ئەمریکا داواکارییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی کەنداو بۆ بەردەوامبوونی ئەوپەڕی گوشارەکان (Maximum pressure) وەلا دەنێت. لەم ڕۆژانەدا قسەوباسێکی زۆر لەسەر ئەوە دەکرێت کە شکستی واشنتۆن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ئێران، نیشانەی داکشانی حەتمیی هێزی ئەمریکایە.
بۆ نموونە، یەکێک لە مانشێتەکانی ئەم دوایییەی ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز (‘New York Times’)” نووسیبووی: “چین زیاتر لە جاران ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا وەک ئیمپراتۆرییەتێکی لە دۆخی داڕماندا دەبینێت.” زۆر کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکاش هەمان بۆچوونیان هەیە. بەڵام هەمان ئەم قسانە دوای شکستی ئەمریکاش لە ڤێتنام دەکران؛ لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەمریکا تەنیا چەند ساڵێک دواتر دووبارە بەهێز بووەوە و بۆ چەندان دەیە هەژموونی جیهانیی ئەزموون کرد.
هیچ گەرەنتییەک نییە کە بووژانەوەیەکی جیۆپۆلیتیکیی لەم شێوەیە دووبارە ببێتەوە، بەڵام داینامیکی داهێنەرانەی سەرمایەداریی ئەمریکا و توانای خۆنوێکردنەوەی دیموکراسیی ئەمریکی بە درێژاییی سەدەکان چەندان جار هەلومەرجە مەحاڵەکانی گۆڕیوە و، دوورە ئێستا بوەستێت.
ڕەنگە گرنگترین لێکچوونی مێژوویی لە تەواوی ئەم جهنگانەدا، گەشبینیی ساویلکانەی سەرکردەکان بێت لە کاتی جهنگدا؛ ئەو سەرکردانەی کە پێیان وایە دەکرێت بەسادەیی بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی ئامانجە سیاسییەکان بەدەست بهێنرێن، دوژمن کاردانەوەی جددیی نابێت و هیچ پێویستییەک بە پلاندانانی ستراتیژیی ورد نییە.
لە جهنگیشدا، ڕێک وەک بازاڕ، ڕەنگە مەترسیدارترین ڕستە ئەمە بێت: “ئەم جارە جیاوازە.”
سەرچاوە:
پێنووس لە کۆتایییەکانی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاوکێشە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێك پێکهێنانی حکوومەتی… زیاتر
د. ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین … زیاتر
شەهریار شێخلەر، توێژەر لە بواری سیاسەتی وزە- ماستەر لە بەڕێوەبردنی بیزینس- ستراتیژی و، هەروەها ماستەر لە… زیاتر
نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری… زیاتر
ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق "عەلی ئەلزەیدی" دەبنەوە نووسینی: یەکەی دیراساتی عێراق (Iraq Studies… زیاتر