شرۆڤە

ئایا ترەمپ لە جەنگی یەکلاکەرەوەی کۆتایی (ئارماگیدۆن) ڕادەکات؟

نووسەران: مارک تۆت (Mark Toth) و جۆناسان سوییت (Jonathan Sweet)

سەرچاوە: گۆڤاری “دە هیڵ” (The Hill)

سەرۆک ترەمپ کێشەی هەیە لە تێگەیشتن لە جەنگی ناهاوتا (asymmetrical warfare)ی سەردەم. ئەو بەردەوام هەوڵ دەدات سەرکەوتن بەسەر ئێراندا وەک تێکشکاندنی هێزی دەریایی، ئاسمانی و سوپای ئاساییی وڵاتەکە پێناسە بکات، وەک ئەوەی ئەوانە تاکە سەرچاوەی دەسەڵاتی ڕژێمەکە بن.

لە ڕاستیدا وا نییە، بەڵام ترەمپ بەردەوام هەوڵ دەدات پێشوەختە لەسەر ئەو بنەمایانە سەرکەوتن ڕابگەیەنێت. ڕۆژی ٢٦-٥-٢٠٢٦ دووبارە هەمان شتی کردەوە، کاتێک وشە بە وشە تووڕەیییەکانی ١٨ی ئایاری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ (Truth Social) بڵاو کردەوە و تیایدا هێرشی کردە سەر میدیاکان و نەیارەکانی لەبەر ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێران لە جەنگەکەیدا دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل سەر دەکەوێت.

بە پێوەرە ئاسایییەکان، ئێران سەر ناکەوێت. سەرەڕای ئەوەیش، ئێران – هەروەک چۆن بۆ چەندان دەیەیە دەیکات – بە شێوازێکی جیاواز سەرکەوتن پێناسە دەکات.

بۆ ماوەی ٤٧ ساڵە، ئێران بەرگرییە سەربازییە هەرێمی و جیهانییەکەی لەسەر بنەمای فراوانکردنی توندی سوپا وەکالەتییەکانی بنیات ناوە، لەوانەیش: حەماس (Hamas)، حزبوڵڵا  (Hezbollah)، حووسییەکان  (Houthis)  و میلیشیا شیعەکانی دیکە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئامانج لەمانە ئەوەیە کە هێڵەکانی پێشەوەی هەر جەنگێکی داهاتوو لەگەڵ ئیسرائیل یان ویلایەتە یەکگرتووەکان لە خودی ئێران دوور بخەنەوە.

بەڵام هەمیشە ئامانجی سەرەکییان پاراستنی گەشەپێدانی بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران بووە، لەوانەیش: بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی مامناوەند (intermediate-range ballistic missiles) – و هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی مووشەکی بالیستیکی کیشوەربڕ (intercontinental ballistic missiles).

ئێستا، لەژێر گوشاری گەورەی ئابووری و سیاسیی ناوخۆدا، ترەمپ لە مەترسیی پاشەکشە یاخود هەڵاتندایە بەبێ ئەوەی چارەسەری ئارماگیدۆنە ئەتۆمییەکەی ئێران بکات کە خەریکە دروست دەبێت. بەڵێ، ئەو بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە کە دۆخەکە بەو شێوەیە بێت، هەروەک چۆن لە ڕۆژی یادکردنەوەدا (Memorial Day) گوتی ئێران ”هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.” بەڵام تاکتیکەکانی دانوستانی ترەمپ پێچەوانەی ئەمە نیشان دەدەن.

لە سەرەتادا، ترەمپ گوتی هەموو هێڵە سوورەکانی دانوستانەکانی، لە لەناوبردنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن. ئەمە هەمان شت بوو کە لە ١٥ی ئادار لەناو فڕۆکەی ئێر فۆرس وەن (Air Force One)  بانگەشەی بۆ کرد، کاتێک ڕای گەیاند، ”ئێران هیچ چەکێکی ئەتۆمیی نابێت. لێرەوە دەست پێ دەکات.”

وا دیارە ئێستا ترەمپ ئامادەیە لە سەرەتادا بچێتە ناو یاداشتێکی لێکتێگەیشتنەوە کە بە کردنەوەی گەرووی هورمز (Strait of Hormuz) دەست پێ دەکات، ئەگەری کەمکردنەوەی سزاکان بۆ ئێران دەڕەخسێنێت و پرسی ئەتۆمی بەهەڵپەسێردراوی دەهێڵێتەوە، تەنیا چەند دڵنیایییەکی ناڕوونی ئێرانی نەبێت کە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادەن.

لەو چوارچێوەیەدا، ئێران سیناریۆی دانوستانەکانی ترەمپی پێچەوانە کردووەتەوە. وا دیارە ئەو لە مەترسیی کەوتنەناو ئەو تەڵەیەدا بێت. تا ئەو کاتەی جەی دی ڤانس (JD Vance)، جێگری سەرۆک، لە ١٢ی نیسان ئیسلام ئابادی جێ هێشت، واشنتۆن کۆنتڕۆڵی گوتارەکەی دەکرد. چیتر دۆخەکە بەو شێوەیە نەماوە. لە دوای دوایین پێشنیازی ترەمپەوە، ئێران گوتارەکە دیاری دەکات، لایەنی کەم لەناو ژینگەی میدیاییدا.

لە رۆژی ٢٧-٥-٢٠٢٦میدیای فەرمیی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (United Nations Security Council)  یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بەر لەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک ڕێککەوتنێکی پابەندکەر پەسەند بکات. هەروەها، ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئێران پاشەکشە بکەن و ڕژێمەکە لەگەڵ عوماندا کۆنتڕۆڵی کەشتیوانیی دەریایی لە گەرووی هورمز بکەن. کۆشکی سپی ناچار بوو ئەم بیرۆکەیە ڕەت بکاتەوە و، بە ”تەواوەتی هەڵبەستراو” ناوی برد. بەڵام ئەمە تەنیا نموونەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی پیشانی بدات کە چۆن ئێران لە دۆخی هێرشبردندایە و تیمی ترەمپیش لە دۆخی بەرگریدا گیری خواردووە.

شتە مەترسیدارەکەیش ئەوەیە، هێرشەکانی ئێران تەنیا لە چەواشەکاریی میدیاییدا کورت نابنەوە. هەفتەی ڕابردوو، ئێران هێرشی کردە سەر وێستگەی ئەتۆمیی بەرەکە (Barakah Nuclear Power Plant) لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات). تاران تەنیا گاڵتەی بە ترەمپ نەدەکرد — بەڵکوو پەیامی بە هاوپەیمانە کەنداوییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش دەدا کە لە کاتێکدا ترەمپ بەدوای ڕێککەوتنێکی ئاشتیی دوورەدەستدا ڕادەکات، ناتوانێت بیانپارێزێت.

لە هەمان کاتدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان خۆی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرگرییەکاندا قەتیس کردووە. ڕۆژی ٢٧-٥-٢٠٢٦، فەرماندەییی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان (U.S. Central Command) ڕای گەیاند کە چوار بەلەمی ئێرانیی تێک شکاندووە کە دەیانویست مین لە گەرووی هورمزدا بچێنن. هەروەها گورزی لە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە نزیک بەندەر عەباس وەشاند کە هەڕەشەیان بۆ سەر هێزە ئاسمانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دروست کردبوو.

دەبێت ترەمپ دان بەوەدا بنێت کە ئێران یاریی پێ دەکات. سەرکردەکانی ئەو وڵاتە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دروستکردنی هێڵی بەرگریی هەرێمیی نوێ بە شێوازێکی ناهاوسەنگەوە خۆیان لە هەنگاوی سەربازیی زیاتر بپارێزن.

گەمارۆدانی گەرووی هورمز یەکێک لە ڕێگه‌کان بوو. هەڕەشەکردن لە دراوسێ کەنداوییەکانی، لەوانەیش وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاوی سوێر، کە جێگره‌وه‌یان نییه‌، ڕێگەیەکی دیکەیە.

داواکردن لە ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە لوبنان لەپێناو پاراستنی حزبوڵڵا – کە ئەندامێکی دانەبڕاوی میحوه‌ری خۆڕاگری (Axis of Resistance) ئێرانە – ڕێگەیەکی دیکەیە کە ئێران هەوڵ دەدات ترەمپ ناچار بکات دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی تاران ببێت.

پێشنیازەکەی ئێرانیش بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی کۆگه‌کانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی (enriched uranium) خۆی، هەمان مەبەستی هەیە. پێ دەچێت ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر ئەسفەهان، ئەو دامەزراوانەیان وێران کردبێت کە بۆ ئەو کارە پێویستن. ئەگەر ترەمپ بەمە ڕازی بێت، ئێران بەسادەیی یاری بە کات دەکات تاوەکوو کۆتایی بە خولی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ دێت.

ئەگەر ترەمپ بیەوێت بەڕاستی شکست بە ئێران بهێنێت و کۆتایییەکی یەکجاری بە هەوڵەکانی تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بهێنێت، نابێت پێشوەختە لە جه‌نگەکە بکشێتەوە. ئەگەر گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی ڕژێم لە ئێراندا ڕوو نەدات و تا ئەو کاتەی ڕوو دەدات، ئەو هەڕەشەیە هەرگیز کۆتایی نایەت، تەنانەت ئەگەر تاران واژۆ لەسەر هەر یاداشت یان ڕێککەوتنێکی ئاشتییش بکات.

سەرباری ئەوەیش، ئەگەر ترەمپ پاشەکەشە بکات یاخود (لە جەنگ) هەڵبێت، دەرفەتێکی ستراتیژی بۆ چین دەڕەخسێنێت؛ کە ئەمەیش بە شێوەیەکی کاریگەر هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتاییی پێ دەهێنێت یان زۆر لاوازی دەکات. ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، ئێران دەبێتە گەورەترین شکستی ستراتیژیی ئەمریکا.

دەربارەی نووسەران:

مارک تۆت (Mark Toth) لەسەر پرسی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە دەنووسێت. عەقیدی خانەنشین، جۆناسان سوییت (Jonathan Sweet) بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ وەک ئەفسەری هەواڵگریی سەربازی خزمەتی کردووە و لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٤ سەرپەرشتیاریی بەشی پەیوەندییەکانی هەواڵگری لە فەرماندەییی ئەوروپای ویلایەتە یەکگرتووەکان (U.S. European Command Intelligence Engagement Division)  کردووە. ئەوان هاودامەزرێنەری ئینترێپ٣٦٠ (INTREP360) و ڕاپۆرتی هەواڵگریی ئینترێپ٣٦٠ن لەسەر پلاتفۆرمی سەبستاک  (Substack).

سەرچاوە:

https://thehill.com/opinion/national-security/5896935-trump-backpedaling-iran-policy/

Shayda

بابەتی پەیوەندیدار

هیچ ئاسەوارێک لە “هونەری ڕێککەوتن”ەکەی ترەمپ لەگەڵ ئێراندا، بەدی ناکرێت

   محەمەد بازی (Mohamad Bazzi) ڕۆژنامەی زە گاردیان (The Guardian) بۆ چەندان هەفتەیە، دۆناڵد ترەمپ… زیاتر

6 hours ago

ئەمریکا و چین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ئایا شکست بەرامبەر ئێران دەبێتە هۆی پاشەکشەی هێزی ئەمریکا؟

وەرگێڕان: پێنووس بابه‌تی شکستی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جه‌نگەکەیدا دژی ئێران، لەسەر سێ گریمانە… زیاتر

3 days ago

وانە سەختەکانی جەنگی ئێران

ماکس بووت (Max Boot) ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان  (CFR) جەنگی ئێران خاڵە بەهێز و لاوازەکانی دامەزراوەی… زیاتر

7 days ago

لە “تیۆریی پیاوە شێتەکە”ی نیکسۆنەوە تا جه‌نگی ترەمپ لەگەڵ ئێران؛ ئایا چارەنووسی جه‌نگی ڤێتنام دووبارە دەبێتەوە؟

جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەگەری زۆرە هاوشێوەی جه‌نگی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٣دا کۆتایی… زیاتر

1 week ago

دیپلۆماسییەتی پراگماتیکیی ئەکتەرێکی نادەوڵەتی:  ڕەهەند و ئامانجەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆما و ڤاتیکان

  پێنووس لە کۆتایییەکانی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاوکێشە… زیاتر

2 weeks ago

حکوومەتی زەیدی؛ نەخشەڕێگەی نوێی شیعە لەنێوان مانۆڕی سیاسی و گرەوی مانەوەدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێك پێکهێنانی حکوومەتی… زیاتر

2 weeks ago