شرۆڤە

ئەمریکا و چین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ئایا شکست بەرامبەر ئێران دەبێتە هۆی پاشەکشەی هێزی ئەمریکا؟

وەرگێڕان: پێنووس

بابه‌تی شکستی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جه‌نگەکەیدا دژی ئێران، لەسەر سێ گریمانە بنیاد دەنرێت: یەکەمیان پەیوەندیی بە بێتواناییی واشنتۆنەوە هەیە لە درککردن بە سنوورەکانی هێزی سەربازی و، دووەمیان بە شکستهێنانی لە بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکانی جه‌نگەکە. بەڵام سێیەمینیان پەیوەستە  بە کاریگەریی جه‌نگەکە لە دەرەوەی بازنەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەک کە لێکەوتەکانی، گەیشتنە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی لە زیاتر لە ئاستێکدا.

ئەستەمە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە خاوەندارێتیی ئێستایەوە وەک ڕۆژنامەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیدارەی ترەمپ پۆلێن بکرێت، هەرچەندە ئەو لە ئاراستەکردنی ڕەخنە بۆ سیاسەتەکانی لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر درێغی ناکات؛ ئەمەیش وەک وەفادارییەک بۆ ئەوەی لە نەریتە لیبڕاڵەکانی ماوەتەوە. بۆیە، دەبێت لێدوانەکەی لەسەر سەردانەکەی ئەم دوایییەی سەرۆک ترەمپ بۆ چین لەنێوان ١٣-١٥ی ئایار/ مایسی ٢٠٢٦، بە گرنگییەکی زۆرەوە وەربگیرێت. واشنتۆن پۆست لە سەروتارەکەیدا سەبارەت بە سەردانەکە گوتی: شی جین پینگ، سەرۆکی چین، بێڕێزیی بەرامبەر بە ترەمپ نیشان داوە و، کاری کردووە بۆ دووپاتکردنەوەی هاوتایی و هاوشانیی چین لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. ڕۆژنامەکە سەردانەکەی بە “لووتکەیەکی نائومێدکەر” وەسف کرد و، ڕای گەیاند کە هیچ شتێکی بەدی نەهێناوە جگە لە پاراستنی دۆخی هه‌نووكه‌یی لەنێوان هەردوو دەوڵەتەکەدا و، تەنانەت بەبێ دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش کۆتایی هات.

ژمارەیەک لە چاودێرانی هێزی ئەمریکا و، ئەو ئاڵنگاری (تەحەددییانە)ی کە لە دەیەی ڕابردوودا دەستیان کردووە بە ڕووبەڕووبوونەوەی، سەرنجیان بۆ ئەو سەرلێشێواوییە ڕاکێشا کە لە سەردانەکەی ترەمپ بۆ چین هەبوو و، ئاماژەیان بەوە کرد کە سەردانەکە پلاندانان و ئامادەکاریی پێشوەختەی کەم بوو، چونکە دوای دواخستنێک هات کە بەهۆی جه‌نگی سەر ئێرانەوە بەسەریدا سەپێنرا لە وادەی پێشووی خۆی لە مانگی ئاداری ڕابردوودا.

لەپاڵ ئەوەی جه‌نگی سەر ئێران لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا شکستی هێنا، ئەوان دەڵێن: جه‌نگەکە چیتر تەنیا لە شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنووردار نییە و، دەبێت دەنگدانەوەکەی لە ڕوانگەی کاریگەرییەکانییەوە لەسەر سیسته‌می هەژموونی ئەمریکا لە شانۆی نێودەوڵەتیدا سەیر بکرێت. ژمارەیەک لەوانەی باسی پاشەکشەی هێزی ئەمریکا دەکەن، دوودڵ نەبوون لە وەسفکردنی شکست لە جه‌نگی ئێراندا، بەوەی کە نزیکە لە “ساتەوەختی سوێز”؛ ئەمەیش وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ کارەساتی شکستی بریتانیا لەو دەستدرێژییەی کە لە ساڵی ١٩٥٦دا کردییە سەر میسر.

ئەی تا چ ڕاددەیەک دەکرێت بگوترێت: جه‌نگی سەر ئێران بەڕاستی بە شکستی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتاییی هاتووە؟ ئایا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لەنێوان شکست لە ئێران و دەرەنجامە مامناوەندەکانی لووتکەی ئەمریکا-چین؟ ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێستا لەبەردەم “ساتەوەختی سوێز”ی تایبەت بە خۆیدایە؟

 

شکست لە ئێران

چه‌مكی شکستی ستراتیژیی ئەمریکا لە ئێران لە سێ گریمانەوە سەرچاوە دەگرێت: یەکەمیان، بێتواناییی بەردەوامی واشنتۆن لە درککردن بە سنوورەکانی هێزی سەربازی. دووەمیان، شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکانی جه‌نگەکە. سێیەمیشیان، دەرچوونی دەنگدانەوە و لێکەوتەکانی جه‌نگەکە، پێکەوە، لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسته‌وه‌ بۆ ناو گۆڕەپانی نێودەوڵەتی.

ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا، بەجیا لە بەشداریی ئیسرائیل لە جه‌نگەکەدا، یەکێک لە گەورەترین هێزە سەربازییەکانی بە هێزێکی ئاگرینەوە کۆ کردەوە کە جیهان هاوشێوەی نەدیوە، ڕەنگە لە دوای داگیرکردنی عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا. کۆکردنەوەی هێزی ئەمریکی پشتی بە سێ فڕۆکەهەڵگر و چەندان پارچەی دەریایی بەستبوو، لەگەڵ ئاماده‌بوونی سەربازیی ئەمریکی لە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی هاوسێی ئێراندا. بۆردوومانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کە نزیکەی چل ڕۆژی خایاند، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل، کەسایەتییەکانی ڕیزی یەکەمی ڕژێمی ئێرانی کردە ئامانج، لەوانەیش: ڕێبەری باڵا و سەرکردە باڵاکانی سوپای پاسداران و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییە بەهێزەکان و، سەدان پێگەی ئەمنی و سەربازیی ئەتۆمی و نائەتۆمی، سەرەڕای پیشەسازییەکانی ژێرخان، پاڵاوگەکانی نەوت، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزە، زانکۆکان، قوتابخانەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە.

بەڵام ئەنجامەکانی بۆردوومانە وێرانکەرەکە زۆر کەمتر بوو لەوەی ئیدارەی ئەمریکا پێشبینیی دەکرد؛ چ لە ڕووی خەمڵاندنی قەبارەی ئەو زیانانەی کە بە ئێران گەیشتوون، یان لە ڕووی خەمڵاندنی قەبارەی وەڵامدانەوەی ئێرانەوە. بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ١٣ی ئایار/ مایسدا بڵاوی کردووەتەوە و پشتی بە ڕاپۆرتە هەواڵگرییە فەرمییەکانی ئەمریکا بەستووە، ئێران هێشتا زۆربەی جبەخانە مووشەکییەکەی دەپارێزێت. هەروەها ٣٠ بنکەی مووشەکی لە کۆی ٣٣ بنکەی لە دەوروبەری گەرووی هورمزدا دووبارە خستووەتەوە گەڕ. نیویۆرک تایمز دەڵێت: ٪٧٠ی کۆگه‌ی مووشەکیی ئێران و، ٪٩٠ی دامەزراوەکانی کۆگه‌ و هەڵدان، کە لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاو کراونەتەوە، دووبارە شیاوی بەکارهێنانەوەن.

ئەم جیاوازییە لەنێوان قەبارەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل و کاریگەرییە سەربازی و سیاسییەکانیاندا، بە هەمان شێوە، وا دەکات ئامانجی تەسلیمبوونی ئێران، دوور بێت لە بەدیهاتن. ڕاستە ئیدارەی ترەمپ لە بنەڕەتدا دەیویست ڕژێمی ئێران دەستەمۆ بکات و ئاراستە ستراتیژییەکەی بگۆڕێت و، ئیسرائیلییەکانیش هەوڵیان دەدا ڕژێمەکە بڕووخێنن و لە ڕەگەوە هەڵی بکەنن، بەڵام جه‌نگەکە تا ئێستا لە بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە. ئەمەیش ئەو دەرەنجامەیە کە دەڵێت ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئێراندا ڕووبەڕووی شکستێکی ستراتیژی دەبێتەوە؛ ڕاستیشە کە ئیدارەی ترەمپ پشتی بە کەمکردنەوەی لیستە ئامانجەکانی بەست، لە گۆڕینی ڕژێمەوە بۆ تەرکیزکردن لەسەر پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێران و لەسەر گەرووی هورمز، لەگەڵ پشتگوێخستنی پرسی مەودای مووشەکەکانی ئێران و پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەم کەمکردنەوەیە ڕەنگە بەڵگەیەکی زیاتر بێت لەسەر شکست، نەک لەسەر ڕەتکردنەوەی.

ژمارەیەک هۆکار لەپشت شکستی ئەمریکاوە هەن لە ئێراندا: یەکەم، ئیدارەی ترەمپ نەیتوانی سنووردارێتییه‌کانی هێزی سەربازیی زاڵ و توندوتیژ ببینێت، بەتایبەتی کاتێک بەکارهێنانی هێزی سەربازی تەنیا لە بۆردوومانی ئاسمانیدا کورت دەبێتەوە. چونکە لە ڤێتنامدا، بۆردوومانی ئاسمانیی وێرانکەر کە چەند ساڵێکی خایاند، نەیتوانی ڤێتنامی باکوور دەستەمۆ بکات. چاوەڕوانیش ناکرێت کە ئێران، کە لە ڕووی ڕووبەر، دانیشتووان و تواناکانەوە لە ڤێتنام گەورەترە، تەسلیمبوون ڕابگەیەنێت؛ هێرشی بۆردوومانەکە هەرچەندە توند و کاریگەریش بێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕای گشتیی ئەمریکا هیچ باوه‌ڕی به‌و بانگەشەیه‌ نییه‌ كه‌ گوایه‌ ئێران هه‌ڕه‌شه‌یه‌، بۆیە به‌دوور ده‌بینرێت کە ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتییەک بۆ هەنگاوێک بدۆزێتەوە کە داگیرکردنی ئێران لەخۆ بگرێت؛ لەگەڵ هەموو ئەو مەترسییانەی کە داگیرکارییەکە بۆ سەر هێزە داگیرکەرەکان دروستی دەکات.

هۆکاری دووەم ئەوەیە کە ئیدارەی ترەمپ، سەرەڕای گرنگیدانی درێژخایەنی ئەمریکا بە کاروباری ئێران، لە سروشتی ڕژێمی ئێرانی تێ نەدەگەیشت و، نەیشیتوانی وێنەیەکی ڕاست و دروست بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بکێشێت، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی وڵاتدا. ڕوونیشە کە واشنتۆن ڕاپۆرتەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە ئێران و ڕژێمەکەی و ئۆپۆزیسیۆنەکەی بەبێ وردبینییەکی پێویست قبووڵ کردووە. ئەنجامەکەیش بێ گومان ئەوە بوو کە پلانی جه‌نگەکە پشتی بە گریمانەی لاواز و نادروست بەستبوو کە نەدەهاتنە دی. ئیدارەی ترەمپ پێکهاتە یەکجار ئاڵۆزەکەی ڕژێمی ئێرانی لەبەرچاو نەگرت و، نە ڕاستیی دابەشبوونی هێز لەنێوان دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی حوکمڕانیی سیاسی و سەربازیدا. هەروەک چۆن ئیدارەی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکانی زێدەڕۆیییان کرد لە هێز و کاریگەریی ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار لە دەرەوە، قورساییی دڵسۆزیی نەتەوەییی گەلی ئێرانیشیان لەبەرچاو نەگرت، تەنانەت لە ڕیزەکانی شەقامی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیشدا.

هۆکاری سێیەم ئەوەیە کە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ جه‌نگەکە نەک تەنیا کاریگەریی خۆی سەلماند، بەڵکوو کارتی زیاتری سازشکردنی بەخشییە ئێران کە پێش جه‌نگەکە لەبەردەستیدا نەبوون؛ سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بەردەوام بوو لە کەمکردنەوەی بایه‌خی قەبارەی دەستکەوتەکانی ئێران لە ماوەی هەفتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا. هەرچەندە داتای فەرمیی باوەڕپێکراو لەلایەن ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانەوە نییە، بەڵکوو پێ دەچێت ئێرانییەکان سەرکەوتوو بووبێتن لە دروستکردنی پەککەوتنی تەواوەتی یان بەشەکی لە زۆربەی ناوەندەکانی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکادا لە عێراق، وڵاتانی کەنداو و، ئوردن و، لە بەدیهێنانی پێكانی ڕاستەوخۆ لە دەیان پێگەی سەربازی و هەواڵگریی ئیسرائیلیدا. هەروەها بۆردوومانی ئێران هەڕەشەیەکی ستراتیژیی بۆ سەر زۆربەی وڵاتانی کەنداو پێک هێنا، سەرەڕای سەرکەوتنی ئەم دەوڵەتانە لە ڕێگریکردن لە ژمارەیەکی زۆر لە مووشەک و درۆنه‌كان (فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان)ی ئێران. ڕەنگە سەرکەوتنی ئێرانییەکان لە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و کۆنترۆڵکردنی جووڵەی دەریاوانی لە ڕێگەیەوە، یەکێک بێت لە سەرسوڕهێنەرترین و کاریگەرترین پێشهاتەکانی جه‌نگەکە. بە لەبەرچاوگرتنی تەسکیی ئەو ڕێڕەوەی کە بۆ دەریاوانی شیاوە لە گەرووەکەدا و، کەوتنی لەژێر چاودێریی پێگە کەناراوییەکانی ئێراندا، وەک ئەوە وایە کە بژاردەکانی کردنەوەی ڕێڕەوەکە بە هێزی سەربازی نەمابێتن.

کەسانێک هەن، وەک د. ڕۆبێرت پایپ، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی شیکاگۆ و پسپۆڕ لە توێژینەوە ئەمنی و سەربازییەکاندا، پێیان وایە کە شکستی ستراتیژی، مەرج نییە بەناچاری ببێتە هۆی ڕاگرتنی جه‌نگەکە. چونکە لەخۆباییبوونی هێز لە ئیدارەی ئەمریکادا، سەرەڕای ترسی کاریگەریی شکستەکە لەسەر پێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە جیهاندا، ڕێک وەک ئەوەی لە ڤێتنامدا ڕووی دا، ڕەنگە ببێته‌ هۆی جۆرێک لە کوێریی ستراتیژی و، نکۆڵیکردنی توند لە سنووردارێتییه‌کانی هێزی سەربازی و، پاشان بەرەو پەرەسەندنی زیاتر، بەڵام ئەگەری زۆر ئەوەیە کە خولێکی تری جه‌نگەکە نەتوانێت ئەوە بەدی بهێنێت کە خولی یەکەم نەیتوانی بەدەستی بهێنێت. ئەمەیش ئەو پرسیارە دەورووژێنێت کە ئایا پێویستە سەیری شکستی ئەمریکا لە ئێران بکرێت وەک پێشهاتێکی زۆر گرنگ لە پێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا: ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئۆپەراسیۆنی کەنداوی بەرازەکاندا، لە نیسانی ١٩٦١دا، کە ئەویش ئامانجی دەستەمۆکردنی کوبا بوو، شکستی نەهێنا، بێ ئەوەی شکستەکە هیچ شوێنەوارێکی درێژخایەن لەسەر پێگە و ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە جیهاندا بەجێ بهێڵێت؟

ڕاستییەکە ئەوەیە کە جه‌نگی سەر ئێران لە یەکەم ڕۆژییەوە چیتر ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار نەبووە، نە لە مەیدانەکەیدا و نە لە ئامانجەکانیدا و، شکست لەم جه‌نگەدا بە هەموو پێوەرێک شکستی کوبای شەستەکان، يان ڤێتنامی حەفتاکان، یان تەنانەت شکستی ئەفغانستان لە چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر تێ دەپەڕێنێت. ئێران یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی نەوتی و، دەوڵەتێکی سەرەکییە لە نەخشەی هێزدا لە ناوچەی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنانەت کاتێک ئیسرائیلیش دەخرێتە ناو هاوکێشەکانی هێزەوە. بەهۆی ئەوەیشه‌وه‌ كه‌ هەڕەشەی ستراتیژیی ئێران بۆ سەر هاوسێکانی کەنداو ژمارەیەک لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی وزەی لە جیهاندا کردە ئامانج و، گرەوی هەرە دیار لە جه‌نگەکەدا لە دەوری ژمارەیەک دۆسیەی خاوەن کاریگەریی بەدەر لە سنوورەکان دەسووڕایەوە، بۆیە شکست لە ئێراندا، لە چوارچێوە هەرێمییەکەیدا نه‌مایه‌وه‌ و، گوازرایەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی. ئەوەی گرنگییەکەی کەمتر نییە ئەوەیە کە ئێران دەوڵەتێکی زۆر نزیکە لە ڕووسیا و چین کە نوێنەرایەتیی بلۆکی نێودەوڵەتیی ڕکابەریی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن لەسەر زیاتر لە ئاستێک. ئەگەر ئامانجە سەرەکییەکانی جه‌نگەکە و پەیوەندییە نزیکەکانی ئێران لەگەڵ ڕووسیا و چین لەبەرچاو بگیرێن، شکست لە جه‌نگەکەدا وەک شکستی پڕۆژەی یەکلاکردنەوەی تەواوەتیی ململانێکان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەکەوێت و؛ بنیادنانی هاوسەنگییەکی نوێی هێز کە هەژموونێکی یەکلاکەرەوە بۆ چەندان دەیەی داهاتوو بەدی بهێنێت.

سەرەڕای ئەوەیش، ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆربەی جه‌نگەکانی لە دوای جه‌نگی جیهانیی دووەمەوە بە پشتیوانی و پشتگیری و هەندێک جار بەشداریی هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکانی لە ئەوروپا، کەنەدا و ئوسترالیا ئەنجام داوە. بەڵام لەم جه‌نگەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیاری دا بەجیا لە دەوڵەتە ڕۆژاوایییەکانی تر شەڕ بکات، بەڵکوو لە سایەی گرژیی پەیوەندییەکان لەگەڵ زۆربەی ئەو دەوڵەتانەدا و، لە هاوپەیمانییەكي بێپێشینەدا لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، کە دەوڵەتێکی نامۆیە بە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خۆی و، ئەمەیش هۆکار بوو کە کەسانی وەک ڕۆبێرت کیگان، یەکێک لە دیارترین لایەنگرانی سیاسەتی دەستێوەردانی ئەمریکا لە دەرەوە، کە لە پێگەی ڕاوێژکاریدا بۆ ئیدارە کۆماری و دیموکراتەکان کاری کردووە، لە گۆڤاری ئەتلانتیک لە ١١ی ئایار/ مایسدا بنووسێت کە ئێران لە لێواری بەدیهێنانی گۆڕانکارییە لە هاوسەنگیی هێز لە دەوروبەری جیۆپۆلیتیکی خۆیدا و، سەرۆک ترەمپ چیتر هیچ کارتێکی قورسی لەبەردەستدا نەماوە بۆ بەردەوامبوون لە یاریکردنی و، چین و ڕووسیا و دەوڵەتانی تر لەنزیکەوە چاودێریی ئەوە دەکەن کە لە کەنداودا ڕوو دەدات و، خۆگونجانی جیهانی لەگەڵ سەردەمی دوای هەژموونی ئەمریکا لە خێراوبووندایە. بە واتایەکی تر، ئەوەی دەردەکەوێت ئەوەیە کە جه‌نگی سەر ئێران نوێنەرایەتیی ساتەوەختێکی شکان دەکات کە لە کاروانی هێزی ئەمریکادا چاک ناکرێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە ئەم هێزە لە ڕووی تاکڕەوی و کۆنترۆڵی خاوەن ڕەهەندی جیهانییەوە هەیبوو.

کۆبوونەوەی لووتکە لە پەکین

ژمارەیەک گریمانە هەن کە پێ دەچێت بنەمای سەردانەکەی سەرۆک ترەمپ بن بۆ چین و گرێدانی کۆبوونەوەی لووتکە لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین: یەکەم گریمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیدارەی ترەمپ وای دەبینێت کە چیدیکە ڕێگه‌یەک نییە جگە لە مامەڵەکردن لەگەڵ چین وەک هێزێکی مەزن؛ ڕەنگە نەک وەک یەکسان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڵام هێزێکی مەزنە هه‌رچۆنێك بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بێتواناییی ڕووسیا لە یەکلاکردنەوەی جه‌نگەکەیدا لە ئۆکراینا و پاشەکشە ئابوورییە بەرچاوەکەی، دەری خست کە ئەو چیتر لە ڕیزی دەوڵەتانی یەکەمدا هەژمار ناکرێت. گریمانەی دووەم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیدارەی ترەمپ هیچ پێویستی و سوودێک لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چیندا نابینێت، نە لە بواری ئابووری و بازرگانیدا و نە لە ناوچەکانی کێبڕکێ و گرژیی جیۆپۆلیتیکیدا، وەک تایوان و، باشتر وایە بۆ هەردوو دەوڵەتەکە هەوڵ بدەن بگەنە پێکهاتنێکی دانوستانکاری بۆ ناکۆکییەکانی نێوانیان. بەڵام سێیەم، بەرنامەی کاری کە ترەمپ لەگەڵ خۆیدا بردی بۆ پەکین، چەندان پرسی لەخۆ گرتبوو؛ هه‌رچه‌نده‌ جه‌نگی ئێران دیارترینیان نەبووبێت، بەڵام بێ گومان لەسەر مێزی گفتوگۆ خراوەتە ڕوو. دەکرێت بەرنامەی کاری دانوستانەکە، لانی کەم لە ڕوانگەی شاندی سەردانیکەرەوە، بۆ دوو دۆسیەی سەرەکی دابەش بکرێت: دۆسیەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە ژیریی دەستکرد و کانزا دەگمەنەکانەوە و، دۆسیەی پرسە جیۆپۆلیتیکییەکان، بە چەکی ئەتۆمییەوە.

قەبارەی هەناردەکردنی چین بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان ساڵانە ٣٠٨ ملیار دۆلارە، دوای ئەوەی لە بەرزترین ئاستی خۆی دابەزی کە گەشتبووە ٥٤٣ ملیار دۆلار. لە بەرامبەردا، هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ چین لە ١٠٦ ملیار دۆلار تێپەڕ ناکات. ئەمەیش بەو مانایەیە کە ناڕێکییەکی گەورە لە تەرازووی بازرگانیدا لە بەرژەوەندیی چیندا هەیە؛ ئەو بابەتەی کە لە کاتی سەرۆکایەتیی “ئۆباما”وە بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا. هەردوو دەوڵەتەکە گەیشتبوونە ئاگربەستێکی دانوستانکاری بۆ شەڕی باجە گومرگییەکان کە سەرۆک ترەمپ نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دژی چین و تەواوی وڵاتانی تری جیهانی هەناردەکار بۆ بازاڕی ئەمریکا دەستی پێ کردبوو. بەڵام ئیدارەی ترەمپ پێی وایە ڕێککەوتننامەی گومرگی بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی پرسەکانی دۆسیەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان.

هیچ بەیاننامەیەکی هاوبەشی تێروته‌سه‌ڵ لە کۆبوونەوەی لووتکەکەوە دەرنەچوو، هەرچەندە وا گریمانە دەکرا کە گفتوگۆی بەرایی لەنێوان بەرپرسانی هەردوو وڵاتدا پێش کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکەکە ئەنجام درابێت. دەکرێت بگه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، کە ترەمپ هەندێک سازشی لە چین بەدەست هێناوە و، چین زیاتر دڵنیا بووەتەوە لە بوونی خۆی لە بازاڕی ئەمریکادا. بۆ نموونە، چین ڕای گەیاند کە لە پرۆسەی گرێبەستکردندایە بۆ کڕینی ٢٠٠ فڕۆکەی نەفەرهەڵگری مەدەنی لە کۆمپانیای بۆینگ. بەپێی لێدوانە ئەمریکییەکان، چین هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا زیاد دەکات، بەتایبەتی تۆوی سۆیا. هەروەها پێ دەچێت چین بەڵێنی دابێت، بێ ئەوەی ڕێککەوتنێکی پابەندکەر واژۆ بکات، کە بوارێکی فراوانتر بۆ کۆمپانیا تەکنەلۆژییە نوێیەکانی ئەمریکا بکاتەوە و، هیچ سنووردارکردنێک نەخاتە سەر هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڵام ئەگەری زۆر ئەوەیە کە هەردوو لا نەگەشتبێتنە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە ناكۆكییەكانیان لەسەر پەرەپێدانی بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد.

بەڵام سەبارەت بە دۆسیەی پرسە جیۆپۆلیتیکییەکان، پێ دەچێت ئەوەی بەدەست هاتووە، نزیکتر بووبێت لە ڕێککەوتنی ڕەمزی نەک جەوهەری. ئەمریکییەکان هیوادار بوون چین ڕازی بێت بە دەستپێکردنی گفتوگۆی سێقۆڵی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕووسیا سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی، کە لە ساڵانی جه‌نگی ساردەوە بە ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکانی ئەمریکا-ڕووسیا دیاری کرابوون. بەڵام، بەپێی لێدوانەکانی سەرۆک ترەمپ، چینییەکان خۆیان پابەند نەکرد جگە لە بەڵێنی لێکۆڵینەوە لەم پێشنیارە. بەڵام سەبارەت بە ئۆکراینا، چینییەکان هاوڕاییی خۆیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا دووپات کردەوە لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا بۆ قەیرانەکە، بەڵام خۆیان بەدوور گرت لە دەستپێشخەری بۆ یاریکردني ڕۆڵێکی کارا بۆ گەیشتن بەم چارەسەرە. بەتایبەتی سەبارەت بە جه‌نگی سەر ئێران، کە لایەنی ئەمریکی پێشبینیی دەکرد زیانگەیشتن لە داخستنی گەرووی هورمز، پاڵ بە پەکینەوە بنێت بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێکی کاراتر، هەڵوێستی چین له‌وه‌ زیاتر نه‌ڕۆیشت: دووپاتکردنەوەی پێویستیی پاراستنی ئاسایشی گەرووەکە و ئازادیی دەریاوانی لە ڕێگەیەوە و، لە بەرامبەردا، پێویستیی خۆدوورگرتن لە بەسەربازیکردنی ناوچەی کەنداو بەبێ ئاراستەکردنی هیچ سەرکۆنەیەک بۆ ئێران.

بەڵام هەستیارترین و بەپەلەترین پرس لە دۆسیەی جیۆپۆلیتیکیدا لە ڕوانگەی چینەوە، بێ گومان تایوان بوو. سەرۆک ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە خۆی بەدوور گرتووە لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی شی جین پینگ سەبارەت بەوەی ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان بەنیازی بەرگریکردنە لە تایوان ئەگەر چین هەوڵی دا دوورگەکە بە هێز یەک بخاتەوە. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە سەرۆکی ئەمریکا پێش کۆبوونەوەی لووتکەکە، ڕەزامەندیی لەسەر گرێبەستێکی چەکی ئەمریکی بە بەهای ١١ ملیار دۆلار بۆ تایوان هەڵپەساردبوو؛ وەک بڵێی دەیەوێت نامەیەکی ئەرێنی بنێرێت بۆ خانەخوێیە چینییەکەی، بەبێ ئەوەی بەتەواوی دەستبەرداری کارتی تایوان بێت. لە بەرامبەردا، شی جین پینگ، هەروەها وەزیری دەرەوەی، ڕوونتر بوون کاتێک دووپاتیان کردەوە کە تایوان هێڵی سووری سیاسەتی چین و پەیوەندییە دەرەکییەکانی چین پێک دەهێنێت.

بەگشتی، لە کاتێکدا شاراوە نەبوو کە شی جین پینگ لە کاتی لووتکەکەدا بە زمانی هاوتا گفتوگۆی دەکرد، ئەو دەستپێشخەریشی کرد بۆ خستنەڕووی دیدێکی نوێ و تەوافقکارانە بۆ ناسنامەی چین و پێگەی لە جیهاندا. لە وتەکەیدا له‌ كاتی ژەمی ئێوارەی ڕۆژی یەکەمی لووتکەکەدا، سەرۆکی چین هۆشداریی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کەوتنەناو “داوی ثوسیدیدس” (مصيدة توسيديدس)، کە وەسفی پاڵنەری سپارتای دەکرد بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی پێلۆپۆنیسی لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە سەرکەوتنی هێزی ئەسینا، لە سەرەتای سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا و، بە دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە گەشەسەندنی چین، دەکرێت دەست لە دەست لەگەڵ “با ئەمریکا دووبارە مەزن بکەینەوە” بەدی بێت، وا دەرکەوت کە شی جین پینگ وێناکردنێک بۆ هاوبەشیی ئەمریکا-چین لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەخاتە ڕوو؛ بەو مانایەی کە شی جین پینگ، هەرچەندە داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات لەسەر بنەمای یەکسانی مامەڵە لەگەڵ چین بکات، چیتر چین وەک لایەنێکی دەرەکی یان نامۆ بە یانەی سەرمایەدارییە گەورەکان نابینێت، تەنانەت بەبێ ئەوەی چین دەوڵەتێکی دیموکراتی بێت.

ئەی کەواتە بۆچی چین لە ماوەی دوو ڕۆژی لووتکەکەدا کەمتر حه‌زی له‌ تاوتوێکردنی پرسە جیۆپۆلیتیکییەکان بوو، بە بەراورد بە دانوستاندن لەسەر لایەنە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتەکە؟ وەڵامی خێرا بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە کە سەرۆکی ئەمریکا لە پێگەیەکی لاوازییەوە چوو بۆ پەکین نەک لە پێگەی هێزدا و، چین ناچار نییە دەستی یارمەتی درێژ بکات بۆ دەرهێنانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو تەنگژە نێودەوڵەتییانەی کە بە دەستی خۆی دروستی کردوون. چونکە چین، سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ڕووسیا، لایەنێک نییە لە جه‌نگی ئۆکراینادا؛ تەنانەت مۆسکۆ لە بنەڕەتدا ڕاوێژی بە پەکین نەکرد کاتێک جه‌نگەکەی دەست پێ کرد. بەڵام چین، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە لایەنێکی تێوەگلاو لە جه‌نگەکەدا دادەنێت، هەرچەندە هەوڵی دوورکەوتنەوە بدات. ڕوون نییە ئایا ئیدارەی ترەمپ بەڕاستی ڕێگەیەکی پەسەندی دۆزیوەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جه‌نگەکە لە کیشوەری ئەوروپادا و دووبارە بنیادنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا یاخود نا. بەهۆی ئەوەیشه‌وه‌ كه‌ جه‌نگی سەر ئێران ڕەهەندی نێودەوڵەتیی وەرگرتووە و چیتر بابەتێکی سنووردار نییە بە ناوچەی کەنداو یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دەبێت شکست لە ئێران بخرێتە ناو حساباتی دۆخی نێودەوڵەتیی هێزی ئەمریکاوە.

ئەمە بێ گومان دیدێکی دروستە بۆ هەڵوێستی ئەمریکا، بەڵام ئەگەری زۆریش هەیە کە هۆکارێک یان هۆکارگەلێکی تر هەبن، کە لۆژیکییان کەمتر نییە بۆ دوودڵیی چین لە یاریکردنی ڕۆڵێکی کارا لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا. چونکە چین درک بەوە دەکات کە هێشتا لە هاوکێشەکانی هێزی قاهیرەدا، لە پێگەیەکی لاوازتردایە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. هەروەها ئەم دەوڵەتە چینییەی کە لەلایەن ماو و نەوەی جه‌نگی ڕزگاریخوازییەوە بنیاد نرا و، کۆتاییی بە سەدەی درێژخایەنی سەرشۆڕیی گەلی چینی هێنا و سەربەخۆییی دروست کرد، لە هۆشیارییەکی دژەئیمپریالیستییەوە لەدایک بووە. سەرەڕای ئەوەی ئاوێکی زۆر بەژێر پردەکەدا تێ پەڕیوە لەو کاتەوەی حزبی کۆمۆنیستی چین کۆماری گەلی چینی ڕاگەیاندووە، هێشتا پرۆگرامەکانی خوێندن پڕن لە گوتاری دژەئیمپریالیستی. لەبەر ئەوەیش كه‌ سەرکردایەتیی چین درک بەوە دەکات کە چوونەناو ناخی گۆڕەپانی ململانێی جیۆپۆلیتیکیی نێودەوڵەتی، سەرەتای وەرچەرخان بەرەو گرتنەبەری سیاسەتێکی ئیمپریالیستی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، پەکین تێوەگلان لە ناوچەکانی ململانێی جیۆپۆلیتیکیدا قورس ده‌بینێت.

چین، ئەمریکا، و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هێشتا ململانێکان لە دەوروبەری فراوانتری خۆیدا لە ڕۆژهەڵاتدا (المشرق) کۆتایی نەهاتووە، ڕوونیش نییە ئایا جه‌نگی سەر ئێران بەرەو پێکهاتنێکی دانوستانکاری دەچێت یان ڕێککەوتنێکی سەرەتایی کە چارەنووسی ململانێکان لەسەر چەندان ئەگەر بەکراوەیی جێ دەهێڵێت، یان گەڕانەوە بۆ بۆردوومانی دوولایەنە و دەنگی تۆپەکان، یان تەنانەت بۆ بەردەوامبوونی هەوڵی ئەمریکی/ئیسرائیلی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکە بە هۆکاری تر. هه‌روه‌ها ڕوون نییە ململانێکان لە غەززە و کەناری ڕۆژاوا و، لە سووریا و، لە لوبنان چۆن کۆتایییان دێت، بەڵام ئەوەی مسۆگەرە ئەوەیە کە هێرش و پاڵنەری ئەمریکی-ئیسرائیلی بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەژموون بەسەر ناوچەکەدا شکستی هێناوە. هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە دۆخەکە ببێتە ئەو شێوەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نەتانیاهۆ لە وتارە بەناوبانگەکەیدا لە ئەیلوول/ سێپتەمبەری ٢٠٢٤دا باسی کرد و، نە ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەیشە کە سەرۆک ترەمپ چەندان جار ئارەزووی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی تواناکانی دەربڕیبوو.

ئایا ئەم شکستە بە مانای چوونەدەرەوەیەکی هێمنی ئەمریکی دێت لە ناوچەکە؟ ئایا دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا دەست دەکەن بە پێداچوونەوە بەوەی کە ئەم هاوپەیمانییە لە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکی دەیسەپێنێت؟ یان ئیدارەیەکی داهاتووی ئەمریکا، دوای دوو ساڵ یان کەمێک زیاتر، کار دەکات بۆ پەرەپێدانی نزیکبوونەوەیەکی ستراتیژیی تر و، بۆ نۆژەنکردنەوەی نفووزی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک چۆن ئیدارەی ئۆباما کردی لە دوای کارەساتی ئەو جه‌نگانەی کە ئیدارەی “بوشی کوڕ” دەستی پێ کردبوون؟

لەم بەشەی جیهاندا و، بە هۆکاری که‌لتووری و ئایینی و، بۆ میراتە شارستانییەکان و، بۆ پێگەکەی وەک گرێچنییەکی ڕێگه‌كانی پەیوەندی و گواستنەوە لە جیهاندا و، بۆ گرنگییە جیۆستراتیژییەکەی و سامانە بێبڕانەوەکانی، لەمێژەوە سەیری بواری ڕۆژهەڵاتی (المشرقي) کراوە وەک گۆڕەپانێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتنی ئیمپراتۆرییەتەکان و داڕمانیان و، بڕوانامەی دەستەبەرکردنی پێگەی هێزە جیهانییەکان یان پاشەکشەکردنیان لەم پێگەیە. بەڵام، وێنەی ئەو نەخشەیەی لە ڕەشەبای ئەم ململانێ درێژخایەن و دەنگدارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدایک دەبێت، هەرچۆنێک بێت هێشتا زووە بۆ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەرەنجامی بڕاوە سەبارەت بە چارەنووسی هاوسەنگییەکانی هێز لەنێوان هێزە گەورەکاندا.

یەکەم: قەبارەی سەرنەکەوتنی ئەمریکا هەرچەند بێت، ئەمە لایەنی ناچاریی “ساتەوەختی سوێزی ئەمریکی” نییە. چونکە بریتانیا لە جه‌نگی جیهانیی دووەم مابوویەوە، کاتێک بەتەواوی شوێنی خۆی وەک هێزێکی جیهانیی گەورە بۆ دوو هێزە گەشەسەندووەکەی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی چۆڵ کردبوو: ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتیی سۆڤیەت. تەنانەت پێش کۆتاییهاتنی جه‌نگەکەیش، چەرچڵ نەیدەتوانی لە کۆنفرانسی یاڵتادا بانگەشەی هیچ بکات، جگە لە ڕۆڵێکی پەراوێزی لەپاڵ ڕۆزڤێڵت و ستالیندا. ئەوەی لە سوێزدا ڕووی دا ئەوە بوو کە شکستەکە هۆشیاریی بۆ چینە حوکمڕانەکەی بریتانیا گەڕاندەوە، کە هەوڵیان دەدا فەرامۆشی بکەن، سەبارەت بەو ڕاستییەی کە ئیمپراتۆرییەتەکە بەهۆی گۆڕانکارییە توندەکانی ساڵانی جه‌نگی جیهانیی دووەمەوە پێی گەشتبوو.

بەڵام دۆخی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمڕۆ، تا ڕاددەیەکی زۆر جیاوازە لە دۆخی بریتانیا لە کۆتاییی جه‌نگی جیهانیی دووەمدا؛ چونکە لەسەر ئاستی ئەتۆمي و سەربازی، بەتایبەتی لە بواری هێزی دەریاییدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا هێزی یەکەمە لە جیهاندا. بە هەمان شێوەیشە لە حساباتی ئابووری، تەکنەلۆژیا و توێژینەوەی زانستیدا و، لە خاوەندارێتیی تواناکانی هێزی نەرمدا. گەشەسەندنێکی خێرای چینی لە بوارەکانی ئابووری، پەرەپێدان و پیشەسازیدا هەیە بێ گومان، بەڵام چین هێشتا بەسستی لە بوارەکانی تردا بەرەو پێش دەچێت.

دووەم: چونکە چین هێشتا بەرەو گۆڕەپانی کێبڕکێی جیۆپۆلیتیکی دەستی بە جووڵە نەکردووە و، دیاریش نییە، كه‌ تەنانەت ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بەرەو کەمکردنەوەی قورساییی نفووزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان چۆڵکردنی لە ئامادەبوونی بڕوات، چین دەستپێشخەری بکات بۆ پڕکردنەوەی بۆشایییەکە. سەرۆکی چین لووتکەی پەکینی بە “نیشانەیەک لەسەر ڕێگه‌کان” وەسف کرد، نەک وەک خاڵێكی وەرچەرخانی گەورە. وەک بڵێی ویستبێتی بڵێت: هەردوو وڵاتەکە هێشتا لە سەرەتای گەشتێکی درێژخایەندان.

سەرچاوە: ناوەندی ئەلجەزیرە بۆ دیراسات، (٢٤ ئایار، ٢٠٢٦).  https://studies.aljazeera.net/ar/article/6550>>>>

Shayda

بابەتی پەیوەندیدار

هیچ ئاسەوارێک لە “هونەری ڕێککەوتن”ەکەی ترەمپ لەگەڵ ئێراندا، بەدی ناکرێت

   محەمەد بازی (Mohamad Bazzi) ڕۆژنامەی زە گاردیان (The Guardian) بۆ چەندان هەفتەیە، دۆناڵد ترەمپ… زیاتر

6 hours ago

ئایا ترەمپ لە جەنگی یەکلاکەرەوەی کۆتایی (ئارماگیدۆن) ڕادەکات؟

نووسەران: مارک تۆت (Mark Toth) و جۆناسان سوییت (Jonathan Sweet) سەرچاوە: گۆڤاری "دە هیڵ" (The… زیاتر

4 days ago

وانە سەختەکانی جەنگی ئێران

ماکس بووت (Max Boot) ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان  (CFR) جەنگی ئێران خاڵە بەهێز و لاوازەکانی دامەزراوەی… زیاتر

7 days ago

لە “تیۆریی پیاوە شێتەکە”ی نیکسۆنەوە تا جه‌نگی ترەمپ لەگەڵ ئێران؛ ئایا چارەنووسی جه‌نگی ڤێتنام دووبارە دەبێتەوە؟

جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەگەری زۆرە هاوشێوەی جه‌نگی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٣دا کۆتایی… زیاتر

1 week ago

دیپلۆماسییەتی پراگماتیکیی ئەکتەرێکی نادەوڵەتی:  ڕەهەند و ئامانجەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆما و ڤاتیکان

  پێنووس لە کۆتایییەکانی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاوکێشە… زیاتر

2 weeks ago

حکوومەتی زەیدی؛ نەخشەڕێگەی نوێی شیعە لەنێوان مانۆڕی سیاسی و گرەوی مانەوەدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێك پێکهێنانی حکوومەتی… زیاتر

2 weeks ago