شرۆڤە

هیچ ئاسەوارێک لە “هونەری ڕێککەوتن”ەکەی ترەمپ لەگەڵ ئێراندا، بەدی ناکرێت

 

 محەمەد بازی (Mohamad Bazzi)

ڕۆژنامەی زە گاردیان (The Guardian)

بۆ چەندان هەفتەیە، دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدات ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لەگەڵ ئێراندا هەڵی گیرساند – ڕێککەوتنێک کە ڕێگەی پێ بدات سەرکەوتن ڕابگەیەنێت و قەیرانەکە تێ پەڕێنێت پێش ئەوەی زیانێکی گەورە بە ئابووریی جیهان بگەیەنێت و هەلی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکادا لەبار ببات. بەڵام پێ دەچێت ئەم وەستایەی کە خۆی بە شارەزای ڕێککەوتنەکان دەزانێت، نەتوانێت واز لە تێکدانی دانوستانەکانی خۆی بهێنێت یان دان بەوەدا بنێت کە ئێستا ئێران لە پێگەیەکی باشتردایە بۆ داواکردنی سازش بەراورد بە پێش جەنگەکە.

لە پشووی ڕۆژی یادکردنەوەدا (Memorial Day)، ترەمپ ئامادەی ئاهەنگی هاوسەرگیریی کوڕە گەورەکەی نەبوو لە باهاماس و، پلانەکانی بەسەربردنی پشووی کۆتاییی هەفتەی لە یانەی گۆڵفەکەی لە نیوجێرسی هەڵوەشاندەوە. ئەم گۆڕانکارییانەی کۆتا سات، ئەو گومانانەیان زیاتر کرد کە ترەمپ ئامادەیە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە ئاشکرا بکات. پاشان ترەمپ ڕای گەیاند کە ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی کابینەکەی لە کامپ دەیڤد (Camp David) ئەنجام دەدات، کە کۆمەڵگەیەکی سەرۆکایەتییە لە مێریلاند و شوێنی لووتکە و ڕاگەیاندنە دیپلۆماسییە مێژوویییەکان بووە. بەڵام دواتر کۆبوونەوەکە گواسترایەوە بۆ کۆشکی سپی، چونکە ڕوون بووەوە کە ترەمپ نەیتوانیوە ڕێککەوتنێک یەکلایی بکاتەوە تا بەوپەڕی شانازییەوە لە کامپ دەیڤد ڕای بگەیەنێت.

بۆچی ڕێککەوتنێک خۆی لەم زەبەلاحەی بواری بازرگانی دەدزێتەوە کە (بە هاوکاریی نووسەرێکی سێبەر) کتێبی ‘هونەری ڕێککەوتن’ (The Art of the Deal)ی پڕفرۆشی ساڵی ١٩٨٧ی نووسیوە؟

ترەمپ سەرسامە بە سەرکردە تاکڕەو و بەهێزەکان و، زۆر بێزارە لەوەی هیچ نیشانەیەکی لاوازی پیشان بدات – هەروەها دەترسێت لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا کە وا دەری بخات لاوازە. سەرۆک هەستیاریشە بەو ڕەخنانەی کە دەڵێن هەر ڕێککەوتنێک کە دانوستانی لەسەر بکات، بۆ ئەمریکا خراپتر دەبێت لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ی نێوان ئێران و شەش زلهێزەکەی جیهان، کە ئیدارەی باراک ئۆباما نێوەندگیریی تێدا کرد. لە ساڵی ٢٠١٨ و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترەمپ بە شێوەیەکی تاکلایەنانە واشنتۆنی لەو ڕێککەوتنە کشاندەوە؛ ئەمەیش بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەو ڕووداوانەی کە بەرەو ململانێی ئێستایان برد.

بە هەڵگیرساندنی جەنگێک بە ئامانجی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران، ترەمپ خۆی خستە سووچێکەوە کە زۆربەی بژاردەکانی خراپن. تەنانەت بەپێی ئەو بنەمایانەی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا خستوونییەتییە ڕوو، ترەمپ لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ تاران لە پێگەیەکی بێهێزدایە. ترەمپ نووسیویەتی: ”خراپترین شتێک کە بتوانیت لە ڕێککەوتنێکدا بیکەیت ئەوەیە، وا دەربکەویت کە زۆر پەرۆشی ڕێککەوتنەکەیت. ئەمەیش وا لە بەرامبەرەکەت دەکات بۆنی خوێن بکات و ئەوکات تۆ مردوویت.” هەروەها دەڵێت: ”باشترین شت کە بتوانیت بیکەیت ئەوەیە، لە پێگەی هێزەوە مامەڵە بکەیت و، کارتی گوشار گەورەترین هێزە کە دەتوانیت هەتبێت. کارتی گوشاریش ئەوەیە شتێکت هەبێت کە بەرامبەرەکەت دەیەوێت. ”

کێشە سەرەکییەکەی ترەمپ ئەوەیە کە ئێران کارتی گوشاری زیاترە لەوەی ئەو هەیەتی – و سەرکردەکانی ئێرانیش زۆر باش ئاگاداری ئەو خاڵە بەهێزەی خۆیانن. لە ٢٨ی شوباتدا، ترەمپ جەنگێکی هاوبەشی ئەمریکی-ئیسرائیلیی دژی ئێران هەڵگیرساند، کە لە چەند کاتژمێری سەرەتای ململانێكەدا ڕابەری باڵا، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و گەورە بەرپرسانی تری سەربازی و سیاسییان کوشت. لە سەرەتادا، ترەمپ بە هیوای بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی خێرای سەربازی فریو درابوو؛ وەک چۆن لە مانگی کانوونی دووەمدا بە هێرشێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا، توانیی سەرۆکی ڤەنزوێلا، نیکۆلاس مادورۆ بڕفێنێت و بەپەلە بیباتە نیویۆرک بۆ ئەوەی دادگه‌یی بکرێت.

ترەمپ و بنیامین نه‌تانیاهۆ نەیانتوانی ڕژێمی ئیسلامی بڕووخێنن. لەبری ئەوە، لە کۆتاییدا بەهێزتریان کرد

بەڵام، وەک چۆن چەندان شیکەرەوە هۆشدارییان دابوو، ئێران وەک ڤەنزوێلا نەبوو و، ڕژێمی ئێرانیش سەرباری تیرۆرکردنی خامنەیی و گەورە بەرپرسانی تر، بەسەختی لەپێناو مانەوەی خۆیدا دەجەنگێت. تاران بە هێرشی مووشەکی و درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەڵامی دایەوە و، ژێرخانی وزەی دراوسێ کەنداوییەکانیشی کردە ئامانج. هەروەها ئێران کاریگەرترین چەکی ئابووریی خۆی بەکار هێنا: گەرووی هورمزی داخست، کە ڕۆژانە زیاتر لە پێنجیەکی دابینکردنی نەوتی جیهان بەوێدا تێ دەپەڕی.

ئەو داخستنە – لەگەڵ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بۆرییە نەوتییەکان و کێڵگە غازییەکان لە کوێت، سعوودیا، قەتەر و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب – ئابووریی جیهانی پەک خست و نرخی نەوتی بەرز کردەوە (لە ئەمریکا، لەو کاتەوەی ترەمپ جەنگەکەی هەڵگیرساندووە، تێکڕای نرخی بەنزین بە ڕێژەی ٥٠٪ بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە نزیکەی ٤.٥٠ دۆلار بۆ هەر گالۆنێک).

ترەمپ و هاوپەیمانەکەی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نه‌تانیاهۆ، نەیانتوانی ئەو ڕژێمە ئیسلامییە بڕووخێنن کە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران هاتە سەر دەسەڵات. لەبری ئەوە، لە کۆتاییدا بەهێزتریان کرد – لە ڕێگەی ڕێگەدان بە تاران کە کۆنترۆڵی جوگرافیی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا وەک چەکێک بەکار بهێنێت و بتوانێت قەیرانێکی وزەی جیهانی و سستییەکی ئابووریی سەرتاسەری بورووژێنێت.

دوای شەش هەفتە لە بۆردوومانی چڕی بەهێزترین سوپای جیهان، ئێران بەردەوام بوو لە گەمارۆدانی گەرووەکە و، هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل درێژە پێ دا. ئەمریکا و ئێران لە ٨ی نیساندا لەسەر ئاگربەست ڕێک کەوتن، بەڵام دانوستانەکان چەقیان بەست چونکە ترەمپ لەنێوان ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک و هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی بۆردوومانەکاندا دوودڵ بوو.

ئەو ڕێککەوتنەی خەریکە دەردەکەوێت، تیشک دەخاتە سەر چارەسەرکردنی کێشەیەک کە پێش ئەوەی ترەمپ ئەم جەنگە هەڵبگیرسێنێت، له‌ئارادا نەبوو: کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا بۆ ئەوەی نرخی نەوت جێگیر ببێت. بەپێی ڕەشنووسی ئەو ڕێککەوتنەی کە بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا نێردراوە، واشنتۆن گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانیش هەڵدەگرێت و ڕێگە بە تاران دەدات دەستی بە نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار لە سەرمایە سڕکراوەکانی بگات.

هەروەک چۆن ترەمپ، پار، کاتێک نێوەندگیریی ئاگربەستێکی نێوان ئیسرائیل و حەماسی لە غەززە کرد، ئیدارەکەی هەندێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی (لەوانە چەککردنی حەماس و زامنکردنی کشانەوەی سەربازیی ئیسرائیل لە خاکی فەڵەستین) بۆ دانوستانەکانی دواتر جێ هێشت کە هەرگیز دەستیان پێ نەکرد.

جارێکی دیکە، پێ دەچێت ترەمپ ئامانجی ڕێککەوتنێکی سنووردار بێت لەگەڵ ئێراندا، کە قورسترین پرسەکان بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو دوا دەخات، کە ڕەنگە بۆ چەندان مانگ یان تەنانەت چەندان ساڵ درێژە بکێشن. پێ دەچێت پرسە چارەسەرنەکراوەکانیش بەرنامە و توانا ئەتۆمییەکانی ئێران، پەرەپێدانی مووشەکە بالیستییەکانی و، پشتیوانیکردنی لە میلیشیا هەرێمییەکانی وەک حەماس، حزبوڵڵا لە لوبنان و حووسییەکان لە یەمەن بگرێتەوە. لە ڤیدیۆیەکدا کە لە ٢٨ی شوباتدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە، ترەمپ ئەو نیگەرانییانەی وەک هەڕەشەی هەنووکەیی خستە ڕوو کە ئێران لەسەر ئەمریکا دروستی کردوون – هەروەها وەک هۆکاری سەرەکیی چوونەناو جەنگەکەوە. هیچ یەکێک لەم پرسانە چارەسەر نەکراون.

لە چەند لایەنێکەوە، ئێران لە دوای جەنگێک کە ئامانج لێی وێرانکردنی توانا سەربازییەکانی بوو، بەهێزتر دەرکەوتووە. ڕاپۆرتێکی دەزگه‌ی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) کە سەرەتای ئەم مانگە بۆ ترەمپ نێردراوە، دەری دەخات کە تاران توانیویەتی بەشێکی بەرچاو لە توانا مووشەکییەکانی بپارێزێت. شیکارییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران نزیکەی ٧٠٪ی کۆگه‌ی مووشەکەکانی پێش جەنگ و نزیکەی ٧٥٪ی سەکۆ گەڕۆکەکانی هەڵدانی مووشەکی پاراستووە. هەروەها ڕاپۆرتەکە گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئێران زۆر خۆڕاگرترە لەوەی بەرپرسانی ئەمریکا بانگەشەیان بۆ دەکرد و، دەتوانێت بۆ چەندان مانگ بەرگەی گەمارۆی دەریایی بگرێت.

سەرەڕای پێگە لاوازەکەی، ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ڕێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ ئێراندا واژۆ دەکات بەراورد بەو ڕێککەوتنەی کە ئیدارەی ئۆباما لە ساڵی ٢٠١٥دا دانوستانی لەسەر کرد. ئەو ڕێککەوتنە سزاکانی سەر تارانی سووک کرد لە بەرامبەر دانانی سنوورێک بۆ پیتاندنه‌ ئەتۆمییەکەی (ئێران ڕێگەی پێ درا یۆرانیۆم بە ئاستێکی نزم بپیتێنێت، کە تەنیا بەشی کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا بکات نەک بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی). چەند ساڵێک دوای ئەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە، ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی نزیک لە ئاستی چەکی ئەتۆمیی بەرز کردەوە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە چاودێرییەکانی دیکە بۆیان دەرکەوت کە هێشتا هەنگاوی نەناوە بۆ دروستکردنی چەکی ڕاستەقینە.

لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا لە ڕۆژی چوارشەممە، ترەمپ ڕای گەیاند کە گوێ بە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول نادات و، پەلەی نییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک. ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت: ”دەبێت بێخەوش بێت” و، وتیشی: ”من ئەمەم بۆ ئەوە نەکرد کە ڕێککەوتنێکی بێکەڵک بەدەست بهێنم.”

بێ گومان، ترەمپ دەیتوانی خۆی لە هەڵگیرساندنی جەنگێکی شکستخواردوو بۆ گۆڕینی ڕژێم بپارێزێت، کە جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەنجامەکانی بەجێ هێشتووە. لەبری ئەوە، وەستای دانوستانەکان چەکێکی ئابووریی نوێی دایە دەست ئێران – لەگەڵ کارتی گوشاری زیاتر بۆ بەدەستهێنانی ڕێککەوتنێکی لەبار.

دەربارەی نووسەر: محەمەد بازی بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و پرۆفیسۆری ڕۆژنامەوانییە لە زانکۆی نیویۆرک (New York University).

Shayda

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمریکا و چین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ئایا شکست بەرامبەر ئێران دەبێتە هۆی پاشەکشەی هێزی ئەمریکا؟

وەرگێڕان: پێنووس بابه‌تی شکستی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جه‌نگەکەیدا دژی ئێران، لەسەر سێ گریمانە… زیاتر

3 days ago

ئایا ترەمپ لە جەنگی یەکلاکەرەوەی کۆتایی (ئارماگیدۆن) ڕادەکات؟

نووسەران: مارک تۆت (Mark Toth) و جۆناسان سوییت (Jonathan Sweet) سەرچاوە: گۆڤاری "دە هیڵ" (The… زیاتر

4 days ago

وانە سەختەکانی جەنگی ئێران

ماکس بووت (Max Boot) ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان  (CFR) جەنگی ئێران خاڵە بەهێز و لاوازەکانی دامەزراوەی… زیاتر

7 days ago

لە “تیۆریی پیاوە شێتەکە”ی نیکسۆنەوە تا جه‌نگی ترەمپ لەگەڵ ئێران؛ ئایا چارەنووسی جه‌نگی ڤێتنام دووبارە دەبێتەوە؟

جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەگەری زۆرە هاوشێوەی جه‌نگی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٣دا کۆتایی… زیاتر

1 week ago

دیپلۆماسییەتی پراگماتیکیی ئەکتەرێکی نادەوڵەتی:  ڕەهەند و ئامانجەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆما و ڤاتیکان

  پێنووس لە کۆتایییەکانی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاوکێشە… زیاتر

2 weeks ago

حکوومەتی زەیدی؛ نەخشەڕێگەی نوێی شیعە لەنێوان مانۆڕی سیاسی و گرەوی مانەوەدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێك پێکهێنانی حکوومەتی… زیاتر

2 weeks ago