*نووسینی: سۆنەر چاگاپتای
شیکارییەکی کورت
لە ٢٢ی ئایاردا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆ بووەوە بۆ تاوتوێکردنی چەندان پرسی جیاواز،لەوانە گەرووی هورمز و ململانێ هەرێمییەکان. تورکیا وەک تاقە ئەندامی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، پێداگر بووە لەسەر دوورکەوتنەوە لە تێوەگلان لە ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران، کە خەریکە پێ دەنێتە چوارەم مانگی خۆیەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئێران لە هەفتەکانی یەکەمی جەنگەکەدا چەندان مووشەکی ئاڕاستەی خاکی تورکیا کرد، بەڵام ئەنقەرە هاوشێوەی هاوپەیمانەکانی تری ناتۆ (وەک شانشینی یەکگرتوو کە مووشەکەکانی ئێرانی لە بنکەکانی خۆی لە قوبرسەوە کردە ئامانج) ڕێبازێکی بێلایەنانەی گرتە بەر. تورکیا لەبری وەڵامدانەوەی سەربازی، لەگەڵ پاکستان یەکی کرت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. پرسیارە قووڵەکانی پێوەست بەم ململانێیە لە دەوری پاڵنەرەکانی سیاسەتی تورکیا دەسووڕێنەوە، لەوانەیش لێکەوتە کورتخایەن و درێژخایەنەکان لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و، هەڵوێستی گشتیی ئەنقەرە بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سیاسەتەکانی تورکیا بەرامبەر بە ئێران لە بنەڕەتدا پشت بە نزیکیی جوگرافی و هاوسەنگیی دهسهڵاتی مێژووییی جێگیری نێوان هەردوو وڵات دەبەستێت. ئەم کارلێکە ئێستایانە، دەکرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی (وەک پێشینەی هەردوو دەوڵەتی هاوچەرخی تورکیا و ئێران)، کە جەنگگەلێکی بێبڕانەوە و پڕووکێنەریان ئەنجام دا کە لە کۆتایییەکانی سەدەی پازدەهەمەوە دەستی پێ کرد و ١٦٦ ساڵی خایاند و، خەریک بوو ببێتە هۆی مایەپووچبوونی هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە. لە ساڵی ١٦٣٩دا، هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە لەسەر شێوازێکی سەرەتاییی بنەمای “لەناوبردنی مسۆگەری یەکتر” ڕێک کەوتن؛ بە جۆرێک پەیماننامەیەکی ئاشتییان بۆ دیاریکردنی سنوورەکانیان واژۆ کرد، هەروەها پابەند بوون بە ڕێککەوتننامەیەکی نەنووسراوی نەبەزاندنی یەکتر بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە. سەرەڕای هەڵگیرسانی جەنگەکانی دواتر، هاوسەنگیی هێز لەنێوانیاندا بەردەوام بوو. جگە لە دەستکارییەکی کەمی سنوورەکان لە سەدەی بیستەمدا، سنووری ئێستای تورکیا-ئێران تا ڕاددەیەکی زۆر هاوشێوەی ئەو سنوورەیە کە چوار سەدە لەمەوبەر هەبووە.
تورکیا و ئۆپەراسیۆنی “تووڕەییی داستانی”
لە سەدەی بیست و یەکەمدا، هاوسەنگیی هێز لەنێوان تورکیا و ئێراندا بەڕوونی لە کاتی جەنگی ناوخۆی سووریادا دەرکەوت؛ هەرچەندە ئەنقەرە و تاران پاڵپشتیی لایەنە دژبەرەکانیان دەکرد، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش خۆیان لە تێوەگلان لە ململانێی ڕاستەوخۆ بەدوور گرت. لەبەر ئەوە، جێی سەرنج بوو کە ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا چوار هێرشی مووشەکیی کردە سەر پارێزگای ئەدەنەی تورکیا، کە کونسوڵخانەی ئەمریکا، بنکەی ئاسمانیی ئینجیرلیک و وێستگەی نەوتیی “جهیهان“ی تێدایە، کە ئەمهی دوایی، لە ڕێگەی هێڵێکی بۆرییەوە لە ئازەربایجانەوە نزیکەی ٤٠ لەسەدی پێداویستییە نەوتییەکانی ئیسرائیل دابین دەکات.
لەوانەیە تاران لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە ویستبێتی تورکیا و هاوپەیمانیی ناتۆ بەرەو وەڵامدانەوە هان بدات بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، تاوەکوو گوشار بخهنه سهر ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. لە بەرامبەردا، ئەنقەرە لەبری پەرەپێدانی سەربازی، پێی باش بوو هۆشداریی گشتیی توند بدات، کە دیارترینیان لێدوانەکەی سەرۆک ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بوو کە تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی خاکەکەی “بەتوندی و بێ دوودڵی” دەگرێتە بەر. ئەم ستراتیژە تا ئەو ڕاددەیە سەرکەوتوو بوو کە ئێران لە ٣٠ی ئازارەوە خۆی لە ئەنجامدانی هێرشی مووشەکیی زیاتر بۆ سەر تورکیا بەدوور گرتووە.
ئەو دەرئەنجامە جەنگییانەی ئەنقەرە دەیەوێت بەدەستیان بهێنێت
جگە لە هەندێک هاوردەکردنی گازی سروشتیی شلکراو لە قەتەرەوە، تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە زیانی پێ نەگەیشتووە؛ دووریشە بچێتە پاڵ هیچ ئەرکێکی فرەنەتەوەیی بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە، لانی کەم پێش گەیشتن بە ئاگربەستێکی بەردەوامتر. لەگەڵ ئەوەیشدا، تەنانەت لە ئەگەری بەشدارینەکردنی تورکیا لە کردەوە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران، هێشتا دەیەوێت هاوسەنگی لەنێوان دوو ئامانجی سەرەکیدا سەبارەت بە دراوسێکەی دروست بکات:
ڕەنگە یەکەمین لێکەوتەکانی پشێوی لە ئێراندا، بریتی بێت لە شەپۆلی نوێی پەنابەران بەرەو خاکی تورکیا؛ ئەمەیش دیمەنی قەیرانی ملیۆنان پەنابەری سووری لەدوای ساڵی ٢٠١١دا دەهێنێتەوە یاد، کە ببوونە بارگرانییەک و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر جەماوەریبوونی سەرۆک ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لەناوخۆدا هەبوو. لە کاتێکدا کە دەنگی بزووتنەوە دژەپەنابەر و کۆچبەرەکان لەناو تورکیادا بەرز بووەتەوە، گەڕانەوەی ئەم دوایییەی هەندێک لە پەنابەران بۆ سووریا، هۆکار بوو بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر هەڵوێستی ئەردۆغان لەم پرسەدا.
ئەردۆغان ڕووبەڕووی ئاڵنگارییهكی سیاسی دەبێتەوە کە پەیوەستە بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی؛ چونکە لە ئێستادا بڕیارە هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٢٨دا بکرێت، بەڵام سەرۆک کە خولی سەرۆکایەتییەکەی بەرەو کۆتایی دەچێت، ڕەنگە هەوڵبدات داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات بۆ سوودوەرگرتن لە کەلێنێکی دەستووری کە ڕێگەی پێ دەدات بۆ خولێکی نوێ خۆی بپاڵێوێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئەردۆغان باش درک بەو مەترسییە سیاسییە گەورانە دەکات کە لەوانەیە بەهۆی هەر لێشاوێكی نوێی پەنابەرانەوە دروست بێت.
هەروەها سەرۆک ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دەترسێت لەوەی پشێوی لە ئێراندا ببێته هۆی لاوازکردنی زیاتری بووژانەوەی ئابووریی لەرزۆکی تورکیا لەدوای قەیرانی ساڵی ٢٠١٨ و ئەو پشێوییانەی بەدوایدا هاتن؛ ئەمەیش ڕەنگە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر چانسەکانی لە هەڵبژاردندا هەبێت. وڵاتەکە لە ئێستاوە بەهۆی نزیکیی لە ناوچەی ململانێکانەوە، زیانی لە داهاتی گەشتیاری و وەبەرهێناندا بەرکەوتووە. بۆ هەوڵدان لەپێناو سنووردارکردنی لێکەوتە ئابوورییەکان، وەزارەتی خەزێنە و داراییی تورکیا پەنای بردووەتە بەر فرۆشتنی بڕێکی پێوانەیی لە دراوی بیانی.
سەرەڕای ئەمەیش، تورکیا بۆ دابینکردنی زۆربەی پێداویستییە نەوتییەکانی،پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت؛ بە جۆرێک هەر زیادبوونێکی یەک دۆلار لە نرخی بەرمیلێک نەوتدا، بڕی نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بارگرانیی زیادە دەخاتە سەر ئابووریی تورکیا. ئەگەر ئێران بکەوێته ناو پشێوییەوە، لێکەوتەکانی لەسەر تورکیا ئەوەندە قورس دەبن کە وا دەکات تەنانەت سەرۆک ئەردۆغان، سەرەڕای سوودوەرگرتنی لە هەموو دەسەڵاتەکانی، ڕووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆر ببێتەوە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەنقەرە
جەنگەکە نیگەرانیی ئەمنیی گەورەی لای تورکیا بەرامبەر بە دوو لایەنی تر دروست کردووە:
هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی لە سەرەتای جەنگەکەدا دەرکەوتن و ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئیسرائیل هەوڵی پڕچەککردنی لقی ئێرانیی PKK دەدات کە خۆی لە “حزبی ژیانی ئازادی کوردستان” (پژاک – PJAK)دا دەبینێتەوە، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەر ستراتیژیی ناوخۆییی ئەنقەرە. چونکە پڕچەککردنی ئەم ڕێکخراوە ڕێگه بۆ توخمە توندڕەوەکانی ناو PKK خۆش دەکات کە دەیانەوێت بەردەوام بن لە ململانێی چەکداری دژ بە تورکیا، تاوەکووبگوازرێنەوە بۆ ئەو لقەی کە بنکەکەی لە ئێرانە؛ ئەمەیش هێزێکی نوێ دەبەخشێتە PKK و، ئەو پلانانەی ئەنقەرە تێک دەدات کە ئامانجیان داماڵینی چەکەکانییەتی. لە ئێستادا، وا دیارە ترەمپ لەو پلانە ڕاگەیەنراوانە پاشەکشەی کردووە کە بۆ پاڵپشتیکردنی یاخیبوونی کورد بوون؛ ئەمەیش بەڕوونی دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئەنقەرە و دەستوەردانی کەسیی سەرۆک ڕەجەب تەییب ئەردۆغان. بەڵام لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ململانێی ڕاستەوخۆ و پێداچوونەوەی واشنتۆن بە پڕچەککردنی پژاکدا، ئەوا زۆر لەوە دەچێت ئەنقەرە دەستبەرداری بێلایەنییەکەی ببێت و لە ململانێی بەردەوامی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێراندا، بچێتە پاڵ لایەنی ئێرانی.
“کۆڵەکەی سێیەم” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
دەکرێت سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە جەنگ لەگەڵ ئێراندا بەوە وەسف بکرێت کە لە دووجەمسەریی باو تێ دەپەڕێت، چونکە لە ئاستێکی یەکسانی نیگەرانییەوە بەرامبەر بە هەر یەکە لە کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل سەرچاوە دەگرێت. بەتایبەتی، ئەنقەرە هاوشێوەیەک یان نزیکبوونەوەیەکی ستراتیژیی نوێی گرتووەتە بەر لە وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکییانەی ئێران کە تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە کەنداوی عەرەبیدا (بەتایبەت قەتەر و شانشینی عەرەبیی سعوودیا) کردبووە ئامانج؛ ئەمەیش لەپاڵ پەرەسەندنی ڕکابەری لەگەڵ ئیسرائیلدا لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم مۆدێلە ستراتیژییە نوێیە، پشت بە قووڵکردنەوەی هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ سێ دەوڵەتدا دەبەستێت کە لە ڕوانگەکانیاندا لەگەڵ تورکیادا هاوبەشن: شانشینی عەرەبیی سعوودیا، میسر و پاکستان. سەرەڕای ئەوەی دوورە ئەم بلۆکە چوارقۆڵییە ببێتە جێگرەوەی پابەندبوونی چەسپاوی تورکیا بەرامبەر بە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسي (ناتۆ)، بەڵام ڕەنگدانەوەی گەڵاڵەبوونی جەمسەرێکی سێیەمە لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ هەروەها لە داینامیکی سیاسهتی باشووری ئاسیادا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵانەی کە لە لایەکەوە لەنێوان ئیسرائیل و هیندستاندا هەیە و، لە لایەکی ترەوە لەنێوان تورکیا و پاکستاندا هەیە. ئەم جەمسەرە هەڵوێستگەلێکی خاوەن توندیی جیاواز بەرامبەر بە هەر یەکە لە ئێران و ئیسرائیل دەگرێتە بەر.
کۆتایی
بەهۆی حەزی تورکیا بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات یان بکەوێتە ناو پشێوییەوە، وا دیارە ئەنقەرە لە پێگەیەکی گونجاودا بێت بۆ گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیر لە کۆتاییهێنان بە جەنگەکەدا. ئەم هاوکێشەیە گونجانی بەهێزی نێوان ئەردۆغان و سەرۆک ترەمپیش لەبەرچاو دەگرێت. بەڵام مێژووی ڕکابەریی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات وا دەکات تاران نەیەوێت ڕێگهبە ئەنقەرە بدات شانازیی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بۆ خۆی بەرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیشە تورکیا بەو ڕێبازەدا ڕۆیشت کە پاکستان گرتبوویە بەر، کە هەوڵەکانی تا ئێستا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی، سەرکەوتنی بەخۆوە نەبینیوە. لەبەر ئەمەیش، سیناریۆی ئێستا هاوشێوەی ئەزموونی جەنگی سووریانییە، کاتێک تورکیا لەو مەلەفانەی کە پەیوەست بوون بە سیاسەتی ئەمریکاوە لە پێشەنگی دیمەنەکەدا بوو.
*دکتۆر سۆنەر چاگاپتای، توێژەری باڵایە لە پرۆگرامی “بایەر فامیلی” و بەڕێوەبەری “پرۆگرامی توێژینەوە تورکییەکان”ە لە پەیمانگهی واشنتۆن.
سەرچاوە:
Cagaptay, S. (2026) ‘Turkey’s Limited Role in the Iran War’, The Washington Institute for Near East Policy. Available at: https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/turkeys-limited-role-iran-war (Accessed: 2 June 2026).
محەمەد بازی (Mohamad Bazzi) ڕۆژنامەی زە گاردیان (The Guardian) بۆ چەندان هەفتەیە، دۆناڵد ترەمپ… زیاتر
وەرگێڕان: پێنووس بابهتی شکستی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جهنگەکەیدا دژی ئێران، لەسەر سێ گریمانە… زیاتر
نووسەران: مارک تۆت (Mark Toth) و جۆناسان سوییت (Jonathan Sweet) سەرچاوە: گۆڤاری "دە هیڵ" (The… زیاتر
ماکس بووت (Max Boot) ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان (CFR) جەنگی ئێران خاڵە بەهێز و لاوازەکانی دامەزراوەی… زیاتر
جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەگەری زۆرە هاوشێوەی جهنگی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٣دا کۆتایی… زیاتر
پێنووس لە کۆتایییەکانی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاوکێشە… زیاتر