نووسینی: The National Context
بۆ عێراق، هورمز وەکوو بوومەڕەنگێکە (Boomerang)
بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە نزیکەی ٤.٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا پێش داخستنی هورمز (Hormuz) لە مانگی شوبات، بۆ نزیکەی ١.٣ بۆ ١.٤ ملیۆن بەرمیل دابەزی، کە نزیکەی بەتەواوی بۆ بەکاربردنی ناوخۆیییە و، هەناردەکردن لە ڕێگەی تێرمیناڵەکانی باشووری بەسرەوە (Basra) بۆ نزیکەی سفر کەم بووەتەوە. تەنیا لە پارێزگای بەسرە، کە نزیکەی تەواوی نەوتی خاوی عێراقی لێ بەرهەم دەهێنرێت، ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی زوبێر (Zubair) لە نزیکەی ٤٠٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ نزیکەی ٢٥٠,٠٠٠ بەرمیل دابەزی. ڕێگهی باکووری کەرکووک-جەیهان (Kirkuk-Ceyhan)، کە عێراق لە مانگی ئاداردا پەلەی بوو بیکاتەوە، ڕۆژانە نزیکەی ٢٢٠,٠٠٠ بەرمیل دەگوازێتەوە، لە بەرامبەر تێکڕای هەناردەی پێش قەیرانەکە، کە ٣.٤٥ ملیۆن بەرمیل بوو. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەم هەفتەیە پلانەکانی پەسەند کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئەو ژمارەیە بۆ ٧٧٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئامانجێکە پشت بەو ژێرخانە دەبەستێت کە هێشتا لە قۆناغی نۆژەنکردنەوەدایە؛ هەروەها پشت بە ڕێککەوتننامەیەکی بۆڕیی نەوت لەگەڵ تورکیا دەبەستێت کە لە ٢٧ی تەممووزدا کۆتایی دێت.
دەرەنجامە دارایییەکان ڕاستەوخۆن. نەوت پێکهێنەری نزیکەی ٩١ لهسەدی داهاتی فیدراڵیی عێراقە؛ ژمارەیەک کە بە درێژاییی ساڵانێک لەو بەڵێنانەی بۆ چاکسازی دراون، بەدەگمەن گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن (Fuad Hussein)، لە کۆتایییەکانی مانگی ئایاردا هۆشداریی دا کە ڕەنگە حکوومەت نەتوانێت لە مانگی داهاتوودا مووچەی گشتی بدات. ئەو پشتڕاستی کردەوە کە حکوومەت پێشتر نزیکەی ٢٥ ترلیۆن دیناری چاپ کردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە؛ ئەمەیش قەبارەی دراوی لە بازاڕدا بۆ نزیکەی ١٢٥ ترلیۆن دینار بەرز کردووەتەوە. ئەرکەکانی سەرشانی دەوڵەت بۆ دابینکردنی مووچە، خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەر سێ مانگێکدا دەگاتە زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلار. ئەو داهاتە نەوتییەی لەو مانگانەدا بەدەست هاتووە تەنیا بەشێکی زۆر بچووکی ئەو بڕە پارهیە بوو.
چوارچێوە: بڕیارەکەی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز، وەکوو ئامرازێکی گوشار دژی واشنتۆن و هاوبەشەکانی داڕێژرابوو، بەڵام تێچووی ئەو بڕیارە بەوردیییەکی پێکهاتەیییەوە کەوتە سەر شانی بەغدا. داخستنەکە باڵادەستی بە تاران دەبەخشێت بەسەر بازاڕەکانی نەوتی جیهاندا؛ هەروەها باڵادەستی بە تورکیا، سووریا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبەخشێت بەسەر عێراقدا. ئەو پێچەوانەبوونەوەیە کرۆکی ستراتیژیی ئەو دۆخەیە کە ڕوو دەدات و، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەژموونە دەکات کە ئێران دوو دەیەیە خەریکی بونیادنانییەتی لەناو گرنگترین هاوپەیمانە عەرەبییەکەیدا.
ئامرازی دابەشکردنی مووچە، پەیماننامە کۆمەڵایەتییەکەیە. ئەمە ئەو میکانیزمەیە کە لە ڕێگەیەوە ڕێککەوتنی سیاسیی دوای ساڵی ٢٠٠٣ قازانجی ماددیی پێویست دابەش دەکات بۆ پێکەوەگرێدانی ئەو پێکهاتانەی کە پەیوەندییەکانی دیکەیان لەگەڵ بەغدا لاوازن. ناوچە سوننەنشینەکان دوای تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی (Islamic State)، لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی بە سەرۆکایەتیی شیعەکان ئاشت بوونەوە؛ بەشێکی گەورەی هۆکارەکەیشی ئەوە بوو کە گواستنەوەی پارەی مووچەکان بەردەوام بوو. تەنانەت پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، کە بەردەوام لەسەر داهاتی نەوت، پشکی بوودجە و خاک گرژیی تێدایە، بە هەمان هۆکار پێکەوە ماوەتەوە و وەکوو پەیوەندییەکی فیدراڵیی کارا بەردەوام بووە. کاتێک وەزیری دەرەوە دەڵێت ڕەنگە مووچەکان نەدرێن، ئەو وەسفی هەڵوەشانەوەیەکی چاوەڕوانکراوی ئەو مەرجانە دەکات کە عێراقیان پێکەوە هێشتووەتەوە.
زیانپێگەیشتنە پێکهاتەیییەکە، قووڵترە لە تەنیا داخستنی هورمز. عێراق دەوڵەتێکی کرێخۆر (Rentier)ە کە هەرگیز سەرچاوەکانی داهاتی خۆی هەمەجۆر نەکردووە و هەرگیز سیستەمێکی باجی بونیاد نەناوە کە توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی هەبێت بەبێ پشتبەستن بە نەوت. ئەو سیستەمەی بە سەرۆکایەتیی شیعەکان کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ سەری هەڵدا، تۆڕە بازرگانییەکانی گرێدراوی میلیشیاکان، زنجیرەکانی پاڵپشتیی سیاسی و، قۆرخکردنی دەوڵەتی خستە سەر ئەو بناغەیە. ئەم ڕێکخستنە کاتێک بەرگە دەگیرێت کە داهاتە نەوتییەکان زۆرن و کاتێکیش هەرەس دەهێنێت، بە شێوەیەکی توند مەترسیدار دەبێت، چونکە هەمان ئەو تۆڕانەی کە لە کاتە خۆشەکاندا داهاتیان لە دەوڵەت دەردەهێنا، لە کاتە سەختەکانیشدا بەردەوام دەبن لە دەرهێنانی داهات؛ لە کاتێکدا ئامرازە دارایییەکە چیتر هێندە گەورە نییە تاوەکوو بەرگەی ئەو تێچووە بگرێت.
شیکاری: داخستنی هورمز وەکوو بوومەرەنگێکە، چونکە لە یەک کاتدا چوار گوشاری پێکهاتەییی جیاوازی دژی عێراق چالاک کردووە، کە هەر یەکێکیان بەتەنیا مەترسیدارن و کاتێکیش یەک دەگرن قەیرانەکە قووڵتر دەکەنەوە.
یەکەمیان، مۆڵەتی کۆتاییی بۆڕیی نەوتە لەگەڵ تورکیا. ڕێککەوتننامەی ئێستای بۆڕیی نەوتی عێراق-تورکیا لە ٢٧ی تەممووزدا کۆتایی دێت. ئامانجی بەغدا لەم دانوستانانەدا لە ڕێگەی سەرکەوتنەکەی لە دادگهی ناوبژیوانیی پاریس لە ساڵی ٢٠٢٣ داڕێژرابوو: داخستنی ئەو کەلێنانەی کە لە ڕێگەیانەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) لە ڕووی مێژوویییەوە مافی هەناردەکردنی سەربەخۆی خۆی دەسەلماند و، دڵنیابوون لەوەی هەر بەرمیلێک لە ڕێگەی سۆمۆ (SOMO)، ڕێکخراوی بەبازاڕکردنی فیدراڵییەوە دەگوازرێتەوە. داخستنی هورمز بەتەواوی ئەو هاوکێشەیەی دانوستانەکانی گۆڕی. ئێستا تورکیا کۆنترۆڵی تاقە ڕێڕەوی کارای هەناردەکردنی هەیە بە قەبارەیەکی مانادار. لە ئێستادا بەغدا ڕۆژانە نزیکەی ٢٢٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕێگەی جەیهانەوە دەگوازێتەوە لەبەرامبەر تێکڕای پێش قەیرانەکە کە ٣.٤٥ ملیۆن بوو؛ هەروەها ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن بۆ ٧٧٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا پشت بەو ژێرخانە دەبەستێت کە نۆژەنکردنەوەکەی هێشتا تەواو نەبووە. تورکیا پێشتر ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە مەرجەکانی ئێستا دەربڕیوە و ئاماژەی بە شکستهێنانی بەردەوامی عێراق کردووە لە دابینکردنی کەمترین قەبارەی پێویست کە ڕێککەوتننامەی ١٩٧٣ داوای دەکات. هەر ڕێککەوتنێک لەژێر ئەم گوشارەدا بکرێت، ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی ئەنقەرە دەبێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە کەنارەوە سەیری دۆخەکە دەکات، تێ دەگات کە ناوەندیبوونی نوێی تورکیا بە شێوەیەکی نیمچەیی، ئەو باڵادەستییە پێکهاتەیییە دەگێڕێتەوە کە هەولێر لە ساڵی ٢٠٢٣ لەدەستی دا.
دووەم گوشار، بە ئاراستەیەکی تەواو جیاوازدا دەڕوات. گواستنەوەی بەپەلەی نەوتی بەغدا لە ڕێگەی بارهەڵگرەکانەوە بەناو خاکی سووریا و ڕێڕەوەکەی بەرەو بانیاس (Baniyas)، بڕێکی زۆر لە دراوی قورس و داهاتی تێپەڕبوون بۆ دیمەشق بەرهەم دەهێنن. بۆ حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع (Ahmad al-Sharaa)، کە لە یەک کاتدا هەوڵ دەدات دەسەڵات بەسەر وڵاتێکی پارچەپارچەبوودا بسەپێنێت، فەرمانە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت بونیاد بنێتەوە و، متمانەی نێودەوڵەتی دروست بکات، ئەو داهاتانە سەنگێکی ڕاستەقینەیان هەیە. پارەی نەوتی عێراق کە بە سووریادا تێ دەپەڕێت، لە ڕووی ماددییەوە ئەو حکوومەتە بەهێز دەکات کە جێگەی سیستەمی سەردەمی ئەسەدی گرتووەتەوە کە کوتلە هاوپەیمانەکەی ئێران لە بەغدا پشتی پێ دەبەست بۆ قووڵاییی ناوچهییی خۆی. لە واقعدا، سیاسەتی ئێران پاڵ بە بەغداوە دەنێت بۆ ئەوەی پاڵپشتیی ماددی پێشکەش بە حکوومەتێک بکات کە ئێران وەکوو دوژمنێکی خۆی سەیری دەکات.
سێیەم گوشار، باڵادەستیی ئەمریکایە و، لێرەدایە کە لۆژیکی بوومەرەنگەکە لە هەموو کاتێک ڕوونتر دەبێتەوە. داهاتە نەوتییەکانی عێراق بەناو ئەو هەژمارانەدا تێ دەپەڕن کە بە سیستەمی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە گرێ دراون و، واشنتۆن پێشتر ئامادەییی خۆی نیشان داوە بۆ بەکارهێنانی ئەو کەناڵە وەکوو ئامرازێکی ناچارکردن: لە کاتی قەیرانی ئێستادا، گواستنەوەی نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری نەختینەی بۆ بەغدا ڕاگرت و بەشێک لە هاریکارییە ئەمنییەکانی هەڵپەسارد بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر عێراق لەسەر چالاکیی میلیشیاکان. لە دۆخێکی داراییی ئاساییدا، بەغدا دەیتوانی بەرگەی ئەو جۆرە گوشارە بگرێت، بە هەڵسەنگاندنی تێچووی سیاسیی گوێڕایەڵی لەبەرامبەر تێچووی ڕووبەڕووبوونەوە. داخستنی هورمز ئەو پەراوێزەی بەتەواوی نەهێشتووە. لەگەڵ داڕمانی داهاتە نەوتییەکان، کەوتنەژێر گوشاری دینار، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان و، مەترسیکەوتنە سەر مووچەکان، هەر بەرتەسککردنەوەیەکی زیاتری دەستگەیشتن بە دۆلار یان هەر ئاماژەیەک بۆ سزاکان، دەرەنجامگەلێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە بەغدا ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات. هەڵمەتی ئیدارەی ترەمپ بۆ ناچارکردنی بەغدا بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە ئۆپەراسیۆنی و بازرگانییەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، پێش داخستنی هورمز دەستی پێ کردووە، بەڵام قەیرانە دارایییەکە باڵادەستییەکی ناچارکەری زۆر زیاتری بە واشنتۆن داوە بەراورد بەوەی کە پێش مانگی شوبات هەیبوو. تەنزە سەرەکییەکە تەواو ڕوونە: هورمز چەکی ئێران بوو دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام ئامرازێکی گوشاری زۆر بەهێزتری بەخشییە ئەمریکا بەسەر گرنگترین وڵاتی پاشکۆی ئێراندا بەراورد بەوەی کە واشنتۆن پێش دەستپێکردنی جەنگەکە هەیبوو.
چوارەمین گوشار، ناوخۆیییە و، ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ناتوانرێت بەرگەی هەرسێ گوشارەکەی دیکە بگیرێت لە ڕێگەی سەودای نوخبەکانەوە، هەروەک چۆن لە قەیرانەکانی پێشووی عێراقدا دەکرا. حەشدی شەعبی کۆمەڵێک تۆڕی گۆڕاو و تێکئاڵاون کە بە دەسەڵاتی دەوڵەتەوە گرێ دراون لە بوارە ئەمنی، سیاسی و بازرگانییەکاندا، کە هەر یەکێکیان سەرکردایەتی، سەرچاوەکانی داهات و پاڵپشتیکاری سیاسیی تایبەت بە خۆیان هەیە. لە کاتە ئاسایییەکاندا، ئەم تۆڕانە وەکوو سەرمایە ستراتیژییەکانی ئێران لەناو دەوڵەتی عێراقدا کار دەکەن. قەیرانە دارایییەکە دەیانگۆڕێت بۆ بارگرانی: ئەو باڵانەی کە سەردەمانێک هەژموونی ئێرانیان فراوان دەکرد، ئێستا داهات لە هەمان ئەو ئامرازە دارایییە دەردەهێنن کە سیستەمەکەی خۆیان پشتی پێ دەبەستێت؛ ئەمەیش داڕمانەکە خێراتر دەکات. هەر باڵێک دەتوانێت هۆکاری قەیرانەکە بەتەواوی بخاتە ئەستۆی هێزە دەرەکییەکان: جەنگەکە، گوشاری ئەمریکا، هەلپەرستیی تورکیا، کۆسپدروستکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوەی بەرپرسیارێتی بەم شێوەیە بڵاو بووەتەوە، هیچ کارەکتەرێک بەتەنیا هەست بە قورساییی تەواوی ئەو کارە ناکات کە هەموویان بەکۆمەڵ دەیکەن. لۆژیکی حوکمڕانییەکە، حیساباتێکی عەقڵانییە لەژێر سایەی بێمتمانەییی هاوبەشدا: ئەگەر ئێستا من ئەم داهاتە نەبەم، ئەوا باڵێکی دیکە دەیبات و، ئەگەر سیستەمەکە زیاتر تێک بچێت، بە لایەنی کەمەوە من پشکی خۆم بردووە. هەر باڵێک دەتوانێت لە دۆخە لەناکاوەکە قازانج بکات، لە کاتێکدا هەموویان پێکەوە ئەو ئامرازە دارایییە وشک دەکەن کە مووچە، گرێبەست، پەردەپۆشیی یاسایی و، شەرعییەتی سیاسییان بۆ دابین دەکات.
وەرزی هاوین گۆڕاوێکی ئاڵۆزکەری دیکە زیاد دەکات. ژێرخانی کارەبای عێراق هەرگیز لە لووتکەی گەرمادا بە شێوەیەکی گونجاو کاری نەکردووە، بەتایبەتی کە پلەکانی گەرما لە باشووردا بەردەوام لە ٥٠ پلەی سەدی تێ دەپەڕن. ئێران هورمزی کردە چەکێک، بەڵام عێراق ئەو بارمتەیەیە کە نزیکترینە لە مەودای تەقینەوەکە و، ئەو دانیشتووانەی کە ڕووبەڕووی دواکەوتنی مووچە، بێبەهابوونی دینار، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان و، پچڕانی کارەبا لە گەرمای مانگی تەممووزدا دەبنەوە، لە واشنتۆن ناگەڕێن بۆ دۆزینەوەی کەسێک تاوەکوو تاوانباری بکەن. حکوومەتێک کە لە یەک کاتدا مامەڵە لەگەڵ دۆخێکی داراییی لەناکاو، بەرپەرچدانەوەی میلیشیاکان، ڕێککەوتننامەیەکی بۆڕیی نەوت کە وادەکەی کۆتایی دێت و، گوشاری بەردەوامی ئەمریکا بکات، لە پێگەیەکی زۆر لاوازدایە بۆ ئەوەی بەرگەی خۆپیشاندانەکانی وەرزی هاوین لەسەر شەقامەکان بگرێت. ڕاپەڕینی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ بە هۆکارێکی بچووکتر لەمە دەستی پێ کرد.
داخستنی هورمز وەڵامی ئێران بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی چارەنووسساز و، پێکهاتەی پاشکۆیەتیی عێراق ئەو بڕیارەی وەرگێڕایە سەر چوار گوشاری هاوکات دژی دەوڵەتێک کە هیچ توانایەکی بۆ بەرگەگرتنی هیچ یەکێکیان نەبوو. دەرەنجامە سیاسییەکە لە ناوخۆی عێراقدا پێشتر بینراوە لە ڕێگەی چۆنێتیی خوێندنەوەی قەیرانەکە لەسەر شەقامەکان: زۆرێک لە عێراقییەکان دەپرسن، بۆچی وڵاتێک کە باجی هاوپەیمانێتییە سیاسییەکەی لەگەڵ تاران داوە، ئێستا بەهۆی هەڵکشانەکەی خودی تارانەوە لە ڕووی ئابوورییەوە وێران دەکرێت. ئەو پرسیارە، کە لەناو دانیشتووانێکدا بڵاو دەبێتەوە کە ڕووبەڕووی دواکەوتنی مووچەکان، بەرزبوونەوەی نرخەکان و، هاوینێکی بێکارەبا دەبنەوە، وێرانکەرترین شتە کە داخستنی هورمز بۆ هەژموونی ئێرانی لە عێراقدا دروستی کردبێت و، زیانێکی تەواو بوو کە خۆی بە خۆی گەیاند.
ماڵپەڕ: ڕیەڵ کلیر دیفێنس (RealClearDefense) نووسەرەکان: لیوا چارڵز کۆرکۆران ( Maj. Gen. Charles Corcoran) و… زیاتر
وەزارەتی بەرگری (Defense Department)ی ئەمریکا، هەڵسەنگاندنی هەڕەشەی دژەهەواڵگریی بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردووەتەوە و، باوەڕ… زیاتر
نووسینی: Analysis Center کۆتاییهاتنی ماوەی ئەرکی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، تۆم باراک، وەک… زیاتر
The National Context بەهێزترین گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەستیان بە وەڵامدانەوەی هەڵمەتێکی نوێ کردووە بۆ… زیاتر
نووسەر: باڵیۆز (خانەنشین) گۆردۆن گرەی (Gordon Gray) ماڵپەڕ: گۆڤاری مەنارە (Manara Magazine) "ئێران" پەندێکی هەڵە لە… زیاتر
ماڵپەڕی فۆربس (Forbes) پۆڵ ئیدۆن (Paul Iddon) ئیسرائیل وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغێکی دیکەی شەڕکردن لەگەڵ… زیاتر