نووسینی: د. بێستون محهمهد*
لە ساڵی 2026دا، بەدیاریكراویش لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەكانی كەنداوی فارسی/ عەرەبییەوە، دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی ئێجگار هەستیار و ئاڵۆزەوە کە تێیدا ڕەهەندە ئەمنییە مەیدانییەکان و هاوکێشە ماتماتیکییە دارایییەکان بە شێوازێکی پێشبینینەكراو تێکەڵ بوون. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر بڕیاری دادگهی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس (ICC) و ڕاگرتنی هەناردەکردنی فەرمیی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆڕیی سەرەکیی کوردستان–تورکیا بەرەو بەندەری جەیهان، هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەیانتوانیوە دەرچەیەکی کۆتایی و جێگیر و قەناعەتپێكراو بۆ هەموو لایەنەكانی ناو هاوكێشەكە بدۆزنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، نوێنەرایەتیی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان (IOCs) كە گرێبەستیان هەیە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕان، پشكنین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە نزیكەی 10 كێڵگەی چالاكی نەوت لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندان جار بەیاننامە و کۆمەڵێک مەرجیان ئاڕاستەی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەغدا کردووە، وەک مەرجی بنەڕەتی بۆ گەڕانەوە بۆهەناردەکردنەوەی نەوت بە بڕی زۆر و بە خستنە گەڕی هەموو تواناكانیان.
کێشەی سەرەکی و چەقی ئەم ئاڵۆزییە بریتییە لە دژیەكییە توندەكانی نێوان واقعی زانستی و لۆژیكی لە لایەك و ئامانج و تێڕوانینی یاسایی و داراییی بەغدا لە لایەک، لە پەراوێزی ئەو شكڵە واقعی و ئابوورییەی تایبەتمەندییەكانی گرێبەستەكان بۆ پەیوەندیی نێوان کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان و حكوومەت لە کوردستان دروستیان كردووە. بەغدا، لە ڕێگەی یاسای بوودجەی سێ ساڵەی عێراق و هەموارەکانییەوە، تێڕوانینێکی ناوەندیی ڕەق پەیڕهو دەکات کە تێیدا تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی، بە بڕی جێگیری ١٦ دۆلار دیاری کردووە. لە بەرامبەردا، کۆمپانیا بیانییەکان لەژێر چەتری گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێناندا (Production Sharing Contracts – PSC) کار دەکەن، کە تێیدا مۆدێلی دارایی لەسەر بنەمای داینامیکی و فاکتەری ڕێژەیی داڕێژراوە، نەک نرخێکی جێگیری سەپێنراو. ئەم بەریەککەوتنەی ئەم دوو مۆدێلە جیاوازە، جیاوازییەکی قووڵی لە تێگەیشتن لە چەمکی قازانج و شایستە دارایییەکان دروست کردووە؛ بە شێوازێک کە نرخە خەمڵێنراوەکەی بەغدا بەتەواوی مۆدێلی ئابووریی کۆمپانیاکان دەهاڕێت و، قازانجیان نەک هەر کەم بۆتەوە بەڵکوو ڕەنگە لە ئێستادا و لەدوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك بەسەر ئەم ڕێككەوتنەی ساڵی ڕابردوو، كۆمپانیاكان هەست بكەن كەوتوونەتە ناو تەڵەیەكی زیانی داراییی بەردەوامەوە.
جگە لەلایەنە ئابوورییەکە، ڕەهەندی ئەمنی هاتووەتە سەر هێڵ و هاوکێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. کۆمپانیاکان لە ئێستادا ناتوانن کارمەند و ئەندازیارە بیانییەکانیان بخەنە ژێر مەترسییەوە، کاتێک دەبینن دامەزراوە نەوتییەکان جاروبار دەبنە ئامانجی گرژییە هەرێمایەتییەکان. لەبەر ئەم هۆکارانە، گریمانەی بنەڕەتیی ئەم لێکۆڵینەوەیە (Research Hypothesis) لەسەر ئەوە دادەمەزرێت کە تەنیا هەموارکردنی دەقە یاسایییەکانی بوودجە بە شێوازێکی ڕووکەش و زارەکی لەلایەن بەغداوە نابێتە هۆکاری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی بڕی واقعییانەی نەوت، چونکە تا ئەو کاتەی پاراستنی فیزیکیی کێڵگەکان لە مەترسییە درۆنی و مووشەکییەکان زامن نەکرێت و، میکانیزمێکی ماتماتیکیی داینامیکی بۆ ناسینی تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان لەجیاتی تەڵەی 16 دۆلارەکە جێگیر نەکرێت و، کێشەی قەرزە کەڵەکەبووە یەک ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلارییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت، بەتایبەت كۆمپایایەكی وەک DNOی نەرویجی چارەسەر نەکرێت، بۆڕیی نەوتی کوردستان-تورکیا وەک هێڵێکی نیوەوشک و نیوەبەتاڵ دەمێنێتەوە و ئابووریی گشتیی عێراق و هەرێم لە بەدەستهێنانی داهاتی نرخە بەرزەکانی نەوتی جیهانی بێبەش دەبن.
بەگشتی، بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەوەستاوە، بەڵام زۆر كەم بۆتەوە و هەندێك كێڵگە بەرهەمهێنانی تەواو لاواز بووە. کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان (IOCs) کە لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، ڕایان گەیاندووە کە پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت تەنیا پێویستی بە گڵۆپی سەوزی سیاسی نییە، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی سێ مەرجی بنەڕەتیی ستراتیژی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە. ئەم مەرجانە بۆ پاراستنی مانەوەی پڕۆژەکان و پاراستنی مافی یاسایی و داراییی وەبەرهێنەران داڕێژراون، کە بریتین لەم سێ ڕەهەندە گشتییەی خوارەوە:
مەرجی یەکەم: پاراستنی فیزیکی و ئەمنیی کێڵگەکان
سەرهەڵدانی جەنگی نوێ لە ناوچەکە و بەردەوامیی گرژییەكان كە قۆناغی یەكەم بریتی بوو لە جهنگێكی گەرمی چل ڕۆژەیی و قۆناغی دووەم جهنگێكی سارد و هەندێك جار گەرمی بەردەوام لەنێوان ئیسرائیل، ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەموو ئەمانە ژینگەیەکی ئەمنیی زۆر لێڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرهەم هێناوە. کەرتی وزە بەردەوام یەکەمین ئامانجی لێدانە تاکتیکییەکان بووە لەم جۆرە ململانێیانەدا. کۆمپانیا بیانییەکان لە پێشینەی مەرجەکانیاندا داوای پاراستنی تەواوی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەک دەکەن.
پشتبەستنی کۆمپانیاکان بەم مەرجە لە غەفڵەتەوە نەهاتووە؛ کێڵگەکانی وەک کۆرمۆر و چەندان دامەزراوەی تری وزە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی بوونەتەوە. ئەمەیش ترسێکی گەورەی لای ئەندازیاران و تەکنیککارە بیانییەکان دروست کردووە. بۆ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی، سەلامەتیی گیانیی ستافەکەی (Safety and Security Protocol) لەسەرووی هەموو داهاتێکی دارایییەوەیە. ئەوان داوا دەکەن حکوومەتی عێراق، لە ڕێگەی هێزە فیدراڵییەکان و سیستهمی بەرگریی ئاسمانییەوە، هێڵێکی ئەمنیی جێگیر لە چواردەوری کێڵگەکان دروست بکات بۆ زامنکردنی ژینگەیەکی کاری سەلامەت؛ چونکە بەبێ ئەم پاراستنە هیچ ئەندازیارێکی نێودەوڵەتی ئامادە نییە بگەڕێتەوە سەر بیرە نەوتییەکان. ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ستافی تەكنیكی و بەڕێوەبردنی كۆمپانیا نەوتییە چالاكەكان، كۆنتڕۆڵی زۆربەی سێكتەرە باڵاكانیان كردووە.
مەرجی دووەم: میکانیزمی گهرەنتییپێدانی شایستە بەردەوامەکان
مەرجی دووەمی کۆمپانیاکان، پەیوەستە بە ئاییندەی داراییی پڕۆژەکانەوە. ئەوان داوای دانانی میکانیزمێکی ڕوون و شەفاف دەکەن بۆ گەرەنتیپێدانی بەردەوامیی شایستە دارایییە نوێیەکانیان لە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردندا. بەپێی یاسای بوودجەی فیدراڵی، داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم دەچێتە ناو ئەکاونتێکی بانکیی فەرمی لەژێر چاودێریی بەغدا و، فرۆشتنەکە لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ (SOMO)وە دەبێت.
کۆمپانیاکان لێرەدا ڕووبەڕووی کێشەی متمانەی دارایی (Financial Trust) دەبنەوە؛ ئەوان دەترسن نەوتەکە ڕادەست بکەن و هەناردە بکرێت، بەڵام بەهۆی ململانێ سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، یان بەهۆی ئاڵۆزییەکانی وەزارەتی داراییی فیدراڵەوە، پشکی داراییی مانگانەی ئەوان لە کاتی خۆیدا نەدرێت و پرۆسەی بەرهەمهێنان پەکی بکەوێت. بۆیە، ئەوان داوای دامەزراندنی سیستهمی پشکی ئۆتۆماتیکی (Escrow Account) یان گەرەنتیی بانکیی نێودەوڵەتی دەکەن کە تێیدا لەگەڵ فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوتدا، پشکی کۆمپانیاکە بەبێ دەستێوەردانی سیاسی، ڕاستەوخۆ بڕواتە سەر ئەکاونتی بانکیی خۆیان.
مەرجی سێیەم: دۆسیەی قەرزە کەرەستەیی و کەڵەکەبووەکان
ئەم مەرجە قورسترین و گرێدراوترین بەشی کێشەکەیە. کۆمپانیا بیانییەکان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین تەنیا سەیری داهاتی داهاتوو بکەن بەبێ یەکلاکردنەوەی پاشکەوتی (پاشهكهوتی؟) داراییی ڕابردوویان. ئەوان داوای پابەندبوونی تەواوی بەغدا و هەولێر دەکەن بە پێدانی قەرز و شایستە کەڵەکەبووەکانی پێشوویان کە لە ماوەی ساڵانی کارکردنیاندا لەسەر حکوومەتی هەرێم ماوەتەوە.
لەم تەوەرەدا، هەڵوێستی کۆمپانیای نەوتی نەرویجی (DNO) وەک ڕوونترین و توندترین نموونە دەردەکەوێت. کۆمپانیای DNO، کە یەکێکە لە گەورەترین وەبەرهێنەرانی کەرتی نەوتی کوردستان و سەرپەرشتیاری سەرەکیی کێڵگەی تاوکێ و پێشخابوورە، بەفەرمی ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەوە ڕاگەیاندووە. بڕیاری ئەم کۆمپانیایە، جێگیرە تا ئەو کاتەی پرسی پارە دواخراوەکانی، کە بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەتەواوی چارەسەر دەکرێت. بۆ DNO، دەستپێکردنەوەی کار بەبێ وەرگرتنەوەی ئەم قەرزە گەورەیە، بە واتای سەرکێشییەکی دارایی و نادڵنیایی دێت کە پشکەکانی لە بۆرسە نێودەوڵەتییەکاندا تووشی داڕمان دەکات. ئەم قەرزە یەک ملیار دۆلارییە تەنیا ژمارەیەک نییە، بەڵکوو کۆی گشتیی خەرجییەكانی گەڕان، پشكنین و پەرەپێدانەکانی کۆمپانیاکەیە کە پێشتر لەسەر ئەرزی واقع ئەنجامی داون.
ڕەگی بنەڕەتیی تەواوی ئەم کێشە و چەقبەستوویییە، لە جیاوازیی قووڵ و بونیادیی نێوان فەلسەفەی گرێبەستە نەوتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) و تێڕوانینی یاساییی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە بەغدا سەرچاوە دەگرێت. ناتوانرێت لایەنی ئابووریی ئەم دۆسیەیە چارەسەر بکرێت، بەبێ تێگەیشتن لەوەی چۆن مۆدێلی گرێبەستەکان کۆنفلێکتی ڕاستەوخۆ لەسەر تێگەیشتن لە چەمکی شایستەی دارایی (Entitlement) دروست دەکەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم (کە لە ساڵی 2007 دەرچووە)، کەرتی وزەی خۆی لەسەر بنەمای گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێناندا (Production Sharing Contracts – PSC) بونیاد نا. ئەم مۆدێلە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەو وڵاتانەدا بەکار دێت کە خاوەنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی پڕ لە سەرکێشین یان ژێرخانی وزەی پەرەنەسەندوویان هەیە. لەژێر چەتری گرێبەستی (PSC)دا، کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی (IOC) تەواوی لایەنی دارایی و تەکنیکی و سەرکێشیی دۆزینەوە و لێدانی بیرەکان لەسەر خەرجیی تایبەتیی خۆی لەئەستۆ دەگرێت. ئەگەر کۆمپانیاکە نەوتی نەدۆزییەوە، حکوومەت هیچ خەرجییەکی ناكەوێتە ئەستۆ و، کۆمپانیاکە هەموو زیانەكان دەگرێتە ئەستۆی خۆی. بەڵام ئەگەر نەوت دۆزرایەوە و بەرهەمهێنانی بازرگانی دەستی پێ کرد، کۆمپانیاکە مافی یاساییی هەیە کە ڕێژەیەکی بەرز لە نەوتی بەرهەمهاتوو بۆ خۆی ببات لەژێر دوو ناونیشاندا: یەکەم، نەوتی تێچوو (Cost Oil) بۆ بەدەستهێنانەوەی خەرجییە سەرمایەیی و لۆجیستییەکانی؛ دووەم، نەوتی قازانج (Profit Oil) کە وەک قازانجی پوختی وەبەرهێنانەکەی ئەژمار دەکرێت.
لایەکی تری هاوکێشەکە، ئەوەیە كە حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا مۆدێلێکی تەواو جیاواز پەیڕهو دەکات، کە بریتییە لە گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکی (Technical Service Contracts – TSC). لەم جۆرە گرێبەستانەدا کە لە باشووری عێراق جێبەجێ دەکرێن، دەوڵەت خۆی خاوەنی تەواوی کێڵگە و ژێرخانەکەیە و سەرکێشیی دارایی ناکات و، کۆمپانیا بیانییەکە تەنیا وەک “بەڵێندەر” کار دەکات و بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهاتوو، کرێیەکی جێگیری کەم (Fee per Barrel) وەردەگرێت کە زۆر جار لەنێوان 1.5 بۆ 4 دۆلاردایە.
کۆنفلێکتەکە کاتێک تەقییەوە کە بەغدا ویستی مۆدێلی جێگیری خۆی بەسەر گرێبەستەكانی هەرێمدا بسەپێنێت. حکوومەتی عێراق لە یاسای بوودجەدا بڕی تەنیا 16 دۆلاری جێگیری بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان دیاری کردووە. ئەم 16 دۆلارە بووەتە تەڵەیەکی دارایی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، چونکە سروشتی کێڵگەکانی کوردستان (تۆپۆگرافیای شاخاوی، قووڵیی بیرەکان و، پێویستی بە سیستهمی بەرزکردنەوەی دەستکرد و پەمپی پێشکەوتوو) وای کردووە کە تێچووی ڕاستەقینەی دەرکردنی هەر بەرمیلێک نەوت ڕەنگە لەوە بەرزتر بێت.
لە هەندێك حاڵەتدا، ڕەنگە دیاریکردنی 16 دۆلار بە واتای ئەوە بێت کە کۆمپانیاکان نەک هەر ناتوانن نەوتی قازانج (Profit Oil) بەرن، بەڵکوو ناتوانن تەنانەت خەرجییەکانی بەگەڕخستنی ڕۆژانەیشیان (OpEx) دابین بكەن. ئەم جیاوازییە گەورەیە وای کردووە، کۆمپانیاکان بەتەواوی بێقەناعەت بن بە بەڵێنەکانی بەغدا، چونکە کارکردن لەژێر سایەی ئەم 16 دۆلارە جێگیرە بۆ بەشێك لە كۆمپانیاكان كە هێشتا قەرزێكی زۆریان لەلای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە، بە واتای خۆکوژیی دارایی و ئیفلاسبوونی کۆمپانیاکان دێت لە بۆرسە جیهانییەکاندا. هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتی هەرێم بە ڕێژەیەكی زۆر و ڕاگرتنی کێڵگەکان لەم دۆخەدا، کورت دەبێتەوە لەوەی کۆمپانیاکان ناتوانن بەرهەمهێنان دەست پێ بكەنەوە کاتێک دەزانن بەغدا مۆدێلی گرێبەستەکانیان بەفەرمی ناناسێنێت و نرخێک دەسەپێنێت کە هاوسەنگیی ئابووریی پڕۆژەکان بەتەواوی تێک دەدات.
بۆ سەلماندنی هۆکاری سەرەکیی بێقەناعەتیی کۆمپانیاکان بە پێشنیازی بەغدا و دەرخستنی ڕەهەندە زانستییەکەی قەیرانەکە، دەبێت پەنا ببەینە بەر شیکردنەوەی هاوکێشەی ماتماتیکیی فاکتەری ڕێژەیی کە بە R-Factor ناسراوە. ئەم فاکتەرە لێدەر و ڕێکخەری سەرەکیی تەواوی مۆدێلی داراییی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردنە لە بەرهەمهێناندا (PSC).
فاکتەری R هاوکێشەیەکی ماتماتیکییە كە ڕێژەی دابەشبوونی نەوتی قازانج (Profit Oil Split) لەنێوان حکوومەت و کۆمپانیا دیاری دەکات، بەپێی ئاستی گەڕانەوەی وەبەرهێنانەکە. هاوکێشەکە بەم شێوازە دەنووسرێت:
Cumulative Net Revenue
R=
Cumulative Capital and Operating Costs
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم هاوکێشەیە لەسەر ئەرزی واقع، نموونەیەکی ژمارەییی تاقیکاری دەخەینە ڕوو: گریمان کێڵگەیەکی نەوتی لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکدایە کە کۆی داهاتی کەڵەکەبووی گەیشتووەتە $1,000,000,000 (یهك ملیار دۆلار)؛ لە بەرامبەردا، کۆی گشتیی خەرجییە ڕاستەقینەکانی کۆمپانیاکە بۆ لێدانی بیرەکان و دروستکردنی وێستگەکان لەو کێڵگەیەدا بریتی بووە لە $800,000,000. (ههشت سهد ملیۆن دۆلار).
کاتێک ئەم ژمارانە دەخەینە ناو هاوکێشەکەوە:
R = ($1,000,000,000) / ($800,000,000) = 1.25
دەرەنجامی هاوکێشەکە پیشانی دەدات کە فاکتەری R یەکسانە بە1.25 . لە زانستی ئابووریی وزەدا، کاتێک فاکتەری R لە یەک گەورەتر دەبێت ($R = 1.25 > 1$)، بەو واتایە دێت کە پڕۆژەکە خەرجییەکانی خۆی دەرکردووەتەوە و توانیویەتی 800 ملیۆن دۆلاری خەرجکراو بگەڕێنێتەوە و، 200 ملیۆن دۆلاریش وەک داهاتی زێدە لە کێڵگەکەدا ماوەتەوە. لێرەدا، بەپێی یاسا و تێرمە جێگیركراوەكانی گرێبەستەکە، پشکی کۆمپانیاکە لە نەوتی قازانج بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کەم دەبێتەوە (بۆ نموونە لە %25ەوە دادەبەزێت بۆ %18)، چونکە سەرکێشیی دارایی لەسەر کۆمپانیاکە نەماوە و، لەبەرامبەردا پشکی حکوومەتی هەرێم لە قازانج، بەرز دەبێتەوە بۆ %82. ئەم مۆدێلە هاوسەنگی و دادپەروەری بۆ هەردوو لایەن زامن دەکات.
بەڵام تەڵەی 16 دۆلارەکەی بەغدا لێرەدا كەمیی دەستهاتی دارایی دروست دەکات. حکوومەتی فیدراڵ کۆمپانیاکەی ناچار كردووە کە تێچووی بەرهەمهێنان و دەرهێنان و هەناردەكردن بە بڕی جێگیری 16 دۆلار ئەژمار كراوە بۆ هەر بەرمیلێك. كەواتە لە واقعدا بەغدا ددان بەو 800 ملیۆن دۆلارە خەرجییە ڕاستەقینەیەدا نانێت، بەڵکوو لە ڕێگەی دەقە یاسایییەکانەوە کۆی خەرجییە ڕێپێدراوەکانی کۆمپانیاکه کەم دەکاتەوە و بە دەستکردی دەیخاتە سەر ئاستی 400 ملیۆن دۆلار.
کاتێک خەرجیی ژێرەوەی هاوکێشەکە بە دەستکردی کەم دەکرێتەوە، هاوکێشە نوێیەکە بەم شێوەیەی لێ دێت:
R = ($1,000,000,000) / ($400,000,000) = $2.5
لەم دۆخەدا، فاکتەری R بە شێوەیەکی خەیاڵی و دەستکرد باز دەدات بۆ2.5 بەپێی یاسای گرێبەستەکە، کاتێک فاکتەری R دەگاتە سەروو 2، پشکی کۆمپانیا لە نەوتی قازانج لە %18 ەوە دادەبەزێت بۆ خوار %5 . لێرەدا کۆمپانیا بیانییەکە تووشی داڕمانی دارایی دەبێت؛ چونکە لە لایەک 400 ملیۆن دۆلار لە خەرجییە ڕاستەقینەکانی فەرامۆش کراوە و فڕێ دراوە، لە لایەکی تریشەوە پشکی قازانجی مانگانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی دەستکردی فاکتەری R بۆ کەمترین ئاست دابەزێنراوە. ئەم شیکارییە ماتماتیکییە ڕوونی دەکاتەوە بۆچی کۆمپانیاکان بەتوندی چوونەتە ناو هێڵی بەرگری و، ڕەتی دەکەنەوە هەناردە دەست پێ بکەنەوە؛ چونکە تێچووی 16 دۆلاری جێگیر، هاوسەنگیی هاوکێشەی R-Factor بەتەواوی تێک دەدات و، قازانجی فەرمیی کۆمپانیاکان دەگۆڕێت و ڕەنگە بگۆڕێت بۆ زیانیش.
پێویستە تێگەیشتن لە فاکتەری R ببەسترێتەوە بە ڕەهەندی زەمەنی و خولی ژیانی کێڵگەی نەوتی (Oil Field Lifecycle). گەیشتنی کێڵگەیەکی نەوتی بەو قۆناغەی کە داهاتی کەڵەکەبووی لە خەرجییەکانی زیاتر بێت و فاکتەری R تێیدا لە 1 تێپەڕ بکات، پڕۆسەیەکی کاتیی خێرا نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی درێژخایەنە کە لە پیشەسازیی جیهانیدا بە چەندان قۆناغی جیاوازدا تێ دەپەڕێت و بەتێکڕا 7 بۆ 12 ساڵ دەخایەنێت:
) قۆناغی گەڕان: 1-3 ساڵ) ── < (قۆناغی پەرەپێدان: 3-5 ساڵ) ──< (سەرەتای فرۆشتن: 5-7 ساڵ( ) ──< پێگەیشتن و هاوسەنگی R < 1: نزیكەی 7-12 ساڵ(
خولی ژیانی کێڵگە نەوتییەکان بەگشتی بەم چوار قۆناغە کاتییەدا دەڕوات:
زۆربەی کێڵگە نەوتییە گەورەکانی هەرێمی کوردستان (وەک شێخان، تاوکێ و، ئەترۆش) ئێستا لە قۆناغی چوارەمدان؛ واتە تەمەنی بەرهەمهێنانیان لەنێوان 7 بۆ 12 ساڵدایە و گەیشتوونەتە قۆناغی پێگەیشتن (Mature Phase). لەم قۆناغەدا، کێڵگەکان پێویستیان بە خەرجیی زۆری بەردەوام (OpEx) هەیە بۆ پاراستنی پەستانی بیرەکان و ڕێگریکردن لە دابەزینی سروشتیی بەرهەمهێنان. کاتێک بەغدا نرخێکی نزم و جێگیری وەک ١٦ دۆلار دەسەپێنێت، ئەمە لەگەڵ واقع و تەمەنی کێڵگەکاندا ناگونجێت.
ڕاگرتنی درێژخایەنی هەناردەکردن لەدوای 2023 و بەردەوامیی ئەم دۆخە تا ساڵی 2026، زیانێکی جیۆلۆژیی گەورەی بەم کێڵگە پێگەیشتووانە گەیاندووە، چونکە داخستنی بیرە نەوتییەکان بۆ ماوەی درێژ، دەبێتە هۆی تێکچوونی پێکهاتەی هایدرۆدینامیکیی ناو حەوزە نەوتییەکان و نوقمبوونی بیرەکان لە ئاودا. ئەمەیش تێچووی دەستپێکردنەوەیان لە ئاییندەدا زۆر زیاتر دەکات و توانای بەرهەمهێنانی گشتییان کەم دەکاتەوە.
لێکۆڵینەوەی زانستی و شیکاریی مەیدانیی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2026دا، دەیسەلمێنێت کە چارەسەری ڕاستەقینەی ئەم قەیرانە چەقبەستووە، لە دروشمە سیاسییە سەرپێییەکاندا کۆ نابێتەوە، بەڵکوو پێویستی بە دابینکردنی هاوکێشەیەکی دووڕەهەندی هەیە کە پێک هاتووە لە ئاسایشی فیزیکیی مەیدانی” و “دادپەروەریی ماتماتیکی لە شایستە دارایییەکاندا. فاکتەری ڕێژەیی (R-Factor) و خولی ژیانی کێڵگە نەوتییەکان پێوەرگەلێکی زانستیی بێلایەنن کە دەکرێت ببنە بنەمایەک بۆ نەهێشتنی تەواوی ئەم کۆنفلێکتە مۆدێلاتییەی نێوان بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.
پێشبینییەكان بۆ نیوەی دووەمی ساڵی 2026 ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیانی داراییی گەورەتر لە گەنجینەی گشتیی عێراق دەگەیەنێت لەچاو ئەو پارەیەی کە بەغدا دەیەوێت لە ڕێگەی تەڵەی 16 دۆلارەکەوە پاشەکەوتی بکات، بەتایبەت لە کاتێکدا کە نرخی نەوتی جیهانی لەژێر سێبەری گرژییەکانی گەرووی هورمزدادا لە سەروو 90 دۆلارەوە جێگیر بووە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، پێویستە بڕیاربەدەستانی بەغدا گۆڕانکاری لە مەرجە ڕەقەکانی یاسای بوودجەدا بکەن و مۆدێلێکی نەرم بۆ ئەژمارکردنی تێچووی بەرهەمهێنان پەسەند بکەن کە دان بە خەرجییە ڕاستەقینەکانی کۆمپانیاکاندا بنێت، كه ڕەنگە ئەم بڕە پارەیە لەنێوان 24 بۆ 30 دۆلار بێت بەپێی فاکتەری Rی ڕەسەنی کێڵگەکان؛ لە بەرامبەردا مۆدێلەکە گهرەنتی دەکات کە پشکی شێری داهات و نەوتی قازانج بەفیعلی و بە ڕیژەی زۆر بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
هاوکات، ڕێککەوتن لەسەر خشتەی پۆلێنکراوی دانەوەی قەرزە یەک ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلارییەکەی کۆمپانیاکانی وەک DNO و، دابینکردنی سیستهمی بەرگریی ئەمنی بۆ پاراستنی کێڵگەکان لە هێرشی درۆنی، متمانەی وەبەرهێنانی بیانی بۆ کەرتی وزەی عێراق دەگەڕێنێتەوە. بەبێ ئەم وەرچەرخانە زانستی و هاوسەنگە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەسەر مانگرتنی ئابووریی خۆیان بەردەوام دەبن و بۆڕیی نەوتی کوردستان- تورکیا وەک هێمایەکی چەقبەستووییی دارایی و سیاسی بەبەتاڵی دەمێنێتەوە.
*دکتۆر بێستون محمد قادر، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا، مامۆستای زانکۆ لە بواری بەڕێوەبردنی نەوت و گاز. بواری سەرەکی توێژینەوە گرێبەستەکانی نەوت و گاز، جیۆپۆلۆتیکی وزە، بەڕێوەبردنی تەندروستی و سەلامەتی و ژینگە لە پڕۆسە نەوتییەکان، ژینگەی کاری کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکانی نەوت و بەڕێوەبردنی مەترسی و بەڕێوەبردنی سەرچاوەی مرۆیی سەوز.
سهرچاوهكان:
کاربین عەبدوڵڵا/ ماستەر لە کۆمەڵناسی -زانکۆی کازان – ڕووسیا پێشەکی کۆمەڵگهی کوردستانی، بەهۆی ئەو… زیاتر
نووسینی: The National Context بۆ عێراق، هورمز وەکوو بوومەڕەنگێکە (Boomerang) بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە نزیکەی… زیاتر
ماڵپەڕ: ڕیەڵ کلیر دیفێنس (RealClearDefense) نووسەرەکان: لیوا چارڵز کۆرکۆران ( Maj. Gen. Charles Corcoran) و… زیاتر
وەزارەتی بەرگری (Defense Department)ی ئەمریکا، هەڵسەنگاندنی هەڕەشەی دژەهەواڵگریی بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردووەتەوە و، باوەڕ… زیاتر
نووسینی: Analysis Center کۆتاییهاتنی ماوەی ئەرکی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، تۆم باراک، وەک… زیاتر
The National Context بەهێزترین گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەستیان بە وەڵامدانەوەی هەڵمەتێکی نوێ کردووە بۆ… زیاتر