پێنووس

کاریگەریی گۆڕانکارییەکان لەسەر سیاسەتی گشتیى کابینەی زەیدی و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان

 

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

 

هەرێمی کوردستان سەرلەنوێ لەبەردەم چەند پرسیارێکی چارەنووسسازدا

ئەوەى سەرلەنوێ لە ئەزموونى نوێی زەیدی ڕووی داوە، هەمان ئەوەیە کە لە سەردەمی عادل عه‌بدولمه‌هدی و کازمی و سوودانییە. چوارچێوەى هەماهەنگی و ناوماڵی شیعە پەرتەوازەیە، بەڵام تواناى دۆزینەوەى دەرچەى تەوافوقی هەیە. ئەوان لەو خاڵەدا لە کورد سەرکەوتووترن؛ لە کاتى تەنگژەدا بەدواى تەوافوقدا دەگەڕێن، نەک ململانێ لەسەر پارسەنگەکانى هەڵبژاردن، به‌تایبەت لە قۆناغێکی هەستیاردا کە بۆیان دەردەکەوێ پڕۆژەى حوکمداریى شیعە لە عێراق دەکەوێـتە مەترسییەوە. کەواتە هەماهەنگی لەو ڕێگەیەوە توانیویەتى حوکمى شیعە لە عێراق بەسەرکەوتوویی بهێڵێتەوە و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانى لە سنوورێکدا بوەستێنێ و “سەدر”یش قەتماغە بدەن و تووڕەی نەکەن.

کەواتە چوارچێوەى هەماهەنگی لەبەردەم چارەنووسێکی هەستیاردا بوو، بەوەى چۆن پەرتەوازەییی ناوماڵی شیعە لە سنوورێکی ئاساییدا بهێڵێتەوە، چۆن پرۆژەى حوکمدارییان لە عێراق بەردەوام و بیپارێزێ، چۆن ئەمریکا و ئێرانیش ڕازی بکا. ئەمە کارێکی قورس بوو و، بەو ماوەیەیش سەری نەدەگرت، بەڵام چانسی سیاسیی ئەوان لە ناکۆکیی ناوماڵی کورددا بوو؛ ئەگەر سەرکردایەتیى کورد زوو پاڵێوراوى سەرۆکیان یەکلایی بکردایەتەوە، ئەوان ئەوەندە زەمینەیان لە  ڕووی گفتوگۆى ناوخۆیان و بەڕێوەبردنى کاتەوە نەدەبوو. هەر بۆیە پاڵنەرى سەرەکیی دواکەوتنى دیاریکردنى پاڵێوراوى کورد بۆ سەرۆکی وڵات، خودى چوارچێوەى هەماهەنگی بوو، کە پاڵپشتیى تەواویان بۆ یەکێتیى نیشتمانى کرد، تا ئه‌و پاڵێوراوه‌ی كه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی عێراق ده‌یانویست بیسه‌پێنن، درێژکراوەى ستراتیژییەتى خۆیان بێت و، لە لایەکی تریشەوە ململانێی ناوماڵی کورد بۆ دەستکەوتنى کات دەمەزەرد بکەنەوە؛ ئامانجەکەیشیان پێکا.

پرۆسەى بەتاڵکردنەوەى ململانێی دەسەڵات لە دیاریکردنى “زەیدی”یەوە دەرچوو؛ ئەو کاندیدێکى ناچارى بوو بۆ زۆرێک لە لایەنە شیعییەکان. هەمووان لەسەرى کۆک بوون. کەسایەتییەکى تەوافوقییە، سەرمایەدارە، زیاتر زیهنییەتى ئابوورییانەى هەیە، هەندێ ئەزموونى کارگێڕی و داراییشی هەیە، پێ دەچێ تواناى ڕازیکردنى لایەنەکانیشی هەبێ، ڕه‌نگه‌ بتوانێت بەسەرپەرشتیى خۆیان دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانى بەغدا لەگەڵ هەرێم یەکلایی بکاتەوە، دواجاریش ململانێی ناوماڵی شیعە لەسەر دەسەڵات کۆتایی پێ دێ. وڵاتیش پێویستى بە سەقامگیریی هەیە، چونکە لە حاڵەتى ئاژاوه‌دا، ئەوەى کە زۆرترین زەرەرى بەردەکەوێ خودی شیعەیە؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە هیچ باکگراوندێکی سیاسی و کارى حزبیی نییە، هەرگیز ناتوانێ لە بازنەى سیاسەتى چوارچێوەى هەماهەنگییش قوتارى بێت؛ نە لە پەرلەمان و نە لەناو ئەنجومەنى وەزیران. تەنانەت کەسایەتییەکی سەربازییش نییە، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە جێی مشتومڕی سوننە و کورد و، نە خودی شیعەیش نییە؛ بەڵام کەسایەتییەکى ناچارییش نییە، بەڵکوو دواى بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەى وردی چوارچێوەى هەماهەنگی هێنراوە، ئەویش لەپێناو دوو ئامانجى سەرەکی: هێشتنەوە و بەردەوامیى حوکمڕانیی شیعەیە بەیەکڕیزی، به‌تایبەت چوارچێوەى هەماهەنگی، دواتریش ڕازیکردنى ئەمریکا؛ بەوەى کەسایەتییەکى سەرمایەدار کاندید کراوە کە لەگەڵ زیهنییەتى ئێستاى سەرۆکی ئەمریکا ده‌گونجێت: وەبەرهێنان و بەستنى گرێبەست و مامەڵە ئابوورییەکان.

لێرەوە پرسیارێکی جەوهەرى بۆ کورد جارێکی دی خۆى قوت دەکاتەوە: ئایا زەیدی بۆ کورد چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ سوودانى؟

“سوودانی”یش پێشتر کەسایەتییەکى تەوافوقیی چوارچێوەى هەماهەنگی بوو. كۆمه‌ڵێك ڕێكکەوتننامە، بەفەرمی و لەسەر مێز و بەسەرپەرشتیى هەردووک سەرۆکوەزیرانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و لە ڕێوڕەسمێکی تەواو ئەتەکێتیدا واژۆ کران، هاوپه‌یمانێتییەکیش بۆ بەڕێوەبردنى حکوومەت پێک هێنرا، بەڵام چیی بەسەر هات؟ لایەنى زۆرینەى حوکمدارى عێراق، پێوەی پابەند نەبوو، سوودانی زیاتر جەختى لەسەر هێورکردنەوەى هاوکێشە و قەیرانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دەکردەوە، هەوڵیشی دەدا چارەسەرى کورتمەودایان بۆ بکات و زۆر پشتى بە دەستوور نەدەبەست و، حكوومه‌ته‌كه‌ی ڕێکخراو و دامەزراوەیی نەبوو. هەر بۆیە پەیوەندییەکانى نێوان بەغدا و هەرێم دوورترین مەوداى، سێ مانگ بوو، دواتر قەیران دەکەوتەوە؛ چونکە سیاسەتى هاوتەریبى لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە، لەگەڵ قەوارەى هەرێم بەکاردەهێنا.

ئەوەى دیارە، زەیدی زیاتر جەخت لەسەر بەمەرجەعبوونى دەستوور دەکاتەوە؛ کە ئەمەیش بۆ هەرێم باشە و ئەمریکاش پشتیوانیی لێ دەکات. ئەو هەندە کارەى دەستیان پێ کراوە، ڕێکخراو و دامەزراوەیی دەردەکەون، گرفتە دارایییەکانیش هەنگاوى چارەسەریان دەست پێ کردووە؛ بەڵام پێ ناچێت بەو ئاسانییە بگاتە ڕێکكەوتنى کۆتایی و گشتگیر. زەیدی زۆر مەبەستیەتی گرنگى بە دۆسیە بنەڕەتییەکانى نێوان هەردوو لا بدات.

 کەواتە لێرە دەبێت هەرێم ئەوە بزانێت، کە نییەتى سەرۆکوه‌زیران گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام سیاسەتى چوارچێوەى هەماهەنگی ناڕۆشنە و گۆڕانکاریى بەرامبەر هەرێمی تێدا بەدی ناکرێت. دەبێت بەوریایییەوە مامەڵە بکرێت؛ گەشبینیی پێشووەختە، دەبێت تەنیا لە ڕەفتارى دیپلۆماسیدا ڕەنگ بداتەوە، وریایی و خۆپارێزییش لە پلان و هەنگاوەکاندا، چونکە ئەوەى هەیە تەنیا پاراسیتۆڵی قەیران و خۆگونجاندنە لەگەڵ گۆڕانکارى و هاوکێشە نوێیەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

بەڵام ئەوەى کە دەبێت کورد خەمی لێ بخوات: هەوڵدان و جەختکردنەوەیە بۆ بەجێگەیاندنى ئەو پەیمان و ڕێکكەوتنانەى کە واژۆ کراون، نەک خەریککردنى هەرێم بە هەندێ قەیرانى نوێوه‌، تا ڕێکكەوتنەکانى پێشوو لەبیر بکات، یان هەوڵ بدات ئەو لێکتێگەیشتن و ڕێکكەوتنانە نەبنە چەند ئامرازێکی کاتى و وەڵام بۆ گوشارەکانى دەرەوە؛ بەپێچەوانەوە جارێکی دی، دەکەوێـتە ناو هەمان “بازنەى بەتاڵی خولانەوە و تەڵەی سازشکردن”.

زەیدی و گەمەیەکی نیمچەمەحاڵ لەگەڵ گەندەڵی

حکوومەتەکەى زەیدی بە چوارەم حکوومەت دادەنرێت لە عێراق کە دژایەتى بۆ گەندەڵی ڕابگەیەنێت. بۆ یەکەمین جار لە سەردەمی حوکمڕانیی عادل عه‌بدولمه‌هدی (2018 – 2019) دژایەتیی گەندەڵی بەدامەزراوەیی کرا و بەپێی فەرمانى دیوانى ژمارە 70 لە کانوونی دووەمى 2019، ئەنجومەنى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی دامەزرا. پێشتر لەلایەن دەستەى دەستپاکییەوە ئەو کارە دەکرا؛ ئەوکات عێراق لە ڕیزبەندى جیهانی لە گەندەڵیدا پلەى 168 هەبوو. ئەو ئەنجومەنە ڕەخنەى ئەوەى لەسەر بوو كه‌ گوایە: ڕۆڵی چاودێریی پەرلەمانى لاواز دەکات و هیچ ئامرازێکی جێبەجێکردنى بەهێزی بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵیی بێشومارى سیاسیی پێ نییە.

 ئەو ئەنجومەنە لە سەردەمی کازمی 2020 – 2022 گۆڕا بۆ لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی و سەر بە ئەنجومەنى وەزیران بوو، ئەویش ڕەخنەى ئەوەى لێ گیرا كه‌ گوایە: مینبەرێکە بۆ پاکتاوکردنى حیساباتی سیاسی و، هیچ چوارچێوەیەکی یاساییی دامەزراوەییی هەمیشەییی نییە.

 دواتر سوودانى (2022 – 2026) بۆ ئەو بابەتە پشتی بە چوار دامەزراوە دەبەست: دەستەى دەستپاکیی فیدراڵی، لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی، ئەنجومەنى باڵاى دادوەری، نووسینگەى گێڕانەوەى پارە دزراوەکانى وڵات (کە ئەم نووسینگەیە لەلایەن سوودانییەوە دروست کرا). سوودانى زۆر مەبەستى بوو پارە دزراوەکان بۆ وڵات بگێڕێتەوە؛ بۆ ئەم مەبەستەیش زۆر گرنگیى بە پەیوەندیی توندوتۆڵ دەدا لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لەو بارەیەوە.

لە گرنگترین ڕەخنەکانیش لە سوودانی لەو بارەیەوە ئەوە بوو کە: هیچ بەرەنجامێکی ئەوتۆى بەدەستەوە نەدا، لەجیاتی ئەوەى گەندەڵکاران بداتە دادگه‌، ڕێکكەوتنى لەگەڵدا کردن، نەیتوانی گەندەڵکارە گەورەکان- کە زیاتر کۆمەکی بەرەى پرۆکسییان دەکرد- هیچ ڕێوشوێنیان لەدژ بگرێتە بەر، ئاستى شەفافییەت ڕووی لە داکشان کرد و هەژموونى حزبە پرۆکسییەکان تا دەهات دەیتەنییەوە 1))، تا دەهات گەندەڵی لە هەموو بوارەکاندا هەڵدەکشا (2)، قەیرانە ئابوورییەکانیش زیاتر دەبوون و، تەنانەت بوودجەى ساڵی 2023 زیاتر لە 48 ملیار دۆلار کورتیى هێنا (3).

زەیدی بۆچی ئەم بابەتەى کردۆتە هەنگاوى سەرەکیی سیاسەتى حکوومەتەکەى؟ ئایا ئەو زیاتر لەوانەى پێش خۆى پێ دەکرێت؟ ئایا بکەر و گەندەڵکاران هەمان ئەوانەى پێشوو نین؟ ئایا دەتوانێت بەرەنگارى گرووپە پرۆکسییەکان ببێتەوە؟ ئایا ڕیشەى ئەوان لە وڵاتدا لەوەى زەیدی پتەوتر نییە؟ ئایا هەر ئەوانەى تاوانبارن بە گەندەڵی، هەر ئەوان نین ئەویان هێناوەتە سەر کورسیی حوکمڕانیی وڵات؟ ئایا زەیدی لەم بارەیەوە پشتى بە چی قایمە؟ ڕوانگەى ئەو بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی چییە؟

بەدەر لە بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی، زەیدی دۆسیەیەکی دی نوێی لە هەگبەدا نییە؛ ئەو بەنیازە لەو ڕێگەیەوە بارى لارى وڵات ڕاست بکاتەوە. هەوڵەکان لەم بارەیەوە بەپێی پلان لە ساڵی 2021 – 2025 بەردەوام بوون. ئەم دیاردەیە هەندەى نەماوە وڵات لە هەڵدێر نزیک بکاتەوە، گەرچی بەپێی ڕاپۆرتى ڕێکخراوەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەندێ بەرەوپێشچوون هەیە، بەڵام دامەزراوەکانى چاودێری و دادوەرى تا دێت لاوازتر دەبن.

دەستێوەردانى سیاسییەکانیش لە دۆسیەى ئابوورى و تێگەیشتن لە دەسەڵات وەک ئیمتیاز، کارەکەى قورستر کردووە( 4 ). متمانەى خەڵکیش بە دەسەڵات هەر بەرەو داکشان دەچێت و نیازەکانى چاکسازییش برەویان کەمە، یان دەرفەتیان بۆ ناڕەخسێت و ناهێڵن. دەوڵەتیش ڕوخسارى بەرخۆری (Rentier State)ی هەیە و به‌تەواوى پشتی بە سامانى نەوت بەستووە (5). لەو بارەیەوە ڕێکخراوى UNDP و یەکێتیى ئەوروپا هاوکاریى ئەنجومەنى دادوەریى باڵا دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی، کە چوار لایەن لەو هەڵمەتەدا، کە لە 8/12/2023وە ڕاگەیه‌نراوە، بەشدارن: حکوومەتى فیدراڵ، حکوومەتى هەرێم، یەکێتیى ئەوروپا، UNDP (6).

بۆچی زەیدی زۆر جەخت لەسەر ئەو بوارە دەکاتەوە؟

وڵات بەرەو هەڵدێر دەچێت. ئەوەى کە پێش هەمووان ئەگەرى لەناوچوونى هەیە و لەو حاڵەتەدا برەوى سیاسیی کەم دەبێتەوە، پڕۆژەى حوکمڕانیی شیعەیە لە عێراق. زەیدی بەنیازە لەو ڕێگەیەوە ڕەوایەتیى حوکمڕانیی شیعە بەسەر عێراقەوە دەمەزەرد بکاتەوە و متمانەى خەڵک بەدەست بێنێتەوە، لە هەمان کاتیشدا پێگەى چوارچێوەى هەماهەنگی بەپتەوى بهێڵێتەوە و حوکمڕانیی شیعە هەر لەدەستى ئەودا بمێنێتەوە و نەگاتە لاى سەدر. هەر بەو پێیەیش بەرژەوەندییەکان و هەژموونى ئێران دەپارێزرێن. ئەگەر زەیدی لەسەر ئەو پەیڕەوە بەردەوام بێت، دوور نییە پشتیوانیی ئەمریکا و یەکێتیى ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانى تریشی چنگ کەوێت. لە ئاکامیشدا کاریگەریى ئابوورى و گەشەپێدانی لێ دەکەوێـتەوە و وڵاتیش بەرەو چاکسازیی دادوەرى و دامەزراوەیی دەچێت و وێناى وڵاتیش لەبەردەم کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەئابڕووتر دەکات؛ لە کۆتاییشدا متمانەى خەڵک بەدەست دێتەوە.

بەڵام پرسیارێکی جه‌وهه‌ریتر لەو بارەیەوە قوت دەبێتەوە: ئایا جووڵاندنى ئەو دۆسیەیە داواکارییەکى عێراقییە یان ئەمریکی؟

ئەوەندەى داواکارییەکى ئەمریکییە، پڕۆگرامێکی سیاسیی حکوومەتى نوێی عێراق نییە. هەرچەندە زەیدی لە پڕۆگرامى حکوومەتداریى خۆیدا پەیمانی دا بەرەنگارى گەندەڵی ببێتەوە و گرێبەستە تەمومژاوییەکان نەهێڵێت و بێکارییش کەم بکاتەوە 7))، بەڵام تا ئێستا هیچ هەوڵێکی نیشتمانى لەو بارەیەوە سەری نەگرتووە. هەر بۆیە ئەوەندەى داواکاری و گوشارى ئەمریکایە بۆ لاوازکردنى هەژموونى ئێران لە عێراق، ئه‌وه‌نده‌ داواکارییەکى بەهێزی عێراقی نییە، چونکە ئەوانەى کە پشکی سەرەکییان لەو کەیسەدا هەیە، گرووپە پرۆکسییەکانن؛ لەسەرووى هەموویشیانەوە میلیشیا چەکدارەکان. لەو ڕێگەیشەوە سەروەریى وڵات لەژێر هەژموونى ئێران قوتار دەکرێت و چارەسەرێک بۆ لاوازیى دامەزراوەییی دەوڵەت دەدۆزرێتەوە؛ کە ئێستا ئەو لاوازییە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر سەقامگیریی وڵات و، هەڕەشەیه‌ بۆ سەر بەرژوەندییەکانى ئەمریکا. بۆیە ئەمریکا مەبەستیەتی لەو ڕێگەیەوە سەرچاوەکانى داراییی ئەو گرووپانە وشک بکات و لەلایەن حکوومەتى عێراقییەوە چەکەکانیان پێ داماڵێت.

ئایا زەیدی تواناى بەرەنگاربوونەوەى میلیشیاکانى هەیە؟

لەم بارەیەوە پێویستە ئاماژە بە چەند پێوەرێک بدەین کە ئەو توانایەى نییە: گرووپە پرۆکسییەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە گەیاندنى زەیدی بە دەسەڵات، گرووپەکان هەژموونى سیاسی و ئابوورى و هێزیان هەیە، ئەوان خاوەنى چەندان وەزیرن بەناڕاستەوخۆیی و، زیاتر لە 80 ئەندام پەرلەمانیان هەیە، چەندان گرێبەستى ئابوورییان هەیە لەناو حکوومەت و دەرەوەى حکوومەت، وەبەرهێنان و کۆمپانیا و بازرگانییان هەیە- کەوا بەئاسانی دەستبەردارى نابن-، ئەوان زاڵن بەسەر مەرزەکانى سەرسنوور لە تەواوى عێراق-بە بەندەرى ئوم قەسر و فاویشەوە-، چەندان بەرپرس و کارمەند لە دامەزراوەکاندا کار بۆ ئەوان دەکەن (هەڵمەتى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی لەپێشدا ئەوان دەگرێتەوە).

هەر بۆیە بەرپرسانی حزبی و گرووپەکان لەسەر هەرسێ ئاستى دادوەرى و پەرلەمان و ئەنجومەنى وەزیران، ئەو دەرفەتە بە زەیدی نادەن و بێدەنگ نابن؛ بەدووریش نازانرێ ئەندام و لایەنگرانى خۆیان بە ناوى خەڵکەوە بێننە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان پێ ساز بدەن لە دژى حکوومەت. ئەوانەى کە بەئامانج دەگیرێن، خۆیان و گرووپەکەیان لەناو ئەنجومەنى وەزیرانن، هەر بۆیە بڕیاردان لەو بارەیەوە کارێکی ئەستەمە؛ ئەمە جگە لەوەى کە دادگه بێلایەن نییە و دەستێوەردانى دەرەکیی تێدا دەکرێت لە بەرژەوەندیى خۆیان.

 ئەو هەڵمەتە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى ئێران ناکۆکی دەنێتەوە؛ ئەودەمیش بۆ زەیدی بڕیاردان لەنێوان دوو بەرەى دژبەیەک کارێکی مەحاڵ دەبێت، چونکە لە لایەک هەژموونى ئێران لە تەواوى جومگەکانى دەسەڵاتى عێراقدایە، لە لایەکی تریشەوە گوشارێکی سامناکی ئەمریکاى لەسەرە، کە ئاییندەى وڵات دەخاتە مەترسییەوه‌.

کەواتە خاڵە لاوازەکانى زەیدی کەم نین، وەک: گرووپە پرۆکسییەکان لەسەر ئاستى ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمان تواناى گەمارۆدان و ئاستەنگنانەوەیان هەیە، گوشارى ئێران، گوشارى ئەمریکا، ئابوورییەکى داڕووخاو، چەکی بەربڵاو بەدەست میلیشیاکانەوە، نەبوونى کۆدەنگیى نیشتمانى، پشتیوانیى مەرجدارى ئەمریکا بۆ حکوومەتەکەى… بەڵام لەبەرامبەر ئەم ڕەهەندانە، زەیدی بەنیازە ستراتیژییەتێکی تایبەت بە خۆى پیادە بکات، وەک: پەیوەندییەکى هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکا، هەوڵدان بۆ چارەسەرى گرفتە دارایی و ئاسایشییەکان لەگەڵ هەرێم- بەڵام تواناى چارەسەرى گشتگیر و تەواوى نییە-، جەختکردنەوە لەسەر ڕوانگەى دەستووری بۆ یەکلاییکردنەوەى گرفتەکان و پرۆسەى بڕیاردروستکردن و، جێبەجێکردنى بەرنامەى چاکسازیی ئابووری -کە خۆى لە کەمکردنەوەى بێکارى و دەرکردنى هەندێ یاساى تایبەت و پڕۆژەى هەمەجۆرى پیشەسازی و کشتوکاڵ و هەمەچەشنکردنى سەرچاوە ئابوورى و دارایییەکان و کەمکردنەوەى پشتبەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەى دارایی، کاراکردنى ئەنجومەنى باڵاى دەستپاکی بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی، پێداچوونەوە بە گرێبەستە حکوومییەکان، گەڕأندنەوەى پارە دزراوەکانى وڵات ده‌بینێته‌وه‌.

بێ گومان ئەم ستراتیژییەتە ڕەگەزی بوێریی تێدا بەدی ناکرێت، چونکە لەو ڕێگەیەوە خۆى لە بەرەنگاربوونەوەى میلیشیاکان لا دەدات و بەرگەى دەستێوەردانە سیاسی و دەرەکییەکان ناگرێت و ڕاوەدوونانى گەندەڵکارانیش ئاسان نییە؛ تەنانەت هێڵی بەرگریى میلیشیاکان لەناو خودی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمان.

ئەمە ماناى ئەوە نییە کاریگەریى ئێران بەسەر پرۆسەى سیاسیی عێراقەوە تەواو لاواز دەبێت؛ تەنانەت دواى دانانى چەک لەلایەن گرووپەکانەوە، بەرەو داکشانى تەواو بچێت، بەڵکوو: میلیشیاکان هەر بە ڕەنگدانەوەى ستراتیژییەتى ئێران دەمێننەوە و هەژموونى دەپارێزن، ئەوان دەبنە شانەى نووستوو و، هەر کاتێ بیانەوێت بەئاگا دێنەوە، لە پەرلەمان بڕیار یەکلایی دەکەنەوە، سەردانە ڕاستەوخۆکانى بەرپرسانی ئێران بۆ عێراق ڕێك ده‌خه‌ن، چوارچێوەى هەماهەنگی وەک قەوارەیەکی حوکمڕانیی شیعە ده‌هێڵنه‌وه‌، ڕێگه‌ لە دروستبوونى فراکسیۆنی گەورە لە پەرلەمان (بێجگە لە شیعە)، پشت بە هەندێ لایەنی سیاسیی سوننى و کورد ده‌به‌ستن، مەرجەعییەتى شیعە لە عێراق هەرگیز فتوا دژ بە ئێران دەرناکات، بەڵکوو ئێران هەوڵیش دەدا هەندێ سازش لەسەر هەژموونى خۆى لە عێراق لەگەڵ ئەمریکا بکات، چونکە ئەمریکا تا هەنووکە پێویستى بە ئێران هەیە وەک بەرەیەکی دژ بە دەوڵەتانى سوننە و، ئەمریکا نایەوێ ئەو باڵانسە بە لاى دەوڵەتانى سوننەدا بشكێتەوە.

کەواتە ئەوەى زەیدی دەیەوێت لە ڕواڵەتدا لە هەڵمەتى چەکداماڵینی میلیشیاکان ڕوو دەدا؟

زەیدی خۆیشی قەناعەتى وایە کە ئەم کارە بەو ڕەهایییە لە توانایدا نییە: چارەنووسی هەندێ میلیشیا پەیوەستە بە ئێرانەوە (هەرگیز ڕازی نابن بە چەکداماڵینی تەواو)، دادگه لاوازە، ئەگەری بەریەککەوتن لەگەڵیان هەر هەیە، ئەوان فەرمان لە ئێرانەوە وەردەگرن نەک لە حکوومەتى عێراقی و چوارچێوەى هەماهەنگی و مەرجەعییەتى شیعەى عێراق؛ بە شێوەیەک چەک لەناو عێراق پەرتوبڵاو بۆتەوە و دەرفەتى کۆکردنەوە و کۆنترۆڵکردنى ئاسان نییە، بەڵکوو بە چوونەناو سوپاوە، ئەوەندەى تر پشتیوانی بۆ گرووپەکان بەفەرمی دروست دەبێت و کۆنترۆڵی تەواوى جومگەکانى سوپاش دەکەن و کار بۆ چەکدارانیان دەدۆزنەوە و زۆر لەو ژمارەیەى ئێستایان زیاتر دەخەنە ناو ڕیزەکانى سوپاوە؛ هەر کاتێکیش ویستیان لەناو سوپا لە فەرمان دەرچن، ئەوا بە فەرمانێکی ئێران یان فتوایەکی مەرجەعییەت دەگەڕێنەوە هەمان کارى پێشوویان.

کەواتە کارەکە جۆرێکە لە قۆناغتێپەڕاندن و ڕازیکردنى ئەمریکا، نەک هەڵخەڵەتاندنى.

بەڵام ئایا مامەڵەى ئەمریکا لەگەڵ زەیدی تەکتیکە یان ستراتیژ؟

ئەمە پرسیارێکی ئاسان نییە، چونکە ئەوەى کە لە دەسەڵاتە لە عێراق، ئەوە نییە کە حوکمڕانە. زەیدی ڕووکارێکی هاوکێشەى حوكمڕانیی عێراقە، کە چوارچێوەى هەماهەنگییە، ئەویش واتە ئێران. ئەگەرچی بە هەندێ مەرجی ئەمریکا ڕازی بن، به‌ڵام تەنیا بۆ ڕزگارکردنى پڕۆژەى حوکمڕانیی شیعەیە لە عێراق لە داڕووخان و، تێگەیشتنە لە سیاسەتى قۆناغەکە و تەواو پراگماتیستییە.

 لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێ ئاماژەى جددى بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەى پەیوەندییە ستراتیژییەکانى نێوان عێراق و ئەمریکا هەن. یەکێک لەو دۆسیانەى کە لەگەڵ زەیدی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لە نێوه‌ندی سەردانەکەى بۆ ئەمریکا لە ناوەڕاستى مانگى تەممووز، ڕێکكەوتنى نوێی هاوبەشی ستراتیژیی نێوانیانە؛ گەرچی تا ئێستا متمانەى تەواو لە نێوانیاندا نییە. پەیوەندییەکە زیاتر سادە و دیپلۆماسییە و حکوومەتى عێراقی تا هەنووکە مەرجەکەى ئەمریکاى بەجێ نەگەیاندووە. لەم بارەیە چوارچێوەى هەماهەنگی سیاسەتى قۆستنەوەى کات پەیڕەو دەکات؛ بەمەیش سه‌ره‌ڕای بوونى پەیوەندیى نێوانیان، بەڵام ناسەقامگیری هەر دەمێنێت و عێراقیش وەک گۆڕەپانێکی ململانێ هەر بەردەوام دەبێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌، مامەڵەکە تا ئێستا تەکتیکی و مەرجدارە و زیاتر جەختى لەسەر هەندێ دۆسیەى خێرایە لە بوارى ئابوورى و ئاسایش و نەهێشتنى هەژموونى ئێران بەسەر عێراقەوە.

ئایا هیچ گۆڕانکارییەک بەرامبەر هەرێم بەدی دەکرێت؟

هیچ ئاماژەیەکی نوێی زیاتر لە سەردەمى سوودانى تا هەنووکە نییە. پەیوەندییەکان لەگەڵ سوودانى لەوەى ئێستا باشتر دەستی پێ کرد؛ بڕیارە مووچە لە کاتى خۆیدا بۆ فەرمانبەرانى هەرێم بێت. بەڵام ئەوەى پێش جەژنى قوربان، ناکرێتە پێوەر بۆ پرۆسەى مووچەناردن. بەنیازن چاوەڕوانى هەرێم نەکەن لە ناردنى بڕى پارەى داهاتى نانەوتى، بەڵکوو ڕاستەوخۆ خۆیان لە پارەى مووچەى هەرێمی دەبڕن؛ بەڵام دیار نییە بڕەکە چەندە و تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەو بارەیەوە نەکراوە. هەناردەکردنەوەى نەوتیش ڕێک خراوە و بڕیارى پاراستنى کۆمپانیاکانیش دراوە. هەر بۆیە تا ئێستا شتێکی زیاتر لە جاران نییە.

کەواتە هەرێم لەم قۆناغەدا، دەبێت سەرلەنوێ بە ستراتیژییەتى خۆیدا بچێتەوە. زەیدی لەبەرامبەر هەرێم زیاتر جەخت لەسەر سێ ڕەهەندی سەرەکی دەکاتەوە: دەستوور مەرجەعە، بەدامەزراوەییکردنى پەیوەندییەکان، دۆسیەى ئابوورى لەپێشینەیە. بەڵام ئاڵنگارییەکان هەر ماون وەک: هەژموونى ئێران، حوکمڕانیی چوارچێوەى هەماهەنگی بەسەر عێراقەوە، بڕیارەکانى دادگه‌ى فیدراڵی، قەیرانە دارایی و ئابوورییەکان، بوودجە و مووچە، یاساى هەڵبژاردن، هەماهەنگیی ئاسایشی و سەربازی، دەرنەکردنى یاساى نەوت و غاز، ناتەباییی ناوماڵی کورد، پێکنەهاتنى کابینەى نوێی حکوومەتى هەرێم.

ئەی حکوومەتى هەرێم دەبێت چی بکات؟ لەم بارەیەوە ئەزموونێکی باشی هەیە. لە ساڵی 2003وە، بەوەى زەیدییەوە، مامەڵەى لەگەڵ 9 حکوومەت کردووە (8)؛ هیچیان نیازی جددییان نەبووە بۆ چارەسەرى ناکۆکییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەماى دەستوور و سیسته‌مى فیدراڵی؛ قەیرانەکان دەقۆزنەوە و کات بەڕێ دەکەن. هەر بۆیە حکوومەتى هەرێم دەبێت لەم قۆناغە هەستیارەدا، جەخت لەسەر چەند ڕەهەندێکی ستراتیژیى گرنگ و نەتەوەیی بکاتەوە، وەک: ڕوانگەى دەستووری بۆ یەکلاییکردنەوەى ناکۆکییەکان، سیسته‌مى فیدراڵی، هێشتنەوەى پەیوەندیی دیپلۆماسیی بەهێز لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا و ئێران، ڕێکكەوتن لەگەڵ بەغدا، یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و دروستکردنى ئەنجومەنێکی سیاسیی نیشتمانى بۆ لایەنە سیاسییەکان، کە دەبێتە مینبەرێک بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوەى لایەنەکان و یەکلاییکردنەوەى هاوکێشە سیاسییەکان، “بەئەکتیڤ هێشتنەوەى پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا و دانوستاندنى ڕاستەوخۆ، بە مەبەستى دووبارەنەبوونەوەى هەڵەکانى پێشوو”؛ ((9  ئه‌وەیش لێدوانى زەیدی بوو بەبۆنەى سەردانى سەرۆکی هەرێم و سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بۆ بەغدا.

ئەزموونى کورد لەگەڵ تۆم باراک

کورد لە دۆسیەى کوردستانی ڕۆژاوادا ئەزموونێکی باشی لەگەڵ ئەو زاتە نییە. تۆم كه‌سی مامەڵە و گرێبەست و هاوکێشە ئاسایشییەکانە و دیموکراسییەت لاى ئەو هیچ بەهایەکی ئەوتۆى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نییە؛ کاریگەریى تورکیایشی لەسەرە و لە هەموو هەنگاوەکانیدا بەرژەوەندییەکانى تورکیا لەبەرچاو دەگرێ. هەر ئەو زاتە، چۆن باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، بە هەمان شێوەیش نێردەى وڵاتەکەیەتی بۆ دۆسیەى سووریا و عێراق؛ تێگەیشتن لێی، ئەرکی حکوومەتى هەرێم و پارتى دیموکراتى کوردستانە بە پلەى یەکەم. هەر ئەمڕۆ بۆ جارێکی دیكه‌ گەیشتەوە هەولێر.

ئەو تەنیا مامەڵە لەگەڵ حکوومەتى هەرێم ناکات، بەڵکوو مامه‌ڵه‌ لەگەڵ هەردووک حزبە سەرەکییەکە ده‌كات. ئەمەیش ئەو ئاماژەیە دەدات کە هەرێم لاى ئەمریکا دوو زۆنە. ئەو هەمان پەیامی وڵاتەکەى بۆ سەرکردایەتیى کورد دووپات دەکاتەوە: ئەمریکا لەگەڵ هەرێمێکی بەهێزى یەکگرتووە لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراقدا؛ کۆمەکییەکانى ئەمریکاش هەر لەو سۆنگەیەوە دێن و پەیوەندییەکی دوولایەنەى باشى لەگەڵ هەرێم بەردەوام دەبێت.

لە لایەکی ترەوە ڕوانگەى ستراتیژیى ئەمریکا بۆ عێراق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لە چوارچێوەى سیسته‌مى ناوچەییی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاسته‌وه‌ تێی دەڕوانێ، نەک تەنیا چوارچێوەى جوگرافیی عێراق وەک جاران. لەم بارەیەوە تەنیا جارێکیش ناوى عێراق لە بەڵگەنامەى ستراتیژیى نەتەوەییی ئەمریکادا نەهاتووە، بەڵام هەرێمی کوردستان پێگەیەک و بکەرێکی ئەکتیڤە بۆ ئەمریکا لە بوارى ئاسایش و وزە. لەو پەیوەندییەیشدا هاوسەنگیی نێوان تورکیا و عێراق لەلایەن ئەمریکاوە دەپارێزرێ.

کەواتە تۆم باراک کار لەسەر سێ ڕەهەندی سەرەکی دەکات لە عێراقدا، کە دەبێ سەرکردایەتیى کورد باش لێی حاڵی ببێت: ئاسایش، ئابوورى، سووڕانەوە لە خولگەى ستراتیژییەتى ئەمریکا لە ناوچەکە ( 10 ).

سەبارەت بە دۆسیەى میلیشیاکان، هەمان پەیامی پێشووى ئەمریکاى پێیە: نابێت بمێنن، پێویسته‌ هەژموونى ئێران لە وڵات تا نزمترین ئاست لاواز بکرێت و، سەروەریى ڕاستەقینە بۆ دەوڵەتى عێراق لەبەرامبەر ئێران بگەڕێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش شەست ڕۆژ دەرفەت دراوەتە حکوومەتى عێراق، کە هاوتەریبە لەگەڵ ماوەى ڕاگرتنى جه‌نگ لەگەڵ ئێران؛ هەوڵیش بۆ جارێکی تر ئەکتیڤکردنەوەى پەیوەندییە ئابوورى و سیاسی و ئاسایشییەکانى نێوان ئەمریکا و عێراق دەدرێت تا مانگى نۆى داهاتوو.

لەم بارەیەوە سەرکردایەتیى کورد مافی خۆیەتى بەوریایییەوە لەگەڵ تۆم باراک مامەڵە بکات، بەڵام مەرجیش نییە هەمان سیناریۆى سووریا لە عێراق دووبارە ببێتەوە و گومانى زیادەڕۆیییانە بکات. دەبێت سەرکردایەتیى کورد پەیامەکەى خۆى دووپات بکاتەوە، کە هەرێم: بەدواى مافە فیدراڵی و شایستە دەستوورییەکانییەوەیەتى لە چوارچێوەى عێراقدا، تایبەتمەندیى فیدراڵی بپارێزرێ، باشترە بۆ هەرێم پەیوەندییە ئابوورییەکانى لەگەڵ ئەمریکا تا بەرزترین ئاست پەرە پێ بدا، زەمینەسازیی تەواو بکات بۆ هاتنى کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان، به‌تایبەت لە بوارى وزە، هەرێم دەبێت لەگەڵ سیاسەتى ئەمریکا لە ناوچەکە کارلێکێکی ئەرێنیی هەبێت. دەبێت حکوومەتى هەرێم لەسەر دوو ئاست کار بکات لەو بارەیەوە: وەبەرهێنان بۆ ئەمریکا لە هەرێم، هیچی واى کەمتر نییە لە عێراق؛ هەرێم بکەرێکی سەقامگیری و ئاشتییە لە ناوچەکە و عێراق و، دەتوانێت بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لەبەرچاو بگرێت و بیانپارێزێت.

بەڵام لەو بارەیە بۆ هەرێم چەند مەترسی وەک ئاڵنگارى لەبەردەرگان، وەک: نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، پێکنەهێنانى کابینەى نوێی حکوومەتى هەرێم، بەردەوامبوونى پەرتەوازەییی ناوماڵی کورد، داکشانی جووڵەى وەبەرهێنان لە هەرێم، وەرچەرخانى ئەمریکا بۆ بەستنى گرێبەستە ئاسایشی و ئابوورییەکان لەگەڵ بەغدا و پەراوێزخستنى هەرێم، جەختکردنەوەى ئەمریکا بە ئاسایشکردنى دۆسیەکان دوور لە هاوکێشە سیاسییەکان، واتە دووبارەبوونەوەى ئەزموونى سووریا لە عێراق- کە ئەمەیش مەترسییەکی جیددی دەبێت بۆ سەر هێزەکانى پێشمەرگە-، هەروەها گوێنەدان بە سیسته‌می فیدراڵی و جەختکردنەوەى لەسەر جەمبوونى دەسەڵات لە بەغدا بە تامى مەرکەزییەت؛ ئەمه‌یش یەکێکە لە بۆچوونەکانى تۆم باراک، واته‌ بەرچاوخستنى هاوسەنگى بۆ ڕازیکردنى تورکیا و ئێران.

لە کۆتاییدا پێویستە حکوومەتى هەرێم: بەوردی حیساب یۆ هەنگاوەکانى بکات، متمانەى بە پەیوەندییە نوێیەکانى قۆناغی نوێ هەبێت. بەڵام گومانکردن کارێکی پێویستە، چونکە: کورد ئەزموونى تاڵی هەیە، تۆڕەکانى پەیوەندیی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ناهەوسەنگ و ناسەقامگیرن، بڕیارەکانى دادگه‌ى فیدراڵیی وڵات چوارچێوەى سیسته‌مى فیدراڵییان تەواو بەرتەسک کردۆتەوە تا ئاستى دەرچوون لە دەستوور (دەبێت بەردەوام جەخت لەسەر دەستوور بکاتەوە)، پاراستنى یەکڕیزی و پێکهێنانى کابینەى نوێ، فراوانکردنى پەیوەندی و دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا، برەودان بە وەبەرهێنان لە بوارى ئابوورى و وزە لەگەڵ ئەمریکا، جەختکردنەوە لەسەر ئەوەى کە هێزى پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە نەک میلیشیا و لە چوارچێوەى سیسته‌مى بەرگریی عێراقدا کار دەکات و شەرعییەتى پێ دراوە، چاودێریکردنى بەردەوامى هاوکێشەکان و بەجێگەیاندنى ڕێکكەوتنەکان لەگەڵ بەغدا (تا نەبنە ئامڕازێکی لێکتێگەیشتنى کاتى و گوشارى دەرەکی)؛ ئەنجامەکەیشی لە سازشکردنەوە دەربچێت.

( 2 )  جريدة الدستور – فساد ينخر جسد الحكومة العراقية، https://www.addustor.com/content.php?id

( 3 )  حركة سياسية عراقية تتهم حكومة السوداني بالفشل في محاربة الفساد،  https://www.alaraby.co.uk/politics

( 4 )  يشير تقرير برنامج الأمم المتحدة الإنمائي إلى تقدم في الملاحقات القضائية والإدانات القوية، والحاجة إلى استمرار جهود الإصلاح العدلي | الأمم المتحدة في العراق، https://iraq.un.org/ar/289729.

( 5 ) مؤشر مدركات الفساد لعام ٢٠٢٥ في العراق: من بدء الإصلاح إلى كسب الثقة | برنامج الأمم المتحدة الإنمائي،

https://www.undp.org/ar/iraq/blog/iraqs-cpi-2025

( 6 )  حملة #سلم_الراية في العراق: متحدين ضد الفساد من اجل مستقبل مشرق | الأمم المتحدة في العراق.

https://www.bing.com/search?q=%D8%AD%

( 8 )  الحکومات العراقیة بعد 2003، https://ar.wikipedia.org/w/index.php?title=%D8

( 9 )  https://www.kurdistan24.net/

( 10 )  3 ملفات وهدف واحد.. ماذا يحمل توم باراك في حقيبته إلى العراق؟ https://www.eremnews.com/news/arab

Shayda

بابەتی پەیوەندیدار

تۆم باراک و دۆکترینی کۆڵەکەی هاوسەنگی:  تەلارسازیی ئابووریی واشنتن لە عێراق و سووریادا

ماڵپەڕ: The National Context لە ١٦ی حوزەیراندا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی عەلی زەیدی… زیاتر

2 hours ago

هەشت پرسیاری بێوەڵام سەبارەت بە ڕێککەوتنەکەی ترەمپ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران

 نووسەران: باراک ڕاڤید(Barak Ravid) و دەیڤ لاولەر (Dave Lawler) ماڵپەڕ:  ئەکسیۆس (Axios) بەرپرسانی باڵای حکوومەتی… زیاتر

1 day ago

تەنانەت ئەگەر جەنگی ئێران کۆتایی هاتبێت، شوێنەواری خۆی جێ هێشت: ترس، کوشتار و پشێوی، هەموویان بوون بە شتێکی ئاسایی

نەسرین مالیک (Nesrine Malik) ڕۆژنامەی گاردیان (Guardian) فڕانک مەککۆرت (Frank McCourt) لە کتێبی ''ئەنجێلاز ئاشێز''… زیاتر

2 days ago

کۆتوبەندەکانی بەردەم هێزی ڕەق لە ئێران

ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە (Council on Foreign Relations) مایکڵ فرۆمان (Michael Froman) سەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە… زیاتر

4 days ago

نامۆبوونی که‌لتووری لە کۆمەڵگه‌ی کوردستانیدا: قەیرانی شوناس لەنێوان نەریت و مۆدێرنیتەدا

کاربین عەبدوڵڵا/ ماستەر لە کۆمەڵناسی -زانکۆی کازان – ڕووسیا پێشەکی    کۆمەڵگه‌ی کوردستانی، بەهۆی ئەو… زیاتر

6 days ago