سەرەڕای ئەوەی بە ”هەڕەشەی ئەمنیی ئێران بۆ سەر ناوچەکە و جیهان” ناوزەد کراوە، بۆچی نە ناتۆ و نە وڵاتانی کەنداو دەرفەتی جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیلیان نەقۆستەوە و بەفەرمی نەچوونە ناو جهنگی ئێرانەوە؟
ماڵپەڕ: یۆرۆنیوز (euronews)
ئەو وڵاتانەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا دەجەنگن، لەچاو ئەو دەوڵەتانەی بەتەنیا دەچنە ناو مەیدانێکی لەو شێوەیەوە، هەلی زیاتریان بۆ سەرکەوتن هەیە. چونکە هاوپەیمانێتیی سەربازی نەک هەر سەرچاوە، زانیاریی هەواڵگری، تەکنەلۆژیا و توانای لۆجستیکیی چەند وڵاتێکی هاوپەیمان کۆ دەکاتەوە، بەڵکوو شەرعییەتی سیاسییش بە جهنگەکە دەبەخشێت. هەروەها ڕێڕەوی هاوپەیمانێتی، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ کردنەوەی چەندان بەرە دژی دوژمن، چەند هێندەکردنی توانای پیشەسازی و بەرهەمهێنانی چەک و، زیادکردنی گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان لەسەر دوژمن.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە لەنێوهندی جەنگی جیهانیی دووەمدا، هاوپەیمانێتیی ”هاوپەیمانان”(Allies) بە هاوکاریی دەیان وڵات دژی ئەڵمانیای نازی پێک هات، له كاتی جهنگی کۆریادا لە دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا هاوپەیمانێتییەک بە بەشداریی ٢١ وڵات و بە پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی کۆریای باکوور دروست بوو، لە گهرمهی جەنگی یەکەمی کەنداودا لە ساڵی ١٩٩١دا هاوکاریی زیاتر لە ٣٠ وڵات بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دژی ڕژێمی سەددام حوسێن دەستەبەر بوو و، دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتهمبەر بۆ سەر ئەمریکاش، دەیان وڵاتی ئەندام لە ناتۆ دژی حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان کەوتنە کار.
سەرەڕای ئەمانە، هەرچەندە هەندێک لە زلهێزەکانی ڕۆژاوا، بەتایبەتی لە ئەوروپا، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بە هەڕەشەیەکی ئەمنیی جددی بۆ سەر جیهان داناوە و ڕافایل گرۆسی (Rafael Grossi)، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠٢٥دا هۆشداریی دابوو کە ئێران تەنانەت دوای جهنگە ١٢ ڕۆژەکەیش هێشتا نزیکەی ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی تا ٦٠ لەسەد هەیە، بەڵام هیچ هاوکارییەکی فراوانی سەربازی لە كاتی جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دروست نەبوو.
لە گهرمهی جهنگە چل ڕۆژەکەدا، دراوسێکانی باشووری ئێرانیش کەوتنە بەر هێرشی قورسی مووشەکی و درۆنیی ئێران، بەڵام تەقینەوە یەک لە دوای یەکەکانی ناو خاکی ئەم وڵاتانەیش بڕیاری هاوکاریکردنی ئەمریکایان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران پێ نەدان.هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناتۆ، تەنانەت لە مانگی مارسدا بەدەم داواکارییەکەی ترەمپەوە نەچوون بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی بەکراوەیی هێشتنەوەی گەرووی هورمز و، گوتیان نایانەوێت لەم جهنگەدا تێوە گلێن. خۆبەدوورگرتنی وڵاتان لە پشتیوانیکردنی ترەمپ،تا ئەو جێگەیە ڕۆیشت کە سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی پێداچوونەوەی بە پرسی بەردەوامبوونی ئەندامێتیی وڵاتەکەی لە ناتۆدا کرد.
بەڵام بۆچی کاتێک لە گهرمهی هەڵمەتی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەرفەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی ئێران ڕەخسابوو، هیچ هاوکارییەکی نێودەوڵەتی دژی تاران دروست نەبوو؟
وەڵامە کورتەکە ئەوەیە کە ههلومهرجی جیۆپۆلیتیکیی سەردەمی ئێستا،بەتەواوی جیاوازە لەو دۆخەی کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم باڵی بەسەر جیهاندا کێشابوو و، جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیلیش دژی ئێران بە چەندان هۆکاری جیاواز، جهنگێک بوو کە کۆدەنگیی نێودەوڵەتیی لەسەر نەبوو.
١– نەبوونی ”دەستدرێژیی ئاشکرا”
لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، ئەڵمانیای نازی وەک ”دەستدرێژیکارێکی ئاشکرا” دەناسرا کە هێرشی کردبووە سەر چەندان وڵات و نزیکەی کۆدەنگییەکی جیهانی لەسەر ئەم پرسە هەبوو. لە جەنگی یەکەمی کەنداوی فارسیشدا، عێراق بە داگیرکردنی کوێت، بەفەرمی خاکی ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکانی داگیر کردبوو؛ بۆیە ئەنجومەنی ئاسایش توانیی پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی کوێت بکات.
بەڵام لە جهنگە چل ڕۆژەکەدا، بەشێک لە دەوڵەتانی ڕۆژاوا و ئەوروپا، هەرچەندە جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ”چالاکییە تیرۆریستییەکانی ئێران” ئاسایشی وڵات و هاووڵاتییەکانیانی خستووەتە مەترسییەوە و چالاکیی گرووپە وەکالەتپێدراوەکانی ئێران(Proxy groups) سەقامگیریی ناوچەکەیان شێواندووە، بەڵام هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانیان وەک وەڵامێک بۆ ”دەستدرێژییەکی سەربازیی ئاشکرای ئێران” نەدەبینی. ئهوهی ڕاستی بێت، پاساویان ئەوە بوو کە تاوانەکانی دیکتاتۆرێک، بەکارهێنانی تیرۆر و سیاسەتەکانی لە پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیک (Ballistic missiles) و ئەتۆمیدا، هۆکاری ڕەوان بۆ نیگەرانی، بەڵام پاساوی باوەڕپێکراو نین بۆ شەرعییەتدان بە هێرشکردن.
٢– دڵنیایی لە تەشەنەنەسەندنی جهنگ
ڕەنگە پاساوی یەکەم لەبەر ئەوە لەناو وڵاتاندا لایەنگری هەبووبێت کە ئەوان باوەڕیان وابوو ئێران سەرەڕای هەبوونی مووشەکی بالیستیکی مەودادرێژ کە دەتوانێت دڵی ئەوروپا بکاتە ئامانج، دوورە بەدوای پەرەپێدانی گرژییەکاندا بگەڕێت بۆ وڵاتانی دەرەوەی ئیسرائیل، ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتە بچووکەکانی کەنداو. ئێران تەنانەت دوو مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوبەشی بەریتانیا و ئەمریکا لە زەریای هیندی کرد کە هیچیان نەپێکان؛ سەرەڕای ئەوەیش هەندێک وڵات پێیان وابوو کە ئێرانیش هەوڵ دەدات ڕێگری بکات لە تەشەنەسەندنی جهنگەکە و زیادبوونی ژمارەی ئەو دوژمنانەی کە دەبێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە.
٣– هاوڕانەبوونی ڕووسیا و چین
ڕووسیا و چین (پێچەوانەی جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ کە ڕێگر نەبوون لە دروستبوونی کۆدەنگی) ئامادە نەبوون هاوپەیمانێتیی دژەئێران پێک بهێنن. هەروەها هەردوو وڵات خوازیاری ئاگربەست و دانوستان بوون و هێرشەکانی ئیسرائیلیان وەک هۆکاری قووڵبوونەوەی قەیرانەکە دەناساند.
٤– ”جهنگی ئۆکراینا” ڕێگر بوو لە بەشداریکردنی ئەوروپا لە جهنگێکی تردا
بهشداریكردنی ئەوروپا له جهنگێکی نوێدا، ئەویش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وای دەکرد سەرنجی سەرکردەکانی ئەوروپا لەسەر پرسی ئۆکراینا لا بچێت و ناتۆ لە قەیرانێکی نوێدا تێوە بگلێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، کایا کالاس (Kaja Kallas)، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە، بەڕوونی سەبارەت بە جهنگی ئێران گوتی، ”ئەمە جهنگی ئەوروپا نییە. جهنگی ئەوروپا ئۆکراینایە.”
لە بەیاننامەی هاوبەشی ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا و یەکێتیی ئەوروپایشدا کە دوای دەستپێکردنی جهنگە ١٢ ڕۆژەکەی ئێران و ئیسرائیل بڵاو کرایەوە، هاتووە کە هەرچەندە ئەوروپا نیگەرانە لە ”فراوانبوون”ی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و پێی وایە ”هیچ ئامانجێکی مەدەنیی باوەڕپێکراو” لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێراندا نابینرێت، بەڵام هێشتا جەخت لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی دەکاتەوە.
جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، کێشەیەکی دیکەیشی بۆ ئەوروپا دروست کرد کە بریتی بوو لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هەڵپەساردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر نەوتی ڕووسیا. ئەم هەنگاوە بووە هۆی بەهێزبوونی ئابووریی ڕووسیا و لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا، ئۆکراینا پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی و سەربازیی زیاتر هەبوو. ڕووسیا لە کاتی دەستپێکردنی جهنگی ئێرانەوە، ڕۆژانە زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن دۆلار داهاتی لە فرۆشتنی نەوتی زیادهوه بەدەست هێناوە و لەبەر ئەم هۆکارە ئەوروپییەکان پێیان باشتر بوو لەبری ئەوەی بچنە ناو ململانێیەکی نوێوە، پاڵپشتییە دارایی و سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراینا زیاتر بکەن.
٥– نیگەرانی لە هێرشە تیرۆریستییەکانی گرووپە پرۆکسییەکانی ئێران
وڵاتانی ئەوروپی لە پرسێکی دیکەیش نیگەران بوون: زیادبوونی هێرشە تیرۆریستییەکانی پەیوەست بە تۆڕەکانی سەر بە ئێران یان گرووپە توندڕەوەکان؛ هاوشێوەی ئەو هێرشە پووچەڵکراوەی کە لە ٢٩ی مارس دژی نووسینگەی ”بانکی ئەمریکا”(Bank of America) لە پاریس ئەنجام درا، کە باس لەوە دەکرا پێ دەچێت گرووپێکی لایەنگری ئێران ئەنجامی دابێت.
لەسەر ئەم بنەمایە، چەند وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، لەوانە فەڕەنسا و ئەڵمانیا، ئاستی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان لە سەرانسەری وڵاتەکانیاندا بەرز کردەوە. هەروەها یۆرۆپۆل (Europol) ڕای گەیاند کە جهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی هەڕەشەی تیرۆر و توندوتیژییەکانی سەرچاوەگرتوو لە توندڕەوی، چڕبوونەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان (Cyberattacks) دژی ژێرخانە هەستیارەکانی یەکێتیی ئەوروپا، گەشەکردنی ساختەکارییە سەرهێڵەکان و فراوانبوونی هەڵمەتەکانی زانیاریی نادروست و دزەکردنی سیاسی.
سەرەڕای ڕەتکردنەوەی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی سەرکردەکانی ئەوروپا لە جهنگی ئێراندا، شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ پرسەکەدا پەرتەوازە و ناهەماهەنگ بوو: کەم وڵاتێكی ئەوروپی ههبوو كهبەڕاستەوخۆیی سەرکۆنەی ئەمریکا و ئیسرائیل بكات بەهۆی نایاساییبوونی جهنگەکەیانەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و، بەیاننامەی سەرەتاییی گرووپی ئی-سێ (E3) کە پێک هاتبوو لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا، بەبێ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، تیشکی خستبووە سەر ئەو هەڕەشەیەی کە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە. جۆرجیا مێلۆنی (Giorgia Meloni)، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش بڕیاری دا جهنگەکە ”نە سەرکۆنە و نە پەسەند” بکات.
فینلەندا، نەرویژ و ئیسپانیا لەو دەگمەن وڵاتە ئەوروپییانە بوون کە بەئاشکرا گوتیان ”نەخێر بۆ جهنگ” و ئیسپانیا ڕێگەی بە هێزەکانی ئەمریکا نەدا بنکە سەربازییە هاوبەشەکان بەکار بهێنن و ئاسمانی خۆیشی بەڕووی ئەو فڕۆکە ئەمریکییانەدا داخست کە بەشدارییان لە هێرشەکانی سەر ئێراندا کردبوو.
سویسرا و نەمسا بە پشتبەستن بە سیاسەتی بێلایەنی لە کاتی جهنگدا، داواکاریی فڕۆکە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانیان بۆ تێپەڕبوون بە ئاسمانی وڵاتەکانیاندا ڕەت کردەوە. هەندێک وڵاتیش وەک ئەڵمانیا، بە پشتبەستن بە پابەندبوونەکانی خۆیان لە چوارچێوەی ناتۆدا، هیچ ڕێگرییەکیان بۆ دەستگەیشتنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە بنکە سەربازییە هاوبەشەکانیان دروست نەکرد.
٦– ئەزموونی جهنگەکانی عێراق، ئەفغانستان و لیبیا
یەکێک لە گرنگترین جیاوازییەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٥ بەراورد بە جیهانی ساڵی ١٩٩١، بێمتمانەییی بەربڵاوە بەرانبەر بە پڕۆژەکانی ”گۆڕینی ڕژێم”(Regime change) . دوای ئەزموونی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و، هەروەها ئەفغانستان و لیبیا، زۆرێک لە دەوڵەتان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ڕووخاندنی حکوومەتێک، مەرج نییە ببێتە هۆی سەقامگیری.
بۆ دراوسێکانی ئێرانیش، داڕمانی دەوڵەتی ناوەندی لە تاران دەیتوانی لێکەوتەی مەترسیداری هەبێت؛ لەوانە ناسەقامگیری لە وڵاتێکدا کە ژمارەی دانیشتووانی ٩٠ ملیۆن کەسە، شەپۆلی بەربڵاوی کۆچبەران، تەشەنەسەندنی توندڕەوی و جوداخوازی و، تێکچوونی بازاڕی جیهانیی وزە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە تەنانەت ئەو دەوڵەتانەیش کە لە سیاسەتەکانی تاران ناڕازی بوون، مەرج نەبوو خوازیاری تێکشکانی تەواوەتی یان داڕمانی کۆماری ئیسلامی بن.
ژان نوئێل بارۆ (Jean-Noël Barrot)، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و یەکێک لە هاوڕایانی ئەم بۆچوونە، لەم بارەیەوە دەڵێت: ”ئێمە دوای بینینی ئەوەی لە ئەفغانستان، عێراق و لیبیا ڕووی دا، باش دەزانین کە چەندە مەترسیدارە بمانەوێت گۆڕینی ڕژێمێک لە دەرەوە بەسەر وڵاتێکدا بسەپێنین. ”
٧– نیگەرانی لە قەیرانێکی نوێی کۆچبەری بۆ ئەوروپا و هەلپەرستیی ڕاستڕەوی توندڕەو
ترسی دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەرانیش، سەرکردەکانی ئەوروپای لە چوونەناو جهنگێکی وەها دوور خستەوە؛ چونکە لە دۆخێکی وەهادا پشتگیریی هاووڵاتیانی ئەوروپا بۆ حزبە دژەکۆچبەرەکان زیاد دەبوو. لەگەڵ چڕبوونەوەی جهنگەکەدا، پێدەچوو لوبنانییەکان بەرەو ئەوروپا هەڵبێن و هەرچەندە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) هیچ ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە جووڵەی شەپۆلی پەنابەرانی ئێرانی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان بڵاو نەکردەوە، بەڵام سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا تەنانەت لە هەنگاوێکی خۆپارێزانەدا، سەبارەت بە مەترسیی لێشاوی کۆچبەرانی ئێرانی لەگەڵ تورکیا گفتوگۆیان کردبوو و، تورکیاش ڕەزامەندیی دەربڕیبوو کە تێپەڕبوونی پەنابەران لە سنوورەکانەوە سنووردار بکات.
٨– بۆچی ئەو وڵاتانەی کەنداو کە کرانە ئامانجی هێرشەکانی ئێران، نەچوونە ناو جهنگەکەوە؟
هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران تەنیا لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو کورت نەبوونەوە، بەڵکوو ژێرخانی وزە و مەدەنیی دراوسێکانی باشووریشی کردە ئامانج. هەرچەندە ئەم هێرشانە هۆشداریی دراوسێکانی سەبارەت بە ”مافی خۆیان بۆ وەڵامدانەوە” بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە، نەبووە هۆی چوونەناوەوەی فەرمیی ئەوان بۆ ناو جهنگەکە. ئەمە بە چەند هۆکارێکی جیاواز ڕووی نەدا:
یەکەم، وڵاتانی کەنداو زیاتر لە هەر شتێک نیگەرانی ئابووریی خۆیان بوون. ئەگەر لە دەیەی ١٩٩٠دا ئاسایشی نەوت گرنگترین لەپێشینەی دەوڵەتانی ناوچەی کەنداو بووبێت، ئەوا لە ساڵی ٢٠٢٦دا لەپێشینەی سەرەکییان پەرەپێدانی ئابووری، وەبەرهێنانی دەرەکی و بەدیهێنانی پڕۆژە گەورەکانی وەک ئاسۆ (دوورهدیمهن)ی ٢٠٣٠ی سعوودیا بوو.
محەمەد بەهاروون (Mohammed Baharoon)، شرۆڤەکاری ئیماڕاتی دەنووسێت کە جهنگ لە کەنداودا لەگەڵ ئەو داهاتووەدا یەک ناگرێتەوە کە سەرکردەکانی کەنداو هەوڵی بەدیهێنانی دەدەن. ئەوان ئاواتەخوازن ناوچەکە بکەنە موگناتیسێکی ئابووری بۆ وەبەرهێنان، نەک گۆڕەپانێک بۆ ململانێی بەردەوام. هەروەها ئەو پێی وایە کە شەڕ لەگەڵ ئێران، بۆ سعوودییەکان زۆر تێچووی زیاتر بوو وەک لە ئێرانییەکان. لە ئێستادا عەرەبستانی سعوودی لە ڕیزی ٢٠ ئابوورییە گەورەکەی جیهاندایە، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە ئابووریی ئێران زۆر لاوازە؛ بەم پێیە پێچەوانەی ڕیاز، تاران لە ئەگەری بەردەوامبوونی جهنگدا شتێکی ئەوتۆی نییە بۆ لەدەستدان.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لێکدانەوەیەکی سادە بۆ سەرکردە عەرەبەکانی ناوچەکەی دهرخست کە تێچووی چوونەناو جهنگەکە، زیاترە لهو تێچووهی كه له دهرهوهی جهنگهكه بمێننهوه؛ بۆیە ئەوان هەوڵیان دا پارێزگاری لە خاک و ئاسمانی خۆیان بکەن، بەڵام خۆیان لە بوون بە لایەنێکی فەرمیی جهنگەکە بەدوور گرت. بە هەمان لۆژیکیش بۆ چەندان ساڵ سیاسەتی ”بەڕێوەبردنی هەڕەشەی ئێران” لەبری سیاسەتی ”ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران” جێبەجێ کرابوو.
دووەم، گۆڕینی ڕژێم لە ئێران، بەتایبەتی ئەگەر ببوایەتە هۆی هاتنەسەرکاری دەوڵەتێکی ناسیۆنالیست و لایەنگری ڕۆژاوا، ئاڵۆزیی نوێی بۆ ناوچەی کەنداو دروست دەکرد. ئێرانێکی خاوەن پەیوەندیی نێودەوڵەتی و خەونی گەورەی ئابووری، دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر ئابوورییەکانی کەنداو و تەنانەت ناکۆکییە کۆنەکانی سەر خاکیش زیندوو بکاتەوە. هەروەها ئێرانێکی نزیک لە ئیسرائیلیش لانی کەم جێگەی پەسەندی وڵاتێکی وەک تورکیا نییە.
سێیەم؛ بێمتمانەییی وڵاتانی ناوچەکەیە بە ئەمریکا. حوسێن عەبدولحوسێن (Hussain Abdul-Hussain)، توێژەر لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان (FDD) دەنووسێت کە وڵاتانی ناوچەکە متمانەی خۆیان بە پابەندبوونەکانی ئەمریکا بەرانبەر بە دابینکردنی ئاسایشەکەیان لەدەست داوە. بە گوتەی ناوبراو، سەرەتای ئەم بێمتمانەیییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆ بایدن. بایدن هەڕەشەی ئەوەی کرد کە فرۆشتنی چەکی هێرشبەر بە ڕیاز لە گەرمەی شەڕی دژی حووسییەکاندا دەوەستێنێت، فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-٣٥ (F-35) بە ئیماڕات هەڵدەپەسێرێت و حووسییەکانیش لە لیستی تیرۆری ویلایەتە یەکگرتووەکان دەردەهێنێت. هەرچەندە لە کۆتاییدا پێداچوونەوەی بە بڕیارەکانیدا کرد، بەڵام هەر ئەم هەڕەشانەی، زیانی خۆیان گەیاندبوو. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش کاتێک دواتر لە دەرگهی ڕیاز و ئەبوزەبیی دا و داوای لێ کردن بچنە ناو هاوپەیمانێتییەک بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی حووسییەکان، ئەم دوو وڵاتە ڕەتیان کردەوە.
کێشەی بێمتمانەیی بە ئەمریکا، لە حکوومەتی ترەمپیشدا بەردەوام بوو. کاتێک ئێران لە ساڵی ٢٠١٩دا هێرشی کردە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعوودی، ترەمپ بەڵێنی سزادانی تارانی دا، بەڵام دواجار هیچی نەکرد. ئیماڕاتی عەرەبیی یەکگرتووش یادگارییەکی خۆشی لە هەنگاوی سەربازی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا نییە؛ چونکە کاتێک لە ساڵی ٢٠١٩دا هێزەکانی لایەنگری ئیماڕات لە یەمەن، خەریک بوو دەست بەسەر بەندەری ستراتیژیی حودەیدەدا بگرن کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حووسییەکاندا بوو، واشنتۆن داوای لێ کردن کە پاشەکشە بکەن. بەم پێیە ئیماڕاتیش ناتوانێت پشتی بە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی ئێران ببەستێت.
بەپێی شرۆڤەکەی ئەو، بەبێ هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەمریکا(Deterrence power) و بەرگریی ئاسمانیی پێویست، سعوودی و ئیماڕاتییە دەوڵەمەندەکان زۆر شتی زیاتر بەرانبەر بە ئێرانییە هەژارەکان و میلیشیاکانیان لەدەست دەدەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ڕیاز و ئەبوزەبی، لە کاتێکدا ئاواتەخوازی داڕمانی ڕژێمی ئێرانن، ئەم هەستە بەئاشکرا دەرنابڕن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا هەرچەندە دەنگە نافەرمییەکانی سعوودییەکان ئاماژە بە هەستی دژەحکوومەتی ئێران دەکەن، بەڵام دەوڵەتەکان خۆیان ڕێبازی ”ئارامگرتن و چاوەڕوانی”یان گرتووەتە بەر.
شرۆڤەکاران پێیان وایە کە دوای تێپەڕاندنی دوو جهنگ لە ناوچەکەدا، هەرچەندە واشنتۆن هێشتا هاوبەشێکی پێویستە بۆ وڵاتانی ناوچەی کەنداو، بەڵام لهوه دهچێت ئەم ململانێیانە، دروستکردنی هاوپەیمانێتییە بەرگرییەکان لەنێوان دراوسێکانی باشووری ئێرانداخێراتر بكات. وڵاتانی کەنداو پەیوەندییە بەرگرییەکانیان هەمەچەشن دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا باشتر خۆیان لە بەرانبەر شۆکە چاوەڕوانکراوە ئابووری و سەربازییەکاندا بپارێزن.
نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر… زیاتر
نووسەر: ڕەزا سابتی ماڵپەر: بی بی سی (BBC) لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەرچەندە… زیاتر
ماڵپەڕ: The National Context لە ١٦ی حوزەیراندا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی عەلی زەیدی… زیاتر
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران هەرێمی… زیاتر
نووسەران: باراک ڕاڤید(Barak Ravid) و دەیڤ لاولەر (Dave Lawler) ماڵپەڕ: ئەکسیۆس (Axios) بەرپرسانی باڵای حکوومەتی… زیاتر
نەسرین مالیک (Nesrine Malik) ڕۆژنامەی گاردیان (Guardian) فڕانک مەککۆرت (Frank McCourt) لە کتێبی ''ئەنجێلاز ئاشێز''… زیاتر