پێنووس

تۆم باراک و هاوكێشە سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا

موه‌فه‌ق عادل عومه‌ر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له‌ به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی/ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر

پێشەكی

دۆناڵد ترەمپ كە لە ساڵی 2024 بۆ جاری دووەم وەک سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵبژێردرایەوە، پێشبینی دەكرا لەگەڵ هاتنەسەرکاری، گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە ستراتیژ و سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر بە پرسە جیاوازەكانی جیهان ڕوو بدات. بێ گومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەكێكە لەو ناوچە ستراتیژییە گرنگانەى كە چاوەڕوان دەكرێت هەڵوێستی ترەمپ و ئیدارە نوێیەکەى گۆڕانكاریی ڕادیکاڵی تێدا بکەن.

 لەم چوارچێوەیەدا، بەتایبەت دوای فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی “تۆم باراک”، سێ ئەركی فەرمیی گرنگی پێ سپێردراوە: یەكەمیان باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە لە توركیا؛ دووەمیان نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكایە بۆ سووریا و؛ سێیەمیشیان نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكییە بۆ عێراق. لێرەوە، كاریگەریی “تۆم باراک” لە هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق و سووریا و توركیا بەگشتی و، لە هاوكێشەی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی، ناكرێت تەنیا بە خوێندنەوەیەكی كلاسیكی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵکوو پێویستە لە ئاستێكی قووڵتر و لەژێر ڕۆشناییی شیکردنەوەی تێڕوانین و هەڵوێستە ستراتیژییەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریكادا هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.

مێژووی سیاسیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئەوەمان بۆ دەردەخات كە كەسایەتییە نزیكەكان لە سەنتەرەکانی بڕیاردان، کاریگەرییەکەیان تەنیا لە ڕێگەى ئەو پۆستانەوە نییە کە وەری دەگرن، بەڵکوو گرنگییەکەیان لەوەدا کورت دەبێتەوە کە ئەو کەسانە بیر و بۆچوون و تێڕوانینەکانیان دەگوازنەوە چەقی پرۆسەى بڕیاردان.

لەم گۆشەنیگایەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە “تۆم باراک” سەر بە قوتابخانەی دیپلۆماسیی تەقلیدیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نییە، بەڵکوو نوێنەرایەتیی مۆدێڵیكی نوێ لە پیاوانی كار و سیاسەت دەكات كە  بەرژەوەندییە ئابوورییەكان و ڕەچاوكردنە جیۆسیاسییەكان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێكەوە گرێ دەدەن. نزیكیی “تۆم باراک” لە “دۆناڵد ترەمپ”، وای لێ كردووە ببێتە یەكێك لە كەسایەتییە كاریگەرەکان لە داڕشتن و ئاراستەکردنی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەم بابەتەماندا، هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەكی جیاواز بكەین بۆ كاریگەریی “تۆم باراک” لەسەر هاوكێشە سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و، گرنگترین ئەو دەرفەت و هەڕەشانە بخەینە ڕوو كە لە ئەنجامی ئەم تابلۆیە نوێیە هاتۆتە ئاراوە.

جه‌وهه‌ر و ڕەهەندەكانی پرۆژە سیاسییەكەی تۆم باراک

تۆم باراک نموونەیەكی جیاوازە لە دیپلۆماتكارە تەقلیدییەكان كە بەگشتی ئەمریكا پشتیان پێ دەبەستێت لە بەڕێوەبردنی دۆسیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ چونكە ئەو خاوەن ژێرخانێكی ئابووری و وەبەرهێنانە كە دواتر دەستی بە كاری سیاسی و دیپلۆماسی كردووە؛ ئەمەیش بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە بابەتی تێگەیشتنی بۆ پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكاندا ڕەنگی داوەتەوە. دیپلۆماتكاری تەقلیدی زیاتر هەوڵ دەدات ڕەهەندە یاسایی و دامەزراوەیییەكان لەبەرچاو بگرێت، بەڵام “تۆم باراک” جیاواز لەوان لە چوارچێوەیەکی کرداری کە لەسەر ئەنجامەکان و سەقامگیری و بەرژەوەندییەکان بونیاد نراوه‌، دەڕوانێتە كێشە و ڕووداوە سیاسییەكان. بۆیە تێگەیشتنی بۆ چەمکی دەوڵەت لەسەر بنەمای پرسیارەکانی ئایدیۆلۆژیای بەستراو بە ناسنامە یاخود شەرعییەتی مێژوویییەوە نییە، بەڵکوو تێڕوانین و تێگەیشتنی ئەو بۆ دەوڵەت ڕاستەوخۆ بەم پرسیارەوە بەستراوەتەوە: “ئایا دەوڵەت دەتوانێت ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی بەلێهاتوویی ئەنجام بدات؟” ئەم بۆچوونەیشی ڕەنگی داوەتەوە لە هەڵوێست و تێڕوانینی بۆ فیدراڵیزم و لامەرکەزییەت (ناناوه‌ندێتی) و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

لە لایەکی دیکەوه‌ دەتوانین بانگەشەى ئەوە بکەین کە دەکرێت ئەو دیدگه‌ سیاسییەی کە تۆم باراک نوێنەرایەتیی دەکات، وەک دیدگه‌یەکی پراگماتی وەسف بکرێت و مەبەستیش لە پراگماتیک ئەوە نییە کە بریتی بێت لە بنەماکان، بەڵکوو بە واتای پێشکەشکردنی ئەنجامە کردارییەکان دێت لەسەر پێشبینییە تیۆرییەکان. لەم چوارچێوەیەدا پرسیارە سەرەکییەکە بریتی نابێت لە وەڵامی پرسیاری “مۆدێلە سیاسییە نموونەیییەکە کامەیە؟” بەڵکوو پرسیارەکە بریتی دەبێت لە “ئه‌و نموونەیە کامەیە کە زۆرترین توانای هەیە بۆ هێنانەدیی سەقامگیری؟” ئەم وەرچەرخانە لە شێوازی بیرکردنەوەدا زۆر گرنگە لە کاتی شیکردنەوەى هەڵوێستی تۆم باراک بەرامبەر بە سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا؛ چونکە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە  ئەو زیاتر گرنگی بە ململانێکانی دەربارەى مافی هەرێمەکان یاخود سروشتی حکوومەتى خۆسەری نادات بەڵکوو ئەوەى گرنگە لە لای ئەو، دامەزراوە جیاوازەکانە کە پێویستە لە ململانێیەکان بپارێزرێن و گەرەنتیی دابینکردنی سەقامگیری بکرێت تیایدا.

ئامانجە سەرەکییەکەى تێڕوانین و پرۆژە سیاسییەکەى تۆم باراک بریتییە لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەى تێکەڵکێشکردنی ڕەهەندەکانی “ئابووری، وەبەرهێنان، ئەمنی و دیپلۆماسییەکان” بەیەکەوە لە یەک چوارچێوەدا بە ئامانجی دروستکردنی سیستەمێکی هەرێمیی سەقامگیرتر کە کەمتر پشت بە دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکی ببەستێت. ئەم پرۆەژەیە چەند تایبەتمەندییەکی بەرچاوی هەیە: یەکەمیان پێشینەى ئابوورییە لەسەر هێزی سەربازی، هەروەها پاڵپشتیکردن لە سەقامگیری لە ڕێگەى وەبەرهێنانەوە، جگە لەمە پشتبەستن بە هاوبەشییە هەرێمییەکان و تەوزیفکردن (به‌كارهێنان)ی دیپلۆماسییەتی کەسی و، کۆتا تایبەتمەندیشی خۆی لە دووبارە پێناسەکردنی نفووزی ئەمریکی دەبینێت لە ناوچەکەدا. بەم شێوەیە ئەم تایبەتمەندییانە وەرچەرخانێکە لە گۆڕان لە نموونەى “هەژموونی سەربازی”یه‌وە بۆ نموونەى “هەژموونی ئابووریی ستراتیژی”.

لە لایەکی دیکە، گەر لە ژێرخانی کەسایەتیی تۆم باراک ورد بینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە لە بنەماڵەیەکی ئەمریکیی بەڕەچەڵەک لوبنانی لەدایک بووە و هەر لە تەمه‌نی لاوییەوە لەنزیکەوە ئاشنایییەکی که‌لتووری و کۆمەڵایەتیی باشی له‌گه‌ڵ کۆمەڵگە عەره‌بییەکاندا هەبووە. جگە لەمە تۆم باراک لە ساڵانی حەفتاکاندا لە عەرەبستانی سعوودی کاری کردووە و چەندان پۆستی گرنگی ئابووری و یاساییی پێی سپێردراوە؛ ئەمەیش ڕێگەى خۆش کردووە بۆ ئەوەى تۆڕێکی پەیوەندیی فراوان لەگەڵ دەستەبژێری سیاسی و ئابووریی عەره‌بی دروست بکات. ئەم ژێرخانە مێژوویییە کاریگەرییەکی باشی هەبووە لەسەر تێڕوانینی تۆم باراک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە بەگشتی ئەو لە گۆشەنیگایەکی ئابووریی پەرەپێدانەوە دەڕوانێتە ناوچەکە لەجیاتی مامەڵەیەکی ئەمنیی سادە.

بەڵام بەگشتی دەتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین کە لە ڕووی هزرییەوە “تۆم باراک” کەوتۆتە ژێر کاریگەریى چەند ڕەوتێکی دیاریکراو، کە گرنکترینیان “ڕیالیزمی ئابوورییە”، چونکە تۆم باراک پێی وایە جووڵێنەرى سەرەکیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانە؛ هەروەها پێی وایە کە وەبەرهێنان توانای دابینکردنی سەقامگیرییە بە شێوەیەکی کاریگەرتر بەراورد بە دەستوەردانە سەربازییەکان.

ڕەوتی هزریی دووەم کە کاریگەرییەکەى بەسەر تۆم باراک دەبینرێت، “لیبرالیزمی دامەزراوەیییە”، چونکە زۆر باوەڕی بە گرنگیی هاوکاریی هەرێمی و هاوبەشییە ئابوورییە سنووربڕەکان هەیە. هەروەها تۆم باراک لە چوارچێوەى “پراگماتیزمی سیاسی” کار دەکات و هەنگاوەکانی بەپێی ئەم چەمکە سیاسییە ڕێک دەخات؛ واته‌ لێرە ئەوەى گرنگە بۆی، ئەنجامە کردارییەکانە نەک ئایدیۆلۆژیا و بەهاکان.

خاڵێکی دیکەى هزریی تۆم باراک، خۆی لە دەوڵەتی نیشتمانی و ڕەتکردنەوەى دابەشکاری دەبینێتەوە و ئەم بۆچوونەى ناوبراو، زیاتر لە لێدوانەکانی دەربارەى سووریاوە بەدەرکەوت؛ کاتێک بەئاشکرا ڕای گەیاند کە ئەمریکا دابەشکردنی سووریای ناوێت و دژی ئەم هەنگاوەیە. هەروەها ڕای گەیاند کە دووبارە ڕێکەوتنێکی هاوشیوەى ڕێکەوتننامەى سایکس بیکۆشی ناوێت. کەواتا ئەمەمان بۆ دەردەکەوێت (تۆم باراک) لەگەڵ دابەشکردنی دەوڵاتاندا نییە بەڵکوو لەگەڵ ئەوەیە کە دووبارە ئەو دەوڵەتانەى کە هەن بونیادنرێن و بەهێزتر بکرێن لە ڕێگەى تێکەڵکردن و یەکگرتنی ئەکتەرە  ناوخۆیییەکان لە چوارچێوەىەکی سیاسی و دامەزراوەییدا.

  ئاراستەیەکی هزریی دیکەى گرنگی تۆم باراک دیپلۆماسییەتی کەسی یاخود دیپلۆماسییەتی سەفەقاتە، چونکە تۆم باراک دیپلۆماتکارێکی تەقلیدی نییە کە لە ناوەوەى وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکاوە هاتبێت و پێ گەیشتبێت، بەڵکوو پیاوێکی کار و سیاسەتمدارێکی نزیکی سەرۆکی ئەمریکا “دۆناڵد تره‌مپ”ە؛ دواتر ئەرکی دیپلۆماسیی فەرمیی پێی سپێردراوە. ئەمەیش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە پەیوەندییە کەسییەکان، تۆڕەکانی متمانەپێکردن و، چاوپێکەوتنە ڕاستەوخۆکان لە ئیداردانی دۆسیە هەرێمییەکان گرنگن و ڕۆڵی بەرچاویان هەیە.

جگە لەمە، لە خولی سەرۆکایەتیی دووەمی تره‌مپدا، ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشت بە نێردە ناتەقلیدییەکان و کەسایەتییە نزیکەکانی سەرۆک دەبەستێت لەجیاتی پشتبەستن بە دیپلۆماسییەتی بیرۆکراتیی کلاسیک.

لەسەر ئەم بنەمایە، دەتوانرێت بگوترێت کە پاشخانی هزریی تۆم باراک لە تێکەڵەیەک لە پراگماتیکی سیاسی، ڕیالیزمی ئابووری، دیپلۆماسیی ئابووری و پشتگیریکردنی دەوڵەتی نیشتمانی، هاوپەیمانێتیی هاوکارانە و دیپلۆماسییەتی سەفەقات پێک هاتووە، بەڵام نابێت ئەم ئاراستە و ڕەوتانە وەک “دۆکترینێکی هزریی ڕاگەیه‌نراو” نیشان بدرێت، بەڵکوو وەک دەرەنجامێکی زانستی و شیکارانە سەیر بکرێن کە پشتی بە ژیانی پیشەیی، لێدوانەکان و جووڵە دیپلۆماسییەکانی ناوبراو لە دۆسیەکانی تورکیا، سووریا، عێراق و لوبناندا به‌ستووه‌.

عێراق لە دیدگه‌ نوێیەکەى ئەمریکادا بە سەرپەرشتیی تۆم باراک

سیاسەت و ستراتیژیی ئەمریکا بەرامبەر عێراق لە ماوەى ساڵانی دواییدا گۆڕانکاریی جەوهەری و گەورەى بەخۆوە بینیوە، کە تیایدا واشنتۆن لە قۆناغی بەڕێوەبردنی قەیرانە ئەمنییە ڕاستەوخۆکانەوە، پەڕێوەتەوە بۆ قۆناغی دووبارە داڕشتنەوەى هاوسەنگییە سیاسی، ئەمنی و هەرێمییەکان. لەم گۆشەنیگایەوە ناوى تۆم باراک وەک یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییە نزیکەکان لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەرکەوت؛ بە جۆرێک کە مەلەفی عێراق لەگەڵ سووریای پێ سپێردرا. ئەم هەنگاوەیش ڕەنگدانەوى ئاراستەیەکی ئەمریکایە بەرەو تێكەڵکردنی مەلەفەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەى دیدگه‌یەکی ستراتیژیی یەکگرتوودا. ئەم دیدگه‌یەیش لەسەر گریمانەیەکی بنەڕەتی بونیاد نراوە، ئەویش ئەوەیە کە ناتوانرێت سەقامگیریی عێراق لەو گۆڕانکارییانە داببڕێت کە لە سووریا، تورکیا، ئێران و کەنداوی عەره‌بیدا ڕوو دەدەن؛ هەروەها دووبارە داڕشتنەوەى ڕۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، پێویستی بە بونیادنانی سیستەمێکی هەرێمیی نوێ هەیە کە زیاتر پشت بە هاوبەشە ناوخۆیییەکان ببەستێت نەک دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا.

لەم چوارچێوەیەدا و لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە،کۆکردنەوەى مەلەفەکانی عێراق، سووریا و تورکیا لەدەستی یەک کەسایەتیدا، ڕەنگدانەوەى سێ ئەمانجی سەرەکییە کە بریتین لە “یەکخستنی بەڕێوەبردنی قەیرانە هەرێمییەکان“، “کەمکردنەوەى بیرۆکراسییەتی دیپلۆماسیی ئەمریکا” و “بەهێزکردنی توانای بەستنەوەى نێوان مەلەفە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا“. لەم نێوەندەدا عێراق لە ڕوانگەى نوێی ئەمریکادا تەنیا گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر نییە، بەڵکوو گۆڕاوە بۆ فاکتەرێکی بنەڕەتی لە دووبارە  داڕشتنەوە و پێکهێنانی هاوسەنگیی هەرێمی.

هەر لەم نێوەندەدا، دەکرێ بانگەشەى ئەوە بکرێت کە ستراتیژە نوێیەکەى ئەمریکا لەسەر پێنج بنەما بونیاد نراوە:

١. ڕێگریکردن لە دووبارە گەڕانه‌وه‌ و بەهێزبوونی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش؛ چونکە واشنتۆن پێی وایە مەترسیدارترین هەڕەشەی ئەمنیی هەرێمی، بەهێزبوون و دووبارە گەڕانەوەى ڕێکخراوی  تیرۆریستی داعشە؛ بەتایبەت دواى پێشهاتەکانی سووریا.

٢. کۆنترۆڵکردنی نفووزی ئێران لە ناوچەکەدا؛ چونکە ڕووبەڕووبوونەوەى نفووزی ئێران، بەتایبەت لە عێراق، یەکێکە لە ئامانجە جێگیرەکانی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق. بەڵام ئەوەى باوە و دەبینرێت و پێشبینی دەکرێت ئەوەیە کە ئیدارەى ئێستای ئەمریکا لەگەڵ بەکارهێنانی ئامرازە سیاسی و دامەزراوەیییەکانە لەبری  ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازی ڕاستەوخۆ.

٣. کۆکردنەوەى چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا؛ تۆم باراک چەندان جار ئاماژەى بەوە کردووە کە دەبێت چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت و مەرجە، دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق بەهێزتر بکرێن. هەروەها تۆم باراک پاڵپشتیی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراقی ڕاگەیاند دەربارەى تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتدا و کۆکردنەوەى چەکەکان لەژێر چەتری حکوومەتی عێراقدا.

٤. پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و ئاسایشی وزە، لە کۆڵەکەکانی ستراتیژیی نوێی ئەمریکا؛ بە جۆرێک هەناردەی نەوتی عێراق و هێڵەکانی گواستنەوەى وزە، بە فاکتەرێکی بنەڕەتی و گرنگ لەم ستراتیژەدا دادەنرێن. ئەم گرنگییە، بەتایبەت لە هێڵەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و پرۆسەى هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەى تورکیاوە ڕەنگ دەداتەوە.

٥. پاراستنی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان؛ سەرەڕای ئەوەى ژینگەى ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام واشنتۆن هێشتا هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیژى لەسەر ئاستی عێراق دەبینێت؛ چ لە بوارى ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و چ لە پاراستنی هاوسەنگیی سیاسیی ناوخۆییدا. هەرچەندە لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی تۆم باراک لەگەڵ بەرپرسانی کورددا، گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکان درا و، زمانی دیپلۆماسیی ستایشئامێز بەکار هات،  بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە قۆناغی داهاتوو بەتەواوەتی لەگەڵ ویست و داواکارییەکانی کورددا هاوتەریب دەبێت. لێرەوە پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ئەم خاڵە جەوهەری و بنەڕەتییە بەوردی لەبەرچاو بگرێت.

هەرێمی کوردستان لە کوێی ستراتیژ و دیدگه‌ی نوێی ئەمریکادایە بە سەرپەرشتیی تۆم باراک؟

هەرێمی کوردستان پێگەیەکی پێشکەوتووی لەناو دیدگه‌ نوێیەکەى ئەمریکادا بەرامبەر بە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیر کردووە؛ نەک تەنیا وەک قەوارەیەکی ناوخۆیی لەناو دەوڵەتی عێراقدا، بەڵکوو وەک خاڵێکی جێگیر وستراتیژى لە هاوسەنگیی نێوان عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران. ئەم پێگەیەیش لەگەڵ دەرکەوتنی ڕۆڵی “تۆم باراک” لە مەلەفەکانی عێراق، سووریا و تورکیا، گرنگیی زیاتری پەیدا کرد؛ بە جۆریک کە مامەڵەى ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بووە بەشێک لە ستراتیژێکی هەرێمیی فراوانتر، کە تەنیا لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکەى نێوان واشنتۆن و هەولێردا کورت نابێتەوە، بەڵکوو پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، ئاسایشی سنوورەکان، وزە، فیدراڵیزم، داهاتووی کورد لە سووریا و کۆنترۆڵکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا دەگرێتەوە.

پێشهاتەکانی دوایی، ئەوەیان دەرخست کە واشنتۆن چیتر وەک دوو مەلەفی جیاواز سەیری عێراق  و سووریا ناکات، بەڵکوو وەک فەزایەکی جیۆپۆلیتیکیی پێکەوەبەستراو دەیانبینێت و، هەرێمی کوردستانیش لە چەقی ئەم فەزایەدایە. چاوەڕوان دەکرێت “تۆم باراک” ڕۆڵێکی سەرەکی لە مەلەفەکانی عێراق، سووریا و تورکیا بگێڕێت؛ ئەمەیش بەو مانایەیە کە هەرێم بووە بەشێک لە تۆڕێکی فراوانتری هاوکێشە ئەمریکییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی هەرێمی، پەیوەندی لەگەڵ ئەنقەرە، داهاتووی سووریا و ڕۆڵی بەغدا لە کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکاندا.

لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین پێگە و ڕۆڵ و گرنگیی هەرێمی کوردستان لە ستراتیژیی ئەمریکادا بە سەرپەرشتیی تۆم باراک لەم خاڵانەى خوارەوە کۆیان بکەینەوە:

یەکەم: هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی ئەمنیی جێگیری ئەمریکایە. هەر لەدواى ساڵی ٢٠٠٣وە هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە هاوبەشە ناوخۆیییە هەرە گرنگەکانی ئەمریکا، چونکە هەرێمی کوردستان لەو ساتەوە بەوە جیا دەکرێته‌وه‌ کە خاوەن دامودەزگه‌ ئەمنی و سیاسییەکانی تایبەت بەخۆیە و دیسان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەى عێراق ئەم دامودەزگه‌یانە لە ڕووی ڕێکخستنەوە پێشکەوتووترن. هەروەها پێشمەرگە ڕۆڵێکی بنەڕەتی و جەوهەریی هەبووە لە شەڕی دژی ڕێکخراوی  تیرۆریستی داعش. هەرێمی کوردستان ئێستایش ئەم پێگەیەی خۆی لە دیدگه‌ و ستراتیژیی نوێی ئەمریکا لەدەست نەداوە، بەڵام ئەوەى ڕووی داوە، بەستراوەتەوە بە چوارچێوەیەکی فراوانتر، وەکوو ڕێگریکردن لە دووبارە گەڕانەوەى ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، گەرەنتیکردنی پەڵنەکێشانی لایەنە نەرێنییەکانی بۆشاییی ئەمنیی سووریا بۆ عێراق.

دووەم: هەرێمى کوردستان وەکوو پردێکی گرنگە کە عێراق بە سووریاوە دەبەستێته‌وه‌. پێگە جوگرافییەکەى هەرێمی کوردستان وای کردووە، واشنتۆن، بەتایبەت لە ڕوانگەى دیدگه‌ی تۆم باراک بۆ ناوچەکە، بەگرنگییەوە بڕوانێتە هەرێمی کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان تەنیا لە ناوخۆی عێراق بۆ ستراتیژیی نوێی ئەمریکا گرنگ نییە بەڵکوو دەکەوێتە خاڵی یەکتربڕینی ڕاستەوخۆی نێوان سووریا و تورکیا و پەیوەندییەکی سیاسی و نەتەوەییی هەیە لەگەڵ کورد لە سووریا؛ لە هەمان کاتیشدا هەولێر پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ واشنتۆن و ئەنقەرە و بەغدا. بۆیە پێگەى هەرێمی کوردستان بەبێ ڕەچاوکردنی وەکوو نێوەندگیر یاخود پردێکی یه‌كخه‌ره‌وه‌ی ئەم سێ مەلەفە، خوێندنەوى دروستی بۆ ناکرێت. لەم چوارچێوەیەدا چاوپێکەوتنەکانی سەرۆک “نێچیرڤان بارزانی”، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تۆم باراک و “مەزڵووم عەبدی”، فەرماندەى گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەولێر، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک نێوەندگیر و پردێکی بەیەکگەیاندنی بۆچوونەکان دەربارەى کێشەکانی کورد لە سووریا و عێراقدا. ئەمەیش ئەوەمان بۆ دەردەخات کەوا هەولێر تەنیا پایتەختێکی ناوچه‌یی نییە بەڵکوو بۆتە سەکۆیەکی دیالۆگی ئەمریکی-کوردی-سووری دەربارەى داهاتووی کورد لە سووریا.

سێیەم: هەرێم لەنێوان فیدراڵیزمی عێراق و تێبینییەکانی ئەمریکادایە. بە واتایەکی دیکە، بابەتی فیدراڵیزم هەستیارترین بابەتە لە پەیوەندیی نێوان تۆم باراک و دۆزی کورد. چونکە لێدوانەکانی پێشووتری دەربارەى لاوازی و شکستی فیدراڵیزم و لامەرکەزییەت لە عێراق و سووریا، کاردانەوەى زۆرى بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام شیکردنەوەى ورد ئەوەمان بۆ دەردەخات کەوا پێویستە جیاوازی لەنێوان دوو خاڵدا بکرێت: یەکەمیان، هەڵوێستی فەرمیی ئەمریکایە لە پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق؛ ئەوەى دووەمیان بریتییە لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی فیدراڵیزم لە عێراق  و سووریادا. ئەمە ڕوون و ئاشکرایە کە واشنتۆن نایەوێت عێراق دابەش بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ناتوانێت ئەمە پشتوگوێ بخات کە فیدراڵیزم لە عێراق، چوارچێوەیەکی دەستووریی هەیە بۆ پاراستنی پێگە و قەوارەى هەرێمی کوردستان. بۆیە پێگەى هەرێمی کوردستان لە دیدگه‌ نوێیەکەى ئەمریکادا، مەرجدار دەبێت بە توانای هەرێم بۆ ناساندنی خۆی وەک فاکتەرێکی سەقامگیر نەک وەک فاکتەری ناسەقامگیر و جیابوونەوە.

بە واتایەکی دیکە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی دەستووری لە ناوخۆی عێراقدا بەدەربکەوێت، ئەوە بەها و پێگه‌کەى لای واشنتۆن بەرزتر و بەنرختر دەبێت. بەڵام ئەوەیش لەبەرچاو بگرین کەوا هەرێمی کوردستان گەر لە ئاستی ناوخۆییدا سەقامگیر و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نەبێت و درێژە بە ململانێ سیاسییەکانی نێوان حزبە سیاسییەکان بدرێت، ئەوە مەحاڵە ئەم خاڵە جێبەجی بکرێت. ئەمەیان لە لایەک، لە لایەکی دیکەوه‌ گەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بوارەکانی نەوت، وزە، مووچە و بوودجە، سنوورەکان یاخود دەسەڵاتەکان چارەسەرى بنەڕەتییان بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوە تێڕوانینی واشنتۆن بۆ ئەم بابەتە نەرێنی دەبێت و وەک بارگرانییەک دەبینێت بۆ سەر ستراتیژییەتە هەرێمییەکەى خۆی لە عێراق. بۆیە کلیلی خۆگونجاندن لەگەڵ دیدگه‌ و ستراتیژیی نوێی ئەمریکا، بەستراوەتەوە بە کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و ململانێی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان “پارتی دیموکراتی کوردستان” و “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”.

چوارەم: هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەى پەیوەندیی نێوان ئەمریکا-تورکیادا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. بەهۆی ئەوەى تۆم باراک لە هەمان کاتدا باڵیۆزی ئەمریکایە لە ئەنقەرە، بۆیە پێگەى هەرێمی کوردستان تا ڕاددەیەکی بەرچاو لە دیدگه‌کەیدا کاریگەریى دەبێت له‌ پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ ئەنقەرەدا. تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە و لە هەمان کاتیشدا ئەنقەرە بەنیگەرانی و هەستیاریەوە تەماشای دۆزی کورد دەکات، بەتایبەت ئەو بابەتانەى کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان هەیە بە پەکەکە و هەسەدە. لێرەدا هەرێمی کوردستان دەبێتە لایەنێک کە دوو بەها لەخۆ دەگرێت: لە لایەک هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە پەیوەندییەکی قووڵ و کاریگەرى هەیە لەگەڵ ئەمریکا؛ لە لایەکی دیکەوه‌ پەیوەندییەکی ئابووری و سیاسی و ئەمنیی بەهێزی هەیە لەگەڵ ئەنقەرە. بۆیە دەکرێت هەولێر لەنێوان ئەمریکا و تورکیا لە بابەتی کێشەکانی کورد لە سووریادا وەک نێوەندگیر دەربکەوێت.

کۆبەند

ستراتیژ و دیدگه‌ى نوێی ئەمریکا گۆڕانکاریی گرنگ و جەوهەریى بەسەردا هاتووە. لەم چوارچێوەیەدا، دەتوانین بگەینە ئەو دەرەنجامەی، کە گوتاری سیاسیی زۆرینەى سەرکردایەتیی کورد، فیدراڵیزم وەک دەستکەوتێکی سیاسی و نەتەوەیی دەبینێت کە دەبێت پاڵپشتیی لێ بکرێت و فراوانتر بکرێت؛ بێ گومان ئەمە مافێکی ڕەوای کوردە. بەڵام لەبەرامبەردا، هەندێک لایەنی کاریگەر و بڕیاربەدەست لە ئیدارەى ئێستای ئەمریکا -کە تۆم باراک یەکێکە لەوان – بە گۆشەنیگایەکی جیاواز تەماشای فیدراڵیزم دەکەن. پرسیاری سەرەکیی ئەم بازنەیەى ئیدارەى ئەمریکا ئەوە نییە کە “چۆن دەکرێت دەسەڵاتی هەرێمەکان فراوان بکرێت؟“، بەڵکوو پرسیارە جەوهەرییەکەیان ئەوەیە: “چۆن دەکرێت ڕێگری لە ململانێکان بکرێت و سەقامگیری بەرپا بێت؟

بەم شێوەیەیش مەترسیی ستراتیژی و دیدگه‌ی نوێی ئەمریکا لێرەیە، چونکە بەپێی خوێندنەوەى بۆچوونەکانی تۆم باراک، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو زیاتر لە جۆرێک لە شێوازی فیدراڵیزمی وەزیفییەوە (الفدرالیة الوظيفية-Functional Federalism) نزیکترە؛ واته‌ لای ئەو بایەخی فیدراڵیزم بە قەبارەى ئەو دەسەڵاتانە ناپێورێت کە بە هەرێمەکان دراون، بەڵکوو بە توانای لەسەر “باشترکردنی کارگێڕی، کەمکردنەوەى ململانێکان، زیادکردنی لێهاتوویی، بەدیهێنانی سەقامگیری” دەپێورێت. لەم مۆدێلەدا، فیدراڵیزم دەبێتە ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، نەک ئەوەى لە خودی خۆیدا ئامانج بێت. لێرەوە دەبینرێت کە ئیدارەى ئێستای ئەمریکا زیاتر وریا و هەستیارە بەرامبەر بەو نموونانەى فیدراڵیزم کە دەبنە هۆی “لاوازیی دەوڵەت، ئاڵۆزکردنی پرۆسەی بڕیاردان و دروستکردنی ململانێی بەردەوام لەسەر دەسەڵاتەکان“. کەواته‌ پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ فیدراڵیزم ڕەها نییە، بەڵکوو مەرجداره‌ بە توانای چەسپاندنی سەقامگیرییه‌وه‌.

لەژێر ڕۆشناییی ئەم پێشهاتانەدا، ستراتیژیی ئەمریکا بە سەرپەرشتیی “تۆم باراک” لانی کەم لە عێراق و سووریا و تورکیا، بریتییە لە “گواستنەوە لە چڕکردنەوەى ململانێی سەر دەسەڵاتەکان، بۆ چڕکردنەوەى هەوڵەکان لەسەر ئەرک و فەرمانەکان“. واته‌ پرسیارە هەرە گرنگەکە بۆ ئەمریکا ئەمەیە: “لایەنەکان چۆن دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر دەوڵەت بەڕێوە ببەن؟” لەبری ئەوەى بپرسن: “کێ دەسەڵاتی دەستووریی بەدەستەوەیە؟“ئەمەیش وەرچەرخانێکی گرنگ لە سروشتی مشتومڕە سیاسییەکاندا نیشان دەدات.

لە کۆتاییدا دەگەینە ئەم  دەرەنجامە جەوهەرییەی كه‌، “ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەگەنە ڕێککەوتن و بە زووترین کات کابینەى نوێی حکوومەت پێک نەهێنن، هەرێمی کوردستان نەک تەنیا قەوارە دەستوورییەکەى لاواز دەبێت بەڵکوو گرنگییە ستراتیژی و سیاسییەکەى لەناو دیدگه‌ی نوێی ئەمریکادا لەدەست دەدات و، دوور نییە لە قۆناغەکانی داهاتوودا تووشی گورزی کوشندە ببێت“، چونکە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە جۆرى سیستەمی سیاسی و حوكمڕانی هەر چ شێوازێک بێت، ئێستا بۆ ئەمریکا ئەوەندە گرنگ نییە، بەقەد ئەوەى کە ئەو سیستەمە یاخود حکوومەتە تاچەند دەتوانێت هاوپەیمان و هابەشێکی ڕاستەقینەی سەقامگیریی ئەمریکا بێت.

سه‌رچاوه‌كان:

1) Tom Barrack: the businessman with a huge Middle East remit | Al Majalla

2) Who are Trump’s friends? One is Thomas Barrack, a Californian who could shape his views on the Middle East – Los Angeles Times

3) US Ambassador Barrack: Syria will not be divided, no new Sykes-Picot – Yetkin Report – Murat Yetkin

4) Ambassador – U.S. Embassy & Consulates in Türkiye

5) Tom Barrack named US special presidential envoy for Iraq and Syria | The National

6) US Syria Envoy Barrack tapped for Syria and Iraq role

7) Concern over north-east Syria security amid fears IS militants could re-emerge | Syria | The Guardian

8) US envoy welcomes Iraqi move to place weapons under state control – Middle East Monitor

9) https://x.com/IraqiPMO/status/2066763629400146270?s=20

10) https://presidency.gov.krd/sarok-nechyrvan-barzany-o-mazloom-aaabdy-dokhy-kord-lhsoorya-taotoe-dhkhn/

11) https://shorturl.at/dzKxj

Shayda

بابەتی پەیوەندیدار

حکوومەتی زەیدی و هەرێمی کوردستان؛ لە ململانێی سیاسییەوە بەرەو بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان

  د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێک… زیاتر

2 days ago

هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی سیاسەتەکانی تۆم باراک: هەڕەشە و دەرفەتەکان

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر… زیاتر

3 days ago

لێکتێگەیشتننامەی ئێران و ئەمریکا چ لێکچوون و جیاوازییەکی لەگەڵ ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA)دا هەیە؟

نووسەر: ڕەزا سابتی ماڵپەر: بی بی سی (BBC) لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەرچەندە… زیاتر

3 days ago

بۆچی هیچ هاوپەیمانییەکی جیهانی دژی تاران دروست نەبوو؟

سەرەڕای ئەوەی بە ''هەڕەشەی ئەمنیی ئێران بۆ سەر ناوچەکە و جیهان'' ناوزەد کراوە، بۆچی نە… زیاتر

4 days ago

تۆم باراک و دۆکترینی کۆڵەکەی هاوسەنگی:  تەلارسازیی ئابووریی واشنتن لە عێراق و سووریادا

ماڵپەڕ: The National Context لە ١٦ی حوزەیراندا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی عەلی زەیدی… زیاتر

5 days ago

کاریگەریی گۆڕانکارییەکان لەسەر سیاسەتی گشتیى کابینەی زەیدی و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان

  پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران   هەرێمی… زیاتر

6 days ago