سانا خان (Sana Khan)
ماڵپەڕ: مۆدێرن دیپلۆماسی (Modern Diplomacy)
ئەو پچڕانەی بەهۆی جەنگی ئێران و داخستنی کاتیی گەرووی هورمزەوە دروست بوو، وڵاتانی سەرانسەری جیهانی ناچار کردووە پێداچوونەوە بە ستراتیژییەکانی ئاسایشی وزەیاندا بکەن. ئەو حکوومەتانەی کە بەهۆی کەمیی دابینکردن و بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە زیانی ئابوورییان بەرکەوت، ئێستا هەوڵ دەدەن یەدەگی ستراتیژیی نەوت و گازی گەورەتر دروست بکەن؛ ئەمەیش ئەگەری هەیە لە ساڵانی داهاتوودا خواست لەسەر سەدان ملیۆن بەرمیلی زیادە دروست بکات.
قەیرانی هورمز لاوازییەکانی بواری وزەی دەرخست
داخستنی تا ڕاددەیەک تەواوەتیی گەرووی هورمز بۆ زیاتر لە سێ مانگ، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی نەوت و گازی سروشتیی شلکراوەی (liquefied natural gas) جیهانی پچڕاند و، شۆکێكی گەورەی خستە ناو بازاڕەکانی وزەوە. نرخی نەوتی خاوی برێنت (Brent crude) بۆ نزیکەی ١٢٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بووەوە، کاتێک ئەو ئابوورییانەی پشتبەستوون بە هاوردەکردن ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی، نادڵنیایی لە دابینکردن و گوشارە هەڵاوسانییە پەرەسەندووەکان بوونەوە.
یەدەگە فریاگوزارییەکان یارمەتیی جێگیرکردنی بازاڕەکانیان دا
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە ڕێگریی لە قەیرانێکی قووڵتری وزە کرد، خستنەڕووی یەدەگە ستراتیژییەکانی نەوت بوو. سەرجەم ٣٢ ئەندامەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (International Energy Agency)، ڕێک کەوتن لەسەر خستنەڕووی پێوانەییی ٤٠٠ ملیۆن بەرمیل لە کۆگهکانی فریاگوزاری؛ کە ئەمەیش یارمەتیی قەرەبووکردنەوەی پچڕانی دابینکردن و کەمکردنەوەی گوشاری سەر بازاڕەکانی جیهانی دا. ئەم هەنگاوە هاوئاهەنگە، گرنگیی پاراستنی یەدەگە فریاگوزارییە گەورەکانی لە کاتی قەیرانە جیۆپۆلیتیکییە گەورەکاندا دەرخست.
ستراتیژیی کۆگهکردنی چین ئامانجی خۆی دەپێکێت
چین بەهۆی یەدەگە ستراتیژییە زەبەلاحەکەی نەوتەوە، بە پێگەیەکی بەهێزتر لە زۆرێک لە هاوردەکارە گەورەکانی دیکە لە قەیرانەکە دەرباز بوو. ئەم وڵاتە ساڵانێك خهریك بووه به بنیاتنانی ئەوەی کە پێ دەچێت گەورەترین کۆگهی نەوتی فریاگوزاری بێت لە جیهاندا، کە بە زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت. لە کاتی ململانێکاندا، چین بە شێوەیەکی بەرچاو هاوردەکردنی نەوتی خاوی کەم کردەوە؛ ئەمەیش وای کرد خۆی بەدوور بگرێت لە کڕینی بڕێکی زۆری نەوت بە نرخی بەرز و، کاریگەرییە ئابوورییەکانی پچڕانەکە سنووردار بکات.
ئەو ئابوورییانەی پشتبەستوون بە هاوردەکردن، ڕووبەڕووی گوشاری گەورەتر دەبنەوە
ئەو وڵاتانەی کە یەدەگی ستراتیژیی سنوورداریان هەبوو، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر گەورەتر بوونەوە. چەندان ئابووریی ئاسیا پشتیان بە ڕێکارە فریاگوزارییەکان بەست وەکوو:
ئەم ئەزموونە، لاوازییەکانی ئەو وڵاتانەی دەرخست کە بەبێ هەبوونی کۆگهی فریاگوزاریی گەورە، بەتوندی پشتیان بە دابینکردنی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهستووه.
هیندستان چاوی لە یەدەگی ستراتیژیی گەورەترە
هیندستان لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە ئەگەری زۆرە توانای کۆگهکردنی فریاگوزاریی خۆی فراوان بکات. وەک سێیەم گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا و یەکێک لە خێراترین بەکاربەرانی وزە لە گەشەکردندا، هیندستان لە ئێستادا یەدەگێک دەپارێزێت کە تەنیا بەشێکی بچووک لە پێداویستییە هاوردەکراوەکانی پڕ دەکاتەوە. جێبەجێکردنی پێوەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، پێویستی بە سەدان ملیۆن بەرمیل توانای کۆگهکردنی زیادە دەبێت. ئەو پلانە نوێیانەی کە لەژێر تاوتوێکردندان ئاماژە بەوە دەکەن کە نیودەلهی (New Delhi) بەرەو فراوانکردنی تۆڕی یەدەگی ستراتیژیی نەوت هەنگاو دەنێت.
پاکستان پێداچوونەوە بە ئاسایشی وزەدا دەکات
پاکستان، کە پێش ململانێکان بەتوندی پشتی بە هاوردەی نەوت و گازی سروشتیی شلکراوە (LNG)ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەست، هەروەها بەدواداچوون بۆ ڕێگهکانی زیادکردنی توانای کۆگهکردنی ناوخۆیی دەکات. پچڕانەکەی هورمز ئەو مەترسییانەی دووپات کردەوە کە ڕووبەڕووی ئەو وڵاتانە دەبنەوە کە یەدەگی پێویستیان نییە بۆ بەرگەگرتنی پچڕانی درێژخایەنی دابینکردن.
ئوسترالیا بۆ چارەسەرکردنی بۆشاییی یەدەگ هەنگاو دەنێت
ئوسترالیا، کە ماوەیەکی زۆرە ڕەخنەی ڕووبەڕوو دەبێتەوە بەهۆی جێبەجێنەکردنی پێداویستییەکانی کۆگهکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، پلانەکانی بۆ زیادکردنی بەرچاوی یەدەگی سووتەمەنیی ڕاگەیاندووە. ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی بەرفراوانترە، کەوا ئاسایشی وزە لە ناوەڕاستی نادڵنیایییە جیۆپۆلیتیکییە پەرەسەندووەکاندا بووەتە پرسێکی ئاسایشی نیشتمانی.
ئەوروپا بیر لە کۆگهکردنی گازی زیادە دەکاتەوە
ئەوروپا پێشوەختە ژێرخانێکی بەرفراوانی کۆگهکردنی گازی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی خواستی وەرزی زستان. بەڵام، جەنگەکە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پشتبەستن بە گازی سروشتیی شلکراوەی هاوردەکراو نوێ کردووەتەوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ناوچەکە زیاتر لە جاران پشتی بە دابینکەرانی دەرەوەی کیشوەرەکە بەستووە. دامەزراوەی زیادەی کۆگهکردنی گاز کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتدان، ڕەنگە ببنە بەشێک لە پلاندانانی داهاتووی ئاسایشی وزە.
بەرهەمهێنەرانی کەنداو بەدوای کۆگهکردنی دەرەوەی وڵاتدا دەگەڕێن
وانەکانی پچڕانەکەی هورمزیش کاریگەرییان لەسەر هەناردەکارە گەورەکانی وزە هەیە. کۆمپانیا نیشتمانییەکانی نەوت لە کەنداو، بەدواداچوون بۆ دەرفەتەکانی فراوانکردنی توانای کۆگهکردن لە دەرەوەی ناوچەکە دەکەن، بۆ ئەوەی توانای گۆڕانكاری له هەناردەکردن لە کاتی قەیرانەکانی داهاتوودا بپارێزن. کۆگهکردنی زیادەی دەرەوەی وڵات دەتوانێت یارمەتیی بەرهەمهێنەران بدات لە بەردەوامبوون لە خزمەتکردنی کڕیاران، تەنانەت ئەگەر ڕێڕەوەکانی کەشتیوانیی ناوچهیی ڕووبەڕووی پچڕانیش ببنەوە.
کاریگەرییەکانی سەر بازاڕی نەوت
فراوانکردنی یەدەگە ستراتیژییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەتوانێت خواستێکی نوێی بەرچاو لەسەر نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵاوتەکان دروست بکات. لە هەمان کاتدا، ئەو یەدەگە فریاگوزارییانەی کە لە کاتی ململانێکاندا بەکار هێنران، پێویستیان بە پڕکردنەوە دەبێت. پێکەوە، دووبارە بنیاتنانەوەی یەدەگ و بەرنامە نوێیەکانی کۆگهکردن دەتوانن خواست لەسەر نزیکەی یەک ملیار بەرمیل لە ساڵانی داهاتوودا دروست بکەن؛ ئەمەیش پاڵپشتی بۆ نرخی جیهانیی نەوت دابین دەکات، تەنانەت ئەگەر گەشەی گشتیی دابینکردن بەبەهێزی بمێنێتەوە.
ئەمە چی دەگەیەنێت بۆ ئاسایشی وزەی جیهانی؟
قەیرانی هورمز ئەو وانەیەی چەسپاند کە زۆرێک لە حکوومەتەکان لە کاتی شۆکەکانی پێشووی وزەدا فێری بوون: ئاسایشی دابینکردن دەتوانێت بهقهد بەردەستبوونی دابینکردن گرنگ بێت. لە ئێستادا وڵاتان تا دێت زیاتر یەدەگە ستراتیژییەکان نەک وەک سامانی فریاگوزاری کە بەدەگمەن بەکار بهێنرێن، بەڵکوو وەک پێکهاتەیەکی ناوەندیی پلاندانانی ئاسایشی ئابووری و نیشتمانی سەیر دەکەن. هەروەها قەیرانەکە ئەوەی سەلماند کە چۆن کۆگه گەورەکان دەتوانن نەرمی بە حکوومەتەکان ببەخشن بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردن لە کاتی سەرهەڵدانی گوشارەکانی بازاڕ و بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکان.
شرۆڤە
ڕەنگە گرنگترین دەرەنجامی جەنگی ئێران بەرزبوونەوەی کاتیی نرخی نەوت نەبێت، بەڵکوو گۆڕانکارییە درێژخایەنەکەیە لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ئاسایشی وزە لە وڵاتاندا. ململانێکە دابەشبوونێکی ڕوونی لەنێوان ئەو نەتەوانەی کە یەدەگی ستراتیژیی گەورەیان هەیە و ئەوانەی ناچار بوون بەرگەی تەواوی کاریگەرییەکانی پچڕانی دابینکردن بگرن، دەرخست. چین وەک مۆدێلێک بۆ خۆڕاگریی وزە دەرکەوت، لە کاتێکدا لاوازییان لەبەرامبەر شۆکە جیۆپۆلیتیکییەکان، وهبیر وڵاتانی وەکوو هیندستان و پاکستان خرایەوە.
ئەگەر حکوومەتەکان پلانەکانیان بۆ فراوانکردنی توانای کۆگهکردن جێبەجێ بکەن، ئەوا ڕەنگە بازاڕی نەوتی جیهانی سەرچاوەیەکی نوێ و گەورەی خواستی پێکهاتەیی بەدەست بهێنێت. دروستکردن و پڕکردنەوەی یەدەگەکان لەوانەیە یارمەتیی هەڵمژینی زێدەی دابینکردنی داهاتوو بدەن و بنەمایەک بۆ نرخەکان دابین بکەن، بەتایبەتی لەو قۆناغانەی کە گەشەی ئابووری لاوازە. لە هەمان کاتدا، گەورەتربوونی کۆگه ستراتیژییەکان دەتوانێت شۆکەکانی داهاتووی نەوت نهمتر بکات. ئەو وڵاتانەی یەدەگی بەرچاویان هەیە، لە پێگەیەکی باشتردان بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردن لە کاتی قەیرانەکاندا،؛ کە ئەمەیش بەرزبوونەوەی خێرای خواست کەم دەکاتەوە و ناجێگیریی زۆری نرخەکان سنووردار دەکات. لە مەودای درێژخایەندا، جیهان دەتوانێت بە سیستهمێکی وزەی خۆڕاگرترەوە لە قەیرانی هورمز دەرباز بێت، بەڵام سیستهمێک کە تێیدا کۆگه ستراتیژییەکان کاریگەرییەکی زۆر گەورەتریان هەیە لە داڕشتنی خواستی نەوت، لێشاوەکانی بازرگانی و تەنانەت سیاسەتی حکوومەت.
گەلی کورد، کە لە دەوڵەتی خۆی بێبەش کراوە، دووچاری جینۆساید بووەتەوە. ڕۆژاوا باکی بەمە نییە،… زیاتر
موهفهق عادل عومهر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و سیاسهتی… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێک… زیاتر
نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر… زیاتر
نووسەر: ڕەزا سابتی ماڵپەر: بی بی سی (BBC) لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەرچەندە… زیاتر
سەرەڕای ئەوەی بە ''هەڕەشەی ئەمنیی ئێران بۆ سەر ناوچەکە و جیهان'' ناوزەد کراوە، بۆچی نە… زیاتر