نووسینی: بادیە فەحس
دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کاردانەوەی تووڕەیی لەناو جومگەکانی ڕژێمی ئێراندا لێکەوتووەتەوە، بە جۆرێک سیانەی دانوستانکار (محەمەد باقر قالیباف، عەباس عێراقچی، و ئیسماعیل بەقایی) دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند لەگەڵ باڵی ڕادیکاڵی پارێزگار، بەڵام ئەم سیانەیە بەردەوامن لەسەر ڕێگای دانوستان لە ئیسلام ئابادەوە بۆ ئڤیان و دواتر بۆرگنشتاک، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە تاران چی ڕوودەدات. سەرەڕای ئەوەی کە لە هەندێک کاتدا، ناچار دەبێت هۆکارە بابەتییەکان ڕوون بکاتەوە کە پاڵیان بە ڕژێمەوە ناوە بەرەو بژاردەی دانوستان بڕوات، دڵنیایی و ڕوونکردنەوە بدات سەبارەت بە شێوازی نوێی دانوستان، لە ڕووی ئەوەی کە پێچەوانەی نەگۆڕەکان و بنەما شەرعییەکان نییە کە “ڕێبەر”ی کۆچکردوو عەلی خامنەیی ئامۆژگاری پێکردبوون.
بە گەڕانەوەیەکی کەم بۆ دواوە، پڕۆسەی تیرۆرکردنی “ڕێبەر”ی پێشوو عەلی خامنەیی کە لەلایەن فڕۆکە ئەمریکییەکانەوە لە ٢ی ئاداری ڕابردوودا ئەنجامدرا، پاشان ئەو شەپۆلی تیرۆرکردنەی سەرکردە باڵاکان کە بەدوایدا هات لە ماوەی ٣٨ ڕۆژی جەنگدا، بووە هۆی دروستبوونی بۆشاییەک لە پێکهاتەی سەرکردایەتی ڕژێمەکەدا، و پێویست بوو دەستبەجێ ئەو بۆشاییانە پڕبکرێنەوە پێش ئەوەی بۆشاییەکە ببێتە هەڵدێرێک و ڕژێمەکە قووت بدات. ئەم بارودۆخە لەناکاو و مەترسیدارە ڕێگەی دا بەو کەسایەتییە پراگماتیکییانەی کە پێشتر “بێکار” کرابوون، بێنە پێشەنگی گۆڕەپانی سیاسی و ڕۆڵی چارەنووسساز ببینن. بەم شێوەیە سەرەتا کوتلە توندڕەوەکانیان لە ناوەندی بڕیاردان دوورخستەوە، پاشان کۆتاییان بە دابەشبوونە سیاسییە تەقلیدییەکەی نێوان ڕەوتی چاکسازیخواز و بناغەخواز (ئوسوڵگەرا) هێنا، گۆڕەپانەکەیان تەنها بۆ دانوستان بە کراوەیی هێشتەوە.
دانوستانکارە نوێیەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە “ڕێبەر”ی کۆچکردوو (عەلی خامەنەیی) دژی دانوستانی ڕاستەوخۆ و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان و تەنانەت سیاسییەکانیش لەگەڵ واشنتۆن نەبووە تەنها لەبەر دژایەتیکردن، بەڵکو بۆ ئەنجامدانی ئەمە مەرجی ئەوەی هەبووە کە ئەمریکا ڕەفتارێکی ڕێزدارانە بنوێنێت، ئەمەش ئەو مەرجەیە کە ئەوان دەبینن ئەمڕۆ هاتووەتە دی.
هەروەها بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە ئەوان بە فەرمانی “ڕێبەر”ی ئێستا، موجتەبا خامنەیی، چوونەتە ناو دانوستانەکانەوە، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی ئابووری و بژێوی و ئەرکی سەروەرییەوە، ئەوان جەخت لەسەر بەدیهێنانی دوو ئەرکی نیشتمانی دەکەنەوە کە تەواوکەری یەکترن: سەقامگیریی سیاسی و بووژانەوەی ئابووری.
لەلای خۆیەوە، سەرۆکی شاندی دانوستانکار، محەمەد باقر قالیباف، پاساو بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ دەهێنێتەوە و دەڵێت: “ئێمە گەیشتووینەتە لوتکەی بێمتمانەیی پێیان (واتە ئەمریکییەکان)، بەڵام ئێستا ئێمە لە دۆخێكداین کە ڕێگەمان پێدەدات شایستەکانمان بەدەست بهێنین”، و بەڵێن بە ئێرانییەکان دەدات کە لە ماوەی ئەو مۆڵەتە ٦٠ ڕۆژەی بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە تەرخان کراوە، شوێنەوارە باشەکانی دەبینن کە ڕەنگدەداتەوە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.
لە باشترین بارودۆخیدا، ئەگەر ڕێککەوتنەکە بتوانێت ئابووریی نیشتمانی ببووژێنێتەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتوو بوو لە ڕاگرتنی جەنگ، ئەوا دەرفەتێکی نوێ بە ڕژێم دەبەخشێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی خۆی، چونکە زیادبوونی ڕێژەی داهاتەکانی نەوت، فراوانکردنی بازنەی پرۆسە بازرگانییەکان، گەڕاندنەوەی پارە سڕکراوەکان بۆ نەختینە، و هەڵگرتنی کۆتوبەندە داراییەکان هەرچەندە بەشێوەیەکی نیمچەییش بێت، لەگەڵ کاریگەرییە ئابوورییەکانی تری ڕێککەوتنەکە، دەتوانن خوێنی نوێ بکەن بە دەمارەکانی ئەم ڕژێمەدا.
بەڵام لە خراپترین بارودۆخیدا، ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ دەرکەوتنی دابەشبوونی نوێ لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتدا، چونکە ئەو قەیرانە ڕاستەقینەیەی کە ڕووبەڕووی ڕژێمی ئێران دەبێتەوە ناوخۆییە، و تەنها بە نەمانی فشارە دەرەکییەکان لەناو ناچێت. چونکە لە زۆربەی کاتەکاندا، دوای ئەوەی ڕژێمە ئایدۆلۆژییەکان لە تێکشکاندنی هەڕەشەی دەرەکی دەبنەوە، هەڕەشەکە پێچەوانە دەبێتەوە بۆ ناوخۆ و دەگۆڕێت بۆ ململانێ لە نێوان نوخبە دەسەڵاتدارەکاندا. لە کەیسی ئێرانیشدا، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە دانوستانی ڕاستەوخۆ، ناکۆکیی نێوان باڵی ڕادیکاڵ و دانوستانکارە نوێیەکانی لە جیاوازییەکی ئایدۆلۆژیی سادەوە گۆڕیوە بۆ قەیرانێکی بوونەکی (وجودی). بە جۆرێک کە ئێستا لە لوتکەی چیای ڕژێمەکەدا دوو هێزی زەبەلاح ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، یەکێکیان هەوڵی بەردەوامبوونی ڕژێمەکە دەدات لە ڕێگەی جۆرێک لە پراگماتیزمی سیاسی و دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئابووری (پێریسترۆیکا)، ئەوی تریشیان شەرعیەتی ڕژێمەکە بە پاراستنی بنەما ئایدۆلۆژییە توندەکان و دەستگرتن بە گوتاری “مەرگ بۆ ئەمریکا”وە پێناسە دەکات.
لە ڕۆژانی جەنگدا، ئێران گەرووی هورمزی داخست، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە بەرامبەردا گەمارۆیەکی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی، ئەمەش بووە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوتەکەی و هاوردەی کاڵا سەرەکییەکان. بەمەش بازاڕەکان هەڵاوسانێکی بێپێشینە و بەرزبوونەوەیەکی لەڕادەبەدەری نرخیان بەخۆوە بینی، لەگەڵ بێکارییەکی بەرفراوان. ئەم واقیعە، سەرکردە نوێیەکانی ناچار کرد پێداچوونەوە بە نەگۆڕەکانی “ڕێبەر”ی کۆچکردوودا بکەن، و بینییان کە مانەوەی ڕژێمەکە لەم قۆناغەدا تەنها پرسی گرنگە، کەلەڕەقی ناتوانێت سەرکەوتوو بێت لە ڕزگارکردنیدا. بۆیە بڕیاریاندا هەڵگەڕانەوە لەو نەگۆڕانە بکەن و ڕێبازێکی نوێیان بۆ دانوستان دەستپێکرد.
لەم نێوەندەشدا، کەسایەتی قالیباف دەرکەوت، ئەو ئەفسەرە فڕۆکەوانەی ڕێکخراوی “سوپای پاسداران” کە لەناکاو خۆی لە سەرکردایەتیکردنی کۆبوونەوەکانی دانوستانی ڕووبەڕوو لەگەڵ ئەوەی ئێران بە “شەیتانی گەورە” وەسفی دەکات بینییەوە، سەرەڕای باکگراوندە پارێزگارەکەی، وە ستایشێکی بەرچاوی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە لێدەکرێت بەوەی کە “سەرکردەیەکی باشە”.
ڕادیکاڵە دژبەرەکانی دانوستانی ڕاستەوخۆ، قالیباف بە سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت، میخائیل گۆرباچۆڤ دەچوێنن، پێیان وایە ئەو لێکتێگەیشتنەی کە واژۆی کردووە – کە بڕگەی شەشەمی ئاماژە بەوە دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوبەشە هەرێمییەکانی وەبەرهێنانی ئابووری لە ئێراندا بکەن – پێریسترۆیکایەکی قالیبافیی شومە و ڕژێمەکە لە بووژانەوەی ئابووریی پلەبەپلەوە دەگوازێتەوە بۆ هەڵوەشانەوەی سیاسیی پلەبەپلە.
سەرچاوە:
فحص، بادية. (2026، 24 يونيو). هل يكون قاليباف غورباتشوف إيران؟. [المجلة].<< https://rb.gy/d7zi3f>>.
گەلی کورد، کە لە دەوڵەتی خۆی بێبەش کراوە، دووچاری جینۆساید بووەتەوە. ڕۆژاوا باکی بەمە نییە،… زیاتر
سانا خان (Sana Khan) ماڵپەڕ: مۆدێرن دیپلۆماسی (Modern Diplomacy) ئەو پچڕانەی بەهۆی جەنگی ئێران و… زیاتر
موهفهق عادل عومهر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و سیاسهتی… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێک… زیاتر
نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر… زیاتر
نووسەر: ڕەزا سابتی ماڵپەر: بی بی سی (BBC) لێکتێگەیشتننامە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەرچەندە… زیاتر