پێنووس

پەیوەندیی نوێی نێوان ئەمریکا و عێراق

ڕەند ڕەحیم

ململانێی توند لەسەر پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق لە ٢٧ی نیساندا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کۆتایی هات، کاتێک چوارچێوەی هەماهەنگی (CF)، کە هاوپەیمانی سەرەکیی سیاسیی چەتری شیعەکانە، بە بەربژێرکردنی “عەلی فەلاح زەیدی” بۆ سەرکردایەتیکردنی حکوومەتێکی نوێی عێراق، کۆتاییی بە بنبەستێکی پێنج مانگە هێنا. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، زەیدی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پیرۆزباییی لە “دۆناڵد ترەمپ”، سەرۆکی ئەمریکاوە پێ گەیشت و بانگهێشتی واشنتن کرا.

لە ٣١ی ئایاردا، ترەمپ باڵیۆز “تۆم باراک”ی وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق دەستنیشان کرد. باراک بەبێ لەدەستدانی کات، لە ١٥ی حوزەیراندا لە بەغدا لەگەڵ زەیدی کۆ بووەوە و بانگهێشتی کرد بۆ سەردانیکردنی واشنتن لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا.  وا دیاره‌ ئیدارەی ئەمریکا هیوایەکی گەورەی بە سەرۆکایەتیی زەیدی هەبێت؛ بەڵام پێویستە ئەم چاوەڕوانییانە کەمێک هاوسەنگ بن.

دەرکەوتنی عەلی زەیدی

بۆ ماوەی چەند مانگێک دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ی عێراق، “محەمەد شیاع سوودانی”، سەرۆکوەزیرانی ماوەبەسەرچوو و “نووری مالیکی”، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، کێبڕکێیان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران دەکرد؛ تا ئاستێک ململانێی دەسەڵاتی نێوانیان چوارچێوەی هەماهەنگیی هێنایە لێواری لێکترازان. کاتێک سەرۆک ترەمپ بەئاشکرا ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە مالیکی (و ڕەنگە کەمتر بەئاشکرا بەرامبەر بە سوودانی) دەربڕی، لایەنەکان بەناچاری کاندیدی جێگرەوەیان پێشنیار کرد؛ بەڵام کەسیان نەیانتوانی دەنگی زۆرینە بەدەست بهێنن.

ئێران وەک باوکی ڕۆحیی هاوپەیمانیی سەرەکیی سیاسیی شیعەکان، لە ئەگەری تێکچوونی ئەم هاوپەیمانییە نیگەران بوو. ئێران لە ڕێگەی “ئیسماعیل قائانی”، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە پەیامێکی گەیاند: “بە هەر نرخێک بێت یەکگرتووییی خۆتان بپارێزن.” لە وەڵامدا، ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدێکی سازانیان لە “زەیدی”دا دۆزییەوە. لەژێر گوشارێکی بێپێشینەی ئەمریکادا، لە نیسانی ٢٠٢٦دا لەلایەن زۆرینەی هاوپەیمانییەکەوە پەسەند کرا.

زەیدی هیچ مێژوویەکی سیاسیی نییە، بەڵام بەپێی ئەو پێشوازییە خێرا و بەربڵاوەی کە لەلایەن سەرکردە شیعە، سوننە و کوردەکانەوە لێی کرا، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ نوخبەی سیاسی هەیە. ئەم سەرۆکوەزیرانە نوێیە کە لە سەرەتای تەمەنی چلەکاندایە؛ لە چینێکی گەشەسەندووی بازرگانە گەنجەکانەوە هاتووە کە لە ڕێگەی گرێبەستەکانی حکوومەت، بازرگانی و کارسازییەوە سەروەت و سامان و ناوبانگیان کۆ کردووەتەوە.

ئەو، دامەزرێنەر و سەرۆکی “بانکی ئیسلامیی باشوور” بوو، کە لە شوباتی ٢٠٢٤دا لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە ئەنجامدانی مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی قەدەغە کرا؛ هەرچەندە بانکەکە هەرگیز نەکەوتە ژێر سزاکانی ئەمریکاوە. زەیدی چەندان بەرژەوەندیی بازرگانیی دیکەی هەیە، لەوانەیش گرێبەست لەگەڵ وەزارەتەکانی عێراق وەک وەزارەتی بازرگانی، بۆ دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان بۆ ئەو بەشەخۆراکەی کە لەلایەن حکوومەتەوە دابەش دەکرێت.

ئەو پرۆسەیەی لەپشت کاندیدکردنییەوە بوو، هێشتا ناڕوونە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو لەلایەن “فایەق زێدان”، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و “قەیس خەزعەلی”، ڕێبەری میلیشیای عەسائیبی ئەهلی هەقی سەر بە ئێران پێشنیار کراوە و، پێش کاندیدکردنەکەیش دانوستانی پشتپەردە لەگەڵ ئەمریکادا ئەنجام دراوە.

پێکهێنانی پڕ لە کێشەی حکوومەت

لە مانگی ئایارەی ڕابردوودا، زەیدی پڕۆگرامی حکوومەتەکەی و لیستێکی پێکهاتوو لە ١٩ کاندیدی وەزاری (لە کۆی ٢٣ وەزیر کە دواتر تەواو دەبن) پێشکەش بە پەرلەمان کرد کە درێژ و بەرفراوان بوو. بەپێچەوانەی پڕۆگرامی پێش خۆی کە بە پێداویستییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێ کردبوو، بەشی یەکەمی پڕۆگرامەکەی زەیدی، باسی لە کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر چەک و جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا دەکرد. بەشی دووەم باسی لە سیاسەتی دەرەوە دەکرد و جەختی لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەکردەوە. بەڵام وەک هۆکارێک بۆ خۆپاراستن لە ڕەخنەکان، پڕۆگرامەکە بە شێوەیەکی ناڕوون ئاماژەی بە گەشەپێدانی تواناکان و دیاریکردنی ڕۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبی (PMF) کرد، کە گرووپێکی چەترییە و زۆربەی لە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران پێک دێت، لە چوارچێوەی ئەمنیی عێراقدا. هاوشێوەی پڕۆگرامی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، ئەمەیش تەنیا ئاوات و خولیا بوو؛ بەڵام زەیدی لە کاتێکدا ئاماژەی بە ئەولەوییەتەکانی خۆی دەدا کە واشنتن چاودێرییەکی توندی دەکرد.

جگە لە دژایەتیکردنی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، ئەمریکا هێڵە سوورەکانی لە دەوری پێکهێنانی حکوومەت دانا: نابێت هیچ وەزیرێک پەیوەندیی بە میلیشیا چەکدارەکانەوە هەبێت. ئەمەیش بە واتای دوورخستنەوەی چەندان هاوبەش لەناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، لەوانەیش پاڵپشتیکەرەکەی زەیدی، واتە عەسائیبی ئەهلی هەق.

 لە کۆی ئەو ١٩ کاندیدەی پێشکەش بە پەرلەمان کرابوون، تەنیا ١٤ کاندیدیان لە دانیشتنێکی پڕ لە دەمەقاڵێ و ئاڵۆزدا پەسەند کران. دەنگدانەکە چەندان لایەنی ناڕازی و ئەگەری دوژمنکارانەی بەجێ هێشت. کاتێک دوو کاندیدەکەی مالیکی ڕەت کرانەوە، لایەنگرانی زەیدی و هاوپەیمانەکەی، قەیس خەزعەلییان بە خیانەت، شکاندنی ڕێککەوتنەکانی پێشوو و نەخشەڕێژی بۆ دوورخستنەوەیان تۆمەتبار کرد. هاوبەشە میلیشیاکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییش دوور خرانەوە – لانی کەم بۆ ئێستا. دوو وەزیری پێشنیارکراو لەلایەن هاوپەیمانیی عەزمی سوننەی موسەننا سامەڕائی ڕەت کرانەوە؛ بە هەمان شێوە کاندیدێکی “پارتی دیموکراتی کوردستان” (پدک) دەنگی نەهێنا. زەیدی هێشتا پێویستی بە پڕکردنەوەی پۆستە هەستیارەکانی ناوخۆ و بەرگری هەیە، کە بە شێوەیەکی نەریتی بۆ شیعە و سوننەیەکن.

پێکهێنانی پڕ لە کێشەی حکوومەتی نوێ ئاماژەیە بۆ ئەو ئاستەنگانەی کە زەیدی دەبێت بەسەریاندا زاڵ بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکانی بەرنامەکەی، کە بریتین لە سنووردارکردنی چەک، جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا و، باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکان.

بەربەستە سیاسییەکانی زەیدی

ڕەنگە واشنتن بەو هۆیەوە بەدڵ  پێشوازیی لە زەیدی کردبێت چونکە ئەو بازرگانێکی پراگماتیکییە و لە ئەنجامدانی ڕێککەوتن تێ دەگات. سەرەڕای ئەوەیش، بێ گومان واشنتن هێندەی ئەوەی پاڵپشتیی لێ کردووە بەهۆی ئەوە بووه‌ کە ئەو دەموچاوێکی کۆنی گەندەڵ و ناوزڕاو نییە. ئەزموونی ڕابردوو لەگەڵ بەرپرسانی پێشوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نائومێدکەر بووە.

سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ئێران، سەرکردە شیعەکان لەژێر کاریگەریی تاراندا ماونەتەوە و، میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەهێزتر و بوێرتر دەبن. داواکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردن، چەککردن یان هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان بێسوود بوون. وا دیارە چاوەڕوانیی ئەمریکا ئەوەیە کە سەرۆکوەزیرانێکی نوێ کە تا ڕاددەیەک لە دەرەوەی سیسته‌مەکە بێت، بتوانێت باشتر  کار  بکات-تەنانەت ئەگەر لەژێر چاودێریی فایەق زێدانیشدا بێت، کە کەسایەتییەکی بەهێز و پراگماتیکییە و لە هەمان کاتدا کۆڵەکەیەکی گرنگی هەژموونی ئێرانە لە وڵاتەکەدا.

بەڵام زەیدی بەتەواوی لە دەرەوەی سیسته‌مەکە نییە و، ڕووبەڕووی ئاستەنگی ناوخۆییی ئەو هێزە سیاسییانە دەبێتەوە کە هێنایانە سەر دەسەڵات. ئەو لەلایەن هەمان هاوپەیمانیی چەتری سیاسیی شیعەوە کاندید کرابوو کە پێش ئەو سوودانییان کاندید کردبوو و، ئەویش بە هەمان شێوە لەبەردەمیاندا بەرپرسیارە. سەرکردە گرنگەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، وەک مالیکی، لە کاندیدکردنی ئەو دڵخۆش نین و هەوڵ دەدەن پێگەی لاواز بکەن. بۆ ئاشتکردنەوەی نەیارەکانی، پێ دەچێت زەیدی ئەو هەشت یان نۆ پۆستە کراوەیەی کابینەکەی، بەتایبەتی ناوخۆ و بەرگری، بۆ ڕازیکردنی ئەوان بەکار بهێنێت؛ بەڵام ڕەنگە باجێکی سیاسی بۆ ئەم سازشانە هەبێت و، لە هەر حاڵەتێکدا سەرۆکوەزیران دەبێت لە دەستنیشانکردنی پۆستەکاندا چاوی لەسەر هێڵە سوورەکانی ئەمریکا بێت.

سەرەڕای ئەوەیش، زۆربەی وەزیرە نوێیەکانی لەلایەن خۆیەوە هەڵنەبژێردراون، بەڵکوو لەلایەن لایەنە شیعە، سوننە و کوردەکانەوە کاندید کراون کە پێویستە ئەم وەزیرانە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان بکەن. کابینەکە لەژێر هەمان سیسته‌می پشکپشکێنەی سیاسی (محاصصة)دایە کە لانی کەم لە ساڵی ٢٠١٠وە و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ساڵی ٢٠٠٣وە حوکمڕانیی عێراق دەکات. کابینە نوێیەکە کە نوێنەرایەتیی حزب و بەرژەوەندییە سیاسییە جێگیرەکان دەکات، دوورە لەوەی بیرکردنەوەی نوێ لەسەر چاکسازییە سیاسی یان ئابوورییەکان پێشکەش بکات کە ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی باو (ستاتۆ) و هەژموونی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ژیانی سیاسیی عێراقدا.

هەڵسەنگاندن بەپێی چاوەڕوانییەکانی ئەمریکا

لە لای خۆیەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت عێراق ڕوو لە ڕۆژاوا بکات، دوور بکەوێتەوە لە ئاراستەی ئێستای بەرامبەر بە ئێران و چین و، دامەزراوە و سیاسەتەکان بگۆڕێت. بۆ بەدیهێنانی ئەمەیش، ئیدارەی ترەمپ سێ ئامانجی سەرەکی و بەیەکەوەگرێدراوی هەیە. گرنگترینیان چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە، کە ئەمەیش پێویستی بە بڕیارێکی پەرلەمان هەیە. شێوازەکانی چەککردن و هەڵوەشاندنەوە هێشتا دیاری نەکراون، بەڵام کێشەی سەرەکی تا ئێستا نەبوونی ئیرادە و بوێریی سیاسی بووە، کە پێویستە بۆ چەککردنی ئەو گرووپانەی کە پشت بە چەکەکانیان دەبەستن بۆ نیشاندانی هێز، چاوترسێنکردنی حکوومەت و بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئابووری.

 ڕاگەیاندنی ئەم دوایییەی عەسائیبی ئەهلی هەق، سەرایای سەلامی موقتەدا سەدر و، فەسیلە بچووکترەکان وەک کەتائیبی ئیمام عەلی کە ئامادەن چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەت بکەن، هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە. بەڵام گرووپە میلیشیا بەهێز و شەڕەنگێزەکانی دیکەی دڵسۆز بۆ ئێران، وەک کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنه‌وه‌ی نوجەبا، ڕەتیان کردووەتەوە و چەکەکانی خۆیان بە “پیرۆز” دەزانن و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا ئامادە دەکەن. ئەم میلیشیایانە تەنیا لە حاڵەتێکدا چەکەکانیان دادەنێن کە لەلایەن ئێرانەوە فەرمانیان پێ بکرێت، یان لەژێر گوشارێکی گەورەتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بن.

پێشبینیی واشنتن ئەوەیە کە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان کاریگەرییەکی زنجیرەییی لەسەر ئاراستەی سیاسەتی عێراق دەبێت. میلیشیاکان چەکەکانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق و هێرشکردنە سەر سەرمایەکانی ئەمریکا و ڕۆژاوا بەکار دەهێنن. چەککردنی ئەوان وای لێ دەکات کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەسەلامەتتر لە عێراقدا کار بکەن و توانای ئەوان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای ئێران کەم دەکاتەوە. ئەمریکا دەیەوێت بڕیاردانی سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسیی عێراق لەژێر کاریگەریی ئێران ڕزگار بکات، بەڵام ڕەنگە پێشبینیی کاریگەرییە زنجیرەیییەکە ڕاست دەرنەچێت. لانی کەم لە کورتخایەندا، چەککردن یان هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان بە واتای ڕزگاربوون لە کاریگەرییە سیاسییەکانی ئێران نایەت. ڕەنگە سەرۆکوەزیرانی نوێ ڕووبەڕووی بەرگرییەکی گەورەتر ببێتەوە لە دەرکردنی دزەکردنی مێژوویی و دێرینی لایەنگرانی ئێران لەناو وەزارەتەکان، پەرلەمان و کەرتی ئابووریدا.

لە ماوەی دوو دەیەدا، ئێران تۆڕێک لە بەرژەوەندییە دارایییە تێکەڵاوەکانی لە عێراقدا لە ڕێگەی گرێبەستەکان، سپیکردنەوەی پارە، قاچاخچێتیی نەوت و مامەڵە دارایییەکانەوە دروست کردووە، کە ئەمەیش لای خۆیەوە بووەتە هۆی پشتبەستنێکی سیاسیی بەربڵاو. ئەم جۆرە پەیوەندییانە تەنیا بە میلیشیا شیعەکانەوە سنووردار نین، بەڵکوو لە سەرانسەری وڵاتدا هەن، تەنانەت لەنێوان حزبە کوردی و سوننەکانیشدا، کە نەک تەنیا سوودی بۆ ئێران هەیە بەڵکوو بۆ هاوبەشە بازرگانییە عێراقییەکانیشیان. جیاکردنەوەی عێراق لەم جۆرە تێوەگلانە ئابووری و سیاسییانە، پێویستی بە کات و هەنگاوی بوێرانە لەلایەن زەیدییەوە هەیە.

ئەولەوییەتێکی پەیوەندیدار بۆ ئیدارەی ترەمپ، دروستکردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراقدا کار دەکەن و، دەستەبەرکردنی سەلامەتییانە. لە کاتی جه‌نگی ئەم دوایییەی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل-ئێران، کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکی و ئەوروپییەکان لە کوردستان و بەسرە، چەندان جار لەلایەن میلیشیاکانەوە کرانە ئامانج؛ ئەمەیش بووە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارمەندە بیانییەکان. ئەمریکا تەنیا بەدوای پاراستندا ناگەڕێت، بەڵکوو دەیەوێت بەشداریی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە گەشەکردنی ئابووریی عێراقدا فراوانتر بکات.

پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، پێویستە بە شێوەیەکی سروشتی لە چەککردنی میلیشیاکان و دوورکەتنەوە لە ئێرانەوە سەرچاوە بگرێت. بەو پێیەی سووریا لە هەژموونی ئێران ڕزگاری بووە و ڕووی لە کەنداو کردووە، ئەمریکاش دەیەوێت عێراق لەژێر چەتری ئێران بێتە دەرەوە و لەگەڵ دەوروبەری عەرەبیدا تێکەڵ بێت، لەوانەیش لەگەڵ سووریا. لەگەڵ ئەوەیشدا، سەدان هێرشی میلیشیا عێراقییەکان بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی و کوێت لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئێران، پەیوەندییەکانی تێک دا و لەجیاتی ئەوە، تووڕەیی و بێمتمانەییی دروست کرد. پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ کەنداو زیان بە ئاسایش و ئابووریی عێراق دەگەیەنێت و نەخشەکانی ئەمریکا پووچەڵ دەکاتەوە. بەدەستهێنانەوەی متمانەی وڵاتانی عەرەبی کارێکی سەخت دەبێت، چونکە زۆربەی حزبە شیعەکان و، نەک تەنیا میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران، لە مێژوودا لە دژی پەیوەندییە نزیکەکان لەگەڵ دراوسێ عەرەبە (سوننە)کان وەستاونەتەوە و ئێرانیان وەک پارێزەری پێکهاتەکەی خۆیان سەیر کردووە.

دەرفەتێک بۆ کابینەکەی زەیدی

دوای کۆبوونەوەکەیان لە بەغدا لە ١٥ی حوزەیراندا، باڵیۆز باراک و سەرۆکوەزیران زەیدی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا هیوای خۆیان بۆ “عێراقێکی خاوەن سەروەری، ئارام و گەشەسەندوو” دەربڕی کە بتوانێت “دەستکەوتی بەرجەستە بۆ ئەمریکییەکان و عێراقییەکان بە هەمان شێوە” دابین بکات. لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر “پەلەکردن” لە “دەستەبەرکردنی چەککردنی تەواوەتی و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپ و پێکهاتە چەکدارەکان کە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق کار دەکەن” کرایەوە. هەروەها لە بەیاننامەکەدا “پەیمانیی هاوبەش بۆ زیادکردنی هاوکارییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق” دووپات کرایەوە، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا. باراک نەخشەڕێگه‌یەکی گەورەخوازی بۆ زەیدی دانا، کە وا دیارە سەرۆکوەزیران ئامادەیە پەیڕەوی بکات. بەڵام دیمەنی سیاسی وا دەکات ئاست و خێراییی سەرکەوتن نادیار بێت.

ئەنجامی جه‌نگی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران و، ئەنجامی دانوستانەکانی دواتری نێوان ئەمریکا و ئێران، کاریگەرییەکی ئەگەریی گرنگیان لەسەر ڕووداوەکانی عێراق دەبێت. ئەگەر ئێران پێی وابێت لە جه‌نگەکەدا سەرکه‌وتوو بووە و، ئەگەر هاوپەیمانەکانیشی هەمان بیرکردنەوەیان هەبێت، تاران زیاتر پێداگری دەکات لەسەر پاراستنی سەرمایەکانی لە عێراق و دەستبەرداری کاریگەرییەکانی نابێت لەوەی کە بە ناوچەی بەرژەوەندییە ژیانییه‌كانی خۆی دەزانێت. ئەو بەئاسانی دەستبەرداری ئەو دەستکەوتە سیاسی و ئابوورییە گەورانە نابێت کە لە ماوەی دوو دەیەدا لە عێراقدا بەدەستی هێناون. لە چوارچێوەی ئێرانێکی بوێرتردا، میلیشیا توندڕەو و ئایدیۆلۆژییه‌كه‌ی حەشدی شەعبی ڕەنگە ڕەتی بکەنەوە دەستبەرداری چەک یان دڵسۆزییە سیاسییەکەیان بن و، هەوڵ بدەن ڕۆڵی خۆیان وەک پاسەوانی دەسەڵاتی ئێران بەسەر عێراقدا بەهێزتر بکەن.

هۆکارێکی هاوسەنگکەرەوە، سەرنج و پاڵپشتیی بەردەوامی ئیدارەی ترەمپ دەبێت لە ماوەی خولی داهاتووی حوکمڕانیدا. ئەو گۆڕانکارییە پێشنیارکراوانە، ئەگەر هەر ڕوو بدەن، پێویستیان بە کات هەیە. پێویستە ئەمریکا و عێراق لەسەر نیشاندەرەکانی پێشکەوتن لە ئامانجە سەرەکەییەکاندا ڕێک بکەون و پێکەوە چارەسەری بەربەستەکان بکەن. یەکەمیان، کە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانە، دڕکاویترین کێشەیە و پێویستی بە پشتڕاستکردنەوەی پێوانەیی هەیە. بڕیاری ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق (بە سەرۆکایەتیی دادوەر زێدان) بۆ درێژکردنەوەی یاسای دژەتیرۆر بۆ “هەر کەسێک کە درۆن دروست بکات، بەکار بهێنێت، یان خاوەندارێتیی بکات کە بۆ مەبەستی پێچەوانەی یاسا بەکار بهێنرێت” هەنگاوێکە به‌ ئاراستەیەکی ڕاستدا و ئاماژه‌یه‌ بۆ ئەوەی کە چۆن سەرۆکوەزیران زەیدی دەتوانێت بەکاری بهێنێت بۆ هێنانەژێرکۆنترۆڵی میلیشیاکان؛ هەرچەندە بەڵگەی ڕاستەقینە لە جێبەجێکردنیدا دەبێت.

پێویستە ئەمریکا هاندەر پێشکەش بەو گرووپانە بکات کە باڵە سەربازییەکانیان هەڵدەوەشێننەوە، چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەت دەکەن و دەبنە حزبی سیاسی وەک ئەوەی لە دەستووردا دیاری کراوە. ئەم هاندەرانە دەتوانن لابردنی سزا یان ناولێنانەکانی دیکە بگرێتەوە کە چالاکییەکانیان سنووردار دەکات و لە سیاسەتی فەرمی دووریان دەخاتەوە. بەڵام پێویستە ڕێوشوێنی سزای ڕاستەوخۆش هەبێت دژی ئەو گرووپ و کەسانەی کە پێشنیاری چەککردن ڕەت دەکەنەوە و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەتدا دەمێننەوە.

پرسیاری قووڵتر و سەخت ئەوەیە کە دزەکردنی ئێران بۆ ناو سیسته‌می دەوڵەت، پێویستی بە پەکخستنی تۆڕە ئابووری، دارایی و سیاسییەکانی تاران هەیە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. لێرەدا زەیدی، وەک کەسێکی تازەکار لە سیاسەتدا، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورەتر دەبێتەوە لە مانۆڕکردن لەنێوان ئاڵۆزییەکانی هاوپەیمانییە سیاسییەکان، تۆڕەکانی گەندەڵی و یاساکانی پشکپشکێنە (محاصصة). ئەو هاوکارییەکی زۆری دەکرێت ئەگەر چاکسازییەکان دەستکەوتی بەرجەستە بۆ گشتی خەڵکی عێراق بهێننە ئاراوە و، ئەگەر عێراقییەکان ببینن کە ئەم گۆڕانکارییە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە. ئەمریکا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕەخساندنی بارودۆخ بۆ سیناریۆیەکی سەرکەوتوو.

حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ئارەزووی خۆیان بۆ هەبوونی پەیوەندیی باش هەم لەگەڵ ئەمریکا و هەم لەگەڵ ئێران ڕاگەیاندووە. لە پراکتیکدا، ئەمە بە واتای لایەنگری بەرەو ئێران بووە. ئەم ناڕوونییە چیتر بۆ ئیدارەی ترەمپ قبووڵکراو نییە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازییەکی گەرمی لە حکوومەتی نوێ کردووە و چاوەڕوانی بینینی گۆڕانکاری لە حوکمڕانیدا دەکات کە سەروەری و سەربەخۆییی عێراق بەرز بکاتەوە؛ لە هەمان کاتدا وای لێ بکات دۆستانەتر بێت لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی دەوروبەری. ئەگەر هەموو شتێک بەباشی بەڕێوە بچێت و سەرۆکوەزیران زەیدی لە مانگی تەممووزدا سەردانی سەرۆک ترەمپ لە واشنتن بکات، ئەو لەژێر چاودێرییەکی ورددا دەبێت. تەنانەت بە گریمانەکردنی باشترین نییەتی زەیدی، پێویستە ئەمریکا – و عێراقییەکان -ئارام بگرن و بۆ ئێستا حوکم نەدەن.

ڕەند ڕەحیم، سەرۆکی پێشوو و هاودامەزرێنەری دامەزراوەی عێراق (Iraq Foundation)ە، کە ڕێکخراوێکی قازانجنەویستە و بنکەکەی لە واشنتنە؛ کار بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق دەکات. ڕەند  پسپۆڕە لە سیاسەتی عێراق و گەشەپێدانی مەدەنی و، وەک یەکەم باڵیۆزی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥، دوای ڕووخانی سەدام حسێن، خزمەتی کردووە. لە ئێستادا هاوڕێی باڵای (Non-Resident Senior Fellow) لە دەستپێشخەریی عێراقی سەر بە ئەنجومەنی ئەتڵەسی (Atlantic Council Iraq Initiative).

سەرچاوە:

 Rend al-Rahim, R. (2026, June 25). A new US-Iraq relationship? <https://mei.edu/publication/a-new-us-iraq-relationship/>.

Shayda

بابەتی پەیوەندیدار

“سکئێشە” درۆیینیه‌كه‌ی هێنری کێسنجەر (Henry Kissinger)  لە ئیسلام ئاباد؛  ئایا “کەناڵی نهێنیی پاکستان” جارێکی تر مێژووی جیهان دەگۆڕێت؟

نووسەر: مجتبی دهقانی (به‌ كوردی: موجته‌با دێهقانی) ماڵپەڕ: (independentpersian) لەم چه‌ند هەفتەیه‌ی دواییدا، ناوی پاکستان… زیاتر

1 day ago

ئەمریکا جەنگی دژ بە ئێرانی بردەوە؛ هەرچەندە گورزەکە یەکلاکەرەوە نەبوو، بەڵام واشنتن بە خاڵ سەر کەوت

گۆڤاری باوەڕپێکراو و نێودەوڵەتیی "فارن پۆڵەسی (Foreign Policy)" شیکارییەکی بە قەڵەمی ماتیۆ کرۆنیگ (Matthew Kroenig)… زیاتر

3 days ago

بۆچی وڵاتانی سکاندیناڤیا کارامەن و کەمترین گەندەڵییان تێدایە؟

فڕانسیس فۆکۆیاما دەڵێت: ''دانیمارک شوێنێکی ئەفسانەیییە کە بە بوونی دامەزراوەی سیاسی و ئابووریی باش ناسراوە:… زیاتر

3 days ago

ئایا قالیباف دەبێتە گۆرباچۆڤی ئێران؟

نووسینی: بادیە فەحس دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کاردانەوەی تووڕەیی لەناو جومگەکانی… زیاتر

4 days ago

کوردەکان قوربانییە ڕاستەقینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، نەک فەڵەستینییەکان

گەلی کورد، کە لە دەوڵەتی خۆی بێبەش کراوە، دووچاری جینۆساید بووەتەوە. ڕۆژاوا باکی بەمە نییە،… زیاتر

5 days ago

چۆن جەنگی ئێران ستراتیژییەکانی ئاسایشی وزەی جیهانی گۆڕی؟

سانا خان (Sana Khan) ماڵپەڕ: مۆدێرن دیپلۆماسی (Modern Diplomacy) ئەو پچڕانەی بەهۆی جەنگی ئێران و… زیاتر

5 days ago