ماڵپەڕ: The National Context
هەڵمەتەکەی سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سەرکردە پلە یەکەکانی سوننە و کەسایەتییە لاوەکییەکانی بازنەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی دەستگیر کردووە، لە کاتێکدا دەستی بۆ سەرکردایەتییە باڵاکانی حزبە باڵادەستەکانی شیعە نەبردووە. دوو تایبەتمەندی، ئەم هەڵمەتە لە قۆناغەکانی پێشوو جیا دەکەنەوە: پشتبەستنی زەیدی بە دەسەڵاتی دادوەری لەبری ئامرازی حزبێکی تایبەت بە خۆی، هەروەها چڕبوونەوەی لیستی ئامانجە سوننەکان لەسەر ڕکابەرە ڕاستەوخۆکانی محەمەد حەلبووسی (Mohammed al-Halbousi).
هێزە ئەمنییەکانی عێراق درەنگانی ٢٨ی حوزەیران له كاتی هەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوز و چەند ناوچەیەکی دیکەی بەغدا، نزیکەی ٢٠ بەرپرسی باڵایان دەستگیر کرد. دیارترین دەستگیرکراو بریتییە لە موسەننا سامەڕائی (Muthanna al-Samarrai)، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم (Azm Coalition). هەروەها ناوی چەندان سیاسەتمەداری نزیک لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی (Reconstruction and Development Coalition) سەر بە محەمەد شیاع سوودانی (Mohammed Shia al-Sudani)، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، هاتووە؛ لەوانە عالیە نوسەیف (Alia Nassif)، بەهائەدین نووری (Baha al-Din al-Nouri) و حەسەنەین خەفاجی (Hassanein al-Khafaji). هاوکات هێزە ئەمنییەکان هەڵیان کوتایە سەر ماڵی پەرلەمانتار عەلا سوکەر (Alaa Sukkar)، کە ئەویش پەیوەندیی بە هاوپەیمانییەکەی سوودانییەوە هەیە، بەڵام لە ماڵەوە نەیاندۆزییەوە؛ بۆیە تاوەکوو ئێستا دەستگیرکردنی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
دەستگیرکراوەکانی دیکە بریتین لە موزهەڕ کەرەوی (Mudhar al-Karawi) لە هاوپەیمانیی تەشریع-سەروەری (Sovereignty-Tashreea Alliance) بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر (Khamis al-Khanjar)؛ هند عەباسی (Hind al-Abbasi) و محەمەد کەربوولی (Mohammed al-Karbouli) لە هاوپەیمانیی عەزم؛ محەمەد فەرمان (Mohammed Farman) لە حزبی تەقەدووم (Taqaddum Party) بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی؛ هەروەها زیاد جەنابی (Ziyad al-Janabi)، کە کەسی دووەمی نێو هاوپەیمانیی سەروەریی خەنجەرە. لە یەکەم شەپۆلی هەڵمەتەکەیشدا محەمەد سەیهوود (Mohammed al-Sayhoud)، پەرلەمانتاری پێشوو و ئامۆزای سوودانی، دەستگیر کرا و لە ٣٠ی حوزەیران، دوای دوو ڕۆژ لە هێشتنەوەی لە زیندان، بە کەفالەت ئازاد کرا؛ نووسینگەکەیشی هۆکاری ئازادکردنەکەی بۆ باری تەندروستی گەڕاندەوە.
هەروەها هێزە ئەمنییەکان هەڵیان کوتایە سەر ماڵی پەرلەمانتار حوسێن موونس (Hussein Mounes)، بەڵام نەیانتوانی دەستگیری بکەن. موونس سەرکردەیەکی باڵایە لەنێو کەتائیبی حزبوڵڵا (Kata’ib Hezbollah)، کە گرووپێکی چەکداریی نزیکە لە ئێران و، ئێستا سەرکردایەتیی بزووتنەوەیەکی سیاسیی تایبەت بە خۆی دەکات (سەرۆکی “حەرەکەتی حوقووق”)؛ بەمەیش دەبێتە یەکەم ئامانجی هەڵمەتەکە کە پاشخانی ڕاستەوخۆی میلیشیاییی هەبێت، نەک پاشخانێکی سوننە یان کەسێکی نزیک لە سوودانی. لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی تەیف سامی (Taif Sami)، وەزیری پێشووی دارایی، بەفەرمی هەواڵی دەستگیرکردنی ڕەت کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە، هەروەها داوای لە دەستەی ڕێکخستنی میدیا کرد ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگرێتە بەر کە هەواڵەکە بڵاو دەکەنەوە.
باکگراوند: مەزەندەکانی کۆی ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە ڕۆژانی دواتردا گۆڕانکارییان بەسەردا هات، لە ئاشکراکردنی فەرمیی ناوی ١٥ کەسەوە دەستی پێ کرد، پاشان گەیشتە ١٧، ٣٥، ٤٧ و لە کۆتاییشدا بۆ ٥٣ کەسایەتیی سیاسی، حکوومی و پەرلەمانی. هەندێک سەرچاوەی عێراقی دەڵێن لێکۆڵینەوەکان نزیکەی ١,٠٠٠ سیاسەتمەدار و بەرپرس دەگرێتەوە؛ بەڵام سەرچاوە دادوەرییەکان ئاماژەیان بە لیستێکی پارێزکارانەتری نزیکەی ١٠٠ کەسی کردووە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، لە زاری سیاسەتمەدارێکەوە هاتووە کە ناوی ٦٤ کەس دراوە بە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان بۆ ڕێگریکردن لە گەشتکردنیان؛ هاوکات چاوەڕوان دەکرێت هەڵمەتی دیکە لە دەرەوەی بەغدا ئەنجام بدرێن. ژمارە پشتڕاستکراوەکە ٥٣ کەسە و، ئامارە گەورەکانی دیکە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
هەروەها چەندان دەزگهی ڕاگەیاندنی عێراقی بڵاویان کردەوە کە واشنتۆن ناوی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە داناوه و سەرپەرشتیی قۆڵبەستکردنەکان دەکات؛ ڕاپۆرتێکی دیکەیش لە زاری سەرچاوەیەکی دادوەرییەوە باس لە بەشداریکردنی تیمێکی لێکۆڵینەوەی ئەمریکی دەکات دوای دانپێدانانەکەی بەرپرسەکەی وەزارەتی نەوت. بانگەشە تایبەتەکانی پەیوەست بە سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی قۆڵبەستکردنەکان لەلایەن دەزگهی هەواڵگریی ناوەندی (CIA)، تاوەکوو ئێستا پشتڕاست نەکراونەتەوە. گرێدانی ئۆپەراسیۆنە سیاسییە ناوخۆیییەکان بە دەزگه هەواڵگرییە بیانییەکانەوە، خەسڵەتێکی بەردەوامی گوتاری سیاسیی عێراقە و، ئەم بانگەشەیەیش چەقۆیەکی دووسەرە: لە لایەکەوە وای نیشان دەدات کە هەڵمەتەکە پاڵپشتیی دەرەکیی هەیە، لە لایەکی دیکەیشەوە پاساو دەداتە نەیاران تاوەکوو قۆڵبەستکردنەکان وەک دەستوەردانی بیانی وەسف بکەن.
شرۆڤە: هەموو سەرۆکوەزیرانێکی عێراق لە مێژووی نزیکدا و لە قۆناغی سەرەتای حکوومەتەکەیدا هەڵمەتێکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ڕاگەیاندووە و، لە نزیکەی سەرجەم حاڵەتەکانیشدا ئامانجە سەرەکییەکان بریتی بوون لە بەرپرسان، نێوەندگیران و بازرگانانی پەیوەست بە سەرۆکوەزیرانی پێش خۆی نەک خودی سەرۆکوەزیرانەکە. هەڵمەتە چاکسازییەکەی عەبادی (Abadi) لە ساڵی ٢٠١٥ پۆستی جێگری سەرۆککۆماری هەڵوەشاندەوە کە نووری مالیکی (Nouri al-Maliki) پۆستەکەی بەدەستەوە بوو، هەروەها ١٢٣ بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی سەردەمی مالیکیی لەکار خست. لیژنەی ٢٩ی کازمی (Kadhimi’s Committee 29)، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ پێک هێنرا، سەرۆکی سندووقی خانەنشینیی عێراق، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی بەغدا و سەرۆکی کۆمپانیای پێدانی پارەی کی کارد (Qi Card)ی قۆڵبەست کرد، پێش ئەوەی دادگهی باڵای فیدراڵی بە بیانووی زەوتکردنی دەسەڵاتەکانی دادوەری و وەرگرتنی دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجەدا، لیژنەکە هەڵبوەشێنێتەوە. دواتر سوودانی هەمان ئامرازی ئاراستەی بازنەکەی “کازمی”ی کرد و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عەلی عەللاوی (Ali Allawi) وەزیری پێشووی دارایی، ڕائید جەوحی (Raed Jouhi) بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ئەحمەد نەجاتی (Ahmed Najati) سکرتێری کەسی و، موشریق عەباس (Mushriq Abbas)، ڕاوێژکار، سەبارەت بە دۆسیەی ”دزینی سەدە” دەرکرد، هاوکات ئەندامانی خودی لیژنەی ٢٩ی دادگهیی کرد. لە هەر گواستنەوەیەکی دەسەڵاتدا، حکوومەتی نوێ ئەو دۆسیانەی دەجووڵاند کە تۆڕی سەرۆکوەزیرانی پێشوویان تێوە دەگلاند، لە کاتێکدا دۆسیە هاوشێوەکانی پەیوەست بە سپۆنسەرەکانی خۆی بەسڕکراوی دەهێشتەوە؛ زۆر جار گەندەڵییەکە ڕاستەقینە بوو، بەڵام بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی جووڵاندنی دۆسیەکان بڕیارێکی سیاسی بوو. شرۆڤەکارێکی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان (International Crisis Group) هەمان تێبینیی لەسەر هەڵمەتەکەی زەیدی بەتایبەتی هەبوو: هەڵمەتەکە چڕ بووەتەوە سەر کەسایەتییەکانی ڕیزی دووەم، لە کاتێکدا دەست ناگاتە سەرکردایەتییە باڵاکان، هەروەها هەم مالیکی و هەم سوودانی دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە بەئاشکرا پاڵپشتیی خۆیان بۆ ڕاگەیاند؛ ئەمەیش لەگەڵ ئەو جۆرە هەڵمەتانەدا یەک دەگرێتەوە کە بازنەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو دەکەنە ئامانج نەک خودی ناوەندەکانی دەسەڵات.
پێگەی زەیدی دوو تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێت کە وا دەکەن میکانیزمی ئەم قۆناغە جیاواز بێت، تەنانەت ئەگەر لیستی ئامانجەکانیش لەگەڵ شێوازە کۆنەکەدا یەک بگرێتەوە. یەکەمیان ئەوەیە کە هیچ بنکەیەکی سیاسیی نییە تاوەکوو هەڵمەتەکەی لێوە بەڕێوە ببات. ئەو وەک بازرگانێکی خەڵکی زیقار، بەبێ بوونی هیچ حزبێک، کوتلەیەک، یان پۆستێکی پێشووی حکوومی پۆستەکەی وەرگرت، کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی (Coordination Framework) بەشێکی لەبەر ئەوە هەڵی بژارد چونکە هیچ کام لە ئەندامەکانی نەیاندەتوانی کۆنترۆڵی بکەن. ئەمەیش وای لێ دەکات بێبەش بێت لەو جۆرە ئامرازە ناوخۆیییانەی کە هێزیان بە هەڵمەتەکانی عەبادی، کازمی و سوودانی دەبەخشی، هەروەها ئهوهی كه دهگوترێت لە فایەق زێدان (Faiq Zaidan)، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییهوه نزیكه، دەکاتە گرنگترین پەیوەندی نەک پەیوەندییەکی لاوەکی. گێڕانەوەیەک کە دەدرێتە پاڵ چالاکوانێکی سیاسی، باس لەوە دەکات کە پرۆسەکانی هەڵکوتانە سەر ماڵان، هەڵگرتنی پارێزبەندی و بڵاوەپێکردنی یەکەکانی دەزگهی دژەتیرۆر (Elite Counter Terrorism Service) بە هاوئاهەنگیی ڕاستەوخۆی نێوان زەیدی و زێدان ئەنجام دراون؛ بەبێ ئەوەی پێشوەختە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاگادار بکرێنەوە، کە چەندان ڕاپۆرت ئاماژەیان بە دڵەڕاوکێی ئەو سەرکردانە کردووە پێش ئەوەی درەنگانی هەمان ڕۆژ بەئاشکرا پاڵپشتیی هەڵمەتەکە بکەن. سەرۆکوەزیرانێک کە کوتلەی تایبەت بە خۆی نەبێت، پێویستی بە پاڵپشتێکی دامەزراوەیی هەیە بۆ ئەوەی لەم ئاستە بەرفراوانەدا ڕووبەڕووی پەرلەمانتارە کاراکان ببێتەوە و، ئەو پێگەیەی زێدان وەک پاڵپشتێک سەرچاوەیەکی دەسەڵات بە ئۆپەراسیۆنەکە دەبەخشێت کە هەڵمەتەکانی ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠٢٠ نەیانبوو.
جیاوازیی دووەم، بەدیاریکراوی لەنێو قۆڵبەستکردنە سوننەکاندا دەردەکەوێت. هاوپەیمانیی عەزمی سەر بە سامەڕائی، کە خاوەنی ١٧ کورسیی پەرلەمانییە، زۆرترین ناوی باڵای سوننەی تێدا بووە، لەوانە محەمەد کەربوولی و هند عەباسی شانبەشانی خودی سامەڕائی. کەسایەتییە باڵاکەی دیکەی دەستگیرکراو “زیاد جەنابی”یە، کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە حزبی تەقەدوومی حەلبووسی جیا بووەوە بۆ پێکهێنانی کوتلەیەکی ڕکابەر و لە ساڵی ٢٠٢٥ لەسەر لیستی خەنجەر هەڵبژێردرا؛ ڕاپۆرتەکان دەڵێن حەلبووسی وەک مەترسیدارترین ڕکابەری سوننەی خۆی، سەیری دەکات. سەرکردایەتیی خودی تەقەدووم ڕووبەڕووی قۆڵبەستکردنێکی لەو جۆرە نەبووەتەوە. ئەم شێوازە لەبەر ئەوە جێگەی بایەخە چونکە باس لە ڕێککەوتنێکی نافەرمی لەنێوان حەلبووسی، خەزعەلی و تاڵەبانی دەکرێت؛ هەمان ئەو تەوەرەی کە لە سەرەتای ئەمساڵدا بنبەستی سەرۆکایەتیی کۆماری شکاند. لە لایەکی دیکەیشەوە باس لەوە دەکرێت زێدان شانبەشانی خەزعەلی دژی ناوەندە ڕکابەرەکانی دەسەڵات کار دەکات. هەڵمەتێک کە دوو ڕاستەوخۆترین ڕکابەری سوننەی حەلبووسی دوور دەخاتەوە و دەستیش بۆ سەرکردایەتیی حزبەکەی خۆی نابات، لە یەک کاتدا دوو ئامانج دەپێکێت: لە ڕوانگەیەکەوە دۆسیەیەکی گەندەڵییە، لە ڕوانگەیەکی دیکەیشەوە پاککردنەوەی گۆڕەپانی سیاسیی سوننەیە بۆ سەرکردەیەک کە لەگەڵ پاڵپشتەکەی خودی زەیدیدا یەک دەگرێتەوە.
لە بەرامبەر ئەوەدا، لیستی فراوانتری قۆڵبەستکراوەکان هێشتا هەمان نایەکسانیی پێکهاتەییی قۆناغی دوای گۆڕینی دەسەڵات نیشان دەدات. کەسایەتییە شیعە دەستگیرکراوەکانی وەک نوسەیف، نووری، خەفاجی و سەیهوودی ئامۆزای سوودانی، زیاتر کەسانی لاوەکیی نێو هاوپەیمانییەکەی سوودانین نەک سەرکردەی باڵای سەربەخۆ و، سەیهوود یەکەم کەس بوو کە تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئازاد کرا. باڵاترین دەستگیرکراوە سوننەکانی وەک سامەڕائی و جەنابی، لە ئاستی پێگەدا هاوتای سەرکردە پلە یەک یان پلە دووەکانی شیعەن، کەچی قۆڵبەستکردنی سەرکردەیەکی باڵای ڕاستەقینەی شیعە هێشتا وەک کارێکی دوور لە خەیاڵ دەردەکەوێت. لەوانەیە ناوی زیاتری شیعە یان کورد دەرکەون بۆ ئەوەی ڕواڵەتی هەڵمەتەکە فراوانتر بکەن، بەڵام ئەگەر کەسایەتیی هاوتای سامەڕائی و جەنابی قۆڵبەست نەکرێن، ئەوا ئەو گومانەی سوننە قووڵتر دەبێتەوە کە ڕێکارەکان لەسەر بنەمای پێکهاتە و باڵەکانی نێو خودی سوننە جێبەجێ دەکرێن.
قەبارە دارایییەکە لە هەڵمەتەکانی پێشوو گەورەترە: سەرچاوە دادوەرییەکان بەهای ئەو دۆسیانەی لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت بە زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار مەزەندە دەکەن، کە زۆربەیان لە وەزارەتەکانی نەوت و کارەبادا چڕ بوونەتەوە؛ هاوکات وەزارەتەکانی بەرگری و کۆچ و کۆچبەران وەک بەربژێر بۆ کردنەوەی دۆسیەی دیکەی پەیوەست بە سەردەمی سوودانی دەستنیشان کراون. حکوومەت هەژمارێکی بانکیی لە وەزارەتی دارایی بۆ ئەو پارانە ڕاگەیاندووە کە دەگەڕێنرێنەوە، هەروەها لیستێکی ئینتەرپۆل (Interpol)ی بۆ ئەو تۆمەتبارانە دەرکردووە کە وڵاتیان جێهێشتووە و، هەڵمەتەکەی بە جیاواز لە هەڵمەتەکانی پێشوو وەسف کردووە؛ کە ئەمەیش هەمان ئەو وەسفەیە کە هەموو کابینەیەکی نوێ بۆ هەڵمەتەکانی خۆی بەکاری دەهێنێت. ئەو پێکهاتە دادوەرییەی لەپشت هەڵمەتەکەوەیە، وەک فەرمانەکانی دادگهی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەشداریکردنی فەرمیی دەستەی دەستپاکی و هەڵگرتنی پارێزبەندی، بەراورد بەو دەسەڵاتەی لیژنەی ٢٩ هەیبوو، زیاتر جێگەی بەرگریلێکردنە، هەروەها کاتەکەیشی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ خزمەت بە زەیدی دەکات، چونکە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا سەردانی واشنتۆن بکات و، بوونی هەڵمەتێکی ئاشکرا دژی گەندەڵی و قاچاغیکردن بە نەوت و دۆلارەوە پێگەکەی لەوێ بەهێزتر دەکات؛ ئەمەیش ئەو بینەرە دەرەکییەیە کە شیکارییەکەی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان شانبەشانی بینەرە ناوخۆیییەکە دەستنیشانی کردووە.
ئەوەی هێشتا دەتوانێت ئەم هەڵمەتە لە پێشووەکانی جیا بکاتەوە ئەوەیە ئاخۆ دەست دەبات بۆ پارەدارانی نێو حزبەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە زەیدییان لە پۆستەکەی داناوە، بۆ تۆڕەکانی نەوت و گومرگ و بەڵێندەرایەتیی سەر بە میلیشیاکان، سەرپێچییەکانی بانکی ناوەندی (Central Bank) و زیادکردنی ئاشکرای دراو، بەرپرسە باڵاکانی کورد کە پەیوەستن بە گرێبەستە فیدراڵییەکانەوە، یان ئەو کەسایەتییانەی ناو بازنەکەی خودی زەیدی. تاوەکوو ئێستا هیچ یەکێک لەمانە قۆڵبەستکردنێکی پشتڕاستکراوەی لێ نەکەوتووەتەوە. ئەو شێوازەی لە ماوەی چوار گۆڕانکاریی پێشووی حکوومەتدا هەبووە، هەروەها ئەو شێوازە ڕوونترەی ئێستا لەنێو قۆڵبەستکردنە سوننەکاندا دەبینرێت، هێندە یەکگرتوون کە ئەرکی سەلماندن دەخەنە ئەستۆی کابینەکەی زەیدی تاوەکوو نیشانی بدات ئەم قۆناغە شتێکە زیاتر لە ڕێکخستنەوەی ئەوەی کێ دەسەڵاتی بەدەستەوەیە نەک ئەوەی چۆن دەسەڵات بەڕێوە دەبرێت.
نووسەر: مجتبی دهقانی (به كوردی: موجتهبا دێهقانی) ماڵپەڕ: (independentpersian) لەم چهند هەفتەیهی دواییدا، ناوی پاکستان… زیاتر
ڕەند ڕەحیم ململانێی توند لەسەر پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق لە ٢٧ی نیساندا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر… زیاتر
گۆڤاری باوەڕپێکراو و نێودەوڵەتیی "فارن پۆڵەسی (Foreign Policy)" شیکارییەکی بە قەڵەمی ماتیۆ کرۆنیگ (Matthew Kroenig)… زیاتر
فڕانسیس فۆکۆیاما دەڵێت: ''دانیمارک شوێنێکی ئەفسانەیییە کە بە بوونی دامەزراوەی سیاسی و ئابووریی باش ناسراوە:… زیاتر
نووسینی: بادیە فەحس دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کاردانەوەی تووڕەیی لەناو جومگەکانی… زیاتر
گەلی کورد، کە لە دەوڵەتی خۆی بێبەش کراوە، دووچاری جینۆساید بووەتەوە. ڕۆژاوا باکی بەمە نییە،… زیاتر