Screenshot
بیبیسیی تورکی (BBC Turkish)
تورکیا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ (7-8/07/2026)، بۆ دووەم جار میوانداریی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ دەکات. لووتکەی ساڵی 2004ی سەرکردەکانی ئەندام لەم پەیماننامە ئەمنییە، لە ئیستەنبوڵ بەڕێوە چوو. ئەم جارە “ئەنقەرە”ی پایتەختی تورکیا میوانداریی ئەم لووتکەیە دەکات. هاوبەشیی ستراتیژیی تورکیا و ناتۆ کە بە بوونەئەندامی ئەم وڵاتە لە ساڵی ١٩٥٢ دەستی پێ کرد، لە سەردەمی جەنگی ساردەوە تا ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی قەیرانە جیاوازەکان و گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا فۆرمی وەرگرتووە. تورکیا، سەرەڕای هەندێک جیاوازیی بیروبۆچوونی کاتی لە ناوخۆی ئەم هاوپەیمانییەدا، پێگەی هەستیاری خۆی لەنێو پێکهاتەی ئەمنیی ناتۆدا پاراستووە و لە ململانێ ناوچەیییەکان و هەماهەنگییە بەرگرییەکاندا، بووەتە یەکێک لە ئەکتەرە یەکلاکەرەوەکان.
لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ، ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی تورکیایە بۆ دانانی کاریگەرییەکی چالاکتر لەنێو پێکهاتەی نوێی ئەمنیی ئەورووپا و خواستەکانی ئەم وڵاتەیە بۆ سوودوەرگرتنی بەرچاوتر لە تواناکانی پیشەسازیی بەرگریی خۆی لە چوارچێوەی ئەم هاوپەیمانییەدا. بەڵام تورکیا چۆن چووە ڕیزی ناتۆوە؟ پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەم هاوپەیمانییەدا چۆن بونیاد نرا؟ چ قەیرانێک لەم پەیوەندییانەدا ڕووی دا و تورکیا دەیەوێت لە داهاتوودا چ پێگە و کاریگەرییەکی لەنێو ناتۆدا هەبێت؟
ناتۆ لە ساڵی ١٩٤۹ دامەزرا؛ تورکیا دوای سێ ساڵ چووە ڕیزییەوە
تورکیا دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم کە تێیدا بێلایەن مابووەوە، بەخێرایی ئاراستەی خۆی بەرەو پێکهاتەی ئەمنیی ڕۆژاوا گۆڕی. گرنگترین هۆکاری ئەم وەرچەرخانە، داواکاریی یەکێتیی سۆڤیەت بوو بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی لە گەرووەکانی تورکیادا. ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (NATO)، لە ڕێگەی ئەو پەیماننامەیەوە دامەزرا کە لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لە واشنتۆن واژۆ کرا. لە سەرەتادا ناتۆ ١٢ ئەندامی دامەزرێنەری هەبوو. بنەڕەتیترین پرەنسیپی ناتۆ، ماددەی پێنجەمی ئەم پەیماننامەیە بوو کە جەخت لەسەر پرەنسیپی ”بەرگریی بەکۆمەڵ” دەکاتەوە. بەپێی ئەم ماددەیە، هاوپەیمانییەکە هێرشکردنە سەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندام، وەک هێرشکردنە سەر سەرجەم ئەندامانی ناتۆ هەژمار دەکات.
تورکیا لە سەردەمی جەنگی کۆریادا کە لە ساڵی ١٩٥٠ دەستی پێ کرد و سێ ساڵی خایاند، بەگشتی چوار لیوای سەربازیی ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ کرد. ئەم هەنگاوە، پەیامێکی سیاسیی بەهێز بوو بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆدا. لە ١٨ی شوباتی ١٩٥٢دا، ناتۆ بۆ یەکەمین جار فراوان بوو و تورکیا و یۆنان چوونە نێو ئەم هاوپەیمانییەوە. بەم شێوەیە، تورکیا بۆ یەکەمین جار بە شێوەیەکی فەرمی لە سەردەمی جەنگی سارددا چووە نێو پێکهاتەی ئەمنیی ڕۆژاواوە. ساڵی ١٩٥٥ یەکێک بوو لە ساڵە چارەنووسسازەکانی جەنگی سارد، چونکە هەم ئەڵمانیای ڕۆژاوا چووە نێو ناتۆوە و هەم یەکێتیی سۆڤیەتیش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەمە، “پەیمانی وارشۆ”ی دامەزراند.
گرنگیی بنکەی ئینجیرلیک
تورکیا ساڵێک پێش ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ، واتە لە ساڵی ١٩٥١دا، ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا واژۆ کردبوو. هەر لەو ساڵەدا، دروستکردنی بنکەی ئاسمانیی ئینجیرلیک (Incirlik) دەستی پێ کرد. هەردوو هێزی چەکداریی تورکیا و هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە مانگی کانوونی یەکەمدا ئەم بنکەیان بۆ بەکارهێنانی هاوبەش، کردەوە. دوای چوونی تورکیا بۆ ناو ناتۆ لە ساڵی ١٩٥٢دا، هاوپەیمانییەکە ئەم بنکەیەی لە چوارچێوەی بەرنامە و ئامانجە بەرگرییەکانی خۆیدا ڕێک خستەوە. تورکیا و ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی ١٩٥٤دا ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی هاوبەشی ئەم بنکەیان واژۆ کرد. لەگەڵ چڕبوونەوەی جەنگی سارد لە ساڵی ١٩٥٥دا، ئەم دامەزراوەیە بە ناوی ”بنکەی ئاسمانیی ئادانا” دەستی بە چالاکییەکانی کرد. ئەم بنکەیە لە ساڵی ١٩٥٨دا ناوی ”ئینجیرلیک”ی وەرگرت. بنکەی ئینجیرلیک گرنگییەکی هەستیاری بۆ هاوپەیمانیی ڕۆژاوا هەبوو. ئەم بنکەیە لە سەرانسەری سەردەمی جەنگی سارددا، یەکێک بوو لە ناوەندە سەرەکییەکانی ستراتیژیی ناتۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی یەکێتیی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەو فڕۆکە سیخوڕییەی جۆری یو-٢ (U-2)ی ئەمریکا کە یەکێتیی سۆڤیەت لە یەکی ئایاری ١٩٦٠دا خستییە خوارەوە، لەم بنکەیەوە فڕیبوو.
ناتۆ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبەر هۆکاری ئەمنی، هەرگیز بە شێوەیەکی فەرمی شوێنی جێگیربوونی ئەو بنکانەیان ئاشکرا نەکردووە کە چەکی ئەتۆمییان تێدا کۆگه کردووە؛ سەرەڕای ئەمەیش، چەندان ساڵە دەنگۆی بوونی چەکی ئەتۆمی لەنێو بنکەی ئاسمانیی ئینجیرلیکدا بڵاو دەبێتەوە. بۆ نموونە، یەکێتیی سۆڤیەت لە کاتی “قەیرانی مووشەکیی کوبا”دا کە جیهانی تا لێواری جەنگی ئەتۆمی برد، لە بەرامبەر هەڵگرتنی مووشەکەکانی خۆی لە کوبا، داوای لە ئەمریکا کرد مووشەکە ئەتۆمییەکانی جۆری جوپیتەر (Jupiter) لە تورکیا بکێشێتەوە. لەو کاتەدا، بە کێشانەوەی ئەم مووشەکانە، قەیرانەکە کۆتایی هات. ئەمڕۆش دەنگۆی جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر بۆمبی ئەتۆمیی تاکتیکی لە جۆری B61 لە بنکەی ئینجیرلیکدا هەیە، بەڵام بەرپرسان ئەم دەنگۆیانەیان نە پشتڕاست کردووەتەوە و نە ڕەتیشیان کردووەتەوە.
تورکیا، ناتۆ و قەیرانی قوبرس
ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە تورکیا لە ساڵی ١٩٧٤دا ناوی نا ”ئۆپەراسیۆنی ئاشتیی قوبرس” و بە تێپەڕبوونی کات دامەزراوە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ”داگیرکاری” وەسفیان کرد، یەکێک لە قووڵترین و درێژخایەنترین قەیرانەکانی، لەنێو پەیوەندییەکانی تورکیا و ناتۆدا لە سەردەمی جەنگی سارددا دروست کرد. کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٥دا بەو بیانووەی کە تورکیا چەکی ئەمریکیی ”لە قوبرس و لە دەرەوەی ئامانجە بەرگرییەکاندا” بەکار هێناوە، سزایەکی سەربازیی بەرفراوانی بەسەر ئەم وڵاتەدا سەپاند. تورکیا لە کاردانەوەی ئەم بڕیارەدا، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دایەوە. هەر لەو ساڵەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا لە ڕێگەی پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکەوە، چالاکیی سەرجەم بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکای لەسەر خاکی تورکیا جگە لە بنکەی ئینجیرلیک ڕاگرت و کۆنترۆڵی تەواوەتیی ئەم دامەزراوانەی ڕادەستی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کرد. داخستنی ئەم بنکانە و سەپاندنی سزاکە، کەلێنی گەورەی لە هێڵە هەواڵگری و بەرگرییەکانی ناتۆدا بەرامبەر بە یەکێتیی سۆڤیەت دروست کرد. کۆنگرێسی ئەمریکا ئەم سزایەی لە ساڵی ١٩٧٨دا هەڵوەشاندەوە. یۆنانیش لە ساڵی ١٩٧٤دا، بەو بیانووەی کە ناتۆ ڕێگریی لە دەستێوەردانی تورکیا لە قوبرس نەکردووە، لە باڵی سەربازیی ئەم هاوپەیمانییە کشایەوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٨٠دا، دوای کودەتاکەی ١٢ی ئەیلوول لە تورکیا و بە بڕیاری حکوومەتە سەربازییەکەی، یۆنان توانیی دووبارە بگەڕێتەوە نێو باڵی سەربازیی ناتۆ.
پێگەی گۆڕدراوی تورکیا دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد
کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، پەیوەندییەکانی تورکیا و ناتۆی بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕی. دوای داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەت، ئەو تێڕوانینە دروست بوو کە گرنگییە جیۆپۆلیتیکییەکەی تورکیا کەم دەبێتەوە. سەرەڕای ئەمەیش، پێشهات و ناسەقامگیرییەکانی باڵکان، قەوقاز و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایان کرد تورکیا پلهبهپله لە پێگەی وڵاتێکی پەراوێزخراو لە ناتۆدا دەربچێت و پێگەیەکی میحوەری لەنێو ئەم پەیماننامەیەدا بەدەست بهێنێت. پرۆسەی فراوانبوونی ناتۆ کە لە ساڵی ١٩٨٢وە دووبارە دەستی پێ کردبووەوە، لە ڕێگەی حەوت شەپۆلەوە و لە ساڵی ١٩٩٩ تا ٢٠٢٤ بەردەوام بوو.
ناتۆ دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، چەندان ئۆپەراسیۆنی سەربازی و ئەرکی جیاوازی لە کۆسۆڤۆ، عێراق و لیبیا ئەنجام دا. هەروەها ئەم هاوپەیمانییە لە دەرەوەی بازنەی بەرپرسیارێتیی خۆیشی، دەستێوەردانی لە قەیرانەکاندا کرد و هۆکاری ئەمەیشی بۆ ”دابینکردنی سەقامگیریی ناوچەیی” گەڕاندەوە. حکوومەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٩٨دا سەنتەری مەشقی ”هاوبەشی بۆ ئاشتی”ی هێزە چەکدارەکانی تورکیای لە ئەنقەرە دامەزراند. ئامانج لە دروستکردنی ئەم سەنتەرە، مەشقپێکردنی هێزە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و وڵاتانی هاوبەش بوو لەسەر بنەمای ستانداردە جیهانییەکان و لە چوارچێوەی هێزە چەکدارەکانی تورکیادا.
هێرشەکانی ١١ی ئەیلوول و ناتۆ
هێرشەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ لە ئەمریکا، ناتۆی لە پەیماننامەیەکی بەرگریی ناوچەیییەوە، گۆڕی بۆ هاوپەیمانییەک کە تەرکیزی جیهانیی لەسەر ”بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەڕێوەبردنی قەیران” بێت. هاوپەیمانییەکە ماددە بەناوبانگەکەی پێنجەمی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی، بۆ یەکەمین و تاقە جار لە مێژووی خۆیدا و دەستبەجێ دوای هێرشەکانی ١١ی ئەیلوول، لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئەمریکادا کارا کرد. دوای ڕووخانی حکوومەتی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠١دا، سیستەمێکی سیاسیی نوێ بە پاڵپشتیی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان دروست بوو. ئەرکی ناتۆ لە ئەفغانستان بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بەردەوام بوو. حیکمەت چەتین (Hikmet Çetin)، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٦دا، یەکەمین نوێنەری باڵای مەدەنیی ناتۆ بوو لە ئەفغانستان. تورکیا کە لە دوای ئەمریکا زۆرترین ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لەنێو ناتۆدا هەیە، لە پێکهاتەی فەرماندەییی ئەم هاوپەیمانییەیشدا چەندان بەرپرسیارێتیی گرنگی لەئەستۆ گرت.
قەیرانی ئێس-٤٠٠
گەورەترین قەیرانی ساڵانی دوایی لەنێوان تورکیا و ناتۆدا لە ساڵی ٢٠١٧ دەستی پێ کرد. هۆکاری ئەم قەیرانە ئەوە بوو کە تورکیا سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئێس-٤٠٠ (S-400)ی لە ڕووسیا کڕی. وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و بەتایبەتیش ئەمریکا، بەتوندی دژی ئەم ڕێککەوتنە وەستانەوە و ڕایان گەیاند کە ئەم سیستەمە لەگەڵ تۆڕەکانی ناتۆدا ناگونجێت و ئاسایشی هاوپەیمانییەکە دەخاتە مەترسییەوە. لە ئەنجامی ئەم ناکۆکییەدا، ئەمریکا تورکیای لە بەرنامەی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-٣٥ (F-35) دوور خستەوە. هەروەها ئەمریکا لەسەر بنەمای یاسای ”بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا لە ڕێگەی سزاکانەوە ”(CAATSA)، کۆمەڵێک سزای بەسەر تورکیادا سەپاند؛ ئەو سزایانەی کە واشنتۆن تەنیا بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەیسەپێنێت کە بە هەڕەشەیان دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩دا سیستەمە بەرگرییەکانی ئێس-٤٠٠ی لە ڕووسیا کڕی. تورکیا بەهۆی ئەو گرژییانەی لەگەڵ ئەمریکادا دروست بوون و، هەروەها بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانی هاوپەیمانانی ناتۆوە، هەرگیز سیستەمەکانی ئێس-٤٠٠ی بە شێوەیەکی چالاک لە گۆڕەپانەکەدا جێگیر نەکرد. پاڵپشتیکردنی ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ لە هێزەکانی سووریای دیموکرات و، هەروەها سەپاندنی سزای چەکداری بەسەر تورکیادا لەبەر هۆکاری جیاواز، لە هۆکارەکانی دیکە بوون کە گرژییان خستە نێو پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ ئەم هاوپەیمانییەدا. سەرەڕای ئەمەیش، ئەم ناکۆکییانە پلهبهپله کەم بوونەوە و تورکیا دوای دانوستانێکی درێژخایەن و چڕ، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەندامێتیی فینلەندا و لە ساڵی ٢٠٢٤یشدا ئەندامێتیی سوێدی لەنێو ناتۆدا پەسەند کرد.
ئاراستەی ”یەکەم ئەمریکا”ی ترەمپ و گرژیی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکاندا
تێڕوانینی دۆناڵد ترەمپ، کە یەکەمین جار لە ساڵی ٢٠١٦ و دواتریش جارێکی دیکە لە ساڵی ٢٠٢٤دا وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا، بۆ ناتۆ جیاوازە لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا. دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی ئاراستەی ”یەکەم ئەمریکا”وە، ناتۆ بە پابەندبوونێکی سەردەمی جەنگی سارد دەزانێت کە ”بەسەرچووە” و لە ڕووی دارایییەوە بارگرانییە بۆ ئەمریکا. هەروەها ناوبراو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا، نەک لەسەر بنەمای بەها هاوبەشەکان، بەڵکوو لەسەر بنەمای ئەو لۆژیکە ڕێک دەخات کە ”هەرچەندە پشکی زیاتر لە بوودجەی ناتۆدا بدەیت، ئاسایشی زیاتریشت دەبێت”. هێڵی سووری ترەمپ ئەوەیە کە دەبێت سەرجەم ئەندامانی ناتۆ خەرجییە بەرگرییەکانیان بگەیەننە پێنج لەسەدی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی. ئیمانوێل ماکرۆن (Emmanuel Macron)، سەرۆکی فەڕەنسا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە ساڵی ٢٠١٩دا وتبووی: ”ناتۆ تووشی مەرگی مێشک بووە. ”بە وتەی بەڕێز ماکرۆن، هەرچەندە ناتۆ لە ڕووی سەربازییەوە هێشتا چالاک بوو، بەڵام میکانیزمی هاوبەشی بڕیاردانی سیاسی و ستراتیژییەکەی لەکار کەوتبوو.
لەگەڵ دەستپێکردنی دووەمین خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی زیاد بوون. دۆناڵد ترەمپ پرۆسەی کێشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکای لە ئەڵمانیا و ئەورووپای ڕۆژهەڵات دەست پێ کرد و تەنانەت نیشانەکانی ئەگەری کشانەوەی ئەمریکایشی لە ناتۆ دەرخست. لەم قۆناغەدا، یەکێک لەو وڵاتانەی کە ترەمپ زۆرترین ستایشی کرد، تورکیا بوو و بەتایبەتیش چەندان جار ستایشی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای کرد. ترەمپ وتی: ”لەپێناو ڕێزگرتن لە سەرۆک ئەردۆغان، لە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆدا بەشداری دەکەم. ئەگەر ئەردۆغان نەبووایە، لەوانەیە نەچوومایە بۆ ئەم لووتکەیە. ”
کاریگەریی تورکیا لە ناتۆی نوێدا
لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ کە تورکیا دوای ٢٢ ساڵ دووبارە میوانداریی دەکات، لە بارودۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە جەنگەکان لە ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن و، ئەم بابەتەیش جارێکی دیکە گرنگییە ستراتیژییەکەی ئەنقەرەی بۆ ئەم هاوپەیمانییە زەق کردووەتەوە.
تورکیا لە ڕێگەی ئەم بنکانەوە کاریگەرییەکی هەستیاری لەنێو ژێرخانی ئۆپەراسیۆنیی ناتۆدا هەیە:
ئهمساڵ لە گهرمهی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، خستنەخوارەوەی ئەو مووشەکانەی لە ئێرانەوە بە ئاراستەی تورکیا هەڵدرابوون لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستەمە بەرگرییەکانی ناتۆوە، گرنگیی کرداریی ئەم ژێرخانە و پێگەی تورکیای لەنێو داڕشتەی ئەمنیی ئەم هاوپەیمانییەدا بە شێوەیەکی بەرچاو نیشان دا.
هەروەها چاودێران ئەو دیدارەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە بڕیارە لە حەوتی تەممووز لە ئەنقەرە بەڕێوە بچێت، وەک یەکێک لە گرنگترین دیدارە دیپلۆماسییەکان بۆ دیاریکردنی ئاراستەی داهاتووی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لەم قۆناغە نوێیەدا هەڵدەسەنگێنن. هێشتا ڕوون نییە کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە دوو ساڵ و نیوی کۆتاییی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا چۆن فۆرم وەردەگرێت.
سەرەڕای ئەمەیش، دوای سەردەمی جەنگی سارد و قۆناغی دوای جەنگی سارد، ئێستا ناتۆ پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. ئامانجی ئەم مۆدێلە نوێیە، کەمکردنەوەی بارگرانیی سەربازی و داراییی ئەمریکایە لەنێو ناتۆدا و ڕادەستکردنی سەرکردایەتی و بەرپرسیارێتیی سەرەکیی بەرگرییە بە وڵاتانی ئەورووپا.
ئەگەر داهاتووی ناتۆ لەسەر بنەمای ئەم مۆدێلە بونیاد بنرێت، ئەوا تورکیا بەهۆی هەبوونی یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی ئەم هاوپەیمانییە و، هەروەها تواناکانی پیشەسازییە بەرگرییەکەیەوە، ئەو توانایەی هەیە کە کاریگەرییەکی زۆر گرنگی لە ئاستی ستراتیژی و ئۆپەراسیۆنیدا هەبێت.
سەرچاوە:
محەمەد کەریمخان * دکتۆڕای زانستە سیاسییەکان - سیاسەتی گشتی پوختە پرسی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە لە… زیاتر
ماڵپەڕ: ئەنجومەنی ئەتڵەسی (Atlantic Council) نووسینی: ویلیام ئێف. وێکسلەر (William F. Wechsler) لەو کاتەوەی دۆناڵد… زیاتر
ماڵپەڕ: شەرقولئەوسەت (Asharq Al-Awsat) نووسەر: هیشام داود (Hisham Daoud) تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر بەدەستهێنانی… زیاتر
تاران هێشتا لە یارییە درێژخایەنەکەدا دەدۆڕێت جەیمس جێفری* بەشێکی زۆری واشنتۆن بە ناڕەزایەتی و… زیاتر
ئامیت سیگال (Amit Segal) ئەمڕۆ هەینییە، ٢٦ی حوزەیران و، ئەو شتانەی لێرەدا نووسراون پێچەوانەی زۆرینەی… زیاتر
ماڵپەڕ: The National Context هەڵمەتەکەی سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سەرکردە پلە یەکەکانی سوننە و… زیاتر