ماڵپەڕ: نیویۆرک تایمز (The New York Times)
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، سەرۆکی زانکۆیەک لە بوداپێست (Budapest) داواکارییەکی چاوەڕواننەکراوی لە بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی هەنگاریاوە پێ گەیشت.
بەرپرسەکە بە سەرۆکی زانکۆکە، پڕۆفیسۆر گێرگێلی دێلی (Gergely Deli)ی گوت کە پێویستە زانکۆی لودۆڤیکا بۆ خزمەتگوزاریی گشتی (Ludovika University of Public Service)، کۆنفرانسێک لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا ڕێک بخات و بانگهێشتی میوانێکی چاوەڕواننەکراو بکات: مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆکی پێشووی ئێران کە بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕهخنهیهكی زۆری لێ دەگیرێت.
هۆکارەکەیشی زیاتر تووشی شۆکی کرد. بەرپرسەکە بە دێلی ڕاگەیاند کە کۆنفرانسەکە تەنیا ڕووپۆشێکە بۆ ئەوەی بەڕێز ئەحمەدینەژاد لە بوداپێست گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ کارمەندانی هەواڵگریی ئیسرائیلدا بکات، کە دوژمنی سەرسەختی ئەحمەدینەژادن.
دێلی دەیزانی کە بانگهێشتەکە ڕهنگه ناوبانگی خۆی و زانکۆکەیش لەکەدار بکات. لەگەڵ ئەوەیشدا، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕای گەیاند کە پێی وابووە ڕەنگە كاریگهریی ههبێت لە ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکدا. گوتیشی: ”دوو دوژمنت هەیە؛ ئەگەر ئەم دوژمنانەیش بیانەوێت لەگەڵ یەکتردا قسە بکەن، ئەوا باشترە ئەوەی لە تواناتدایە بکهیت بۆ ئەوەی بیاندوێنیت.”
سەردانەکەی ساڵی ٢٠٢٤ی ئەحمەدینەژاد بۆ زانکۆکە و سەردانی دووەمیشی لە ساڵی دواتردا، بەشێک بوون لە هەوڵێکی چەند ساڵەی ئیسرائیل بۆ پەروەردەکردنی وەک سەرچاوەیەکی هەواڵگری، تا لە کاتی گونجاودا وەک سەرکردەی نوێی ئێران دابنرێت؛ ئەمەیش بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانیی ئاگادار لە ئۆپەراسیۆنەکە، کە بە مەرجی شاردنەوەی ناسنامەکانیان قسەیان کردووە بۆ باسکردنی زانیارییە هەواڵگرییە هەستیارەکان.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا، ڕاکێشانی ئەحمەدینەژاد ئەوەندە جێگەی بایەخی ئیسرائیل بووە کە دەیڤید بارنیا (David Barnea)، بەرپرسی ئەوکاتی دەزگهی سیخوڕیی ئهو وڵاته، لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەشتی بۆ پایتەختی هەنگاریا کردووە بۆ ئەوەی خۆی لهنزیكهوه لەگەڵ ئەحمەدینەژاد کۆ ببێتەوە. هەروەها ئاماژەیان بەوەیش کرد، کەمێک دوای ئەوە، مۆساد (Mossad)، دەزگهی هەواڵگریی دەرەوەی ئیسرائیل، سی ئای ئەی (C.I.A.)ی ئاگادار کردووەتەوە کە لەگەڵ ئەحمەدینەژاددا لە پەیوەندیدایە.
بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ داڕشتنی پلانی گۆڕینی ڕژێم لەسەر بنەمای ئەحمەدینەژاد، وەرچەرخانێکی نائاسایییە لە چیرۆکی پەیوەندییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ سەرۆکی پێشوودا، کە بە خێراکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، داواکاریی بەردەوام بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل و ڕەتکردنەوەی هۆلۆکۆست (Holocaust) ناسرابوو.
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، لەم ساڵانەی دواییدا ئیسرائیل بەنهێنی پارەی داوهته ئەحمەدینەژاد بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و گەشتکردن؛ هەروەها کارمەندانی هەواڵگریی ئیسرائیلیش لە چەندان بۆنەدا لە دەرەوەی وڵات چاویان پێی کەوتووە، لەوانەیش لە کاتی گەشتەکانیدا بۆ بوداپێست.
لە کۆتاییی مانگی شوباتی ئەمساڵدا و لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ئەم هەوڵە بە ئۆپەراسیۆنێکی بوێرانە بۆ گواستنەوەی سەرکردەی پێشوو گەیشتە لووتکە، کە لە تاران لەژێر چاودێرییەکی تونددا دەژیا. ئامانجەکەیش بریتی بوو لە خستنەگەڕی پلانەکە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێستا و دانانی ئەحمەدینەژاد لەسهر تهختی دهسهڵات.
پلانەکە شکستی هێنا.
لە ٢٨ی شوباتدا، هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل کرایە سەر کۆمەڵگەی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەحمەدینەژاد، کە تیایدا باڵەخانەی پاسەوانەکانی و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکەیان کردە ئامانج. بە گوتەی چوار بەرپرسی باڵای ئێران، پاش هێرشەکە، ئۆتۆمبێلێکی ڕەشی جۆری پیژۆ (Peugeot) گەیشتووەتە شوێنەکە، ئەحمەدینەژادی هەڵگرتووە و بەخێرایییەکی زۆر لەو دیمەنە پشێوییە دووری خستووەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانیی ئاگادار لە ئۆپەراسیۆنەکە ڕایان گەیاند کە کارمەندانی مۆساد ئۆتۆمبێلەکەیان لێ خوڕیوە و، ئەحمەدینەژادیان بردووەتە ماڵێکی ئارامی نهێنی لە ناوخۆی ئێراندا. بەڵام سەرکردەی پێشووی ئێران لەو ئۆپەراسیۆنە پەلەپەلەی ڕزگارکردنە نیگەران بووە و، بە گوتەی ئەو کەسانەی ئاگاداری ڕووداوەکانن، پێ دەچوو بێئومێد بووبێت لە پلانەکەی ئیسرائیل بۆ گەڕاندنەوەی بۆ سەر دەسەڵات.
دواجار لە دۆخێکدا کە هێشتا ڕوون نییە، ماڵە ئارامەکەی بەجێ هێشت. ئەحمەدینەژاد جارێکی دیکە لە شوێنی گشتیدا دەرنەکەوتەوە تا دووشەممەی ڕابردوو؛ کاتێک دەرکەوتنێکی کورتی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کوژراودا هەبوو.
دۆخی ئێستای ئەحمەدینەژاد هێشتا دیار نییه. سەرباری ئەمە، چوار بەرپرسی باڵای ئێران ڕایان گەیاند کە ئەحمەدینەژاد لەژێر دەستی باڵی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدایە (IRGC)و، ئێستا لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەره، بەهۆی ئەوەی ئێران زانیاریی زۆری لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەست کەوتووە.
بەرپرسانی ئیسرائیل بەئاشکرا هیچ لێدوانێکیان لەسەر پلانی دانانی ئەحمەدینەژاد وەک سەرۆکی ئێران نەداوە، کە بەشێک بوو لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ ڕووخاندنی حکوومەتەکەی تاران. بەشێکی دیکەی پلانەکە پێک هاتبوو لە پڕچەککردن و ڕاهێنانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران کە لە باکووری عێراق جێگیرن، بۆ ئەوەی بپەڕنەوە ڕۆژاوای ئێران، کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکەن و دواجار بەرەو تارانی پایتەخت پێشڕەوی بکەن؛ هەوڵێک کە هەرگیز نەهاتە دی.
تەمیر هایمان (Tamir Hayman)، سەرۆکی پێشووی هەواڵگریی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل، لە مانگی ئایاردا بە بەرنامەی گفتوگۆی PBSی بە ناوی “فایرینگ لاین” (Firing Line)ی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بۆ یەکەمین جار وردەکارییەکانی ڕۆڵی بەڕێز ئەحمەدینەژادی لە پلانەکەدا ئاشکرا کرد، پلانی گۆڕینی ڕژێمەکە پێک هاتبوو لە ”زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی تایبەت، کە زۆر ناوازه بوون و، بڕیار بوو ڕوو بدەن، هەروەها ئەحمەدینەژادیش بەشێک بوو لەو زنجیرەیە”.
بەرپرسانی مۆساد وەڵامی ئهوانهیان نهدایهوه كه داوایان دهكرد لهم بارهیهوه لێدوان بدهن. هەروەها عەلی ئەکبەر جەوانفیکر، گوتەبێژی ئەحمەدینەژاد، ئهوهی ڕهت کردەوە لەم بارەیەوە هیچ لێدوانێک بدات.
وەرچەرخانی قۆناغی دوای سەرۆکایەتی
وەک سەرۆککۆماری ئێران لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٣، ئەحمەدینەژاد دیارترین سیاسەتمەداری توندڕەوی ئهو وڵاته بوو. باسی لە لەناوبردنی ئیسرائیل دەکرد و، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ئێران دەستی بە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم کردەوە؛ ئەمەیش گومانەکانی زیاتر کرد کە وڵاتەکە بەدوای بەرنامەیەکی نهێنیی چەکی ئەتۆمییەوەیە. هەروەها ئەحمەدینەژاد فەرمانی سەرکوتی توندی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەریی دا کە ناڕەزایەتییان بەرامبەر هەڵبژاردنەوەی لە ساڵی ٢٠٠٩دا هەبوو؛ لە سەردەمی دەسەڵاتەکەیشیدا، دەسەڵاتی دادوەری لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی بۆ جیابیران و ڕكابهران جێبەجێ کرد و نەیاران و ڕکابەرانی خستە زیندانەوە.
هاوکات لە ساڵانی دوای جێهێشتنی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەحمەدینەژاد تێڕوانینەکانی هێور کردەوە و لەو گوتارە دژە-ئیسرائیلییەشی کەم کردەوە کە لە سەردەمی دەسەڵاتیدا پێی ناسرابوو. زۆر جار تامەزرۆی پیشاندانی لایەنە مامناوەندە تازە دروستبووەکەی بوو، چاوپێکەوتنی ئەنجام دەدا و گوتاری پێشکەش دەکرد کە تێیاندا ڕای خۆی لەسەر کهلتووری مۆسیقای پۆپی ئێران دەردەبڕی، بەهۆی سەرکوتکردنە توندەکانیانەوە ڕەخنەی لە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە دەگرت و چینی فەرمانڕەوایشی بە گەندەڵیی دارایی تۆمەتبار دەکرد.
ئەحمەدینەژاد چاکەتە خاکییە گەورە باوەکەی خۆی واز لێ هێنا و دەستی کرد بە لەبەرکردنی چاکەت و پانتۆڵی پڕ بەباڵای خۆی. ڕیشە شێواوەکەی ڕێک خست، تەنانەت وا دیاربوو چارەسەری بۆتۆکس (Botox)ی وەرگرتبێت و دەستیشی بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی کرد.
ئەحمەدینەژاد لە ئۆفیسەکەیدا لە تاران، هەموو بەیانییەک کۆبوونەوەی گشتیی یەک کاتژمێریی بۆ گوێگرتن لە سکاڵاکانی خەڵکی ئاسایی ڕێک دەخست، کە هەندێکیان بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە تێپەڕاندنی بیرۆکراسییەتی حکوومیدا دەهاتنە لای. هەندێک جار، نامەی بۆ وەزارەتەکانی حکوومەت دەنووسی و داواکارانی قەرزی پێشنیار دەکرد. بەردەوام گەشتی بەناو وڵاتەکەدا دەکرد و، لە شارەکان و پارێزگا لادێنشینەکاندا لەگەڵ لایەنگرانیدا کۆ دەبووەوە.
پەیوەندییەکانی ئەحمەدینەژاد لەگەڵ حکوومەتی ئێراندا ئاڵۆز بوو. سەرکردە باڵاکان پەراوێزیان خست و جموجۆڵەکانیان سنووردار کرد، بەڵام ڕێگەیان پێ دا لەتەنیشت بەرپرسە باڵاکانی دیکەوە لەسەر کورسییەک لەو ئەنجومەنە باڵایەدا دابنیشێت کە ڕاوێژ بە ڕێبەری باڵا دەدات. لە شوباتدا، چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەدا کرد.
Mr. Ahmadinejad visiting the Natanz nuclear facility in Isfahan, Iran, in 2008, in a photograph by Iranian state media.
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران، پاڵنەری سیاسیی بەرژەوەندیخوازانەیان لە گۆڕانکارییەکەی ئەحمەدینەژاددا دەبینی، کە وەک هەوڵێک بۆ درەوشاندنەوەی پێگە میللییەکەی و دوورخستنەوەی خۆی لە بەرپرسە دەسەڵاتدارەکان لێکیان دەدایەوە. ئەحمەدینەژاد بنکە جەماوەرییەکەی لەنێو ئێرانییەکانی چینی کرێکاردا پاراستبوو و، ڕاوێژکارەکانیشی دڵنیا بوون لەوەی کە ئامانجی ئەوەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات.
عەبدولڕەزا داوەری، هاورێی نزیک و ڕاوێژکاری باڵای پێشووی ئەحمەدینەژاد، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا ڕای گەیاند: ”ئەحمەدینەژاد ئەمە لەپێناو پارەدا ناکات. پارەی هەیە؛ تۆڕێکی ئابووریی فراوانیشی هەیە. تەنیا لەپێناو دەسەڵاتدا ئەو کارەی دەکرد. دەیەوێت لە لووتکەی دەسەڵاتدا بێت.” ئەو دوو پیاوە چەند ساڵێک لەمەوبەر بهینیان تێك چوو.
بە گوتەی کەسێکی نزیک لە بازنەی دۆستەکانیدا، کە بە مەرجی شاردنەوەی ناسنامەکەی زانیاریی لەسەر گفتوگۆ تایبەتەکان خستە ڕوو؛ ئەحمەدینەژاد ژمارەیەکی کەم لە هاوڕێ نزیک و متمانەپێکراوەکانی لە خولیاکانی خۆی بۆ بوون بە سەرۆکی داهاتووی ئێران بە هاوکاریی هێزە بیانییەکان ئاگادار کردووەتەوە. ئەو هاوەڵە ئاماژەی بەوەیش کرد، پاش ئەوەی سێ جار بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ڕەت کرایەوە، ئەحمەدینەژاد بێئومێد بوو لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی و، گەیشتە ئەو دەرەنجامەی تا سیستەمی ئێستا لە جێگەی خۆیدا بمێنێتەوە ناتوانێت بگاتە دەسەڵات.
هاوڕێیەکی گوتیشی، ئەحمەدینەژاد لهوهیش نیگهران بووه کە لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ و گۆڕینی ڕژێمدا، ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان کەسایەتییەکی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی ئێران هەڵبژێرن کە شارەزای وڵاتەکە نەبێت و ببێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی ئێران. بۆ کەسانی دەوروبەری خۆی، وەسفی خۆی وەک کەسێک کردووە کە دەتوانێت ببێتە چاکسازیخوازێک، هاوشێوەی بۆریس یەڵتسن (Boris Yeltsin)، سەرۆکی پێشووی ڕووسیا؛ هەروەها گوتوویەتی ئەگەر بێتە سەر دەسەڵات، ئەوا ئێران دان بە ئیسرائیلدا دەنێت و پەیوەندییەکان ئاسایی دەکاتەوە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم (Abraham Accords)ی سەرۆک ترەمپ.
بە گوتەی دوو بەرپرسی بەرگریی ئیسرائیلیی ئاگادار لە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەو کاتە، دەزگه هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەو ماوەیەدا بەوردی چاودێریی درزە قووڵەکەی نێوان ئەحمەدینەژاد و ڕژێمی ئێرانیان دەکرد. بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کرد، ئەوەی زیاتر جێگەی بایەخ بوو، زیادبوونی ناڕەزایەتییەکانی ئەحمەدینەژاد بوو بەرامبەر بە ئایەتوڵڵا خامنەیی و بەرپرسە باڵاکانی دیکە کە ئەحمەدینەژادیان لە دووبارە خۆکاندیدکردنەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ڕەت کردبووەوە.
کردەوەکانی ئەحمەدینەژاد گومانی لەنێو لقی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێراندا دروست کرد، کە بەرپرسە لە پاراستنی کۆماری ئیسلامی لە دەستوەردانی بیانی. بەپێی گوتەی دوو ئەندامی سوپای پاسداران و بەرپرسێکی هەواڵگریی ئاگادار لە دۆسیەکە، ئەو گومانە کاتێک زیاتر پەرەی سەند کە لە ساڵی ٢٠١٧دا ئەحمەدینەژاد دەستی بە ناردنی نامەی ئاشکرا بۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و دواتر بۆ شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعوودی، محەممەد بن سەلمان کرد. سەرۆک ترەمپ ستایشی زۆری هەردوو پیاوەکەی کرد.
دوای هێرشەکەی ئەمساڵی ئیسرائیل کە لە سەرەتادا ئەحمەدینەژادی لە چاودێریی سوپای پاسداران ڕزگار کرد، دەزگه هەواڵگرییەکانی ئێران دەستیان بە لێکۆڵینەوە و پێکەوەبەستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا کرد؛ ئەمەیش بەپێی گوتەی چوار بەرپرسەکە.
کۆبوونەوەکانی دەرەوەی وڵات
ڕوون نییە کەی و چۆن یەکەم جار کارمەندانی ئیسرائیل هەوڵی ڕاکێشانی ئەحمەدینەژادیان داوە. بەرپرسانی ئێران ڕایان گەیاند کە لانی کەم جۆرێک لە پەیوەندی هەبووە لە کاتی گەشتێکی ئەحمەدینەژاد لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ گواتیمالا (Guatemala) بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێک سەبارەت بە ژینگە. بانگهێشتنامەکە لەلایەن حکوومەتی گواتیمالاوە هاتبوو، کە وڵاتێکە پەیوەندیی دیپلۆماسیی، لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتین لەگەڵ ئیسرائیلدا نزیکترە.
هەرچەندە نزیک بوو ئەحمەدینەژاد نەتوانێت ئەو گەشتە بکات، چونکە لە فڕۆکەخانەی تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگریی لێ کرا کە ئامادە نەبوون بلیتی سواربوونی فڕۆکەی پێ بدەن و ڕێگەی پێ بدەن وڵات جێ بهێڵێت. بەڵام ئەحمەدینەژاد مانگرتنێکی چەند کاتژمێریی لە فڕۆکەخانەکەدا ئەنجام دا، کە بووە دیمەنێکی گشتی، کاتێک وێنەی لەگەڵ گەشتیارە ئاسایییەکانی ئێران، کارمەندانی فڕۆکەخانە و هێڵە ئاسمانییەکاندا گرت و پێشهاتەکانیشی لە لاپەڕەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردەوە. سەرەنجام، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگەیان بە ئەحمەدینەژاد دا سواری فڕۆکەکە بێت و بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا بکات.
لە یەکێک لە ڤیدیۆکانی گەشتەکەیدا ئەحمەدینەژاد گوتی: ”هەندێک کەس پێیان گوتم گەشت بۆ گواتیمالا نەکەم؛ منیش پێم گوتن کە براکەم، وەزیری ژینگە بانگهێشتی کردووم. ئەمە وڵاتێکی زۆر گرنگە لە ئەمریکای لاتین.”
ئەحمەدینەژاد ساڵی دواتر، یەکەم گەشتی خۆی بۆ هەنگاریا ئەنجام دا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی زانکۆی لودۆڤیکا و، لە بوداپێست لەگەڵ ”بارنیا”دا کۆ بووەوە، کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و تا مانگی ڕابردوو سەرکردایەتیی مۆسادی دەکرد.
هەنگاریا، کە ئەوکات لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ڕاستڕەو، ڤیکتۆر ئۆربان (Viktor Orban)ەوە سەرکردایەتی دەکرا، لەوانەیە لە هەر نەتەوەیەکی دیکەی ئەورووپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا نزیکتر بووبێت؛ هەروەها ئۆربان و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ، گەشتیان بۆ وڵاتەکانی یەکتر کرد. نەتانیاهۆ لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٥دا گوتارێکی تایبەت بە خۆی لە زانکۆی لودۆڤیکا پێشکەش کرد، کە خەڵاتی خزمەتگوزاریی گشتیی پێ بەخشرا.
دوای دوو مانگ، ئەحمەدینەژاد گەڕایەوە بۆ بوداپێست، تەنیا چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی ئیسرائیل جەنگ لە ئێران بەرپا بکات؛ ئەم سەردانەیش پەردەپۆشێک بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ کارمەندانی هەواڵگریی ئیسرائیل کۆ ببێتەوە. پاسەوانە ئێرانییەکانی لە یەکەی ئەنسار (Ansar)ی سوپای پاسداران، کە لە سەرجەم گەشتەکانی دەرەوەدا یاوەریی ئەحمەدینەژادیان دەکرد، ڕاپۆرتیان دا کە لە کاتی گەشتەکەی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، لانی کەم لە دوو بۆنەدا توانیویەتی تیمی پاراستنەکەی جێ بهێڵێت و بۆ کۆبوونەوەی درێژخایەن دیار نەمێنێت. لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە گەشتەکە، پاسەوانەکان گوتیان کە ڕووبەڕووی ئەحمەدینەژاد بوونەتەوە لەسەر دیارنەمانەکانی و، ئەویش پێی گوتوون کە لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆدا کۆ بووەتەوە؛ ئەمەیش بە گوتەی دوو ئەندامەکەی سوپای پاسداران و بەرپرسە هەواڵگرییەکە.
لە کۆنفرانسی زانکۆکەدا، سەرۆکی پێشووی ئێران وتارێكی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و، ئامادەبووانی سەرسام کرد بە وازهێنان لەو ئایەتە قورئانییەی کە پێشتر لە سەرەتای هەر گوتارێکدا دەیخوێندەوە. هەروەها بە لەبەرکردنی چاکەت و پانتۆڵێکی شینی تۆخەوە، باسی لە ”مرۆڤایەتیی هاوبەش” و ”سیستەمی گۆڕاوی جیهانی” کرد و، تێڕوانینەکانی خۆی لەسەر چۆنێتیی دروستبوونی جیهانێکی نوێ خستە ڕوو؛ ئەمەیش بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاو کراونەتەوە.
کۆپییەکی لە شانامە (Book of Kings)ی فیردەوسی، شاعیری دێرینی ئێرانیی پێشکەش بە پرۆفیسۆر دێلی، سەرۆکی زانکۆ کرد. پرۆفیسۆر دێلیش لۆگۆی زانکۆکەی بەخشییە ئەحمەدینەژاد. لە چاوپێکەوتنێکی مانگی ڕابردوودا، پرۆفیسۆر دێلی گوتی کە لە ناردنی بانگهێشتنامەکەدا بۆ ئەحمەدینەژاد، مامەڵەی وەک ”شترۆمان”(strohmann) کردووە (بەکوردی بە واتای داهۆڵ و قۆچەک دێت)، کە وشەیەکی ئەڵمانییە و لە ڕووی سیاسییەوە، بە واتای ”دەستکەلا” یاخود ”پەردەپۆش” یان ”بووکەڵە” دێت.
تاکوو هەفتەی ڕابردوو، ئەحمەدینەژاد لە کۆتایییەکانی مانگی شوباتەوە لە شوێنی گشتیدا نەبینرابوو، کاتێک لە ماڵەکەی خۆی لە تاران بە ئۆتۆمبێلە پیژۆ ڕەشەکە بەخێرایی دوور خرایەوە. دووشەممەی ڕابردوو، دەرکەوتنێکی کورت و لەناکاوی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئایەتوڵڵا خامنەییدا هەبوو. ڤیدیۆکانی ڕێوڕەسمەکە ئەحمەدینەژادیان نیشان دا، کە چاکەتێکی ئەستووری لە گەرمای ٩٠ پلەی فەرەنهایتییدا (کە دەکاتە نزیکەی ٣٢ پلەی سیلیزی) لەبەردا بوو و، دەمامکێکی پزیشکیی هێنابووە خوارەوە بۆ سەر چەناگەی. حەسەن ڕۆحانی و محەممەد خاتەمی، دوو سەرۆکی پێشووی ئێران کە هێشتا لە ژیاندا ماون، بانگهێشت نەکرابوون و لە هیچ کام لە ڕێوڕەسمەکانی بەخاکسپاردنەکەدا دەرنەکەوتن.
ئەحمەدینەژاد سەری داخستبوو، بێ ئەوەی قسە بکات و، لە هەموو لایەکەوە بە کەسانێک دەورە درابوو کە وەک پاسەوانی ئەمنی دەردەکەوتن.
دەربارەی نووسەران:
ماڵپەڕ: (Foreign Affairs) نووسەر: کامەران پاڵانی (Kamaran Palani) هەر کاتێک جەنگی ئێران کۆتایی بێت، پێ… زیاتر
محەمەد کەریمخان * دکتۆڕای زانستە سیاسییەکان - سیاسەتی گشتی پوختە پرسی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە لە… زیاتر
بیبیسیی تورکی (BBC Turkish) تورکیا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ (7-8/07/2026)، بۆ دووەم جار میوانداریی لووتکەی… زیاتر
ماڵپەڕ: ئەنجومەنی ئەتڵەسی (Atlantic Council) نووسینی: ویلیام ئێف. وێکسلەر (William F. Wechsler) لەو کاتەوەی دۆناڵد… زیاتر
ماڵپەڕ: شەرقولئەوسەت (Asharq Al-Awsat) نووسەر: هیشام داود (Hisham Daoud) تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر بەدەستهێنانی… زیاتر
تاران هێشتا لە یارییە درێژخایەنەکەدا دەدۆڕێت جەیمس جێفری* بەشێکی زۆری واشنتۆن بە ناڕەزایەتی و… زیاتر