پێنووس

ململانێی زلهێزەکان لەسەر سەرچاوەکانی وزەی عێراق: سەرکێشانی هەژموونی ڕۆژاوا و پاشەکشەی ڕووسیا لەنێوان هاوکێشە نوێیەکانی بەغدا و هەولێر

نووسینی دكتۆر بێستون محه‌مه‌د – پسپۆڕ لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز

پێشەکی

بەهۆی ئەو یەدەگە زۆرەی كە عێراق لە نەوتی خاو و غازی سروشتی هەیەتی، ئەم وڵاتە بۆ هەمیشە وەک یەکێک لە جەمسەرە هەرە گرنگەکانی جیۆپۆلیتیکی وزە لەسەر ئاستی جیهان وێنا كراوە. ئەم پێگە ستراتیژییە تەنیا لە باشوور و ناوەڕاستی وڵاتەکەدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکوو لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە لە ساڵی 2003وە، “هەرێمی کوردستان”یش وەک ئەکتەرێکی نوێ و خاوەن قەوارەیەکی دەستووری، توانیی چوارچێوەیەکی سەربەخۆ بۆ پیشەسازیی وزە دابڕێژێت و سەرنجی دەیان كۆمپانیای  نێوده‌وڵەتی لە جوگرافیا جۆراوجۆرەكانی جیهانەوە ڕابکێشێت.

ململانێ و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی ئەم سامانە سروشتییە، هەمیشە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی ئابووریی ناوخۆیی و هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە. لە ئێستادا، لە سایەی گۆڕانکارییە خێراکانی بازاڕی وزەی جیهانی، پێگەی عێراق و هەرێم لە هاوکێشەیەکی نوێدایە کە ڕاستەوخۆ بە ململانێی زلهێزە گەورەکانی جیهانەوە بەستراوەتەوە.

بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، ئەو ڕاستییە دەردەكەوێت كە گۆڕەپانی وزەی عێراق هەمیشە شاهیدی کێبڕکێیەکی توند بووە لەنێوان بلۆکی ڕۆژاوا (بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا) و بلۆکی ڕۆژهەڵات کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕووسیا نوێنەرایەتیی دەکەن. بەڵام لەم دوایییانەدا، نەخشەی وزەی عێراق گۆڕانکارییەکی ڕیشەییی بەخۆیەوە بینیوە و، گۆڕانكارییەكانیش لەدوای دەستبەكاربوونی “علی زەیدی”، سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق، تا دێت خێراتر دەبن؛ گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بەڕوونی بە ئاراستەی سەرکێشانی هەژموونی کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان و پاشەکشەی پلە بە پلەی ده‌ستڕۆیشتوویی (نفووز)ی ڕووسیا دەڕوات. ئەم پاشەکشەیەی ڕووسیا لە بازاڕی عێراق و هەرێمدا، تەنیا ڕەهەندێکی بازرگانی نییە، بەڵکوو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سزاکانی سەر مۆسکۆ و گۆڕانی ستراتیژی سیاسیی حکوومەتی فیدراڵی بەغدایە بۆ پشتبەستن بە هاوبەشە تەکنەلۆژی و ئەمنییەکانی ڕۆژاوا.

لەسەر ئەم بنەمایە، گریمانەی ئەم توێژینەوەیە لەسەر ئەو ڕاستییە هەڵوەستە دەكات کە: سیاسەتی نوێی وزە لە عێراق، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی هەژموونی ڕووسیا و بەهێزکردنی پێگەی کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان (ئەمریکی، بەریتانی و فەڕەنسی) دەڕوات. ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییەیش تەنیا گرێدراوی جۆری گرێبەستەکان نییە، بەڵکوو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناو کابینەی نوێی بەغدا و ئەو گەرەنتییە ئەمنییە توندوتۆڵانەیە کە لەم دوایییانەدا بۆ پاراستنی وەبەرهێنانەکانی ڕۆژاوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابین کراون.

  1. پاشەکشەی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە کەرتی وزەی عێراق

عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەكانی ڕابردوودا بە یەکێک لە ناوچە سەرەکییەکانی وەبەرهێنانی ستراتیژیی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕووسیا دادەنران. بەپێی لێدوانەکانی ئەلبروس کۆتراشێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، قەبارەی وەبەرهێنانەکانی مۆسکۆ لە کەرتی نەوت و غازی عێراق لە ساڵی 2025 گەیشتە 20  ملیار دۆلار بەراورد بە 19  ملیار دۆلار لە ساڵی 2024دا. سێ کۆمپانیای گەورەی وەک Lukoil، Gazprom و Rosneft ڕۆڵی سەرەکییان لەم وەبەرهێنانەدا هەبووە؛ بەڵام بەهۆی سزای توندی نێوده‌وڵەتی و ئەمریکاوە، ئێستا ئەم کۆمپانیایانە لەبەردەم قەیرانێکی قورس و پاشەکشەیەکی ئاشکرادان.

1.1. کەرتی نەوت و غاز لەژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیا ڕووسییەکاندا

کۆمپانیا ڕووسییەکان لە چەندان کێڵگەی گرنگدا كاریان كردووە؛ لە بەشێك لەم كێڵگانە تا ئێستایش بەردەوامن:

  • کۆمپانیای لۆک ئۆیڵ (Lukoil): ئەم كۆمپانیایە لە کێڵگەی “قوڕنەی ڕۆژاوای 2” لە بەسڕە کاری دەكرد کە یەدەگەکەی بە نزیكەی 13  ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت. ئەم کۆمپانیایە پێشتر پشکی شێری بە ڕێژەی 75%  هەبوو و ڕۆژانە نزیکەی 500,000  بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، بە ئامانجی گەیشتن بە 800,000  بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
  • کۆمپانیای گازپرۆم (Gazprom): لە بلۆکی گەرمیان و کێڵگەی سەرقەڵا خاوەنی 40%ی پشکەکان و لە بلۆکەکانی هەڵەبجە و شاکەل خاوەنی 80%ی پشکەکانە. گازپرۆم ڕۆژانە 30,000 بەرمیل نەوت و40  ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنێت کە بۆ دابینکردنی 165  مێگاوات کارەبا بەکار دێت.
  • کۆمپانیای ڕۆسنەفت (Rosneft): لە ساڵی 2017دا بە کڕینی 60%ی پشکەکانی بۆڕیی نەوتی کوردستان (KPC) بە بەهای 1.8 ملیار دۆلار، بووە خاوەنی هێڵی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم؛ لە کاتێکدا کۆمپانیای کار (KAR Group) خاوەنی 40%ی پشکەکان بوو.

2.1. سزاکانی ئەمریکا و سەرەتای پاشەکشەی ڕووسیا

دوای دەستپێکردنی جه‌نگی ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022، گوشارە نێوده‌وڵەتییەکان بۆ سەر کەرتی دارایی و وزەی ڕووسیا زیادیان کرد. ئەمریکا بەتەنیا زیاتر لە 822 سزای بەسەر دامەزراوە ڕووسییەکاندا سەپاند؛ ئەمەیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کرد. لە سەرەتای مانگی ئازاری هەمان ساڵدا، بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پاراستنی سیستەمی داراییی وڵاتەکە، داوای ڕاگرتنی مامەڵە بازرگانی و دارایییەکانی لەگەڵ ڕووسیا کرد.

  • پاشەکشەی لۆک ئۆیڵ لە باشووری عێراق: سزاکانی سەر کەرتی بانکیی ڕووسیا، پرۆسەی گواستنەوەی پارە و دابینکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بۆ لۆک ئۆیڵ پەک خست. بەهۆی ئەم کێشە تەکنیکی و دارایییانەوە، کۆمپانیای شیڤرۆن (Chevron)ی ئەمریکی وەک جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ پڕکردنەوەی پشکی ڕووسییەکان هاتە پێشەوە. هاتنی شیڤرۆن و هێنانی تەکنەلۆژیای هەڵکەندنی ئاسۆیی (Horizontal Drilling)، بووە هۆی کەمبوونەوەی نفووز و پشکی لۆک ئۆیڵ لە دڵی پیشەسازیی نەوتی باشووردا.
  • کەمبوونەوەی پشکی ڕۆسنەفت لە هەرێمی کوردستان: لە هەرێمی کوردستان، کڕیاران و بانکە نێوده‌وڵەتییەکان بەهۆی مەترسیی سزای لاوەکی (Secondary Sanctions)، ئامادە نەبوون مامەڵە لەگەڵ بۆڕییەکدا بکەن کە زۆرینەی پشکەکانی لای ڕووسیا بێت. لە کۆبوونەوەیەکی نێوان ماکسیم ڕوبین (کونسۆڵی گشتیی ڕووسیا) و کەمال محەمەد (وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت)، پرسی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی خاوەندارێتیی بۆڕییەکە تاوتوێ کرا.

بۆ ڕزگارکردنی هێڵی هەناردەکردن، ڕۆسنەفت ناچار بوو پشکەکانی خۆی لە 60%ەوە کەم بکاتەوە بۆ 49%  (خوارووی پەنجا لەسەدا بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان). ڕۆسنەفت پشکی 11%ی خۆی بە کۆمپانیای DEX Capital فرۆشت كە بنکەكەی لە “ئیمارات”ە؛ بەمەیش مافی بڕیاردانی ڕەهای لە بۆڕیی نەوتی کوردستاندا لەدەست دا.

  • سەرکێشان و فراوانبوونی هەژموونی کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان: له‌ کاتێکدا بلۆکی ڕۆژهەڵات و کۆمپانیا ڕووسییەکان بەهۆی گۆشەگیریی دارایی و سیاسییەوە لە پاشەکشەدان، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕۆژاوا بە پاڵپشتیی دیپلۆماسی و سەربازیی وڵاتەکانیان، لە هەوڵی داڕشتنەوەی نەخشەی وزەی عێراق و ناوچەکەدان. ئەم فراوانبوونی هەژموونە تەنیا ڕەهەندێکی بازرگانی نییە، بەڵکوو گۆڕینی کەرتی وزەیە بۆ هێڵێکی بەرگریی ستراتیژی لە بەرژەوەندیی ڕۆژاوا.
  1. گەشەكردنی هەژموونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان (Chevron و HKN Energy)

چاوەڕوان دەكرێت، کەرتی نەوت و غازی عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەخۆیەوە ببینێت، کە تێیدا واشنتۆن لە ڕێگەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک شیڤرۆن (Chevron) و ئێچ کەی ئێن ئینێرژی  (HKN Energy)و چەند كۆمپانیایەكی ترەوە نەخشەی نفووزی خۆی لەسەر حسابی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە ناوچەکەدا نوێ بکاتەوە.

 ئەم وەرچەرخانە کتوپڕە لە سەردەمی کابینەکەی سەرۆکوەزیران “محەمەد شیاع سوودانی” و دواتریش بەتایبەتی هەر لە سەرەتاوە لە كابینەكەی “عه‌لی زەیدی”دا ڕەنگدانەوەی ئاشکرای هەبووە. سەردانە فەرمییەكەی زەیدی لە 14ی تەممووز بۆ ئەمریكا، هەروەها پێشوازییە تایبەتەكەی  “دۆناڵد تڕەمپ” و حكوومەتی ئەمریكا ئەم بیرۆكەیە زیاتر دەچەسپێنێت؛ جگە لەوەیش، بەغدا و هەولێر بە شێوەیەکی هاوچەرخ دەرگه‌یان بۆ وەبەرهێنانی ملیاران دۆلاری ئەمریکی واڵا کردووە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تیمی تەکنیکی و داراییی مۆسکۆ کە لەژێر باری سزاکاندایە.

1.2. بەهێزبوونی پێگەی شیڤرۆن لە هاوکێشەی نەوتی باشووردا

ڕەنگە ئەمە گەورەترین گۆڕانکاریی جیۆپۆلیتیکی بێت كە لە باشووری عێراق و لە کێڵگەی ستراتیژیی قوڕنەی ڕۆژاوای 2 (West Qurna-2) ڕووی دا؛ ئەم كێڵگەیە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی جیهان و نزیکەی 12%ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق پێک دەهێنێت. کۆمپانیای لۆک ئۆیڵ (Lukoil)ی ڕووسی بەهۆی سزاکانی واشنتۆن و ڕۆژاوا لە دوای جه‌نگی ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022ەوە، ڕووبەڕووی بەربەستی قورسی گواستنەوەی پارە و پەککەوتنی تەکنەلۆژیا بووەوە.

بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو و لە هەنگاوێكی زۆر خێرادا، حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنێکی سێقۆڵیی لەنێوان کۆمپانیای نەوتی بەسڕە، لۆک ئۆیڵ و شیڤرۆن واژۆ کرد. بەپێی ئەم گرێبەستە، پشکی لۆک ئۆیڵ بە شێوەیەکی کاتی دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسڕە و، پاشان مافی بێبەربەست و سەرەکی بۆ ماوەی یەک ساڵ دەدرێتە کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی کێڵگەکە.

هاوکات، شیڤرۆن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی تری سەرەتاییی واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی ناسریە کە چوار بلۆکی گەڕان و دۆزینەوە  لە پارێزگای زیقار لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین. ئەم جووڵانەی شیڤرۆن بە هێنانەناوەوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، پەیامێکی ڕوونی سیاسیی بەغدایە بۆ گۆڕینی تیمی ڕووسی بە چەتری تەکنیکی و سیاسیی ئەمریکی.

2.2. کێڵگەی حەمرین و فراوانبوونی كارەكانی  HKN

گرێبەستە گرنگەکەی تری حكوومەتی عێراق، سپاردنی کێڵگەی نەوتی حەمرین بوو بە کۆمپانیای HKN Energyی ئەمریکی. د. عیزەت سابیر ئیسماعیل، جێگری وەزیری نەوتی عێراق، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەفەرمی بەشداربوونی وەزارەتی لە واژۆکردنی ئەم گرێبەستە سەرەتایییەدا ڕاگەیاند. کێڵگەی حەمرین بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی لەنێوان بەغدا، کەرکووک و هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی لۆجیستیی کەموێنەی هەیە. سپاردنی ئەم کێڵگەیە بە HKN نیشانی دەدات کە بەغدا متمانەی تەواوی داوەتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لە ناوچە ناوەڕاست و هەستیارەکاندا.

ئەم جووڵەیەی HKN هاوتایە لەگەڵ کارەکانی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان (لە بلۆکی سەرەسەنگ و کێڵگەی سوارەتوکە)؛ هەروەها هاوتایە لەگەڵ واژۆكردنی دوو گرێبەست بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، لە ڕێوڕەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتۆن، كە گرێبەستێكیان لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە و ئەوی تریان لەگەڵ كۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس بوو و، لایەنەكان گرێبەستی چەند ملیار دۆلاریی نوێیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە واژۆ کرد. هەروەها ئەم کۆمپانیایە کارەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژاوای كوردستان) لە “کێڵگەی ڕۆمێلان” و پینج كێڵگەی تر فراوانتر کردووە. کۆکردنەوەی ئەم هێڵە جوگرافییە (کوردستان، حەمرین، ڕۆژهەڵاتی سووریا) پشتێنەیەکی وەبەرهێنانی یەکگرتووی ئەمریکی لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا دروست دەکات، کە هەم وزە لە گوشاری دەرەکی دەپارێزێت و هەم لێکتێگەیشتنێکی پراگماتییانە لەنێوان بەغدا و واشنتۆندا جێگیر دەکات.

كەواتە، سەردانی شاندە ئەمریکییەکان بە ئامادەبوونی تۆم باڕاک و باڵیۆزخانەی ئەمریکا و، ئاگاداربوونیان لە گرێبەستەکان لە بەغدا، نیشاندەری پاڵپشتیی تەواوی ئیدارەی ئەمریکایە بۆ چەسپاندنی ئەم واقعە نوێیە. کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە سوودوەرگرتن لە گۆشەگیریی داراییی ڕووسیا (کەمبوونەوەی پشکی ڕۆسنەفت لە بۆڕیی نەوتی کوردستان لە 60%ەوە بۆ 49% و فرۆشتنی بە DEX Capitalی ئیماراتی، لەگەڵ کشانەوەی لۆک ئۆیڵ لە باشوور، گەڕانەوەیەکی بەهێزیان بۆ ناو هاوکێشەی وزەی عێراق تۆمار کردووە.

ئەم هاوسەنگییە نوێیە لە کابینەی سوودانی و دواتریش زەیدیدا، گوزارشت لە قۆناغێکی نوێ دەکات کە تێیدا ئابووری و جیۆپۆلیتیک ئاوێتەی یەک دەبن بۆ جێگیرکردنی ده‌ستڕۆیشتووییی هەمیشەییی ئەمریکا لە دڵی کەرتی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

  1. ڕۆڵی کۆمپانیا بەریتانی و فەڕەنسییەکان (BP و Total Energies)

جگە لە ئەمریکا، دوو لە گرنگترین جەمسەرە ئەورووپییەکانی ڕۆژاوایش گرێبەستی مێژوویییان لە عێراقدا واژۆ کردووە. کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرژی (Total Energies)ی فەڕەنسی، پرۆژەیەکی گەورەی بە بەهای 27 ملیار دۆلار لە باشووری عێراق (پرۆژەی گەشەپێدانی غازی گشتگیر) دەست پێ کردووە. ئەم پرۆژەیە چوار تەوەرەی سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە گرنگترینیان کۆکردنەوەی غازی کێڵگەکانە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە غازی هاوردەکراوی ئێران، لەگەڵ بەکارهێنانی ئاوی دەریا بۆ بەردەوامیی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان. فەڕەنسا لە ڕێگەی تۆتاڵەوە، خۆی وەک ڕزگارکەری کەرتی غازی عێراق و یاریزانێکی سەرەکی لە دابینکردنی وزەی جێگرەوە، جێگیر دەکات.

لە لایەکی ترەوە، کۆمپانیای بی پی (BP)ی بەریتانی، گەڕانەوەیەکی بەهێزی بۆ کێڵگە دێرینەکانی کەرکووک (وەک کێڵگەی باباگوڕگوڕ و بای حەسەن) و کێڵگەکانی باشوور ڕاگەیاندووە. دوای ڕێککەوتنە نوێیەکانی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، BP  پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووکی گرتووەتە دەست بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ سەرووی 600000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەم گەڕانەوەیەی بەریتانیا بۆ کەرکووک، هاوسەنگییەکی نوێی سیاسی لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا دروست دەکات و دەبێتە هۆی گواستنەوەی کۆنترۆڵی تەکنیکی و ئابووریی ئەو ناوچانە بۆ ژێر چاودێریی کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان.

  1. هاوکێشەی عەلی زەیدی و تۆم باراک لە پەراوێزی فاکتەرە سیاسی و ئەمنییەكاندا

بەهێزبوونی نفووزی کۆمپانیا نێوده‌وڵەتییەکانی وزە بە شێوەیەكی بەردەوام لە ناوچەیەكی ئاڵۆزی وەک عێراق، هەرگیز تەنیا بە پێوەرە ئابوورییەکان ناپێورێت، بەڵکوو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنی ژوورە تاریکەکانی پشت دیمەنە سیاسی و ئەمنییەکانە. وەرچەرخانی مۆدێلی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و غازی عێراق لە ئێستادا، بەتەواوی ڕەنگدانەوەی ئەو دەرچە نوێیە سیاسییەیە کە بەغدا دەیەوێت لە ڕێگەیەوە هاوکێشە نێوده‌وڵەتییەکان بە قازانجی بلۆکی ڕۆژاوا یەکلایی بکاتەوە. سەردانەكەی زەیدی یۆ ئەمریكا ڕێككەوتنی ژوورە تاریكەكان دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.

1.4. خوێندنەوەیەک بۆ کابینەی عەلی زەیدی

ئاماژەكان وەها نیشانی دەدەن كە کابینەی عەلی زەیدی بە ستراتیژێکی جیاوازەوە هاتبێتە ناو كایەكەوە. بنەمای ئەم ستراتیژە لەسەر “پڕاگماتیزمی ناوه‌ندی (مەرکەزی)” و ڕێکخستنەوەی سەرلەبەری پەیوەندییە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێوده‌وڵەتیدا دامەزراوە- بەڵام بە ئاراستەیەکی ڕوونی ڕۆژاوایی. عەلی زەیدی باش دەزانێت کە ڕاکێشانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ڕزگارکردنی عێراق لە سزاکانی پەیوەست بە دۆسیەی دارایی و غاز، پێویستی بە سازان هەیە لەگەڵ واشنتۆن و پاریس و لەندەن.

بەڵام ئەم هاوكێشەیە یەك گۆشە و یەك ڕەهەندی نییە و، ئەم هەنگاوە تەنیا پرۆسەیەکی ئابووریی بێلایەن نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە لێدانی باڵی نەیارەکانی ڕۆژاوا لە ناوخۆی عێراقدا. کابینەی زەیدی بە شێوازێکی نەرم، بەربەستی یاسایی و کارگێڕی بۆ کۆمپانیا ڕووسی و هەندێک لە کۆمپانیا چینییەکان دروست دەکات؛ تەنیا بە مەبەستی ئەوەی پێشانی بدات کە بەغدا پابەندە بە پرۆسەی دابڕانی ئابووری لە مۆسکۆ. ئەم جۆرە مەرکەزییەتە توندەی بەغدا لە دۆسیەی وزەدا، هەم وەک ئامرازێک بۆ ڕازیبوونی ڕۆژاوا بەکار دێت و، هەم وەک گوشارێکی بەردەوام لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بۆ هێنانەژێرباری تەواوەتیی دۆسیەی نەوتەکەی لەژێر چەتری کۆمپانیای نیشتمانیی “سۆمۆ”دا.

2.4. ئامانجی سەرەكیی دانیشتنی تۆم باراک و عەلی زەیدی، بریتی بووە لە مسۆگەركردنی گەرەنتیی ئەمنی بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان

گەرموگوڕیی دۆناڵد تڕەمپ لەگەڵ علی زەیدی لە سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن، چەندان ئاماژەی ئەرێنیی تێدایە. پێ دەچێت چەند جووڵەیه‌كی دیپلۆماسیی ژێربەژێر لە چاوپێکەوتنی نێوان تۆم باراک، سەرمایەدار و یەکێک لە ده‌ستڕۆیشتووترین کەسایەتییەکانی نزیک لە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی و ئەمنیی ئەمریکا و عەلی زەیدیدا هەبووبێت و، پێشوەختە گەیشتبنە لووتکەی ڕێككەوتن. بێ گومان، ناوەڕۆکی ئەم دانیشتنانە تەنیا باسی ژمارەی بەرمیلەکان یان نرخی تێچووی دەرهێنان نەبووە، بەڵکوو تیشکی سەرەکیی، لەسەر چەمکی گەرەنتیی پێشوەختەی ئەمنی و یاسایی بووە بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکی. هەر ئەمەیشە تڕەمپی شاگەشكە كردووە و، لە گفتوگۆكانیاندا زۆر باسی نەوتی عێراقی دەكرد.

کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان هەمیشە بەهۆی هێرشی درۆنی، مووشەکی و ناڕوونیی یاساییی نێوان بەغدا و هەولێر، کەرتی وزەی عێراقیان بە ژینگەیەکی پڕمه‌ترسی دادەنا. وا پێ ده‌چێت لەم دانیشتنەدا، عەلی زەیدی پابەندبوونی تەواوی کابینەکەی و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی گەرەنتی کردبێت بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوە و کێڵگەکانی ژێردەستی ئەمریکییەکان؛ تەنانەت لەو ناوچانەیشدا کە وەک ناوچەی کێشەلەسەر یان سنووریی قورس دادەنرێن (وەک ناوچەکانی کەرکووک و سنوورەکانی سووریا).

کاتێک حکوومەتێک گەرەنتیی ئەمنیی تایبەت و پێشینە دەداتە بلۆکێکی دیاریکراو (ڕۆژاوا)، بە شێوازێکی ئۆتۆماتیکی فەزای کارکردن بۆ بلۆکەکانی تر کەم دەکاتەوە. بێ گومان، ئەم کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییە بۆ ئەمریکییەکان، ڕێگە خۆش دەكات بۆ پاشەکشەی ناچاریی کۆمپانیا ڕووسییەکان (وەک لۆک ئۆیڵ و گازپرۆم) و سنووردارکردنی هەندێک گرێبەستی چینی؛ چونکە مۆسکۆ لەم قۆناغەدا نە توانای دابینکردنی چەتری داراییی نێوده‌وڵەتیی هەیە و نە بەغداش چیتر ئامادەیە لەپێناو کۆمپانیا ڕووسییەکاندا سەرکێشی بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ واشنتۆندا بکات.

  1. پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر لە سایەی یاسای نوێی نەوت و غازدا

ئاڵۆزترین دۆسیە لەنێوان هەردوو حكوومەتی ناوەند و هەرێم، دۆسیەی نەوتە. ئەم دۆسیەیە لە دوای بڕیارەکەی “دادگه‌ی ناوبژیوانیی نێوده‌وڵەتی لە پاریس” و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، چووەتە قۆناغێکی نوێی بنبەستەوە. لێرەدا، بەهێزبوونی هێزی ڕۆژاوا وەک کارەکتەرێکی نێوەندگیر، ڕەهەندێکی دووفاقیی وەرگرتووە: لە لایەکەوە ئەمریکا و فەڕەنسا دەیانەوێت بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕی وزە و دابینکردنی غازی جێگرەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە، گوشارەکانیان بۆ سەر داڕشتنی یاسای نوێی نەوت و غازی فیدراڵی، زۆر جار بە ئاراستەی قبووڵکردنی مەرکەزییەتی بەغدایە. ئەمەیش سازشێکی قورسە لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێم.

لە ڕوانگەی لۆژیكییەوە، هەر یاسایەکی نەوت و غاز کە ڕۆڵێکی فیعلی، هاوبەش و بڕیاردەر نەداتە هەولێر لە پرۆسەی بەڕێوەبردن، دۆزینەوە و گرێبەستکردندا، ناتوانێت سەقامگیریی درێژخایەن دابین بکات. ناکرێت کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، کە بە خوێنی دەیان ساڵ و وەبەرهێنانی ملیۆنان دۆلار بونیاد نراوە، کورت بکرێتەوە بۆ لایەنێكی “تەنیا جێبەجێکار” لەژێر فەرمانی کۆمپانیای “سۆمۆ”ی سەر بە بەغدا. نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی هەولێر لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نوێی نەوت و غازدا، دەبێت لەسەر بنەمای فیدراڵیزمی دەستووری بێت، نەک وەک پاشکۆیەکی کارگێڕی کە تەنیا ئەرکی ڕادەستکردنی کێڵگەکانی پێ بسپێردرێت.

سەبارەت بە ئاییندەی هەناردەکردن لە ڕێگەی “بەندەری جەیهان”ەوە، ڕێککەوتنە نوێیەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا نیشانی دەدەن کە کەرتی وزەی کوردستان کراوەتە قوربانیی ململانێی مەرکەزی و هەرێمایەتی. ئەنقەرە و بەغدا لە ڕێگەی لێکگەیشتنە سیاسییەکانیانەوە، هەوڵ دەدەن دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق-بە نەوتی کوردستانیشەوە- ڕێک بخەنەوە؛ بەڵام غیابی ڕۆڵی ڕاستەوخۆ و واژۆی کۆتاییی هەولێر لەم هاوکێشەیەدا، مەترسییەکی گەورە لەسەر سەربەخۆییی ئابووریی هەرێم دروست دەکات.

ئەگەر کۆمپانیا ئەمریکی و ڕۆژاوایییەکان دەیانەوێت ژینگەیەکی ئارامیان هەبێت، دەبێت گوشار بخەنە سەر بەغدا بۆ قبووڵکردنی مۆدێلێکی بڕیاردانی هاوبەش (Joint Management)؛ چونکە بەبێ گەرەنتیی مافەکانی هەرێم و پاراستنی قەوارەی یاساییی بۆڕییە نەوتییەکان، هەر ڕێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە تەنیا دواخستنی قەیرانەکان دەبێت نەک چارەسەرکردنیان.

لە کاتێکدا کە کۆمەڵگەی نێوده‌وڵەتی چاوەڕوانی لێکتێگەیشتنی یاساییی لەنێوان بەغدا و هەولێر دەکرد، حکوومەتی فیدراڵی عێراق ستراتیژییەتێکی نوێ و توندتری بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی وزە گرتووەتە بەر؛ کە ڕاستەوخۆ ئامانجی پەراوێزخستن و بێبایەخکردنی ژێرخانی نەوتی هەرێمی کوردستانە. واژۆکردنی گرێبەست لەلایەن بەغداوە لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا وەک “شێڤرۆن” و “هالیبەرتۆن” بۆ لێکۆڵینەوە و دروستکردنی بۆڕییەکی نوێی ستراتیژی، گۆڕانکارییەکی گەورەیە لەم هاوکێشەیەدا. ئەم پڕۆژەیە کە تێیدا نەوتی بەسڕە (باشووری عێراق) لە دوو ڕێگەی جیاوازەوە دەگەیەنرێتە بەندەری جەیهانی تورکی و بانیاسی سووری، هەوڵێکی ئەندازیاری و سیاسییە بۆ تێپەڕاندنی تەواوەتیی ئەو بۆڕییە نەوتییەی کە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بونیادی ناوە.

لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیکی، ئەم هەنگاوە گوزارشت لە دوو ئامانجی هاوتەریب دەکات: لە لایەکەوە، بەغدا دەیەوێت پشتبەستنی خۆی بە گەرووی هورمز (کە لەژێر ڕەحمەتی گوشاری سەربازی و سیاسیی ئێراندایە) کەم بکاتەوە و ڕێگەی هەناردەکردنی خۆی هەمەجۆر بکات. بەڵام لە لایەکی ترەوە-  کە ئەمەیان ڕەهەندە ناوخۆیییە پڕ لە کێشەکەیە- ئەمە هەوڵێکی ڕاستەوخۆ و پلانبۆداڕێژراوە بۆ سڕینەوەی پێگەی هاوبەشیی هەرێمی کوردستان لە نەخشەی وزەی ناوچەکەدا.

 بەغدا بەزیرەکییەوە کۆمپانیا ئەمریکییەکان (شێڤرۆن و هالیبەرتۆن) وەک قەڵغانێکی نێوده‌وڵەتی بەکار دەهێنێت؛ چونکە کاتێک واشنتۆن و کۆمپانیاکانی دەبنە وەبەرهێنەر و خاوەنی بۆڕییە نوێیەکە، ئەوا پاڵپشتییە دیپلۆماسی و ئەمنییەکەی ئەمریکاش خۆبەخۆ دەچێتە خزمەت بۆڕییە نوێیەکەی بەغدا. ئەمەیش وا دەكات کە بۆڕیی نەوتی کوردستان (KPR) گرنگییە ستراتیژییەکەی خۆی لەدەست بدات.

لێرانەدا سەرنجێكی ڕەخنەیی، خۆی ده‌نوێنێت: ئەم مۆدێلە لە بەڕێوەبردن، کە دەتوانرێت لە “مەرکەزییەتی ئابووریی سەپێنراو”دا پوخت بكرێتەوە، ناتوانێت سەقامگیریی درێژخایەن لە عێراقدا مسۆگەر بکات. بەغدا لەبری ئەوەی کێشە یاسایییەکانی لەگەڵ هەولێر لەسەر بنەمای فیدراڵیزمی دەستووری چارەسەر بکات، پەنا بۆ تێچووی داراییی گەورە دەبات تەنیا بۆ ئەوەی قەوارەیەکی هاوبەشی ناوخۆیی (هەرێم) پەراوێز بخات.

داهاتووی کەرتی وزە ناتوانێت لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەوی تر بونیاد بنرێت. هەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا، کە تێیدا نوێنەرایەتیی ڕاستەوخۆ و ڕۆڵی فیعلیی هەولێر لە ئامادەکردنی یاسای نەوت و غاز و بەڕێوەبردنی بۆڕییەکاندا نەبێت، تەنیا وەک چارەسەرێکی کاتی دەمێنێتەوە. ئەگەر بەغدا بیەوێت سەروەریی داراییی ڕاستەقینە بپارێزێت، دەبێت مۆدێلی “بڕیاردانی هاوبەش” لەگەڵ هەرێم قبووڵ بکات؛ چونکە بەکارهێنانی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ خنکاندنی ئابووریی هەرێم، لە داهاتوودا درزێکی گەورە لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا دروست دەکات کە دەرەنجامەکەی تەنیا ناسەقامگیری دەبێت بۆ هەموو لایەک.

  1. خوێندنەوەی ئاییندەیی و ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان

داهاتووی کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێوان بەرداشی ململانێی بلۆکە نێوده‌وڵەتییەکاندا، ڕووبەڕووی دوو سیناریۆی سەرەکی دەبێتەوە کە ئاڕاستەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە بۆ داهاتوو دیاری دەکەن:

ئەگەری یەکەم: هاوبەشیی تەواو لەگەڵ ڕۆژاوادا

لەو سیناریۆیەدا، کابینەکەی عەلی زەیدی بە پاڵپشتیی دارایی و تەکنیکیی واشنتۆن و پاریس، سەرکەوتوو دەبێت لە جێبەجێکردنی نەخشەسازییە نوێیەکەیدا. بەمەیش پرۆژە زەبەلاحەکانی وەک پرۆژەی تۆتاڵ ئینێرژی دەگەنە قۆناغی بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆ، عێراق پشتبەستنی خۆی بە غازی ئێران بەتەواوی دەبڕێت و کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک شیڤرۆن و HKN کۆنتڕۆڵی تەواوی کێڵگە ستراتیژییەکانی ناوچەکە دەکەن. لەم دیمەنەدا، عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە ناوەندێکی ئارام و هاوبەشێکی سەرەکیی دابینکردنی وزە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا، کە تێیدا نفووزی ڕووسیا تەنیا وەک مێژوویەکی کۆن دەمێنێتەوە.

ئەگەری دووەم: کاردانەوە و تێکچوونی هاوسەنگی (بەربەستەکان)

ئەم سیناریۆیە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە بلۆکی نەیاری ڕۆژاوا (ڕووسیا، ئێران و هاوپەیمانە ناوخۆیییەکانیان لە عێراق) بەئاسانی دەستبەرداری کارتەکانی خۆیان نابن. ئەگەری زۆرە لە ڕێگەی بەکارهێنانی گرووپە چەکدارەکان، گوشاری مووشەکی یان دروستکردنی ئاستەنگی یاسایی لە ڕێگەی دادگه‌ی فیدراڵییەوە، هێرش بکرێتە سەر کێڵگەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکا لە هەرێم و ناوچە کێشەلەسەرەکان. ئەم کاردانەوانە دەبنە هۆی تۆقاندنی وەبەرهێنەرانی ڕۆژاوایی و سەلماندنی ئەوەی کە “گەرەنتییە ئەمنییەکانی زەیدی” ناتوانن بەرگەی باهۆزە سیاسییەکان بگرن.

دەرەنجام

لە کۆتاییدا، ئەم توێژینەوەیە دەگاتە ئەو بڕوایەی کە کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە چەمکی تەقلیدیی پەرەپێدانی ئابووری دەرچووە؛ نەوت و غازی ئەم نیشتمانە لە ئێستادا بووەتە خاڵی جومگەیی بۆ کێشانی نەخشەی نوێی جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پاشەکشەی کۆمپانیا ڕووسییەکانی وەک لۆک ئۆیڵ و ڕۆسنەفت و، لەبەرامبەردا فراوانبوونی هاوکاتی کۆمپانیا ئەمریکی و ئەورووپییەکان، دەیسەلمێنن کە شەڕی داهاتوو، شەڕی کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوتە.

بۆیە، ڕزگاربوونی عێراق و هەرێمی کوردستان لەم کێشمەکێشە، تەنیا بە داڕشتنی یاسایەکی فیدراڵی و دادپەروەرانە دەبێت، کە تێیدا هەولێر و بەغدا وەک دوو هاوبەشی ڕاستەقینە بڕیار لەسەر چارەنووسی وزەی وڵاتەکە بدەن، نەک وەک پاشکۆی ئەجێندای زلهێزە دەرەکییەکان.

سەرچاوەكان:

Shayda

بابەتی پەیوەندیدار

بۆچی ئێران دەگەڕێتەوە نێو جەنگ؟

نووسەر: وەلی نەسڕ  (Vali Nasr) ماڵپەڕ (سەرچاوە): فاینانشاڵ تایمز (Financial Times) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و… زیاتر

41 minutes ago

چۆنێتیی پێوانەکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق؛ ئاخۆ لە پاشەکشەدایە!؟

سەرچاوە: (The National Context) ژمارەیەکی ڕوولەزیادی شرۆڤەکان پێیان وایە هەژموونی ئێران لە عێراقدا لە پاشەکشەدایە.… زیاتر

2 days ago

پشتپەردەی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکەی ئیسرائیل بۆ ڕاکێشانی ئەحمەدینەژاد

ماڵپەڕ: نیویۆرک تایمز (The New York Times) لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، سەرۆکی زانکۆیەک لە بوداپێست… زیاتر

3 days ago

ئێران، عێراق لەدەست دەدات: بەغدا ڕێڕەوی خۆی دەگرێتەبەر

ماڵپەڕ: (Foreign Affairs) نووسەر: کامەران پاڵانی (Kamaran Palani) هەر کاتێک جەنگی ئێران کۆتایی بێت، پێ… زیاتر

7 days ago

گرنگیی سەرمایەی سیاسەتی بۆ حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا

محەمەد کەریمخان * دکتۆڕای زانستە سیاسییەکان - سیاسەتی گشتی پوختە پرسی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە لە… زیاتر

1 week ago

تورکیا و ناتۆ: بونیادنانی هاوبەشییەکی ستراتیژی لەنێو قەیرانەکاندا لە ساڵی ١٩٥٢وە تا ئەمڕۆ

بی‌بی‌سیی تورکی  (BBC Turkish) تورکیا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ (7-8/07/2026)، بۆ دووەم جار میوانداریی لووتکەی… زیاتر

1 week ago