د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق
دەسپێک
سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن لە ناوەڕاستی تەممووزی ٢٠٢٦ و دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن وێنا دەکرێت. لەم قۆناغە نوێیەدا، هەردوو لا تێ دەکۆشن مۆدێلە ئەمنییە کلاسیکییەکە تێ پەڕێنن و متمانەی سیاسی لەسەر بنەمای هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنان بونیاد بنێنەوە؛ ئەمەیش بە ئامانجی ئەوەی عێراق بخرێتە نێو گرنگیدانە نوێیەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەتایبەت لە سایەی کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا جێبەجێ بکرێت.
ئەم شرۆڤەیە لەسەر ئەو گریمانەیە کار دەکات کە گۆڕینی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان بۆ واقعێکی ئابووریی بەردەوام، بەتەواوی بەستراوەتەوە بە ڕاگرتنی هاوسەنگییە ئاڵۆزەکانی ناوخۆ و ناوچەکە و ڕاددەی جددییەتی واشنتۆن بۆ پاڵپشتیی ستراتیژیی عێراق. هاوکات، پەیپەرەکە هەڵوێستە لەسەر دەرفەت و لەمپەرەکانی بەردەم ئەم وەرچەرخانە و هەنگاوەکانی “عەلی زەیدی” بەو ئاراستەیەدا دەکات.
یەكەم: ئامانجەکانی سەردانەکە؛ وەرچەرخان لە مۆدێلی ئەمنییەوە بەرەو هاوبەشیی ئابووری
یەکەمین سەردانی فەرمیی عەلی زەیدی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەچاو شێوازی مامەڵەی کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووی عێراقی دوای ٢٠٠٣، تا ڕاددەیەکی زۆر بێپێشینە بوو. زەیدی سەرۆکایەتیی شاندێکی گەورەی حکوومی و ئابووریی دەکرد کە لە ٢٧ بەرپرسی باڵا و ٣٠ بازرگان و وەبەرهێنەر پێک هاتبوو. شاندەکە کۆمەڵێک دۆسیەی وەک وەبەرهێنان، وزە و تەکنەلۆژیایان پێ بوو، هاوشان لەگەڵ پرسە هەستیارەکانی وەک قۆرخكردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوو لا.
لە کۆشکی سپیدا، دۆناڵد ترەمپ لە دەرەوەی پرۆتۆکۆڵە باوەکان، زەیدیی بانگهێشتی نانی نیوەڕۆ کرد و بە ستایشێکی زۆرەوە ڕای گەیاند کە “کیمیایەکی هاوبەش” لەنێوانیاندا هەیە. گرنگیپێدانی واشنتۆن لێرەدا نەوەستا؛ بەڵکوو بۆ پاراستنی زەیدی، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نیشتمانیی “ڕۆناڵد ڕیگن (DCA)” –کە هاوسنووری باڵەخانە فیدراڵییەکانە– بۆ چەند کاتژمێرێک بەتەواوی ڕاگیران (١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦). بەپێی زمانی ژمارەکان، ئەم ئامادەباشییە، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ١٢٦ گەشت و دواکەوتنی پتر لە ٣٠٠ گەشتی دیکە (CBC News, 2026). ئەمەیش ئاستی گرنگیدانی كۆشكی سپی بە عەلی زەیدی دەردەخات؛ دەشێت “تۆم باراک”، نێردراوی ترەمپ بۆ عێراق، ڕۆڵی سەرەکیی لەم بردنەپێشەوەی زەیدیدا هەبووبێت، بەتایبەت کە ناوبراو وەک ئەندازیاری پشتپەردەی دیدارەکان دەرکەوت.
زەیدی لەم گەشتەی ئەمریكادا بەڵێنی کارکردنی دا، بۆ بنیاتنانی “دەوڵەتێکی بەهێز، خاوەن سەروەری و پاک لە گەندەڵی” و، جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتەکەی، پرسی قۆرخكردنی چەکی لەدەستی خۆیدا خستووەتە پێشینەی کارەکانییهوه The Washington Post, 2026)؛ واع، 2026). گرنگترین ئەنجامە ڕاگەیەنراوەکانی ئەم سەردانەیش لەم سێ تەوەرەی خوارەوەدا چڕ دەبنەوە:
وتەبێژی حکوومەتی عێراق ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی “بێپێشینە” بۆ گواستنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریكا و عێراق لە کایەی ئەمنییەوە بۆ ئابووری و وەبەرهێنان دادەنێت. ئەمە ئامانجێکە کە بە درێژاییی ساڵانی دوای ٢٠١١ بەدی نەهاتبوو، سەرباری هەبوونی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی (سۆفا-٢٠٠٨)؛ بەڵام حکوومەتەکەی زەیدی- رێککەوتنەکانی زەیدی و کۆمپانیاکانی ئەمریکا گەیشتنە ٤٨ دانە-، ئێستا ئابووری وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن دەبینێت و هەوڵی بووژاندنەوەی ژینگەی وەبەرهێنان دەدات (واع, 2026).
٢. ڕێککەوتنە ئەمنییە نوێیەکان
بەپێی لێدوانی بەرپرسە سەربازییەکان، هەردوو لا لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بواری مەشق و ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕێک کەوتوون. ئەم هەنگاوانە وەک ئامادەکارییەک دەبینرێن بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوودا کۆتایی بێت (السومرية, 2026).
٣. دروستکردنی سیستهمێکی نوێی هەرێمایەتی بۆ وزە
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ، پێی وایە ئەم سەردانە پەل دەکێشێت بۆ دروستکردنی سیستهمێکی نوێی هەرێمایەتی لە ڕێگەی بەستنەوەی عێراق بە وڵاتانی کەنداو، تورکیا، سووریا و ئوردن. ئەم دیدگهیە دەیەوێت عێراق بکاتە چەقی هێڵە نوێیەکانی گواستنەوەی وزە (شبكة 964، 2026). وەک هەنگاوێکی کردەیی، بڕیارە هاوپەیمانییەک لەنێوان کۆمپانیاکانی TI Capital و Chevronی ئەمریکی، لەگەڵ UCCی قەتەری و کەرتی تایبەتی عێراقی، پڕۆژەی هێڵی بۆریی نەوتی “بەسرە-فیشخابوور” جێبەجێ بکەن. ئەم هێڵە، شانبەشانی لقێکی تر کە لە حەدیسەوە بەرەو “بانیاس”ی سووریا دەچێت، دوو ڕێڕەوی نوێی هەناردەکردن (تورکی و سووری) بۆ عێراق دابین دەکەن (واع, 2026).
“تۆم باراک، ئاماژەیش بە دەرکەوتنی “مۆدێلێکی نوێی تەواکاریی هەرێمایەتی” دەکات کە لەسەر بنەمای هاوپەیمانییە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە هەماهەنگیی نێوان ئیدارەی ترەمپ و دیدگه “بوێرانەکەی” عەلی زەیدی بونیاد دەنرێت. باراک جەخت دەکاتەوە کە ئەم هاوبەشییانە دەبنە هەوێنی دروستبوونی “ڕێڕەوێکی ستراتیژیی نوێ” بۆ بەستنەوەی عێراق، سووریا، تورکیا و وڵاتانی کەنداو؛ هەنگاوێک کە لە ساڵانی داهاتوودا بایەخی جیۆپۆلیتیکی “گەرووی هورمز” بەرەو کەمبوونەوە دەبات.
لێرەدا، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا-کە بەهای بازاڕییان نزیکەی تریلیۆنێک دۆلارە- سەرکردایەتیی شەپۆلێکی نوێی “دیپلۆماسیی ئابووری و وەبەرهێنان” دەکەن. وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ ئەم وەرچەرخانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (١٧ی تەممووزی ٢٠٢٦) ڕای گەیاند کە عێراق و سووریا بەرەو کاراکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی “حەدیسە-بانیاس” هەنگاو دەنێن، کە توانای هەناردەکردنی ڕۆژانە ٢ ملیۆن بەرمیلی دەبێت و بڕیارە کۆمپانیای “شیفرۆن”ی ئەمریکی ئەرکی نۆژەنکردنەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بگرێتە ئەستۆ. (شبكة 964، 2026).
ئەم ستراتیژە سەرەڕای دەستکەوتە دارایییەکان، بایەخی جیۆپۆلیتیکی “گەرووی هورمز” کەم دەکاتەوە، کە هەمیشە ئێران وەک کارتێکی گوشار دژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکاری هێناوە. هاوکات، ئەم هەنگاوە پاڵپشتیی پلانی ترەمپ دەکات بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و دابەزاندنی نرخەکەی لە بازاڕە جیهانییەکاندا. پێ دەچێت ئەم دیدگهیەی باراک بۆ عێراق و زەیدی، لە ئەزموونی سووریا و هەنگاوەکانی “ئەحمەد شەرع”ەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان دۆخی سووریا و عێراق، لەمپەر و گومانی زۆر لەبەردەم بەدیهاتنی کردەییی ئەم پلانەدا هەن.
دووەم: کاردانەوە ناوخۆیییەکان؛ درزی ماڵی شیعە و هێڵە سوورەکانی “میحوەر” بەرامبەر واشنتۆن
ئەگەرچی عەممار حەکیم، ڕێبەری ڕەوتی حیکمە، هەنگاوەکانی زەیدی لە واشنتۆن وەک درێژکراوەی دیدگهی “چوارچێوەی هەماهەنگی” وێنا دەکات و بە “ستراتیژییەتێکی چوارچێوەی شیعی، بە تامی زەیدی” ناو دەبات (أمیدیا، 2026)، بەڵام بەپێی پێدراوەكان واقعەکە ئاڵۆزترە. ئەم سەردانە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق لە سەروبەندی توندبوونی ململانێکانی نێوان واشنتۆن و تاراندا، دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانیان بوو. لەم ناوەندەدا، لانی کەم ٧ بۆ ١٠ گرووپی چەکداری عێراقی هەن کە گومانی زۆریان لێ دەکرێت پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە “سوپای پاسدارانی ئێران”ەوە هەبێت و ناویان لە دۆسیەی هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەیە (المدی، 2026).
سەرجەم لایەنە شیعییەکان هاوڕای حەکیم نین؛ بەشێکیان بێدەنگییەکەیان تەنیا جۆرێکە لە “پراگماتیزمی کاتی” بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە و پاشماوەی ویلایەتەكەی ترەمپ، یان ڕەنگە دەرفەت بە زەیدی بدەن تاوەکوو لە ڕێگەی دۆسیەی وەبەرهێنانەوە، ترەمپ لە گوشارەکانی بۆ سەر چەکی گرووپەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران سست بکات. ئەمەیش جۆرێكە لە ڕیسككردن و ئازارشكێن كە سەرەنجامەكەی مسۆگەر نییە.
هێشتا زەیدی لە خاکی ئەمریکادا بوو؛ بنەماڵەی “ئەبو مەهدی موهەندیس” و ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، هێرشی توندیان کردە سەر “بێدەنگی”ی سەرۆکوەزیران بەرامبەر بە شانازیکردنی ترەمپ بە کوشتنی “قاسم سولەیمانی” و “موهەندیس”. بنەماڵەی موهەندیس وەک “بەرپرسێکی کەمئەزموون لە سیاسەتدا” وەسفی زەیدییان کرد و ڕایان گەیاند کە کەسێک نەتوانێت بەرگری لە مێژووی خۆی بکات، شایستەی سەرکردایەتیکردنی داهاتوو نییە (الشرق الأوسط، 2026). هاوکات، “بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی” لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا کۆمەڵێک هۆشداریی توندی ئاراستەی حکوومەت کرد، کە دەکرێت لەم سێ خاڵەدا کورتیان بکەینەوە (شبكة 964، 2026):
لەم سۆنگەیەوە و لەژێر تیشکی ئەم کێشمەکێشمە توندەی نێوان بەڵێنەکانی زەیدی لە واشنتۆن و گوشارەکانی بەرەی نزیک لە ئێران لە بەغدا، لە ئێستایشدا دۆخی دۆسیە سەرەکییەکانی حكوومەت بەم جۆرەی خوارەوەیە:
گرێکوێرەی چەک؛ ململانێی یاسای دەوڵەت و بیروباوهر (عهقیده)ی چەکداری
زەیدی بەر لە گەشتەکەی بۆ واشنتۆن، لە ڕێگەی وتارێکی فەرمییەوە پابەندبوونی خۆی بە بنەمای “قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا” دووپات کردەوە؛ ئەمەیش وەک زەمینەسازییەک بۆ قۆناغی پاش کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ The Washington Post, 2026)). لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ پنتاگۆن، دۆسیەی چەکی دەرەوەی یاسا، بووە چەقی گفتوگۆکان. پیت هیگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕاشكاوانه گوتی کە پێویستە بەغدا سەروەریی خۆی لە ڕێگەی داماڵینی چەکی ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێرانن بسەلمێنێت؛ ئەو گرووپانەی کە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی پتر لە ٦٠٠ هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوودا ((Hegseth, 2026؛ بەڵام ئەم ئاراستەیەی زەیدی و داواکارییەکەی واشنتۆن، ڕووبەڕووی بەرهەڵستییەکی ناوخۆیی بووەتەوە.
گرووپە چەکدارەکانی سەر بە “بەرەی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق” و لەسەروویشیانەوە “کەتائیبی حزبوڵڵا” و “بزووتنەوەی نوجەبا” و هەندێك وردەگرووپی دیكە، بەڕەهایی ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت ڕەت دەکەنەوە (الشرق الأوسط, 2026). ئەم گرووپانە پێیان وایە چەکەکەیان “بیروباوهڕی” (عەقیدەیی)یە و لە دەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکانە؛ بۆیە لە سۆنگەی ململانێی “شیعەی وەلائی” لە ناوچەكە و هەژموونی ئەمریکاوە مامەڵە دەکەن، نەك هاوكێشە ناوخۆیییەكانی عێراق. هەرچەندە زەیدی ئاماژەی بەوە کردبوو کە دەیەوێت چالاکیی ئەم گرووپانە بەرەو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاراستە بکات، بەڵام وەڵامی “کەتائیبی حزبوڵڵا” و هەندێك گرووپی دیكە توندە؛ نەک هەر ڕەتکردنەوە، بەڵکوو ڕایان گەیاند کە پەرە بە توانای سەربازیی خۆیان دەدەن و وەک بەشێک لە هێڵی بەرگری بە ڕابەرایەتیی ئێران دەمێننەوە (الشرق الأوسط, 2026).
وتەبێژانی ئەم گرووپانە و كادرە چالاكەكانیان، بەشداربوونی بەرفراوانی خەڵک لە ڕێوڕهسمی ماڵاوایی لە خامنەیی لە نەجەف و کەربەلا، وەک “نوێکردنەوەی بەیعەت” بۆ هێڵی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی “ئیستکباری جیهانی” دەبینن. لای ئەوان، چەکی بەرگری بابەتێک نییە سەودای پێوە بکرێت، بەڵکوو بیروباوهڕ (عهقیده) و پەیمانە (شبكة 964, 2026؛ المیادین، 2026).
واقعی مەیدانی؛ لێکترازانی ناوخۆییی گرووپەکان
لەسەر ئاستی کرداری، پێدراوەكان ئاماژە بە جۆرێک لە لێکترازان لەنێوان پێکهاتە چەکدارە شیعەكاندا دەکەن، کە دەکرێت بەم شێوەیە پۆلێن بکرێن:
* بەپێی هەندێک زانیاری، نزیکەی ٪٨٠ی پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەکی گرووپەکان (بەتایبەت مووشەک و درۆن) جێبەجێ کراوە و تەنیا چەند گرووپێکی کەم (٤ بۆ ٥ گرووپ) بەتوندی ڕادەستكردنی چەك ڕەت دەکەنەوە (المدی, 2026؛ الشرقية، 2026). لەم بهینهیشدا کازم فەرتووسی، وتەبێژی بزووتنەوەی “سەییدولشوهەدا”، ڕای گەیاند کە ئەوان دوای ٣٠ی ئەیلوولیش چەک ڕادەست ناکەن، چونکە چەکەکە بە “موڵکی ئوممەت” دەزانن (شبكة 964، 2026).
* لەبەرامبەردا، بەرپرسێك لە “عەسائیبی ئەهلی هەق” ئاشکرای کرد کە دوو گرووپی گەورە بەنهێنی ئامادەیییان بۆ ڕادەستكردنی چەك دەربڕیوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەیش کرد کە بەیاننامە توندەکانی “هەماهەنگیی موقاوەمە” چیتر گوزارشت لە ڕای گشتیی لایەنە شیعەکان ناکەن. تەنانەت عەسائیب ئامادەییی خۆی بۆ پشتیوانیكردنی کارکردنی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان نیشان داوە (قناة دجلة, 2026؛ الشرق الأوسط, 2026).
هەڵمەتی دژە گەندەڵی؛ چاکسازی لەنێوان ئیرادەی زەیدی و قەڵغانی پارێزبەندیی سیاسیدا
ئەو هەڵمەتە بەرفراوانەی کە عەلی زەیدی لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستی پێ کرد و بەشێك بوو لە ئامادەكاریی سەردانەكەی بۆ ئەمریكا تا وەك بەهێز دەربكەوێت، ئێستا بووەتە جێگەی مشتومڕێکی قووڵ و، سەرکەوتنی کۆتاییشی هێشتا نیشانەی پرسیاری لهسهره. ململانێکە کاتێک ڕوون دەبێتەوە کە لەنێو “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا، هەندێک لایەن زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانێکی “گهشبین” وەسف دەکەن؛ ئەمەیش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بوونی بەربەستی کۆنکرێتی لەبەردەم پڕۆژە چاکسازییەکەیدا.
ئاستەنگە سەرەکییەکانی ئەم دۆسیەیە لە سێ ڕەهەندی سەرەکیدا کورت دەبنەوە:
گەورەترین بەربەست کە ڕێگرە لەبەردەم بنبڕکردنی گەندەڵیدا، جۆری هەموارکردنی “یاسای لێبووردنی گشتی”یە. بەپێی دەقە یاسایییەکان، ئەو تۆمەتبارانەی لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەگیرێن، ئەگەر “تەسوییەی قەزایی” بکەن –واتە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بەرامبەر لێخۆشبوون یان کەمکردنەوەی سزا– دەتوانن ئازاد بکرێن. فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەم ڕاستییەی بە سەرکردەکانی چوارچێوەی شیعە ڕاگەیاندووە (شبكة 964، 2026).
مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەم یاسایە ڕێگەیان پێ دەدات سەرلەنوێ حزبی سیاسی دابمەزرێننەوە و چالاکی ئەنجام بدەن و، تەنیا لە وەرگرتنی پۆستی جێبەجێکردن (تهنفیزی) بێبەش دەکرێن. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە تا ئێستا، پتر لە ٤٠ هەزار تۆمەتبار بەپێی ئەم یاسایە ئازاد کراون کە ژمارەیەکی بەرچاویان تێوەگلاوی دۆسیەی گەندەڵیی گەورەن (المدى، 2026).
هۆکارێکی تری حەتمیی خاوبوونەوەی هەڵمەتەکەی زەیدی، ئەوەیە کە لێپرسینەوە هێشتا نەگەیشتووەتە هێڵی یەکەمی سەرکردە سیاسییەکان، کە پێک هاتوون لە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو و سەرۆکی حزبە باڵادەستەکان. سەرچاوەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای دەکەن کە گوشارێکی توند لەسەر ڕێوشوێنەکانی زەیدی هەیە بۆ هێواشکردنەوەی هەڵمەتەکە (المدى، 2026). لە یەکەم کۆبوونەوەی چوارچێوەیشدا دوای دەسپێکردنی هەڵمەتەکە، زەیدی ڕووبەڕووی لۆمەی توندی سەرکردە شیعەکان بووەوە، بەهۆی ئەوەی پێشوەختە وردەکارییەکانی پڕۆسەکەی پێ ڕانەگەیاندبوون (شبكة 964، 2026). ئەمە نیشان دەدات کە جومگەکانی دەسەڵات نایانەوێت زەیدی لە دەرەوەی ڕەزامەندیی ئەوان مانۆڕ بکات. عەلی عەلاوی، وەزیری پێشووتری دارایی، لەم بارەیەوە جەخت دەکاتەوە کە “گەندەڵی لە عێراقدا لە ڕووی سیاسییەوە پارێزگاریی لێ دەکرێت”؛ ئەو پێی وایە ئەکتەرە سیاسییەکان لەوانەیە لەسەر زۆر پرس شەڕی خوێناوی بکەن، بەڵام لەسەر پاراستنی سیستهمی تاڵانکاریی سامانی گشتی هاوڕا و یەکگرتوون (الشرقية، 2026).
بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی شێواویی ژینگەی داراییی عێراق، بەسە بزانرێت کە لێژنەی داراییی پەرلەمان لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٦ ڕای گەیاند کە تازە پڕۆژەیاسای حیساباتی کۆتایی (الحسابات الختامية)ی بۆ ساڵەکانی (٢٠١٢-٢٠١٥) تەواو کردووە (موازين نيوز، 2026). ئەمە بەو مانایەیە کە دەوڵەت زیاتر لە دە ساڵە بەبێ پاکتاوی دارایی کار دەکات؛ ئەم غیابی چاودێرییە، دەرگهی بۆ گەندەڵی و بهفیڕۆدانی بوودجە خستۆته سهر پشت. هاوکات، وەرگرتنی سەرانە و بەرتیل بەرامبەر پێدانی پڕۆژە بە کۆمپانیاکان، وەک سەرچاوەیەکی تری گەندەڵی ماوەتەوە، کە نموونەی هەرە دیاریان، ئەو گەندەڵییە قورسەیە کە لە جومگەکانی وەزارەتی نەوت و دۆسیەی “عەدنان جومەیلی”دا ئاشکرا بووە.
عێراق لە ناوەڕاستی هاوکێشەی واشنتۆن-تاراندا؛ ستراتیژییەتی دابڕان یان هاوسەنگی
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ چڕکردنەوەی هەژموونی خۆی لە عێراق، بەغدا هێشتا وەک ستراتیژیترین پێگەی جیۆپۆلیتیکی بۆ تاران دەمێنێتەوە؛ چونکە عێراق لەسەر ئاستی ئەمنی، سیاسی و ئابووری بایەخێکی جومگەییی بۆ ئێران هەیە. هەردوو وڵات خاوەنی سنوورێکی هاوبەشن کە پتر لە ١٤٠٠ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، هاوکات عێراق یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی تاران. لە دیدی بیروباوهڕ (عهقیده)ی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، هێشتنەوەی هەژموونی خۆیان لە بەغدا، وەک بەشێکی بنەڕەتی لە ئاسایشی نیشتمانی و کەرەستەیەکی سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.
ئاستەنگەکانی بەردەم زەیدی لە دوورخستنەوەی عێراق لە بازنەی نفووزی ئێران فرەجۆرن و دوا پەرەسەندنەکانیان لەم خاڵانەدا چڕ دەبنەوە:
بەپێی سەرچاوە ناوخۆیییەکان، کۆشکی سپی “نیگەرانی و بێزاریی قورس”ی خۆی نیشان داوە بەرامبەر بە ڕەهەند و شێوازی بەڕێوەچوونی ڕێوڕهسمی بەخاکسپاردنی ملیۆنیی ڕێبەری کۆچکردووی ئێران “عەلی خامنەیی” لە عێراقدا. لە دیدی ئیدارەی ئەمریکاوە، ئەو پەرۆشییە بێپێشینەیەی هاوشانی ڕێوڕهسمەکە بوو، پەیامێکی سیاسیی ڕوون بوو کە دەیسەلمێنێت عێراق هێشتا وەک چەقی قورسایی بۆ هەژموونی “میحوەر” ماوەتەوە (الأخبار اللبنانية، ٢٠٢٦). لە بەرامبەردا، بەشێک لە لایەنە شیعەکان گوشارکردن لەسەر گرووپە چەکدارەکان بە “مەترسیدار” دەبینن و پێیان وایە شەقامی شیعە وەک زامنی سەروەریی عێراق سەیری چەکی بەرگری (مقاوەمە) دەکەن و بەشداریی فراوانیشیان لە ڕێوڕهسمەكەی خامنەیی، متمانەبەخشینەوەیە بە بژاردەی موقاوەمە (المیادین، 2026).
سەرچاوە عێراقییەکانی نزیک لە سەرۆکوەزیران ئاشکرای دەکەن، کە زەیدی لە کۆتاییی مانگی حوزەیراندا، دوو دیداری جیاواز و “تەواو توند”ی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس ئەنجام داوە. دیدارەکان بەهۆی دۆسیەی چەکی گرووپەکانەوە گەیشتوونەتە ئاستی گرژی و، زەیدی بەڕاشکاوی پرسیارێکی ڕووبەڕووی بەرپرسە ئێرانییەکان کردووەتەوە: “ئایا ئێوە قبووڵی دەکەن من دەست لە دۆسیەی ئەمنیتان وەربدەم یان گرووپی چەکدار لەناو خاکی ئێراندا دروست بکەم؟” زەیدی جەختی کردووەتەوە کە مانەوەی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، زەبری کوشندە لە سەروەریی عێراق و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەدات؛ بۆیە داوای لە تاران کردووە لەجیاتی گرووپەکان، پاڵپشتیی دامەزراوە شەرعییەکانی دەوڵەت بکات (الحرة، ٢٠٢٦).
سەرەڕای ئەم ململانێیانە، هێشتا زۆر زووه باس لە کۆتاییهاتنی هەژموونی ئێران لە عێراقدا بکرێت. وەک نموونەیەک بۆ ڕەنگدانەوەی پێگەی عەقیدەییی تاران، سەدرەدین قەبانچی، گوتاربێژی نوێژی هەینی لە نەجەف، ڕای گەیاند: “ئێمە و ئێران یەک چارەنووسمان هەیە و هیچ خێرێک لە ژیانی دوای ئەواندا نییە” (الغد برس، ٢٠٢٦). بەڵام لە هەمان کاتدا، تاران لەناو خاکی عێراقدا ڕووبەڕووی ئاستەنگگەلێکی ڕاستەقینە بووەتەوە؛ ئێستا ئێران بەزەحمەت دەتوانێت لەسەر ئاستی دارایی و ئابووری کێبڕکێی ڕکابەرە ئەمریکییەکەی بکات. لێرەوە دەکرێت بگوترێت ئێران لەچاو ساڵانی ڕابردوو لە عێراقدا “لاوازترە”، بەڵام هێشتا ئەو کەرەستانەی لەدەست نەداوە کە ڕێگەی پێ دەدەن کاریگەریی قورس لەسەر بڕیارە سیادییەکانی بەغدا دابنێت.
لەبەر ڕۆشناییی شیکاریی دۆسیە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی هاوتا لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن، ئەم شرۆڤەیە دەگاتە ئەم دەرەنجامە سەرەکییانەی خوارەوە:
بیانی و ئینگلیزییەکان:
نووسەر: وەلی نەسڕ (Vali Nasr) ماڵپەڕ (سەرچاوە): فاینانشاڵ تایمز (Financial Times) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و… زیاتر
نووسینی دكتۆر بێستون محهمهد - پسپۆڕ لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز پێشەکی بەهۆی ئەو یەدەگە… زیاتر
سەرچاوە: (The National Context) ژمارەیەکی ڕوولەزیادی شرۆڤەکان پێیان وایە هەژموونی ئێران لە عێراقدا لە پاشەکشەدایە.… زیاتر
ماڵپەڕ: نیویۆرک تایمز (The New York Times) لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، سەرۆکی زانکۆیەک لە بوداپێست… زیاتر
ماڵپەڕ: (Foreign Affairs) نووسەر: کامەران پاڵانی (Kamaran Palani) هەر کاتێک جەنگی ئێران کۆتایی بێت، پێ… زیاتر
محەمەد کەریمخان * دکتۆڕای زانستە سیاسییەکان - سیاسەتی گشتی پوختە پرسی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە لە… زیاتر