نووسەر: ستەیسی دی. ڤاندەڤیر (Stacy D. VanDeveer)
قەیرانی گەرووی هورمز (Strait of Hormuz)، ئاڵۆزییە بەرفراوانەکانی دەریای سوور و ئەو بەرزبوونەوەیەی لە نرخی نەوتدا بەهۆی ئەم هەلومەرجانەوە دروست بووە، ڕاستییەکی زۆر ڕوونیان سەلماندووە: وڵاتانی کەنداو و بازاڕەکانی جیهان پشتبەستوون بە ڕێڕەوە دەریایییە هەستیارەکان.
بەڵام لە کاتێکدا سەرکردە نیشتمانییەکان و دیپلۆماتکاران هەوڵی ئازادکردنی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە گرنگانە دەدەن کە زۆرینەی بازرگانیی جیهانییان پێدا تێ دەپەڕێت، دیاردەیەکی دیکەی گواستنەوە بە شێوەیەکی تاقیکارییانە دەستی پێ کردووە. زیاتر لە ١٥ ساڵە، شەش وڵاتی عەرەبیی کەنداو بەبێدەنگیی هاریکاریی یەکتر دەکەن بۆ دروستکردنی تۆڕێکی هێڵی ئاسن – و لەم دوایییانەیشدا پڕۆژەکە خێراتر بووە.
ئامانجەکە بریتییە لە زیادکردنی یەکخستنی ئابووریی کەنداو و باشترکردنی توانای خۆڕاگری و ئاسایشی ناوچەکە. بەڵام وەک شارەزایانی فەرمانڕەواییی جیهانی و ئابووریی سیاسی، ئێمە دەشپرسین: ئایا پڕۆژەیەکی هێڵی ئاسنی لەم شێوەیە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنەوەی سیاسەت و ململانێکانی ناوچەکەدا؟
ئەو پرسیارە ئێستا زۆر جێگەی سەرنجە، بەتایبەتی کە جەنگی ئەمریکا و ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە بۆ ماوەی چەندان مانگ جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا تێک بچێت و تا ڕاددەیەکی زۆریش بوەستێت.
خستنەسەرپێی یەکخستنی ناوچەیی
ڕێڕەوەکانی هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوەی ناوچەی کەنداوی فارس (Persian Gulf) لەمێژە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی دەرەکیی هێزە سەربازییەکان و ململانێ و ڕکابەرییە سەختە ههرێمایهتییهکانەوە. ئەمەیش کۆنتڕۆڵکردنی هورمز لەلایەن پۆرتوگالییەکانەوە لە بەشێکی سەدەکانی ١٦ و ١٧ و، هێزی دەریایی و ئاسمانیی بەریتانی و ئەمریکیی گرتووەتەوە.
لەوەتەی دامەزراندنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC) لە ساڵی ١٩٨١دا، سەرکردەکانی شەش وڵاتە ئەندامەکەی – بەحرێن، کوێت، عومان، قەتەر، عەرەبستانی سعوودی و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب – هەوڵەکانیان ئاراستەی یەکخستنی ناوچەیی کردووە. بەڵام سەرەڕای ٤٥ ساڵ لە لووتکە و ڕاگەیەنراوی هاوبەش، بەگشتی هاریکاریی ئابووری و سیاسی لەچاو گوتارەکاندا دوا کەوتووە.
جەنگی ئێستای ناو ئێران پێویستیی هاریکاریی کەنداوی زیاتر دەرخستووە و، لەوانەیە پڕۆژەی هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC Railway) ئەو ئامرازە بێت کە لە کۆتاییدا ئەم ئامانجەی پێ بەدی بهێنرێت.
پڕۆژەکە، کە لە (٣٠)یەمین لووتکەی ئەنجومەنەکەدا لە ساڵی ٢٠٠٩ ڕاگەیەنرا، ئامانجی دروستکردنی تۆڕێکی هێڵی ئاسنە بە درێژاییی ١٣٥٢ میل (٢١٧٧ کیلۆمەتر) بۆ بەستنەوەی شەش دەوڵەتەکەی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بەیەکەوە، بە تێچوویەکی خەمڵێنراوی ٢٥٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی. پلانەکە پێشبینیی خزمەتگوزاریی هێڵی ئاسنی ستاندارد (Standard gauge) بۆ گواستنەوەی کاڵا و سەرنشینان دەکات بەخێراییی نێوان ٥٠-٦٠ میل لە کاتژمێرێکدا (٨٠-١٠٠ کیلۆمەتر/کاتژمێر) بۆ کاڵا و ١٢٠ میل لە کاتژمێرێکدا (٢٠٠ کیلۆمەتر/کاتژمێر) بۆ سەرنشینان، کە هەموویان بە تەکنەلۆژیای ئەورووپی بۆ کۆنترۆڵکردنی شەمەندەفەر تەیار دەکرێن.
دوای پێشکەوتنێکی خاوی سەرەتایی، کە زۆربەی بەهۆی قۆناغەکانی دابەزینی نرخی نەوتەوە بوو کە بووە هۆی دواخستنی چەندان وەبەرهێنان لەم وڵاتە دەوڵەمەندانە بە سووتەمەنیی بەردین، لە دهیهی ٢٠٢٠میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و عەرەبستانی سعوودی سەرکردایەتیی خێراکردنی پڕۆژەکەیان کرد.
دواتر جەنگی ئێران ڕووی دا. لە نیسانی ٢٠٢٦، لە ناوەڕاستی هێرشەکانی تاران (Tehran) بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و داخستنی قەیراناویی گەرووی هورمز، سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو لە شاری جەددە (Jeddah) لە سعوودیا کۆ بوونەوە.
دەوڵەتە پاشایەتییەکان لە کۆبوونەوەکەدا داوای زیادکردنی هاریکاریی ئاسایشی و، هەروەها بەستنەوەی هاوبەشی کارەبا و بۆڕیی نەوتیان لەنێوان دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو کرد. هەروەها بەڵێنی خێراکردنی کارەکانی دروستکردن و تەواوکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی ئەنجومەنەکەیان دا.
لە کاتێکدا وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بەرپرسیارن لە دروستکردن و بەکارخستنی بەشەکانی خۆیان لە پڕۆژەکەدا، تا ئێستا عەرەبستانی سعوودی و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب زۆرترین پێشکەوتنیان بەدەست هێناوە.
میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب لە حوزەیرانی ٢٠٢٦دا هێڵی “ئیتحاد”ی خستە کار، کە سەرنشینان لەنێوان ئەبوزەبی (Abu Dhabi) و فوجەیرە دەگوازێتەوە. بڕیارە تا کۆتاییی ساڵ هێڵێکی خزمەتگوزاریی تەواو لە کەنداوی عومانەوە تا سنووری سعوودیا بکرێتەوە؛ هەروەها کارەکانی دروستکردنی بەشی نێوان میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و عومان بەباشی بەرەوپێش دەچێت؛ قەتەر، بەحرێن و کوێتیش خەریکی تێپەڕاندنی بەشەکانیانن بە پرۆسەکانی پلانداڕێژی و دیزاینکردندا.
پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٦دا، بەڕێوەبەری دەستەی هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو ڕای گەیاند، کە پڕۆژەکە گەیشتووەتە ٪٥٠ی تەواوبوون و لەسەر ڕێڕەوی دروستی خۆیەتی بۆ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٣٠دا بکەوێتە کار.
پەیوەندیی زیاتر بە ئەورووپا و ئاسیاوە
هەر کە پرۆژەکە تەواو ببێت، تۆڕەکە یەکەمین سیستەمی هێڵی ئاسنی یەکگرتوو و نێوان-سنووریی لە ناوچەی کەنداو دروست دەکات، کە لە بەندەرەکانی کەنداوی عومانەوە درێژ دەبێتەوە تاوەکوو شاری کوێت.
بەڵام پلانی یەکخستنی زۆر گەورەتر و گۆڕانکارتر خەریکە دادەڕێژرێت.
چەندان پەیوەندیی شیمانەیی بە ئەورووپاوە لەژێر لێکۆڵینەوە یان پەرەپێداندان.
هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو دەتوانێت لە ڕێگەی چەندان ڕێڕەوی جیاوازەوە کەنداوی عومان و هەر شەش وڵاتە ئەندامەکەی ئەنجومەنەکە بە ئەورووپاوە ببەستێتەوە:
بەندەرەکانی هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو لەسەر کەنداوی عومان، لەوانەیش بەندەری فوجەیرەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و دامەزراوە فراوانکراوەکانی سۆحار (Sohar) لە عومان، لە ڕێگەی دەریای عەرەب و زەریای هیندییەوە وڵاتانی کەنداو بە بازاڕەکانی ئاسیاوە دەبەستنەوە. ئەو تۆڕە لە کاتی قەیرانەکاندا جێگرەوەیەکی بەنرخ بۆ گەرووی هورمز دابین دەکات.
لە ئێستادا چەندان هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئەم ڕێڕەوانە لە ئارادان و لەلایەن وەبەرهێنانی گەورەوە لە ناوەوە و دەرەوەی کەنداو پشتیوانییان لێ دەکرێت.
ئەمانەیش ڕێڕەوی ئابووریی هیندستان-رۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا (India-Middle East-Europe Economic Corridor) دەگرنەوە، کە لەلایەن هیندستان، یەکێتیی ئەورووپا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی کەنداوی فارسەوە پشتیوانیی دەکرێت؛ هەروەها پردی وشکانیی عەرەبستانی سعوودی لە ڕیازەوە بۆ شاری بەندەریی جەددە لەسەر دەریای سوور – کە پێشتر گرێبەستی دیزاینەکەی واژۆ کراوە؛ لەگەڵ پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی عێراق (Development Road Project).
لە حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، عەرەبستانی سعوودی و تورکیا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە پێکەوەبەستنەوەی هێڵی ئاسن واژۆ کرد کە بژاردەی بووژاندنەوە و نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنی سەد ساڵەی حیجاز (Hejaz Railway) لەخۆ دەگرێت، بە مەبەستی دووبارە بەستنەوەی تورکیا بە عەرەبستانی سعوودییەوە لە ڕێگەی ئوردن و سووریاوە.
هەر چوار دەستپێشخەرییەکە پلانیان هەیە هێڵەکانی ئاسن لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ ئەورووپا یان دەریای ناوەڕاست فراوان بکەن.
داڕشتنەوەی سیستەمی ناوچەیی و جیهانی؟
سەرباری ئەمانەیش، هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و پەیوەندییە داهاتووەکانی، زیاترن لە تەنیا ژێرخانێک. هەروەها دەیان ملیۆن گەشتیار لەنێوان سنوورەکاندا بۆ مەبەستی بازرگانی و گەشتوگوزار بەیەکەوە دەبەستێتەوە. تۆڕی هێڵە ئاسنییەکەیش گەشتکردن بۆ سەردانیکەرە نێودەوڵەتییەکان بەناو چەندان وڵاتی کەنداودا ئاسانتر دەکات و، دەرفەتی نوێ بۆ گەشتوگوزاری ناوچەیی دەڕەخسێنێت.
ئەم جۆرە پەیوەندییانە دەتوانن پشتگیری لە سەقامگیریی سیاسی و گەشەپێدانیش بکەن. بۆ نموونە، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی عێراق توانای هەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و عێراق لە دۆخێکەوە کە زۆر جار بە نیگەرانییە ئەمنییەکان و بڵاوبوونەوەی هەژموونی ئێران پێناسە دەکرێت، بگۆڕێت بۆ پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای پێکەوەبەستنی ئابووری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەشەپێدان بێت. بە هەمان شێوە، یەکگرتنی زیاتری ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو لەوانەیە ببێتە هۆی زیاتربوونی وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری لە سووریای دوای جهنگی ناوخۆ.
هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، پێکەوەبەستنە نوێیەکە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێکانی داهاتووی نێوان وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، وەک گەمارۆکەی قەتەر.
لە ماوەی کورتخایەندا، پێ دەچێت سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو باشتربوونی هاریکاریی ئابووری و سیاسی، وەک هاوسەنگییەک بەرامبەر بە ئێران ببینن. بەڵام لە ماوەی درێژخایەندا، کاریگەرییەکانی پڕۆژەکە لەوانەیە ببێتە هۆی باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو.
پێشبینیی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکان
لە ڕووی مێژوویییەوە، هێڵەکانی ئاسن کاریگەرییەکی وەرچەرخانئامێزیان هەبووە لە دروستبوونی وڵاتاندا، لەوانەیش ئەمریکا و کەنەدا. هەروەها ئەورووپایان بەیەکەوە بەستووەتەوە و یارمەتیدەر بوون لە مۆدێرنکردنی ژاپۆنی دوای جەنگ و چینی سەردەم.
باشترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، سەیرکردنییەتی لەو چوارچێوە مێژوویییە فراوانەدا. پڕۆژەکە زیاترە لە ژێرخانێکی فیزیکی، بەڵکوو نوێنەرایەتیی هەوڵێکی ستراتیژی و هاوبەش دەکات بۆ بەهێزکردنی توانای خۆڕاگریی ههرێمایهتی، قووڵکردنەوەی یەکخستنی ئابووری، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز و جێگیرکردنی پێگەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو وەک ئەڵقەی پێکەوەبەستنی ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا.
هێڵەکانی ئاسن ناتوانن ڕێگری لە جەنگەکان بکەن یان ڕکابەرییە جیۆپۆلیتیکییەکان نەهێڵن. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ژێرخان دەتوانێت ئەو پاڵنەر و ناسنامانە دابڕێژێتەوە کە ئاراستەی ڕەفتار و بڕیارەکان دەکەن. هێڵەکانی ئاسن دەتوانن هاریکارییەکی ناوچەییی پڕواتاتر بخەنە سەرپێ.
سەرچاوە:
نووسەر: داریۆش میعمار (به فارسی: داریوش معمار) بۆچی تەنیا چەند مانگێک دوای دانانی "زولقەدر" لە… زیاتر
نووسینی: عەبدولڕەحمان ڕاشد ڕوونە، ئەو جهنگەی ئێران دژی شانشینی عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی تری… زیاتر
نووسەر: ناداڤ ئەیاڵ (Nadav Eyal) ماڵپەڕ: یەدیعۆت ئەحرۆنۆت (YediotAhronot) ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا… زیاتر
نووسەر: مەلیک کایلان (Melik Kaylan) ماڵپەڕ: فۆربس (Forbes) لە سایەی ئەو پشێوییە ئاڵۆزەی لە ڕۆژهەڵاتی… زیاتر
نووسەر: سایە ڕەحیمی (سایه رحیمی) ماڵپەڕ: ئیندیپێندنت فارسی (Independent Persian) لەم ڕۆژانەدا کە شریتی باشووری… زیاتر
جهنگی ئێران چۆن کۆتایی دێت؟ نووسەر: مایکڵ فرۆمان (Michael Froman) ماڵپەڕ: ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان (Council… زیاتر