لە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەدا، حکوومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ٣٠ی ئەیلوولی 2026 وادەیەکی “نەگۆڕ و کۆتایییە” بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی (المدی، 2026). ئەم بڕیارە کە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنە چڕەکانی “لیژنەی سەربازیی باڵای عێراقی-ئەمریکی” داڕێژراوە، تەنیا گۆڕینی کاتیی هێزەکان نییە، بەڵکوو “دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆنە” (U.S. Department of War, 2026). لێرەدا عێراق لە قۆناغی “ئۆپەراسیۆنی عەزمی پۆڵایین (OIR)” و هاوپەیمانێتییەکی فرەلایەنی نێودەوڵەتییەوە، دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغی “هاوبەشیی ئەمنیی دووقۆڵی” لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی “سۆفا” (SOFA)، كە ساڵی 2008 واژۆ كراوە.
ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە، ژینگەی ئەمنیی عێراق لە “پاراستنی نێودەوڵەتی”یەوە دەگوازێتەوە بۆ “بەرپرسیارێتیی نیشتمانی”، کە تێیدا ئامادەییی ئەمریکا لە هێزێکی شەڕکەر و بەرپەرچدەرەوە، دەبێتە هێزێکی ڕاوێژکاری و پاڵپشتیكار (U.S. Department of State, 2024). ئەمەیش عێراق دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەی هاوسەنگکردنی هێزە هەرێمایەتییەکان بەبێ چەتری ڕاستەوخۆی هاوپەیمانان.
خوێندنەوەی کشانەوەی ساڵی ٢٠٢٦، بەبێ گەڕانەوە بۆ “ترۆمای ٢٠١١” مەحاڵە. لەو ساڵەدا عێراق لە کاتێکدا ماڵاواییی لە هێزە ئەمریکییەکان کرد (170 هەزار سەرباز) کە وڵات لە لووتکەی شەقبوونی سیاسی و پەككەوتنی پەرلەمانیدا بوو (فرانس 24، 2011)؛ ئەو بۆشایییەی بهجێ ما، بووە زەمینەیەکی لەبار بۆ سەرهەڵدانی “داعش” و گرووپە توندڕەوەکان و، نەك ئاسایشی عێراق بەتەنیا بەڵكوو سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش كەوتە بەردەم مەترسییەەوە (زرافة، 2016، 65_ 39). بەڵام جیاوازیی جەوهەریی ئەم جارە لەوەدایە؛ ئەگەر لە ٢٠١١ مەترسییەکە “تیرۆری دەرەکی و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان” بووبێت، ئەوا لە ٢٠٢٦دا مەترسییەکە ئاڵۆزترە. ئێستا هەڕەشەی داعش کەم بووەتەوە، بەڵام لە شوێنی ئەو، “دیاردەی فرەناوەندییی چەکداری” و هەژموونی گرووپە وەلائییەکان سەری هەڵداوە. مەترسییەکە تەنیا بۆشاییی ئەمنی نییە، بەڵکوو مەترسیی ئەوەیە کە ئەم بۆشایییە لەلایەن گرووپە چەکدارە نافەرمییەکانەوە پڕ بکرێتەوە؛ کە ئەمەیش دەوڵەتی عێراق دەخاتە نێوان دوو بەرداش: “سەروەریی نیشتمانی” و “هەژموونی گرووپە نافەرمییەکان”.
گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراقدا یەکەیەکی یەکگرتوو نین؛ ئەوان تۆڕێکی ئاڵۆزن لە بەرژەوەندیی سیاسی و وابەستەییی ئایدیۆلۆژی. لەبەردەم پرسەكانی “قەتیسكردنی چەک” و “ڕادەستکردنی چەک” و مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، نەخشەی ئەم گرووپانە بۆ سێ ئاراستەی جۆراوجۆر دابەش دەبێت.
یەكەم- ئاراستەی “تێکەڵبوون وەک تاکتیک” (ئینتیمای دەوڵەتی):
ئەم بەرەیە کە “ڕەوتی سەدر”، “عەسائیبی ئەهلی هەق” و “کەتیبەکانی ئیمام عەلی” دەگرێتەوە، گوتارێکی “دەوڵەت-تەوەر”یان گرتووەتە بەر و ئامادەییی خۆیان بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکانی حکوومەت دەربڕیوە بۆ قەتیسكردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا (العربية، 2026؛ الجزیرة، 2026). بەڵام شیکارەكان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە “پابەندبوونێکی ڕواڵەتییە”؛ ئامانجیان ئەوەیە باڵە سەربازییەکانیان لەژێر چەتری فەرمیی دەوڵەتدا بپارێزن و پارەداریشیان بکەن، بەبێ ئەوەی ئەو چەکدارانە دەستبەرداری مەرجەعییەتی سیاسی و مەزهەبی و ڕێکخراوەییی خۆیان بن. ئەم هاوكێشەیەیش جۆرێکە لە “دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا” بە بەرگێکی یاسایییەوە.
دووەم- بەرەی “ڤیتۆی چەک” (ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردن):
بەرەی توندڕەو، کە بریتین لە “کەتائیبی حزبوڵڵا”، “بزووتنەوەی نوجەبا”، “کەتائیبی سەییدولشوهەدا” و، “ئەنساروڵڵای ئەوفیا”، بەئاشکرا لۆژیکی چەکداماڵین ڕەت دەکەنەوە. ئەگەرچی “ئەبو ئالائی وەلائی” بەهۆی پێگەی سیاسییەوە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەدا، فەزایەکی مانۆڕی بۆ پاشەكشە هێشتووەتەوە، بەڵام “بزووتنەوەی نوجەبا” و “کەتائیبی حزبوڵڵا” لە گوتار و بەیاننامەكانیاندا وەک “ئەکتەری سەروودەوڵەت” ڕەفتار دەکەن (الجزيرة، 2026؛ العربیة 2026). بۆ ئەوان، چەک تەنیا کەرەستەیەکی بەرگری نییە، بەڵکوو ناسنامە و ئامرازێکی گوشارە و، بەپێی پێداگرییی خۆیان تەنانەت پاش ٣٠ی ئەیلوولیش دەستبەرداری نابن.
سێیەم- شانە سێبەرەکان؛ سوپایەکی نادیار بۆ ئامانجە هەرێمایەتییەکان:
لە دەرەوەی ههیكهڵی گرووپە چەکدارە ناسراوەکان، هەشت سەرچاوەی جیاوازی عێراقی پەردەیان لەسەر وەرچەرخانێکی مەترسیدار لا داوە؛ ئەویش دەستپێکردنی پڕۆسەی دروستکردنی “شانەی نادیار و نهێنیی نوێ”یە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە، تێپەڕاندنی تۆڕی گرووپە باوەکان و پەردەپۆشکردنی چالاکییەکانە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوەیەکی نێودەوڵەتی.
بەپێی زانیارییەکانی “ڕۆیتەرز، ٢٠٢٦”، لەنێوان ٢٠ی نیسان تا ١٧ی ئایاری ٢٠٢٦دا، سێ تا چوار لەو شانانه- کە هەر یەکەیان تەنیا لە ١٠ چەکداری هەڵبژێردراوی عێراقی پێک هاتوون- لانی کەم ٧ “هێرشی درۆنی”یان كردۆته سەر كۆمهڵێك ئامانج لە کوێت، سعوودیا و ئیمارات. ئەم پێکهاتە بچووک و “سێبەرانە” مەترسیدارترین جۆری هەڕەشەی ئەمنین؛ چونکە بەهۆی نەبوونی ناونیشانی فەرمی و توانای باڵای جموجۆڵ و مانۆڕکردنیان، پرۆسەی کۆنترۆڵکردن و شوێنپێهەڵگرتنیان ئاستەنگێکی گەورەی هەواڵگرییە.
لەپشت پەردەی هەموو ئەم ئاراستە جیاوازانەوە، ستراتیژییەکی یەکگرتووی ئێرانی بەدی دەکرێت: هێشتنەوەی چەک وەک زامنکەری هەژموون. پاش گۆڕانکارییە خێراكانی سووریا و گوشارەکان بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنان، ئێستا عێراق بۆ تاران بووەتە “دوایین سەنگەری ستراتیژی”. گوتاری سیاسیی ئەم گرووپانە لە “نیشتمانیبوون”ەوە بەرەو “ئومەمییەتی شیعی” گۆڕاوە. بۆ تاران، چەکی گرووپە وەلائییەکان لە عێراق، بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران (شبكة الساعة، 2026). لەم نێوهیشدا زانیارییە بەردەستەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئیسماعیلی قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، لە دوا سەردانی ڕانەگەیەنراویدا بۆ عێراق، جەختی لە ڕێگریکردن لە هەر بەریەککەوتنێکی چەکداری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستبەرداربوونی چەکی گرووپەكانیشی ڕەت کردەوە؛ بەو پێیەی سەپاندنی ئەمریكایە؛ هەروەها داوای پاراستنی چەکەکانیانی کردووە وەك پێشگیرییەك لە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر “میحوەری مقاوەمە” (العربي الجدید، 2026؛ شفق نیوز، 2026).
واژۆکردنی “ڕێککەوتننامەی مەککە” لە ٧ی ئابی ٢٠٢٦دا لەنێوان (سعوودیا، تورکیا و پاکستان)، جووڵەیەكی جیۆپۆلیتیکی گەورە بوو کە دەشێت سەرلەنوێ هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە و دەوروبەری عێراق دابڕێژێتەوە. ئەم هاوپەیمانییە وەك دروستکردنی “سێگۆشەیەک” وێنا دەكرێت كە تێیدا پڕەنسیپی “بەرگریی بەکۆمەڵ” پەیڕەو دەکرێت. لێرەدا عێراق و گرووپە چەکدارەکان، خۆیان لەبەردەم واقعێکی نوێدا دەبیننەوە: هەر هێرشێک بۆ سەر سعوودیا، لە ڕووی تیۆرییەوە بە واتای وەرچەرخانی تورکیا و پاکستان دێت بۆ لایەنی بەرگریکار، چونكە لە دووتوێی ڕێككەوتننامەكەدا ئەوە بە دەق هاتووە (بي بي سي، 2026). ئەمەیش فەزای مانۆڕی گرووپە “وەلائییەکان” لە ناوچەکەدا بەرتەسک دەکاتەوە.
٦. تارماییی تورکیا و سووریا؛ دڵەخورپێی “ئێدلبی دووەم” لە عێراق
لە کاتێکدا تاران و درێژكراوەكانی، هاوپەیمانییە “سوننییەكە”ی سعوودیا و توركیا و پاكستان بە “هەنگاوێکی سیمبولی” ناو دەبەن، بەڵام لە ناوخۆی عێراقدا دەنگە نزیکەکان لە میحوەرە ئێرانییەكە، وەک “فالح خەزعەلی”، هۆشداریی لە مەترسییەکی گەورە دەدەن. ترسی گەورەی ناوەندە شیعییەکان لەوەدایە کە تورکیا بە پاڵپشتیی ئەم هاوپەیمانییە، سیناریۆی “ئێدلب و دیمەشق” لە مووسڵ و کەرکووک دووبارە بکاتەوە (الرابعة، 2026). ئەم ترسە لەگەڵ سەرهەڵدانی “سووریای نوێ” بە ڕابەرایەتیی سوننەکان (ئەحمەد شەرع)، گۆڕاوە بۆ “هەڕەشەیەکی وجوودی کە دەکرێت تەواوی نەخشەی سیاسیی بەغدا بخاتە ژێر پرسیارەوە.
جگە لە بابەتی چەکی گرووپەكان، لە لایەکی ترەوە واشنتۆن لە ڕێگەی نێردراوەکەیهوه (تۆم باراک)، خەریکی داڕشتنی نەخشەیەکی ئابووریی فرەچەشنە بۆ “دەرهێنانی عێراق لە خولگەی ئێران”. پڕۆژەی هێڵی نوێی بۆڕیی نەوت لەنێوان عێراق و سووریا- کە لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتۆن تاوتوێ کرا- تەنیا پڕۆژەیەکی بازرگانی نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ:
ئەم دیدگهیەی ئەمریکا بۆ عێراقی پاش ٣٠ی ئەیلوول، جەخت لەسەر “ئاوێتەکردنی ئابووریی عێراق لەگەڵ دژبەرانی ئێران” دەکاتەوە. لێرەدا عێراق لەبەردەم دوو بژاردەی دژبەیەكدایە: یان دەبێتە بەشێک لەم “تۆڕە جیهانییە نوێیە” و سوود لە بووژانەوەی ئابووری وەردەگرێت، یان بەهۆی پابەندیی سیاسی و ئایدیۆلۆژی بە تارانەوە، لە “پەراوێزێکی گۆشەگیردا” دەمێنێتەوە و دەبێتە قوربانیی ململانێی جەمسەرەکان.
حکوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی، بۆ قۆناغی پاش ٣٠ی ئەیلوول تەنیا پشتی بە ڕێککەوتننامەکان نەبەستووە، بەڵکوو ستراتیژییەتێکی “فرەڕەهەند”ی گرتووەتە بەر. ئەم ئامادەکارییانە لە پێنج کایەی سەرەکیدا چڕ بوونەتەوە:
یەكەم- دروستکردنی شەرعییەتی سیاسی و گواستنەوە بۆ یاسای تیرۆر
وەرچەرخانی هەرە گەورە لە کۆدەنگیی “هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت”دا بینرا؛ کاتێک پرسی چەک لە “دانوستانی سیاسی”یەوە گۆڕدرا بۆ “ئیستحقاقێکی یاسایی”. دیاریکردنی ٣٠ی ئەیلوول وەک دوا وادە و مامەڵەکردن لەگەڵ چەکی دەرەوەی دەوڵەت لە چوارچێوەی “یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” (ألترا عراق، 2026)، چەکێکی یاساییی بەهێزی دایە دەست حکوومەت. ئەمە بەو مانایەیە کە لەمەودوا ململانێکە لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە لەنێوان دوو بژاردەی سیاسیدا نییە، بەڵکوو لەنێوان “یاسا و یاساشکێناندایە”.
دووەم- ستراتیژیی “هەڕەشە”
بەرپرسانی حكوومەت پەیامی ڕوون بۆ گرووپە چەکدارەکان دەنێرن: “دیالۆگ بژاردەی یەکەمە، بەڵام بژاردەی کۆتایی نییە” (العربي الجدید، 2026). حکوومەت لە ڕێگەی کاراکردنی کەناڵەکانی وەک “عەممار حەکیم” و “هادی عامری” هەوڵی داوە پرۆسەکە “بەنەرمی” بباتە پێش (يوتيفى، 2026)، بەڵام لەپشت پەردەوە زمانی “ناچارکردن بە هێز” ئامادەیە.
سێیەم- نیشاندانی هێز لە مەیداندا
جووڵە ئەمنییەکانی بەغدا، دەستبەسەرداگرتنی دەیان درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و داخستنی ٧١ بارەگای “نافەرمی” لەژێر ناوی حەشدی شەعبی” (یوتیفي، 2026)، تەنیا ڕێکاری ئەمنی نین، بەڵکوو “مانۆڕی سیاسیی مەیدانین”. حکوومەت دەیەوێت بیسەلمێنێت کە توانای هەواڵگری و سەربازیی بۆ “بڕینی سەرچاوەی هەڕەشەکان” هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشكرای كردووە کە بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا ڕێکارێکی خۆپارێزی بووە و، بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێک کە درۆنیان پێ بووە و دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکیان (جريدة، 2026). ئەم بڵاوبوونەوە ئەمنییە و جموجوڵەی حكوومەتیش ئەوە نیشان دەدات کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لەنێوان دەسەڵات و گرووپە چەکدارەکاندا بەریەككەوتن ڕوو بدات و، حكوومەت بۆ وەها ئەگەرێك ئامادەیە (المدى، 2026).
چوارەم- ڕێکخستنەوەی ههیكهڵی ئەمنی
سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، بە کاراکردنەوەی “نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان” (دوای ١٢ ساڵ لە پەکخستنی)، گۆڕانی لە ههیكهڵی بڕیارداندا کرد. ئەمە هەنگاوێکە بۆ “کۆتاییهێنان بە جەمسەرگیریی ئەمنی”. بەم بڕیارە، هەموو دەزگهکان (دژەتیرۆر، هەواڵگری، حەشد و وەزارەتەکان) دەبنە یهكهیهكی هەماهەنگ لەژێر دەستی سەرۆکوەزیراندا (الحرة، 2026). ئەمەیش ڕێگرە لەوەی گرووپەکان بتوانن لە ناوەوەی دامەزراوەکان دەرچە بۆ جموجۆڵ بدۆزنەوە.
پێنجەم- دیپلۆماسییەتی زمانی نەرم
حکوومەت و بەشێک لە سەرکردە پراگماتییەكانی شیعە، زمانێکی “نەرم” بەکار دەهێنن؛ ئەوان گرووپەکان ئاگادار دەکەنەوە کە عێراق بەرگەی “گۆشەگیریی نێودەوڵەتی” ناگرێت. ئەم گوتارە دەیەوێت “عەقڵانییەت” بخاتە ناو هاوکێشەکەوە؛ بەوەی کە مانەوەی چەک چیتر وەک “بەرگری” نابینرێت، بەڵکوو وەک “هەڕەشە بۆ سەر بژێوی و سەقامگیریی عێراق” تەماشا دەکرێت (شبكة 964، 2026). لێرەدا حکوومەت وەک “دۆستێک” دەردەکەوێت کە دەیەوێت گرووپەکان لە تەڵەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان ڕزگار بکات.
ئەگەر و سیناریۆ گریمانكراوەكان
لەبەر ڕۆشناییی ئەو گۆڕانکارییانەی باس کران، دەکرێت داهاتووی عێراقی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان لە سێ سیناریۆی سەرەکیدا کورت بکەینەوە:
یەكەم- سیناریۆی سڕكردن
لەم ئەگەرەدا كە ڕێتێچووە، تاران وەک مانۆڕێکی تاکتیکی ڕەزامەندی لەسەر سڕکردنی کاتیی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان دەردەبڕێت. ئامانجی ئەمە پاراستنی “دەستەی حەشدی شەعبی”یە وەک قەوارەیەکی یاسایی و دارایی. لێرەدا گرووپەکان ناچنەوە ماڵەوە، بەڵکوو دەچنە قۆناغی سڕبوونی كاتی؛ تا لە کاتی هەر هەژانێکی هەرێمایەتی یان مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران، وەک “سوپای سێبەر” و بە ناونیشانی نوێ بخرێنەوە گەڕ. ئەمە سیناریۆی “پاراستنی هێزە بۆ ڕۆژی تەنگانە” یان “چەمانەوە لەبەردەم گەردەلوول”، تا ئەو كاتەی مەترسی و هەڕەشەكانی ئیدارەی ترەمپ دەڕەوێنەوە.
دووەم- سیناریۆی “بەریەککەوتنی جڵەوکراو”
ئەگەر حکوومەتی زەیدی سوور بێت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری ٣٠ی ئەیلوول و گرووپە ڕادیکاڵەکانیش (وەک نوجەبا و کەتائیب) مل نەدەن، ئەوا ئەگەری “پێکدادانی سنووردار” لە ئارادایە. ئەم پێکدادانە وەک جهنگێکی گشتگیر نابێت، بەڵکوو زنجیرەیەک “ئۆپەراسیۆنی نەشتەرگەریی ئەمنی” دەبێت بۆ پەکخستنی شانە سەرکێشەکان. هەردوو لا (دەوڵەت و گرووپەکان) ئاگادارن کە نابێت بگەنە خاڵی “جهنگی ناوخۆی شیعە”؛ بۆیە ململانێکە لە چوارچێوەی “شکاندنی پەنجە” و سەپاندنی هەژمووندا دەمێنێتەوە.
سێیەم- سیناریۆی “سپیکردنەوەی چەک”
ئەمە سیناریۆی “ڕێککەوتنی گەورە”یە؛ تێیدا چەکدارەکان لەناو دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکاندا (وەک حەشدی شەعبی) تێکەڵ دەکرێن و ناسنامەی سەربازیی فەرمییان پێ دەدرێت. لەبەرامبەردا، سەرکردە سەربازییەکانیان بەرگی سیاسی و ئابووری دەپۆشن. ئەم هەنگاوە لە ڕواڵەتدا واشنتۆن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕازی دەکات کە “چەک کۆ کراوەتەوە”، بەڵام لە ناواخندا هەژموونی گرووپەکان بە “شێوازێکی نەرم“ لەناو جومگەکانی دەوڵەتدا دەمێنێتەوە. ئەمە سیناریۆی “گۆڕینی ماسکەکانە” بۆ ڕزگاربوون لە گوشارە نێودەوڵەتییەکان.
بەپێی ئەو شیکارییەی لەم پەیپەرەدا کرا، دەتوانین دەرەنجامەکان لەم خاڵانەدا چڕ بکەینەوە:
١. گواستنەوەی پەیوەندییەکان بۆ “هاوبەشیی دووقۆڵی” لەگەڵ واشنتۆن، بەو مانایەیه کە عێراق چیتر ناتوانێت لەژێر “سێبەری پاراستنی نێودەوڵەتیدا” بێت. بەرپرسیارێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و جڵەوکردنی گرووپە چەکدارەکان، ئێستا ئەرکێکی تەواو نیشتمانییە. هەر شکستێک لەم تاقیکردنەوەیەدا، تارماییی ٢٠١١ و سەرهەڵدانەوەی بۆشاییی ئەمنی دەهێنێتەوە کایە.
٢. دابەشبوونی گرووپە چەکدارەکان بۆ بەرەی “پابەندبوونی تاکتیکی” و “ڕەتکردنەوەی ڕادیکاڵ”، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا لۆژیکی “چەک لەسەرووی دەوڵەتە”، هەڕەشەیەکی جددییە. دەرکەوتنی “شانە سێبەرەکان”ی سەر بە تاران، نیشانەی ئەوەیە کە عێراق هێشتا وەک گۆڕەپانێکی ململانێی “وەکالەت” دەمێنێتەوە؛ کە ئامانج لێی، بەستنەوەی چارەنووسی عێراقە بە بەرژەوەندییەکانی “ئومەمییەتی شیعی” و میحوەرە هەرێمایەتییەکانەوە.
٣. واژۆکردنی “ڕێککەوتننامەی مەککە” و گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی سووریا، عێراقیان خستووەتە نێوان دوو بەرداش: یان تێوەگلان لە ململانێیەکی هەرێمایەتی، کە دەبێتە هۆی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی، یان پەیوەستبوون بە “ڕێڕەوە نوێیەکانی وزە و ئابووری”، کە ئەمریکا و هاوپەیمانە نوێیەکانی ناوچەکە (سعوودیا، تورکیا و سووریای نوێ) دەیانەوێت بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران و گەرووی هورمز بنیاتی بنێن.
٤. ئامادەکارییەکانی حکوومەتی زەیدی لە ڕێگەی “کۆدەنگیی یاسایی”، “کاراکردنەوەی نووسینگەی فەرماندەی گشتی” و “سەپاندنی یاسای تیرۆر”، نیشانەی ئەوەن کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن تێ گەیشتووە کە بێدەنگی چیتر بژاردە نییە. حکوومەت هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تێکەڵکردنی “هێزی ڕەق” و “دیپلۆماسییەتی نەرم”، گرووپە چەکدارەکان بخاتە بەردەم بژاردەی “پابەندبوون یان ڕووبەڕووبوونەوە”.
کۆبەند
عێراقی پاش ٣٠ی ئەیلوول، پێویستی بە “گرێبەستێکی ئەمنیی نوێ“ هەیە؛ گرێبەستێک کە تێیدا بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت. داهاتووی عێراق بەندە بەوەی، تاچەند دەتوانێت خۆی لە “پاشکۆیەتیی ئێران” ڕزگار بکات و ببێتە کارەکتەرێکی سەربەخۆ لە هاوکێشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەر بەغدا نەتوانێت كۆنترۆڵ یان چارەسەری چەکی ناوخۆ بکات و هاوسەنگی لەگەڵ جەمسەرە هەرێمایەتییەکان بپارێزێت، ئەوا وادەی ٣٠ی ئەیلوول لەجیاتی ئەوەی ببێتە ڕۆژی “سەروەری”، دەبێتە سەرەتایەک بۆ قۆناغێکی ئاڵۆزتر لە ناسەقامگیری و ململانێی ناوخۆیی.
ألترا عراق (2026). ائتلاف إدارة الدولة: من يعتدي على دول الجوار يرتكب جريمة ويجب محاربته. متاح على: https://2h.ae/AfDpb :تاريخ الاطلاع: 11 أغسطس 2026.
الجزيرة نت (2026). بين مهلة الدولة وسلاح الفصائل.. من يربح معركة 30 سبتمبر بالعراق؟ متاح على: https://www.aljazeera.net :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.
جريدة (2026). العبودي يكشف كواليس «ليلة الإنذار ج»: لا تمرد من الفصائل.. وانتشار القوات أحبط خلية مسيّرات. متاح على: https://2h.ae/aZnGM :تاريخ الاطلاع: 8 أغسطس 2026.
الحسن، ت. (2026). «المدى» تروي “ليلة الرد المؤجل” على الرياض.. وكيف اختبرت بغداد قدرتها على قول “لا” للفصائل. المدى، متاح على: https://2h.ae/RFEJM :تاريخ الاطلاع: 9 أغسطس 2026.
الحرة (2026). خاص: الزيدي يعيد ترتيب القيادات الأمنية قبل مواجهة محتملة بعد 30 سبتمبر. متاح على: https://alhurra.com/31302 :تاريخ الاطلاع: 9 أغسطس 2026.
رزاقية، ح. (2016). «الانسحاب الأمريكي من العراق سنة 2011: دراسة في الأسباب والنتائج»، المجلة الجزائرية للعلوم السياسية والعلاقات الدولية، 9(2)، ص ص. 39–65. متاح على: https://2h.ae/BNHC :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.
شبكة 964 الإعلامية (2026). قيادي في الإطار يدعو لمصارحة الفصائل: العراق مهدد بحصار مثل إيران. متاح على: https://2h.ae/WHYLq :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.
شبكة 964 الإعلامية (2026). العامري ينهي ليلة بغداد المتوترة بصوت وصورة للفصائل: اتركوا السعودية. متاح على: https://2h.ae/Qzve (تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.
شبكة الساعة (2026). قرار إيراني يمنع تسليم سلاح الفصائل في العراق. متاح على: https://2h.ae/DRTLR :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.
الشرق الأوسط (2026). خط نفطي جديد يربط العراق وسوريا برعاية أميركية. متاح على: https://2h.ae/Ypgiv :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.
العرب (2026). الشرق الأوسط بعد عصر الوكلاء.. هل تستعيد الدول قرار الحرب؟ متاح على: https://2h.ae/yhnpz :تاريخ الاطلاع: 9 أغسطس 2026.
العربية (2026). 6 فصائل عراقية ڕفضت تسليم سلاحها.. تعرف عليها. متاح على: https://2h.ae/vMtAZ :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.
العربي الجديد (2026). ماذا يعني تفويض الحكومة العراقية باستخدام قانون مكافحة الإرهاب؟ متاح على: https://2h.ae/ANSwb :تاريخ الاطلاع: 7 أغسطس 2026.
العربي الجديد (2026). ڕسائل إيرانية للفصائل العراقية عبر قاآني وطلب لبغداد بشأن هرمز؟ متاح على https://2h.ae/rnjsj (تاريخ الاطلاع: 11 أغسطس 2026.
قناة الرابعة (2026). برنامج المسافة صفر. متاح على: https://2h.ae/zUBIv :تاريخ الاطلاع: 11 أغسطس 2026.
قناة يوتيفى (UTV) (2026). من المقار الوهمية إلى المســيرات.. الداخلية توسع معــركة حصر الســلاح.. و6 ملايين قطعة تحت المجهر. متاح على: https://2h.ae/vQzuN :تاريخ الاطلاع: 11 أغسطس 2026.
قناة يوتيفى (UTV) (2026).. “يضم السوداني والعامري”.. حيدر الموسوي يكشف تفاصيل الوفد الإطاري إلى طهران. متاح على https://2h.ae/BXEgx :تاريخ الاطلاع: 11 أغسطس 2026.
المدى (2026). الزيدي: 30 أيلول الموعد النهائي لانسحاب قوات التحالف من العراق. متاح على: https://2h.ae/dHACe :تاريخ الاطلاع: 9 أغسطس 2026.
مركز الإمارات للسياسات (EPC) (2026). نزع سلاح المليشيات في العراق: تداخُل الإرادات والإجراءات. متاح على: https://2h.ae/aOYIa: تاريخ الاطلاع: 9 أغسطس 2026.
BBC News Arabic (2026). اتفاقية مكة تجمع السعودية وتركيا وباكستان وتقوم على “الردع الجماعي”. 8 August. Available at: https://www.bbc.com/arabic (Accessed: 10 August 2026).
France 24 (2011). القوات العسكرية الأمريكية تنهي انسحابها من العراق بعد تسع سنوات من اجتياحه. 18 December. Available at: https://2h.ae/gxfPO (Accessed: 9 August 2026).
Reuters (رويترز) (2026). الحرس الثوري الإيراني شكل خلايا سرية بالعراق لمهاجمة دول بالخليج. 19 June. Available at: https://2h.ae/pSZpU (Accessed: 10 August 2026).
U.S. Department of War (2026a). Readout of Secretary of War Pete Hegseth’s Meeting With Iraqi Prime Minister Ali al-Zaidi. 14 July. Available at: https://www.war.gov (Accessed: 9 August 2026).
U.S. Department of War (2026b). Mission of the Global Coalition to Defeat ISIS in Iraq. 27 September. Available at: https://2h.ae/SDZmR (Accessed: 9 August 2026).
کێنێس ئێم. پۆڵاک (Kenneth M. Pollack) ماڵپەڕ: پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Middle East Institute) لە کاتێکدا… زیاتر
نووسەر: ستەیسی دی. ڤاندەڤیر (Stacy D. VanDeveer) قەیرانی گەرووی هورمز (Strait of Hormuz)، ئاڵۆزییە بەرفراوانەکانی… زیاتر
نووسەر: داریۆش میعمار (به فارسی: داریوش معمار) بۆچی تەنیا چەند مانگێک دوای دانانی "زولقەدر" لە… زیاتر
نووسینی: عەبدولڕەحمان ڕاشد ڕوونە، ئەو جهنگەی ئێران دژی شانشینی عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی تری… زیاتر
نووسەر: ناداڤ ئەیاڵ (Nadav Eyal) ماڵپەڕ: یەدیعۆت ئەحرۆنۆت (YediotAhronot) ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا… زیاتر
نووسەر: مەلیک کایلان (Melik Kaylan) ماڵپەڕ: فۆربس (Forbes) لە سایەی ئەو پشێوییە ئاڵۆزەی لە ڕۆژهەڵاتی… زیاتر