پێنووس

چوارچێوەی یاسایی ڕێکخستنی ڕێکار و پەیوەندییەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا:  خوێندنەوەیەک بۆ ئاستەنگ و دەرفەتەکانى چاکسازى

 

د. ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا ئەلمودەڕیس

دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هەولێر

 

پێشەکی

زانکۆ تەنیا شوێنی وانەگوتنەوە و تاقیکردنەوە و بەرهەمهێنانی توێژینەوە نییە، بەڵکوو ژینگەیەکی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتییە کە تێیدا کۆمەڵێک پەیوەندیی ئاڵۆز و بەردەوام لەنێوان قوتابی، مامۆستا، فەرمانبەر، دەسەڵاتە زانستی و کارگێڕییەکاندا دروست دەبێت. تەندروستبوونى ئەم پەیوەندییانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کواڵێتیی خوێندن و ئازادیی ئەکادیمی و دادپەروەری و متمانە بە دامەزراوەی زانکۆدا هەیە. لەبەر ئەوە، نابێت کێشەکانی ناو زانکۆ تەنیا وەک ڕووداوی تاکەکەسی یان ناکۆکیی نێوان دوو کەس سەیر بکرێن، چونکە دووبارەبوونەوەی هەمان کێشە لە زانکۆ و کۆلێژ و بەشە جیاوازەکاندا، زۆر جار ئاماژەیە بۆ هەبوونی کەلێنێکی ڕێکخستنی یاسایى یان کارگێڕی، نەک تەنیا وەک هەڵەیەکى کەسی سەیر بکرێت.

پرسیار ئەمەیە: بۆچی هەندێک کێشەی قوتابیان و مامۆستایان ساڵانە دووبارە دەبنەوە؟ بۆچی هەندێک ناکۆکیی سادە دەگاتە ئاستی بێڕێزیکردن، لەدەستدانی ماف، ستەم یان زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی؟ ڕەنگە ورووژاندنی ئەم پرسیارانە بۆ هەندێک لایەن ناخۆش بێت، بەڵام نووسینێکى بابەتییانە و ئەکادیمییانەى ئەمڕۆ، زۆر باشترە لە بێدەنگییەک کە کێشەکان بۆ سبەیەکی نادیار دوا بخات. هەر بۆیە، مەبەستی ئەم وتارە تۆمەتبارکردنی هیچ تاک یان دامەزراوەیەک نییە، بەڵکوو هەوڵێکی ڕەخنەگرانە و چاکسازیخوازانەیە بۆ دەستنیشانکردنی کەلێنەکان و دووبارە ڕێکخستنەوەی کار و ڕێکار و پەیوەندییە زانکۆیییەکان لەسەر بنەمای ڕێــز، سنوور، دادپەروەری، شەفافییەت، بەرپرسیارێـتی.

 

گرفتی سەرەکى

ناتوانرێت بگوترێت زانکۆکان بەتەواوی بێ یاسا و پەیڕەو و ڕێنمایی و ڕێسا کار دەکەن، چونکە لە زانکۆدا هەموو ئەمانە هه‌ن، کەم تا زۆر کاریان پێ دەکرێت و، زۆرێک لە کار و ڕێکار و پەیوەندییەکانى نێو حەرەمى زانکۆکان ڕێک دەخەن. بەڵام، گرفت ئەوەیە هەموو ڕەهەند و گۆشە جیاوازەکانى ئەم بابەتە داناپۆشن و، پانتایییەکى فراوان لە کار و ڕێکار و پەیوەندییە زانکۆیییەکان، بەتایبەت ئەوەى پەیوەستە بە نوێکارییەکانى تەکنه‌لۆژیاوە، بە داب و نەریتى زانکۆیى بەڕێوە دەچێت، یان بە بڕیار و بۆچوون و بیروباوەڕى کەسى دەبەسترێتەوە. ئەمەیش هه‌ر خۆى کێشەیەکى بنەڕەتییە، چونکە داب و نەریتى زانکۆیى و بیروباوەڕى کەسى لە مامۆستایەکەوە بۆ مامۆستایەکی تر، لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی تر، لە کۆلێژێکەوە بۆ کۆلێژێکی تر و، لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکى تر دەگۆڕێت.

ئەم جیاوازییە هەندێ جار وا دەکات ڕەفتارێک یان گوفتارێک لە شوێنێک ئاسایی و لە شوێنێکی تر قەدەغە بێت و، لە شوێنێکی ترى سێیەم بە ئارەزووی کەسى بڕیاربەدەست بەستراو بێت. بێ گومان لەم ژینگەیەدا، هیچ کەس و لایەک بەدڵنیایییه‌وه‌ نازانێت سنووری دەسەڵات و ماف و بەرپرسیارێتیی خۆی و بەرامبەرەکەی لە کوێدایە؛ ئەمەیش دەبێتە سەرچاوەی مامەڵەی جیاواز و بەزاندنی سنوور و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و لاوازبوونی متمانە بە دامەزراوە.

چوارچێوەى یاساییى ڕێکار و پەیوەندییە زانکۆیییەکان

ڕێکار و پەیوەندییەکانی ناو زانکۆ لەلایەن یاسایەکی تاک و تایبەتەوە ڕێک نەخراون، بەڵکوو کۆمەڵێک یاسا و ڕێنمایی بە شێوەی پەرشوبڵاو حوکمیان دەکەن. بۆیە ناتوانرێت بگوترێت چوارچێوەی یاسایی لەم بوارەدا بەتەواوی نییە؛ بەڵام دەتوانین بڵێین کەوا یەکگرتوو و ڕوون و بەردەست نییە. ئەم فرەیییەیش لەبری ئەوەی سەرچاوەی سەقامگیری بێت، هەندێ جار دەبێتە سەرچاوەی ناڕوونی؛ چونکە مامۆستا یان قوتابی یان فەرمانبەر ناچار دەبێت مافی خۆی لەنێوان دەیان دەقی پەرشوبڵاودا بدۆزێتەوە.

بۆ نموونە: بە شێوەیەکى گشتى و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی سزاداندا، ماددەکانی (٣٢٩–٣٣٢)ی یاسای سزاکانى فیدڕاڵى ژمارە (١١١)ی ساڵی (١٩٦٩) باس لە هەندێ جۆرى تاوانى وەزیفى دەکەن و، لە ئاستی بەرپرسیارێتیی کارگێڕییشدا، یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی فیدڕاڵى ژمارە (١٤)ی ساڵی (١٩٩١)، بەتایبەت ماددەکانى (4، 5، 8) باس لە ئەرکەکانى فەرمانبەرى گشتى دەکەن، لەگەڵ ئەو سزا کارگێرییانەى کەوا بەسەریاندا دەسەپێنرێت.

بەڵام لە چوارچێوەی تایبەت بە زانکۆدا، چەندان یاسا و ڕێنمایى هه‌ن، بۆ نموونە: یاسای ڕاژەی زانکۆییی فیدراڵى ژمارە (٢٣)ی ساڵی (٢٠٠٨)، کە بە یاسای ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠١٣) لە هەرێمی کوردستان بەرکار کراوە و، یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٨) کە پێکهاتە و دەسەڵاتەکانی وەزارەت و زانکۆ و کۆلێژ و بەش ڕێک دەخات. لە ئاستی ڕێنمایییەکانیشدا، ڕێنماییی تاقیکردنەوەکان ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٩) و، ڕێنماییی بەرزەفتی قوتابیانی خوێندنی باڵا ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠٠٩) و، هەروەها ڕێنمایییەکانی تایبەت بە خوێندنى باڵا (دیپلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا)، گۆڤاری زانستی، پێدان و بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی و، كۆمه‌ڵێك ڕێنمایى و بڕیارى تر بەدى دەکرێن.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، دەبێت ئەوە بزانین زۆریی ژمارەی یاسا و ڕێنمایییەکان بە مانای ڕێکخستنێکى یاساییى تەواو نایەت، چونکە زۆربەیان بۆ بابەتێکی دیاریکراو و لە کاتێکی جیاوازدا دەرچوون و، جۆرێک لە دژیەکبوون لەنێوانیاندا بەدى دەکرێت؛ ئەمە جگە لەوەى تاوەکوو ئێستا هەندێ بابەت بە ڕێکنەخراوى ماونەتەوە و بۆ ڕێکخستنیان پشت بە داب و نەریتى زانکۆیى و قەناعەتى کەسى بڕیاربەدەست دەبەسترێت. ئەمەیش زیاتر لە پەیوەندییەکانى ناو زانکۆ و ڕێکارەکانى بەدى دەکرێن، چونکە یاسا و ڕێنمایییەکان زۆر نەپڕژاونه‌ته‌ سەر ئەم وردەکارییانە و، زانکۆکانیش وەک پێویست خەمیان لەم بابەتە نەخواردووە؛ بۆیە بەڕێکنەخراوى و ناڕوونى و ناسەقامگیرى ماوەتەوە و، زیاتر ئاکار و میزاجى کەسى، حوکمیان دەکات. ئەمانەى خوارەوەیش گرنگترینى ئەو پەیوەندى و ڕێکارانەن کە وەک پێویست لە زانکۆکاندا ڕێک نەخراون:

یەکەم: پەیوەندیى نێوان مامۆستا و قوتابیى بەکالۆریۆس

ئەگەر وانەگوتنەوە پڕۆسەی سەرەکیى خوێندنی بەراییى زانکۆیی بێت، ئەوا پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی، دڵى ئەم پڕۆسەیە. کواڵێتیى خوێندن تەنیا بە ناوەڕۆکی وانە و شارەزاییی مامۆستا ناپێورێت، بەڵکوو بەوەیش دەپێورێت کە قوتابی تاچەند دەتوانێت بەبێ ترس پرسیار بکات، بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، هەڵە بکات و وەڵامی زانستی وەربگرێت و بە ڕێزەوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت. لە بەرامبەریشدا، مامۆستا مافی ئەوەی هەیە ژینگەیەکی ئارام و ڕێکخراوی هەبێت و، کات و تایبەتمەندیی خۆی ڕه‌چاو بكات و، لە بێڕێزى و گوشار و کارى نابەجێی قوتابی بپارێزرێت. کەواتە، پەیوەندیى نێوان قوتابى و مامۆستا پەیوەندییەکی یەکلایەنە و یەکئاراستە (فەرماندان و گوێڕایەڵى) نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی دوولایەنەی ماف و ئەرک و بەرپرسیارێتییە؛ هەرچەندە بەهۆی دەسەڵاتی هەڵسەنگاندن و نمرەدانانەوە هاوسەنگیی تەواو لەنێوان هەردوو لادا نییە و زیاتر بە لاى مامۆستادا شکاوەتەوە.

لەو یاسا و ڕێنمایییانەی کەوا ئێستا بەرکارن، پەیوەندیى نێوان مامۆستا و قوتابی بە دەستەواژە گشتییەکانی وەک “پابەندبوون بە یاسا” و “پاراستنی ڕێـز و شکۆ” و “ئەنجامدانی ئەرکی زانستى” و…، ڕێک خراوه‌ و، ئەم دەستەواژانەیش، هەرچەندە پێویستن، بەڵام بۆ ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانەی نێو زانکۆ لە سەردەمى ئێستادا بەس نین. وشەی “ڕێـز” بۆ نموونە، ئەگەر پێناسە و سنووری دیاری نەکرێت، دەکرێت لەلایەن کەسێکەوە بە گوێڕایەڵیی بێمەرج و لەلایەن کەسێکی ترەوە بە مافی ڕه‌خنه‌گرتن لێک بدرێتەوە. بۆیە گرفتی سەرەکی لێرەدا نەبوونی “ڕێز” نییە، بەڵکوو نەبوونی پێناسەیە بۆ وشەى “ڕێز” و سنوورەکانى.

ئەگەر بەوردى سەیرى پەیوەندیى نێوان مامۆستا و قوتابى بکەین، دەبینین لە چەندان ڕەهەند و گۆشەوە پێویستى بە ڕێکخستن هەیە، چونکە یاسا و ڕێنمایییە بەرکارەکان ناتوانن وەڵامى زۆر پرسیار بدەنەوە کە پرسیارى سادەى ڕۆژانەن، بۆ نموونە: “ئایا مامۆستا و قوتابی دەتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوڕێ بن؟” و، “ئەگەر دەتوانن، لایک و کۆمێنت چۆن دەکرێت؟”، “ئیمۆجییەکان چۆن بەکار دێن؟”، “لەسەر وێنەى کەسى، دەکرێت لایک یان کۆمێنت بکرێت؟ و، بە چ شێوازێک؟ و…” و، “پەیوەندیی ئەلیکترۆنیى نێوان مامۆستا و قوتابى لە ڕێگەی ئیمەیڵی زانکۆیی بێت، یان ئەپەکانى پەیوەندیکردنى وەک واتساپ، یان نامەی تایبەتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت؟” و، “قوتابی تا چ کاتژمێرێک مافی پەیوەندى یان نامەناردنی بۆ مامۆستا هەیە؟” و، “مامۆستا چۆن و لە چ ماوەیەکدا دەبێت وەڵام بداتەوە؟”، “ئایا پێش ڕۆژى تاقیکردنەوە بە ڕۆژێک یان دووان یان هەفتەیەک، مامۆستا دەتوانێت وەڵامی پرسیاری قوتابییەکی دیاریکراو بداتەوە؟ یان دەبێت بۆ هەموو قوتابیان بەردەست بێت؟”، ئایا قوتابى دەتوانێت دەنگى مامۆستا لە هۆڵەکانى خوێندن تۆمار بکات؟ چۆن و کەى و بە چ شێوازێک؟ ئایا ڕەزامەندیى پێشوەختەى دەوێت؟ کێ ئەو ڕەزامەندییە بدات؟” ئەم پرسیارانە بێبایەخ نین، چونکە لە ژیانی ڕۆژانەی زانکۆدا هەر یەکێکیان دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی لێکتێنەگەیشتن و کێشە.

چارەسەرى ئەم بابەتانە بە قەدەغەکردنی تەواوی پەیوەندیی دیجیتاڵی نێوان مامۆستا و قوتابى نابێت، چونکە ئەوە لەگەڵ سەردەمى ئەمڕۆدا ناگونجێت، بەڵکوو پێویستە کەناڵ و کاتی پەیوەندیی ئەلیکترۆنى بۆ مامۆستا و قوتابى ڕوون بکرێنەوە. لەم بارەیەوە، پێویستە ئیمەیڵی زانکۆیی یان پلاتفۆرمی فەرمی، کەناڵی سەرەکیی پەیوەندیکردن بێت و، هەروەها گفتوگۆی پەیوەست بە نمرە و تاقیکردنەوە و بڕیاری ئەکادیمی، نابێت لە نامەی تایبەتیی سۆشیال میدیا بکرێت، چونکە پێویستی بە تۆمارکردن و شەفافییەت و پاراستنی هەردوو لایەن هەیە. زانکۆش دەتوانێت کاتێکی فەرمی بۆ پەیوەندی دیاری بکات (بۆ نموونە: لە ٨ی بەیانی تا 8ی ئێوارەی ڕۆژانی کار) و، ڕوون بکاتەوە کە لە دەرەوەی ئەم کاتەدا، بەدەر لە دۆخی پەلە، هیچ مامۆستایەک پابەند بە وەڵامدانەوە نییە و، تا دوو ڕۆژ پێش تاقیکردنەوەیش قوتابی مافی پرسیارکردنی هەیە؛ بەڵام وەڵامی مامۆستا دەبێت تەنیا ڕوونکردنەوەی گشتی بێت و بە شێوەیەک بڵاو بکرێتەوە کە هەموو قوتابیان دەستیان پێی بگات.

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە “گێچەڵی سێکسی”یش دەبێت لەوە باشتر ڕێک بخرێت، چونکە پێویستە زانکۆ لەوە زیاتر بچێتە نێو وردەکارییەکانەوە و بزانێت چ جۆرە ڕەفتار و گوفتار و نووسین و وشە و دەستەواژەیەک، بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئاماژە بە بوونى گێچەڵى سێکسى دەدەن؛ پێویستە ئەمانە و هاوشێوەکانیان دەستنیشان بکرێن و، لە مامۆستا و قوتابى قەدەغە بکرێت کە پیادەیان بکەن یاخود بەکاریان بهێنن. بۆ نموونە: قسەکردن یان کۆمێنتدان لەسەر جەستە و جوانی، یاخود پرسیاری نابەجێ لە ژیانی سۆزداری، یان نامەی دووبارە و ئاماژەدار، یان داواکاریی دیداری تایبەت بەبێ هۆکاری زانستی، یان بەڵێنی پێدانى نمرە یان یارمەتیدان لەبەرامبەر کارێکى نازانستى؛ هەموویان دەکرێت نموونەی گێچەڵ یان بەکارهێنانی نادروستی دەسەڵات بن. زانکۆ دەبێت پێناسەیەکی ڕوونى بۆ گێچەڵى سێکسى هەبێت و، کەناڵێکی نهێنی و سەربەخۆی بۆ وەرگرتنى سکاڵا دابین بکات و، دڵنیایی بدات کەوا سکاڵاکار لە تۆڵەکردنەوە دەپارێزرێت.

بابەتێکى تر کە پێویستى بە ڕێکخستن هەیە، بریتییە لە هەبوونى پەیوەندیی سۆزداریی نێوان مامۆستا و قوتابی؛ ئەم بابەتە نابێت تەنیا لە ڕوانگەی مۆراڵی تاکەکەسییەوە سەیر بکرێت، چونکە پرسی بنەڕەتی لێرەدا بریتییە لە دەسەڵات و دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکان. به‌ بۆچوونى ئێمە مامۆستا (کە وانەبێژ و هەڵسەنگێنەر و بڕیاردەرە لەسەر داهاتووی قوتابی) ناتوانێت سەربەخۆ بێت، کاتێک لە پەیوەندییەکى سۆزدارى بێت لەگەڵ قوتابییەکى خۆى. ئەگەرچى ڕێگریکردن لەم بابەتە هەندێک زەحمەتە بەڵام دەکرێت سنووردار بکرێت، بەوەى پێویستە مامۆستا بە شێوەیەکى نهێنى سەرۆکى بەش لەم پەیوەندییە ئاگادار بکاتەوە و، پێویستە مامۆستاکە لە وانەگوتنەوە و نمرەدان و هەر بڕیارێکی پەیوەندیدار بەو قوتابییە دوور بخرێـتەوە و، چەند ڕێکارى تریش بگیرێتە بەر کە مەبەست لێیان دەستێوەردان لە ژیانی تایبەت نییە، بەڵکوو مەبەست لێیان پاراستنی شکۆى پیشەى مامۆستایەتى و دادپەروەری و متمانەی گشتییە.

بێ گومان بابەتى تریش هەن لە پەیوەندیى نێوان مامۆستا و قوتابى، کە پێویستى بە ڕێکخستنى ڕوون هەیە، لەوانەیش: مامۆستا لە چ کاتێک دەتوانێت قوتابى لە پۆل دەربکات؟ لە چ حاڵه‌تێک قوتابى دەتوانێت داواى دەرچوون لە پۆلدا بکات؟ چ باس و خواستێک لەناو پۆلدا قەدەغەیە بکرێت؟ مامۆستا و قوتابى یان کۆمەڵە قوتابییەک دەتوانن پێکەوە بۆ دەرچوونێکى ئاسایى بچنە چێشتخانەیەک یان سەفەرێکى نێوخۆیى یان بۆ دەرەوەى وڵات؟ و هتد. هەموو ئەم پرسیارانە، پێویستیان بە وەڵامى جددى هەیە، چونکە واقعى پراکتیکى لە زانکۆکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم جۆرە ڕەفتار و گوفتارانە، بوونیان هەیە و بۆچوونى جیاوازیان لەسەر هەیە لەنێوان قبووڵکردنى ڕەها و ڕەتکردنەوەى ڕەها و یاخود قبووڵکردن و ڕەتکردنەوەى مەرجدار.

لەبەر ئەمانە، پێویستە وەزارەت یان زانکۆکان پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی بە شێوەیەکى وردتر دابڕێژنەوە و لە سەرەتای هەموو ساڵێکی خوێندندا بە هەردوو لا بناسێنن؛ چونکە نابێت داب و نەریتى زانکۆیى و قەناعەتی کەسیى مامۆستا یان قوتابى، جێگەی ڕێسا بگرێتەوە.

دووەم: پەیوەندیى نێوان مامۆستا و مامۆستا

پەیوەندیی نێوان مامۆستایان یەکێکە لە پەیوەندییە هەستیارەکانی نێو زانکۆ، چونکە لە یەک کاتدا هەم هاوپیشە و هەمیش کێبڕکێکارن؛ کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن لەسەر نووسینى توێژینەوەى زانستى، لە بەرزکردنەوەى پلەی زانستی، لە وەرگرتنى پۆستی کارگێڕی. بێ گومان ئەم کێبڕکێییە ئەگەر لەسەر بنەمای زانستى و بە پێوەرى شایستەیی بێت، دەتوانێت ببێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ پێشخستنی زانکۆ، بەڵام کاتێک بەرژەوەندیی تاکەکەسی و “گرووپگرووپێنە” و “كوتله‌بازی” و هەوڵی لاوازکردنی بەرامبەر حوکمی بکات، ئەوا کێبڕکێ بۆ ململانێیەکی ناپیشەیی دەگۆڕدرێت. ئەمەیش پەیوەندیی مامۆستاکان لەگەڵ یەکتر لاواز دەکات و زیان بە ژینگەی فێربوون دەگەیه‌نێت و متمانەی قوتابی بە زانکۆش کەم دەکاتەوە.

لە یاسا و ڕێنمایییە بەرکارەکاندا، وەک پێویست قسە لەسەر ئەم بابەتە نەکراوە. بۆیە لەم بارەیەوە بەپێویستى دەزانین کەوا بە یاسا و ڕێنمایى، مامۆستاى زانکۆ پابەند بکرێت کەوا خۆى بەدوور بگرێت لە سووکایەتی یان گاڵتەکردن بە توانا و بڕوانامەی مامۆستاى هاوپیشە و، بڵاوکردنەوەی دەنگۆى خراپ لە دژى و، هێنان و بردنى قسە و، ئاشکراکردنی نهێنیی کۆبوونەوەکان و، بەکارهێنانی قوتابی بۆ گەیاندنی پەیام و، ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەى توێژینەوە یان بەرزکردنەوەی پلەی زانستیى مامۆستاى هاوپیشە و، شاردنەوەى دەرفەتى زانستى و هتد.

نابێت پۆل ببێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیی نێوان مامۆستایان و، نابێت مامۆستا ڕێ بە خۆى بدات لەبەردەم قوتابیان هاوپیشەکەی بشکێنێتەوە، یان توانای زانستیی بە کەم بزانێت، یان قوتابیان لە دژی هان بدات. ئەگەر تێبینى و ڕەخنەى جددى هەبوو، ئەوا پێویستە لە ڕێگەى کەناڵە فەرمییەکانەوە چارەسەر بکرێت.

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە، مامۆستایان هەندێک داواکاری بە ناوی هاوڕێیەتی و هاوپیشەیی لە یەکتر دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا هەندێکیان داواکاریی نایاسایین؛ وەک: داواکردنی زیادکردنی نمرەی قوتابییەکی دیاریکراو، یان چاوپۆشین لە نەهاتن یاخود گزی، یان گۆڕینی بڕیاری لێژنە، یان زیادکردنی ناوی کەسێک بۆ توێژینەوەیەک کە بەشداریی تێدا نەکردووە، یان داواکردنی هەڵسەنگاندنێکی نادادپەروەرانە بۆ مامەڵەی بەرزکردنەوەی پلەى زانستى. بۆیە پێویستە یاسا تەدەخول بکات و سنوورى ئەم جۆرە داواکارییانە دیارى بکات. بێ گومان دەزانین کە ڕەچاوکردنى بارودۆخی مرۆیی- هەندێ جار- کارێکى ڕەوایە، بەڵام نابێت ببێتە هۆى سەرپێچیکردن له‌ یاسا، یان بگاتە ئاستى پێشێلکردنى مافى کەسانى تر، یان متمانە بە دامەزراوەى زانکۆ کەم بکاتەوە.

بابەتێکى ترى وەک پێویست ڕێکنەخراو لە زانکۆکاندا، بریتییە لە گوتنەوەى وانە لەلایەن دوو مامۆستا یان زیاتر بەهاوبەشى؛ کە ئێستا لە هەندێ زانکۆدا لەبەر زۆریى ژمارەى مامۆستایان بۆتە دیاردە. لەم بارەیەوە، کاتێک دوو مامۆستا یان زیاتر بەهاوبەشی وانە دەڵێنەوە، پێویستە پێش دەستپێکی وەرز، پلانی نووسراوی هاوبەشیان هەبێت کە تیایدا هەموو شتێک بەڕوونى دیاری کرابێت، وەک: ناوەڕۆکى کۆرس، کاتی وانەگوتنەوە، ئەرکی هەر مامۆستایەک، شێوازی هەڵسەنگاندن، دابەشکردنی نمرە، کەناڵی وەڵامدانەوەى قوتابیان. ئەگەر جیاوازیی زانستی لەنێوان هەردوو مامۆستا هەبوو، دەتوانرێت وەک نموونەیەکی جوان و پڕ لە ڕێزى فرەییی بۆچوون پیشان بدرێت، نەوەک شەڕێک بۆ سەلماندنی ئەوەی کام مامۆستا زاناترە.

سێیەم: پەیوەندیى نێوان قوتابى و قوتابى

پەیوەندیی نێوان قوتابییەکان بەشێکی گرنگی ژینگەی زانکۆیییە، چونکە هاوکاری و هاوڕێیەتی و ئاڵوگۆڕی زانیاری، دەتوانن پڕۆسەی فێربوون بەهێز بکەن؛ بەڵام گرووپگروپێنە و گاڵتەکردن و گێچەڵ و جیاکارى دەتوانن هەمان ژینگە بۆ گوشار و ناکۆکی بگۆڕن. هەرچەندە ڕێنماییی بەرزەفتیی قوتابیان هەیە، بەڵام هەڤدە ساڵ لەمەوبەر دەرچووە؛ واته‌ پێویستى بە نوێبوونەوە هەیە، بەتایبەت لە بوارى پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکاندا. بۆ نموونە: گرووپی واتساپ یان هەر پلاتفۆرمێکی تر، درێـژکراوەی ژینگەی زانکۆیییە و، نابێت لە ڕێسا و بەرپرسیارێتی داببڕێت. پێویستە ئامانجی گرووپەکەکان ڕوون بێت و، قوتابیان لە سووکایەتی و هەڕەشە و قسەی ڕەگەزپەرستانە و جیاکارانە و گێچەڵی سێکسی و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست و ناردنەوەی وێنە و دەنگ، یان سکرینشووت، بپارێزن. بەڕێوەبەری گرووپیش نابێت قوتابییەک بەهۆی بۆچوونی جیاواز لا ببات، یان گرووپەکە بۆ مەبەستێکى تر بەکار بهێنێت. جیاوازیی بیروڕا لە زانکۆدا ئاسایییە و تەنانەت پێویستە؛ بەڵام جیاوازى نابێت ببێتە ناکۆکى.

خاڵێکى تر، نوێنەری قوتابییەکانە؛ بە بۆچوونى ئێمە ئەرکى نوێنەرى قوتابییان بریتییە لە گەیاندنی زانیاری بە هەمووان و، گواستنەوەی داواکاری و نیگەرانییەکانە بە بێلایەنی و، پاراستنی نهێنیی قوتابیانە. نابێت نزیکیی خۆی لە مامۆستا یان بەش، بۆ نمرە یان بەرژەوەندیی تایبەت بەکار بهێنێت، هەروەها نابێت زانیاری بشارێتەوە، یان سکاڵای قوتابیان بەپێی ئارەزووی خۆی فلتەر بکات، یان قوتابییە ناڕازییەکان لە گرووپ و پەیوەندییەکان دوور بخاتەوە. ئەمانە هەموویان پێویستە بە یاسا و ڕێنمایى ڕێک بخرێن. هەر بۆیە، پێویستە ڕێنماییی بەرزەفتیی قوتابیانى خوێندنى باڵا نوێ بکرێتەوە.

چـوارەم: پەیوەندیى مامۆستا لەگەڵ سـەرۆکى بـەش یان ڕاگـر

بە بۆچوونى ئێمە، پەیوەندیی مامۆستا لەگەڵ سەرۆکی بەش و ڕاگر، نابێت وەک پەیوەندیی نێوان فەرمانڕەوا و کەسى گوێڕایەڵ بێت؛ بەڵکوو پەیوەندییەکی دامەزراوەیییە کە لەسەر بنەماى یاسا و پسپۆڕی و بەرپرسیارێتیی هاوبەش بونیاد دەنرێت. مامۆستا بۆ پاراستنی هەیبەتی بەش و ڕاگرایەتیى کۆلێـژ، پێویستە پابەندی ڕێکاری فەرمی و کاتی وانەگوتنەوە و کۆبوونەوەکان و بڕیارە یاسایییەکان بێت و، نهێنیی کار بپارێزێت و، ڕەخنەکانی بە بەڵگە و لە کەناڵە فەرمییەکاندا بخاتە ڕوو. بەڵام پاراستنی هەیبەت، بە مانای بێدەنگبوون لەبەردەم هەڵەدا نییە، هەیبەتی زانکۆ و کۆلێژ بە یاساییبوون و دادپەروەریی بڕیارەکانی دەپارێزرێت، نەوەک بە ترساندن و سەرکوتکردنی ڕەخنە.

ئەم پەیوەندییەیش، یەکێکە لەو پەیوەندییانەى کەوا بە وشە و دەستەواژەى گشتى ڕێک خراوە، کە تێنووێتیى واقعى ئەمڕۆى زانکۆ ناشکێنێت و، پێویستە بە یاسا و ڕێنماییى ڕوون و ورد، ئاکارى ئەم پەیوەندییە دیاری بکرێت. لەم بارەیەوە، مامۆستا دەبێت خۆى بەدوور بگرێت لە سووکایەتیکردن بە بەش، یان هاندانی مامۆستایان یان قوتابییەکان لە دژی بەش، یان بڵاوکردنەوەی نهێنیی کۆبوونەوەکان، یان تێپەڕاندنی مەرجەعی کارگێڕی بەبێ هۆکار. لەبەرامبەردا، بەش یان ڕاگرایەتى نابێت ئەو دەسەڵاتەى کە بە یاسا و ڕێنمایى هەیانە، بۆ تۆڵەکردنەوە، یان جیاکاری، یان سووکایەتیکردن، یان مامەڵەى نادادپەروەرانە، یان پەراوێزخستنى مامۆستا بەکار بهێنن و، پێویستە بڕیارە زانستى و کارگێرییەکانیان بابەتییانە بن و، نابێت بە پەیوەندیی کەسی، یان  گرووپگرووپێنە، یان گوێڕایەڵیی مامۆستاوه‌ گرێ بدرێت.

پێویستە هەموو بەشێکى زانستى، سیاسەتێکى کارکردنى تایبەت بە خۆى هەبێت و، ساڵانە ئەم سیاسەتە “ئەبدەیت” بکرێتەوە و مامۆستا هەر لە سەرەتاى ساڵەوە، دەبێت بزانێت سیاسەتى بەش لەم ساڵەدا چییە بۆ ئەوەى پێوەى پابەند بێت؛ بەداخەوە ئەمەمان لە هیچ زانکۆیەک بەدى نەکردووە! دیارکردنى ئەم سیاسەتە زۆر گرنگە، چونکە زۆربەى کێشەى بەشە زانستییەکان لە ناڕوونیى بڕیارەکان، یان لەناکاو دەرکردنیان سەرچاوە دەگرێت. بۆیە زۆر گرنگە مامۆستا لە سەرەتاى ساڵەوە بزانێت چیى لێ داوا کراوە و، ئەرک و مافەکانى چین و، لە کاتى ڕوودانى کێشە، لەگەڵ قوتابى، مامۆستا و، سەرۆکی بەش، چى پێویستە کە بیکات؟ ئەم نەخشەڕێگه‌یە زۆر پێویستە بۆ زانینى سنوورى پەیوەندییەکان و نەبەزاندنیان.

ماوەتەوە بڵێین، کەوا یاسا دەسەڵاتى سەرۆکى بەشى دیاری کردووە و، بۆى داناوە کەوا مافی ڕێکخستنی وانە و پێشنیازکردنی لێژنە و بەدواداچوونی ئەرک و هەڵسەنگاندنی کارکردنى مامۆستاکانى هەیە، بەڵام یاسا بێدەنگە لەوەى کە پێى بڵێت: مافی سەپاندنی بۆچوونی زانستیت نییە، نابێت دەستێوەردان لە نمرە بکەیت، نابێت مامەڵەى زانستى لەسەر بنەماى ناکۆکیى کەسى ڕابگریت، نابێت پۆست بۆ سزادانی کەسی بەکار بهێنیت. مامۆستاش دەبێت مافی ئازادیی ئەکادیمی، دەربڕینی ڕەخنەی پیشەیی، زانینی هۆکاری بڕیار و تانەدانى هەبێت؛ بەڵام ئازادیی ئەکادیمی، نابێت ببێتە بیانووی پابەندنەبوون بە ئەرک و ڕێکاری زانکۆیی و خۆبەگەورەزانین و بەکەمزانینى بەشى زانستى.

پێنجەم: پەیوەندیی قوتابی لەگەڵ بەش و کۆلێـژ و ئیدارەکەی

قوتابی میوانی کۆلێژ نییە، بەڵکوو بەشێکی سەرەکیی کۆمەڵگەی زانکۆیییە و مافی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاریی فێربوون و زانیاریى پێویست هەیە و، هەروەها مافى ئەوەى هەیە بە شێوەیەکى دادپەروەرانە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت. ئەمە ئەو بابەتەیە کە وەک پێویست لە یاسا و ڕێنمایییەکاندا ڕێک نەخراوە و زیاتر پشت بە داب و نەریتى زانکۆیى بەستراوە.

بێ گومان قوتابى دەتوانێت لە کاتی دەوامى فەرمیدا بۆ پرسیارکردن، یان پێشکەشکردنى داواکاری و سکاڵا، یان بۆ چارەسەرکردنی گرفتێک سەردانی بەش بکات. بەڵام، سەردانی ڕاگر ئەو کاتە گونجاوە کاتێک بابەتەکە لە دەسەڵاتى بەش نەبێت، یان لەلایەن بەشەوە چارەسەر نەکرابێت. بەڵام ئەوەیان هەروا ئاسان نییە؛ پێویستە قوتابى لە سەرەتاوە بزانێت کەى هانا بۆ بەش دەبات و کەى پەنا بۆ ڕاگر دەبات.

پێویستە قوتابى هەر لە سەرەتاوە بزانێت سنوورى دەسەڵات و ماف و ئەرکەکانى بەرامبەر بەش و ڕاگر و لایەنە کارگێرییەکانى کۆلێژ چەندە. لەم بارەیەوە، پێویستە قوتابی لە کاتى مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاگر یان سەرۆکی بەش یان فەرمانبەرەکانى کۆلێژ ئەوپەرى ڕێز بنوێنێت و، داواکارییەکەی بەڕوونی و بە بەڵگەوە بخاتە ڕوو- دوور لە هەڕەشە و سووکایەتی و تۆمارکردنی دەنگى گفتوگۆکان بەنهێنى. لەبەرامبەریشدا، پێویستە بەش و ڕاگرایەتى، بەبێ جیاکاری گوێ لە قوتابى بگرێت و، ڕێنماییی ڕوون و دروستی بداتێ و هۆکارى بڕیارەکانی بۆى ڕوون بکاتەوە.

هەروەها، قوتابی بەرپرسیارە لە پاراستنی موڵک و سامانی کۆلێژ؛ پێویستە ئامێر، کتێب، کۆمپیوتەر، تاقیگە، پۆل، کەلوپەلەکان بەدروستی بەکار بهێنێت و، خۆى بپارێزێت لە زیانگەیاندن و تێکدان و پیسکردن و بەکارهێنانى بێموڵەت. لە حاڵەتى ڕوودانى هەر یەک له‌مانە، پێویستە لێژنەى لێکۆڵینەوە پێک بهێنرێت و بە شێوەیەکى شەفاف و دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ بابەتە بکات.

با واقعى بین؛ گەورەترین کێشەى قوتابیى زانکۆ ئەوەیە: کاتێک داواکارى یان سکاڵاى هەبێت، نازانێت چى بکات و پەنا بۆ کوێ ببات؟ یاسا و ڕێنمایییەکان بەڕوونى و بەوردى ئەوەیان دیاری نەکردووە. ئەگەر قوتابى سکاڵاى لە قوتابى هەبوو، پەنا بۆ کوێ ببات؟ ئەگەر قوتابى سکاڵاى لە مامۆستا هەبوو، پەنا بۆ کوێ ببات؟ ئەگەر قوتابى سکاڵاى لە سەرۆکی بەش هەبوو، پەنا بۆ کوێ ببات؟ ئەگەر قوتابى سکاڵاى لە فەرمانبەر هەبوو، پەنا بۆ کوێ ببات؟ ئەگەر قوتابى سکاڵاى لە ڕاگر هەبوو، پەنا بۆ کوێ ببات؟ ئەم پرسیارانە دەبێت بەڕوونى وەڵام بدرێنەوە بۆ ئەوەى قوتابى سنوورى ماف و ئەرکەکانى خۆى بزانێت.

شەشەم: پەیوەندیی نێوان سەرۆکی بەش و ڕاگر، ڕاگر و سەرۆکی زانکۆ، سەرۆکی زانکۆ و وەزیر

یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان، سنوورى دەسەڵات و ئەرکی سەرۆکی بەش، ڕاگر، سەرۆکی زانکۆ، وەزیرى خوێندنى باڵاى تا ڕاددەیەک دیارکردووە، بەڵام شێوازی پەیوەندی و سنووری دەستێوەردان و ڕێکاری چارەسەرکردنی ناکۆکیی نێوانیان بەوردی ڕوون نەکراوەتەوە. بۆیە، کارکردنی دامەزراوەکە زۆر جار بە کەسایەتی و شێوازی بەڕێوەبردنی خاوەن پۆستەکەوە دەبەسترێته‌وه‌؛ بەرپرسێک دەسەڵات لامەرکەزی دەکات و بەرپرسێکی تر هەموو بڕیارێک لەدەستی خۆیدا کۆ دەکاتەوە. ئەمەیش دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی شێوازى پیادەکردنى دەسەڵاتەکان و، هەروەها دواخستنی کار و دروستبوونی ناکۆکیی کەسی.

سەرۆکی بەش بەرپرسی ڕێکخستنی کاروباری زانستی و ڕۆژانەی بەشە؛ ڕاگر بەرپرسی هەماهەنگی و چاودێریی کۆلێژە؛ سەرۆکی زانکۆ ئاراستە و سیاسەتی گشتیی زانکۆ بەڕێوە دەبات؛ وەزیریش بەرپرسی سیاسەت و چوارچێوەی گشتیی خوێندنی باڵایە. هیچ پلەیەک نابێت بەبێ هۆکاری یاسایی جێگەی پلەکەی خوار خۆی بگرێتەوە.

زۆر جار کێشە کاتێک سەر هەڵدەدات کە بڕیارەکان بە شێوەى زارەکی، یان بێ هۆکار، یان لە دەرەوەی دەسەڵات دەدرێن. نابێت بەرپرسى سەرەوە لەسەر بەرپرسى خوارەوە تێ پەڕێت و پیادەى دەسەڵاتەکانى بکات، چونکە بەرپرسى سەرەوە چاودێرە لەسەر بەرپرسى خوارەوە. پێچەوانەى ئەمەیش هەر ڕاستە؛ ڕەچاوکردنى ڕیزبەندى و زنجیرەى کارگێڕى بۆ ترس و دڵەڕاوکێ نییە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە هەموو لایەک ئەرک و بەرپرسیارێتیى سەرشانى بزانێت و هەڵیان بگرێت و خۆى لێیان نەدزێتەوە.

لە ژینگەى زانکۆدا، حاڵەتى دەستێوەردان لە کاروبارى یەکتر، پیادەکردنى دەسەڵاتى یەکتر، پشتگوێخستنى یەکتر بوونى هەیە؛ بۆیە بەپێویستى دەزانین ئەمە بەڕوونى ڕێک بخرێت؛ بەتایبەت دەستێوەردانی سەروو لە کاروبارى خواروو و، هەروەها پیادەکردنى دەسەڵاتەکانى یەکتر لە چ کاتێک و لە چ چوارچێوەیەک ڕێگەپێدراوە، دەبێت ئەمانە ڕێک بخرێن تا کێشەکان سنووردار بکرێن.

حەفتەم: پەیوەندیی نێوان قوتابیی خوێندنی باڵا و مامۆستاى سەرپەرشتیار

پەیوەندیی نێوان قوتابیی خوێندنی باڵا و مامۆستاى سەرپەرشتیار، یەکێکە لە هەستیارترین پەیوەندییە زانکۆیییەکان، چونکە سەرکەوتن یان شکستی نووسینى نامەى ماستەر یان تێزى دکتۆرا تا ڕاددەیەکی زۆر بە کواڵێتى و شێوە و شێوازى ئەم پەیوەندییە بەستراوەتەوە. هەرچەندە ڕێنمایییەکانی خوێندنی باڵا هەندێک لە ئەرک و ڕێکارە گشتییەکان لەم بارەیەوە دیاری دەکەن، بەڵام وردەکاریی مامەڵەی ڕۆژانە، سنووری دەسەڵات، ماوەی وەڵامدانەوە و ڕێکاری چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی یەکگرتوو و ڕوون ڕێک نەخراون. بۆیە هەندێ جار کارى سەرپەرشتیاری، لە ڕێنماییکردنەوە دەگۆڕدرێت بۆ سەپاندنی بۆچوون، یان لەبەرامبەردا کار دەگاتە ئەو ئاستەى قوتابی وا هەست بکات کەوا لەسەر سەرپەرشتیار پێویستە بەشێک لە توێژینەوەکەی بۆ بنووسێت.

دابەشکردنی قوتابی بەسەر سەرپەرشتیاراندا، پێویستە لەسەر بنەمای پسپۆڕیی ورد، توانای سەرپەرشتیار، ژمارەی توێژینەوەکانی ژێردەست و، نەبوونی بەرژەوەندیی دژبەیەک بێت. ئەگەر بابەتی توێژینەوە لە دەرەوەی پسپۆڕیی سەرپەرشتیار بێت، چارەسەرەکە نابێت بەردەوامبوونی پەیوەندییەکی بێبەرهەم بێت، بەڵکوو دەکرێت هاوسەرپەرشتیارێکی پسپۆڕ دابنرێت یان سەرپەرشتیار بگۆڕدرێت. داواکاریی گۆڕینیش، نابێت وەک بێڕێزی لێک بدرێتەوە، بەتایبەتی لە حاڵەتی جیاوازیی پسپۆڕی، یان کەمتەرخەمی، یان بەردەوامنەبوونی پەیوەندی، یان مامەڵەی نادادپەروەرانە، یان خۆسەپاندن، یان نەمانى متمانە.

ئەرکی سەرپەرشتیار ڕێنماییکردنی زانستی و میتۆدی و، هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی ڕەشنووسەکان و، ئاگادارکردنەوە لە هەڵە و لاوازییەکان و، پاراستنی ڕەسەنایەتیی زانستیی توێژینەوەکەیە، نەوەک نووسینی پەڕەگراف، ئامادەکردنی پلانی تەواو، کۆکردنەوەی سەرچاوە یان چاکسازیی زمانەوانیی ورد لەجیاتى قوتابی. سەرپەرشتیار دەتوانێت نموونە و ئاراستە و سەرچاوەی سەرەتایی پێشنیاز بکات، بەڵام توێژینەوە و نووسین دەبێت بەرهەمی هزری قوتابی بێت، چونکە یارمەتیدانی زانستی ئەگەر بگاتە ئاستی نووسین لەبری قوتابی، ئەوا سنووری نێوان سەرپەرشتیکردن و هاوبەشیی نایاسایی ناهێڵێت.

بە بۆچوونى ئێمە، تا ئێستا بەڕوونى سنوورى پەیوەندیى نێوان قوتابیى خوێندنى باڵا و سەرپەرشتیار لە زانکۆکاندا دیار نییە؛ چونکە کەس نازانێت سەرپەرشتیارى باش کامەیە و خراپ کامەیە؟ لە کوێ پێویستە قوتابى و سەرپەرشتیار یەکتر ببینن؟ کەى پێویستە؟ ئایا بینینى ئۆنڵاین ڕێگەپێدراوە؟ تا ماوەى چەند پێویستە سەرپەرشتیار وەڵامى ڕەشنووسى قوتابى بداتەوە؟ لە حاڵەتى دواکەوتنى قوتابى، چى لەسەر سەرپەرشتیار پێویستە کە بیکات؟ ئایا ڕێگەپێدراوە سەرپەرشتیار لاى کەسانى تر قسە لەسەر ئاستى قوتابییەکەى بکات؟ ئەمانە پرسیارن و پێویستییان بە وەڵامى ڕوون هەیە لەژێر چەترى ئاراستە و پلانى زانکۆ، بۆ ئەوەى ئەو بنەمایە بچەسپێنن کە سەرپەرشتیکردن نە دەسەڵاتێکى بێسنوورە و، نە خزمەتکردنى قوتابییە؛ بەڵکوو هاوبەشییەکی زانستیی ڕێکخراوە کە تیایدا سەرپەرشتیار ڕێگه‌ بۆ قوتابى ڕوون دەکاتەوە، بەڵام قوتابی خۆی دەبێت بەو ڕێگه‌یەدا بڕوات.

هەشتەم: پەیوەندیى نێوان قوتابیی خوێندنی باڵا  و لێژنەى تاوتوێکردن

پڕۆسەی تاوتوێکردنی نامەکانى دیپلۆمی باڵا و ماستەر و، هەروەها تێزی دکتۆرا، کۆتا تاقیکردنەوەی توانای زانستیی توێژەرە (قوتابیی خوێندنی باڵا)، بەڵام لە زۆر وردەکاریدا هێشتا پشت بە داب‌ و نەریتی زانکۆیی و شێوازی کەسیی ئەندامانی لێژنە دەبەستێت. بەدەستخۆشییەوە، لە ماوەى ڕابردوو چەند ڕێنمایییەک لەم بارەیەوە لە وەزارەتى خوێندنى باڵاوە دەرچوو؛ بەڵام وەک پێویست نییە و هەموو لایەنەکانى ئەم بابەتەى ڕێک نەخستووە.

هەر بۆیە بەبەردەوامى و تاوەکوو ئێستا دەبینین و دەبیستین کەوا لە شوێنێک تاوتوێکردن بەوردی و بەقووڵی ئەنجام دەدرێت و لە شوێنێکی تر بە تێبینیی سەرپێیی کۆتایی دێت و، هەروەها هەندێ گفتوگۆکار زۆربەی کات بۆ قسەکردن لەسەر شەکڵیاتى نووسین تەرخان دەکه‌ن، لە کاتێکدا هەندێکی تر تەنیا لە ناوەڕۆک و میتۆد و ئەنجامەکان دەکۆڵنەوە. ئەم جیاوازییە ئەگەر سنوورێکی نەبێت، هەڵسەنگاندن لە پێوەرێکی زانستییەوە دەگۆڕێت بۆ تاقیکردنەوەی حەز و شێوازی کەسیی گفتوگۆکار.

با ڕاستییەکان بڵێین؛ دانیشتنی تاوتوێکردن، دادگه‌ییکردنی قوتابی یان سەرپەرشتیار نییە، بەڵکوو هەڵسەنگاندنی بەرهەمێکی زانستییە. بۆیە گفتوگۆکار مافی ڕەخنەی توند و وردی لەسەر نووسینى قوتابى هەیە، بەڵام مافی سووکایەتی، گاڵتەکردن، بچووککردنەوەی تواناى زانستى و هەڕەشەکردنی نییە- نە لە قوتابى و نە لە سەرپەرشتیار.

لەم بارەیەوە، ڕێبەرەکانى تاوتوێکردن لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى جیهان جەخت لە هەڵسەنگاندنی ورد و دادپەروەرانە و ڕێگریکردن لە ئازاردان و شەرمەزارکردنی قوتابی لە دانیشتنی تاوتوێکردن دەکەنەوە و، هەروەها قەدەغەیە وشە و دەربڕینی پەیوەست بە کەسایەتی، ڕەگەز، نەتەوە، باوەڕ، ئاراستەی سیاسی، شێوەی دەرکەوتن، توانای عەقڵیی قوتابی بەکار بهێنرێت؛ چونکە ڕەخنە دەبێت ئاراستەی دەق و بەڵگە و میتۆد بکرێت، نەوەک ئاراستەی کەڕامەتی نووسەرەکەی.

قوتابییش مافی ئەوەی هەیە بەئارامی گوێ لە تێبینییەکان بگرێت و داوای ڕوونکردنەوە بکات و بە بەڵگە پارێزگاری لە هەڵوێستی زانستیی خۆی بکات. جیاوازیی بۆچوون لەگەڵ ئەندامێکی لێژنە، نابێت بە بێڕێزی هەژمار بکرێت. هەروەها بێدەنگیی قوتابی، نابێت لە هەموو حاڵەتێکدا وەک نیشانەی لاوازی لێک بدرێتەوە. سەرۆکی لێژنە دەبێت دادپه‌روه‌رانه‌ کات بەسەر ئەندامان و قوتابیدا دابەش بکات و ڕێگە نەدات یەک ئەندام دانیشتنەکە بۆ خۆی قۆرخ بکات. ئەمە جگە لەوەى ماوەی تاوتوێکردنیش، پێویستە بەپێی ئاستی بڕوانامە و سروشتی پسپۆڕی، لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا دیاری بکرێت. پێویستە پڕۆسەى هەڵسەنگاندنى قوتابى لەدواى کۆتاییهاتنى تاوتوێکردن هاوسەنگ بێت؛ بە شێوەیەک شکڵی نووسین و میتۆد و ناوەڕۆک و ڕەسەنایەتی و ئەنجام و بەکارهێنانی سەرچاوەکان، بگرێتەوە.

یەکێکى تر لە بابەتە ناڕوونەکانى تاوتوێکردن، بریتییە لە دەستکاری و چاکسازییە داواکراوەکان لەلایەن لێژنەى تاوتوێکردن. بەپێویستى دەزانین ئەم داواکارییانە بە شێوەى ڕاپۆرتێکى ڕوون و نووسراو و تێروتەسەل پێشکەش بە قوتابى بکرێن، کە تێیدا دەستکارییە بنەڕەتییەکان لە دەستکارییە ئارەزوومەندانەکان جیا کرابێتەوە و، هیچ کەسێک لەجیاتى ئەندامى لێژنەى تاوتوێکردن دەسەڵاتى پێداچوونەوە و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنى دەستکارییەکانى نەبێت. بۆیە پێویستە وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕێبەرێکی یەکگرتووی تاوتوێکردن دابنێت کە پێوەری هەڵسەنگاندن، ماوەی دانیشتن، ماف و ئەرکی لێژنە و قوتابی، ڕێسای گفتوگۆ و ڕێکاری دوای تاوتوێکردن بەوردی ڕێک بخات؛ چونکە شکۆی پڕۆسەى تاوتوێکردن بە قووڵیى پرسیارەکان و دادپەروەریی هەڵسەنگاندن دەپارێزرێت.

نۆیەم ـ ڕێساکانی کارکردنی مامۆستا لە زانکۆ

کارکردنی مامۆستا پێویستی بە پانتایییەک لە ئازادیی ئەکادیمی هەیە، بەڵام ئەم ئازادییە نابێت بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکى بێنەما و بێپێوەر. هەرچەندە وەزارەت بەردەوام ڕێنمایی و هەمواری جۆراوجۆر دەردەکات، بەڵام گرفتی سەرەکی نەبوونی دەق نییە، بەڵکوو پەرتەوازەییی دەقەکان و نەبوونی پەیڕەوێکی کردارەکی و یەکگرتووە کە وردەکاریی کارکردنی مامۆستا و لێژنەکان ڕێک بخات؛ بۆ نموونە: لە بواری وانەگوتنەوە و دابەشکردنی نمرەدا، مامۆستا دەتوانێت شێوازی فێرکردن و جۆرى چالاکییەکان هەڵبژێرێت، بەڵام پێویستە لە سەرەتای کۆرسدا ناوەڕۆک و ئامانج و سەرچاوە و شێوازی هەڵسەنگاندن و بەشی هەر چالاکییەک لە نمرەی کۆتایی بە قوتابی ڕابگەیەنێت و، نمرە دەبێت ڕەنگدانەوەی بەڵگەی ئەنجام و جیاوازیی ئاستی قوتابیان بێت، نەوەک ئامرازێک بێت بۆ سزادان، یان بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی پۆل. پێدانی نمرەی تەواو بە قوتابییەک، ئەگەر شایستە بێت، گرفت نییە، بەڵام پێدانی نمرەی یەکسان بە هەمووان بەبێ پێوەر و بەڵگە، مانای لەناوبردنی خودی پڕۆسەى هەڵسەنگاندنە. ڕاستە لە زانکۆکان کۆرسبووک لە سەرەتاى ساڵەوە ئامادە دەکرێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە چەند قوتابى ئاگادارى ناوەڕۆکەکەیەتى؟ کێ بەدواداچوون بۆ ناوەڕۆکەکەى دەکات؟ چ مامۆستایەک ئاگادار کراوەتەوە کە نابێت نمرەى یەکسان بە گشت قوتابیان بدات؟ لە کوێ نووسراوە کە ئەم کارانە قەدەغەکراون؟

لە تاقیکردنەوەکاندا، پرسیارەکان دەبێت لەگەڵ ناوەڕۆکی وانە و ئامانجەکانی فێربوون و کاتی دیاریکراو بگونجێن و نمرەی هەر پرسیارێک ڕوون بێت و، نابێت پرسیارەکان هەڵەى زمانەوانى و تایپکردنى تێدا بێت. بۆ ئەمانە تا ڕاددەیەک ڕێنمایى هەیە، بەڵام ئەوەى پێویستى بە ڕێکخستن هەیە بابەتى ترى پەیوەندیدارن، لەوانە: دواکەوتنى قوتابى لە ئامادەبوون لە هۆڵى تاقیکردنەوەکان تاچەند ڕێگەپێدراوە؟ پاشان دەسەڵاتى کێییە ڕێگە بە قوتابیى دواکەوتوو بدات بێتە ژوورەوە؟ لە چ بارێکدا دەتوانرێت شوێنى دانیشتنى قوتابى بگۆڕدرێت؟ کێ ئەو دەسەڵاتەى هەیە؟ ئاوڕدانەوەى قوتابى و سەیرکردنى قوتابیی تەنیشتى، بە گزى هەژمار دەکرێت؟ گه‌ر قوتابی مۆبایلی پێ بوو، بە گزى دادەنرێت؟ ئایا شیاوە پەڕاوى تاقیکردنەوە لە قوتابى وەربگیرێت و بکرێتە دەرەوەى هۆڵى تاقیکردنەوە؟ ئەگەر قوتابى گزیى لێ گیرا، ئایا لە دەسەڵاتى مامۆستایە سزاى سووکترى بۆ هەڵبژێرێت و تەنیا پەڕاوى تاقیکردنەوەکەى پووچەڵ بکات و شانسى دووبارە تاقیکردنەوەى پێ بدات لە خولى دووەم، لەجیاتى ئەوەى یەک ساڵى خوێندنى لەدەست بچێت؟

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە ڕاستاندنى پەڕاوى تاقیکردنەوەیش پێویستی بە ڕێبەرى یەکگرتوو هەیە، چونکە هەر مامۆستایەک بە شێوازێک ڕاستاندن بۆ پەڕاوى تاقیکردنەوەکان دەکات و، هەروەها پێویستە لەم ڕێبەرە ئەوە بۆ مامۆستا ڕوون بکرێتەوە کە چ زانیارییەک بەنهێنى هەژمار دەکرێت و، نابێت لەگەڵ هیچ کەسێک بەشى بکات. هەروەها پێویستە ئەو حاڵەتانە بەدیاریکراوى و بەوردى دەستنیشان بکرێن کەوا قوتابى مافى ئەوەى دەبێت دووبارە پەڕاوى تاقیکردنەوەى بۆ ڕاستاندن بکرێت یاخود ڕاستاندن لەلایەن لێژنەوە ئەنجام بدرێت؛ ئەوکات پێویستە وردەکاریى ئەم لێژنە و مەرجەکانى دیاری بکرێت.

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە زانکۆکان پێویستییان بەوە هەیە ڕێبەرى کارى لێژنەکانیان هەبێت، چونکە زۆربەى هەرە زۆرى لێژنە زانستى و کارگێرییەکانى زانکۆ بە داب و نەریتى زانکۆ کار دەکەن؛ بۆیە پێویستە کاری لێژنە زانستی و کارگێڕییەکانى زانکۆ هەر لە بڕیاری پێکهێنان، ژمارەی ئەندامان، دەسەڵات، نیسابى کۆبوونەوە، شێوازی دەنگدان، تۆمارکردنی بڕیار، نووسینى کۆنووس، دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکان، مافی تۆمارکردنی ڕای جیاواز، هەموو ئەمانە بەڕوونى ڕێک بخرێن. ئەگەر ئەمەیش بە شێوەیەکى گشتى بۆ هەموو لێژنەکان بێت، ئەوا لێژنەى تاقیکردنەوە و بەرزکردنەوەى نازناوى زانستى و لێژنەى زانستیى بەش، لەبەر گرنگى و هەستیاریى کارەکانیان، پێویستیان بە پڕۆتۆکۆڵى تایبەت بە خۆیان هەیە.

کۆبەند

لە کۆی ئەم باسەدا دەردەکەوێت کە کێشەی سەرەکیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هەموو کات نەبوونی یاسا و ڕێنمایی نییە؛ بەڵکوو گشتیبوون و ناڕوونیی دەقە یاسایییەکانە و، لە هەندێ باریشدا نەبوونى دەقە کە بۆتە هۆى ئەوەى پەیوەندییە زانکۆیییەکان لە زۆر حاڵەتدا بە قەناعەت و شێوازی بیرکردنەوەى کەسی بەڕێوە ببردرێت و، ماف و ئەرک و سنووری دەسەڵاتى لایەنە پەیوەندیدارەکانى نێو ئەم پەیوەندییانە ناڕوون بێت.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێویستە ڕێبەرێکى یەکگرتووی ڕەفتار و پەیوەندییە زانکۆیییەکان دابنرێت کە ماف و، ئەرک و، سنووری دەسەڵات و، پڕۆسەى سکاڵاکردن بەڕوونی دیار بکات و، بۆ هەر بابەتێک پڕۆتۆکۆڵی تایبەت هەبێت؛ هەروەها دەرکردنی ئەم ڕێبەرە بەتەنیا بەس نییە، بەڵکوو پێویستە بەردەوام بناسێنرێت و ڕاهێنانی لەسەر بکرێت تا ناوەڕۆکەکەى دەبێتە که‌لتوور لەنێو حەڕەمى زانکۆدا. ئامانج لەم ڕێبەرەیش زۆرکردنی کۆتوبەند نییە، بەڵکوو کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کەسی، پاراستنی مافەکان و دامەزراندنی ژینگەیەکی زانکۆییی ڕوون و دادپەروەرە.

Shayda

بابەتی پەیوەندیدار

عێراقی “دوای هاوپەیمانان”

 تاقیکردنەوەی سەروەری لەبەردەم هەژموونی بۆشاییدا د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا… زیاتر

2 days ago

عێراق لەنێوان ئێران و بارودۆخێکی سەختدایە

کێنێس ئێم. پۆڵاک  (Kenneth M. Pollack) ماڵپەڕ: پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Middle East Institute) لە کاتێکدا… زیاتر

3 days ago

چۆن شەمەندەفەرەکان دەتوانن سیاسەتی کەنداوی فارس و ئاسایشی جیهانی بگۆڕن

نووسەر: ستەیسی دی. ڤاندەڤیر (Stacy D. VanDeveer) قەیرانی گەرووی هورمز (Strait of Hormuz)، ئاڵۆزییە بەرفراوانەکانی… زیاتر

4 days ago

ململانێ لە لووتکەی دەسەڵاتدا؛ کێبڕکێی فەرماندەکانی سوپای پاسداران لەسەر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی

نووسەر: داریۆش میعمار (به‌ فارسی: داریوش معمار) بۆچی تەنیا چەند مانگێک دوای دانانی "زولقەدر" لە… زیاتر

5 days ago

“هاوپەیمانیی مەککە” و گەمارۆدانی ئێران لە سێ بەرە!

  نووسینی: عەبدولڕەحمان ڕاشد ڕوونە، ئەو جه‌نگەی ئێران دژی شانشینی عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی تری… زیاتر

6 days ago

لە کوردەکانەوە تا ئەحمەدینه‌ژاد؛ گێڕانەوەی ڕۆژنامەنووسێکی ئیسرائیلی بۆ سەرکێشیی مۆساد بە مەبەستی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران

نووسەر: ناداڤ ئەیاڵ (Nadav Eyal) ماڵپەڕ: یەدیعۆت ئەحرۆنۆت (YediotAhronot) ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا… زیاتر

1 week ago