نووسینی: دكتۆر بێستون محهمهد، دكتۆرا لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی سروشتی
بێ گومان، کەرتی نەوت و داهاتە هایدرۆکاربۆنییەکان بڕبڕەی پشتی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان پێک دەهێنن؛ بە جۆرێک کە داڕشتن و دابەشکردنی داهاتی نەوت، ڕاستەوخۆ بووە بە هۆكاری دەستنیشانی ئاستی سەقامگیریی ئابووری، کۆمەڵایەتی و، بەگەڕخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت. پشتبەستنی ڕەهای ئابووریی عێراق (کە زۆرتر لە 90٪ی بوودجەکەی پشتی پێ دەبەستێت) و هەرێمی کوردستان بە داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو، کردوویەتی بە ئابوورییەکی “ڕەیعی”ی هەستیار بەرامبەر شۆکە دەرەکییەکان و هەڵبەز و دابەزینی نرخەکان لە بازاڕی جیهانیدا. لەم چوارچێوەیەدا، بوودجەی گشتی تەنیا ئامرازێک نییە بۆ دابەشکردنی سامان، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ململانێی هێز و هاوسەنگییە سیاسییەکانە.
کێشەی بوودجە و نەوت لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، هەرگیز کێشەیەکی تەکنیکی یان ژمێریاریی ڕووت نەبووە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی یاسایی، دەستووری و، سیاسیی هەیە کە بۆ سەردەمی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 و داڕشتنەوەی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە. لێکدانەوە جیاوازەکانی هەردوو لایەن بۆ ماددەکانی 111 و 112ی دەستوور لەبارەی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت و گاز، کەلێنێکی گەورەی لە پەیوەندییە دارایییەکاندا دروست کرد. ئەم ناکۆکییانە لە ساڵی 2014دا گەیشتنە لووتکە، کاتێک بەغدا پشکی بوودجەی هەرێمی بڕی و، هەرێمیش بەرەو ئابووریی سەربەخۆ و هەناردەکردنی ڕاستەوخۆی نەوت هەنگاوی نا؛ ئەمەیش قۆناغێکی دوورودرێژی لە پچڕانی دارایی و قەیرانی مووچە هێنایە ئاراوە.
كێشەی ئەم توێژینەوەیە، سەرچاوەی لە دوو پرسیاری سەرەكییەوە گرتووە كە ئەوانیش دەڵێن: ئایە تێکەڵبوونی ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییە هەرێمایهتییەکان (بەتایبەت قەیرانی کەنداوی فارس و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی دەریایی لە دوورگهی هورمز) لەگەڵ پەککەوتنی بەردەوامی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023وە، چۆن پەیوەندییە دارایییەکانی هەولێر و بەغدای خستووەتە بەردەم قەیرانێکی ئاڵۆزتر؟ ههروهها بە لەبەرچاوگرتنی کۆتاییهاتنی ئۆتۆماتیکی یاسای بوودجەی سێ ساڵە، ئاسۆ و سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ ساڵی 2027 چی دەبن؟
سووتانی کارتەکانی گوشاری هەولێر، پشتبەستنی تەواوەتی بە شایستە دارایییەکانی بەغدا و، مەترسیی داخرانی ڕێڕەوە دەریایییەکانی نەوتی باشووری عێراق، وا دەکەن کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی بێپێشینەی ئاسایشی داراییدا بێت کە پێویستی بە داڕشتنەوەی خێرای ستراتیژیی ئابووری هەیە. توێژینەوەکە زانیاری و ئامارە دارایی و نەوتییە فەرمییەکانی سەرچاوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کۆ دەکاتەوە و شیکارییان بۆ دەکات. هەروەها لە ڕێی بەرجەستەکردنی ڕەهەندە جیۆپۆلیتیکییەکان و تیۆرییەکانی وابەستەییی ئابووری، هەڵسەنگاندن بۆ لێکەوتەکانی قەیرانی دوورگهی هورمز و داهاتووی ڕێککەوتنە دارایییەکانی هەولێر- بەغدا دەکات تاوەکوو ڕێگەچارەی واقعی بۆ ساڵی 2027 و ساڵانی دواتر بخاتە ڕوو.
1.2. بڕگە دەستوورییەکان (ماددەکانی 111 و 112) و تەنگژەی یاسای نەوت و گاز
کێشەی بوودجە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بنەمایەکی دەستووری و یاساییی ئاڵۆزی هەیە کە بۆ کەلێنەکانی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق دەگەڕێتەوە. ماددەی 111ی دەستوور جەخت دەکاتەوە کە نەوت و گاز موڵکی تەواوی گەلی عێراقن لە سەرجەم پارێزگا و هەرێمەکاندا. بەڵام ماددەی 112ی دەستوور، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم سامانە ڕێک دەخات، بووەتە خاڵی سەرەکیی ململانێکان. بەپێی ئەم ماددەیە، حکوومەتی فیدراڵی بە هاوکاری لەگەڵ هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان، بەڕێوەبردنی نەوت و گازی کێڵگە دیاریکراوەکان (کێڵگە بەکارهاتووەکان یان کۆنەکان کە پێش 15ی ئابی 2005 ئامادە کرابوون) لەئەستۆ دەگرێت.
هەرێمی کوردستان بۆ شەرعییەتدان بە دەسەڵاتەکانی لە بڕگە گشتییەکانی دەستوور پشتی بە (ماددەکانی 115 و 121) دەبەست، کە گوایە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسا هەرێمییەکان و بەڕێوەبردنی ئەو دۆسییانە نەدراونەتە دەسەڵاتی تایبەتمەندی فیدراڵی، بەڵكوو داویەتییە هەرێمەکان. لەم سۆنگەیەوە، پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2007دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی (ژمارە 22ی ساڵی 2007) پەسەند کرد؛ ئەمەیش لە کاتێکدا بوو کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر لە 23 ساڵە نەیتوانیوە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی پەسەند بكات بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر چوار ڕەشنووس لە ساڵی 2007ەوە تا ساڵی 2026.
2.2. مێژووی پچڕان و بڕینی بوودجە (لە 2014وە بۆ بوودجەی سێ ساڵە)
لە وەڵامی داڕشتنی سیستەمی گرێبەستی بەشداری لە بەرهەمهێنان (PSC) لەلایەن هەرێمەوە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان و، پاشان دەستپێکردنی هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی هێڵی بۆڕیی “جهیهان”ی تورکیا لە ساڵی 2012وە، بەغدا ئەم هەنگاوەی بە “نادەستووری” لەقەڵەم دا. لە ساتی تەقینەوەی قەیرانەکە لە سەرەتای ساڵی 2014دا، حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەتەواوەتی بەشە بوودجەی 17%ی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی بڕی.
ئەم بڕیارە هەرێمی ئاڕاستەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی “سەربەخۆییی دارایی” کرد. لەگەڵ ئەوەیشدا، هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت، جهنگی داعش و، بارگرانیی ئاوارەکان، ئابووریی هەرێمیان ڕووبەڕووی داڕمان کردەوە و، بووە هۆی دروستبوونی “سیستەمی پاشەکەوتی مووچە”. هەوڵە یاسایییەکانی بەغدا بۆ بەکارهێنانی دادگهکان کاتێک گەیشتە لووتکە، کە دادگهی باڵای فیدراڵیی عێراق لە 15ی شوباتی 2022دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی (ساڵی 2007)ی بە نادەستووری ئەژمار کرد؛ بڕیارێک کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری و حکوومەتی هەرێمەوە ڕەت کرایەوە بە پاساوی ناشەرعیبوونی پێکهاتەی دادگهکە.
3.2. لە هەناردەی سەربەخۆوە بۆ ڕاوەستانی ڕەها ( بڕیاری دادگهی ICC)
سەربەخۆییی دارایی و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم گەیشتە کۆتایییەکی دراماتیکی، کاتێک لە 25ی ئازاری 2023دا “دادگهی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس” (ICC) لە کەیسی تۆمارکراوی عێراق دژ بە تورکیا بڕیاری دا. دادگهکە ڕای گەیاند کە ئەنقەرە ڕێککەوتنی هێڵی بۆڕیی ساڵی 1973ی پێشێل کردووە بە ڕێگەدان بە هەولێر بۆ هەناردەکردنی نەوت بهبێ ڕەزامەندیی بەغدا.
بڕیارەکەی پاریس، بووە هۆی ڕاوەستانی دەستبەجێی نزیکەی 450,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم و کەرکووک، کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی یەکێتیی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (APIKUR) زیانی زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری بە داهاتی گشتیی عێراق گەیاند. ئەگەرچی لە 4ی نیسانی 2023 ڕێککەوتنی بەرایی کرا و لە ئەیلوولی 2025 هەوڵ بۆ دەستپێکردنەوە درا، بەڵام کێشەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ئاستەنگەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، ڕێگر بوون لە ئاساییبوونەوەی هەناردەکردن.
4.2. گۆڕانی چەمکی شایستەی دارایی: لە ڕێژەی سەدییەوە بۆ “خەرجیی فێعلی“
گەورەترین وەرچەرخانی دارایی بۆ هەرێم لە یاسای بوودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق (2023–2025) ڕووی دا. لەم یاسایەدا، چەمکی خەمڵاندنی شایستەی داراییی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پشکی جێگری ڕێژەی سەدی (کە پێشتر 12.67% بوو) هەڵوەشێنرایەوە و ڕێسای “خەرجیی فێعلی” جێگیر کرا.
بەکارهێنانی سیستەمی “خەرجیی فێعلی”، بووە هۆی کەمکردنەوەی دراماتیکیی شایستە دارایییەکانی هەرێم؛ چونکە ناردنی دارایی بۆ هەرێم، بەستراوەتەوە بە ڕێژەی ئەو پارەیەی کە حکوومەتی فیدراڵی لە سەرانسەری عێراقدا بهكردهیی خەرجی دەکات، نەک ئەوەی لە بوودجەدا پەسەند کراوە. ئەم گۆڕانکارییە، لەپاڵ مەرجەکانی ڕادەستکردنی 50%ی داهاتە نانەوتییەکان و ڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای “سومۆ” یان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، شایستە دارایییەکانی هەرێمی خستە ژێر ڕەحمەتی کورتهێنانی سێکتەرەکانی تر لە بەغدا و، کێشەی نەختینە و دواکەوتنی مووچەی لە هەرێمی کوردستان هێشتەوە و گەشەپێدانی وەبەرهێنانی بەتەواوەتی پەک خست.
تێپەڕاندنی یاسای بوودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق (2023–2025) لە حوزەیرانی 2023دا، کە تێیدا پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% (بە بڕی زیاتر لە 12 ملیار دۆلاری ساڵانە لە کۆی گشتیی خەرجییەکان کە 198.91 تریلیۆن دینار بوو) دیاری کرا، سەرەتای قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەکان بوو. لە کاتی پەسەندکردنی یاساکەدا، بڕگەی 14 (ماددەی 7) گەورەترین ناڕەزایەتیی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی لێ کەوتەوە، چونکە ڕێگەی بە بەغدا دەدا ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمدا بکات ئەگەر هەولێر بوودجە بەیەکسانی دابەش نەکات؛ ئەمەیش وەک هەوڵێک بۆ ئینتیهازییەت (ههلپهرستی) و لەقکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێم لێک درایەوە.
جگە لەوەیش، یاساکە مەرجی ناردنی 400,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی خستە سەر هەرێم بۆ کۆمپانیای “سومۆ” یان بەکارهێنانی ناوخۆیی، لەگەڵ ڕادەستکردنی بەشێک لە داهاتە نانەوتییەکان. بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت، بەغدا پەنای بردە بەر کەمکردنەوەی دراماتیکیی نەقدی بۆ هەولێر و، خەرجییە وەبەرهێنان و کارگێڕییەکانی بڕی؛ بە جۆرێک هەرێم تەنیا گوژمەیەکی زۆر کەمی لە شایستە فەرمییەکانی پێ گەیشت.
2.3. ململانێ لەسەر داهاتە نانەوتییەکان (یاسای 50%)
خاڵێکی دیکەی تەقینەوەی قەیرانەکە، بریتی بوو لە جێبەجێکردنی بڕگەی ڕادەستکردنی 50%ی داهاتە نانەوتییە ناوخۆیییەکانی هەرێم (وەک باج و ڕسووماتی گومرگی). بەغدا بڕیاری دادگه و هەڵسەنگاندنە ناوەندییەکانی بەکارهێنا تا هەموو داهاتە سنوورییەکان بە “سامانی سەروەری” بۆ دەستەی ناوەندی هەژمار بکات، لە کاتێکدا هەولێر پێی وا بوو هەندێک لە ڕسووماتە ئیدارییەکان لەژێر دەسەڵاتی تایبەتمەندی هەرێمدان. ئەم جیاوازییە لە لێکدانەوە و وردبینییە دارایییەکاندا، کە جاری وا هەبووە بڕی جیاواز لەنێوان 120 ملیار دینار تا زۆرتر دەستنیشان دەکرا، بووە پاساو بۆ بەغدا تا چەندان جار ناردنی مووچەی فەرمانبەران بوەستێنێت یان مەڕجداری بکات- ئەمەیش گوشاری ئابووریی سەر سەرکردایەتیی هەرێمی گەیاندە لووتکە.
بڕیارەکانی دادگهی باڵای فیدراڵیی عێراق (بەتایبەت بڕیاری ژمارە 224/فیدراڵی لە 2023) تایبەتمەندییەکی تری بە قەیرانی ئەم ساڵە بەخشی. دادگهکە سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی ڕاسپارد کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم بەتەواوەتی لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە “تەوتین” بكرێت. ئەگەرچی لە تەممووزی 2024دا دادگه ڕوونی کردەوە کە پڕۆژەی “هەژماری من”ی هەرێمیش، دەکرێت لە ڕێگەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی كه لەلایەن “البنک المرکزی العراقی” پەسەند كراون، ڕێگەیان پێ بدرێت؛ بەڵام ئەم بڕیارانە سەربەخۆییی داراییی هەولێریان لە بردنەڕێوەی سیستەمی مووچە کۆتایی پێ هێنا.
ئەم ڕێکارە ناچارییە لە لایەکەوە مووچەی لە ناکۆکییە سیاسییەکان (بڕیارەکانی 2025/2026) تا ڕاددەیەک جیا کردەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە نەرمیی داراییی حکوومەتی هەرێمی بێبهها كرد، چونکە بەکارهێنانی نەقدیی مووچە بۆ بەڕێوەبردنی خەرجییە فریاگوزارییەکان بەتەواوەتی وەستا.
4.3. پەککەوتنی کۆمپانیا نەوتییەکان و دۆسیەی تێچووی دەرهێنان
گەورەترین ڕێگر لەبەردەم ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ناڕوونیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (IOCs) بوو لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوە (Production and Transportation Costs). بەغدا مۆدێلی گرێبەستی خزمەتگوزاری بەکار دەهێنێت کە تێچووەکەی زۆر کەم دەخەمڵێنێت؛ سەرەتا بە ڕێژەی نزیکەی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کرابوو و دواتر لە هەموارەکاندا بۆ دەوروبەری 16 دۆلار بەرز کرایەوە.
لە لایەکی ترەوە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە هەرێم بەپێی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان (PSC) ئیش دەکەن کە تێچووی کارکردن و وەبەرهێنانی تێدا زۆر بەرزترە. ڕەتکردنەوەی شایستە دارایییەکانی ڕابردوو و ناڕوونی لە میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان لەلایەن بەغداوە، هەناردەکردنی سەربەخۆی پەک خست و زیانێکی داراییی گەورەی بە تەواوی ئابووریی عێراق و هەرێم گەیاند.
پشتبەستنی ڕەهای ئابووریی عێراق بە داهاتی نەوت، وڵاتەکەی خستووەتە دۆخێکی زۆر سست و، بەدەر نەبووە له شۆکە جیۆپۆلیتیکییەکان. لەم پێکهاتە ئابوورییەدا، دوورگهی هورمز نەخشی شادەماری سەرەکی بۆ مانەوەی ئابووریی عێراق دەگێڕێت. زیاتر لە 85% تا 90%ی کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە (بەتایبەت بەندەرەکانی بەسڕە و خۆر ئەلعومەر) و بەناو دوورگهی هورمزدا تێپەڕ دەبێت. لەو جێگەیەی داهاتی نەوت زیاتر لە 90%ی داهاتی گشتیی بوودجەی فیدراڵ و نزیکەی 95%ی داهاتی دراوی بیانی پێک دەهێنێت، هەر جۆرە تێکچوونێکی ئەمنی یان ئاستەنگێک لە بزووتنەوەی کەشتیوانی لە کەنداوی فارسدا، هۆکاری ڕاستەوخۆیە بۆ ئیفلیجکردنی تەواوەتیی داراییی دەوڵەتی عێراق.
سنوورداربوونی ڕێگە جێگرەوەکانی هەناردەکردن، مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان بۆ سەر عێراق دووقات دەکاتەوە. بەپێچەوانەی هەندێک لە وڵاتانی دراوسێی کەنداوی فارس کە لانی کەم خاوەنی هێڵی بۆڕیی جێگرەوەن بۆ گەیاندنی نەوت بە دەریای سوور یان دەریای عوممان، عێراق خاوەنی هیچ ڕێگەیەکی کاریگەر و ئامادەکراوی جێگرەوە نییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی باشوور. لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانێکی ئەمنیی فراوان لە دوورگهی هورمز یان ڕوودانی پێكدادانی سەربازی، لەدەستدانی توانای هەناردەکردنی ڕۆژانەی زیاتر لە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی باشوور، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەبێتە هۆی داڕمانی تەمویلی بوودجە، دروستبوونی کورتهێنانی دارایی و، وەستانی توانای حکوومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە بنەڕەتییەکان.
کاریگەرییەکانی قەیرانی کەنداوی فارس تەنیا لە بەغدا و پارێزگاکانی باشوور کۆتایی نایە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و وێرانکەر پەڕینەوە و، كاریگەری لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن. له پێکهاتەی پەیوەندییە دارایییەکانی نێوان بەغدا و هەولێردا، کاتێک حکوومەتی فیدراڵ تووشی قەیرانی حەددی نەقدینەیی (سنووری نهختینهیی؟ سهقفی نهختینهیی؟) دەبێتەوە، بەهۆی ناهاوسەنگیی سیاسی و گوشارە ناوخۆیییەکانەوە، یەکەم خەرجی کە ڕووبەڕووی بڕین یان دواخستن دەبێتەوە، شایستە دارایییەکان و پشکی هەرێمی کوردستانە لە بوودجەدا. بەم شێوەیە، هەر ڕاوەستانێکی هەناردە لە دوورگهی هورمز، دەستبەجێ دەبێتە هۆی پەککەوتنی ناردنی “سیولەی دارایی” بۆ هەرێم و قووڵکردنەوەی قەیرانی داراییی ناوخۆییی کوردستان.
ئەم دۆخە مەترسیدارە بەهۆی داخرانی بەردەوامی هێڵی بۆڕیی “جیهان–تورکیا” ئاڵۆزتر بووە. لە ئاداری 2023وە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی باکوور (بە بڕی نزیکەی 450,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا) لە ڕێگەی بەندەری جهیهانی تورکیاوە ڕاوەستاوە. ئەم ڕاوەستانە درێژخایەنە، زیانی ئابووریی ڕاستەوخۆی بە ملیاران دۆلار لە دەستکەوتی گشتیی عێراق و هەرێم داوە. له کاتێکدا هێڵی بۆڕیی باکوور، دەکرا وەک دەرچەیەکی بەشەکیی ڕزگاربوون یان ڕێگەیەکی جێگرەوە لە کاتی قەیرانی دوورگهی هورمزدا بەکار بهێنرێت، پەککەوتنی بەردەوامی ئەم هێڵە عێراق و هەرێمی کوردستانی تووشی دەستەپاچەیییەکی جیۆئابووریی تەواوەتی کردووە. لە ئەنجامدا، گەر قەیرانێک لە کەنداو ڕوو بدات، عێراق هیچ دەروازەیەکی دیکەی چالاکی بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بۆ نامێنێتەوە؛ کە ئەمەیش بنەمای داراییی تەواوی وڵاتەکە ڕووبەڕووی داڕمانی دارایی و ناسەقامگیریی سیاسی دەکاتەوە.
1.5. کۆتاییهاتنی چوارچێوەی بوودجەی سێ ساڵە و ئامادەکاری بۆ بوودجەی 2027
بە بەسەرچوونی چوارچێوەی یاسای بوودجەی سێ ساڵە (2023–2025) و ئاستەنگەکانی بەردەم پەسەندکردنی بوودجەی 2026 بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دابەزینی داهات، عێراق ڕووبەڕووی بۆشایییەکی بێپێشینەی هەیكەلی دارایی بووەتەوە. بەکارهێنانی میکانیزمی یاساییی “1/12” تەنیا وەک ئامرازێکی کاتی بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە بەگەڕخستنە بنەڕەتییەکان ماوەتەوە، بێ ئەوەی توانای دروستکردنی گەشەی ئابووریی هەبێت. لەم سۆنگەیەوە، وەزارەتی دارایی و لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ داڕشتنی یاسایەکی نوێی بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027. جیاوازیی ئەم یاسایە لەوەدایە کە هەوڵ دەدرێت لە مۆدێلی نەریتیی “بڕگەیی” (Line-item) بگوێزرێتەوە بۆ “بوودجەی بەرنامە و ئەنجامدان” (Program and Performance Budgeting – PBB) بە هاوکاریی بانک جیهانی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی کوورتهێنانی دارایی و بەرزکردنەوەی داهاتە نەوتییەکان.
2.5. گۆڕانکاری لە بازاڕی جیهانیی وزە و گواستنەوەی سەوز
پێشبینییەکانی نرخی نەوتی خاو (Brent) بۆ کۆتاییی ساڵی 2026 و ساڵی 2027 لەنێوان 78$ بۆ 85$ بۆ هەر بەرمیلێک دەسووڕێنەوە. هەڵکشانی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و مەترسییەکانی سەر ڕێڕەوە دەریاوانییە گرنگەکان (وەک گەرووی هورمز) وەک فاکتەری پاڵپشت بۆ نرخی نەوت دەمێننەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە، خێرابوونی پرۆسەی گواستنەوەی سەوز (Green Transition) و پەرەسەندنی وزەی نوێبووەوە ئاستێکی دیاریکراو بۆ نرخەکان دادەنێن. بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە 98%ی بەرهەمهێنانی کارەبایان پشت بە سووتەمەنیی هایدرۆكاربۆنی دەبەستێت، گوشاری نێودەوڵەتی و پێویستیی ناوخۆیی بۆ کەمکردنەوەی سووتاندنی گازی هاوەڵ (Gas Flaring) و بەگەڕخستنی پڕۆژەکانی گازی سروشتی، وەک پەرەپێدانی کێڵگەی كۆرمۆر KM250، دەبنە مەرجی بنەڕەتی بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی وزە.
3.5. سیناریۆکانی ساڵی 2027 بۆ پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی هەیکەلیی دارایی و دەربازبوون لە دۆخی سەختی ئابووری، پێویستە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر و کرداری بگرێتە بەر کە سێ ئاستی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:
1.6. لەسەر ئاستی ناوخۆیی (چاکسازیی ڕیشەیی و هەیکەلی)
2.6. لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا
3.6. لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیکی و ناوچەیی
پوختەی ئەم شیکارییە جەخت لەسەر ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەکاتەوە: گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ئابوورییەکی سێکتەریی بەستراوە بە نەوتەوە بۆ ئابوورییەکی هەمەجۆر و فرەسەرچاوە، ئیدی بژاردەیەکی ئارەزوومەندانه یان لۆژیكێکی سیاسی نییە، بەڵکوو زەروورەتێکی حاشاههڵنهگر و چارهنووسسازی ئاسایشی نەتەوەیی و نەوەکانی داهاتووە. بەسەرچوونی یاسای بوودجەی سێ ساڵە و گۆڕانکارییە خێراکانی بازاڕی وزەی جیهانی، دەریان خست کە پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەیەک، داراییی هەرێم دەخاتە بەر مەترسیی هەمیشەیی.
ساڵی 2027 دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەخت و وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی ناوچەکە. تەنیا لە ڕێگەی دەستپێکردنی چاکسازیی پێشوەختە و قووڵ لە سیستهمی باج، شەفافییەتی داهاتە نانەوتییەکان، پێداچوونەوە بە خەرجییە گشتییەکان و، دروستکردنی مۆدێلێکی سەردەمییانەی هاوکاری لەگەڵ بەغدا، هەولێر دەتوانێت خۆی لە ڕەشەبای قەیرانە دارایی و جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە بپارێزێت و بنەمای ئابوورییەکی سەربەخۆ و سەقامگیر بۆ داهاتوو دابڕێژێت.
سەرچاوەكان:
نووسینی: ماجد کیالی پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش (سعوودیا-تورکیا-پاکستان)، کە بۆ لایەنەکانی دیکەیش (بەتایبەت میسر) کراوەیە، سەرەتای… زیاتر
کریستۆفەر فیلیپس (Christopher Phillips) پەیوەندیی نێوان هەنگاونانی جیهان بەرەو فرەجەمسەری لە دەیەکانی دواییدا و ململانێی… زیاتر
د. ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا ئەلمودەڕیس دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی… زیاتر
تاقیکردنەوەی سەروەری لەبەردەم هەژموونی بۆشاییدا د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا… زیاتر
کێنێس ئێم. پۆڵاک (Kenneth M. Pollack) ماڵپەڕ: پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Middle East Institute) لە کاتێکدا… زیاتر
نووسەر: ستەیسی دی. ڤاندەڤیر (Stacy D. VanDeveer) قەیرانی گەرووی هورمز (Strait of Hormuz)، ئاڵۆزییە بەرفراوانەکانی… زیاتر