نووسەر: تەیلۆر لەک (Taylor Luck)
ماڵپەڕ: کریستیان ساینس مۆنیتۆر (The Christian Science Monitor)
هاوکات لەگەڵ توندکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، تاران گەورەترین دەرچەی ڕزگاربوونی خۆی، کە عێراقە، فراوانتر دەکات.
وڵاتە دراوسێکەی ئێران (عێراق)، کە ماوەی دوو دەیە دەبێت تاران هەژموونی بەسەر کایە سیاسی و ئابوورییەکانیدا سەپاندووە، ئێستا وەک دوایین دەماری ئابووریی ڕژێمەکە دەردەکەوێت. بەرپرسان و شیکەرەوان پێیان وایە بۆ هێشتنەوە و مسۆگەرکردنی ئەم هەژموونییە، ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکان و سپیکەرەوەکانی پارەوە دەستێوەردانە مەیدانییەکانی خۆی زیاتر دەکات.
ئەم دۆخەیش گوشاری خستووەتە سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی (Ali al-Zaidi)، کە خۆی وەک ڕیفۆرمخوازێک دەناسێنێت و داوای چەککردنی میلیشیا عێراقییەکانی کردووە؛ هەروەها لە مانگی تەممووزدا لە کۆشکی سپی بەگەرمی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، “دۆناڵد ترەمپ”ەوە پێشوازیی لێ کرا.
هۆکاری نووسینی ئەم بابەتە
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەککردنی میلیشیا عێراقییەکان بووە، بەو گرووپانەیشەوە کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و خزمەتی دەکەن. ئیدارەی ترەمپ بەتەواوی پشتیوانی لەم ئامانجە دەکات، بەڵام گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران گەیشتن بەم ئامانجەیان قورستر کردووە.
بۆ هەڵکەندنی ڕەگ و ڕیشەی تۆڕە دارایییەکانی ئێرانی شیعەمەزهەب، زەیدی ناچارە ڕەگ و ڕیشەی ئەو میلیشیا شیعە بەهێزانە هەڵکەنێت کە ئێران پشتیوانییان دەکات. سەرباری ئەمەیش، لە کاتێکدا ئێران هێزی خۆی نیشان دەدات، ڕۆڵی حکوومەتی بەغدا تا دێت زیاتر پەراوێز دەخرێت و تەنیا وەک تەماشاکەرێکی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران دەمێنێتەوە.
لە كاتی خستنەڕووی نەخشەڕێگەی “ڕۆژی یەکلاکەرەوەی ئابووری” (economic D-Day)ی ئیدارەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ڕۆژی دووشەممەدا، وەزیری گەنجینە سکۆت بێسێنت (Scott Bessent) ڕای گەیاند کە ئەمە “هەڵمەتێکی بەردەوامە” بۆ “پچڕاندنی تەواوی ئەو دەمارە ئابوورییانەی کە ڕژێمە ستەمکارەکە دەهێڵنەوە تا ئەو کاتەی تاران بەتەنیا دەمێنێتەوە.”
بێسێنت هۆشداریشی دا و گوتی: “ئەو وڵاتانەی ئاسانکاری بۆ هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ڕژێمەکە دەکەن… دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەن کە هاوبەشی گۆشەگیرییەکەی بن.”
بەڵام شارەزایان گومان لەوە دەکەن ئیدارەی ترەمپ لە واقعدا شتێکی ئەوتۆی پێ بکرێت بۆ سنووردارکردنی تۆڕە دارایییە نایاسایییەکانی ئێران لە عێراقدا؛ کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و خاوەنی ئابوورییەکی کاشە، هەروەها ٩٩٤ میل سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێراندا هەیە و پڕە لە گرووپی سیاسی و باڵی چەکداریی دڵسۆز بۆ تاران.
ڤیکتۆریا تایلۆر (Victoria Taylor)، بەڕێوەبەری دەستپێشخـــــەریی عێــــــــراق لە ئەنجومەنی ئەتڵەســـی (Atlantic Council) و جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران دەڵێت: “عێراقییەکان وا بهئاسانی پارە لە بانکەکاندا دانانێن.” هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە سنوورداریی بەکارهێنانی سیستەمە بانکییەکان لەلایەن عێراقییەکانەوە، هەوڵەکانی زەیدیی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی بێئاکام کردووە، کە یەکێکی دیکەیە لە کارە لەپێشینەکانی.
تایلۆر دەڵێت: “پرسیارێک هەیە دەربارەی ئەوەی سزاکان چ کاریگەرییەکیان دەبێت کاتێک خەڵک پارە لەناو گۆزە و لەژێر زەویدا دەشارنەوە. پێم وا نییە سزاکان وەک ئامرازێک، بەو شێوەیەی ئێمە دەمانەوێت، بتوانن بەناچاری گوشار بخەنە سەر دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا.”
چەند سەرچاوەیەکی جیاواز بە ماڵپەڕی مۆنیتۆر (The Monitor)یان گوتووه کە پێش ڕاگەیاندنی سزاکانی “ڕۆژی یەکلاکەرەوە” لە ڕۆژی دووشەممەدا، ئەو گرووپانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە عێراق، بەپەلە هەوڵیان داوە ملیۆنان دۆلار بکەن بە دراوی دیجیتاڵی (Cryptocurrency).
هەوڵێکی بەردەوامی ئەمریکا
“ڕۆژی یەکلاکەرەوەی ئابووری”، نوێترین قۆناغی ململانێ درێژخایەنەکەی واشنتۆنە بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی دۆلار بەناو عێراقدا.
بەپێی میکانیزمێک کە لە سەردەمی داگیرکاریی ئەمریکا بۆ سەر عێراق داڕێژراوە، داهاتە نەوتییەکانی وڵاتەکە لە ڕێگەی بانکی یەدەگی فیدراڵی (Federal Reserve Bank) لە نیویۆرک دەپارێزرێن و بەڕێوە دەبردرێن؛ کە بڕی ١٠٠ ملیار دۆلار لە یەدەگەکانی وڵاتەکە لە ئەمریکایە.
لە ساڵی ٢٠٢٤، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بانکی هودا (Al Huda Bank)ی عێراقی لە سیستەمی داراییی ئەمریکا جیا کردەوە و ڕای گەیاند کە بانکەکە ملیاران دۆلاری بۆ ســـــــوپای پاســــــدارانی شۆڕشی ئیــــــــــسلامی (Islamic Revolutionary Guard Corps) و میلیشیاکانی سەر بە ئێران ناردووه.
تەنانەت بانکی ناوەندیی عێراق (Central Bank of Iraq) لە ساڵی ٢٠٢٤ بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکیی لە بانکی ئیسلامیی باشوور (Al Janoob Islamic Bank)ی سەر بە خودی زەیدی و شەش بانکی دیکەیش قەدەغە کرد؛ ئەمەیش لە ناوەڕاستی گومانەکانی وەزارەتی گەنجینەدا بوو کە گوایە دراویان بۆ ئێران و ئەو گرووپانە قاچاغ کردووە کە تاران پاڵپشتییان دەکات.
لە نیسانی ٢٠٢٦، لە هەوڵێکدا بۆ خنکاندنی ئەو میلیشیایانە، ئیدارەی ترەمپ دەستی بەسەر ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتەکانی حکوومەتی عێراقدا گرت و سەرجەم بارەکانی ناردنی دراوی ئەمریکیی هەڵپەسارد.
سەرەڕای ئەمەیش، دوای ئەوەی زەیدی لە کۆبوونەوەکەی مانگی تەممووز لە کۆشکی سپی بەڵێنی چاودێرییەکی توندی دارایی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پاراستنی دا، ئەمریکا گەشتە ئاسمانییەکانی گواستنەوەی دۆلاری بۆ عێراق دەست پێ کردەوە.
شارەزایان دەڵێن هەفتەی ڕابردوو، دوای ئەوەی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو (United Arab Emirates)-کە دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە- پەیوەندییە بازرگانی و دارایییەکانی لەگەڵ ئێراندا هەڵپەسارد، بەهۆی ئەوەی بە هێرشێکی مووشەکیی ئێرانی وەسفی کرد، گرنگیی عێراق وەک دوایین دەماری ئابووریی ئێران زیاتر بووە.
میلیشیاکان و پارە
بۆ ڕێگریکردن لەوەی زیاتر پەلکێشی ناو جەنگەکە ببێت، حکوومەتی عێراق کەوتۆتە ژێر گوشارەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو میلیشیایانەی کە وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو و بنکەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
زەیدی نوێنەرایەتیی گەورەترین کوتلەی سیاسی لە عێراقدا دەکات، کە هاوپەیمانێتییەکی فراوانی شیعەکانە. ئەم هاوپەیمانێتییە کۆمەڵێک باڵی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە ئاستی جیاوازیان لە ناسیۆنالیزمی عێراقی، دڵسۆزی بۆ ئێران، گومانکردن و تەنانەت بێزارییەکی ئاشکرایان بەرامبەر بە هەژموونی تاران لە عێراقدا هەیە. هەندێکیشیان پەیوەندییان بە میلیشیاکانەوە هەیە.
میلیشیا شیعەکانی وەک یەکەکانی حەشدی شەعبی، کە دە ساڵ لەمەوبەر بۆ جهنگی دژی یاخیبووانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پێک هێنراون، لەو کاتەوە بە شێوەیەکی لاواز خراونەتە ژێر چەتری دەوڵەتی عێراقەوە.
میلیشیاکانی دیکەی وەک “موقاوەمەی ئیسلامی” کە کەتائیبی حزبوڵڵا (Kataib Hezbollah) و عەسائیبی ئەهلی هەق (Asa’ib Ahl al-Haq) دەگرێتەوە، لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت یان هاوپەیمانێتییەکەی زەیدین و لەلایەن تارانەوە ئاراستە دەکرێن. بە درێژاییی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەم گرووپانە ئامرازێکی کاریگەر بوون بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە.
چاودێران و بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، لە کاتێکدا پێشتر سوپای پاسداران پشتی بە تۆڕە شاراوەکانی پشتیوانیی دارایی دەبەست لە دوورەوە، ئێستا فەرماندەکانی سوپای پاسداران (IRGC) لە عێراقدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی میلیشیاکان و تۆڕەکانی پارەدارکردنیان دەکەن و بە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەیانپارێزن. لە مانگی تەممووزدا، چەندان ئەفسەری سوپای پاسداران لە هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیا بۆ سەر گرووپە نیمچەسەربازییەکان لە عێراق کوژران.
موهەنەد سەللوم (Muhanad Seloom)، توێژەری باڵا لە ئەنجومەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کاروباری جیهانی (Middle East Council on Global Affairs) کە بنکەکەی لە دەوحەیە، دەڵێت: “لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، عێراق سییەکانی هەناسەدانی ئابووریی ئێران بووە.” هەروەها دەڵێت: “بۆ دڵنیابوون لەوەی پارەکە لە کۆتاییدا دەگاتە ئێران، پێویستیان بەم میلیشیایانەیە لەسەر زەوی بۆ ئەوەی کۆنترۆڵ و گوشار بخەنە سەر بانکەکان و بازاڕی دۆلار. بە تێپەڕبوونی ساڵەکان، ئامێرێکی سپیکردنەوەی پارەیان لە بەغدا گەیاندووەتە ئاستێکی بێخەوش کە دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێت و دەیگوازێتەوە بۆ ئێران.”
لۆژیکەکەی زەیدی
حکوومەتەکەی زەیدی داوای لە سەرجەم میلیشیاکان کردووە تا ٣٠ی ئەیلوول چەک دابنێن یان بخرێنە ناو ڕیزەکانی دەوڵەتەوە، کە هەمان ئەو ڕێکەوتەیە دوایین هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتی دوای ٢٣ ساڵ عێراق جێ دەهێڵن.
لۆژیکی حکوومەتی عێراق لە بەستنەوەی ئەم دوو هەنگاوە بەیەکەوە، ئەوەیە کە بەبێ بوونی هێزەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی ڕۆژاوا لە عێراقدا، ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات چیتر بیانوویان نامێنێت بۆ ئەوەی لە عێراقدا چالاکی بکەن.
تایلۆر، شارەزای کاروباری عێراق لە ئەنجومەنی ئەتڵەسی دەڵێت: “کێشەکە ئەوەیە، ئەم میلیشیایانە پێویستیان بە بیانوویەکی شەرعی نییە.” هەروەها دەڵێت: “میلیشیاکان ههن، چونکە ئێران دەیەوێت ههبن و … وەک دەمارێکی گرنگی ئابووری دەیانبینێت. ئەم میلیشیایانە بوونەتە پڕۆژەی بازرگانی لە عێراقدا.”
شارەزایان دەڵێن لە کاتێکدا لەوانەیە هەندێک لە میلیشیا نزیکەکان لە هاوپەیمانێتییەکەی زەیدی بەڕواڵەت چەک دابنێن و هەندێکی دیکەیشیان بخرێنە ناو ڕیزەکانی دەوڵەتەوە، بەڵام میلیشیا توندڕەوەکانی سەر بە ئێران لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیە دەمێننەوە.
دکتۆر سەللوم دەڵێت: “ئەوەی جێی باوەڕ نییە، چەککردن یان تێکەڵکردنی ئەو میلیشیایانەیە کە سوپای پاسداران سەرکردایەتییان دەکات. پێم وا نییە كهس لە عێراقدا بتوانێت یان بیەوێت ئەو کارە بکات. ئەم میلیشیایانە بەقووڵی ڕەگیان داکوتیوە و دەتوانن هەڕەشە لە هەر کەسێک بکەن.”
هەروەها دەڵێت: “ئێران بەتەواوی کۆنترۆڵی عێراقی نەکردووە، بەڵام ئەو گرووپانەی کە ئێران پاڵپشتییان دەکات چەک و پارەیان بەدەستەوەیە.”
سەرچاوە:
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران چیڕۆکەکە کەى… زیاتر
د. موهفهق عادل عومهر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و… زیاتر
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گۆڕانکارییەکان لەبەردەرگهن… زیاتر
موهفهق عادل عومهر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و… زیاتر
خانەی هزریی کوردستان نێچیرڤان بارزانی؛ پردێک لەناو ئاگردا و کردنەوەی گرێکوێرەکانی دیپلۆماسی هەر ئەو… زیاتر
نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر-بریتانیا- پڕۆفیسۆری یاریدەدەر… زیاتر