1

چیرۆکی 30 ساڵەی بزووتنەوەیەکی یەمەنی؛ حووسییەکان چۆن گەیشتنە دەسەڵات؟

ئەمڕۆ ناوی حووسییەکان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە گرێدراوی مووشەک، درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)، دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەبە. بەڵام ئەو گرووپەی ئێستا وەک یەکێک لە گرنگترین ئەکتەرە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، چالاکییەکانی خۆی نە وەک هێزێکی هه‌رێمایه‌تی، بەڵکوو وەک بزووتنەوەیەکی ئایینی و ناوخۆیی لە چیاکانی باکووری یەمەنەوە دەست پێ کرد.

حووسییەکان کە ناوەکەیان لە بنەماڵەی حووسی وەرگرتووە و بە ”ئەنساروڵڵا”یش دەناسرێن، لە دەیەی 1980دا لەنێو زەیدییەکانی باکووری ڕۆژاوای یەمەن سەریان هەڵدا. مەزهەبی زەیدی لقێکە لە شیعە، کە بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانی ناوچەکانی باکووری یەمەن پێک دەهێنێت. ئامانجی سەرەتاییی بزووتنەوەکە زیندووکردنەوەی شوناس و نەریتەكانی زەیدی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە بوو کە ئەندامەکانی وەک دەستێوەردانی دەرەکی و تەشەنەسەندنی ڕەوتە سەلەفییەکان لە ناوچەکانیاندا وەسفیان دەکرد.

لەو سەردەمەدا هێشتا هیچ دەنگوباسێک لە دەسەڵاتی سەربازیی ئەمڕۆی حووسییەکان لە ئارادا نەبوو. وەرچەرخانەکە کاتێک هاتە ئاراوە کە ئەم بزووتنەوەیە بە شێوەیەکی پلە بە پلە لە چالاکیی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە، گۆڕدرا بۆ هێزێکی سیاسی و چەکدار.

ئەو جەنگانەی حووسییەکانیان بەهێزتر کرد

حکوومەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆککۆماری یەمەن لە ساڵی 2004دا هەوڵی دا حوسێن بەدرەدین حووسی، یەکێک لە سەرکردە سەرەکییەکانی بزووتنەوەکە دەستگیر بکات. ئەم کێشمەکێشە پەرەی سەند و گۆڕدرا بۆ یاخیبوونێکی چەکداری و هەر لە هەمان ساڵدا حوسێن حووسی کوژرا.

سەرباری ئەمەیش، کوژرانی ڕێبەری بزووتنەوەکە، نەبووە مایەی کۆتاییهاتنی. بەپێچەوانەوە، عەبدولمەلیک حووسی، ڕێبەرایەتیی گرووپەکەی گرتە دەست و حووسییەکان چوونە نێو زنجیرەیەک جەنگ لە دژی سوپای یەمەن.

لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2010، شەش گه‌ڕی جەنگ لەنێوان حکوومەت و حووسییەکان لە پارێزگای سەعدە ڕووی دا. ئەم جەنگانە ئەگەرچی زیانی زۆریان بە بزووتنەوەکە گەیاند، بەڵام هاوکات ئەزموونی سەربازی، ڕێکخستن و توانای جەنگیی حووسییەکانیشیان بەرز کردەوە. لە کۆتاییی ئەم قۆناغەدا، حووسییەکان بەکردەوە لە سەعدە و ناوچەکانی دەوروبەریدا، گۆڕدرابوون بۆ هێزێکی گرنگ.

بەهاری عەرەبی؛ ئەو دەرفەتەی هاوسەنگیی هێزی گۆڕی

ساڵی 2011 هەموو شتێکی لە یەمەن گۆڕی. ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان دژ بە دەسەڵاتی 33 ساڵەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرەنجام بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراو و عەبدرەببە مەنسوور هادی جێگەی گرتەوە.

بەڵام دەستاودەستکردنی دەسەڵات نەیتوانی قەیرانی سیاسی و ئابووریی یەمەن چارەسەر بکات. سوپا و دامەزراوە حکوومییەکان دووچاری لێکترازانی قووڵ ببوون و لایەنە جیاوازەکان بۆ بەدەستهێنانی پشکی زیاتری دەسەڵات کێبڕکێیان دەکرد.

حووسییەکانیش ئەم بۆشایییەیان قۆستەوە و هەژموونی خۆیان لە پێگە نەریتییەکەیانەوە لە باکوور پەرە پێ دا.

یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی دەسەڵاتی نوێ ئەوە بوو کە نەیتوانی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و داڕشتنەوەی پێکهاتەی حوکمڕانی بەڕێوە ببات. ناکۆکی لەسەر پڕۆژەی فیدراڵیکردنی یەمەنیش حووسییەکانی زیاتر لەبەرامبەر دەسەڵاتدا ڕیز کرد.

دوژمنی دوێنێ، هاوپەیمانی ئەمڕۆ

ڕەنگە یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین بەشەکانی چیرۆکی هاتنەسەردەسەڵاتی حووسییەکان، هاوپەیمانێتیی کاتییان بێت لەگەڵ ئەو کەسەی ساڵانێکی زۆر شەڕیان له ‌دژی کردبوو: عەلی عەبدوڵڵا ساڵح.

ساڵح پاش دوورخرانەوەی لە پۆستی سەرۆککۆماری، هێشتا خاوەنی تۆڕێکی بەرفراوان لە لایەنگران، هێزە سەربازییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان بوو لە یەمەن. ناوبراو و حووسییەکان تووشی دوژمنی هاوبەش ببوون و هەردوو لایان لە حکوومەتی هادی و حزبی ئیسڵاح (اصلاح)، کە یەکێک لە ڕکابەرە سەرەکییە سیاسییەکانی حووسییەکان بوو، ناڕازی بوون.

دەرەنجام، دوژمنە کۆنەکان بە شێوازێکی تاکتیکی لەیەکتر نزیک بوونەوە.

ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ حووسییەکان بایەخێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو، چونکە تۆڕەکانی سەربە ساڵح لەنێو سوپا و دامەزراوە حکوومییەکاندا هاوکارییان کردن تا لە ساڵی 2014دا بە کەمترین بەرگرییەوە بچنە نێو سەنعا .

کەوتنی سەنعا و هەڵکشانی حووسییەکان

لە تەممووزی 2014دا حووسییەکان دەستیان بەسەر پارێزگای عەمران لە باکووری سەنعادا گرت. چەند مانگێک دواتر، لە مانگی ئەیلوولدا، چەکدارەکانیان چوونە نێو پایتەختەوە.

حکوومەتەکەی هادی نەیتوانی پێشڕەوییەکانیان بوەستێنێت و حووسییەکان دەستیان بەسەر بەشە گرنگەکانی سەنعا و دامەزراوە حکوومییەکاندا گرت.

لە کانوونی دووەمی 2015دا حووسییەکان کۆشکی سەرۆکایەتییشیان کۆنترۆڵ کرد و گوشارەکانی سەر هادی هەڵکشا. لە ئاکامدا ناوبراو بەرەو عەدەن و دواتریش بەرەو عەرەبستانی سعوودی هەڵات.

بەو شێوەیە، بزووتنەوەیەک کە کەمتر لە دوو دەیە پێشتر گرووپێکی ئایینیی لۆکاڵی بوو لە باکووری یەمەن، بەکردەوە گۆڕدرا بۆ دەسەڵاتی باڵادەست لە پایتەخت و بەشێکی گەورەی باکووری ئەو وڵاتەدا.

سعوودیا هاتە نێو جەنگەوە

بەدەسەڵاتگەیشتنی حووسییەکان، نیگەرانییەکانی ڕیازی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد، بەتایبەت بەهۆی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و نزیکیی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حووسییەکان لە خاکی سعوودیاوە.

سعوودیا لە ئاداری 2015دا هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی پێک هێنا و لەپێناو پشتیوانیکردنی دەوڵەتی یەمەن، چووە نێو جەنگەکەوە. بەڵام دەستێوەردانی سەربازیی سعوودیا نەیتوانی حووسییەکان لە سەنعا وەدەر بنێت.

جەنگ چەندان ساڵ درێژەی کێشا و ئەگەرچی حووسییەکان گورزی قورسیان بەرکەوت، بەڵام توانییان بەشە سەرەکییەکەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیان بپارێزن. هاوکات لە ساڵی 2022وە هێڵە سەرەکییەکانی جه‌نگ بۆ ماوەیەک تا ڕاددەیەکی زۆر سڕ کران.

ئێران چ کاریگەرییەکی هەبوو؟

حووسییەکان دروستکراوی ئێران نەبوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵان، پشتیوانییەکانی تاران بۆیان هەڵکشا. ئەم پشتیوانییە گواستنەوەی چەک، مەشقپێکردن و یارمەتیی هەواڵگری و سەربازیی لەخۆ دەگرت، کە وای کرد حووسییەکان بتوانن توانای مووشەکی و درۆنیی خۆیان گەشە پێ بدەن.

هەر بۆیە، وەسفکردنی حووسییەکان وەک ”هێزێکی بریکار” (Proxy force) بۆ ئێران جێگەی مشتومڕە. زۆرێک لە شرۆڤەکاران بە هاوپەیمان یان هاوبەشی نافەرمیی ئێرانیان دادەنێن. ئەوان بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆریان لەگەڵ تاران هەیە، بەڵام هاوکات ئامانج و بڕیارە سەربەخۆکانی خۆیشیان جێبەجێ دەکەن.

سەرەڕای ئەمەیش، پێشهاتەکانی ئەم دوایییە ئەوە نیشان دەدەن کە ناکرێت پشتیوانییەکانی ئێران تەنیا لە ڕابردوودا قەتیس بکرێن. ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز (Reuters) لە ڕاپۆرتێکدا لە 10ی ئەیلوولدا لە زاری سەرچاوەکانی یەمەن، ئێران و ناوچەکەوە بڵاوی کردەوە کە سوپای پاسداران دەستێکی ڕاستەوخۆی لە ئاراستەکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دوایییەی حووسییەکان لە کەناراوەکانی دەریای سووردا هەیە. ئەگەرچی تاران ئەم گرووپە بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت، بەڵام بەئاشکرا سەرکردایەتیکردنی سەربازییان ڕەت دەکاتەوە.

لە جه‌نگی ناوخۆی یەمەنەوە تا هێزێک کە ڕێڕەوی بازرگانیی جیهانی دەخاتە مەترسییەوە

وەرچەرخانی گەورەی دواتر لە پێگەی حووسییەکان، پاش جەنگی غەززە لە ساڵی 2023دا هاتە ئاراوە.

حووسییەکان دەستیان بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا کرد و ڕایان گەیاند ئەم هەنگاوانە بۆ پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان ئەنجام دەدرێن.

پێگەی جوگرافییان گرنگیی ئەم هێرشانەی چەندهێندە کرد. حووسییەکان لە بەشێک لە کەناراوەکانی دەریای سوور و نزیک لە گەرووی بابولمەندەب (Bab al-Mandab Strait) جێگیرن؛ ئەو دەروازەیەی کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن (Gulf of Aden) دەبەستێتەوە و یەکێکە لە هەستیارترین ڕێڕەوەکانی بازرگانیی جیهانی.

دەرەنجام، حووسییەکان تەنیا وەک کاراکتەرێک لە جه‌نگی ناوخۆی یەمەندا نەمانەوە، بەڵکوو گۆڕدران بۆ گرووپێک کە توانای دروستکردنی ئاستەنگ لە بازرگانی و وزەی جیهانیدا هەیە.

بۆچی حووسییەکان هێشتا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە؟

حووسییەکان خاوەنی بنکەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایینیی ڕاستەقینەن لە باکووری یەمەن، ساڵانێکی زۆر ئەزموونی جه‌نگی گه‌ریلایی (Guerrilla warfare)یان هەیە، بە درێژاییی جەنگەکە توانای سەربازیی خۆیان پەرە پێ داوە، ڕکابەرەکانیشیان چەندان جار دووچاری ناکۆکی و لێکترازان بوونەتەوە.

لەبەرامبەردا، پشتیوانیی ئێران دەستڕاگەیشتنی ئەوانی بە مووشەک، درۆن، مەشق و زانیاریی هەواڵگریی فراوانتر کردووە.

لە لایەکی دیکەیشەوە، ساڵانێکی زۆر لە جەنگی ئاسمانی و گەمارۆدان نەیتوانیوە پەیکەری ئەم گرووپە هەڵوەشێنێتەوە. بەشێکی زۆری توانای سەربازییان لە ناوچە شاخاوییەکان و لەنێو تۆڕێک لە ژێرخانی شاردراوەدا پارێزراوە.

حووسییەکان لە ساڵی 2026دا؛ هێزێک لە هەڵکشاندا؟

پێشهاتەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی، جارێکی دیکە سەلماندیان کە بۆچی حووسییەکان تا ئێستایش یەکێکن لە ئەکتەرە دیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هێزەکانی حووسی لە ئەیلوولی 2026دا لە پێشڕەوییەکی خێرادا بە درێژاییی کەناراوەکانی دەریای سوور، دەستیان بەسەر شاری بەندەریی موخا (Mokha)دا گرت و پاشان کۆنترۆڵی دوورگەی پێریم (Perim Island)یان لە دەروازەی گەرووی بابولمەندەبدا گرته‌ ده‌ست. بە واتایەکی دیکە، ئێستا بەکردەوە کۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب کەوتووەتە دەست حووسییەکان و، باڵادەستن بەسەر یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی کەشتیوانیی جیهاندا.

ئەم پێشهاتانە لە دۆخێکدا ڕوو دەدەن کە جەنگی نێوان حووسییەکان و ئەو هێزانەی سعوودیا پشتیوانییان لێ دەکات، دوای ساڵانێک لە ئارامیی ڕێژەیی، دووبارە پەرەی سەندووەتەوە. کتێبخانەی ئەنجومەنی گشتیی بریتانیا (House of Commons Library)  لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا هۆشداریی داوە کە په‌ره‌سه‌ندنی پێکدادانەکان مەترسیی گەڕانەوەی یەمەن بۆ جەنگێکی بەرفراوانی زیاد کردووە.

بەم پێیە، مێژووی بەدەسەڵاتگەیشتنی حووسییەکان ناتوانرێت تەنیا وەک دەرەنجامی پشتیوانییەکانی ئێران سەیر بکرێت. ئەم ڕەوتە بەرهەمی ئاوێتەبوونی لێکترازانە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، بێهێزیی دەسەڵاتی ناوەندی، ساڵانێکی درێژ لە جەنگ، داڕمانی پێکهاتەی سیاسیی دوای 2011، هەڵەی ڕکابەرەکانی حووسییەکان، هاوپەیمانێتییە کاتییەکان و دواجار پشتیوانیی هەڵکشاوی دەرەکییە.

تەواوی ئەم هاوکێشە ئاوێتەیە، وای کردووە بزووتنەوەیەکی لۆکاڵی لە باکووری یەمەن، بگۆڕدرێت بۆ هێزێک کە ئەمڕۆ توانای هەیە کاریگەری لەسەر یەکێک لە هەستیارترین گەرووە دەریایییەکانی جیهان دابنێت.

سەرچاوە:

https://parsi.euronews.com/2026/09/13/iran-houthis-relationship-when-and-why-does-iran-support-them




گۆڕینی ڕژێم تەنیا چارەسەری ڕاستەقینەیە بۆ کێشەی ئێران

نووسینی: جۆزێف بۆسکۆ (Joseph Bosco)

ماڵپەڕ: دە هیڵ  (The Hill)

ئیدارەی ترەمپ، هاوشێوەی زۆربەی پێشینانی، سەرقاڵی پەلەپەلە بە جیهاندا بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە جیاوازانەی لە ناوچە پەرشوبڵاوەکاندا هەڵگیرساون، وک: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆکراینا، ئاسیای ڕۆژهەڵات. لە هەمان کاتدا، نەیارەکانی، کە تا دێت هەماهەنگییان زیاتر دەبێت، سوورن لەسەر لەناوبردنی سیستەمی نێودەوڵەتیی ڕۆژاوا کە بۆ ماوەی سێ چارەکە سەدە ئاشتیی گشتیی جیهانیی دابین کردووە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، چەندان ڕاپۆرت تێوەگلانی ئەمریکایان لە جەنگەکانی ئۆکراینا و ئێران تاوانبار کردووە بە کەمکردنەوەی یەدەگی چەکی ئەمریکی کە پێویستە بۆ بەرپەرچدانەوە یان تێکشکاندنی ئاڵنگارییە چاوەڕوانکراوەکانی دیکەی ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور. لە هەمووی گرنگتر، ڕەخنەگران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گواستنەوەی چەک بۆ وڵاتانی دیکە، توانای بەرگریی خودی ئەمریکای خستووەتە مەترسییەوە، جا چ بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا بێت لە بەرپەرچدانەوەی داگیرکاریی ڕووسیا، یان بۆ پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران.

ئێستا، ڕاپۆرتێکی فەرمیی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا بۆ وەزیری بەرگری، پیت هێگسێت (Pete Hegseth)، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ستراتیژیی ”پەرت کە، سەرقاڵ کە و زاڵ بە”ی دوژمنانی ئەمریکا سەرکەوتوو بووە. واشنتۆن تا دێت زیاتر وریایە لە گرتنەئەستۆی پابەندبوونە ئاسایشییە زیادەکانی ئەمریکا، کە ئەم سڵکردنەوەیە نزیک دەبێتەوە لە گۆشەگیری و، دەرفەت بە نەیارەکانمان دەدات پەلامارەکانیان لە شوێنی دیکەدا جێبەجێ بکەن و ئامانجە هەستیارە جۆراوجۆرەکان بقۆزنەوە.

سەرەڕای ئەمەیش، بڵاوەپێکردنە درێژخایەنەکانی هێزەکانی ئەمریکا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر خۆڕاگریی و ورەی کارمەندانی هێزی دەریایی دروست کردووە. لەم هەفتەیەدا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن (USS Abraham Lincoln) لە گەشتە 10 مانگییەکەیەوە بۆ ناوچەکە، گەیشتە تایلەند. بڵاوەپێکردنە درێژخایەنەکە بە شێوەیەکی بەرچاو پشێویی لە پرۆسەی چاککردنەوەی کەشتییەکەدا دروست کردووە.

کەمبوونەوەی تەقەمەنی، ئامێر، کارمەندان و سەرنجە ستراتیژییەکەی حکوومەتی ئەمریکا، هەموویان ڕاستیی هاوکاریی نێوان ئەندامانی ئیمپراتۆرییەتە شەڕانگێزە نوێیەکە دەسەلمێنن. لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ لە بوارەکانی سەربازی و ئابووریدا ڕێکار لە دژی ئێران دەگرێتە بەر، چین، ڕووسیا و کۆریای باکوور پەلە دەکەن لە پڕکردنەوەی بۆشایییەکان و بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە دژی ئەمریکا، ئیسرائیل و ڕۆژاوا.

ئەگەر ڕێگە بە بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە بدرێت، ئومێدێکی کەم هەیە بۆ ئەوەی تاران ڕازی بێت بە وازهێنان لە خواستە ئەتۆمییەکانی، سەرکوتکردنی گەلەکەی، یان پشتیوانییەکانی بۆ چالاکییە تیرۆریستی و تاوانکارییەکان لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچه‌كه‌دا.

ڕەوتی ئێستای ڕووداوەکان شیاوی بەردەوامبوون نییە.

متمانەی ستراتیژیی ئەمریکا نەک تەنیا لەبەرامبەر ئێراندا، بەڵکوو لەبەرامبەر سەرجەم حکوومەتەکانی دیکەیشدا کە مامەڵە لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بۆتەوە. دەرەنجامەکە پێشبینیکراوە، کە ئەگەر ڕەوتی ئێستا بەردەوام بێت، شکستێکی گەورە و هەمیشەییی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات. ئەمەیش بەو واتایە دێت کە ئێران، هەم بەتەنیا و هەم لە ڕێگەی بەشداریکردنییەوە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی دەستە دەسەڵاتخوازە تاکڕەوەکەدا، بەردەوام دەبێت لە لاوازکردنی پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا و خودی سیستەمە نێودەوڵەتییەکەیش.

تاکە چارەسەری درێژخایەن بۆ کێشە 47 ساڵییەکەی ئێران ئەو ڕێگەیەیە کە سەرۆک ترەمپ لە سەرەتادا دەستی پێ کرد، کاتێک داوای لە دانیشتووانی ئێران کرد لە دژی دامەزراوەکانی ڕژێم ڕاپەڕن. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو داواکارییە کاتەکەی گونجاو نەبوو و لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکە و زانیارییەکاندا هەماهەنگیی بۆ نەکرابوو، ئەو ناڕەزایەتییە مەدەنییەی کە بەدوایدا هات بە کارەسات کۆتایی هات، کە تێیدا دەیان هەزار خۆپیشاندەری بێچەک کوژران و هیچ دەستێوەردانێکیش لە واشنتۆن یان هاوپەیمانەکانییەوە نەکرا. ڕژێمی تۆقێنەری ئێران هێشتا ماوە و ئێستایش لە جاران زیاتر تۆڵەسێنە.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بۆردوومانکردنی ئێران لەم هەفتەیەدا، ترەمپ داواکارییەکەی بۆ ئێرانییەکان بۆ ”ڕاپەڕین” لە دژی ڕژێم دووبارە کردەوە. سەرباری ئەمەیش، مافی خۆیانە داوا بکەن بزانن ئەم جارە ئەمریکا چۆن بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ سەرکوتکردنێکی دڕندانەی دیکەی ڕژێم دژی دانیشتووانەکەی دەکات.

ئایا ڕێی تێ ده‌چێت ئەمریکا، لە ڕێگەی کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل یان لایەنەکانی دیکە، هەوڵێکی یەکگرتوو بدات بۆ لەناوبردنی سەرکردایەتییە ماوەکەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران؟ ئایا ترەمپ لە کۆتاییدا پشتیوانییە دارایی و ماددییەکانی چین و وڵاتانی دیکە دەبڕێت؟ ئایا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەو چەکانە بۆ دانیشتووانە بێبەرگرییەکەی ئێران دابین دەکەن کە پێویستن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمکارە بکوژەکانیان؟ ئایا هێزی پیادە بڵاوە پێ دەکەن بۆ مەشقپێکردن و جۆرەکانی دیکەی پشتیوانیکردنی بەرگریی ئێرانی، ڕەنگە لە ڕێگەی دامەزراندنی ناوچەیەکی ڕزگارکراوی پارێزراوەوە وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ڕژێمەکە و گۆشەگیرکردنی؟

ئەم ئۆپەراسیۆنانە، لەگەڵ هەڵمەتێکی پەیوەندییە ستراتیژییەکاندا کە ئەو ئاژانسە زانیارییانە دەگەڕێنێتەوە کە ئیدارەی ترەمپ بەگێلانە هەڵی وەشاندنەوە، دەتوانن لە کۆتاییدا مەرگی ڕژێمەکە بهێننە ئاراوە. ئەو دامەزراوانەی جەنگی ساردیان بردەوە و یارمەتیدەر بوون لە ڕووخاندنی یەکێتیی سۆڤیەتی بەڕواڵەت بەهێز، دەنگی ئەمریکا (Voice of America)، ڕادیۆی ئەورووپای ئازاد (Radio Free Europe)، ئاژانسی زانیاریی ویلایەتە یەکگرتووەکان (U.S. Information Agency) و ئەوانی دیکە، ئامرازی نموونەیی دەبن بۆ گەورەکردن و هەماهەنگیکردنی داواکارییە دووبارە بەڵام ناجێگیرەکانی ترەمپ بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ئێران.

سەرکەوتن لەم بوارەدا دەتوانێت خەڵاتی خوازراوی ترەمپ (نۆبڵ)ی پێ ببەخشێت و ئەو پرۆژە ڕووکەش و لەخۆباییبوونانە دابپۆشێت کە ئەو دەیەوێت مێژووەکەی پێ بڕازێنێتەوە.

سەبارەت بە نووسەر:

جۆزێف بۆسکۆ لە ساڵانی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٦ وەک بەڕێوەبەری کاروباری چین بۆ وەزیری بەرگریی ئەمریکا کاری کردووە، هەروەها لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٠ش بەڕێوەبەری هاوکارییە مرۆیییەکان و فریاگوزاریی کارەساتەکان بووە بۆ ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن. ناوبراو ئێستا توێژەری نانیشتەجێیە لە پەیمانگەی توێژینەوەکانی کۆری-ئەمریکی (Institute for Corean-American Studies)، هاوکات ئەندامی دەستەی ڕاوێژکارییە لە هەر یەک لە “پەیمانگەی جیهانیی تایوان” و “هاوپەیمانیی ڤاندنبێرگ”.

تێبینی:

 بۆچوون و شرۆڤەکانی ناو ئەم وتارە تەنیا گوزارشت لە ڕوانگەی نووسەر دەکەن و، مەرج نییە ڕەنگدانەوەی دید یان سیاسەتی ماڵپەڕ بن.




قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان: شیکاریی ئابووری و جیۆپۆلیتیکی هۆکارەکانی کەمیی بڕ و گرانیی نرخی نەوتی سپیی ماڵان و، ستراتیژییەکانی چارەسەرکردنی بەردەوام

نووسینی: دکتۆر بێستون محه‌مه‌د، دکتۆرا لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی سروشتی

  1. پێشەکی و چوارچێوەی گشتی

1.1. پاشخانی بابەتەکە

سووتەمەنیی نەوتی سپی (Kerosene) لە هەرێمی کوردستاندا تەنیا بەرهەمێکی ئاساییی بەرهەمهاتوو نییە لە نەوتی خاوەوە، بەڵکوو توخمێکی بنەڕەتیی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، تەندروستیی گشتی و بژێویی خێزانەکانە لە وەرزی زستاندا. بەرزیی تۆپۆگرافیای بەشێك لە ناوچەکانی هەرێمی كوردستان، کە بەشێکی زۆری ناوچە سنوورییەكانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەگرێتەوە، وای کردووە پلەکانی گەرما لە مانگەکانی کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم و شوباتدا بۆ ژێر پلەی سفری سەدی دابەزن.

بەپێی ئەنجامە فەرمییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق کە لە 20-10-2024 ئەنجام درا و لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 26-11-2025  ڕاگەیەنرا، کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە (6,519,129) کەس کە 14.13%ی کۆی دانیشتووانی عێراق پێک دەهێنێت بە کۆی (46,118,793) کەس. بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرژمێرییەکە، (1,379,163) خێزان لە هەرێمدا دەژین کە تێکڕای قەبارەی یەك خێزان بریتییە لە (4.6) کەس.

نەبوونی تۆڕی نیشتمانیی ڕاکێشانی غازی سروشتی  بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون، لەگەڵ گرانیی نرخی کارەبای نیشتمانی، بارگرانییەکانی گەرمكردنەوەی لە وەرزی زستاندا بەتەواوی خستووەتە سەر نەوتی سپی، وەک تەنیا سەرچاوەی گەرمکردنەوەی ماڵان.

2.1. کێشەی توێژینەوە

دژبەری لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە، کە سەرەڕای بوونی چەند پاڵاوگەیەكی فەرمی و گەورە كە تەنیا (4) پاڵاوگەیان ( كەڵەك/كار، لاناز، بازیان و تاوكێ) خاوەنی توانستی دیزاینکراوی پاڵاوتنی (256,000) بەرمیل/ڕۆژ لە نەوتی خاون، بازاڕ لە وەرزی هاوین و پاشان زستاندا تووشی کەمیی بەرچاو و هەڵکشانی بێپێوانەی نرخ دەبێتەوە.

لە ئابی 2026دا، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە لووتکەدا بوون، نرخ لە بازاڕی ئازاد و بۆرسەی سووتەمەنیدا بە شێوەیەکی بێپێشینە بازدانی بەخۆیەوە بینی:

  • ساڵی 2024:  نرخ لەنێوان 150,000  بۆ 190,000  دینار بوو.
  • ساڵی 2025:  نرخ لە ئابدا 110,000 دینار بوو، لە ئەیلوولدا بووە 140,000 دینار و، لە تشرینی یەکەمدا گەیشتە 180,000 دینار لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە (27-09-2025).
  • ساڵی 2026:  لە ئابدا نرخی بەرمیلێک- کە یەکسانە بە (200) لیتر- بەربەستی (250,000) تا (280,000) دیناری بڕی.

ئەم گۆڕانكارییانە، بەرزبوونەوەی  لە 95%  تا 154%  لە نرخدا نیشان دەدەن لە چوارچێوەی 12  بۆ24 مانگدا، کە گوشاری بێوێنە دەخاتە سەر داهاتی خێزانەکان.

3.1. پرسیارەکانی توێژینەوە

ئەم توێژینەوەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بنەڕەتییانە دەداتەوە:

  1. هۆکارە پێکهاتەیی، جیۆپۆلیتیکی و دارایییەکانی دروستبوونی ئەم قەیرانە لە ساڵی 2026دا چین؟
  2. تێکڕای خواستی بەکارهێنانی نەوتی سپی لە سەرانسەری هەرێم بەپێی سەرژمێریی 2024 و جیاکاریی شار/لادێ چەندە؟
  3. بۆچی ژێرخانی پاڵاوتنی ناوخۆیی، کە توانستی بەرهەمهێنانی (5) ملیۆن لیتر نەوتی سپیی هەیە، ناتوانێت (317,207,400) ملیۆن لیتر پێداویستیی ماڵان دابین بکات؟
  4. چی بکرێت تا سەقامگیری بۆ زنجیرەی دابینکردن بگەڕێنرێتەوە؟

4.1. میتۆدۆلۆژی

توێـــــژیـــــنەوەکە ڕێـــــبازی شیــــکاریی چەندایــــەتی و ئــــابووریی بەراوردکـــــاری (Comparative Economic Analysis)  پەیڕەو دەکات. داتاکان لەم سەرچاوە فەرمییانەوە دەستنیشان و پێوەر کراون:

  • داتاکانی سەرژمێریی گشتیی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (2024/2025).
  • ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت (Deloitte Reports) بۆ وردبینیی نەوتی هەرێم (بەتایبـــەت ڕاپۆرتــــی Q1 2022).
  • داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان (KRG Ministry of Natural Resources) و وەزارەتی نەوتی عێراق.
  • شیکاریی میدیایی و بەیاننامەکانی بۆرسەی هەولێر و ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییەکانی “درەو میدیا” و “پەرەگراف” و “تۆڕی میدیاییی ڕووداو”.

تێبینیی ئاماری: لە کاتێکدا لە ڕاگەیەنراوە ڕۆژنامەوانییەکاندا تێکڕای قەبارەی خێزان بە 4.6 کەس ئاماژەی پێ کراوە، بەڵام لەم توێژینەوەیەدا بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بیرکاری لەنێوان کۆی دانیشتووان (6,519,129 کەس) و کۆی گشتیی خێزانە تۆمارکراوەکانی سەرژمێریی ٢٠٢٤ (1,379,163 خێزان)، تێکڕای قەبارەی خێزانی ڕاستەقینە بە 4.726 کەس بۆ هەر خێزانێک وەرگیراوە. ئەمەیش ڕێگە دەدات ژمارەی خێزانەکان لە سەرجەم خشتە و شیکارییەکانی پێداویستیی سووتەمەنیدا سەدا سەد لەگەڵ داتای فەرمیی فیدراڵیدا یەکانگیر بێت.

  1. شیکاریی دیموگرافی، ئاستی شارنشینی و پێداویستیی سووتەمەنی

1.2. داتاکانی سەرژمێریی 2024 و هەڵسەنگاندنی خێزان

بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی 2024، ئاستی شارنشینی (Urbanization) لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 85%، لە کاتێکدا لە تەواوی عێراق 68%ە. ئەم چڕییە شارنشینییە لەگەڵ پارچەبوونی جوگرافیی ناوچە شاخاوییەکان، نەخشەی بەکارهێنانی وزە دەستنیشان دەکات.

بنواڕە بۆ خشتەی دابەشبوونی دانیشتووان، خێزان و ئاستی شار و لادێ:

خشتەی (1): دابەشبوونی دانیشتووان، خێزان، شار و لادێ لە هەرێمی کوردستان

                                        (سەرژمێریی 2024)

2.2. پشکنینی پێداویستیی ڕاستەقینەی نەوتی سپی بەپێی شوێن و گەشەی دانیشتووان

پێداویستیی خێزان بەپێی ناوچەی جوگرافی، جیاوازە:

  1. ناوچەی شارنشین: تێکڕای بەکارهێنانی ساڵانەی خێزانێک، بریتییە لە 1 بەرمیل (200 لیتر) لەبەر بەکارهێنانی لاوەکیی کارەبا یان غاز.
  2. ناوچە لادێیی و شاخاوییەکان: تێکڕای بەکارهێنانی ساڵانەی خێزانێک، بریتییە لە 2 بەرمیل (400 لیتر) بەهۆی سەرما و درێژبوونی وەرزی زستان.

بۆ هەژمارکردنی وردی کۆی خواستی ساڵانە لە سەرانسەری هەرێم:

  • خێزانەکانی شار (85%):

1,379,163 * 0.85 = 1,172,289

1,172,289 * 200     لیتر نەوتی سپی/ ماڵان 234,457,800=

  • خێزانەکانی لادێ (15%):

1,379,163 *0.15 = 206,874

206,874 * 400 = لیتر نەوتی سپی/ ماڵان 82,749,600

  • کۆی خواستی بنەڕەتیی ماڵان:

234,457,800 + 82,749,600 = 317,207,400 لیتر نەوتی سپی/ ماڵان

  • كۆی گشتی لە پێداویستیی كۆی خێزانەكانی هەرێمی كوردستان = 1,586,037 بەرمیل/ ساڵ.

ئەگەر حکوومەتی هەرێم بەپێی کەمترین ستاندارد تەنیا 1  بەرمیل (200 لیتر) بۆ هەر خێزانێک هەژمار بکات، کەمترین بڕی پێویست لە ساڵێکدا بریتییە لە (275,832,600  لیتر) كە یەكسانە بە (1.37 ملیۆن بەرمیل). ئەم داتایە ڕوونی دەکاتەوە، بەراورد بە داتاکانی ساڵی (2021) کە پێداویستـــی بە (240.2 ملیۆن لیتر) خەمڵێنرابوو، خواست بە ڕێژەی 14.8%  زیادی کردووە.

خشتەی (2): هەڵسەنگاندنی پێداویستیی سووتەمەنیی ماڵان بەپێی پارێزگاکان (داتای 2025-2026 )

وەكوو ئەوەی كە لە خشتەی ژمارە (1)دا دەركەوتووە، پێداویستیی ساڵانەی نەوتی سپی بۆ ماڵان لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئامارەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024 دیاری كراوە. بەپێی پێدراوەكانی سەرژمێریی فەرمیی ساڵی 2024، کۆی دانیشتووانی هەرێم بەرز بووەتەوە بۆ 6,519,129 کەس، کە وا دەکات کۆی ژمارەی خێزانەکان بگاتە 1,379,163 خێزان. لەم ژمارەیە، 1,170,372 خێزانی شارنشینن، پێویستیان بە 234,074,400 لیتر نەوت هەیە و 208,791 خێزانی لادێنشینن، پێویستیان بە 83,516,400 لیتر هەیە. بە کۆی گشتی، خواستی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە 317,590,800 لیتر؛ بەتێكڕا 1,587,954 بەرمیلی 200 لیتری یان 1,997,552 بەرمیلی ستانداری 159 لیتری.

دابەشبوونی جوگرافیی ئەم پێداویستییە لەسەر ئاستی پارێزگاکان بۆ ساڵی 2024، نیشانی دەدات کە پارێزگای هەولێر بە بوونی 532,670 خێزان (447,443 شار + 85,227 لادێ) بەرزترین خواستی هەیە کە 123,579,400 لیترە (ڕێژەی 38.62%ی کۆی هەرێم). بەدوای ئەویشدا پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە کۆی 508,165 خێزان (452,267 شار + 55,898 لادێ) پێویستیان بە 112,812,600 لیتر هەیە (ڕێژەی 36.84%). پارێزگای دهۆکیش بە بوونی 338,328 خێزان (270,662 شار + 67,666 لادێ) پێویستیی بە 81,198,800 لیتر نەوتی سپی هەیە (ڕێژەی 24.54%).

          پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت، بەپێی پێوەری فەرمی و جوگرافیای سروشتیی كوردستان، بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی ئەم ژمارانە جێگیر كراون: بڕی 200 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێکی نیشتەجێی ناوچە شارییەکان (Urban) و، بڕی 400 لیتر بۆ هەر خێزانێکی ناوچە گوندی و لادێییەکان (Rural)  تەرخان دەکرێت. تێکڕای قەبارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان بە 4.726 کەس بۆ هەر خێزانێک  دیاری کراوە؛ هەروەها ڕێژەی دابەشبوونی دانیشتووان بە شێوەی 85% لە شارەکان و 15% لە لادێکاندا ئەژمار کراوە.

بە ئامانجی تێگەیشتن لە گۆڕانكارییەكان و گەشەكردنی ژمارەی دانیشتووان و زیادبوونی پێداویستیی سووتەمەنی، ئەم توێژینەوەیە داتای بەراوردكاریی بەكار هێناوە. چەند داتایەكی ساڵی 2021 خراونەتە ڕوو. لە ساڵی 2021دا، کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 6,171,083 کەس بووە کە دەکاتە 1,305,773 خێزان. لەم ژمارەیە، 1,107,907 خێزانیان لە ناوچە شارییەکاندا بوون و پێداویستیی ساڵانەیان دەکردە 221,581,400  لیتر؛ لەبەرامبەردا 197,866 خێزانی لادێیی پێویستیان بە 79,146,400 لیتر بووە. بەم هۆیەوە، کۆی خواستی ساڵانەی هەرێم لە ساڵی 2021دا بریتی بووە لە 300,727,800 لیتر؛ تێكرا 1,503,639 بەرمیلی 200 لیتری.

ئەم بەراوردکارییە دەری خستووە کە لەنێوان ساڵانی 2021 تا 2024، ژمارەی خێزانەکان بە بڕی 73,390 خێزانی نوێ گەشەی کردووە (ڕێژەی گەشەی +5.62%). ئەم بەرزبوونەوەیەی دانیشتووان، بووەتە هۆی زیادبوونی خواستی ساڵانەی سووتەمەنی بە بڕی 16,863,000 لیتر؛ تێكڕا +84,315 بەرمیلی 200 لیتری، بە ڕێژەی گەشەی +5.62%. لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆییی پاڵاوگەکان بەنەگۆڕی لە دەوروبەری 446,400,000 لیتر ماوەتەوە، ئەم گەشەی خواستە، کەلێنی دابینکردن و کورتهێنانی  لە -256,327,800 لیتر لە ساڵی 2021دا فراوانتر کردووە بۆ -273,190,800 لیتر لە ساڵی 2024دا؛ کە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ زیاتربوونی پشتبەستنی هەرێم بە هاوردەکردنی دەرەکی.

  1. هۆکارەکانی قەیرانی کەمیی بڕ و گرانیی نرخی نەوتی سپی

1.3. هۆکارە سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەکان

 .Aبڕینی نەوت لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لە پاڵاوگەی بێجی:

بەپێی لێدوانی “نەسرەت زەنگەنە”، گوتەبێژی ئەنجومەنی بۆرسەی سووتەمەنیی هەولێر، لە ساڵی 2025دا ڕۆژانە (3,600,000 لیتر) سووتەمەنی (نەوتی سپی، بەنزین و دیزل) لە باشووری عێراق و پاڵاوگەی بێجی  لە پارێزگای “سەڵاحەددین”ەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرا.

لە ساڵی 2026دا، بەهۆی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان لەسەر دۆسیەی “عەدنان جومەیلی”، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق و، ئاڵۆزبوونی ململانێ ئیدارییەکانی بەغدا و هەولێر، ئەم هاوردەیە بەتەواوی ڕاوەستا. ئەمەیش شۆکێکی گەورەی خستنەڕووی  لە بۆرسەی هەولێر و سلێمانی دروست کرد.

 .Bپەککەوتنی ڕێککەوتنی ٥٠ هەزار بەرمیلەکەی ڕۆژانە:

لە 23/4/2026، پەرلەمانی عێراق بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان “هیبەت ئەلحەلبووسی” و بەپێی داواکاریی فەرمیی پەرلەمانتارێك- كە داواكاریی پێشكەش كردبوو- لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دامەزراند.

ناوەڕۆکی لیژنەكە بۆ کێشەیەک بوو كە بریتی بوو لەوەی بەپێی ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر، دەبوو ڕۆژانە (50,000  بەرمیل نەوتی خاو (كە دەكاتە (7,950,000 لیتر)، بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی ڕادەستی هەرێم بکرێت. بەپێی فۆڕمۆلەی پاڵاوتن، دابەشبوونی بەرهەمەکان بەم شێوەیە دیاری کرابوو:

  • بەنزین (Gasoline – 45%):  3,557,500 لیتر/ ڕۆژ.
  • نەوتی سپی (Kerosene – 30%):  2,385,000 لیتر/ ڕۆژ.
  • بەرهەمەکانی تر (Other Derivatives – 25%):  2,007,500 لیتر/ ڕۆژ.

تێبینی: ئەو دابەشكارییە بە ڕێژەی سەدی بۆ نەوتی سپی لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكاندا یەك ناگرێتەوە، بۆیە لەم شیكارییەدا 9% لە بەرهەمهێنانی نەوتی سپی دانراوە لە بەرمیلێك نەوتی خاو.

بەپێی یاسا فیدراڵییەکان، دەبوو ئەم نەوتە سپییە بە نرخی پاڵپشتیکراوی فەرمی ( 31,500دینار بۆ بەرمیلێک) بدرێتە هاووڵاتیان. بەڵام ئەم نەوتە لە ڕێگەی بازرگانانەوە ڕەوانەی بازاڕی ئازاد کراوە و بە نرخی بازرگانی فرۆشراوە؛ هەرچەندە بەشێكی كەمی بە كۆبوون بە (000,110 دینار) دابەشی سەر بەشێك لە خێزانەكان كراوە.

 .C ڕاگرتن و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت:

لە 27/9/2025، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان دەستی پێ كردەوە؛ ئەمە دوای ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بوو بۆ زیاتر لە 2  ساڵ و 6 مانگ، كاتێك لە 25/3/2023وە تا ئەیلوولی 2025 بەهۆی بڕیاری دادگه‌ی نێودەوڵەتیی ناوبژیوانیی پاریس، هەناردەكردن وەستا. هەناردەکردنەکە بەپێی ڕێککەوتننامەیەك لە ڕێكه‌وتی 25/9/2025 لەنێوان حکوومەتی هەرێم، حکوومەتی فیدراڵ و کۆمپانیا بیانییەکان دەستی پێ کردەوە.

دوای دەستپێکردنەوەی هەناردە، بەشێکی گەورەی نەوتی خاوی کێڵگە ناوخۆیییەکان ئاڕاستەی بۆڕییەکانی هەناردە کران؛ ئەمەیش دابینکردنی نەوتی خاوی بۆ پاڵاوگە فەرمییەکانی هەرێم کەم کردەوە و کورتهێنانی زیاتری لە سووتەمەنیی ناوخۆیی دروست کرد.

2.3. هۆکارە ئابووری و دارایییەکان

.A هەڵکشانی نرخەکان لە بازاڕی ئازاددا:

بەهۆی ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەیتوانی بەشە نەوتی پاڵپشتیکراو دابــەش بکات (کە ساڵانی پێشوو بە 45,000، 105,000  دینار دابەش دەکرا)، هاووڵاتیان بۆ دەستكەوتنی سووتەمەنی ڕوویان لە بازاڕی ئازاد كرد.

شیکاریی نرخەکان لە مانگی ئابی 2026  بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەپێی داتای میدیایی و کاسبکاران بەم شێوەیەیە:

  • ئابی 2024:  190,000 – 150,000 دینار/ بەرمیل.
  • ئابی 2025:  140,000 – 110,000 دینار/ بەرمیل.
  • تشرینی یەکەمی 2025:  180,000 دینار/ بەرمیل (دوای هەناردەکردنەوە).
  • ئابی 2026:  280,000 – 250,000 دینار/ بەرمیل.

ئەم بەرزبوونەوەیە گوشارێکی ئابووریی توند دەخاتە سەر خێزانەکان، بەتایبەت لە سایەی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.

 .Bتێچووی سووتەمەنیی خێزانێك لە وەرزی زستاندا:

بەپێی ڕاگەیەنراوی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی، دابەشکردنی حکوومی لە ساڵی 2026دا پاشەکشەی کردووە بۆ مانگی 10؛ ئەمەیش هاووڵاتیانی ناچار کرد لە هاویندا بڕی پێویست بە نرخی گران بکڕن.

تێچووی گەرمکردنەوەی خێزانێک:

  • خێزانێک لە شار (2 بەرمیل لە بازاڕی ئازاد):

2 * 280,000 = 560,000 IQD (دیناری عێراقی)

  • خێزانێک لە لادێ/ ناوچەی شاخاوی (3 بەرمیل):

3 * 280,000 = 840,000 IQD (دیناری عێراقی)

ئەم بڕە، بەرامبەرە بە زیاتر لە 80%  تا 120%ی تێکڕای مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێکی پله‌ناوەند لە هەرێمی کوردستان.

3.3.  هۆکارە تەکنیکی و ژێرخانییەکان

لە هەرێمی کوردستاندا 4  پاڵاوگەی فەرمی هەن کە خاوەنی توانای بەرزی پاڵاوتنی نەوتی خاون:

  1. پاڵاوگەی کار (کەڵەک/ کەورگۆسک): هەولێر، کۆمپانیای KAR Group، توانستی دیزاینکراو: 110,000 بەرمیل/ ڕۆژ؛ کارکردنی کردەیی 50,000 بەرمیل/ ڕۆژ.
  2. پاڵاوگەی بازیان: لە نزیك شاری سلێمانییە، خاوەنداریــــــیەكەی کۆمپانیــــای قەیـــوانە (Qaiwan Group)، توانستی پاڵاوتن 40,000 بەرمیل/ ڕۆژ.
  3. پاڵاوگەی لاناز: لە نزیك شاری هەولێرە، توانستی دیزاینکراو: 100,000 بەرمیل/ ڕۆژ؛ کارکردنی کردەیی: 30,000 بەرمیل/ ڕۆژ، 30%ی توانستی خراوەتە كار.
  4. پاڵاوگەی تاوکێ: لە نزیك شاری دهۆک، کۆمپانیای DNOی نەرویجی خاوەندارێتیی دەكات، توانستی پاڵاوتن 6,000 بەرمیل/ ڕۆژ.

خشتەی (3): توانستی پاڵاوگە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و توانای بەرهەمهێنانی نەوتی سپی

خشتەی (3) بریتییە لە شیکارییەک بۆ توانستی پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوتی سپی (Kerosene)  لە چوار پاڵاوگە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان (کار، بازیان، لاناز، و تاوکێ). لەسەر بنەمای تێکڕای دابینکردنی بڕی 126,000 بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە (bpd) بۆ پاڵاوتن، کۆی بڕی نەوتی خاوی پاڵێوراوی ساڵانە دەگاتە 7,308,832,410 لیتر. بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی پیشەسازیی پاڵاوتنی نەوتی خاو، %9ی بەرمیلێک نەوتی خاو لەدوای پاڵاوتن، ئەو ڕێژە نەوتە سپییەی لێ بەرهەم دێت و ئەم ڕێژەیە ستانداردی جیهانییە. بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێژە دەرهێنانە  لەسەر بڕی نەوتی خاوی دابینکراو، کۆی گشتیی توانستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 658,063,116 لیتر. لەم نێوەندەدا، پاڵاوگەی کار بە دابینکردنی 50,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزترین توانستی بەرهەمهێنانی هەیە کە 261,136,157 لیتر نەوتی سپیی ساڵانەیە و، لەدوای ئەویش پاڵاوگەی بازیان بە 208,908,926 لیتر، پاڵاوگەی لاناز بە 156,681,694 لیترو، پاڵاوگەی تاوکێ بە 31,336,339 لیتر دێن. ئەم ئامارانە ئاستی توانای ڕاسته‌قینه‌ی پاڵاوگەکان بۆ دابینکردنی پێداویستیی سووتەمەنیی ناوخۆیی ئاشکرا دەکەن.

بەڵام، بەپێی ڕێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، تەنیا بڕی 50,000 بەرمیل نەوتی خاو ڕۆژانە بۆ پێداویستیی ناوخۆ دابین كراوە. لە خشتەكەی خوارەوەدا شیكارییەكی بەراوردکاری، بۆ بڕی نەوتی سپیی بەرهەمهاتوو لەگەڵ خواستی بنەڕەتیی ماڵانی هەرێمی کوردستان (317,207,400 لیتر / 1,586,037 بەرمیل)، لە هەردوو حاڵەتی دابینکردنی 50,000 بەرمیل و 126,000 بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە بۆ پاڵاوتن كراوە.

خشتەی (4) بەراوردکاریی بەرهەمهێنان، خواستی ناوخۆ و، کورتهێنان/ زیادە

خشتەی ژمارە (4) ئامادە كراوە لەسەر بنەمای هەژمارکردنی خواستی بنەڕەتیی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی کە ساڵانە 317,207,400 لیترە (هاوتا لەگەڵ1,586,037  بەرمیل)؛ ئاستی پڕکردنەوەی ئەم خواستە، بەپێی بڕی نەوتی خاوی تەرخانکراو بۆ پاڵاوگەکان دەگۆڕێت.

لە حاڵەتی یەکەمدا، ئەگەر تەنیا 50,000 بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە (واتە 18,250,000 بەرمیل لە ساڵێکدا) تەرخان بکرێت، بەپێی ڕێژەی ستانداردی %9ی دەرهێنان، تەنیا 261,136,640 لیتر، كە دەكاتە 1,642,500  بەرمیل نەوتی سپی، بەرهەم دێت. لەم بارەدا، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وەڵامی تەواوی خواست ناداتەوە و کورتهێنان بە بڕی 56,070,760 لیتر، كە دەكاتە 356,463 بەرمیل، تۆمار دەکرێت، کە یەکسانە بە کورتهێنانی ڕێژەی %17.68 لە دابینکردنی پێداویستیی ماڵان.

بەڵام لە حاڵەتی دووەمدا، کاتێک بڕی نەوتی خاوی دابینکراو بۆ پاڵاوتن، بەرز دەکرێتەوە بۆ 126,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا (واتە 45,990,000 بەرمیل لە ساڵێکدا)، بڕی بەرهەمی ساڵانەی نەوتی سپی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەكات بۆ658,064,333  لیتر، كە دەكاتە 4,139,100  بەرمیل. لەم حاڵەتەدا نەک هەر کورتهێنانی پێشوو بەتەواوی پڕ دەکرێتەوە، بەڵکوو زیادە بە بڕی 340,856,933 لیتر، كە دەكاتە 2,553,063 بەرمیل، دەهێنێتە ئاراوە کە زیاتر لە دووئەوەندەی خواستی سەرەکیی خێزانەکانە. ئەم بڕە زیادەیە، دەکرێت بۆ عەمبارکردنی ستراتیژی، دابینکردنی پێداویستیی کەرتە ئابووری و پیشەسازییەکانی تر، یان بەکارهێنانی ئابووریی ناوخۆیی ڕێک بخرێتەوە.

  1. ئاسەوار و کاریگەرییە هەمەلایەنەکانی قەیرانەکە

1.4. کاریگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی:

  1. دابەزینی ئاستی گوزەران: گرانبوونی نەوتی سپی، بارگرانی لەسەر بوودجەی خێزانە کەمدەرامەتەکان زیاد دەکات.
  2. دیاردەی قۆرخکاری لە بۆرسەدا: کەمیی خستنەڕوو وای کردووە، بازاڕەكان بەبێ چاودێری بمێننەوە و بازرگانان نرخەکان دەستکاری بکەن.

2.4. کاریگەریی ژینگەیی و تەندروستی

  1. تێکدانی دارستانە سروشتییەکان: نەبوونی سووتەمەنی و گرانبوونی بەرمیلی نەوت بۆ 280,000 دینار، خەڵکی گوندەکان و ناوچە شاخاوییەکان ناچار دەکات ڕوو لە بڕینەوەی بەرفراوانی دارستانەکان بکەن.
  2. کێشەی تەندروستی: بەکارهێنانی داری تەڕ یان سووتەمەنیی پلە دوو لە زستاندا، تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان زیاد دەکات.
  3. میکانیزم و ستراتیژییەکانی چارەسەرکردن

1.5. چارەسەری کورتخایەن (مەودای 1 تا 6 مانگ)

  1. مانەوە و جێبەجێکردنی ڕێكارەكانی پاڵاوتنی 50 هەزار بەرمیلەکە، هەروەها وەرگرتنی بڕی 75 هەزار بەرمیلی تر و پاڵاوتنی و دابەشکردنی بە نرخی فەرمیی 31,500 دینار.
  2. دیاریکردنی سەقفی نرخ لە بۆرسەدا: چاودێریکردنی بۆرسەی هەولێر و سلێمانی بۆ بەرگرتن لە فرۆشتنی بەرمیلی نەوت بە زیاتر لە 100,000 دینار.

2.5. چارەسەری درێژخایەن و پێکهاتەیی (مەودای 1 تا 3 ساڵ)

  1. زیادکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگە ناوخۆیییەکان: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێویستە بڕی تەرخانکراوی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگە فەرمییەکان لە 9 ملیۆن بەرمیلەوە، زیاد بکات بۆ لانی کەم 55  ملیۆن بەرمیل/ ساڵ. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی زیاتر لە 275  ملیۆن لیتر نەوتی سپی و دابینکردنی سەدا سەدی پێداویستیی ناوخۆ.
  2. دروستکردنی کۆگه‌ی ستراتیژی: دروستکردنی کۆگه‌ی نیشتمانی لە پارێزگاکان بۆ ئیدخار (پاشه‌كه‌وتكردن)ی نەوت لە وەرزی بەهار و هاویندا تا لە زستاندا بازاڕ بەرامبەر شۆکی نرخ پارێزراو بێت.
  3. گۆڕینی سیستەمی گەرمکردنەوە: پەرەدان بە پڕۆژەکانی ڕاکێشانی تۆڕی غازی سروشتی بۆ ماڵان و هاندانی بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە.

  1. دەرئەنجام

قەیرانی کەمیی بڕ و گرانیی نرخی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2026دا (کە تێیدا نرخی بەرمیلێک گەیشتە 280,000 دینار)، ئەنجامی کەمیی سەرچاوەی سروشتی یان نەبوونی ژێرخانی پاڵاوتن نییە. چارەسەرکردنی ئەم دۆخە لە توانای ناوخۆدایە لە ڕێگەی کاراکردنی پاڵاوگە ناوخۆیییەکان و بەکارهێنانی سەرچاوە ناوخۆیییەکان.

سەرچاوەکان:

  1. وەزارەتی پلاندانانی عێراق – دەستەی گشتیی سەرژمێری 26-11-2025: ئەنجامە فەرمییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان 2024.
  2. دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان شوباتی 2021: ڕاپۆرتی شیکاریی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان – عێراق.
  3. کۆمپانیای دیلۆیت (Deloitte Reports – July 2022) بەرهەمی نەوت، هەناردە، بەکاربردن و داهات لە ماوەی 1ی کانوونی دووەمی 2022 تا 31ی ئازاری 2022 (Q1).
  4. تۆڕی میدیاییی ڕووداو 12/08/2026: قەیرانی نەوتی سپی؛ نرخی بەرمیلێک گەیشتە 280 هەزار دینار – ڕاپۆرتی مستەفا گۆران و لێدوانی نەسرەت زەنگەنە و سەلام عومەر.
  5. دامەزراوەی میدیاییی پەرەگراف 23/04/2026: پەرلەمانی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم پێک دەهێنێت.
  6. ڕاپۆرتی بنکۆڵکاریی درەو میدیا 03/09/2022: توانای پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێم بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی سپی.
  7. Daban Mohammed / Peregraf (14-10-2025): Diesel and Kerosene Prices Surge in Kurdistan Region Amid Oil Export Resumption.




ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ؛ جیاواز لەوەی لە نەوەدەکاندا خرایە ڕوو

نووسینی: ماجد کیالی

پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش (سعوودیا-تورکیا-پاکستان)، کە بۆ لایەنەکانی دیکەیش (بەتایبەت میسر) کراوەیە، سەرەتای جۆرێک لە سیستەمی نوێی هەرێمایه‌تی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕادەگەیەنێت. پێ دەچێت ئەم سیستەمە تەنیا لە ڕەهەندی ئەمنی-سەربازیدا قەتیس نەبێتەوە، چونکە لە سایەی هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی ئێستادا، سیاسەت، ئابووری، تەکنەلۆژیا و ژێرخانی ئابووری دەگرێتەوە، بەتایبەت ڕێگە وشکانی و دەریایییەکان؛ ئەوەیش لە ئەنجامی هەڵکشانی ململانێکان لەسەر ڕێڕەو و گەرووە دەریایییەکان.

چەندان لایەن هەن کە پڕۆژەی سیستەمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەی پێشووتر جیا دەکەنەوە، کە لە سەرەتای نەوەدەکاندا خرایه‌ ڕوو، گرنگترینیان:

یەکەم، ئیسرائیل کە لە سایەی پرۆسەی ڕێککەوتنەکەدا (کۆنفرانسی مەدرید-١٩٩١) ڕێکلامی بۆ ئەو پڕۆژەیە دەکرد، لە دەرەوەی ئەم پڕۆژەیەیە؛ بەڵکوو وەک هەڕەشەیەکی نوێ سەیری دەکات، چ لەلایەن هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیا، تورکیا یان پاکستانەوە بێت، یان هەرسێ وڵات پێکەوە و بەکۆمەڵ.

دووەم، ئەم تەکەتولە خاوەنی قورسایییەکی ئابووری، تەکنەلۆژی، سەربازی، دارایی و مەودایەکی جوگرافی و مرۆییی زەبەلاحە، کە قورسایییەکی سیاسی لە هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکاندا پێ دەبەخشێت.

سێیەم، خستنەڕووی ئەم پڕۆژەیە لە بارودۆخێکدا دێت کە ئیدارەی ئەمریکا هەوڵ دەدات دەستوەردانەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا لە زۆربەی دۆسیەکاندا کەم بکاتەوە، بەتایبەتی لە سووریا، لوبنان و فەڵەستین؛ دوای ئەوەی گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ئیسرائیل لە ڕووی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و ئەخلاقییەوە بارگرانیی لەسەر دروست دەکات.

چوارەم، ئەم سیستەمە لە ژینگەیەکی هەرێمایه‌تیدا شێوە دەگرێت، کە دەستی کردووە بە پاشەکشەی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، کەمکردنەوەی و، گەڕاندنەوەی بۆ پشت سنوورەکانی خۆی.

پێنجەم، ئەم پڕۆژەیە بەپێچەوانەی مەرجەکانی ئیسرائیل یان بەدوور لەوان دەهێنرێتە ئاراوە، لە کاتێکدا پڕۆژەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ”، وەک شیمۆن پێرێز پێشنیاری کرد، بە پشتیوانیی ئەمریکا لە سەرەتای نەوەدەکاندا، پەیوەست بوو به‌ هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە بوارەکانی ئابووری، تەکنەلۆژیا، ژینگە و ژێرخاندا.

بەو شێوەیە، گەلێک زانیاری و دراوەی ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە دەکرێت ئەگەری بەردەوامی و گەشەسەندنی ئەم پڕۆژەیە بەهێزتر بکەن، بەتایبەتی کە هیچ لایەنێکی هەرێمی نییە لەسەر ئەرزی واقع بتوانێت دژایەتیی بکات، تەنانەت ئیسرائیلیش کە خۆی لە کێشەدا دەبینێتەوە؛ چ لەبەرامبەر تەکەتولێک لە هێزە هەرێمایه‌تییە هەڵکەوتووەکان، یان لەبەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە دوای پاشەکشەی هەژموونی ئێران، لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبینێتەوە بارگرانیی ئیسرائیل لە ناوچەکە کەم بکاتەوە؛ بەدڵنیایییەوە بەبێ ئەوەی دەستبەرداری بێت.

تەرازووی هێز

لە پڕۆژەکەی خۆیدا بۆ سیستەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێرێز باسی لە سێ بزوێنەری ئەو سیستەمە کردبوو کە بریتی بوون لە: بلیمەتیی ئیسرائیلی، سەرمایەی کەنداو و، هێزی کاری میسری؛ واتە ئیسرائیلی دەخستە پێگەی سەرکردایەتییەوە. بەڵام پڕۆژەی سێقۆڵیی ئێستا، لە حاڵەتی جێگیربوونیدا، زۆر بەهێزتر دەردەکەوێت؛ چونکە یەدەگێکی مرۆییی گەورە، ڕووبەرێکی جوگرافیی بەرفراوان، لەگەڵ توانای دارایی، ئابووری، تەکنەلۆژی و سەربازیی هەیە؛ بەو مانایەی کە ئەو وڵاتانە خاوەنی دابینکردنی دارایی (بەتایبەتی سعوودیا)، پیشەسازی (بەتایبەتی تورکیا) و بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمین (پاکستان).

بە وردییەکی زیاتر، ئەم هاوپەیمانییە ڕووبەری ٣.٨ ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە دەگرێتەوە، کە گەورەترینیان سعوودیایە (٢.١٤٨ ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە) و، ٣٧٩ ملیۆن کەس لەخۆ دەگرێت، کە پاکستان بەتەنیا گەورەترین هێزی مرۆییی هەیە (٢٥٥ ملیۆن کەس). بەڵام هێزی ئابووریی ئەم تەکەتولە، لە بەرهەمی ناوخۆییی گشتیدا دەردەکەوێت کە ٣.٨ تریلیۆن دۆلارە (لەگەڵ یەکسانییەکی نزیک لە هێزی ئابووریی نێوان سعوودیا و تورکیا، لە کاتێکدا پاکستان ئەڵقەی بێهێزترە لە ڕووی ئابوورییەوە (٤١٠ ملیار دۆلار)، بەڵام خاوەنی دوو تایبەتمەندییە: هێزی مرۆیی و هێزی ئەتۆمی).

لە کاتێکدا سعوودیا خاوەنی هێزێکی داراییی گەورەیە و، پشت بە سەرچاوەکانی لە نەوت و غاز دەبەستێت، وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا، لەگەڵ توانایەکی بەرفراوانی لە وەبەرهێنان، کە ئەوەیش لە شارە زیرەکەکان، ژێرخانی دیجیتاڵی، ژیریی دەستکرد و پیشەسازییە جۆراوجۆرەکاندا چڕ دەکاتەوە، تورکیا خاوەنی ئابوورییەکی هەمەجۆر و زیندووە، لەگەڵ بنکەیەکی بەرفراوانی پیشەسازی، بازرگانی، ئەلیکترۆنیات و پیشەسازییە بەرگرییەکان، بەتایبەتی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)، لەگەڵ شوێنێکی جوگرافیی تایبەت لەنێوان ئاسیا و ئەوروپادا؛ بەڵام پاکستان وەک وڵاتێکی هەڵکەوتوو لە پیشەسازی، کشتوکاڵ، خزمەتگوزاری، بەرنامەسازی و کۆمپانیا دیجیتاڵییەکاندا دەردەکەوێت.

لە ڕووی هێزی سەربازییەوە، تورکیا خاوەنی پێگەیەکی تایبەتە، چونکە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکان، گەورەترین هێزی سەربازیی لە هاوپەیمانیی “ناتۆ”دا هەیە و، سوپایەکی بەهێزی لە چەکە جیاوازەکانی وشکانی، ئاسمانی و دەریاییدا هەیە؛ هەروەها وڵاتێکە چەک دروست دەکات، کە درۆن، سیستەمی بەرگری، مووشەک و کەشتیی جەنگی دەگرێتەوە. بەڵام پاکستان لە ڕووی ژمارەی هێزەوە گەورەترین سوپای هەیە، جگە لەوەی خاوەنی هێزێکی ئەتۆمییە، واتە توانای بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی هەیە؛ لە کاتێکدا سعوودیا خاوەنی توانای سەربازییە کە پشت بە هێزی ئاسمانی دەبەستێت و، خاوەنی فڕۆکەی جەنگیی هاوچەرخ و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکییە.

بەو شێوەیە، بەپێی ئەوەی خراوەتە ڕوو، جۆرێک لە تەواوکاری لەنێوان ئەو وڵاتانەدا هەیە؛ لە حاڵەتێکدا ئەگەر سیاسەتی ستراتیژی لەسەر ئەوە دابڕێژرێت و، لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان پشتگیریی ئەم ڕێڕەوە بکەن، لەگەڵ بوونی ئیرادەی سیاسی.

نیگەرانییەکانی ئیسرائیل

لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، دروستبوونی ئەم تەکەتولە، یان هاوپەیمانییە، سەره‌ڕای سروشتە بەرگریكارانه‌کەی، بەڵام وەک تەحەددییەک (ئاڵنگارییه‌ک) بۆی هەژمار دەکرێت و، هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری قۆرخکاری لە هەژموونی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە پێی وا بوو دوای پاشەکشەی هەژموونی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی عەرەبیدا بەدەستی دەهێنێت؛ جگە لەوەی پێگەی لە ستراتیژیی ئەمریکادا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم دەکاتەوە.

جگە لە هەموو ئەوانەی پێشووتر، ئیسرائیل ئەم هاوپەیمانییە وەک هەنگاوێک دەبینێت کە سەرجەم گوشارە ئاراستەکراوەکانی سەر شانشینی سعوودیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا هەڵدەوەشێنێتەوە، وەک بەهێزکردنی پێگەی سعوودیا بەرامبەر سەپاندنی مەرجە تایبەتەکانی لەم بوارەدا، بەتایبەتی لەبارەی پێویستیی گوشاری ئەمریکا لەسەر ئیسرائیل بۆ خستنەبواری جێبەجێکردنی بیرۆکەی دەوڵەتی فەڵەستینی و، وەستاندنی دەستوەردان و هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە سووریا و لوبنان.

لە پوختەی هەڵوێستی ئیسرائیلدا، عینات هوکبێڕگ-مرۆم نووسیویەتی: “ڕێککەوتنی هاوکاریی ئەتۆمیی مەدەنی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و سعوودیادا، ڕووداوێکی دراماتیکی و دەستکەوتێکی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، نیگەرانییەکی قووڵ لە ئیسرائیلدا دروست دەکات… ڕەزامەندیی ئەمریکا بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو خاکی سعوودیادا… ئاستی چاودێریی نێودەوڵەتی دادەبەزێنێت… بەپێی ئەم خستنەڕووە… پیتاندنی یۆرانیۆم وەک ئامرازێکی مەدەنیی ڕەوا سەیر دەکرێت، کە ئەوەیش دەکرێت وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لە سەروویانەوە تورکیا و میسر، هان بدات داوای توانای سەربەخۆی هاوشێوە بکەن… لە ڕوانگەی ئیدارەی ترەمپەوە “ڕێککەوتنی ١٢٣”، کە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئامانجی پەرەپێدانی ژێرخانی وزە و بزوێنەرەکانی گەشەی ئابوورییە لە سعوودیا لەژێر چەتری ئەمریکادا و، کەمکردنەوەی هەژموونی چین و ڕووسیایە لە ناوچەی کەنداو و، بەهێزکردنی شەراکەتی ستراتیژییە لەنێوان واشنتۆن و ڕیاز… لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە ڕێککەوتنەکە، کە سەودای هاوپێچ بۆ فرۆشتنی سیستەمی چەکی پێشکەوتووش لەخۆ دەگرێت، دەستپێک لە فڕۆکەی جەنگیی هاوچەرخەوە، تێپەڕبوون بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، تا دەگاتە تواناکانی سایبەر و هەواڵگری، گریمانە سەرەکییەکانی چەمکی ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل هەڵدەوەشێنێتەوە. ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئەمریکی-سعوودی نوێنەرایەتیی ساتەوەختێکی تاقیکردنەوەی مێژوویی دەکات… کە بەسەر ئیسرائیلدا دەسەپێنێت  كه‌ سەرکردایەتییەکی پێشوەختە و هاوسەنگ و زیرەک بگرێتە بەر، کە لە یاساکانی یارییە نوێیەکە تێ بگات و، بەتوانا بێت لە داڕشتنی ستراتیژییەکی نوێ لەبەرامبەر واقعێکی هەرێمایه‌تیی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتردا.” (“مەعاریڤ”- ٨/٢٠٢٦).

بە هەمان شێوە، ئیسرائیل ڕێککەوتنەکە بە بەهێزکردنی پێگەی تورکیا بەرامبەر خۆی دادەنێت؛ ئەو ئیسرائیلەی کە پێی وا بوو کۆتاییهاتنی هەژموونی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی عەرەبیدا دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئەو و، لە ڕێگەی ئەوەوە دەتوانرێت تورکیا وەلا بنرێت، بەڵام ئێستا لە یەک کاتدا خۆی لەبەرامبەر تورکیا و سعوودیادا دەبینێتەوە؛ بە زانینی ئەوەی نیگەرانیی ئیسرائیل پەیوەندیی هەردوو وڵاتی ئاماژەپێکراوی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پەیوەندیی تایبەتیان لەگەڵ سووریا، لوبنان و عێراق (و بەدڵنیایییەوە ئوردن لەنێویاندا) لەخۆ گرتووە.

شیکەرەوەی ئیسرائیلی، تسڤی باڕئیل، وتارێکی لەژێر ناونیشانی “تورکیا دەیەوێت ببێتە ڕابەری سیستەمی ئەمنیی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا” نووسیبوو، کە تێیدا دەڵێت: “تورکیا خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لە هاوپەیمانیی “ناتۆ”دا و، پیشەسازییە ئەمنییەکانی، ساڵانە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار بەرهەم دەهێنن… تورکیا، نەوەک ئیسرائیل، جارێکی تر بووەتەوە ناوەندی ڕووداوەکان.” (“هائارێتس” ٦/٢٠٢٦).

تەنانەت بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە کە ڕێککەوتنەکە- کە دەکرێت سەقامگیریی ئەمنی بچەسپێنێت و بۆشاییی ناوچەکە پڕ بكاتەوە- بەرپرسیارێتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەم بکاتەوە و، ئازادتری بکات لە گوشارکردن لەسەر ئیسرائیل، بەتایبەت دوای پاشەکشەی هەژموونی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی عەرەبیدا، لە ڕووی باشکردنی سیاسەتەکانی بەرامبەر فەڵەستینییەکان و سووریا و لوبنان. کێشەی ئیسرائیل، ئەوەیە کە ئەوە ڕوو دەدات بەبێ مەرجی بەشداربوون لە پەیوەندییە ئاسایییەکانی عەرەبی-ئیسرائیلی، لانی کەم لە ئاییندەیەکی دیاردا؛ ئەمەیش زۆرترین شتە کە حکوومەتی توندڕەوەکان (نەتەنیاهۆ، سمۆتریچ، بن غەفیر) نیگەران دەکات، دوای ئەوەی پێیان وا بوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی عەرەبی، بووەتە مەیدانێک بۆ سیاسەتی خۆیان.

پوختەی هەڵوێستی ئەمریکا

با تێبینیی ئەوە بکەین کە ئەم ڕێککەوتنە لە کەشوهەوای دوو پێشهاتی گرنگدا هاتۆتە کایەوە: یەکەم، بریتییە لە ڕێککەوتنی هاوکاریی ئەتۆمیی ئاشتییانە لەنێوان سعوودیا و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا (٢٢/٧/٢٠٢٦)، کە بە “ڕێککەوتنی ١٢٣” ناسراوە (چوارچێوەی یاسایی کە فەرمانڕەواییی هاوکاریی ئەتۆمیی ئاشتییانە دەکات لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی تردا، بەپێی یاسای وزەی ئەتۆمیی ئەمریکا)، کە دروستکردنی کۆمەڵگە ئەتۆمییەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا، خۆجێییکردنی پیشەسازییە بەرزەکان، دروستکردنی توانای مرۆییی پسپۆڕ و بەهێزکردنی هاوکاری لە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکاندا لەخۆ دەگرێت.

دووەم، ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا لەسەر جێبەجێکردنی مامەڵە (سەفقە)ی فڕۆکەکانی “ئێف-٣٥” و، پشتیوانیکردنی پیشەسازییە سەربازییە ئاسمانییەکانی تورکیا و، لە کەشوهەوای بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی تورکیا-ئەمریکا و، لەنێوان هەردوو سەرۆک ترەمپ و ئەردۆغاندا، هاوکات لەگەڵ بەستنی لووتکەی “ناتۆ” لە تورکیا لەم دوایییانەدا.

ئەکادیمستێکی وەک دکتۆر کۆبی باردا لە هەموو ئەمانەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە “ئەوەی ترەمپ بە ئەگەری زۆرەوە ویستوویەتی بگەیەنێتە نەتانیاهۆ، بەتایبەتی ئێستا لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل… ئەوەیە کە ئەگەر نەتانیاهۆ ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو، دەبێت مۆدێلێکی تەواو جیاواز پێشکەش بکات.” (“یەدیعۆت”- ٣٠/٧/٢٠٢٦).

لە سەر ئەو بنەمایە، بیرۆکەکە لێرەدا ئەوە نییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستبەرداری ئیسرائیل دەبێت، یان کار دەکات بۆ بچووککردنەوەی ئیسرائیل، یان پشتیوانیی بۆی کەم دەکاتەوە، بەڵکوو ئەوەیە کە لە سایەی ئاڵنگارییه‌ نێودەوڵەتییەکاندا، لە بوارەکانی سیاسەت، ئابووری، تەکنەلۆژیا، ژینگە و ئاسایشدا و، لەگەڵ هەڵکشانی جەمسەرەکانی تردا، پێویستی بووە، یەکەم، بە هێزە هەرێمایه‌تییەکان کە بتوانن بەشداری لە هەڵگرتنی بارگرانی و بەرپرسیارێتیدا بکەن لەگەڵ ئەمریکا و، ئەمەیش بەپێچەوانەی هەندێک ڕوانگەیە کە پێیان وا بوو ئەم هاوپەیمانییە لەسەر بنەمای بینینێک دروست بووە کە ئەمریکا بەشێک لە بەرپرسیارێتیی ناوچەکە بخاتە ئەستۆی هێزی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌‌. دووەم، ڕاگرتنی زنجیرەی جەنگەکان و، لەنێو ئەوانەیشدا کەمکردنەوەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل لەپێناو گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا و لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا.

تێبینی: ئەم بابەتە گوزارشت لە بیروڕای نووسەرەکەی دەکات، نەک خانەی هزریی کوردستان

كيالي، ماجد. (٢٠٢٦، ١٤ أغسطس). “اتفاقية مكة”… شرق أوسط جديد غير ذاك الذي طُرح في التسعينات. المجلة:. https://www.majalla.com/node/332528




ئایا پێگەی ئیسرائیل لە ستراتیژیی بەرگریی تورکیادا گۆڕاوە؟

سەعید ئەلحاج

لە ١٨ی ئابی ڕابردوودا، ئیسرائیل بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی سەربازیی “ئەبو ئەلزوھوور”ی لە باکووری سووریا ڕاگەیاند و، نەتانیاھۆ و بەرپرسانی تر جەختیان کردەوە کە بۆردوومانەکە بە مەبەستی ڕێگریکردن بووە لە جێگیرکردنی سەربازانی تورکیا لەسەر خاکی سووریا وەک هێڵێکی سووری “ئیسرائیلی”.
بەئامانجگرتنی بەردەوامی بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە سووریا له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌، یان بوونی سەربازیی لەسەر خاکه‌كه‌ی، ئاماژەیە بۆ گۆڕانی سیستەمی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا، کە لە ڕابردوودا هاوپەیمانییەکی ستراتیژیی بەخۆیەوە بینیبوو و لە ساڵانی دواییدا تووشی گۆڕانکاریی گرنگ و ئاڵۆزی بەردەوام بووەتەوە. ئەم ئارتیکڵە دەرەنجامەکانی بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی “ئەبو ئەلزوھوور” لە گۆشەنیگای گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا تاوتوێ دەکات، بەتایبەتی لە ڕووی ڕوانینی تورکیا بۆ ئیسرائیل لە ڕوانگەی ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژیی بەرگرییەوە.
ئەم توێژینەوەیە دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە پێگەی ئیسرائیل لە ڕوانگەی تورکیادا، گۆڕاوە بۆ ڕکابەرێک تا ئاستی ڕوودانی پێكدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوو لا و، گرتنه‌بەری ستراتیژییەک لەلایەن تورکیاوە بەرامبەر ئەم مەترسییە؛ کە ڕەنگە بەتەواوی ڕێگری لە ڕوودانی ئەم پێكدادانە نه‌كات، بەهۆی چەند فاکتەرێکەوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی بە ئیسرائیلەوە پەیوەستن؛ لە ڕووی سیاسەتی ناوخۆیییەوە لە لایەک و تیۆرییە ئاسایشییە نوێیەکەی دوای ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەکی ترەوە.

پەیوەندییەکان و دانپێدانان
تورکیا یەکەم دەوڵەتی زۆرینە موسڵمان بوو کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دان بە ئیسرائیلدا بنێت، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ چوونەناو بلۆکی ڕۆژاوا و پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بەهۆی ترسی لە چاوچنۆکییەکانی سۆڤیەت لە گەرووەکاندا. لە سەرانسەری دەیەکانی جەنگی سارددا، ئەنقەرە بەردەوام سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ تل ئەبیب دەکرد وەک یەکێک لە دەروازەکانی پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئەرێنی و نەرێنی.
پەیوەندییەکانی تورکیا-ئیسرائیل لە سایەی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێداندا (لە ساڵی ٢٠٠٣وە) چەندان وێستگەی لە ئاڵۆزی و نزیکبوونەوە بەخۆیەوە بینی: پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لە ساڵی ٢٠١٠دا، دوای هێرشی “ئیسرائیل” بۆ سەر کەشتیی “ماڤی مەرمەرە”، پچڕان؛ به‌ڵام له‌ ساڵی ٢٠١٦ ئاسایی کرانەوە. دواتر لە ساڵی ٢٠١٨دا بەهۆی مامەڵەی خوێناوی لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی کەرتی غەززە، دووبارە په‌یوه‌ندییه‌كانیان پچڕانه‌وه‌؛ پاشان هەردوو لا لە ساڵی ٢٠٢٢دا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەست پێ کرده‌وە.
ڕووداوی “تۆفانی ئەقسا”، کە لەلایەن کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا ئەنجام درا، لە کاتێکدا ڕووی دا کە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا بەرەو باشبوونەوە دەچوو. ئەمەیش هاوڕێ بوو لەگەڵ قسەکردنی ئه‌م دوایییه‌ی هەردوو لا لەسەر جیاکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستینییەکان (1) و هەوڵی هەردوو لا بۆ گەشەپێدانی هاوکاری لە چەندان بواردا، بەتایبەت لە بوارى وزە. لەم چوارچێوەیەیشدا، کۆبوونەوەی سەرۆک ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاھۆ، لە سێپتەمبەری ٢٠٢٣دا، گرنگ بوو(2).
سەرەڕای ئەوە، ڕووداوی “تۆفانی ئەقسا” و جەنگەکانی دواتر، لەگەڵ بارودۆخی ئاڵۆزی دواتری ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، بوونە هۆی دروستبوونی دۆخێکی ئاڵۆزتر کە بە شێوەیەکی بەردەوام پەرەی سەندووە.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، تورکیا ڕوانینی خۆی بەرامبەر ئیسرائیل گۆڕیوە و ئیتر ئیسرائیل بە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی خۆی دەبینێت. هه‌روه‌ها گۆڕانی ڕوانینی ئیسرائیلیش بەرامبەر تورکیا و هەڵسوکەوتەکانی دژی ئەو وڵاتە، کاریگەریی لەسەر ئەم گۆڕانە هەبووە؛ تا گه‌یشتۆته‌ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە سووریا له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ بكرێنه‌ ئامانج.

ڕوانینی ئیسرائیل بۆ تورکیا
پەیوەندییەکانی تورکیا-ئیسرائیل لەدوای ڕووداوی “ماڤی مەرمەرە” لە ساڵی ٢٠١٠، تووشی هەوراز و نشێو بوونەوە. ئیسرائیل بەشدار بوو لە هەوڵەکانی گۆشەگیرکردنی تورکیا لە ئاستی ناوچه‌كه‌دا؛ له‌وانه‌یش‌ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕکابەرە کۆنەکەی تورکیا، “یۆنان” و، به‌شداریكردن له‌ کۆڕبەندی غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست(3). بەشی هەواڵگریی سەربازی، “ئامان”، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٢٠دا، توركیای خستە خانەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل(4). له‌ سه‌روبه‌ندی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە لە ساڵی ٢٠٢٠وە، پەیوەندییەکانی ئه‌م دوو وڵاته‌یش‌ بە شێوەیەکی کاتی به‌ره‌و باشبوون چوون؛ بەڵام دوای هەڵوێستی تورکیا لە جەنگی قڕکردن لە غەززە، دووبارە ڕوویان لە ئاڵۆزی کردەوە، بەتایبەتی بەشداربوونی لە دۆسیەی قڕکردن لەبەردەم دادگه‌ی نێودەوڵەتیی داد و سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئیسرائیل(5).
لێدوانه‌كانی دنه‌ده‌رانه‌ی ئیسرائیل‌ له‌ دژی سه‌رۆكی توركیا، دووباره‌ بووه‌وه‌(6)؛ پاشان ئیسرائیل دانی به‌وه‌ دانا كه‌ “قڕکردنی ئەرمەنییەکان” لەسەر دەستی دەوڵەتی عوسمانی لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا ڕووی داوه‌(7). هه‌روه‌ها حکوومەتی نەتانیاھۆ دژی هەر ڕۆڵێکی تورکیا وه‌ستایه‌وه‌، كه‌ لە غەززە له‌ چوارچێوەی “هێزەکانی ئاشتیی نێودەوڵەتی”دا پێی بدرێت(8). هەروەها وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یسرائیل کاتس، هەڕەشەی لە سەرۆکی تورکیا کرد كه‌ چاره‌نووسی وه‌ك “چارەنووسی سەدام حسێن” ده‌بێت (9).
ئاستی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و گەشەکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا-سووریا خێراتر بوون. بەڕوونی دیاره‌ كه‌ بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا دژبەیەکن؛ چونکە ئیسرائیل ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی ١٩٧٤ی بە شێوەیەکی یەکلایەنە هەڵوەشاندەوە و زۆربەی چەک و تواناکانی دەوڵەتی سووریای خاپوور کرد و داگیرکارییەکەی فراوانتر کرد، لە کاتێکدا تورکیا پشتیوانیی لە یەکپارچەییی خاکی سووریا دەکرد و، پێشنیاری پێشکەشکردنی پشتیوانی دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی پڕۆژە جوداخوازەکاندا و، هاوکاریی سەربازی و ئاسایشی لەگەڵ دیمەشق دەکات.
ئیسرائیل لەسەر گەشەکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا، هەڕەشەی لە ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا، کرد و، جەختی کردەوە كه‌ ئه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ توركیا له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ جێی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران له‌ سووریا بگرێته‌وه‌. نەتانیاھۆ باسی لە هەوڵەکانی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی “میحوەرێکی سوننەی” لەدایکبوو- کە تورکیا ئەندامێکی سەرەکییە تێیدا- دوای هەڵوەشاندنەوەی “میحوەری شیعی”(10). هەروەها لیژنەی “ناگڵ”، کە لەلایەن نەتانیاھۆەوە ڕاسپێردرابوون، بەڕوونی ڕاسپاردەی دا بەوه‌ی، كه‌ پێویسته‌ “ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ تورکیا” بكرێت(11).
لە مارس/ئازاری ٢٠٢٥دا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندان بنکەی سەربازییان لە سووریا کردە ئامانج لە چوارچێوەی ڕێگری لە جێگیرکردنی هەر هێزێکی تورکیا لەو بنکانەدا و، دوای سەردانی شاندە سەربازییەکانی تورکیا بۆ بەشێکیان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ئەگەری دروستکردنی بنکەی سەربازیی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا(12). هەروەها حکوومەتی نەتانیاھۆ هەڵوەشاندنەوەی ئامێرە سیخوڕییه‌كانی تورکیای لەسەر خاکی سووریا ڕاگەیاند (13) و، هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ڕاداری تورکیای کرد لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق، گوایه‌ مەودای مانۆڕ لەبەردەم فڕۆکە ئیسرائیلییەکاندا ته‌سك بووه‌ته‌وه‌(14). هەروەها نەتانیاھۆ ڕای گەیاند کە بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی ئەبو ئەلزوھوور لە باکووری سووریا، پەیامێکی ڕوونە بۆ تورکیا كه‌ ئیسرائیل به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه،‌ بوونی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ سووریا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌(15).
هەروەها ئیسرائیل بەم دوایییانە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەر یەکە لە یۆنان و قوبرس (یۆنانی) لە چوارچێوەیه‌كی سێقۆڵیدا بەهێزتر کردووە کە لە ئاڕاستە و بڕیارەکانیدا- لەوانەیش ڕێککەوتن لەسەر ئه‌و هەنگاوانه‌ی كه‌ سروشتێكی سەربازییان هه‌یه- بە پلەی یەکەم تورکیا دەکاتە ئامانج؛ بەوەی “مەترسی لەسەر سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە دروست دەکات” (16). نەتانیاھۆ ڕای گەیاند کە هەوڵ دەدات ئەم میحوەرە فراوانتر بکات تا هاوپەیمانییەکی شەشقۆڵی پێك بهێنێت کە سەرنجی سەرەکیی لەسەر تورکیا بێت(17).

گۆڕانی ڕوانینی تورکیا
تورکیا بە شێوەیەکی ئاسایی پێنج ساڵ جارێک “بەڵگەنامەی سیاسەتەکانی ئاسایشی نەتەوەیی”، ناسراو بە “كتێبی سوور” نوێ دەکاتەوە و، بەشە هەرە گەورەکەیشی بەنهێنی دەمێنێتەوە؛ لە کاتێکدا تەنیا بەشێک لە ناوەڕۆکەکەی ڕادەگەیەنرێت. لە بەڵگەنامەکەدا، بۆ یەکەم جار ئیسرائیل وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا هاتووە- لە ساڵی ٢٠١٠دا، دوای دەستدرێژیکردنە سەر کەشتیی “ماڤی مەرمەرە”(18). لە دەسپێکی ساڵی ٢٠١٠ بەیاننامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا، بۆ چەندان جار ئاماژەیان بەو مەترسییە کردووە کە ئیسرائیل لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دروستی دەکات، بەتایبەتی لە ڕووی پێشێلکارییەکان بەرامبەر فەڵەستینییەکان. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بەیاننامەکانی ئەنجومەنەکە ئاماژەی ئه‌وه‌یشی خرایه‌ ناوییه‌وه‌، كه‌ “ئیسرائیل” مه‌ترسییه‌ بۆ سەر سووریاش (19).
لە سێ ساڵی ڕابردوودا، تورکیا ڕەخنەکانی لە جەنگی قڕکردن لە غەززە توندتر کردەوە و، سزای بازرگانی و ئابووریی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند، تا گەیشتە دەرکردنی یاداشتێکی (فه‌رمانێكی؟) دەستگیرکردن بۆ نەتانیاھۆ(20). هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا، لێدوانەکانی تورکیا، گۆڕان بۆ قسەکردن لەسەر مەترسییەکی “ئیسرائیلی”ی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تورکیا، نەک تەنیا زیانگەیاندنی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هه‌رێمایه‌تی. ئەردۆغان هۆشداریی دا لەوەی، هێزەکانی ئیسرائیل لە سنوورەکانی تورکیاوە نزیکن(21) و، پەرلەمان دانیشتنێکی نھێنیی بۆ تاوتوێکردنی ڕێگه‌کانی ڕووبەڕووبوونەوەی “مەترسیی ئیسرائیلی بۆ سەر تورکیا” ئەنجام دا(22).
بە تێپەڕینی کات، بڕوایەک لای تورکیا چەسپا کە ئیسرائیل وەک ڕکابەر و مەترسی سەیری دەکات. وەزیری دەرەوە، هاکان فیدان ڕای گەیاند کە ئیسرائیل لەدوای ئێرانەوە، سووریا یان تورکیا وەک دوژمنێکی نوێ دەبینێت(23) و، ئەگەری بەئامانجگرتنی سەربازیی ڕاستەوخۆی وڵاتەکەی بەدوور نەزانی(24) و، جەختی لەسەر ئامادەییی ئەنقەرە کردەوە بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هەڕەشەیەکی لەو جۆرە(25).
لای خۆیەوە، سەنتەرەکانی توێژینەوەی تورکیا، ماوەیەکە توێژینەوەی زۆر لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و وانه‌ وەرگیراوەکانی لەو جه‌نگە دەکەن؛ بەتایبەتی ئەوەی پێویستە ئەنقەرە بیکات بۆ خۆبه‌دوورگرتن لەو دۆخەی کە ئێران تێی کەوت(26). یەکێک لەو توێژینەوانە داوای ئامادەکاریی کرد بۆ جەنگێکی ئاسمانی، لە هەمان کاتدا لەسەر دوو بەرە: ڕۆژاوا (یۆنان) و باشوور (ئیسرائیل)(27). سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بە بوونی ئەگەری ڕۆڵی وڵاتەکەی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دژ بە فەڵەستینییەکان، هاوشێوەی دەستوەردانی لە لیبیا و هەرێمی قەرەباغ(28)، وەک چۆن کاری لەسەر فراوانکردنی هاوبەشییەکانی و بەهێزکردنی ڕێگریکردن لە ڕێگەی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەرێمایه‌تییەوە کرد، کە دوایینیان “ڕێککەوتنی سێقۆڵیی مەککە” بوو لەگەڵ هەردوو وڵاتی سعوودیا و پاکستان، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕوانگەی تورکیاوه‌ گرنگترین ئامانج تێیدا ئیسرائیلە.

سیناریۆی پێكدادان
بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا دژبەیەکن و ئەجێندای هەردوو لا بەڕوونی بەریەک دەکەون. لە کاتێکدا ئیسرائیل، بە فراوانکردنی داگیركردنی چەند شوێنێک لە خاکی سووریا، مەترسی لەسەر یەکپارچەییی ئه‌و وڵاته‌ دروست دەکات، تورکیا ڕێککەوتنی هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ سووریا واژوو کردووە کە ڕاهێنانی سوپای سووریا و بەشداریکردن لە چەکدارکردنی و ڕێکخستنەوەی وەزارەتی بەرگری لەخۆ دەگرێت(29).
بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی ئەبو ئەلزوھوور كه‌ ته‌نیا ٦٠ کم لە سنوورەکانی تورکیاوە دووره‌، بە هەڕەشەیەکی “ئیسرائیلی” بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دژ بە تورکیا دەژمێردرێت و، به‌ پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەردوو لا داده‌نرێت؛ ئه‌و لێكتێگه‌یشتنانه‌ی كه‌ بە ناوبژیوانیی ئازەربایجان گه‌یشتبوونه‌ ئەنجام. هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌ بوو كه‌ حکوومەتی نەتانیاھۆ لە بنەمای دابەشکردنی هەژموون و ڕێگریكردن له‌ پێكدادان پاشگه‌ز بووه‌وه‌، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ بنه‌ماكانی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ ڕەتکردنەوەی بوونی سەربازیی تورکیا له‌ سه‌رانسه‌ری خاکی سووریا(30).
ئیسرائیل سەبارەت بە بوونی سەربازیی تورکیا لە سووریا هێڵێکی سوور ڕادەگەیەنێت؛ بە جۆرێک کە ڕەتکردنەوەی جێگیرکردنی ڕادار یان سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەخۆ دەگرێت، کە ڕەنگە جووڵەی فڕۆکەکانی دژ بە سووریا و، هەروەها ئێران لە ڕێگەی ئاسمانی سووریاوە سنووردار بکات. لەبەرامبەردا، ئەنقەرە جەخت لەسەر پابەندبوونی دەکاتەوە بۆ پشتیوانیکردنی سووریا بەپێی ڕێککەوتنی هاوکاریی سەربازی لەنێوانیاندا(31) و، دەکرێت پێشبینیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم پشتیوانییە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بکرێت بۆ ئەوەی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی یان ڕاداری چاودێری یان تەنانەت دروستکردنی بنکەی سەربازیی هاوبەش بگرێتەوە.
لەبەر ئەوە، پێكدادانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و تورکیا لەسەر خاکی سووریا، دەبێتە بابەتێکی نزیک لە مەحاڵ، یان بەهەڵە لە لێكدانه‌وەکاندا یان ڕوودانی زەرەری نەویستراو یان تەقینەوەی ڕووداوەکان؛ کە ئەنقەرە لە ئێستادا وەک ئەگەرێکی کراوە سەیری دەکات، وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا. ئەنقەرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ناوچەیەکی تر دەبینێت کە کاندیدە بۆ ئەوەی بێتە گۆڕەپانی بەئامانجگرتنی، بە هەماهەنگی لەنێوان یۆنان و ئیسرائیل لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانی و هاوکاریی سەربازیی په‌ره‌سه‌ندووی نێوانیان، کە لەم دوایییانەدا دژی تورکیا بەکار هێنراوە(32).
ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان ئیسرائیل و تورکیادا لە ئاییندەیەکی دیاریكراودا ئەگەری زیاتری هەبێت، چونکە کۆسپ هەن کە ڕێگری لەم سیناریۆیە دەکەن، وەک: هێزی سەربازیی تورکیا و، زیانە ئەگەرییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی چاوەڕوانکراو و، ئەندامێتیی ئەنقەرە لە ناتۆ و، هەڵوێستی ئەمریکا کە ڕەتکەرەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیە لەنێوان هەردوو هاوپەیمانەکەیدا؛ بەڵام پێكدادانی سنووردار، بووەتە سیناریۆیەکی پێشبینیکراو.
لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە، دەکرێت ئاماژە بە ستراتیژییەکی تورکی بدەین کە لە چەند بنەمایەکی سەرەکیدا کورت بووەتەوە، گرنگترینیان:
١. کارکردن بۆ خۆبەدوورگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل یان دواخستنی تا ئەوپەڕی توانا، تا تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و بەهێزکردنی کارتەکانی هێز. گرنگیی ئەم بنەمایە زیاتر دەبێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی کنێست؛ چونکە ئەنقەرە کار دەکات بۆ ئه‌وه‌ی نەتانیاھۆ ده‌رفه‌تی بەکارهێنانی ئاڵۆزی لەگەڵ تورکیا وەک کارتێکی به‌هێزی هەڵبژاردن له‌ده‌ست بدات، لە کاتێکدا ئەوە گرەو لەسەر دۆڕاندنی دەکات(33).
٢. تەواوکردنی کارتەکانی هێزی خۆی لە بواری جیاوازدا، بەتایبەتی بواری سەربازی، كه‌ بەستراوەته‌وه‌ بە پیشەسازییە بەرگرییەکان و گەشەپێدانی به‌رگریی ئاسمانی لە ڕووی بڕ و جۆرەوە(34). هەروەها لایەنی ئاسایشی-کۆمەڵایەتی، بەستراوەته‌وه‌ بە پرسی کورد و دۆسیەی ئەوەی تورکیا ناوی ناوە “ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر” کە تورکیا لەژێر ناونیشانی “تورکیای بێ تیرۆر”، هەنگاوی گەورەی تێدا بڕیوە؛ سەرباری هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان.
٣. بەردەوامیی پشتیوانیکردنی سووریا. ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هاوشێوەی نەمانی “دەوڵەتێکی بەربەست” بوو لەنێوان ئیسرائیل و تورکیادا و، بەپێی چەمکی سنوورە لەرزۆکەکان، سنوورێکی هاوبەشی لەنێوانیاندا دروست کرد. لەبەر ئەوە، سەقامگیریی سووریا و گەشەکردنی هێزەکەی، بە مانای گەڕاندنەوەی ئەم بەربەستەیە لەنێوان هەردوو لادا. بەم پێیە، پشتیوانیکردنی سووریا لە ڕووی سەربازی و ئاسایشییەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خزمەتی ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا دەکات؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سووریا لەو کاتەدا لە گۆڕەپانێکی خاپوورەوە، دەگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی بەربەست و دیوارێکی بەرگریی پێشکەوتوو. بۆیه‌، ئەوەی پێشبینی دەکرێت لەلایەن تورکیاوە، بریتییه‌ له‌ بەردەوامیی پشتیوانی و بەرزکردنەوەی ئاستەکانی و، فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری بۆ جێگیرکردنی ڕاداری چاودێری و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و، ڕەنگە داخستنی مەودای ئاسمانی و دروستکردنی بنکەی سەربازیی هاوبەشیش بگرێتەوە.
٤. هێورکردنەوەی ئاگردانەکانی ئاڵۆزی. هاوتەریب لەگەڵ ئەوانەی پێشوو، ئەنقەرە به‌په‌رۆشه‌وه‌ کار دەکات بۆ هێورکردنەوەی ململانێکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی ئەوانەی دەکرێت بەشدار بن لە پێكدادان لەگەڵ ته‌لئەبیب؛ لەبەر ئەوە، تورکیا چالاکە لە هەوڵەکانی ناوبژیوانی سەبارەت بە جەنگی غەززە و جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران، سەرباری پشتیوانیی ناڕاستەوخۆی بۆ ڕێڕەوی دانوستان لەنێوان سووریا و ئیسرائیل بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی ١٩٧٤(35).
٥. هاوبەشییە هەرێمییەکان. تورکیا وه‌به‌رهێنان لە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکادا دەکات، بەتایبەتی لەسەر ئاستی کەسی لەنێوان هەردوو سەرۆکدا، بۆ گوشارخستنه‌ سه‌ر ئیسرائیل و ڕێگریکردن لە به‌ریه‌ككه‌وتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ توركیا و دەستدرێژی بۆ سەر سووریا. بەڵام توركیا به‌ته‌واوی پشت به‌ ڕۆڵی ئەمریکا نابه‌ستێت لەبه‌ر ئەگەری ئه‌وه‌ی ئیدارەی ئەمریکا گلۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵبكردبێت یان لانی كه‌م زانیاریی پێشوەخته‌ی له‌سه‌ر بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی “ئەبو ئەلزوھوور”ی پێ دابێت(36). هەروەها ئەنقەرە پشت بە ئەندامێتی لە ناتۆ و چالاککردنی ماددەی ژمارە (٥) لە پەیڕەوی بنەڕەتیدا نابه‌ستێت(37)؛ بەڵکوو لە هاوبەشی و هاوپەیمانییە هەرێمییەکاندا بژاردەیەکی زیادە دەبینێت کە چەمکی ڕێگریکردن بەرامبەر ئیسرائیل، بەتایبەتی بەهێزتر دەکات، لە بابەتی ڕێککەوتنی سێقۆڵیی مەککە لەگەڵ سعوودیا و پاکستان و چوارچێوەی هەماهەنگیی چوارقۆڵی، کە میسریشیان لەگەڵدا دەبێت.

کۆتایی
بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی ئەبو ئەلزوھوور لە باکووری سووریا، سێیەم بەئامانجگرتنی ڕاگەیەنراوی “ئیسرائیل”ە دژ بە بوونی سه‌ربازیی تورکیا لە سووریا، کە حکوومەتی نەتانیاھۆ وەک هێڵی سوور هەژماری دەکات و ڕێگە نادات ڕوو بدات؛ ئەم بابەتە، لەگەڵ هۆکارەکانی تر کە پێشتر به‌وردی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كراوه‌، كاریگه‌ریی هه‌بوو له‌سه‌ر گۆڕانی ڕوانینی تورکیا بۆ ئیسرائیل، لە هێزێکی ناوچه‌ییی ڕکابەرەوە بۆ فاکتەرێکی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچه‌یی و، پاشانیش بۆ مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ تورکیا لەم دوایییانەدا.
سەرەڕای بەدوورزانینی سیناریۆی جەنگی فراوان لەنێوان هەردوو لادا، بەڵام پێكدادانی سنووردار بووەتە ئەگەرێکی کراوە لە سایەی هێڵە سوورە گۆڕاوەکانی “ئیسرائیل” لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بە شێوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ. لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی کنێست- کە ڕاپرسییەکان ئاماژە بە ئەگەری دۆڕاندنی نەتانیاھۆ دەکەن- سیناریۆی ئاڵۆزی یان پێكدادان لەگەڵ ئەنقەرە دەبێتە یەکێک لە بژاردەکان (38).
لە ڕووبەڕووبوونەوەی دنه‌دان (ئیستیفزاز)ی بەردەوامی ئیسرائیلدا، تورکیا پشت بە ڕوانگەیەک دەبەستێت کە بەهێزکردنی کارتەکانی هێز و خۆبه‌دوورگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوە یان دواخستنی تا ئەوپەڕی توانا دەگرێتەوە؛ بەڵام بەهۆی سیاسەته‌ سەرکێشییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بەگشتی و، ئەگەری تەقینەوەی ڕووداوەکان بۆ سیناریۆی پێكدادانی نەویستراو لەلایەن تورکیاوە، ڕەنگە ئه‌مه‌ نه‌توانێت بەتەواوی ڕێگری لە ڕوودانی بکات.
تێبینی: ئەم نووسینە گوزارشت لە بیروڕای نووسەر دەکات، نەک ڕوانگەی خانەی هزریی کوردستان.

سەرچاوە: ئەلجەزیرە، https://studies.aljazeera.net/ar/article/6645
سەرچاوەکان:
[1] أردوغان: علاقاتنا مع إسرائيل شيء وقضية القدس شيء آخر، الشروق، 20 أبريل/نيسان 2022 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/8b0fo
[2] على هامش اجتماعات الأمم المتحدة.. أول لقاء بين أردوغان ورئيس وزراء إسرائيلي منذ 2008، الجزيرة نت، 21 سبتمبر/أيلول 2022 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/2dreo
[3] منتدى غاز شرق المتوسط.. هل ولد منقوصًا بدون تركيا وليبيا؟، عربي 21، 24 سبتمبر/أيلول 2020 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/ogn54
[4] لماذا أدرجت إسرائيل تركيا ضمن تهديدات أمنها القومي، الجزيرة نت، 17 يناير/كانون الثاني 2020 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/juo82m
[5] سعيد الحاج، تركيا و”طوفان الأقصى” من التضامن للشعور بالتهديد، مركز الجزيرة للدراسات، 9 أكتوبر/تشرين الأول 2024 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/sf872q
[6] نتنياهو يهاجم أردوغان: “دكتاتور معاد للسامية”، المشهد، 21 أغسطس/آب 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/gugrr8
[7] بعد الامتناع عن ذلك لسنوات: نتنياهو يعترف بإبادة الأرمن، عرب 48، 27 أغسطس/آب 2025 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/knsaq
[8] إسرائيل ترفض مشاركة تركيا في القوة الدولية المقترحة لغزة، الجزيرة نت، 27 أكتوبر/تشرين الأول 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/ouaai
[9] بعد تلويحه بالتدخل عسكريًّا.. إسرائيل تذكِّر أردوغان بمصير صدام وأنقرة تذكِّرها بنهاية هتلر، الجزيرة نت، 29 يوليو/تموز 2024 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/tw8wu
[10] عقيدة نتنياهو 2026: من مواجهة المحور الشيعي إلى المحور السني، المدن، 25 فبراير/شباط 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/r7vdm8
[11] لجنة ناغل الإسرائيلية: علينا الاستعداد لحرب مع تركيا، الجزيرة نت، 7 يناير/كانون الثاني 2025 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/u6de44
[12] تقرير: إسرائيل ضربت قواعد سورية تفقَّدتها تركيا مما ينذر بمواجهة إقليمية، الشرق الأوسط، 4 أبريل/نيسان 2025 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/9xlq22
[13] مصدر إسرائيلي: استعدنا أجهزة تنصت متطورة جدًّا في إنزال سوريا، العربية، 28 أغسطس/آب 2025، (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/r37e2
[14] أسباب خوف إسرائيل من تركيب الرادار التركي في مطار دمشق الدولي، الجزيرة نت، 23 يناير/كانون الثاني 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/88k13
[15] نتنياهو يهدد الوجود التركي في سوريا عقب استهداف مطار أبو الظهور، القدس، 19 أغسطس/آب 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/zeipxo
[16] “قوة تدخل مع اليونان وقبرص”.. إسرائيل بتهديد ضمني لأنقرة: على أردوغان احتساب المسار، القدس العربي، 21 ديسمبر/كانون الأول 2025 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/lpeir
[17] عقيدة نتنياهو 2026، مصدر سابق.
[18] تركيا تقر “الكتاب الأحمر”.. إسرائيل تهديد للأمن القومي، السفير، 24 نوفمبر/تشرين الثاني 2010، (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، : https://n9.cl/fj6798
[19] مجلس الأمن القومي التركي: استمرار دعم الحكومة السورية في مساعيها لضمان وحدة البلاد وسلامتها واستقرارها، سانا، 30 يوليو/تموز 2025 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/f2u8i
[20] نشرة حمراء لنتنياهو.. تركيا تفتح باب الملاحقة الدولية، الجزيرة نت، 21 أغسطس/آب 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/er1c2o
[21] أردوغان يدق ناقوس الخطر: ساعتان ونصف فقط تفصلهم عنا، روسيا اليوم، 1 أكتوبر/تشرين الأول 2024 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/5fg86
[22] قورتولموش: تركيا ترى سياسات إسرائيل التوسعية تهديدًا لأمنها القومي، وكالة الأناضول للأنباء، 8 أكتوبر/تشرين الأول 2024 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/t4ahm
[23] فيدان: إسرائيل مشكلة العالم وتبحث عن عدو جديد.. المواجهة معها ليست مشكلة بالنسبة لتركيا، روسيا اليوم، 2 يوليو/تموز 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/lc1zs3
[24] فيدان يرد على سؤال صحفي حول إسرائيل، يني شفق العربية، 16 أبريل/نيسان 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026): https://n9.cl/l14ntd
[25] فيدان: إسرائيل مشكلة العالم، مصدر سابق.
[26] تقرير أمني ينبه أنقرة إلى دروس الحرب الإيرانية الإسرائيلية، الجزيرة نت، 5 أغسطس/آب 2025، (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/rzfc6w
[27] Murat Aslan, Türkiye’nin savaş uçağı ihtiyacı ve tedariki, SETA, 23 July 2025, (Entrance Date: 29 August 2026): https://n9.cl/8vwhb
[28] أردوغان: كما فعلنا في ليبيا وفي قرة باغ سوف ندخل إسرائيل إذا لزم الأمر، ڕوسيا اليوم، 28 يوليو/تموز 2024 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/kjwkyd
[29] اتفاقية التعاون العسكري بين دمشق وأنقرة.. لتطوير الجيش السوري ودعم إصلاح الأمن، الشرق الأوسط، 13 أغسطس/آب 2025 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/j6da1
[30] “تقاسم للنفوذ”.. تفاهمات تركية إسرائيلية على الأرض السورية، المشهد، 11 أبريل/نيسان 2025، (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/iuflxm
[31] تركيا تتعهد حماية سوريا دون الوقوع في “فخ” نتنياهو، فرانس 24، 20 أغسطس/آب 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/bfimv
[32] اليونان تعقد صفقة لشراء أسلحة من إسرائيل بقيمة 3.1 مليارات يورو، الجزيرة نت، 28 أغسطس/آب 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/dna6p
[33] نتنياهو يوظف أردوغان وممداني وخامنئي وقاسم في حملته الانتخابية، الجزيرة نت، 16 أغسطس/آب 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/pbwq9
[34] Murat Aslan, Previously cited source.
[35] أنقرة تدين الهجوم الإسرائيلي على البنية التحتية العسكرية جنوب سوريا، يني شفق العربية، 21 مارس/آذار 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://ar.yenisafak.com/world/4118991
[36] تقرير: ضربة “أبو الظهور” تفاقم التوتر بين ترمب ونتنياهو، الشرق الأوسط، 19 أغسطس/آب 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/fgz7ua
[37] هل سيتدخل الناتو في الصراع بين تركيا وإسرائيل؟ رد روته المراوغ، موقع haberler عربي، 10 يوليو/تموز 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/klf8pi
[38] إيهود باراك يهاجم نتنياهو بعد التصعيد ضد تركيا.. أي ڕسائل إسرائيلية عبر سوريا؟، العربي، 20 أغسطس/آب 2026 (تاريخ الدخول: 29 أغسطس/آب 2026)، https://n9.cl/sdvu5u




هەرێمی کوردستان لەدوای کشانەوەی هێزەکانی  ئەمریکا و هاوپەیمانان؛ هەڕەشە و مەترسییەکان

 

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر-بریتانیا- پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە  بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/  زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر

 

 

لە جه‌نگی دژی داعش بۆ هێزی ڕاوێژکاری؛ گۆڕانی ڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە سەردەمی حکوومەتی کازمی

 

 لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١، لەسەر داوای بەرپرسانی بەغدا لە ساڵی ٢٠١٤، دووبارە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان گەڕانەوە بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە جه‌نگی دژی داعش. دیارە ئەم گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان  بۆ جه‌نگی دژی داعش، بە دڵی ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی نەبوو  و، پێیان وا بوو دووبارە گەڕانەوەی ئەمریکا دەبێتە هۆی دروستکردنی بەربەست لەبەردەم بەهێزبوونی هەژموون و کاریگەرییەکانیان لە عێراق و ناوچەکەدا. بەتایبەت لە قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتداریی “ترەمپ”دا (٢٠١٦-٢٠٢١)، دوای کوشتنی قاسم سوله‌یمانی لە کانوونی دوومی ٢٠٢، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتە ئاستێکی زۆر توند.

بۆیە،  هێزە شیعەکان گوشارەکانیان چڕ کردەوە بۆ سەر حکوومەتی کازمی  بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا. هەر بۆیەیش، لە سەردەمی حکوومەتی کازمی (٢٠٢٠–٢٠٢٢)، بە شێوەیەکی فەرمی دانوساندنەکان دەستی پێ کرد؛ کە ناسراون بە دیالۆگی ستراتیژیک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. لەم ڕووەوە،  چوار گەڕی دانوساندن لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ئەمنییەت و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بەڕێوە چوون. لە حوزەیران و ئابی ٢٠٢٠، دوو گەڕی دانوساندن لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و دەوڵەتی عێراق بەڕێوە چوون.

گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژیک لە ٧ی نیسانی ٢٠٢١، بە ڕێگەی ئۆنلاین، بەڕێوە چوو. گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژیک لە کاتێکدا بوو کە بایدن بووە سەرۆکی ئەمریکا و بە بەراوردکردن لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، سیاسەتێکی زۆر جیاوازتری پڕاکتیزە دەکرد. هەروەها، گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژیک لەنێوان ئەمریکا و عێراق لە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢١ بەڕێوە چوو، کە کۆتا گەڕی دانوساندن بوو لە سەردەمی کازمی و، لە ٣١ی دێسەمبەری ٢٠٢١، ئەمریکا بڕیاری دا هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق بکێشێتەوە و تەنیا هێزە ڕاوێژکارەکانی بمێننه‌وه‌. بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بەم هەنگاوە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەمە بە مانای دەستبەرداربوون له‌ عێراق نییە و، ئەمریکا بەتەواوەتی لەو وڵاتە پاشەکشە ناکات. بەرپرسانی ئەمریکا باسیان لەوە کرد کە  کە پابەندییەکی درێژخایەنیان بەرامبەر عێراق دەبێت و هێزە شەڕکەرەکانی لەژێر ناوی ڕاوێژکاریدا بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەن.

بە شێوەیەکی گشتی، ئەوەی لە دیالۆگی ستراتیژیکدا عێراق و ئەمریکا لەسەری ڕێک کەوتن، بەتایبەت لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، کۆمەڵێک خاڵی لەخۆ دەگرت، لەوانەیش: یەکەم، ئەمریکا بنکەی سەربازیی هەمیشەییی لە عێراقدا نابێت. دووەم، ئەمریکا هەوڵ نادات عێراق وەک پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتانی دراوسێ بەکار بهێنێت. سێیەم، ئەمریکا پابەندە بە ڕێزگرتن لە سەروەری و سیادەی عێراق. چوارەم، جەختکردن لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان و فرەچەشنکردنی ئابووریی عێراق. پێنچەم، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەکان و هەوڵدان بۆ ئەوەی لە ڕووی وزە و گازەوە تەنیا پشت بە ئێران نەبەستێت. شەشەم، بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان ئەمریکا و عێراق لە ڕووی ئاسایشەوە و پاڵپشتیکردنی هێزە عێراقییەکان لە ڕووی چەکەوە؛ لەوانەیش هێزەکانی پێشمەرگە. حەوتەم، گۆڕینی ئەركی هێزەکانی ئەمریکا لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ ڕاهێنان‌ و ڕاوێژکردن بە هێزەکانی عێراق. لەم ڕووەوە ڕێککەوتن کرا هێزە شەڕکەرەکان لە عێراق بکێشنەوە و نزیکەی ٢٥٠٠ کەس وەک هێزی ڕاوێژکاری لە عێراقدا بمێننه‌وه‌. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیش هێزە شەڕکەرەکان لە ٣١ی  دێسەمبەری ٢٠٢١ لە عێراق کشانەوە و  نزیکەی ٢٥٠٠ کەس وەک هێزی ڕاوێژکاری مانەوە.

لە حکوومەتی “سوودانی”یەوە بۆ “عەلی زەیدی”؛ کۆتاییهاتن بە ئەرکی ئەمریکا و هاوپەیمانان و کشانەوەی تەواوی هێزەکانیان لە عێراق

وەک ئاماژەمان پێ کرد، لە سەردەمی حکوومەتی کازمی هێزە شەڕكه‌رەکانی ئەمریکا لە عێراق کشانەوە  و نزیکەی ٢٥٠٠ سەرباز وەک هێزی ڕاوێژکاری لە عێراق مانەوە. دوای ئەوەی سوودانی دەسەڵاتی وەرگرت، ئێران و گرووپە چەکدارەکان گوشارێكی زیاتریان خسته‌ سه‌ر حكوومه‌ت، كه‌ کار بکات بۆ ئه‌وه‌ی  تەواوی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بکشێنەوە. ئەم گوشارانە، بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و، دواتر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، زیاتر بوون.

هەرچەندە لە سەرەتادا وا دەردەکەوت کە سوودانی مەبەستی نییە داوا لە ئەمریکا بکات بەتەواوی هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کۆتایی پێ بهێنێت. لەم ڕووەوە،  سەبارەت بە پێویستیی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، سوودانی لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی Wall Street Journal  لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ ئەوەی داوای کشانەوەی هێزە ڕاوێژکارەکانی ئەمریکا لە عێراق بکەین. هەروەها ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کرد کە سوودانی جەختی لەسەر پێویستیی مانەوەی هێزە ڕاوێژکارەکانی ئەمریکا لە عێراق کردۆتەوە. بەڵام، لەژێر گوشاری گرووپە چەکدارە شیعەکاندا و بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی غەززە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤، وەک گۆڕانێک لە سیاسەتی سوودانی، ڕای گەیاند کە لەگەڵ ئەمریکا دەستی بە دانوستان کردووە بۆ گەیشتن بە خشتەیەکی کاتی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.

لەو ڕووەوە، لە یەکەم هەنگاودا لە کانوونی دووەمی  ٢٠٢٤، کۆمیسیۆنی باڵای سەربازی (HMC) لەنێوان بەرپرسان و پسپۆڕانی بەرگریی عێراق و ئەمریکا، پێك هێنرا. لەم کۆمیسیۆنەدا، سێ لێژنەی لاوەکی، دروست کران بۆ  گفتوگۆکردن لەسەر پرسی کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و کوتایهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێكشکاندنی داعش لە عێراقدا بە لە بەرچاوگرتنی سێ خاڵی سەرەکی: یەکەم، ئاستی مەترسیی داعش؛ دووەم، بارودۆخی کارپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان؛ سێیەم، هەڵسەنگاندنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. هەروەها بڕیار درا، کار بکرێت بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق لە ڕووی ئاسایشەوە، بگوازرێتەوە بۆ پەیوەندیی هاوبەشیی دووقۆڵی؛ بەپیێ ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا کە  لە ساڵی ٢٠٠٨ واژۆ کراوە.

لەم چوارچێوەیەدا، لە یەکەم دیداری نێوان بایدن و سوودانی لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٤، بەئاشکرا باس لەوە کرا، کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو کار دەکەن بۆ کوتایێهینان بە ئەرکی هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراقدا. لەدوای ئەمە، لە ڕاگەیه‌نراوێکی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، بڕیار درا ئەرکی  هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق بە شێوەیەکی قۆناغبەندی کۆتایی پێ بێت: قۆناغی یەکەم، کشانەوە لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵدان تا کۆتاییی ئەیلوولی ٢٠٢٥. بەپێی ئەم خشتەیە، هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٥ لە بنکەی عەین ئەسەد کشانەوە و، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا عێراق ڕای گەیاند کە هێزەکانی هاوپەیمانی بەتەواوی لە بنکە سەربازییەکانی عێراق کشاونەتەوە و،  دەسەڵاتی بنکەی عەین ئەسەد بەتەواوی درایە دەست هێزەکانی عێراق. له‌ قۆناغی دووەمدا، بڕیارە تا ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان له‌ هەرێمی کوردستانیش بکشێنەوە، بەتایبەتی لە بنکەی هەریر و دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تیی هەولێر.

حکوومەتی زەیدی، کە لە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٦ دەسەڵاتی وەرگرتووە، جەختی کردۆتەوە لەسەر پابەندبوون بەو وادەیەی دیاری کراوە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەتەواوەتی لە عێراق بکشێنەوە. لەم ڕووەوە، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ترەمپ لە ١٤ی تەممووز، زەیدی وتی لە ٣٠ی ئەیلوولدا هێزەکانی ئەمریکا عێراق جێ دەهێڵن؛ لە هەمان کاتدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەچنە ناو عێراق و، پەیوەندییەکانمان ئێستا لەسەر بنەمای هاوکاریی ئابووری دامەزراوە، نەک پەیوەندییە سەربازییەکان. هەروەها عەلی زەیدی، لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٦، دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٦، بڕیاری کۆتایییە و بە هیچ شێوەیەک ماوەکەی درێژ ناکرێتەوە. هەروەها جەختی لەسەر جێبەجێکردنی پلانە ئەمنییەکان کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی و پاراستنی سەروەریی وڵات.

بەگشتی، ئەگەر بەرنامەکە وەک ڕێککەوتنی لەسەری کراوە، بەڕێوە بچێت، ئەمە بەو مانایە دێت كه‌:  یەکەم، تەواوی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق ده‌كشێنه‌وه‌. دووەم، ئەرکی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە عێراق كۆتایی دێت و، له‌مه‌ودوا ئەو هاوپەیمانێتییە نامێنێت. سێیەم، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق زیاتر دوولایەنە دەبن. لەم ڕووەوە، ئەمریکا و عێراق  پابەند دەبن بە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئاسایشی و  سەربازییەکان بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی ساڵی ٢٠٠٨. ئەمەیش واتە ئەمریکا یارمەتیی عێراق دەدات لە فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازی و چەک، هاوبەشکردنی زانیاریی هەواڵگریی دژ بە تیرۆر، ڕاهێنان و مەشقە هاوبەشەکان لەسەر داوای عێراق.

 

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق؛ کاریگەری و دەرهاوێشتە ستراتیژییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان

 کشانەوەی ئەمریکا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. گومانی تێدا نییە کە هەرێم، وەک بەشێک لە عێراق، بەتەواوی لە مەترسی و هەڕەشەکان بەدەر نابێت. لێرەدا، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، پرسیاری سەرەکی ئەمەیە: لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا، گرنگترین ئەو مەترسییانەی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست دەبن، کامانەن؟ ئایا کورد، دوای سی و شەش ساڵ لە پاراستنی بێبەرامبەر، ئێستا دەتوانێت بەبێ ئەمریکا لەسەر پێی خۆی بوەستێت؟ ئایا کورد کارێکی وەهای کردووە کە بتوانێت لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە پشت بە خۆی ببەستێت و پشتگیری و یارمەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدەست نەدات؟ ئایا کورد دەتوانێت خۆی لەبەردەم گوشارەکانی ئێران، میلیشیا شیعەکان و داعشدا ڕابگرێت؟

بە شێوەیەکی گشتی، دیارترین ئەو  مەترسی و هەڕەشانەی کە لەدوای کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەسەر هەرێم دروست دەبن، دەکرێت لەم خاڵانەدا کۆیان بکەینەوە:

یەکەم، هەڕەشەی میلیشیا شیعەکان

یەکێک لە سەرەکیترین ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە، هەبوونی گرووپە میلیشیاکانه‌ کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراقدان و لە دەرەوەی دەسەڵاتی بەغدا کار دەکەن. ئەوەی جێی سەرنجە، ئێستا هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق و ئەمریکا بەو ئاراستەیەیە کە ئەو گرووپانە بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتەوە. لە کاتی دیداری زەیدی لەگەڵ ترەمپ لە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکان کە زەیدی جەختی لەسەر کرده‌وه‌، ئەوە بوو کە هەموو هەوڵێک دەدرێت كه‌ تاوەکوو ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٦ چەک لەدەستی گرووپە چەکدارەکان داماڵرێت. هەروەها، لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٦، زەیدی ڕای گەیاند: یان دەبێت گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەست بکەن، یان دوای ٣٠ی ئەیلوول  بە ‌هێز ڕووبەڕوویان دەبینەوە؛ هاوکات، لە ١٢ی ئاب لە کۆبوونەوەی “هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت”، کە زۆربەی هێزە سیاسییەکان دەگرێتەوە، جەختی لەسەر هەمان بابەت کردۆتەوە.

بەڵام ئەوەی دیارە، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بەتوندی ئه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ چه‌ك دابنێن. بەرەی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق (IRI)، کە لە چەند گرووپێکی شیعە پێک دێت و نزیکە لە ئێران، لە ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ ڕای گەیاند کە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانی خۆیان ڕادەست ناکەن و دەست لە چەکەکانیان هەڵناگرن. هەروەها بەڵێنی دا توانا سەربازی و ئەمنییه‌كانی خۆی بەهێزتر بکات. سەرچاوەکان باس لەوەیش دەکەن کە “قائانی” لە ٩ی ئابی ٢٠٢٦ سەردانی بەغدای کردووە و دژایەتیی خۆی بۆ چەکكردنی گرووپە چەکدارەکان لەم قۆناغەدا دەربڕیوە و داوای دواخستنی ئەم پڕۆسەیەی کردووە. هەروەها داوای کردووە هیچ هەنگاوێک نەگیرێتە بەر، کە بتوانێت هاوسەنگیی هێزی هەنووکەیی بگۆڕێت.

بۆیە، ئەگەر زەیدی نەتوانێت هاوکات لەگەڵ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا ئەم گرووپانە کۆنترۆڵ بکات و بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتەوە، بێ گومان ده‌بنه‌ هەڕەشەیه‌كی گەورە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان. لەدوای دەستپێکردنی جه‌نگی ئەمریکا و ئێران، گرووپە میلیشیاکان لە عێراق، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە جه‌نگی به‌وه‌كاله‌ت له‌ دژی ئەمریکا تێوە گلان. لەم چوارچێویەدا له‌ گه‌رمه‌ی جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، ئەو هێزانە هێرشێكی بەرفراوانیان کردە سەر هەرێمی کوردستان. سەرچاوە کوردییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ٢٨ی شوبات  تا ٢ی ئابی  ٢٠٢٦، زیاتر لە ١٠٠٠ درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون.

بۆیە لەدوای كشانەوەی ئەمریكا ئەم ھەڕەشانە ڕاناوەستن، بەڵكوو بەردەوام دەبن و ڕه‌نگه‌ زیاتریش ببن. بەتایبەتی، گرووپە چەکدارەکان لەبەر زۆر هۆکار هێرش دەکەنە سەر هەرێم: یەکەم، لە لایەک بۆ ئەوەی هەرێم ناسەقامگیر بکەن؛ دووەم، لێدان لە ژێرخانی ئابووریی هەرێم؛ سێیەم، زۆر جاران حکوومەتی عێراق و ئێرانیش ئەم گرووپانە وەک کارتی گوشار دژی هەرێم بەکار دەهێنن بۆ سەپاندنی خواست و داواکارییەکانیان؛ چوارەم، لە ناوچە جێناکۆکەکاندا ئەم گرووپانە دەتوانن پێگە و دەسەڵاتی خۆیان زیاتر بەهێز بکەن و هەڕەشە و مەترسی لەسەر هەرێم و هاووڵاتیانی کورد دروست بکەن.

دووەم، زیاتربوونی گوشارە سیاسی و یاسایییەکان لەسەر هەرێم

گومانی تێدا نییە هێزە شیعەکان لە عێراقدا باوەڕیان بە دەستوور و پڕۆسەی دیموکراسی زۆر لاوازە و، زیاتر پرسی دیموکراسییان بەکار هێناوە بۆ بەهێزکردنی پێگەکەیان لە بەغدا لەدوای ٢٠٠٣. لەم ڕووەوە، بەشێکی زۆری هێزە شیعەکان خەون بەوەوە دەبینن کە دەسەڵاتەکان لە عێراق سەنتراڵ بکرێن و کورد و سوننە زیاتر پەراوێز بخرێن.

 لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، پێگەی هەرێم لە عێراقدا زیاتر لاواز بووە. ئێستا هەرێم لە جاران زۆر لاوازترە و بەغدا بەردەوام هەوڵ دەدات هەموو دەسەڵاتەکان سەنتراڵ بکرێن. لەم ڕووەوە، لە سەردەمی سوودانی، بەغدا زیاتر هەوڵی سەنتراڵکردنی دەسەڵاتەکانی داوە: لە لایەکەوە، پرسی مووچە و بوودجە لەدەستی هەرێم نەماوە و ڕاستەوخۆ ڕادەستی بەغدا کراوە؛ لە لایەکی تریشەوە، مەلەفی نەوت و پرسی هەناردەکردنی لەدەستی هەرێم نەماوە و ڕادەستی بەغدا کراوە.

بە هەمان شێوەیش، دادگه‌ی دەستووری لەلایەن هێزە شیعەکانەوە هان دراوە و، لە زۆر پرس و مەلەفدا له‌ دژی هەرێم بەکار دەهێنرێت. تەنانەت ئێستا باس لەوە دەکرێت کە هێزەکانی پێشمەرگەیش بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی بەغدا. له‌وه‌یش خراپتر، بەهۆی لاوازبوونی پێگەی کورد و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان، لە بەرنامەی وەزاریی حکوومەتی عەلی زه‌یدی، بە وشەیه‌كیش باس لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نەکراوە؛ وەک ئەوەی هەرێم و بەغدا هیچ کێشەیەکیان نەبێت! ئەمە یەکەم جاره‌ لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە حکوومەتێک پێک دێت کە تەنانەت بە وشه‌یه‌كیش باس لە کوردستان ناکات. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، دابەشبوون و لێکترازانی هێزە سیاسییە کوردییەکان، وای کردووە هێزە شیعەکان ئەو جورئەت و بوێرییەیان هەبێت بەو شێوەیە سیاسەت بکەن.

بۆیە، وای دەبینم بە دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا، بەغدا گوشاری زیاتر لەسەر هەرێم دروست دەکات و هێزە شیعەکان کار دەکەن بۆ زیاتر لاوازکردن و لێدان لە پێگەی فیدراڵیی هەرێم؛ بەتایبەتی كه‌ ئێستا هەرێمی کوردستان تووشی دابەشبوونێکی قووڵی سیاسی بووە و ناکۆکییەكانی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر گەورە بوونەتەوە. دوو ساڵە هەڵبژاردن کراوە، بەڵام هێشتا حکوومەت پێک نەهێنراوە. دەرگه‌ی پەرلەمانیش داخراوە. هەروەها، پارتی و یەکێتی هه‌ردووكیان له‌ سیاسەت و بەرنامەدا سەبارەت به‌ چارەنووسی هەرێم و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان جیاوازییەکی زۆریان هەیە و، لەسەر بەرنامە و ستراتیژییەکی هاوبەش بەرامبەر بەغدا و دەوڵەتانی دەرەوەی هەرێم هاودەنگ نین. ئەمەیش پێگەی هەرێمی لاوازتر کردووە و ڕێگەی بۆ دەستێوەردانی بەغدا و دەوڵەتانی دەرەوەی هەرێم خۆش کردووە.

سێیەم، کەمبوونەوە یان نەمانی یارمەتیی سەربازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە

نەمانی پاڵپشتی و یارمەتیی سەربازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، یەکێکی ترە لەو مەترسییانەی لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا ڕووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە. ڕاستە، بە گوێرەی دەستووری عێراق، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و بەغدا لەسەریەتی یارمەتیی هێزەکانی پێشمەرگە بدات و پڕچەکیان بکات، بەڵام بە درێژاییی ١٨ ساڵ لەدوای پڕۆسەی ڕزگارکردنی عێراق، دەسەڵاتدارانی بەغدا نەک هەر ئەرکە دەستوورییەکانی خۆیان بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە جێبەجێ نەکردووە، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی هێزی پێشمەرگەیان کردووە؛ مووچەیان لێ بڕیوە و بە هیچ شێوەیەک لە ڕووی سەربازییەوە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەیان نەداوە. لە کاتی هاتنی داعش، نەک هەر بەغدا ئامادە نەبوو یارمەتیی پێشمەرگە بدات، بەڵکوو زۆر جار ڕێگرییشی دەکرد لەوەی هاوپەیمانان چەک بدەنە پێشمەرگە.

ئەوەی زیاتر دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی هەرێم و دروستبوونی هەڕەشەکان، بەتایبەتی دوای نەمانی هێزەکانی ئەمریکا، نەبوونی هێزێکی یەکگرتووە لە هەرێم. دیارە بەرپرسانی ئەمریکا و دەوڵەتە ئەورووپییەکان زۆر هەوڵیان داوە بۆ دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوو لە کوردستاندا، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆیییەوە نەتوانراوە ئەم کێشەیە بەتەواوی چارەسەر بکرێت.

 لە ساڵی ٢٠١٧، ئەمریکا، ئەڵمانیا و بریتانیا پلانێکی ٣٥ خاڵییان پێشکەش بە هەرێم کردووە بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بە شێوەیەک کە بتوانێت بەرگری لە ئاسایش و قەوارەی هەرێم بکات. هەروەها، لە ٢ی ئاداری ٢٠٢٣، مه‌تیۆ مه‌کفارلان، سەرۆکی (فه‌رمانده‌ی؟) هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆ بووەوە و داوای کرد هەوڵەکان چڕتر و خێراتر بکرێن بۆ ئەوەی لە کوردستان هێزێکی یەکگرتوو دروست ببێت. هەروەها داوای کرد پەلە بکرێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفۆرم لەناو وەزارەتی پێشمەرگە و، هەوڵ بدرێت هێزێکی یەکگرتوو لە کوردستان دروست بکرێت. بەڵام، تاکوو ئێستا هەوڵەکان ئەنجامێکی باشیان نەبووە.

بۆیە، شتێکی زۆر ئاسایی و چاوەڕوانکراوە کە بە دەرچوونی ئەمریکا، لە چەند ڕوویەکەوە گوشارەکان لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێم زیاتر ببن و هەوڵی لاوازکردنیان بدرێت: یەکەم، ئەگەری زۆر هەیە هەرێمی کوردستان سیستەمی بەرگریی نەمێنێت و ئەمریکا بە ئەگەری زۆر ئەو سیستەمە دەکشێنێتەوە. لەم ڕووەوە، ئەلمۆنیتۆر لە ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٦ ڕای گەیاند، کە ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بە هەڵوەشاندنەوە و کشانەوەی “سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت” کردووە، کە لە بنکەیەی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە هەرێمی کوردستان، جێگیر کراوه‌. کەواتە، کشانەوەی ئەمریکا هەڕەشەی زۆر لەسەر هەرێم دروست دەکات، بەتایبەتی کە عێراق تا ئێستا ئامادە نییە سیستەمێکی بەرگری لە هەرێم جێگیر بکات. دووەم، یارمەتییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە زۆر لاواز دەبن یان کۆتایییان پێ دێت؛ ئەمەیش کاریگەرییه‌كی خراپ لەسەر پێگەی پێشمەرگە دەبێت- بەتایبەتی كه‌ تا ئێستا عێراق ئامادە نەبووە لە ڕووی چەک و تەقەمەنییەوە یارمەتیی هێزی پێشمەرگە بدات. سێیەم، دەکرێت گوشارەکان زیاتر بن بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بخرێتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندییه‌وه‌. هەرچەنده‌ لە ڕووی دەستوورییەوە ئەم هەنگاوە نایاسایییە، بەڵام لە بەغدا ئەوانەی دژایەتیی کورد دەکەن، مەلەفی پێشمەرگەیش ڕادەستی بەغدا دەکه‌ن؛ هاوشێوەی مەلەفی نەوت و بوودجە و مووچە. چوارەم، بە ئەگەری زۆره‌وه‌ بەغدا بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی ئابڵووقەی سەربازی بەسەر هێزی پێشمەرگەدا، بۆ ئەوەی زیاتر لاوازی بکات.

 

چوارەم، مەترسییەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان

بەهێزبوون و سەرهەڵدانەوەی داعش، یەکێکی تر دەبێت لە مەترسی و هەڕەشەکانی دەرەنجامی کشانەوەی ئەمریکا. دیارە ئەگەر بەهۆی گەڕانەوە و پاڵپشتیی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤ نەبووایە، عێراق هەرگیز نەیدەتوانی خۆی لەبەردەم داعشدا ڕابگرێت. بەڵام لەسەر داوای بەرپرسانی عێراق خۆیان، ئەمریکا دووبارە هێزەکانی گەڕاندەوە و، بۆ پاڵپشتیی سوپای عێراق و پێشمەرگە لە جه‌نگی دژی داعش هاوپەیمانێتییەکی گەورەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست کرد.

گومانی تێدا نییە، ئێستایشی لە گەڵدا بێت سوپای عێراق لاوازە و توانایه‌كی زۆر سنوورداری هه‌یه‌ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. بۆیە، بە نەمانی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا لە لایەک و بەهێزبوونی گرووپە میلیشیاکان لە لایەکی ترەوە، دووبارە ڕێگە بۆ بەهێزبوون و سەرهەڵدانەوەی داعش خۆش ده‌بێت، بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان و ناوچە سوننەنشینەکان.

بەتایبەتی، بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، سوپای عێراق لە چەند لایەنەوە زیانی پێ دەگات: یەکەم، پاڵپشتیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەدەست دەدات یان زۆر کەمتر دەبێت. دووەم، گوشارەکانی ئێران و میلیشیا شیعەکان بۆ لاوازترکردنی سوپای عێراق زیاتر دەبێت؛ بەتایبەت كه‌ ئێران و هێزە شیعەکان هەر لە بنەڕەتەوە لەگەڵ بەهێزبوونی سوپای فەرمیی عێراقدا نین و دەیانەوێت سوپایەکی زۆر لاوازی هه‌بێت. سێیەم، گوشارەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان زیاتر دەبن و ئەمەیش زیاتر سوپای عێراق شەپرزە دەکات. چوارەم،  ئەم گریمانەیش هه‌یه‌ کە ئەگەری پێکدادان لەنێوان گرووپە میلیشیاکان- کە سەر بە ئێرانن- و حکوومەتی عێراق لە ئارادا بێت، بەتایبەت ئەگەر زەیدی پێداگری لەسەر نەمانی چەک له‌دەستی گرووپە چەکدارەکان بکات. پێنجەم، ئەمە جگە لەوەی هاتنە سەر دەسەڵاتێکی ئیسلامیی سوننی لە سووریا، دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ پێکدادانی سەربازی لەنێوان عێراق و سووریا، بەتایبەتی لەگەڵ میلیشیا شیعەکان. بۆیە، هەموو ئەمانە تەنیا مەترسی لەسەر عێراق دروست ناکەن، بەڵکوو دەبنە مەترسی لەسەر هەرێمیش، بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان.

پێنجەم، زیادبوونی دەستێوەردانەکانی تورکیا و ئێران لە کوردستان

لەسەر ئاستی ناوچەیی، ململانێکان لەسەر عێراق و هەرێم توندتر دەبن؛ بەتایبەتی لەنێوان تورکیا و ئێراندا، بۆ ئەوەی پێگە و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن. گومانی تێدا نییە دەستێوەردانەکانی ئەم دوو وڵاتە لەپاش نەمانی ئەمریکا، لە کوردستانیش زیاتر دەبن. لێرەدا خاڵی مەترسیدار سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەم دوو وڵاتە ئەوەیە کە، سەرەڕای ناکۆکییەکانیان، لەسەر لاوازکردنی پێگەی کورد و هەرێم هاوڕا و هاودەنگن.

ئێستا تورکیا هێزە سەربازییەکانی بە قووڵاییی زیاتر لە ١٥ کیلۆمەتر هێناوەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و ژمارەی بنکە و سەربازگەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سەرووی ١٠٠ بنکەی سەربازی. بۆیە تورکیا بە کشانەوەی ئەمریکا، دەستبەرداری پێگە و بەرژەوەندییەکانی نابێت، بەڵکوو لە لایەکەوە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و سەربازیی خۆی لە هەرێمی کوردستان و لە تەواوی عێراقدا ده‌دات؛ لە لایەکی تریشەوە، دەکرێت زیاتر لەگەڵ عێراق هەماهەنگی بکات بۆ ئەوەی هەرێم گۆشەگیر بکرێت- بەتایبەتی ئەگەر دەسەڵاتێک لە بەغدا دروست ببێت کە بەرژەوەندییەکانی تورکیا بپارێزێت.

سەبارەت بە ئێران، لەدوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی توندی درۆنی و مووشەکیی ئێران و میلیشیاکانی لە عێراق بووتەوە؛ ئەمەیش لە کاتێکدا کە هەر لە سەرەتای جەنگەوە هەرێمی کوردستان بەڕوونی ڕای گەیاند کە بەشێک نییە لەم ململا‌نێیە. بۆیە، بە کشانەوەی ئەمریکا، چاوەڕێ ده‌کرێت گوشارەکان زیاتر ببن.  بەگشتی، ئێران هەوڵ دەدات لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی ئێران بدات و، هه‌روه‌ها له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ ئه‌م گرووپانه‌ لە هەرێم نەمێنن؛ چونکە ئێران وا هەست دەکات کوردەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بۆ دژایەتیکردنی ئێران و ڕووخاندنی سیسته‌می سیاسیی ئەو وڵاتە، بەکار بهێنرێن. هەروەها، ئێران بەردەوام هەرێمی کوردستان بە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا دەزانێت لە عێراقدا و، وەک هێزێک سەیری دەکات کە زیان بە پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئێران دەگەیەنێت. بەتایبەتی، ئه‌و وڵاته‌ وای دەبینێت کە هەرێمی کوردستان تەنیا ناوچەیەکە لە عێراقدا کە لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئێراندا نییە.

بۆیە، ئامرازەکانی ئێران بۆ لێدان لە پێگەی هەرێم بریتین لە: یەکەم، هێرشی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە بۆ دژایەتیکردنی هەرێم. دووەم، هاندانی هێزە بەوەکالەتەکانی لە عێراق، كه‌ هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر لەسەر هەرێم دروست بکات و تەنانەت زیاتر هەوڵ بۆ ناسەقامگیرکردنی بدات. سێیەم، ئەو ئەگەرەیش بەهێزە کە ئێران هەوڵ بدات ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات ئەنجام بدات. چوارەم، گوشاری زیاتر بخاتە سەر حکوومەتی عێراق، کە لەلایەن شیعەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێت، بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی توندتر بەرامبەر هەرێمی کوردستان.

بەگشتی، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا ڕووبەڕووی هەرێم و کورد دەبنەوە، زۆر گرنگە هەرێم ئەم هەنگاوانە بهاوێژێت: یەکەم، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەدامەزراوەییکردنیان. دووەم، بەهێزکردنی پڕۆسەی دیموکراسی لە کوردستان، واته‌ کۆتاییهینان بە قەیرانی پێکنەهێنانی حکوومەت. هەروەها کار بکرێت بۆ ئەوەی هەرێم یەک زۆن و یەک قەوارەی هەبێت. کورد لەسەر پرسه‌ نیشتمانییەکان، دەبێت یەکگرتوو و یەکهەڵوێست بێت. سێیەم، دەبێت کورد زۆر گرنگی بە هەبوونی پێگەیەکی بەهێز بدات لە بەغدا. لەم قۆناغەدا دەبێت ئەولەوییەتی کورد ئەوە بێت کە لە بەغدا بەهێز بێت و لە بەغداوە کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێم بکرێت. چوارەم، کورد لەسەر ئاستی دەرەکی، دەبێت پەرە بە چالاکیی سیاسی و دیپلۆماسی بدات، بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئەمریکا و ئەورووپا. زۆر گرنگە بەرپرسانی کورد چالاک بن؛ بەتایبەتی لە واشنتۆن، بەردەوام بن لە لۆبیکردن و، هەوڵ بدەن بەرژەوەندییەکانی کورد لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەورووپا هاوئاراستە بکەن.

سوود لەم سەچاوانە وەرگیراوە:

Al Arabiya. “Weapons Monopoly Talks Continue in Iraq as September 30 Deadline Approaches.” Al Arabiya, August 15, 2026. https://www.alarabiya.net/arab-and-world/iraq

Al-Iraq News. “Qaani in Baghdad Draws the ‘Lines of Confrontation’: Tehran Pressures to Prevent the Disarmament of Armed Factions” Al-Iraq News, August 12, 2026. https://aliraqnews.com

Biden, Joseph R., and Mohammed Shia’a Al-Sudani. “Joint Statement by President Biden and Prime Minister Muhammad Shia’ al-Sudani of Iraq.

Cloud, David S., and Michael Amon. “Iraqi Prime Minister Supports Indefinite U.S. Troop Presence.” The Wall Street Journal.

CNN. “Iraq Announces Full Withdrawal of US Forces from Its Federal Territory.” CNN, January 18, 2026. CNN — Iraq Announces Full Withdrawal of US Forces

Foltyn, Simona. “BBC World Service, Reporting from Iraqi Kurdistan.” BBC News, 30 April 2025. BBC News — Simona Foltyn, Iraqi Kurdistan

Rudaw English. “Kurdistan Attacked with Nearly 1,000 Missiles, Drones During Iran War: Rudaw Data.” Rudaw, August 2, 2026. https://beta.rudaw.net/english/categories/kurdistan/107863

Shafaq News. “Al-Zaidi: The International Coalition’s Mission in Iraq Has Ended, and the Final Deadline Is Approaching.” Shafaq News, August 2026.

The White House. “President Donald J. Trump Welcomes Iraqi Prime Minister Ali al-Zaidi to the White House.” Video. July 14, 2026

U.S. Department of Defense. “U.S./Iraq Higher Military Commission Principals Meeting Statement.” U.S. Department of Defense, April 9, 2024. https://www.war.gov/News/Releases/Release/Article/3735450/usiraq-higher-military-commission-principals-meeting-statement

  U.S. Department of Defense. “U.S.-Iraq Joint Security Cooperation Dialogue Joint Statement.” U.S. Department of Defense, August 8, 2023.. U.S. Department of Defense — Joint Security Cooperation Dialogue

  U.S. Department of State. “Joint Statement Announcing the Timeline for the End of the Military Mission of the Global Coalition to Defeat ISIS in Iraq.” U.S. Department of State, September 27, 2024. U.S. Department of State — Joint Statement

U.S. Department of State. “U.S.-Iraq Strategic Dialogue.” U.S. Department of State, 2021. U.S. https://2021-2025.state.gov/u-s-iraq-strategic-dialogue

zaman, Amberin. “US Nears Full Withdrawal from Iraq as Bases in Kurdistan Region Face Attacks from Iran, Proxies.” Al-Monitor, July 2026. Al-Monitor article

نەوزاد هێتوتی، جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران: هەرێمی کوردستان وەک بەرەیەکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە https://penus.krd/?p=4867




داهاتووی پەیوەندییە دارایییەکانی هەولێر و بەغدا لە سایەی ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان: خوێندنەوەیەک بۆ قەیرانی بوودجە و نەوتی هەرێمی کوردستان و ئاسۆکانی ساڵی 2027

 

نووسینی: دكتۆر بێستون محه‌مه‌د، دكتۆرا لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی سروشتی

  1. پێشەكی

بێ گومان، کەرتی نەوت و داهاتە هایدرۆکاربۆنییەکان بڕبڕەی پشتی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان پێک دەهێنن؛ بە جۆرێک کە داڕشتن و دابەشکردنی داهاتی نەوت، ڕاستەوخۆ بووە بە هۆكاری دەستنیشانی ئاستی سەقامگیریی ئابووری، کۆمەڵایەتی و، بەگەڕخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.  پشتبەستنی ڕەهای ئابووریی عێراق (کە زۆرتر لە 90٪ی بوودجەکەی پشتی پێ دەبەستێت) و هەرێمی کوردستان بە داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو، کردوویەتی بە ئابوورییەکی “ڕەیعی”ی هەستیار بەرامبەر شۆکە دەرەکییەکان و هەڵبەز و دابەزینی نرخەکان لە بازاڕی جیهانیدا. لەم چوارچێوەیەدا، بوودجەی گشتی تەنیا ئامرازێک نییە بۆ دابەشکردنی سامان، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ململانێی هێز و هاوسەنگییە سیاسییەکانە.

کێشەی بوودجە و نەوت لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، هەرگیز کێشەیەکی تەکنیکی یان ژمێریاریی ڕووت نەبووە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی یاسایی، دەستووری و، سیاسیی هەیە کە بۆ سەردەمی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 و داڕشتنەوەی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە. لێکدانەوە جیاوازەکانی هەردوو لایەن بۆ ماددەکانی 111 و 112ی دەستوور لەبارەی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت و گاز، کەلێنێکی گەورەی لە پەیوەندییە دارایییەکاندا دروست کرد. ئەم ناکۆکییانە لە ساڵی 2014دا گەیشتنە لووتکە، کاتێک بەغدا پشکی بوودجەی هەرێمی بڕی و، هەرێمیش بەرەو ئابووریی سەربەخۆ و هەناردەکردنی ڕاستەوخۆی نەوت هەنگاوی نا؛ ئەمەیش قۆناغێکی دوورودرێژی لە پچڕانی دارایی و قەیرانی مووچە هێنایە ئاراوە.

كێشەی ئەم توێژینەوەیە، سەرچاوەی لە  دوو پرسیاری سەرەكییەوە گرتووە كە ئەوانیش دەڵێن: ئایە تێکەڵبوونی ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییە هەرێمایه‌تییەکان (بەتایبەت قەیرانی کەنداوی فارس و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی دەریایی لە دوورگه‌ی هورمز) لەگەڵ پەککەوتنی بەردەوامی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023وە، چۆن پەیوەندییە دارایییەکانی هەولێر و بەغدای خستووەتە بەردەم قەیرانێکی ئاڵۆزتر؟ هه‌روه‌ها بە لەبەرچاوگرتنی کۆتاییهاتنی ئۆتۆماتیکی یاسای بوودجەی سێ ساڵە، ئاسۆ و سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ ساڵی 2027 چی دەبن؟

سووتانی کارتەکانی گوشاری هەولێر، پشتبەستنی تەواوەتی بە شایستە دارایییەکانی بەغدا و، مەترسیی داخرانی ڕێڕەوە دەریایییەکانی نەوتی باشووری عێراق، وا دەکەن کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی بێپێشینەی ئاسایشی داراییدا بێت کە پێویستی بە داڕشتنەوەی خێرای ستراتیژیی ئابووری هەیە. توێژینەوەکە زانیاری و ئامارە دارایی و نەوتییە فەرمییەکانی سەرچاوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کۆ دەکاتەوە و شیکارییان بۆ دەکات. هەروەها لە ڕێی بەرجەستەکردنی ڕەهەندە جیۆپۆلیتیکییەکان و تیۆرییەکانی وابەستەییی ئابووری، هەڵسەنگاندن بۆ لێکەوتەکانی قەیرانی دوورگه‌ی هورمز و داهاتووی ڕێککەوتنە دارایییەکانی هەولێر- بەغدا دەکات تاوەکوو ڕێگەچارەی واقعی بۆ ساڵی 2027 و ساڵانی دواتر بخاتە ڕوو.

  1. بنەمای مێژوویی و دەستووریی کێشەی بوودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا

1.2. بڕگە دەستوورییەکان (ماددەکانی 111 و 112) و تەنگژەی یاسای نەوت و گاز

کێشەی بوودجە و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بنەمایەکی دەستووری و یاساییی ئاڵۆزی هەیە کە بۆ کەلێنەکانی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق دەگەڕێتەوە. ماددەی 111ی دەستوور جەخت دەکاتەوە کە نەوت و گاز موڵکی تەواوی گەلی عێراقن لە سەرجەم پارێزگا و هەرێمەکاندا. بەڵام ماددەی 112ی دەستوور، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم سامانە ڕێک دەخات، بووەتە خاڵی سەرەکیی ململانێکان. بەپێی ئەم ماددەیە، حکوومەتی فیدراڵی بە هاوکاری لەگەڵ هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان، بەڕێوەبردنی نەوت و گازی کێڵگە دیاریکراوەکان (کێڵگە بەکارهاتووەکان یان کۆنەکان کە پێش 15ی ئابی 2005 ئامادە کرابوون) لەئەستۆ دەگرێت.

هەرێمی کوردستان بۆ شەرعییەتدان بە دەسەڵاتەکانی لە بڕگە گشتییەکانی دەستوور پشتی بە (ماددەکانی 115 و 121) دەبەست، کە گوایە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسا هەرێمییەکان و بەڕێوەبردنی ئەو دۆسییانە نەدراونەتە دەسەڵاتی تایبەتمەندی فیدراڵی، بەڵكوو داویەتییە هەرێمەکان. لەم سۆنگەیەوە، پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2007دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی (ژمارە 22ی ساڵی 2007) پەسەند کرد؛ ئەمەیش لە کاتێکدا بوو کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر لە 23 ساڵە نەیتوانیوە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی پەسەند بكات بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر چوار ڕەشنووس لە ساڵی 2007ەوە تا ساڵی 2026.

2.2. مێژووی پچڕان و بڕینی بوودجە (لە 2014وە بۆ بوودجەی سێ ساڵە)

لە وەڵامی داڕشتنی سیستەمی گرێبەستی بەشداری لە بەرهەمهێنان (PSC) لەلایەن هەرێمەوە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان و، پاشان دەستپێکردنی هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی هێڵی بۆڕیی “جه‌یهان”ی تورکیا لە ساڵی 2012وە، بەغدا ئەم هەنگاوەی بە “نادەستووری” لەقەڵەم دا. لە ساتی تەقینەوەی قەیرانەکە لە سەرەتای ساڵی 2014دا، حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەتەواوەتی بەشە بوودجەی 17%ی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی بڕی.

ئەم بڕیارە هەرێمی ئاڕاستەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی “سەربەخۆییی دارایی” کرد. لەگەڵ ئەوەیشدا، هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت، جه‌نگی داعش و، بارگرانیی ئاوارەکان، ئابووریی هەرێمیان ڕووبەڕووی داڕمان کردەوە و، بووە هۆی دروستبوونی “سیستەمی پاشەکەوتی مووچە”. هەوڵە یاسایییەکانی بەغدا بۆ بەکارهێنانی دادگه‌کان کاتێک گەیشتە لووتکە، کە دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی عێراق لە 15ی شوباتی 2022دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی (ساڵی 2007)ی بە نادەستووری ئەژمار کرد؛ بڕیارێک کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری و حکوومەتی هەرێمەوە ڕەت کرایەوە بە پاساوی ناشەرعیبوونی پێکهاتەی دادگه‌کە.

3.2. لە هەناردەی سەربەخۆوە بۆ ڕاوەستانی ڕەها ( بڕیاری دادگه‌ی ICC)

سەربەخۆییی دارایی و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم گەیشتە کۆتایییەکی دراماتیکی، کاتێک لە 25ی ئازاری 2023دا “دادگه‌ی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس” (ICC) لە کەیسی تۆمارکراوی عێراق دژ بە تورکیا بڕیاری دا. دادگه‌کە ڕای گەیاند کە ئەنقەرە ڕێککەوتنی هێڵی بۆڕیی ساڵی 1973ی پێشێل کردووە بە ڕێگەدان بە هەولێر بۆ هەناردەکردنی نەوت به‌بێ ڕەزامەندیی بەغدا.

بڕیارەکەی پاریس، بووە هۆی ڕاوەستانی دەستبەجێی نزیکەی 450,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم و کەرکووک، کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی یەکێتیی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (APIKUR) زیانی زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری بە داهاتی گشتیی عێراق گەیاند. ئەگەرچی لە 4ی نیسانی 2023 ڕێککەوتنی بەرایی کرا و لە ئەیلوولی 2025 هەوڵ بۆ دەستپێکردنەوە درا، بەڵام کێشەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ئاستەنگەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، ڕێگر بوون لە ئاساییبوونەوەی هەناردەکردن.

4.2. گۆڕانی چەمکی شایستەی دارایی: لە ڕێژەی سەدییەوە بۆ “خەرجیی فێعلی

گەورەترین وەرچەرخانی دارایی بۆ هەرێم لە یاسای بوودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق (2023–2025) ڕووی دا. لەم یاسایەدا، چەمکی خەمڵاندنی شایستەی داراییی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پشکی جێگری ڕێژەی سەدی (کە پێشتر 12.67% بوو) هەڵوەشێنرایەوە و ڕێسای “خەرجیی فێعلی” جێگیر کرا.

بەکارهێنانی سیستەمی “خەرجیی فێعلی”، بووە هۆی کەمکردنەوەی دراماتیکیی شایستە دارایییەکانی هەرێم؛ چونکە ناردنی دارایی بۆ هەرێم، بەستراوەتەوە بە ڕێژەی ئەو پارەیەی کە حکوومەتی فیدراڵی لە سەرانسەری عێراقدا به‌كرده‌یی خەرجی دەکات، نەک ئەوەی لە بوودجەدا پەسەند کراوە. ئەم گۆڕانکارییە، لەپاڵ مەرجەکانی ڕادەستکردنی 50%ی داهاتە نانەوتییەکان و ڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای “سومۆ” یان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، شایستە دارایییەکانی هەرێمی خستە ژێر ڕەحمەتی کورتهێنانی سێکتەرەکانی تر لە بەغدا و، کێشەی نەختینە و دواکەوتنی مووچەی لە هەرێمی کوردستان هێشتەوە و گەشەپێدانی وەبەرهێنانی بەتەواوەتی پەک خست.

  1. جیاوازی و تایبەتمەندییەکانی قەیرانی دارایی لەمساڵدا
    • تێپەڕاندنی یاسای بوودجەی سێ ساڵە و گرفتەكانی

تێپەڕاندنی یاسای بوودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق (2023–2025) لە حوزەیرانی 2023دا، کە تێیدا پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% (بە بڕی زیاتر لە 12 ملیار دۆلاری ساڵانە لە کۆی گشتیی خەرجییەکان کە 198.91 تریلیۆن دینار بوو) دیاری کرا، سەرەتای قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەکان بوو. لە کاتی پەسەندکردنی یاساکەدا، بڕگەی 14 (ماددەی 7) گەورەترین ناڕەزایەتیی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی لێ کەوتەوە، چونکە ڕێگەی بە بەغدا دەدا ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمدا بکات ئەگەر هەولێر بوودجە بەیەکسانی دابەش نەکات؛ ئەمەیش وەک هەوڵێک بۆ ئینتیهازییەت (هه‌لپه‌رستی) و لەقکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێم لێک درایەوە.

جگە لەوەیش، یاساکە مەرجی ناردنی 400,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی خستە سەر هەرێم بۆ کۆمپانیای “سومۆ” یان بەکارهێنانی ناوخۆیی، لەگەڵ ڕادەستکردنی بەشێک لە داهاتە نانەوتییەکان. بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت، بەغدا پەنای بردە بەر کەمکردنەوەی دراماتیکیی نەقدی بۆ هەولێر و، خەرجییە وەبەرهێنان و کارگێڕییەکانی بڕی؛ بە جۆرێک هەرێم تەنیا گوژمەیەکی زۆر کەمی لە شایستە فەرمییەکانی پێ گەیشت.

2.3. ململانێ لەسەر داهاتە نانەوتییەکان (یاسای 50%)

خاڵێکی دیکەی تەقینەوەی قەیرانەکە، بریتی بوو لە جێبەجێکردنی بڕگەی ڕادەستکردنی 50%ی داهاتە نانەوتییە ناوخۆیییەکانی هەرێم (وەک باج و ڕسووماتی گومرگی). بەغدا بڕیاری دادگه‌ و هەڵسەنگاندنە ناوەندییەکانی بەکارهێنا تا هەموو داهاتە سنوورییەکان بە “سامانی سەروەری” بۆ دەستەی ناوەندی هەژمار بکات، لە کاتێکدا هەولێر پێی وا بوو هەندێک لە ڕسووماتە ئیدارییەکان لەژێر دەسەڵاتی تایبەتمەندی هەرێمدان. ئەم جیاوازییە لە لێکدانەوە و وردبینییە دارایییەکاندا، کە جاری وا هەبووە بڕی جیاواز لەنێوان 120 ملیار دینار تا زۆرتر دەستنیشان دەکرا، بووە پاساو بۆ بەغدا تا چەندان جار ناردنی مووچەی فەرمانبەران بوەستێنێت یان مەڕجداری بکات- ئەمەیش گوشاری ئابووریی سەر سەرکردایەتیی هەرێمی گەیاندە لووتکە.

  • بەبانکیکردنی مووچە (تەوتین) و ڕۆڵی دادگه‌ی فیدراڵی

بڕیارەکانی دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی عێراق (بەتایبەت بڕیاری ژمارە 224/فیدراڵی لە 2023) تایبەتمەندییەکی تری بە قەیرانی ئەم ساڵە بەخشی. دادگه‌کە سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی ڕاسپارد کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم بەتەواوەتی لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە “تەوتین” بكرێت. ئەگەرچی لە تەممووزی 2024دا دادگه‌ ڕوونی کردەوە کە پڕۆژەی “هەژماری من”ی هەرێمیش، دەکرێت لە ڕێگەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی كه‌ لەلایەن “البنک المرکزی العراقی” پەسەند كراون، ڕێگەیان پێ بدرێت؛ بەڵام ئەم بڕیارانە  سەربەخۆییی داراییی هەولێریان لە بردنەڕێوەی سیستەمی مووچە کۆتایی پێ هێنا.

ئەم ڕێکارە ناچارییە لە لایەکەوە مووچەی لە ناکۆکییە سیاسییەکان (بڕیارەکانی 2025/2026) تا ڕاددەیەک جیا کردەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە نەرمیی داراییی حکوومەتی هەرێمی بێبه‌ها كرد، چونکە بەکارهێنانی نەقدیی مووچە بۆ بەڕێوەبردنی خەرجییە فریاگوزارییەکان بەتەواوەتی وەستا.

4.3. پەککەوتنی کۆمپانیا نەوتییەکان و دۆسیەی تێچووی دەرهێنان

گەورەترین ڕێگر لەبەردەم ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ناڕوونیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (IOCs) بوو لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوە (Production and Transportation Costs).  بەغدا مۆدێلی گرێبەستی خزمەتگوزاری بەکار دەهێنێت کە تێچووەکەی زۆر کەم دەخەمڵێنێت؛ سەرەتا بە ڕێژەی نزیکەی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کرابوو و دواتر لە هەموارەکاندا بۆ دەوروبەری 16 دۆلار بەرز کرایەوە.

لە لایەکی ترەوە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە هەرێم بەپێی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان   (PSC)  ئیش دەکەن کە تێچووی کارکردن و وەبەرهێنانی تێدا زۆر بەرزترە. ڕەتکردنەوەی شایستە دارایییەکانی ڕابردوو و ناڕوونی لە میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان لەلایەن بەغداوە، هەناردەکردنی سەربەخۆی پەک خست و زیانێکی داراییی گەورەی بە تەواوی ئابووریی عێراق و هەرێم گەیاند.

  1. سەرهەڵدانی ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان: دوورگه‌ی هورمز و قەیرانی کەنداوی فارس

پشتبەستنی ڕەهای ئابووریی عێراق بە داهاتی نەوت، وڵاتەکەی خستووەتە دۆخێکی زۆر سست و، بەدەر نەبووە له‌ شۆکە جیۆپۆلیتیکییەکان. لەم پێکهاتە ئابوورییەدا، دوورگه‌ی هورمز نەخشی شادەماری سەرەکی بۆ مانەوەی ئابووریی عێراق دەگێڕێت. زیاتر لە 85% تا 90%ی کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە (بەتایبەت بەندەرەکانی بەسڕە و خۆر ئەلعومەر) و بەناو دوورگه‌ی هورمزدا تێپەڕ دەبێت. لەو جێگەیەی داهاتی نەوت زیاتر لە 90%ی داهاتی گشتیی بوودجەی فیدراڵ و نزیکەی 95%ی داهاتی دراوی بیانی پێک دەهێنێت، هەر جۆرە تێکچوونێکی ئەمنی یان ئاستەنگێک لە بزووتنەوەی کەشتیوانی لە کەنداوی فارسدا، هۆکاری ڕاستەوخۆیە بۆ ئیفلیجکردنی تەواوەتیی داراییی دەوڵەتی عێراق.

سنوورداربوونی ڕێگە جێگرەوەکانی هەناردەکردن، مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان بۆ سەر عێراق دووقات دەکاتەوە. بەپێچەوانەی هەندێک لە وڵاتانی دراوسێی کەنداوی فارس کە لانی کەم خاوەنی هێڵی بۆڕیی جێگرەوەن بۆ گەیاندنی نەوت بە دەریای سوور یان دەریای عوممان، عێراق خاوەنی هیچ ڕێگەیەکی کاریگەر و ئامادەکراوی جێگرەوە نییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی باشوور. لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانێکی ئەمنیی فراوان لە دوورگه‌ی هورمز یان ڕوودانی پێكدادانی سەربازی، لەدەستدانی توانای هەناردەکردنی ڕۆژانەی زیاتر لە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی باشوور، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەبێتە هۆی داڕمانی تەمویلی بوودجە، دروستبوونی کورتهێنانی دارایی و، وەستانی توانای حکوومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە بنەڕەتییەکان.

کاریگەرییەکانی قەیرانی کەنداوی فارس تەنیا لە بەغدا و پارێزگاکانی باشوور کۆتایی نایە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و وێرانکەر پەڕینەوە و، كاریگەری لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن. له پێکهاتەی پەیوەندییە دارایییەکانی نێوان بەغدا و هەولێردا، کاتێک حکوومەتی فیدراڵ تووشی قەیرانی حەددی نەقدینەیی (سنووری نه‌ختینه‌یی؟ سه‌قفی نه‌ختینه‌یی؟) دەبێتەوە، بەهۆی ناهاوسەنگیی سیاسی و گوشارە ناوخۆیییەکانەوە، یەکەم خەرجی کە ڕووبەڕووی بڕین یان دواخستن دەبێتەوە، شایستە دارایییەکان و پشکی هەرێمی کوردستانە لە بوودجەدا. بەم شێوەیە، هەر ڕاوەستانێکی هەناردە لە دوورگه‌ی هورمز، دەستبەجێ دەبێتە هۆی پەککەوتنی ناردنی “سیولەی دارایی” بۆ هەرێم و قووڵکردنەوەی قەیرانی داراییی ناوخۆییی کوردستان.

ئەم دۆخە مەترسیدارە بەهۆی داخرانی بەردەوامی هێڵی بۆڕیی “جیهان–تورکیا” ئاڵۆزتر بووە. لە ئاداری 2023وە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی باکوور (بە بڕی نزیکەی 450,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا) لە ڕێگەی بەندەری جه‌یهانی تورکیاوە ڕاوەستاوە. ئەم ڕاوەستانە درێژخایەنە، زیانی ئابووریی ڕاستەوخۆی بە ملیاران دۆلار لە دەستکەوتی گشتیی عێراق و هەرێم داوە. له کاتێکدا هێڵی بۆڕیی باکوور، دەکرا وەک دەرچەیەکی بەشەکیی ڕزگاربوون یان ڕێگەیەکی جێگرەوە لە کاتی قەیرانی دوورگه‌ی هورمزدا بەکار بهێنرێت، پەککەوتنی بەردەوامی ئەم هێڵە عێراق و هەرێمی کوردستانی تووشی دەستەپاچەیییەکی جیۆئابووریی تەواوەتی کردووە. لە ئەنجامدا، گەر قەیرانێک لە کەنداو ڕوو بدات، عێراق هیچ دەروازەیەکی دیکەی چالاکی بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بۆ نامێنێتەوە؛ کە ئەمەیش بنەمای داراییی تەواوی وڵاتەکە ڕووبەڕووی داڕمانی دارایی و ناسەقامگیریی سیاسی دەکاتەوە.

  1. خوێندنەوەی پێشبینیکراو بۆ ساڵی 2027

1.5. کۆتاییهاتنی چوارچێوەی بوودجەی سێ ساڵە و ئامادەکاری بۆ بوودجەی 2027

بە بەسەرچوونی چوارچێوەی یاسای بوودجەی سێ ساڵە (2023–2025) و ئاستەنگەکانی بەردەم پەسەندکردنی بوودجەی 2026 بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دابەزینی داهات، عێراق ڕووبەڕووی بۆشایییەکی بێپێشینەی هەیكەلی دارایی بووەتەوە. بەکارهێنانی میکانیزمی یاساییی “1/12” تەنیا وەک ئامرازێکی کاتی بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە بەگەڕخستنە بنەڕەتییەکان ماوەتەوە، بێ ئەوەی توانای دروستکردنی گەشەی ئابووریی هەبێت. لەم سۆنگەیەوە، وەزارەتی دارایی و لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ داڕشتنی یاسایەکی نوێی بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027. جیاوازیی ئەم یاسایە لەوەدایە کە هەوڵ دەدرێت لە مۆدێلی نەریتیی “بڕگەیی” (Line-item) بگوێزرێتەوە بۆ “بوودجەی بەرنامە و ئەنجامدان” (Program and Performance Budgeting – PBB) بە هاوکاریی بانک جیهانی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی کوورتهێنانی دارایی و بەرزکردنەوەی داهاتە نەوتییەکان.

2.5. گۆڕانکاری لە بازاڕی جیهانیی وزە و گواستنەوەی سەوز

پێشبینییەکانی نرخی نەوتی خاو (Brent) بۆ کۆتاییی ساڵی 2026 و ساڵی 2027 لەنێوان 78$ بۆ 85$ بۆ هەر بەرمیلێک دەسووڕێنەوە. هەڵکشانی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و مەترسییەکانی سەر ڕێڕەوە دەریاوانییە گرنگەکان (وەک گەرووی هورمز) وەک فاکتەری پاڵپشت بۆ نرخی نەوت دەمێننەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە، خێرابوونی پرۆسەی گواستنەوەی سەوز (Green Transition) و پەرەسەندنی وزەی نوێبووەوە ئاستێکی دیاریکراو بۆ نرخەکان دادەنێن. بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە 98%ی بەرهەمهێنانی کارەبایان پشت بە سووتەمەنیی هایدرۆكاربۆنی دەبەستێت، گوشاری نێودەوڵەتی و پێویستیی ناوخۆیی بۆ کەمکردنەوەی سووتاندنی گازی هاوەڵ (Gas Flaring) و بەگەڕخستنی پڕۆژەکانی گازی سروشتی، وەک پەرەپێدانی کێڵگەی كۆرمۆر KM250، دەبنە مەرجی بنەڕەتی بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی وزە.

3.5. سیناریۆکانی ساڵی 2027 بۆ پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان

  1. سیناریۆی گەشبینانە: هەناردەکردنەوەی نەوت و ڕێککەوتنی گشتگیر؛ لە باری ڕوودانی ئەم سیناریۆیەدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕیی جەیھان بەتەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە (بە ئامانجی 400,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا). هاوکات بەغدا و هەولێر ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەکەن و کێشەی گرێبەستەکانی کۆمپانیا بیانییەکان (IOCs) چارەسەر دەبێت. لە ئەنجامدا، هەرێمی کوردستان پشکی تەواوی خۆی (کە داوای 14.1% دەکات بەپێی سەرژمێری) لە بوودجەی 2027دا دەستەبەر دەکات.
  2. سیناریۆی واقعی/ نێوەندگیر: بەردەوامیی شایستەی مانگانەی سنووردار؛ ئەم سیناریۆیە بنەمای بەردەوامیی دۆخی ئێستایە؛ هەناردەی سەربەخۆ یان ڕاستەوخۆ ڕادەوەستێت و ژێرخانی وزەی هەرێم تەنیا بۆ پێداویستیی ناوخۆیی و ڕێککەوتنی دیاریکراو لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ بەکار دێت. بەغدا مانگانە شایستەی داراییی سنووردار (تەنیا بۆ مووچە) دەنێرێت لەبەرامبەر دەستبەسەرداگرتن یان ڕەوانەکردنی داهاتە نانەوتییەکان (باج و خاڵە سنوورییەکان) و تەواوکردنی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران (تەوتین).
  3. سیناریۆی داڕمان/ ڕاوەستانی تەواوەتیی شایستەکان: لە باری قووڵبوونەوەی ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان، تێکچوونی ئاسایشی ژێرخانی وزە، یان دابەزینی زۆری نرخی نەوتی جیهانی، داڕمانی داهاتی فیدراڵی ڕوو دەدات. لەم دۆخەدا، بەغدا تەمویلی مانگانە و شایستە دارایییەکانی هەرێم بەتەواوەتی دەبەستێتەوە یان دەیوەستێنێت؛ کە ئەمەیش دەبێتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتیی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، گرانیی سووتەمەنی و، قەیرانێکی قووڵی دارایی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.
  4. ڕێگەچارەکان و پێشنیارە ستراتیژییەکان بۆ هەرێمی کوردستان

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی هەیکەلیی دارایی و دەربازبوون لە دۆخی سەختی ئابووری، پێویستە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر و کرداری بگرێتە بەر کە سێ ئاستی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:

1.6.  لەسەر ئاستی ناوخۆیی (چاکسازیی ڕیشەیی و هەیکەلی)

  • هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات:  پێویستە ڕێژەی پشتبەستنی ئابووریی هەرێم بە داهاتی نەوت (کە ئێستا زیاتر لە 80%ی داهاتی گشتی پێک دەهێنێت) کەم بکرێتەوە. ئەمەیش لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی وەبەرهێنانی گشتی و تایبەت بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک، پیشەسازی و بەرهەمهێنان بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردن و، گەشتوگوزار بۆ ڕاکێشانی دراوی بیانی دەبێت.
  • شەفافییەت لە داهاتی نانەوتی: ڕێکخستنەوەی بنکەی باج و بەئەلیکترۆنیکردنی تەواوەتیی سیسته‌مەکانی گومرک لە دەروازە سنوورییەکاندا مەرجێکی بنەڕەتییە. ئەم هەنگاوە ڕێگە لە خۆدزینەوەی دارایی دەگرێت و داهاتی نانەوتی دەباتە ئاستێکی سەقامگیر کە بتوانێت بەشێکی بەرچاو لە خەرجییە بنەڕەتییەکان داپۆشێت.
  • کەمکردنەوەی خەرجیی گشتی و بەفیڕۆدان:  پێداچوونەوەی ورد بە میلاکی وەزیفیی کەرتی گشتی (لە ڕێگەی سیسته‌می بایۆمەتری) و بنبڕکردنی دیاردەی مەعاشی دووبارە و مووچەی ناڕەوا. هاوکات چاکسازیکردن لە سیسته‌می دابینکردنی سووتەمەنی و کارەبا، تاوەکوو بارگرانیی پشتیوانیی حکوومی لەسەر گەنجینەی گشتی کەم ببێتەوە.

2.6.  لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا

  • گوشار بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی:  پێویستە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانییە سیاسییەکانی لە بەغدا بورووژێنێت بۆ یەکلاییکردنەوەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بەپێی ماددەکانی 111 و 112ی دەستوور. ئەم یاسایە بنەمایەکی دەستووریی ڕوون بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەکان، دیاریکردنی شێوازی گرێبەستەکان و، دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکان دادەنێت.
  • زیادکردنی پاڵاوتنی ناوخۆیی: لەجیاتی ڕاوەستانی بەرهەمهێنان، دەکرێت نەوتی خاوی هەرێم ئاڕاستەی پاڵاوگە ناوخۆیییەکان (کەرتی گشتی و تایبەت) بكرێت. ئەم ستراتیژە دەبێتە هۆی دابینکردنی تەواوەتیی پێداویستیی ناوخۆیی بۆ بەنزین و سووتەمەنی، کەمکردنەوەی هاوردەکردن لە دەرەوە و، ڕەوانەکردنی بەرهەمە پاڵێوراوە زیادەکان بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق یان وڵاتانی دراوسێ.

3.6. لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیکی و ناوچەیی

  • دۆزینەوە و کاراکردنەوەی ڕێڕەوی جێگره‌وه‌ (بەدیل):  لە سایەی ناسەقامگیریی دوورگه‌ی هورمز و ئاڵۆزییە دەریاوانییەکان، هێڵی بۆڕیی نەوتی جەیهانی “کوردستان – تورکیا” دەبێتە ڕێڕەوێکی ستراتیژیی ئامادەکراو. هەرێم دەتوانێت لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە کار بکات بۆ بەکارهێنانی ئەم هێڵە نەک تەنیا بۆ نەوتی هەرێم، بەڵکوو وەک ڕێڕەوێکی جێگره‌وه‌ بۆ هەناردەکردنی بەشێک لە نەوتی کەرکووک و باکووری عێراق.
  • پەرەپێدانی کەرتەکانی وزەی نوێبووەوە: سوودوەرگرتن لە وەرزی درێژی تیشکی خۆر لە هەرێم بۆ دروستکردنی وێستگەکانی وزەی خۆر(Solar Power Plants) ؛ ئەم هەنگاوە گوشار لەسەر بەکارهێنانی گازی سروشتی و سووتەمەنیی گرانبەها (وەک دیزل و نەوتی ڕەش) لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم دەکاتەوە و، هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی ئاستی سووتاندنی گاز (Gas Flaring)  لە کێڵگەکاندا.
  1. دەرەنجام

پوختەی ئەم شیکارییە جەخت لەسەر ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەکاتەوە: گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ئابوورییەکی سێکتەریی بەستراوە بە نەوتەوە بۆ ئابوورییەکی هەمەجۆر و فرەسەرچاوە، ئیدی بژاردەیەکی ئارەزوومەندانه یان لۆژیكێکی سیاسی نییە، بەڵکوو زەروورەتێکی حاشاهه‌ڵنه‌گر و چاره‌نووسسازی ئاسایشی نەتەوەیی و نەوەکانی داهاتووە. بەسەرچوونی یاسای بوودجەی سێ ساڵە و گۆڕانکارییە خێراکانی بازاڕی وزەی جیهانی، دەریان خست کە پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەیەک، داراییی هەرێم دەخاتە بەر مەترسیی هەمیشەیی.

ساڵی 2027 دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەخت و وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی ناوچەکە. تەنیا لە ڕێگەی دەستپێکردنی چاکسازیی پێشوەختە و قووڵ لە سیسته‌می باج، شەفافییەتی داهاتە نانەوتییەکان، پێداچوونەوە بە خەرجییە گشتییەکان و، دروستکردنی مۆدێلێکی سەردەمییانەی هاوکاری لەگەڵ بەغدا، هەولێر دەتوانێت خۆی لە ڕەشەبای قەیرانە دارایی و جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە بپارێزێت و بنەمای ئابوورییەکی سەربەخۆ و سەقامگیر بۆ داهاتوو دابڕێژێت.

سەرچاوەكان:

  1. Channel 8. (2026). News report. https://channel8.com/english/news/42687
  2. Constitute Project. (2005). Dustūr Jumhūriyyat al-‘Irāq [Constitution of the Republic of Iraq of 2005]. https://www.constituteproject.org/constitution/Iraq_2005?lang=ar
  3. Al-Bayan Center for Planning and Studies. (2025). Iraq 2025: Strategic perspectives and policy analyses. https://www.bayancenter.org/en/wp-content/uploads/2025/06/iraq-2025.pdf
  4. Energy Information Administration. (2025). Country analysis brief: Iraq. U.S. Department of Energy. https://www.eia.gov
  5. World Bank. (2025). Iraq economic monitor: Navigating structural and geopolitical risks. World Bank Group. https://www.worldbank.org
  6. Oxford Institute for Energy Studies. (2024). The northern option: Kurdistani crude and the strategic impasse of the Ceyhan pipeline. OIES Paper Series.
  7. Kurdistan 24. (2023, June 13). Kurdistan Region welcomes passage of Iraq’s three-year budget bill, says president. https://www.kurdistan24.net/en/story/391659
  8. Van Wilgenburg, W. (2024, April 23). KRG encourages Baghdad to facilitate resumption of oil exports. Kurdistan Chronicle. https://kurdistanchronicle.com/babat/3040
  9. The New Region. (2025, September 11). Iraqi cabinet refers Kurdistan domestic revenue issue to State Council. https://thenewregion.com/posts/3022
  10. Department of Media and Information. (2026, January). Three years of shortfalls: The Kurdistan Region received only 41% of its federal entitlements. Kurdistan Regional Government. https://gov.krd/dmi-en/activities/news-and-press-releases/2026/january/three-years-of-shortfalls-the-kurdistan-region-received-only-41-of-its-federal-entitlements/
  11. Shafaq News. (2026, January 10). Oil fuels 90% of Iraq’s $70B+ revenue in 2025. https://shafaq.com/en/Economy/Oil-fuels-90-of-Iraq-s-70B-revenue-in-2025
  12. Shafaq News. (2026, February 4). Iraq’s private banks: Capital growth and the structural credit gap. https://shafaq.com/en/Report/Iraq-s-private-banks-Capital-Growth-and-the-structural-credit-gap
  13. Naji, A. (2026, February 4). The oil dispute between Baghdad and Erbil: A constitutional and economic analysis. Al-Bayan Center for Planning and Studies. https://www.bayancenter.org/en/2026/02/12725 /
  14. Shafaq News. (2026, February 6). Iraq’s budget paralysis: How the 1/12 rule reduced state finances to salary payments. https://shafaq.com/en/Report/Iraq-s-budget-paralysis-How-the-1-12-rule-reduced-state-finances-to-salary-payments
  15. Salar, S. (2026, May 20). Iraq’s Oil and Gas Law: 19 Years of Disputes Between Erbil and Baghdad. Channel8. https://channel8.com/english/news/58365
  16. Shafaq News. (2026, June 25). Delayed 2026 budget pushes Iraq toward 2027 plan. https://shafaq.com/en/Iraq/Delayed-2026-budget-pushes-Iraq-toward-2027-plan
  17. P. Morgan. (2026, July 16). Oil prices forecast: What’s next for oil in 2026 and beyond? J.P. Morgan Global Research. https://www.jpmorgan.com/insights/global-research/commodities/oil-prices




ڤه‌نزوێلا نەخشەڕێگەی داواکارییەکانی واشنتۆنە لە ئێران

ماڵپەڕ: زە هیڵ  (The Hill)

نووسەر: شاربێل ئەی. ئەنتوون (Charbel A. Antoun)

ڕاگەیەنراوەکەی هەفتەی ڕابردووی واشنتۆن کە تێیدا بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی %55ی پڕۆژەیەکی نوێ دەکات بە قەبارەی پتر لە 65 ملیار بەرمیل لە نەوتی خاوی ڤه‌نزوێلا، لە چوارچێوەی ئیمتیازاتی کێڵگەییدا کە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەڵێن دەکرێت سەدەیەک بخایەنێت و بەشێکە لە ڕێککەوتننامەیەکی بەرفراوانتری کەرتی وزە کە لە ڕوانینی یەکەمدا وەکوو ڕووداوێکی ناوچەیی دەهاتە پێش چاو؛ مامەڵەیەکی سەرچاوە سروشتییەکان لە قۆناغی دوای مادۆرۆ (Maduro) لە حەوشەی پشتەوەی ئەمریکادا.

بەڵام ڤه‌نزوێلا ناونیشانە سەرەکییەکە نییە، بەڵکوو نەخشەی بنەڕەتییە (template). سەرباری ئەمەیش، بێدەنگانە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە چەندان مانگە بەسەر سیاسەتی پەیوەست بە ئێرانەوە هەڵواسراوە: ئەم ئیدارەیە لە بنەڕەتدا چ دەستکەوتێک بە سەرکەوتن دادەنێت؟

وەڵامەکە لە سەرنجێکی سادەوە سەرچاوە دەگرێت: واشنتۆن دوو هەڵمەت دژی دوو نەیاری بەرهەمهێنەری نەوت بەڕێوە دەبات، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتر لە دوو وەشانی هەمان ستراتیژی دەچن. لە ڤه‌نزوێلا، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێزی بەکار هێنا؛ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی، سەرۆکێکی دەستگیرکراو و، حکوومەتێکی کاتی کە ئامادە بوو لە ماوەی حەوت مانگدا بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک، دەستبەرداری مافی دەستڕاگەیشتن بە کێڵگە نەوتییەکان بۆ ماوەی سەدەیەک ببێت. لە ئێراندا، لەنێوبردنی لەو جۆرەی سەرکردایەتی، هەرگیز شیاوی جێبەجێکردن نەبوو. پاش شەش مانگ لە پێکدادانی ئاشکرا، تاران بەرگەی گوشارەکەی گرتووە و نەڕووخاوە.

لەبـــــــــەر ئــــــــــەوە، واشـــــــــنتۆن ڕووی کردە ئەو ئامرازەی لەدەستـــــــیدا مابـــــــووەوە: خنـــــــــــــــــکاندنی ئابــــــــــــــووری (economic strangulation).  ئۆپەراسیۆنی تەریکخستنی ئابووری (Operation Economic Outcast) کە وەزیری گەنجینە سکۆت بێسێنت (Scott Bessent) سەرپەرشتیی دەکات، لە ئاواز و ئامانجدا ڕەنگدانەوەی هەمان پلانی ڤه‌نزوێلایە؛ بەڵێنی پچڕاندنی “هەموو شاڕەگێکی ئابووری” دەدات کە تاران بەپێوە دەهێڵێتەوە، هاوکات چین وەکوو گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران، ڕێک کەوتووەتە نێو نیشانەگرەکەیەوە.

ئەم وردەکارییە، جومگەی سەرەکیی بەستنەوەی ڕاستەقینەی نێوانیانە. هەردوو ئۆپەراسیۆنەکە لە ئامانجێکی دووەمدا هاوبەشن، کە پەیوەندیی بە ئایدیۆلۆژیاوە نییە و سەرلەبەری پەیوەستە بە دەسەڵاتی بازاڕەوە:  واتە بێبەشکردنی چین لە نەوتی خاوی داشکێنراو کە بە نەوتی پەراوێزی سزاکان (sanctions-adjacent crude) دەناسرێت، کە مەبەست لێی ئەو نەوتەیه‌ كه‌ لە پەراوێز و ژێر هەڕەشەی سزاکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت. پڕۆژە هاوبەشەکەی ڤه‌نزوێلا جێگە بە چین، وەکوو گەورەترین کڕیاری کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی ئەو وڵاتە، لێژ دەکات. هەڵمەتی سزاکانی سەر ئێرانیش پێگەی پەکین (Beijing) وەکوو گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی تاران دەکاتە ئامانج.

ئەم پرسە، پتر لە هەر تیۆرییەکی بەرفراوانی دۆکترینی ترەمپ (Trump doctrine)، هەڵسوکەوتەکانی ئێستای ئەو ڕوون دەکاتەوە. دەکرێت ئەم تێزەیش تاقی بکرێتەوە: سەرنج بدەن ئاخۆ واشنتۆن وادەی سزا ناڕاستەوخۆکان (secondary sanctions)  بۆ کڕیاران و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریاییی چین به‌كرده‌یی جێبەجێ دەکات، یان کاتێک پەکین ئاماژە بە وەڵامدانەوەی ڕاستەقینە دەدات، بێدەنگانە هەڵوێستەکەی نەرم دەکات.

پرسیارە ئاشکراکەرترەکە ئەوەیە کە ئەزموونی ڤه‌نزوێلا چیمان پێ دەڵێت سەبارەت بەو مەرجانەی واشنتۆن بەدوایاندا دەگەڕێت ئەگەر دواجار ئێران ناچار بکرێت بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان. بە شێوەیەکی ئاسایی، سزاکان وەکوو کارتێکی گوشار بۆ گەیشتن بە دەرەنجامی سنووردار دەخرێنە ڕوو: کۆتاییهێنان بە جەنگ، پاشەکشەپێکردن بە بەرنامە ئەتۆمییەکە. بەڵام نموونەی ڤه‌نزوێلا دەری دەخات، کاتێک ئەم ئیدارەیە دەستی بە کارتی گوشاری ڕاستەقینە دەگات بەسەر دەوڵەتێکی بەرهەمهێنەری نەوتدا، لە سازشی سیاسیدا ناوەستێت، بەڵکوو کارتی گوشارەکە دەگۆڕێت بۆ خاوەندارێتی.

ئەگەر ئێران لەژێر باری پەککەوتنی ئابووریدا بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکان، ئەو مۆدێلەی لەسەر مێزی واشنتۆن دەبێت، چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی 2015 نییە کە سووککردنی سزاکان بوو لەبەرامبەر پشکنینەکاندا. بەڵکوو پتر لە نموونەی کاراکاس (Caracas) دەچێت: واتە سەرمایەی ئەمریکی و مافی کڕینی نەوت (off-take rights) بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ژێرخانی وزەی ئێراندا جێگیر بکرێن، لە قاڵبی وەبەرهێنانی ئاوەدانکردنەوەدا دابڕێژرێن نەک دەستکەوتی جەنگ و، لە ئاستی ناوخۆییشدا بە جۆرێک بخرێتە ڕوو کە هیچ تێچوویەکی بۆ باجدەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان نەبێت.

دەشێت ئەم ڕوانگەیە جێی گومان بێت؛ چونکە ئێران ڤه‌نزوێلا نییە. نە سەرکردەیەکی دەستگیرکراو لە ئارادایە، نە حکوومەتێکی کاتی لەسەر شێوازی دێلسی ڕۆدریگێز (Delcy Rodríguez) کە ئامادە بێت ئیمتیازاتێکی سەد ساڵە ئیمزا بکات. هەر گواستنەوەیەکی پشکی خاوەندارێتی (equity transfer)، پێویستی بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر دەبێت کە زۆر لەپێشتر بێت لە هەر پێشنیازێک کە ئێستا لەسەر مێزەکەیە، یاخود ڕووخانی ڕەهای ڕژێم، لە کاتێکدا لە دۆخی بنەڕەتیی ئەمڕۆدا هیچ کام لەمانە لە واقعەوە نزیک نین.

مێژووش پێچەوانەی ئەم بۆچوونەیە. ئەو دەوڵەتە سزادراوانەی کەوتوونەتە ژێر گوشاری ڕاستەقینەوە- ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 2015، عێراق (Iraq) لە نەوەدەکاندا، و ڕووسیا (Russia) لە ساڵی 2022ەوە- پێش ئەوەی دەستبەرداری سامانی سەرەکیی دەوڵەتەکەیان ببن، بەرگەی پاشەکشەی ئابووری، هەڵاوسان و، هەناردەکردن بە داشکاندنەوە گرتووە. گۆڕینەوەی پشک بەرامبەر سووککردنی سزاکان (equity-for-relief) هیچ پێشینەیەکی ڕاستەقینەی نییە مەگەر لە سایەی حکوومەتێکی دەستەمۆی ژێردەستەدا نەبێت؛ حکوومەتێک کە واشنتۆن لە کاراکاس هەیەتی، بەڵام لە تاران دەستی ناکەوێت.

هاوکات کەرتی نەوتی ئێران زۆر کەمتر لە هی ڤه‌نزوێلا تووشی داڕمان بووە و، تاران دوو دەیەی بۆ بنیاتنانی جێگره‌وه (به‌دیل)ەكان تەرخان کردووە تا پشتبەستنی خۆی بە نیازپاکیی واشنتۆن کەم بکاتەوە. هەر ڕێککەوتنێک لە هی ڤه‌نزوێلا بچێت، تووشی کۆسپێکی قووڵتریش دەبێتەوە: میراتی خۆماڵیكردنی نەوت لە ساڵی 1951 لە سەردەمی محەمەد موسەدیق (Mohammad Mossadegh)، کە سەروەریی بەسەر سەرچاوەکاندا لەنێو هەموو باڵە سیاسییەکانی ئێراندا کردە پرسێکی پیرۆز؛ بەربەستێک کە دەقی دەستووری ڤه‌نزوێلا تەنانەت لێیشی نزیک نابێتەوە.

تەنانەت پێشینەکەی خودی ڤه‌نزوێلاش لەوانەیە بەردەوام نەبێت. دەستووری ئەو وڵاتە خاوەندارێتیی سەرەکیی هایدرۆکاربۆنەکان دەبەخشێتە دەوڵەت؛ ئیمتیازاتێکی سەد ساڵەش کە حکوومەتێکی هەڵنەبژێردراو واژۆی کردووە، ڕێک لەو جۆرە داوایانەیە کە حکوومەتێکی هەڵبژێردراوی داهاتوو دەتوانێت پووچەڵی بکاتەوە. مۆدێلێک کە لەوانەیە لە کاراکاس بەردەوام نەبێت، نەخشەڕێگەیەکی لەرزۆکە بۆ ئەوەی هەناردەی تاران بکرێت.

ئەم جیاوازییانە گرنگن، هەر لەبەر ئەمەیشە ئه‌وه‌نده‌ زوو شتێكی هاوشێوه‌ی ڕێککەوتنەکەی ڤه‌نزوێلا، له‌ ئێراندا ڕوو نادات. بەڵام ئەم جیاوازییانە بەراوردەکە بەتاڵ ناکەنەوە، بەڵکوو پێناسەی دەکەن. خوێندنەوەی ڕاستگۆیانەی ئەم بەڵگەیە ئەوە نییە کە واشنتۆن ئەزموونی کاراکاس لە تاران دووبارە دەکاتەوە؛ بەڵکوو ئەوەیە کە ڕێککەوتنی ڤه‌نزوێلا پێشینەیەکی کردەییی داوەتە دەست ئەم ئیدارەیە بۆ گۆڕینی کارتی گوشار بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان، گه‌ر بێت و بارودۆخی سیاسی ڕێگە بدات (کە جارێک تاقی کراوەتەوە و لە ئاستی ناوخۆدا بەسەرکەوتوویی پەسەند کراوە)؛ هاوکات ئەو پێشینەیە داڕێژەری ئەو شێوازە دەبێت کە دانوستانکاران بەهۆیەوە پێناسەی دەرەنجامێکی لەبار دەکەن، کاتێک جاری داهاتوو کارتی ڕاستەقینە دەکەوێتە دەستی واشنتۆن لەبەرامبەر دەوڵەتێکی خاوەن نەوتدا، ئێرانیش لەنێویاندا.

لێرەدا ئەو پرسیارەی شایانی چاودێریکردنە ئەوە نییە کە ئاخۆ تاران مانگی داهاتوو ئیمتیازاتێکی سەد ساڵە واژۆ دەکــــــات یان نا. بەڵکـــــوو ئــــــەوەیە ئـــــایــا دەســـــــــــــــــــــتەواژەکانی “وەبـــــــــەرهێنانی ئــــــــــــــاوەدانــــــــــکردنەوە” (reconstruction investment) و “هاوبەشیی سووککردنی سزاکان” (sanctions-relief partnership) لە هەر ڕێڕەوێکی دانوستانی داهاتووی ئێراندا دەردەکەون یان نا. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ڤه‌نزوێلا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە پێشوەختە لە واتا ڕاستەقینەکەی تێ بگەین.

سەبارەت بە نووسەر:

شاربێل ئەی. ئەنتوون (Charbel A. Antoun) ڕۆژنامەنووس و نووسەری نیشتەجێی واشنتۆنە، پسپۆڕە لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە سەرنجدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.




سه‌یری كه‌ن؛ جیهان لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئێرانەوە چۆن گۆڕاوە

ماڵپەڕ: وۆڵ ستریت جۆرناڵ (The Wall Street Journal)

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران و گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئەم وڵاتە لەسەر دەستی ئەمریکا، هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا لە ناوەندی ڕۆژانەی نزیکەی ١٣٠ کەشتی لە پێش جەنگدا، لە مانگی ڕابردوودا بۆ نزیکەی ١٥ کــــــــــەشتی لە ڕۆژێکــــــــدا دابـــــــــەزیوە. بەپـــــــێی ڕاپــۆرتی ڕۆژنـــــــامەی “واڵ ستریت جۆڕناڵ” (The Wall Street Journal)، ئێران و ئەمریکا هەر یەکەیان ڕێڕەوی تایبەتیان بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا دەستنیشان کردووە؛ ڕێڕەوەکەی ئێران لە کەناراوەکانی خۆیەوە نزیکە و ڕێڕەوی پەسندکراوی ئەمریکاش بە درێژاییی کەناراوەکانی عومان تێپەڕ دەبێت، کە زۆربەی هێرشەکانیش لەم مەودایەدا ڕوویان داوە.

ڕۆژنامەی “واڵ ستریت جۆڕناڵ” لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێت: بەپێچەوانەی ئەو پێشبینییانەی باسیان لە ئەگەری تێپەڕاندنی ئاستی ١٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دەکرد، نرخی نەوت ئێستا لە دەوروبەری ٨٠ دۆلاردایە. نرخی بەنزینیش لە ئەمریکا لە ٢.٩٨ دۆلاری پێش جەنگەوە بۆ نزیکەی ٤ دۆلار بۆ هەر گالۆنێک بەرز بووەتەوە. بەکارهێنانی ڕێڕەوە جێگره‌وه‌كان بۆ گواستنەوەی نەوتی کەنداو و کەمبوونەوەی هاوردەی چین، لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی سنووردارکردنی هەڵکشانی نرخەکان بوون. سەرەڕای ئەمەیش، یەدەگی نەوتی جیهان بەخێرایی کەمی کردووە و یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خاوی ئەمریکا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لەدوای دەیەی ١٩٨٠.

تێچووی گواستنەوەی نەوتیش بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە؛ بە جۆرێک گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی کەشتییەکی زەبەلاحی نەوتهەڵگرەوە (Supertanker) لە کەنداوەوە بۆ چین، ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار دۆلاری تێ دەچێت؛ کە ئەمەیش زیاترە لە دوو هێندەی تێچووی پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێران لە گەرووی هورمزدا. بەرزبوونەوەی تێچووی بیمە یان دڵنیایی (Insurance) و کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو کۆمپانیا دەریاوانییانەی ئامادەن ئەم گەشتە مەترسیدارانە بگرنە ئەستۆ، هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵکشانەن. هاوکات، حووسییەکانی یەمەن بە ڕاگەیاندنی گەمارۆ بەسەر عەرەبستانی سعوودیدا لە دەریای سوور، بەشێک لە کەشتییەکانیان ناچار کردووە ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن؛ کە ئەمەیش نزیکەی ٣٠ ڕۆژی بۆ کاتی گەیشتنی بارەکان بە ئاسیا زیاد کردووە.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کوێت و عێراقیش ملیاران دۆلاریان بۆ دروستکردنی بۆریی نوێی نەوت وەبەرهێناوە؛ هاوکات پشتبەستن بە گواستنەوەی وشکانی، هێڵی ئاسن و بەندەرە نوێیەکان زیادی کردووە.

ئەمریکا پێش ئاگربەستەکەی ٨ی نیسان، زیاتر لە ١٣ هەزار ئامانجی لە ئێران بۆردوومان کرد و بەشێکی هەرە گەورەی هێزی دەریاییی ئەم وڵاتەی لەناو برد. سەرباری ئەمەیش، بەلەمە خێراکانی ئێران کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز بەکاریان دەهێنێت، بەتەواوی لەناو نەچوون و کۆماری ئیسلامی هێشتا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (Drone)  و مووشەک کەشتییە بازرگانییەکان دەکاتە ئامانج. دۆناڵد ترەمپ ڕای گەیاندووە کە تەواوی مینە چێنراوەکانی ناو ئاوە نێودەوڵەتییەکانی گەرووی هورمزیان پاک کردووەتەوە یان تەقاندووەتەوە؛ هۆشداریشی داوە کە هەر بەلەمێکی دەریایی مینی نوێ دابنێت، تێک دەشکێنرێت.

ترەمپ لە مانگی حوزەیراندا بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای ئێران “بەتەواوی لەناو چووە” و تەنیا چەند مووشەکێکی کەمی بەدەستەوە ماوە. بەڵام پێ دەچێت ئێران بەشێک لە تەقەمەنییەکانی لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکاندا شاردبێتەوە و لە ماوەی ئاگربەستەکەیشدا کەرەستەیەکی زۆری جێگۆڕکێ پێ کردبێت. بەرپرسانی ئەمریکییش باسیان لەوە کردووە کە مووشەکە بالیستییە نوێیەکانی ئێران خێراترن و توانای مانۆڕکردنیان زیاتر بووە.

دوای کوژرانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە هێرشی سەرەتای جەنگەکەدا، سەرکردایەتیی نوێ، هێزە سەربازییەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتر ڕێک خستووەتەوە. بەهێزکردنی زنجیرەی فەرماندەیی، فراوانکردنی چالاکییە هەواڵگرییە خۆجێییەکان و جەختکردنەوەی زیاتر لەسەر ڕێبازی هێرشبەری، وەک ئامانجی سەرەکی دەستنیشان کراون. سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (IRGC) ژمارەیەک ڕاوێژکاریشی بۆ عێراق، یەمەن و لوبنان ناردووە تا لەگەڵ گرووپە هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لەبارەی پلانە چاوه‌ڕوانكراوه‌كانه‌وه‌ وتووێژ بکەن.

توانای ئەتۆمیی ئێرانیش زیانی بەرکەوتووە. زۆربەی زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکان لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ کەوتنەوە. خەمڵاندنەکان سەبارەت بە ماوەی دواکەوتنی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، لە چەند مانگێکەوە تا چەند ساڵێک جیاوازن. دانوستانە ئەتۆمییەکان پەکیان کەوتووە و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز، بووەتە پرسێکی لەپێشتر و بەپەلەتر.

ئابووریی ئێرانیش کەوتووەتە ژێر گوشارێکی توندەوە. نرخی کەلوپەل بۆ بەکاربەران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٪٨٠ هەڵکشاوە و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) پێشبینی دەکات ئابووریی ئێران ئه‌مساڵ بە ڕێژەی ٪٥.٤ پاشەکشە بکات. دوا بە دوای هەنگاوەکەی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران، هەناردەی نەوتی خاو و چڕاوەکانی ئەم وڵاتە لە زیاتر لە ٢.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە مانگی شوباتەوە، بۆ نزیکەی ٢٨٠ هەزار بەرمیل لە مانگی ئایاردا دابەزی. هەناردەکردن دوای ڕێککەوتنی کاتی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز گەشەی سەند، بەڵام لەگەڵ شکستهێنانی ڕێککەوتنەکەدا دووبارە ڕووی لە دابەزین کردەوە.

هێرشەکان بنکەکانی ئەمریکاشیان لە کەنداودا کردووەتە ئامانج. درۆنێكی “شاهد”ی ئێرانی پەلاماری تاوەری پەیوەندییەکانی مانگە دەستکردەکانی ئەمریکای لە بەحرێن داوە و تاقە بنکەی دەریاییی ئەمریکاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانی گەورەی پێ گەیشتووە. هەروەها لانی کەم ٢٠ ناوەندی ئەمریکی بە دامەزراوە سەربازی و دیپلۆماسییەکانەوە لە ناوچەکەدا بەر هێرش کەوتوون و، واشنتۆن سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە شێوازی جێگیرکردنی هێزەکانیدا.

پیت هێگسێت (Pete Hegseth)، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، تێچووی جەنگەکەی تا مانگی تەممووز بە ٣٧.٥ ملیار دۆلار خەمڵاندبوو، کە هێرشە نوێیەکانی مانگی ڕابردوو لەخۆ ناگرێت.

لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگ بۆ دەرەوەی ناوچەکەیش سه‌رڕێژ بوونەتەوە. بۆ نموونە؛ هەڵکشانی نرخی نەوت، گاز، پەینی کیمیایی و گواستنەوە، بەتایبەتی گوشاری خستووەتە سەر ئەو ئابوورییانەی لە ئەورووپا و ئاسیادا هاوردەکاری وزەن. سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) پێشبینیی کردووە هەڵاوسانی جیهانی لە ٪٤.١ لە ساڵی ٢٠٢٥ەوە بگاتە ٪٤.٧ بۆ ئه‌مساڵ.

پچڕان لە دابینکردنی کەرەستەی خاودا نرخی هیلیۆم، تڕشیی گۆگرد (Sulfuric acid) و نەفتا (Naphtha)ی بەرز کردووەتەوە. هیلیۆم لە پیشەسازیی نیمچەگەیەنەرەکان (Semiconductors) و ئامێرەکانی ئێم ئاڕ ئای (MRI)، تڕشیی گۆگرد لە پیشەسازیی خۆراک، کانزاکاری، کاغەز، چیپ و پاڵاوتنی ئاو و، نەفتایش لە بەرهەمهێنانی پلاستیک، توێنەرەوەکان و بۆیەدا بەکار دەهێنرێن.

لە بواری ئاسایشیشدا، لە سەرەتای مانگی ئابدا تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و پاکستان پەیماننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد. ڕووسیاش لە لووتکەی جەنگەکەدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و لێخۆشبوونی کاتی لە سزاکانی نەوتی ئەمریکا، مانگانە ١٢.٧ ملیار دۆلار داهاتی دەست کەوت؛ ئەم لێخۆشبوونەیش لە مانگی حوزەیراندا کۆتایی هات.

لە ئەمریکاش پشتیوانی بۆ جەنگ کەم بووەتەوە. بەپێی ڕاپرسییەکی کەناڵی “فۆکس نیوز” (Fox News)، ڕێژەی پشتیوانیی دەنگدەران لە جەنگەکە، کە لە کۆتاییی شوباتدا ٪٥٠ بوو، لە ناوەڕاستی تەممووزدا و هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی پێکدادانەکان، بۆ ٪٤٣ دابەزی.

سەرچاوە:

https://www.independentpersian.com/node/422038/سیاسی-و-اجتماعی/پیامدهای-جنگ-ایران؛-جهان-چه-تغییراتی-کرده-است؟




لە کاتێکدا ئەمریکا گوشارە ئابوورییەکانی ”ڕۆژی یەکلاکەرەوە”(D-Day) دەخاتە سەر ئێران، گۆڕەپانی ململانێکە دەگوازرێتەوە بۆ عێراق

نووسەر: تەیلۆر لەک (Taylor Luck)

ماڵپەڕ: کریستیان ساینس مۆنیتۆر (The Christian Science Monitor)

هاوکات لەگەڵ توندکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، تاران گەورەترین دەرچەی ڕزگاربوونی خۆی، کە عێراقە، فراوانتر دەکات.

وڵاتە دراوسێکەی ئێران (عێراق)، کە ماوەی دوو دەیە دەبێت تاران هەژموونی بەسەر کایە سیاسی و ئابوورییەکانیدا سەپاندووە، ئێستا وەک دوایین دەماری ئابووریی ڕژێمەکە دەردەکەوێت. بەرپرسان و شیکەرەوان پێیان وایە بۆ هێشتنەوە و مسۆگەرکردنی ئەم هەژموونییە، ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکان و سپیکەرەوەکانی پارەوە دەستێوەردانە مەیدانییەکانی خۆی زیاتر دەکات.

ئەم دۆخەیش گوشاری خستووەتە سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی (Ali al-Zaidi)، کە خۆی وەک ڕیفۆرمخوازێک دەناسێنێت و داوای چەککردنی میلیشیا عێراقییەکانی کردووە؛ هەروەها لە مانگی تەممووزدا لە کۆشکی سپی بەگەرمی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، “دۆناڵد ترەمپ”ەوە پێشوازیی لێ کرا.

هۆکاری نووسینی ئەم بابەتە

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەککردنی میلیشیا عێراقییەکان بووە، بەو گرووپانەیشەوە کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و خزمەتی دەکەن. ئیدارەی ترەمپ بەتەواوی پشتیوانی لەم ئامانجە دەکات، بەڵام گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران گەیشتن بەم ئامانجەیان قورستر کردووە.

بۆ هەڵکەندنی ڕەگ و ڕیشەی تۆڕە دارایییەکانی ئێرانی شیعەمەزهەب، زەیدی ناچارە ڕەگ و ڕیشەی ئەو میلیشیا شیعە بەهێزانە هەڵکەنێت کە ئێران پشتیوانییان دەکات. سەرباری ئەمەیش، لە کاتێکدا ئێران هێزی خۆی نیشان دەدات، ڕۆڵی حکوومەتی بەغدا تا دێت زیاتر پەراوێز دەخرێت و تەنیا وەک تەماشاکەرێکی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران دەمێنێتەوە.

لە كاتی خستنەڕووی نەخشەڕێگەی “ڕۆژی یەکلاکەرەوەی ئابووری” (economic D-Day)ی ئیدارەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ڕۆژی دووشەممەدا، وەزیری گەنجینە سکۆت بێسێنت (Scott Bessent) ڕای گەیاند کە ئەمە “هەڵمەتێکی بەردەوامە” بۆ “پچڕاندنی تەواوی ئەو دەمارە ئابوورییانەی کە ڕژێمە ستەمکارەکە دەهێڵنەوە تا ئەو کاتەی تاران بەتەنیا دەمێنێتەوە.”

بێسێنت هۆشداریشی دا و گوتی: “ئەو وڵاتانەی ئاسانکاری بۆ هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ڕژێمەکە دەکەن… دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەن کە هاوبەشی گۆشەگیرییەکەی بن.”

بەڵام شارەزایان گومان لەوە دەکەن ئیدارەی ترەمپ لە واقعدا شتێکی ئەوتۆی پێ بکرێت بۆ سنووردارکردنی تۆڕە دارایییە نایاسایییەکانی ئێران لە عێراقدا؛ کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و خاوەنی ئابوورییەکی کاشە، هەروەها ٩٩٤ میل سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێراندا هەیە و پڕە لە گرووپی سیاسی و باڵی چەکداریی دڵسۆز بۆ تاران.

ڤیکتۆریا تایلۆر (Victoria Taylor)، بەڕێوەبەری دەستپێشخـــــەریی عێــــــــراق لە ئەنجومەنی ئەتڵەســـی (Atlantic Council)  و جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران دەڵێت: “عێراقییەکان وا به‌ئاسانی پارە لە بانکەکاندا دانانێن.” هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە سنوورداریی بەکارهێنانی سیستەمە بانکییەکان لەلایەن عێراقییەکانەوە، هەوڵەکانی زەیدیی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی بێئاکام کردووە، کە یەکێکی دیکەیە لە کارە لەپێشینەکانی.

تایلۆر دەڵێت: “پرسیارێک هەیە دەربارەی ئەوەی سزاکان چ کاریگەرییەکیان دەبێت کاتێک خەڵک پارە لەناو گۆزە و لەژێر زەویدا دەشارنەوە. پێم وا نییە سزاکان وەک ئامرازێک، بەو شێوەیەی ئێمە دەمانەوێت، بتوانن بەناچاری گوشار بخەنە سەر دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا.”

چەند سەرچاوەیەکی جیاواز بە ماڵپەڕی مۆنیتۆر (The Monitor)یان گوتووه‌ کە پێش ڕاگەیاندنی سزاکانی “ڕۆژی یەکلاکەرەوە” لە ڕۆژی دووشەممەدا، ئەو گرووپانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە عێراق، بەپەلە هەوڵیان داوە ملیۆنان دۆلار بکەن بە دراوی دیجیتاڵی (Cryptocurrency).

 

هەوڵێکی بەردەوامی ئەمریکا

“ڕۆژی یەکلاکەرەوەی ئابووری”، نوێترین قۆناغی ململانێ درێژخایەنەکەی واشنتۆنە بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی دۆلار بەناو عێراقدا.

بەپێی میکانیزمێک کە لە سەردەمی داگیرکاریی ئەمریکا بۆ سەر عێراق داڕێژراوە، داهاتە نەوتییەکانی وڵاتەکە لە ڕێگەی بانکی یەدەگی فیدراڵی (Federal Reserve Bank) لە نیویۆرک دەپارێزرێن و بەڕێوە دەبردرێن؛ کە بڕی ١٠٠ ملیار دۆلار لە یەدەگەکانی وڵاتەکە لە ئەمریکایە.

لە ساڵی ٢٠٢٤، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بانکی هودا (Al Huda Bank)ی عێراقی لە سیستەمی داراییی ئەمریکا جیا کردەوە و ڕای گەیاند کە بانکەکە ملیاران دۆلاری بۆ ســـــــوپای پاســــــدارانی شۆڕشی ئیــــــــــسلامی  (Islamic Revolutionary Guard Corps)  و میلیشیاکانی سەر بە ئێران ناردووه‌.

تەنانەت بانکی ناوەندیی عێراق (Central Bank of Iraq) لە ساڵی ٢٠٢٤ بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکیی لە بانکی ئیسلامیی باشوور (Al Janoob Islamic Bank)ی سەر بە خودی زەیدی و شەش بانکی دیکەیش قەدەغە کرد؛ ئەمەیش لە ناوەڕاستی گومانەکانی وەزارەتی گەنجینەدا بوو کە گوایە دراویان بۆ ئێران و ئەو گرووپانە قاچاغ کردووە کە تاران پاڵپشتییان دەکات.

لە نیسانی ٢٠٢٦، لە هەوڵێکدا بۆ خنکاندنی ئەو میلیشیایانە، ئیدارەی ترەمپ دەستی بەسەر ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتەکانی حکوومەتی عێراقدا گرت و سەرجەم بارەکانی ناردنی دراوی ئەمریکیی هەڵپەسارد.

سەرەڕای ئەمەیش، دوای ئەوەی زەیدی لە کۆبوونەوەکەی مانگی تەممووز لە کۆشکی سپی بەڵێنی چاودێرییەکی توندی دارایی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پاراستنی دا، ئەمریکا گەشتە ئاسمانییەکانی گواستنەوەی دۆلاری بۆ عێراق دەست پێ کردەوە.

شارەزایان دەڵێن هەفتەی ڕابردوو، دوای ئەوەی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو (United Arab Emirates)-کە دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە- پەیوەندییە بازرگانی و دارایییەکانی لەگەڵ ئێراندا هەڵپەسارد، بەهۆی ئەوەی بە هێرشێکی مووشەکیی ئێرانی وەسفی کرد، گرنگیی عێراق وەک دوایین دەماری ئابووریی ئێران زیاتر بووە.

 

میلیشیاکان و پارە

بۆ ڕێگریکردن لەوەی زیاتر پەلکێشی ناو جەنگەکە ببێت، حکوومەتی عێراق کەوتۆتە ژێر گوشارەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو میلیشیایانەی کە وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو و بنکەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.

زەیدی نوێنەرایەتیی گەورەترین کوتلەی سیاسی لە عێراقدا دەکات، کە هاوپەیمانێتییەکی فراوانی شیعەکانە. ئەم هاوپەیمانێتییە کۆمەڵێک باڵی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە ئاستی جیاوازیان لە ناسیۆنالیزمی عێراقی، دڵسۆزی بۆ ئێران، گومانکردن و تەنانەت بێزارییەکی ئاشکرایان بەرامبەر بە هەژموونی تاران لە عێراقدا هەیە. هەندێکیشیان پەیوەندییان بە میلیشیاکانەوە هەیە.

میلیشیا شیعەکانی وەک یەکەکانی حەشدی شەعبی، کە دە ساڵ لەمەوبەر بۆ جه‌نگی دژی یاخیبووانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پێک هێنراون، لەو کاتەوە بە شێوەیەکی لاواز خراونەتە ژێر چەتری دەوڵەتی عێراقەوە.

میلیشیاکانی دیکەی وەک “موقاوەمەی ئیسلامی” کە کەتائیبی حزبوڵڵا (Kataib Hezbollah) و عەسائیبی ئەهلی هەق (Asa’ib Ahl al-Haq) دەگرێتەوە، لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت یان هاوپەیمانێتییەکەی زەیدین و لەلایەن تارانەوە ئاراستە دەکرێن. بە درێژاییی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەم گرووپانە ئامرازێکی کاریگەر بوون بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە.

چاودێران و بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، لە کاتێکدا پێشتر سوپای پاسداران پشتی بە تۆڕە شاراوەکانی پشتیوانیی دارایی دەبەست لە دوورەوە، ئێستا فەرماندەکانی سوپای پاسداران (IRGC) لە عێراقدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی میلیشیاکان و تۆڕەکانی پارەدارکردنیان دەکەن و بە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەیانپارێزن. لە مانگی تەممووزدا، چەندان ئەفسەری سوپای پاسداران لە هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیا بۆ سەر گرووپە نیمچەسەربازییەکان لە عێراق کوژران.

موهەنەد سەللوم (Muhanad Seloom)، توێژەری باڵا لە ئەنجومەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کاروباری جیهانی (Middle East Council on Global Affairs) کە بنکەکەی لە دەوحەیە، دەڵێت: “لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، عێراق سییەکانی هەناسەدانی ئابووریی ئێران بووە.” هەروەها دەڵێت: “بۆ دڵنیابوون لەوەی پارەکە لە کۆتاییدا دەگاتە ئێران، پێویستیان بەم میلیشیایانەیە لەسەر زەوی بۆ ئەوەی کۆنترۆڵ و گوشار بخەنە سەر بانکەکان و بازاڕی دۆلار. بە تێپەڕبوونی ساڵەکان، ئامێرێکی سپیکردنەوەی پارەیان لە بەغدا گەیاندووەتە ئاستێکی بێخەوش کە دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێت و دەیگوازێتەوە بۆ ئێران.”

لۆژیکەکەی زەیدی

حکوومەتەکەی زەیدی داوای لە سەرجەم میلیشیاکان کردووە تا ٣٠ی ئەیلوول چەک دابنێن یان بخرێنە ناو ڕیزەکانی دەوڵەتەوە، کە هەمان ئەو ڕێکەوتەیە دوایین هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتی دوای ٢٣ ساڵ عێراق جێ دەهێڵن.

لۆژیکی حکوومەتی عێراق لە بەستنەوەی ئەم دوو هەنگاوە بەیەکەوە، ئەوەیە کە بەبێ بوونی هێزەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی ڕۆژاوا لە عێراقدا، ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات چیتر بیانوویان نامێنێت بۆ ئەوەی لە عێراقدا چالاکی بکەن.

تایلۆر، شارەزای کاروباری عێراق لە ئەنجومەنی ئەتڵەسی دەڵێت: “کێشەکە ئەوەیە، ئەم میلیشیایانە پێویستیان بە بیانوویەکی شەرعی نییە.” هەروەها دەڵێت: “میلیشیاکان هه‌ن، چونکە ئێران دەیەوێت هه‌بن و … وەک دەمارێکی گرنگی ئابووری دەیانبینێت. ئەم میلیشیایانە بوونەتە پڕۆژەی بازرگانی لە عێراقدا.”

شارەزایان دەڵێن لە کاتێکدا لەوانەیە هەندێک لە میلیشیا نزیکەکان لە هاوپەیمانێتییەکەی زەیدی بەڕواڵەت چەک دابنێن و هەندێکی دیکەیشیان بخرێنە ناو ڕیزەکانی دەوڵەتەوە، بەڵام میلیشیا توندڕەوەکانی سەر بە ئێران لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیە دەمێننەوە.

دکتۆر سەللوم دەڵێت: “ئەوەی جێی باوەڕ نییە، چەککردن یان تێکەڵکردنی ئەو میلیشیایانەیە کە سوپای پاسداران سەرکردایەتییان دەکات. پێم وا نییە كه‌س لە عێراقدا بتوانێت یان بیەوێت ئەو کارە بکات. ئەم میلیشیایانە بەقووڵی ڕەگیان داکوتیوە و دەتوانن هەڕەشە لە هەر کەسێک بکەن.”

هەروەها دەڵێت: “ئێران بەتەواوی کۆنترۆڵی عێراقی نەکردووە، بەڵام ئەو گرووپانەی کە ئێران پاڵپشتییان دەکات چەک و پارەیان بەدەستەوەیە.”

سەرچاوە:

https://www.csmonitor.com/World/Middle-East/2026/0825/iraqi-militias-iran-trump-economic-sanctions?icid=rss