1

چی وای کرد تورکیا ستراتیژیی سەربازیی خۆی بەرامبەر پەکەکە بگۆڕێت؟

چی وای کرد تورکیا ستراتیژیی سەربازیی خۆی بەرامبەر پەکەکە بگۆڕێت؟

(گۆڕانی ستراتیژیی سەربازیی تورکیا بەرامبەر پەکەکە)

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەسپێک

هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی درێژیان هەیە، بەڵام بە هۆکاری دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ پەکەکە و پڕۆسەی ئاشتی و کرانەوەی دیموکراسی، کە “ئاکپارتی” لە سەرەتای هاتنی بۆ دەسەڵات بانگەشەی بۆ دەکرد، جۆرێک لە وەستانی بەخۆیەوە بینی، تاوەکوو لەبارچوونی پرۆسەی ئاشتی، ئیتر تورکیا دیسان لە ٢٤ تەموزی ٢٠١٤ دەستی کردەوە بە ئۆپەراسیۆنەکانی؛ بەڵام ئەو جارە چڕتر، بەتایبەت لە قەندیل، مەتینا، هەفتانین، ئاڤاشین، خواکوڕک، خنێرە و گارە.

گۆڕانی ستراتیژیی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵغانی فوڕات Operation Euphrates Shield  (2016) و لقی زەیتوون Operation Olive Branch  (2018) لە سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تریش لە دژی هێزەکانی پەیەدە و پەکەکە لە عەفرین دەستی پێ کرد. هەرچەندە ئەم دوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لایەنی جیۆپۆلیتیکی و میتۆدۆلۆژیای جێبەجێکردنی جیاوازیان هەیە، بەڵام هەردوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە هەمان ئامانجی ستراتیژییان هەبووە، کە بریتی بوو لە دەرکردنی پەکەکە و بچووکكردنەوەی ناوچەی نفووزی سەربازییان لە سووریا، لەگەڵ لێدان لە توانای سەربازیی هێزی مرۆیییان؛ هەروەها لاوازکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی هی ئەو وڵاتانەی کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە پاڵپشتیی پەیەدە و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن؛ چونکە ئەم پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە ڕۆڵی زۆری هەبوو لە بەخشینی جۆرێک لە شەرعییەت و پێگەی سیاسی و بەها ڕۆژاوایییەکان بە هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان، کە پەکەکە ئەگەر بەشێکیش نەبووبێت لەو هێزانە بەڵام وەک چەترێکی سەربازی و سیاسیی ئایدیۆلۆژی بوو بۆ هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان.

گۆڕان لە ستراتیژی و میکانیزمی مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ پەکەکە

دوای سەردەمێک لە شەڕی تورکیا و پەکەکە، نوخبەی سیاسیی سەربازیی تورکیا گەیشتە ئەو باوەڕەی کە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە بە هەمان میکانیزمە کلاسیکەکانی پێشوو، ستراتیژییەکی سەرکەوتوو نەبووە لە شکستپێهێنان و لاوازکردنی پەکەکە دژی بە تورکیا، بەڵکوو دەبێت ستراتیژیی تورکیا دژی پەکەکە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی سێ گۆڕاوەی پەیوەندیدار بەیەکەوە دابڕێژرێت. ١) کارکردن لە ئاستی سیاسی و زەمینەڕەخساندن بۆ لێدانی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیادا، ٢) کەڵکوەرگرتن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا، ٣) بەردەوامیدان بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە نەک تەنیا لەناو تورکیا، بەڵکوو لە دەرەوەی خاکی تورکیاش، وەک سووریا و عێراق.

لە دوای ٢٠١٤، بە شێوەیەکی گشتی هەموو بەهارێك ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدران، بەڵام کاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر هێز و ڕێکخستنەکانی پەکەکە نەبوو؛ چونکە سوپای تورکیا لە هاویندا هێرشەکانی دەست پێ دەکرد تا کۆتاییی پاییز و، پەکەکەی ناچار دەکرد لەو ناوچانەدا بکشێتەوە، بەڵام پەکەکە دیسان لە زستاندا دەگەڕایەوە شوێنی خۆی. ئیتر شەڕی تورکیا و پەکەکە هەمیشە لەو بازنەیەدا دەسووڕایەوە.

1 ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢

دوای هەرەسهێنانی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و تورکیا، پەکەکە ئەم جارەیان شەڕی بردەوە ناو تورکیا و، خەندەقی لە بەشێک لە شارەکاندا دروست کرد. ئەم دۆخە وای کرد تورکیا دواجار ستراتیژیی خۆی بگۆڕێت، ئەویش لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر پەکەکە لە ناوماڵی خۆیان؛ واتا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بنکە سەربازییەکانیان لە قەندیل و خواکوڕك  و ئاڤاشین و هتد. ئێستا تورکیا کە هێرش دەکاتە سەر پەکەکە، زستانانیش لە ناوچەکە ناکشێتەوە، بەڵکوو بنکەی سەربازی دادەمەزرێنێت. بۆ بەهاری داهاتوو دیسان ئۆپەراسیۆنێکی تری سەربازی دەست پێ دەکات و خاکی نوێ لە هەرێمی کوردستان داگیر دەکات و پەکەکە ناچار دەکات نزیک بێتەوە لە ناوچە سەربازییەکانی ژێردەستی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان، یان بێتە نزیک شارەکان. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئەم ستراتیژییە نوێیەی تورکیا- هەڵبەتە بە گوێرەی ڕاپۆرتە سەربازییەکانیش- سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لە زیانگەیاندنی گیانیی زۆر و لاوازکردنی پەکەکە لە چیاکاندا؛ لە سەرێکی تریش قووڵکردنەوەی کێشەکانی پەکەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە سنووری پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، مەزەندە دەکرێت لە نێوان چوار بۆ ١٠ هەزار سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبن. لە ئێستادا تورکیا پشتێنەیەکەی ئەمنیی سەربازی بە درێژاییی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە قووڵاییی ٢٠-٤٠ کم لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروست کردووە؛ بۆ نموونە تورکیا بە درێژاییی ٤٥-٥٠ کم هاتۆتە ناو سنووری ناحیەی باتیفا. بەپێی زانیارییەکانیش ئێستا تورکیا لە ٩ شوێن و بەرزاییی ستراتیژیی دەڤەری برادۆست لە پارێزگای هەولێر جێگیر بووە، کە تەنیا ٧ کم لە ناحیەی سیدەکانەوە دوورە. تورکیا ئامانجیەتی لەو سنوورەیش تا ناوچەی بەربزین بڕوات.

(سەیری نەخشەی ژمارە ١ بکە)

2 پشتێنەی ئەمنیی تورکیا لە زاخۆوە بۆ سۆران بە قووڵاییی ٤٠ کم

چەند هۆکارێک وایان کرد ئەو ستراتیژییەی تورکیا سەرکەوتوو بێت

یەکەمیان، پێشکەوتن لە وەبەرهێنانە تەکنەلۆژییەکانی تورکیا، بەتایبەت تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی، کە وای کردووە چاودێریی ئاسمانیی بەردەوامی پەکەکە بکرێت کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستن و چاودێریکردنی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هێرشەکانی پەکەکە؛ هەروەها چاودێریکردنی چالاکییەکانی پەکەکە لە چیا و شارەکانیشدا. ئەمە وای کردووە تورکیا لەناو شار و شوێنە گشتییەکاندا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، چەندان سەرکردەی پەکەکە بکاتە ئامانج.

دووەم، ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەناو هێزە چەکدارەکانی تورکیا بەرەو سوپایەکی پرۆفیشناڵتر کە بووە هۆی ئەوەی هێزی تایبەت و یەکەی کۆماندۆی پێویست هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە؛ هەروەها پاککردنەوەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە جەنەڕاڵ و ئەفسەرانی گولەنیست. ئەمەیش هێزێکی زۆرتری بە حکوومەت بەخشی. سێیەم، زیادبوونی یەکگرتوویی و کۆنترۆڵی دەسەڵاتی مەدەنی بەسەر سەربازیدا کە “هاکان فیدان”ی ئێستای وەزیری دەرەوە ڕۆڵێکی باڵای هەبوو لەو بوارەدا. دەتوانین بڵێین کە فیدان توانیی گۆڕانکاریی گەورە لە هەیکەلی دەزگەی هەواڵگریدا بکات؛ ئەردۆغانی ڕازی کرد کە دەزگەی هەواڵگری، بە گشت بەشەکانی دەرەوە و ئاسایش و سوپا، لە ژێر ئیدارەی دەزگای هەواڵگری گشتیدا کۆبکاتەوە، ئەمەیش بازنەکانی نێوان ئاسایش و سوپای تێک دا کە چەند ساڵ بوو هەڕەشە بوون لەسەر حکوومەت و نوخبەی سیاسی لە تورکیا. ئەمە وای کردووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە سنووربەزاندن لە عێراق و سووریا، دینامیکیی زیاتر و بەردەوامییان هەبێت.

چوارەم، ململانێ و کێشەکانی پارتی و هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەکەکە، هەروەها پێویستیی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی نەوت و ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی. ئەمەیش بەشی خۆی کاریگەریی هەبوو لەسەر زیادبوونی کاریگەریی ئەو ستراتیژییەی تورکیا دژی پەکەکە. لە ڕاستیدا بە حوکمی پێگەی جیۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستان کە هیچ دەروازەیەکی تری نییە، ناچار بوون گەر هاوکاریی تورکیاش نەکەن بەڵام دژایەتییشی نەکەن. حکوومەتی عێراقیش جگە لە هەڵویستی سەرزارەکی شتێکی دیکە نەکردووە، بەڵکوو بەپێی هەندێک سەرچاوە لەوانەیە جۆرێک لە هەماهەنگییش لە نێوان تورکیا و عێراق هەبووبێت.

ئەگەر سەرنج بدەین، ئێستا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا دوو شوێنی گرنگی ستراتیژیی پەکەکە لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج کە بریتین لە خواکوڕک و قەندیل. پێشتر هێزەکانی تورکیا نزیکەی 500 کم چوارگۆشەیان لە خواکوڕک داگیر کردبوو. لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە لە مانگی ئازاری 2018وە ڕێڕەوێکی سەلامەتیان کردۆتەوە کە دەگاتە چیای قەندیل. لەم سۆنگەیەوە، ئەم جارە ستراتیژیی سەربازی تەنیا لاوازکردنی پەکەکە نییە، بەڵکوو ئامانجی، نەهێشتنی ئەو بنکە سەربازی و مۆڵگانەیە کە پەکەکە لەو ناوچانەدا هەیەتی. واتا، بە تێپەڕبوونی کات تاکتیکەکانی تورکیا لە عێراق گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ لە بۆردومانی ئاسمانی بۆ سەر کەمپە گومانلێکراوەکانی پەکەکەوە بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازیی نیمچەهەمیشەیی بە درێژاییی سنوورەکانی عێراق کە پێنج بنکەی سەرەکی و زیاتر لە 50 خاڵی پشکنینی تێدایە. بێجگە لەوە ئێستا هەر یەکە لە تورکیا و پەکەکەش شوێنی ململانێکانیان گواستۆتەوە؛ لە ناوچە شاخاوییە کەم دانیشتووەکانەوە بۆ ناوچە شارنشینەکان. ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە تورکیا بە شێوەیەکی دیفاکتۆ کۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەکانی عێراق بکات.

بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم شەڕە بەتەواوی لە بەرژەوەندیی تورکیادا یەکلا بۆتەوە، بەڵکوو لەم قۆناغەدا دوو ئاڵنگاریی ستراتیژیی گرنگ بۆ تورکیا لە شەڕی دژی پەکەکەدا هەیە: ئاڵنگاریی یەکەم، تایبەتە بە وەڵامدانەوەی ئەو  پرسیارەی کە، ئایا پەکەکە لە دوای هەرەسهێنانیان لە قەندیل چۆن ستراتیژیی گشتیی خۆیان لە سووریا و عێراق دەگۆڕن؟ لەوەیش گرنگتر، ئاڵنگاریی ڕاستەقینە بۆ تورکیا ئەوەیە کە، ئایا پەکەکە دەتوانێت پەناگەیەکی دیکەی ئارام لە سووریا یان عێراق بدۆزێتەوە؟ ئاڵنگاریی دووەم بۆ تورکیا ئەوەیە کە، چۆن سوپای تورکیا دەتوانێت ئامادەییی سەربازیی خۆی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە ناوچەی قەندیل بپارێزێت؟ بەپێێ قسەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا  بێت، تورکیا هێزی سەربازیی خۆی ناکشێنێتەوە تا بەتەواوی “پەکەکە لە عێراق شکستی پێ نەهێنرێت”؛ کە ئەمەیش زۆر سەختە بێتە دی. ئەمە بێجگە لە ئەگەری دروستبوونی کێشە لەگەڵ عێراق، ئەگەر تورکیا فۆرمێکی هەماهەنگی نەدۆزێتەوە کە بە هاوکاریی عێراق هێرشەکانی ئەنجام بدات.

ئێستا تورکیا خاوەنی نزیکەی ٣٥ بنکەی سەربازی جیاوازە لە  هەرێمی کوردستانو عێراق. بە بەراورد لەگەڵ ئۆپەڕاسیۆنه سەربازییەکانی پێشوو له دژی پەکەکه، بوونی هێزه سەربازییەکانی تورکیا له شوێنه جیاجیاکان، بۆشاییی زیاتری بۆ مانۆڕەکانی تورکیا ڕەخساندووە. بەڵام درێژەدان بە ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا، ڕەنگە دواجار پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا تێک بدات. بۆیە سەرکەوتنی ستراتیژیی نوێی بە ناوی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی ناوچەییی نێوان تورکیا و عێراق دژی پەکەکە. لە ئێستادا ئێران بێلایەنە بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو ئەو وڵاتە گوشارەکانی لەسەر هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان زیاتر کردووە. ئەگەر ستراتیژیی سەربازیی تورکیا بتوانێت لە کورتخایەندا بۆ شکستپێهێنانی پەکەکە لە عێراق سەرکەوتوو بێت-کە ئەستەمە-،  ئەوا گەیشتن بە کۆدەنگییەک لە نێوان تورکیا و عێراق و ئێران ئاسانتر دەبێت.

بەپێچەوانەی سووریا، هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا ناگاتە ئاستی لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچە فراوانەکان، دروستکردنی میلیشیا، یان دەوڵەتی پرۆتۆ proto-state-. بەڵام تورکیا لە ڕێگەی ئەم بنکە سەربازییانەوە ناوچەیەکی دیفاکتۆی ئەمنیی دروست کردووە و، شەڕی بردۆتەوە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق. تورکیا ئێستا تەنانەت ڕێگەوبانیش لە خاکی عێراق دروست دەکات بۆ ئەوەی بنکە سەربازییەکانی بەیەکەوە ببەستێتەوە و بتوانێت کۆنترۆڵی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی لە هێرشکردنە سەر پەکەکە کاریگەرتر بکات.

3 نەخشەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق

لێکەوتەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەسەر هەرێمی کوردستان

ئەو هێرشە بەردەوامانەی تورکیا و ئێران لە قووڵاییی خاکی هەرێمی کوردستان و لەناو شارەکاندا، ئەگەر پیلان و موئامەڕەیش نەبێت، بەڵام  ئەگەری یان پێویستیی جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی عێراق بۆ چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان زیاد دەکەن؛ ئینجا ئەمە بە پاساوی پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق بێت، یان پاساوی بێتواناییی حکوومەتی هەرێم لە پاراستنیان، یانیش بە پاساوی ئەوەی حکوومەتی هەرێم مەترسی بۆ دراوسێکانی عێراق دروست دەکات. لە دوای ٢٠٠٣ هەرێمی کوردستان قەت وەک ئێستا ئەو گوشارە زۆرەی هەرسێ وڵاتی وەک تورکیا و ئێران و عێراقی لەسەر نەبووە.

ڕایەک هەیە، چ لە ئاستی خەڵک و هەندێک جار لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسییش،  بەتایبەت ئەوانەی نەیاری پارتی دیموکراتی کوردستانن،  پێیان وایە دەبێت هەرێمی کوردستان بەرەنگاری ئەم هێرشانەی تورکیا و ئێران ببێتەوە، یانیش سەنگەر لەم دوو وڵاتە بگرێت؛ کە بە ڕای من نەک تەنیا ئەو دوو حزبەی ئێستا دەسەڵاتدارن لە هەرێم، بەڵکوو هەر لایەنێکی تری کوردی بێتە سەر دەسەڵات و حوکم بگرێتە دەست، ناتوانێت ڕێگە بە هیچ بزووتنەوەیەکی چەکداریی دژی عێراق یان دراوسێکانی هەرێمی کوردستان بدات؛ چونکە هەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناغی شۆڕشی شاخدا نییە باکی بە هیچ نەبێت و هیچی نەبێت لەدەستی بدات، بەڵکوو هەرێمی کوردستان هاوشانی دەوڵەتێک ئیلتزاماتی سیاسی، یاسایی، دیپلۆماسی و ئابووریی هەیە لە ناوچەکەدا؛ هەر هیچ نەبێت نزیکەی ملیۆنێک مووچەخۆری هەیە کە دەبێت مووچەکانیان دابین بکات. هەر یەکە لە وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا بەئاسانی دەتوانن مەترسیی سیاسی، ئابووری و ئەمنی بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن، بە جۆرێک گەر لەباریشی نەبەن (مەبەستم قەوارەی هەرێمی کوردستانە) بەڵام وەک حووسییەکان و یەمەنی لێ بکەن.  لە ڕاستیدا هەرێمی کوردستان کارتی سیاسیی کەمی بەدەستە بۆ گوشارکردن لە تورکیا و ئێران، مەگەر عێراق بتوانێت، بەڵام ئێستا بەداخەوە عێراقیش ناتوانێت پارێزگاری لە سەروەریی خۆی بکات؛ بەڵام لەبەر ئەوەی عێراق دەوڵەتە، باشتر دەتوانێت مافە نێودەوڵەتییەکانی بەکار بهێنێت بە بەراورد قەوارەیەکی نادەوڵەتیی وەک هەرێمی کوردستان. کارتەکەی دیکەیش پرسی کوردە کە تا ئێستایش هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بەکاری بهێنێت.

ترسی سەرەکیی ڕژێمەکانی ئێستای ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە، هەرێمی کوردستان ببێتە بزوێنەر و ئیلهامبەخشی پرسی کورد لە ناوچەکەدا. ئەم کاریگەرییە لە ڕاستیدا دروست بووە؛ بۆ نموونە: لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ و عەفرین، لە کاتی هێرشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان، یان لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان. ئەم هەماهەنگییە ئەگەرچی لەسەر ئاستی نوخبەی سیاسی لاوازە، بەڵام لەسەر ئاستی خەڵک و جەماوەردا بەهێزە. بۆیە دروستبوونی هەر هێزێکی کوردی، ئینجا دەوڵەت بێت یان دەوڵەت نەبێت، وەک پاڵپشتییەک بۆ پرسی کورد لە ناوچەکەدا وایە؛ بەڵام دەبێت ئەوەیش بزانین کە قەوارەیەکی وەک هەرێمی کوردستان، ناکرێت وەک سەرزەمینی شۆڕش و شەڕی چەکداری دژی دراوسێکانی هەرێمی کوردستان سەیری بکەین، چونکە هەرێمی کوردستان ئیلتیزاماتی سیاسی و یاساییی هەیە بەرامبەر هاووڵاتیانی خۆی و بەرامبەر دراوسێکانیشی، کە وا دەکات نەتوانێت بەئاشکرا پاڵپشتی لەو جووڵانەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە بکات کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕوو دەدەن.

خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە بزاڤە چەکدارییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان خەریکە دەبنە مەترسی و بارگرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چونکە هەر یەکە لە تورکیا و ئێران سوودی زۆریان لێ دەبینن بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ (استهلاک داخلي) و لەشکرکێشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. بەتایبەت لە ئێستادا بزاڤە چەکدارییەکان چیدیکە فاکتەری پاراستنی پرسی کورد نین، بەقەد ئەوەی بوونەتە پاساوێک بۆ مانەوەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی وەک ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و ئاکپارتیی ئەردۆغان، کە سوودێکی زۆریان لەو هێزە چەکدارییە کوردییانە بینیوە. هەر یەکە لە جووڵانەوە مەدەنییەکانی ئێستای ئێران و هەدەپە لە تورکیا، کاریگەرییان زۆر زیاترە لە بەرەوپێشچوونی پرسی کورد لەو وڵاتانەدا و لەو هێزە چەکدارانەی کە لە شاخەکاندا شەڕی دەوڵەتی تورکیا و ئێران دەکەن؛ ئەمە جگە لەوەی بزووتنەوە چەکدارییەکانی دژی دەوڵەت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەئاسانی دەخرێنە لیستی تیرۆر و هەمیشە دەبنە پاساوێکیش بەدەستی ئەو ڕژێمە دەوڵەتییانە بۆ داپڵۆسینی جووڵانەوە مەدەنییەکان. لەم سۆنگەیەوە، بەتایبەت دوای ئەو گۆڕانە خێرایەی لە هێرشە ئاسمانییەکاندا ڕووی داوە، کە مەبەستم بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە (درۆنەکان) لەلایەن هەر یەکە لە تورکیا و ئێران، بزووتنەوە چەکدارییەکان زیانی زۆریان بەردەکەوێت و بەرەو لاوازی دەچن. بۆیە سەرکردایەتیی کورد، بەتایبەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێت تا زووە پێداچوونەوە بە جووڵانەوە و خەباتی چەکداریدا بکەن.




هه‌گبه‌كه‌ی هاكان فیدان چیی تێدا بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان؟

 

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له‌ به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان گرفتی جددی بووه‌وه‌، ته‌نانه‌ت مه‌ترسیی له‌ناوچوونیشی له‌ نێوان ئه‌گه‌ره‌كاندا بوو؛ چونكه‌ گوشارێكی بێوێنه‌ خرایه‌ سه‌ر ئه‌م قه‌واره‌یه‌ له‌ ڕووی ئه‌منی، ئابووری، بازرگانی و یاسایییه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ سیاسییه‌ جیاجیاكانی عێراقه‌وه‌. ئه‌م گوشاره‌ تا ئێستایش بەردەوامە. جگه‌ له‌مه‌ كێشه‌ ناوخۆیییه‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم گه‌یشتۆته‌ لووتكه‌، کە ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ ده‌نگ و هێز و سه‌نگی كورد له‌ به‌غدا زۆر لاواز بێت و، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌م قۆناغه‌ به‌ نه‌رێنی كاریگه‌ریی كردۆته‌ سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێم له‌ به‌غدا. له‌گه‌ڵ گشت ئه‌م ڕووداو و پێشهاته‌ نه‌رێنییانه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونەته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا هه‌وڵه‌كانی به‌رپرسانی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ بۆ پاراستنی قه‌واره‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ی هه‌رێم.

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا یارمه‌تیده‌رێكی باشن بۆ هێشتنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم و پتەوتركردنی پێگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا. بۆیه‌ سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كانی به‌رپرسه‌ باڵاكانی وڵاتانی جیهان بۆ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، خاڵێكی باش‌ و به‌هێزە بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كوو ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تیی به‌هێز بمێنێته‌وه‌.  له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌ كه‌ ڕۆڵ و پێگه‌ی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، توركیایه‌.

توركیا له ڕووی ئابووری و بازرگانی و وزه‌ و ته‌نانه‌ت له ڕووی ئه‌منییشەوە، بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌. بۆیه‌ له‌ كات و ساتێكی وه‌كوو ئه‌مه‌ی ئێستا، په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا زۆر گرنگه،‌ به‌تایبه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا شه‌وی (23/8/2023) “هاكان فیدان”، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، به سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ هه‌ولێر. ئه‌م سه‌ردانه‌ی “فیدان” زۆر جیاوازتره‌ له ‌سه‌ردانی به‌رپرسانی پێشووتر؛ هه‌م له ڕووی كات و ساته‌كه‌یه‌وه‌‌ و هه‌میش له‌به‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ ئێستا هه‌رێمی كوردستانی تێدایه‌. بۆیه‌ له ‌سه‌روبه‌ندی ئه‌م سه‌ردانه‌ ئه‌م پرسیاره‌مان بۆ دروست ده‌بێت: “فیدان چیی پێ بوو‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان؟” بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌، ده‌كرێ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بخه‌ینه ‌ڕوو:

  1. فیدان به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی به‌وردی شاره‌زایییه‌كی باشی هه‌یه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین له‌ مێژووی ژیانی سیاسیی توركیادا، تاكه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیایه‌ كه‌ توانیویه‌تی هاوكێشه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كه‌ به‌باشی بخوێنێته‌وه‌ و شییان بكاته‌وه‌. بێ گومان ئه‌وهی‌ش به‌ هۆكاری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ “فیدان” نزیكه‌ی سێزده‌ ساڵ سه‌رۆكی ده‌زگەی هه‌واڵگریی توركیا (Milli İstihbarat Teşkilatı – MİT) بووه‌ و چه‌ندان جاریش به‌ئاشكرا و به‌نهێنی سه‌ردانی عێراقی كردووه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارەیه‌ “فیدان” له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ كۆ بووه‌وه‌ كه‌ پێگه‌ و قورسایییه‌كی به‌رچاویان له‌ ژیانی سیاسیی عێراقیدا هه‌یه‌. كه‌واتە په‌یامی یه‌كه‌می “فیدان” بۆ عێراق و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراقی ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا “ئه‌نقه‌ره‌ له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا نادات.”
  2. پشتیوانی له‌ سه‌قامگیریی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین[1] په‌یامێكی دیكه‌ی گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی فیدان بوو. ئه‌م په‌یامه‌ زیاتر به‌ واتای ئه‌وه‌ دێت كه‌ قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ پشتگیریی لێ كراوه‌. لانی كه‌م له‌ قۆناغی ئێستادا ئه‌نقه‌ره‌ نایه‌وێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زیان به‌ قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان بگات.
  3. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی “فیدان” بۆ هه‌ولێر و ده‌ستپێكردنی چاوپێكه‌وتنه‌ فه‌رمییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان، “ئه‌لپئا‌رسلان بایراكتار”، وه‌زیری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی توركیا، به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی و له‌ناكاو گه‌یشته‌ هه‌ولێر[2]. ئامانجی ئه‌م سه‌ردانه‌ گفتوگۆكردن بوو له‌باره‌ی وزه‌. ئه‌مه‌یش خۆی له‌ خۆیدا په‌یامێكی دیكه‌ی ڕاسته‌وخۆ بوو بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی، كه‌وا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نه‌خشه‌ی وزه‌ سڕاوەتەوە‌ و هیچ بایه‌خێكی نه‌ماوه‌، چونكه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ به‌ واتای ئه‌وه‌ دێت كه‌ هێشتا هه‌رێمی كوردستان لانی كه‌م بۆ وڵاتێكی گرنگی ناوچه‌كه- كه‌ توركیایه‌- گرنگه‌ و، ئه‌نقه‌ره‌ ئاماده‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌رز، له ‌كه‌رتی وزه‌ په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم بدات. بێ گومان هه‌رچه‌نده‌ ده‌بوایه‌ حكوومه‌تی عێراق كاتێ كه‌ “حه‌ییان عه‌بدولغه‌نی”، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیران بۆ كاروباری وزه‌ و وه‌زیری نه‌وتی عێراق، سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ی كرد، نوێنه‌ری هه‌رێمیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا ببات، به‌ڵام وا دیاره‌ ئه‌وه‌ی به‌غدا نه‌یكرد، توركیا به‌فه‌رمی و ڕاسته‌وخۆ و له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رزتردا كردی. هاتنی “بایراكتار” له‌گه‌ڵ “فیدان” بۆ هه‌ولێر، خۆی له‌ خۆیدا بریتی بوو له‌ گه‌یاندنی په‌یامی “ئه‌نقه‌ره‌ له‌ بواری وزه‌ و نه‌وت و غازدا، نایه‌وێت هه‌رێمی كوردستان په‌راوێز بخرێت” به‌ به‌رپرسانی عێراق.
  4. توركیا، به‌تایبه‌ت دوای ڕاگه‌یاندنی شه‌ست و حه‌فته‌‌مین كابینه‌ی حكوومی له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 14ی مایس، به‌نیازه‌ گۆڕانكارییه‌كی فراوان ئه‌نجام بدات له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و به‌تایبه‌ت وڵاتانی كه‌نداو. بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه، توركیا پێویستیی به‌ هه‌رێمی كوردستان‌ ده‌بێت. واتا ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ پردێك بۆ گه‌یشتن به‌ وڵاتانی وه‌كوو عه‌ره‌بستانی سعوودی‌ و كوێت و وڵاتانی دیكه‌ی كه‌نداو. له‌م ڕووەیشه‌وه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی فیدان بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌.
  5. نێچیرڤان بارزانی“، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمدا، ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه؛ به‌تایبه‌ت له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و توركیادا ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه‌. له ‌سه‌ردانی ئه‌م جاره‌ی “فیدان” بۆ هه‌ولێر، په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ به‌چڕی باسی لێوە كرا. بۆیه‌ ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌‌ بكه‌ین كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی “فیدان” تایبه‌تتر بووه‌ بۆ پاڵپشتیكردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك لایه‌نێكی سیاسیی گرنگی عێراق.
  6. ده‌روازه‌ی سنووریی “ئیبراهیم خه‌لیل” كه‌ ده‌روازه‌یه‌كی گرنگه‌ و له ڕووی بازرگانییه‌وه‌ توركیا به‌ عێراق ده‌به‌ستێتەوە، ساڵانه‌ له ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌روازه‌یه‌وه‌ به‌ ملیاران دۆلاری ئه‌مریكی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تیایدا ئه‌نجام ده‌درێت. “ئیبراهیم خه‌لیل” هه‌م بۆ هه‌رێمی كوردستان و هه‌میش بۆ توركیا له ڕووی‌ ئابووری و بازرگانییه‌وه‌ زۆر گرنگه‌. پتەوكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ زیاتر په‌ره‌دان به‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان توركیا و عێراق، به‌تایبه‌ت له ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌روازه‌یه‌وه‌؛ چونكه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌ له ڕێگه‌ی “ئیبراهیم خه‌لیله”‌وه‌ بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌نێردرێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ ڕۆژانی داهاتوودا وه‌زیری بازرگانیی توركیا سه‌ردانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بكات. سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی وه‌زیری بازرگانیی توركیا‌ به‌ مه‌به‌ستی پتەوتركردنی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانییه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات. “فیدان”یش له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ “فوئاد حوسێن”، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ستی، ڕای گه‌یاند كه‌ قه‌واره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و توركیا گه‌یشتۆته‌ نزیكه‌ی (25) ملیار دۆلاری ئه‌مریكی[3]. بۆیه‌ “فیدان” له ‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان په‌یامی “فراوانتركردنی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان“ی گه‌یانده‌ به‌رپرسانی هه‌رێم.
  7. بواره‌كانی ئاسایش و كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، خاڵێكی سه‌ره‌كیی دیكه‌ بوو كه‌ “فیدان” گه‌یاندییه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم. توركیا له‌م بابه‌ته‌ زۆر جددییه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ دوایین سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق “فیدان” له‌ به‌غدا ڕای گه‌یاند كه‌، “په‌كه‌كه‌” هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات ڕێڕه‌وێك بۆ خۆی دروست بكات كه‌ تیایدا عێراق به‌ سووریا ببه‌ستێتەوە. دیاره‌ ئه‌مه‌یش نیگه‌رانی له‌ لای به‌رپرسانی توركیا دروست كردووه‌. ئه‌م ئامانجه‌ی توركیا، به‌بێ عێراق، به‌تایبه‌تتر به‌بێ هه‌رێمی كوردستان ناتوانری جێبه‌جێ بكرێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌ردانه‌كه‌ی “فیدان” په‌یامی “هاوكارمان بن له‌ بواری پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا“ی گه‌یاندۆته‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان.
  8. “پێكهاته‌ی توركمان”یش له‌ به‌رنامه‌ی “فیدان”دا شوێنی خۆی كردبووە‌وه‌. “فیدان” جگه‌ له‌ به‌غدا، له‌ هه‌ولێریش، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پێكهاته‌ی توركمان له‌ باره‌گای به‌ره‌ی توركمانی له‌ هه‌ولێر كۆ بووە‌وه‌[4]. توركیا به‌گشتی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی مافی پێكهاته‌كان ده‌كات، به‌تایبه‌ت پێكهاته‌ی توركمان. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌یان گوشارێكی زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی “كورسیی كۆتاكان”ه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی هه‌رێم، بۆیه‌ ده‌بینین “فیدان” له ڕێگه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ توركمانه‌كانی هه‌رێم هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ كه‌ په‌یامی “ڕێز له‌ مافه ڕه‌واكانی پێكهاته‌كان، به‌تایبه‌ت توركمانه‌كان، بگرن“، بگه‌یەنێته‌ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانەی،‌ كه‌ گوشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر پێكهاته‌كان، به‌تاییه‌ت پێكهاته‌ی توركمان.

له‌ كۆتاییدا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سه‌ردانه‌كه‌ی “فیدان” ببێته‌ هانده‌رێكی باش بۆ پتەوتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان؛ هه‌روه‌ها له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌م سه‌ردانه‌، ئاماده‌كارییه‌كه‌ بۆ سه‌ردانه‌ پێشبینكراوه‌كه‌ی “ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان”، سه‌رۆككۆماری توركیا بۆ عێراق. هه‌ر‌چه‌نده‌ كێشه‌كانی نێوان عێراق و توركیا قووڵن و ئاوا به‌ چه‌ند سه‌ردانیكردنێك چاره‌سه‌ر ناكرێن، به‌ڵام ئه‌نقه‌ره‌ پێش ئه‌نجامدانی ئه‌م سه‌ردانه، ڕژده‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لانی كه‌م هه‌ندێك له‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن؛ به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌رێمی كوردستانیش وه‌كوو قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری له‌ عێراق، درێژه‌ به‌ پارێزگاریكردن بدات له‌ پێگه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتدا. بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت ڕادده‌ و شێواز و ئاستی په‌یوه‌ندی و هاوكاریی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر – به‌غدا هه‌بێت.

[1]. بۆ بینیی لێدوانه‌كه‌ی “فیدان” ده‌رباره‌ی پشتیوانیكردن له‌ سه‌قامگیریی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه‌ بكه‌ن: https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2408202323

[2]. بۆ ورده‌كاریی زیاتر ده‌رباره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی “بایراكتار” ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه‌ بكه‌ن: وەزیری وزەی تورکیا: لە هەولێرین بۆ گفتوگۆکردن… | رووداو.نێت (rudaw.net).

[3]. بۆ بینینی ده‌قی لێدوانه‌كه‌ی “فیدان” له‌ به‌غدا به‌ زمانی توركی، ده‌توانن له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م لینكه‌وه‌ سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بكه‌ن: https://www.mfa.gov.tr/disisleri-bakani-sayin-hakan-fidan-in-irak-basbakan-yardimcisi-ve-disisleri-bakani-fuad-huseyin-ile-ortak-basin-toplantisi-22-8-2023.tr.mfa.

[4]. بۆ زانیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی “فیدان” له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانی توركمان له‌ هه‌ولێر، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه‌ بكه‌ن: https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2408202320.




پاڵنەرە پێچەوانەکان لە شیعەگەریی ئەمڕۆی عێراقدا

ن: “حارس حەسەن” (HARITH HASAN)

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

ئایا تائیفە و مەزهەب، هەڵگری ئاڵای گۆڕانی شۆڕشگێڕییە یان بەرگری لە دۆخی لەئارادا دەکات، یاخود تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان؟

ئێمە لە مانگی موحەڕەمی ساڵنامەی کۆچیداین، کە بە ماوەی ماتەمینی موسڵمانانی شیعە دادەنرێت. بە درێژاییی چەندان سەدە یادی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن دەکرێتەوە. سروت و ڕێوڕەسمەکان لە مانگی موحەڕەمدا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە پارێزگاریکردن و وزەبەخشین بە کۆمەڵی شیعە و یارمەتیدان بۆ بەردەوامبوونی گێڕانەوە و ئەفسانەکانی پەیوەست بە مەزهەبی شیعە و بڵاوکردنەوەی جیهانبینییەکانی.

لە مانگی موحەڕەمدا چەندان گرووپی ئایینی و ئایدیۆلۆژی و سیاسیی شیعە، کێبڕکێ دەکەن بۆ کاریگەریدانان لەسەر شێوەی ڕێوڕەسمەکان و بەخشینی مانا و حیکایەتی وا كە بیروباوەڕەکانیان بەرجەستە بکەن. ئەم گرووپ و ڕەوتانە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی جیاواز دەربارەی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن دەخەنە ڕوو و، دەیخەنە نێو چوارچێوەی کاروباری هەنووکەیی و واقعی ژیانی ئێستا. ئەمساڵ ئەم یادە لە کاتێکدا کرایەوە، شیعەگەری خەریکە دەبێتە شتێکی وەك بیروباوەڕ و دۆکترینی دەوڵەت، ئەگەر هێشتا نەبووبێت بە “ئایدیۆلۆژیای فەرمانڕەوا”.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەم دوایییانە ڕای گەیاند، جەژنی غەدیر پشووی نیشتمانییە، کە ئەو ڕۆژەیە پێغەمبەر موحەممەد لە خوتبەیەکدا ڕای گەیاند ئیمامی عەلی ئامۆزای، باوکی ئیمامی حوسێن، لە دوای خۆیدا دەبێت بە میراتگری. بە بۆچوونی شیعەکان عەلی کوڕی ئەبی تالیب ئیمامی یەکەمە و، گرووپە شیعییەکان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣وە، داوا دەکەن جەژنی غەدیر بکرێت بە جەژنێکی نیشتمانی. لە سەرەتای مانگی تەممووزدا سەرۆكوەزیران محەمەد شیاع سوودانی، لە یادی ڕۆژی غەدیردا لە بەردەم گەورە سیاسەتمەداران و پەرلەمانتار و بەرپرسانی دەوڵەتدا وتەیەکی پێشکەش کرد. ئەم گردبوونەوەیە لەلایەن “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە ڕێک خرابوو کە هاوپەیمانێتییەکی شیعەیە و فەرمانڕەوایەتیی عێراق دەکات. لە پشت سوودانییەوە لافیتەیەك هەڵواسرابوو ئەم دروشمەی لەسەر نووسرا بوو: “چوارچێوەی ئێمە هێزە و، غەدیر ڕێڕەوی کارکردنمانە.”

ئەمە نوێترین دەرکەوتەی دۆخەکەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا خێراتر بووە، بەوەی کە كایەی گشتی تا دێت هێما و وێنای شیعیی بەسەریدا زاڵ دەبێت. ڕەنگە ئەم مەیلە، ڕەنگدانەوەی واقعی دیمۆگرافیی عێراق بێت کە شیعە زۆرینەی دانیشتووانەکەی پێک دەهێنێت، بەڵام لە بنچینەدا مۆرکێکی سیاسییشی هەیە؛ دووپاتکردنەوەی شیعەیە بە ئاراستەی ململانێ لەسەر دەسەڵات و دەرکەوتنی پلەبەندییە پاوانخوازەکان، کە لەوەدا دەردەکەوێت هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی ڕەمزی فەزای گشتی کۆنتڕۆڵ بکەن و دووبارە ئەو سنوورەی لەوێدا قبووڵ کراوە، دیاری بکەنەوە.

ئەم پڕۆسەیەی “بەشیعەکردن”ی فەزای گشتی، ئەمڕۆکە تیشك دەخاتە سەر سێ ڕاستیی پەیوەست بە دەسەڵات لە عێراقدا: یەکەم، لە کاتێکدا گرووپە شیعییە سیاسی و ئایینی و چەکدارییەکان بەفەرمی لە ڕێکخستنی دابەشکردنی دەسەڵاتدا لەگەڵ کوتلە سوننە و کوردییەکاندا بەشدارن، بەڵام کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی ڕاستەقینە و کردارەکیی دەوڵەتیان مسۆگەر کردووە. هەر بۆیە زیاتر مەیلیان هەیە زاڵبوون و سەردەستیی خۆیان دەربخەن و کەمتر هەستیارییەکانی لایەنەکانی تر لەبەرچاو بگرن.

باشترین نموونەیش بۆ ئەمە، بڵاوبوونەوەی وێنەی کەسایەتییە شیعەکانە لە بەغدا؛ لەنێویاندا وێنەی دیواری و پەیکەرەکانی ئەبو مەهدی موهەندیس، کە سەرۆکی ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی بوو؛ ئەو هێزەی هاوپەیمانێتییەكی گرووپە چەکدارییەکانە و لایەنە ئایینییە شیعییەکان تیایدا ڕۆڵی باڵایان هەیە، بە هەمان شێوە قاسم سلێمانی کە سەرکردایەتیی “فەیلەقی قودس”ی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەئەستۆدا بوو. هەردووکیان لە هێرشێکی درۆنەکانی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا کوژران. هەروەها ئەمە لە كۆنترۆڵكردنی بەرفراوانی فەرمانگەی ئەوقافی شیعەكان لەسەر ئەو مزگەوت و بینایانەی كە لەگەڵ ئەوقافی سوننیدا ناكۆكییان هەبوو، دیار دەكەوێت.

دووەم، ڕاستە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە زیادبوونی متمانەی شیعەکان لە بەرامبەر پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی دیکەدا نیشان دەدات، بەڵام هاوکات جۆرێك لە دڵەڕاوکێیش لە نێوان گرووپە ئیسلامییە شیعەکانی دەسەڵاتداردا ئاشکرا دەکات. ئەوانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی تشرین لە ماوەی نێوان ٢٠١٩-٢٠٢٠دا، کە هەژموونەکەیان لەناو کۆمەڵگەی شیعەدا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی بێوێنە بووەوە. بۆیە لایەنە شیعییە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێ بە هەوڵدان بۆ سەپاندنی بوونی خۆیان و بڵاوکردنەوەی وێنەی سیمبولەکانیان، بۆ ئەوەی سەرنج و تێڕوانینێك بۆ دەسەڵات و هێزە چەسپاوەکەی خۆیان دروست بێت، لەناو کۆمەڵگەدا هەستێکی ئاشناییی وا بورووژێنن، یارمەتیدەر بێت بۆ هێورکردنەوەی دڵەڕاوکێکەیان. هاوکات سەکۆ و کەسایەتییە میدیایییەکانی سەر بەم گرووپە شیعییانە، گوتارێکی پاوانخوازانەیان بەرهەم هێناوە بۆ ترساندنی هاووڵاتیانی شیعی، بەوەی کە ئەو دەسەڵاتەی هەیانە لەدەستی دەدەن و مەترسی دروست دەبێت پشێوی و ئاژاوە بێتە ئاراوە. کەسایەتییەکی ئایینیی ناسراوی شیعە لە وتەیەکیدا باسی لەم نیگەرانییانە کرد و وتی، ئەگەر مرۆڤ ناچار بوو ئەمڕۆ لە نێوان ژیان لە گەندەڵی یان لە ئاژاوەدا یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوا لەو کاتەدا گەندەڵییەکە باشترین خراپەکەیە.

سێیەم: ئەم جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی شیعە، لەو درزەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەناو ئۆردوگەی شیعەدا هەیە لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدری بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ەوە فراوانتر بوو. سیماکانی ئەم درزانە لە کێبڕکێی ڕەوانبێژیی نێوان ئەو دوو لایەنەدا دەرکەوتن، بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کامیان زیاتر بە پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانی شیعەوە پابەندە.

ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییەی سەدرییەکان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دوای ئەوەی پەناخوازێکی عێراقی لە سوید قورئانی سووتاند، لەلایەن سەدرەوە هان درابوو وەک نیشاندانی پابەندبوونی بێسازشانەی خۆی بە ئیسلامەوە. لەم بۆنەیە و چەندان بۆنەی دیکەدا دەزگە میدیایییەکانی سەدری، ڕەخنەیان لە چوارچێوەی هەماهەنگی گرت، بەوەی کە ئامادەیە لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەی خۆیدا سازش بکات؛ ئەمە پەیامێکە سەدر دووبارەی کردەوە، کە لە دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو “وازی لە کاری سیاسی هێناوە” تا دێت زیاتر مەیلی بۆ پۆپۆلیزمی ئایینی دەڕوات. قسەکانی دەربارەی ڕێگرییەکانی نەیارانی “گەندەڵکار” بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، زۆر جار بە گوزارشت و دەربڕینی ئایینی و هەندێک جاریش بە “دواڕۆژبینی”یەوە دەلکێنرێن.

بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو قسە توندانەی سەدر، حزبی دەعوە کە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا فراکسیۆنێکی دیارە، داوای دەرکردنی یاسایەکی نوێ دەکات، ڕەخنەگرتن یان تووڕەکردنی پیاوە ئایینییە دیارەکانی شیعە وەك تاوان بناسێنێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە شوێنکەوتووانی ڕەوتی سەدر هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی حزبی دەعوە، بەهۆی تۆمەتی سووکایەتیکردن بە “محەمەد سادق سەدر”ی باوکی موقتەدا سەدر و دامەزرێنەری “ڕەوتی سەدری”یەوە. کێبڕکێی نێوان سەدرییەکان و ڕکابەرەکانیان، کێبڕکێیەکە تیایدا هەر لایەنێک هەوڵ دەدات کۆنزەرڤاتیڤتر (پارێزگارانەتر/ موحافزكارانەتر) و ئیسلامیتر و شیعەتر دەربکەوێت. بەڵام ئەمە زۆر جار هۆکارە ڕاستەقینەکانی دوژمنایەتی دەشارێتەوە، کە پەیوەستن بە ناڕەزاییی کەسی و ڕکابەریی نێوان گرووپەکان لەسەر دەسەڵات و سەرچاوەکان.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەو ڕێوڕەسمانەی لە مانگی موحەڕەمدا پەیڕەو کران، گوزارشت بوون لە گۆڕینی شیعەگەری بۆ ئایدیۆلۆژیایەك لە پێناو پاراستنی دۆخی ئێستا، هەرچەندە سەکۆیەك بوو بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی دۆخی هەنووكەیی. ئەمەیش لەوانەوە دەرکەوت کە لەسەر مینبەری حوسێنیدا شیعر و حیکایەتەکانی شەهیدکردنی حوسێن و هاوەڵانیان دەخوێندەوە؛ ئەوانەی کە چالاکییەکانیان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە؛ وەك عەممار حەکیم سەرکردەی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەوانەی دیکەیش کە لە خوێندنەوەکانیاندا ئەو پلاتفۆرمەیان بەکار هێناوە بۆ ڕەخنەگرتن لە دەستەبژێری دەسەڵاتدار و گەندەڵییەکانیان.

شیعەگەری لە عێراقدا، دوای چەندان ساڵ لە توندوتیژی و ململانێ لەسەر دەسەڵات، وەك زۆربەی شوناسە بەکۆمەڵەکان، لە کاتی ناسەقامگیری و نادڵنیایی و گرژییەکاندا، تووشی ناکۆکیی ناوخۆیی دەکرێت. بەمەیش تائیفەکە کەوتووەتە نێو دوو پاڵنەری دژبەیەك: یەکەمیان خۆناساندن و پۆلینکردنی خۆیەتی وەك هێزێکی شۆڕشگێڕ کە ئیلهامی لە مۆدێلی حوسێنەوە وەرگیراوە و، ئەوەی تریان ڕۆڵی مۆدیرنیەتی وەك بیروباوەڕی دۆخی ئێستا، کە ئۆلیگارشیی شیعەی دەسەڵاتداری عێراقە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری و پاراستنی دۆخی ئێستا پەنای بۆ دەبات.

سەرچاوە:

https://carnegie-mec.org/diwan/90293?fbclid=IwAR3cKlNSf1JzOf-26SYe8tRhX74WvdIOdLtcfYPylIokS6DCuHWvUTHE80M




پەیوەندییەکانى هەرێمی کوردستان و بەغدا لە قۆناغی دووڕیانی چارەنووسدا(گەمەکە ئاشکرایە: هەوڵەکە بۆ نەهێشتنى قەوارەى هەرێمە)

 

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

ستراتیژییەتى ئێستاى بەغدا دەرهەق بە هەرێم

لە ناونیشانەکەدا ڕاشکاوانە ئاماژەمان پێ دا، ئەو گەمەى بەغدا بەرانبەر هەرێم دەیکا ئاشکرایە؛ مەبەست لێی نەهێشتنى هەرێمە، ئەوەى کە تا ئێستا دەستی کردووە بۆ هێرشهێنان دژ بە هەرێم، سێ فاکتەرى سەرەکیین: هەرێم واقعێکی دستوورییە و حکوومەتى هەرێمیش بەو دەستوورەوە پابەندە و تا ئێستاش دەستوورى هەمیشەیی هەر وەک خۆى کە لەلایەن گەلی عیراقەوە پەسەند کراوە لە 2005 بەرکارە. دووەم پشتیوانیی نێودەوڵەتى بۆ هەرێم، سێیەم قۆناغەکە ئەو بەریەککەوتن و شەڕە ناخوازێ لەنێوان هەرێم و بەغدا ئەوەش تەنها لەسەر کات وەستاوە و هیچی تر، چونکە لە کاتى خۆیدا بەغدا پاساو دێنێتەوە و لەو شەڕە دژ بە هەرێم دوودڵ نییە. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لەو بارەیەوە ئەوەیە: ئایا بەغدا ئێستا پەیڕەوى کام جۆر و شێواز لە سیاسەت دەرهەق بە هەرێم دەکات؟ ئایا لە ڕوانگەى واقعە دەستوورییەکەوەیە، یان ئەجێندایەکی بیانی و ناوخۆییی تایبەتە؟ وەڵامی دووەمیان دروستە، بەوەى سیاسەتەکە بەپێی ئەجێندایەکی بیانییە بۆ نەهێشتنى هەرێم. ئەدی جۆر و شێوازەکەى چییە؟ بۆ ئەو مەبەستە بەغدا – ئێران جەخت لەسەر چەند تەوەرێک دەکەنەوە، لەوانەیش:

  • پیادەکردنى سیاسەتى نەگەیشتنە ئەنجام یان ڕێککەوتن؛ بەڵکوو سەپاندنى مەرج و داواکاریى بەغدا بەسەر هەرێمدا؛ ئەوەى هەیشە لە ڕێککەوتنەکان بەهۆى بوونى دەستوورەوەیە، دەنا ئەوەیشیان نەدەدا.
  • سیاسەتى ماندووکردن؛ تا هەرێم لە ئاکامدا خۆى بەدەستەوە بدا، یان بارودۆخەکە لە ناوخۆى هەرێم بتەقێتەوە. ڕوخسارى ئەو سیاسەتەیش: هیچ ئارەزوویەکیان بۆ ڕێککەوتن نییە، زۆرکردنى دانیشتنەکانى دانوستان، خستنەڕووى داواکاریى نوێ، زەمەن درێژکردنەوە، بیانووهێنانەوە لە هەموو شتێکدا، جیاوازبوون لەسەر هەموو کایەکان و هتد. ڕەگەزەکانى ئەو سیاسەتى ماندووکردنەیش سیانن: ئەجێندایەکی شاراوەى ناوخۆیی و بیانییە کە ناکرێ ئاشکرا بکرێ، لەسەر فێڵ بنیات نراوە، لە ڕووکاریشدا باس لە بەرژەوەندیى هاوبەش و هاوکاریى نیشتمانى دەکات.
  • سیاسەتى پەرتکردن؛ ئەمەیش جەخت لەسەر جیاوازییە سیاسییەکانى ناوماڵی کوردستانی دەکات و وەبەرهێنانیان تێدا کردووە؛ کەم تا زۆر دەستکەوتیشیان هەبووە.
  • نانەوەى ئاشوب؛ تا ئەو قۆناغەى هەرێم سیستەمى ئاسایشی تێک دەچێ و بوار بۆ دەستێوەردانی حکوومەتى فیدراڵ دێتە ئاراوە، بەڵام ئەوکات بە یارمەتیى یەکێک لە لایەنەکانى هەرێم دەبێ و، هەر ئەو لایەنەیش دەکرێتە سوورى بەر لەشکر بۆ ماوەیەک؛ دواتر هەمان واقعی شازدەى ئۆکتۆبەر دووبارە دەبێتەوە.
  • کۆتا قۆناغ، زاڵبوونە بەسەر واقعی سیاسی و دەستووریى هەرێمی کوردستان. ئەودەمیش دەستوور زۆر بەئاسانی دەگۆڕن و هەرێم و ماددەى سەد و چل بوونیان نامێنێ و دیمۆگرافیا دەگۆڕێ و سیاسەتى بەعەرەبکردن و بەمەزهەبکردنیش نەک هەر لە شارەکانى هەرێم، بەڵکوو تا ئەوپەڕى سەرسنوور دەکشێ.

ئایا چی بەر بەو سیاسەتەى گرتووە تا ئێستا؟ وەڵامەکەى: زۆربەى هەرە زۆرى لایەنەکانى هەرێم- بێجگە لە دوو لایەن نەبێ کە دیارە کێن- لە کاتى ڕیفراندۆم و ئێستایش لەگەڵ مانەوەى هەرێم و یەکڕیزین؛ بارودۆخى بێسەروبەر و پەرێشانی عێراق. پشتیوانیی نێودەوڵەتى، جەختکردنەوەى هەرێم لەسەر شایستە دەستوورییەکان و پابەندبوون پێیەوە، بارودۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە (بەتایبەت لە نێوان ئێران و ئەمریکا)، هەڵوێستى پشتیوانیی تورکیا بۆ هەرێم.

سیناریۆکانى بەغدا دەرهەق بە هەرێم سیانن: لەباربردنى هەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ سیستەمى پارێزگاکان، مانەوەى هەرێم بەڵام سەد و هەشتا نمرە جیاواز لەگەڵ ئەو هەرێمەى کە ئێستا هەیە (واتە مانەوەى هەرێم بە زەینییەتێكی دەوڵەتى مەرکەزى کە ئەوەیش پێویست بە گۆڕینی دەستوور دەکات)، سیناریۆى سێیەم سەرلەنوێ دروستکردنى شەڕى ناوخۆ یان قووڵکردنەوەى جیاوازییە سیاسییەکانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانى تا ئاستى لێکترازان و دابەشکردنى هەرێم بەسەر دوو ئۆتۆنۆمیی سەربەخۆى کارگێڕی و نەهێشتنى ئەو هەرێمەى کە ئێستا هەیە… ئەوەى کە زیاتر ئێران گرنگیى پێ دەدا، تێکەڵەیەکە لە هەرسێکیان بە مەبەستى سەرخستنى سیناریۆى سێیەم، چونکە ئەزموونەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە گەڕانەوە بۆ سیستەمى بەپارێزگاکردنى هەرێم کارێکی زۆر قورسە و، تەنیا بە پەیڕەوکردنى دیکتاتۆرییەت دەکرێ. ئەوەیش ئاژاوەی سەرتاسەریى وڵاتى بەدواوەیە.

ئامرازەکانى گوشار لەلایەن بەغداوە دەرهەق بە هەرێم

بۆ سەرخستنى ئەو سیاسەتە، بەغدا هانا بۆ بەگەڕخستنى هەندێ ئامڕاز دەبات لە هەرێم و ناوچەکە، لەوانە:

  1. ئەوپەڕى گوشارخستنە سەر هەرێم لە ڕێگەى سێ وەزارەتەوە: نەوت، پلاندانان، دارایی، کە هەرسێکیان لەژێر هەژموونى “مالیکی”دان و بە ڕێنوێنیی ئەویش دەجووڵێن.
  2. پەرلەمانى عێراق؛ تا هیچ پرۆژەیاسایەک تێ نەپەڕێ کە لە بەرژەوەندیى هەرێم بێت.
  3. دادگەى دەستوورى؛ تا هەرێم پەناگەیەک بەدی نەکات، هاناى بۆ بەرێت.
  4. یەکێتیى نیشتمانى و جووڵانەوەى نەوەى نوێ و هەندێ کەسایەتى و پەرلەمانتار؛ کە هەردووکیان پەرچەکردارى ململانێی سیاسییان لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان هەیە و، مەبەستیانە هەرچییان کردووە لە هەژموونى کەم بکەنەوە. لای ئەو دوو لایەنەیش ئەو هاوکێشەیە دروست بووە کە لێدان و لەباربردنى هەرێم، واتە لەناوچوون و کەمکردنەوەى هەژموونى پارتى دیموکراتى کوردستان. لەلایەن بەغداشەوە هەموو کارئاسانییەكیان لەو بارەیەوە بۆ دەکرێ.
  5. ئێران؛ ئەوەیش بابەتێکێ نوێ نییە و تا ئاستى مووشەکبارانکردنى پایتەختى هەرێم گرژییەکان لەگەڵیدا هەڵکشان.
  6. پەکەکە؛ ئەویش لە پێناو بەردەوامیى ناسەقامگیری لە هەندێ ناوچەى هەرێم وەک سلێمانى و سەرسنوورەکانى تورکیا و ئێران و شەنگال و مەخموور.
  7. گەمارۆخستنە سەر هەرێم لە چەندان بواردا؛ هاوردەنەکردنى نەوتى هەرێم، ئاسانکارینەکردن بۆ هاتنى سووتەمەنى لە ناوچەکانى عێراقەوە بۆ هەرێم و بوارەکانى ترى وەبەرهێنان، تا جووتیارانی هەرێم لە بازاڕەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق سوودمەند نەبن؛ ئەمە سەرەڕاى هێڵی گەشەپێدان کە پلانى داچۆڕاندنى هەرێمی لەدواوەیە لە تەواوى جووڵە بازرگانییەکانى لەگەڵ تورکیا.
  8. ڕاگەیاندن و ڕای گشتى؛ هەنووکە لە هەموو ساتەکان زیاتر وەختێتی، چونکە زەمینە لەبارە بەهۆى هەڵبژاردنى پارێزگاکانەوە، کە ئامانج تێیدا وێناکردنى هەرێمی کوردستانە بەوەى کە هەڕەشەى ڕاستەقینەیە لەسەر یەکپارچەییی عێراق و هۆکارى دەستتێوەردانە دەرەکییەکانە و دەستیشی هەیە لە ئاژاوەی ناوخۆ و بەهەدەردانى سامانى وڵات.
  9. گوشارخستنە سەر کۆمپانیاکانى نەوت؛ ئەوانەى کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمدا هەیە، تا لە پێناو بەردەوامبوونیان لە بوارى وەبەرهێنانى وزە، ڕوو بکەنە بەغدا.

دواتر پێویستە ئەوە بپرسین: ئایا هەرێم لە بەرامبەردا لە ڕووى کردەیی و دەستوورییەوە چیی پێ دەکرێ؟ (ئەویش لە پێناو ئەوەى تا نەخشەڕێگەیەکی دروستى بۆ سیاسەت هەبێ و گوشارەکان لەسەر خۆى کەم بکاتەوە و هاوسەنگییش بۆ پرۆسەى سیاسیی عێراق بگێڕێتەوە، لە ئاکامیشدا خۆى لێیان سوودمەند دەبێ.) هەر بۆیە هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو ڕەوتە لە سیاسەتى هەندێ لایەنى عێراقی سەر بە ئێران، دەتوانێ لە ڕووى کردەیییەوە ئەم هەنگاوانەى خوارەوە بنێ، یان بەردەوام بێ لەسەریان، لەوانەیش:

“بەردەوامبوون لە جووڵەى دیپلۆماسیی هەمەلایەنە و گشتگیر، جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزى و هەوڵدان بۆ پەرتنەبوونى ناوخۆ لەوە زیاتر (هەرچەندە دوو لایەنى بەرچاوى پرۆسەى سیاسیی هەرێم، پاڵیان داوەتە بەغدا و دژ بە هەرێم وەستاونەتەوە)، بەردەوامبوونى پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و زیاتر لێکنزیکبوونەوە تا گرفتەکان چارەسەر ببن، ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم لە شوباتی 2024، پابەندبوون بە بوودجەوە تا بیانوو نەدرێتە بەغدا لەلایەن هەرێمەوە بۆ گرفتنانەوە و نەناردنى بەشە بوودجەى هەێم، بەردەوامبوون و بەدەمەوەچوونى پشتیوانیی نێودەوڵەتى و فراوانکردنى، بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی، گرنگیدان بە سوننە، نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو لایەنانەى کە تێگەیشتنیان هەیە بۆ ماف و شایستە دەستوورییەکانى خەڵکی هەرێم، پێشوەختە بیرکردنەوە لە هاوکێشە و گرفتەکان، گرنگیدان و ئامادەکردنى یاساى نەوت و غاز بەپێی دەستوور (چونکە ئەو ئەنجومەنەى پێشنیار کراوە، هیچ لە سوودی هەرێم نییە)، بەردەوام ناردنى شاندی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەغدا بە سەرۆکایەتیى حکوومەتى هەرێم، بەئاکامگەیاندنى پرۆسەى سیاسی و دیموکراسییەت لە هەرێمی کوردستان، بەشداریپێکردنى لایەنەکانى تر لە هاوکێشە سیاسی و حوکمدارییەکانى هەرێم بەدەر لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردن (ئەمەیش بە هەنگاوێک هاتنەدواوەى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانى دەکرێ، تا پانتایییەک بۆ لایەنەکانى تر بەدی بێت)، هێنانەکایەى سیاسەتى تەوافوقی لە هەرێمی کوردستان (بەڵام نەک دووجەمسەرى بەڵکوو ئەم جارە، دەبێ فرەجەمسەرى بێت تا هەمووان خۆیان بە خاوەن هاوکێشە سیاسییەکان بزانن و پشت لە حکوومەتى هەرێم نەکەن)، گوشارنەخستنە سەر یەکێتیى نیشتمانى (چونکە هەواگۆڕكێكەی لە بەغداوە دەردەچێ نەک لە پرۆسەى دیموکراسیی هەرێم)، لەمەودوا کارکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەبێ بەبەرامبەر بێت (بەتایبەتیش دەبێ لایەنى یاسایی، پێش ڕێکكەوتن بخرێ نەک بەپێچەوانەوە چونکە ئەوەى گوزەرا، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە دواى ڕێککەوتنەکان فێڵ لە کورد کراوە و پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنەکانەوە). لە کۆتاییدا دەبێ سەرکردایەتیى کورد لە هەرێم لەوە تێ بگا: “ململانێ و جەنگەکە لە دژى هەرێم هەمەلایەنە و گشتگیرە و بەردەوامیش دەبێت تا لەباربردنى هەرێم.”

بەڵام لە ڕووى دەستوورییەوە هەرێمی کوردستان دەرفەت و بوارەکانى کەمترن، ئەویش بەهۆى ئەوەى کە: لایەنە عێراقییەکان هیچ نییەتێکیان نییە بۆ جێبەجێکردنى دەستوور، بەڵکوو ڕژدن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ هەموارکردنى، دامەزراوەیەکیش نییە کە بێلایەنانە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا یەکلایی بکاتەوە و پێشوەختە سەنگەرى لە هەرێم گرتووە؛ بۆ زانین و تێگەیشتن لە هەندێ چەمکی دژوارى دەستوورییش هەر بە هەمان شێوە، بەوەى کێ شرۆڤەیان دەکات؟ تا ئێستا دادگەى دەستووریى باڵا سەلماندوویەتی کە لایەنگیرە بۆ ڕەوتێکی دیاریکراوى سیاسی و مەزهەبیی ناو عێراق… ئەوەى کە دەمێنێتەوە بۆ هەرێم لەسەر ئاستى دەستووری جێبەجێی بكات، ئەوەیە کە: جەختکردنەوە لەسەر دەستوور کە تەنیا بەڵگەى یاسایییە بۆ یەکلاکردنەوەى کێشەکان تا لە بەردەم ڕای گشتیى عێراقی و نێودەوڵەتى بیسەلمێنێ کە تەنیا ئەوە لە عێراق دەستوورى لا مەبەستە و داواى جێبەجێکردنى دەکات (هەر ئەویشە لە عێراق بە ناوى دەستوور و نیشتمانپەروەرییەوە ستەمی لێ دەکرێ)، بەرزکردنەوەى داواى یاسایی لە دادگەى باڵاى فیدراڵی سەبارەت بە هەموو ئەو پێشێلکارییە دەستوورییانەى کە دەرهەق بە هەرێم دەکرێن (گەرچی قەناعەتێکیش هەیە سەبارەت بەوەى کە هیچ کات دادگەى فیدراڵی لە سوودی هەرێم بڕیارى نەداوە؛ لەوانەیە هەندێک بپرسن ئەدی ئەوەى چەند ڕۆژى ڕابردووى سەرەتاى مانگى هەشت چی بوون؟ ئەوانە شتی بەڵگەنەویست بوون کە هەر دەبوایە لە بوودجەدا نەبوایە و بە ڕۆژى ڕووناک نادەستووری بوون و پێشتریش هەمووان لە هەرێم دەنگیان بەرز کردەوە و وتیان ئەوانە نادەستوورین و چەندان ماددە و بڕگەى تریش، بەڵام کەس نەیبیست و دادگەى باڵاى فیدراڵییش سەرەڕاى ئەوەى هەرێم داوایشی بەرز کردەوە، بەڵام لە سوودى هەرێم بڕیارى نەدا، کە لە هەمان کاتدا نادەستوورییەکى ئاشکران. لە لایەکی ترەوە دەکرێ لەو بارەیەوە هەرێم دادگەى فیدراڵی پشتگوێ نەخات و جارێکی دی پەیوەندییەکانى خۆى لەگەڵیدا ڕێک بخاتەوە. پێویستە زۆر جەخت لەسەر پڕەنسیپى فیدراڵییەت بکرێتەوە و تەواوى پۆستە فیدراڵییەکان کە لە پشکی کوردن پڕ بکرێنەوە، چونکە سەرانی بەغدا بە فیدراڵییەت زۆر قەڵسن و، هەوڵ درا لە یاساى بوودجەدا دواهەمین فاتیحە لەسەر تەڵقینەکەى دابدەن و جاڕى مەرگی فیدراڵییەتیان دا.

مشتومڕ (جەدەلییەتێک)ی دی ئەوەیە کە ئایا حکوومەتى هەرێم چۆن دەتوانێ لەو گوژمە گوشارانە کەم بکاتەوە لەسەر ئاستى هەرێم و عێراق و ناوچەكە؟ لە دووتوێی ئەمەوە، دەبێ لەسەر هەرسێ ئاستەکە ئاماژە بدەین.

لەسەر ئاستى ناوخۆ

لەو بارەیەوە دەکرێ جەخت لەسەر چەند ڕەهەندێک بکرێتەوە، تا کاریگەریى گوشارەکان کەم بکرێنەوە، لەوانەیش: بەرزکردنەوەى ئاستى تەوافوقی سیاسی، جەختکردنەوە و کارکردنى کردەیی بۆ یەکڕیزی، ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى و ئەنجومەنى پارێزگاکان، بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى ناوخۆ چڕتر بکرێنەوە و هەوڵ بدرێ ئاکامێکی ئەرێنییان لێ بکەوێتەوە، سەرخستنى پرۆسەى دیموکراسی و بکرێتە سەنگی مەحەک بۆ حوکمڕانیی هەرێم و، دوورکەوتنەوە لە لۆژیکی هێز، گوشارنەخستنە سەر یەکێتیى نیشتمانى تا دەستێوەردانەکانى بەغدا کەمتر ببنەوە، جێبەجێکردنى یاساى بوودجە؛ دەبێ پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانى هەنگاوێک لە حوکمڕانی بچنە دواوە تا جۆرێک لە تەوافوقى سیاسی دروست ببێ و ئاستى ململانێی سیاسیی نێوان ئەو دوو لایەنە سووک ببێ.

لەسەر ئاستى عێراق

بژاردەکان کەمترن بە بەراورد لەگەڵ ناوچەیی و ناوخۆ، چونکە ئەوەى کە کاریگەرە لەناو حکوومەت و پەرلەمانى عێراقی، ڕاى دژیان بەرامبەر هەرێم هەیە و چەندان جومگەى سەرەکیی دەسەڵاتیشیان لایە، بەتایبەت مالیکی و عەسائیبی ئەهلی هەق؛ بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە زۆرێک لە سەرکردایەتیى کورد بێئومێد بووبن یان لەگەڵ سەرانی بەغدا هەماهەنگ بن. هەر بۆیە لەو بارەیەوە پانتایییەک بۆ کار و پەیوەندی لە بەغدا ماوە، کە دەکرێ هەندێ جووڵەى کاریگەرى سیاسیی تێدا بکرێ، وەک: هێشتنەوەى پەیوەندیی ئەرێنی لەگەڵ خودی حکوومەتى عێراقی (هەرچەندە تەواوى ڕایەڵەکان لە چنگی ئەودا نییە، بەڵام وەک دەسەڵاتى جێبەجێکردن کاریگەریى تایبەتى خۆى هەیە)، هەوڵدان بۆ دروستکردنى ڕایەڵەیەک لەگەڵ میدیا و دەستەبژێرى عێراقی و پێگەیاندنى پەیامی حکوومەتى هەرێم پێیان، گرنگیدان بە تیمە تەکنیکییەکان کە دەنێردرێنە بەغدا بۆ چارەسەرى دۆسیە ناکۆکەکان (بەوەى هەرچی دەکرێ تیمەکان پرۆفیشناڵ بن، چونکە کەسایەتییە سیاسییەکان ناتوانن قسە لەبارەى تەواوى دۆسیەکانەوە بکەن)، زیاتر ئەکتیڤکردنى بەرپرسانی کورد لە بەغدا تا ئەرکی نیشتمانى و نەتەوەیییان دەرهەق بە هەرێم بەجێ بگەیەنن (چونکە ئەوان نوێنەرى خەڵکی کوردستانن)، دروستکردنى ڕایەڵەى تایبەت لەگەڵ ئەو لایەنانەى کە دۆستى گەلی کوردن و لە مافەکانى کورد تێ دەگەن، لەگەڵ ئەو لایەنانەیش کە دژن تا لەو نێوەندەوە پەیوەندییەکى ئەرێنی بێتە کایەوە و دواجار ڕای گشتیى عێراقی تێ بگا، كە ئەوە هەرێمە بە چارەسەرە ئاشتییەکان ڕازییە و، ڕکابەرەکەیانە کە نیازی لەباربردنى هەرێمەکەیانی هەیە…؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە پێویستە پەیوەندییەکانى هەرێم لەگەڵ ڕەوتەکانى سەر بە ئێران سەرلەنوێ ڕێک بخرێنەوە، چونکە پرۆسەى سیاسیی عێراق لەژێر ڕەحمەتى ئەواندایە و هەر ئەوانیشن بە پشتیوانیی ئێران ئاڕاستەى دەکەن. کۆتا ڕەهەند لەسەر ئاستى عێراق کە دەبێ جارێکی دیكە تێی بڕوانین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا، “ڕەوتى سەدر”ە؛ هاتنەوەى بۆ ناو سیاسەت نزیک بۆتەوە، بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى داهاتووى عێراق، کە هەم وەک پشتیوانى و هەم وەک هۆکارى گەڕانەوەى هاوسەنگى بۆ عێراق، پێویستە.

ئایا دەکرێ هەرێم کار لەسەر گێڕانەوەى هاوسەنگی بۆ عێراق بکات؟

بەڵێ دەکرێ، بەڵام کارێکی ئاسان نییە، چونکە پرۆسەى سیاسیی عێراقی 2023 زۆر جیاوازە لەوەى ساڵی 2003. ئێستا هەر هەوڵێک لەو بارەیەوە بدرێ، زۆرینە دژایەتیى دەکات و بە سیاسەتى پەرتەوازە بۆ نیشتمان ئەژمار دەکرێ. بەڵام تا ئێستا هەندێ ڕایەڵەى کاریگەر بۆ بەدیهێنانى ئەو هاوسەنگییە ماون، چونکە عێراق بەبێ هاوسەنگی، هەمیشە بەرەو دیکتاتۆرییەت سەری کێشاوە؛ ئەوەى ئەم جارەیش نەک هەر دیکتاتۆرییەت بەرهەم دێنێ، بەڵکوو ڕوخسارێکی ترى مەترسیداریشی بۆ زیاد دەبێ، کە ئەویش “دیکتاتۆرییەتى مەزهەبی”یە و هێزێکی ئایینیی مەزهەبی دەیپارێزێ؛ بەڵام تا هەنووکە عێراقییەکان تەسلیم بەو واقعە نەبوون. هەر بۆیە دەکرێ چەند بنەمایەکی کار بۆ گێڕانەوەى هاوسەنگی ئاماژە پێ بدرێ کە لە ئاکامدا هەرێم لێی سوودمەند دەبێت و عێراقیش سەقامگیرتر. لەوانەیش:

  • جارێکی تر گەڕانەوە بۆ سیاسەتى تەوافوقی؛ بەڵام بە دوو ڕەگەزى سەرەکییەوە: فیدراڵییەت و سەروەریى دەستوور.
  • پێویستە کورد و سوننە ئەو پەیامە بە ڕای گشتیى عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بدەن، کە ستەمیان لێ کراوە و پەراوێز خراون و، وڵات بەرەو عەسکەرتارییەتى پێشوو مل دەنێ و لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە دەیشەرعێنن.
  • پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان؛ بەتایبەت ئەوانەى کە لە شایستە دەستوورییەکانى هەرێم تێ دەگەن و دژی نین و، هەندێ جاریش پشتیوانیى لێ دەکەن.
  • گرنگیدان بە سوننەکانى هەر چوار پارێزگاى مووسڵ، کەرکووک، دیالە و سەڵاحەددین؛ چونکە ئەوانە هەم پشتێنەى ئەمنین و هەم بۆ هاوسەنگییش پێویستن.
  • هەماهەنگیکردن لەگەڵ سوننە لەسەر ئاستى عێراق؛ بەڵام بە جۆرێک کە وەک بەرە دژ بە شیعە سەرنج نەدرێ و، پێویستە قەناعەتیان پێ بهێنرێ و ڕازی بكرێن کە هەوڵ بدەن و جەخت لەسەر پڕەنسیپی فیدراڵییەت بۆ ناوچە سوننەنشینەکان بکەنەوە؛ چونکە تاکە هۆکارى مانەوە و پاراستنیان لە عێراق، فیدراڵییەتە.
  • هەماهەنگییەکی نەرم لەگەڵ ڕەوتى سەدر لەو چوار پارێزگایەى کە ئاماژەمان پێ دان، بۆ ئەوەى شانس بدرێ بە هەندێ لایەن تا لە هەڵبژاردن سەر کەون و سوودبەخش بن بۆ ئاییندەى عێراق و ڕێگرتن لە هەندێ لایەن کە وڵات بەرەو دیکتاتۆرییەت و پەراوێزخستنى ئەوانى دی دەبەن.

لەسەر ئاستى ناوچەیی

بەردەوامبوونى ڕایەڵەى پەیوەندیی دەرەوە و پشتیوانیی نێودەوڵەتى بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگن؛ هەر ئەوەیشە کە ئەم هەرێمەى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بەزیندوویی هێشتۆتەوە. ئەمە بوارێکی گرنگە و، دەبێ حکوومەتى هەرێم ئەجێندایەکی تایبەتى لەو بارەیەوە هەبێ، لەوانەیش:

  • جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى دەرەوە؛ تا لە ڕێگەیانەوە دۆستەکان زۆرتر بکرێن و نێوبژیكارانیش زیاتر بن.
  • بیرکردنەوە لەوەى کە پێویستە جارێکی تر چاو بە ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامی بخشێنینەوە؛ چونکە کاریگەرترین دەوڵەتى ناوچەکەیە لەسەر پرسی کورد، بەتایبەت لە عێراق؛ چونکە هەر ئەوە کە پرۆسەى سیاسیی عێراق ئاڕاستە دەکات.
  • تورکیا بۆ هەرێم خاڵی جیاکەرەوەى هاوکێشەکانى ململانێى عێراقە؛ کورد زۆر پێویستیى بە تورکیا هەیە. چەند پەیوەندییەکانى تورکیا و هەرێم بەهێز بێت، ئەوەندەیش پێگەى هەرێم دەچێتە ئاستێکی باشترەوە و پشتیوانییشی بۆ پەیدا دەبێت و، لەوێیشەوە دەگاتە بازاڕەکانى جیهان و ناوەندەکانى بڕیاردروستکردنى ئەوروپا و ئەمریکا. باشترین هەنگاویش کە دەبێ گرنگیى پێ بدرێ، سەرلەنوێ هەناردەکردنەوەى نەوتە لە تورکیاوە، کە ئەمەیش گرنگییەکى زۆرى هەیە و مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێ.
  • دەوڵەتانى کەنداو ڕۆڵێکی گرنگ و میحوەرییان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیا بەگشتى، بەتایبەت دواى ئاساییکردنەوەى پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل؛ هەر لەوانەیشەوە کاریگەرى و ڕایەڵەکان لاى دەوڵەتانى ئەوروپی و ئەمریکا پتەوتر دەبن. هەر بۆیە لەو نێوەندەوە پێویست بە جووڵەیەکی کاریگەر هەیە.
  • لەسەر ئاستى ناوچەکە، دەبێ ئەو پەیامە بە دەوڵەتانى ناوچەکە و ئەوروپا بگات کە سەقامگیرى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەبێ یەکلانەبوونەوەى پرسی کورد مەحاڵە و ئاستى ئاژاوە و پشێوی هەڵدەکشێ؛ بەتایبەتتر ئەگەر حکوومەتى هەرێم ئەو ڕۆڵە ئەرێنییە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەى کە هەیەتی لەبار ببردرێ، تەواوى هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکەوێتە مەترسی و ئاژاوەوە و، مەترسیی هەڵکشانی ڕەوتەکانى دژبە بەرژەوەندیى دەوڵەتانى ئەوروپا و تورکیا و ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئارادایە.
  • سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕەوتانەى کە لە خولگەى ئێرانیدان؛ چونکە مەرج نییە هەموویان دژ بە بەرژەوەندییەکانى هەرێم بن، بەڵکوو دەکرێ لەسەر هەندێ دۆسیەى چارەنووسساز بۆ وڵات لەگەڵیان ڕێک بکەون.

ئایا عێراق تا کوێ دەتوانێ گوشار لە حکوومەتى هەرێم بکات؟

ئێمە ناتوانین عێراق وەک یەک کوتلە ئەژمار بکەین؛ هەرێم ڕێککەوتنى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵیی کرد، بەڵام ڕەوتەکانى سەر بە ئێران هیچ دانیان پێدا نەنا، بەڵکوو ڕایان گەیاند کە ئەو ڕێکكەوتنە لەگەڵ حکوومەت کراوە نەک پەرلەمان. پەرلەمان ئەوەندە دەستی وەردایە بوودجەوە کە تەواو پێچەوانەى دەستوور و بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵی بوون. جا لەبەر ئەوە ئێمە باشترە بڵێین ئەجێنداى بیانی دژ بە هەرێم، چۆن دەڕوانێتە هەرێم؟ یان دەکرێ بپرسین، ئایا گوشارەکانى حکوومەتى عێراقی و پەرلەمانەکەى کە ئەجێنداى بیانیی بەسەرییەوە زاڵە، هیچ سنوورێکی دیاری هەیە؟ دیارە وەڵامەکە “نەخێر”ە، بەڵام دەکرێ بڵێین: ئایا تا کوێ گوشارەکان بەردەوام دەبن؟ وەڵامەکە پەیوەندیدارە بە بەدیهاتنى ئامانجەکانیان. کەواتە دەتوانین بڵێین کە گوشارەکان بەردەوام دەبن تا هاتنەدیی ئەم ئامانجانەى خوارەوە، هەندێ لە ڕوخسارەکانیشی بەم شێوەیەن:

  • گەمارۆدانى هەرێم لە هەموو لایەکەوە؛ تا بەناچارى هەرێم خۆى ڕادەستی بەغدا بکا، بەڵام بەو مەرجانەى کە بەغدا دەیەوێ، نەک ڕێککەوتنى دوولایەنە.
  • دروستکردنى هەندێ ناوچەى هەرێمی کوردستان کە حکوومەتى هەرێم هەژموونى تەواوى بەسەریاندا نییە؛ دواتریش تەمویلکردنیان تا کاتى پێویست و گێڕانەوەى هاوسەنگیی هێز بۆ ناو دوو لایەنەکەى هەرێم.
  • لەقاڵبدانی پەیوەندییە دەرەکییەکانى هەرێم.
  • مامەڵەنەکردن لەگەڵ ئەو وەفدە حکوومییانەى کە یەکێتیى نیشتمانییان لەگەڵدا نییە؛ بەپێچەوانەیشەوە دروستە.
  • شێوازی تێپەڕاندن و نەخوێندنەوە؛ بەوەى وەفدێکی حکوومەتى هەرێم بۆ هەستیارترین بابەت دەچێتە بەغدا، بەڵام لەگەڵیدا ڕێك ناکەون، كەچی نوێنەرى یەکێک لەو دوو لایەنە بەرچاوەى پرۆسەى سیاسیی هەرێم بچێتە بەغد،ا بەدەستبەتاڵی ناینێرنەوە؛ ئەوەیش بۆ زیاتر کەلێنخستنە ناو یەکڕیزیی کوردەوە و نانەوەى ئاژاوە.
  • پشتیوانیکردنى ناڕاستەوخۆى هەر ئاژاوەیەك لە هەرێم کە بکەوێتەوە؛ ئەویش لەپێناو ناشرینکردنى حکوومەتى هەرێم، دواتریش وێناکردنى هەرێم بەوەى سەرچاوەى ناسەقامگیری و ئاژاوەی عێراقە.
  • هەوڵدان بۆ نانەوەى شەڕی ناوخۆ لە نێوان دوو لایەنە سەرەکییەکەى حکوومەتى هەرێم؛ بەڵام ئەم قۆناغە نزیک نییە، گەرچی ئەوەندەیش دوور نییە؛ تەنیا ئەوەندە نەبێ، دەبێ لایەنى بەرامبەر پتەو بکرێ و ڕێک بخرێتەوە و هێز و داراییی تەواوى بخرێتە ژێر ڕکێفییەوە.
  • کارکردن لەسەر نەهێشتنى ڕوخسار و پڕەنسیپەکانى فیدراڵییەت؛ ئەمەیش لە ڕێگەى ڕێوشوێنە کارگێڕی و بڕیار و یاساکانى پەرلەمان و بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵی و مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم وەک پارێزگاکان و لێسەندنەوەى دۆسیەى نەوت و هتد.
  • دوا قۆناغیش لەباربردنى هەرێمە؛ ئەودەم ئەو ئەجێندایەى کە لە شازدەى ئۆکتۆبەر جێبەجێ کرا، خراپتر دووبارە دەبێتەوە- ئەوەى کە پێی بڵێی سیماى کورد بە هەرێمی کوردستانەوە ناهێڵن. ئەو قۆناغەیش نەک هەر نەمانى حکوومەتى هەرێمە-هەروەک هەندێ لایەنى دۆستى ئەوان ئاواتى بۆ دەخوازن-، بەڵکوو نەمانى پرسی کوردیشە لە عێراق. دەبێ وا بژى کە لەگەڵ مەرج و وەسفەكانی ئەوان بۆ هاووڵاتیبوون یەک دەگرێتەوە، دەنا شوێنت ئێرە نابێ. ئەمەیش ئەو مەترسییەكە، کە دەبێ سەرکردایەتیى کورد خەمی لێ بخوات.

ئایا هەڵبژاردنى پارێزگاکان شانسێك بۆ گێڕانەوەى هاوسەنگیى تێدایە؟

دەکرێ ئاماژە بەوە بدەین ئەگەر هات و: کار لەسەر ئەوە کرا کورد بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوانى تر پشتیوانیى ئەو کاندیدانەی كرد کە سوود بە کورد و سوننە دەگەیەنن لە هەر چوار پارێزگاکانى کەرکووک و مووسڵ و سەڵاحەددین و دیالە، ڕێگرییش بکرێ لە دەرچوونى ئەو کاندیدانەى کە لەو چوار پارێزگایە سەنگەریان لە سوننە و هەرێمی کوردستان گرتووە، بۆ پارێزگاکانى تریش جۆرێک لە هەماهەنگی لەگەڵ ڕەوتى سەدر پێویستە تا کاندیدە سەربەخۆکان لە سوننە و شیعە دەربچن، جەختکردنەوە و کردنە دروشمی پەیامی مەزڵوومییەتى کورد و سوننە لە عێراق (پێویستە بۆ سەرخستنى ئەو ڕەوشە لە سیاسەت پشتیوانیى “مەرجەعییەتى سیستانى” هەبێت تا بەدەم داواکارى و پەیامی مەزڵوومییەتى سوننە و کوردەوە بێت لە عێراق)، لە کۆتاییشدا دەبێ دروشمی کاندیدانى سوننە و پارێزگاکانیان، جەختكردن بێت لەسەر دژایەتیى پەراوێزخستن و نادادپەروەرى و هەوڵدان بۆ دروستکردنى هەرێمى فیدراڵ بۆ سوننەکان، چونکە تاکە هۆکار بۆ مانەوەیان فیدراڵییەتە و هیچی تر.

لە کۆتاییدا بۆ دەربازبوون لەو گوشارانە، دەبێ حکوومەتى هەرێم جەخت بکاتەوە لەسەر:

  • یەکڕیزی؛ چونکە تاکە چارەسەرى ناکۆکییەکان بەرچاوگرتنى بەرژەوەندییە گشتییە باڵاکانى خەڵکە و، تاکە هۆکاریش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە یەکڕیزییە.
  • فیدراڵییەت و جێبەجێکردنى دەستوور و شایستە دەستوورییەکان.
  • جێبەجێکردنى بوودجە وەک خۆى.
  • پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتیکردنى چۆنێتیى دابەشکردنى بوودجە لە هەرێم؛ ئەویش بە بەشداریى تەواوى لایەنە سیاسییەکان، تا بیانووى پارەداركردن (تەمویل)ى پارێزگاکان بۆ بەغدا نەمێنێتەوە و ئەوەى کە داوایشی بکات، دەرچوونە لە ڕێزى نیشتمان و نەتەوە، بەڵام دەبێ هەمووان لەو دادپەروەرییە ئاگادار و بەشدار بن.
  • زیادکردنى دۆست لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە.
  • دابینکردنى بەرژەوەندییەکانى ئێران و گەیشتنە ئەنجام؛ چونکە پارسەنگی هەموو کارەکانى بەغدا لاى ئەوە.
  • هەوڵدان بۆ بەردەوامی و زیاتر پەیداکردنى بەرژەوەندیى نێودەوڵەتى.
  • پێویستە سەرۆکایەتیى هەرێم وەك “مەرجەعییەتی سیاسی” بمێنێتەوە؛ وەک دامەزراوەیەکی شەرعیی هەرێمی کوردستان و ئەرکی تایبەتى خۆى بەجێ بگەیەنێ.
  • جووڵەى دیپلۆماسیی بەردەوام لەسەر ئاستى هەرێم و بەغدا و ناوچەکە و دونیا؛ ئەویش هەر یەکەو بە مەبەستى خۆى، بەتایبەت لەسەر ئاستى هەرێم و بەغدا بە مەبەستى گەیشتنە ڕێککەوتن و خاوکردنەوەى هاوکێشە زبرەکان و خۆلادان لە شەڕی بەغدا دژى هەرێم، چونکە ئێستا هەردوو لا لەو قۆناغە زۆر نزیک بوونەتەوە.
  • زۆر گوشارنەخستنە سەر یەکێتیى نیشتمانى؛ چونکە قۆناغەکە پێویستى بە زەینییەتی بەڕێوەبردنى بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێم هەیە، بەتایبەت لە هاوبەشیی پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانیى كوردستان.
  • کارکردنى جددیانە لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان.
  • کارکردنى جددی لەسەر بەدەستهێنانى ئەنجامێکی باش بۆ کورد لە هەڵبژاردنى پارێزگاکانى عێراق؛ بەتایبەت لە پارێزگاکانى کەرکووک، مووسڵ، سەڵاحەددین و دیالە.
  • “ڕاکان جبوورى” نوێنەرى سوننە نییە؛ زەینییەتی بەعسیزمی هەیە. هەر بۆیە ناکرێ پشت لە سوننە بکرێ.
  • سەدر هەرگیز ناتوانێ ببێتە سۆفییەکی سیاسی؛ ئەو کەسێکى یاخیى سیاسیی مەزهەبییە. بوونى ڕایەڵە لەگەڵیدا کارێکی خراپ نییە بۆ هاوسەنگی.
  • پێویستە سەرکردایەتیى کورد جارێکی تر نەخشەى سیاسی لەبێژەنگ بداتەوە و پەیوەندییەکانى دابڕێژێتەوە و بە ستراتیژییەتى خۆیدا بچێتەوە، تا بەرچاوڕوونتر بێت.




هاکان فیدان و نێچیرڤان بارزانی لە سێکوچکەی ئەنقەرە، هەولێر و بەغدا: سیاسەت لە چوارچێوەی ئاسایش و ئابووریدا

 

پێنووس

سەردانی هاکان فیدان، وەزیرەی دەرەوەی تورکیا و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا، بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی سیاسەتی نوێی تورکیایە لە پاش هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە چوارچێوەی ئاسایش و وزەدا. بەم واتایە تورکیا دەیەوێت سیاسەتێک لە ناوچەکەدا پەیڕەو بکات کە یارمەتیی پێگە و داهاتووی ئاکپارتی، هەروەها پێگە هەرێمایەتییەکەی بدات. هەر بۆیە ئەردۆغان هەوڵی داوە کە ناکۆکی و بارگرژییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کەم بکاتەوە و، بۆ ئەم مەبەستەیش گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبیی کەنداو و لەم نێوەندەیشدا عێراق دەدات. بەڵام عێراق بۆ تورکیا جگە لەوەی کە لە ڕووی ئابووری و وزەوە دەرفەتە، لە هەمان کاتیشدا هەڕەشەیە؛ بەو پێیەی کە هەم ناوچەی نفووزی ئێران و ئاڵقەی پێکگەیشتنی هیلالی شیعییە و، هەمیش لە ڕووی فاکتەری کوردییەوە تورکیا دەخاتە ژێر گوشارەوە، بەو پێیەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) وەکوو فاکتەر و کارتێکی گوشار لەلایەن ئێران و شیعەکانی عێراقەوە، هەمیشە ئامادەیە لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکان لە دژی تورکیا و لە هەمان کاتیشدا ڕۆژاوای کوردستان و باشووری کوردستانیش بوونەتە ئاڵقەی پێکەوەبەستنەوەی پرسی کورد لە تورکیا بە هاوکێشە هەرێمایەتییەکان کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر تورکیا دەبێت.

لەم نێوەندەیشدا، هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا وەکوو ئەکتەرێکی هاوسەنگکەر لە چوارچێوەی عێراق دەبینرێت کە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەپارێزێت. جگە لە ئاستی بەرزی قەبارەی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، هەڵکەوتەی جوگرافیاییی عێراق وا دەکات کە وەکوو ئاڵقەی پێگەیاندنی کەنداو بە تورکیا و ئەوروپا ببینرێت. هەر ئەمەیش وا دەکات کە تورکیا هەوڵ بدات هاوسەنگییەک لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست بکات، بەڵام بە سیاسەت و میکانیزمی جیاواز.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە تورکیا لە ڕێگەی ئەم سەردانەی هاکان فیدان بۆ بەغدا چیی لە عێراق دەوێت؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەتوانین بڵێین کە تورکیا بە پلەی یەکەم ئاسایشی لە عێراق دەوێت؛ ئەمەیش بەو مانایە نییە کە پرسی ئاسایشی تەنیا لە پەکەکەدا بۆ تورکیا چڕ بۆتەوە، بەڵکوو ئەم پرسە چەندان ڕەهەندی هەیە کە ئەگەر نەیەتە دی، ئەوە ئابووریی تورکیاش دەکەوێتە مەترسییەوە. ئاسایش بۆ تورکیا لە چوارچێوەی عێراق هەم کۆنترۆڵکردنی پەکەکە دەگرێتەوە، کە بەشێکی پەکەکەیە، هەمیش بوونی دەسەڵاتێک لە بەغدا دەگرێتەوە کە لانی کەم لە دژی بەرژەوەندییەکانی تورکیا نەبێت. بەهۆی ئەم فاکتەرەیشەوەیە کە تورکیا وا دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان یان وا خوێندنەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەکتەرێکی هاوسەنگکەرە. بۆیە، تورکیا ئەو ڕاستییە دەزانێت کە جگە لەوەی لە عێراقدا نفووزی ئێران باڵادەستە، بەڵام دەسەڵاتێکی تۆکمە و یەکپارچەیش، بوونی نییە و هەر بۆ ئەم مەبەستەیش هەوڵ دەدات کە لەگەڵ گرنگترین ئەکتەرەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و باشی هەبێت بۆ ئەوەی هاوسەنگیان بکاتەوە. بۆ نموونە، ھاکان فیدان لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا بەجیا لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی و سەرۆکی ھاوپەیمانیی سەروەری، خەمیس خەنجەر و سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری و سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی و سەرۆکی عەسائیبی ئەھلی هەق، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی ڕەوتی حکیمەی نیشتمانی، عەممار حەکیم و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز و سەرکردەکانی بەرەی تورکمانی و نوێنەرانی پێکھاتەکانی تورکمان کۆ بووەوە.

هەروەها وەکوو پەیامێک بۆ بەغدا لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، هاکان فیدان سەردانی بارەگای “مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی”ی کرد. تەنانەت هەر لەم چوارچێوەیەدا، هاکان فیدان لە هەولێر سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد و لە کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر پێشوازیی لە ڕابەر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کرد. تەنانەت سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تورکیا سەبارەت بە فڕۆکەخانەی سلێمانی و جموجۆڵەکانی پەکەکە لە سنووری نفووزی ئەو حزبە، بەڵام هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کرد.

لە ڕاستیدا تورکیا چەند کارتێکی گرنگی لە بەرامبەر بەغدا لەبەردەستدایە، کە گرنگترینیان بریتین لە:

– فاکتەری ئاو؛ چونکە عێراق بەبێ سەرچاوە دەرەکییەکان، ئەستەمە بتوانێت ئاسایشی ئاو و ژینگە و بەم پێیەیش ئاسایشی خۆراک و تەنانەت ئاسایشی کۆمەڵایەتییەکەی بپارێزێت. هەر بۆیە، لە سەردانی وەزیرەی دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا، ئەم پرسە داواکاریی سەرەکیی بەرپرسانی حکوومی و حزبی بووە لە هاکان فیدان.

– پێگە جیۆگرافییەکەی تورکیا وا دەکات کە عێراق بەردەوام پێویستی بە تورکیا هەبێت، چونکە لە ئێستادا ئاڵقەی بەستنەوەی عێراق بە بازاڕە جیهانییەکان و بەتایبەتی ئەوروپا، تورکیایە. هەر بۆیەیش پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورە، هەروەها ڕێگەی گەشەپێدان یان ڕێگەی وشک کە بۆ عێراق بە یەکێک لە گەورەترین پرۆژە ستراتیژییەکان دادەنرێت، بەبێ تورکیا هیچ مانا و تەرجەمەیەکی ئابووریی نابێت. ڕاستییەكەی، عێراقیش هەستی بەوە کردووە کە وەکوو تورکیا کەڵک لە پێگەکەی وەربگرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەرزکردنەوەی پێگە جیۆسیاسییەکەی، هەروەها قازانجی ئابووری.

– بە شێوەیەکی گشتی بەپێچەوانەی وڵاتانی دیکە، ئەوە ئابووری-بازرگانی و پرسی وزەیە کە سیاسەتی دەرەکیی تورکیا ئاراستە دەکات، نەک ململانێ ئایدیۆلۆژییەکان؛ ئەمەیش وا دەکات کە تورکیا لە سیاسەتەی دەرەوەیدا زۆر پراگماتیست بێت و، بۆیە تورکیا لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت سەرەڕای دەسەڵاتداریی شیعەکانی لایەنگری ئێران، بەغدا وابەستەی خۆی بکات. بۆ نموونە، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەڤانییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، وتی: “تورکیا بە شێوەیەکی زۆر داینەمیکی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق پێش دەخات. تورکیا، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەمیشە و لە هەموو ئاستێکدا بەگرنگی دەبینێت.” لەم چوارچێوەیەیشدا تورکیا دەیەوێت جگە لەوەی ئاسایشی وزەی خۆی دەستەبەر بکات، لە هەمان کاتیشدا دەیەوێت کۆتایی بە دۆسیەی پێبژاردن، هەروەها سکاڵایەکی تری عێراق لەم بارەیەوە، لە دادگەی پاریس بێنێت.

– یەکێک لە کارتە گەورەکانی تورکیا، جگە لە پرسی سوننە و تورکمانەکانی عێراق، هەرێمی کوردستانە کە بەردەوام لە هاوکێشەکانی نێوان تورکیا و عێراق ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە نزیکبوونە و یاخود دوورخستنەوەیان.

– هەروەها سەرەڕای ناڕەزایەتییە ڕواڵەتییەکانی عێراق، ئامادەییی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان وا دەکات کە، تورکیا فاکتەری بەهێزی بەدەستەوە بێت. هەر بۆیە، نووسینگەی هادی عامری لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، هادی عامری لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد، بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەکە، هادی عامری جەختی لە پێویستیی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق کردەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەڤانییەکەدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، باسی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا کرد و گوتی: “لە سەردانەکەم بۆ بەغدا، بابەتی زۆر لە ڕۆژەڤدا هەبوون. بابەتەکانی ئابووری، ڕێگەی گەشەپێدان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بابەتی ئاو، هەروەها بابەتی وەکوو دووبارە نۆژەنکردنەوەی عێراق لە ڕووی ژێرخان و سەرخانمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار؛ وەزیری دەرەوە، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار گەنگەشە کرد. دەرفەتی دیدارمان لەگەڵ زۆر لایەن بۆ ڕەخسا. هەروەها لەگەڵ سەرۆکی ئەو حزبە سیاسییانەی لە حکوومەتدا بەشدارن، کۆ بووینەوە. دەرفەتی ئەوەمان هەبوو لەگەڵ ئەوانیشدا بابەتەکانی عێراق، ناوچەکە و جیهان تاوتوێ بکەین.” لە بەرامبەریشدا، لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە؛ ئەی عێراق لەم پەیوەندییانەیدا لەگەڵ تورکیا چیی دەوێت؟

– یەکێک لە گەورترین فاکتەرەکانی کاریگەری لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستانە؛ بەو پێیەی کە دەسەڵاتدارانی عێراق درکیان بەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان تورکیای بەکار هێناوە بۆ بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی پێگە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکەی لە ڕێگەی فاکتەری پەکەکە، وزە و بازرگانی و تەنانەت سوننە و تورکمانەکانیشەوە. بۆیە شیعەکانی لایەنگری ئێران ڕاستەوخۆ تورکیایان خستە ژێر گوشارەوە لە پاش ئەوەی کە دەستەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی سەر بە ژووری بازرگانی لە پاریس، لە قازانج و بەرژەوەندیی عێراق بڕیاری دا.

هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی بەغدا، جگە لەوەی لەم ڕێگەیەوە هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانیان دا، لە هەمان کاتیشدا ویستیان لەم ڕێگەیەوە سەرنجی سیاسەتی تورکیا لە بری هەولێر، بۆ بەغدا وەڕسوورێنن. لە لایەکی دیکەیشەوە، عێراقییەکان پێویستیان بە بوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ دابینکردنی بڕە ئاوی پێویستیان. هەروەها عێراق پێویستی بەو پەیوەندییانە لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ بوون بە وڵاتێکی ناوەندی لە نێوان دەوڵەتانی کەنداو و تورکیا و ئەوروپا، چونکە لە ئێستا پرۆژەی شامی نوێ کە عێراق وەکوو دەوڵەتێکی ناوەندی دەردەکەوت، بە جۆرێک وەستاوە یاخود وەکوو پێویست کاری لەسەر ناکرێت و لە بری ئەوەی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانەوە پێگە جیۆسیاسی و جیۆئابوورییەکەی بەرز و بەهێز بکاتەوە.

لێرەوە دەردەکەوێت کە بۆچی شیعەکانی عێراق دەیانەوێت سەرنجی ئەنقەرە لە هەولێرەوە بۆ بەغدا بگوازنەوە و هەر ئەمەیش وا دەکات کە تاکە ڕێگە، لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و  پەراوێزخستنی بێت لە هاوکێشەکانی دوولایەنەی تورکیا و عێراق. هەر بۆیە لەبارەی پڕۆژەی “ڕێگەی پەرەپێدان” و بەستنەوەی عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و جیهان لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە ئەنجامدانی پڕۆژەکە بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە؛ بە شێوەیەک کە لە “بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتی و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت.”

بەڵام  لەم نێوەندەدا، پەیوەندییە پتەو و بەهێزەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، تاوەکوو ئێستا ڕێگر بووە کە پلانی دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ پەراوێزخستنی یەکجارەكیی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکان، بەتەواوی جێبەجێ بکرێت. تەنانەت خودی عێراقییەکانیش و بەتایبەتی ئەم کابینەیە، بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، پێویستیان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە بۆ چارەسەرکردنی چەند کێشەیەک لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە. هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جه‌ختى له‌وه كرده‌وه‌؛ توركيا ‏گرنگييه‌كى تايبه‌ت به ‌په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌دات و، ‏به‌غدا و هه‌ولێر گرنگييه‌كى تايبه‌تيان بۆ توركيا هه‌يه‌. هەروەها ستايشى ئارامى و ‏سه‌قامگيريى هه‌ولێر و هه‌رێمى كوردستانى كرد و ئاماده‌يیی وڵاته‌كه‌ى بۆ ‏فراوانكردنى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوو لا له ‌هه‌موو ‏بواره‌كاندا ده‌ربڕى و سوپاسى ڕۆڵى “نێچيرڤان بارزانی”ى كرد له‌ ‏بره‌ودان به ‌په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركيا.‏

کۆی ئەم فاکتەر و پرس و هاوکێشانە وا دەکات کە تورکیا گرنگیی تایبەت بداتە هەرێمی کوردستان؛ بەم واتایە کە هاکان فیدان بە گرنگیدان بە هەرێمی کوردستان و نیشاندانی پەیوەندییە پتەوەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەگشتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، پەیام بداتە ناوخۆی تورکیا کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە پەکەکە کۆنترۆڵ دەکات. هاکان فیدان لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بابەتی تیرۆر کە لە کۆبوونەوەکانیدا باسی کردووە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: “بۆ ڕزگاربوونمان لە بەڵای تیرۆر، هێشتا زۆر کار هەیە بیكەین. هەروەک دەزانن بەشێکی زۆری ئەم بابەتەمان لە تورکیا چارەسەر کرد. ئێستا لە خاکی عێراقدا ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە خۆی حەشار دەدات. پەنا بە خوا هەموومان بەیەکەوە ئەو ڤایرۆسە لە عێراق پاک دەکەینەوە. چ لەگەڵ ئیدارەی بەغدا و چ لەگەڵ ئیدارەی هەولێر، پێداگریمان لەسەر پاککردنەوەی خاکی عێراق لە تیرۆری پەکەکە بینی. هەر بۆیە خۆشحاڵین و ئامادەی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکیشین بۆ هەردوو ئیدارەکە.”

 هەر بۆیە تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی جێگیر و پتەوی هەیە و هەمیش پەیام بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا دەنێرێت کە لە ئەگەری ڕازینەبوونی بەغدا بە مەرجەکانی تورکیا و نەپاراستنی بەرژەوەندییەکانی، ئەوە تورکیا دەتوانێت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و دەستەبەر بکات کە خۆی لە بازرگانی-ئابووری و وزە و ئاسایشدا دەبینێتەوە.

 لە ڕاستیدا ئەم هاوکێشەیە بۆ هەرێمی کوردستان هەم هەڕەشە و هەمیش دەرفەت. بە دەڕبرینێکی تر، هەڕەشەیە کە هەردوو لایەن دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بەکار بێنن بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان و ئەمەیش هەم مەترسییە و هەمیش دەرفەتە؛ بەو پێیەی کە لە پاش بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە دژی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، هەروەها بڕیاری دادگەی پاریس و لەمەیش گرنگتر، گوشارە ئابووری و یاسایی-سیاسییەکانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەوە جووڵە دیپلۆماسی و پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی تورکیایە کە دەتوانێت جارێکی دیکە ئەو هاوسەنگییە کە لە ئێستادا تێک چووە، ڕاست بکاتەوە. چونکە بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ ته‌وه‌رێكى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ “بايه‌خه‌وه‌” باس له‌ پرسى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى ‏نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌يهانى توركييه‌وه‌ كرا و ‏لەو باره‌يه‌وه ‌بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. لە ڕاگەیەندراوەکەیشدا هاتووە، باس لە “پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە [کراوە]، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت، زیانی بە هەموو لایەک گەیاندووە.” هەروەها بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان “باسیان لە هەناردەکردنەوەی نەوت، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری کردووە”. بۆیە لێرەدا کامە ئەکتەر لەو سێ لایەنە (بەغدا- ئەنقەرە- هەولێر)، یارییەکی زیرەکانەی پلانبۆداڕێژراوتر بکات، دەتوانێت لە کۆتاییدا ئامانجەکانی بێنێتە دی و بەرژەوەندییەکانی دەستەبەر بکات.

کۆبەند

سەردانی هاکان فیدان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەكرێ وەکوو سەرەتا و ئامادەکارییەک ببینرێت بۆ سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق؛ چونکە ئەردۆغان دەیەوێت بۆ تەواوکردنی جووڵە و دیپلۆماسییە هەرێمییەکانی لە پاش هەڵبژاردنی وەکوو سەرۆککۆمار، دەستبەری بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە ڕێگەی پرسی ئاسایش و وزە و ئابووری-بازرگانی بکات. لە ڕاستیدا ئەردۆغان دەیەوێت کە هاتە بەغدا، بە دەستی پڕ بگەڕێتەوە، هەم لە ڕووی ئابوورییەوە و هەمیش لە ڕووی سیاسی و ئاسایشییەوە. چونکە ئەردۆغان پێویستی بەم دەسکەوتە هەیە؛ چ لەسەر ئاستی ئابووری و چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی لە ڕووی سیاسییەوە.

 لەم نێوەندەیشدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، گەرمترین و پتەوترین پەیوەندیی هەیە لەگەڵ تورکیا لەنێو ئەکتەرە عێراقییەکاندا. هەر بۆیە دەرفەتێکی زێرینیشە بۆ هەرێمی کوردستان کە بتوانێت ئەو پەیوەندییانە بەکار بێنێت بۆ ئەوەی گوشارەکانی بەغدا کەم بکاتەوە و کەڵک لە ئاراستەی هەردوو لایەنی ئەنقەرە و بەغدا وەربگرێت بەهۆی پێویستییەکان و ئامانجەکانیان. گرنگترین بابەت لە ئێستادا بۆ هەرێمی کوردستان، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتە لە ڕێگەی تورکیا؛ بەو پێیەی دەتوانێت گوشارەکانی بەغدا  لەسەر هەولێر کەم بکاتەوە. بۆیە لێرە دەبێت چاوەڕێ بکەین کە ئایا بەغدا دەتوانێت کارتەکانی باشتر بەکار بێنێت کە هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق بکاتە دەرەوەی هاوکێشەکان، یاخود ئەوە هەولێرە کە دەتوانێت لە ڕێگەی دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانییەوە گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە و هەڕەشەکانی ئەم قۆناغە بکاتە دەرفەت و هاوسەنگییەکی نوێ لە نێوان بەغدا و هەولێر بێنێتە ئاراوە؟




پێگەی هەرێمی كوردستان لە پێشهاتە نوێیەكانی عێراقدا

یاسین تەها، خوێندکاری دکتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاکان، هەروەها شارەزا لە کاروباری عێراق

دەسپێك

پێشهاتە نوێیەكانی عێراق ئەوە دەردەخەن كە قۆناغی پاش دەرچوونی بڕیاری پاریس لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان و دەرچوونی یاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ سێ ساڵ، بارودۆخێكی نوێی داراییی لە هەرێمی كوردستان و بەغدا هێناوەتە پێشەوە كە زیاتر بە ئاراستەی ناوەندگەرایی و بچووككردنەوەی دەسەڵاتە خۆجێییەكانە. یەكێك لەو هۆكارانەیشی یارمەتیی ئەم بارودۆخ و ئاراستەیە دەدات، دابەشبوونە قووڵە سیاسییەكانی ناوخۆی كوردستان و هەوڵی خۆبەهێزكردنی لایەنەكانە بەرامبەر یەكتر، كە هەندێك كات لەسەر حسابی چوارچێوە گشتییەكەی هەرێمی كوردستانە. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات خوێندنەوە بۆ ئەو سیناریۆ و ئەگەرانە بكات كە ئێستا لە بەردەم قەوارەی هەرێمی كوردستاندان لەبەر ڕۆشناییی ئەو پێدراوانەی ئێستا لە گۆڕەپانی عێراقدان لەگەڵ ئاییندەی پێشبینیكراوی ئەو پپێشهاتە نوێیانە.

لێكەوتەی كێشە دارایییە هەڵپەسێردراوەكان

بەپێی یاسای بوودجەی فیدراڵی سێ ساڵە (2023، 2024، 2025)، فرۆشتن یان باركردنی نەوتی هەرێم و سەرجەم داهات و خەرجییەكانی لەژێر چاودێریی حكوومەتی فیدراڵدا دەبن([1]). خەرجكردنی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستانیش، مەرجدار كراوە بە كۆمەڵێك پابەندی، كە هەندێكیان گرێوگۆڵ و بڕێك ئاڵۆزییان تێدایە بەهۆی دابڕان و كەلێنی نێوان سیستەمی داراییی هەردوو لا؛ لەمەیش هەستیارتر ئەو كەشە بێمتمانەیییەی كە پەیوەندییەكانی هەردوو لا ئاراستە دەكات و جۆرێك لە هەستیاریی دروست كردووە. لە دەرەوەی ئەم بەندوباوە یاسایی و هونەرییانەیش، فاكتەری سیاسی ئامادەییی هەیە؛ لەم نێوەیشدا باوەڕێكی زاڵ هەیە، پێی وایە دەسەڵاتدارانی عێراق كەڵك لە ڕاگرتن و دواخستنی ناردنی بەشە بوودجەی هەرێم وەردەگرن بۆ ئەوەی مووچەخۆرەكانی زیاتر نیگەران ببن ([2]). جگە لەوەیش مانەوەی مەسەلەی بوودجە و مووچە بەهەڵپەسێردراوی، وەها دەكات سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی تری نێوان هەولێر و بەغدا، كورت ببەنەوە لە دۆسیەی دارایی و گەڕان بۆ ڕێگەی چارەسەركردن و زاڵبوون بەسەریاندا؛ ئەمەیش لەسەر حسابی كێشەكانی تر كە لە پاش 2003 بەدواوە بەكراوەیی ماونەتەوە كە زەقترینیان ناوچەی جێناكۆك و پێشمەرگە و مەسەلەكانی تری پەیوەست بە تەواوكردنی پایەكانی فیدرالیزمە لە عێراق بە شێوەیەكی كردەیی.

لەو ماوەیەشی حكوومەتی فیدراڵی خاوەخاوی كردووە لە وردبینی و لە ڕەوانەكردنی پشكی هەرێم لە بوودجە لەسەر شێوازی جاران (مقاصة) و، هەردوو لا نەگەیشتوونەتە میكانیزمێكی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی بوودجە و یەكتریان تۆمەتبار كردووە، هەندێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كەوتوونەتە كێبركێی یەكتر لە گواستنەوەی قسە و لێدوانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی، لەبارەی وادەی هەناردەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. بۆ نموونە هەر لە مانگی ئابدا لە ماوەی 12 کاتژمێردا سێ لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان (بەرپرسانی پارتی لە بەغدا، فراكسیۆنی یەكێتی، سەرۆكی نەوەی نوێ) ئاماژەیان بە لێدوانی سوودانی داوە لەبارەی ئەگەری ناردنی مووچە([3])؛ ئەمە لە كاتێكدا بەر لەوە لە درەنگانێکی شەودا هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان لەبارەی چۆنێتیی جێبەجێکردنی یاسای بوودجە واژۆ كردبوو. پاش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەیش، کاتژمێر نزیکەی 1:30 خولەکی بەرەبەیان بوو کە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا گوتبووی “لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت”([4]).

پەیوەستبوونەوەی داراییی هەرێم بە بەغداوە بەتەواوەتی، پێشهاتێكی نوێیە لە هەڵكشان و داكشانی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و دوا دابڕانی داراییی هەرێم لە بەغدا لە پاش شوباتی 2014 بوو  كە دوا مووچە لە بەغداوە هات. لە ئێستادا سەرلەنوێ كوردستان لە ڕووی دارایییەوە بەتەواوەتی پەیوەست بووەتەوە بە بەغدا، لە كاتێكدا وەك جارەكانی تر بژاردەی تر و ڕێگەچارەی تری داراییی لەبەردەستدا نییە بۆ دابینكردنی بوودجە و، ئەمەیش لە ناوەندە سیاسی و میدیایییەكاندا بە لاوازیی هەڵوێست و پێگە لێك دەدرێتەوە و، هەندێك لە میدیا ڕۆژاوایییەكان بەوە گوزارشتیان لێ كردووە: “ئەو سەرکردە کوردانەی کە سەردەمانێک خۆیان لە بەغدا بەدوور دەگرت، ئێستا  دەچنە پایتەخت بۆ ئەوەی داوای هاوکاری بکەن.”([5])

هەوڵەكانی بەهەمیشەییكردنی گرێدراویی دارایی

لە پاش دەرچوونی حوكمی دادگەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە 15ی ئازاری 2023، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا ڕاگیرا. سەرباری چەند ڕێككەوتنێكیش لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێكردنەوەی هەرنادە بەپێی ڕێوشوێنی نوێ كە مەراسیمێكی كەرنەڤاڵئامێزی بۆ كرا (4ى نيسانى 2023)([6])، هێشتا هەناردەی نەوت دەستی پێ نەكردووەتەوە و هیچ ئاسۆیەكی نزیكیش بۆ دەستپێكردنەوەی دیاری نەكراوە. هەندێك سەرچاوەی باڵای دۆسیەی وزە لە یەکێتیی ئەوروپا لە دیدار لەگەڵ Oilprice، باسیان لەوە کردووە حكوومەتی عێراق لە بنەڕەتەوە خواستی نییە هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە؛ هەروەها بە مەرجەکانی تورکیاش ڕازی نییە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت. لەبارەی ئەو بەشەی پەیوەندیی بە عێراقەوە هەیە، سەرچاوە ئەوروپییەكە باسی لەوە كردووە “بەغدا دەیەوێت پێگەی هەرێم لە ڕووی ئابوورییەوە لاواز بکات و خەونی سەربەخۆیی لەبار ببات.” بەپێی ئەم لێكدانەوەیە، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، چیتر بەغدا ناتوانێت بەتەواوەتی وەك ئێستا کۆنترۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێم بکات و، ڕاستەوخۆ نەوتەكە دەچێتە بازاڕەكان و داهاتەكەیشی دێتەوە بۆ ئەژمارێكی بانكی كە بۆ شایستە دارایییەكانی هەرێم خەرج دەكرێت كە جیاوازە لەوەی عێراق لە داهاتی خۆی خەرجی بكات([7]). بەهۆی ئەوەیشی ئەم دۆسیەیە دووچاری گرێوگۆڵ و ئاڵۆزیی زۆر بووەتەوە، پێ ناچێت بەم زووانە جارێكی تر هەناردەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە دەست پێ بكاتەوە؛ ئەمەیش بە مانای ئیفلیجبوونی پیشەسازیی نەوت لە هەرێم دێت كە یەكێكە لە كۆڵەكەكانی ماڵجیاییی دارایی لەگەڵ بەغدا.

شارەزایان باس لەوە دەكەن درێژەكێشانی پەككەوتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، گوشاری زۆر لەسەر کۆمپانیا نەوتییەکان دروست دەکات. لە ئێستایشدا كۆمپانیاكان بەكردەیی بەرهەمهێنانیان بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە و چالاکییەکانیان لە زۆرێک لە کێڵگەکاندا نزیک بووەتەوە لە سفر؛ لەو کێڵگانەیشی کە بەرهەمهێنانی تێدا دەکرێت، بەرهەمهێنان بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە. ئەمە لە كاتێكدا کۆمپانیا نەوتییەکان پێشتر کێشەی پێدانی شایستە دارایییەکانیان هەبوو و شایستەی شەش مانگیان وەرنەگرتووە؛ ئێستایش بە دواکەوتنی بەرهەمهێنان، کێشەی داراییی زیاتریان بۆ دروست دەبێت. كۆی ئەم باروودۆخەیش کاریگەریی دەبێت لەسەر وەبەرهێنان لە کێڵگەکاندا و دەرەنجام کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاستی بەرهەم لە كوردستان؛ “ئەمەیش خواستی شاراوەی بەغدایە”([8]). لە ماوەی ڕابردوویشدا كۆمپانیاكان چەند داتا و ئامارێكی زیانكردن و پاشەكشێی بەرهەم و كشانەوە و كەمكردنەوەی كرێكاریان ڕاگەیاندووە([9]) و لە سەرجەم ئەو ڕاگەیەنراوانەیشدا داواكاری و پێداگرییان كردووە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر و هەوڵدان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردە؛ بەڵام پێداگرییەكانیان بێئەنجامە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەیشی بەردەستن، تورکیا داوا دەکات قەرەبوویەکی کەمتری لێ وەرگیرێت، عێراق سکاڵای دووەم لە دادگەی پاریس بکشێنێتەوە، لە نرخی نەوت داشکاندنی بۆ بكرێت و، چەند داواکاریی دیکەی لە چەشنی كشانەوەی عێراق لە ڕێككەوتنی نەوت لەگەڵ ئێران([10]). سەرجەم ئەمانەیش هیچیان لە بەرژەوەندیی خەزێنەی هەرێمی كوردستان نییە و، زیاتر ناچاری دەكەن لە ڕووی دارایییەوە چاوی لە مامەڵە و بڕیار و هەڵوێستی بەغدا بێت، چونكە وا دەردەكەوێ باركردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمەوە بۆ بەغدا (كە لە بوودجەدا هاتووە) كارێكی ئاسان نییە.

مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم

هەندێ زانیاری باس لەوە دەكەن هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی هەڵمەتێكی نوێی بەرەنگاریی هەرێمایەتی بووەتەوە بۆ لەباردنی دەسەڵاتە خۆجێیەكانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا و وڵاتانی دراوسێوە، كە توركیا و ئێرانن، ئەویش لە ڕێگەی سزادان و هەڕەشە و دەستوەردانی ئەمنی و مانۆڕەوە([11])؛ بەڵام بۆچوونی تر هەن پێیان وایە پلانگێڕییە دەرەكییەكان قەبارەیان هێندەی ناجۆرییە ناوخۆیییەكان نییە و هۆكاری سەرەكیی پاشەكشەی هەرێم لە ئاست بەغدا، لە ناوخۆی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە([12])، كە ئەوانیش خراپیی بەڕێوەبردن و ناکۆکیی سیاسی و نەمانی زەمینەی كاری هاوبەشە. لەسەر ئاستە عێراقییەكەی لە بارودۆخی پاش ڕەوینەوەی مەترسییەكانی داعش (كۆتاییی 2017)، گرووپە شیعەكان لە قۆناغی دووبارە هێڵكاریی دابەشكردنی دەسەڵاتەكاندان لەگەڵ پێكهاتەی كورد و سوننە، بە جۆرێك باڵادەستی و هەژموونی هێزە شیعەكان زیاتر بچەسپێنێت، بەتایبەت كە ئەمریكییەكان ڕوویان كردووەتە چین و ڕووسیا و، وەك جاران ئامادەییی سەربازییان لە عێراقدا نییە. بە گوێرەی ئەو خەمڵاندنانەیشی كە هەن، تێكڕای گرووپە سیاسی و ئایینی و چەكدارییەكانی شیعە پێكەوە، باڵادەستیی ئەم پێكهاتەیان بەسەر جومگە گرنگەكانی دەسەڵاتدا مسۆگەر كردووە([13]). لە کاتێکیشدا کە کاریگەریی عەرەبی و شیعیی عێراقی لەسەر کوردستان زیاتر دەبێت، کاریگەریی کورد لە بەغدای پایتەخت بەردەوام ڕوو لە لاوازییە و تەنانەت ناوەندە ڕۆژاوایییەكانیش باسی ئەو ڕاستییە دەكەن شیعەکانی لایەنگری ئێران (چوارچێوەی هەماهەنگی)، کە بەسەر حکوومەتی ناوەندیدا زاڵن، سەرکردە کوردەکان و سوننەكان و مەسیحییەكان پەراوێز دەخەن و “بەرپرسانی بەغدا وەک داهۆڵێك تەماشای سەرۆککۆمارە کوردەکەی عێراق دەکەن”([14])، لە ئێستایشدا پرسیارێك كە لە زۆر لایەنەوە دەورووژێنرێت ئەوەیە: ئایا هەرێمی كوردستان تەواوی تواناكانی بەربەرەكانێی بەرامبەر بە بەغدا لەدەست داوە یان هێشتا دەتوانێت بەرگری بكات؟([15]).

ئەو باڵادەستییە شیعییەی لە عێراق دروست بووە، مەترسییەكی جددییە لەسەر فیدرالیزم و پڕەنسیپەكانی بەشكردنی دەسەڵاتەكان، چونكە سیستەمی لامەرکەزی لە عێراق کە بە دەستووری ٢٠٠٥ پەسەند کراوە، بەرهەمی دیدگەی ڕاستەقینەی زۆرینەی ڕەهای ئەکتەرە سیاسییەکانی عێراق نەبوو، بەڵکوو دوو پاڵنەری سەرەكی هەبوون كە تا ڕاددەی زۆر ئێستا نەماون: حەز و خولیای هەندێك هێزی شیعە بۆ دروستكردنی هەرێم لە باشووری عێراق، چونكە ئەوكات دڵنیا نەبوون لە كۆنترۆڵكردنی بەغدای ناوەند، لەگەڵ كاریگەریی ئەمریكا كە هەزاران سەربازی لە عێراقدا بڵاوە پێ كردبوو؛ بەڵام ئێستا هیچ لەو دوو هاندەرە نەماون، بەڵكوو شیعەكان لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ناوەندگەرایی كە ئامانج لێی “قۆرخکردنی بڕیاری سیاسییە لە بەرژەوەندیی پێكهاتەی سیاسیی شیعە”. میكانیزمەكانی ئەم باڵادەستییەیش قۆستنەوەی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی و ئەو یاسایانەیە كە هەن یان لە دەركردندان و بە باڵای ئەم واقعە نوێیەدا دەدوورێن([16])؛ لە لاكەی تریشەوە ئەمریكییەكان تەنیا هۆشداری دەدەن و وەك جاران لە وردەكارییەكانی دۆسیەی عێراق دەستوەردان ناكەن.

ئەگەرچی هەرێمی كوردستان پێی وایە خاوەن گەرەنتییەكی دەستوورییە، بەڵام ئاماژەكان و ئەزموونی پاش 2005 ئەوە دەردەخەن كە پەیوەندیی نێوان عێراق و هەرێم، لەسەر بنەمای یاسا یان دەستوور نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای هێزە([17])؛ بەو واتایەی هەر كات پێگەی بەغدا بەهێز بوو، سڵ ناكاتەوە لە پێشێلكردن یان فەرامۆشكردنی دەستوور؛ ئەو كاتانەیشی هەرێم بەهێز بووە، لەسەر شیكار و ڕاڤە دەستوورییەكان نەوەستاوە بۆ هەنگاونان و هەوڵی خۆدەربازكردن لە ڕێوشوێنە فیدراڵییەكان. ئێستا كە هاوكێشەكە گۆڕاوە، ئەوە بارودۆخەكە لە بەرژەوەندیی هەرێم نابێت، بەتایبەت كە ئێستا  ناوبەناو هەندێك ورووژاندنی میدیایی لە بەغدا هەن، كە تیشك دەخەنە سەر لایەنە خراپەكانی فیدرالیزم لە عێراق و گەڕان بە دوای كەموكوڕییەكانی جێبەجێكردن و ئیشكردن لەسەر خراپیی بەڕێوەبردن لە كوردستان و لێكەوتەكانی ململانێی ناوخۆیی و دیاردەی گەندەڵی و ناڕەزاییی خەڵك. ئەم دیدە ناڕازییە لە فیدرالیزم، جگە لە کەموکوڕییەکانی جێبەجێکردن، باس لەوە دەكات توندبوونەوەی ململانێی سیاسی لە نێوان نەوەی دووەم و سێیەمی حوكمڕان لە كوردستان، بەڕووی ئەگەری جۆراوجۆردا كراوەیە و ئەمەیش دەخاتە كۆڵی فیدرالیزم، چونكە پێی وایە “تا سەرچاوەکانی داهات و دەسەڵات لە هەرێم زیاتر بن، ململانێکان گەورەتر دەبن.”([18]) هەندێك ورووژاندنی تری میدیایی ئەوە بیر دەهێننەوە كە هەرێم هێشتا خاوەن دەستووری خۆی نییە([19])؛ ئەمەیش بەو واتایە دێت كە بنەمای كاركردنی، یاسا لۆكاڵییەكانە و لەبەر نەبوونی چوارچێوەی دەستووری، خاوەن پەرژینێكی قایم نییە.

یەكێك لە سیاسییە ناسراوەكانی عەرەبی سوننە، ساڵح موتڵەگ، كە پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقی هەبووە (2014_2016)، باسی لەوە كردووە “مانەوەی هەرێمی کوردستانیش وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقدا ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە بووەتەوە.” لەبارەی هۆكاری ئەم مەترسییەیشەوە ئەوەی باس كردووە كە “ئاڕاستەیەک دروست بووە زوومی لەسەر بایەخدانە بە پارێزگاکان و هەوڵدانی پارێزگاکانە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان”؛ ئەم ئاراستە بەشكارییەیش لەناو هەرێمدا- كە زادەی ناكۆكیی پارتی و یەكێتییە- لە بەرژەوەندیی مانەوەی قەوارەی هەرێم نییە بەیەكگرتوویی یان پارێزراوی. هەروەها  دەڵێت “لایەنی تر هیوادارن ناکۆکیی نێوان ئەم دوو حزبە تەشەنە بکات و هەوڵی تەشەنەکردنی ناکۆکییەکەیش دەدەن”([20])؛ كە ئەمە ئاماژەیە بۆ هێزە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە بەری ناكۆكییەكانی كورد و سوننە دەچننەوە و ئەوان لە ئێستادا بە ئۆقرەیییەكی سیاسیی بێپێشینەدا گوزەر دەكەن كە هۆكارەكەی، كەناركەوتنی سەدرە لە سیاسەت بەیەكجاری.

دیپلۆماتکارێکی ڕۆژاوایی، کە لە بەغداوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکات، لە دیداری “ئیكۆنۆمیست”دا، باسی لەوە كردووە “مەترسیی ئەوە هەیە کە پڕۆژەی کوردستان شکست بهێنێت”؛ هەروەها میدیا بریتانییەكە پێی وایە حکوومەتی عێراق كەڵك لە ململانێی ناوخۆییی کوردەکان وەردەگرێت، تا ئەو دەسەڵاتەی حکوومەتی ناوەندیی عێراق لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لە ناوچە کوردییەکان لەدەستی داوە، بەدەست بهێنێتەوە([21]).

پرۆژە ئاییندەیییەكانی ناوەندگەرایی: نەوت و گاز بە نموونە

ئەو خامۆشی و لاوازییە سیاسییەی بەهۆی كێشە ناوخۆیییەكانەوە لە پێگە و دۆخی هەرێمی كوردستان هەیە لە لایەك و لاوازی بەرامبەر بەغدا لە لاكەی تر، ڕۆژ بە ڕۆژ خەریكە بە یاسا و بڕیاری قەزایی، زیاتر ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەكرێتەوە. یەكێك لە سەرەكیترین ئەو یاسایانەیشی ئێستا بەغدا كاری لەسەر دەكات، پرۆژەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە كە دەبێتە چوارچێوە بۆ ئاییندەی كەرتی نەوت و گاز لە عێراق و هەرێم و سەرجەم پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی تری وزە؛ لەم نێوەندەیشدا میدیای فەرمیی دەوڵەتی عێراق لەسەر زاری “شارەزایان”ەوە باسی لەوە كردووە “چەکوشەکانی دادگەی فیدڕاڵی، خەوبینانی بەئاگا هێنایەوە و ئێستا ئیتر حکوومەتی هەرێم هەست بە قەبارەی ئیرادەی خۆی دەکات لە بەرامبەر ئیرادەی حکوومەتی فیدڕاڵیدا.” بە وتەی ڕۆژنامە فەرمییەكە (5ی ئابی 2023)، “شارەزایانی یاسایی و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە، بڕیارەکەی 15ی شوباتی ساڵی 2022ی دادگەی فیدڕاڵ لەبارەى نادەستووریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم، توانیی نەخشەڕێگەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێم بدۆزێتەوە لە بواری دەرهێنان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی سامانە سروشتییەکاندا”؛ هەروەها ئەوەیشی دركاندووە كە “ئەو بڕیارە دەبێتە سەرچاوەی سەرەکیی دەرکردنی یاسای گشتیی نەوت و غازی فیدڕاڵی کە 16 ساڵە دوا خراوە بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتن و هەماهەنگی لەسەر بڕگە و بابەتەکانی.”([22]) بەم پێیەیش لە لایەك نەفەسێكی تۆڵەسێنانە بەسەر مشتومڕەكانی دەرچوواندنی یاسا بنەڕەتییەكەدا زاڵە، لە لایەكی تر، هەمان سیناریۆی بڕیاری دادگەكە (15ی شوباتی 2022) ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە كە نكۆلیكردنە لە ڕەوایەتیی مامەڵەی هەرێم لە كەرتی نەوت و گازدا كە شادەماری ئابووریی عێراق و كوردستانیشە.

بەپێی ئەو زانیارییانەیشی بەردەستن حكوومەتی فیدراڵی هەوڵ دەدات، لە یاساكەدا ناوەندگەرایی لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئیدارەكردنی نەوت و گازدا بچەسپێنێت و دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاكان بە ڕاددەیەكی زۆر سنووردار و بەرتەسك بكاتەوە”([23])؛ هەروەها باس لەوە دەكرێت ئەو ڕەشنووسەی بۆ یاسای نەوت و گازی عێراق ئامادە کراوە، دوور لە نوێنەرانی كورد كراوە و، هیچ پسپۆڕێک یان پەرلەمانتارێكی كوردستان گفتوگۆی لەسەر نەکردووە. ئەمەیش ناكۆكە لەگەڵ پڕەنسیپی فیدرالیزم و، بە گوێرەی ئەو لێكدانەوانەی هەن ئەگەر لە یاساكەدا هەرێم مافی دەرهێنانی نەوت و ئەنبارکردن و پاڵاوتن و گواستنەوەی لەدەست بدات، كە تەنانەت دادگەی نێوبژیوانیی پاریس (ICC) لاریی نەبووە لەسەری، یان مافی دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی کوردیی بواری خزمەتگوزارییە نەوتییەکانی پێ نەدرێت؛ ئەوە هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی هەموو مافەكانی پەیوەست بە كەرتی نەوت لەدەست دەدات([24]). ئەمەیش لە ڕووی دارایییەوە بە مانای مەرگی یەكجاریی ئابووریی سەربەخۆیە.

لە یاسا چاوەڕوانكراوەكەدا یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان، پێکهێنانی ئەنجومەنێکە بە ناوی ئەنجومەنی فیدراڵیی نەوت و گاز كە دەسەڵاتەكانی زۆرن و  مانگانە کۆ دەبێتەوە، بڕیارەکانی بە دوو شێوە دەردەچێت یان بە زۆرینەی تایبەتی ٢/٣، یان بە زۆرینەی سادە، ئەندامەكانیشی لە ٩ كەس پێک دێت و لەگەڵ ژمارەیەک ڕاوێژکار کە لە سێ کەس زیاتر نەبن؛ كەچی بەپێی دزەپێكردنەكان كوردستان لەم ئەنجومەنەدا تەنیا یەک ئەندامی هەیە کە ئەویش “وەزیری سامانە سروشتییەکان”ە. ئەمەیش دەكرێت وەها تەماشا بكرێت كە هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەکی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و دەسەڵاتی هەرێم لەم ئەنجومەنەدا زیاتر نییە لە دەسەڵاتی پارێزگای بەسرە، چونکە نوێنەری هەرێم و نوێنەری پارێزگای بەسرە، لە ڕووی ماف و دەنگدان و جۆری ئەندامێتییانەوە یەکسانن([25]).

پوختە و ڕاسپاردە

– بڕیاری دادگەی ناوبژیوانی لە پاریس و بە دوایدا بوودجەی 2023 بەتەواوی هەرێمی كوردستانی لە ڕووی دارایییەوە پەیوەست كردەوە بە حكوومەتی ناوەندیی بەغداوە.

ـ گرێدراویی داراییی هەرێم بە بەغدا، لێكەوتەی سیاسیی هەیە و ئێستا بەغدا بووەتە چەق و ناوەند بۆ دابینكردنی مووچە و بژێوی كوردستان و ڕووگەیەك بۆ سیاسییەكانی هەرێم.

ـ ویست و خواستی زۆر هەیە بۆ بەهەمیشەییكردنی گرێدراویی داراییی هەرێم بە بەغداوە لە ڕێگەی دەركردنی یاسای نەوت و گاز و شكستپێهێنانی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان و كۆتاییهێنان بە پیشەسازیی نەوت لە كوردستان.

ـ جگە لە بژاردەی باشتركردنی مەرج و ژێرخانی دانوستان، لە ئێستادا بژاردەی تری بەردەستی خێرا بۆ هەرێم نییە؛ ئەوەیش پێویستی بە پێداچوونەوەی ناوخۆیی و دروستكردنی گوتارێكی هاوبەش هەیە لەسەر ئەو پرس و خاڵانەی كە بەرژەوەندیی گشتین و، حزبی نین.

ـ كەڵكوەرگرتن لە گوشار و پشتیوانیی دەرەكی كە ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی ڕۆژاوان، پێویستی بە جێبەجێكردنی خواست و داواكارییەكانیان هەیە لە دۆسیەی ئاسایش و پێشمەرگە و ڕەچاوكردنی مافی مرۆڤ و چاكسازی و شەفافییەتی زیاتر.

ـ لەسەر ئاستی عێراق، دەكرێت كار لەسەر كەڵكوەرگرتن لە دژیەكییەكان بكرێت لە نێوان لایەنە شیعەكان لە لایەك و لە نێوان لایەنە شیعەكان و سوننەكان لە لاكەی تر؛ ئەمەیش پەیوەندیی گشتی و پلان و بەرنامەی هاوبەشی پێویستە كە تێیدا لایەنە كوردییەكان ببنە خاوەن پرۆژەیەكی داكۆكیكردن لە هەرێم.

ـ دۆسیەی ئەمنی و مەترسییەكانی داعش و دۆسیەی ئاوارەكان و مەسەلەی ئاو و وشكەساڵی و خزمەتە گەشتیاری و ژینگەیییەكانی هەرێم بۆ بەشەكانی تری عێراق، دەشێت ببنە بنەما بۆ دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان هەرێم و ناوچە فیدراڵییەكان و لە بەرامبەر ئەوەیشدا، دەكرێت ناوەند، هەرێم بە پشتیوان و تەواوكەر بزانێت و هەرێمیش بۆ ناوەند بە هەمان شێوە لە پێناو ئۆقرەییی سیاسی و ئابووریی زیاتر بۆ هەردوو لا.

([1])https://www.moj.gov.iq/upload/pdf/4726_72.pdf

([2])https://2u.pw/MIvYyxe؛ https://2u.pw/HZ3UxDy

([3])https://2u.pw/OpYv7X7

([4])https://2u.pw/ZHGIxcL

([5])https://2u.pw/HZ3UxDy

([6])https://2u.pw/gyM2YeL

([7])https://2u.pw/703lBDv

([8])https://2u.pw/R9sZ5FC

([9])https://2u.pw/Xl4Kczv ؛ https://2u.pw/n9qnj79  ؛ https://2u.pw/t7i2BLn

([10])https://2u.pw/LeErzIT

([11])https://2u.pw/9vb5cLy

([12])https://2u.pw/EqTLLDd

([13])https://carnegie-mec.org/diwan/90293

([14])https://2u.pw/HZ3UxDy

([15])https://2u.pw/9vb5cLy

([16])https://2u.pw/d8vYIWa

([17])https://2u.pw/OTiQlPq

([18])https://2u.pw/0ceHPGg

([19])https://2u.pw/zajhXr7

([20])https://2u.pw/EqTLLDd

https://2u.pw/HZ3UxDy([21])

([22])https://2u.pw/qKc3PYs

([23])https://2u.pw/bhWSRfO

([24])https://2u.pw/bOCSFEV

([25])https://2u.pw/CUNHN6J




بانکی نێودەوڵەتی: ئەگەر چاکسازی نەکرێت، بووژانەوەی نەوتی عێراق هەرەس دێنێت

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

دوای پاشەکشەی پەتای کۆڕۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠، ئابووریی عێراق لە بووژانەوەی خۆی بەردەوامە، ئەمەیش بەهۆی بازدان و گەشەکردنی خێرای نەوتەوەیە؛ بەڵام کەرتە نانەوتییەکان هێشتا بەدەست پاشەکشەی ئابوورییەوە دەناڵێنن و بەهۆیەوە ئاستەنگەکانی گەشەکردن دووبارە دەرکەوتنەوە. سەرەڕای دەسکەوتی چاوەڕواننەکراوی پێوانەییی داهاتی نەوتی و پەسەندکردنی بوودجەی نوێ، کە ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێی بوون، هێشتا عێراق مەترسیی لەسەرە نەوەك دەرفەتی جێبەجێکردنی چاکسازیی پێویست لەدەست بدات، کە دەمێکە چاوەڕوان دەکرێت و گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ باشترکردنی گەشەی کەرتی تایبەت و دابینکردنی ملیۆنان هەلی کار لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا.

ڕاپۆرتەکەی بەهار و هاوینی 2023ی ڕوانگەی ئابووریی عێراق لەژێر ناونیشانی “دووبارە سەرهەڵدانەوەی گوشارەکان: بووژانەوەی عێراق لە مەترسیدایە”، ئاماژە بە گەشەی ڕاستەقینەی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٢٢ دەدات، کە بە ڕێژەیەکی خێرا بۆ 7% بەرز بووەتەوە، ئەمەیش بەهۆی بووژانەوەی کەرتی نەوتەوە بووە، بەڵام لە چارەگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ 2.6% دابەزیوە. هەرچی تێکڕای هەڵاوسانی نرخی بەکاربەریش كە لە ساڵی 2022دا لە ئاستی مامناوەندیدا بوو، لە سەرەتای ساڵی 2023وە بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لە بازاڕی هاوتەریبدا بەرز بووەتەوە.

جووڵەی بازاڕی نەوت لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا، کۆی یەدەگی بەبێ زێڕ بەرز کردەوە بۆ ئاستی پێوانەییی ٨٩ ملیار دۆلار، بەڵام ئەم ئاراستەیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا خاو بووەوە. بەم دوایییانەیش، بوودجەی نوێی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٥ کە پەسەند کراوە، ئاماژە بە فراوانبوونێکی زۆری داراییی گشتی دەدات کە ڕەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی خێرا بەدەستهێنانی داهاتی نەوت و سەرهەڵدانەوەی گوشار لەسەر داراییی گشتی. هەروەها ڕەنگە ئەو چاکسازییە پێکهاتەیییانە دوا بخات کە لەمێژساڵە بۆ پەرەپێدانی ئابوورییەکی زیندوو و بەردەوام پێویستن.

ڕوانگەی ئابووریی عێراقی لە کۆتاییی ڕاپۆرتەکەیدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی بڵێت: تا چاکسازیی پەیکەربەندی و پێکهاتەیی ئەنجام نەدرێت، مۆدێلی گەشەپێدانی عێراق لەسەر بنەمای نەوت زیانێکی زۆری پێ دەگات. پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ناوخۆییی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی ١.١% کەم ببێتەوە، بەهۆی کەمبوونەوەی پێشبینیکراوی بەرهەمی ناوخۆییی نەوت بە ڕێژەی ٤.٤% بە پشتبەستن و لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئۆپێك+ بۆ ئەمساڵ. تەنانەت لاوازیی ویستی ئەنجامدانی چاکسازی، لە سایەی دابەزینی نرخی نەوتیشدا، یارمەتیدەر نابێت بۆ کەمکردنەوەی کۆنترۆڵی کەرتی گشتی و زیادکردنی ئەگەری گەشەی بەرهەمی نانەوتی و ڕەخساندنی هەلی کار لە ئابووریی عێراقدا. هەموو ئەمانەیش وا دەکەن لە دوورمەودادا سنوور بۆ ئاسۆی گەشەی ئابووری دابنرێت. هەروەها مەترسیی گەورەتر لەسەر ئابووریی عێراق دێتە ئاراوە، کە تا ڕاددەیەکی زۆر بریتی دەبێت لە ئاڵنگارییەکانی بونیادیی چارەسەرنەکراو؛ ئەمەیش سیستەمی ئابووریی عێراق بەتوندی بەرەوڕووی مەترسییەکانی شۆکی کەرتی نەوت و گوشارەکانی هەڵاوسان و پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی ناجێگیری نرخی کاڵاکانی دەکاتەوە، کە لەوانەیە ئاراستەکانی دۆخەکە بەرەو هەژاری ببەن و مەینەتیی ئاسایشی خۆراك زیاتر بکات.

لەم بارەیەوە ژان کریستۆف کارێ، بەڕێوەبەری هەرێمی فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بانکی نێودەوڵەتی ڕای گەیاند، عێراق دوای چەندان ساڵ ئاژاوە، زۆر بەبەهێزی دەبووژێتەوە، بەڵام ناتوانێت بەردەوام بێت بۆ بووژانەوە لە ماوەیەکی کورتدا ئەگەر بەتەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت. بەهۆی پابەندنەبوونی سیاسییش لەبارەی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییە پێویستانەی کە عێراق زۆر دەمێکە داوایان دەکات، زۆر بەخێرایی و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ڕووبەڕووی مەترسیی کەمکردنەوەی یەدەگەکانی دەبێتەوە و، دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم. هەروەها دەڵێت “پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ خێراکردنی هەنگاوەکان بەرەو هەمەچەشنکردنی چالاکییە ئابوورییەکان و چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانە بگیرێتە بەر، کە دەبنە هۆی زیادبوونی نالەباریی ئابووری و بەرگرتن لە ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە دۆخەکە و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانیی درێژخایەنی گەلانی عێراق.”

بەشێکی تایبەتی ڕاپۆرتەکە بە ناونیشانی “نێوەندگیریی دارایی لە عێراق” باس لە کەرتی داراییی عێراق دەکات و دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە نەبوونی سەرمایە لە بانکە باڵادەستەکانی سەر بە دەوڵەت و لاوازیی کەرتی بانکی بازرگانیی ئەهلی، دوو لە ئاستەنگەکانن بۆ بەدەستهێنانی هەمەچەشنکردنی چالاکییە ئابوورییەکان. ڕاپۆرتەکە جەخت لە گرنگیی چاکسازی لە کەرتی بانکی و پێشخستنی خزمەتگوزارییە دارایییە دیجیتاڵییەکان دەکاتەوە؛ مەبەست لەمەیش زیادکردنی چالاکییەکانی نێوەندگیریی دارایی و بەرەوپێشبردنی گشتگیریی دارایییە. ئامانج لەم پێشنیارانەیش گۆڕینی کەرتی دارایییە بۆ هاندانی هەمەچەشنکردنی ئابووری.

سەرچاوە:

https://www.iraqinews.com/iraq/iraqs-oil-boom-could-collapse-if-no-reforms-occur-world-bank/




لێکترازانی ناوخۆیی و مەترسیی داکشانی هەرێمی کوردستان لەنێو نەزمی نوێی هەرێمایەتی

 

د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان و مامۆستا لە بەشی سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی، زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر

 

پێشەکی

ئەم ڕۆژانە ١٠٠ ساڵ بەسەر رێککەوتننامەی لۆزان (24ی تەممووزی ساڵی 1923)دا تێ دەپەڕێت، بەڵام ئاسەوارە نەرێنییەکانی تاوەکوو ئێستا هەر بەردەوامە و تەنانەت پاش سەد ساڵ لە خەبات و قوربانیی گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد، هەروەها گۆڕانکاری لە چەند سیستەمێکی نێودەوڵەتی، جارێکی دیکەیش لەم ماوەیەی دواییدا ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتی، هەروەها جموجۆڵە هەرێمایەتییەکان و تەنانەت گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی عێراق، بۆتە هۆی ئەوەی کە لێکدانەوەی جیاواز و نەرێنیی بۆ بکرێت. بە مانایەکی تر، ڕەوتی ڕووداوەکان و بەم پێیەیش ئاماژەکان بۆ کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئەرێنی نین و خاکی هەرێمی کوردستان بۆتە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادان و، لەمەیش زیاتر ناکۆکیی کورد بە بەراورد بە سەد ساڵ لەمەوبەر نەک کەمتر نەبووە، بەڵکوو قووڵتریش بۆتەوە؛ ئەمەیش چارەنووسی کوردی ناڕوون و پڕمەترسی کردووە. هەرچەندە هیچ کات هەموو پێشبینییەکان وەکوو خۆی نایەتە دی یاخود هیچ کات ناکرێت ڕووداو و وەرچەرخانەکان بەوردی و زانستی پێشبینی بکرێت، بەڵام کاتێک کە هەر لێکۆڵەر یاخود ئەکتەرێکی سیاسی، گرنگی بە مەترسییەکان و ئاماژە و گۆڕانکارییەکان نەدات، ئەوە ئەگەری ڕوودانی سیناریۆ بۆ ئەو ئەکتەرە بەرزتر دەبێتە و شرۆڤە و لێکۆڵینەوەی پڕ لە گەشبینی ناتوانێت خوێندنەوە بۆ واقعی سیاسیی ناوخۆیی و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان بکات. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، هاوکێشە، جموجۆڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە ئاستی ناوخۆیی، عێراقی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئەرێنی نین، بەڵکوو هەڵگری هەڕەشە و مەترسیی گەورن.

لەم چوارچێوەیەدا، خوێندنەوەی ڕیالیستی بۆ هەڕەشەکان، دەتوانێت وا بکات کە هەر ئەکتەرێک و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان کە دەوڵەت نییە و گۆڕانکارییە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر دابنێت، ئامادەکاری بۆ ئەو گۆڕانکارییانە بکات و کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرێت و بەرەنگاری هەڕەشەکان ببێتەوە یاخود لانی کەم هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکان بکەن. هەرچەندە لە بابەتەکەیش دوور دەکەوینەوە، بەڵام یەکێک لە کێماسییەکانی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا ئەوە بوو کە بەوردی لێکدانەوەی بۆ ڕووداوەکانی ژینگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی نەکردووە یان هەر ئاگاداریان نەبووە و، تەنانەت لە ڕوانگەی خۆیەوە خوێندنەوەی بۆ واقعی هەرێمایەتی و هاوکێشە نێودەڵەتییەکان کردووە؛ لێکەوتە و ئەنجامەکەیشی بە کارەسات بۆ کورد شکاوەتەوە. خو ئەگەر پێشبینیی بەشێک لە ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکانی بکردبایە یان خوێندنەوە و لێکدانەوەیەکی واقعیی دوور لە حەز و ڕوانگەی خۆی بۆ ئەو هاوکێشانە کردبایە، لەوانەیە ئاسەواری نەرێنی یان لێکەوتە مەترسیدارەکانی، زیانی کەمتری گەیاندبایە نەتەوەی کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی.

لێرەدا، هەوڵ دەدەین بەپێی ئەو ئاماژە و ڕووداو و جموجۆڵانە، خوێندنەوەیەکی وردتر لە گۆڕانکارییەکان و کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان بخەینە ڕوو، چونکە ئامادەکاری بۆ ئەو ڕووداو و سیناریۆ و ئەگەرانە وا دەکات کە زۆر جار ڕەوتی ڕووداوەکان بگۆڕێت و وەکوو خۆی نەیەتە دی و، بەم پێیەیش بە زیانێکی کەمتر لێی دەربچین. بۆیە لێرەدا بەپێی ئاستەکان چەند مەترسی و هاوکێشەیەک دەخەینە ڕوو کە کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە و لە بەشێک لە نووسینەکەیشدا بەکورتی ئاماژە بەو پلان و هەنگاوانە دەکەین کە دەتوانێت ئەو مەترسییانە کەمتر بكاتەوە یاخود بڕەوێنێتەوە. هەرچەندە بەشێک لەو هەڕەشە و مەترسییانە نوێ نین و بە شێوازی جۆراوجۆر خراونەتە ڕوو، بەڵام لە ئێستادا و لەم قۆناغەدا، ئەو فاکتەر و یاخود مەترسی و هەڕەشانە کاریگەری و زیان و لێکەوتەیان بەرزتر و زیاترە.

  • یەکەم: ئاستی ناوخۆیی و عێراقی
  • ناکۆکی و لێکترازانی سیاسی ناوخۆیی و لێکەوتە نەرێنییەکانی

ململانێ سیاسییەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان سنووری ئاسایی و یاسایی خۆی تێ پەڕاندووە و ئەمەیش بە مەترسیدارترین فاکتەر دادەنرێت کە کاریگەریی بنەڕەتیی لەسەر کۆی هاوکێشەکان لە ئاستەکانی دیکە دەبێت و، بەم پێیەیش قەبارە و کاریگەریی مەترسییە دەرەکییەکان بەهێزتر و ئەگەری ڕوودانیان خێراتر دەکات. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەک و حزبە سیاسییەکانی دیکە لە لایەکی دیکەوە، وای کردووە کە لە ڕووی ئاسایشی سیاسییەوە هەرێمی کوردستان لە پاش شەڕی براکوژی و ساڵی ٢٠٠٣وە لە لاوازترین و لەرزۆکترین ئاستی خۆیدا بێت لە عێراق و ناوچەکەدا. هەرچەندە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی ئەم فاکتەرە، دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری و داینامیزمی ناوخۆیی خودی حزبە سیاسییەکان، بەڵام لێکەوتەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی ناوەستێتەوە و شۆڕ بۆتەوە بۆ ناو کایەی سیاسی و، تەنانەت کاریگەریی لەسەر پێگە و ئەدای حکوومەتی هەرێمی کوردستان داناوە و جارێکی دیکە دوو هێزی سەربازی و دوو زۆنی زەق کردۆتەوە و، ئەمەیش پەڕیوەتەوە بۆ ناو هاوکێشە سیاسییەکانی بەغدا. باشترین نموونەیش لاوازیی کورد لە پەرلەمان و حکوومەتی بەغدا و لە بەرامبەر هێزە سیاسییە شیعەکان بوو کە لە کاتی پەسندکردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی، زیاتر بەرجەستە بووەوە و لێکەوتەکانی لە مەترسیدارترین یاسای بوودجەی عێراقی پاش ساڵی ٢٠٠٣ بۆ کورد ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێت و تەنانەت ئاسەوارەکانی ئەمە لە ماوەیەکی زەمەنیی کورت وا دەکات کە، کۆی هاوکێشە ناوخۆیییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕانی بەسەردا بێت. تەنانەت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی بەرژەوەندی و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئەم ململانێیانە بێت کە دوایینیان هەم لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرککۆماری عێراق و هەمیش ناکۆکی و لێکترازنی قووڵی نێوان ئەم دوو هێزە لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و کۆتا و لیستی هەڵبژاردن و…، وای کرد کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و زاڵبوونی عێراقی بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لێ کەوتەوە. تەنانەت ئەم ململانێیانە وای کردووە لە لایەک لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی باڵانس و تەنانەت لاوازکردنی یەکتری، پەنا بەرنە بەر لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی عێراق و لە لایەکی تریشەوە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و خودی هاوپەیمانان بە ڕوانگەیەكی نەرێنی و ڕەخنەیییەوە بڕواننە ئەو هاوکێشە و ململانێ سیاسییە ناوخۆیییانەی هەرێمی کوردستان و مەترسییەکانی لە چەندان بۆنە و بواری جیا بخەنە ڕوو.

  • کاریگەریی ناکۆکییە ناوخۆیییەکان لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان

هەموو ئەمانەیش بۆتە هۆکاری ئەوەی کە لە لایەک هێرش و چالاکی سەربازی دەوڵەتانی هەرێمی بەرزتر و مەترسیدارتر ببێتەوە و لە لایەکی تریشەوە، بەتایبەتی ئێران ئاسوودەتر و ساناتر هەڕەشەی سەربازی لە هەرێمی کوردستان بکات. بەم پێیەیش لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم ناکۆکی و لێکترازان و ململانێ سیاسییە ناوخۆیییانەی کوردستان، پێشبینی دەکرێت كە جگە لە تێکچوونی ئاسایشی سیاسی و سەقامگیریی ناوخۆییی کوردستان و لاوازبوونی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق و بەتایبەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارێزگاکانی عێراق و داهاتووی یاسایی، بارودۆخی ئاسایشی و سیاسی، دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش لێکەوتەی گەورەی نەرێنیی هەبێت، هەروەکوو چۆن لە پاش ٢٠١٧وە، دۆخی ئەو ناوچانە نالەبارتر و مەترسیدارتر دەبێتەوە بۆ کوردی ئەو ناوچانە و، لێشاوێکی بێوێنەی تەعریب و تەرحیلی ڕانەگەیەندراو ڕوو لەو ناوچەیە بکات.

  • لێکەوتەی نەرێنیی ناکۆکییەکان لەسەر ئاستی دەرەکی

ئەمانەیش لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە گۆڕانکارییەکانی ژینگەی نێودەڵەتی بەهۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا دەرفەتێکی بێوێنەی بۆ هەرێمی کوردستان هێنایە ئاراوە کە لە ڕێگەی وزەوە، بەشێک بێت لە ئاسایشی وزەی ڕۆژاوایییەکان و لەم ڕێگەیەوە پێگەی خۆی بچەسپێنێت و ئاسایشی سیاسی و سەربازی و تەنانەت ئابووری بە ئاسایشی ئەوروپییەکانەوە گرێ بدرێت؛ بەڵام ململانێ سیاسییەکان نەوەستایە سەر ناکۆکیی سیاسی، بەڵکوو ئەم ململانێ و لێکترازانانە شۆڕ بووەوە بۆ ناکۆکی لەسەر پرسی دەرهێنان و هەناردەکردنی گازی سروشتی و، ئەم دەرفەتەیشی لەبار برد. هەموو ئەوانەیش وا دەکات کە جگە لە لاوازیی ناوخۆیی، هەرێمی کوردستان لە ئاستی دەرەکییش پشتیوانی و پاڵپشتی نێودەوڵەتی لەدەست بدات.

  • کاریگەریی نەرێنیی لێکترازانەکان لەسەر ڕەوایەتیی سیستەمی سیاسی

لە لایەکی تریشەوە لە ئاستی ناوخۆیی، ئەم ناکۆکییە سیاسییانە وا بکات کە ئاماژە مەترسیدارەکانی لێکترازانی نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵات کە بە بەشدارینەکردنی ڕێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەرکەوێت و، ئەمەیش کۆی سێکتەرەکانی ئاسایشی بخاتە مەترسییەوە کە بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان پرسی ڕەوایەتیی ڕاستەقینە (نەک تەنیا ژمارەی کورسییەکانی لایەنە سیاسییەکان)، پرسێکی ژیانی و جددییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. لێرەدا باس لە کاریگەریی فاکتەرە سەربازی و کۆمەڵگەیی و ئابووری و ژینگەیییەکان ناکەین وەکوو مەترسییەک لەسەر هەرێمی کوردستان، چونکە بوارێکی جیایە لە بابەتی نووسین و لێکدانەوەکەمان.

  • لێکترازانی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لەسەر هاوکێشەکانی عێراق: پاشگەزبوونەوە لە فیدراڵییەت و مەترسییەکانی

لەم چوارچێوەیەدا، لە ئێستادا یەکێک لە مەترسیدارترین هەڕەشەکان بۆ سەر مانەوە و بەردەوامیی هەرێمی کوردستان، هاوکێشە و ئاڵوگۆڕەکانی عێراقە. بەم واتایە کە ئەجێندای وڵاتانی هەرێمایەتی لە عێراق، هەروەها هاوسەنگیی ناوخۆییی هێزە سەرەکییەکانی عێراق لە پاڵ سیاسەت و بەرنامەی ڕانەگەیەنراوی شیعەکان لە هەمبەر هەرێمی کوردستان، وای کردووە کە جگە لەوەی دەستوور پێشێل دەکرێت، پاشەکشەیەکی ئاشکرا لە پرسی فیدراڵییەتی عێراق و ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت. بۆ نموونە گوشارەکانی بەغدا و بەکارهێنانی دامەزراوە و ئامرازە دەستوورییەکانی وەکوو دادگەی فیدراڵی و، دامەزراوە یاسایییەکانی وەکوو پەرلەمان و حکوومەت و کارکردن بە لۆژیکی زۆرینە و کەمینە بەبێ ڕەچاوکردنی سروشتی نەتەوەیی و سیاسی و یاسایی و دەستووریی عێراق، ئاماژەیەکی مەترسیدارن بۆ سەلماندنی ئەو هەڕەشانە لەسەر هەرێمی کوردستان. باشترین بەڵگەیش بەکارهێنانی دادگەی فیدراڵییە لە ململانێ سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و تەنانەت پەنابردنە بەر دادگەی نێودەوڵەتییش وەکوو ئەوەی لە پرسی بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سەر بە ژووری بازرگانیی پاریس سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بینیمان.

 جگە لەمانەیش پاشگەزبوونەوەی خێرای هێزە سیاسییەکان لە ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەت و پێشێلکردنی هاوبەشییەکان لە پەرلەمانی عێراق و کارکردن بە لۆژیک و میکانیزمی زۆرینە و کەمینە لە پرسی بوودجەدا، ئەوە نیشان دەدات کە قۆناغێکی مەترسیدار لە پەیوەندییەکان و هاوسەنگیی هێز لە نێوان بەغدا و هەولێر هاتۆتە ئاراوە. لەم چوارچێوەیەیشدا بەهۆی نالەباریی دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت هێزە شیعە عێراقییە دەسەڵاتدارەکان ئەمە بە دەرفەت بزانن و گوشارەکانیان بۆ سنووردارکردن و بچووککردنەوە و بەم پێیەیش خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتیی هەرێمی کوردستان چڕتر بکەنەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوە پاش گۆڕینی هاوسەنگیی سیاسی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و، هەروەها گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە، دەست بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەستوور ببرێت؛ بەم واتایە کاتێک عێراق ئەو ماددەیە جێبەجێ دەکات کە دڵنیا بێت کورد و پاشان تورکمان کەمینەن و ئەو کاتە بەیەکجاری و بۆ هەمیشە لە ڕێگەی یاسایی و دەستوورەوە، کۆتایی بە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە دێنێت. هەروەها گوشار و لێدان لە جومگەکانی ئابووریی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەیە کە دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە هەم لە ڕووی سیاسییەوە هەرێمی کوردستان لەرزۆک و لاواز بکات  و هەمیش وا بکات کە خودی خەڵک بە هۆکاری ناکۆکیی سیاسی و ناڕەزایەتیی ئابووری لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی دژی پارتی و یەکێتی ڕاپەڕن یاخود لانی کەم پشتیوانی لە لاوازبوونی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی دەسەڵاتەکانی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان یاخود گەڕانەوە بۆ بەغدا بکەن.

  • دووەم: ئاستی هەرێمایەتی
  • هاتنەئارای هاوکێشەی نوێی هەرێمایەتی

هاوکێشەیەکی ڕیالیستی بەڵام ڕاستییەکی تاڵ بۆ کورد بەگشتی ئەوەیە کە، کاتێک ململانێی نێوان ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان لە لایەک و ئەکتەرە هەرێمایەتی و زلهێزە نێودەوڵەتییەکان لە لایەکی ترەوە لە ئارادایە، ئەوە بەخت و ئەستێرەی کورد ڕوو لە درەوشانەوە دەبێت و بەپێچەوانەکەیشی بەداخەوە تاوەکوو ئەم چرکەساتە هەر ڕاستە! لەم نێوەندەیشدا هەرێمی کوردستان و عێراق لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەم هاوکێشانەدایە؛ بەم واتایە کە کاتێک جەمسەرە هەرێمایەتییەکان لەسەر بنەمای ململانێ و پێکدادانی تونددا دەبن، ئەوە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی بۆ ڕۆڵبینین هاتۆتە پێشەوە، بەڵام لە ئێستادا کە جەرمسەربەندییەکان بەهۆی گوشاری ناوخۆیی و گوشاری سەرووهەرێمی بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و گواستنەوەی هاوکێشەکانی نێوانیان

لەسەر ئاستی ناوچەکە بۆ هاوکێشەی ڕکابەرایەتی و تەنانەت هاوکاری و هەماهەنگی دەچن و لە هەمان کاتیشدا بۆشاییی زلهێزێکی نێودەوڵەتی یاخود سۆپەڕپاوەرێکی وەکوو ئەمریکا دەرکەوتووە، ئەوە ئەکتەرە پێکناکۆکەکان کە ململانێ و ناکۆکییەکانیان پێشتر ناسنامەیی و ئاسایشی بوو، ڕوو لە دروستکردنی کۆمەڵەیەکی ئاسایشی دیکە دەکەن. بۆ نموونە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل و تەنانەت ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندی سعودیا و ئیسرائیل و، هەروەها سعودیا و ئێران و، هەروەها وڵاتانی عەرەبی و تورکیا، وا دەکات کە ئەم هاوکێشە و هاوسەنگییەی ڕابردوو بگۆڕێت و کاریگەریی ڕاستەوخۆیشی لەسەر هاوسەنگیی هێز لە ناوخۆی عێراق و بەتایبەتی هەواڵبەندییە سیاسییەکان دەبێت. تەنانەت یەکێک لە لێکەوتەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، ئاڵۆزتربوونی پرسی چارەسەری کێشەکانی فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل و داهاتووی فەلەستینییەکان بوو. لە لایەکی تریشەوە، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانییەکان لە دژی دەسەڵاتی ئێستای ئەو وڵاتە، کەوتە ژێر کاریگەریی پەیوەندییەکانی سعودیا و ئێران لە لایەک و ئەمریکا لەگەڵ  ئێران لە لایەکی ترەوە. بەم واتایە کە ئەو دەوڵەت و لایەنانە بەهۆی ئەم هاوکێشانەوە پشتیوانی و پاڵپشتییەکی ڕاستەقینە و ئەوتۆیان لە ڕاپەڕیوە وەزاڵەهاتووە ئێرانییەکان نەکرد و ڕووبەڕووی رەخنەی توندیش بوونەوە.

  • کاریگەری و لێکەوتەی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر هاوکێشە هەرێمایەتییەکان

 بەشێکی ئەمەیش بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا هاتۆتە ئاراوە و بەشەکەی دیکەی بۆ گوشارە سیستەمییەکان و پاڵنەرە ناوخۆییەکان و تەنانەت گۆڕانکاری ناوخۆیی ئەم ئەکتەرانە. لە لایەکی تریشەوە ڕۆڵی ڕوو لە هەڵکشانی چین لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا  لە ئاستی نێودەوڵەتی و، هەروەها ڕۆڵی لە ناوبژیوانییەکان و، هەروەها پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە وەکوو ئێران و سعودیا و…، لە ئاستی هەرێمایەتیدا وای کردووە ئەکتەرە سەرووهەرێمایەتییەکان، وەکوو ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی، بەتەواوی پرسی دیموکراسی و  مافی مرۆڤ بخەنە پەراوێزەوە. لەم نێوەندەیشدا ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەکوو هەرێمی کوردستان ڕۆڵ و پێگەیان لاواز دەبێت، ئەگەر هەردوو بەرەی ئەکتەرە هەرێمایەتی و ئەکتەرە سەرووهەرێمایەتییەکان  بە مەبەستی ململانێ و ڕکابەرایەتی لەگەڵ یەکتری مامەڵە لەگەڵ ناوەندێکی بەهێز بکەن. جگە لەمانەیش، ئەگەری ڕێککەوتنی نافەرمی یاخود نەنووسراوی ئیدارەی بایدن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران وا دەکات، جارێکی دیکە ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا پێگەی بەرزتر ببێتەوە و ئەمەیش لە قازانجی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق و ناوچەکەیە و، هەروەها وا دەکات وڵاتانی دیکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و دوورخستنەوەی مەترسییەکان مامەڵە لەگەڵ ئێران بکەن وەکوو ئەکتەرێکی ئاسایی. هەر ئەمەیش وای کردووە کە هێزە پرۆکسییەکانی ئێران یاخود هێزە سیاسییەکانی لایەنگری ئێران لەم ماوەیەدا کەمترین هێرش بکەنە سەر هێزە ئەمریکییەکان یاخود بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.

  • ئامانج لە گرتنەبەری سیاسەتێکی نوێ لەلایەن ئەکتەرە هەرێمایەتییەکانەوە

هاوکێشەکە بەم شێوەیەیە کە کەمبوونەوەی پابەندییە سەربازی و ئاسایشییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وای کردووە کە دەوڵەتانی عەرەبی، فرەلایەنگەرایی لە پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان بکەنە بنەمای ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەیان و لەم ڕێگەیەوە لە هەمبەر نەیارە هەرێمایەتییەکان هەم سیاسەتی هاوسەنگکردنەوە بگرنە بەر و هەمیش لە ڕێگەی وابەستەییی دوولایەنە و کارلێکی ئابووری، ئاسایشی خۆیان گرێ بدەنەوە بە بەرژەوەندیی ئەکتەرە جیاواز و پێکناکۆکەکان. بۆ ئەم مەبەستەیش لە ئاستی بارگرژییەکان کەم دەکەنەوە و لە بەرامبەریشدا کاڵایەکی ستراتیژی بە ناوی “ئاسایش” دەستەبەر دەکەن. بەرزبوونەوەی ڕۆڵی چین لە ناوچەکە لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

  • سێیەم: ئاستی نێودەوڵەتی و سەرووهەرێمایەتی
  • مەترسی و لێکەوتەی ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتییەکان

بەو پێیەی کە بە هۆکاری ناوخۆیی و، هەروەها هەرێمایەتی نەمانتوانی کەڵک لە دەرفەتی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا لە پرسی هەناردەکردنی وزە (بەتایبەتی گازی سروشتی) وەربگرین، لێکەوتە نەرێنییەکانی دیکەی ئەم جەنگە بۆتە هۆکاری دروستبوونی مەترسی بۆ سەر داهاتووی هەرێمی کوردستان؛ یەکێک لەو مەترسییانەیش زاڵبوونی ڕوانگە و سیاسەتی میلیتاریستی بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هاوکێشەکانی سیاسەتی جیهانییە و، هەروەها بەهێزبوونی راسترەوە توندرەوەکان لە ئەوروپا و تەنانەت لە ئەمریکا. هەر ئەم گۆڕانکارییانە وای کردووە کە گرنگیدان بە پرسەکانی وەکوو مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە ئاستی جیهانی پاشەکشە بکات و پرسە ئاسایشی و ئابوورییەکان بێتە ڕۆژەڤی سیاسەتیدەرەوەی دەوڵەتانی رۆژئاواییەوە،؛ ئەوەیش بەهۆی ئەوەی کە بەرەنگاری مەترسییەکانی چین و ڕووسیا ببنەوە و، لێکەوتەکانی ئەمەیش کاریگەریی لەسەر سیاستی ناوخۆییی ئەو وڵاتانە و بەپێچەوانەیشەوە، هەبووە کە تاوەکوو ئێستا بە پاڵشت و پشتیوانی هەرێمی کوردستان و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان دەناسران. بۆ نموونە دەوڵەتانی ڕۆژاوایی هەوڵ دەدەن کە بەرژەوەندییە ئابووری و ئاسایشییەکانیان بەبێ بەشداریی ڕاستەوخۆ لە جەنگ و کێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان بپارێزن و لەم ڕێگەیشەوە چاوپۆشی لە پەراوێزکەوتنی کەمینەکان یان هاوپەیمانەکانیان دەکەن.

  • مەترسیی بەهێزبوونی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە دەوڵەتە دیموکراسییەکان

 باشترین نموونەیش سیاسەتی ئەمریکا بووە لە هەمبەر ئەفغانستان یان داهاتووی ناڕوونی رۆژئاوای کوردستان لە هەمبەر هەڕەشەکانی تورکیا و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە لە ئەگەری هاتنەسەرکاری کەسێكی وەکوو دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، دەوڵەتان زیاتر گرنگی بە پرسە ناوخۆیییەکانیان دەدەن کە بوونەتە کێشە بۆ ئابووری و ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵگەیییان و بەم پێیەیش پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە کەمترین پاڵپشتیی هەیە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتانە و لە لایەکی تریشەوە، بەهێزبوونی راسترەوە توندروەکان وا دەکات کە مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتە نادیموکراسییەکان ببێتە ڕەفتارێکی ئاسایی لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەدا، چونکە ئایدیۆلۆژیای پارتە سیاسییەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سیاسەتی دەرەوە هەیە و بەپێچەوانەی ڕابردوو، سیاسەتەکانیان لە بواری دەرەکیدا کەمترین دژایەتیی ناوخۆییی دەبێت، ئەگەر بەرژەوەندییە ئاسایشی و ئابوورییەکانی ئەو دەوڵەتە بپارێزێت. ئەمەیش هانی حزبە سیاسییەکان و سیاسەتمەدار و داڕێژەرانی سیاسەت دەدات کە لەم ڕێگەیەوە ڕەوایەتی و دەنگی دەنگدەرانان بەدەست بێنن. هەرچەندە تاوەکوو ئێستا ئەم هاوکێشەیە ڕەها نییە، بەڵام هێما و ئاماژەکان و ڕووداوە ناوخۆیییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی ئەوەمان پێ دەڵێن کە، لە داهاتوو ئەگەر ڕەوتی ڕووداوەکان هەر بەم شێوەیە بێت، لە زۆربەی وڵاتان حزبە ڕاسترەوەکان دەسەڵات دەگرنە دەست.

  • هاتنەئارای دەرفەتە نوێیەکان لە پاڵ مەترسییەکان

 هەرچەندە ئەمەیش دەرفەتی بۆ هەرێمی کوردستان تێدایە کە لە ڕێگەی بەهێزکردنی ناوخۆیی لە ڕووی سەربازی و بەتایبەتی لە جەنگی دژی تیرۆر و پرسی کۆچبەران و پرسەکانی وزە و ئابووری و تەنانەت کاریگەری لەسەر سیاسەتی عێراق، بتوانێت جارێکی دیکە بێتەوە ناو هاوکێشەکانی ئەم ئەکتەرانەوە، بەڵام هاوکێشە ناوخۆیییەکان، بەتایبەتی لاوازبوونی کورد لە عێراق و ناکۆکی و لێکترازانی ناوخۆییی کورد لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە ئاستی ناوچەییدا، ڕێگر بووە لە هاتنەدیی و بەم پێیەیش کاریگەریی فاکتەری دەرەکی بەهێزتر بووە لە فاکتەری ناوخۆیی. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەگەر کورد ببێتە ئەو ئەکتەرە کە وا بکات عێراق نەتوانێت بەسانایی پەراوێزی بخات و، هەروەها ئەجێندای هیچ دەوڵەتێکی هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتی بەبێ کورد جێبەجێ نەکرێت و تەنانەت بەرژەوەندییەکانیان لە عێراق و ناوچەکە پارێزراو نەبێت، ئەوە کوردستان دەتوانێت جارێکی دیکە بەهێز بێتەوە و لانی کەم خۆی لەگەڵ ئەم هاکێشە نوێیە جیۆسیاسییانە بگونجێنێت، چونکە ئەم شەپۆلە پۆپۆلیستی و ڕاستڕەوە، کاتییە، بەڵام کورد لەوانەیە بەرگەی تێپەڕاندنی نەگرێت ئەگەر لە ئێستاوە ئامادەکاریی لەسەر بنەمای خوێندنەوەیەکی ڕیالیستی بۆ نەکات.

کۆبەند

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سەرەڕای هەموو مەترسییەکان بەڵام ئەوەی کە زیاتر هەڕەشە لە کوردستان دەکات فاکتەری ناوخۆیییە، چونکە مەترسی و هەڕەشە دەرەکییەکان هەڵگری دەرفەتیشن، بەڵام ناکۆکی و لێکترازان و ململانێی توندی ناوخۆیی، هیچ دەرفەتێکی تێدا بەدی ناکرێت، بەڵکوو هەڕەشە و مەترسییە دەرەکییەکانیش دەکاتە ڕاستی و ئاسەواریان بەهێزتر و قووڵتر دەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا دەرفەتەکان دەگۆڕێت بە هەڕەشە.

گەورەترین دەرفەت تاوەکوو ئێستا لەرزۆکبوونی عێراق و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هێزە شیعەكان لە لایەک و کورد و سوننە و شیعە لە لایەکی دیکە و، هەروەها پێکناکۆکیی ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان لەگەڵ یەکتری و ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان لەگەڵ ئەکتەرە سەرووهەرێمایەتییەکان نییە (کە هەموو ئەمانە دەرفەتن)، بەڵکوو کاتیبوون یاخود لەرزۆکبوونی هەواڵبەندی و جەمسەرگیری و هاوپەیمانێتییەکانە؛ لە لایەکی تریشەوە، ململانێی چین و ئەمریکا و، هەروەها جەمسەرەکان لەگەڵ یەکتری وا دەکات دەرفەتی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە.

جگە لەمانەیش، هەرێمی کوردستان پێویستە “ستراتیژیی هاوسەنگیی ئەرێنی” بگرێتە بەر؛ بەم واتایە کە جگە لەوەی کە لەگەڵ ئەکتەرە هەرێمایەتییەکانی وەکوو ئێران و تورکیا و سعوودیا و ئیمارات و… پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەبێت، لە هەمان کاتیشدا، لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپاش ڕایەڵەیەکی بەهێزی پەیوەندی لە بواری جیاواز دروست بکات؛ بەتایبەتی لە ئاستی ناوخۆییی عێراق بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت. ئەمەیش دەری دەخات دوایین کارتی بەهێزی هەرێمی کوردستان دیپلۆماسییەکەیەتی کە پێویستە بیپارێزێت و، هەروەها پەرەی پێ بدات و تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا عێراق هەوڵی لێدان لەم جومگەیەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بدات. باشترین ستراتیژیش کە پێویستە هەرێمی کوردستان لەم ماوەیەدا بۆ بەرزکردنەوەی پێگەکەی کاری لەسەر بکات، ئەوەیە کە بە دیپلۆماسییەکی فرەؤەهەند هەوڵ بدات بەشێک بێت لە ڕێڕەو و کۆریدۆرە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان. لەم چوارچێوەیەیشدا، بە مەرجێک لە ئاستی ناوخۆییی کوردستان ڕێککەوتن لەسەر ئەم سیاسەتە بکرێت، هاوکێشەکە دەبێت بەم شێوەیە بێت: “ئەگەر مانەوە، ئاسایش و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەستەبەر و ڕەچاو نەکرێت، هیچ گەرەنتییەک بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی و ئاسایشی لایەنەکانی دیکەیش بوونی نابێت.”




گەمارۆدان و دانوستاندن: سیاسەتی نوێی عێراق لە هەمبەر هەرێمی کوردستان

 

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پێشەکی

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا تا دێت ئاڵۆزتر دەبن؛ ئەمەیش لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە پشتنەبەستن بە بنەما دەستووری و یاسایییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکییانە لە لایەک و، هەروەها نەبوونی متمانە لە نێوان هەردوو لادا لە لایەکی ترەوە. بەتایبەت ئەگەر وێنە فراوانەکەی پەیوەندی و ناکۆکییەکانی هەردوو لا ببینین، بۆمان دەردەکەوێت کە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا وابەستەی هاوسەنگیی هێزن نەک بنەما دەستوورییەکان و بەرپرسیارێتیی سیاسی؛ واتە ئەو کاتەی دۆخی عێراق خراپە و پێگەی لاوازی هەیە، هەرێمی کوردستان ئەو دۆخە دەقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی و ڕەچاوی بنەما دەستوورییەکان ناکات ( ٢٠٠٣ تا ٢٠١٧)، ئەو کاتەیش کە هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی بەغدایە (٢٠١٧- ٢٠٢٣)، عێراق ڕەچاوی پڕەنسیپە دەستووری و یاسایییەکان و بەرپرسیارێتیی سیاسی ناکات و، ئەوە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان تا ئاستی پەلوپۆکردنی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی ئەو پێگە دەستوورییەیش کە هەرێمی کوردستان لە عێراقی دوای ٢٠٠٣دا بەدەستی هێناوە.

سیاسەتی ئێستای عێراق لە هەمبەر هەرێمی کوردستان

لە دوای ململانێیەکی زۆر لە نێوان دوو بلۆکی دەەسەڵاتی شیعە لە عێراقدا (چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدرییەکان) کە کوردیش بەسەر ئەو دوو بلۆکەدا دابەش بوو، دواجار کورد بەناچاری چووە پاڵ بلۆکی چوارچێوەی هەماهەنگی یان ئیدارەی دەوڵەت. لەوانەیە ئەگەر کورد بژاردەی تری هەبووایە، نەچووبایە پاڵ ئەم حکوومەتە، بەڵام ئەوەی نەكرد، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش یەکێتی و پارتی ناتوانن ببنە ئۆپۆزیسیۆن لە بەغدا، چونکە ئەوکات دەکەونە ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی بەغدا و هیچ دەسکەوتێکی سیاسییشیان نابیت، ئەمە جگە لەوەی هەرێمی کوردستانیش دەبێتە قوربانی. بە پشتبەستن بەوەی کە پەیوەندیی هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و بەرپرسیارێتیی سیاسی نییە، کەواتە سیاسەت و ڕوانگەی حکوومەتی فیدراڵی و نوخبەی سیاسیی شیعە لە عێراقدا، تا دێت بەسەر هەرێمی کوردستان زاڵتر دەبێت؛ چونکە نوخبەی سیاسیی شیعەکانی ئێستا هەست بەو بەرپرسیارییە سیاسییەیش ناکەن، کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و ڕۆڵی زۆری بینیوە لە دژایەتیکردنی حکوومەتی بەعس و ڕووخاندنی. بۆیە نوخبەی سیاسیی ئێستای شیعە، بەتایبەت ئەوانەی لە پەرلەمانن، ئەم دۆخە وەک درەفەتێک دەبینن بۆ پراکتیزەکردنی سیاسەتی زۆرترین گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو پێگە دەستووری و سیاسییەی کە هەشیەتی، نەمێنیت و هەنگاو بە هەنگاو پاشەکشە بکات بۆ ئاستی پارێزگاکان؛ تا ئەو ئاستەی کە دواجار خەڵکی هەرێمی کوردستان ناچار بێت خۆی داوای حوکمکردنی ڕاستەوخۆی بەغدا بکات، بە وەهمی باشتربوونی دۆخی ئابووری و دارایییان. ئەوەی ئێستا نوخبەی سیاسیی شیعەی زاڵ لە عێراقدا دەیکەن (لەناو پەرلەمان و حکوومەت)، سیاسەتی دەورەدانی هەرێمی کوردستانە. هەڵبەتە هۆکار زۆرن کە بۆ ئێستا کاریگەریی ئەو سیاسەتە وا بەهێز لەسەر هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، کە ئەم بابەتە ناتوانێت ئاماژەیان پێ بدات، بەڵام گرنگترین هۆکار و کێشە و ململانێی یەکێتی و پارتییە. خۆ پێشتریش لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان ئەو گوشارەیان هەر دەکرد، بەڵام بەغدا دەیزانی کە ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان پێگەی سیاسی و سەربازییان لاوازە، بۆیە هەرگیز کاریگەرییان زۆر نەبووە؛ بەڵام کاتێک دەبینن هەردوو هێزە سەرەکییەکەی دەسەڵات لە دژایەتیدان، ئیتر ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ بەغدا کە سوود لەو ململانێیە وەربگرێت. ئەوەی دۆخەکەی ئەوەندەی تر بۆ هەرێمی کوردستان سەختتر کردووە، لاوازیی ئاستی متمانەی خەڵکە بە حکوومەت و دامەزراوە سیاسی و یاسایییەکان، بەتایبەت لەناو گەنجان کە بەپێێ ڕاپرسییەک ٦٦٪، کە وای کردووە هەرێمی کوردستان لە بەردەم ئەو گوشارانەی بەغدا دەستەوەستان بێت. بۆ نموونە بەغدا شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان نادات و مووچە وەک چەک دژی هەرێمی کوردستان بەکار دێنی، بەڵام تا ئێستا خەڵک دژی بەغدا خۆپێشاندانێکیان نەکردووە؛ بەپێچەوانەوە بەشێک لە خەڵک پێی وایە كە، ئەمەیش هۆکارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە!

دەتوانین بڵێین کە نزیکترین سیناریۆ بۆ ئەم قۆناغەی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا، بریتییە لە بەردەوامیی گوشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێمی کوردستان، مەگەر ڕووداوێکی ناوخۆیی یان هەرێمیی لەناکاو ڕوو بدات و هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا بگۆڕێت. مەبەست لە ڕووداوی ناوخۆ، واتا گۆڕانی نوخبەی سیاسی یان سیستەمی حوکم لە عێراقدا، کە من بەدووری دەبینم، چونکە ئێران پارێزەری ئەو سیستەم و نوخبە و مودێلەی حوکمڕانییە کە لە بەغدا هەیە؛ ڕێگە نادات بگۆڕدرێت مەگەر بە نەمانی ئێران ئەمە ڕوو بدات. مەبەستیش لە ڕووداوی هەرێمی، ئەو جۆرە ڕووداوانەیە کە دەبنە هۆی گۆڕینی هاوسەنگیی هەرێمی لە جۆری ململانێی هێزە هەرێمییەکان، یان دەرکەوتنی هێزی مەترسیداری وەک گرووپی تیرۆریستی؛ ئەمەیش دیسان لە ئێستادا ئەگەری زۆر لاوازن. بۆیە ئەوەی ماوەتەوە، زیاتر پەیوەستە بە هاوسەنگی و ململانێی نێوان هێزە شیعییەکان؛ بۆ نموونە ململانێی گرووپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدرییەکان. بەڵام لەم دۆخەیشدا دیسان ئەگەری گۆڕانکاری لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان گەر هەشبێت تەنیا کاتییە، چونکە ئەو لایەنەی کە هەرێمی کوردستان لەگەڵیشی ڕێک دەکەوێت، دوای ڕێکكەوتنەکە پابەند نابێت. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی نوخبەی سیاسیی شیعەکان، بەتایبەت لەناو پەرلەماندا. لە دوای ناڕەزایەتییەکانی تشرینی ٢٠١٩ گرووپی جیاواز و کەسایەتیی سیاسی و پۆپۆلیستی هاتوونەتە ناو پەرلەمان کە وابەستەی ئەو هێزانە نین کە حکوومەت پێک دێنن. بۆ نموونە لایەنی کوردی هەرچەندە ڕێککەوتنیان لەگەڵ گرووپەکانی ئیدارەی دەوڵەت کرد، بەڵام ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا، یان ئەگەر جێبەجێیش بکرێت، تەنیا کاتییە و بۆ ساڵیک یان دوو ساڵە؛ دواتر هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەمان کێشە دەبێتەوە.

ئامرازەکانی بەغدا بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان

عێراق بە حوکمی پێگەی دەوڵەتبوونی، زیاتر لە فاکتەرێکی لەبەردەستە بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان. کاریگەرترین ئامرازەکان بریتین لە دادگەی فیدراڵیی عێراق، کە بڕیارەکانی جێگەی تانەلێدان نین و هیچیان لەگەڵ ناکرێت؛ یەکەم گورزیش کە بەر هەرێمی کوردستان کەوت، لە ڕێگەی ئەم میکانیزمەوە بوو لە ٢٢ی مانگی شوباتی ٢٠٢٢ بە بڕیاردان بە نادەستووری ناساندنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. میکانیزمی دووەم، میکانیزمێکی ئابوورییە؛ ئەمەیش لە ڕێگەی ئەو وابەستە ئابوورییەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی بە بەغداوە. عێراق بە لێدان لەو میکانیزمە، توانیی شادەماری ئابووری و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان ئەگەر نەیشبڕێت، بەڵام زۆر لاواز بکات. لەوانەیە ئێستا کاریگەرییەکانی ڕوون نەبن، بەڵام لە ئاییندەدا لەدەستدانی فرۆشتنی نەوت، زۆر کاریگەریی دەبێت لەسەر پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا.

دوو فاکتەر وای کردووە بەغدا لە گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت: یەکەم، بەغدا بە حوکمی ئەو پێگە سیاسی و نێودەوڵەتییەی کە هەیەتی، وای کردووە کە میکانیزمەکانی بەردەستی لە گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان زۆر فرەچەشن بن، بۆ نموونە: دادگەی فیدراڵی، بانکی ناوەندی، پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی نەوت و چەندان دامەزراوەی تری فیدراڵی کە لەژێردەستی دەوڵەتن و هێزێکی شەرعی و نێودەوڵەتییان هەیە بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان. فاکتەری دووەم، وەرچەرخانی دۆخی ناوچەیییە کە لە بەرژەوەندیی عێراقدایە، چونکە ئێستا جۆرە هەماهەنگییەکی هەرێمی لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەکەدا لە ئارادایە، وەک: نزیکبوونەوەی وڵاتانی کەنداو لە عێراق، بەتایبەت سعوودیا و قەتەر و ئیماڕات، نزیکبوونەوەی تورکیا و وڵاتانی کەنداو، نزیکبوونەوەی ئێران و ئەمریکا، هەستانەوەی ڕژێمی ئەسەد و هتد. ئەم هەماهەنگییە هەرێمییە، هیچیان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نین، چونکە پێشتر لەوانەیە عێراق و هەندێک وڵاتی هەرێمییش ترسیان لە هەرێمی کوردستان هەبووبێت کە لە نەیارەکانیان نزیک بێتەوە، بەڵام ئێستا ئەو ترسە نەماوە؛ لەبەر ڕەچاوکردنی پەیوەندییەکانیشیان نایانەوێت لە هەرێمی کوردستان نزیک ببنەوە، یان لە دژی یەکتر یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەن.

ئەو گوشارانەی بەغدا، تا ئێستا سێ لێکەوتەی سەرەکیی هەبووە: یەکەم، کاڵبوونەوە یان نەمانی جیاوازی لە نێوان هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی جیاواز  و خاوەن پرسێکی تایبەت، کە پرسی کوردە، لە پارێزگاکانی تری عێراق. دووەم،بیرکردنەوە لە فۆڕمی لامەرکەزی، دەکرێت لە ئاییندەدا فۆرمی تریشی بێتە پاڵ، کە هەموویان دواجار دەچنە چوارچێوەی بچووکكردنەوە و لاوازکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان. سێیەم، گەڕانەوە بۆ بەغدا تا ئاستی ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت، داهاتی خاڵە سنوورییەکان و جێگیرکردنی سوپای عێراق لەسەر سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و سووریا و تورکیا، کە بەشێکی هاتۆتە دی.

هەرێمی کوردستان دەتوانێت چی بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارەکانی بەغدا؟

هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی کارتی سیاسی و ئابووری و جیۆپۆلیتیکیی بەدەستەوە نییە، بە حوکمی پێگە سیاسییەکەیشی کە دەوڵەت نییە، ناتوانێت وەک پێوست کارتە سیاسییەکانی بەکار بهێنێت، بەتایبەت دوای نەمانی دۆسییەی وەبەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لەدەست هەرێمی کوردستان. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەرێمی کوردستان هیچ میکانیزمێکی ململانێی لەدەستدا نییە کە لە دژی عێراق بەکاری بهێنێت. لەم سۆنگەیەوە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سیاسەتێکی نوێ هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیە. بۆ ئەمەیش دەبێت لە چەند ئاستێکدا کاری جددی بکرێت:

یەکەم، لە ئاستی پێکهاتە سەرەکییەکانی ناو پڕۆسەی حوکمڕانیی عێراق. وەک دیارە سوننەکان تا ئێستا وەک پێویست تێکەڵ بە پڕۆسەی حوکمڕانیی عێراق نەبوون؛ شیعەکان ڕۆژ بە ڕۆژ هەژموونیان زیاتر دەبێت بەسەر تەواوی سیستەمی سیاسی و جەمسەرە سەرەکییەکانی حوکمڕانیی عێراق، بە جۆرێک کە خەریکە لە پاڵ هەژموونە سیاسییەکاندا هەژموونێکی کەلتووری و ئایینی بەسەر دەوڵەت و دامەزراوە سیاسی و یاسایییەکاندا دەسەپێنن هاوشێوەی دروستکردنی ڤاتیکانێکی شیعە لە عێڕاقدا. بۆیە لەمەودوا هەرێمی کوردستان دەبێت لینکێکی سیاسیی بەردەوامی لەگەڵ سوننەکان هەبێت، بەتایبەت لەناو پەرلەمان. هەڵبەتە ئەوە بەو مانایە نییە کە دەبێت هەرێمی کوردستان لە بەرەی سوننەکان بێت، نەخێر؛ بەڵکوو دەبێت بە هەمان شێوە لینک و پەیوەندییەکی سیاسیی بەردەوامی لەگەڵ شیعەکانیش هەبێت، بەتایبەت شیعەی حوکمڕان. چونکە خۆگۆشەگیرکردن لەناو هەرێمی کوردستان، ئەوەندەی تر هەرێم لاواز دەکات، بەتایبەت بەهۆی ئەو ناکۆکییە بەردەوامانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان. واتا بەقەد گرنگیدان بە لایەنە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان، گرنگیدان بە لایەنە سیاسییە سوننییەکان گرنگە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت پێگەی سیاسیی خۆی لە عێراقی شیعە سێنتڕاڵدا بپارێزێت. چونکە لەمەودوا هەرێمی کوردستان دەبێت لە هاوپەیمانیی بەردەوامدا بێت لەگەڵ یەکێک لە دوو پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق (سوننە و شیعە) بۆ ئەوەی ئەو ناهاوسەنگییەی هێز لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هاوسەنگ بکاتەوە کە دوای نەمانی دۆسیەی نەوت بەدەست هەرێمی کوردستانەوە دروست بووە.

ئاستی دووەم، هەرێمی کوردستان هەوڵ بدات کە نەک تەنیا ئامادەیی، بەڵکوو کاریگەریشی بەسەر بەشێک لە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق، بەتایبەت دامەزراوە سەربازی و یاسایی و ئەمنییەکانەوە هەبێت. واتە بەکارهێنانی دامەزراوە سیاسی و یاسایی و سەربازییەکانی عێراق بۆ بەهێزگردنی ئامادەییی هەرێمی کوردستان لە بەغدا؛ ئەمە بێجگە لەو پۆستە سیاسییانەی کە بەرکەوتەی کوردن لە بەغدا، بەڵام بەزۆری بەبەتاڵی جێ دەهێڵدرێن. لەمڕۆ بەدواوە هەرێمی کوردستان کاری زۆر بە دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی عێراق دەبێت، بۆیە هاوشێوەی ٢٠٠٣، دەبێت هەرێمی کوردستان و کورد بگەڕێنەوە بۆ دەستگرتن بەسەر بەشی خۆیان لە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق؛ بەڵام نابێت ئەو پۆستانە هەروا ببەشرێنەوە بۆ مەرامی مووچە و داهات بەسەر کەس و لایەنە سیاسییەکاندا، بەڵکوو دەبێت بەردەوام چاودێری بکرێن و لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان کار بکەن. بەو مانەیەی هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هێزەی لەدەستی داوە، بەتایبەت بە هۆکاری لەدەستدانی دەسەڵات بەسەر دۆسییەی فرۆشتنی نەوت، هەرێم دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق کە پێشتر لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە فەرامۆش کرابوون.

ئاستی سێیەم، پالپشتیکردنی سوننەکان بۆ دروستبوونی هەرێمیکی تر لە عێراقدا. هەرچەندە سوننەکان لە کاتی نووسینی دەستووری ٢٠٠٥دا بیرۆکەی فیدراڵیزم و پێکهێنانی هەرێمەکانیان ڕەت کردەوە، بەڵام لە ئێستادا زۆرینەیان بیر لە پەنابردن بۆ بیرۆکەی پێکهێنانی هەرێمێکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە. پێ دەچێت سێ هۆکار وای لە سوننە کردبێت ئێستا بیر لە پرۆژەی پێکهێنانی هەرێمێکی سوننە بکەنەوە: هەستکردن بە پەراوێزخستنی ئابووری و ئیداری و هەڕەشە ئەمنییەکان و هەستکردن بە پێویستیی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ناوەند لە ناوچەکانیاندا، جگە لەو پشتگیرییە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەی کە (گریمانە دەکرێت) هەیانبێت، بەتایبەت لەلایەن وڵاتانی کەنداو و بەشێک لە وڵاتانی تری عەرەبی وەک ئوردن و میسر. لە لایەکی ترەوە زۆرینەی پارێزگا سوننەکان سنووری جوگرافی و ئیدارییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها ئەزموونی کوردستان لە ڕووی شارنشینی و خزمەتگوزاری و ئەمنی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە ئەزموونێکی سەرکەوتووە بۆ ناوچە سوننەکان؛ بۆیە ئەم مۆدێلەی هەرێمی کوردستان دەتوانێ ببێت بە پاڵنەرێک بۆ بیرکردنەوە لە پڕۆژەی هەرێمێک بۆ سوننە بۆ ئەوەی ئەم پێکهاتەیە بتوانێت سەربەخۆییی خۆی لە ڕووی ئابووری و ئەمنی و پەیوەندییە دەرەکییەکان بەدەست بێنێت. سوننه‌كان نه‌یانشاردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان تامه‌زرۆی دروستكردنی هه‌رێمێكن، به‌تایبه‌ت له‌ دوای كاولكارییه‌كانی داعش، چه‌ند جارێك بیرۆكه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌یان پێشنیار كردووه‌؛ كورد ده‌توانێت له‌ دروستكردنی هه‌رێمێكی وه‌هادا هاوكاریان بێت، كه‌ ده‌ره‌نجام له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كوردا ده‌شكێته‌وه‌. ئەمە وا دەکات له‌ ئاستی ئیقلیمییشه‌وه‌ داواكارییه‌كانی كورد چیتر ته‌نیا وه‌ك داواكاریی نه‌ته‌وه‌یی‌ و ئیتنی‌ و ناوچه‌گه‌ری ده‌رنەكه‌ون به‌ڵكوو ده‌چنه‌ قاڵبێكی تره‌وه‌؛ ئه‌و پاساوه‌یش له‌ده‌ست ئه‌و هێزانه‌ ده‌رده‌هێنرێت كه‌ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یەكی جوداخواز ‌و دژه‌ده‌وڵه‌ت سه‌یر بكرێت.

دروستکردنی هەرێمێکی سوننەنشین دەبێتە هۆی ئەوەی حکوومەتی مەرکەزی لە بری مامەڵە لەگەڵ یەک هەرێم، سەرقاڵ بێت بە مامەڵە لەگەڵ دوو هەرێم. بوونی دوو هەرێم لە عێراقدا، هەرێمەکان بەهێزتر و حکوومەتی فیدڕاڵییش لە ئاست ئەو هەرێمانە لاوازتر دەکات. بەهێزیی هەردوو هەرێمەکەیش لەوەوە دەست پێ دەکات کە هەر یەکەیان پێکهاتەیەکی ئیتنی تێیدا باڵادەست و کاربەدەستە (لە هەرێمی کوردستان کورد باڵادەستن و لە هەرێمەکەی تریش عەرەبی سوننە). خاڵێکی تری بەهێزی ئەم دوو هەرێمە ئەوە دەبێت کە هەردوو پێکهاتە ئیتنییەکە لە هەمبەر حکوومەتی مەرکەز و لەناو پەرلەمان و وەزارەتەکانیدا بۆ بەرژەوەندییەکانیان دەنگیان یەک دەبێت و، بەیەک ئاواز کار دەکەن. لە لایەکی ترەوە، واتە هەرچەندە ژمارەی هەرێمەکان زۆرتر بن، دەنگی دیکتاتۆرییەت کزتر دەبێت و دەسەڵات دەچێتە دەستی چەند لایەنێکەوە نەک یەک لایەن. بەمەیش فرەڕەنگی و دیموکراسی لە عێراق بەهێزتر دەبێت.

چوارەم، لە ئاستی ناوخۆدا، لەگەڵ یەکێتی

لە پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینیشەوە تا دەگاتە ئێستا، هەمیشە یەک ڕێسا هەبووە بۆ پێوانەکردنی ململانێکانی یەکێتی و پارتی، ئەویش ئەوەیە کە دەرەنجامی ململانێکانی ئەو دوو هێزە هەرگیز یارییەکی سفری نەبووە Zero-sum game) ) بە دۆڕانی لایەنێک و بردنەوەی لایەنەکەی تر کۆتاییی هاتبێت، بەڵکوو دەرەنجامەکەی هەمیشە دۆڕانی هەردوو لا بووە (lose-lose)؛ هەردوو هێزەکە هەمیشە لەو خاڵەوە دەستیان پێ کردۆتەوە کە خاڵی سەرەتای ململانێکە بووە. واتا هەردوو لا بەدەستبەتاڵی هاتوونەتە دەر، بێ ئەوەی هیچیان دەست کەوێت. ئەو گرژییەی ئێستا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە، زەرەرمەندەکەی یەکەمی، حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئینجا پارتی دیموکراتی کوردستان و ئینجا یەکێتی. زۆربەی زیانی ئەم بارگرژییە بەر حکوومەت کەوتووە. ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕەگی ململانێکانی پارتی و یەکێتی لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری حوکمڕانیی نیوە بە نیوە (٥٠ بە ٥٠) لە نێوان یەکێتی و پارتی کە تا ئێستایش باڵی بەسەر حکوومەت و پەیوەندیی حزبیی هەردوو لادا کێشاوە، کە بریتییە لە پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای واقعی هێز و جوگرافیا؛ واتا بوونی فۆڕمێكی تایبه‌ت له‌ حوكمڕانی كه‌ پشت به‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ‌و گۆڕانكاری له‌ با‌ڵانسی هێز ‌و ئیراده‌ی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان ‌و ده‌ركه‌وتنی هێزی تر نابه‌ستێت. ‌ له‌و فۆڕمه‌دا بێجگه‌ له‌ دوو پارتی باڵادەست، کە یەکێتی و پارتین، هیچ لایەنێکی تر ناتوانێت حكوومه‌ت پێك بهێنێت. واتا یەکێتی دەتوانێت پڕۆسەی سیاسی و ئابوورییش (لە ڕێگەی کۆنترۆڵی بەشێک لە سەرچاوەکانی داهات) پەک بخات، چونکە دامەزراوە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی پێگەی هێزی سیاسی و سەربازیی پارتی و یەکێتیدان، نەک حکوومەت. ئەمە بۆ پارتییش ڕاستە. باشترین میکانیزم ڕێکكەوتنێکی تری هاوشێوەی “ڕێککەوتنی ستراتیژی”یە لەگەڵ یەکێتی؛ پێویستە ڕێککەوتنێکی تر لەسەر بەشداریکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بە لای کەمی بۆ دوو خولی تر- ٨ ساڵ) هاوشانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت و کۆتایی بەو قۆناغەی ململانێی ئەم دوو لایەنە بهێنرێت. تێچووی ئەم هاوپەیمانییە هەرچییەک بێت، باشترە لە لێکەوتە و دەرەنجاماکانی لەسەر پرۆسەی حوکمڕانی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداش.

پێنجەم، لە ئاستی ناوچەیی و  نێودەوڵەتی، هەرێمی کوردستان نابێت ئەوە لەبیر بکات کە بەبێ پاڵپشتیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەستەمە بتوانێت بۆ چەندساڵیکی تر بمێنێتەوە. بۆیە کارکردن و ڕەزامەندی و پشتگیریی ئەمریکا، وەک خوێن وایە بۆ مانەوەی حکوومەتی هەرێم. ئەو بنەمایەی ئێمەیش دەبەستێتەوە بە ئەمریکا، زیاتر پرسی ڕەچاوکردنی دیموکراسی و کارکردنی سەربازییە لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی هێزی پێشمەرگە و دروستکردنی هێزێکی پرۆفیشناڵ بۆ ئەوەی بتوانێت لە کاتی پێویستدا هاوکاریی ئەمریکا بکات. ئەمریکییەکان لە خۆشبەختیی ئێمە، نایانەوێت شیعەکان بەتەنیا عێراق بەڕێوە ببەن؛ ئەوان هەمیشە ترسیان لە پەراوێزخستنی تەواوی سوننە و کورد هەیە.

لە ئاستی ناوچەییشدا کارکردن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، فرە گرنگە، بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و وەبەر‌هێنانەوە، بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات؛ کە ئەوانیش وەک ئەمریکییەکان دەیانەوێت ئەو هاوسەنگییە لە نێوان کورد و سوننەدا بپارێزن و، کورد نزیکتر دەبینن لە خۆیان. کارکردن لەگەڵ تورکیا دیسان لە ڕووی سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەوە زۆر گرنگە، چونکە تورکیا دەروازە و هەناسەی ئابووریی هەرێمی کوردستانە و ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت. لەم سۆنگەیەوە هەرێمی کوردستان دەبێت هەموو هەوڵێک بدات کە هێڵەکانی فرۆشتنی نەوت و کەناڵی وشکانی و بازرگانی (ڕێگەی پەرەپێدان)، کە عێراق بە تورکیا و سووریادا دەبەستێتەوە، بەناو خاکی هەرێمدا بڕۆن؛ بەپێچەوانەوە واتا پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان دەبێت تا ئاستی دروستکردنی کێشە بۆ فرۆشتنی نەوت و پرۆژەکانی پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان بڕوات، ئینجا چ بەتەنیا بیکات یان لە ڕێگەی پاڵپشتیی سوننەکان و نانەوەی ئاژاوەی سیستەماتیک بۆ ڕێگرتن لە بەردەم هەر پرۆژەیەک کە ئامانجی، دژایەتیی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان  بێت.

شەشەم، کۆتا بژاردە، دروستکردنی پشێوی و سەرئێشە بۆ حوکمڕانیی شیعەکان! بەتایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان. هەروەها یاریکردن لەگەڵ سوننەکان تا ئاستی بەکارهێنانی کارتی بەعسییەکان! کورد، هەرچەندە مێژوویەکی تاڵی لەگەڵ بەعسییەکاندا هەیە، بەڵام لە سیاسەتدا شتێک نییە بە ناوی دوژمن یان دۆستایەتیی تاسەر. بەغدا بەنیازە سەرچاوە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان وشک بکات؛ نە ڕێگە دەدات هەرێم نەوت بفرۆشێت، نە گەرەنتییەکیش هەیە بۆ ناردنی بوودجە. لە لایەکی تر، دەیەوێت هێواش هێواش هەرێم بچێتەوە قاڵبی پارێزگاکانی تری عێراق و وەک کەرکووکی لێ بێت، کە مافی گوتنی سروودی نیشتمانی و هەڵدانی ئاڵای خۆیشی نەبێت! لەم سۆنگەیە، دوور نییە دواجار هەرێمی کوردستان بیر لە کارتی دۆستایەتی- هەتا ئەگەر وەک پەرچەکرداریش بێت- لەگەڵ کۆنە بەعسییەکان بکاتەوە. بەدڵنیایییەوە بەعسییەکانی ئێستا وەک هەمان بەعسیی سەردەمی سەددام ڕەفتار ناکەن، کە دەوڵەت و حزب و حکوومەت هی خۆیان بوو؛ ئەمە جگە لەوەی بەشێکی زۆری ئەو سەرکردە بەعسییانە تا ئێستا لە ناوچەکەدا هەن و چالاکییشیان هەیە، بەڵام تا ئیستا هەرێمی کوردستان بیری لەم کارتە نەکردووەتەوە. هەرێم دەبێت جار جار بیر لە دروستکردنی پشێوی و سەرئێشە بۆ هێزە شیعییەکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بکاتەوە؛ بیرکردنەوە لە دروستکردنی هێزێکی چەکداری هاوشێوەی حەشد لەو ناوچانە لەوانەیە بیرۆکەیەکی خراپ نەبێت وەک دوا بژاردە، چونکە هەرێمی کوردستان ناکرێت هیچ بەرسڤ و پەرچەکردارێکی بۆ ئەم گوشارانەی بەغدا نەبێت، چونکە بەغدا ئەمە وەک خۆبەدەستەوەدان دەبینێت.

نائومێدبوونی کورد و سوننە، مەترسییە بۆ سەر دەسەڵاتی شیعەکان

ئەم گوشارانەی بەغدا، وایان لە هەرێمی کوردستان کردووە بە دوای پاڵپشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بگەڕێت نەک هەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بدات. نوخبەی باڵادەست و دووربینی شیعە، دەبێت ستراتیژییانەتر بیر بکەنەوە، چونکە عێراقی شیعی بەبێ پاڵپشتیی کورد و سوننە، عێراقێکی لاواز دەبێت و هەمیشە هەوڵی ڕووخانی دەدرێت. چرکەساتی هاتنی داعش لە 2014 لە ڕاستیدا سەردەمی پشتکردنی هەر یەکە لە کورد و سوننە بوو لە حکوومەتەکەی نووری مالیکی. لە سەرەتای 2003 تاوەکوو 2010 عێراق زۆر بەهێز بوو، چونکە هاوپەیمانیێتی لە نێوان کورد و شیعەدا هەبوو لە حوکمڕانی. نوخبەی سیاسیی شیعە، دەبێت بزانن کە لە عێراقدا هاوپەیمانیێتی لەگەڵ کورد ئاسانتر و کەمتێچووترە، چونکە کورد وەک پێکهاتەکانی دیکە نین (بۆ نموونە عەرەبی سوننە و تورکمان) کە دەوڵەتی خۆیان لە ناوچەکەدا هەبێت و پاڵپشتییان بکات. دەسەڵاتی زۆرینە شیعە لە عێراقدا ئەگەر وا بەردەوام بن، کورد ناچار دەبێت پشت بە ئەمریکا و ئەوروپا ببەستێت و هاوپەیمانی تورکیا و وڵاتانی کەنداو بێت، نەک عێراق. ئەم مەترسییەی کورد لە ڕاستیدا دەمێکە دەستیشی پێ کردووە. ئێستا نوخبەی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئەوەندەی متمانە بە تورکیا و وڵاتانی کەنداو دەکەن، ئەوەندە متمانە بە شەریکە کۆنەکانی عێراقی دوای 2003 ناکەن؛ سەردانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و قەبارەی بازرگانی و پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەم وڵاتانە، گەواهیدەری ئەم ڕاستییەن.

ئەنجام

ئەو سیاسەتەی ئێستای عێراق هەمبەر هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ئەو ڕوانگەیەی نوخبەی سیاسیی عێراقە کە لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەر لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دروست بووە، ئەویش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دەکرێت لاواز بکرێت تا ئاستی بچووكکردنەوەی بۆ قاڵبی پارێزگاکان. بۆ ئەم مەبەستە ڕوانگەیەک دروست بووە کە زیاتر ڕوانگەی شیعەکانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، کە پشت بە دەورەدانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی سیاسی و ئابووری دەبەستێت. ئەم ڕوانگەیە زیاتر پشتئەستوورە بە زۆرینەی پەرلەمانی کە شیعەکانن؛ واتا گەر حکوومەتی فیدراڵیش ڕێککەوتنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، دواجار ئەو ڕێککەوتنە بەر ڤیتۆی زۆرینە شیعە دەکەوێت لە پەرلەمان. بۆ ئەم مەبەستە هەرێمی کوردستان دەبێت لە چەندان ئاستی جیاوازی ناوخۆیی، عێراق و هەرێمی و نێودەوڵەتی، کار بکات بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیانەی سەر هەرێمی کوردستان. سەرەتای ئەو هەنگاوەیش بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ یەکێتی دەست پێ دەکات لە ڕێگەی بوونی پەیماننامە یان ڕێکكەوتنێکی تری هاوشێوەی ڕێکكەوتنی ستراتیژیی پێشووی نێوان هەردوو لا بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختە، دواتریش ئەو هەنگاوانەی (ئاستانەی) کە لە بابەتەکەدا بەوردی ئاماژەم پێ دان. بەپێچەوانەوە هەرێمی کوردستان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پووکانەوە دەڕوات تا ئاستی دەسەڵاتی پارێزگاکانی تری عێراق و، ئەو فیدراڵییە دەستوورییەی کە هەیشە، تەنیا لە ڕواڵەتدا دەمێنێتەوە؛ هاوشیوەی ئەو دۆخەی ئێستا لە کەرکووک هەیە.




کاریگەریی ئازادیی زانیاری و شەفافییەت لەسەر کاراییی سیاسەتی پەرەسەندن

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران
پوختە
ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە “پاڕادایمی حوکمڕانیی باش” بە ئاراستەی پەرەسەندنخوازی لە چوارچێوەی دیموکراسیدا، بە میتۆدی وەسف و شیکردنەوە، بە دیدێکی ئاسایش-تەوەر و پاتۆلۆژییانە، گرنگیی شەفافییەتی زانیاری، بە ڕەچاوکردنی زانست و یاسا، لە هەرێمی کوردستاندا تاوتوێ دەکات. هەروەها لە ڕووی کۆمەڵناسیی مێژوویییەوە، سەرنجی داوەتە بەستێن و ڕیشەکانی لاوازبوونی زانیاری لەناو کۆمەڵگەی کوردەواری و کەلتووری سیاسیی حکوومەت. لە ئاکامدا، جگە لە ڕوونکردنەوەی سنوورەکانی شەفافییەت، گەیشتۆتە ئەو دەرەنجامەی کە ئازادیی زانیاری و شەفافییەت، دەتوانێ شێوازی وەڵامگۆیی لە دۆخی نەریتی بۆ شێوازێکی نیزاممەند (سیستەماتیك) بە شێوەیەکی دوولایەنە بگۆڕێت و دواجار حوکمڕانییەکی باش لەسەر بنەمای متمانە و بەشداریساز دەبێت و، ڕێگەی پەرەسەندنیش هەموارتر دەبێت.
پێشەکی
لە جیهانی پڕ لە ڕکەبەرایەتیی ئەمڕۆدا، شەفافییەت بە مانای ڕێڕەوی ئازادانەی زانیاری و دەسگەیشتن بە هەواڵ و زانیاری و بەڵگەکان لە نێوان هاوبەرژەوەنداندا، بەبێ ئەوەی سنووری ئاسایشی نەتەوەیی تووشی گرێ بکات، بە شێوەیەکی یاسایی، سنووردار، ستاندەر و پێویست، کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر حوکمڕانیی باش (Good Governance) و پەرەسەندن دەبێت؛ بە جۆرێک کە یەکێک لە پڕەنسیپەکانی حوکمڕانییەکی باش و دەوڵەتداری (حكوومەت)ێكی پەسەند (Good Government)، هەبوونی شەفافییەت و حکوومەتێکی شووشەیی و ڕوونە کە دەبێتە بەستێنێکی لەبار بۆ گەشە و نمووی متمانە، بەشدارییەکی چالاکانە لە وارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، سازبوونی کەلتووری دیموکراسی، زەمینەیەکی هەموار بۆ چاکسازی، داکشاندنی ئاستی گەندەڵی، ڕاستکردنەوەی بەڕێوەبردنی هەڵە و پێشبینیی داهاتوو و دەرکردنی بڕیاری باش. لەو کەشەدا، بەپێی پێناسەی “فلۆرینی”، شەفافییەتی زانیاری، ئاستی وەڵامگۆییش بەرزتر دەکاتەوە. (Florini, 2002) بەم جۆرە ڕەوایەتیدان بە حکوومەت هەڵدەکشێ؛ “ئیمانوێل کانت” گوتەنی، شەفافییەت، وەک مافی خەڵک، شەرعییەت (ڕەوایەتی) دەداتە دەسەڵات.
هەرێمی کوردستان یەکێک لەو شوێنانەیە کە جگە لە حکوومەتەکەی، هەم خەڵک و هەم ئۆپۆزیسیۆنەکەی، کێشەی لێڵبوونی زانیاری و شەفافییەتیان هەیە؛ کە ئەمەیش بۆتە هۆی ئەوەی پەرەسەندن، لە ئاوێنەی حوکمڕانییەکی باش، بەدرەنگەوە دروست بێت. لەو ڕوانگەیەوە، وێڕای گەڕان بە دوای ڕیشەکانی نەبوونی زانیاری و شەفافییەت و میکانیزمی چارەسەرییەکەی، پرسیاری سەرەکیی ئەم نووسینە ئەوەیە کە، کاریگەریی شەفافییەت و ئازادیی زانیاری لەسەر ڕەوتی پەرەسەندن چییە؟ لە وەڵامێکی پێشینەیی و گریمانەییدا، پێ دەچێ ڕیشەی نەبوونی شەفافییەت بۆ کەلتووری کۆمەڵایەتی بگەڕێتەوە و، دواجار ئەم کەلتوورە بۆتە کەلتووری سیاسی و لە داهاتوودا کێشەی بۆ ڕەوتی پەرەسەندن دەنێتەوە. بەڵام ئەگەر ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی پراکسیسی (بە فەڕەنسی: Praxis) چارە بکرێت، شەفافییەت و ئازادیی زانیاری، بە گوێرەی یاسا، وەک پڕەنسیپی حوکمڕانیی باش، ئاستی وەڵامگۆیی بەرز دەکەنەوە و لەو جۆرە زەوییەدا تۆوی متمانە و بەشدارییەکی چالاکانە دەتوانێ سەرمایەی کۆمەڵایەتی بڕوێنێ و دواجار داری پەرەسەندن بەر و سێبەر دەدات.
ناسینی پرس
بە شێوەیەکی گشتی، لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا زانیارییەکان ناڕاستن و ڕوانگەكانیش زیاتر ئەمنییەتین. تەنانەت کاتێک دەتەوێ توێژینەوەیەکی زانستییانە بە مەبەستی خزمەتکردن بە وڵاتەکە بکەی، بۆ داتایەکی ڕاست و دروست سەرگەردان و دەستەوەستان دەمێنییەوە. ڕاستییەکەی، کێشەی نەبوونی زانیاری و کزبوونی چرای شەفافییەت، زیاتر لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا هەیە. لەم جۆرە وڵاتانە، ناڕوونی و تاریکاییی زانیاری، تەنیا لەلایەن حکوومەت نییە، بەڵکوو حکوومەتیش بەئاسانی ناتوانێ ئامار و زانیارییەکی ورد و باوەڕپێکراو، بە مەبەستی ڕووپێوێکی گشتی و دانانی بەرنامەڕێژییەکی ورد و هەمەڕەهەند، لەناو کۆمەڵگەکەی خۆی وەربگرێت؛ ئەمەیش ڕیشەی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی هەیە کە تەشەنەی کردۆتە ناو سیاسەت و، دواجار گرێی بۆ ڕەوتی تێگەیشتن لە پەرەسەندنیش دروست کردووە.
کاتێک حکوومەت نەتوانێ ئاماری ورد و ڕاست بخاتە ڕوو و زانیاری و داتاکانی دیار و ڕوون نەبن، توێژەر ناتوانێ پۆتانسیەڵ و توانا شاراوەكانی وڵاتەکەی بەباشی بناسێت و گۆشە و خاڵە هەڕەشەدارەکانی لێ دیار نابن؛ بۆیە ناتوانێ لەسەر بنەمای داتا و ئاماری نادروست، بیرۆکەیەک بۆ پێشکەوتن بخاتە ڕوو. لە پەراوێزیشدا، کاتێک خەڵک حکوومەت بە هی خۆیان نەزانن، کەلتووری هاوکاریکردنی حکوومەتیان لاواز دەبێت؛ بۆیە سیاسەتدانەران بەرچاویان ڕوون نابێت. لەم دۆخەدا نەک هەر زانیارییەکان ڕوون نابن، بەڵکوو حکوومەت-نەتەوە [دەوڵەت-نەتەوە] لەناو ئەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا بە درەنگەوە دروست دەبێت، چونکە لە دەرەوەی لێکدانەوەی لیبڕاڵی و سۆسیالیستی، ژان ژاک ڕۆسۆ گوتەنی، “لەو جۆرە کۆمەڵگە ناسەرکەوتووانە هاووڵاتیان بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان لە بەرژەوەندیی گشتی بە گرنگتر دەزانن.” هەروەها ئەم جۆرە کەلتوورە کۆمەڵایەتی و کەلتوورە سیاسییە لە جیهانی پڕ ڕکەبەرایەتیی ئەمڕۆدا، بەبێ زانیاری و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاری، خێراڕەو و براوە نابێت و لە پێشبڕکێ لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو و ڕکەبەر بەجێ دەمێنێت. ئەم کەلتوورە نەرێنییە هۆکارێکە بۆ ئەوەی توێژەرانی بیانی و ناخۆماڵی، ئەگەرچی چوارچێوەی زانستییان بەهێزە و لە مەیدانی بەرینی جیهانیدا بیر دەکەنەوە، لەو جۆرە وڵاتانەدا نەتوانن سیاسەتێکی واقعی بۆ وڵاتەکە دابڕێژن، چونکە لەوانەیە ئەوانیش بە شێوەی ناوچەیی کار نەکەن. لە چەندان نموونەدا، زۆر جار ئەوە بینراوە و بیسراوە کە ڕاوێژکارانی دەرەکی، پرۆتاگۆراس-ئاسا (Protagoras)، واتە بە پارەیەکی زۆر وانەیان داوە و توێژینەوەیەکیشیان بۆ حکوومەتێکی پەرەنەسەندوو کردووە، کەچی ئەم توێژینەوەیە لە مەیدانی کار و کرداردا توانای پیادەکردنی نییە و زیاتر لەناو خانەی بلۆقی خەیاڵ لە هەوادا دەمێنێتەوە. بەشێک لە توێژەرانی خۆماڵییش، ئەگەر بە نوخبەی ڕاستەقینەیش بێنە هەژمار، ئەوانیش کێشەیەکیان هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر زانیارییەکان بەباشیش بێننە ناو سندووقی لێکۆڵینەوەی خۆیان، بەڵام هەر لەسەرەتادا بەهۆی نەبوونی زانیاریی پێویست، هەروەها تەتڵەنەکردنی زانیاریی ڕاست و لاواز لە یەکتری، لاڕێ دەبن و دەرچوو یاخود دەردراو (output)ی کارەکەیان لەنگ دەبێت.
شەفافییەت وەک پردی شووشەییی پەرەسەندن
لەم سەردەمەدا وڵاتانی خاوەن هەژموون و ئەزموونی پەرەسەندوو، وەک ئەمریکا، ناوەندی مەزنی زانیاریی وڵاتەکەیان، لە ڕێگەی ئینترنێتەوە، بردۆتە ناو هەموو زانکۆ و توێژگە و ماڵ و گیرفانێک. لە ڕوانگەی ئەو وڵاتانە، مافی زانیاری، پەیوەندیی بە لیبرالیزمەوە هەیە کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئابووریی سەرمایەداری. لە ڕووی گەشەسەندنی ئابوورییەوە، لە وڵاتێکدا تا زانیارییەکان شەفافتر و ڕوونتر بن، مەیدانی متمانە و بەشدارییەکی چالاکانە بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکی، پتر دەبێت. لە دیدی ئامارتیا سێن، بیرمەندی بەنگلادیشی، پەرەسەندن پەیوەندیی بە ئازادییەوە هەیە. (آمارتیا سن، 1396) کاتێک ئازادیی توێژینەوە و ئازادیی بیرۆکراسی، سیستەماتیک بکرێت و توێژەر لەناو مەیدانێکی بەرینی زانیاریدا کار بکات، دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەرێنی دەبن و لە مەیدانی واقعیشدا ئەو جۆرە لێکۆڵینەوە زانیاری-تەوەرە توانای پراکتیزە و پیادەکردنی دەبێت.
ئەگەر ئاوڕێک لە نموونەکانی ڕابردوو بدەینەوە، دەبینین کە کاریگەری و گرنگیی شەفافییەتی زانیاری لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانگەلێکی دارایی لەناو کۆمپانیا ئابوورییەکان پتر وەدەر کەوتووە. واتە، لە کەشێکی ڕوون و ئازاددا، مافی کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەرمایەدانەر مسۆگەرتر دەبێت. بە واتایەکی ڕاشکاو، ڕوون و ڕەوانبوونی زانیارییەکان خزمەت بە گەشەی ئابووریی وڵات دەکات (Brown, Martinsson, 2014). بەڵام بەپێچەوانەوە، لەناو وڵاتە پێشنەکەوتووەکاندا، جگە لەوەی ناڕوونیی زانیارییەکان و سنوورداربوونی داتای پێویست پێش بە دروستبوونی حوکمڕانیی باش دەگرێت، قەیرانیشی بەدواوە دەبێت. هەروەها لەناو کۆمەڵگە پەرەنەسەندووەکاندا نەبوونی شەفافییەتی پێویست و زانیاریی کەم و هەڵە، بەتایبەتی لە کاتی ڕیسکدا، دەبێتە بەربەست لە بەردەم بەڕێوەبردنی قەیران و پڕۆسەی پەرەسەندن.
ئەگەر جاران لەناو کەشی کۆلۆنیالیزمدا وڵاتانی جیهان دابەشی دوو جۆری وەک “وڵاتانی ناوەند” و “وڵاتانی پەراوێز” دەکرا و “تیۆریی گرێدراوێتیی وڵاتانی دواکەوتوو بە وڵاتانی پێشکەوتوو” لەسەر زاران بوو، بە گوێرەی گوتەی ئەم تیۆریسیەنانە، وڵاتانی دواکەوتوو بوونەتە سەرچاوەی هەناردەکردنی ماددەی خاو بۆ وڵاتانی پیشەسازیی پەرەخواز، ئێستا دەتوانین بڵێین “گرێدراوێتیی دوولایەنە” زەقتر بۆتەوە و ڕێگەی پەرەسەندنی وڵاتانی پەرەنەسەندوو بە دەرگە و ڕێڕەوی ئەزموونی وڵاتانی پەرەسەندوودا دەڕوات. لەو بارەیەوە نموونەی وڵاتانی وەک کۆریا و ژاپۆن و تایوان، کە بە پشتیوانیی ئەمریکا لە جغزی وڵاتانی پەرەنەسەندوو دەرچوون، بەڵگەی جێی باس و سەرنجن. واتە، ئێستا وڵاتانی پەرەنەسەندوو دەتوانن جگە لە ئەزموونی چۆنێتیی پەرەسەندنی وڵاتانی پێشکەوتوو، سوود لە تەکنەلۆژیای وڵاتانی پەرەسەندوو وەربگرن. بۆ نموونە لە جیهانی گلۆبالیزەبووی ئەمڕۆدا وڵاتانی لە حاڵی پەرەسەندن دەتوانن، بەتەمای تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی بەرنامەی ئەلیکترۆنیی تایبەت، خۆیان لە سەکۆی پێشکەوتن نزیکتر بکەنەوە. لەو بارەوە دەتوانین نموونە بە وڵاتانی وەک ئیماڕات و سعوودیا بێنینەوە کە بەدرەنگەوە بۆیان دەرکەوت کە نابێ تەنیا بە هەناردەکردنی ماددەی خاو و هاوردەکردنی هێزی مرۆیی و سەرمایەی مرۆییی وڵاتانی پێشکەوتوو، بینای شووشەیی دروست بکەن؛ بەڵکوو گەیشتوونەتە ئەو بڕوا دروستەی کە پێویستە بە ڕێچکەی مالیزیادا بڕۆن و جگە لە گرنگیدان بە پەرەسەندنی فەرهەنگ، کەڵک لە تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرن و دەوڵەتی ئەلیکترۆنی دابمەزرێنن.
ئەمڕۆکە، تەکنەلۆژیا و تۆڕە پەیوەندییەکانی گۆڕینەوەی زانیاری بە ئاراستەی پەرەسەندنی ئابووری، جۆرێک لە ئابووریی پشتبەستوو بە زانیاری، واتە “ئابووری دیجیتاڵ”یان، دروست کردووە. بەتایبەتی لە دەیەی 1990 بەو لاوە ستراکچەری ئابووریی جیهانی، کەوتە ژێر کاریگەریی گڵۆبالیزەیشن و شۆڕشی زانیاری. (Pohjola, 2002) بەڵام وڵاتانی پەرەنەسەندوو نەک هەر لەوە بێئاگان کە شۆڕشێکی مەزنی وەک شۆڕشی نەرمی “هۆشی دەسکرد” (Artificial Intelligence) وێڕای کێشە و قەیرانەکانی، لە خزمەتکردن بە مرۆڤایەتیدا بە خێرایییەکی پەڕجووئاسا کار دەکات و وەک گۆڕانێکی مەزن مرۆڤ و مێژوو دەباتە ناو قۆناغێکی دیکە؛ تەنانەت کۆمپیۆتەر و ئینترنێت لەو ماوە زۆرەی کە هاتوونەتە بەردەستی وڵاتانی پەرەنەسەندوو، بۆ پەرەدان بە زانست و دانانی سیستەمی بانکی و خۆشگوزەرانیی خەڵک بەکار نایەت. لەم جۆرە کۆمەڵگەیانە شۆڕشێکی وەک هۆشی دەسکردیش، لە جیاتی هەموارکردنی ڕێگەی پەرەسەندنی خێرا و گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردن، ڕەنگە قەیرانی ئابووری و دەردی کۆمەڵایەتیی پێوە بێت. بە واتایەک ئەم جۆرە تەکنەلۆژییانە بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو دەبنە هۆی پێشکەوتنی زیاتر و بۆ وڵاتانی دواکەوتوو تا ماوەیەک دەبنە قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، زانستی و تەنانەت کێشەی ئەمنی و سەربازییشی پێوەیە.
لاوازبوونی زانیاری و تۆڕی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان
خێراییی پەرەسەندنی هەندێک وڵات، ڕیشەی لە نۆڕمە فەرهەنگییەکانی ئەو وڵاتەدایە. بۆ نموونە، کارکردنی تیمی و هاوکاریی گرووپی و گرنگبوونی شتی گشتی لای ژاپۆنییەکان نۆڕمێکی نەریتیی کۆنە کە خێراییی داوەتە مەکینەی پەرەسەندنی دەروونی (Endogenous Development) لەو وڵاتەدا. بەڵام بەپێچەوانەوە، جگە لەوەی لە وڵاتانی پەرەنەسەندوو نۆڕم و نەریتەکان وەک پێویست یارمەتیدەری پەرەسەندن نین، تایبەتمەندییەکی وڵاتانی لە حاڵی پەرەسەندن یان وڵاتانی پەرەنەسەندوو، وێڕای کزبوونی زانست و نەریتی نەرێنی، ئەوەیە کە بەڕواڵەت جۆرە مۆدیرنیزمێکیان هاوردە کردووە و هاوتەریبی ئەو مۆدێرنیزمە دەوڵەتییە، کۆمەڵگەیەکی نەریتی و خاڵی لە فەرهەنگی مۆدێرنیتە، واتە، بەبێ ستراکچەی زەینی مۆدێرن، هەیە کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکییان پێکەوە نییە. لەو جۆرە کۆمەڵگەیەدا ئابوورییەکی نەریتی باوە؛ بە جۆرێک کە ئابووری و بەرهەمهێنان بەپێی نیازە کەسییەکانن. بە واتایەک، لەو وڵاتانەدا گرنگی بە ئابووریی نەتەوەیی نادرێت و تەنانەت ناسیۆنالیزم لە جیاتی ئەوەی ببێتە باوەڕێکی مەدەنی و گشتی و ماقووڵ، لە چواردیوارەی پرسێکی سیاسیدا تەسک کراوەتەوە. لەو جۆرە کۆمەڵگە دژبەرەدا ئابووری لەسەر بنەمای زانیاری بەسەختی دروست دەبێت و ڕەنگە هۆکاری ئەمنییش ڕۆڵی ژێرزەمینیی خۆی هەبێت. لەو جۆرە وڵاتانەدا، ئەگەر گەشەی ئابوورییش (Economic Growth) دروست بێت، ڕێگەی پەرەسەندن (Development) هەورازێکی ڕک دەبێت. هۆکارەکانی ئەو کێشەیە بۆ چەند شتێک دەگەڕێتەوە، کە یەکێکیان لاوازبوونی سیستەمی ئابوورییە؛ ئەوەی دیکە ڕیشەی بۆ ستراکچەری فەرهەنگیی وڵاتانی پەرەنەسەندوو دەگەڕێتەوە. یەکێک لەو کۆمەڵگە دژبەرانە “کۆمەڵگەی کوردی”یە لە هەرێمی کوردستان کە پێی هەر لەناو تەڵە و داوی کەلتووری پێش مۆدێرندا ماوەتەوە.
کۆمەڵگەی کوردی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک زۆر شوێنی پەرەنەسەندووی ناوچەکە، کێشەی زانست و گرفتی نەبوونی سیستەمی هەیە. ئەگەر لە ڕووی کەلتووری مێژوویی – کۆمەڵایەتییەوە سەیری هەڵسوکەوتی دەروونیی تاکی کورد بکەین، دەبینین لە ڕووی زانیاریپێدان وەک پێویست یارمەتیی حکوومەتەکەی خۆی نادات. هەروەها لە ڕووی کەلتووری سیاسیی حکوومەتیش، کە ڕیشەی لەناو کەلتوورە دەروونییەکەی کوردەواریدایە، دەبینین وەڵامگۆیی و شەفافییەت هێشتا سیستەماتیک نەبووە، بەڵکوو تەنیا لە قاڵبی ئەخلاقدا، لە ئاستی چەند سیاسەتمەدارێکی بەڕەوشتدا، ماوەتەوە. هەروەها ئامار و زانیارییە کەمەکانیش وەک پێویست یارمەتیی لێکۆڵەر و بیرمەندان نادەن. ئەو کەمە ئامار و زانیارییە لارەی کە هەیە، جگە لەوەی ناکرێ بۆ توێژینەوەیەکی ئاکادیمی پشتی پێ ببەسترێت، تەنانەت لە ڕووی میتۆدییشەوە تێراو و شێوازمەند نییە، بەڵکوو لە لڤڵێکی خوارتر و بەربڵاودا زیاتر لە کارێکی سادە و ناقووڵ دەچێت نەک کارێکی پۆلێنبەندکراو و میتۆدۆلۆژیکی پشتبەستوو بە زانست و توێژینەوەیەکی سیستەماتیک و فرەڕەهەند. کەواتە ئەم جۆرە زانیاری و داتایانە کە دەبنە دەرگەی چوونەژوورەوەی (input) سووڕی سیاسەتدانانی گشتی (Policy making)، ناتوانن لە دەرگەی هاتنەدەر یاخود دەرچووندا (output) بکرێنە سیاسەت و بەرنامەی پشتپێبەستراو و دڵنیاكەرەوە. ئەمە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە هەر سیاسەتێک لەو کۆڵانە تاریکانە دادەنرێت، دوای ماوەیەکی کورت، کوێرانە سەر لە دیواری بنبەست دەدات و دواتر سەرلەنوێ سیاسەتێکی دیکەی چاکسازیی بۆ دادەنرێت و ئەم جارە تەنیا بیر لەو هەڵانە دەکرێتەوە کە سیاسەتە بێبنەماکەی پێشوو لە ڕێڕەوی پیادەکردندا تووشی بووە؛ دواجار سیاسەتە نوێیەکەیش، وێڕای تێچووی ماددی و مەعنەوی، ئامانجئەنگێوە نابێت. ئەم جۆرە سیاسەتداڕشتنە تەنانەت بۆ ئەوە نابێ پێی بڵێین سیاسەتی ئەزموون و هەوڵ و هەڵە، چونکە لە بناواندا ڕیشەدۆزیی بۆ کێشەکە نەکردووە و گرفتەکە بەباشی نەناسراوە و زانیاریی لەبارەوە کەمە.
لە بەرەیەکی دیکەدا، ئەو داوایەی کە لەبارەی ئازادیی زانیاری و هەبوونی شەفافییەت لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و ڕکەبەرانی دەسەڵات دەکرێت، زیاتر شەپۆلدروستکردنێکی پۆپۆلیستییە و ئەو شەپۆلسازییەیش ناچێتە قاڵبی ئۆپۆزیسیۆنێکی ساغ و پشتبەستوو بە زانستەوە، چونکە هێشتا ئەوانیش دان بەوە نانێن کە چ شتێک نابێ ئاشکرا و دیار بێت و چ شتێکیش دەبێ شەفاف و ڕوون بێت. بۆ نموونە بەبێ تێگەیشتن لە دۆخی سیاسی و ئاسایشیی کوردستان و بەبێ ئەوەی “سایلێنت دیپلۆماسی” بەهەند دابنێن، بە دیدێکی ناڕووناکبین و کەممەودابین، دەیانەوێ هەموو گرێبەستە نەفتییەکان بێنە سەر مۆنیتۆری تەلەڤزیۆنەکان و دانیشتنی ئاشکرای پەرلەمان. لە کاتێکدا ئەگەر سەرنج بدەینە زانکۆ پێشکەوتووەکانی وەڵاتانی پەرەسەندوو، دەبینین تەنانەت زانیاری لەبارەی هەموو زانستێک نادرێتە هەموو مامۆستا و قوتابییەکی هەمان زانکۆ. (کوردنەژاد، 2023) ڕاستییەکەی، ڤایرۆسی کۆڤید 19، دەبوو بووبا وانەیەک بۆ ئەم گوتەیە. بەو پێیەی کە ڤایرۆس مەیدانێکی بەرینی هەیە و جگە لە واری پزیشکی لە چەندان زانستی دیکەی وەک مێژوو، فەلەکناسی و کیمیا بەکار دێت، پتر لێکۆلینەوەی لەسەر دەکرێت؛ بە جۆرێک کە بەشێکی ئەو لێکۆڵینەوانە ئاشکرا نین و تەنانەت ئەگەر هەڵەی مرۆییشی لێ بکەوێتەوە، لەوانەیە پەردەپۆش بکرێت. لێرەدا دەردەکەوێ کە نە ڕکەبەرانی حکوومەت، کە جاڕ و کەڕەنای شەفافییەت لێ دەدەن، لە پڕەنسیپی شەفافییەت لەناو پاڕادایمی حوکمڕانیی پەسەند تێ گەییشتوون، نە حکوومەتیش توانیویەتی شەفافییەت و وەڵامگۆیی بکاتە سیستەم و، توێژگەی پەرەسەندن لەسەر بنەمای ناسین و زانیارییەکی ورد و دروست دابمەزرێنێت. هەروەها خەڵکیش کەلتووری “چەندکەسایەتییبوون”یان هەر ماوە، بە جۆرێک، تەنانەت ئاماری منداڵان و مردووانیان دەشارنەوە. لەو بارەیەوە، ئالوین تافلەر دەڵێ، لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە بزنفرۆشتنەوە تا دەگاتە سیاسەت، هەموو شتێک نهێنییە. (تافلر، 1402)
لەم وڵاتانەدا ئەوە نییە کە بەهرەی خاوەندارانیش پەیوەندیی بە شەفافییەت و گەیاندنی زانیاریی دوولایەنەوە هەبێت، بەڵکوو لە کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتیدا زانیاری و وەڵامگۆیی یەکلایەنەیە و، هەموو شتێک لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدایە. لە زۆر وڵاتی نامۆدێرندا، بەتایبەتی لە سەردەمی کۆندا، هەبوونی زانیاری مافی هاووڵاتیان نەبوو. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەتایبەتی لە ئابووریی کشتوکاڵدا، بۆ دابەشینی بەرهەم دەودوو هەبووە، بەڵام شەقڵی تایبەتی (مۆر) لە لای ئاغا بوو و خاوەندار مافی ئەوەی هەبوو بزانێت کە جووتیار چەندی هەیە. تەنانەت لە نیوەکاریشدا زەوی و کەڵ و تۆو هی ئاغا بوو و داچاندن و دروێنە بۆ وەرزێر. لە ئاژەڵدارییشدا، ئاغا دەبوو بزانێ مەختە و مەڕ لە چ دۆخێکدایە و بەپێی زانیارییەکانی ئاغا ساڵانە مەڕ و خوری لە مەڕدار وەردەگیرا؛ بۆیە زۆر جار خاوەن مەڕ هەوڵی ئەوەی دەدا هیچ شتێکی ئاشکرا نەبێت. (قادری، 2023) لەم دۆخەدا وەڵامگۆیی شتێکی یەکلایەنەیە؛ واتە تەنیا دەسەڵاتدار و خاوەندار مافی زانین و زانیاریی هەیە و مەڕدار و جووتیاریش، دەبێ لە بەرامبەریدا وەڵامگۆ بن. ئەمە هەموو ڕیشەی لەناو چینایەتیی کۆمەڵگەی کوردەواریدایە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئابوورییەوە هەیە. ئایدیۆلۆژیستە “ماویست”ەکانیش بە نیگایەکی تاکەڕەهەندی تەنیا ساز و سۆزیان بۆ مافی پاڵە و جووتیار هەبوو و بە نیگایەکی کۆمەڵناسیی مێژوویی، ئەم بابەتەیان لە کوردستان تاوتوێ نەکرد. ئەم کەلتوورە کوردەوارییە ئێستا لە سەردەمی گۆڕینی دێموگرافی و شارنشینیشدا خزیوەتە ناو کەلتووری سیاسی، بۆیە شەفافییەت لە دیدی پۆزیسیۆن و، ئۆپۆزیسیۆن لەسەر بنەمای زانیارییەکی ستاندەر و یاسامەند نییە، بۆیە وەڵامگۆییش بۆتە وەڵامگۆیییەکی یەکلایەنە. واتە هاووڵاتی لە بەرامبەر دەسەڵاتدا وەڵامگۆیە، بەڵام حکوومەت خۆی بە باوک دەزانێ و لە بەرامبەر هاووڵاتیاندا سیستەمی وەڵامگۆییی دانەمەزراندووە؛ لەو دۆخەدا تەنانەت حوکمڕان لە بەرامبەر پەرلەمان وەڵامدەر نابێت، لە کاتێکدا “حکوومەت شەرعییەت لە پەرلەمان وەردەگرێت”. (کوردنەژاد، 2022) هەروەها لە وڵاتانی پەرەنەسەندوو، زانیاری و ئامار زیاتر دەچێتە خانەی ئەمنی و تەنیا هێزە ئەمنییەکان گرنگی بە ئامار و زانیاری دەدەن. بەو حاڵەیش ئامارەکان زۆر ورد نین و لە ڕووی زانستییشەوە، کوالێتیی شیکاری زانیاری و ئامار، ئەوەندە زۆر و ڕاست نین تاکوو بتوانرێ سیاسەتێکی کۆک و ئاکامداریان لێ بەرهەم بێت. تەنانەت ئەگەر پسپۆڕانی ئامار و دێموگرافی لە وڵاتانی پێشکەوتوو بێنە ناو ئەو وڵاتە پەرەنەسەندووانە، لەبەر ئەوەی لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە ژێر پێستی کۆمەڵگە و کۆمەڵەی ئامانج ناناسن، توێژینەوەکەیان دەبێتە توێژینەوەیەکی تاکڕەهەندی و هەڵە؛ بە جۆرێک ئەگەر سیاسەت لەسەر بنەمای ئەو توێژینەوانە دابڕێژرێن، لە پیادەکردندا تووشی گرێ دەبن.
دەرەنجام
بەپێی ڕەگی کەلتووری دەروونی و نەریتیی کۆمەڵگە پەرەنەسەندووەکان، زانیاری و وەڵامگۆیی بە شێوەیەکی یەکلایەنە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدایە. لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا کەلتووری سیاسی لەسەر بنەمای ئەو کەلتوورە نەریتییە هەڵچنراوە، کە بۆتە هۆی ئەوەی حوکمڕانیی باش لەسەر پێچکە و پایەی شەفافییەت و وەڵامگۆیی ساز نەبێت. هەروەها لاوازبوونی زانست بۆتە هۆی ئەوەی وڵاتانی پەرەنەسەندوو نەتوانن سوود لە تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرن. کۆی ئەم خەسارانە بوونەتە هۆی ئەوەی ڕەوتی پەرەسەندن تەنیا لەناو بژاردە هزرییەکاندا وەک تیۆر و دەق، تەنیا لە گۆشەیەکی پەراوێزخراودا، بمێنێتەوە.
بەپێی ناسینی ئەو گرفت و گرێیانە، سێ هێڵی سەرەکی بۆ پەرەسەندن گرنگن کە بریتین لە: 1) زانست، 2) هەماهەنگیی نێوان بژاردەکان و 3) جێبەجێکردن. ئەم سێ دێراوە، دەبێ بە زانیاری، شەفافییەت و سیستەمی وەڵامگۆیی تێراو بکرێن و بەرەو جۆگەلەی حوکمڕانیی باش و ڕووباری پەرەسەندندا بڕۆن. زانیارییەکان بریتین لە دەسەڵاتی چوارەم، وەک پایەیەکی دیموکراسی و ئازادیی زانیاری، شەفافییەتیش بەپێی یاسا دادەنرێت، هەروەها سیستەمی وەڵامگۆیی کە بە گوێگرتن لە ڕای گشتی و تێگەیشتن لە نیازە گشتییەکان لە هەمبەر خۆشگوزەرانیی خەڵکدا دێتە دی. لەم قۆناغەدا، ڕەنگە پڕۆسەی پەرەسەندن لە ڕوانگەی پاڕادایمی حوکمڕانیی باش و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و زانستی ڕۆژ و هاتنەمەیدانی بژاردەی شایستە و نیشتمانپەروەریی پشتبەستوو بە زانست، بتوانێت تا ڕاددەیەک چارەی ئەم کێشەیە بکات. لەو بارەوە هەندێک دەرمانی چارەسەری تریش هەن. بۆ نموونە:
– پێویستە یاسای مافی زانیاری بەتۆکمەیی و ڕەچاوکردنی ئاسایشی نەتەوەیی دابنرێت و خەڵکیش لە ماف و یاسای پەیوەندیدار بە خۆیان ئاگادار بن.
– پێویستە توێژەران و خەڵکی ئاسایی بە سوودوەرگرتن لە ئینترنێت دەستیان بە زانیارییەکان ڕابگات.
– پێویستە بە یاسا ئاستی دڵنیایی و متمانە لە نێوان خەڵک و حکوومەتدا بەرز بێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک لە پێدانی زانیاری، یارمەتیدەری حکوومەتی خۆیان بن.
– بەو پێیەی یەکێک لە کێشەکانی خەڵک، نزمبوونی ئاستی ئاگایی لەبارەی یاسایە نەک نەبوونی دەقی یاسا، بۆیە پێویستە دوای دانانی دەستوورێکی شایستە، چارتی مافی هاووڵاتی دابنرێت و بڵاو بکرێتەوە.
– پێویستە بە گوێرەی توانا و بەپێی پێویست سیستەمی ئامار و زانیاری، بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ببەسترێنەوە.
– پێویستە شێوازی وەڵامگۆیی لە چوارچێوەی ڕەوشت و ئەخلاق، ببێتە سیستەمی وەڵامدانەوە بەپێی یاسا و ڕەچاوکردنی ئاسایشی نەتەوەیی.

سەرچاوەکان
کوردی:
قادری، قەرەنی (2023)، دیمانە، هەولێر، خانەی هزریی کوردستان.
کوردنەژاد، حوسێن، (2022)، پێشنیار بۆ سیاسەت؛ سەبارەت بە شێوەی پێکەوە کارکردنی حکوومەت و پەرلەمان، هەولێر، ئەنیستیتۆی گەشەپێدان- کوردستان.
کوردنەژاد، حوسێن، (2023)، یادەشتەکانی ڕۆژ، هەولێر، ئەنیستیتۆی گەشەپێدان- کوردستان.
فارسی:
تافلر، ئالوین (1402)، موج سوم، ترجمه شهیندخت خوارزمی، تهران: نشر نو.
سن، آمارتیا (1396)، توسعه یعنی آزادی، ترجمه محمد سعید نوری نائینی، تهران: نشر نی.
ئینگلیزی:
Brown, J.R., Martinsson, G. (2014). “Financial Disclosure, Corporate Transparency, and Innovation”. Working Paper.
Florini, Ann. (2002). Increasing Transparency in Government, International Journal on World Peace 19: 3, 3-37.
Pohjola, Matti. (2002). “The New Economy: facts, impacts and policies”. Information Economics and Policy. www.elsevier.com/locate/iep.