1

چوارچێوەی یاسایی ڕێکخستنی ڕێکار و پەیوەندییەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا:  خوێندنەوەیەک بۆ ئاستەنگ و دەرفەتەکانى چاکسازى

 

د. ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا ئەلمودەڕیس

دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هەولێر

 

پێشەکی

زانکۆ تەنیا شوێنی وانەگوتنەوە و تاقیکردنەوە و بەرهەمهێنانی توێژینەوە نییە، بەڵکوو ژینگەیەکی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتییە کە تێیدا کۆمەڵێک پەیوەندیی ئاڵۆز و بەردەوام لەنێوان قوتابی، مامۆستا، فەرمانبەر، دەسەڵاتە زانستی و کارگێڕییەکاندا دروست دەبێت. تەندروستبوونى ئەم پەیوەندییانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کواڵێتیی خوێندن و ئازادیی ئەکادیمی و دادپەروەری و متمانە بە دامەزراوەی زانکۆدا هەیە. لەبەر ئەوە، نابێت کێشەکانی ناو زانکۆ تەنیا وەک ڕووداوی تاکەکەسی یان ناکۆکیی نێوان دوو کەس سەیر بکرێن، چونکە دووبارەبوونەوەی هەمان کێشە لە زانکۆ و کۆلێژ و بەشە جیاوازەکاندا، زۆر جار ئاماژەیە بۆ هەبوونی کەلێنێکی ڕێکخستنی یاسایى یان کارگێڕی، نەک تەنیا وەک هەڵەیەکى کەسی سەیر بکرێت.

پرسیار ئەمەیە: بۆچی هەندێک کێشەی قوتابیان و مامۆستایان ساڵانە دووبارە دەبنەوە؟ بۆچی هەندێک ناکۆکیی سادە دەگاتە ئاستی بێڕێزیکردن، لەدەستدانی ماف، ستەم یان زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی؟ ڕەنگە ورووژاندنی ئەم پرسیارانە بۆ هەندێک لایەن ناخۆش بێت، بەڵام نووسینێکى بابەتییانە و ئەکادیمییانەى ئەمڕۆ، زۆر باشترە لە بێدەنگییەک کە کێشەکان بۆ سبەیەکی نادیار دوا بخات. هەر بۆیە، مەبەستی ئەم وتارە تۆمەتبارکردنی هیچ تاک یان دامەزراوەیەک نییە، بەڵکوو هەوڵێکی ڕەخنەگرانە و چاکسازیخوازانەیە بۆ دەستنیشانکردنی کەلێنەکان و دووبارە ڕێکخستنەوەی کار و ڕێکار و پەیوەندییە زانکۆیییەکان لەسەر بنەمای ڕێــز، سنوور، دادپەروەری، شەفافییەت، بەرپرسیارێـتی.

 

گرفتی سەرەکى

ناتوانرێت بگوترێت زانکۆکان بەتەواوی بێ یاسا و پەیڕەو و ڕێنمایی و ڕێسا کار دەکەن، چونکە لە زانکۆدا هەموو ئەمانە هه‌ن، کەم تا زۆر کاریان پێ دەکرێت و، زۆرێک لە کار و ڕێکار و پەیوەندییەکانى نێو حەرەمى زانکۆکان ڕێک دەخەن. بەڵام، گرفت ئەوەیە هەموو ڕەهەند و گۆشە جیاوازەکانى ئەم بابەتە داناپۆشن و، پانتایییەکى فراوان لە کار و ڕێکار و پەیوەندییە زانکۆیییەکان، بەتایبەت ئەوەى پەیوەستە بە نوێکارییەکانى تەکنه‌لۆژیاوە، بە داب و نەریتى زانکۆیى بەڕێوە دەچێت، یان بە بڕیار و بۆچوون و بیروباوەڕى کەسى دەبەسترێتەوە. ئەمەیش هه‌ر خۆى کێشەیەکى بنەڕەتییە، چونکە داب و نەریتى زانکۆیى و بیروباوەڕى کەسى لە مامۆستایەکەوە بۆ مامۆستایەکی تر، لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی تر، لە کۆلێژێکەوە بۆ کۆلێژێکی تر و، لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکى تر دەگۆڕێت.

ئەم جیاوازییە هەندێ جار وا دەکات ڕەفتارێک یان گوفتارێک لە شوێنێک ئاسایی و لە شوێنێکی تر قەدەغە بێت و، لە شوێنێکی ترى سێیەم بە ئارەزووی کەسى بڕیاربەدەست بەستراو بێت. بێ گومان لەم ژینگەیەدا، هیچ کەس و لایەک بەدڵنیایییه‌وه‌ نازانێت سنووری دەسەڵات و ماف و بەرپرسیارێتیی خۆی و بەرامبەرەکەی لە کوێدایە؛ ئەمەیش دەبێتە سەرچاوەی مامەڵەی جیاواز و بەزاندنی سنوور و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و لاوازبوونی متمانە بە دامەزراوە.

چوارچێوەى یاساییى ڕێکار و پەیوەندییە زانکۆیییەکان

ڕێکار و پەیوەندییەکانی ناو زانکۆ لەلایەن یاسایەکی تاک و تایبەتەوە ڕێک نەخراون، بەڵکوو کۆمەڵێک یاسا و ڕێنمایی بە شێوەی پەرشوبڵاو حوکمیان دەکەن. بۆیە ناتوانرێت بگوترێت چوارچێوەی یاسایی لەم بوارەدا بەتەواوی نییە؛ بەڵام دەتوانین بڵێین کەوا یەکگرتوو و ڕوون و بەردەست نییە. ئەم فرەیییەیش لەبری ئەوەی سەرچاوەی سەقامگیری بێت، هەندێ جار دەبێتە سەرچاوەی ناڕوونی؛ چونکە مامۆستا یان قوتابی یان فەرمانبەر ناچار دەبێت مافی خۆی لەنێوان دەیان دەقی پەرشوبڵاودا بدۆزێتەوە.

بۆ نموونە: بە شێوەیەکى گشتى و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی سزاداندا، ماددەکانی (٣٢٩–٣٣٢)ی یاسای سزاکانى فیدڕاڵى ژمارە (١١١)ی ساڵی (١٩٦٩) باس لە هەندێ جۆرى تاوانى وەزیفى دەکەن و، لە ئاستی بەرپرسیارێتیی کارگێڕییشدا، یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی فیدڕاڵى ژمارە (١٤)ی ساڵی (١٩٩١)، بەتایبەت ماددەکانى (4، 5، 8) باس لە ئەرکەکانى فەرمانبەرى گشتى دەکەن، لەگەڵ ئەو سزا کارگێرییانەى کەوا بەسەریاندا دەسەپێنرێت.

بەڵام لە چوارچێوەی تایبەت بە زانکۆدا، چەندان یاسا و ڕێنمایى هه‌ن، بۆ نموونە: یاسای ڕاژەی زانکۆییی فیدراڵى ژمارە (٢٣)ی ساڵی (٢٠٠٨)، کە بە یاسای ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠١٣) لە هەرێمی کوردستان بەرکار کراوە و، یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٨) کە پێکهاتە و دەسەڵاتەکانی وەزارەت و زانکۆ و کۆلێژ و بەش ڕێک دەخات. لە ئاستی ڕێنمایییەکانیشدا، ڕێنماییی تاقیکردنەوەکان ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٩) و، ڕێنماییی بەرزەفتی قوتابیانی خوێندنی باڵا ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠٠٩) و، هەروەها ڕێنمایییەکانی تایبەت بە خوێندنى باڵا (دیپلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا)، گۆڤاری زانستی، پێدان و بەرزکردنەوەی نازناوی زانستی و، كۆمه‌ڵێك ڕێنمایى و بڕیارى تر بەدى دەکرێن.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، دەبێت ئەوە بزانین زۆریی ژمارەی یاسا و ڕێنمایییەکان بە مانای ڕێکخستنێکى یاساییى تەواو نایەت، چونکە زۆربەیان بۆ بابەتێکی دیاریکراو و لە کاتێکی جیاوازدا دەرچوون و، جۆرێک لە دژیەکبوون لەنێوانیاندا بەدى دەکرێت؛ ئەمە جگە لەوەى تاوەکوو ئێستا هەندێ بابەت بە ڕێکنەخراوى ماونەتەوە و بۆ ڕێکخستنیان پشت بە داب و نەریتى زانکۆیى و قەناعەتى کەسى بڕیاربەدەست دەبەسترێت. ئەمەیش زیاتر لە پەیوەندییەکانى ناو زانکۆ و ڕێکارەکانى بەدى دەکرێن، چونکە یاسا و ڕێنمایییەکان زۆر نەپڕژاونه‌ته‌ سەر ئەم وردەکارییانە و، زانکۆکانیش وەک پێویست خەمیان لەم بابەتە نەخواردووە؛ بۆیە بەڕێکنەخراوى و ناڕوونى و ناسەقامگیرى ماوەتەوە و، زیاتر ئاکار و میزاجى کەسى، حوکمیان دەکات. ئەمانەى خوارەوەیش گرنگترینى ئەو پەیوەندى و ڕێکارانەن کە وەک پێویست لە زانکۆکاندا ڕێک نەخراون:

یەکەم: پەیوەندیى نێوان مامۆستا و قوتابیى بەکالۆریۆس

ئەگەر وانەگوتنەوە پڕۆسەی سەرەکیى خوێندنی بەراییى زانکۆیی بێت، ئەوا پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی، دڵى ئەم پڕۆسەیە. کواڵێتیى خوێندن تەنیا بە ناوەڕۆکی وانە و شارەزاییی مامۆستا ناپێورێت، بەڵکوو بەوەیش دەپێورێت کە قوتابی تاچەند دەتوانێت بەبێ ترس پرسیار بکات، بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، هەڵە بکات و وەڵامی زانستی وەربگرێت و بە ڕێزەوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت. لە بەرامبەریشدا، مامۆستا مافی ئەوەی هەیە ژینگەیەکی ئارام و ڕێکخراوی هەبێت و، کات و تایبەتمەندیی خۆی ڕه‌چاو بكات و، لە بێڕێزى و گوشار و کارى نابەجێی قوتابی بپارێزرێت. کەواتە، پەیوەندیى نێوان قوتابى و مامۆستا پەیوەندییەکی یەکلایەنە و یەکئاراستە (فەرماندان و گوێڕایەڵى) نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی دوولایەنەی ماف و ئەرک و بەرپرسیارێتییە؛ هەرچەندە بەهۆی دەسەڵاتی هەڵسەنگاندن و نمرەدانانەوە هاوسەنگیی تەواو لەنێوان هەردوو لادا نییە و زیاتر بە لاى مامۆستادا شکاوەتەوە.

لەو یاسا و ڕێنمایییانەی کەوا ئێستا بەرکارن، پەیوەندیى نێوان مامۆستا و قوتابی بە دەستەواژە گشتییەکانی وەک “پابەندبوون بە یاسا” و “پاراستنی ڕێـز و شکۆ” و “ئەنجامدانی ئەرکی زانستى” و…، ڕێک خراوه‌ و، ئەم دەستەواژانەیش، هەرچەندە پێویستن، بەڵام بۆ ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانەی نێو زانکۆ لە سەردەمى ئێستادا بەس نین. وشەی “ڕێـز” بۆ نموونە، ئەگەر پێناسە و سنووری دیاری نەکرێت، دەکرێت لەلایەن کەسێکەوە بە گوێڕایەڵیی بێمەرج و لەلایەن کەسێکی ترەوە بە مافی ڕه‌خنه‌گرتن لێک بدرێتەوە. بۆیە گرفتی سەرەکی لێرەدا نەبوونی “ڕێز” نییە، بەڵکوو نەبوونی پێناسەیە بۆ وشەى “ڕێز” و سنوورەکانى.

ئەگەر بەوردى سەیرى پەیوەندیى نێوان مامۆستا و قوتابى بکەین، دەبینین لە چەندان ڕەهەند و گۆشەوە پێویستى بە ڕێکخستن هەیە، چونکە یاسا و ڕێنمایییە بەرکارەکان ناتوانن وەڵامى زۆر پرسیار بدەنەوە کە پرسیارى سادەى ڕۆژانەن، بۆ نموونە: “ئایا مامۆستا و قوتابی دەتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوڕێ بن؟” و، “ئەگەر دەتوانن، لایک و کۆمێنت چۆن دەکرێت؟”، “ئیمۆجییەکان چۆن بەکار دێن؟”، “لەسەر وێنەى کەسى، دەکرێت لایک یان کۆمێنت بکرێت؟ و، بە چ شێوازێک؟ و…” و، “پەیوەندیی ئەلیکترۆنیى نێوان مامۆستا و قوتابى لە ڕێگەی ئیمەیڵی زانکۆیی بێت، یان ئەپەکانى پەیوەندیکردنى وەک واتساپ، یان نامەی تایبەتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت؟” و، “قوتابی تا چ کاتژمێرێک مافی پەیوەندى یان نامەناردنی بۆ مامۆستا هەیە؟” و، “مامۆستا چۆن و لە چ ماوەیەکدا دەبێت وەڵام بداتەوە؟”، “ئایا پێش ڕۆژى تاقیکردنەوە بە ڕۆژێک یان دووان یان هەفتەیەک، مامۆستا دەتوانێت وەڵامی پرسیاری قوتابییەکی دیاریکراو بداتەوە؟ یان دەبێت بۆ هەموو قوتابیان بەردەست بێت؟”، ئایا قوتابى دەتوانێت دەنگى مامۆستا لە هۆڵەکانى خوێندن تۆمار بکات؟ چۆن و کەى و بە چ شێوازێک؟ ئایا ڕەزامەندیى پێشوەختەى دەوێت؟ کێ ئەو ڕەزامەندییە بدات؟” ئەم پرسیارانە بێبایەخ نین، چونکە لە ژیانی ڕۆژانەی زانکۆدا هەر یەکێکیان دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی لێکتێنەگەیشتن و کێشە.

چارەسەرى ئەم بابەتانە بە قەدەغەکردنی تەواوی پەیوەندیی دیجیتاڵی نێوان مامۆستا و قوتابى نابێت، چونکە ئەوە لەگەڵ سەردەمى ئەمڕۆدا ناگونجێت، بەڵکوو پێویستە کەناڵ و کاتی پەیوەندیی ئەلیکترۆنى بۆ مامۆستا و قوتابى ڕوون بکرێنەوە. لەم بارەیەوە، پێویستە ئیمەیڵی زانکۆیی یان پلاتفۆرمی فەرمی، کەناڵی سەرەکیی پەیوەندیکردن بێت و، هەروەها گفتوگۆی پەیوەست بە نمرە و تاقیکردنەوە و بڕیاری ئەکادیمی، نابێت لە نامەی تایبەتیی سۆشیال میدیا بکرێت، چونکە پێویستی بە تۆمارکردن و شەفافییەت و پاراستنی هەردوو لایەن هەیە. زانکۆش دەتوانێت کاتێکی فەرمی بۆ پەیوەندی دیاری بکات (بۆ نموونە: لە ٨ی بەیانی تا 8ی ئێوارەی ڕۆژانی کار) و، ڕوون بکاتەوە کە لە دەرەوەی ئەم کاتەدا، بەدەر لە دۆخی پەلە، هیچ مامۆستایەک پابەند بە وەڵامدانەوە نییە و، تا دوو ڕۆژ پێش تاقیکردنەوەیش قوتابی مافی پرسیارکردنی هەیە؛ بەڵام وەڵامی مامۆستا دەبێت تەنیا ڕوونکردنەوەی گشتی بێت و بە شێوەیەک بڵاو بکرێتەوە کە هەموو قوتابیان دەستیان پێی بگات.

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە “گێچەڵی سێکسی”یش دەبێت لەوە باشتر ڕێک بخرێت، چونکە پێویستە زانکۆ لەوە زیاتر بچێتە نێو وردەکارییەکانەوە و بزانێت چ جۆرە ڕەفتار و گوفتار و نووسین و وشە و دەستەواژەیەک، بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئاماژە بە بوونى گێچەڵى سێکسى دەدەن؛ پێویستە ئەمانە و هاوشێوەکانیان دەستنیشان بکرێن و، لە مامۆستا و قوتابى قەدەغە بکرێت کە پیادەیان بکەن یاخود بەکاریان بهێنن. بۆ نموونە: قسەکردن یان کۆمێنتدان لەسەر جەستە و جوانی، یاخود پرسیاری نابەجێ لە ژیانی سۆزداری، یان نامەی دووبارە و ئاماژەدار، یان داواکاریی دیداری تایبەت بەبێ هۆکاری زانستی، یان بەڵێنی پێدانى نمرە یان یارمەتیدان لەبەرامبەر کارێکى نازانستى؛ هەموویان دەکرێت نموونەی گێچەڵ یان بەکارهێنانی نادروستی دەسەڵات بن. زانکۆ دەبێت پێناسەیەکی ڕوونى بۆ گێچەڵى سێکسى هەبێت و، کەناڵێکی نهێنی و سەربەخۆی بۆ وەرگرتنى سکاڵا دابین بکات و، دڵنیایی بدات کەوا سکاڵاکار لە تۆڵەکردنەوە دەپارێزرێت.

بابەتێکى تر کە پێویستى بە ڕێکخستن هەیە، بریتییە لە هەبوونى پەیوەندیی سۆزداریی نێوان مامۆستا و قوتابی؛ ئەم بابەتە نابێت تەنیا لە ڕوانگەی مۆراڵی تاکەکەسییەوە سەیر بکرێت، چونکە پرسی بنەڕەتی لێرەدا بریتییە لە دەسەڵات و دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکان. به‌ بۆچوونى ئێمە مامۆستا (کە وانەبێژ و هەڵسەنگێنەر و بڕیاردەرە لەسەر داهاتووی قوتابی) ناتوانێت سەربەخۆ بێت، کاتێک لە پەیوەندییەکى سۆزدارى بێت لەگەڵ قوتابییەکى خۆى. ئەگەرچى ڕێگریکردن لەم بابەتە هەندێک زەحمەتە بەڵام دەکرێت سنووردار بکرێت، بەوەى پێویستە مامۆستا بە شێوەیەکى نهێنى سەرۆکى بەش لەم پەیوەندییە ئاگادار بکاتەوە و، پێویستە مامۆستاکە لە وانەگوتنەوە و نمرەدان و هەر بڕیارێکی پەیوەندیدار بەو قوتابییە دوور بخرێـتەوە و، چەند ڕێکارى تریش بگیرێتە بەر کە مەبەست لێیان دەستێوەردان لە ژیانی تایبەت نییە، بەڵکوو مەبەست لێیان پاراستنی شکۆى پیشەى مامۆستایەتى و دادپەروەری و متمانەی گشتییە.

بێ گومان بابەتى تریش هەن لە پەیوەندیى نێوان مامۆستا و قوتابى، کە پێویستى بە ڕێکخستنى ڕوون هەیە، لەوانەیش: مامۆستا لە چ کاتێک دەتوانێت قوتابى لە پۆل دەربکات؟ لە چ حاڵه‌تێک قوتابى دەتوانێت داواى دەرچوون لە پۆلدا بکات؟ چ باس و خواستێک لەناو پۆلدا قەدەغەیە بکرێت؟ مامۆستا و قوتابى یان کۆمەڵە قوتابییەک دەتوانن پێکەوە بۆ دەرچوونێکى ئاسایى بچنە چێشتخانەیەک یان سەفەرێکى نێوخۆیى یان بۆ دەرەوەى وڵات؟ و هتد. هەموو ئەم پرسیارانە، پێویستیان بە وەڵامى جددى هەیە، چونکە واقعى پراکتیکى لە زانکۆکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم جۆرە ڕەفتار و گوفتارانە، بوونیان هەیە و بۆچوونى جیاوازیان لەسەر هەیە لەنێوان قبووڵکردنى ڕەها و ڕەتکردنەوەى ڕەها و یاخود قبووڵکردن و ڕەتکردنەوەى مەرجدار.

لەبەر ئەمانە، پێویستە وەزارەت یان زانکۆکان پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی بە شێوەیەکى وردتر دابڕێژنەوە و لە سەرەتای هەموو ساڵێکی خوێندندا بە هەردوو لا بناسێنن؛ چونکە نابێت داب و نەریتى زانکۆیى و قەناعەتی کەسیى مامۆستا یان قوتابى، جێگەی ڕێسا بگرێتەوە.

دووەم: پەیوەندیى نێوان مامۆستا و مامۆستا

پەیوەندیی نێوان مامۆستایان یەکێکە لە پەیوەندییە هەستیارەکانی نێو زانکۆ، چونکە لە یەک کاتدا هەم هاوپیشە و هەمیش کێبڕکێکارن؛ کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن لەسەر نووسینى توێژینەوەى زانستى، لە بەرزکردنەوەى پلەی زانستی، لە وەرگرتنى پۆستی کارگێڕی. بێ گومان ئەم کێبڕکێییە ئەگەر لەسەر بنەمای زانستى و بە پێوەرى شایستەیی بێت، دەتوانێت ببێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ پێشخستنی زانکۆ، بەڵام کاتێک بەرژەوەندیی تاکەکەسی و “گرووپگرووپێنە” و “كوتله‌بازی” و هەوڵی لاوازکردنی بەرامبەر حوکمی بکات، ئەوا کێبڕکێ بۆ ململانێیەکی ناپیشەیی دەگۆڕدرێت. ئەمەیش پەیوەندیی مامۆستاکان لەگەڵ یەکتر لاواز دەکات و زیان بە ژینگەی فێربوون دەگەیه‌نێت و متمانەی قوتابی بە زانکۆش کەم دەکاتەوە.

لە یاسا و ڕێنمایییە بەرکارەکاندا، وەک پێویست قسە لەسەر ئەم بابەتە نەکراوە. بۆیە لەم بارەیەوە بەپێویستى دەزانین کەوا بە یاسا و ڕێنمایى، مامۆستاى زانکۆ پابەند بکرێت کەوا خۆى بەدوور بگرێت لە سووکایەتی یان گاڵتەکردن بە توانا و بڕوانامەی مامۆستاى هاوپیشە و، بڵاوکردنەوەی دەنگۆى خراپ لە دژى و، هێنان و بردنى قسە و، ئاشکراکردنی نهێنیی کۆبوونەوەکان و، بەکارهێنانی قوتابی بۆ گەیاندنی پەیام و، ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەى توێژینەوە یان بەرزکردنەوەی پلەی زانستیى مامۆستاى هاوپیشە و، شاردنەوەى دەرفەتى زانستى و هتد.

نابێت پۆل ببێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیی نێوان مامۆستایان و، نابێت مامۆستا ڕێ بە خۆى بدات لەبەردەم قوتابیان هاوپیشەکەی بشکێنێتەوە، یان توانای زانستیی بە کەم بزانێت، یان قوتابیان لە دژی هان بدات. ئەگەر تێبینى و ڕەخنەى جددى هەبوو، ئەوا پێویستە لە ڕێگەى کەناڵە فەرمییەکانەوە چارەسەر بکرێت.

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە، مامۆستایان هەندێک داواکاری بە ناوی هاوڕێیەتی و هاوپیشەیی لە یەکتر دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا هەندێکیان داواکاریی نایاسایین؛ وەک: داواکردنی زیادکردنی نمرەی قوتابییەکی دیاریکراو، یان چاوپۆشین لە نەهاتن یاخود گزی، یان گۆڕینی بڕیاری لێژنە، یان زیادکردنی ناوی کەسێک بۆ توێژینەوەیەک کە بەشداریی تێدا نەکردووە، یان داواکردنی هەڵسەنگاندنێکی نادادپەروەرانە بۆ مامەڵەی بەرزکردنەوەی پلەى زانستى. بۆیە پێویستە یاسا تەدەخول بکات و سنوورى ئەم جۆرە داواکارییانە دیارى بکات. بێ گومان دەزانین کە ڕەچاوکردنى بارودۆخی مرۆیی- هەندێ جار- کارێکى ڕەوایە، بەڵام نابێت ببێتە هۆى سەرپێچیکردن له‌ یاسا، یان بگاتە ئاستى پێشێلکردنى مافى کەسانى تر، یان متمانە بە دامەزراوەى زانکۆ کەم بکاتەوە.

بابەتێکى ترى وەک پێویست ڕێکنەخراو لە زانکۆکاندا، بریتییە لە گوتنەوەى وانە لەلایەن دوو مامۆستا یان زیاتر بەهاوبەشى؛ کە ئێستا لە هەندێ زانکۆدا لەبەر زۆریى ژمارەى مامۆستایان بۆتە دیاردە. لەم بارەیەوە، کاتێک دوو مامۆستا یان زیاتر بەهاوبەشی وانە دەڵێنەوە، پێویستە پێش دەستپێکی وەرز، پلانی نووسراوی هاوبەشیان هەبێت کە تیایدا هەموو شتێک بەڕوونى دیاری کرابێت، وەک: ناوەڕۆکى کۆرس، کاتی وانەگوتنەوە، ئەرکی هەر مامۆستایەک، شێوازی هەڵسەنگاندن، دابەشکردنی نمرە، کەناڵی وەڵامدانەوەى قوتابیان. ئەگەر جیاوازیی زانستی لەنێوان هەردوو مامۆستا هەبوو، دەتوانرێت وەک نموونەیەکی جوان و پڕ لە ڕێزى فرەییی بۆچوون پیشان بدرێت، نەوەک شەڕێک بۆ سەلماندنی ئەوەی کام مامۆستا زاناترە.

سێیەم: پەیوەندیى نێوان قوتابى و قوتابى

پەیوەندیی نێوان قوتابییەکان بەشێکی گرنگی ژینگەی زانکۆیییە، چونکە هاوکاری و هاوڕێیەتی و ئاڵوگۆڕی زانیاری، دەتوانن پڕۆسەی فێربوون بەهێز بکەن؛ بەڵام گرووپگروپێنە و گاڵتەکردن و گێچەڵ و جیاکارى دەتوانن هەمان ژینگە بۆ گوشار و ناکۆکی بگۆڕن. هەرچەندە ڕێنماییی بەرزەفتیی قوتابیان هەیە، بەڵام هەڤدە ساڵ لەمەوبەر دەرچووە؛ واته‌ پێویستى بە نوێبوونەوە هەیە، بەتایبەت لە بوارى پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکاندا. بۆ نموونە: گرووپی واتساپ یان هەر پلاتفۆرمێکی تر، درێـژکراوەی ژینگەی زانکۆیییە و، نابێت لە ڕێسا و بەرپرسیارێتی داببڕێت. پێویستە ئامانجی گرووپەکەکان ڕوون بێت و، قوتابیان لە سووکایەتی و هەڕەشە و قسەی ڕەگەزپەرستانە و جیاکارانە و گێچەڵی سێکسی و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست و ناردنەوەی وێنە و دەنگ، یان سکرینشووت، بپارێزن. بەڕێوەبەری گرووپیش نابێت قوتابییەک بەهۆی بۆچوونی جیاواز لا ببات، یان گرووپەکە بۆ مەبەستێکى تر بەکار بهێنێت. جیاوازیی بیروڕا لە زانکۆدا ئاسایییە و تەنانەت پێویستە؛ بەڵام جیاوازى نابێت ببێتە ناکۆکى.

خاڵێکى تر، نوێنەری قوتابییەکانە؛ بە بۆچوونى ئێمە ئەرکى نوێنەرى قوتابییان بریتییە لە گەیاندنی زانیاری بە هەمووان و، گواستنەوەی داواکاری و نیگەرانییەکانە بە بێلایەنی و، پاراستنی نهێنیی قوتابیانە. نابێت نزیکیی خۆی لە مامۆستا یان بەش، بۆ نمرە یان بەرژەوەندیی تایبەت بەکار بهێنێت، هەروەها نابێت زانیاری بشارێتەوە، یان سکاڵای قوتابیان بەپێی ئارەزووی خۆی فلتەر بکات، یان قوتابییە ناڕازییەکان لە گرووپ و پەیوەندییەکان دوور بخاتەوە. ئەمانە هەموویان پێویستە بە یاسا و ڕێنمایى ڕێک بخرێن. هەر بۆیە، پێویستە ڕێنماییی بەرزەفتیی قوتابیانى خوێندنى باڵا نوێ بکرێتەوە.

چـوارەم: پەیوەندیى مامۆستا لەگەڵ سـەرۆکى بـەش یان ڕاگـر

بە بۆچوونى ئێمە، پەیوەندیی مامۆستا لەگەڵ سەرۆکی بەش و ڕاگر، نابێت وەک پەیوەندیی نێوان فەرمانڕەوا و کەسى گوێڕایەڵ بێت؛ بەڵکوو پەیوەندییەکی دامەزراوەیییە کە لەسەر بنەماى یاسا و پسپۆڕی و بەرپرسیارێتیی هاوبەش بونیاد دەنرێت. مامۆستا بۆ پاراستنی هەیبەتی بەش و ڕاگرایەتیى کۆلێـژ، پێویستە پابەندی ڕێکاری فەرمی و کاتی وانەگوتنەوە و کۆبوونەوەکان و بڕیارە یاسایییەکان بێت و، نهێنیی کار بپارێزێت و، ڕەخنەکانی بە بەڵگە و لە کەناڵە فەرمییەکاندا بخاتە ڕوو. بەڵام پاراستنی هەیبەت، بە مانای بێدەنگبوون لەبەردەم هەڵەدا نییە، هەیبەتی زانکۆ و کۆلێژ بە یاساییبوون و دادپەروەریی بڕیارەکانی دەپارێزرێت، نەوەک بە ترساندن و سەرکوتکردنی ڕەخنە.

ئەم پەیوەندییەیش، یەکێکە لەو پەیوەندییانەى کەوا بە وشە و دەستەواژەى گشتى ڕێک خراوە، کە تێنووێتیى واقعى ئەمڕۆى زانکۆ ناشکێنێت و، پێویستە بە یاسا و ڕێنماییى ڕوون و ورد، ئاکارى ئەم پەیوەندییە دیاری بکرێت. لەم بارەیەوە، مامۆستا دەبێت خۆى بەدوور بگرێت لە سووکایەتیکردن بە بەش، یان هاندانی مامۆستایان یان قوتابییەکان لە دژی بەش، یان بڵاوکردنەوەی نهێنیی کۆبوونەوەکان، یان تێپەڕاندنی مەرجەعی کارگێڕی بەبێ هۆکار. لەبەرامبەردا، بەش یان ڕاگرایەتى نابێت ئەو دەسەڵاتەى کە بە یاسا و ڕێنمایى هەیانە، بۆ تۆڵەکردنەوە، یان جیاکاری، یان سووکایەتیکردن، یان مامەڵەى نادادپەروەرانە، یان پەراوێزخستنى مامۆستا بەکار بهێنن و، پێویستە بڕیارە زانستى و کارگێرییەکانیان بابەتییانە بن و، نابێت بە پەیوەندیی کەسی، یان  گرووپگرووپێنە، یان گوێڕایەڵیی مامۆستاوه‌ گرێ بدرێت.

پێویستە هەموو بەشێکى زانستى، سیاسەتێکى کارکردنى تایبەت بە خۆى هەبێت و، ساڵانە ئەم سیاسەتە “ئەبدەیت” بکرێتەوە و مامۆستا هەر لە سەرەتاى ساڵەوە، دەبێت بزانێت سیاسەتى بەش لەم ساڵەدا چییە بۆ ئەوەى پێوەى پابەند بێت؛ بەداخەوە ئەمەمان لە هیچ زانکۆیەک بەدى نەکردووە! دیارکردنى ئەم سیاسەتە زۆر گرنگە، چونکە زۆربەى کێشەى بەشە زانستییەکان لە ناڕوونیى بڕیارەکان، یان لەناکاو دەرکردنیان سەرچاوە دەگرێت. بۆیە زۆر گرنگە مامۆستا لە سەرەتاى ساڵەوە بزانێت چیى لێ داوا کراوە و، ئەرک و مافەکانى چین و، لە کاتى ڕوودانى کێشە، لەگەڵ قوتابى، مامۆستا و، سەرۆکی بەش، چى پێویستە کە بیکات؟ ئەم نەخشەڕێگه‌یە زۆر پێویستە بۆ زانینى سنوورى پەیوەندییەکان و نەبەزاندنیان.

ماوەتەوە بڵێین، کەوا یاسا دەسەڵاتى سەرۆکى بەشى دیاری کردووە و، بۆى داناوە کەوا مافی ڕێکخستنی وانە و پێشنیازکردنی لێژنە و بەدواداچوونی ئەرک و هەڵسەنگاندنی کارکردنى مامۆستاکانى هەیە، بەڵام یاسا بێدەنگە لەوەى کە پێى بڵێت: مافی سەپاندنی بۆچوونی زانستیت نییە، نابێت دەستێوەردان لە نمرە بکەیت، نابێت مامەڵەى زانستى لەسەر بنەماى ناکۆکیى کەسى ڕابگریت، نابێت پۆست بۆ سزادانی کەسی بەکار بهێنیت. مامۆستاش دەبێت مافی ئازادیی ئەکادیمی، دەربڕینی ڕەخنەی پیشەیی، زانینی هۆکاری بڕیار و تانەدانى هەبێت؛ بەڵام ئازادیی ئەکادیمی، نابێت ببێتە بیانووی پابەندنەبوون بە ئەرک و ڕێکاری زانکۆیی و خۆبەگەورەزانین و بەکەمزانینى بەشى زانستى.

پێنجەم: پەیوەندیی قوتابی لەگەڵ بەش و کۆلێـژ و ئیدارەکەی

قوتابی میوانی کۆلێژ نییە، بەڵکوو بەشێکی سەرەکیی کۆمەڵگەی زانکۆیییە و مافی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاریی فێربوون و زانیاریى پێویست هەیە و، هەروەها مافى ئەوەى هەیە بە شێوەیەکى دادپەروەرانە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت. ئەمە ئەو بابەتەیە کە وەک پێویست لە یاسا و ڕێنمایییەکاندا ڕێک نەخراوە و زیاتر پشت بە داب و نەریتى زانکۆیى بەستراوە.

بێ گومان قوتابى دەتوانێت لە کاتی دەوامى فەرمیدا بۆ پرسیارکردن، یان پێشکەشکردنى داواکاری و سکاڵا، یان بۆ چارەسەرکردنی گرفتێک سەردانی بەش بکات. بەڵام، سەردانی ڕاگر ئەو کاتە گونجاوە کاتێک بابەتەکە لە دەسەڵاتى بەش نەبێت، یان لەلایەن بەشەوە چارەسەر نەکرابێت. بەڵام ئەوەیان هەروا ئاسان نییە؛ پێویستە قوتابى لە سەرەتاوە بزانێت کەى هانا بۆ بەش دەبات و کەى پەنا بۆ ڕاگر دەبات.

پێویستە قوتابى هەر لە سەرەتاوە بزانێت سنوورى دەسەڵات و ماف و ئەرکەکانى بەرامبەر بەش و ڕاگر و لایەنە کارگێرییەکانى کۆلێژ چەندە. لەم بارەیەوە، پێویستە قوتابی لە کاتى مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاگر یان سەرۆکی بەش یان فەرمانبەرەکانى کۆلێژ ئەوپەرى ڕێز بنوێنێت و، داواکارییەکەی بەڕوونی و بە بەڵگەوە بخاتە ڕوو- دوور لە هەڕەشە و سووکایەتی و تۆمارکردنی دەنگى گفتوگۆکان بەنهێنى. لەبەرامبەریشدا، پێویستە بەش و ڕاگرایەتى، بەبێ جیاکاری گوێ لە قوتابى بگرێت و، ڕێنماییی ڕوون و دروستی بداتێ و هۆکارى بڕیارەکانی بۆى ڕوون بکاتەوە.

هەروەها، قوتابی بەرپرسیارە لە پاراستنی موڵک و سامانی کۆلێژ؛ پێویستە ئامێر، کتێب، کۆمپیوتەر، تاقیگە، پۆل، کەلوپەلەکان بەدروستی بەکار بهێنێت و، خۆى بپارێزێت لە زیانگەیاندن و تێکدان و پیسکردن و بەکارهێنانى بێموڵەت. لە حاڵەتى ڕوودانى هەر یەک له‌مانە، پێویستە لێژنەى لێکۆڵینەوە پێک بهێنرێت و بە شێوەیەکى شەفاف و دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ بابەتە بکات.

با واقعى بین؛ گەورەترین کێشەى قوتابیى زانکۆ ئەوەیە: کاتێک داواکارى یان سکاڵاى هەبێت، نازانێت چى بکات و پەنا بۆ کوێ ببات؟ یاسا و ڕێنمایییەکان بەڕوونى و بەوردى ئەوەیان دیاری نەکردووە. ئەگەر قوتابى سکاڵاى لە قوتابى هەبوو، پەنا بۆ کوێ ببات؟ ئەگەر قوتابى سکاڵاى لە مامۆستا هەبوو، پەنا بۆ کوێ ببات؟ ئەگەر قوتابى سکاڵاى لە سەرۆکی بەش هەبوو، پەنا بۆ کوێ ببات؟ ئەگەر قوتابى سکاڵاى لە فەرمانبەر هەبوو، پەنا بۆ کوێ ببات؟ ئەگەر قوتابى سکاڵاى لە ڕاگر هەبوو، پەنا بۆ کوێ ببات؟ ئەم پرسیارانە دەبێت بەڕوونى وەڵام بدرێنەوە بۆ ئەوەى قوتابى سنوورى ماف و ئەرکەکانى خۆى بزانێت.

شەشەم: پەیوەندیی نێوان سەرۆکی بەش و ڕاگر، ڕاگر و سەرۆکی زانکۆ، سەرۆکی زانکۆ و وەزیر

یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان، سنوورى دەسەڵات و ئەرکی سەرۆکی بەش، ڕاگر، سەرۆکی زانکۆ، وەزیرى خوێندنى باڵاى تا ڕاددەیەک دیارکردووە، بەڵام شێوازی پەیوەندی و سنووری دەستێوەردان و ڕێکاری چارەسەرکردنی ناکۆکیی نێوانیان بەوردی ڕوون نەکراوەتەوە. بۆیە، کارکردنی دامەزراوەکە زۆر جار بە کەسایەتی و شێوازی بەڕێوەبردنی خاوەن پۆستەکەوە دەبەسترێته‌وه‌؛ بەرپرسێک دەسەڵات لامەرکەزی دەکات و بەرپرسێکی تر هەموو بڕیارێک لەدەستی خۆیدا کۆ دەکاتەوە. ئەمەیش دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی شێوازى پیادەکردنى دەسەڵاتەکان و، هەروەها دواخستنی کار و دروستبوونی ناکۆکیی کەسی.

سەرۆکی بەش بەرپرسی ڕێکخستنی کاروباری زانستی و ڕۆژانەی بەشە؛ ڕاگر بەرپرسی هەماهەنگی و چاودێریی کۆلێژە؛ سەرۆکی زانکۆ ئاراستە و سیاسەتی گشتیی زانکۆ بەڕێوە دەبات؛ وەزیریش بەرپرسی سیاسەت و چوارچێوەی گشتیی خوێندنی باڵایە. هیچ پلەیەک نابێت بەبێ هۆکاری یاسایی جێگەی پلەکەی خوار خۆی بگرێتەوە.

زۆر جار کێشە کاتێک سەر هەڵدەدات کە بڕیارەکان بە شێوەى زارەکی، یان بێ هۆکار، یان لە دەرەوەی دەسەڵات دەدرێن. نابێت بەرپرسى سەرەوە لەسەر بەرپرسى خوارەوە تێ پەڕێت و پیادەى دەسەڵاتەکانى بکات، چونکە بەرپرسى سەرەوە چاودێرە لەسەر بەرپرسى خوارەوە. پێچەوانەى ئەمەیش هەر ڕاستە؛ ڕەچاوکردنى ڕیزبەندى و زنجیرەى کارگێڕى بۆ ترس و دڵەڕاوکێ نییە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە هەموو لایەک ئەرک و بەرپرسیارێتیى سەرشانى بزانێت و هەڵیان بگرێت و خۆى لێیان نەدزێتەوە.

لە ژینگەى زانکۆدا، حاڵەتى دەستێوەردان لە کاروبارى یەکتر، پیادەکردنى دەسەڵاتى یەکتر، پشتگوێخستنى یەکتر بوونى هەیە؛ بۆیە بەپێویستى دەزانین ئەمە بەڕوونى ڕێک بخرێت؛ بەتایبەت دەستێوەردانی سەروو لە کاروبارى خواروو و، هەروەها پیادەکردنى دەسەڵاتەکانى یەکتر لە چ کاتێک و لە چ چوارچێوەیەک ڕێگەپێدراوە، دەبێت ئەمانە ڕێک بخرێن تا کێشەکان سنووردار بکرێن.

حەفتەم: پەیوەندیی نێوان قوتابیی خوێندنی باڵا و مامۆستاى سەرپەرشتیار

پەیوەندیی نێوان قوتابیی خوێندنی باڵا و مامۆستاى سەرپەرشتیار، یەکێکە لە هەستیارترین پەیوەندییە زانکۆیییەکان، چونکە سەرکەوتن یان شکستی نووسینى نامەى ماستەر یان تێزى دکتۆرا تا ڕاددەیەکی زۆر بە کواڵێتى و شێوە و شێوازى ئەم پەیوەندییە بەستراوەتەوە. هەرچەندە ڕێنمایییەکانی خوێندنی باڵا هەندێک لە ئەرک و ڕێکارە گشتییەکان لەم بارەیەوە دیاری دەکەن، بەڵام وردەکاریی مامەڵەی ڕۆژانە، سنووری دەسەڵات، ماوەی وەڵامدانەوە و ڕێکاری چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی یەکگرتوو و ڕوون ڕێک نەخراون. بۆیە هەندێ جار کارى سەرپەرشتیاری، لە ڕێنماییکردنەوە دەگۆڕدرێت بۆ سەپاندنی بۆچوون، یان لەبەرامبەردا کار دەگاتە ئەو ئاستەى قوتابی وا هەست بکات کەوا لەسەر سەرپەرشتیار پێویستە بەشێک لە توێژینەوەکەی بۆ بنووسێت.

دابەشکردنی قوتابی بەسەر سەرپەرشتیاراندا، پێویستە لەسەر بنەمای پسپۆڕیی ورد، توانای سەرپەرشتیار، ژمارەی توێژینەوەکانی ژێردەست و، نەبوونی بەرژەوەندیی دژبەیەک بێت. ئەگەر بابەتی توێژینەوە لە دەرەوەی پسپۆڕیی سەرپەرشتیار بێت، چارەسەرەکە نابێت بەردەوامبوونی پەیوەندییەکی بێبەرهەم بێت، بەڵکوو دەکرێت هاوسەرپەرشتیارێکی پسپۆڕ دابنرێت یان سەرپەرشتیار بگۆڕدرێت. داواکاریی گۆڕینیش، نابێت وەک بێڕێزی لێک بدرێتەوە، بەتایبەتی لە حاڵەتی جیاوازیی پسپۆڕی، یان کەمتەرخەمی، یان بەردەوامنەبوونی پەیوەندی، یان مامەڵەی نادادپەروەرانە، یان خۆسەپاندن، یان نەمانى متمانە.

ئەرکی سەرپەرشتیار ڕێنماییکردنی زانستی و میتۆدی و، هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی ڕەشنووسەکان و، ئاگادارکردنەوە لە هەڵە و لاوازییەکان و، پاراستنی ڕەسەنایەتیی زانستیی توێژینەوەکەیە، نەوەک نووسینی پەڕەگراف، ئامادەکردنی پلانی تەواو، کۆکردنەوەی سەرچاوە یان چاکسازیی زمانەوانیی ورد لەجیاتى قوتابی. سەرپەرشتیار دەتوانێت نموونە و ئاراستە و سەرچاوەی سەرەتایی پێشنیاز بکات، بەڵام توێژینەوە و نووسین دەبێت بەرهەمی هزری قوتابی بێت، چونکە یارمەتیدانی زانستی ئەگەر بگاتە ئاستی نووسین لەبری قوتابی، ئەوا سنووری نێوان سەرپەرشتیکردن و هاوبەشیی نایاسایی ناهێڵێت.

بە بۆچوونى ئێمە، تا ئێستا بەڕوونى سنوورى پەیوەندیى نێوان قوتابیى خوێندنى باڵا و سەرپەرشتیار لە زانکۆکاندا دیار نییە؛ چونکە کەس نازانێت سەرپەرشتیارى باش کامەیە و خراپ کامەیە؟ لە کوێ پێویستە قوتابى و سەرپەرشتیار یەکتر ببینن؟ کەى پێویستە؟ ئایا بینینى ئۆنڵاین ڕێگەپێدراوە؟ تا ماوەى چەند پێویستە سەرپەرشتیار وەڵامى ڕەشنووسى قوتابى بداتەوە؟ لە حاڵەتى دواکەوتنى قوتابى، چى لەسەر سەرپەرشتیار پێویستە کە بیکات؟ ئایا ڕێگەپێدراوە سەرپەرشتیار لاى کەسانى تر قسە لەسەر ئاستى قوتابییەکەى بکات؟ ئەمانە پرسیارن و پێویستییان بە وەڵامى ڕوون هەیە لەژێر چەترى ئاراستە و پلانى زانکۆ، بۆ ئەوەى ئەو بنەمایە بچەسپێنن کە سەرپەرشتیکردن نە دەسەڵاتێکى بێسنوورە و، نە خزمەتکردنى قوتابییە؛ بەڵکوو هاوبەشییەکی زانستیی ڕێکخراوە کە تیایدا سەرپەرشتیار ڕێگه‌ بۆ قوتابى ڕوون دەکاتەوە، بەڵام قوتابی خۆی دەبێت بەو ڕێگه‌یەدا بڕوات.

هەشتەم: پەیوەندیى نێوان قوتابیی خوێندنی باڵا  و لێژنەى تاوتوێکردن

پڕۆسەی تاوتوێکردنی نامەکانى دیپلۆمی باڵا و ماستەر و، هەروەها تێزی دکتۆرا، کۆتا تاقیکردنەوەی توانای زانستیی توێژەرە (قوتابیی خوێندنی باڵا)، بەڵام لە زۆر وردەکاریدا هێشتا پشت بە داب‌ و نەریتی زانکۆیی و شێوازی کەسیی ئەندامانی لێژنە دەبەستێت. بەدەستخۆشییەوە، لە ماوەى ڕابردوو چەند ڕێنمایییەک لەم بارەیەوە لە وەزارەتى خوێندنى باڵاوە دەرچوو؛ بەڵام وەک پێویست نییە و هەموو لایەنەکانى ئەم بابەتەى ڕێک نەخستووە.

هەر بۆیە بەبەردەوامى و تاوەکوو ئێستا دەبینین و دەبیستین کەوا لە شوێنێک تاوتوێکردن بەوردی و بەقووڵی ئەنجام دەدرێت و لە شوێنێکی تر بە تێبینیی سەرپێیی کۆتایی دێت و، هەروەها هەندێ گفتوگۆکار زۆربەی کات بۆ قسەکردن لەسەر شەکڵیاتى نووسین تەرخان دەکه‌ن، لە کاتێکدا هەندێکی تر تەنیا لە ناوەڕۆک و میتۆد و ئەنجامەکان دەکۆڵنەوە. ئەم جیاوازییە ئەگەر سنوورێکی نەبێت، هەڵسەنگاندن لە پێوەرێکی زانستییەوە دەگۆڕێت بۆ تاقیکردنەوەی حەز و شێوازی کەسیی گفتوگۆکار.

با ڕاستییەکان بڵێین؛ دانیشتنی تاوتوێکردن، دادگه‌ییکردنی قوتابی یان سەرپەرشتیار نییە، بەڵکوو هەڵسەنگاندنی بەرهەمێکی زانستییە. بۆیە گفتوگۆکار مافی ڕەخنەی توند و وردی لەسەر نووسینى قوتابى هەیە، بەڵام مافی سووکایەتی، گاڵتەکردن، بچووککردنەوەی تواناى زانستى و هەڕەشەکردنی نییە- نە لە قوتابى و نە لە سەرپەرشتیار.

لەم بارەیەوە، ڕێبەرەکانى تاوتوێکردن لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى جیهان جەخت لە هەڵسەنگاندنی ورد و دادپەروەرانە و ڕێگریکردن لە ئازاردان و شەرمەزارکردنی قوتابی لە دانیشتنی تاوتوێکردن دەکەنەوە و، هەروەها قەدەغەیە وشە و دەربڕینی پەیوەست بە کەسایەتی، ڕەگەز، نەتەوە، باوەڕ، ئاراستەی سیاسی، شێوەی دەرکەوتن، توانای عەقڵیی قوتابی بەکار بهێنرێت؛ چونکە ڕەخنە دەبێت ئاراستەی دەق و بەڵگە و میتۆد بکرێت، نەوەک ئاراستەی کەڕامەتی نووسەرەکەی.

قوتابییش مافی ئەوەی هەیە بەئارامی گوێ لە تێبینییەکان بگرێت و داوای ڕوونکردنەوە بکات و بە بەڵگە پارێزگاری لە هەڵوێستی زانستیی خۆی بکات. جیاوازیی بۆچوون لەگەڵ ئەندامێکی لێژنە، نابێت بە بێڕێزی هەژمار بکرێت. هەروەها بێدەنگیی قوتابی، نابێت لە هەموو حاڵەتێکدا وەک نیشانەی لاوازی لێک بدرێتەوە. سەرۆکی لێژنە دەبێت دادپه‌روه‌رانه‌ کات بەسەر ئەندامان و قوتابیدا دابەش بکات و ڕێگە نەدات یەک ئەندام دانیشتنەکە بۆ خۆی قۆرخ بکات. ئەمە جگە لەوەى ماوەی تاوتوێکردنیش، پێویستە بەپێی ئاستی بڕوانامە و سروشتی پسپۆڕی، لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا دیاری بکرێت. پێویستە پڕۆسەى هەڵسەنگاندنى قوتابى لەدواى کۆتاییهاتنى تاوتوێکردن هاوسەنگ بێت؛ بە شێوەیەک شکڵی نووسین و میتۆد و ناوەڕۆک و ڕەسەنایەتی و ئەنجام و بەکارهێنانی سەرچاوەکان، بگرێتەوە.

یەکێکى تر لە بابەتە ناڕوونەکانى تاوتوێکردن، بریتییە لە دەستکاری و چاکسازییە داواکراوەکان لەلایەن لێژنەى تاوتوێکردن. بەپێویستى دەزانین ئەم داواکارییانە بە شێوەى ڕاپۆرتێکى ڕوون و نووسراو و تێروتەسەل پێشکەش بە قوتابى بکرێن، کە تێیدا دەستکارییە بنەڕەتییەکان لە دەستکارییە ئارەزوومەندانەکان جیا کرابێتەوە و، هیچ کەسێک لەجیاتى ئەندامى لێژنەى تاوتوێکردن دەسەڵاتى پێداچوونەوە و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنى دەستکارییەکانى نەبێت. بۆیە پێویستە وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕێبەرێکی یەکگرتووی تاوتوێکردن دابنێت کە پێوەری هەڵسەنگاندن، ماوەی دانیشتن، ماف و ئەرکی لێژنە و قوتابی، ڕێسای گفتوگۆ و ڕێکاری دوای تاوتوێکردن بەوردی ڕێک بخات؛ چونکە شکۆی پڕۆسەى تاوتوێکردن بە قووڵیى پرسیارەکان و دادپەروەریی هەڵسەنگاندن دەپارێزرێت.

نۆیەم ـ ڕێساکانی کارکردنی مامۆستا لە زانکۆ

کارکردنی مامۆستا پێویستی بە پانتایییەک لە ئازادیی ئەکادیمی هەیە، بەڵام ئەم ئازادییە نابێت بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکى بێنەما و بێپێوەر. هەرچەندە وەزارەت بەردەوام ڕێنمایی و هەمواری جۆراوجۆر دەردەکات، بەڵام گرفتی سەرەکی نەبوونی دەق نییە، بەڵکوو پەرتەوازەییی دەقەکان و نەبوونی پەیڕەوێکی کردارەکی و یەکگرتووە کە وردەکاریی کارکردنی مامۆستا و لێژنەکان ڕێک بخات؛ بۆ نموونە: لە بواری وانەگوتنەوە و دابەشکردنی نمرەدا، مامۆستا دەتوانێت شێوازی فێرکردن و جۆرى چالاکییەکان هەڵبژێرێت، بەڵام پێویستە لە سەرەتای کۆرسدا ناوەڕۆک و ئامانج و سەرچاوە و شێوازی هەڵسەنگاندن و بەشی هەر چالاکییەک لە نمرەی کۆتایی بە قوتابی ڕابگەیەنێت و، نمرە دەبێت ڕەنگدانەوەی بەڵگەی ئەنجام و جیاوازیی ئاستی قوتابیان بێت، نەوەک ئامرازێک بێت بۆ سزادان، یان بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی پۆل. پێدانی نمرەی تەواو بە قوتابییەک، ئەگەر شایستە بێت، گرفت نییە، بەڵام پێدانی نمرەی یەکسان بە هەمووان بەبێ پێوەر و بەڵگە، مانای لەناوبردنی خودی پڕۆسەى هەڵسەنگاندنە. ڕاستە لە زانکۆکان کۆرسبووک لە سەرەتاى ساڵەوە ئامادە دەکرێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە چەند قوتابى ئاگادارى ناوەڕۆکەکەیەتى؟ کێ بەدواداچوون بۆ ناوەڕۆکەکەى دەکات؟ چ مامۆستایەک ئاگادار کراوەتەوە کە نابێت نمرەى یەکسان بە گشت قوتابیان بدات؟ لە کوێ نووسراوە کە ئەم کارانە قەدەغەکراون؟

لە تاقیکردنەوەکاندا، پرسیارەکان دەبێت لەگەڵ ناوەڕۆکی وانە و ئامانجەکانی فێربوون و کاتی دیاریکراو بگونجێن و نمرەی هەر پرسیارێک ڕوون بێت و، نابێت پرسیارەکان هەڵەى زمانەوانى و تایپکردنى تێدا بێت. بۆ ئەمانە تا ڕاددەیەک ڕێنمایى هەیە، بەڵام ئەوەى پێویستى بە ڕێکخستن هەیە بابەتى ترى پەیوەندیدارن، لەوانە: دواکەوتنى قوتابى لە ئامادەبوون لە هۆڵى تاقیکردنەوەکان تاچەند ڕێگەپێدراوە؟ پاشان دەسەڵاتى کێییە ڕێگە بە قوتابیى دواکەوتوو بدات بێتە ژوورەوە؟ لە چ بارێکدا دەتوانرێت شوێنى دانیشتنى قوتابى بگۆڕدرێت؟ کێ ئەو دەسەڵاتەى هەیە؟ ئاوڕدانەوەى قوتابى و سەیرکردنى قوتابیی تەنیشتى، بە گزى هەژمار دەکرێت؟ گه‌ر قوتابی مۆبایلی پێ بوو، بە گزى دادەنرێت؟ ئایا شیاوە پەڕاوى تاقیکردنەوە لە قوتابى وەربگیرێت و بکرێتە دەرەوەى هۆڵى تاقیکردنەوە؟ ئەگەر قوتابى گزیى لێ گیرا، ئایا لە دەسەڵاتى مامۆستایە سزاى سووکترى بۆ هەڵبژێرێت و تەنیا پەڕاوى تاقیکردنەوەکەى پووچەڵ بکات و شانسى دووبارە تاقیکردنەوەى پێ بدات لە خولى دووەم، لەجیاتى ئەوەى یەک ساڵى خوێندنى لەدەست بچێت؟

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە ڕاستاندنى پەڕاوى تاقیکردنەوەیش پێویستی بە ڕێبەرى یەکگرتوو هەیە، چونکە هەر مامۆستایەک بە شێوازێک ڕاستاندن بۆ پەڕاوى تاقیکردنەوەکان دەکات و، هەروەها پێویستە لەم ڕێبەرە ئەوە بۆ مامۆستا ڕوون بکرێتەوە کە چ زانیارییەک بەنهێنى هەژمار دەکرێت و، نابێت لەگەڵ هیچ کەسێک بەشى بکات. هەروەها پێویستە ئەو حاڵەتانە بەدیاریکراوى و بەوردى دەستنیشان بکرێن کەوا قوتابى مافى ئەوەى دەبێت دووبارە پەڕاوى تاقیکردنەوەى بۆ ڕاستاندن بکرێت یاخود ڕاستاندن لەلایەن لێژنەوە ئەنجام بدرێت؛ ئەوکات پێویستە وردەکاریى ئەم لێژنە و مەرجەکانى دیاری بکرێت.

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە زانکۆکان پێویستییان بەوە هەیە ڕێبەرى کارى لێژنەکانیان هەبێت، چونکە زۆربەى هەرە زۆرى لێژنە زانستى و کارگێرییەکانى زانکۆ بە داب و نەریتى زانکۆ کار دەکەن؛ بۆیە پێویستە کاری لێژنە زانستی و کارگێڕییەکانى زانکۆ هەر لە بڕیاری پێکهێنان، ژمارەی ئەندامان، دەسەڵات، نیسابى کۆبوونەوە، شێوازی دەنگدان، تۆمارکردنی بڕیار، نووسینى کۆنووس، دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکان، مافی تۆمارکردنی ڕای جیاواز، هەموو ئەمانە بەڕوونى ڕێک بخرێن. ئەگەر ئەمەیش بە شێوەیەکى گشتى بۆ هەموو لێژنەکان بێت، ئەوا لێژنەى تاقیکردنەوە و بەرزکردنەوەى نازناوى زانستى و لێژنەى زانستیى بەش، لەبەر گرنگى و هەستیاریى کارەکانیان، پێویستیان بە پڕۆتۆکۆڵى تایبەت بە خۆیان هەیە.

کۆبەند

لە کۆی ئەم باسەدا دەردەکەوێت کە کێشەی سەرەکیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هەموو کات نەبوونی یاسا و ڕێنمایی نییە؛ بەڵکوو گشتیبوون و ناڕوونیی دەقە یاسایییەکانە و، لە هەندێ باریشدا نەبوونى دەقە کە بۆتە هۆى ئەوەى پەیوەندییە زانکۆیییەکان لە زۆر حاڵەتدا بە قەناعەت و شێوازی بیرکردنەوەى کەسی بەڕێوە ببردرێت و، ماف و ئەرک و سنووری دەسەڵاتى لایەنە پەیوەندیدارەکانى نێو ئەم پەیوەندییانە ناڕوون بێت.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێویستە ڕێبەرێکى یەکگرتووی ڕەفتار و پەیوەندییە زانکۆیییەکان دابنرێت کە ماف و، ئەرک و، سنووری دەسەڵات و، پڕۆسەى سکاڵاکردن بەڕوونی دیار بکات و، بۆ هەر بابەتێک پڕۆتۆکۆڵی تایبەت هەبێت؛ هەروەها دەرکردنی ئەم ڕێبەرە بەتەنیا بەس نییە، بەڵکوو پێویستە بەردەوام بناسێنرێت و ڕاهێنانی لەسەر بکرێت تا ناوەڕۆکەکەى دەبێتە که‌لتوور لەنێو حەڕەمى زانکۆدا. ئامانج لەم ڕێبەرەیش زۆرکردنی کۆتوبەند نییە، بەڵکوو کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کەسی، پاراستنی مافەکان و دامەزراندنی ژینگەیەکی زانکۆییی ڕوون و دادپەروەرە.




عێراقی “دوای هاوپەیمانان”

 تاقیکردنەوەی سەروەری لەبەردەم هەژموونی بۆشاییدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

پێشەکی

کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ٣٠ی ئەیلوولدا، وەك “خاڵێکی وەرچەرخانی ستراتیژی” لە مێژووی سیاسی و ئەمنیی عێراقی نوێدا دەبینرێت. ئەم وێستگەیە تەنیا ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئامادەییی سەربازیی بیانی نییە، بەڵکوو کردنەوەی دەروازەیەکی نوێیە بەڕووی پرسیارە ئاڵۆزەکان دەربارەی ناسنامەی ئەکتەرە نوێیەکان و چۆنێتیی پڕکردنەوەی ئەو “بۆشایییە جیۆپۆلیتیکییە”ی کە لەپاش هاوپەیمانان جێ دەمێنێت. لە کاتێکدا بەغدا گوتاری “پشتبەستن بەخۆ” و ئامادەییی هێزە ئەمنییە ناوخۆیییەکان بەرز دەکاتەوە، بەڵام لە واقعدا دەوڵەت لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ تاقیکردنەوەیەک کە تێیدا چەمکی سەروەری ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی فرەچەشن دەبێتەوە، لەسەروویانەوە: پرسی چەکی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت، فرەناوەندیی بڕیاری ئەمنی، ناسەقامگیریی سنوورەکانی سووریا و قووڵبوونەوەی کێبڕکێی جەمسەرە هەرێمایەتییەکان لە دەوروبەری عێراق.

ئەم پەیپەرە شیكارییەك بۆ “نەخشەی هێز” لە قۆناغی دوای کشانەوە دەکات و، هەوڵ دەدات وەڵامی ئەو پرسیارە جەوهەرییە بداتەوە: ئایا عێراق بەرەو سەقامگیریی دەوڵەت-تەوەرە، هەنگاو دەنێت، یان دەبێتەوە بە گۆڕەپانی ململانێی “‌وەکالەت”؟

١.  گواستنەوە بۆ هاوبەشیی دووقۆڵی

لە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەدا، حکوومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ٣٠ی ئەیلوولی 2026 وادەیەکی “نەگۆڕ و کۆتایییە” بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی (المدی، 2026). ئەم بڕیارە کە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنە چڕەکانی “لیژنەی سەربازیی باڵای عێراقی-ئەمریکی” داڕێژراوە، تەنیا گۆڕینی کاتیی هێزەکان نییە، بەڵکوو دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆنە” (U.S. Department of War, 2026). لێرەدا عێراق لە قۆناغی “ئۆپەراسیۆنی عەزمی پۆڵایین (OIR)” و هاوپەیمانێتییەکی فرەلایەنی نێودەوڵەتییەوە، دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغی “هاوبەشیی ئەمنیی دووقۆڵی” لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی “سۆفا” (SOFA)، كە ساڵی 2008 واژۆ كراوە.

ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە، ژینگەی ئەمنیی عێراق لە “پاراستنی نێودەوڵەتی”یەوە دەگوازێتەوە بۆ “بەرپرسیارێتیی نیشتمانی”، کە تێیدا ئامادەییی ئەمریکا لە هێزێکی شەڕکەر و بەرپەرچدەرەوە، دەبێتە هێزێکی ڕاوێژکاری و پاڵپشتیكار (U.S. Department of State, 2024). ئەمەیش عێراق دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەی هاوسەنگکردنی هێزە هەرێمایەتییەکان بەبێ چەتری ڕاستەوخۆی هاوپەیمانان.

٢.  “تارماییی ٢٠١١ و تاقیكردنەوەی ٢٠٢٦

خوێندنەوەی کشانەوەی ساڵی ٢٠٢٦، بەبێ گەڕانەوە بۆ “ترۆمای ٢٠١١” مەحاڵە. لەو ساڵەدا عێراق لە کاتێکدا ماڵاواییی لە هێزە ئەمریکییەکان کرد (170 هەزار سەرباز) کە وڵات لە لووتکەی شەقبوونی سیاسی و پەككەوتنی پەرلەمانیدا بوو (فرانس 24، 2011)؛ ئەو بۆشایییەی به‌جێ ما، بووە زەمینەیەکی لەبار بۆ سەرهەڵدانی “داعش” و گرووپە توندڕەوەکان و، نەك ئاسایشی عێراق بەتەنیا بەڵكوو سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش كەوتە بەردەم مەترسییەەوە (زرافة، 2016، 65_ 39). بەڵام جیاوازیی جەوهەریی ئەم جارە لەوەدایە؛ ئەگەر لە ٢٠١١ مەترسییەکە “تیرۆری دەرەکی و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان” بووبێت، ئەوا لە ٢٠٢٦دا مەترسییەکە ئاڵۆزترە. ئێستا هەڕەشەی داعش کەم بووەتەوە، بەڵام لە شوێنی ئەو، “دیاردەی فرەناوەندییی چەکداری” و هەژموونی گرووپە وەلائییەکان سەری هەڵداوە. مەترسییەکە تەنیا بۆشاییی ئەمنی نییە، بەڵکوو مەترسیی ئەوەیە کە ئەم بۆشایییە لەلایەن گرووپە چەکدارە نافەرمییەکانەوە پڕ بکرێتەوە؛ کە ئەمەیش دەوڵەتی عێراق دەخاتە نێوان دوو بەرداش: “سەروەریی نیشتمانی” و “هەژموونی گرووپە نافەرمییەکان”.

٣. نەخشەی ململانێی ناوخۆی شیعە لە عێراقی دوای کشانەوە

گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراقدا یەکەیەکی یەکگرتوو نین؛ ئەوان تۆڕێکی ئاڵۆزن لە بەرژەوەندیی سیاسی و وابەستەییی ئایدیۆلۆژی. لەبەردەم پرسەكانی “قەتیسكردنی چەک” و “ڕادەستکردنی چەک” و مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، نەخشەی ئەم گرووپانە بۆ سێ ئاراستەی جۆراوجۆر دابەش دەبێت.

یەكەم- ئاراستەی “تێکەڵبوون وەک تاکتیک” (ئینتیمای دەوڵەتی):

ئەم بەرەیە کە “ڕەوتی سەدر”، “عەسائیبی ئەهلی هەق” و “کەتیبەکانی ئیمام عەلی” دەگرێتەوە، گوتارێکی “دەوڵەت-تەوەر”یان گرتووەتە بەر و ئامادەییی خۆیان بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکانی حکوومەت دەربڕیوە بۆ قەتیسكردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا (العربية، 2026؛ الجزیرة، 2026). بەڵام شیکارەكان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە “پابەندبوونێکی ڕواڵەتییە”؛ ئامانجیان ئەوەیە باڵە سەربازییەکانیان لەژێر چەتری فەرمیی دەوڵەتدا بپارێزن و پارەداریشیان بکەن، بەبێ ئەوەی ئەو چەکدارانە دەستبەرداری مەرجەعییەتی سیاسی و مەزهەبی و ڕێکخراوەییی خۆیان بن. ئەم هاوكێشەیەیش جۆرێکە لە “دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا” بە بەرگێکی یاسایییەوە.

دووەم- بەرەی “ڤیتۆی چەک” (ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردن):

بەرەی توندڕەو، کە بریتین لە “کەتائیبی حزبوڵڵا”، “بزووتنەوەی نوجەبا”، “کەتائیبی سەییدولشوهەدا” و، “ئەنساروڵڵای ئەوفیا”، بەئاشکرا لۆژیکی چەکداماڵین ڕەت دەکەنەوە. ئەگەرچی “ئەبو ئالائی وەلائی” بەهۆی پێگەی سیاسییەوە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەدا، فەزایەکی مانۆڕی بۆ پاشەكشە هێشتووەتەوە، بەڵام “بزووتنەوەی نوجەبا” و “کەتائیبی حزبوڵڵا” لە گوتار و بەیاننامەكانیاندا وەک “ئەکتەری سەروودەوڵەت” ڕەفتار دەکەن (الجزيرة، 2026؛ العربیة 2026). بۆ ئەوان، چەک تەنیا کەرەستەیەکی بەرگری نییە، بەڵکوو ناسنامە و ئامرازێکی گوشارە و، بەپێی پێداگرییی خۆیان تەنانەت پاش ٣٠ی ئەیلوولیش دەستبەرداری نابن.

سێیەم- شانە سێبەرەکان؛ سوپایەکی نادیار بۆ ئامانجە هەرێمایەتییەکان:

لە دەرەوەی هه‌یكه‌ڵی گرووپە چەکدارە ناسراوەکان، هەشت سەرچاوەی جیاوازی عێراقی پەردەیان لەسەر وەرچەرخانێکی مەترسیدار لا داوە؛ ئەویش دەستپێکردنی پڕۆسەی دروستکردنی “شانەی نادیار و نهێنیی نوێ”یە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە، تێپەڕاندنی تۆڕی گرووپە باوەکان و پەردەپۆشکردنی چالاکییەکانە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوەیەکی نێودەوڵەتی.

بەپێی زانیارییەکانی “ڕۆیتەرز، ٢٠٢٦”، لەنێوان ٢٠ی نیسان تا ١٧ی ئایاری ٢٠٢٦دا، سێ تا چوار لەو شانانه‌- کە هەر یەکەیان تەنیا لە ١٠ چەکداری هەڵبژێردراوی عێراقی پێک هاتوون- لانی کەم ٧ “هێرشی درۆنی”یان كردۆته‌ سەر كۆمه‌ڵێك ئامانج لە کوێت، سعوودیا و ئیمارات. ئەم پێکهاتە بچووک و “سێبەرانە” مەترسیدارترین جۆری هەڕەشەی ئەمنین؛ چونکە بەهۆی نەبوونی ناونیشانی فەرمی و توانای باڵای جموجۆڵ و مانۆڕکردنیان، پرۆسەی کۆنترۆڵکردن و شوێنپێهەڵگرتنیان ئاستەنگێکی گەورەی هەواڵگرییە.

٤. تاران و عێراقی دوای کشانەوە؛ “ئومەمییەتی شیعی” لەسەرووی دەوڵەتەوە

لەپشت پەردەی هەموو ئەم ئاراستە جیاوازانەوە، ستراتیژییەکی یەکگرتووی ئێرانی بەدی دەکرێت: هێشتنەوەی چەک وەک زامنکەری هەژموون. پاش گۆڕانکارییە خێراكانی سووریا و گوشارەکان بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنان، ئێستا عێراق بۆ تاران بووەتە “دوایین سەنگەری ستراتیژی”. گوتاری سیاسیی ئەم گرووپانە لە “نیشتمانیبوون”ەوە بەرەو “ئومەمییەتی شیعی” گۆڕاوە. بۆ تاران، چەکی گرووپە وەلائییەکان لە عێراق، بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران (شبكة الساعة، 2026). لەم نێوه‌یشدا زانیارییە بەردەستەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئیسماعیلی قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، لە دوا سەردانی ڕانەگەیەنراویدا بۆ عێراق، جەختی لە ڕێگریکردن لە هەر بەریەککەوتنێکی چەکداری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستبەرداربوونی چەکی گرووپەكانیشی ڕەت کردەوە؛ بەو پێیەی سەپاندنی ئەمریكایە؛ هەروەها داوای پاراستنی چەکەکانیانی کردووە وەك پێشگیرییەك لە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر “میحوەری مقاوەمە” (العربي الجدید، 2026؛ شفق نیوز، 2026).

٥. لێكەوتەكانی سێگۆشەی مەككە لەسەر عێراق

واژۆکردنی “ڕێککەوتننامەی مەککە” لە ٧ی ئابی ٢٠٢٦دا لەنێوان (سعوودیا، تورکیا و پاکستان)، جووڵەیەكی جیۆپۆلیتیکی گەورە بوو کە دەشێت سەرلەنوێ هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە و دەوروبەری عێراق دابڕێژێتەوە. ئەم هاوپەیمانییە وەك دروستکردنی سێگۆشەیەک” وێنا دەكرێت كە تێیدا پڕەنسیپی “بەرگریی بەکۆمەڵ” پەیڕەو دەکرێت. لێرەدا عێراق و گرووپە چەکدارەکان، خۆیان لەبەردەم واقعێکی نوێدا دەبیننەوە: هەر هێرشێک بۆ سەر سعوودیا، لە ڕووی تیۆرییەوە بە واتای وەرچەرخانی تورکیا و پاکستان دێت بۆ لایەنی بەرگریکار، چونكە لە دووتوێی ڕێككەوتننامەكەدا ئەوە بە دەق هاتووە (بي بي سي، 2026). ئەمەیش فەزای مانۆڕی گرووپە “وەلائییەکان” لە ناوچەکەدا بەرتەسک دەکاتەوە.

٦. تارماییی تورکیا و سووریا؛ دڵەخورپێی “ئێدلبی دووەم” لە عێراق

لە کاتێکدا تاران و درێژكراوەكانی، هاوپەیمانییە “سوننییەكە”ی سعوودیا و توركیا و پاكستان بە “هەنگاوێکی سیمبولی” ناو دەبەن، بەڵام لە ناوخۆی عێراقدا دەنگە نزیکەکان لە میحوەرە ئێرانییەكە، وەک “فالح خەزعەلی”، هۆشداریی لە مەترسییەکی  گەورە دەدەن. ترسی گەورەی ناوەندە شیعییەکان لەوەدایە کە تورکیا بە پاڵپشتیی ئەم هاوپەیمانییە، سیناریۆی “ئێدلب و دیمەشق” لە مووسڵ و کەرکووک دووبارە بکاتەوە (الرابعة، 2026). ئەم ترسە لەگەڵ سەرهەڵدانی “سووریای نوێ” بە ڕابەرایەتیی سوننەکان (ئەحمەد شەرع)، گۆڕاوە بۆ هەڕەشەیەکی وجوودی کە دەکرێت تەواوی نەخشەی سیاسیی بەغدا بخاتە ژێر پرسیارەوە.

٧. نەخشەی واشنتۆن بۆ دابڕینی عێراق لە ئێران

جگە لە بابەتی چەکی گرووپەكان، لە لایەکی ترەوە واشنتۆن لە ڕێگەی نێردراوەکەیه‌وه‌ (تۆم باراک)، خەریکی داڕشتنی نەخشەیەکی ئابووریی فرەچەشنە بۆ “دەرهێنانی عێراق لە خولگەی ئێران”.  پڕۆژەی هێڵی نوێی بۆڕیی نەوت لەنێوان عێراق و سووریا- کە لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتۆن تاوتوێ کرا- تەنیا پڕۆژەیەکی بازرگانی نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ:

  1. کەمکردنەوەی بایەخی ستراتیژیی “گەرووی هورمز” (کە ئێران وەک کارتی گوشار بەکاری دەهێنێت)،
  2. دروستکردنی “ڕێڕەوێکی ستراتیژیی نوێ” کە عێراق بە کەنداو، سووریا و تورکیاوە دەبەستێتەوە (شبكة 964: 2026).

ئەم دیدگه‌یەی ئەمریکا بۆ عێراقی پاش ٣٠ی ئەیلوول، جەخت لەسەر “ئاوێتەکردنی ئابووریی عێراق لەگەڵ دژبەرانی ئێران” دەکاتەوە. لێرەدا عێراق لەبەردەم دوو بژاردەی دژبەیەكدایە: یان دەبێتە بەشێک لەم “تۆڕە جیهانییە نوێیە” و سوود لە بووژانەوەی ئابووری وەردەگرێت، یان بەهۆی پابەندیی سیاسی و ئایدیۆلۆژی بە تارانەوە، لە “پەراوێزێکی گۆشەگیردا” دەمێنێتەوە و دەبێتە قوربانیی ململانێی جەمسەرەکان.

٨.  نەخشەی حکوومەتی زەیدی بۆ پاش هاوپەیمانان

حکوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی، بۆ قۆناغی پاش ٣٠ی ئەیلوول تەنیا پشتی بە ڕێککەوتننامەکان نەبەستووە، بەڵکوو ستراتیژییەتێکی “فرەڕەهەند”ی گرتووەتە بەر. ئەم ئامادەکارییانە لە پێنج کایەی سەرەکیدا چڕ بوونەتەوە:

یەكەم- دروستکردنی شەرعییەتی سیاسی و گواستنەوە بۆ یاسای تیرۆر

وەرچەرخانی هەرە گەورە لە کۆدەنگیی “هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت”دا بینرا؛ کاتێک پرسی چەک لە “دانوستانی سیاسی”یەوە گۆڕدرا بۆ “ئیستحقاقێکی یاسایی”. دیاریکردنی ٣٠ی ئەیلوول وەک دوا وادە و مامەڵەکردن لەگەڵ چەکی دەرەوەی دەوڵەت لە چوارچێوەی “یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” (ألترا عراق، 2026)، چەکێکی یاساییی بەهێزی دایە دەست حکوومەت. ئەمە بەو مانایەیە کە لەمەودوا ململانێکە لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە لەنێوان دوو بژاردەی سیاسیدا نییە، بەڵکوو لەنێوان “یاسا و یاساشکێناندایە”.

دووەم- ستراتیژیی “هەڕەشە”

بەرپرسانی حكوومەت پەیامی ڕوون بۆ گرووپە چەکدارەکان دەنێرن: “دیالۆگ بژاردەی یەکەمە، بەڵام بژاردەی کۆتایی نییە” (العربي الجدید، 2026). حکوومەت لە ڕێگەی کاراکردنی کەناڵەکانی وەک “عەممار حەکیم” و “هادی عامری” هەوڵی داوە پرۆسەکە “بەنەرمی” بباتە پێش (يوتيفى، 2026)، بەڵام لەپشت پەردەوە زمانی “ناچارکردن بە هێز” ئامادەیە.

سێیەم- نیشاندانی هێز لە مەیداندا

جووڵە ئەمنییەکانی بەغدا، دەستبەسەرداگرتنی دەیان درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و داخستنی ٧١ بارەگای “نافەرمی” لەژێر ناوی حەشدی شەعبی” (یوتیفي، 2026)، تەنیا ڕێکاری ئەمنی نین، بەڵکوو “مانۆڕی سیاسیی مەیدانین”. حکوومەت دەیەوێت بیسەلمێنێت کە توانای هەواڵگری و سەربازیی بۆ “بڕینی سەرچاوەی هەڕەشەکان” هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشكرای كردووە کە بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا ڕێکارێکی خۆپارێزی بووە و، بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێک کە درۆنیان پێ بووە و دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکیان (جريدة، 2026). ئەم بڵاوبوونەوە ئەمنییە و جموجوڵەی حكوومەتیش ئەوە نیشان دەدات کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لەنێوان دەسەڵات و گرووپە چەکدارەکاندا بەریەككەوتن ڕوو بدات و، حكوومەت بۆ وەها ئەگەرێك ئامادەیە (المدى، 2026).

چوارەم- ڕێکخستنەوەی هه‌یكه‌ڵی ئەمنی

سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، بە کاراکردنەوەی “نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان” (دوای ١٢ ساڵ لە پەکخستنی)، گۆڕانی لە هه‌یكه‌ڵی بڕیارداندا کرد. ئەمە هەنگاوێکە بۆ “کۆتاییهێنان بە جەمسەرگیریی ئەمنی”. بەم بڕیارە، هەموو دەزگه‌کان (دژەتیرۆر، هەواڵگری، حەشد و وەزارەتەکان) دەبنە یه‌كه‌یه‌كی هەماهەنگ لەژێر دەستی سەرۆکوەزیراندا (الحرة، 2026). ئەمەیش ڕێگرە لەوەی گرووپەکان بتوانن لە ناوەوەی دامەزراوەکان دەرچە بۆ جموجۆڵ بدۆزنەوە.

پێنجەم- دیپلۆماسییەتی زمانی نەرم

حکوومەت و بەشێک لە سەرکردە پراگماتییەكانی شیعە، زمانێکی “نەرم” بەکار دەهێنن؛ ئەوان گرووپەکان ئاگادار دەکەنەوە کە عێراق بەرگەی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی” ناگرێت. ئەم گوتارە دەیەوێت “عەقڵانییەت” بخاتە ناو هاوکێشەکەوە؛ بەوەی کە مانەوەی چەک چیتر وەک “بەرگری” نابینرێت، بەڵکوو وەک “هەڕەشە بۆ سەر بژێوی و سەقامگیریی عێراق” تەماشا دەکرێت (شبكة 964، 2026). لێرەدا حکوومەت وەک “دۆستێک” دەردەکەوێت کە دەیەوێت گرووپەکان لە تەڵەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان ڕزگار بکات.

ئەگەر و سیناریۆ گریمانكراوەكان

لەبەر ڕۆشناییی ئەو گۆڕانکارییانەی باس کران، دەکرێت داهاتووی عێراقی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان لە سێ سیناریۆی سەرەکیدا کورت بکەینەوە:

یەكەم- سیناریۆی سڕكردن

لەم ئەگەرەدا كە ڕێتێچووە، تاران وەک مانۆڕێکی تاکتیکی ڕەزامەندی لەسەر سڕکردنی کاتیی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان دەردەبڕێت. ئامانجی ئەمە پاراستنی “دەستەی حەشدی شەعبی”یە وەک قەوارەیەکی یاسایی و دارایی. لێرەدا گرووپەکان ناچنەوە ماڵەوە، بەڵکوو دەچنە قۆناغی سڕبوونی كاتی؛ تا لە کاتی هەر هەژانێکی هەرێمایەتی یان مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران، وەک “سوپای سێبەر” و بە ناونیشانی نوێ بخرێنەوە گەڕ. ئەمە سیناریۆی “پاراستنی هێزە بۆ ڕۆژی تەنگانە” یان “چەمانەوە لەبەردەم گەردەلوول”، تا ئەو كاتەی مەترسی و هەڕەشەكانی ئیدارەی ترەمپ دەڕەوێنەوە.

دووەم- سیناریۆی “بەریەککەوتنی جڵەوکراو”

ئەگەر حکوومەتی زەیدی سوور بێت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری ٣٠ی ئەیلوول و گرووپە ڕادیکاڵەکانیش (وەک نوجەبا و کەتائیب) مل نەدەن، ئەوا ئەگەری “پێکدادانی سنووردار” لە ئارادایە. ئەم پێکدادانە وەک جه‌نگێکی گشتگیر نابێت، بەڵکوو زنجیرەیەک “ئۆپەراسیۆنی نەشتەرگەریی ئەمنی” دەبێت بۆ پەکخستنی شانە سەرکێشەکان. هەردوو لا (دەوڵەت و گرووپەکان) ئاگادارن کە نابێت بگەنە خاڵی “جه‌نگی ناوخۆی شیعە”؛ بۆیە ململانێکە لە چوارچێوەی “شکاندنی پەنجە” و سەپاندنی هەژمووندا دەمێنێتەوە.

سێیەم-  سیناریۆی “سپیکردنەوەی چەک”

ئەمە سیناریۆی “ڕێککەوتنی گەورە”یە؛ تێیدا چەکدارەکان لەناو دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکاندا (وەک حەشدی شەعبی) تێکەڵ دەکرێن و ناسنامەی سەربازیی فەرمییان پێ دەدرێت. لەبەرامبەردا، سەرکردە سەربازییەکانیان بەرگی سیاسی و ئابووری دەپۆشن. ئەم هەنگاوە لە ڕواڵەتدا واشنتۆن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕازی دەکات کە “چەک کۆ کراوەتەوە”، بەڵام لە ناواخندا هەژموونی گرووپەکان بە “شێوازێکی نەرم لەناو جومگەکانی دەوڵەتدا دەمێنێتەوە. ئەمە سیناریۆی “گۆڕینی ماسکەکانە” بۆ ڕزگاربوون لە گوشارە نێودەوڵەتییەکان.

ئەنجامگیری

بەپێی ئەو شیکارییەی لەم پەیپەرەدا کرا، دەتوانین دەرەنجامەکان لەم خاڵانەدا چڕ بکەینەوە:

١.   گواستنەوەی پەیوەندییەکان بۆ “هاوبەشیی دووقۆڵی” لەگەڵ واشنتۆن، بەو مانایەیه‌ کە عێراق چیتر ناتوانێت لەژێر “سێبەری پاراستنی نێودەوڵەتیدا” بێت. بەرپرسیارێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و جڵەوکردنی گرووپە چەکدارەکان، ئێستا ئەرکێکی تەواو نیشتمانییە. هەر شکستێک لەم تاقیکردنەوەیەدا، تارماییی ٢٠١١ و سەرهەڵدانەوەی بۆشاییی ئەمنی دەهێنێتەوە کایە.

٢.   دابەشبوونی گرووپە چەکدارەکان بۆ بەرەی “پابەندبوونی تاکتیکی” و “ڕەتکردنەوەی ڕادیکاڵ”، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا لۆژیکی “چەک لەسەرووی دەوڵەتە”، هەڕەشەیەکی جددییە. دەرکەوتنی “شانە سێبەرەکان”ی سەر بە تاران، نیشانەی ئەوەیە کە عێراق هێشتا وەک گۆڕەپانێکی ململانێی “وەکالەت” دەمێنێتەوە؛ کە ئامانج لێی، بەستنەوەی چارەنووسی عێراقە بە بەرژەوەندییەکانی “ئومەمییەتی شیعی” و میحوەرە هەرێمایەتییەکانەوە.

٣.   واژۆکردنی “ڕێککەوتننامەی مەککە” و گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی سووریا، عێراقیان خستووەتە نێوان دوو بەرداش: یان تێوەگلان لە ململانێیەکی هەرێمایەتی، کە دەبێتە هۆی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی، یان پەیوەستبوون بە “ڕێڕەوە نوێیەکانی وزە و ئابووری”، کە ئەمریکا و هاوپەیمانە نوێیەکانی ناوچەکە (سعوودیا، تورکیا و سووریای نوێ) دەیانەوێت بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران و گەرووی هورمز بنیاتی بنێن.

٤.  ئامادەکارییەکانی حکوومەتی زەیدی لە ڕێگەی “کۆدەنگیی یاسایی”، “کاراکردنەوەی نووسینگەی فەرماندەی گشتی” و “سەپاندنی یاسای تیرۆر”، نیشانەی ئەوەن کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن تێ گەیشتووە کە بێدەنگی چیتر بژاردە نییە. حکوومەت هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تێکەڵکردنی “هێزی ڕەق” و “دیپلۆماسییەتی نەرم”، گرووپە چەکدارەکان بخاتە بەردەم بژاردەی “پابەندبوون یان ڕووبەڕووبوونەوە”.

کۆبەند
عێراقی پاش ٣٠ی ئەیلوول، پێویستی بە “گرێبەستێکی ئەمنیی نوێ هەیە؛ گرێبەستێک کە تێیدا بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت. داهاتووی عێراق بەندە بەوەی، تاچەند دەتوانێت خۆی لە “پاشکۆیەتیی ئێران” ڕزگار بکات و ببێتە کارەکتەرێکی سەربەخۆ لە هاوکێشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەر بەغدا نەتوانێت كۆنترۆڵ یان چارەسەری چەکی ناوخۆ بکات و هاوسەنگی لەگەڵ جەمسەرە هەرێمایەتییەکان بپارێزێت، ئەوا وادەی ٣٠ی ئەیلوول لەجیاتی ئەوەی ببێتە ڕۆژی “سەروەری”، دەبێتە سەرەتایەک بۆ قۆناغێکی ئاڵۆزتر لە ناسەقامگیری و ململانێی ناوخۆیی.

سەرچاوەکان:

ألترا عراق (2026). ائتلاف إدارة الدولة: من يعتدي على دول الجوار يرتكب جريمة ويجب محاربته. متاح على: https://2h.ae/AfDpb :تاريخ الاطلاع: 11 أغسطس 2026.

الجزيرة نت (2026). بين مهلة الدولة وسلاح الفصائل.. من يربح معركة 30 سبتمبر بالعراق؟ متاح على: https://www.aljazeera.net :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.

جريدة (2026). العبودي يكشف كواليس «ليلة الإنذار ج»: لا تمرد من الفصائل.. وانتشار القوات أحبط خلية مسيّرات. متاح على: https://2h.ae/aZnGM :تاريخ الاطلاع: 8 أغسطس 2026.

الحسن، ت. (2026). «المدى» تروي “ليلة الرد المؤجل” على الرياض.. وكيف اختبرت بغداد قدرتها على قول “لا” للفصائل. المدى، متاح على: https://2h.ae/RFEJM :تاريخ الاطلاع: 9 أغسطس 2026.

الحرة (2026). خاص: الزيدي يعيد ترتيب القيادات الأمنية قبل مواجهة محتملة بعد 30 سبتمبر. متاح على: https://alhurra.com/31302 :تاريخ الاطلاع: 9 أغسطس 2026.

رزاقية، ح. (2016). «الانسحاب الأمريكي من العراق سنة 2011: دراسة في الأسباب والنتائج»، المجلة الجزائرية للعلوم السياسية والعلاقات الدولية، 9(2)، ص ص. 39–65. متاح على: https://2h.ae/BNHC :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.

شبكة 964 الإعلامية (2026). قيادي في الإطار يدعو لمصارحة الفصائل: العراق مهدد بحصار مثل إيران. متاح على: https://2h.ae/WHYLq :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.

شبكة 964 الإعلامية (2026). العامري ينهي ليلة بغداد المتوترة بصوت وصورة للفصائل: اتركوا السعودية. متاح على: https://2h.ae/Qzve (تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.

شبكة الساعة (2026). قرار إيراني يمنع تسليم سلاح الفصائل في العراق. متاح على: https://2h.ae/DRTLR :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.

الشرق الأوسط (2026). خط نفطي جديد يربط العراق وسوريا برعاية أميركية. متاح على: https://2h.ae/Ypgiv :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.

العرب (2026). الشرق الأوسط بعد عصر الوكلاء.. هل تستعيد الدول قرار الحرب؟ متاح على: https://2h.ae/yhnpz :تاريخ الاطلاع: 9 أغسطس 2026.

العربية (2026). 6 فصائل عراقية ڕفضت تسليم سلاحها.. تعرف عليها. متاح على: https://2h.ae/vMtAZ :تاريخ الاطلاع: 10 أغسطس 2026.

العربي الجديد (2026). ماذا يعني تفويض الحكومة العراقية باستخدام قانون مكافحة الإرهاب؟ متاح على: https://2h.ae/ANSwb :تاريخ الاطلاع: 7 أغسطس 2026.

العربي الجديد (2026).  ڕسائل إيرانية للفصائل العراقية عبر قاآني وطلب لبغداد بشأن هرمز؟ متاح على https://2h.ae/rnjsj  (تاريخ الاطلاع: 11 أغسطس 2026.

قناة الرابعة (2026). برنامج المسافة صفر. متاح على: https://2h.ae/zUBIv :تاريخ الاطلاع: 11 أغسطس 2026.

قناة يوتيفى (UTV) (2026). من المقار الوهمية إلى المســيرات.. الداخلية توسع معــركة حصر الســلاح.. و6 ملايين قطعة تحت المجهر. متاح على: https://2h.ae/vQzuN :تاريخ الاطلاع: 11 أغسطس 2026.

قناة يوتيفى (UTV) (2026).. “يضم السوداني والعامري”.. حيدر الموسوي يكشف تفاصيل الوفد الإطاري إلى طهران. متاح على https://2h.ae/BXEgx  :تاريخ الاطلاع: 11 أغسطس 2026.

المدى (2026). الزيدي: 30 أيلول الموعد النهائي لانسحاب قوات التحالف من العراق. متاح على: https://2h.ae/dHACe :تاريخ الاطلاع: 9 أغسطس 2026.

مركز الإمارات للسياسات (EPC) (2026). نزع سلاح المليشيات في العراق: تداخُل الإرادات والإجراءات. متاح على: https://2h.ae/aOYIa: تاريخ الاطلاع: 9 أغسطس 2026.

BBC News Arabic (2026). اتفاقية مكة تجمع السعودية وتركيا وباكستان وتقوم على “الردع الجماعي”. 8 August. Available at: https://www.bbc.com/arabic (Accessed: 10 August 2026).

France 24 (2011). القوات العسكرية الأمريكية تنهي انسحابها من العراق بعد تسع سنوات من اجتياحه. 18 December. Available at: https://2h.ae/gxfPO (Accessed: 9 August 2026).

Reuters (رويترز) (2026). الحرس الثوري الإيراني شكل خلايا سرية بالعراق لمهاجمة دول بالخليج. 19 June. Available at: https://2h.ae/pSZpU (Accessed: 10 August 2026).

U.S. Department of War (2026a). Readout of Secretary of War Pete Hegseth’s Meeting With Iraqi Prime Minister Ali al-Zaidi. 14 July. Available at: https://www.war.gov (Accessed: 9 August 2026).

U.S. Department of War (2026b). Mission of the Global Coalition to Defeat ISIS in Iraq. 27 September. Available at: https://2h.ae/SDZmR (Accessed: 9 August 2026).




عێراق لەنێوان ئێران و بارودۆخێکی سەختدایە

کێنێس ئێم. پۆڵاک  (Kenneth M. Pollack)

ماڵپەڕ: پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Middle East Institute)

لە کاتێکدا عێراق زیاتر بەرەو خولگەی ئێران هەنگاو دەنێت، ئەمریکا ناتوانێت دەستبەرداری ئەو پاشماوەی هەژموونەی بێت کە لەو وڵاتەدا هەیەتی.

ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی باو جەنگی ئێستامان لەگەڵ ئێران وەک دۆخێکی هەڵواسراو وەسف دەکەن، کە نە جەنگێکی تەواوەتییە و نە ئاشتییەکی ڕاستەقینەیە. تەنیا ئێمە لەم دۆخەدا نین. عێراقیش لەنێو هەڵواسراوییەکی تایبەت بە خۆیدا گیری خواردووە، لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا، لەنێوان دۆخێکی قبووڵکراو و قبووڵنەکراودا، لەنێوان پێشکەوتن و پاشەکشەدا.

هاوشێوەی دۆخە شێواوەکەی خۆمان، دۆخەکەی ئەوانیش بەشێکی زۆری- بەڵام نەک بەتەواوی- دەرەنجامی داڕشتنی خۆمانە.

بۆ تێگەیشتن لە قەیرانی ئێستای عێراق، پێویستە سێ خاڵ لەبەرچاو بگیرێن. یەکەم، توندترین دابەشبوونە سیاسییەکان چیتر لەنێوان سوننە، شیعە و کورددا نین، بەڵکوو لەنێوان خودی شیعەکاندان. دووەم، پۆستی سەرۆکوەزیران زیاتر بووەتە پەردەیەک کە ململانێی نێوان کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی پشت پەردە دەشارێتەوە. سێیەم، عێراق ڕەنگە ببێتە گەورەترین قوربانیی جەنگی ئێران، سەرەڕای ئەوەی بەشدارییەکی زۆر کەمی لەم جەنگەدا کردووە.

تەواوی کایەی سیاسی، شیعییە.

دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق- ئەوەی ئەمریکییەکان بە جەنگی داعش (ISIS) ناوی دەبەن- لە ساڵی 2014 دەستی پێ کرد و سێ ساڵ دواتر بە سەرکەوتنی شیعەکانی عێراق بەسەر پێکهاتەی سوننە و کورددا کۆتایی هات. ئەم دەرەنجامە تا ڕاددەیەکی زۆر سەرچاوەی لە ئامادەنەبوونی ئەمریکاوە گرت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکان وەک سەرهەڵدانەوەی یەکەمین جەنگی ناوخۆ- ئەو جەنگەی کە ئەمریکا بە دروستکردنی بۆشایییەکی ئەمنی دوای لەشکرکێشییەکەی ساڵی 2003 هەڵی گیرساند و، ئێمە تەنیا لە ڕێگەی زیادکردنی هێزەکانمانەوە لە ساڵانی 2007-2008 کۆتاییمان پێ هێنا، کە سەقامگیریی وڵاتەکەی دەستەبەر کرد و ڕێککەوتنێکی دابه‌شكردن یاخود هاوبه‌شییه‌كی دەسەڵاتی لەنێوان پێکهاتەکاندا هێنایە ئاراوە. بەهۆی تەرکیزکردنی كورتبینانه‌مان تەنیا لەسەر لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسلامی، ڕێگەمان بە هێزەکانی حەشدی شەعبی- کە ئێران پشتیوانییان دەکات- دا، سەرەتا سوننەکان و دواتریش کوردەکان تێک بشکێنن.

لە دەرەنجامی ئەمەدا، ئەمڕۆ سیاسەتی عێراقی بەتەواوی پەیوەستە بە شیعەکانەوە. هەردوو حزبە کوردییە گەورەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێشتا بوونیان هەیە، بەڵام هەردووکیان ناچارن بۆ بەدەستهێنانی پارە و مۆڵەت چاویان لە بەغدا بێت؛ بە شێوه‌یه‌ک کە پێش ساڵی 2017 پێویستیان پێی نەبوو. ژمارەیەک حزبی سوننەیش بە سەرۆکایەتیی چەند ساختەکارێکی بچووک هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی بە بڕە پاشماوەیەکی کەم لەلایەن حزبە شیعە جیاوازەکانەوە، کە سەرجەم دەسەڵات و سامانی ڕاستەقینەی وڵاتەکەیان بەدەستەوەیە، پاداشت بکرێن.

 لەمەیش خراپتر، لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێکدا، دەسەڵاتی زیاتر دەگوازرێتەوە بۆ ئەو حزبە شیعییانەی کە زۆرترین نزیکایەتییان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ئەو دابەشبوونە سێقۆڵییەی عێراق- بۆ شیعە، سوننە و کورد- کە ئەمریکییەکان زیادەڕەوییان تێدا کرد و دواتریش ئاڵۆزتریان کرد، هێشتا بوونی هەیە، بەڵام خەریکە بەتەواوی پەراوێز دەخرێت. شیعەکان سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات لە عێراقدا بەڕێوە دەبەن و تەنیا ئەو ململانێیانە بۆ ئاراستەی داهاتووی وڵاتەکە گرنگن کە لەنێوان حزب و کەسایەتییە جیاوازە شیعییەکاندا ڕوو دەدەن. سەرباری ئەمەیش، بەهۆی ئەو پەلەکردنەی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی حکوومەتێک دوای لەشکرکێشییەکەی ساڵی 2003 و دواتریش فەرامۆشکردنی سیاسەتی ناوخۆی عێراق دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2011، باشترینەکانی نێو شیعە بەهێواشی بەڵام بە شێوەیەکی حەتمی جێگەی خۆیان بۆ خراپترینەکان چۆڵ کردووە.

جەنگی پاشا چاوەڕوانکراوەکان.

لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق سەردانی واشنتۆنی کرد. عێراقییەکان و ئەمریکییەکان بە هەمان شێوە دڵخۆش بوون. دەیان گرێبەستی بازرگانیی نوێ واژۆ کران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستبەجێ سەرسامیی خۆی بۆ عەلی زەیدی دەربڕی، بانگهێشتی کرد بۆ مانەوە لە کۆشکی سپی بە مەبەستی خواردنی ژەمەنیوەڕۆیەکی بێبەرنامە و بە ”کەسێکی زۆر زیرەک” ناوی برد. ترەمپ پێشبینیی کرد و گوتی ”ئەم پیاوە دەبێتە سەرکردەیەکی مەزن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، لە دەرەوەی عێراقیش. هەژموونەکەی بە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو دەبێتەوە.”

ئەمە گرنگییەکی زۆری هەبوو چونکە هۆکاری دەستنیشانکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ته‌قریبه‌ن به‌س بۆ ڕازیکردنی سەرۆکی ئەمریکا بوو. به‌پێچەوانەی بانگەشەکانی ترەمپ، عەلی زەیدی لەو هەڵبژاردنەی عێراقدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا کە گەیاندییە دەسەڵات. تەنانەت خۆیشی بۆ هەڵبژاردنەکە کاندید نەکردبوو. حەوت مانگ دوای هەڵبژاردنەکان، هێزە ڕاستەقینەکەی پشتپەردەی دەسەڵات، کە فایەق زەیدانی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقە، ئەوی دەستنیشان کرد. زەیدان لەبەر ئەوە عەلی زەیدیی هەڵبژارد، چونکە پێی وا بوو وەک ئەوەی زۆر لە عێراقییەکان دەیڵێن، ئەو “دۆناڵد ترەمپی عێراقییە.” هەروەها زەیدان دۆناڵد ترەمپێکی عێراقیی دەویست، چونکە ترەمپ، وەک خۆی دانی پێدا نابوو، هەڕەشەی بڕینی سەرجەم هاوکارییەکانی بۆ عێراق کردبوو ئەگەر عێراقییەکان کەسێک هەڵنەبژێرن کە بەدڵی ئەو بێت.

دەستنیشانکردنی عەلی زەیدی، پێویستە دوو خاڵی سەرەکی بۆ ئەمریکییەکان ڕوون بکاتەوە. یەکەم، هەرچەندە ئێران لە عێراقدا بووەتە خاوەن هەژموونێکی زۆر، ئەمریکا هێشتا بۆ بەغدا گرنگە و، واشنتۆن هێشتا دەتوانێت هەژموونی خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت. لەم دەیەیەی دواییدا زۆر جار ئەمریکییەکان پێیان وا بووە کە عێراق بەتەواوی لە بەرژەوەندیی ئێران لەدەست چووە و شایەنی ئەوە نییە هەوڵ بۆ داڕشتنی داهاتووی وڵاتەکە بدرێت، ئەوەیش بووەتە هۆی دروستبوونی پێشبینییەک کە خۆبەخۆ خۆی دێنێتە دی. دووەم، ئەو پیاوەی بڕیاردەری ڕاستەقینەیە لە عێراقدا سەرۆکوەزیران نییە، بەڵکوو زەیدانە کە لە پۆستە نائاسایییەکەیەوە وەک سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری(Supreme Judicial Council) ی عێراق بڕیار دەدات. بەتایبەتی دوای کۆتاییهاتنی دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق، زەیدانە کە وەک بەهێزترین پیاوی عێراق دەرکەوتووە.

زەیدان دیموکراتخواز نییە. سەرەڕای ناونیشانی پۆستەکەیشی، پیاوێکی زۆر دادپەروەریش نییە و، بە هەمان ئەو بێبەزەیییە دەسەڵات بەکار دەهێنێت کە زۆرێک لە دیکتاتۆرەکانی پێشووی عێراق هەیانبوو- هەرچەندە بە هیچ شێوەیەک ناگاتە ئاستی تۆقێنەرییەکانی سەدام حوسێن- و مەرج نییە دۆستی ئەمریکاش بێت. بەڵام ناسیۆنالیستێکی عێراقییە؛ وا دیار نییە بیەوێت ببێتە پاشکۆی تاران و، ئاگاداری هێزی ئەمریکایە. سەرباری ئەمەیش، ترسناکترین و بەهێزترین فەرمانڕەوای عێراقی دوای لەشکرکێشییە لە دوای نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووەوە.

لەگەڵ ئەوەیشدا، دەسەڵاتەکەی زەیدان بێسنوور و بێ چاودێری نییە. سەرباری ململانێکردنی لەگەڵ ئێرانییەکان و، هەندێک جاریش ئەمریکییەکان، وەک دەگوترێت قەیس خەزعەلی کە سەرکردەیەکی تری شیعەکانە و سەرپەرشتیی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی هەقی سەر بە ئێران دەکات کە ئەمریکا وەک گرووپێکی تیرۆریستی پۆلێنی کردووە، ململانێی زەیدان دەکات. قەیس خەزعەلی بە شێوەیەکی کەسی، تاوانبارە بە کوشتنی سەربازانی ئەمریکا لە کاتی جەنگی عێراقدا، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش هیوادارە ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەسەڵات لە زەیدان بسەنێتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، خەزعەلی دەستی کردووە بە نیشاندانی نەرمی و نزیکبوونەوە لە ئەمریکا، وەک چۆن زەیدانیش هەمان کاری کردووە.

ململانێی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ڕەها لە عێراقدا لەنێوان زەیدان و خەزعەلیدا، ڕەنگە ببێتە تایبەتمەندیی دیاریکەری سیاسەتی عێراقی لە مانگەکان و، تەنانەت لە ساڵانی داهاتوویشدا. لەوە دەچێت ئەمە ببێتە بزوێنەرێکی کاریگەرتر لەوەی کە ئەمریکا یان ئێران دەیانەوێت. بەڵام دوورە ململانێکەیان واشنتۆن و تاران بەتەواوی لە گۆڕەپانەکە بکاتە دەرەوە.

سەرەڕای ئەو گورزانەی لە ماوەی ململانێ بەردەوامەکاندا بەر ئێران کەوتوون، عێراقییەکان هێشتا به‌رامبه‌ر دراوسێ گەورەکەی ڕۆژهەڵاتیان زۆر به‌وریایی مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی زۆرێک دەترسن کە ئەگەری هەیە ئێران دواجار سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و، دوای جەنگەکە کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بکات و دەیان یان سەدان ملیار دۆلاری لەبەردەستدا بێت بۆ خەرجکردن. بەڵام هاوکات جەنگەکە ڕێزی عێراقییەکانی بۆ ڕۆڵی ئەمریکا زیندوو کردووەتەوە؛ هەم بەهۆی نمایشکردنی هێزی سەربازیی بێهاوتای ئەمریکاوە و هەمیش بەهۆی پێویستیی ئێستای بەغدا بە هاوکاریی ئەمریکا بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی خۆی لە نێوەڕاستی جه‌نگەکەدا.

عێراق و جەنگی ئێران.

لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆژنامەکانی ئەمریکادا، کەس ناتوانێت لۆمەت بکات ئەگەر پێت وا بێت عێراق تا ڕاددەیەکی زۆر لە جەنگی ئێران دوور خرابووەوە. باس و خواست سەبارەت بەو هێرشە ناوبەوناوانە هەیە کە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران دەیکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی- کە دواتر ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێستایش سعوودیا وەڵامیان دەدەنەوە- بەڵام ئەم ڕووداوانە بە ڕێژەیه‌كی کەم بوون. درۆن و مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بەردەوام هێرش دەکەنە سەر کوردەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان (KDP)، بەڵام ئەم بۆردومانانە بەدەگمەن لە ڕۆژنامەگەریی ڕۆژاوادا جێگەیان دەبێتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەو ڕاستییەیە کە بەپێچەوانەی هاوپەیمانە هەرێمییەکانی تری ئەمریکاوە، کوردەکان خاوەنی هیچ جۆرە بەرگرییەکی ئاسمانیی تایبەت بە خۆیان نین و نە ئەمریکا و نە ئیسرائیلییەکانیش هیچ سیستەمێکیان بۆ پاراستنیان تەرخان نەکردووە.

کاریگەریی جەنگەکە لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ عێراقییەکان زۆر خراپتریش بووە. پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، عێراق گەشتبووە پلەی چوارەمی ڕیزبەندیی وڵاتە هەناردەکارەکانی نەوت لەسەر ئاستی جیهان، کە تەنیا لە دوای سعوودیا، ڕووسیا و ئەمریکاوە دەهات. عێراق ڕۆژانە 3.5 بۆ 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، کە نزیکەی تەواوی ئەو بڕە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێ دەپەڕی. داخستنی گەرووەکە هەناردەی نەوتی عێراقی خنکاندووە و، کەمی کردووەتەوە بۆ تەنیا 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ کە ئەمەیش تەنیا کەمێک زیاترە لە %6ی فرۆشی پێش جەنگەکەیان.

نەوت بزوێنەری ئابووریی عێراقە. فرۆشتنی نەوت، %85 بۆ %90ی داهاتەکانی حکوومەتی عێراق پێک دەهێنێت. نزیکەی %40ی هێزی کار ڕاستەوخۆ کار بۆ حکوومەت دەکەن (لەگەڵ زیاتر لە %60ی ئەو عێراقییانەی مووچەی ڕێکخراو و هەمیشەیی وەردەگرن). سەرباری ئەمەیش، نزیکەی %40ی دانیشتووان سەرچاوەیەکی داهاتیان هەیە کە بە شێوەیەکی زۆر یان بەتەواوی پشت بەو کەسانە دەبەستێت کە ڕاستەوخۆ کار بۆ حکوومەت دەکەن.

بۆیە عێراقیش، هاوشێوەی دەوڵەتە عەرەبییەکانی تری ناوچەی کەنداو، ناچار بووە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە گەورەیەی داهات، پشت بە پاشەکەوتەکانی ببەستێت؛ بەڵام بەپێچەوانەی سعوودیا، ئیمارات، کوێت و قەتەرییەکانەوە، خاوەنی سندووقی سەروەریی سامانی گەورە نییە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەستێت. ژمارەی دانیشتووانی عێراق زۆر گەورەیە (48 ملیۆن عێراقی بە بەراورد لەگەڵ تەنیا 22 ملیۆن هاووڵاتیی سعوودی) و، ئابوورییەکەیشی زۆر گەندەڵە بۆ ئەوەی بتوانێت پاشەکەوتی گشتیی بەرچاو کۆ بکاتەوە. پێش ئەوەی جەنگەکە لە کۆتاییی مانگی شوباتدا دەست پێ بکات، عێراق نزیکەی 110 ملیار دۆلاری وەک یەدەگی دراو هەبوو. چوار مانگ دواتر و لە سەرەتای مانگی تەممووزدا، تەنانەت دوای چەند هەفتەیەکیش کە گەرووەکە تا ڕاددەیەکی زۆر کراوە بوو، هێشتا یەدەگی دراوی عێراق بۆ کەمتر لە 80 ملیار دۆلار دابەزیبوو. ئەگەر گەرووەکە بەداخراوی بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەم خێرایییەی ئێستای خەرجکردندا، عێراق ئه‌وپه‌ڕی تەنیا دەتوانێت تێچووەکانی نۆ بۆ ده‌ مانگی داهاتووی دابین بکات.

دووبارە؛ کۆتاییهاتنی سەردەمێک.

لە نێوەڕاستی سەرجەم ئەم پێشهاتانەدا، ئەمریکا جارێکی تر لە عێراق دەکشێتەوە. بڕیارە لە 30ی ئەیلوولدا، هێزەکانی ئەمریکا هەرێمی کوردستانی عێراق بەجێ بهێڵن، دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەکانی تری عێراق کشاونەتەوە. بەرپرسانی ئەمریکی و زۆر لە بژاردە عێراقییەکان پێشبینی دەکەن هەندێک لە ئەرکەکانی ئەمریکا- وەک مەشقکردن و فرۆشتنی چەک- لە ڕێگەی نووسینگەيەکی گەورەی هاریکاریی ئەمنییەوە (Office of Security Cooperation)  لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمریکادا بەردەوام بن. بێ گومان ئەمە هەمان ئەو کارەیە کە ئەمریکا لە ساڵی 2011دا تاقیی کردەوە، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوت کە بڕیارێکی پێشوەختە بوو و، نەبوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، بەخێرایی بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی جەنگی ناوخۆ و داگیرکارییەکانی داعش.

بڕیارە ئەم جارە هاوشان لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا، ئەو میلیشیا عێراقییانەی ئێران پشتیوانییان دەکات چەک بکرێن، بەڵام هیچ کەسێک بەڕاستی پێشبینیی ئەوە ناکات کە پرۆسەکە بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت کە بانگەشەی بۆ دەکرێت. زۆربەی میلیشیاکان، له‌وانه‌ میلیشیاکەی خەزعەلی، ڕەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان. پێشبینیش دەکرێت ئەم هێزانە تەنیا بەشێک لە جبەخانەکانیان ڕادەست بکەن، یان هێزەکانیان تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکەن بۆ ئەوەی کۆنترۆڵێکی باشتری ئەو هێزانە بکەن. لانی کەم دوو گرووپ، کە بریتین لە کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی حزبوڵڵای نوجەبا، بەئاشکرا ڕەتیان کردووەتەوە چەکەکانیان دابنێن و، بەو پێیەی ئەوان لە ساڵانی ڕابردوودا بکەری سەرەکیی هێرشەکانی سەر ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بوونه‌، ئەمە کێشەیەکی بچووک نییە. کەس نازانێت حکوومەتی عێراق تا چەند ئامادەیە یان دەتوانێت چییان بەرامبەر بکات، بەڵام ئەمە تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبێت هەم بۆ واشنتۆن- کە دەیەوێت چەک بکرێن- و هەم بۆ تارانیش- کە نایەوێت ئەوە ڕوو بدات.

پرسیا ئەوەیە کە سەرجەم ئەم پێشهاتانە عێراق لە چ دۆخێکدا دەهێڵنەوە؟ لە دۆخێکدا کە ئامادەیە بۆ دەستبەسەرداگرتن. هەر یەکێک لەم توخمانە خاڵی گوشار بۆ ئەمریکا دروست دەکەن ئەگەر ئیدارەی ترەمپ ئامادە بێت بەکاریان بهێنێت. واشنتۆن دەتوانێت پشتیوانی لە سوننە و کوردەکان بکات- یان تەنیا هەڕەشەی ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە بکات- بە مەبەستی هاندانی گرووپە شیعییەکان بۆ نواندنی ڕەفتارێکی باشتر. بە هەمان شێوە، واشنتۆن دەتوانێت هێڵە سوورەکان و داواکارییەکان بۆ هەردووکیان، زەیدان و خەزعەلی، دابنێت و یارمەتیی یەکێکیان بدات، یان لە دژی هەردووکیان پشتیوانیی کاندیدێکی سێیەم بکات. پێویست ناکات ئەمریکا ئەوەندە هەوڵ بدات کە لە ململانێی دەسەڵاتدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت؛ بەڵکوو تەنیا پێویستە ململانێ ناوخۆیییەکە بە جۆرێک ئاڵۆز بکات کە پابەندبوونی عێراق بە داواکارییەکانمانەوە مسۆگەر بکات. هەروەها ئەمریکا دەتوانێت یارمەتیی عێراق بدات بۆ بەڕێوەبردنی دارایییەکەی لە ڕێگەی پێدانی قەرز لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (International Monetary Fund) و بانکی نێودەوڵەتی (World Bank)، یان تەنانەت لە وەزارەتی گەنجینە (Treasury)ی خۆیەوە، لەبەرامبەر گۆڕانکاریی بەرجەستە لە سیاسەتدا.

لەگەڵ ئەوەیشدا، تەنگژەکەی عێراق یەکێکی ترە لە هۆکارە بێشومارەکان بۆ ئەوەی ئەمریکا نەتوانێت ڕێگە بدات وەک دۆڕاوی جەنگی ئێران دەربکەوێت، چ جای ئەوەی کۆنترۆڵی گەرووی هورمز ڕادەست بکات و مل بۆ زەبروزەنگەکانی ئێران دژ بە هاوپەیمانەکانمان لە کەنداو کەچ بکات. عێراقییەکانیش بەوردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن. ئەگەر باوەڕیان وا بێت ئێران لە جەنگەکەدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، ئەوا ئەو پاشماوە بەرچاوەی هەژموونی ئەمریکا بەتەواوی دەپووکێتەوە. بەمەیش عێراق بەڕاستی دەبێتە پاشکۆیەکی ژێردەستەی ئێران و دەبێتە دەروازەیەک بۆ پەلکێشانی هێز و هەژموونی ئێران بۆ ناو جیهانی عەرەبی.




چۆن شەمەندەفەرەکان دەتوانن سیاسەتی کەنداوی فارس و ئاسایشی جیهانی بگۆڕن

نووسەر: ستەیسی دی. ڤاندەڤیر (Stacy D. VanDeveer)

قەیرانی گەرووی هورمز (Strait of Hormuz)، ئاڵۆزییە بەرفراوانەکانی دەریای سوور و ئەو بەرزبوونەوەیەی لە نرخی نەوتدا بەهۆی ئەم هەلومەرجانەوە دروست بووە، ڕاستییەکی زۆر ڕوونیان سەلماندووە: وڵاتانی کەنداو و بازاڕەکانی جیهان پشتبەستوون بە ڕێڕەوە دەریایییە هەستیارەکان.

بەڵام لە کاتێکدا سەرکردە نیشتمانییەکان و دیپلۆماتکاران هەوڵی ئازادکردنی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە گرنگانە دەدەن کە زۆرینەی بازرگانیی جیهانییان پێدا تێ دەپەڕێت، دیاردەیەکی دیکەی گواستنەوە بە شێوەیەکی تاقیکارییانە دەستی پێ کردووە. زیاتر لە ١٥ ساڵە، شەش وڵاتی عەرەبیی کەنداو بەبێدەنگیی هاریکاریی یەکتر دەکەن بۆ دروستکردنی تۆڕێکی هێڵی ئاسن – و لەم دوایییانەیشدا پڕۆژەکە خێراتر بووە.

ئامانجەکە بریتییە لە زیادکردنی یەکخستنی ئابووریی کەنداو و باشترکردنی توانای خۆڕاگری و ئاسایشی ناوچەکە. بەڵام وەک شارەزایانی فەرمانڕەواییی جیهانی و ئابووریی سیاسی، ئێمە دەشپرسین: ئایا پڕۆژەیەکی هێڵی ئاسنی لەم شێوەیە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنەوەی سیاسەت و ململانێکانی ناوچەکەدا؟

ئەو پرسیارە ئێستا زۆر جێگەی سەرنجە، بەتایبەتی کە جەنگی ئەمریکا و ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە بۆ ماوەی چەندان مانگ جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا تێک بچێت و تا ڕاددەیەکی زۆریش بوەستێت.

خستنەسەرپێی یەکخستنی ناوچەیی

ڕێڕەوەکانی هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوەی ناوچەی کەنداوی فارس (Persian Gulf) لەمێژە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی دەرەکیی هێزە سەربازییەکان و ململانێ و ڕکابەرییە سەختە هه‌رێمایه‌تییه‌کانەوە. ئەمەیش کۆنتڕۆڵکردنی هورمز لەلایەن پۆرتوگالییەکانەوە لە بەشێکی سەدەکانی ١٦ و ١٧ و، هێزی دەریایی و ئاسمانیی بەریتانی و ئەمریکیی گرتووەتەوە.

لەوەتەی دامەزراندنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC) لە ساڵی ١٩٨١دا، سەرکردەکانی شەش وڵاتە ئەندامەکەی – بەحرێن، کوێت، عومان، قەتەر، عەرەبستانی سعوودی و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب – هەوڵەکانیان ئاراستەی یەکخستنی ناوچەیی کردووە. بەڵام سەرەڕای ٤٥ ساڵ لە لووتکە و ڕاگەیەنراوی هاوبەش، بەگشتی هاریکاریی ئابووری و سیاسی لەچاو گوتارەکاندا دوا کەوتووە.

جەنگی ئێستای ناو ئێران پێویستیی هاریکاریی کەنداوی زیاتر دەرخستووە و، لەوانەیە پڕۆژەی هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC Railway) ئەو ئامرازە بێت کە لە کۆتاییدا ئەم ئامانجەی پێ بەدی بهێنرێت.

پڕۆژەکە، کە لە (٣٠)یەمین لووتکەی ئەنجومەنەکەدا لە ساڵی ٢٠٠٩ ڕاگەیەنرا، ئامانجی دروستکردنی تۆڕێکی هێڵی ئاسنە بە درێژاییی ١٣٥٢ میل (٢١٧٧ کیلۆمەتر) بۆ بەستنەوەی شەش دەوڵەتەکەی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بەیەکەوە، بە تێچوویەکی خەمڵێنراوی ٢٥٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی. پلانەکە پێشبینیی خزمەتگوزاریی هێڵی ئاسنی ستاندارد (Standard gauge) بۆ گواستنەوەی کاڵا و سەرنشینان دەکات بەخێراییی نێوان ٥٠-٦٠ میل لە کاتژمێرێکدا (٨٠-١٠٠ کیلۆمەتر/کاتژمێر) بۆ کاڵا و ١٢٠ میل لە کاتژمێرێکدا (٢٠٠ کیلۆمەتر/کاتژمێر) بۆ سەرنشینان، کە هەموویان بە تەکنەلۆژیای ئەورووپی بۆ کۆنترۆڵکردنی شەمەندەفەر تەیار دەکرێن.

دوای پێشکەوتنێکی خاوی سەرەتایی، کە زۆربەی بەهۆی قۆناغەکانی دابەزینی نرخی نەوتەوە بوو کە بووە هۆی دواخستنی چەندان وەبەرهێنان لەم وڵاتە دەوڵەمەندانە بە سووتەمەنیی بەردین، لە ده‌یه‌ی ٢٠٢٠میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و عەرەبستانی سعوودی سەرکردایەتیی خێراکردنی پڕۆژەکەیان کرد.

دواتر جەنگی ئێران ڕووی دا. لە نیسانی ٢٠٢٦، لە ناوەڕاستی هێرشەکانی تاران (Tehran) بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و داخستنی قەیراناویی گەرووی هورمز، سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو لە شاری جەددە (Jeddah) لە سعوودیا کۆ بوونەوە.

دەوڵەتە پاشایەتییەکان لە کۆبوونەوەکەدا داوای زیادکردنی هاریکاریی ئاسایشی و، هەروەها بەستنەوەی هاوبەشی کارەبا و بۆڕیی نەوتیان لەنێوان دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو کرد. هەروەها بەڵێنی خێراکردنی کارەکانی دروستکردن و تەواوکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی ئەنجومەنەکەیان دا.

لە کاتێکدا وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بەرپرسیارن لە دروستکردن و بەکارخستنی بەشەکانی خۆیان لە پڕۆژەکەدا، تا ئێستا عەرەبستانی سعوودی و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب زۆرترین پێشکەوتنیان بەدەست هێناوە.

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب لە حوزەیرانی ٢٠٢٦دا هێڵی “ئیتحاد”ی خستە کار، کە سەرنشینان لەنێوان ئەبوزەبی (Abu Dhabi) و فوجەیرە دەگوازێتەوە. بڕیارە تا کۆتاییی ساڵ هێڵێکی خزمەتگوزاریی تەواو لە کەنداوی عومانەوە تا سنووری سعوودیا بکرێتەوە؛ هەروەها کارەکانی دروستکردنی بەشی نێوان میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و عومان بەباشی بەرەوپێش دەچێت؛ قەتەر، بەحرێن و کوێتیش خەریکی تێپەڕاندنی بەشەکانیانن بە پرۆسەکانی پلانداڕێژی و دیزاینکردندا.

پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٦دا، بەڕێوەبەری دەستەی هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو ڕای گەیاند، کە پڕۆژەکە گەیشتووەتە ٪٥٠ی تەواوبوون و لەسەر ڕێڕەوی دروستی خۆیەتی بۆ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٣٠دا بکەوێتە کار.

پەیوەندیی زیاتر بە ئەورووپا و ئاسیاوە

هەر کە پرۆژەکە تەواو ببێت، تۆڕەکە یەکەمین سیستەمی هێڵی ئاسنی یەکگرتوو و نێوان-سنووریی لە ناوچەی کەنداو دروست دەکات، کە لە بەندەرەکانی کەنداوی عومانەوە درێژ دەبێتەوە تاوەکوو شاری کوێت.

بەڵام پلانی یەکخستنی زۆر گەورەتر و گۆڕانکارتر خەریکە دادەڕێژرێت.

چەندان پەیوەندیی شیمانەیی بە ئەورووپاوە لەژێر لێکۆڵینەوە یان پەرەپێداندان.

هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو دەتوانێت لە ڕێگەی چەندان ڕێڕەوی جیاوازەوە کەنداوی عومان و هەر شەش وڵاتە ئەندامەکەی ئەنجومەنەکە بە ئەورووپاوە ببەستێتەوە:

  • لە کوێتەوە بەناو عێراق و تورکیادا.
  • بەناو عەرەبستانی سعوودیدا بۆ ئوردن، سووریا و تورکیا.
  • بەناو عەرەبستانی سعوودیدا، لە ڕێگەی ئوردنەوە بۆ بەندەری حەیفا (Haifa)ی ئیسرائیلی.
  • بەناو ”پردی وشکانی”ی عەرەبستانی سعوودی (Landbridge) بۆ بەندەرەکانی دەریای سوور و لە ڕێگەی کەشتییەوە بەناو نۆکەندی سوێس (Suez Canal).

بەندەرەکانی هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو لەسەر کەنداوی عومان، لەوانەیش بەندەری فوجەیرەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و دامەزراوە فراوانکراوەکانی سۆحار (Sohar) لە عومان، لە ڕێگەی دەریای عەرەب و زەریای هیندییەوە وڵاتانی کەنداو بە بازاڕەکانی ئاسیاوە دەبەستنەوە. ئەو تۆڕە لە کاتی قەیرانەکاندا جێگرەوەیەکی بەنرخ بۆ گەرووی هورمز دابین دەکات.

لە ئێستادا چەندان هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئەم ڕێڕەوانە لە ئارادان و لەلایەن وەبەرهێنانی گەورەوە لە ناوەوە و دەرەوەی کەنداو پشتیوانییان لێ دەکرێت.

ئەمانەیش ڕێڕەوی ئابووریی هیندستان-رۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا (India-Middle East-Europe Economic Corridor)  دەگرنەوە، کە لەلایەن هیندستان، یەکێتیی ئەورووپا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی کەنداوی فارسەوە پشتیوانیی دەکرێت؛ هەروەها پردی وشکانیی عەرەبستانی سعوودی لە ڕیازەوە بۆ شاری بەندەریی جەددە لەسەر دەریای سوور – کە پێشتر گرێبەستی دیزاینەکەی واژۆ کراوە؛ لەگەڵ پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی عێراق (Development Road Project).

لە حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، عەرەبستانی سعوودی و تورکیا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە پێکەوەبەستنەوەی هێڵی ئاسن واژۆ کرد کە بژاردەی بووژاندنەوە و نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنی سەد ساڵەی حیجاز (Hejaz Railway) لەخۆ دەگرێت، بە مەبەستی دووبارە بەستنەوەی تورکیا بە عەرەبستانی سعوودییەوە لە ڕێگەی ئوردن و سووریاوە.

هەر چوار دەستپێشخەرییەکە پلانیان هەیە هێڵەکانی ئاسن لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ ئەورووپا یان دەریای ناوەڕاست فراوان بکەن.

داڕشتنەوەی سیستەمی ناوچەیی و جیهانی؟

سەرباری ئەمانەیش، هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و پەیوەندییە داهاتووەکانی، زیاترن لە تەنیا ژێرخانێک. هەروەها دەیان ملیۆن گەشتیار لەنێوان سنوورەکاندا بۆ مەبەستی بازرگانی و گەشتوگوزار بەیەکەوە دەبەستێتەوە. تۆڕی هێڵە ئاسنییەکەیش گەشتکردن بۆ سەردانیکەرە نێودەوڵەتییەکان بەناو چەندان وڵاتی کەنداودا ئاسانتر دەکات و، دەرفەتی نوێ بۆ گەشتوگوزاری ناوچەیی دەڕەخسێنێت.

ئەم جۆرە پەیوەندییانە دەتوانن پشتگیری لە سەقامگیریی سیاسی و گەشەپێدانیش بکەن. بۆ نموونە، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی عێراق توانای هەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و عێراق لە دۆخێکەوە کە زۆر جار بە نیگەرانییە ئەمنییەکان و بڵاوبوونەوەی هەژموونی ئێران پێناسە دەکرێت، بگۆڕێت بۆ پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای پێکەوەبەستنی ئابووری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەشەپێدان بێت. بە هەمان شێوە، یەکگرتنی زیاتری ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو لەوانەیە ببێتە هۆی زیاتربوونی وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری لە سووریای دوای جه‌نگی ناوخۆ.

هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، پێکەوەبەستنە نوێیەکە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێکانی داهاتووی نێوان وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، وەک گەمارۆکەی قەتەر.

لە ماوەی کورتخایەندا، پێ دەچێت سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو باشتربوونی هاریکاریی ئابووری و سیاسی، وەک هاوسەنگییەک بەرامبەر بە ئێران ببینن. بەڵام لە ماوەی درێژخایەندا، کاریگەرییەکانی پڕۆژەکە لەوانەیە ببێتە هۆی باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو.

پێشبینیی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکان

لە ڕووی مێژوویییەوە، هێڵەکانی ئاسن کاریگەرییەکی وەرچەرخانئامێزیان هەبووە لە دروستبوونی وڵاتاندا، لەوانەیش ئەمریکا و کەنەدا. هەروەها ئەورووپایان بەیەکەوە بەستووەتەوە و یارمەتیدەر بوون لە مۆدێرنکردنی ژاپۆنی دوای جەنگ و چینی سەردەم.

باشترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە هێڵی ئاسنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، سەیرکردنییەتی لەو چوارچێوە مێژوویییە فراوانەدا. پڕۆژەکە زیاترە لە ژێرخانێکی فیزیکی، بەڵکوو نوێنەرایەتیی هەوڵێکی ستراتیژی و هاوبەش دەکات بۆ بەهێزکردنی توانای خۆڕاگریی هه‌رێمایه‌تی، قووڵکردنەوەی یەکخستنی ئابووری، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز و جێگیرکردنی پێگەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو وەک ئەڵقەی پێکەوەبەستنی ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا.

هێڵەکانی ئاسن ناتوانن ڕێگری لە جەنگەکان بکەن یان ڕکابەرییە جیۆپۆلیتیکییەکان نەهێڵن. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ژێرخان دەتوانێت ئەو پاڵنەر و ناسنامانە دابڕێژێتەوە کە ئاراستەی ڕەفتار و بڕیارەکان دەکەن. هێڵەکانی ئاسن دەتوانن هاریکارییەکی ناوچەییی پڕواتاتر بخەنە سەرپێ.

سەرچاوە:

https://theconversation.com/how-trains-can-transform-persian-gulf-politics-and-global-security-288055




ململانێ لە لووتکەی دەسەڵاتدا؛ کێبڕکێی فەرماندەکانی سوپای پاسداران لەسەر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی

نووسەر: داریۆش میعمار (به‌ فارسی: داریوش معمار)

بۆچی تەنیا چەند مانگێک دوای دانانی “زولقەدر” لە یەکێک لە هەستیارترین پۆستەکاندا، ناوبراو بەنیازە واز بهێنێت؟

لەم ڕۆژانەی دواییدا، ناوی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی جارێکی دیکە بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی پێشبینییە سیاسییەکان لە ئێران. بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی “محەمەدباقر زولقەدر” لە پۆستی سکرتێری ئەم ئەنجومەنە و ئەگەری دانانی “موحسین ڕەزایی” لە جێگەکەی، ئەوە دەردەخات کە نزیکەی پێنج مانگ دوای کوژرانی “عەلی لاریجانی”، ڕەوشی یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەکانی بڕیاردانی سیاسی و ئەمنیی کۆماری ئیسلامی هێشتا بەناڕوونی، کێبڕکێ و ململانێی ناو پێکهاتەی دەسەڵات ماوەتەوە.

نوێترین پێشهات لەم بوارەدا، ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ”سازندگی”یه‌. ڕۆژنامەکە هاوکات لەگەڵ ڕەتکردنەوەی هەواڵی دانانی موحسین ڕەزایی، بانگەشەی ئەوەی کرد “مەسعوود پزیشکیان” دژی دەستلەکارکێشانەوەی محەمەدباقر زولقەدر وەستاوەتەوە. ئەم گێڕانەوەیە، هەرچەندە ئەگەری گۆڕانکاریی خێرا لە سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کەم دەکاتەوە، بەڵام لە واقعدا پرسیارێکی گرنگتر دەورووژێنێت: بۆچی تەنیا چەند مانگێک دوای دەستبەکاربوونی زولقەدر لە یەکێک لە هەستیارترین پۆستەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بەنیازە دەست لەکار بکێشێتەوە؟

گرنگیی ئەم پرسە لە ئاڵوگۆڕێکی کارگێڕی تێ دەپەڕێت. بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پێشهاتەکانی دوای کوژرانی عەلی لاریجانی؛ ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی جەنگیدا بوو و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی زیاتر لە جاران ببووە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بڕیاردان لەسەر جەنگ، دانوستانەکان، سیاسەتی دەرەوە و هەماهەنگیی نێوان حکوومەت، هێزە چەکدارەکان و ناوەندەکانی دیکەی دەسەڵات.

لە مانگەکانی ڕابردوودا هەندێک ڕەوتی میدیاییی نزیک لە بەرەی پایداری (جبهه پایداری) هێرشیان کردە سەر زولقەدریش و لەنێویاندا پرسی نیشتەجێبوونی یەکێک لە منداڵەکانی لە دەرەوەی وڵات ورووژاند. سەرباری ئەمەیش، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی سەربەخۆ لەبەردەستدا نییە بیسەلمێنێت ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە دەستلەکارکێشانەوەکەیەوە هەبێت.

لە کوژرانی لاریجانییەوە تا دەستپێکی کێبڕکێ بۆ جێنشینی

عەلی لاریجانی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژرا. مەرگی ناوبراو تەنیا بە واتای سڕینەوەی بەرپرسێکی جێبەجێکار لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی نەبوو. لاریجانی دوای گەڕانەوەی بۆ ئەم ئەنجومەنە، پێگەیەکی گەورەتری لە سکرتێرێکی کارگێڕیی بەدەست هێنابوو و، ئامادەبوونی هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناو پێکهاتەی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی، وەک پێکهێنانی ئەنجومەنی بەرگری.

پێشینەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بەشداریکردن لە دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئەندامێتی لە ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم و پەیوەندی لەگەڵ باڵە جیاوازەکانی ناو دەسەڵات، قورسایییەکی سیاسیی بە لاریجانی دەبەخشی کە سکرتاریەتی ئەنجومەنەکەی لە دامەزراوەیەکی تەنیا هەماهەنگیکارەوە گەورەتر دەکرد.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دەستبەجێ دوای کوژرانی، کێبڕکێ لەسەر جێگرتنەوەی دەستی پێ کرد. ناوی “سەعید جەلیلی”، سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی دژ بە ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ، لەنێو بژاردەکاندا هاتە ئاراوە. تەنانەت ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوەیش بڵاو کرایەوە کە جەلیلیی وەک جێنشینی یەکلاکەرەوەی لاریجانی دەناساند؛ بانگەشەیەک کە بە دانانی محەمەدباقر زولقەدر ناڕاستییەکەی دەرکەوت.

لەو قۆناغەدا، ناوی “عەلی باقری کەنی” و لە هەندێک بازنەی سیاسییشدا “مستەفا پوورمحەمەدی” دەهێنرا. فرەچەشنیی ئەم بژاردانە ڕاستییەکی گرنگی ئاشکرا دەکرد: هەڵبژاردنی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئیتر تەنیا دیاریکردنی بەڕێوەبەرێکی ئەمنی نەبوو. ئەم پۆستە ببووە بەشێک لە کێبڕکێ بۆ دیاریکردنی ئاراستەی سیاسەتی دەرەوە، بەڕێوەبردنی جەنگ و ئاشتی و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەت، سوپای پاسداران، پەرلەمان و نووسینگەی ڕێبەر.

زولقەدر؛ فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە چەقی هاوسەنگیی دەسەڵاتدا

سەرەنجام لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦ی زایینی (24-03-2026)، “مەهدی تەباتەبایی”، جێگری پەیوەندییەکانی نووسینگەی سەرۆککۆمار، ڕای گەیاند کە ”بە ڕا و ڕەزامەندیی ڕێبەر” و بە فەرمانی مەسعوود پزیشکیان، محەمەدباقر زولقەدر وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دیاری کراوە.

زولقەدر بۆ پێکهاتەی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی کەسایەتییەکی نەناسراو نەبوو. پێشینەی فەرماندەییی قەرارگەی ڕەمەزان، سەرۆکایەتیی دەستەی ئەرکانی هاوبەش و جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، جێگری بەسیج لە دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بریکاری ئەمنیی وەزارەتی ناوخۆ، کارکردن لە دەسەڵاتی دادوەری و پاشان سکرتێری ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم، بەڕێوەبەرێکی بەئەزموونیان لەناو تۆڕی ئەمنیی کۆماری ئیسلامیدا لێ دروست کردبوو.

سەرباری ئەمەیش، دەستنیشانکردنی هەر لە سەرەتاوە پرسیارێکی سیاسیی دروست کرد: زولقەدر لە هاوسەنگییە نوێیەکەی دەسەڵاتدا، لە کام بەشی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییەوە نزیکتره‌؟

پەیوەندییە سیاسی و ڕێکخراوەیییەکانی سکرتێری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ “محەمەدباقر قالیباف”، بووە هۆی ئەوەی هەندێک لە شیکەرەوان دانانەکەی وەک نیشانەی بەهێزبوونی پێگەی سەرۆکی پەرلەمان لەناو پێکهاتەی ئەمنیی دوای جەنگدا لێک بدەنەوە. پێشوازیکردنی قالیباف لەم دەستنیشانکردنەیش بووه‌ جێی سه‌رنج. سەرۆکی پەرلەمان لە پەیامی پیرۆزبایییەکەیدا باسی لە ”ئەزموونە بەنرخە سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتییەکان”ی زولقەدر کرد.

لە هەفتەکانی دواتریشدا ناوی قالیباف و زولقەدر شانبەشانی یەکتر دەهێنرا و کاریگەریی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، سوپای پاسداران و نووسینگەی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی لە دیاریکردنی ڕێڕەوی دانوستانەکاندا زیاتر لە جاران سەرنجی خرایە سەر.

لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، پێشینەی دوورودرێژی زولقەدر لە سوپای پاسداران، دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەدا ڕێگە نادات ناوبراو تەنیا وەک ”بژاردەی قالیباف” هەژمار بکەین. ئەم کەسایەتییە بەرهەمی تۆڕێکی بەرفراوانتری پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە لە کۆماری ئیسلامیدا کە لە ماوەی چەندان دەیە لە دامەزراوە جیاوازە سەربازی، ئەمنی و سیاسییەکاندا دروست بووە.

ناڕوونی سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی سکرتێری نوێ

یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی زولقەدرەوە سەرنجی ڕاکێشا، شێوازی ڕاگەیاندنی فەرمانەکەی بوو. لە سەردەمی عەلی لاریجانیدا، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی هاوکات بوو لەگەڵ نوێنەرایەتیکردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەم ئەنجومەنەدا. بەڵام کاتی ناساندنی زولقەدر، تەنیا ڕاگەیەنرا کە ناوبراو ”بە ڕا و ڕەزامەندیی ڕێبەر” و ”بە فەرمانی سەرۆککۆمار” بووەتە سکرتێری ئەنجومەنەکە. لەو قۆناغەدا، بەپێچەوانەی هەندێک لە خولەکانی پێشووەوە، فەرمانێکی جیاواز و ئاشکرا سەبارەت بە دیاریکردنی وەک نوێنەری ڕێبەر بڵاو نەکرایەوە.

ئەم ناڕوونییە دواتر ئاڵۆزتر بوو؛ کاتێک محەمەدباقر قالیباف لە پەیامی سەرەخۆشیدا بۆ کۆچی دواییی باوکی زولقەدر لە مانگی ئایاردا، بە ”نوێنەری بەڕێزی ڕێبەری مەزنی شۆڕش و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی” ناوی برد. ئەم جیاوازییە لە دۆخێکدا گرنگییەکی زیاتر پەیدا دەکات کە “موجتەبا خامنەیی” دوای وەرگرتنی ڕابەرایەتی، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ئاشکرا و ڕوونی سەبارەت بە پێکهاتەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سنووری دەسەڵاتەکانی سکرتێرەکەی نەخستووەتە ڕوو.

تەنانەت ئەگەر پرسی نوێنەرایەتیی ڕێبەریش وەلا بنێین، جیاوازییەکی گرنگی دیکە لەنێوان عەلی لاریجانی و محەمەدباقر زولقەدردا هەیە کە ئەویش قورسایییەکی سیاسیی سەربەخۆیە. لاریجانی سیاسەتمەدارێک بوو کە ساڵانێک لە بەرزترین ئاستەکانی دەسەڵاتدا ئامادەییی هەبوو و لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەت، پەرلەمان، سوپای پاسداران، دەزگه‌ی دیپلۆماسی و نووسینگەی ڕێبەردا کاریگەرییەکی سەربەخۆی هەبوو. لەبەرامبەردا، زولقەدر زیاتر لەوەی سیاسەتمەدارێکی خاوەن بنکەیەکی سەربەخۆ بێت، بەڕێوەبەرێکی ئەمنی و سەربازییە و پێشینەیەکی دوورودرێژی لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا هەیە.

هەر ئەم جیاوازییە لە سەرەتاوە ئەو پرسیارەی هێنایە ئاراوە، ئاخۆ سکرتێری نوێ هەمان بڕی دەسەڵات و ئازادیی کارکردنی دەبێت کە لاریجانی لە مانگەکانی کۆتاییی ژیانیدا بەدەستی هێنابوو. دەرکەوتنی گشتیی کەمی زولقەدریش ئەم ناڕوونییەی زیاتر کرد. تەنانەت هەندێک لە میدیاکانی نزیک لە قالیباف لە مانگی جۆزەرداندا ڕەخنەیان لە بێدەنگییەکەی گرت و نووسییان کە سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە ماوەی نزیکەی دوو مانگدا تەنیا یەک پەیامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە.

ئێستا نۆرەی “موحسین ڕەزایی”یە؟

لە کەشێکی وەهادا، دەنگۆی نوێ دروست بووە: دەستلەکارکێشانەوەی زولقەدر و ئەگەری دانانی موحسین ڕەزایی. لێدوانەکانی “محەمەدباقر خەڕازی” یەکێک بوو لەو هۆکارانەی پەرەی بەم گومان و بۆچوونانه‌‌ دا. کاردانەوەی قسەکانی زۆر زوو لەگەڵ هەواڵەکانی پەیوەست بە ئەگەری گۆڕینی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی گرێ درا، تا دواجار ڕۆژنامەی ”سازندگی” گێڕانەوەیەکی جیاوازی بڵاو کردەوە: زولقەدر دەستی لەکار کێشاوەتەوە، بەڵام پزیشکیان دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند نەکردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، دەرکەوتنی موحسین ڕەزایی لە هەندێک ڕێوڕەسمی فەرمیدا شانبەشانی گەورەبەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و ئەو پێگەیەی لە پرۆتۆکۆڵی سیاسیدا پێی دراوە، سەرنجه‌كانی ڕاکێشا. ئەم ئامادەبوونانە پێش بڵاوبوونەوەی دەنگۆکانی ئەم دوایییەیش پرسیاری سەبارەت بە ئەگەری دیاریکردنی ئەرکێکی نوێ بۆ فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دروست کردبوو.

پێش باسی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییش، چه‌ند ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەرکردنی فەرمانی ”ڕاوێژکاری سەربازی”ی ڕێبەر بۆ موحسین ڕەزایی بڵاو کرابوونەوە، بەڵام هیچ فەرمانێکی سەربەخۆ بەم ناوەوە بە شێوەیەکی شەفاف و فەرمی بڵاو نەکرایەوە.

ئێستایش شێوازێکی هاوشێوە دووبارە دەبێتەوە. هەواڵێک سەبارەت بە یەکێک لە گرنگترین پۆستە ئەمنییەکانی وڵات لە ناوەندی سیاسیدا بڵاو دەکرێتەوە، ئاماژەکانی پشتڕاستکردنەوەی دەخرێنە ڕوو، بەڵام نە فەرمانی فەرمی لە ئارادایە و نە ڕەتکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە کە بتوانێت کۆتایی بە  مه‌زه‌نده‌ و گومانه‌كان بهێنێت.

کەواتە لەوانەیە کێشە سەرەکییەکە ئەوەیش نەبێت کە ئاخۆ موحسین ڕەزایی دەبێتە سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی یان نا. پرسیارە گرنگترەکە، بێدەنگیی لووتکەی هەڕەمی دەسەڵاتە سەبارەت بە دەنگۆیەک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە یەکێک لە هەستیارترین پۆستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە.

ئەم بۆشایییەی زانیاریپێدان مه‌زه‌نده‌ و گومانه‌كانی تریش زیاتر ده‌ورووژێنێت؛ لەوانەیش ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی و ئاستی بەشداریی ڕاستەوخۆی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری سێیەمی حکوومەتی ئێران، لە بڕیارە ئاسایی و ڕۆژانەکاندا هاتوونەتە ئاراوە. ئەم ئیدیعایانە بەهۆی نەبوونی زانیاریی سەربەخۆ و سنوورداریی دەرکەوتنە گشتییەکانییەوە بەتەواوی شایەنی پشتڕاستکردنەوە نین، بەڵام بێدەنگیی فەرمی سەبارەت بە بڕیارێک لە ئاستی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدا زەمینە بۆ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی لەم شێوەیە خۆش دەکات.

دەستلەکارکێشانەوەی زولقەدر؛ ناکۆکییەکە لەسەر چییە؟

بەڵام گێڕانەوەکەی ”سازندگی” پرسیارێکی گرنگی دیکەیش دروست دەکات: ئەگەر زولقەدر بەڕاستی دەستی لەکار کێشاوەتەوە و پزیشکیان دژی دەستلەکارکێشانەوەکەی وەستاوەتەوە، هۆکاری بڕیارەکەی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بۆ کشانەوە چی بووە؟

ئەم پرسیارە شانبەشانی ڕاپۆرت و گومان و بۆچوونه‌كانی چەند مانگی ڕابردوو سەبارەت بە ناکۆکیی پزیشکیان لەگەڵ بەشێک لە فەرماندەییی سوپای پاسداران گرنگییەکی زیاتر پەیدا دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، چەندان جار باس لە ناکۆکیی نێوان پزیشکیان و قالیباف لە لایەک و کەسایەتییەکانی وەک “ئەحمەد وەحیدی” لە لایەکی دیکەوە کراوە. بێ گومان بەشێکی بەرچاو لەم ڕاپۆرتانە تا ئێستا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە و دەبێت بەوریایییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

سەرباری ئەمەیش، ئەگەر گێڕانەوەی دەستلەکارکێشانەوەی زولقەدر ڕاست بێت و هاوکات بەشێک لە فەرماندە دێرینەکانی سوپای پاسداران خوازیاری گواستنەوەی پۆستی سکرتێری ئەنجومەنەکە بن بۆ موحسین ڕەزایی، دەتوانرێت ئەم پێشهاتانە لە چوارچێوەی کێبڕکێی دوو تێڕوانین لە لووتکەی پێکهاتەی دەسەڵاتدا شیکاری بکرێن.

لە لایەکی ئەم کێبڕکێیەدا، باڵێک هەیە کە دەکرێت حکوومەتەکەی پزیشکیان، قالیباف و دەزگه‌ی دیپلۆماسی لەناویدا ببینرێن؛ باڵێک کە لانی کەم لە ئاستی سیاسیدا پێداگرییەکی زیاتر لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە دەکات. لە لایەکی دیکەیشەوە، چه‌ند هێزێک هه‌ن کە بەرامبەر بە ڕێککەوتن ڕەشبینترن و پاراستنی کارتە سەربازی، ناوچەیی و ئەمنییەکان بۆ کۆماری ئیسلامی بەپێویست دەزانن.

موحسین ڕەزایی و گەڕانەوەی نەوەی کۆنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران

لە دۆخێکی وەهادا، هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی موحسین ڕەزایی واتایەکی گەورەتری لە گۆڕانکارییەکی کەسی دەبێت. ڕەزایی نزیکەی دوو دەیە فەرماندەی سوپای پاسداران بوو و بە یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی نەوەی یەکەمی فەرماندەکانی ئەم دامەزراوەیە دادەنرێت. گەڕانەوەی بۆ سەنتەری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، ئەویش لە قۆناغێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبەڕووی دەرەنجامەکانی جەنگ، دانوستانەکان و قەیرانە ناوچەیییەکان بووەتەوە، دەکرێت نیشانەی زیادبوونەوەی قورساییی فەرماندە کۆنەکانی سوپای پاسداران لە بڕیاردانە سیاسی و ئەمنییەکاندا بێت.

هەڵوێستەکانی ئەم دوایییەیشی بۆ هەڵسەنگاندنی گۆڕانکارییەکی لەم شێوەیە، جێی بایەخە. ڕەزایی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیی ١٥ی جۆزەرداندا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئێران بۆ دەیەکانی داهاتوو خۆی لەبەرامبەر جەنگدا ”بیمە” بکاتەوە. ناوبراو باسی لە گەرووی هورمز وەک یەکێک لە کارتە گرنگەکانی بەرپەرچدانەوە کرد و پێداگریی لەوە کرد کە لایەنی بەرامبەر، یان دەبێت مەرجەکانی ئێران قبووڵ بکات یان ئامادەی کاردانەوەی توند بێت. هەروەها جارێکی دیکەیش جەختی لەسەر پشتیوانیی ئێران بۆ حزبوڵا کردەوە.

ڕەزایی لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا سەبارەت بە دانوستانەکان گوتبووی، ئێران لە پیتاندن پاشەکشە ناکات و ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام، تاران دۆخی هەنووکەیی بۆ هەمیشە قبووڵ ناکات. کۆی ئەم هەڵوێستانە ئەوە دەردەخەن کە ڕەزایی لە بەراورد لەگەڵ ئەو ڕەوتانەی گەیشتنی خێراتر بە ڕێککەوتن وەک یەکێک لە ڕێگەکانی دەربازبوون لە قەیرانەکە دەزانن، پێداگرییەکی زیاتر لەسەر پاراستنی ئامرازە سەربازی، ناوچەیی و بەرپەرچدانەوە توندەکان دەکات.

کەواتە گەیشتنی بە سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، ئەگەر بێتە دی، دەکرێت لە گۆشەنیگای سیاسییەوە بە واتای گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێزە بڕیاردەرەکانی کۆماری ئیسلامی لێک بدرێتەوە.

ململانێ لەسەر کورسییەک یان نیشانەی گۆڕانی هاوسەنگیی دەسەڵات؟

قەیرانی تایبەت بە سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە دواجاردا زۆر گەورەترە لە چارەنووسی کەسیی محەمەدباقر زولقەدر. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کوژرانی عەلی لاریجانی، یەکێک لە سیاسەتمەدارە کاریگەر و سەربەخۆکانی خۆی لەناو پێکهاتەی ئەمنیدا لەدەست دا. جێنشینیی محەمەدباقر زولقەدر، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، هەر لە سەرەتاوە پرسیارگەلێکی سەبارەت بە گواستنەوەی سەنتەری قورساییی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دروست کرد. ئێستا تەنیا چەند مانگێک دواتر، ناوی یەکێکی دیکە لە فەرماندە کۆنەکانی سوپای پاسداران بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەمان کورسی هاتووەتە ئاراوە.

ئەگەر هەواڵەکانی دانانی موحسین ڕەزایی دواجار ببنە ڕاستی، دەکرێت وەک نیشانەی زیادبوونی پشکی نەوەی کۆنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە بڕیاردانە گەورەکانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی لە بواری جەنگ، دانوستانەکان و سیاسەتی هه‌رێمیدا هەژمار بکرێت.

هەروەها گۆڕانکارییەکی لەم شێوەیە دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر هاوسەنگیی هەنووکەییی نێوان حکوومەتەکەی پزیشکیان، پەرلەمانی ژێر سەرۆکایەتیی قالیباف، دەزگه‌ی دیپلۆماسی، فەرماندە سەربازییەکان و نووسینگەی ڕێبەر. بەڵام تەنانەت ئەگەر محەمەدباقر زولقەدریش لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، پرسیارە دروستبووەکان لەناو ناچن. لەو حاڵەتەیشدا، دەبێت ڕوون بێتەوە کە ئاخۆ بەڕاستی دەستی لەکار کێشاوەتەوە و ئەگەر وایە، چ ناکۆکی یان گوشارێک ناوبراوی تەنیا چەند مانگێک دوای دەستنیشانکردنی خستووەتە بیری وازهێنان.

لە هەردوو سیناریۆکەدا ڕاستییەک وەک خۆی دەمێنێتەوە: گرنگترین کورسیی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی دوای کوژرانی عەلی لاریجانی هێشتا نەگەیشتووەتە سەقامگیریی سیاسی. لە دۆخێکدا کە ئێران هێشتا ڕووبەڕووی دەرەنجامەکانی جەنگ، دانوستانەکان، گرژییە هه‌رێمایه‌تییه‌كان و کێبڕکێی ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات دەبێتەوە، هەڵبژاردنی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی تەنیا بڕیارێکی کارگێڕی نییە.

ئەم هەڵبژاردنە، دەکرێت یەکێک لە نیشانە گرنگەکان بێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێکی گەورەتر: لە پێکهاتەی نوێی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، کام تێڕوانین لە بەهێزبووندایە: ئەو تێڕوانینەی کە دانوستان و ڕێککەوتن وەک ڕێگەیەک بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کەمکردنەوەی گوشارەکان دەبینێت، یان ئەو ڕەوتەی کە خوازیاری زیادبوونی کاریگەریی فەرماندە سەربازییەکان، پاراستنی کارتە توندەکان و بەئامادەیی مانەوەیە بۆ قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە؟

هەر لەم سۆنگەیەوە، لەوانەیە گرنگتر لە خودی دەنگۆی دانانی موحسین ڕەزایی، ئەو بێدەنگییە بێت کە هێشتا لە دەوروبەریدا بەردەوامە؛ بێدەنگییەک کە نەک تەنیا کۆتاییی بە دەنگۆکان نەهێناوە، بەڵکوو جارێکی دیکە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کردووەتە ئاوێنەیەک بۆ بینینی درزەکان، هاوسەنگییەکان و کێبڕکێ شاراوەکانی لووتکەی پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

سەرچاوە:

https://www.independentpersian.com/node/421734/سیاسی-و-اجتماعی/کشمکش-در-راس-قدرت؛-رقابت-فرماندهان-سپاه-بر-سر-شورای-عالی-امنیت-ملی




“هاوپەیمانیی مەککە” و گەمارۆدانی ئێران لە سێ بەرە!

 

نووسینی: عەبدولڕەحمان ڕاشد

ڕوونە، ئەو جه‌نگەی ئێران دژی شانشینی عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی تری کەنداو دەستی پێ کردووە، جه‌نگێکی ئێرانی نییە دژی ئەمریکا یان ئیسرائیل. ئێران لە مانگی شوبات (فێبریوەری)ی ڕابردووەوە بە زیاتر لە هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرشی کردووەتە سەر سعوودیا، جگه لە مووشەکە بالیستییەکان کە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانیان کردۆتە ئامانج. بەتایبەت لەم دوایییانە، بۆ گەمارۆدانی سعوودیا، ئێرانییەکان جه‌نگەکەیان لە ڕێگەی خاکی دوو وڵاتەوە بەرفراوانتریش کرد، کە عێراق و یەمەنن.

ڕیاز لەبەرامبەردا تارانی تووشی سەرسوڕمان کرد بە دامەزراندنی بلۆکێک کە سێ وڵاتی دەوروبەری سنوورەکانی ئێران لە خۆی کۆ دەکاتەوە. ئەم هاوپەیمانییە به‌ڕاستی هاوسەنگیی هێز دژی ئێران هەڵدەگێڕێتەوە. ئێستا تورکیا و پاکستان بوونەتە دوو وڵاتی ڕووبەڕووبوونەوە و، چیتر تەماشاکەر نین. هێزێک بە قووڵاییی ستراتیژی و توانای سەربازیی گەورەتر و، چوار سەد ملیۆن کەس، کە چوار ئەوەندەی ئێرانە و، زیاتر لە هەزار و چوار سەد کیلۆمەتر سنووری وشکانی کە بەسەر ئێراندا دەڕوانێت. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، تورکیا ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆی ڕۆژاوایە و، پاکستان هێزێکی ئەتۆمییە و لە ڕووی سەربازییەوە نزیکە لە چین. هەنگاوێکی سعوودی؛ کە کاریگەریی دەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی ململانێکە و دانوستانەکان و، بە شێوەیەکی پلە بە پلە دەبێتە هۆی لەدەستدانی زۆربەی کارتی هێزی ئێران کە لە جه‌نگەکەیدا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەیبوو.

مانگی ڕابردوو، ئێران بە کردنەوەی دوو بەرە لە سنوورەکانی عێراق و یەمەنەوە، جه‌نگی خۆی بۆ سەر باکوور و باشووری سعوودیا پەرە پێ دا. ئەوە شتێکی مەترسیدار بوو کە هاوکات بوو لەگەڵ چالاکییەکانی وەلیعەهدی سعوودیا بۆ ڕێکخستنی “ڕێککەوتنی مەککە” و، ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی سەربازیی سێقۆڵی لەگەڵ تورکیا و پاکستان، کە لە ساڵی ڕابردووەوە لە قۆناغی ئامادەکاریدا بوو.

لە ماوەی یەک هەفتە، ئەمە دووەم هاوپەیمانییە کە سعوودیا دروستی کردووە و لە ماوەی یەک هەفتەدا ڕای گەیاندووە، دوای دامەزراندنی گرێبەستێکی سەربازیی دەریاییی نێودەوڵەتی کە ڕیاز سەرکردایەتیی دەکات.

گرنگیی هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا و پاکستان لەسەر سێ بەرەدا دەردەکەوێت: ڕاگرتنی ئێران، بازاڕی نەوت، هەروەها ڕای گشتیی عەرەبی و ئیسلامی.

بەرەی یەکەم خودی ئێرانە. په‌ره‌سه‌ندن یاخود زیادبوونی چالاکییه‌ سەربازییه‌كانی تاران، مەبەستەکانی لە فراوانکردنی بازنەی ململانێکە و، ڕەنگە دروستکردنی واقعێکی جوگرافیی نوێ لە کەنداو بە زه‌بری هێز، ئاشكرا ده‌كات. هاوپەیمانیی ڕیاز – ئەنقەرە – ئیسلام ئاباد، ئامانجی دروستکردنی، ڕاگرتنی هاوسەنگییەکە کە ڕێگری لە ئێران بکات لە بیرکردنەوە لە پەلاماردانی ناوچەی کەنداو و، بەئامانجگرتنی ئوردن و سووریا و یەمەنیش. فراوانکردنی بازنەی جه‌نگ تێچوویەکی زۆر ده‌خاته‌ سەر شانی سەرکردایەتیی ئێران.

ستراتیژیی تاران بۆ چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ جه‌نگ لەگەڵ ئەمریکادا لەسەر بارمتەکردنی نەوت وەستابوو. ئێران داخرانی گەرووی هورمز و، بۆردوومانکردنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی، کردبووە کارتی براوەی بۆ گوشارخستنە سەر زلهێزێک کە ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە بە شێوەیەکی یەکسان ڕووبەڕووی ببێتەوە. میحوەرە نوێیەکەی سعوودیا، ئێران لەم کارتە بێبەش دەکات.

جگە لەوە، تێبینی دەکەین کە هاوپەیمانیی سێقۆڵی، پشتگیرییەکی نێودەوڵەتیی گەورەی هەیە؛ بەو پێیەی زۆربەی حکوومەتەکان پێیان باش بوو لە جه‌نگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل و ئێراندا بێلایەن بن. گەلێک وڵات، بەوانەیش کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران بە ڕەوا دەزانن، پێیان وا بوو کە جه‌نگەکە بێ ئامادەکاریی یاسایی و دیپلۆماسیی پێویست ئەنجام دراوە. دەتوانین هەست بە پشتگیریی نێودەوڵەتی بکەین بۆ میحوەری سێقۆڵیی سعوودیا – تورکیا – پاکستان لە ڕێگەی پشتگیریی بەربڵاوی نێودەوڵەتی بۆ هاوپەیمانیی دەریاییی فرەنەتەوەیی کە سعوودیا هەفتەی ڕابردوو ڕای گەیاند و، ٤٣ دەوڵەت لە کۆبوونەوەکەی باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری لە ڕیاز بەشدارییان کرد. هەردوو پڕۆژەی “مەککە” و “دەریای سوور” بەرگریکارانەن و دژی دەستدرێژییەکانی ئێران ئاڕاستە کراون و، هەردووکیان لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە ئامادەکارییان بۆ کراوە.

ئەو بەرەیەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران پێک هێنراوه‌ تەنیا بۆ سعوودیا نییە، بەڵکوو ناوچەی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی جیهانی عەرەبییش دەگرێتەوە. ئامانجەکە ڕاگرتنی ئێرانە کە دوای تێکشکاندنی “حزبوڵڵا” و ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەدی هاوپەیمانی، زۆربەی بنکەکانی دەسەڵاتی لەدەست داوە؛ بۆیە بڕیاری دا ناوچەکە تێک بدات و واقعێکی جیۆپۆلیتیکی نوێ دروست بکات کە ڕێگەی پێ بدات دەستدرێژی بکاتە سەر وڵاتانی عەرەبی. ئاماژەکانی پلانی ئێران لە کاتی گەڕانەوەی جه‌نگ لە کۆتاییی مانگی شوباتی ڕابردووەوە دەرکەوت؛ بەو پێیەی هێرشەکانی زیاتر لەسەر سعوودیا و باقیی وڵاتانی کەنداو و ئوردن بوو، وەک لە به‌ئامانجگرتنی دوو نەیارەکەی لە جه‌نگەکەدا، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلن.

هەروەها بەرەی نەوتیش هەیە کە هاوپەیمانییەکە بەرگریی لێ دەکات- ئەو شه‌ڕه‌ی کە تەواوی جیهان چاوەڕوانی دەکات. ئێران هەردوو گەرووی هورمز و بابلمەندەب دادەخات و، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی کەنداو بۆردوومان دەکات و، هەوڵ دەدات جیهان ناچار بکات بۆ مەرجەکانی خۆی چۆک بدات. دەستبەجێ دوای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی سێقۆڵیی نوێ، بازاڕەکانی پەترۆڵ بەخێرایی کاردانەوەیان هەبوو و، بە دابەزینی نرخەکانی نەوت لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا پێشوازییان له‌ هه‌واڵه‌كه‌ کرد.

بەرەی سێیەم بریتییە لە ململانێ لەسەر ڕای گشتی، لەسەر دڵ و مێشکی نزیکەی سێ سەد ملیۆن عەرەب و زیاتر لە ملیارێک موسڵمان لە جیهاندا. ئەم خەڵکە سەیری جه‌نگێکیان دەکرد کە وا بازاڕگەرمیی بۆ دەکرا کە دەستدرێژییەکی ئەمریکی – ئیسرائیلییە دژی وڵاتێکی موسڵمانی ئاشتیخواز. لەبەر ئەوەیش كه‌ جه‌نگەکە زوو یەکلا نەبووەوە، ئێران گرنگیی بە پاساودانی دەستدرێژییەکانی دا و، دەستدرێژییەکانی بۆ سەر دراوسێکانی بەوە وێنە کێشا کە ئەوان لە سەنگەری ئەمریکی – ئیسرائیلیدان.

لە ڕووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانییەکەدا، بۆ دەزگه‌ی پروپاگەندەی ئێران و سەکۆکانی، سەخت دەبێت کە ملیارێک و نیو کەس قەناعەت پێ بکەن بە گێڕانەوەی خۆیان، کە پاکستان و تورکیا و سعوودیا وڵاتانی دژی عەرەب و موسڵمانانن! بەم شێوەیە سەرکردایەتیی تاران کە لەژێر زەویدا خۆی حەشار داوە، شەڕی پروپاگەندە دەدۆڕێنێت. بە ئەگەری زۆر ئەم دۆخە نوێیە دەتوانێت هەڵسوکەوتی دەستدرێژکارانەی تاران لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا بگۆڕێت.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت https://aawsat.com/%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A3%D9%8A/5304599-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%84%D9%81-%D8%B6%D8%AF-%D8%B7%D9%87%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%8E-%D8%B9%D9%84%D9%89-%D8%AB%D9%84%D8%A7%D8%AB-%D8%AC%D8%A8%D9%87%D8%A7%D8%AA




لە کوردەکانەوە تا ئەحمەدینه‌ژاد؛ گێڕانەوەی ڕۆژنامەنووسێکی ئیسرائیلی بۆ سەرکێشیی مۆساد بە مەبەستی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران

نووسەر: ناداڤ ئەیاڵ (Nadav Eyal)

ماڵپەڕ: یەدیعۆت ئەحرۆنۆت (YediotAhronot)

ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل پێش دەستپێکردنی جه‌نگ، پلانێکی بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ئێران هەبووە؛ پلانێک کە ناکۆکیی قووڵی لەنێوان مۆساد، سوپای ئیسرائیل و ئاستی سیاسیی ئەم وڵاتەدا دروست کردبوو.

ناداف ئەیاڵ، نووسەری ئەم ڕاپۆرتە، یەکێکە لە گۆشەنووسەکانی ڕۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرۆنۆت” و لە شرۆڤەکارە ناسراوەکانی ئیسرائیلە لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وتارە زۆر درێژەکەی بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: ”تێڕوانینێکی قووڵ بۆ ئۆپەراسیۆنی شێری ڕاساو (Operation Roaring Lion)؛ ئەو ئامانجە جەنگییەی كه‌ ئیسرائیل هەرگیز بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕای نەگەیاند، ئەو هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەی هۆشداریی دەدا کە شکستی ئەم پلانە لەوانەیە ئێران بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پاڵ پێوە بنێت، هەروەها ئەوەی مۆساد بە کوردەکانی وتبوو. ”

ئەیاڵ، کۆتاییی هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری و تێروتەسەلی لە ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، گەورەترین ڕۆژنامەی ئیسرائیل، سەبارەت بە چۆنێتیی بڕیاردانی ئیسرائیل بۆ چوونە ناو جه‌نگ لەگەڵ ئێران بڵاو کردبووەوە. ڕۆژی دووشەممە ٣ی ئاب لە وێبسایتەکەی خۆیدا نووسیی کە ئەم وتارە نوسخەیەکی هەمان ڕاپۆرتە و بۆ خوێنەرانی دەرەوەی ئیسرائیل وەرگێڕدراوە و دەستکاری کراوە.

ئەم ڕۆژنامەنووس و شڕۆڤەکارە دەنووسێت: ”هەر لە سەرەتاوە دەبێت خاڵێک ڕوون بکەمەوە. هێشتا چه‌ند به‌شێك لە پلانی مۆسادیان بڵاو نەکردووەتەوە؛ لەوانە ئەو توخمانەی بەپێی گێڕانەوەی چەندان سەرچاوە، زۆر جددی و قایلکەر بوون. بۆیە، ئەو پلانەی لێرەدا وەسف دەکرێت، تەواوی پلانەکە نییە و لەوانەیە لەچاو واقعدا سادەتر و سنووردارتر دەرکەوێت. سەرباری ئەمەیش، هەموو ئەو بابەتانەی لە خوارەوە هاتوون، لەسەر بنەمای وتەی ئەو کەسانەیە کە لە کۆبوونەوەکانی بڕیارداندا ئامادە بوون.”

وەرگێڕانی دەقی وتارەکەی ناداڤ ئەیاڵ:

وێناکردنی پلانی ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بوێری و مەبەستە سەرسوڕهێنەرەکەی، تا ڕاددەیەک مەحاڵە. ماندووکردنی حکوومەتێک لە ماوەی چەندان ساڵدا لە ڕێگەی سزاکان، ئۆپەراسیۆنەکانی دزەکردن و دروستکردنی وردە وردەی ترس و سەرلێشێواوی، بابەتێکە؛ بەڵام ڕاکێشانی سەرنجی مەحموود ئەحمەدینه‌ژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و ئینکارکەری هۆلۆکۆست، وەک بریکارێکی هەواڵگری و دواتر گەڕاندنەوەی بۆ دەسەڵات، بابەتێکی تەواو جیاوازە.

هەروەها دەستپێکردنی هێرشێکی هەمەلایەنە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە، هەر دەچێتە هەمان چوارچێوەوە. ئەمانە لەو جۆرە پڕۆژانەن کە تەنانەت زلهێزەکانیش لە جێبەجێکردنیاندا شکست دەهێنن. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئیسرائیل هەوڵێکی لەم شێوەیەی دەست پێ کرد و سەرچاوە و توانایەکی گەورەی بۆ بەرەوپێشبردنی تەرخان کرد.

لە هەفتەکانی ڕابردوودا، ڕۆژنامەکانی “نیویۆرک تایمز” و “هائارێتز” زۆر بابەتیان سەبارەت بەو هەوڵە بڵاو کردووەتەوە. ئەوەی لە خوارەوە دێت، وردەکاریی زیاتر بۆ دۆسیەی گەورەترین ئامانجی ناوچەیی زیاد دەکات کە ئیسرائیل تا ئێستا بەدوایدا چووە؛ واتە گۆڕینی حکوومەت لە وڵاتێکدا کە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دانیشتووی هه‌یه‌ و هێزێکی ناوچەیییە؛ هەوڵێک کە لە ناوەڕاستی جه‌نگ و بە هەماهەنگی لەگەڵ تاکە زلهێزی جیهان، واتە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەنجامیان دا.

لەو خستنەڕووەی مۆساد کە لە سەروبەندی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا پێشکەشی کابینەی ئیسرائیلی کرد، مەزەندە کرابوو کە بەدیهێنانی گۆڕینی ڕژێم لەنێوان ”یەک بۆ سێ ساڵ” کاتی پێویستە. ئەمە مەزەندەیەکی پارێزکارانە و واقعبینانە بوو، چونکە شۆڕشی ئیسلامییش لە شەو و ڕۆژێکدا ڕووی نەدا. بەڵام تێگەیشتنی وەزیرەکان لەم خستنەڕووە، شتێکی دیکە بوو. یەکێک لە وەزیرەکان پێی وتم: ”ئێمە وا تێ گەیشتین کە بڕیارە بە هەنگاوێکی خێرا و گشتگیر ڕژێم بڕووخێنین؛ لەناوبردنی ڕێبەری ئێستا، هێرشی هێزە کوردییەکان، بەکارهێنانی ئەحمەدینه‌ژاد وەک بریکارەکەمان و، هاتنەسەرشەقامی خۆپیشاندەران.”

سەرەتا جیاکردنەوەیەکی گرنگ

چەندان جار بە ناوی ”ئۆپەراسیۆنی مۆساد” ئاماژە بەم پلانە کراوە. بێ گومان مۆساد، دەزگه‌ی هەواڵگریی دەرەوەی ئیسرائیل، هێزی بزوێنەر و داڕێژەری سەرەکی و بەرەوپێشبەری ئەم پڕۆژەیە بوو. بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە، لە کۆتاییدا ئۆپەراسیۆنی حکوومەتی ئیسرائیل بوو کە کابینەی ئەم وڵاتە بڕیاری جێبەجێکردنی دا.

ئەم پلانە لەسەر بنەمای باوەڕێک دروست بوو کە سەرەتا لە ئاستی سیاسیدا جێگیر بوو و دواتر بەسەر دەزگه‌ی ئەمنیدا سەپاندیان. چونکە ئیسرائیل گەیشتە ئەو بڕوایەی کە بەبێ گۆڕینی ڕژێم لە تاران، نە قەیرانی ئەتۆمیی ئێران چارەسەری دەبێت و نە ڕووبەڕووبوونەوە و گرژیی نێوان ئێران و ئیسرائیل کۆتایی دێت.

جه‌نگی دوازدە ڕۆژەی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دەرفەتێکی دروست کردبوو و “دۆناڵد ترەمپ”یش لە کۆشکی سپی ئامادە بوو. لە تێڕوانینی ئیسرائیلەوە، دەبوو سوود لەم دەرفەتە ببینن، چونکە ڕه‌نگه‌ ئەم دەرگه‌یە داخرابایه‌. لە ڕوانگەی بڕیاردەرانەوە، تێچووی دەستەوەستانبوون، تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی مەترسیی شکستیش، لە تێچووی هەنگاوی سەربازی زیاتر بوو. بنیامین نەتانیاهۆ ئەم بابەتەی بەڕاشکاوی بە سەرۆککۆماری ئەمریکا وتبوو. ئەمە دۆکترینەکەی ئەو بوو.

ئەمانە تێگەیشتن یان لێکدانەوە نین. ئامانجە جەنگییەکانی ئۆپەراسیۆنی ”شێری ڕاساو” هەرگیز بە شێوەیەکی فەرمی بڵاو نەکرایەوە. بەڵام دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ زیاتر لە دە سەرچاوەی سەربازی و سیاسی، دەتوانین ئامانجی سەرەکیی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەم شێوەیە دابڕێژینەوە:

کەمکردنەوەی به‌رچاو یان لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی ئێران لە دژی ئیسرائیل دروستیان دەکات، لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلومەرجی سەربازیی پێویست بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ئێران.

لەوانەیە ئەمە ڕێک هەمان ئەو دەستەواژانە نەبێت کە لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا بەکاریان هێناوە، بەڵام ناوەڕۆکە سەرەکییەکە هەر ئەمە بوو: ”ڕەخساندنی هەلومەرجی پێویست بۆ گۆڕینی ڕژێم.” ئەم دەستەواژەیە دەرەنجامی جۆرێک لە سازش بوو کە بەشێکی بە بەشداریی سوپای ئیسرائیل دایان ڕشتبوو. سوپا هەر لە سەرەتاوە ڕای گەیاندبوو کە نازانێت چۆن بەتەنیا دەتوانن ببنە هۆی گۆڕینی ڕژێم. لە تێڕوانینی ئەرکانی گشتیی سوپاوە، ئەرکی سەرەکی بریتی بوو لە گەیاندنی زیانی ستراتیژی بە ئێران؛ واتە لاوازکردنی وردە وردەی تواناکانی به‌ تێپەڕینی کات. پشتیوانیکردنی مۆسادیش لە ڕوانگەی سوپاوە وەک ئەرکێکی لاوەکی هەژمار دەکرا.

بۆچی دەستەواژەی ”ڕەخساندنی هەلومەرج”یان بەکار هێنا نەک ”ڕووخاندنی ڕژێم”؟

یەکێک لە بەرپرسانی بەرگری لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا وتی کە، پێ دەچێت سوپا زانیبێتی ئامانجێکی لەم شێوەیە زۆر ئاڵۆزە و ڕەنگە تەنانەت پێی نەگەن. سوپا نەیدەویست بچێتە ناو جه‌نگێکەوە کە ئامانجەکەی ئەوەندە ڕەها بێت کە بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام بێت؛ تەنانەت زۆر زیاتر لەو کاتەی کە یەدەگی مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکانی ئیسرائیل وەڵامدەری پێداویستیی جه‌نگەکە دەبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، کابینە دەنگی بە ئامانجێک دا کە لە کرداردا هیچ شتێک نەبوو جگە لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێم. ئامانجێک بەم گەورەیییە کە هەندێک کەس بە زێدەخوازانە و تەنانەت خۆبەگەورەزانانە وەسفی دەکەن، چۆنێتیی تەرخانکردنی سەرچاوەکان دیاری دەکات و دەرەنجامی ناوچەییی زۆر قورسی لێ دەکەوێتەوە.

بە دەربڕینێکی تر، بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی ئێران گرنگییان هەبوو، بەڵام “جامی پیرۆز”ی ئەم جه‌نگە نەبوون و وەک پەیامی سەرەکیی جه‌نگە نوێیەکەیش هەژماریان نەدەکرد. ئەگەرچی ئۆپەراسیۆنەکەی ئایاری ٢٠٢٥ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی خستبووە پێشینەوە و لە ڕاستییشدا پیتاندنی وەستاند، بەڵام بڕیار بوو ئۆپەراسیۆنی ”شێری ڕاساو” ئەو شه‌ڕه‌ بێت کە کۆتایی بە هەموو شه‌ڕه‌كان بهێنێت، لایەنی کەم لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا.

تا ئەم ساتە، ئەنجامەکە بەم شێوەیە بووە: پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئێران، بەتایبەتی هێڵی بەرهەمهێنانی مووشەکە بالیستییەکان، زیانی جددییان بەرکەوتووە و ئەو زیانەیشی بەر بەرنامەی ئەتۆمی کەوتووە قووڵتر بووەتەوە. سوپای ئیسرائیل زیانێکی لە ئاستی سەدان ملیار دۆلاردا بە ئێران گەیاندووە و دەزگه‌ی هەواڵگریی ئیسرائیلیش دزەکردنێکی کەموێنەی لە پێکهاتەی حوکمڕانیی ئێراندا نیشان داوە. بەڵام ئەگەر ئامانجی ئۆپەراسیۆنی ”شێری ڕاساو” ڕەخساندنی هەلومەرج بووبێت بۆ گۆڕینی ڕژێم، دەبێت بڵێین کە حکوومەت هێشتا بەپێوە وەستاوە، پێکهاتەکەی خۆی پاراستووە و به شێوه‌یه‌كی به‌‌هێز حوکمڕانی دەکات.

کارەکتەرە دەرەکییەکانیش بوونە هۆی ئاشکرابوونی وردەکارییەکانی پلانی ئیسرائیل؛ لەوانەیش ڕۆڵی مەحموود ئەحمەدینه‌ژاد وەک یەکێک لە بریکارەکانی مۆساد. کاتێک ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل نەیتوانی بگاتە ئامانجە دیاریکراوەکەی، حکوومەتی ئێران توانیی لافی سەرکەوتن لێ بدات و بڵێت: ”ئێمە سەرکەوتین، چونکە بەزیندوویی ماینەوە. ”

ئەمە تەنیا یاریکردن نییە بە وشە

لە هاوینی ٢٠٢٥، ”تەوەری خۆڕاگری” لە سەرانسەری ناوچەکەدا گورزی بەرکەوتبوو و نزیکەی هەموو ڕاپرسییەکان نیشانیان دەدا کە ئیسرائیلییەکان هەست دەکەن سەرکەوتوون. بەڵام لە هاوینی ٢٠٢٦، زۆرینەی ڕەهای ئیسرائیلییەکان چیتر باوەڕیان وا نییە کە ئێرانیان شکست پێ هێناوە. بەپێی ڕاپرسییەکی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل، تەنیا ٪١١ پێیان وایە ئیسرائیل لەم جه‌نگەدا سەرکەوتووە و پێ دەچێت ئێستا ”تەوەری بەرگری” لە جاران سەقامگیرتر بێت.

هاوینی ڕابردوو ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی بەدەستەوە نەبوو؛ بەڵام ساڵێک دواتر دەستی بەسەر ڕێڕەوێکدا گرت کە بۆ ئابووریی جیهانی گرنگییەکی ژیانیی هەیە. بێ گومان، ئەم ڕژێمە ڕۆژێک دەڕووخێت، بەڵام زۆر دوورە ئەم جه‌نگە ”هەلومەرجی پێویست”ی بۆ ڕووخانی ڕەخساندبێت.

ئەم چیڕۆکە تەنیا سەبارەت بەو سەرکێشییە نییە کە نەگەیشتە ئەنجام. زۆرێک لەو کەسانەی لەم بڕیارانەدا بەشدار بوون، پێیان وایە ئەگەر واشنتۆن سەبارەت بە پێکهاتە سەرەکییەکانی پلانەکە هەڵوێستی نەگۆڕیبایە، ئۆپەراسیۆنەکە دەیتوانی سەرکەوتوو بێت. لەبەر ئەوەی چەند بەشێک لە پلانەکە هێشتا بەنهێنی هێشتراونەتەوە، بۆیە بەڵگەی پێویست نییە بۆ بڕیاردانی یەکلاکەرەوە.

ڕاستییەکەی، ئەمە گێڕانەوەیەکە لە شکستێکی پێکهاتەیی (بونیادی)؛ ئەوەی كه‌ چۆن ئامانجێکی ستراتیژی و گەورە، واتە گۆڕینی ڕژێم، بوو بە ئەرکێکی جێبەجێکاری، بەبێ ئەوەی ئاستی سیاسی، سوپای ئیسرائیل و مۆساد هەرگیز لەسەر سروشتی ڕاستەقینەی، ئاستی گرنگییەکەی، توانای جێبەجێکردنی و گونجانی ئامرازەکان لەگەڵ ئامانجەکەدا، بگەنە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە. ئێستا کە سەیری ڕابردوو دەکەن، زۆربەی لایەنە تێوەگلاوەکان تەنانەت سەبارەت بە ڕاستییە بنەڕەتییەکانی ئەم ڕووداوەیش هاوڕا نین.

ئەحمەدینه‌ژاد دێتە ناوەوە

کوشتارەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر و بڕیارەکەی عەلی خامنەیی بۆ چوونەناو جه‌نگی ڕاستەوخۆ و دووبارە لەگەڵ ئیسرائیل، نەتانیاهۆی گەیاندە ئەو دەرەنجامەی کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بکاتە باڵاترین ئامانجی سیاسەتی ئیسرائیل. هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، مۆساد سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و ئاڵۆز بوو بۆ دزەکردنە ناو پێکهاتەی حکوومەتی ئێران. هەروەک چۆن پێشتر ڕاپۆرتە جیاوازەکان ئاشکرایان کردووە، دەیڤد بارنیا، سەرۆکی مۆساد، لە بوداپێست لەگەڵ مەحموود ئەحمەدینه‌ژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، کۆ بووەوە؛ دیدارێک کە دەرەنجامی ئەو پەیوەندییانە بوو کە ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوون.

ئەحمەدینه‌ژاد وردە وردە بوو بە یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکان بۆ گێڕانی ڕۆڵ وەک جێگرەوەیەک لە ناوخۆی ئێراندا. لە ڕوانگەی داڕێژەرانی ئەم پلانەوە، پێشینەی ئامادەبوونی لەناو دڵی سیستەمەکەدا وای دەکرد لە ڕوانگەی ڕای گشتیی ئێرانەوە وەک کەسایەتییەکی متمانەپێکراوتر و باوەڕپێکراوتر دەربکەوێت. هەروەها ئەو شتەی کە وەک ”بەڵگەی شیکاری” سەبارەت بە ئاستی جەماوەریبوون و پێگەی ئەحمەدینه‌ژاد لە کۆمەڵگەی ئێراندا وەسف دەکرا، خستیانە بەردەست بەرپرسە سیاسییەکانی ئیسرائیل؛ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی کە مۆساد لافی ئه‌وه‌ی لێ ده‌دا چەندان جار پشتڕاستیان کردووەتەوە و یەکلایی بوونەتەوە.

بەڵام نەتانیاهۆ ڕووبەڕووی دژایەتیی پاساوبۆهێنراوی فەرماندەکانی ئەوکاتی سوپای ئیسرائیل بووەوە. هێرتسی هالێڤی، سەرۆکی ئەوکاتی ئەرکانی گشتیی سوپا و ئاهارۆن هالیڤا، سەرۆکی ئەوکاتی هەواڵگریی سەربازی، لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا جەختیان کردەوە کە توانای داڕشتن و جێبەجێکردنی گۆڕینی ڕژێم لە وڵاتێکی وەک ئێراندا زۆر سنووردارە.

ئەوان هۆشدارییان دا کە پلانە پێشنیارکراوەکان، لەوانەیش پلانی مۆساد لەبەرامبەر دزەکردن و باڵادەستیی کۆماری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا، لەڕاددەبەدەر زێدەخوازانە و لە کرداردا بەتاڵن. یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئەوكاتیش، قایل نەبوو. ئەم گومانانە سەرباری گۆڕینی فەرماندەکانی سوپاش بەردەوام بوون و لە سەردەمی ئەیاڵ زامیر وەک سەرۆکی ئەرکانی گشتی و شلۆمی بیندەر، وەک سەرۆکی هەواڵگریی سەربازییشدا هەر مانەوە.

لە دەرەوە، لەوانەیە ئەم بەرگرییەی سوپا سەیر دەرکەوێت. مەگەر ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی چ کێشەیەکی هەیە؟ بۆچی نابێت لانی کەم هەوڵی بۆ بدەن؟

بەڵام سیاسەتی بەرگری لەسەر بنەمای زنجیرەی لەپێشینەکان دروست دەبێت و بەگشتی هیچ ئارەزوویەک نییە بۆ ئەوەی سەرچاوەی گەورە لە پلانێکدا خەرج بکەن کە هەر لە سەرەتاوە ئەگەری شکستهێنانی زۆرە. وەڵامە ستراتیژییەکە زیاتر پەیوەندیی بە جه‌وهه‌ری خودی ئامانجەکەوە هەیە: ئەگەر هەوڵ بۆ ڕووخاندنی ڕژێم بدەیت و شکست بهێنیت، ئەوا لە ڕاستیدا ئایەتوڵڵاکان سەرکەوتوون.

بەڵام دوای جه‌نگی دوازدە ڕۆژە، هەلومەرجەکە گۆڕا. ئێران بە شێوەیەکی ئاشکرا گورزی بەرکەوتبوو کە بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل، ”چاوەکانمان بۆ ئەگەری دروستبوونی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی جیاواز کرایەوە.”

”ئارەزووی خواردن، بە خواردن زیاتر دەبێت”؛ واتە سەرکەوتنە سەرەتایییەکان، سەرکردەکانی ئیسرائیلیان گەیاندە ئەو باوەڕەی کە دەتوانن بەدوای ئامانجی زۆر گەورەتریشدا بچن، لەوانەیش گۆڕینی ڕژێم لە ئێران. تا هاوینی ٢٠٢٥ ڕوون ببووەوە کە ئێران خێراتر لەوەی چاوەڕێ دەکرا خەریکی نۆژەنکردنەوەی جبەخانەی مووشەکە بالیستییەکانییەتی. هەروەها به‌قه‌د ئه‌وه‌یش ڕوون بوو کە ئیسرائیل ناتوانێت تەنیا لە ڕێگەی قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی هێرشی ئاسمانییەوە کۆنترۆڵی ئێران بکات؛ ئەو دۆکترینەی بە ”شەڕی نێوان جەنگەکان” ناسراوە، واتە هەمان ئەو لاوازکردنە کەمتوندوتیژییەی کە ئیسرائیل ساڵانێک بوو لە دژی چەسپاندنی ئامادەییی ئێران لە سووریا و لوبنان پەیڕەوی دەکرد.

بەرپرسێکی باڵا کە لە گفتوگۆکانی کابینە و ئەنجومەنی ئاسایشی کابینەکەدا ئامادە بووە، پێی وتم: ”ئێمە بیرمان لەوە کردەوە تەنیا یەک چارەسەری ستراتیژی بۆ ئەم کێشەیە هەیە: گۆڕینی ڕژێم. ئەگەرنا مەحکوومین بەوەی بەردەوام ئەم سەتڵە خاڵی بکەینەوە؛ هەندێک جار بە کەوچکێکی چا، هەندێک جاریش بە کەوچکێکی گەورە. ئەم کارە بەردەوام نابێت.”

تا ئەو کاتە، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی مۆساد هەڵوێستێکی هاوبەشیان دۆزیبووەوە. ئەوەی کە دەتوانرێت و دەبێت هەوڵ بۆ گۆڕینی ڕژێم بدرێت و مۆسادیش بەقووڵی سەرقاڵی چالاکییە مەیدانییەکان بوو بۆ ئامادەکردنی زەمینەی کودەتایەک. سوپای ئیسرائیلیش لای خۆیەوە، تواناکانی سوپای پاسدارانی دەستنیشان کردبوو کە دووبارە بنیات نرابوونەوە. سوپا هێشتا سەبارەت بە ڕووخاندنی ڕژێم گومانی هەبوو، بەڵام سەبارەت بە پڕۆژەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و بەشە ماوەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە هەستی بە پەلەکردن دەکرد.

ئیسرائیل دەستی بە وەبەرهێنانێکی گەورە کرد بۆ ئامادەکاریی جه‌نگێکی دووەم و گەورەتر. ئەم جیاکردنەوەیە گرنگە: لە ئاستی سیاسیدا، هەر لە سەرەتاوە، پلانەکە هەوڵێک بوو بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. بەڵام لە ناوخۆی سوپای ئیسرائیلدا، سه‌ر‌نجه‌كه‌ زیاتر لەسەر کۆتاییهێنان بە بەشە سەربازییەکەی ئەو کارە تەواونەکراوەی قۆناغی پێشوو بوو، واتە؛ مووشەکە بالیستییەکان، پیشەسازییە بەرگرییەکان و بەرنامەی ئەتۆمی. مۆساد هەڵی سەنگاند کە دەتوانن و دەبێت ئەم ئۆپەراسیۆنە لە مانگی ئایار یان حوزەیرانی ٢٠٢٦ جێبەجێ بکەن. سوپای ئیسرائیل باسی پاییزی ٢٠٢٦ی دەکرد. سەرۆکوەزیرانیش بێوەستان گوشارێکی زۆری دەهێنا بۆ ئەوەی کاتی ئۆپەراسیۆنەکە پێش بخات.

لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان و پشێوییەکان لە سەرانسەری ئێران دەستیان پێ کرد. دەتوانین بەدڵنیایییەوە وای دابنێین کە بەشی دزەکردنی مۆساد هەر شتێکی بۆ یارمەتیدانیان لەدەست هاتبێت، ئەنجامی داوە و، ئەمە ڕێک هەمان ئەو ئامانجەیە کە بۆی دروست کرابوو. حکوومەتی ئێران بە کۆمەڵکوژیی بەرفراوانی هاووڵاتییانی ئێرانی وەڵامی دایەوە. ئەگەر ئۆپەراسیۆنی ”شێری ڕاساو” لە ساڵی ٢٠٢٥ بووبێته‌ هۆی ڕەزامەندییەکی قووڵ لەناو پێکهاتەی ئەمنیدا، ئەوا ناسەقامگیرییەکەی ئێران لە کانوونی دووەمدا جۆرێک لە دڵخۆشیی لەڕاددەبەدەری دروست کرد. سەرۆک ترەمپ بەڵێنی دا کە بە هانای خۆپیشاندەرانەوە دەچێت. مۆساد و سوپای ئیسرائیل لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە فەرمانیان پێ درا کە بۆ شەڕە گەورەکە ئامادە بن و خێرایی بە بەرنامەکان بدەن بەرەو جێبەجێکردنیان.

لە ماوەی کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٦، تەواوی سیستەمی ئیسرائیل لەسەر ئامادەکاریی شەڕەکە چڕ ببووەوە. پلانەکان هێشتا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی ڕووخانی ڕژێم. دەستەواژە ئۆپەراسیۆنییەکە ئەمە بوو: ”دەرفەتەکە لەدەست مەدەن.”

پلانی کوردەکان

کوردەکان بوونە بەردی بناغەی پلانی کودەتاکە. بڕیار بوو ئەوان لە ڕۆژاواوە بچنە ناو ئێران، شار بە شار پێشڕەوی بکەن، لەسه‌ر ڕێی خۆیان کورد و ئێرانیی زیاتر بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بەرەو تاران بجووڵێن. هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، لەدوای قۆناغی سەرەتاییی بۆردوومانەکە، بڕیار بوو خەڵکیش هاوشێوەی مانگی کانوونی دووەم بڕژێنە سەر شەقامەکان. ”گەردەلوولێکی تەواوەتی.”

لە ڕووی لۆجستییەوە، بەپێی ئەوەی بڵاو کراوەتەوە، ئیسرائیل چەکی خستە بەردەستیان. هەروەها هەوڵی دا هاوپەیمانییەکی کوردی پێک بهێنێت. لێرەدا دەبێت کەمێک بوەستین. ئەفسەرە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل کە ساڵانێکە لەسەر ئێران کار دەکەن، هەر جۆرە پشتبەستنێک بە کوردەکان لە یەکەم تێڕوانیندا بە خەیاڵێکی گەورە و ناواقعی دەزانن. وەڵامی مۆساد ئەوە بوو کە ئێران بواری پسپۆڕی و گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنی ئەوانە. بڕیار نەبوو کوردەکان ئێران کۆنترۆڵ بکەن، بەڵکوو ڕۆڵی سەرەکییان ئەوە بوو کە ڕژێم سەرقاڵ و پەککەوتوو بکەن تاوەکوو خەڵک بتوانن بیڕووخێنن.

زۆرێک لە کێشە پەیوەندیدارەکان بە کوردەکانەوە سروشتێکی سیاسییان هەبوو، بۆ نموونە؛ چۆنچۆنی كۆمه‌ڵێک گرووپی ڕکابەری یەکتر ناچار بکەن پێکەوە کار بکەن و، چۆن ئەم هاوکارییە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێراندا. لەوانەیش، ئیسرائیل داوای له‌ كورده‌كان كرد لەژێر ئاڵای شێر و خۆردا (ئاڵای سەردەمی پاشایەتی؛ به‌ فارسی: پرچم شیر و خورشید) بجه‌نگن، نەک لەژێر ئاڵای کوردیدا، بۆ ئەوەی ئەم هێرشە وەک ڕاپەڕینێکی نەتەوەییی ئێرانی سەیر بکرێت، نەک بزووتنەوەیەکی جوداخوازانەی کوردی. ئیسرائیل ڕێوشوێنی پێویستی بۆ دابینکردنی ئەم ئاڵایانە گرتە بەر.

پلاندانانەکە تا بچووکترین وردەکارییەکان ڕۆیشتبوو. مۆساد دەیویست ڕێگری بکات لە مەترسیی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی نەتەوەیی لەلایەن کوردەکانەوە لە سەرانسەری ئێراندا لە کاتی پێشڕەویکردنیان. ئەو مەرجەی بۆیان دیاری کرابوو، لە ناوخۆی مۆساددا بە ناوی ”دە فەرمانەکە” دەناسرایەوە: کوشتن، تاڵانکردن، دزیکردن، دەستدرێژی یان تاوانی جەنگ قەدەغەیە. ئیسرائیلییەکان هۆشدارییان پێ دان: ”ئەگەر لەم ئامانجە لا بدەن، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل پاڵپشتیتان ناکات و ڕژێمیش کۆمەڵکوژتان دەکات.”

هێزی ئاسمانی، خاڵە بنەڕەتییەکە بوو. ئیسرائیل بە کۆشکی سپی، سەرۆک ترەمپ یان ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA)ی نەوت کە پلانەکە، هێرشێکی کوردییە؛ بەڵکوو وەک ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی کوردەکان و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل وەسفی کرد. ئەمە چوارچێوەیەکی ڕوون بوو کە خرابووە ڕوو. بڕیار بوو هێزی ئاسمانی ڕێڕەوی وشکانی بۆ کوردەکان بکاتەوە و ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببێتەوە کە دروست دەبن. هێزە کوردییەکە کە لە سەرەتادا خاوەنی نزیکەی ١٥ هەزار چەکدار بوو، بڕیار بوو شارەکان ئازاد بکات و له‌سه‌ر ڕێی خۆیان ئێرانیی زیاتر ڕابکێشێت تا ئەو کاتەی ژمارەیان دەگاتە ”١٥٠ هەزار بۆ ٢٠٠ هەزار کەس” و لەژێر ڕووماڵی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بەرەو تاران پێشڕەوی بکەن. بڕیار بوو پێش ئەوە ڕووداوی دیکەیش ڕوو بدەن؛ پشێوی لەناو کەمینەکانی دیکە و، هەروەها خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاووڵاتیان لە سەرانسەری ئێران، ماوەیەک دوای دەستپێکردنی هێرشەکە.

کێ بوو؟ کێ بوو؟ من نەبووم!

سوپای ئیسرائیل زۆر حه‌زی له‌ وشەی ”تیکلوول”(tichlul) ە، واتە یەکخستن و هەماهەنگکردنی هەڵمەتێک لە هەموو بەشەکانیدا. لە ئیسرائیل، ڕۆڵی هەماهەنگکەری سەرەکیی جه‌نگەکان لە ئەستۆی سوپایە. “ئامان”، دەزگه‌ی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی زۆر نیگەران بوو و بەشی توێژینەوەکەی هەڵسەنگاندنێکی ئامادە کرد کە تێیدا ئەگەری سەرکەوتنی بە کەم زانیبوو. وەک چۆن مایکڵ هاوزەر تۆڤ لە ڕۆژنامەی هائارێتز ڕاپۆرتی لەسەر داوە، لیوا شلۆمۆ بیندەر، سەرۆکی هەواڵگریی سەربازی، گوتبووی کە ئەگەری ڕووخانی ڕژێم کەمە. پاساوەکەی ڕوون بوو: ئەوەی کە ناکرێت پشت بە کوردەکان ببەسترێت و ئاستی پاڵپشتیی ئەمریکاش ”نادیارە”. هەواڵگریی سەربازی هەروەها هۆشداریی دا کە حکوومەتی ئێران دەستبەجێ ئینتەرنێت دەبڕێت و، ئەمەیش ئەگەری هەماهەنگیکردنی هەر شۆڕشێک بەتوندی کەم دەکاتەوە.

هۆشدارییەکی تریش هەبوو؛ هۆشدارییەکی جددیتر و دراماتیکتر. بەشی توێژینەوە پێی وا بوو کە ئەگەر هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێم شکست بهێنێت، ئەوا مەترسیی هەنگاونانی خێرای ئێران بەرەو بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی زیاد دەکات؛ مەترسییەک کە بە وتەی ئەوان دەبووایە ڕێوشوێنی خۆپارێزیی بۆ بگرنە بەر.

ئەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکی نووسراودا خرایە ڕوو. لە کرداردا، ئەم ڕاپۆرتە هۆشداریی دەدا کە باجی شکستهێنان لە گۆڕینی ڕژێمدا دەتوانێت زۆر قورس بێت. زۆرێک لە پسپۆڕانی کاروباری ئێران ئێستا لەو باوەڕەدان کە موجتەبا خامنەیی بەڕاستی سەرقاڵی تاوتوێکردنی هەنگاونانی خێرایە بەرەو دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

بەرپرسێکی بەرگری کە خاوەنی ئەزموونێکی درێژە پێی وتم: ”دەرەنجامی دروست لە ناڕەزایەتییەکانی کانوونی یەکەمەوە تا کانوونی دووەم، دەبووایە ئەوە بووایە کە ڕژێم لە شەڕی مانەوەی خۆیدا سەرکەوتووە. خۆپیشاندەران کوژران. هاوڕێکانیان پاشەکشەیان کرد. ڕژێم هێزی کوشندەی بەکار هێنا. ئەم بابەتە بەڵگەیەکی تەواوە لە دژی ئەوەی کە دوو مانگ دواتر دووبارە هەوڵی ڕووخاندنی بدەینەوە.”

ئەمانە خاڵی جددین. پسپۆڕانی کاروباری ئێران لە سەرانسەری جیهان، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ وردەکارییەکانی پلانی ئیسرائیل، کاردانەوەیەکی مه‌یله‌و سووکایەتیپێکردن نیشان دەدەن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، پێکهاتە زەبەلاحەکەی کۆماری ئیسلامی، ناکرێت بە هەڕەشەیەکی دەرەکیی لەم شێوەیە بڕووخێنرێت، بەتایبەتی لە دۆخێکی جەنگیدا. لە ڕواڵەتدا، گومانەکانی هەواڵگریی سەربازی پشتڕاست کرابوونەوە. بەڵام لە مۆساد گێڕانەوەیەکی تەواو جیاواز دەخرێتە ڕوو، کە هەواڵگریی سەربازی هیچ جۆرە دژایەتییەک یان گومانێکی جددیی نەبوو، بەڵکوو هاوکارییەکی بەرچاوی نواند.

کاتێک لەگەڵ بڕیاردەرە سیاسییەکان قسەم کرد، لەوانەیش هەندێکیان کە بەتوندی ڕەخنەیان لە پلانی گۆڕینی ڕژێم لەلایەن مۆسادەوە دەگرت، ئەوان وتیان کە هیچ هۆشدارییەکی توند و جددییان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە سەبارەت بە پلانی ڕووخاندنی ڕژێم نەبیستبوو.

ڕاستییەکەی، ئەوان دەڵێن هیچ جۆرە دژایەتییەکیان نەبیستووە؛ نە لە کۆبوونەوە سنووردارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی کابینەکە و، نە لەو کۆبوونەوەیەی کە تێیدا کابینە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی بە سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری دا.

یەکێک لەوان پێی وتم: ”ئایا بەڕاستی بە لاتەوە مه‌عقووڵه‌ ئێمە هەموو ئەم هەڵسەنگاندنە ڕەشبینانەیە ببیستین؛ ئەوەی کە هیچ شانسێکمان نییە، ئەوەی کوردەکان جددی نین، ئەوەی ئەمریکییەکان لەگەڵمان نین، ئەوەی لەوانەیە ئێران بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بڕوات، ئەوەی ئەم پلانە شکست دەهێنێت؟ بەڵام ئەمە نەبێتە هۆی مشتومڕێکی گەورە؟”

وەزیرێکی تریش پێی وتم: ”سوپای ئیسرائیل تا ڕاددەیەک هاوڕا بوو. ئەگەر تێبینییەکیشی هەبووایە، ئەوا زۆر بەلاوازی دەری دەبڕی. ئەمە تەنیا پلانی مۆساد نەبوو، بەڵکوو ئامانجی جه‌نگ بوو. سوپا تێیدا بەشدار بوو و بڕوایشی پێی هەبوو و، ئەگەر زۆریش بڕوای پێی نەبووبێت، ئەم بابەتە هەرگیز بە ئێمە نەگەیشتووە.”

من لەگەڵ زۆر کەس کە لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بوون قسەم کرد و، هەموویان نوسخەیەکی هاوشێوەیان لەم گێڕانەوەیە خستە ڕوو: سوپا بەتەواوی هاوڕا بوو. بەڵام سوپای ئیسرائیل ئەم گێڕانەوەیە بەتەواوی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت کە هەر گومان و هەر مەترسییەکیان لە کۆبوونەوە پەیوەندیدارەکاندا خستووەتە بەردەم بڕیاردەران؛ هەم بە شێوەی زارەکی و هەم بە نووسراو و، بەڵگەنامە فەرمییەکانیش ئەم بابەتەیان تۆمار کردووە.

ئەم دژبەیەکییە چۆن لەگەڵ وتەی وەزیرەکاندا ڕوون دەکرێتەوە؟ بەرپرسە باڵاکانی پێشوو لە پێکهاتەی بەرگریی ئیسرائیلدا وەڵام دەدەنەوە کە هەندێک جار وەزیرەکان شتێک دەبیستن کە دەیانەوێت بیبیستن. کاتێک شتێک شکست دەهێنێت، ئەوان دەڵێن کە پێشتر هیچ هۆشدارییەکیان پێ نەگەیشتووە.

ئەم بابەتە پرسیارێکی حاشاهەڵنەگر دەهێنێتە ئاراوە: لە کام مشتومڕ و لە کام دامەزراوەدا ئەم هۆشدارییانە باس کراون؟

کابینە بەتەواوی ته‌قریبه‌ن هەرگیز تاوتوێی پلانی گشتگیری نەکرد، چونکە نیگەرانی دزەپێکردنی زانیارییەکان بوو. کەواتە چی دەمێنێتەوە؟ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی کابینەکە و هەندێک کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری.

هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە نەتانیاهۆ ڕاپۆرتی بەشی توێژینەوەی هەواڵگریی سەربازیی پێ گەیشتبوو؛ ڕاپۆرتێک کە گومانی جددیی سەبارەت بە ئاسۆی سەرکەوتنی گۆڕینی ڕژێم دەخستە ڕوو. ئایا ئەو ڕێگەی نەدا ئەم ڕەخنانە بەتەواوی بخرێنە بەردەم کابینە، لەوانەیش ئەو کابینەیەی کە شەڕەکەی پەسەند کرد؟

 بە شێوەیەکی گشتیتر: چی دەتوانێت ئەم بۆشایییە گەورەیەی واقع ڕوون بکاتەوە؟ بۆشایییەک لەنێوان وەزیرەکان و مۆساد لە لایەک و، سوپای ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە؟

”بێمانا” و ”پێکەنیناوی”؛ ڕێڕەوی ئەمریکی و سڕینەوەی ئۆپەراسیۆنی کوردەکان لەسەر داوای ئەردۆغان

لە ١١ی شوباتدا، کۆبوونەوەیەک بۆ پێدانی زانیاری بە سەرۆککۆماری ئەمریکا بەڕێوە دەچێت. دەیڤد بارنیا، سەرۆکی مۆساد و، ئەیاڵ زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، دیدگه‌ی ئۆپەراسیۆنیی ئیسرائیل دەخەنە ڕوو. ئیسرائیلییەکان نازانن کە دواتر ڕۆژنامەنووسان مەگی هابەرمان و جۆناتان سوان ڕاپۆرت دەدەن کە بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا، دوای بیستنی ئه‌و قسانه‌ی كه‌ ئیسرائیل سەبارەت بە جه‌نگ و بەتایبەتی سەبارەت بە گۆڕینی ڕژێم خستییه‌ ڕوو، قایل نەببوون. ئەوان بە دەربڕینی وەزیری دەرەوە، مارکۆ ڕۆبیۆ، ئەم پلانەیان بە ”بێمانا” دەزانی. یان بە دەربڕینی هاوتاکەی بارنیا، سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، بە ”پێکەنیناوی” هەڵیان دەسەنگاند.

چەند ڕۆژێک دواتر، ئیسرائیلییەکان دەڵێن کە گڵۆپی سەوز لەلایەن کۆشکی سپییەوە بۆ چوونەپێشەوە هەڵکراوە. شەڕەکە حەڤدە ڕۆژ دوای ئەو کۆبوونەوەیە دەست پێ دەکات. لە دوایین ساتی گونجاودا، کۆبوونەوەیەکی کابینە پێک دەهێنرێت؛ ئەمه‌یش تەنیا بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەرمیی وەزیرەکان، کە ڕێکارێکی باوە لە ساڵانی سەرۆکوەزیرانیی نەتانیاهۆدا. پاشان تیرۆرکردنی خامنەیی و ئەندامانی خێزانەکەی ئەنجام دەدرێت. سوپای ئیسرائیل دەست دەکات بە ئامادەکاریی پشتیوانیی ئاسمانی بۆ کوردەکان، بەڵام لە سەرەتادا ئامانجە ژیانییەکان دەخاتە پێشینەوە. هێزە کوردییەکان ئامادە بوون کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر دوای وەرگرتنی فەرمانەکە، هێرشەکەیان دەست پێ بکەن. بەڵام ئەو فەرمانە هەرگیز نادرێت.

وردەکارییەکان دەست دەکەن بە دزەکردن. نزیکەی یەک هەفتە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکە، سەرۆککۆماری ئەمریکا پلانی کوردەکان دەوەستێنێت. ڕاپۆرت هەیە کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەستوەردانی کردووە و پەیوەندیی بە ترەمپەوە کردووە. ئەردۆغان دواتر وتی کە هێرشی کوردەکان بۆ سەر ئێران دەیتوانی کاردانەوەیەکی ئەوەندە توندی تورکیا بەدوای خۆیدا بهێنێت کە بگاتە ئاستی پێکدادان لەنێوان تورکیا و ئیسرائیلدا. سێ ڕۆژ دواتر، ئیسرائیل تێ دەگات کە ئەمریکا دەرگه‌کەی داخستووە.

مۆساد دەیتوانی بێتە پێشەوە و قسەیەکی سادە بکات: پلانێک هەبوو کە وەستێنرا. ناکرێت سەبارەت بە ”شکست” یان ”سەرنەکەوتن” لە ڕووخاندنی ڕژێمدا بڕیار بدرێت، چونکە فەرمانی جێبەجێکردنی هەرگیز نەدرا. سەرمایە و ئامرازی دیکە و هاوپەیمانی دیکەیش هەبوون، بەڵام هیچ کامیان کارا نەکران. هیچ گه‌رەنتییەک نه‌بوو کە ئەم پلانە سەرکەوتوو دەبوو، بەڵام هەرگیز ڕێگە نەدرا تاقیی بکەینەوە.

یەکێک لە وەزیرەکان لە ڕوونکردنەوەی ئەم دۆخەدا پێی وتم: ”مۆساد تەنانەت پێش پرسی کوردەکانیش زۆر لەو شتانەی بەڵێنی دابوو، جێبەجێ نەکرد. خەڵک دەستیان کرد بە پرسیارکردن لەوەی ئایا ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێکی خەیاڵاویدا دەکەین؟”

بەگوێره‌ی زۆربەی گێڕانەوەی ئەو کەسانەی له‌ناو بڕیاردانه‌كاندا بوون، تا کاتی هەرەسهێنانی پلانی کوردەکان، لە لووتکەی پێکهاتەی ئەمنیی ئیسرائیلدا کەشێکی کۆدەنگی و هاوکاریی تا ڕاددەیەک هەماهەنگ هەبوو. ئامانجێکی ڕوون هەبوو، ئەویش ڕەخساندنی ”هەلومەرج” بوو بۆ ڕووخاندنی حکوومەت لە ئێران. سوپای ئیسرائیل ئەم ئامانجەی بە ”گەیاندنی زیانی توند بە ڕژێم” ناو دەبرد. مۆساد ئامانجی زۆر گەورەتری هەبوو. ئه‌و هاوپەیمانییەی كه‌ هەبوو، توانیبووی کار بکات. بەڵام بە ”نەخێر”ەکەی کۆشکی سپی، هەموو شتێک گۆڕا. نەتانیاهۆ و بارنیا پێداگرییان دەکرد کە هێشتا کاری زیاتر هەیە بتوانرێت بکرێت، یان لایەنی کەم دەبێت هەوڵی بۆ بدرێت. لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا، مۆساد پلانێکی کاتی و پەلەپڕووزکێی خستە ڕوو؛ پلانێک کە بە وتەی یەکێک لە بەشداربووان، ”پینەوپەڕۆ کرابوو”. مۆساد ڕوونی کردەوە کە ئەمە چیتر پلانە سەرەکییەکە نییە، بەڵکوو هەوڵێکی کۆتا ساتە و، ئاستی چاوەڕوانییەکانی دابه‌زاند.

ئەگەر تا ئەو ساتە هەماهەنگی لە سیستەمی ئیسرائیلدا هەبووبێت، یان لایەنی کەم وا دەرکەوتبێت، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا ڕێککەوتنەکان هەرەسیان هێنا. سوپای ئیسرائیل، سەرۆکی ئەرکان و وەزیرەکان پێیان وا بوو ئەم هەوڵە شڵەژاوانەیە بۆ گۆڕینی ڕژێم، بەفیڕۆدانی سەرچاوە بەنرخەکانە، واتە کاتژمێرەکانی فڕینی فڕۆکەکان و تەقەمەنی. لە هەموویشیان گرنگتر، ئەو کاتە سنووردارەی کە خەریک بوو پێش کۆتاییهاتنی شەڕەکە تەواو دەبوو.

ناکۆکییەکان توند بوون

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل پێی وتم: ”لە قۆناغی یەکەمدا، کاتێک کوردەکان هێشتا لە یارییەکەدا بوون، هەمووان هاوڕا بوون. یان لایەنی کەم وا خۆیان نیشان دەدا. هەر ئەوەندەی کوردەکان چوونە دەرەوە، هەموو شتێک هەرەسی هێنا.” کەسێکی تریش وتی: ”ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە دوای ئەوەی ترەمپ بەشداریکردنی کوردەکانی ڕەت کردەوە، نەتانیاهۆ پلانە کاتییە نوێیەکەی مۆسادی سەپاند. خەیاڵپڵاوییەکی تر کە بەڕوونی دیار بوو سەر ناکەوێت.”

بەپێی پلانە کاتییەکە، هێزی ئاسمانی هەوڵ دەدات خاڵەکانی پشکنین و کۆنترۆڵی بەسیج بکاتە ئامانج و سەرۆکوەزیرانیش بانگەوازە گشتییەکەی بڵاو دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئێرانییەکان لە نەورۆز، ساڵی نوێی ئێرانی، بڕژێنە سەر شەقامەکان. هاوکات ئامرازی تریش دەخرێنە گەڕ. ئیسرائیل هیوای بەم هەنگاوانە هەبوو. بەڵام ئێرانییەکان لە ماڵەوە دەمێننەوە. یەکێک لە بڕیاردەران وتی: ”ئێمە بۆ پلانی جێگرەوە، باجێکی قورسمان دا. سەرچاوەکان سنووردار بوون. هێزی ئاسمانی هەموو ئەو هەنگاوانەی نەنا کە دەیتوانی لە دژی بەرنامەی ئەتۆمی بیاننێت. ئێمە بەدوای شتی ترەوە بووین.”

شکست لە بڕیارداندا

گێڕانەوە تەواوەکە، بەرفراوانترە لەوەی لێرەدا وەسف کراوە. پلانی مۆساد پێکهاتەی تریشی هەبوو؛ هەندێکیان گرنگ و تا ڕاددەیەک قایلکەر بوون کە بڵاو نەکراونەتەوە. نەبوونی ئەم بەشانە دەتوانێت ئەو تێڕوانینە دروست بکات کە پلانەکە زۆر لاوازتر بووە لەوەی کە ده‌زگه‌كه‌ بەڕاستی بەتەمای جێبەجێکردنی بووە. بەڵام تەنانەت لەم وردەکارییە سنووردارانەیشەوە پرسیاری توند دێتە ئاراوە.

وەزیرەکان، سوپای ئیسرائیل و مۆساد، گێڕانەوەی جیاوازیان بۆ ئامانجی شەڕەکە هەبوو. سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی گۆڕینی ڕژێمی مۆسادی بە شتێک دەزانی کە پشتیوانیی لێ دەکات، نەک وەک ئامانجێکی بنەڕەتی و سەربەخۆ. وەزیرەکان وەک ئامانجێکی بنەڕەتی دەیانبینی، تەنانەت ئەگەر لە مەودای کورتدا بەدی نەدەهات. مۆساد ئەوەی بە ئامانجی ناوەندیی شەڕەکە دەزانی. دەستەواژەی دیاریکەری شەڕەکە، واتە ”ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ گۆڕینی ڕژێم” هەوڵێک بوو بۆ پەردەپۆشکردنی ناکۆکییەکی قووڵ.

ئەنجامەکە فۆرمولەیەکی سیاسی بوو؛ کۆکردنەوەی ئەو وشانه‌ی داڕێژرابوون تاوەکوو هەمووان ڕازی بکەن. بەڵام ئەمە ئامانجێکی ڕوون نییە بۆ شەڕ. مۆساد هێشتا پێداگری دەکات کە هیچ جۆرە دژایەتییەک لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆ پلانە سەرەتایییەکەیان نەبوو، تەنانەت لە کۆبوونەوە داخراوەکانیشدا.

هەرچەندە سوپای ئیسرائیل دەڵێت کە گومان و مەترسییەکانی بە وردەکارییەوە خستووەتە ڕوو. وەزیرەکانیش دەڵێن هیچ ڕەخنەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەلایەن سوپاوە سەبارەت بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێم هەرگیز بەوان نەگەیشتبوو و، ئەوەی مۆساد تەنانەت پێش سڕکردنی پلانی کوردەکانیش، لە کرداردا هیچ سەرکەوتنێکی نیشان نەدابوو.

ئەم بۆشایییە قبووڵنەکراوە

بەپێی کاردانەوەکانیان، زۆرینەی ڕەهای پسپۆڕانی کاروباری ئێران لە ناوەوە و دەرەوەی ئیسرائیل، پلانی مۆساد کە هێرشی کوردەکان، شۆڕشی کەمینەکان، کۆمەڵێک هەنگاوی تر و ڕاکێشانی ئەحمەدینه‌ژادی لەخۆ دەگرت، بە شکستێکی کارەساتبار دەزانن. بەڵام مۆساد پێداگریی دەکرد کە ئەم پلانە چوارچێوەیەکی واقعبینانە، قایلکەر و متمانەپێکراوە کە بەڵگەی ئەزموونی پشتڕاستی دەکاتەوە. ئەم بۆشایییە پیشەیییە ئەوەندە گەورەیە کە جێی باوەڕ نییە.

دژایەتیکردنی تورکیا بۆ هێزێکی کوردی کە هەوڵ بدات کۆنترۆڵی وڵاتێکی سەربەخۆ بگرێتە دەست، ئەویش بەوەکالەت لەلایەن ئیسرائیلەوە، پێشبینیکراو بوو. هەر کەسێک ئاشنای حکوومەتی ئەمریکا بێت، ئاگاداری پەیوەندیی نزیکی ترەمپ و ئەردۆغانە. ئیسرائیل چۆن ئۆپەراسیۆنێکی لەم جۆرەی دەست پێ کرد بەبێ ئەوەی بۆ بەرگرییە پێشبینیکراوەکەی تورکیا ئامادە بووبێت؟ کێ دۆسیەی ئەردۆغانی لە حکوومەتی ئیسرائیلدا بەڕێوە دەبرد؟

 بەرگری لەم سەرکێشییە

هەڵمەتی دژی ئێران هێشتا کۆتایی نەهاتووە. زیانە قووڵەکەی كه‌ بەر پیشەسازییە بەرگری و ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتووە، جێی گومان نییە. قەیرانی حکوومەت ڕاستییەکی بنەڕەتییە، هەروەها هەڵاوسان و سەختییە ئابوورییەکانیش پشتڕاستی دەکەنەوە.

هەندێک جار هەنگاوی زۆر بچووک و هێزی زۆر بچووک، ئیمپراتۆرییەکان دەڕووخێنن؛ تەنانەت ئەو ئیمپراتۆرییانەی لە ئێرانیش گەورەتر و بەهێزترن. کێ دەزانێت، ئەگەر ترەمپ هێرشی کوردەکانی پەسەند بکردایە، لەوانەیە ڕژێم لەرزۆک بووایە، یان لایەنی کەم بکەوتایەتە جه‌نگێکی ناوخۆیییەوە. لەو کاتەیشدا هەمووان ستایشی سەرکێشییەکەی مۆسادیان دەکرد. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا، تەنیا یەک جار دەبێت سەرکەوتوو بیت.

بەڵام ئەم پاساوە قایلکەر نییە. لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ شۆڕشێکی گەورە لە ئێران دەستی پێ کرد و هاوکات لەگەڵ لاوازیی حکوومەت دوای ئۆپەراسیۆنی ”شێری ڕاساو”، بەڵێنی ترەمپ بۆ پشتیوانیکردنی خۆپیشاندەران، سەرکەوتنی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا و ئەو توانا سەرسوڕهێنەرانەی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل و هێزی ئاسمانیی ئەم وڵاتە نیشانیان دابوو، کەشێکی وای دروست کرد کە تێیدا هەموو شتێک مومکین دەهاتە بەرچاو؛ لەوانەیش ڕووخاندنی حکوومەتێک.

نەتانیاهۆ کە هەڵبژاردنی لەپێش بوو، گوشاری هێنا؛ بەتوندیش گوشاری هێنا. ڕێک لەم خاڵەدا بوو کە وەزیرەکانی کابینە و بەرپرسانی بەرگری دەبووایە مەترسییە ئاشکراکە دەستنیشان بکەن: زۆر ڕۆیشتنە پێشەوە؛ هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە پردێک کە توانای هەڵگرتنی کێشی ئەوانی نییە.

لەوەیش خراپتر: هیچ کارێکی پسپۆڕانەی گشتگیر ئەنجام نەدرا کە تەواوی هەڵمەتەکە بە شێوەیەکی یەکگرتوو هەڵسەنگێنێت. هەر کەسێک بیەوێت پاشا دیاری بکات، دەبێت پاشایەتییەکان بناسێت.

ئەگەر ئیسرائیل بە شێوەیەکی ئاشکرا گوشاری بۆ جه‌نگێکی هەمەلایەنە لەگەڵ ئێران بهێنایە، چی بەسەر پێگەکەیدا دەهات لە ئەمریکا؟ وەڵام: دابەزینێکی سەخت و لەوانەیە یەکلاکەرەوە.

تورکیا چۆن دەیتوانی جووڵەی کوردەکان تێک بدات؟ وەڵام: بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی.

ئەگەر ڕێبەری حکوومەتی ئێران لەناو ببردرایە، ئایا ئەم کارە ڕێگەی بۆ توندڕەوییەکی مەترسیدارتر نەدەکردەوە؟ وەڵام: کردییەوە.

لە هەموویشیان گرنگتر: ئیسرائیل لە ڕەفتاری ئەمریکا سەبارەت بە گەرووی هورمز تێ نەگەیشت و، تا ئەمڕۆش لێی تێ نەگەیشتووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار پێی وتم: ”ئەمە مەتەڵێکە.” ئیسرائیل باوەڕی وا بوو ئەمریکا هەرگیز ڕێگە نادات گەرووی هورمز دابخرێت. هورمز گرنگترین دەستکەوتی ستراتیژیی ئێران بوو لەم جه‌نگەدا و هێشتایش هەر وایە.

لە قۆناغی کۆتاییی سەرۆکوەزیرانیی نەتانیاهۆدا، دەستەواژەی ”سنوورەکانی دەسەڵات” لەناو چووە. پێکهاتەی بەرگری، تێوەگلاوی جه‌نگێکی مانەوەیە لەگەڵ ئاستێکی سیاسیدا کە بەسۆز و بێسنوور کار دەکات. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل وەک دامەزراوەیەکی پسپۆڕیی کاریگەر کار ناکات، بەتایبەتی لە کاتی جەنگدا. نووسینگەی سیاسی-سەربازیی وەزارەتی بەرگری ئیفلیج بووە. دەستەی پیشەییی وەزارەتی دەرەوە، لە بڕیارداندا بەشدار نییە. هیچ ئەرکانێکی کارا و سەربەخۆ لە دەوروبەری سەرۆکوەزیران نییە.

ئەم دۆخە لە ٢٨ی شوباتدا، کاتێک ئیسرائیل چووە ناو جه‌نگەوە، بوونی هەبوو و ئەمڕۆش بەردەوامە؛ لەوانەیە تەنانەت لە سەروبەندی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تریشدا بێت.

سەرچاوە:

https://parsi.euronews.com/2026/08/04/the-warning-israel-benjamin-netanyahu-got-before-the-war-on-iran




هەوڵەکانی ئەردۆغان و هاوپەیمانیی سوننە بۆ جێگرتنەوەی ئێران لە هاوکێشەی هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

نووسەر: مەلیک کایلان  (Melik Kaylan)

ماڵپەڕ: فۆربس (Forbes)

لە سایەی ئەو پشێوییە ئاڵۆزەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێئەنجام و خشتەیەکی کاتیی ڕوون سەری هەڵداوە، پرسیارێک دێتە ئاراوە: دواجار هاوسەنگیی هێز چۆن دەبێت؟ لە ئێستادا، سەرۆک ترەمپ، لەژێر چاودێری و پارێزگاریی ئەمریکادا ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێدانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بە سعوودییەکان. هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، حووسییەکانی یەمەن جێگرەوەکەی سعوودیا بۆ گەرووی هورمزیان کردووەتە گاڵتەجاڕی، کە ئەویش “بەندەری بابەلمەندەب”ە لە دەریای سووردا کە بە شێوەیەکی ئاسایی نزیکەی ٪٤ی نەوتی جیهان بەوێدا تێ دەپەڕێت.

سەرباری ئەمەیش، ئێران گورزی قورسی بەردەکەوێت و سعوودیاش هێرشی ئاسمانیی بەردەوام دەکاتە سەر ئامانجەکانی حووسییەکان لە یەمەن. چەندان ساڵە ئەم کارە دەکەن، بەڵام حووسییەکان هێشتا دەتوانن مووشەکی بالیستی و جۆری دیکەیش ئاراستەی ژێرخانی نەوتیی سعوودیا بکەن. تا ئێستا ئەمریکا نەیتوانیوە هاوپەیمانەکانی لە کەنداو لە هه‌ڕه‌شه‌ و زیان بپارێزێت. کەواتە پرسیار ئەمەیە: ئەم دۆخە چۆن کۆتایی دێت، لەسەر نەخشەیەک کە پڕە لە کێبڕکێ و گۆڕانی هاوپەیمانێتییەکان و دووبارە ڕیزبەندیبوونەوە؟

لە ئێستادا، وا دیارە سوودمەندی سەرەکی، تورکیا و ئەردۆغان بن. ئیسرائیلییەکانیش بە چاوێکی باش ناڕواننە ئەمە. با وردتری بکەینەوە. لە کاتێکدا کەوانەی هاوپەیمانێتیی شیعە (هیلالی شیعه‌) لە ئێرانەوە بۆ لوبنان بەهۆی گورزوەشاندنی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پێگەی دەسەڵاتی تاران، لاواز دەبێت، وا دیارە دەوڵەتانی سوننە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە ئامادەن. خەونە نیۆ-عوسمانییەکانی ئەردۆغان بەرەبەرە دەبنە واقع. ئەو پەیماننامە دیپلۆماسی و ئەمنییەی کە سەرەتای ئەمساڵ لەنێوان پاکستان، تورکیا، میسر و سعوودیادا ڕاگەیەنرا و بە ”R4” ناسراوە، بەڵێنی دروستکردنی کەوانەیەکی هاوپشتیی سوننە دەدات بۆ جێگرتنەوەی کەوانە شیعییەکە.

لێرەدا دوو تێبینیی خێرا دەخەینە ڕوو. بەشداریکردنی پاکستان، دەرگه‌ی بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لەو وڵاتەوە بۆ سعوودییەکان کردەوە. بێ گومان ئەمەیە کە وای لە سەرۆک ترەمپ کرد دەستێوەردان بکات و جێگرەوەیەکی ئەمریکی بخاتە ڕوو. ئەو ڕێککەوتنە زوو هەڵوەشایەوە، کاتێک ترەمپ بەئاشکرا مەرجی نوێی دانا و سعوودیاش ڕەتی کردنەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ڕیاز ئێستا به‌كرده‌وه‌ ڕێگریی لێ کراوە لە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی پاکستان و، پێ دەچێت هی ئەمریکاش.

هاوکات، ئەردۆغان و سعوودییەکان کۆک نین لەسەر ئەوەی کێ سەرکردایەتیی جیهانی سوننە بکات. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، لەسەر ئەم پرسە کێبڕکێیانە، چونکە تێڕوانینە نیۆ-عوسمانییەکەی ئەردۆغان، تورکیا دەخاتە چەقی سوننەگەرایییەوە کە بەرەو باشوور بۆ نیمچەدوورگەی عەرەبی و باکوور بۆ ئاسیای ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە، لە کاتێکدا سعوودییەکان خۆیان بە میراتگری مەککە و پێغەمبەر دەزانن.

ئەوەی لێرەدا جێگەی تێڕامانە، بەشدارینەکردنی هیچ دەوڵەتێکی ئاسیای ناوەڕاست یان تورکزمانە لە ”R4”دا، سەرەڕای ئەوەی هەموویان سوننەن و لە ڕووی تیۆرییەوە بەشێکن لە هەر بووژانەوەیەکی جیۆ-مێژووییی عوسمانی. هۆکاری ئەم ئامادەنەبوونە چییە؟ وه‌ڵامەکەی ئەوەیە کە بەهۆی ئەوەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەفغانستانی دراوسێیانەوە، زۆر هەستیارن بەرامبەر بە هەر جۆش و خرۆشێکی ئایینیی تێکدەرانە. هەروەها پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەم هیندستان و هەم ئیسرائیلدا هەیە، کە ئەمەی دوایییان پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئازەربایجان هەیە. سەرەڕای ئەوەیش، هیندستان تاکە بژاردەی بازرگانیی بەرەو ڕۆژهەڵاتە کە لەژێر کاریگەریی چیندا نەبێت بۆ وڵاتە تورکزمانەکان (چین به‌كرده‌وه‌ خاوەنی بەندەرەکانی پاکستانە). وڵاتە تورکزمانەکان دەیانەوێت قەبارەی بازرگانی بگه‌یه‌ننه‌ بەرزترین ئاست و لە ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان دوور بکەونەوە. بۆیە ئەم دەوڵەتانە خۆیان لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور دەگرن.

لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئەمەیە: کاریگەریی هیلالی سوننی چۆن دەردەکەوێت؟ لە یەکەم تێڕوانیندا ئومێدبەخشە، بەڵام ئاستەنگیشی هه‌یه‌. چاوەڕێ مه‌بن هیچ شه‌ڕ و پێكدادانێكی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و تورکیادا ڕوو بدات. هەردوو وڵات بۆ سەرکوتکردنی جیابوونەوەخوازی (الانفصالية)ی کورد، پشت بە یەکتری دەبەستن. بە واتایەکی دیکە، هەر یەکەیان دەتوانێت لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی کوردەکانی لایەنی بەرامبەرەوە، سەقامگیریی ئەوی دیکە تێک بدات. بەڵام ئەمە هێشتا دەرفەتێکی زۆر بۆ کێبڕکێ دەهێڵێتەوە. پێشتر تورکیا بە شێوەیەکی کرداری سووریای خستووەتە ژێر چەتری بووژانەوەی عوسمانییەوە. سەردەمانێک لە ئیدارەی ئەسەددا، سووریا جۆرێک بوو لە پاشکۆ و ژێردەستەی ئێران (satrapy).

ئێستا مەسەلەکە بریتییە لە دوورخستنەوەی ئاراستەی عێراق لە هەژموونی ئێران. لێرەدا، کاریگەریی دارایییە نایاسایییەکان زۆر یەکلاکەرەوەیە. ڕێک وەک چۆن تاران پارەی بە میلیشیا شیعەکانی عێراق و لوبنان دەدا، ئەنقەرەش بەبێدەنگی لەگەڵ هۆزە عێراقییەکان و کوردەکان کۆ دەبێتەوە بۆ ئەوەی جێگەی چاودێری و پاڵپشتیی مەلاکانی ئێران بگرێتەوە. سەرباری ئەمەیش، سەرۆکوەزیرانی تا ڕاددەیەک نوێی عێراق، لە ڕێگەی هەڵمەتێکی فراوانی دژەگەندەڵییەوە کە کۆنترۆڵی لایەنگرانی ئێران بەسەر داراییی وڵاتەکەدا لاواز دەکات، هاوسەنگییە ئابوورییەکەی گۆڕیوە. ئەوەیش وتارێکە کە تێیدا ڕوون کراوەتەوە چۆن سەرکوتکردنی بەرتیلخۆری، لەگەڵ هەڵمەتەکانی لێدان لە میلیشیاکاندا یەک دەگرێتەوە.

تا ئێستا بڕی زه‌وتكراو، لە سەد ملیۆن دۆلار تێ دەپەڕێت. جا کۆبوونەوەی ئەم دوایییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ترەمپ لە کۆشکی سپییش، بخەرە سەر ئەمە و هاوسەنگییەکان لە بەغدا دەست بە گۆڕان دەکەن- به‌تایبه‌ت لەبەر ئەوەی میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران لە مووشەکبارانکردنی بنکەکانی ئەمریکا لە دوایین گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا تێوە گلاون. هیچ كام لەم ئاراستەکردنەوانه‌ بەئاسانی، ئاشتییانە، یان لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوو نادات. بەڵام ئاراستە گشتییەکە پێشوەختە لە ناوچەکەدا هەستی پێ دەکرێت.

سنوور و هێڵی سوور هەن کە ته‌ماح و ده‌سه‌ڵاتخوازیی ئەردۆغان کۆنترۆڵ دەکەن، مەگەر ئەوەی بیەوێت وڵاتەکەی وەک ئێرانی لێ بێت. وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا، چەندان جار بە چەندان شێوازی جیاواز (میوانداریکردنی سەرکردەکان و هتد) پشتیوانیی ئاشکرای خۆی بۆ بزووتنەوەی حەماس (Hamas) دەربڕیوە و ئیسرائیلی تووڕە کردووە. کە ئەوانیش لەبەرامبەردا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردەکان بەهێزتر کردووە و لە سەرووی هەموویشیانەوە بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی و ئاڵوگۆڕکردنی چەکی پێشکەوتووەوە هاوپەیمانێتییە تازە پێگەیشتووەکەیان لەگەڵ یۆنان و قوبرسی یۆنانی چڕتر کردووەتەوە.

بەڵام بژاردەکانی ئیسرائیلیش سنوورێكیان هەیە. دواجار تورکیا ئەندامێکی ناتۆیە. سەرەڕای ئەوەیش، کۆمەڵگەی یۆنانی بەگشتی مەیلی بەلای چەپدا هەیە و لە ڕووی نەریتییەوە هاوسۆزە لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا. بۆیە ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت، ڕێککەوتنە ستراتیژییەکان لەنێوان نوخبەکاندا ئەنجام دەدرێن بەبێ بوونی پشتیوانی و خرۆشانێکی بەرچاو لە شەقامەوە. هەبوونی دوژمنی هاوبەش هەمیشە گەرمترین دۆستایەتی دروست ناکات.

لە هەندێک ڕووەوە، دۆخەکە لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەرمەنستان دەچێت. پێشنیازەکەی ئەم دوایییەی ئیسرائیل بۆ تێپەڕاندنی یاسایەکی ڕوون بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان، لەناو خودی ئەرمەنستاندا ڕووبەڕووی بێمتمانەیی بووەوە. ئەمەیش دوای چەندان ساڵ لە دابڕانی نێوان هەردوو وڵات و هێوربوونەوەی تازەی پەیوەندییەکانی ئەرمەنستان لەگەڵ تورکیا دێت. سەرەڕای ئەوەیش، ململانێکانی جوولەکە و مەسیحییە ڕۆژهەڵاتییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانی؛ کاتێک لە سیستەمی میللەتدا بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی سوڵتان کێبڕکێیان دەکرد.

لانی کەم بۆ واشنتۆن ئەوەی زۆرترین سەرسوڕمان دروست دەکات، هەڵوەشاندنەوەی بەردەوامی ڕێککەوتنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە. ئەمریکا هەموو جۆرە سازشێکی پێشکەش کردووە، بەڵام بێئەنجام بووە. پەیامەکەی ئەمریکا ئەوەیە كه‌؛ دەسەڵاتت بپارێزە، پارە و هەناردەی نەوت بهێڵەوە، گۆڕینی ڕژێم لەئارادا نییە، گەڕانەوەی کرداری بۆ مەرجە ئەتۆمییەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥(JCPOA)، بازرگانیکردن لەگەڵ ڕۆژاوا، بەڵام هێشتا تاران ئاگربەست ناکات و واز لە ئیستیفزازکردن (شه‌ڕپێفرۆشتن) ناهێنێت. پەیامەکەیش وەرناگرن و کۆشکی سپییش تێ ناگات بۆچی. تەنانەت بەبێدەنگی پێیان گوتراوە کە دەکرێت سەرهەڵدانەوەیەکی ناوچەییی شیعە ڕه‌چاو بكرێت و بگیرێته‌ به‌ر (وەک ڕێگەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەردۆغان)، تەنیا بەو مەرجەی چەکی ئەتۆمییان نەبێت و هەڕەشەیش بۆ سەر ئیسرائیل دروست نەکەن.

پرسیا ئەمەیە: بۆچی تاران ئەمە پەسەند ناکات؟ هۆکاری زۆر هەن؛ باڵباڵێنەی ناوخۆیی. هەبوونی ئەو قەناعەتەی کە ترەمپ لاوازە (بەهۆی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول و هتد). چەشتنی ڕه‌نج و نەهامەتی، گەل و ڕژێم یەک دەخات. بیرۆکە و چه‌مكه‌ زێدەخوازییەکان کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان. زیانگەیاندنی سەرکەوتووانە بە هاوپەیمانییەکانی ئەمریکا. هەبوونی دەسەڵاتی ڤیتۆ بەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکانی بازرگانیی نەوتدا. بێمتمانەییی قووڵی دەیان ساڵە بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا. بەڵێنی پاڵپشتی لەلایەن ڕووسیا و چینەوە، کە تا ئێستا زۆر کاریگەر بووە. ئایدیۆلۆژیای شەهیدبوون. ئێرانێکی کۆنترۆڵکراو و سەقامگیر، ده‌بێته‌ هۆی ڕووخانی ڕژێمەکە. كامیانت ده‌وێت، هه‌ڵی بژێره‌.

بەکورتی، ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا پاشەکشە ناکات. بەڵام بەهۆی لاوازبوونی پێگەی ئابوورییەوە، قورسایییەکەی لە ناوچەکەدا حه‌تمه‌ن کەم دەبێتەوە. ئەستێرەی ئەردۆغان بەردەوام دەبێت لە درەوشانەوە، بەڵام تا ئاستێک. چونکە تەمەنی ٧٢ ساڵە و نەخۆشە و هیچ جێگرەوەیەکی دیاریشی نییە. هەروەها دوورە بتوانێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە هەڵبژاردنێکی تردا بباتەوە، چونکە خراپیی ئابووری و هەڵاوسانی بەرز، خەڵکی لێ دوور خستووەتەوە. تورکیا سوود لە تێپەڕبوونی نەوت و غاز وەردەگرێت لە کاتێکدا هێڵە ڕاستەوخۆکانی دابینکردنی ناوچەیی دادەڕمێن. بەڵام ئەمە فریای ناکەوێت بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا لە دەرەنجامێکی هاوشێوەی ئۆربان (Orban-esque) ڕزگاری بکات. کاتێک ئەمریکا هەژموونی لە ناوچەکەدا لەدەست دەدات، لە سەردەمی ئەردۆغاندا ئەنقەرە زیاتر باوەش بە “پەکین”دا دەکات.




دوورگەکانی باشووری ئێران؛ لە دڵی هەناردەکردنی نەوتەوە تا هێڵی پێشەوەی جەنگ

نووسەر: سایە ڕەحیمی (سایه رحیمی)

ماڵپەڕ: ئیندیپێندنت فارسی (Independent Persian)

لەم ڕۆژانەدا کە شریتی باشووری ئێران، لە کەنداوی فارس و گەرووی هورمزەوە تا دەریای عومان، کەوتووەتە ژێر توندترین هێرشەکانی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوکات پێشبینییەکان سەبارەت بە ئەگەری هاتنەناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەندێک لە دوورگەکانی باشوور دەخرێنە ڕوو، گرنگیی ستراتیژیی ئەم دوورگانە بۆ زۆربەمان ڕوونتر بووەتەوە.

هەندێک لەم دوورگانە ئاوەدانن و دانیشتووانەکەی سەرباری نزیکییان لە سەرچاوە و دامەزراوە نەوتییەکان، ڕووبەڕووی کێشەی بژێوی و کەمیی ژێرخانە بنەڕەتییەکان بوونەتەوە. بەشێکیان بەهۆی هەڵکەوتەیان لەسەر ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی و نزیکییان لە گەرووی هورمزەوە پێگەیەکی ستراتیژییان هەیە؛ هەروەها هەندێکی دیکەیشیان شوێنی جێگیربوونی دامەزراوە سەربازییەکان یان پیشەسازییە نەوتییەکانن. هاوکات هه‌ندێ دوورگەیش هەن کە بە گرنگترین ژینگە و یەدەگە سروشتییەکانی کەنداوی فارس دادەنرێن؛ خاڵی سەرنجڕاکێشیش ئەوەیە کە زۆربەیان خاوەنی بەهای مێژوویی و که‌لتوورین. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر بڵاوبوونەوەی جوگرافی، دۆخی نیشتەجێبوون، پێکهاتەی ئابووری و بەکارهێنانی ئەم دوورگانە و گرنگییە ستراتیژییەکەیان لە کەنداوی فارس، گەرووی هورمز و دەریای عوماندا.

ژمارە و دابه‌شبوونی جوگرافیی دوورگەکانی باشووری ئێران

ئێران لە کەنداوی فارس و سنووری گەرووی هورمزدا خاوەنی زیاتر لە ٤٠ دوورگە و، هه‌روه‌ها وشکانیی دوورگەیییه‌ كه‌ ده‌ستنیشان كراون و ناویان بۆ دانراوە. ئەم دوورگانە بەسەر سنووری سیاسیی هەرسێ پارێزگای خوزستان، بوشەهر و هورمزگاندا دابەش بوون. هەندێک لەم دوورگانە چۆڵن و هەندێکی دیکەیشیان لە یەک کاتدا دانیشتووانی ڕەسەن، دامەزراوەی نەوتی، بنکەی سەربازی و ناوچەی پارێزراویان هەیە.

لەم نێوەندەدا، نزیکەی ١٢ دوورگە خاوەنی دانیشتووانی ڕەسەنن، یان شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەییی مەدەنین، كه‌ بریتین لە: مینو (Minoo)، خارگ (Kharg)، شیف (Shif)، قشم (Qeshm)، هورمز (Hormuz)، لارەک (Larak)، هەنگام (Hengam)، کیش (Kish)، هێندۆرابی (Hendorabi)، لاوان (Lavan)، ئەبومووسا (Abu Musa)  و تونبی گەورە (Greater Tunb).

ڕێژه‌ی دانیشتووان و جۆری نیشتەجێبوون لەم دوورگانەدا یەکسان نییە. قشم، کیش، خارگ، هورمز و مینۆ خاوەنی چەندان شار و گوندن کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانیان تێدایە، لە کاتێکدا لارەک، هەنگام، هێندۆرابی و تونبی گەورە دانیشتووانێکی سنووردارتریان هەیە. لە ئەبومووساش دانیشتووانی ڕەسەن و مەدەنی شانبەشانی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی حکوومی دەژین.

سەرباری ئەمەیش، لە دوورگەکانی سیری (Sirri)، فارسی (Farsi)، تونبی بچووک (Lesser Tunb) و فارووری گەورە (Greater Farur) هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی دامەزراوە حکوومییەکان دەژین، بەڵام زۆربەیان خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە نین.

ئەو دوورگانەی دانیشتووانی ڕەسەنیان نییە

بەگشتی، نزیکەی ٣٠ دوورگەی باشووری ئێران، بێبەشن لە کۆمەڵگەی ڕەسەن و دانیشتووانی هەمیشەییی مەدەنی. بێ گومان نائاوەدانیی ئەم دوورگانە بە واتای چۆڵبوونی تەواوەتییان نایەت. هەندێک لەم دوورگانە هێزە سەربازییەکان، پاسەوانانی سنوور، ژینگەپارێزان، کارمەندانی پیشەسازیی نەوت یان چاودێرانی گڵۆپە دەریایییەکانی لێیه‌ و، لە هەندێکی دیکەیشیاندا ماسیگران بە شێوەی وەرزی دەمێننەوە.

بونە (Buneh)، دارا (Dara)، قەبری ناخودا (Qabr-e Nakhoda)، عەباسەک (Abbasak)، نەخیلۆ (Nakhiloo)، ئومولکەرەم (Omal-Karam)، تەهمادۆن (Tahmadon)، مۆتاف (Motaf)، مۆرغی (Morghi)، شیدوەر (Shidvar)، فارووری بچووک (Lesser Farur)، دوورگەکانی ناز (Naz) و دوورگەی شەیتان (Sheytan) لەو دوورگانەن کە دانیشتووانی هەمیشەیییان نییە. هەندێک لەم وشکانییانە زۆر بچووکن، بەرزییان لە ئاستی دەریاوە کەمە یان لە کاتی هەڵکشاندا بەشێک لە ڕووبەرەکەیان ژێرئاو دەکەوێت و لە ڕووی سروشتییەوە بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی گونجاو نین.

ئەو دوورگانەی بۆ جێگیرکردنی بنکە سەربازییەکان بەکار دەهێنرێن

پۆلێنبەندیی دوورگەکان لەسەر بنەمای بەکارهێنانی سەربازی و ستراتیژی کارێکی ئاسان نییە، چونکە هەندێک دوورگەی وەک فارسی، تونبی گەورە، تونبی بچووک، ئەبومووسا، فارووری گەورە و سیری تا ڕاددەیەک بەکارهێنانی سەربازی یان چاودێریی دەریایییان هەیە، بەڵام لە دوورگەکانی وەک قشم، هەنگام، لارەک، هورمز و خارگیشدا، سەرباری جێگیرکردنی بنکە، ئەسکەڵە دەریایییەکان، سیستەمەکانی چاودێری یان دامەزراوە سەربازییەکان، ناتوانرێت تەواوی دوورگەکە تەنیا وەک ناوچەیەکی سەربازی هەژمار بکرێت.

گرنگیی سەربازیی ئەم دوورگانە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی هەڵکەوتەیان. قشم، هورمز، لارەک و هەنگام دەکەونە سنووری گەرووی هورمزەوە؛ ئەبومووسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک بەسەر ڕێڕەوەکانی کەشتیوانیی بەشی ڕۆژهەڵاتی کەنداوی فارسدا دەڕوانن. دوورگەی فارسی کەوتووەتە ناوەڕاستی کەنداوی فارس و نزیک سنووری دەریاییی ئێران و سعوودیا؛ هەروەها خارگیش بەهۆی لەخۆگرتنی گرنگترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانەوە، لە یەک کاتدا هەم گرنگیی ئابووری و هەم گرنگیی ئەمنیی هەیە.

دوورگە پارێزراوەکان و یەدەگە سروشتییەکان

لانی کەم ١٠ دوورگە یان کۆمەڵەدوورگەی ئێران لە کەنداوی فارسدا، بە شێوەیەکی تەواوەتی یان تا ڕاددەیەک دەکەونە سنووری ناوچە پارێزراوەکان، پەناگەکانی ژیانی ئاژەڵی کێوی و ژینگە هەستیارە دەریایییەکانەوە. شیدوەر، نەخیلۆ، ئومولکەرەم، تەهمادۆن، بوونە، دارا، قەبری ناخودا، خارگۆ (Khargo)، فارووری گەورە و فارووری بچووک بە گرنگترینی ئەم دوورگانە دادەنرێن.

دوورگەکانی نەخیلۆ و ئومولکەرەم لە سنووری پارکی نەتەوەییی دەریاییی نایبەند (Nayband) و ناوچەی پارێزراوی مەند (Mond)دان، کە یەکێکن لە گرنگترین شوێنەکانی هێلکەدانانی پەرەسێلکە دەریایییەکان و کیسەڵە دەریایییەکان.

شیدوەر، لە نزیک لاوان، ژینگەی کیسەڵە پۆزهەڵۆیییەکان، باڵندە کۆچەرییەکان و جۆرە دەریایییەکانە. هەروەها بوونە، دارا و قەبری ناخودا لە دەمی خۆرمووسا (Khor Musa) شوێنی زاوزێی باڵندە ئاوی و دەریایییەکانن و فارووری گەورە و بچووکیش دەکەونە سەر ڕێڕەوی کۆچی جۆرەها باڵندە.

سەرباری ئەمەیش، نازناوی یەدەگی سروشتی نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم حزووری مرۆڤ یان چالاکییە ئابوورییەکان لەم دوورگانەدا. هەندێکیان هاوسنووری کێڵگە نەوتییەکان، ڕێڕەوی تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ناوچەکانی ماسیگرتن و سنوورە سەربازییەکانن و لە زۆر حاڵەتیشدا به‌ره‌وڕووی زیانەکانی وەک پیسبوونی نەوتی، ڕاوکردنی نایاسایی، هاتنەناوەوەی بێسەروبەری گەشتیاران و وێرانکردنی ژینگەکان بوونەتەوە.

دوورگە پیشەسازی و نەوتییەکان

لەنێو دوورگەکانی باشووری ئێراندا، لانی کەم شەش دوورگە بە شێوەیەکی تایبەت بەکارهێنانی سەرەکیی نەوتی، بەندەری و پیشەسازییان هەیە کە بریتین لە: خارگ، لاوان، سیری، سەدرا (Sadra)، نێگین (Negin) و خارگۆ.

گرنگترینیان خارگە، کە وێستگەکانی هەناردەکردن، کۆگه‌کانی عەمبارکردن و دامەزراوەکانی گواستنەوەی نەوتی لەخۆ گرتووە. لاوان میوانداریی پاڵاوگە، کۆگه‌کان و شۆستە نەوتییەکان دەکات و، سیرییش یەکێکە لە سەنتەرەکانی دەرهێنان، پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوت لە کێڵگە دەریایییەکانەوە.

سەدرا و نێگین لە سنووری بوشەهر، زیاتر بەکارهێنانی بەندەری، کەشتیسازی و پیشەسازییان هەیە. لە هەندێک دوورگە یان وشکانیی بچووکی دیکەیشدا شۆستە، گڵۆپی دەریایی، دامەزراوەکانی پاڵپشتی، سەنتەرەکانی چاودێریی دەریایی یان کەرەستە و ئامێرەکانی پەیوەست بە پیشەسازییەکانی وزە جێگیر کراون.

ئەم دوورگانەیش هەم ئاوەدانن و هەم سەربازین. خارگ و لاوان هەم دانیشتووانی ڕەسەنیان هەیە و هەم نەوتین؛ سیری خاوەنی دانیشتووانی دامەزراوەیی و هێزی کاری حکوومییە؛ هەروەها خارگیش، بەهۆی کاریگەریی لە هەناردەکردنی نەوتدا، سەرباری بەکارهێنانە پیشەسازییەکەی، بە یەکێک لە گرنگترین خاڵە ستراتیژی و سەربازییەکانی باشووری ئێران دادەنرێت.

ئاستەنگەکانی دابینکردنی ئاو، خۆراک، چارەسەری پزیشکی و هاتوچۆ لە دوورگە ئاوەدانەکاندا

ژیان لە دوورگە ئاوەدانەکانی باشووری ئێراندا، بەپێی ڕووبەر، دانیشتووان و قەبارەی وەبەرهێنانی حکوومی، دۆخی جیاوازی هەیە. کیش و قشم خاوەنی فڕۆکەخانە، نەخۆشخانە، تۆڕی بازرگانی و خزمەتگوزاریی شاریی فراوانترن، بەڵام لە دوورگە بچووکترەکانی وەک هەنگام، لارەک، هێندۆرابی و تونبی گەورەدا، دابینکردنی زۆربەی پێداویستییەكانی ڕۆژانە، بەستراوەتەوە بە پەیوەندیی دەریایی لەگەڵ خاکی سەرەکیدا. تەنانەت لە دوورگە نەوتییەکانی وەک خارگ و لاوانیشدا، بوونی دامەزراوەی پیشەسازیی فراوان، مەرج نییە بە واتای سوودمەندبوونی دانیشتووانەکەی لە خزمەتگوزارییە گشتییە گونجاوەکان بێت.

دابینکردنی ئاو یەکێکە لە گرنگترین کێشە هاوبەشەکانی دوورگەکانی باشوور. ئەم دوورگانە ڕووباری هەمیشەیی و سەرچاوەی ئاوی سازگاری بەرچاویان نییە و ئاوی پێویستیان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی ئامێرەکانی شیرینکردنی ئاو (پاڵاوتنی ئاو)، بیری سنووردار، حەوزی ئاو، هێڵەکانی گواستنەوە یان کەشتییە ئاوهەڵگرەکانەوە دابین دەکرێت.

لە دوورگەکانی وەک کیش و قشمدا، ئامێرە پیشەسازییەکانی سوێریاوکێش (شیرینكردنی ئاو) بەشی سەرەکیی پێداویستیی دانیشتووان دابین دەکەن، بەڵام لە گوندەکانی قشم و دوورگە بچووکترەکاندا، داڕزانی تۆڕەکان، سنوورداریی توانای بەرهەمهێنان و زیادبوونی بەکاربردن لە وەرزی گەشتیاریدا دەبێتە هۆی دابەزینی پەستان یان پچڕانی ئاو. لە هێندۆرابی، لارەک و هەنگامیشدا، سنوورداریی سەرچاوەکانی ئاو هەمیشە یەکێک بووە لە کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵک.

هاوکات دابینکردنی کەرەستەی خۆراکی، دەرمان، کەرەستەی بیناسازی و کاڵا بەکاربەرەکانی دیکەیش پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە تێچووی گواستنەوەی دەریایییەوە هەیە. لەو دوورگانەی شۆستە (ئه‌سكه‌ڵه‌)ی گونجاویان نییە، تێچووی گواستنەوەی کاڵا دەخرێتە سەر نرخی کۆتایییەکەی.

لە زۆربەی دوورگە بچووکەکاندا خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان تەنیا لە سەنتەرەکانی تەندروستی، نۆرینگە یان پزیشکیی گشتیدا کورت بوونەتەوە. ئەو نەخۆشانەی پێویستییان بە پشکنینی پسپۆڕی و نەشتەرگەری هەیە، دەبێت ڕەوانەی بەندەر عەباس (Bandar Abbas)، بەندەر لەنگە (Bandar Lengeh)، بوشەهر یان شارە کەناراوییەکانی دیکە بکرێن. ئەم گواستنەوەیە لە بارودۆخە ئاسایییەکانیشدا بەستراوەتەوە بە دۆخی دەریا، توانای لەخۆگرتنی کەشتییەکان و ئامرازەکانی فریاکەوتن؛ هەروەها لە ڕۆژانی گەردەلوولدا، لە کاتی وەستانی هاتوچۆ یان لە دۆخی جەنگیدا دواکەوتنی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە.

تەنانەت لە خارگیشدا، کە زیاتر لە حه‌فتا ساڵه‌ یەکێکە لە گرنگترین سەنتەرە نەوتییەکانی ئێران، کەمیی پزیشکی پسپۆڕ، ئامێرە پزیشکییەکان و خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانە هەمیشە لە ئاستەنگە بنەڕەتییەکان بوون.

هاتوچۆکردن لە کیش و قشم، بەهۆی بوونی فڕۆکەخانە و زۆریی ڕێڕەوە دەریایییەکانەوە، ئاسانترە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا، دانیشتووانی گوندە دوورەدەستەکانی قشم و دوورگەکانی دەوروبەری، هێشتا پشت بە کەشتییە سنووردارە ناوخۆیییەکان دەبەستن. لە هورمز، هەنگام و لارەکیش، وەستانی هاتوچۆی کەشتییەکان لە ڕۆژە شەپۆلاوییەکاندا، ڕێگەی گەیشتنی خەڵک بە شوێنی کار، قوتابخانە، نەخۆشخانە و بازاڕ دەپچڕێنێت یان سنوورداری دەکات. ئێستایش لە دۆخی جەنگیدا، کۆتوبەندە ئەمنییەکان، کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، وەستانی کاتیی هاتوچۆی دەریایی و مەترسیی هێرشکردنە سەر شۆستەکان و ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی، ئەم لاوازییە کۆنەیان زیاتر کردووە.

پێویستە ئابووریی دوورگەکانی باشووری ئێرانیش بخرێتە سەر ئەم خاڵانە کە دژیەکییەکی بنەڕەتی دەردەخات، چونکە بوونی وێستگەکانی هەناردەکردنی نەوت، پاڵاوگەکان، کۆگه‌ زەبەلاحەکان، شۆستە بازرگانییەکان، ناوچە ئازادەکان و کۆمەڵگە گەشتیارییەکان ئەو تێڕوانینە دروست دەکەن کە ئابووریی ناوخۆیی گەشاوەیە، بەڵام واقعەکە ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانە ڕەسەنەکە بەدەست بێکاری، کارە ناجێگیرەکان، گرانیی نیشتەجێبوون و سنوورداریی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە دەناڵێنن. ئەم دووفاقییە لە دوورگە نەوتییەکانی خارگ و لاوان و ناوچە ئازادەکانی کیش و قشمدا ڕوونترە.

لە کاتێکدا خارگ بە درێژاییی دەیان ساڵ گرنگترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بووە و بەشێکی گەورەی نەوتی خاوی وڵاتەکە لە دامەزراوەکانی ئەم دوورگەیەوە هەناردە کراوە؛ سەرباری ئەمەیش، هێشتا دامەزراندن یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە. کۆمپانیا نەوتییەکان بەشێکی بەرچاو لە هێزی کاری پسپۆڕ و کارگێڕی لە دەرەوەی دوورگەکە دابین دەکەن و زۆرێک لە فەرمانبەرانیش بە شێوەی خولی لە خارگ کار دەکەن. لە ئەنجامدا، چڕبوونەوەی سەرمایە و ئامێرە نەوتییەکان لە دوورگەکەدا، مەرج نییە ببێتە هۆی دروستکردنی زنجیرەیەکی فراوان لە کاری هەمیشەیی بۆ کۆمەڵگە ڕەسەنەکە.

هەروەها لە لاوانیشدا پاڵاوگە، شۆستەکان، کۆگه‌کان و دامەزراوە نەوتییەکان لەتەنیشت شوێنە نیشتەجێبوونە ڕەسەنەکاندان، بەڵام ئابووریی بەشە ڕەسەنەکەی دوورگەکە هێشتا به‌ ڕاددەیەکی زۆر پشتی بە ماسیگرتن، خزمەتگوزارییە ناوخۆیییەکان و کارە سنووردارەکان بەستووە.

لە هورمز و هەنگامیشدا، هەرچەندە گەشتیاری دەرفەتی داهاتی بۆ ئەو ژنانەی کاری دەستی دەفرۆشن، خاوەن بەلەمەکان، ڕێبەرە ناوخۆیییەکان، شۆفێران و خاوەن شوێنەکانی حەوانەوە ڕەخساندووە، بەڵام ئەم ئابوورییە بەستراوەتەوە بە وەرزی گەشتکردن، دۆخی دەریا و ئەگەری هاتنەناوەوەی گەشتیاران. هەروەها زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران بەبێ گەشەپێدانی گونجاوی تۆڕی ئاو، کارەبا، کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوە و گواستنەوە، بارگرانی دەخاتە سەر شانی دانیشتووانە ناوخۆیییەکە.

ماسیگرتنیش کە کۆنترین بنەمای بژێویی دانیشتووانی شیف، هەنگام، لارەک، هێندۆرابی، گوندەکانی قشم و بەشێک لە لاوانە، ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی یەدەگی ئاژەڵە ئاوییەکان، زیادبوونی تێچووی سووتەمەنی و ئامێرەکان، ڕاوکردنی پیشەسازی، پیسبوونی نەوتی و سنووردارکردنی هاتوچۆ لە ناوچە سەربازییەکاندا بووەتەوە. ئێستایش جەنگ و ناسەقامگیریی دەریایی، مەترسیی بەئامانجگرتنی کەشتییەکان و شۆستەکان و سنووردارکردنی چالاکییەکان لە گەرووی هورمز و کەنداوی فارس، هەڕەشە لە داهاتی هەمان ئەم گرووپەیش دەکات.

گرنگیی ستراتیژیی دوورگەکانی باشوور

سەرباری سەرجەم ئەو ئاستەنگانەی ئاماژەیان پێ درا، دوورگەکانی باشووری ئێران گرنگییەکی ستراتیژیی زۆریان هەیە. بڵاوبوونەوەی ئەم دوورگانە بە درێژاییی کەنداوی فارس و لە هەردوو دیوی گەرووی هورمزدا، ئەو دەرفەتە بە ئێران دەدات کە چاودێریی بەشێکی گەورە لە کەناراوەکان، ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی و ئاوەکانی دەوروبەری بکات. هەروەها هەندێک لەم دوورگانە وەک بنەمای دیاریکردنی ئاوە هەرێمییەکان، سنوورە دەریایییەکان و مافی سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی دەریا دادەنرێن.

لە ڕووی ستراتیژییەوە، گرنگترین کۆمەڵەدوورگەی ئێران دەکەوێتە دەوروبەری گەرووی هورمز. قشم به‌قه‌د کەناراوەکانی باشووری ئێران درێژ بۆته‌وه‌، هەروەها هورمز، لارەک و هەنگامیش دەکەونە دەروازە و سنووری ئەم گەرووەوە. لە ڕۆژاوایاندا، تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبومووسا لەتەنیشت ڕێڕەوی جووڵەی کەشتییەکان لەنێوان کەنداوی فارس و دەریای عوماندا هەڵکەوتوون. ئەم بڵاوبوونەوەیە دەرفەتی دروستکردنی تۆڕێک لە بنکە دەریایییەکان، ڕادارەکان، سیستەمەکانی چاودێری، شۆستەکان و سەنتەرەکانی پاڵپشتی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کەنداوی فارسدا ڕەخساندووە.

گرنگیی ستراتیژیی گەرووی هورمز لە قەبارەی ئەو وزەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێیدا تێپەڕ دەبێت. بەپێی خەمڵاندنەکانی فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA)، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو، کۆندێنسەیت (Condensate) و بەرهەمە نەوتییەکان لە گەرووی هورمزەوە تێ پەڕیون؛ کە قەبارەکەی هاوتا بووە بە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بەکاربردنی جیهانیی سووتەمەنییە شلەکانی جیهان و زیاتر لە یەک لەسەر چواری بازرگانیی دەریاییی نەوتی جیهان. هەروەها نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بازرگانیی جیهانیی غازی سروشتیی شل (LNG)یش، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە قەتەرەوە هاتووە، بە هەمان ڕێڕەودا تێ یپەڕیوە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش، هەر جۆرە هێرش، داخران یان پشێوییەک لە دوورگەکان و ئاوەکانی دەوروبەری گەرووی هورمز، دەتوانێت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش، کاریگەری لەسەر نرخی جیهانیی نەوت و غاز، تێچووی دڵنیاییی کەشتییەکان، کرێی گواستنەوە و ئاسایشی وزەی وڵاتانی هاوردەکار دروست بکات. جەنگی ئێستا ئەوەی دەرخست کە گرنگیی ئەم دوورگانە تەنیا پەیوەست نییە بە توانای سەربازیی جێگیرکراو تیایاندا، بەڵکوو ئاسایشی تێپەڕبوونی هەزاران دەریاوان و زنجیرەی دابینکردنی جیهانیش بەستراوەتەوە بە دۆخی ئەم ڕێڕەوە ئاوییەوە.

جگە لە گەرووی هورمز، لە بەشی ناوەڕاست و ڕۆژاوای کەنداوی فارسیشدا، گرنگیی دوورگەکان لە سەروو هەموو شتێکەوە بە پیشەسازیی نەوتەوە گرێ دراوە. خارگ شوێنی جێگیربوونی کۆگه‌کان، هێڵەکانی گواستنەوە، شۆستەکان و کەرەستەکانی بارکردنی نەوتی خاوە. ئەو نەوتەی لە کێڵگە و ناوچە جیاوازەکاندا بەرهەم دەهێنرێت، لە ڕێگەی بۆرییەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەم دوورگەیە و لەوێشەوە دەکرێتە ناو کەشتییە نەوتهەڵگرەکانەوە. هەر ئەم چڕبوونەوەیەی ژێرخانیشە کە خارگی هەم کردووەتە یەکێک لە بەنرخترین خاڵەکانی ئابووریی ئێران و هەمیش یەکێک لە لاوازترین ئامانجەکان لە کاتی جەنگدا.

لاوان و سیرییش، یەکێکن لە گرنگترین سەنتەرەکانی دەرهێنان، پاڵاوتن، عەمبارکردن و هەناردەکردنی نەوتی کێڵگە دەریایییەکان. دوورگەی لاوان خاوەنی پاڵاوگە و شۆستەی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانە؛ هەروەها سیرییش شوێنی پاڵپشتیکردن و پاڵاوتنی بەرهەمی چەندان کێڵگەی نەوتیی دەریایییە. بوونی ئەم دامەزراوانە وای کردووە کە بەکارهێنانی ئابووری و سەربازی لەم دوورگانەدا بەیەکەوە گرێ بدرێن.

لە هەمان کاتدا ئەم چڕبوونەوەیە جۆرێک لە لاوازیی پێکهاتەیی (بونیادی)ی دروست کردووە؛ کە تێیدا پشێوی لە دوورگەیەک یان شۆستەیەکدا دەبێتە هۆی وەستانی بەشێک لە هەناردەکردن، پاڵاوتن یان گواستنەوەی وزە. هەر لەبەر ئەمەیشە، لە هاوکێشە جەنگییەکاندا خارگ، لاوان و سیری تەنیا پارچەیەک نین لە خاکی ئێران، بەڵکوو وەک سەنتەری قورساییی سەرەکیی تۆڕی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دادەنرێن.

هەر ئەم کەڵەکەبوونەی ئەرکە سیاسی، ئابووری و سەربازییانەیە کە لە بارودۆخە جەنگییەکاندا، دوورگەکانی باشووری کردووەتە یەکێک لە هەستیارترین بەشەکانی جوگرافیای ئێران.




جه‌نگی ئێران چۆن کۆتایی دێت؟

جه‌نگی ئێران چۆن کۆتایی دێت؟

نووسەر: مایکڵ فرۆمان (Michael Froman)

ماڵپەڕ: ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان (Council on Foreign Relations)

مایکڵ فرۆمان، سەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان (CFR)، بەم شێوەیە شیکاری بۆ سێ دەرەنجامی چاوەڕوانکراوی جه‌نگی ئێران دەکات: بەشێکی زۆری شیکارییەکان سەبارەت بە جه‌نگی ئێران، تیشکیان خستووەتە سەر ئەوەی، ئایا به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی تێچووی “ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانئاسا” (Operation Epic Fury)  شایەنی ئەو باجەن یاخود نا. سەرباری ئەمەیش، باوترین پرسیار کە ئێستا دەیبیستم ئەوەیە؛ ئەم دۆخە چۆن کۆتایی دێت؟

لەوانەیە بژاردەی بەردەم سەرۆک دۆناڵد ترەمپ (Donald Trump) لە ئێستادا هەڵبژاردنی کەمترین زیان بێت لەنێوان سێ بژاردەی نەخوازراودا: ١- هەڵکشانی خێرای سەربازی، ٢- کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕێگەی سازشکردنەوە، ٣- بەردەوامبوون لەم چەقبەستوویییە ئاڵۆزەی ئێستا.

یەکەمین بژاردە بریتییە لە بەکارهێنانی هێز بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ترەمپ بەجددی بیر لەم هەنگاوە دەکاتەوە، چونکە سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕای گەیاندبوو کە بیر لە دەستپێکردنەوەی هێرشی بەردەوام و چڕ دەکاتەوە کە هاوشێوەی سەرەتای ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانئاسا بێت. وەک خۆی دەڵێت: ”هێشتا ئێران باش ئازاری پێ نەگەیشتووە.” یان وەک چۆن مارکۆ ڕوبیۆ (Marco Rubio)، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی پێ دا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت پەیڕەوی لە ستراتیژیی ”سەر لەبری چاو” بکات.
ڕاستییەکەی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت ژێرخانی هەستیاری ئێران بکاتە ئامانج، لەوانەیش دامەزراوەکانی نەوت و غاز، وێستگەکانی کارەبا، ژێرخانی هەستیاری گواستنەوە و وێستگەکانی ئاوپاککردنەوە، بەو هیوایەی وێرانکاریی زیاتر بەسەر ئابووری و کۆمەڵگەی ئێراندا بهێنێت. بەڵام لۆژیکە دڕندانەکەی پشت ئەم بژاردەیە ڕوونە؛ هەر لەبەر هۆکارێکی گونجاویش خۆمان لێی بەدوور گرتووە. هێرشی لەم شێوەیە دەتوانێت ببێتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی لە ئێران، پێگەی ئەخلاقیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەکەدار بکات و بە هیچ شێوەیەکیش گەرەنتیی خۆبەدەستەوەدانی ڕژێمەکە ناکات. ئەمە بێجگە لەوەی کە “جه‌نگی گشتگیر” سندووقی پاندۆرا (Pandora’s box)  دەکاتەوە و ژێرخانی هەستیاری وڵاتانی کەنداو، دامەزراوەکانی وزە و کارەبا، ناوەندە مەدەنییەکان و وێستگەکانی ئاوپاککردنەوە دەخاتە سەرووی لیستی ئامانجەکانی ئێرانەوە.

هەروەها ترەمپ دەتوانێت هێزی زەمینی ڕەوانە بکات، لەوانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ- کە پشکی شێری هەناردەی نەوتی ئێران پێک دەهێنێت- لەگەڵ پاراستنی پشتێنەیەکی خاکی ئێران کە هاوسنوورە لەگەڵ گەرووی هورمز، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ڕێڕەوێکی ئارام بۆ ئەو کەشتییانەی بە گەرووەکەدا تێ دەپەڕن. بەڵام ئۆپەراسیۆنی لەم شێوەیە هەزاران سەربازی ئەمریکی و کەشتییە دەریایییە بەنرخەکان دەخاتە مەترسییەوە.

هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت دیسانه‌وه‌ سەرکردە باڵاکانی ئێران بكاته‌ ئامانج. بەڵام ڕژێمەکە سەلماندوویەتی کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر، كارامه‌یه‌ لە پڕکردنەوەی شوێنی سەرکردەکانی، دوای ئەم جۆرە هێرشانە؛ ئەگەر مكوڕتریشی نەکردبێت. وەک چۆن ڕەی تەکیە (Ray Takeyh) و ڕوئێل مارک گێرێخت (Reuel Marc Gerecht)  بەوردی لە وتارێکی ئەم دوایییەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا (Wall Street Journal)  تێبینییان کردووە، ”تاران لە کاتی جه‌نگدا بەسەر واشنتۆندا باڵاده‌سته‌، چونکە نوخبەی فەرمانڕەوای ئێران دەیانەوێت شەڕ بکەن و ئامادەیییان تێدایە بەرگەی ئازارێکی زۆر زیاتر بگرن بەراورد بە دۆناڵد ترەمپ.” سەرباری ئەمەیش، ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ”لەوانەیە هێشتا ئامادە نەبن بۆ ڕێککەوتن، بەڵام بەم زووانە ئامادە دەبن؛ چونکە سەرەڕای قسە توندەکانیان و زمانە ڕازاوەکەیان، ئەو باجەی دەیدەن زۆر قورسە.”
ئەمەیش دەمانباتە سەر بژاردەی دووەم کە لەوانەیە سەرۆک بیری لێ بکاتەوە: کەمکردنەوەی گرژییەکان. لە پراکتیکدا، مەترسیی ئەوە هەیە کە ئەم هەنگاوە وەک خۆبەدەستەوەدان دەربکەوێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئامادەییی سەربازیی خۆی کەم بکاتەوە، سەبارەت بە زۆربەی ئامانجە سەربازییە ڕاگەیەنراوەکانی ئۆپەراسیۆنی تووڕەییی داستانئاسا دووبارە سەرکەوتن ڕابگەیەنێت و لانی کەم تا ڕاددەیەک قبووڵی بکات کە ئێران هەژموونی بەسەر گەرووی هورمزدا هەبێت.

لە ئێستادا تێچووی جه‌نگ زۆر بەرزه‌؛ ڕوونیش نییە ئایا سەرۆک و گەلی ئەمریکا حه‌ز ده‌كه‌ن ئه‌م تێچووه‌ قبووڵ بكه‌ن یان نا. لە هێرشەکەی ئەم دوایییەی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی موەفەق سەڵتی لە ناوچەی ئەزڕەق لە ئوردن، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران؛ بەمەیش کۆی گشتیی کوژراوەکان گەیشتە هەژدە سەرباز و نزیکەی ٤٥٠ بریندار. ڕاپرسییە نوێیەکان دەری دەخەن کە ٪٦٨ی ئەمریکییەکان پێیان وایە جه‌نگی ئێران ”ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ده‌هێنا بکرێت.” لەو لایشەوە تێچووە ستراتیژییەکان هەن، بەتایبەتی کەمبوونەوەی زیاتر و خێراتری تەقەمەنییەکان، کە خۆیان لە ئێستادا کەم بوونەتەوە، لەگەڵ گواستنەوەی هێزەکان لەو گۆڕەپانانەی کە کاری لەپێشینەن، وەک ناوچەی هیند و پاسیفیک (Indo-Pacific)؛ کە لەوانەیە هاندەر بێت بۆ جووڵە هەلپەرستانەکانی چین لە گەرووی تایوان.

قبووڵکردنی ئەم بژاردەیە لە ڕووی سیاسییەوە سەخت دەبێت. ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بەندەکانی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد (Islamabad Memorandum of Understanding) وەک خۆی جێبەجێ بکات، ئێران لە پێگەیەکدا دەمێنێتەوە کە بتوانێت بەپێی ویستی خۆی بەردەوام بێت لە خنکاندنی گەرووی هورمز، یان لانی کەم باج لەسەر تێپەڕبوون وەربگرێت؛ لە هەمان کاتیشدا هەر گفتوگۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بۆ کاتێکی نادیار دوا بخات. هاوكات کەمکردنەوەی یەکلایەنەی گرژییەکان متمانەی هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا بە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک زامنێکی جێی متمانەی ئاسایش لەناو دەبات- هاوبەشەکانی ناوچەکانی دیکەیش هه‌ر لێ گه‌ڕێ.

دەتوانین بڵێین کە هەردوو بژاردەی هەڵکشانی سەربازی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەبەردەم ترەمپدا سه‌رنجڕاكێش نین. هەر لەبەر ئەمه‌یشە كه‌ له‌ ترەمپ تێ ده‌گه‌ین كه‌ بۆچی هەوڵی داوە ڕێڕەوێکی مامناوەند بگرێتە بەر: ستراتیژیی “گورز لەبری گورز” لە هێرشکردن و پێشکەشکردنی ئۆفەری نوێ بۆ ڕێککەوتن، کە هاوکات لە هەردوو بواری سەربازی و دیپلۆماسیدا بەڕێوە دەچن. بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە ئایا ئەم هەنگاوە لە هیچ یەکێک لەو دوو بەرەیەدا ئەگەری سەرکەوتنی هەیە یان نا.

تێچووەکان ڕۆژ بە ڕۆژ به‌رز ده‌بنه‌وه‌ و دەرەنجامی کۆتاییش بە هیچ شێوەیەک ڕوون نییە، بەڵام به‌ لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی هەڵبژاردنی بژاردەیەکی زۆر نەرمتر یان زۆر توندتر، ئەگەری هەیە ململانێی ئێستای گەرووەکە ببێتە دۆخی باوی نوێ.

گەرووی هورمز نە بەتەواوی کراوەیە و نە داخراو. ئاگربەستەکە بە هێرشی ڕۆژانە پێشێل دەکرێت، هەرچەندە ئەگەر قسەکەی سەرۆک وەربگرین، لەوانەیە دەرەنجامی ئەمە ”تەقەکردن بێت بە شێوەیەکی مامناوەندتر.” نرخی نەوتیش بەرزە، هەرچەندە وا دەرناکەوێت ئابووریی جیهان پەک بخات؛ لانی کەم بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە. لە نەبوونی هیچ پێشکەوتنێکدا لەسەر ئاستی بەرەی سەربازی یان دیپلۆماسی، ئەم دۆخە خەریکە چەق دەبەستێت.
کەواتە، ئەمە تا کەی به‌رده‌وام ده‌بێت؟ جەی ڕیچارد گۆت (J. Richard Gott)، زانای بواری فیزیکی گەردوونی، یاسایەکی گشتیی بەناوبانگی خستە ڕوو کە دەڵێت: لە نەبوونی زانیاریی باشتردا، ئەگەری مانەوەی هەر دیاردەیەک یەکسانە بەو ماوەیەی کە پێشتر تێیدا بەردەوام بووە. بەپێی ئەم هاوکێشە ڕەشبینانەیە، ئه‌م بنبه‌سته‌ پێنج مانگییەی گەرووەکە، له‌وانه‌یه‌ تا کۆتاییی ئەمساڵ درێژە بکێشێت. هەروەها هەموو مانگێک کە تێیدا بەردەوام دەبێت، ئەگەری مانەوەی بۆ مانگی داهاتووش زیاتر دەبێت.

ئەگەر ئەم لۆژیکە قایلكه‌ر نییه‌ بۆ ئێوه‌، ئەوا بازاڕەکانی پێشبینیکردن هەمیشە هه‌ن. پێشبینییەکانی ئەو بازاڕانە ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ڕێژەی ٪٥٠ ئەگەری هەیە تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٦ هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز ”ئاسایی ببێتەوە” (کە ئەمەیش نیشانەیە بۆ کۆتاییهاتنی ململانێکە)- ئەمەیش لە بنەڕەتدا هاوڕایییەکی گشتییە لەگەڵ بۆچوونەکەی زاناکەی بواری فیزیکی گەردوونی لە زانکۆی پرینستن (Princeton).  ئیتر خۆت لێکی بدەرەوە…